داگیركردنی كوردستان له هه‌ڵمه‌تی (فتوحات) ی ئیسلامی‌دا
كێشه‌ی ته‌م‌ومژاویی زانیاری و ده‌گمه‌نیی دۆكیومێنت و شاردنه‌وه و ساخته‌كاریی سه‌رچاوه
كێشه‌ی ته‌م‌ومژاویی زانیاری و ده‌گمه‌نیی دۆكیومێنت و شاردنه‌وه و ساخته‌كاریی سه‌رچاوه
سه‌روه‌ر پێنجوێنی
كێشه‌ی ته‌م‌ومژاویی زانیاری و ده‌گمه‌نیی دۆكیومێنت
کێشه‌ی شاردنه‌وه و ساخته‌كاریی سه‌رچاوه
شاردنه‌وه و په‌رده‌پۆشكردن
بۆیه نوسه‌ره ئیسلامیه تازه‌كان به چه‌ند شێوه‌یه‌ك بابه‌ته‌كه په‌رده‌پۆش ده‌كه‌ن:
هه‌وڵ ده‌ده‌ن تیشكی زیاتر بخه‌نه سه‌ر چۆنێتیی كه‌وتنی ئیمپراتۆرێتیی ساسانی و شكانی سه‌ركرده ساسانیه‌كان و سوپای ساسانی و داگیركردنی شاره‌كانی باشور و ناوه‌ڕاستی ئێران كه مه‌ڵبه‌ندی ده‌سه‌ڵاته ساسانیه‌كه‌ن و دورن له ناوجه‌رگه‌ی كوردستانه‌وه.
ئه‌و جه‌نگاوه‌ره كوردانه‌ش له‌گه‌ڵ سوپای ساسانی‌دا به‌رگرییان له سه‌ربه‌خۆیی و نیشتمانه ئێرانیه‌كه كردوه؛ به "جاش" له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن! وه‌كو بڵێیت ساسانیه‌كان له‌و كاته‌دا داگیركه‌ر بوبێتن و عه‌ره‌به‌كان هێزێكی نیشتمانی بوبێتن!
ئینجا ته‌نها باسی ئه‌و ناوچه و ئاوه‌دانیانه‌ی كوردستان ده‌كه‌ن كه به ڕێكه‌وتن له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك مه‌رج ته‌سلیم بون و به‌بێ شه‌ڕ ـ یان دوای شەڕ و ئاگربڕ هاتونه‌ته ژێر باری ده‌سه‌ڵاته عه‌ره‌بی ـ ئیسلامیه‌كه (کە ئاگربڕ و ڕێکەوتنی دوای لەشکرکێشی و ڕوبەڕوبونەوە؛ پێی ناوترێت "ئاشتی"! ئاشتی ئەوەیە لە بنەڕەتەوە لەشکرکێشی بۆسەر یەکتر نەکرێت)، و به تیشكخستنه‌ر سه‌ر باسی ئه‌م ناوچه ته‌سلیمبوانه و كوێركردنه‌وه‌ی باسی ئه‌و ناوچه و ئاوه‌دانی و گروپه كوردیانه‌ی به‌رگرییان كردوه و دوای ڕوبه‌ڕونه‌وه و جه‌نگ ئینجا داگیر كراون؛ هه‌وڵ ده‌ده‌ن وا له خه‌ڵك بگه‌یه‌نن كه كوردستان هه‌موی به "ئاشتی"(!) ته‌سلیم بوه و هیچ جه‌نگ و ڕوبه‌ڕونه‌وه‌یه‌ك ڕوی نه‌داوه!
ئه‌م ڕێكه‌وتنه‌ش وا له خه‌ڵك ده‌گه‌یه‌نن كه سه‌رپشكییه‌كی ئاره‌زومه‌ندانه‌ی كورد بوه كه گوایه بۆ خۆیان ئاره‌زویان كردوه بچنه ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامیه‌وه یان ـ هه‌تا ده‌ڵێن ـ موسوڵمانیش ببن! له كاتێكدا ئه‌و ڕێكه‌وتنه‌ی له كۆمه‌ڵێك شار و ئاوه‌دانیی كوردی و كوردستانیدا كراوه رێكه‌وتن بوه بۆ ڕێگرتن له ڕژانی خوێن و له‌سه‌ر بنه‌مای كۆمه‌ڵێك مه‌رج بوه كه تا ڕاده‌یه‌ك ژیان و مافیان پارێزراو بێت، و ئه‌م ڕێكه‌وتنه به‌دیلی جه‌نگ بوه و زانیویانه كه ئه‌گه‌ر سه‌رپشكیی جه‌نگ هه‌ڵبژێرن له كۆتاییدا قه‌ڵاكه‌یان یان ناوچه‌كه‌یان هه‌ر ده‌گیرێت و ئه‌و كاته به‌ته‌واوی ده‌بێته تاڵانی و ده‌سكه‌وت بۆ جه‌نگاوه‌ره عه‌ره‌به‌كان (یاسای جه‌نگه ئیسلامیه‌كه وا بوه كه ئه‌وه‌ی به جه‌نگ و ئابڵوقه‌دان ده‌گیرێت؛ ده‌بێته تاڵانی، و ئه‌وه‌ی به‌بێ جه‌نگ خۆی ده‌دات به ده‌سته‌وه؛ كۆمه‌ڵێك مافی هه‌یه، لای كه‌می نابێته تاڵانی و ده‌سكه‌وت). به‌م شێوه‌یه ڕێككه‌وتنه‌كانیش هه‌ر به‌شێكن له‌و باردوخه‌ی جه‌نگ و له‌شكركێشی ده‌یسازێنێت.
ئیتر ئه‌و شوێن و ئاوه‌دانیانه‌ی كوردستان كه به‌زۆر "عَنْوة" و دوای جه‌نگ گیراون؛ یان هه‌ر باسیان ناكه‌ن و ده‌نگ‌وباسه‌كه‌یان په‌رده‌پۆش ده‌كه‌ن. یه‌كێك له‌مانه ده‌نگ‌وباسی داگیركردنی (شاره‌زور) ه دوای دو جه‌نگ كه نوسه‌ره ئیسلامیه‌كان، به‌تایبه‌تی كورده‌كان، خۆی لێ ناده‌ن و كوێری ده‌كه‌نه‌وه! هه‌تا كۆچكردو (م. جه‌میل ڕۆژبه‌یانی) له په‌راوێزی خۆیدا له‌سه‌ر وه‌رگێڕانه عه‌ره‌بیه‌كه‌ی بۆ كتێبی "شاری سلێمانی" ی (ئه‌مین زه‌كی)، كاتێك دانه‌ر ئاماژه بۆ ئه‌و ده‌نگ‌وباسه‌ی داگیركردنی شاره‌زور دوای دو له‌شكركێشی و جه‌نگی قورس ده‌كات (كه له بنه‌ڕه‌تدا به‌لاذوری له "فتوح البلدان" دا گێڕاوێتیه‌وه)؛ گوایه زانیاریه‌كه بۆ دانه‌ر ڕاست ده‌كاته‌وه؛ ده‌ڵێت: گرتنی شاره‌زور به ڕێكه‌وتن (صلح) بوه نه‌ك به شه‌ڕ و زۆر (عنوة)! دیاره ئه‌مه‌شی هه‌ر له گێڕانه‌وه‌كه‌ی به‌لاذوری وه‌رگرتوه، به‌ڵام له ڕاستیدا كاتێك به‌لاذوری (به‌تایبه‌تی گێڕانه‌وه‌ی یه‌كه‌می له‌و باسه‌دا) و ئه‌وانه‌ی له‌ویان گواستوه‌ته‌وه باسی (صلح) یان كردوه؛ مه‌به‌ستیان ڕێكه‌وتنی دوای جه‌نگ و كوشتاره، ده‌قه‌كه‌ی به‌لاذوری ده‌ڵێت "غزاها عتبة بن فرقد ففتحها بعد قتال علی مثل صلح حُلْوان"، كه‌واته جه‌نگه‌كه ڕوی داوه و كوشتار كراوه، به‌ڵام له كۆتاییدا ڕێك‌كه‌وتون و ڕێكه‌وتنه‌كه به شێوه‌ی ڕێكه‌وتنه‌كه‌ی خه‌ڵكی (حولوان) بوه له‌گه‌ڵ (جه‌ریری كوڕی عه‌بدوڵڵا) كه ده‌ست له كوشتاریان هه‌ڵ‌گرێت و سه‌ر و ماڵیان پارێزراو بێت و ئه‌وانیش ده‌بێت باج بده‌ن. گێڕانه‌وه‌ی دوه‌می لای به‌لاذوری، باسی ڕێكه‌وتنێكی هاوشێوه ده‌كات له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی (ده‌راباد) و (صامه‌غان) كه له‌گه‌ڵ شاره‌زوردا ناویان ده‌برێت هه‌رچه‌ند له ته‌به‌رستانه‌وه نزیكترن. گێڕانه‌وه‌ی سێیه‌می به‌لاذوری ده‌ڵێت گرتنی شاره‌زور و صامه‌غان و ده‌راباد به‌شێكه له داگیركردنه‌كانی (عوتبه‌ی كوڕی فه‌رقه‌د) و له‌و داگیركردنه‌دا له‌گه‌ڵ كورده‌كان جه‌نگاوه و خه‌ڵكێكی زۆری لێ كوشتون: "شهرزور والصامغان ودراباذ من فتوح عتبة بن فرقد السلمي فتحها وقاتل الأكراد فقتل منهم خلقا"(١)، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی پێشتر هه‌ر به فه‌رمانی عومه‌ر سه‌ركرده‌یه‌كی تر به ناوی (عه‌زڕه‌ی كوڕی قه‌یس) له (حولوان) ـه‌وه له‌شكری جوڵاندوه به‌ره‌و شاره‌زور و ویستویه‌تی داگیری بكات، به‌ڵام نه‌توانیوه داگیری بكات، بێ گومان ئه‌مه‌ش له‌به‌ر به‌رگری و ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی سه‌ختی كورده‌كانی شاره‌زور. كه‌واته دوای دو جه‌نگ و له‌شكركێشی [بەپێی هەواڵی هەڵمەتێکی پێشتر لای (ابن الأعثم) لە کتێبی "الفتوح" ی خۆیدا؛ دەکاتە سێ لەشکرکێشی] ئینجا توانراوه شاره‌زور ناچار بكرێت به ڕێكه‌وتنێك كه به‌پێی ئه‌وه سه‌ر و ماڵی كورده‌كان پارێزراو بێت. به‌ڵام نوسه‌ره ئیسلامیه كورده‌كان جاری وا هه‌یه به یه‌ك وشه‌ش ئاماژه بۆ ئه‌م داگیركردنه‌ی شاره‌زور ناكه‌ن!
هەروەها نوسەرە ئیسلامیە کوردەکان دەیانەوێت بە ئاماژە بۆ ناوی صەحابییەک کە لە هەندێک گێڕانەوەی ئیسلامی‌دا ناوی بە شێوەی (جابانی کوردی) "جابان الكردي" [کە لە ڕێگەی هەندێک گێڕانەوەی "مَیْمُون" ی کوڕیەوە ناوی کەوتوەتە ناو کتێبەکانی حەدیث]؛ وا خەڵک تێ‌بگەیەنن کە گوایە کورد هەر لەو سەرەتایەوە باوەشی بۆ ئیسلام کردوەتەوە و موسوڵمان بوە، هەتا جاری وا هەیە خەریکە دەڵێن ئەو کەسە (جابان) نوێنەری کورد بوە لای پێغەمبەر!! ئیتر خۆیان نادەن لە باسی ئەوەی کە سەرچاوە ئیسلامیەک کۆنەکان باسیان کردوە کە تا چەند سەدەیەکیش کورد کێشە و سەرئێشە بون بۆ دەوڵەتی خیلافەت، لە سەرەتای مێژوی داگیرکردنی کوردستانیشدا کوردی گەلێک ناوچە ڕاپەڕیون و داگیکردنەکەیان ڕەت کردوەتەوە.
نوسه‌ره ئیسلامیه كورده‌كان شێوازی تریشیان هه‌یه بۆ كوێركردنه‌وه‌ی ده‌نگ‌وباسی داگیركردنی كوردستان دوای جه‌نگ، وه‌كو دۆزینه‌وه‌ی هه‌ڵه و كه‌م‌وكوڕیی هه‌ر نوسینێكی كوردی هه‌وڵ بدات ئه‌وه‌ی سه‌رچاوه ئیسلامیه‌كان باسیان كردوه بیگێڕێته‌وه و ئه‌وه‌ی ئه‌وان په‌رده‌پۆشیان كردوه و ده‌یشارنه‌وه ئه‌م ده‌ری بخات. وا ده‌زانن به تانه‌دان له متمانه‌ی زانستیی نوسینێك ئیتر بابه‌ته‌كه‌یان پێ پینه ده‌كرێت!
