کورتەی مێژوی پێشبینی ـ دەججال 'مەسیحی دەججال'


کورتەی مێژوی پێشبینی
ڕوداوەکانی کۆتایی ڕۆژگار و
نیشانەکانی ڕۆژی دوایی
لە ئێسکاتۆلۆجیای ئیسلامیدا

سه‌روه‌ر پێنجوێنی

 دەججال (مەسیحی دەججال)
(دەججال) یاخود (مەسیحی دەججال)، كەسێتییەكە لە كەلەپوری ئیسلامیدا كە دەگەڕێتەوە بۆ كەلەپوری یەهودی ـ مەسیحی. شوێنەواری لە قورئاندا نیە بەڵكو لە كەلەپوری (فەرمودە) و گێڕانەوەكاندا دەركەوتوە. بەپێی (فەرمودە) و گێڕانەوەكان كەسێكە لە كۆتایی ڕۆژگاردا دەردەكەوێت كە دەركەوتنی یەكێكە لە نیشانەكان ("علامات" = "أمارات" = "أشراط") ی كۆتاییهاتنی جیهان بەپێی بیری ئایینیی ئیسلامی، و گوایە كەسێكە توانایەكی سەرسوڕهێنەری هەیە و كاری وا دەكات كە خەڵك سەرسام دەكات وەكو (موعجیزە) و كاری خوایی و بەو شێوەیەش وەكو خوایەك یان كەسێك كە پشتیوانیی خوایی هەیە دەردەكەوێت، و بەم شێوەیەش خەڵكێكی زۆر شوێنی دەكەون و گومڕایان دەكات، و ئیتر گوایە هەرچی شوێنی دەكەوێت بەرەو دۆزەخ دەچێت. هەر بەپێی (فەرمودە) و گێڕانەوەكان هەر كەسێكی موسوڵمان كە باوەڕی هەبێت دەیناسێتەوە كە گوایە لە نێوچاوانی نوسراوە (ك‌ف‌ر) یانی (كافر)، بەڵام ئەوەی باوەڕی نەبێت ئەو نیشانەیە نابینێت. هەروەها، بەپێی (فەرمودە) و گێڕانەوەكان، دەججال چاوێكی كوێرە بەڵكو هەر جێگەكەی سافە، چاوەكەی تریشی وەكو دەنكەترێ‌ دەرپەڕیوە! و هەروەها گوایە ژمارەیەكی زۆری جولەكە شوێنی دەكەون، لەمانە (٤٠) هەزار جولەكە لە شاری ئەسفەهان! و گوایە ماوەیەك دەسەڵاتی بەسەر زەویدا دەبێت و لە كۆتاییشدا (عیسای مەسیح) دەیكوژێت.
بەم شێوەیەش كەسێتیەكە لە بیری ئایینیی ئیسلامیدا، كەسێتییەكی سروشتی نیە و لە كەسێتیی (شەیتان) نزیك دەبێتەوە، و وەسفی كەسێتیەكە لە گێڕانەوەكاندا دەیكاتە كەسێتییەكی ئەفسانەیی. هەر بۆیە لە بیری ئیسلامیی نوێدا هەوڵ هەیە بۆ لێكدانەوەی ئەم كەسێتیە و سیفەتەكانی بە شێوازی هێمایی تا ببێتە چەمكێكی مەعقول و گونجاو لەگەڵ واقیعدا، لەم بابەتە (سەعید نورسی) پێی وا بوە كە (دەججال) هێمایە و ئاماژەیە بۆ شارستانێتیی خۆرئاوا كە ئێستە زاڵ بوە و كۆنتڕۆڵی جیهانی كردوە و كاریگەریی زۆری لە جیهانی ئیسلامیدا هەیە.. نورسی پێی وایە ئەو چاوە كوێربوەوەی دەججال كە لە گێڕانەوەكاندا هەیە هێمایە بۆ لایەنی ڕۆحی كە كوێر بوەتەوە لە شارستانێتیی خۆرئاوادا! چاوە دەرپەڕیوەكەیشی هێمایە