کورته‌ی مێژوی مزگێنی
ئایا له ته‌وڕات و ئینجیل‌دا مژده به هاتنی موحه‌ممه‌د دراوه؟
سه‌ره‌تایه‌ك
ئایا له ته‌وڕات و ئینجیل‌دا مژده به هاتنی موحه‌ممه‌د دراوه؟
سه‌ره‌تایه‌ك
سه‌روه‌ر پێنجوێنی
بیری ئایینی هه‌میشه پشت به كۆمه‌ڵێك میكانیزم ده‌به‌ستێت بۆ به‌ڵگه‌سازی و ده‌سته‌به‌ركردنی بڕواهێنانی خه‌ڵك. له‌مانه میكانیزمی خۆبه‌ستنه‌وه به ئایینه‌كانی پێشوه‌وه و پێناسه‌كردنی خۆی به شوێنپێ هه‌ڵگر و ته‌واوكه‌ری ئه‌و ئایینانه‌ی پێش‌و، بۆیه ئه‌و ده‌قه ئایینیه‌ی به‌رهه‌م دێت كار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات كه بڵێت ئه‌و ئایینانه‌ی پێش‌و (مژده) یان به هاتنی ئه‌م ئایینه نوێیه و ده‌ركه‌وتنی ئه‌م پێغه‌مبه‌ره نوێیه داوه، به‌و پێیه كه له كتێبه ئایینیه‌كانی پێشودا چه‌ند (مزگێنی) یه‌ك هاتون كه به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان ئاماژه بۆ ئایینی نوێ یان پێغه‌مبه‌ری نوێ ده‌كه‌ن.
بیری ئایینیی ئیسلامی ره‌نگه زۆرترین كاری له‌سه‌ر ئه‌م بیرۆكه و چه‌مكانه كردبێت، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئیسلام له‌ناو عه‌ره‌بدا (كه زیاتر له كولتوری چاخی به‌ردینه‌وه نزیك بون تاكو كولتوره كشت‌وكاڵی و شارنشینه پێشكه‌وتوه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست) و تا ڕاده‌یه‌ك به سه‌ربه‌خۆیی له ئایینه یه‌كتاپه‌رستیه‌كانی پێش‌و سه‌ری هه‌ڵ داوه، بۆیه پێویستیی به دۆزینه‌وه‌ی به‌ڵگه و پاڵپشت (سند) ێكی ئایینیی كۆن هه‌بوه بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ كاروانی ئه‌و ئایینانه‌ی پێشودا كه نیمچه جیهانی بون ڕێك بخات.
له‌م باره‌یه‌وه له بیری ئایینیی ئیسلامی‌دا ئه‌و بڕوایه هه‌یه كه له دو ئایینی یه‌كتاپه‌رستیی پێشودا كه ئایینی یه‌هودی و مه‌سیحین و له كتێبی ئایینیی سه‌ره‌كیی ئه‌و دو ئایینه‌دا كه ته‌وڕات و ئینجیلن، مژده به هاتنی ئیسلام و پێغه‌مبه‌ری ئیسلام (موحه‌ممه‌د) دراوه، و گوایه ئه‌و دو ئایینه ڕێخۆشكه‌ر بون بۆ هاتنی ئیسلام، و له‌و دو كتێبه ئایینیه‌ی پێشودا وه‌سفی كه‌سێتیی موحه‌ممه‌د و موسوڵمانه‌كان كراوه. قورئان له چه‌ند ده‌قێكدا ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه له ده‌قه یه‌هودیه‌كاندا وه‌سفی موحه‌ممه‌د كراوه و مژده به هاتنی ئه‌و دراوه له دواڕۆژدا:
ـ له دو جێگه‌دا ده‌ڵێت: ئه‌وانه‌ی (ئه‌هلی كیتاب) ـن، كه به‌م شێوه‌یه هه‌ردو جوله‌كه و مه‌سیحیه‌كان ده‌گرێته‌وه، ئه‌م پێغه‌مبه‌ره ده‌ناسن، هه‌روه‌كو چۆن كوڕه‌كانی خۆیان ده‌ناسن، واته به‌ڕونی سیفاتی كه‌سێتیی موحه‌ممه‌د له ڕێگه‌ی كتێب و ده‌قه ئایینیه‌كانی خۆیانه‌وه ده‌زانن، به‌ڵام ده‌ڵێت ئه‌وان ڕاستی ده‌شارنه‌وه: (الذين آتيناهم الكتابَ يَعْرِفُونه كما يَعْرِفُون أبناءَهم، وإنّ فريقا منهم ليكتمون الحقّ وهم يعلمون) (البقرة: ١٤٦)، هه‌روه‌ها به هه‌مان شێوه و واتا ده‌ڵێت: (الذين آتيناهم الكتاب يَعْرِفُونه كما يَعْرِفُون أبناءَهم. الذين خَسِروا أنفسَهم فهم لا يؤمنون) (الأنعام: ٢٠).