یان ده‌چن هه‌تا پێیان بكرێت تانه بده‌ن له سه‌رچاوه ئیسلامیه كۆنه‌كانیش ئه‌گه‌ر له‌لای زانا ئایینیه‌كانی زانستی ئیسلامیی ته‌قلیدی (حه‌دیث) تانه‌یه‌ك هه‌بو له‌سه‌ر دانه‌ره‌كانیان، وه‌كو له حاڵه‌تی (واقیدی) دا، كه مێژونوسێكی ئیسلامیی موعته‌به‌ره و به (أمين الناس على أهل الإسلام) ناو ده‌برێت [سه‌رچاوه‌كان ده‌گێڕنه‌وه كه (ئیبڕاهیمی حه‌ڕبی) دەربارەی واقیدی وتویه‌تی: (الواقديُّ أمينُ الناس على أهل الإسلام). هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ی تر ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه به‌م شێوه‌یه ده‌هێنن: (الواقدي أَمَنُّ الناسِ على أهل الإسلام)، واته: واقیدی له هه‌مو خه‌ڵك زیاتر به‌هره‌ی به ئه‌هلی ئیسلام به‌خشیوه و چاكه‌ی به‌سه‌ریانه‌وه هه‌یه. هه‌رچه‌ند هه‌ندێك له ساخكه‌ره‌وه‌كان ئه‌مه‌ی دوایی به هه‌ڵه‌ی ده‌ستنوس داده‌نێن، به‌ڵام وا ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌م شێوه‌یه‌ی دوه‌م (أَمَنُّ الناسِ..) ڕاستتر بێت له (أمینُ الناس..)] و بۆ خۆی چوه‌ته سه‌ر ئه‌و شوێنانه‌ی كه ڕوداوه‌كانیان ده‌گێڕێته‌وه هه‌تا گێڕانه‌وه‌كانی وردتر بن. به‌ڵام نوسه‌ره ئیسلامیه‌كان ده‌چن تانه‌ی زانا ئیسلامیه‌كانی (حه‌دیث) له واقیدی له حاڵه‌تی گێڕانه‌وه‌ی (حه‌دیث) ی پێغه‌مبه‌ری ئیسلامدا ده‌هێننه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له‌به‌ر چاوی خوێنه‌ری نه‌شاره‌زادا وا پێشان بده‌ن كه گوایه واقیدی له بواری مێژو و نوسینه‌وه‌ی مێژوی (فتوحات) یشدا به هه‌مان شێوه متمانه‌ی نیه، كه ئه‌مه له خۆیدا نه‌شاره‌زاییه له زانسته ئیسلامیه‌كان، چونكه مه‌رج نیه كه كه‌سێتییه‌كی ئیسلامیی كۆن له بواری گێڕانه‌وه‌ی (حه‌دیث) ی پێغه‌مبه‌ردا تانه‌ی لێ درا یان قسه‌یه‌كی له‌سه‌ر بو؛ ئه‌و كه‌سێتیه له هه‌مو زانسته ئیسلامیه‌كانی تردا هه‌مان پله بێته خواره‌وه یان متمانه‌ی نه‌مێنێت، هه‌تا ئه‌گه‌ر ئه‌م زانسته ئیسلامیانه‌ی تر له‌سه‌ر (گێڕانه‌وه) یش وه‌ستابن. بۆ نمونه: (حه‌فص) كه یه‌كێكه له دو گێڕه‌ره‌وه (راوي) ـه‌كه‌ی خوێندنه‌وه‌كه‌ی (عاصیم) ی كوفه‌یی كه ئێستا موصحه‌فی زۆربه‌ی وڵاتانی ئیسلامی، به‌تایبه‌تی خۆرهه‌ڵاتی ئیسلامی، له‌سه‌ر ئه‌و گێڕانه‌وه‌یه‌ی (حه‌فص) وه‌ستاوه، به‌ڵام له هه‌مان كاتیش‌دا (حه‌فص) له گێڕانه‌وه‌ی (حه‌دیث) ی پێغه‌مبه‌ردا قسه‌ی زۆری له‌سه‌ره و هه‌ندێك متمانه‌ی پێ ناكه‌ن و به (لاواز) و هه‌تا (كذاب) یش ناوبراوه! له كاتێكدا حه‌فص خوێندنه‌وه‌كه‌ی (عاصیم) یش كه قورئانه هه‌ر به (گێڕانه‌وه) ده‌گێڕێته‌وه. بۆیه ئه‌و بێمتمانه‌ییه‌ی (حه‌فص) هه‌یه له (حه‌دیث) دا؛ كار ناكاته سه‌ر متمانه بێسنوره‌كه‌ی له بواری خوێندنه‌وه‌ی قورئاندا. به هه‌مان شێوه (واقیدی) یش؛ له (حه‌دیث) دا متمانه‌ی نیه؛ ئه‌مه ناكاته ئه‌وه‌ی له (مێژو) ی ئیسلامییشدا متمانه‌ی نه‌بێت. به‌ڵام ئیسلامیه‌كان به‌و شێوه‌یه‌ش هه‌وڵ ده‌ده‌ن ڕێ بگرن له وه‌رگرتنی زانیاری له‌سه‌ر داگیركردنی كوردستان له گێڕانه‌وه و نوسراوه‌كانی واقیدی.
شێوازێكی تریشیان ئه‌وه‌یه له ڕێگه‌ی ڕه‌خنه‌گرتن له هه‌ندێك ده‌ق و سه‌رچاوه‌ی میللی و دره‌نگ‌وه‌خت كه ده‌رباره‌ی ورده‌كاریه‌كانی داگیركردنی كوردستان نوسراون، وه‌كو كتێبی (كوردستان و ئایینی ئیسلام) ـ كه دواتر ئاماژه‌ی زیاتری بۆ ده‌كه‌ین ـ، وا خه‌ڵك تێ بگه‌یه‌نن كه هه‌رچی له‌و باره‌یه‌وه نوسراوه و باسی جه‌نگ و كوشتاری سوپای ئیسلام بكات له كوردستاندا وه‌كو ئه‌وه ساخته‌یه، له كاتێكدا ئێمه ڕه‌نگه كتێبی متمانه‌داری (فتوح البلدان) ی (به‌لاذوری) ـمان به‌س بێت بۆ زانینی هێڵه سه‌ره‌كیه‌كانی ڕه‌وتی داگیركردنی كوردستان له‌لایه‌ن سوپا ئیسلامیه‌كه‌وه، كه گشتگیرترین و متمانه‌دارترین كتێبی تایبه‌ت به (فتوح) ـه له كه‌له‌پوری ئیسلامی‌دا.
لێرە بەدواوە دێینه سه‌ر باسی چمكێك له‌و (ساخته‌كاری) ـه‌ی له‌م بابه‌ته‌دا كراوه و به‌رده‌وامه.
ساخته‌كاری
١. هۆنراوه‌ی ساخته‌ی "هورموزگان ڕمان":
هورمزگان [هۆرمۆزگان؟] ڕمان، ئاتران كوژان
وێشان شارده‌وه گه‌وره [گه‌وره‌ی؟گۆره‌ێ؟] گه‌وره‌كان [گه‌وره‌گان؟گۆره‌گان؟گاوران؟]
زۆركار ئاره‌ب، كه‌ردنه خاپور
گوناو پاڵه‌یی [گنایی پاڵه؟]، هه‌تا شاره‌زور
شه‌ن [شن؟] و كه‌نیكان وه دیل به‌شینا
مێرد ئازا تلی [تلێی؟] وه ڕوی هوینا
ره‌وشت زه‌رده‌شتره، مانۆوه [مانووه؟مانه‌وه؟] بێ كه‌س
به‌زیكا نه‌یكا [نێكا؟]، هورمز وه هیچ [هێوچ؟] كه‌س
واته: (په‌رستگاكان ڕوخان، و ئاگره‌كان كوژانه‌وه، سه‌ركرده و گه‌وره‌كان خۆیان شارده‌وه. زۆرداری عه‌ره‌ب هه‌ر له ئاوایی "پاڵه" وه هه‌تا "شاره‌زور" وێرانیان كرد. ژن و كچانیان به دیل برد، و پیاوانی ئازا و شه‌ڕكه‌ریش له خوێنی خۆیاندا تلان. ئایینی "زه‌رده‌شت" بێكه‌س مایه‌وه، و "هۆرمۆزد" [ئه‌هوره مه‌زدا] به‌زه‌یی به كه‌سدا نه‌هاته‌وه).
ئه‌م هۆنراوه‌یه وه‌كو ده‌ق و دۆكیومێنت ساخته‌یه و دره‌نگانێك و له‌م دواییه‌دا ساز كراوه، و له دنیای دۆكیومێنت و نوسینه‌وه‌ی مێژودا هیچ به‌هایه‌كی نیه.. چونكه له هه‌ر لایه‌نێكی ڕه‌خنه‌سازیه‌وه بۆی ده‌چین ده‌قه‌كه ساخته‌یی خۆی پێشان ده‌دات. بۆ نمونه: له لایه‌نی ڕه‌خنه‌سازیی ده‌ق و گه‌یشتنی ده‌قه‌كه‌وه به ئێمه؛ ده‌قه‌كه هیچ بنچینه‌یه‌كی نیه و كه‌س نه‌یتوانیوه ده‌ستنوسی ده‌قه‌كه بخاته به‌ر ده‌ست و هه‌مو لایه‌ك بهێنێته سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ی كه ئه‌و ده‌قه بون و ڕه‌سه‌نایه‌تیی هه‌یه و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه كۆنانه. هه‌رچییش له‌م باره‌یه‌وه ده‌وترێت؛ ناڕۆشنه و هه‌ر وه‌كو قسه‌وقسه‌ڵۆك و چیرۆكی بێبنه‌ما وایه. بۆ نمونه: ده‌وترێت گوایه له كاتی دانانی بناغه‌ی شاری سلێمانیدا و له‌لایه‌ن كرێكاره‌كانه‌وه، یان گوایه له ٣٠ـه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا و له ئه‌شكه‌وتی (هه‌زارمێرد)، پێسته‌یه‌كی كۆن دۆزراوه‌ته‌وه كه ئه‌م هۆنراوه‌یه‌ی له‌سه‌ر بوه به نوسینی په‌هله‌وی، و دواتر كه‌وتوه‌ته ده‌ستی بازرگانێكی ئینگلیزی ده‌ستنوس و ئه‌نتیكه، ئه‌ویش گوایه له ڕۆژنامه‌یه‌كدا بڵاوی كردوه‌ته‌وه. به چه‌ند شێوه‌یه‌كی تریش چیرۆكه‌كه ده‌گێڕنه‌وه كه هه‌ر له‌م بابه‌ته ته‌م‌ومژاویه‌ن. ئیتر له‌م سه‌رچاوه ته‌م‌ومژاویه‌وه له‌پڕ ده‌قه‌كه دێته ڕۆشنایی: شاعیری فارس (موحه‌ممه‌دته‌قی به‌هار) ناسراو به (ملك الشعرا) له ژماره‌یه‌كی گۆڤاری (مهر) ی خۆیدا بڵاوی كردوه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها (دۆكتۆر سه‌عیدی كوردستانی) ـ كه مه‌سیحی بو ـ له كتێبی "نِزانی (مِزگانی)" دا، و (ڕه‌شید یاسه‌می) له ”كرد و پیوستگی نژای وتاریخی او“ دا، هه‌مان ده‌قیان بڵاو كردوه‌ته‌وه. هه‌رچه‌ند (یاسه‌می) بۆ خۆی به ڕه‌سه‌ن و زۆر كۆنی نازانێت. هه‌روه‌ها (حوزنی موكریانی) یش ساڵی ١٩٣٠ له گۆڤاری (زاری كرمانجی) دا بڵاوی كردوه‌ته‌وه، كه هه‌ندێك ئه‌مه به یه‌كه‌م بڵاوكردنه‌وه‌ی ده‌زانن، بەڵام ئەمە یەکەم بڵاوکردنەوەی کوردیە، کە دیارە حوزنی هەر لە کتێبەکەی "نِزانی (مِزگانی)" ی (سەعیدی کوردستانی) ـەوە وەری‌گرتوە [وەکو چۆن ئەو قسەوباسە سادەیەی هەتا ئێستە لە نوسینی کوردی‌دا هەیە دەربارەی خەتە ـ بە ناو ـ کوردیەکەی کتێبی "شوق المستهام" ی (ئیبن وەحشییە) و کەسێتیەکانی "بینوشاد" و "ماسی السوراتی"؛ هەر لەم ڕێگەیەوە هاتون! چونکە سەعیدی کوردستانی لە پێشەکیە فارسیەکەی کتێبەکەی خۆیدا ئەمانەی بەو شێوەیە باس کردوە، و لەم لایەنەوە ـ هەتا ئێستاش ـ هەڵەکانی ناوبراو لەوێدا وەکو خۆیان دوبارە دەکرێنەوە!]. له كۆتاییدا سه‌رچاوه‌ی یه‌كه‌می ده‌قه‌كه به‌ته‌م‌ومژاوی ده‌مێنێته‌وه، و هیچ ده‌ستنوسێك نیه ببێته به‌ڵگه بۆی وه‌كو ده‌قێكی كۆن. ئه‌گه‌ر سه‌رچاوه‌ی یه‌كه‌می ده‌قه هه‌مان (دۆكتۆر سه‌عیدی كوردستانی) بێت، كه ده‌وترێت (به‌هار) یش هه‌ر له‌وی وه‌رگرتوه؛ ئه‌وا له‌گه‌ڵ پاڵنه‌ری ئایینی (مه‌سیحی) ی ناوبراودا گومانی ئه‌وه دروست دەبێت كه هه‌ر خۆی سازی كردبێت، به‌تایبه‌تی كه خۆی گۆرانی بوه و توانیویه‌تی به‌و شێوه‌زاره بنوسێت [کە ئەو کتێبەکەش، "نِزانی (مِزگانی)"، کە داکۆکییەکە لە ئایینی مەسیحی بە هۆنراوە بە هەورامی، هۆنراوەکانی هەر لە شێواز و ئاوازی ئەم هۆنراوەی "هرمزگان" ـە دەچن!]. له‌م باره‌یه‌وه (د. كه‌مال فوئاد) له وتارێكیدا له ژماره (١٣) ی گۆڤاری (گۆڕین) (كانونی دوه‌می ١٩٧٤) دا، بیروڕای (تۆفیق وه‌هبی) ده‌گێڕێته‌وه كه وتویه‌تی: ئه‌و هۆنراوه‌یه له‌یه‌ن هه‌ردو (سه‌عید كوردستانی) و (حوزنی موكریانی) ـه‌وه ساز كراوه. کە خۆی لە ڕاستیدا حوزنی تەنها گوێزەرەوەیەکە و لەسەر متمانه دەقەکەی بڵاو کردوەتەوە، ئەو تەنها بەرپرسە لە بڵاوکردنەوەی دەقەکە لە ناوەندی ڕۆشنبیریی کوردی‌دا.
