مەلا (سەیید ئەحمەد پێنجوێنی)، و مەسیح و جەژنی لەدایک‌بونی لای مەسیحیەکان

سوکایەتیی مەلاکان بە هێما و کەسێتی و بۆنە و جەژنە ئایینیەکانی تر
مەلا (سەیید ئەحمەد پێنجوێنی)، و مەسیح و جەژنی لەدایک‌بونی لای مەسیحیەکان

سەروەر پێنجوێنی

 مەلا (سەیید ئەحمەد پێنجوێنی)، وتارخوێنی مزگەوتی (حاجی جەمالی بەززاز) ـ هەولێر

هەمو ساڵێک کاتێک ساڵی زایینی وەردەچەرخێت و سەری ساڵ دەگەڕێتەوە و پشو و ئاهەنگەکانی سەری ساڵ ـ کە بونەتە بۆنە و ئاهەنگی جیهانی ـ دێنە بەرەوە و مەسیحیەکان ئاهەنگی جەژنی "کریسمس" دەگێڕن، و بابە نوێل (پاپا نۆێڵ) بە دیاریەکانیەوە دەردەکەوێتەوە؛ هەندێک لە مەلاکان و ئیسلامیەکان دەکەونە جەنگێکی ئایینی دژ بەو بۆنە و کەسێتیانە و ئەو داب‌ونەریتە کە لە چوارچێوە مەسیحیەکەی دەرچوە و بوەتە بۆنە و داب‌ونەریتێکی گشتی. ئیتر بەو کەم و کەچە زانیاری و بڕوایانەی هەیانە؛ دەکەونە شێواندنی کەسێتیەکان و مەبەستەکان و سوکایەتی‌کردن پێیان.
لە وەرچەرخانی ساڵێکی پێشتردا شێواندن و هێرشی ناڕەوای مەلایەکم خستە ڕو، کە مەلا (فاتیح شارەستێنی)ـە، دەربارەی (کریسمس) و بەتایبەتی کەسێتیی (پاپا نۆێڵ) و هەتا خودی وشەی "زایینی" کە لە کوردیدا بەرامبەر وشەی "میلادي" ی عەرەبی بەکار دێت، و باسم کرد کە ئەویش شوێن ئەو پرۆپاگەندایەی سایت و یانە ئیسلامیەکانی ئینتەرنێت کەوتبو کە گوایە ناوی "پاپا نۆێڵ" ـ کە ئەوان بە شێوەی "بابە نوئێل" دەیڵێن ـ یانی "كوڕی خوا"! کە  ده‌یه‌وێت بڵێت گوایه‌ "پاپا نۆێڵ" یانی "باوكی خوا"، به‌ڵام به‌م شێوه‌یه‌ بۆی دێت، ئینجا جارێكی تر ده‌ڵێت: "یانی (باوكی له‌دایكبو) كه‌ عیسایه‌". بەم شێوەیە وشەی Noel ـ کە لە زمانی فڕەنسیی کۆنەوە هاتوە و بڵاو بوەتەوە و بە واتای "[جەژنی] لەدایک‌بون [ی مەسیح]" ـە ـ لەگەڵ وشەی "ئێل" ی سامی (عیبری..) تێکەڵ دەکات کە بە واتای خوایە (بەرامبەری "ئیل‌و" ی ئەککەدی. لە "*ئیل-" ی سامیی سەرەتاییەوە بە هەمان واتا). و ئیتر گوایە "پاپا نو ئێل" یانی "باوکی خوا"! گریمان وشەی "پاپا" وشەیەکی سامی (عیبری...) ـە ـ کە وایش نیە و لە "پاپپاس" πάππας ی گریکیەوە هاتوە ـ و گریمان "ئێل" هەمان ئەو وشە عیبریەیە کە بە واتای خوایە؛ ئەی "نو" چیە لەو نێوانەدا؟!!