بۆ لایەنی ماددیی شارستانێتیی خۆرئاوا كە زیادەڕەویی تێدا كردوە و هەڵاوساوە! جگە لەو لێكدانەوەیەی نورسی، لێكدانەوەی تریش هەیە كە هەوڵ دەدەن (دەججال) بە دەوڵەتی ئیسرائیل و خۆرئاوای هاوپەیمانی لێك بدەنەوە یان بە سەركردەیەكی داهاتوی ئیسرائیل یان خۆرئاوا كە لە ڕوبەڕوبونەوەیەكی یەكلاییدا لەنێوان عەرەب و موسوڵمانان و نێوان ئیسڕائیل و خۆرئاواییەكاندا ڕۆڵی گەورەی دەبێت و لە كۆتاییدا هێزە ئیسلامیەكە (بە سەرۆكایەتیی مەهدی و عیسای مەسیح) دەیشكێنێت و خودی عیسای مەسیح ئەو دەججالە دەكوژێت.. بەپێی ئەمەش پەیوەندیی هەیە بە سەرەنجامی قەوارەی ئیسڕائیل و پشتیوانیی هێزەكانی خۆرئاواوە بۆ ئەو قەوارەیە. لە بیری ئیسلامیی نوێدا لەم چوارچێوەیەدا بیر لە كەسێتیەكە دەكرێتەوە، ئەمەش ڕەگ‌وڕیشەی خۆی هەیە، چونكە گێڕانەوە ئیسلامیەكان دەڵێن ژمارەیەكی زۆری جولەكە شوێنی دەكەون و بەرەو قودس دەچێت و لەو ڕێگایەدا مەسیح دەیكوژێت.
ئەم لێكدانەوانە لێكدانەوەی باوەڕدارانەن، واتە پشت دەبەستن بە باوەڕ بە پێشبینیەكان، بۆیە دەگەڕێن بۆ واقیعێك داهاتویەكی واقیعی كە دەركەوتنی دەبێتە جێبەجێبون و بەڕاستدەرچونی پێشبینیەكە، بۆیە بۆ لێكدانەوەی پێشبینیەكە بۆ ئێستا و داهاتو دەڕوانن. بەڵام لێكدانەوەی زانستیی ئێمە بۆ ڕابردو دەڕوانێت كاتێك دەمانەوێت ڕیشەی واقیعیی پێشبینیەكە بدۆزینەوە. بۆیە دەگەڕێینەوە بۆ بیری یەهودی ـ مەسیحی كە بەرهەمهێنەری كەسێتیی (مەسیحی دەججال) ـە و ڕەگ‌وڕیشەی بیرۆكە یەهودی ـ مەسیحیەكەش:
ڕەنگە نەتوانین لێرەدا هەمو چیرۆكە ئیسلامیەكان دەربارەی (دەججال) و وەسفەكانی بگێڕینەوە بۆ كۆمەڵێك دەق و داب‌ونەریتی یەهودی ـ مەسیحی، ئەوە گەڕان و دۆزینەوە و بواری زۆری دەوێت، بەڵام ئەوە دەزانین كە كەسێتیەكە و ناوەكەی (مەسیحی دەججال) و كەسێتیە شەیتانیەكەی كە توانای گەورە و سەرسوڕهێنەری هەیە دەگەڕێتەوە بۆ بیری ئایینیی یەهودی ـ مەسیحی. ئیسلام زۆر چەمكی لە ئایینی یەهودی و مەسیحی وەرگرتوە بەبێ‌ هۆشیارییەك و ئاگاییەكی تەواو لە حەقیقەتی چەمكەكە و مانای ناوەكەی، لەمانە (مەسیح) و (مەسیحی دەججال).. وتراوە كە (٤٠) بیروڕا لە كەلەپوری ئیسلامیدا هەیە بۆ لێكدانەوەی ئەو دو ناوە! كە بێ‌ گومان هیچیشیان نەچون بەلای بنچینەی ناوەكەدا.. ئەمەش چونكە قورئان لە خۆیدا نازناوی (مەسیح) ی بۆ (عیسا) خواستوە بەبێ‌ ئەوەی بیرۆكەی ناوەكە