هه‌روه‌كو په‌شێوییه‌ك له گێڕانه‌وه‌ی هه‌ندێك ده‌سته‌واژه‌یدا هه‌یه، ئه‌مه‌ش دیسان نیشانه‌یه‌كی ساخته‌ییه‌تی.
له لایه‌نی ڕه‌خنه‌سازیی زمانییشه‌وه؛ ئه‌م ده‌قه ـ كه گوایه به خه‌تی په‌هله‌وی نوسراوه‌ته‌وه ـ به داڕشتنه‌كه‌ی و وشه‌كانی ده‌یسه‌لمێنێت كه نه په‌هله‌وی (ی ئه‌شكانی) ـه و نه ده‌توانێت قۆناغێكی زۆر كۆنی شێوه‌زاری گۆرانییش بێت [وه‌كو (د. جه‌مال نه‌به‌ز) یش هه‌مان مه‌به‌ست دوپات ده‌كاته‌وه كه له كتێبی (زمانی یه‌كگرتووی كوردی) (١٩٧٦) دا، ده‌ڵێت: "ئه‌م هۆنراوه‌یه هۆنراوه‌یه‌كی ساخته و ده‌ستكرده، و به پێی زانستی زمانه‌وانی ده‌توانین نیشانی بده‌ین كه كوردییه‌كه‌ی ناتوانێت ببێته كوردی ده‌وروبه‌ری په‌یدابونی ئیسلام"]. سه‌رباری ئه‌وه‌ش هه‌ندێك وشه‌ی تێدایه كه جێی گومانێكی زۆرن، بۆ نمونه:
* وشه‌ی "هورمزگان" كه له سه‌ره‌تایدا هاتوه؛ وشه‌یه‌كی ناڕۆشن و بێبنه‌مایه، و وشه‌ی له‌م شێوه‌یه له په‌هله‌وی و له فارسی و له هیچ شێوه‌زارێكی كوردییشدا نیه، به‌تایبه‌تی به‌و واتایه‌ی كه له‌م ده‌قه‌دا هاتوه، كه به "په‌رستگاكان" و هه‌ندێك جار "ئاته‌شكه‌ده‌كان" ڕاڤه ده‌كرێت. له كاتێكدا هه‌ر وشه‌ی "هۆرمۆز" هه‌یه كه كورته‌ی ناوی (ئه‌هوره مه‌زدا) یه (له "هۆرمۆزد" ی په‌هله‌ویه‌وه)، و به هه‌ساره‌ی (موشته‌ری) یش وتراوه، هه‌روه‌ها ناوی دورگه‌یه‌ك و گه‌رویه‌كه له كه‌نداوی فارس، لێره‌وه (هۆرمۆزگان) یش ناوی پارێزگایه‌كه له ئێران له‌سه‌ر گه‌روی هورموز. كه‌سی وایش هه‌یه ئه‌م "هورمزگان" ـه له ده‌قه‌كه‌دا به ناوی شارێكی كۆن ده‌زانێت له شاره‌زور.
* وشه‌ی "گنا" یاخود "گونا" کە به واتای گ‌ون‌د هاتوە؛ چۆن دروست بوە؟ چۆن ده‌گونجێت له په‌هله‌وی یان كوردیی ئه‌و ڕۆژگاره‌دا هه‌بوبێت؟ لە کاتێکدا وشەی "گ‌ون‌د" (وەکو "گ‌ون‌د"ی پەرثی و پەهلەوی) لە قۆناغی ناوەڕاستدا هێشتا بە واتای هێز و سوپا و واتای گروپ و کۆمەڵە بوە و هێشتا واتای "گ‌ون‌د" ی ئێستەی نەگەیاندوە. ئینجا چۆن لە وشەی "گ‌ون‌د" ەوە شێوەی "گنا" یان "گونا" پەیدا بوە؟ خۆ بەم شێوەیە لە هیچ زمان و شێوەزارێک کوردی و ئێرانی‌دا نەبوە و نیە! تەنها ئەوەندە نەبێت مامۆستا گیو لە "فەرهەنگی کوردستان" ـدا وشەی "گنا"ی هێناوە و بە "زەوی" و "خاک" مانای کردوە! کە ڕون دیارە ئەمەی هەر لە هۆنراوەکەی هورموزگانەوە وەرگرتوە، ئەگەرنا بۆچی لە هیچ فەرهەنگێکی کوردیی تردا نیە!؟ و هیچ شێوەزارێکیشی بۆ دیاری نەکردوە!
لێرەدا دەبێت بڵێین: "گنا" تەنها شێوەی نوسراوە، و دەبێت بە "گونا" بخوێنرێتەوە، و ئەمەش کلیلی دۆزینەوەی وشەکەیە و هەر لێرەوە دەردەکەوێت ئەم وشەیەش بەڵگەیەکی زەقە لەسەر ساختەیی و نوێ‌بونی دەقەکە:
ئەمە تومەز هەمان وشەی "گ‌ون‌د" ی کرمانجیە، کە لە لقی ئەردەڵانیی کرمانجیی ناوەندیدا بوەتە "گون" (بڕوانە: فەرهەنگی مەردۆخ، وشەی "گون")، ئینجا "گنا" کە لە هۆنراوەکەدا هاتوە پێک‌هاتوە لەم وشەی "گون" ـەی کە گۆڕاوی "گ‌ون‌د" ە، لەگەڵ "ها"ی ئامڕازی کۆکردن "جمع" لە فارسی‌دا کە کاریگەریی هەیە لە شێوەزارە کوردیە خۆرهەڵاتیەکاندا، شێوەیە "گنا" لە بنەڕەتدا "گونـ[ـد]ها" بوە و بە سوان و سوکەڵەبون بوەتە "گونا" [وەکو چۆن "وقت‌ها" |وەغتها| ی فارسی دەبێتە "وەختها" و ئینجا "وەختا"، بۆ نمونە دەوترێت "وەختایەک.."] و ئەمەش بە شێوەی نوسینی عەرەبی-فارسی بە "گنا" نوسراوە و ئەمەش جاروبار لە نوسینی کوردیی نوێ‌دا بەهەڵە بە هەمان شێوەی "گنا" دەنوسرێتەوە (وەکو مامۆستا گیو بەم شێوەیە نەقڵی کردوە بۆ فەرهەنگەکەی).
لە کۆتاییدا "گوناو پاڵه" لە واتادا دەکاتە "دێهاتی [ناوچەی] پاڵە"، یان ڕەنگە دروستتر ئەوە بێت "گونا و پاڵە" بە واتای "دێهات و شار" بێت.
جا لێرەوە خوێنەر دەبینێت ئەم دەستەواژەیەی هۆنراوەکە چەندە نوێ و سواوە!
* وشه‌ی "شن" یاخود "شه‌ن" به واتای "ژن"؛ نه په‌هله‌ویدا هه‌یه و نه له هیچ شێوه‌زارێكی كوردیدا هه‌یه. له په‌هله‌وی و فارسی‌دا هه‌ر "زه‌ن" ـه، و لە پەرثیدا "ژەن" بوە، و له شێوه‌زاره كوردیه‌كاندا "ژن" ـه، و لە هەورامیدا هەر "ژەن" ـە.
* ناوی زه‌رده‌شت هاتوه به شێوه‌ی "زه‌رده‌شتره"، كه شێوه‌یه‌كی سه‌یر و نامۆیه. ئه‌وێستاییه‌كه‌ی "زه‌ره‌ثوشتره" یه، په‌هله‌ویه‌كه‌ی "زه‌رتوشت" و "زه‌ردوشت" ـه.. ئیتر ئه‌م "زه‌رده‌شتره" یه له تێكه‌ڵكردنی شێوه‌ی "زه‌رده‌شت" ی كوردی و فارسیی نوێ ده‌چێت له‌گه‌ڵ "زه‌ره‌ثوشتره" ی ئه‌وێستاییدا! ئه‌مه بۆ خۆی شتێكی سه‌یره و نیشانه‌ی ده‌ستكردی و ساخته‌ییه. یان دیاره كێشه‌یه‌ك له نوسینه‌وه‌ی ئه‌م وشه‌یه‌دا هه‌یه، چونكه دێڕه‌كه له هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ی تردا به شێوه‌ی "ڕه‌وشت زه‌رده‌شت..." نوسراوه‌ته‌وه. به‌ڵام ئه‌م شێوه‌یه‌ش "زه‌رده‌شت" دیسان ڕه‌نگه نیشانه‌ی تازه‌یی نوسینی ئه‌م هۆنراوه‌یه بێت، چونكه وه‌كو وتم په‌هله‌ویه‌كه‌ی "زه‌رتوشت" و "زه‌ردوشت" ـه، شێوه‌ی "زه‌رده‌شت" نوێیه. ڕه‌نگه بوترێت: ده‌كرێت "زردشت" بنوسرێت و به "زه‌رده‌شت" و به "زه‌ردوشت" یش بخوێنرێته‌وه. منیش ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر چیرۆكی ئه‌م ده‌قه ڕاست بێت و به خه‌تی په‌هله‌وی نوسرابێته‌وه؛ ئه‌وا جیاوازیی نوسینی "زه‌ردوشت" و "زه‌رده‌شت" له په‌هله‌ویدا ئاشكرایه! یانی ئەگەر "زەردوشت" ـە پەهلەویەکە بوایە؛ بە پەهلەوی بە "ز‌ر‌د‌و‌ش‌ت" دەنوسرێت و ئیتر ناکرێت بە "زەردەشت" بخوێنرێتەوە!
ئینجا هه‌ندێك وشه‌ی سه‌یری تر له‌م ده‌قه‌دا هه‌ن كه ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نن ده‌قه تازه بێت و ساخته بێت و له دره‌نگ‌وه‌ختێكدا نوسرابێت نه‌ك ڕه‌سه‌ن و كۆنی به ڕاده‌ی سه‌رده‌می داگیركاریی ئیسلامی. له‌وانه:
* وشه‌ی "شاره‌زور" كه له ده‌قه‌كه‌دا هاتوه، كه به‌م شێوه‌یه شێوه‌یه‌كی كوردیی تا ڕاده‌یه‌ك نوێیه. هه‌رچه‌ند چه‌ند بیروڕایه‌كی جیاواز هه‌ن بۆ ڕاڤه و ڕیشه‌ناسیی ئه‌م ناوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌لای منه‌وه په‌سه‌نده ئه‌مه‌یه كه ناوه‌كه له دو به‌ش پێك هاتوه:
١. "شار": ئه‌مه شێوه‌یه‌كی نوێی "شه‌هر" ـه. له په‌هله‌ویدا هه‌ر "شه‌هر" ه، له فارسییشدا هه‌ر به "شه‌هر" ماوه‌ته‌وه. له كوردیی نوێ‌دا بوه‌ته "شار". چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له كوردیی ده‌می داگیركاریی ئیسلامی‌دا هه‌ر "شه‌هر" بوبێت نه‌ك "شار".