ـ له ده‌قێكی تردا ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه گوایه سیفه‌ت و ئاكاری پێغه‌مبه‌رێكی ناجوله‌كه له هه‌ردو ته‌وڕات و ئینجیل‌دا نوسراوه و جوله‌كه و مه‌سیحیه‌كان خۆیان له‌وه ئاگادارن، و گوایه ئه‌و پێغه‌مبه‌ره ناجوله‌كه‌یه هه‌مان پێغه‌مبه‌ری ئیسلامه كه عه‌ره‌به و ناجوله‌كه (أمّيّ) ـه‌یه، كه ده‌ڵێت: (الذين يتّبعون الرسولَ النبيَّ الأُمّيَّ الذي يَجِدونه مكتوبا عندهم في التوراة والإنجيل..) (الأعراف: ١٥٧).
ــ له چه‌ند ده‌قێكدا كاتێك مشت‌ومڕ له‌گه‌ڵ (ئه‌هلی كیتاب) و به‌تایبه‌تی جوله‌كه‌دا ده‌كات، له‌سه‌ر پێغه‌مبه‌رایه‌تی، ده‌ڵێت ئه‌وانه‌ی ئاگاداری كتێبی ئاسمانیی پێشون ئه‌وه ده‌زانن و شایه‌تی ده‌ده‌ن: (ويقول الذين كفروا: «لستَ مرسَلًا». قل: «كَفَى بالله شهيدًا بيني وبينكم ومَن عنده علمُ الكتاب») (الرعد: ٤٣). هه‌روه‌ها هه‌ر له‌م باره‌یه‌وه ئاماژه بۆ (زاناكانی به‌نو ئیسڕائیل) ده‌كات به‌و پێیه كه ده‌نگ‌وباسی قورئان و موحه‌ممه‌د پێشتر له كتێبه ئایینیه‌كاندا هاتوه و ئه‌و زانایانه ئه‌وه ده‌زانن و پێشتر ئاگادار بون: (وإنه لَفي زُبُر الأوّلين، أولم يكن له‌م آية أن يعلمه علماءُ بني إسرائيل؟..) (الشعرا‌ء: ١٩٦، ١٩٧).
ــ له هه‌موی گرنگتر و سه‌رنجڕاكێشتر ئه‌وه‌یه كه له زمانی (عیسا) واته (یه‌شوعی ناصیری) ـه‌وه ده‌یگێڕێته‌وه كه گوایه مژده‌ی داوه به هاتنی پێغه‌مبه‌رێك له‌دوای خۆی به ناوی (ئه‌حمه‌د): (وإذ قال عيسى بن مريم: «يا بني إسرائيل! إني رسول الله إليكم مصدقا لما بين يديّ من التوراة ومبشّرا برسول يأتي من بعدي اسمُه "أحمد"») (الصف: ٦). لێره‌دا ناوی (أحمد) شێوه‌یه‌كی تری ناوی (محمد) ـه، كه ئه‌مه مشت‌ومڕی زۆر هه‌ڵ ده‌گرێت، و دواتر قسه‌وباسی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین.
ــ له ده‌قێكی تردا قورئان باسی ئه‌وه ده‌كات كه گوایه په‌یمانێك له پێغه‌مبه‌ران وه‌رگیراوه كه: "ئه‌گه‌ر پێغه‌مبه‌رێك هات (كه مه‌به‌ستی موحه‌ممه‌ده) و شوێنپێی په‌یامی ئێوه‌ی هه‌ڵ گرت ده‌بێت باوه‌ڕی پێ بهێنن و پشتیوانیی بكه‌ن": (وإذ أخذ اللهُ ميثاقَ النبيّين: «لما آتيتكم من كتاب وحكمة ثم جاءكم رسولٌ مصدِّق لِما معكم؛ لَتُؤْمِنُنَّ به ولَتَنْصُرُنَّهُ». قال: «أأقررتم وأخذتم على ذلكم إصْري؟»، قالوا: «أقررنا». قال: «فاشهدوا وأنا معكم من الشاهدين») (آل عمران: ٨١).