بخوازێت، بۆیە لە ئیسلامدا بەگشتی بێئاگایی هەیە لە واتای نازناوی (مەسیح)، لێرەوە واتای نازناوی (مەسیحی دەججال) یش هەر ناڕۆشنە لە ئیسلامدا.. بۆیە بەپێی بڕوایەكی ئیسلامی ناوی ("مەسیح" ی دەججال) دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە چاوێكی دەججال كوێربوەوە و سافە وەكو ئەوەی (مەسح) كرابێت واتە دەستی پێدا هێنرابێت و كوێر كرابێتەوە! هەندێكیش پێیان وایە كە وشەكە (مەسیح) لە ڕاستیدا بریتیە لە (مەسیخ) واتە مەسخكراو كە شێوەی دەججالیش وایە! ئەمانەش هەمویان لێكدانەوەی خەیاڵین، و هیچ لێكدانەوەیەكی ئیسلامیانەش ناتوانێت ئەوە ڕون بكاتەوە كە بۆچی (مەسیح) و (مەسیحی دەججال) لە نازناوی (مەسیح) دا هاوبەشن و ناتوانێت بە یەك شێوە هەردو ناوەكە لێك بداتەوە، واتە (مەسیح) نازناوی عیسا بە واتایەك لێك دەداتەوە و (مەسیح) نازناوی دەججال بە واتایەكی تر لێك دەداتەوە! بەڵكو وا دەزانرێت هەردو نازناوی (مەسیح) و (دەججال) لە ناوی (مەسیحی دەججال) دا دو نازناوی سەربەخۆن، واتە هەم (مەسیح) ـە (بە واتای ـ بۆ نمونە ـ "چاوكوێركراوە"!) و هەم (دەججال) یشە (بە واتای درۆزن و خەڵەتێنەر)! واتە نازانرێت كە نازناوی (دەججال "درۆزن") بۆ جیاكردنەوەی (مەسیحی دەججال) ـە لە (مەسیحی ڕاستەقینە). ئەوەش هەموی لەبەر ئەوەی لە بیری ئیسلامیدا بێئاگاییەكی تەواو هەیە لە واتا و كەسێتیی بنچینەیی (مەسیح) و (مەسیحی دەججال). بەڵام ڕاستیی بنچینەی ئەو نازناو و كەسێتیانە بەم شێوەیەیە:
وشەی (ماشیەح) מָשִׁיחַ |ماشییەح=ماشیەخ| ی عیبری، كە دوایی بوەتە משיחא |مەشیحا| ی ئارامی و پاشان (مشیحا) ܡܫ̱ܝܚܳܐ ی سوریانی و ئەمەش بوەتە (مەسیح) (مَسِیح) ی عەرەبی، خۆی واتە (مەسحكراو) واتە (دەستبەسەرداهێنراو)، چونكە وشە عیبریەكە لە فرمانی (ماشەح) מָשַׁח ـەوە هاتوە بە واتای: مەسحی كرد بە زەیت، وەكو فرمانی (مَسَحَ) ی عەرەبی. ئیتر وشەكە كە لە بنەڕەتدا ئاوەڵناو (صفە) ێكە، بوەتە ناوێك بە واتای پاشا، بەتایبەتی پاشای شەرعی كە مافی پیرۆزی پاشایەتیی هەیە، ئەوەش چونكە زەیتێك لە پەرستگادا هەڵ‌دەگیرا بۆ پیرۆزكردنی پاشای تازە، كاتێك كەسێك دەبوە پاشا پیاوی ئایینیی گەورە لەو زەیتەی دەڕشت بەسەریدا و بەو زەیتەوە دەستی بەسەردا دەهێنا، ئەوەش سروتێك بو بۆ پیرۆزكردنی پاشا و بەخشینی مافی پیرۆز پێی. جولەكەش لەدوای داگیركاریی هێزە گەورەكانی ئەو سەردەمە (واتە بابیلیەكان و گریك و ڕۆمانیەكان) و ئەو دیلی و ژێردەستەییەی لەلایەن ئەو هێزانەوە هێنرا بەسەریاندا، كاتێك چاوەڕوانیی فریادڕەسێكیان دەكرد كە ڕزگاریان بكات لە داگیركاری و ژێردەستەیی؛ چاوەڕوانیی پاشایەكی جولەكەیان دەكرد كە بتوانێت دەسەڵات و سەربەرزیی سیاسییان بۆ بگێڕێتەوە، بۆیە وشەی (مەسیح) كە واتای (پاشا) ی وەرگرتبو ئینجا واتای (فریادڕەس) یشی وەرگرت. بۆیە وشەی (مەسیح) بوەتە نازناوی ئەو فریادڕەسەی كە جولەكە لە كۆنەوە چاوەڕوانیی دەكەن بۆ كۆكردنەوەی جولەكەی هەمو لایەكی جیهان و بنیاتنانەوەی پەرستگا و شانشینیی یەهودی لە فەلەستین كە پشتیوانییەكی خوایی لەگەڵە. دواتریش چەمكی (فریادڕەس) ی یەهودی لەگەڵ چەمكی (فریادڕەسی سروشتی) دا تێهەڵكێش كرا كە فریادڕەسێكە (خواوەندێكە) بۆ بەردەوامیدان بە خولی ژیان دەمرێت و بە درەختی ژیاندا هەڵ‌دەواسرێت و ماوەیەك بە مردویی دەمێنێتەوە و لەو كاتەشدا سروشت مردوە (كاتی زستان)، دواتریش زیندو دەبێتەوە و لەگەڵیدا سروشت زیندو دەبێتەوە (بەهار)، ئیتر وشەی (مەسیح) بۆ وەسفی ئەم فریادڕەسە سروشتیە بەكار هات، بۆیە لە ئایینی مەسیحیدا وشەكە بەكار هات بۆ وەسفی (یەشوعی ناصیری) وەكو خواوەندێكی لەخاچدراو و فریادڕەسێكی سروشتی ـ مرۆیی كە دەمرێت و بە خاچدا هەڵ‌دەواسرێت و دوایی زیندو دەبێتەوە بۆ بەخشینی ژیانێكی نوێ‌ بە مرۆڤەكان (واتە یەشوعی مەسیح لە بنەڕەتدا فریادڕەسێكی سروشتیە بە بەرگێكی مرۆیی). بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نوسەرەكانی ئینجیل مزگێنیەكانی نوسراوە عیبریەكانیان بە هاتنی (فریادڕەسی جولەكە) كە فریادڕەسێكی سیاسیە بەكار هێنا بۆ مژدەدان بەو مەسیحەی كە یەشوعی ناصیریە و وەكو ئەو فریادڕەسە پێشكەشیان كرد كە نوسەرەكانی پەیمانی كۆن چاوەڕوانی بون پێشتر.
ئینجا لە مێژوی جولەكەدا گەلێك كەس دەركەوتبون كە لاف‌وگەزافی (پێغەمبەرایەتی) یان لـێ‌ دەدا و درۆزنیش بون، نە پێغەمبەر بون، نە یەهودیی تەواویش بون، بەڵكو زۆر جار پابەندیش نەبون بە ئایینی یەهودیەوە و زۆریان خواوەندی تریان دەپەرست، وەكو پێغەمبەرە درۆزنەكانی بەعل كە خواوەند بەعلیان دەپەرست و دەقە عیبریەكان ئاماژەیان بۆ دەكەن. لێرەوە لە ئەدەبیاتی یەهودیدا كەسێتیی (پێغەمبەری درۆزن) دەركەوت وەكو كەسێتییەكی سەلبی و خراپ كە نوسەرە یەهودیەكان ئاگاییان دەدا بۆ خۆپاراستن لێیان.