٢. "زور": ئه‌مه‌ش وشه‌یه‌كه، به ڕای (تۆفیق وه‌هبی) ـ له لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كیدا كه ته‌رخانی كردوه بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕیشه‌ی ناوی "شه‌هره‌زور" ـ ئاماژه ده‌كات بۆ سروشتی دەشتایی و نزمایی ناوچه‌كه.. بەو پێیەی کە ئەم وشەی "زور" ە لە بنەڕەتدا بە واتای "نزم" و "قوڵ" ـە، بۆیە بەلای ئەوەوە واتای "شارە زور" دەبێته "شاری نزم" یان "شارە نزمەکە". و دەڵێت: مەبەست لەمە نزمایی دەشتی شارەزورە. كه لێره‌دا بواری درێژه‌ی بەڵگەسازیەکانی ناوبراو نیه.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا من زیاتر سه‌رنجی بۆ ڕاده‌كێشم شێوه‌ی ئه‌م وشه‌یه‌یه: "شاره‌زور".. ئه‌م بزوێنه چیه له‌نێوان "شار" و "زور"؟
بە بڕوای من ئه‌مه پاشماوه‌ی ئه‌وه‌یه كه ئه‌م وشه‌یه له عه‌ره‌بیه‌وه هاتوه‌ته‌وه بۆ كوردی. به‌م شێوه‌یه: له عه‌ره‌بیدا "مركب مزجي" هه‌یه واته وشه‌ی لێكدراوی دو به‌ش، وه‌كو "نقشبند" و "بعلبك" و هه‌روه‌ها "شهرزور". جا ڕێسا وایه له عه‌ره‌بیدا "موڕه‌ككه‌بی مه‌زجی" هه‌میشه به‌شی یه‌كه‌می، واته یه‌كه‌م وشه كه له‌گه‌ڵ وشه‌ی دوه‌م لێك‌دراوه، كۆتاییه‌كه‌ی "سه‌ر" (فتحة) ی پێوه ده‌بێت. بۆ نمونه: ئێمه به كوردی و فارسی ده‌ڵێین "نه‌قشبه‌ند"، به‌ڵام به عه‌ره‌بی ئه‌م ناوه ده‌بێته "نه‌قشه‌به‌ند"، هه‌روه‌ها "به‌عل‌به‌ك" ده‌بێته "به‌عله‌به‌ك". به هه‌مان شێوه "شه‌هر زور" له عه‌ره‌بیدا بوه‌ته "شه‌هڕه‌زور" و به‌م شێوه‌یه هاتوه‌ته ناو كوردی و ئێسته بوه‌ته "شاره‌زور". جا ئه‌م شێوه وتنه‌ی كه له كوردیدا هه‌یه، واته "شاره‌زور"؛ له عه‌ره‌بیه‌وه هاتوه، واته جارێكی تر له عه‌ره‌بیه‌وه وه‌رگیراوه‌ته‌وه. ئه‌مه‌ش بێ گومان له كوردیی نوێ‌دا ڕوی داوه، و ئاشكرایه كه له سه‌رده‌مانی كۆندا وا نه‌بوه.
ئەگەر لەسەر بیروڕای تەوفیق وەهبییش بڕۆین، کە ئەو پێی وایە ناوی "شارە زور" ـ کە پێشتر "شەهرە زور" بوە ـ بە شێوازی لێکدان "ترکیب" ی کوردیی ("مەوصوف" + ه + "صیفه") داڕێژراوە، بۆ نمونە: "گردی بۆر"، دەبێتە "گردە بۆر". ئیتر بەم شێوەیە "شەهری زور" یان "شاری زور" بوەتە "شەهرەزور" یان "شارەزور" بە واتای شاری نزم یان شاری بنیات‌نراو لە دەشتایی.. جا ئەگەر لەسەر ئەم بیروڕایەش بڕۆین؛ هێشتا بە چیدا بزانین کە ئەو شێوازە لەو سەردەم و قۆناغەدا (قۆناغی ناوەڕاست) هەبوە؟ پێم وایە ناوبراو ناتوانێت نمونە و بەڵگەی لە نوسراوی قۆناغی ناوەڕاست بۆ بهێنێتەوە.
ڕه‌نگه بوترێت ئه‌م گۆڕانكاریه له گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م شیعره‌دا ڕوی داوه و ده‌قه ئه‌سڵیه‌كه‌ی نه‌ماوه و به‌م شێوه سواوه گێڕراوه‌ته‌وه.
به‌ڵام (ده‌قی ئه‌سڵی) لێره‌دا بونی نیه هه‌تا بۆی بگه‌ڕێینه‌وه و دڵنیا بین كامه بنه‌ڕه‌تیه و دواتر سواوه. جگه له‌وه‌ش له كێش و سه‌روای شیعره‌كه‌وه دیاره كه مه‌به‌ستی "شاره‌زور" ه نه‌ك بڵێت "شه‌هرزور" |شه‌هر[ی؟] زور|، چونكه نیوه‌دێڕی دوه‌م به وشه‌ی "خاپور" كۆتایی دێت، لێره‌وه دیاره هه‌ماهه‌نگیی ئاوازیی ناوی "شاره‌زور" و وشه‌ی "خاپور" مه‌به‌ست بوه.
خۆ ئه‌گه‌ری هه‌یه ئه‌م بزوێنه كورته ئاسانكردنێكی گه‌یاندنی "شار" بێ به "زور"، یان بەو شێوەیە بێت کە تەوفیق وەهبی ڕاڤەی کردوە. به‌ڵام ئه‌مانه ئه‌گه‌ری لاوازن به‌لای منه‌وه. ئه‌و ئه‌گه‌ره به به‌هێزتر ده‌زانم كه باسم كرد، چونكه ده‌زانین زمانی به‌ڕێوه‌بردنی عه‌ره‌بیی چه‌ندان سه‌ده كاریگه‌ریی هه‌بوه له‌سه‌ر ناوی شاره‌كان و ناوچه‌كان. و پێم وایه "شار[ه]زور" یش نمونه‌یه‌كی ئه‌م كاریگه‌ریه‌یه. به‌تایبه‌تی كه كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تیی ئیسلامیی به‌بنه‌ڕه‌ت شاره‌زوری هه‌بون كه ناویان ڕۆشتوه و به نازناوی (شه‌هره‌زوری) ناودارن و ئه‌م نازناوه‌ش دیسان كاریگه‌ریی خۆی هه‌بوه. وه‌كو چۆن كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تیی ئیسلامیی به‌بنه‌ڕه‌ت به‌رزنجه‌یی نازناویان به شێوه عه‌ره‌بیه‌كه‌ی به شێوه‌ی "البرزنجي" |ئه‌ل‌به‌ڕزینجیی| ڕۆشتوه، بۆیه له‌و كاته‌وه له كوردییشدا له‌بریی "به‌رزنجه‌یی" ـ كه به‌پێی ڕێسای زمانی كوردی ده‌بێت وا بێت ـ ده‌وترێت "به‌رزنجی"! له كاتێكدا "به‌رزنجی" وه‌كو ئه‌وه وایه بوترێت "هه‌ڵه‌بجی" له‌بریی "هه‌ڵه‌بجه‌یی"!
به‌كورتی: شێوه‌ی ناوی شاره‌زور له ده‌قه‌كه‌دا ئاماژه ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ده‌قێكی تازه‌یه و زۆر دوای هاتنی ئیسلام ساز كراوه، نه‌ك بگه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌مێك كه هێشتا گوایه زمانی كوردی لە قۆناغی ناوەڕاستیدایەتی و نه‌كه‌وتوه‌ته به‌ر كاریگه‌ریی عه‌ره‌بی.
* له هه‌موی خۆشتر له‌م هۆنراوه ساخته‌یه‌دا؛ وشه‌ی "هه‌تا" یه، كه ڕون دیاره له "حتی" |حه‌تتا| ی عه‌ره‌بیه‌وه هاتوه. بێ گومان له‌و سه‌رده‌مه‌دا كه به نوسینی په‌هله‌وی ده‌نوسرا له ده‌می هاتنی ئیسلامدا؛ وشه‌ی "هه‌تا" به‌كار نه‌هاتوه. بۆیه ئه‌و كه‌سه‌ی ئه‌م هۆنراوه‌یه‌ی ساخته كردوه؛ نه‌زان بوه له بواری زمان و زمانه ئێرانیه‌كاندا. هه‌رچه‌ند "تا" و "دا" له په‌هله‌ویدا به واتای "هه‌تا" هه‌یه، كه له كوردییشدا "تا" و "هه‌تا" به‌كار دێت، و له شیعری كلاسیكی كوردییشدا به شێوه‌ی "دا" هاتوه (بۆ نمونه: لای مه‌حوی: "ده‌بێ وه‌قتێ له 'بوالوقت'ـێ بخوازم دا تیا بمرم"). به‌ڵام ئه‌مه مانای ئه‌وه نیه كه "هه‌تا" له "تا" وه هاتبێت. به‌ڵكو به‌ڕونی دیاره كه "هه‌تا" له "حتی" ی عه‌ره‌بیه‌وه هاتوه. ئه‌گه‌ر وا نیه؛ بۆچی له فارسی‌دا "حتی" |حه‌تتا| به‌كار ده‌هێنن كه شێوه‌ی ڕێنوسه عه‌ره‌بیه‌كه‌یشی پاراستوه؟! له فارسی‌دا هه‌مان "تا" ی كوردییش هه‌یه، به‌ڵام بۆچی نه‌یانكردوه به "هتا" و له‌بریی ئه‌مه "حتی" ی عه‌ره‌بی به‌كار ده‌هێنن؟ ئه‌ی "حتی" ی عه‌ره‌بی له چیه‌وه هاتوه؟ نهێنیی ئه‌م لێكچونه ته‌واوه چیه له‌نێوان "حه‌تتا" ی عه‌ره‌بی و "هه‌تا" ی كوردی؟ خۆ ناتوانین "حتی" كه وشه‌یه‌كی عه‌ره‌بیی كۆنه ببه‌ینه‌وه سه‌ر "هه‌تا" یه‌ك كه به‌ڵگه‌مان نیه له سه‌رده‌می زمانی په‌هله‌ویدا هه‌بوبێت؟ سه‌رچاوه ئێتیمۆلۆجیاییه‌كانیش ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن وشه‌ی "حَتَّی" ی عه‌ره‌بی ڕه‌سه‌ن و كۆنینه‌یه له عه‌ره‌بیدا (و ڕەنگه هاوڕیشە بێت لەگەڵ עַד |عەد| ی عیبری و ئاڕامی و ܥܰܕ݂ |عەد| ی سوریانی، کە بە هەمان واتان)، و "حتی" ی فارسی له‌وه‌وه وه‌رگیراوه، كه ئه‌مه "هه‌تا" ی كوردییش ده‌گرێته‌وه. كه‌واته ئه‌مه‌ش وشه‌یه‌كی نوێی تره له ده‌قه‌كه‌دا.
به شێوه‌یه‌كی گشتییش ده‌توانین بڵێین: زمانی ئه‌م هۆنراوه‌یه هه‌ر شێوه‌یه‌كی نوێی شێوه‌زاری گۆرانی (هه‌ورامی) ـه، له‌گه‌ڵ لاساییكردنه‌وه‌ی ناشیانه‌ی هه‌ندێك شێوه‌ی كۆنی وشه‌كان و هه‌ندێك وشه‌ی سه‌یر و شێوه‌كۆن هه‌تا له ده‌قێكی كۆن بچێت.
جگه له‌م دیارده زمانیانه‌ش، ده‌كرێت ئاماژه بۆ ئه‌وه بكه‌ین كه ئه‌م هۆنراوه سه‌روا "قافیة" ی هه‌یه، كه ئه‌مه‌ش بۆ سه‌رده‌می هاتنی ئیسلام له شیعری ئێرانی‌دا نه‌بوه، یان ده‌گمه‌ن بوه، به شێوه‌یه‌ك ئه‌گه‌ری بونی هۆنراوه‌یه‌كی سه‌رواداری وه‌كو ئه‌م هۆنراوه‌یه له‌و سه‌رده‌مه‌دا زۆر كه‌مه. به‌ڵكو ده‌توانین بڵێین شێوه‌ی داڕشتنی زمانی هۆنراوه‌كه و كێشه‌كه‌یشی؛ له داڕشتن و كێشی شیعره هه‌ورامیه‌كانی وه‌كو ئه‌وانه‌ی (مه‌وله‌وی) واته (مه‌عدوم) ده‌چێت!
له كۆتاییدا ده‌گه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی ئه‌م هۆنراوه‌یه له هه‌مو لایه‌نێكه‌وه نیشانه‌ی ساخته‌یی پێوه دیاره، و ناگونجێت به دۆكیومێنتێكی سه‌رده‌می داگیركاریی ئیسلامی دابنرێت. كه بێ گومان مه‌به‌سته‌كه‌ش ئه‌وه نیه كه ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی و ئه‌وه‌ی پارچه هۆنراوه‌كه ده‌یڵێت؛ هه‌ڵه‌یه و شتی وا ڕوی نه‌داوه، نه‌خێر! ئه‌وه‌ی ده‌یڵێت ڕاسته و سوپای ئیسلامی له‌وه زیاتریشی كردوه، و ده‌قی تریشمان بۆ ماوه‌ته‌وه (به زمانی په‌هله‌وی) كه باسی شه‌پۆلی داگیركاریی ئیسلامی ده‌كات، وه‌كو په‌ره‌گرافێك له كتێبی (دینكه‌رد) ی زه‌رده‌شتی، كه له ده‌رفه‌تێكی تردا وه‌رگێڕان و ڕاڤه‌ی بۆ ده‌كه‌ین.