ئەم تێکەڵ‌کردنە زۆر باوە لە یانە و سایت و لاپەڕە ئیسلامیەکانی ئینتەرنێتدا، و کەسیشیان نیە لەناو خۆیاندا ڕاستی بکاتەوە، و بەشێکە لە ڕاگەیاندنی ئیسلامیی میللی "شعبي". وا دیارە هەمویان پێیان خۆشە لەو قوڕاوەدا ڕاو بکرێت و لەو لێڵاییەدا کاڵای ساختە ساخ بکرێتەوە.
هەروەها ئەوەشم باس کرد کە مەلای ناوبراو بیانو لە وشەی "زایینی" یش دەگرێت و دەڵێت بەکارهێنانی وشەی "زایین" بۆ مرۆڤ جوان نیە چونکە بە زایینی گیانەوەر دەوترێت نەک مرۆڤ! بێ‌ئاگا لەوەی "زایین" و "زان" لە کوردیدا لەوە دەرچوە هەر بە واتای "منداڵ‌بون" بێت بەڵکو واتای "لەدایک‌بون" یشی وەرگرتوە، و کاتێک لە کوردیدا دەوترێت "زایینی" مەبەست "لەدایک‌‌بون" ی مەسیحە، وەکو چۆن "میلاد" ی عەرەبییش بە واتای "[کاتی] لەدایکبون" ـە.
جگە لەوانەش مەلای ناوبراو گاڵتەی دەکرد بە دیمەنی فڕینی پاپا نۆێڵ لەگەڵ گالیسکە و ئاسکەکانی بە ئاسماندا، کە ئێستە منداڵیش ئەوە بەڕاستی وەرناگرێت. بەڵام بیری ئەوەی نەبو کە ئەو گاڵتە‌لێ‌هاتنە دەکرێت چیرۆکی فڕینی پێغەمبەری ئیسلامیش بە ئاسماندا لەگەڵ "بوڕاق" بگرێتەوە! کە ئێستە موسوڵمانی تەقلیدی بە گەورە و بچوکەوە، تا ئێستەش، باوەڕیان پێیەتی!
بەم شێوەیە و بە زانیاریی شێواو و کەم‌وکورت هەوڵی دەدا ئەو جەژن و بۆنەیە و کەسێتیەکانی ناشیرین بکات.. ئامانج و مەبەستەکەش ئاشکرایە: جەنگێکی ئایینیی ناشیرینە کە هەمو عەقڵی ئاییندارە تەقلیدیەکانی تەنیوە، و کارێکی کردوە هەمو شتێکیش بە مەبەستی ئایینی بخوێننەوە و بیانوی ئایینییشی لێ بدۆزنەوە، و ڕەگ‌وڕیشەی ئایینیی کۆنی بۆنە و کەسێتیەکان هەڵ‌بدەنەوە، و لە کۆتاییشدا ئایینی بەرامبەر ناشیرین بکەن، کە ئەمە ئامانجە ڕاستەقینەکەیە.
ئەم‌ساڵیش، مەلایەکی تر، کە مەلا (سەیید ئەحمەد عەبدولوەههاب پێنجوێنی) ـە و وتاربێژی  مزگه‌وتی (حاجی جه‌مال به‌زاز) ه‌ له‌گه‌ڕه‌كی (موفتی) ی شاری هه‌ولێر، لەلایەن خۆیەوە و خۆبەخشانە هێرشێکی ناڕەوا دەکاتە سەر باوەڕ و داب‌ونەریتی مەسیحیی پەیوەست بە کەسێتیی (مەسیح) و بۆنەی لەدایک‌بونیەوە.