وشەی (دەججال) لە عەرەبیدا (بۆ وەسفی "مەسیحی دەججال") هەر بەو واتایەیە، واتە: درۆزن، ساختە، یانی مەسیحی درۆزن، واتە: لاف‌وگەزافی مەسیحایەتی لـێ‌ دەدات و ئەوەش نیە. ئەم سیفەتی (دەججال) "دَجَّال" ـە عەرەبیە كە لە دەقە ئیسلامیەكاندا وەكو سیفەتی (مەسیح) ێك دێت كە وتراوە (المسیح الدَّجّال)؛ لە وشەی "دەگگالا" ܕ݁ܰܓ݁ܳܠܶܐ ی سوریانیەوە هاتوە، كە ئەم وشەیە لە فرمانی "دەگگێل" ܕܓܠ ی سوریانیەوە هاتوە بە واتای: درۆی كرد، فێڵی كرد، كە لەگەڵ ماددەی "دجل" ی عەرەبیدا یەك دەگرێتەوە كە بە هەمان واتایە. لە دەقە سوریانیەكاندا ئەم وشەی "دەگگالا" ـە بە هەمان شێوە بۆ وەسفی (مەسیح) ێك بەكار هاتوە كە وتراوە "مشیحا دەگگالا" بە واتای "مەسیحی فێڵباز" یان درۆزن یان ساختە، كە ئەم زاراوە سوریانیە پێش ئیسلام لەلایەن (مار ئەفرام) Ephraem ی سوریانی و لە (مێثۆدیوسی ساختە) Pseudo-Methodius دا بەكار هاتوە بۆ ناوبردنی (دژی مەسیح) لە بیروباوەڕی مەسیحیدا، پێشتریش لە وەرگێڕانی سوریانیی پەیمانی نوێ‌ (پێشیططا) دا بەكار هاتوە بۆ وەرگێڕانی وشەی ἀντίχριστος |ئەنتییخریستۆس| (دژی-مەسیح) ی پەیمانی نوێ‌ (پێنج جار هاتوە: نامەی یەكەمی یۆحەننا: ٢: ١٨، ٢٢. ٤: ٣. نامەی دوەمی یۆحەننا: ١:٧) (سەرباری ئەوەی وشە گریكیەكە وەكو خۆیشی چوەتە سوریانیەوە و بوە بە ܐܰܢܛܺܝܟܪܶܣܛܽܘܣ |ئەنتیكریستوس|). وەسفی "دەگگالا" لە سوریانیدا هەروەها بۆ وەسفی (پێغەمبەری درۆزن) واتە (درۆینە) ش بەكار هاتوە كاتێك وتراوە "نەبییا دەگگالا" ܢܒ݂ܺܝܶܐ ܕ݁ܰܓ݁ܳܠܶܐ (لە دەقی وەرگێڕانی سوریانیی پەیمانی نوێدا هاتوە). لە دەستەواژەیەكی سوریانیی تریشدا ئەو وەسفە هاتوە كە وتراوە "شاهێدا دەگگالا" واتە "شاهێدی درۆینە".
بۆیە (مەسیحی درۆزن) ئاماژەیە بۆ كەسێك كە خۆی بە (مەسیح) بناسێنێت بەڵام مەسیحی ڕاستەقینەش نیە بەڵكو درۆزنە، ساختەیە.
هەر بۆیە لە ئەدەبیاتی یەهودی ـ مەسیحیدا كەسێتیی (مەسیحی درۆزن) دەركەوت وەكو كەسێتییەك كە دژ و دوژمنی (مەسیح) ی ڕاستەقینەیە و دەبێت مەسیحی ڕاستەقینە لە كۆتاییدا لە ناوی ببات.
لەسەر ئەو بنەمایەوە كەسێتیی دژی مەسیح لە ئەدەبیاتی مەسیحیدا پێك هات:
بەپێی كەلەپوری مەسیحی (مەسیحی درۆزن) یاخود (دژی مەسیح) Anti-Christ كوڕی شەیتانە، وەكو چۆن (مەسیحی ڕاستەقینە) ش كوڕی خوایە، واتە كێشمەكێشەكە لە ڕاستیدا لەنێوان خوا و شەیتاندایە و لە كۆتاییدا خوا سەردەكەوێت، یانی خوا كوڕی خۆیی ناردوە (یانی لە شێوەی كوڕدا دابەزیوە)، شەیتانیش كوڕی خۆیی ناردوە (یان لە شێوەی كوڕدا دابەزیوە)، بۆ بڕاندنەوەی كێشەی نێوانیان و ڕوبەڕوبونەوەی كۆتایی.