٢. ساخته‌كردنی كه‌له‌پوری واقیدی
دیارترین كتێبی به ناوی (المغازي) ـه كه ته‌رخان كراوه بۆ گێڕانه‌وه‌ی هه‌واڵی غه‌زاكانی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام كه ئه‌م بابه‌ته ناوكی یه‌كه‌می ئه‌ده‌بیاتی ژیاننامه (سيرة) ی موحه‌ممه‌ده. كۆمه‌ڵێكی زۆری تریش نوسراوی هه‌بوه كه زۆربه‌یان تایبه‌تن به مێژوی ئیسلامیه‌وه. ئێمه لێره‌دا بایه‌خ ده‌ده‌ین به‌و نوسراوانه‌ی كه واقیدی نوسیونی یان دراونه‌ته پاڵی و تایبه‌تن به مێژوی داگیركاری (فتوحات) ی ئیسلامی.
ئه‌م كتێب و نوسراوانه چاپ كراون به ناوی (واقیدی) ـه‌وه:
١. (فتوح الشام). ناودارترین كتێبی مێژوی (فتوحات) ـه كه درابێته پاڵ واقیدی. زۆر چاپ كراوه. كۆنترین چاپی له (كه‌لكه‌ته) ی هیندستانه له كۆمپانیای هیندستانی خۆرهه‌ڵات، ساڵی ١٨٤٤، له سێ به‌رگدا، به ساخكردنه‌وه و بایه‌خی خۆرهه‌ڵاتناسی ئیرلاندی (ولیام ناسۆ لیس) William Nassau Lees (١٨٢٤ ـ ١٨٨٩)، له‌گه‌ڵ لێكۆڵینه‌وه و په‌راوێزی ئینگلیزی. دوای ئه‌وه له چاپخانه‌ی (الكاستلية) له قاهیره، ساڵی ١٨٦٤. ئینجا له چاپخانه‌ی (محمد شاهین) هه‌ر له قاهیره، ساڵی ١٨٧٨. دوای ئه‌وه له بومبای ـ هیندستان، له چاپخانه‌ی (صفدي)، له دو به‌رگدا، به بایه‌خ و هه‌ڵه‌بڕیی مه‌لا (نور ا‌لدین كوڕی جیواخان). ئینجا جارێكی تر له (قاهیره) له چاپخانه‌ی (عثمان عبد الرزاق) چاپ كرایه‌وه، ساڵی ١٨٨٤ له دو به‌رگدا. هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌ركی ناوبراو له چاپخانه‌ی (العثمانية) ساڵی ١٨٨٦ و هه‌ر له دو به‌رگدا چاپ كرایه‌وه. دواتر هه‌ر له چاپخانه‌ی (الميمنية) ی قاهیره چاپ كرایه‌وه. ساڵی ١٨٩٤ یش چاپخانه‌ی (بولاق) ی قاهیره چاپی كرده‌وه. له سه‌ده‌ی بیستیشدا، چاپخانه‌ی (المليجية) ی قاهیره ساڵی ١٩١٢ چاپی كرده‌وه، و ساڵی ١٩٢٨ یش له چاپخانه‌ی (عبدالسلام شقرون) هه‌ر له قاهیره چاپ كرایه‌وه. جارێكی تریش له چاپخانه‌ی (العثمانية) ی قاهیره ساڵی ١٩٣٤ چاپ كرایه‌وه. دواتر له به‌یروت (المكتبة الأهلية) چاپێكی تری بڵاو كرده‌وه، به بایه‌خی (عمر أبو النصر)، ساڵی ١٩٦٦. دوای ئه‌مه‌ش (دار إحياء التراث العربي) له به‌یروت چاپێكی تری كرد. ئێسته‌ش چاپه نوێیه‌كه‌ی (دار الجیل) له‌به‌ر ده‌سته، ساڵی ١٩٩٢. زۆربه‌ی چاپه‌كانی له دو به‌رگدا بون.
٢. (فتوح أفریقیا). ساڵی ١٨٩٧ (عبد الرحمن الصنديلي) له چاپخانه‌ی (العمومية) ی تونس چاپی كرد. له دو به‌رگدا. هه‌ر له تونس جارێكی تر له چاپخانه‌ی (المنار) ساڵی ١٩٦٦ چاپ كرایه‌وه.
٣. (فتوح مصر). له لایدن ـ هۆڵاندا، ساڵی ١٨٢٤ چاپ كرا، به كۆششی Henricus Arentius Hamaker.
٤. (فتح منف والإسكندرية). له لایدن ساڵی ١٨٢٤ چاپ كرا.
٤. (فتوح البهنسا)، كه ده‌رباره‌ی داگیركردنی (به‌هنه‌سا) یه كه شارێك بوه له ناوه‌ڕاستی میسر و ئێسته شوێنه‌واره‌كانی ده‌كه‌ونه پارێزگای (المنیا) له میسر. له چاپخانه‌ی (بولاق) ی قاهیره چه‌ند چاپێك كراوه، ساڵانی ١٨٦١، ١٨٦٣، ١٨٨٧، ١٨٩٣. به ناوی (فتوح البهنسا الغراء وما وقع فيها من عجائب الأخبار وغرائب الأنباء على أيدي الصحابة والشهداء وأكبار السادة من ذوي الآراء) یشه‌وه چاپ كراوه. ئه‌م كتێبه ده‌درێته پاڵ سێ كه‌س كه یه‌ك له‌وانه واقیدیه. مه‌لا (ڕه‌وف سه‌لیم حه‌وێزی) وه‌رگێڕانێكی كوردیی بۆ ئه‌م كتێبه كردوه كه هێشتا چاپ نه‌كراوه.
٦. (الرِّدَّة، مع نبذة من فتوح العراق، وذكر المثنى بن حارثة الشيباني). به‌م ناوه و له گێڕانه‌وه‌ی (أحمد بن محمد بن أعثم الكوفي)، و به ساخكردنه‌وه‌ی (يحيى الجبوري)، خانه‌ی (دار الغرب الإسلامي) چاپی یه‌كه‌می ساڵی ١٩٩٠ بڵاو كردوه‌ته‌وه.
٧. (فتوح العراق والعجم). له هیندستان دو جار چاپ كراوه: ساڵی ١٨٧٠ و ١٨٧٩.
٨. (فتوح الإسلام لبلاد العجم وخراسان). ساڵی ١٨٩١ له چاپخانه‌ی (المحروسة) ی قاهیره چاپ كراوه. له‌م دواییانه‌شدا له به‌شی (الهیات ومعارف اسلامى) ی زانكۆی تاران خوێندكارێك به ناوی (على بیات) ساخكردنه‌وه و وه‌رگێڕانی فارسیی بۆ كردوه له‌گه‌ڵ لێكۆڵینه‌وه‌دا له‌سه‌ر دانه‌ر و سه‌رچاوه‌كانی له‌و نوسراوه‌دا، به ناوی (ترجمه كتاب: فتوح الإسلام لبلاد العجم وخراسان، منسوب به واقدى، و تحقيق در باب مؤلف و منابع آن)، ساڵی (١٣٦٨ ك. هـ.).
٩. (فتوح الجزيرة والخابور ودياربكر). یه‌كه‌م جار ساڵی ١٨٢٧ له گوتینگن Göttingen ـ ئاڵه‌مانیا، چاپ كرا، به كۆششی (ئیڤالد) Ewald، جاری دوه‌میش ساڵی ١٨٤٧ له هه‌مبورك Hamburg ـ ئاڵه‌مانیا، به كۆششی (نیبوه)Niebuhr ، چاپ كرا. ساڵی ٢٠٠٦ یش به ناوی (تاريخ فتوح الجزيرة و الخابور و ديار بكر و العراق) و به ساخكردنه‌وه‌ی (عبد العزيز فياض حرفوش) خانه‌ی (دار البشائر) له به‌یروت بڵاوی كرده‌وه. هه‌روه‌ها (بسام الخراشي) یش ساخكردنه‌وه‌ی بۆ كردوه له نامه‌یه‌كی ماسته‌ردا كه پێشكه‌شی به‌شی مێژوی (زانكۆی شا سه‌عود) له (ریاض) كراوه، بۆ ساڵی خوێندنی (١٤١١ ك.)(٣).
له‌م كتێبانه‌دا كه به ناوی (واقیدی) ـه‌وه چاپ كراون و ده‌ستنوسیان له كتێبخانه‌كانی جیهاندا هه‌یه؛ ئه‌وه‌ی كه بۆ مێژوی داگیركاری (فتوحات) ی ئیسلامی له كوردستاندا گرنگه؛ ته‌نها ئه‌و سێ كتێبه‌ی دوایین: (فتوح العراق والعجم) كه ڕه‌نگه تیشكێك بخاته سه‌ر داگیركردنی كوردستانی باشور و ناوه‌ندی، و (فتوح الإسلام لبلاد العجم وخراسان) كه ڕه‌نگه تیشكێك باوێته سه‌ر داگیركردنی خۆرهه‌ڵاتی كوردستان، و (فتوح الجزيرة والخابور ودياربكر) كه تیشك ده‌خاته سه‌ر داگیركردنی باكور و خۆرئاوای كوردستان.
به‌ڵام ئایا ده‌سه‌لمێت ئه‌م نوسراوانه نوسراو و دانراوی واقیدی خۆی بن؟
له پێڕسته‌كانی كتێب و نوسراوه‌كانی كه‌له‌پوری ئیسلامیه‌وه، وه‌كو كتێبی (الفهرست) ی (ابن الندیم)(٤) و (كشف الظنون) ی (حاجی خه‌لیفه) و ئه‌وانی تره‌وه ده‌زانین كه واقیدی له كاتی خۆیدا نوسراوگه‌لێكی به ناوی وه‌كو (فتوح الشام) و (فتوح العراق) و (فتوح العجم) ـه‌وه هه‌بوه، كه وا دیاره تا ماوه‌یه‌كیش له‌به‌ر ده‌ست بون. به‌ڵام دیاره فه‌وتاون و ته‌نها ناوه‌كانیان ماوه، كه ئه‌مه بواری ڕه‌خساندوه بۆ ئه‌وه‌ی شتی تر بنوسرێت و به‌و ناوانه‌وه بڵاو بكرێنه‌وه و بدرێنه پاڵ واقیدی.
له‌م باره‌یه‌وه خۆرهه‌ڵاتناسی ئاڵه‌مانی (كارڵ برۆكلمان) Carl Brockelmann (١٨٦٨ ـ ١٩٤٦) له (مێژوی ئه‌ده‌بیاتی عه‌ره‌بی) Geschichte der arabischen Litteratur دا ده‌ڵێت: هه‌رچه‌ند لای (ئه‌بو ته‌ممام) له (دیوان) ـه‌كه‌یدا و لای (ئه‌بو هیلالی عه‌سكه‌ری) و (غانیمی) ئاماژه بۆ نوسراوگه‌لی واقیدی سه‌باره‌ت به (فتوحات) هاتوه، به‌ڵام گه‌لێك كتێب له‌و باره‌یه‌وه نوسراون و دراونه‌ته پاڵ واقیدی، و له ڕۆژگاری جه‌نگه خاچیه‌كاندا زۆر بڵاو و به‌بره‌و بون، بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی وره‌ی جه‌نگاوه‌ره موسوڵمانه‌كان و هه‌ڵنانیان بۆ به‌رگری و نواندنی ئازایی له ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌دا(٥).
ئه‌گه‌ر باسی دیارترین و بڵاوترین و ـ ڕه‌نگه ـ كۆنترینی ئه‌و كتێبانه بكه‌ین، كه مه‌به‌ستم كتێبی (فتوح الشام) ـه؛ ده‌بینین(٦) پڕه له‌و ورده‌كاری و زیادانه‌ی كه زیاده‌ڕه‌وی و شتی خه‌یاڵییان تێدایه و شێوازی وتار و قسه‌ی سه‌روادار (مسجوع) ده‌خاته سه‌ر زمانی پاڵه‌وانانی ڕوداوه‌كان كه ئه‌وان له كاتی خۆیاندا به‌و شێوازه وتاریان نه‌داوه. ئه‌م سروشتیه خه‌یاڵیه‌ی كه چیرۆكه‌كانی هه‌یه و ئه‌و زمانه‌ی كه ڕون دیاره زمانی داڕشتنی سه‌رده‌مانی دواییه؛ گومانی جیددی له به‌ها و كۆنینه‌یی كتێبه‌كه دروست ده‌كه‌ن.
ئه‌و خۆرهه‌ڵاتناسه‌ی چاپه‌كه‌ی (كه‌لكه‌ته) ی كتێبی (فتوح الشام) ی ساخ كردوه‌ته‌وه؛ پشتی به دو ده‌ستنوس به‌ستوه (ده‌ستنوسه‌كه‌ی دیمه‌شق، و ده‌ستنوسه‌كه‌ی كانپور)، كه خۆی باسی ئه‌وه‌ی كردوه ئه‌و دو ده‌ستنوسه چه‌نده ناته‌واوییان تێدایه و چه‌نده‌ش له‌گه‌ڵ یه‌ك نه‌گونجاو و جیاوازن، و جاری وا هه‌یه په‌ره‌گرافی گه‌وره له یه‌كێكیاندا هه‌یه و له‌وی تردا ونه! له لایه‌كی تریشه‌وه ئه‌و چاپه كۆنه‌ی كه‌لكه‌ته و ئه‌و چاپه نوێیه‌ی (دار الجیل) كه ئێسته له‌به‌ر ده‌سته جیاوازییان زۆره و له چاپه‌كه‌ی كه‌لكه‌ته‌دا چه‌ند په‌ره‌گرافێك هه‌ن كه له چاپه‌كه‌ی (دار الجیل) دا نین.