شایەنی ئاماژەیە، مەلا (سەیید ئەحمەد)، لە وتارەکانیدا هەمیشە بەرگرییەکی سەیر دەکات لە عەرەبی ئەهلی سوننە لە عێراقدا و باسی ستەمدیدەییان دەکات لە فەللوجە و خاڵە گەرمەکانی تری کێشمەکێشی حکومەتی شیعیی پێشوی مالیکی لەگەڵ عەرەب-سوننیەکانی عێراق، بە شێوەیەک وا هەست دەکەیت مەلایەکی عەرەب-سوننیە و گوزارش لە خۆیان دەکات!! ئەمەش دەکرێت لە داهاتودا وتارێكی بۆ تەرخان بکەین، بەڵام لێرەدا تەنها تیشک دەخەینە سەر وتارێکی هەینیی ئەو، بە ناوی "سه‌رەتای ساڵی میلادی و یادی له‌دایك‌بوونی سه‌روه‌رمان" [٢٦ / ١٢ / ٢٠١٤ لە یوتیوب(١) لە کەناڵی خۆی Sayd Ahmad بڵاو کراوەتەوە]. لەم وتارەدا بە شێوەیەکی زۆر سەیر و نەزانانە بیروباوەڕی مەسیحی ناشیرین دەکات، بۆ ئەوەی شتێک لە داب‌ونەریتی جەژنی لەدایک‌بونی مەسیح کەم بکاتەوە. لە وتارەکەیدا دەڵێت:
دەگەڕێینەوە بۆ (الکتاب المقدس) ـ بە هەردو بەشی "العهد القدیم" و "العهد الجدید" ـەوە ـ تا بزانین چۆن باسی مەسیح کراوە.
ئینجا "الکتاب المقدس" بە کتێبی پیرۆزی "گاور و جولەکە" پێناسە دەکات! لە کاتێکدا ئەمە کتێبی پیرۆزی مەسیحیە، نەک جولەکە. کتێبی پیرۆزی یەهودی هەر "تاناخ" ـە، کە لای مەسیحیەکان "پەیمانی کۆن" ی پێ دەوترێت. ئیتر نە "کتێبی پیرۆز" و نە "پەیمانی کۆن" زاراوە و ناونانە یەهودیەکە نیە، و ئەو وەرگێڕانە لاتینی و ئینگلیزی و عەرەبیانەی پەیمانی کۆن کە لە دو توێی چاپەکانی "کتێبی پیرۆز" ی مەسیحیدا هەن؛ لای جولەکە هیچ بایەخێکیان نیە، ئەوان خۆیان پشت بە دەقە عیبریەکە و وەرگێڕانە ئارامی و ئینگلیزیە تایبەتەکانی خۆیان بۆ "تاناخ" دەبەستن.
ئینجا ناوبراو "پەیمانی نوێ" یش بە "چوار ئینجیلەکە" پێناسە دەکات! لە کاتێکدا ئینجیلەکان تەنها بەشی یەکەمی "پەیمانی نوێ" ـن.
دوای ئەوە دەیەوێت ئەم چوار ئینجیلە بژمێرێت، تەنها ناوی (لوکاس) و (مارکۆس) و (یۆحەننا) ی بۆ دێت! کە ئەو بە شێوەی "لۆقا" و "مرقص" [هەر ئاوا "مرقص" بەبێ بزوێنەکان!] و "یۆحەننا" دەیانڵێت!
ئینجا دێینە سەر مەبەستە بنەڕەتیەکەی کە باسی چیرۆکی دەزگیرانداریی (مەریەم) و (یوسفی دارتاش) ـە، کە لە سەرەتای ئینجیلەکاندا (هەردو ئینجیلی مەتتای و لوکا) باس کراوە.
کەچی مەلای ناوبراو، کە نازاناوی "دۆکتۆر" یشی هەڵ‌گرتوە [بەم بۆنەیەوە دەڵێم: نازناوی Doctor لە بنەڕەتدا نازناوی زانا ئایینیە مەسیحیەکان بوە، و وشەی doctor ـ لە لاتینیی کلێسادا ـ بەوانە وتراوە کە فێرکاریە مەسیحیەکان فێری خەڵک دەکەن؛ ئێستە مەلاکان و ئیسلامیەکان هەڵپەیانە بۆ پەیداکردنی ئەم نازناوە لە کۆلێج و بەشە ئیسلامیەکان!]، لەبریی ئەوەی باسی دەقی ئینجیل [کە بەشێکە لە پەیمانی نوێ] بکات؛ دەڵێت لە (پەیمانی کۆن) ی جولەکەدا چیرۆکی شوکردنی مەریەم بە یوسفی دارتاش باس کراوە!