 
كارەكانی مەسیحی دەججال
لایه‌ک له تابلۆیەك شەیتان پێشان دەدات وەكو ئاڕاستەكەری مەسیحی دەججال
نیگاری (لوكا سیگنۆرێلی) Luca Signorelli
١٤٠٩-١٥٠٥، ئیتالیا
 لە ئەدەبیاتی یەهودییشدا كەسێتیی مەسیحی درۆینە یان دژی مەسیح دەركەوت: كەسێتیی ئەرمیلوس ארמילוס ‎Armilus، كەپێی بیروباوەڕی كۆتایی ڕۆژگاری یەهودی كە لە قۆناغێكی درەنگدا دروست بوە، كە گوایە كەسێكە (پاشایەكە) لە كۆتایی ڕۆژگاردا دەردەكەوێت و ئورشەلیم داگیر دەكات و جولەكە دەچەوسێنێتەوە، هەتا لەسەر دەستی مەسیحی ڕاستەقینە دەشكێت و لەناو دەچێت [لێرەوە كەسێتیەكەی لە كەسێتیی (گۆگ) دەچێت و ڕەنگە لەسەر بنەمای ئەم كەسێتیەوە بنیات نرابێت، كە ئەمیش لە كتێبی (حێزێقیال) دا باسی هاتوە بەو پێیەی (گۆگ) גּוֹג پاشای وڵاتێكە ـ یان گەلێكە ـ بە ناوی (ماگۆگ) מָגוֹג و لە كۆتایی ڕۆژگاردا وڵاتی ئیسڕائیل داگیر دەكات و بەڵام خۆی و گەلەكەی لە كوشتارێكی گەورەدا لەناو دەچن] كە ئەم لەناوبردنەی دەبێتە مایەی [=هێمای] سەركەوتنی كۆتایی چاكە بەسەر خراپەدا لە كۆتایی ڕۆژگار (سەردەمی مەسیحایی) دا.
ئەم كەسێتیە لە دو  دەقی یەهودی ڕەببانی (حاخامی) دا: (میدراش ڤایۆشا) מדרש ויושע Midrash Vayosha (سەدەی ١١ ز.) و (كتێبی زێروببابێل) ספר זרובבל Sefer Zerubbabel (سەدەی ٧ ز.)، وا باسی لـێ‌ كراوە كە مەسیحە سەرنەكەوتوەكە دەشكێنێت كە لە كەلەپوری یەهودیدا بە (مەسیح بن یوسف) (بە عیبری "ماشییەح بێن یۆسێف" משיח בן־יוסף) دەناسرێت كە گوایە لە نەوەی (یوسف) و لە خێڵی (ئێفراییم) دەبێت [هەر بۆیە (مەسیح بن ئێفراییم)  "ماشییەح بێن ئێفراییم" משיח בן־אפרים یشی پێ‌ وتراوە]. هەتا دوایی مەسیحی ڕاستەقینە كە نەوەی (داوود) ە و لە خێڵی (یەهودا) یە دەیشكێنێت و لەناوی دەبات.
لە كەلەپوری یەهودیدا ئەوەش وتراوە كە ئەم كەسە لە تۆوی شەیتان و لەگەڵ كچێك پەیدا دەبێت، یان شەیتان و پەیكەرە بەردێك! و بەپێی (میدراش ڤایۆشا)؛ ئەرمیلوس مەخلوقێكی ناشیرین و دزێوە: نیمچە كەچەڵ، نیمچە كەڕ، جەستە شێواو، گول (واتە دەردی گولییشی هەیە!).