هه‌روه‌ها له ده‌قه‌كانی (فه‌رموده) دا ئه‌م چه‌مكانه دوپات ده‌كرێنه‌وه، له‌م بابه‌ته: گوایه پێغه‌مبه‌ر وتویه‌تی: (أنا دعوة أبي إبراهيم وبشارة عيسى) (گێڕانه‌وه‌ی: حاكیم و ئه‌حمه‌د و طهبه‌رانی و هه‌ندێكی تر، هه‌رچه‌ند ئه‌لبانی به لاوازی داده‌نێت)، واته: "من [سه‌ره‌نجامی] نزاكه‌ی ئیبراهیمی باوكم و مژده‌كه‌ی عیسام". به (نزای ئیبراهیم) ئاماژه بۆ ئه‌و نزایه ده‌كات كه له قورئاندا باسی هاتوه كه گوایه وتویه‌تی: له‌نێو نه‌وه‌ی ئیسماعیلدا له مه‌ككه پێغه‌مبه‌رێك بنێره بۆیان: (ربّنا! وابعث فيهم رسولًا منهم يتلو عليهم آياتِك ويُعلِّمهم الكتابَ والحكمةَ ويُزكّيهم، إنك أنت العزيز الحكيم) (البقرة: ١٢٩). مه‌به‌ستیشی له (مژده‌ی عیسا) مژده‌ی هاتنی پێغه‌مبه‌رێكه له‌دوای ئه‌و به‌ناوی (أحمد) كه ئاماژه‌مان بۆ كرد.
ئه‌م مژده و مزگێنییانه‌ی كه ده‌قه ئیسلامیه‌كان ئاماژه‌یان بۆ ده‌كه‌ن، دیاره بنه‌ڕه‌تێكیان له ده‌قه یه‌هودی و مه‌سیحیه‌كاندا هه‌یه، واته له‌و ده‌قانه‌دا هه‌ندێك ئاماژه و پێشبینی هه‌ن كه له ده‌می سه‌رهه‌ڵدانی ئیسلامدا و دواتریش، به مزگێنی به هاتنی ئیسلام لێك دراونه‌ته‌وه و ئه‌ده‌بیاتێكیان پێك هێناوه كه شوێنه‌واریان له ده‌قه ئیسلامیه‌كاندا ماوه‌ته‌وه و ئێسته‌ش گه‌رمه‌ی ده‌نگ‌وباسیانه له مشت‌ومڕی نێوان ئیسلام و ئایینی مه‌سیحیدا. ئێمه لێره‌دا گرنگترینی ئه‌و ده‌قه یه‌هودی و مه‌سیحیانه‌ی كه به مزگێنی به هاتنی موحه‌ممه‌د و ئیسلام لێك دراونه‌ته‌وه له ئه‌ده‌بیاتی ئه‌پۆلۆجیای ئیسلامی‌دا، ده‌خه‌ینه‌ڕو، پاشان به شێوه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌یی بابه‌ته‌كه هه‌موی شی ده‌كه‌ینه‌وه.
گرنگترینی ئه‌و مزگێنیانەی بەپێی ئەدەبیاتی ئیسلامی لە دەقە یه‌هودی و مەسیحیەکاندا هاتون و لەم زنجیرەیەدا تیشکیان دەخرێتە سەر؛ ئەمانەن:
یه‌که‌م: له ده‌قه یه‌هودیه‌كان (په‌یمانی کۆن: ته‌وڕات و پاشكۆكانی):
١. ده‌سته‌واژه‌ی "پێغه‌مبه‌رێك وه‌كو مو‌سا".
٢. وێنه‌ی "پێغه‌مبه‌ری نه‌خوێنده‌وار" یان "نه‌خوێنه‌ره‌وه".
٣. وێنه‌ی "له فارانه‌وه".
٤. که‌سێتیی "پێغه‌مبه‌ری ئیسماعیلی".
٥. لافی هاتنی ناوی (موحه‌ممه‌د) له هه‌ندێک ده‌قی په‌یمانی کۆندا.
دوه‌م: له ده‌قه مه‌سیحیه‌كاندا (په‌یمانی نوێ: ئینجیل و پاشكۆكانی).