باس‌کردنی ئەم نەزانیانەیم بە پێویست زانی، بۆ ئەوەی بزانرێت کە بوختانەکەی بۆ دەقی ئینجیل (مەبەستم: شێواندنی چیرۆکی مەریەم و یوسفی دارتاش لە ئینجیلدا) هەر لەو نەزانیەوە سەرچاوەی گرتوە:
دەڵێت: لە (پەیمانی کۆن) دا باس کراوە کە مەریەم دەزگیرانێکی هەبو ناوی "یوسفی دارتاش" بو، و حەزی لەو دەزگیرانەی دەکرد، ئەوجا "زینا" یان کرد، و لەو زینایە "عیسا" لەدایک‌بو!
ئیتر لێرەوە دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە باوەڕە یەهودی-مەسیحیەکە کە لە دەقی "کتێبی پیرۆز" دا دەرکەوتوە دەربارەی لەدایک‌بونی مەسیح ئەوەیە مەسیح "بیژی" ـە، واتە "زۆڵ" ـە.
ناوبراو ئەم باوەڕە دەداتە پاڵ "پەیمانی کۆن" و "تەوڕات"، لە کاتێکدا ئەم دەقە یەهودیە بنەڕەتیانە پێش یەشوع نوسراون، و بە یەک وشەش باسی یەشوعیان تێدا نیە، و ئاماژەشیان تێدا نیە.
تومەز ئەمە بیستویەتی کە لە کتێبی "تەلمود" دا ـ کە مشت‌ومڕی فیقهیی حاخامەکانی جولەکەی تێدا تۆمار کراوە و لای جولەکە خۆیشیان پیرۆز نیە و بە "وەحی" دانانرێت ـ بە خراپی باسی یەشوعی نازەرێتی "یسوع الناصري" کراوە و وا باوە کە گوایە تەلمود یەشوع بە منداڵێکی ناشەرعی دەزانیت کە دایکی لە سەربازێکی ڕۆمانی بە ناوی "پاندێرا" بویەتی [کە ئەم زانیاریە باوانەش کەم‌وکورتن و لێکۆڵینەوەی دەوێت تا بەوردی بزانرێت مەبەستی تەلمود کێیە و مەبەستی چیە لە ناوی "پاندێرا" و ئەم ناوە لە چیەوە هاتوە، و ئەمە مشت‌ومڕێکی زۆری لەسەرە کە ئێرە جێگەی نیە، بەڵام لێرەدا ئاماژەیەکی کورتی بۆ دەکەین:
لە "تەلمودی فەلەستینی" ـ کە یەهودیەکان خۆیان حەز ئەکەن پێی بڵێن "تەلمودی ئورشەلیمی" ـ و هەندێک دەقی ڕەببانی "حاخامی" ی تردا ـ وەکو کتێبی "تۆسێفتا" و هەروەها "قۆهێلێت ڕەببا" کە ڕاڤە و لێکدانەوە "میدراش" ێکی ئارامیە لەسەر کتێبی "قۆهێلێت" ("الجامعة") ـ کاتێک ئاماژە بۆ یەشوعی نازەرێتی دەکرێت؛ بە "یەشوعی کوڕی پاندێرا" یاخود "کوڕی پانتیری" ناوی دەبرێت. ئەمەش ئیتر بیروڕای جیاوازی لەسەرە کە مەبەست چیە:
ـ بیروڕایەک دەڵێت ئەمە سەربازێکی ڕۆمانی بوە کە ناوی تەواوی "تیبێریوس یولیوس ئەبدێس پانتێرا" Tiberius Iulius Abdes Pantera ـه و ساڵانی (٢٢ پ. ز.) تا (٤٠ ز.) ژیاوە، و بنەڕەتی ئەم قسەیەش دەگەڕێتەوە بۆ فەیلەسوفێكی گریکیی دژە-مەسیحیی سەدەی (٢ ز.) بە ناوی (کێلسۆس) Celsus کە وتویەتی: یەشوع بەرهەمی پەیوەندییەکی نا-شەرعیی مەریەمە لەگەڵ سەربازێکی ڕۆمانی بە ناوی "پانثێرا" Panthera. هەمان شت لە دەقێکی میللیی سەدەکانی ناوەڕاستی ئەورۆپا بە ناوی "تۆلێدۆت یشو" دا دوپات کراوەتەوە، کە وا دەردەکەوێت سەرەتا بە ئارامی نوسراوە، و ئیتر دواتر نوسخەی عیبری و هەروەها فارسیی یەهودی (=جیدی) و عەرەبی و یدی و لادینۆ هەبوە، کە ئەمانەش ئەو زمانانەن کە جولەکە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا پێیان نوسیون، بەڵام لە ڕاستیدا دەقەکە هیچ سەرچاوە و قەڵەمێکی یەهودیی حاخامیی ڕەسمی پشتگیریی نەکردوە. و سەرلەبەری چیرۆکەکەش بە ئەفسانەیەکی میللی دادەنرێت.