كەسێتیی ئەرمیلوس لە كەلەپوری یەهودیی سەدەكانی ناوەڕاستدا كاریگەریی كەسێتیی (مەسیح) و (دژی-مەسیح) ی مه‌سیحیی تێدایە (و ڕەنگە كاریگەریی كەسێتیی "دەججال" ی ئیسلامییشی تێدا بێت)، و پسپۆڕان پێیان وایە كاتێك یەكەم جار ئەم كەسێتیە لە ئەدەبیاتی یەهودیدا (بەتایبەتی كتێبی زێروببابێل، سەدەی ٧ ز.) دەركەوتوە ناوێكی هێمایی و نهێنی بوە بۆ ئیمپراتۆری بیزەنتی (هێراكلیوس) Heraclius (٥٧٥-٦١٠-٦٤١ ز.) (هەمان ئەو هیرەقل "هرقل" ـەی لە كەلەپوری ئیسلامیدا باسی هەیە)، باكگراوندی ئەمەش ڕاپەڕین و یاخیبونەكانی یەهود (و سامیریەكان) ـە لە دەسەڵاتی بیزەنتیەكان لە سەردەمی ئەم ئیمپراتۆرەدا،كە لە (٦١٣ ز.) ەوە دەستیان پێ‌ كردوە و لە دەوروبەری (٦٢٥ ز.) دا كۆتاییان پێ‌ هاتوە. و ناوەكەش، واتە "ئەرمیلوس" یاخود "ئەرمیلۆس"،  یان لە ناوی ڕۆمولوس Romulus ـەوە (كە لەگەڵ ڕێموس Remus ـدا بەپێی ئەفسانە ڕۆمانیەكە دامەزرێنەری ڕۆمان) هاتوە، یان لە ناوی (ئەهریمەن) ی زەردەشتیەوە وەرگیراوە كە بە ئەوێستایی (ئەنگرە مەینیو) ە، بەڵام ئەم ناوە لە گریكی و لاتینی بە شێوەی گۆڕاو ڕۆشتوە، وەكو Arimainyus و Armalgus، و ئیتر ناوی Armilus لە یەكێك لەم شێوە گۆڕاوانەوە ساز كراوە.
ئینجا لە ئیسلامیشدا كەسێتیی (مەسیحی درۆزن) (المسیح الدجال) لە كەلەپورە یەهودی-مەسیحیەكەوە خوازراوە و هاتنی كراوە بە پێشبینییەك دربارەی داهاتو و نیشانەیەكی كۆتایی ڕۆژگار.. و باس لەوەش كراوە كە لە كۆتاییدا خودی (عیسای مەسیح) دەیكوژێت (ئەمەش واتە دژایەتیی مەسیح و مەسیحی دەججال لە ئیسلامیشدا ڕەنگدانەوەی دەركەوتوە).. بەو شێوەیەی باسمان كرد.
(مەسیح) ی فریادڕەسی جولەكە جولەكە دەباتەوە بۆ قودس و دوژمنەكانیان لەناو دەبات و شانشینییەكی خوایی بۆ جولەكە دروست دەكاتەوە. (مەسیح) ی مەسیحییش كە جارێكی تر دێتەوە بۆ جیهان و هەزار ساڵ فەرمانڕەوایی دەكات و شانشینیی خوایی دەهێنێت، كاتێك دەبێت كە جولەكە دەچنەوە بۆ قودس و بەپێی بیری مەسیحی دەبنە مەسیحی و بەم شێوەیە سەرفراز دەبن، واتە جولەكە ڕۆڵیان هەیە لە دوا دیمەنی ژیانی سەرزەوی و بەبێ‌ ئەوان تەواو نابێت. (مەسیح) ی ئیسلامییش لە هاتنەوەیدا ئایینی مەسیحی بەتاڵ دەكاتەوە و دەبێتە موسوڵمان و (مەسیحی دەججال) یش لەناو دەبات كە جولەكەیەكی زۆر شوێنی دەكەون، لەو جەنگانەشدا كە ـ بەپێی ئەدەبیاتی ئیسلامی ـ (مەهدی) و (مەسیح) سەرۆكایەتیی دەكەن جولەكە لەناو دەبرێن. بەم شێوەیە دەبینین هاتنی (مەسیح) و (مەسیحی