ئایینی مه‌سیحی دو سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كیی هه‌یه: یه‌كه‌میان: بیری ئایینیی یه‌هودی، چونكه (یه‌سوعی ناصیری) خۆی یه‌هودی بوه و سه‌ره‌تای ئایینه‌كه له ناوه‌ند و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی یه‌هودیدا گه‌شه‌ی یه‌كه‌می كردوه، دوه‌میشیان: گنۆستیسیزم و ئاڕاسته و ته‌وژمه گنۆستیك (عرفانی) ـه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی وڵاتانی سه‌ر ده‌ریای سپیی ناوه‌ڕاست كه شۆڕشێك بون به‌سه‌ر شه‌ریعه‌تی یه‌هودی و په‌رستشی خواوه‌ند (یه‌هواهـ) ی یه‌هودیدا. ئه‌م دو سه‌رچاوه‌یه‌ش هه‌ردوكیان له ناوچه‌ی شارۆچكه‌ی (الجلیل) دا كۆ ببونه‌وه كه هه‌ر له‌م ناوچه‌یه‌دا (یه‌سوع) گه‌شه‌ی كردوه و پاشانیش ناوكی یه‌كه‌می قوتابخانه گه‌ڕۆكه‌كه‌ی پێك هێناوه. ئیتر ئه‌گه‌ر له بیری ئایینیی مه‌سیحی و ده‌قه مه‌سیحیه‌كاندا هه‌ر هیوا و ئاوات و خولیا و چاوه‌ڕوانییه‌ك هه‌بێت په‌یوه‌ندیی به‌و دو سه‌رچاوه سه‌ره‌كیه‌ی ئایینه‌كه‌وه هه‌یه: یان گه‌شه‌كردوی خولیاكانی مرۆڤی یه‌هودیه، یان درێژه و نمونه‌ی سیسته‌می بیركردنه‌وه‌ی مامۆستا گنۆستیكه‌كانه. به‌ڵام له ئه‌ده‌بیاتی ئیسلامی‌دا، گه‌لێك له‌و زاراوه و ده‌سته‌واژانه‌ی كه له ده‌قه مه‌سیحیه‌كاندا هاتون به بارێكی ئیسلامی‌دا لێك دراونه‌ته‌وه، و گه‌لێك له‌و ده‌قانه به مژده به هاتنی موحه‌ممه‌د و ئیسلام دانراون، له كاتێكدا كه ئه‌و ده‌قانه په‌یوه‌ندییان به ڕه‌گ‌وڕیشه و گه‌شه‌كردنی تایبه‌تیی خودی ئایینی مه‌سیحیه‌وه هه‌یه و هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به ئیسلامه‌وه نیه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بیری ئیسلامیی نوێ لافی ئه‌وه لـێ ده‌دات كه واتای ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و ده‌قه مه‌سیحیانه ده‌دۆزێته‌وه و مه‌سیحیه‌كان خۆیان لێیان تێ نه‌گه‌یشتون یان ده‌ستكارییان كردون و به هه‌ڵه لێكدانه‌وه و وه‌رگێڕانیان بۆ كردون و هه‌وڵی شاردنه‌وه‌ی واتای ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و ده‌قانه‌یان داوه.
ئه‌مانه‌ش گرنگترینی ئه‌و مزگێنیانه‌ی ده‌قه مه‌سیحیه‌كانن به‌پێی ئه‌ده‌بیاتی ئیسلامی که لەم زنجیرەیەدا تیشکیان دەخرێتە سەر:
١. که‌سێتیی "پاراكلیتوس" و ناوی "ئه‌حمه‌د".
٢. ده‌سته‌واژه‌ی "یودۆکیا" (دڵخۆشی) و ناوی "ئه‌حمه‌د".
٣. چه‌مکی "ده‌رچونی شانشینیی ئاسمان له ده‌ستی گه‌لی ئیسرائیل".
٤. ده‌قی (ئینجیلی به‌رنابا).
***
من ده‌مێكه به‌نیازم لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه له‌سه‌ر (مزگێنی) بنوسم، له هه‌مو ئایین و كولتوره‌كاندا، به‌ڵام لێره‌دا به دامه‌زراندنی سه‌ره‌تایه‌ك بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی مزگێنی له ده‌قه ئیسلامیه‌كاندا ده‌ست هه‌ڵ ده‌گرم.ئه‌م ناوی "كورته‌ی مێژوی مزگێنی" ـه كه هه‌ڵمبژاردوه بۆ ئه‌م زنجیرەیە؛ له ڕاستیدا ده‌مێكه نیازمه بیكه‌مه ناونیشانی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی پڕاوپڕ ده‌رباره‌ی (مزگێنی) له كو‌لتور و ئایینه جیاوازه‌كاندا، واته توێژینه‌وه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌یی له‌سه‌ر هه‌مو ئه‌و چه‌مكانه‌ی ده‌چنه خانه‌ی (مزگێنی) و (مژده) وه، به‌تایبه‌تی چه‌مكه ئایینیه‌كان. ئه‌م نامیلكه‌یه‌ش كه ئێسته له‌به‌ر ده‌ستی خوێنه‌ردایه ته‌نها له چه‌مكه‌كانی (مزگێنی) له بیری ئایینیی ئیسلامی‌دا ده‌دوێت، واته ته‌نها له (مزگێنیناسیی ئیسلامی) ده‌كۆڵێته‌وه. به هیوای ئه‌وه‌ی دواتر بتوانم لێكۆڵینه‌وه‌كه ته‌واو بكه‌م به شێوه‌یه‌ك كه كو‌لتور و ئایینه‌كانی تریش بگرێته‌وه و شایه‌نی ئه‌و ناونیشانه گه‌وره‌یه "كورته‌ی مێژوی مزگێنی" ببێت!