ـ بیروڕایەکی تر دەڵێت: "یەشوعی کوڕی پاندێرا" کەسێکی ترە و لە سەردەمی (ئەلێکساندەر یەننایوس) ـدا دەرکەوتوە کە ساڵانی (
١٠٣-٧٦ پ. ز.) پاشای هەرێمی یەهودی بو لە فەلەستین. کە چیرۆکەکەی دەڵێت ئەم یەشوع ناوە ئاژاوەی ناوەتەوە بەوەی خەڵکی هانداوە لەدژی دەسەڵات و بانگەشەی کردوە بۆ ئەوەی هاتنی ڕۆژی دوایی نزیکە، کە لە ئاکامدا هە‌لواسراوە بە دارێکدا.. کە ئەم چیرۆکەش زۆر لە چیرۆکەکەی یەشوعی نازەرێتی دەچێت، ئیتر ئایا هەر یەک کەسێتین یان چیرۆکی یەکەمیان بوەتە بناخەیەک بۆ چیرۆکی دوەم یان بەپێچەوانەوە؛ ڕون نیە.
ـ بیروڕایەکی تر دەڵێت: ناوی "پانثێرا" لە بنەڕەتدا شێوەیەکی شێوێنراوی وشەیەکە لە گریکیی کۆن کە وشەی παρθένος |پارتـ[ـهـ]ـێنۆس=پارثێنۆس| ـە، کە بە واتای کچ "عذراء" ـە، ئیتر پیتەکانی وشەکه هەڵ‌گەڕاونەتەوە و وشەکە شێواوە و بوەتە "پانثێرا". ئیتر لە بنەڕەتدا "یەشوعی کوڕی پانثێرا" مەبەست "یەشوعی کوڕی [مەریەمی] کچ" بوە.
ـ بیروڕایەکی تر، کە لە بنەڕەتدا بیروڕای یەکێکە لە باوانی کلێسا، کە (یۆحەننای دیمەشقی) ـە، دەڵێت: "پاندێرا" نازناوێکی (یەعقوب) ی باوکی (یوسفی دارتاش) بوە، بەم شێوەیە دەقە حاخامیەکان یەشوعیان داوەتە پاڵ ئەو کەسەی کە بە باپیرەی دادەنرێت (لەناو مەسیحیەکانی فەلەستین کە پێشتر یەهودی بون؛ ئەو باوەڕە هەبوە کە یەشوع هەر بە شێوەیەکی ئاسایی کوڕی مەریەم و یوسفی دارتاشە، ئیتر ئەو یەعقوبە بە باپیرەی دانراوە. خۆ ئەگەر وایش نەبوبێت و یەشوع لە یوسفیش نەبوبێت؛ وا دەرکەوتوە، چونکە یوسفی دارتاش بەپێی ئەو چیرۆکانە بەخێوکەری یەشوع و دایکی بوە و وەکو باوکی دەرکەوتوە).