كتێبی (فتوح الشام) به زمانێكی ده‌مارگیرانه و ڕقاویانه و ئیستیفزازی نوسراوه له‌دژی مه‌سیحیه‌كان. بۆ نمونه: زۆر باسی ئه‌وه ده‌كات كه گوایه ڕۆم (=بیزه‌نتی) ـه‌كان خاچه‌كانیان به‌رز ده‌كه‌نه‌وه به ئومێدی سه‌ركه‌وتن له جه‌نگدا به‌ڵام ئه‌و خاچانه ده‌كه‌ونه سه‌ر زه‌وی و موسوڵمانه‌كان تێكیان ده‌شكێنن! گوایه ئه‌مه له داگیركردنی شامدا ڕوی داوه كاتی خۆی. هه‌روه‌ها زۆر باسی ئه‌وه ده‌كات كه قه‌شه‌كان له جه‌نگدا په‌نا ده‌گرن به مه‌سیح و دایكی و به‌ڵام ئه‌مه هیچ سودی پێ نه‌گه‌یاندون له‌به‌رامبه‌ری موسوڵمانه‌كاندا. ئیتر به‌م شێوه‌یه ئه‌م كتێبه پڕه له باسی ئه‌م جۆره (ته‌حه‌ددی) ـانه، به شێوه‌یه‌ك له هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كی تردا شتی وا نابینرێت. لێره‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت، وه‌كو برۆكیلمانیش ئاماژه‌ی بۆ كردوه، كه ئه‌م كتێبه بۆ هه‌ڵنانی جه‌نگاوه‌ری موسوڵمانی سه‌رده‌می جه‌نگه خاچیه‌كان نوسراوه بۆ ئه‌وه‌ی له به‌رامبه‌ری جه‌نگاوه‌ره مه‌سیحیه خاچیه‌كاندا ئازا و وره‌به‌رز بێت. بۆیه ڕه‌نگه ساخته‌كردنی ئه‌م كتێبه بگه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می جه‌نگه خاچیه‌كان.
ئینجا ئه‌م كتێبه زانیاریی وای تێدایه له‌سه‌ر هه‌ندێك له كه‌سایه‌تیه ئیسلامیه كۆنه‌كان و ڕۆڵیان له هه‌ڵمه‌تی (فتوحات) ی ئیسلامی‌دا، كه پێچه‌وانه‌ی زانیاریی هه‌مو سه‌رچاوه‌كانی تر و به‌ڵكو پێچه‌وانه‌ی ئه‌و زانیاریه‌ن كه له ڕێگه‌ی تره‌وه له خودی واقیدیه‌وه پێمان گه‌یشتوه.
بۆ نمونه: ئه‌م كتێبه‌ی (فتوح الشام)، زۆر به‌خه‌ستی باسی پاڵه‌وانێتیی ئه‌فسانه‌یی صه‌حابییه‌ك ده‌كات به ناوی (ضيراری كوڕی ئه‌زوه‌ر) (ضرار بن الأزور) له هه‌مو جه‌نگه‌كانی داگیركردنی شامدا، به‌ڵكو له جه‌نگه‌كانی قادیسییه و داگیركردنی (جزیره) و (میسر) یشدا! له كاتێكدا زۆربه‌ی سه‌رچاوه‌كانی تر ده‌ڵێن: (ضيراری كوڕی ئه‌زوه‌ر) له جه‌نگی (یه‌مامه) ی دژ به (موسه‌یلیمه) دا به‌شداریی كردوه و بریندار بوه و مردوه، هه‌مو سه‌رچاوه‌كان هه‌ر به‌م شێوه‌یه له خودی واقیدیه‌وه ده‌یگێڕنه‌وه! بۆ نمونه: (ئیبن سه‌عد) كه قوتابیی (واقیدی) و هه‌ر به (نوسه‌ره‌كه‌ی واقیدی) (كاتب الواقدي) ناوداره، له كتێبی (الطبقات) ی خۆیدا له باسی (ضيرار) ی ناوبراودا ده‌ڵێت: "عه‌بدوڵڵای كوڕی جه‌عفه‌ر وتویه‌تی: ضيراری كوڕی ئه‌زوه‌ر به برینداری له یه‌مامه مایه‌وه، یه‌ك ڕۆژ پێش ئه‌وه‌ی خالید ئه‌وێ به‌جێ بهێڵێت، ئیتر ضيرار مرد"، ئینجا ئیبن سه‌عد ده‌ڵێت: "واقیدی وتی: ئه‌مه لای ئێمه له هه‌مو زانیاریه‌كانی تر چه‌سپاوتره"(٧). هه‌روه‌ها (به‌لاذوری) له (فتوح البلدان) دا له واقیدیه‌وه ده‌گێڕێته‌وه كه وتویه‌تی: "لای هاوڕێیانمان یه‌كده‌نگی هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ضيرار له یه‌مامه كوژراوه"(٨). هه‌روه‌ها (ابن عبد البرّ) له (الاستیعاب) دا له واقیدیه‌وه ده‌گێڕێته‌وه كه وتویه‌تی: "ضيرار له یه‌مامه‌دا زۆر به‌خه‌ستی جه‌نگاوه هه‌تا هه‌ردو لاقی ده‌بڕێت و ئیتر له‌سه‌ر ئه‌ژنۆ ده‌ڕوات و هه‌ر ده‌جه‌نگێت و ده‌كه‌وێته به‌ر ده‌ست و پێی وڵاخه‌كان، هه‌تا كرد، وتراویشه: ضيرار له یه‌مامه به برینداری مایه‌وه هه‌تا یه‌ك ڕۆژ پێش ئه‌وه‌ی خالید یه‌مامه به‌جێ بهێڵێت مرد. واقیدی وتی: ئه‌مه لای من له‌وه‌ی تر چه‌سپاوتره"(٩). هه‌روه‌ها (ابن الأثير) له (أسد الغابة) دا ده‌گێڕێته‌وه كه: "ضيرار ئاماده‌ی جه‌نگ له‌به‌رامبه‌ری موسه‌یلیمه له یه‌مامه بوه و زۆر باش جه‌نگاوه، هه‌تا هه‌ردو لاقی ده‌بڕێت، ئیتر له‌سه‌ر ئه‌ژنۆكانی ده‌ڕوات و هه‌ر شه‌ڕ ده‌كات و ده‌كه‌وێته ژێر په‌لی وڵاخه‌كانه‌وه هه‌تا ده‌مرێت. ئه‌مه واقیدی وتویه‌تی"(١٠). به هه‌مان شێوه ئیبن حه‌جه‌ری عه‌سقه‌لانی له (الإصابة) دا ده‌رباره‌ی (ضيرار) ده‌ڵێت: "بیروڕای ناكۆك هه‌بوه ده‌رباره‌ی مردنی، جا له‌م باره‌یه‌وه واقیدی وتویه‌تی: له یه‌مامه شه‌هید بوه"(١١).
ئه‌م هه‌مو سه‌رچاوه‌یه له خودی واقیدیه‌وه ده‌گێڕنه‌وه كه بیروڕای واقیدی خۆی ئه‌وه بوه ضيرار هه‌ر له یه‌مامه مردوه، به‌ڵام ئه‌م كتێبه (فتوح الشام) ئه‌و هه‌مو فتوحاته‌ی دوایی ده‌داته پاڵ ضيرار! هه‌ر ئه‌مه نیشانه‌ی ساخته‌یی ئه‌م كتێبه‌یه و ده‌یسه‌لمێنێت كه ناكرێت نوسراوی واقیدی بێت.
سه‌باره‌ت به كتێبه‌كانی تریش، وه‌كو (فتوح العراق والعجم) و (فتوح الإسلام لبلاد العجم وخراسان) و (فتوح الجزيرة) و (فتوح مصر).. كه دراونه‌ته پاڵ واقیدی؛ پێم وایه پێشه‌نگ و سه‌رچاوه‌یان هه‌ر هه‌مان كتێبی (فتوح الشام) ـه. كه له پێڕستی ئه‌م كتێبه ورد ده‌بینه‌وه؛ ده‌بینین له چه‌ند باسێكی كورتدا هه‌مو ئه‌و ناونیشانانه‌ی تێدایه كه دواتر وه‌كو كتێبیش ده‌رده‌كه‌ون و لێره‌وله‌وێ ده‌ستنوسیان ده‌رده‌كه‌وێت و به چاپ ده‌گه‌ن. بۆ نمونه: له‌و ناونیشانانه‌ی له‌م كتێبه‌دا ده‌یانبینینه‌وه: (فتوح مصر)، (فتوح الإسكندرية)، (فتح دیاربكر) و شاره‌كانی (جزيرة)، (فتوح العراق)، (فتوح العجم والعراق)، (فتوح البهنسا). ئه‌مانه‌ش هه‌مان ئه‌و ناونیشانانه‌ن دواتر وه‌كو كتێبیش ده‌یانبینینه‌وه. بۆیه من گومانم بۆ ئه‌وه ده‌چێت ئه‌و كتێبانه‌ی دواتر، وه‌كو (فتوح مصر) و (فتوح العراق والعجم) و (فتوح الجزيرة) و (فتوح البهنسا)، به فراوانكردن و ڕازاندنه‌وه به ورده‌كاریی خه‌یاڵی و ده‌ستكرد له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و باسانه‌ی ناو به‌رگی دوه‌می (فتوح الشام) داڕێژرابێتن. واته ـ به‌م شێوه‌یه ـ كتێبی (فتوح الشام) نه‌وه‌ی یه‌كه‌می ساخته‌كردنی كه‌له‌پوری واقیدیه، ئه‌و كتێبانه‌ی تریش نه‌وه‌ی دوه‌می هه‌مان ساخته‌كارین. هه‌رچه‌ند ئه‌گه‌ریشی هه‌یه ئه‌م به‌رگی دوه‌مه‌ی (فتوح الشام) كۆكراوه و كورتكراوه‌ی ئه‌و چه‌ند كتێبه‌ی تر بێت. پشكنینی زیاتر و به‌راورد و ڕه‌خنه‌سازیی ناوه‌كی و لێكۆڵینه‌وه‌ی مێژوی ده‌ستنوسه‌كان یه‌كێك له‌و دو ئه‌گه‌ره ده‌سه‌لمێنێت. دواتر دێمه سه‌ر باسی ساخته‌كارییه‌كی تر، كه پێم وایه ئه‌میان نه‌وه‌ی سێیه‌می ساخته‌كردنی كه‌له‌پوری واقیدیه، ئه‌ویش كتێبی (فتح سواد العراق) ـه.
نەوەی سێیەمی ساخته‌كاریی کەلەپوری واقیدی
٣. كتێبی ساخته‌ی "فتوح سواد العراق"
٣. كتێبی ساخته‌ی "فتوح سواد العراق"
جا كتێبێكی تر كه دراوه‌ته پاڵ واقیدی گوایه نوسراوی ئه‌وه؛ نوسراوێكه به ناوی "فتوح سواد العراق"، كه گوایه واقیدی له‌و كتێبه‌دا داگیركردنی به‌شێك له كوردستانی ناوه‌ند (هه‌ولێر و هه‌رمۆته ـ دوقمان ـ شیده‌ر و سوسانی و شه‌هبار ـ شاره‌زور و قه‌ره‌جلون ـ ڕه‌به‌ت و قه‌یره‌وان ـ ئازه‌ربه‌یجان و سابڵاخ ـ ورمێ ـ بانه) له لایه‌ن سوپای ئیسلامه‌وه به سه‌ركردایه‌تیی ژماره‌یه‌ك له هاوه‌ڵانی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام ده‌گێڕێته‌وه، به ورده‌كاریی زۆره‌وه ده‌رباره‌ی ئاوه‌دانیه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه و ڕوداوه‌كانی ئه‌و هه‌ڵمه‌تانه‌ی سوپا ئیسلامیه‌كان. واته بابه‌ته‌كه‌ی مێژوی داگیركردنی كوردستان یان به‌شێك له كوردستانه، كه‌چی ناونیشانه‌كه‌ی (فتوح سواد العراق) ئاماژه بۆ داگیركردنی باشوری عێراق ده‌كات! ئه‌مه‌ش یانی هه‌ر له ناونیشانه‌وه هه‌ڵه له‌م كتێبه ده‌رده‌كه‌وێت! با بزانین له بنچینه و ناوه‌ڕۆكه‌كه‌یدا چی هه‌یه؟!