دەججال) یش هەمیشە پەیوەندیی بە جولەكەوە هەیە، واتە هەر سێ‌ ئایینەكە پێیان وایە كە جولەكە پێكهێنەرێكی گرنگن لە ڕوداوەكانی كۆتایی جیهاندا. و لێرەوە سەرنجی ئەوەش دەدەین كە (مەسیحی درۆزن) ی ئیسلامی دەبێتە ئاماژە بۆ ئەو (مەسیح) ی كە جولەكە وەكو فریادڕەس چاوەڕێی دەكەن و جولەكە شوێنی دەكەون و لەگەڵیدا دەجەنگن بۆ گرتنەوەی قودس. (مەسیحی درۆزن) ی مەسیحییش هەرچەند ڕەنگە بەسەر (مەسیح) ی فریادڕەسی جولەكەدا چەسپێنرابێت بەڵام چەمكەكە لە ئایینی مەسیحیدا زیاتر پەیوەندیی هەیە بە كێشمەكێشەوە لەگەڵ شەیتان كە دوژمنی ژیان (ی مرۆڤ) ـە و هۆكاری تێداچونی مرۆڤە، بۆیە (دژی مەسیح) لە بیری مەسیحیدا جەمسەرێكە لە كێشمەكێشی نێوان خوا و شەیتان كە لە كۆتایی ڕۆژگاردا دەبڕێتەوە. بەو شێوەیەش دەبینین دیاریكردنی (مەسیح) و (مەسیحی درۆزن) بەپێی ئایینەكە دەگۆڕێت و ئایینەكان نازناوی (مەسیحی درۆزن) لەدژی یەكتر بەكار دەهێنن. هەروەكو لە ئەدەبیاتی یەهودی و مەسیحیدا نازناوی (پێغەمبەری درۆزن) و (مەسیحی درۆزن) لەدژی پێغەمبەری ئیسلام جاروبار بەكار هاتوە. بەڵكو ڕێبازە ئایینیەكانیش جاروبار ئەو نازناوە دژی یەكتر بەكار دەهێنن، بۆ نمونە: سەردەمی چاكسازیی پرۆتیستانتی، لوتەر و كالڤین پێشبینیەكانی كتێبی (خەونەكەی یۆحەننا) دەربارەی هاتنی (مەسیحی دەججال) و هێماكانی تری هەمان دەق لەدژی كلێسای كاتۆلیكی و ڕژێمی پاپایی بەكار هێنا، واتە دەسەڵاتی پاپایان بە (مەسیحی دەججال) دانا و هەوڵیان دەدا بڵێن بە كەوتنی ئەو دەسەڵاتە ئینجا (شانشینیی خوایی) دێت.
بینیمان كە پێشبینیی هاتنی (مەسیحی دەججال) لە كۆتایی ڕۆژگاردا، لە ڕابردوەوە هاتوە و دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە ڕابردوی مێژوی جولەكەدا گەلێك (پێغەمبەری درۆزن) و (مەسیحی درۆزن)، واتە ساختە، دەركەوتون كە دەقە یەهودیەكان زو ئاگاییان داوە لەسەریان، پاشان لەم نمونانە نمونەیەكی گەورە وێنا كراوە كە لە داهاتودا دەردەكەوێت و ڕۆڵی دەبێت لە كۆتایی ڕۆژگاردا. بۆیە هەمیشە بە گەڕانەوە بۆ مێژوی كۆنی كۆمەڵگا و ژینگەی مرۆڤ دەتوانین ڕەگ‌وڕیشەی پێشبینیەكان دەربارەی داهاتو و كۆتایی جیهان بدۆزینەوە، چونكە لە سایەی پەرەگرتنی توێژینەوەكانی مێژوی ئایینەكان و ئەنترۆپۆلۆجیاوە دەزانین مرۆڤی كۆمەڵگا كۆنەكان چۆن بیریان كردوەتەوە و چۆن چەمكە ئەفسانەییەكانیان بەرهەم هێناوە، بۆیە دەزانین چۆن ئەو چەمكانە شیتەڵ دەكەین و ڕەگ‌وڕیشە و باكگراوندیان دەدۆزینەوە.