جگە لەمانەش؛ لە (تەلمودی بابیلی) ـدا هەر بە "یەشوعی نازەرێتی" ئاماژە بۆ یەشوع کراوە، ئەوە لە هەندێک نوسخەی (تەلمودی ئورشەلیمی) ـدایە کە بە "یەشوعی کوڕی پاندێرا" ناو براوە.
گرنگ ئەوەیە هیچ دەقێكی یەهودیی حاخامی (وەکو تەلمود، و میدراش، و تۆسێفتا..) نیە کە چیرۆکێکی وەها بگێڕێتەوە کە بڵێت مەریەم لەگەڵ سەربازێکی ڕۆمانی بەناوی "پانثێرا" یاخود "پاندێرا" پەیوەندییەکی نا-شەرعیی هەبوە. تەنها ئەوەندەیە کە لە هەندێک دەقی حاخامیدا وتراوە "کوڕی پاندێرا" کە ئەمەش بیروڕای جیاواز هەیە بۆ ڕاڤەکردنی، و دەقەکە خۆی ڕون و ڕاشکاو نیە مەبەستی لەو نیسبەتە چیە].
بێینەوە سەر قسەکانی مەلای ناوبراو؛ ئەو ئاماژەیەکیش بۆ تەلمود دەکات، کە دەڵێت: "پەیمانی کۆن، پێی دەوترێت 'تەوڕات' و 'تەلمود'"! بەڵام شاڵڵا ئەم ئاماژەیەشی هەر نەکردایە! چونکە دەری‌خست کە نازانێت تەلمود چیە، و "پەیمانی کۆن" بە "تەوڕات و تەلمود" پێناسە دەکات! وا دیارە وا تێگەیشتوە "تەلمود" بەشێکە لە پەیمانی کۆن!
بەڵام ئیتر لەم زانیاریە ناڕونانەوە کە لە پرۆپاگەنداوە نزیکترن، مەلای ناوبراو وا خەڵک تێدەگەیەنێت کە گوایە لە (پەیمانی کۆن) ـدا وا باس کراوە! پێشتریش وتویەتی کە (پەیمانی کۆن) بەشێکە لە کتێبی پیرۆزی مەسیحی. بۆیە لێرەوە ئەو پێناسەیە بۆ یەشوع (وەکو بیژی) دەبێتە پێناسەی مەسیحیەکانیش بۆ کەسێتیی مەسیح! کە ئەمە بەم شێوەیە گەورەترین سوکایەتی و شێواندنە بەرامبەر باوەڕی مەسیحی کە ئەم مەلایە لە مینبەرێکی ڕەسمیەوە دەیکات.
ئیسلامیش هەڵدەکێشێت بەوەی کە ڕێزی لە مەسیح گرتوە و وەکو ئەوانی تری نەکردوە کە بەو شێوەیە سوکایەتییان پێ کردوە.
ئینجا شتێکی ئاسایی و چاوەڕوان‌کراوە کە جولەکە بڕوایەکی نێگەتیڤ "سلبي" یان بەرامبەر یەشوع هەبوبێت [لە ڕابردودا، نەک ئێستە]، بەو پێیەی کە یەشوع یەهودییەک بوە کە لە ئایینەکەیان هەڵ‌گەڕاوەتەوە و ئایینێک تری داهێناوە.
بەڵام ئەمە پەیوەندیی بە باوەڕی مەسیحی و جەژنی مەسیحیی لەدایکبونی مەسیحەوە چیەوە؟!
ئەو باوەڕ و قسە میللیانەی کە دراونەتە پاڵ تەلمود و لە دەقی میللیی وەکو "تۆلێدوت یشو" و شتی تردا باس کراون؛ بکەیت بە باوەڕی ڕەسمیی یەهودی-مەسیحی و بیدەیتە پاڵ "پەیمانی کۆن" و هەمو (کتێبی پیرۆز) ی مەسیحی؛ ئەمە جگە لە نەزانی و بێ‌ئاگایی و ئینجا سوکایەتی و شێواندن و چەواشەکاری؛ چی وەسفێکی تری بۆ دەبێت؟!