ده‌ستنوس و چاپه‌كانی
ئه‌م كتێبه له بنه‌ڕه‌تدا ده‌ستوسێكی عه‌ره‌بی بوه له‌لای مامۆستا و قازی (موحه‌ممه‌د ڕه‌ئوفی ته‌وه‌ككولی) ی بانه‌یی، به‌ڵام ئه‌مه تا ئێستا نه‌كه‌وتوه‌ته به‌ر ده‌ستی هیچ نوسه‌ر و مێژونوسێك و له هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كی پێڕستی كتێب و بیبلیۆگرافیایه‌كدا نیه. به‌ڵام ناوبراو ده‌ستنوسه‌كه‌ی خستوه‌ته به‌ر ده‌ستی مه‌لا (عه‌بدولعه‌زیزی واعیزی) ی سه‌رده‌شتی هه‌تا له‌به‌ری بگرێته‌وه و وه‌ریبگێڕێت بۆ فارسی. وه‌رگێڕانه فارسیه‌كه سێ ده‌ستنوسی هه‌یه:
١. ده‌ستنوسێك لای (موحه‌ممه‌د ڕه‌ئوفی ته‌وه‌ككولی) كه مه‌لا (عه‌بدولعه‌زیزی واعیزی) ساڵی (١٣٤٤ ك. هـ.) له‌سه‌ر تكای ئه‌و به‌رهه‌می هێناوه به وه‌رگێڕانی ده‌قه عه‌ره‌بیه‌كه بۆ فارسی.
٢. ده‌ستنوسێكی لای مه‌لا (عه‌بدولعه‌زیزی واعیزی) كه ساڵی (١٣٤٦ ك. هـ.) له‌به‌ر نوسخه‌كه‌ی یه‌كه‌م بۆ خۆیی گرتوه‌ته‌وه.
٣. ده‌ستنوسی مه‌لا (عه‌بدولباقی) ـ كوڕه گه‌وره‌ی مه‌لا واعیزی ـ كه له‌به‌ر نوسخه‌كه‌ی باوكی‌دا بۆ خۆیی گرتوه‌ته‌وه.
ئه‌م وه‌رگێڕانه فارسیه‌ی مه‌لا عه‌بدولعه‌زیزی واعیزی، بۆ یه‌كه‌م جار له زنجیره‌یه‌كی تایبه‌ت به كۆبه‌رهه‌می مه‌لا واعیزیی ناوبراو (مجموعه آثار واعظى)، به پێشه‌كی و ساخكردنه‌وه و په‌راوێزی (نادر كریمیان)، ساڵی (١٣٧٤ ك. هـ.)، له چاپ دراوه (به قه‌باره‌ی ٣٨١ لاپه‌ڕه)، به ناوی (فتوح سواد العراق ـ نخستین تاریخ فتوحات اسلامی در كردستان ـ، به روایت محمد بن عمر واقدی). په‌راوێزه‌كانی (نادر كریمیان) په‌راوێزی ساخكردنه‌وه‌ی زۆر به‌نرخن. ئه‌م چاپه له‌م به‌شانه پێك دێت: به‌شی یه‌كه‌م: پێشه‌كیی ساخكه‌ره‌وه‌یه كه باسی ژیانی وه‌رگێڕ (واعیزی) و دانه‌ر (واقیدی) و نوسراوه‌كانی، و وه‌رگێڕانه‌كانی ئه‌م كتێبه. به‌شی دوه‌م: پێشه‌كیی وه‌رگێڕ، ده‌قی كتێبه‌كه: چۆنیه‌تیی هاتنی سوپای ئیسلام بۆ ناوچه كوردنشینه‌كان، و باسی گرتنی ئه‌و ناوچانه و پاشا‌كان و فه‌رمانڕه‌واكانی ئه‌و ناوچه، و باسی گرتنی ئازه‌ربه‌یجان و ورمێ. به‌شی سێیه‌م: په‌راوێزه‌كان، و سه‌رچاوه‌كان و پێڕستی ناوه‌كان.
وه‌رگێڕانی كوردی: مه‌لا (ڕه‌ئوف سه‌لیم حه‌وێزی) ی كۆیی، ئه‌و كتێبه‌ی وه‌رگێڕاوه بۆ كوردی، كه دیاره له وه‌رگێڕانه فارسیه‌كه‌ی مه‌لا واعیزیه‌وه كردویه‌تی به ده‌ستكاریه‌وه، و ساڵی ١٩٧٠ له چاپخانه‌ی (الجامعة) ی به‌غداد له چاپ دراوه، به ناونیشانی (كوردستان و ئایینی ئیسلام ـ هاتنی سوپای عومه‌ری كوڕی خه‌تاب و گرتنی كوردستان). سه‌ره‌تا باس‌وخواسی كتێبه‌كه‌ی به هۆنراوه‌ی كوردی داڕشتوه‌ته‌وه، و له به‌شی دوه‌میشدا به په‌خشانێكی كوردیی ساده (به ناونیشانی "غه‌زه‌واتی صه‌حابان له به‌شی سه‌روی كوردستان") وه‌ریگێڕاوه. و له پشتی كتێبه‌كه‌ش بۆ ناساندنی نوسراوه: "باسێكی مێژوی گرتنی كوردستانه له كانی خه‌لیفه‌ی ئیسلامی عومه‌ری كوڕی خه‌تاب، به سه‌رۆكایه‌تیی خالیدی كوڕی وه‌لید، و پێشاندانی ئه‌و شه‌ڕانه‌ی كه له به‌ینی كورده‌كان و ئیسلامدا ڕوی دا. جا باسێكی گرنگه و خوێندنه‌وه‌ی زۆر پێویسته بۆ زانینی ڕابردوی باپیرانمان له كوردستان و چۆنیه‌تیی ده‌ستكردنه‌وه‌یان له‌و شه‌ڕانه‌ی كه له هه‌مو شار و دێیه‌كی كوردستان ڕوی داوه". و هه‌رچه‌ند چاپه‌كه‌ی كۆن و پڕ له هه‌ڵه‌یه و له بازاڕی كتێبدا نه‌ماوه؛ به‌ڵام تا ئێستا له چاپ نه‌دراوه‌ته‌وه. به‌ڵام ئێسته له ئینته‌رنێتدا به شێوه‌ی وتاری به‌ش‌به‌ش به كه‌مێك داڕشتنه‌وه و ده‌ستكاریه‌وه بڵاو ده‌كرێته‌وه، به‌بێ هیچ تێڕوانینێكی ڕه‌خنه‌یی و ساخكردنه‌وه‌یه‌ك.
دوای ئه‌وه زانا و مێژونوسی كۆچكردوی كورد مه‌لا (جه‌میل ڕۆژبه‌یانی)، وه‌رگێڕانه فارسیه‌كه‌ی مه‌لا واعیزیی كردوه به كوردی، و پێشه‌كییه‌كی ڕه‌خنه‌یی بۆ نوسیوه، له‌گه‌ڵ په‌راوێزی به‌نرخی ڕه‌خنه‌یی و ساخكردنه‌وه، كه دو جار چاپ كراوه: جاری یه‌كه‌م ساڵی ١٩٩٧ له لایه‌ن وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیریه‌وه له سلێمانی، جاری دوه‌میش ساڵی ٢٠١١ له لایه‌ن ده‌زگای (ئاراس) ـه‌وه له هه‌ولێر. ئه‌م وه‌رگێڕان و په‌راوێزانه‌ی ڕۆژبه‌یانی ئێسته سه‌رچاوه‌ی هه‌ر نوسه‌رێكن بیه‌وێت به‌های مێژویی كتێبه‌كه‌ی بۆ ساخ ببێته‌وه. و ناوبراو به به‌ڵگه‌ی ناوه‌كیی به‌هێز له ناو ده‌قه‌كه‌وه سه‌لماندویه‌تی كه ئه‌و كتێبه ناگونجێت دانراوی واقیدی بێت و پڕه له هه‌ڵه‌ی مێژویی و كه‌سێتیی نه‌ناسراو و جێی گومان و ناوی ئاوه‌دانیی نوێ و ناوی وه‌ها كه له سه‌رده‌مانی نوێ‌دا په‌یدا بون.
ناوه‌ڕۆك
باسی یه‌كه‌می ده‌قی كتێبه‌كه باسی جوڵه‌ی یه‌كه‌می سوپای ئیسلامه به‌ره‌و ناوچه‌كانی كوردستان و ده‌وروبه‌ری. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا باسی نامه‌یه‌ك ده‌كات كه ئه‌بو عوبه‌یده‌ی كوڕی جه‌ڕڕاح دوای گرتنی شام ده‌ینێرێت بۆ عومه‌ر، و داوای ڕاوێژ و فه‌رمانی لێ ده‌كات كه ئایا ئیتر بگه‌ڕێنه‌وه بۆ مه‌دینه یان هه‌ڵمه‌ت ببه‌نه سه‌ر ناوچه‌كانی كوردستان. عومه‌ریش ڕاوێژ و پرس و ته‌گبیر به هاوه‌ڵانی پێغه‌مبه‌ر و پیاوانی ئیسلام ده‌كات، و له كۆتاییدا فه‌رمان ده‌دات هه‌ڵمه‌ت بكه‌ن و خالیدی كوڕی وه‌لید ده‌كاته سه‌ركرده‌ی ئه‌و سوپایه. گوایه ئه‌و سوپایه ئه‌م صه‌حابیانه‌یشی تێدا بوه: زوبه‌یری كوڕی عه‌ووام، فه‌ضلى كوڕی عه‌بباس، میقدادی كوڕی ئه‌سوه‌د، عه‌بدوڕڕه‌حمانی كوڕی ئه‌بو به‌كر، عه‌بدوڵڵای كوڕی عومه‌ر، ضيراری كوڕی ئه‌زوه‌ڕ. له نامه‌كه‌دا ناوی سێ پاشای كورد هاتوه (فه‌ڕوخ خان، مالیكی كوڕی هه‌شته‌ر، دانیكۆر)! هه‌ر له‌م به‌شه‌دا باسی ئه‌وه دێته پێشه‌وه كه خالید هێز ته‌یار ده‌كات بۆ گرتنی هه‌ولێر و هه‌رمۆته (گوندێكی مه‌سیحی‌نشین له‌نزیكی هه‌ولێر). دوای ئه‌وه‌ی خالید هه‌ولێر و هه‌رمۆته ده‌گرێت؛ ده‌چێت بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی پاشای كورد (فه‌ڕوخ خان) كه به‌پێی ده‌قه‌كه پاشایه‌كی گه‌وره و لێهاتوی كورد بوه و له‌گه‌ڵ (ئه‌زمیره) ی خوشكی كه ژنێكی ژیر و كارامه بوه فه‌رمانڕه‌وایی كردوه. سه‌ره‌تا خالید نامه ده‌نێرێت بۆ فه‌ڕوخ خان و داوای موسوڵمانبونی لێ ده‌كات، به‌ڵام فه‌ڕوخ خان ئه‌و داوایه ڕه‌ت ده‌كاته‌وه. ئیتر ڕوبه‌ڕوبونه‌وه ڕو ده‌دات، و له ئه‌نجامدا فه‌ڕوخ خان به ده‌ستی میقدادی كوڕی ئه‌سوه‌د ده‌كوژرێت. به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی بكوژرێت؛ فه‌ڕوخ خان نامه ده‌نێرێت بۆ مامی خۆی (مالیكی كوڕی هه‌شته‌ر) پاشای كورد له (دوقمان) (دوگۆمان؟) ـ كه شارێكه له لای باشوری خۆرهه‌ڵاتی (پیرانشار) و ده‌كه‌وێته كوردستانی عێراقه‌وه ـ و داوای كۆمه‌كی لێ ده‌كات بۆ ڕوبه‌ڕونه‌وه‌ی عه‌ره‌به‌كان. كاتێك هه‌واڵی كوژرانی فه‌ڕوخ خان ده‌گاته‌وه به مالیكی كوڕی هه‌شته‌ر؛ ئه‌م نامه‌یه‌ك ده‌نوسێت بۆ پاشاكانی ده‌وروبه‌ر بۆ داوای كۆمه‌ك، له‌وانه: بۆ سوسه‌ن، و بۆ پاشای ڕه‌به‌ت (له نزیكی سه‌رده‌شت) و پاشای (قیروان) و پاشای شیده‌ر. ئینجا (فه‌یروزان) ی كوڕی به سوپایه‌كی ١٤ هه‌زار سواره‌وه ده‌نێرێت بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه له عه‌ره‌به‌كان، به‌ڵام ئه‌و سوپایه ده‌شكێت و فه‌یروزانی ناوبراویش به ده‌ستی عه‌بدوڕڕه‌حمانی كوڕی ئه‌بو به‌كر ده‌كوژرێت. دوای ئه‌وه خالید سوپایه‌كی به سه‌رۆكایه‌تیی ضيراری كوڕی ئه‌زوه‌ڕ و عه‌بدوڕڕه‌حمانی كوڕی ئه‌بو به‌كر ده‌نێرێت بۆ ڕوبه‌ڕوی پاشایه‌كی كورد به ناوی (دانی كۆر) (دانای كۆر؟) كه پاشای شیده‌ر بوه كه شیده‌ر ده‌گرن.