ئینجا چیرۆکی دەزگیرانداریی مەریەم لەگەڵ یوسفی دارتاش لە ئینجیلەکاندا باس کراوە، نەک لە دەقە یەهودیەکاندا. ئینجیلەکان دەڵێن پێشتر مەریەم مارەکراوی یوسفی ناوبراو بوە، ئینجا مەریەم ـ هەر پێش گواستنەوەی ـ لە "الروح القدس" ـەوە سکی پڕ بو بە یەشوع، ئیتر کاتێک یوسف زانیی مەریەم سکی پڕە؛ بڕیاری دا وازی لێ بهێنێت، بەڵام دوایی بە "ئیلهام" ێکی خوایی ئەو بڕیارەی گۆڕی، و دوای دانانی سکەکەیشی پاراستی و بردی بۆ میصر (بڕوانه: ئینجیلی مەتتای: ١: ١٨ و دواتر. ئینجیلی لوکا: ١: ٢٧ و دواتر). ئەمە ئەو چیرۆکەیە کە ئینجیلەکان باسیان کردوە. بەڵام بڕوانە مەلای ناوبراو چۆن دەیشێوێنێت و لەگەڵ پرۆپاگەنداکانی باسی یەشوع لە تەلموددا تێکەڵی دەکات:
ـ پەیوەندیی نێوان مەریەم و یوسفی دارتاش، کە پەیوەندیی دەزگیرانداریە، دەکات بە پەیوەندیی سێکسیی ناشەرعی! [خۆش ئەوەیە مەلای ناوبراو بۆ خۆی دەڵێت کە لە چیرۆکەکەدا مەریەم دەزگیرانی یوسف بوە، بەڵام هێشتا پەیوەندیەکە بە "زینا" ناو دەبات! باشە ئەگەر دەزگیرانی بوبێت؛ ئیتر بۆچی "زینا" یە؟ یانی مەلا نازانێت پەیوەندیی سێکسیی دەزگیران "نا-شەرعی" نیە؟! تەنها لە هەندێک کۆمەڵگادا ڕێگە نادرێت بەو پەیوەندیە، واتە پەیوەندی لەگەڵ دەزگیران (واتە مارەکراو، کە بەزۆری بەم واتایە بەکار دێت، واتە مارەکراو و پێش ئاهەنگی گواستنەوە)، ئەگەرنا لە یاسای ئیسلامیدا ئەو پەیوەندیە دروستە. وا دیارە مەلا لە داخی ئایینێکی تر فیقهی ئایینەکەی خۆیشی لە بیر چوەتەوە!!].
ـ ئینجا ناوبراو چیرۆکەکەی داوەتە پاڵ پەیمانی کۆن. بەبێ ئەوەی ئاگای لە خۆی بێت کە بەمە چیرۆکەکەی بەم شێوە گێڕانەوەیە کردوەتە بەشێک لە بیروباوەڕی مەسیحی و دەقە مەسیحیەکان!
بەکورتی: مەلا بە شێوەیەک بابەتەکەی تێکەڵ کردوە کە لە مەسەلەکەی "خەسەن و خسێن" ـەکەی کە "دو کچەکەی موعاویە" ن خراپترە!
تۆ کە ئەوەندە بێ‌ئاگا بیت چیرۆکێکی ئینجیل ـ کە چیرۆکی دەزگیرانداریی مەریەمە لەگەڵ یوسفی دارتاش ـ بدەیتە پاڵ پەیمانی کۆن و تەوڕات؛ ئیتر چۆن ڕێ بە خۆت دەدەیت قسە لەسەر ئەو ئایینە بکەیت؟!
ئیتر بۆچی هاوار دەکەن و ناڕەزایەتی دەردەبڕن کاتێک مەسیحییەک یان هەر کەسێکی تری نا-موسوڵمان لێکدانەوەیەکی هەڵە بۆ ئیسلام دەکات و چەمکێک یان کەسێتییەکی ئیسلامی دەشێوێنێت و هەوڵ دەدات ناشیرینی بکات؟! کە ئێوەش هەمان هەڵە و زیاتریش دەکەن؛ ئیتر بۆچى گلەیی لە خەڵکی تریش دەکەن؟
ئینجا بۆ باسی باوەڕە مەسیحیەکەش دەڵێت: ئەوان مەسیح بە خوا و کوڕی خوا دەزانن (لێرەدا سێ "ئوقنوم" ـەکه بە "سێ خوا" پێناسە دەکات، ئەمەش شێواندنی "لاهوت" ی مەسیحیە). و دەڵێت: ئایینی ئێمە نە بەو شێوەیە سوکایەتی بە مەسیح دەکات، و نە بەو شێوەیەش بەرزی دەکاتەوە تا ئەوەی بیکات بە خوا و کوڕی خوا.
و ئینجا سەرلەبەری ئەو بیروباوەڕە یەهودی و مەسیحیانە بە "سەفاهەت و حەماقەت" ناو دەبات!
وەرە ئەگەر کەسێکی تر، بەتایبەتی وتارخوێنی ئایینێکی تر لە کوردستان، لەسەر مینبەرێکی ڕەسمی، بەو شێوەیە هەندێک باوەڕی ئیسلامی بە "سەفاهەت و حەماقەت" ناو ببات؛ چی دەقەومێت؟! چۆن مەلاکان و ئیسلامیەکان ڕادەپەڕن؟!
و وەکو لە وتارەکەی مەلا سەیید ئەحمەدیشەوە دیارە؛ هۆکار و باکگراوندێکی بێزاریی مەلاکان و ئیسلامیەکان له ئاهەنگەکانی کریسمس و سەری ساڵ، ئەوەیە بۆنەی لەدایک‌بونی مەسیح و بایەخدانی خەڵک بەگشتی و مەسیحیەکان بەتایبەتی بەو بۆنەیە؛ کاتەکەی نزیکە لە بۆنەیەکی ئیسلامی کە یادی لەدایک‌بونی پێغەمبەری ئیسلامه، کە ئێستە موسوڵمانانیش ئەم بۆنەیەیان بە ڕادەیەکی زۆر پشت‌گوێ خستوە [و لە ڕاستیدا لە ئیسلامیشدا وەکو جەژن و ئاهەنگ ڕەسەنایەتیی نیە، و لە کوردستانیشدا وەکو باس دەکرێت داهێنراوی سوڵتان (موظەففەڕوددین گۆکبۆری) ی تورکمان بوە ـ زاوای صەلاحوددینی ئەییوبی کە خوشکی خۆی (ڕەبیعە خاتون) ی دابویە و کردبویە دەسەڵاتداری هەولێر و شارەزور ـ]. ئیتر بە هۆی ئەوەی کە یاد و بۆنەی سەری ساڵی زایینی (کە دەکاتە یادی لەدایکبونی مەسیح) زیاتر بایەخی پێ دەدرێت و بۆنەی لەدایکبونی پێغەمبەری ئیسلامیشی داپۆشیوە؛ بۆیە مەلاکان زیاتر بە ئاهەنگ و بایەخی سەری ساڵی زایینی و دیمەن و کەسێتی و بابەتەکانی بێزار و بێتاقەتن. ئیتر بۆ ناشیرین‌کردنی بۆنەکەش پەنا بۆ هەمو تێکەڵ‌کردن و شێواندنێکیش دەبەن و هەوڵ دەدەن شەڕێکی ئایینیی پێ بگێڕن. کە ئێمە داوایان لێ دەکەین بە خۆیاندا بچنەوە و بیر لەوە بکەنەوە ئەگەر خەڵکانی تر بەو شێوە هەڵە و چەواشەکاری و شێواندنە هێرش بکاتە سەر جەژن و بۆنەکانی ئەوان؛ هەست و کاردانەوەیان چۆن دەبێت!؟

پەراوێز:
(١) بڕوانه: وتاری "سه‌رەتای ساڵی میلادی و یادی له‌دایك‌بوونی سه‌روه‌رمان".