له به‌شێكی تردا باسی گرتنی دوقمان و ده‌وروبه‌ری دێته پێشه‌وه، كه ده‌ڵێت زوبه‌یری كوڕی عه‌ووام و فه‌ضلى كوڕی عه‌بباس و عه‌بدوڕڕه‌حمانی كوڕی ئه‌بو به‌كر و عه‌بدوڵڵای كوڕی عومه‌ر و ضيراری كوڕی ئه‌زوه‌ڕ له‌و هه‌ڵمه‌ته‌دا به‌شدار بون. له‌و جه‌نگه‌دا سه‌رۆكی سوپای كورده‌كان به ده‌ستی فه‌ضلى كوڕی عه‌بباس ده‌كوژرێت و ئیتر سوپای كورده‌كان ده‌شكێت و سوپای ئیسلام دوقمان ده‌گرێت.
به‌شێكی تر باسی گرتنی ته‌واوه‌تیی شیده‌ر و ده‌وروبه‌ریه‌تی. پێشتر هه‌رچه‌ند دانیكۆر پاشا شكابو له به‌رامبه‌ر سوپای ئیسلامدا به‌ڵام شیده‌ر به‌ته‌واوی نه‌گیرا و كۆتایی به ده‌سه‌ڵاتی دانیكۆر نه‌هێنرا. ئیتر خالید بڕیاری دا كه ده‌بێت شیده‌ر به‌ته‌واوی بگیرێت و دانیكۆر له ناو ببرێت. نامه و نامه‌كاری كرا، و دانیكۆر ئاماده نه‌بو موسوڵمان ببێت و كار گه‌یشته ڕوبه‌ڕونه‌وه و جه‌نگ. سوپای ئیسلام توانیی كورده‌كان بشكێنێت. هه‌رچه‌ند هێزێكی فارسیش هاتبونه كۆمه‌كی دانیكۆر، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دانیكۆر شكا و كوژرا. ئیتر خالید دوای گرتنی شیده‌ر و مه‌رجین (مه‌رگه) و دوقمان، هه‌واڵی فه‌تح و پێنجیه‌كی ده‌ستكه‌وته‌كان ده‌نێرێته‌وه بۆ عومه‌ر، و گوایه ئه‌م نامه‌ناردنه له مانگی (ذو القعدة) ی ساڵی (٢٦ ك.) بوه! دوای ئه‌وه خالید نامه‌ی نارد بۆ خه‌ڵكی (سوسانی) و داوای لێ كردن موسوڵمان ببن، و ئه‌وانیش ملكه‌چ بون. دوای ئه‌وه خالید چو به‌ره‌و ناوچه‌ی شه‌هبار (ناوچه‌یه‌ك له‌نێوان سه‌رده‌شت و مه‌هاباد)، كه پاشای ئه‌و ناوچه‌یه ناوی (جاسوم) بو، و خه‌ڵكی ناوچه‌كه ڕوبه‌ڕوی سوپای ئیسلام بونه‌وه، ئیتر میقدادی كوڕی ئه‌سوه‌د پاشاكه‌یانی كوشت و خه‌ڵكه‌كه‌ش قه‌تڵ‌وعام كران. دوای ئه‌وه خه‌ڵكی (بی‌جان) موسوڵمان بون كه ئێسته پێی ده‌وترێت (ئیسلام ئاباد). ئینجا دو موسوڵمان لایان مانه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی فێری ئیسلامیان بكه‌ن، به‌ڵام كوژران، ئیتر خالید عه‌بدوڵڵای كوڕی عومه‌ری نارده سه‌ریان و قه‌تڵ‌وعام كران.
دوای ئه‌وه باسی گرتنی (شاره‌زور و قه‌ره‌جلون) ده‌كات. بۆ ئه‌م كاره عومه‌ری كوڕی خه‌تاب (قه‌عقاعی كوڕی عه‌مر) ڕاده‌سپێرێت، و قه‌عقاع دوای یه‌ك ڕوبه‌ڕوبونه‌وه به‌ئاسانی كورده‌كانی ئه‌وێی شكاند. ئینجا قه‌عقاع دوای گرتنی شاره‌زور؛ چو به‌ره‌و شاری (قرجلون) (قه‌ڵاچۆلان؟)، و پاشاكه‌ی ناوی (جاجور) بو كه له ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ قه‌عقاع كوژرا. هه‌ر له‌م به‌شه‌دا باسی گرتنی شاری (ڕه‌به‌ت) ده‌كات، كه بۆ ئه‌م كاره خالید قه‌عقاع و میقداد ڕاده‌سپێرێت، كه پاشای ئه‌وێ ناوی (قیروان) بوه، كه ده‌شكێت و به ده‌ستی ضيراری كوڕی ئه‌زوه‌ڕ ده‌كوژرێت.
له به‌شێكی تردا باسی گرتنی ئازه‌ربه‌یجان دێت. له‌و كاته‌دا پاشای ئازه‌ربه‌یجان ناوی (أرجانوسه) بو، كه له ڕوبه‌ڕوبونه‌وه له‌گه‌ڵ سوپای ئیسلامدا ناوبراو به ده‌ستی ضيراری كوڕی ئه‌زوه‌ڕ به دیل گیرا، و سوپای ئیسلام سه‌ربازانی سوپاكه‌یان ڕاو نا. هه‌روه‌ها (ساوجبۆڵاغ) یش هاته ژێر ده‌ستی سوپای ئیسلام. له‌م به‌شه‌دا كتێبه‌كه ئاماژه بۆ بونی دیارده‌ی (زواج المحارم) ده‌كات له‌و ناوچه‌یه، كه گوایه كه‌سێك به ناوی (بردراس) كه فه‌رمانڕه‌وای ساوجبۆڵاغ بوه خوشكی خۆی ماره كردوه.
له به‌شێكی تردا باسی گرتنی (ارمانی) ـ واته ورمێ ـ ده‌كات. خالید سوپای بۆ ئه‌و ناوچه‌یه‌ش ته‌یار كرد. پاشای ورمێ ناوی (خۆش قه‌ده‌م) بو، كه ملكه‌چ نه‌بو بۆ موسوڵمانه‌كان، و پاشای مازه‌نده‌رانیش كۆمه‌كێكی گه‌وره‌ی بۆ نارد كه هێزێكی چل هه‌زار كه‌سی بو، به‌ڵام ئه‌نه‌سی كوڕی مالیك توانیی خۆش قه‌ده‌م بكوژێت و سوپای ورمێییه‌كان بشكێنێت. ده‌ستكه‌وته‌كانی ئه‌و جه‌نگه بێ‌شومار بون، و موسوڵمانه‌كان له‌و ناوچه‌یه جێگیر بون. و خالید هه‌واڵی فه‌تحه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ پێنجیه‌كی ده‌ستكه‌وته‌كان نارده‌وه بۆ عومه‌ر. دوای ئه‌وه ئیتر خالید ده‌چێت بۆ (حیمص) و له‌وێ ده‌مرێت.
له به شێكی كۆتاییدا، كه ئه‌مه‌یان هی (موحه‌ممه‌د ڕه‌ئوف ته‌وه‌ككولی) خۆیه‌تی، باسی گرتنی (بانیج) واته (بانه) یه، كه گوایه سه‌ره‌تا خالید له‌گه‌ڵیان ڕێك ده‌كه‌وێت و به صوڵح ده‌یهێنێته ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئیسلام، به‌ڵام كورده‌كان په‌یمان ده‌شكێنن، و ئیتر خالید قه‌تڵ‌وعامیان ده‌كات!(١٢)
دانه‌ر: ئایا ده‌گونجێت دانراوی واقیدی بێت؟
هه‌ر كه‌سێك له ناوه‌ڕۆكی ئه‌م كتێبه ورد ببێته‌وه؛ تێده‌گات كه ناگونجێت كتێبێكی له‌م جۆره دانراوی واقیدی و سه‌رده‌می واقیدی بێت. هه‌رچه‌ند نوسه‌ری كتێبه‌كه هه‌وڵی دابێت هه‌ندێك شت له واقیدیه‌وه نه‌قڵ بكات یان لاسایی شێوازی ئه‌و بكاته‌وه؛ به‌ڵام ئه‌و ڕوداو و كه‌سێتی و ناوانه‌ی ده‌قه‌كه له خۆییان ده‌گرێت؛ به‌ڵگه‌ی ساخته‌یی كتێبه‌كه‌ن. به‌ڵگه‌یه‌كی زۆر زه‌ق له‌م لایه‌نه‌وه ؛ ئه‌وه‌یه كتێبه‌كه ناوی (مه‌هاباد) به شێوه‌ی (ساوج بوڵاغ) ده‌بات! له كاتێكدا ئه‌مه ناوێكی توركیه (وه‌كو توركیی ئازه‌ری) و له دو وشه‌ی توركیه‌وه هاتوه: "سویوق" یاخود "سویوخ" واته سارد، له‌گه‌ڵ "بوڵاغ" واته كانی و سه‌رچاوه‌ی ئاو، به‌سه‌ر یه‌كه‌وه ده‌بێته "كانیی سارد". به‌م شێوه‌یه ئه‌م ناوه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دوای هاتنی توركه‌كان بۆ ناوچه‌ی ئازه‌ربه‌یجان، و له ده‌ق و نوسراوه جیۆگرافیایی و مێژوییه‌كاندا ئه‌و ناوه نه‌هاتوه، و هه‌تا سه‌رده‌می صه‌فه‌وی ئه‌و ناوه نه‌بوه. هه‌تا كاتێكیش شه‌ره‌فخانی بدلیسی كتێبی (شه‌ره‌فنامه) ی نوسیوه (ساڵی ١٠٠٧ ك.)؛ هیچ ئاماژه‌یه‌كی به‌و ناوه نه‌كردوه. دوای ئه‌وه و له ساڵی (١٠٣٨ ك.) ـه‌وه ئه‌و ناوه په‌یدا بوه. كه‌واته ده‌بێت نوسه‌ری ئه‌م كتێبه ده‌بێت دوای صه‌فه‌ویه‌كان هاتبێت. و دیاره كه‌سێكی سوننییش بوه نه‌ك شیعه‌یی، چونكه به ڕێزێكی زۆره‌وه ناوی خه‌لیفه‌كان ده‌هێنێت، وه‌كو كه‌سێكی سوننی. جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له صه‌فه‌ویه‌ویه‌كان له سه‌رده‌می خۆیاندا ـ له كوردستانیشدا كه ویلایه‌تێكی صه‌فه‌ویه‌كان بوه ـ توند بون به‌رامبه‌ری ئه‌هلی سوننه و لێبوردنیان نه‌بوه له‌گه‌ڵیان. له‌به‌ر ئه‌وه زیاتر گومان بۆ ئه‌وه ده‌چێت دانه‌ر دوای كه‌وتنی صه‌فه‌ویه‌كان ئه‌و كتێبه‌ی دانابێت، و ئه‌گه‌ریشی زۆر هه‌ر كوردیش بوبێت و خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه بێت كه باسی ده‌كات، چونكه شاره‌زایی له‌و ناوچه‌یه پێوه دیاره.
به‌های مێژویی ئه‌م كتێبه
به‌های ئه‌م كتێبه زیاتر له‌وه‌دایه كه فۆلكلۆرێكی ناوچه‌یی و داب‌ونه‌ریتێكی ده‌ماوده‌مه له ناوچه‌كه‌دا، وه‌كو باسی هه‌مو ئه‌و گۆڕستانانه‌ی كه له‌و ناوچه‌یه هه‌ن و به گۆڕستانی ئه‌سحابان و هه‌ندێكیان به گۆڕستانی ئه‌و كوردانه‌ی له‌گه‌ڵیان جه‌نگاون داده‌نرێن. ئیتر له ڕاستیدا ئه‌و كه‌سێتی و ڕوداوانه‌ی باسیان ده‌كات؛ به‌های مێژوییان نیه. ئه‌م كتێبه ناوی سێ پاشای كورد ده‌هێنێت كه مه‌گه‌ر ته‌نها له فۆلكلۆری ناوچه‌كه‌دا ناویان هه‌بێت، ئه‌وانیش: فه‌ڕوخ خان، و دانیكۆر، و مالیكی هه‌شته‌ر یان كوڕی هه‌شته‌ر. ئه‌و دو ناوه‌ی یه‌كه‌م له هیچ شوێنێك نابینینه‌وه، ناوی سێیه‌میش (مالیكی هه‌شته‌ر) له ڕاستیدا ناوی هه‌مان (مالیكی ئه‌شته‌ر) ه كه لای شیعه خۆشه‌ویسته چونكه له سه‌ركرده و پیاوه دڵسۆزه‌كانی ئیمام عه‌لی بوه، واته (مالیكی كوڕی ئه‌ل‌حاريثى ئه‌ل‌ئه‌شته‌ر)، كه سه‌رۆك خێڵێكی عه‌ره‌ب و سه‌ركرده‌یه‌كی سه‌ربازی بوه و به‌شداریی له داگیركردنی شامدا كردوه و له جه‌نگی جه‌مه‌ل و صیففیندا دۆست و لایه‌نگری عه‌لی بوه و شه‌ڕی بۆ كردوه و پاڵه‌وانێتیی نواندوه. كه‌چی ئه‌م كتێبه ده‌یكات به پاشایه‌كی كورد له (دوقمان). هه‌روه‌ها له باسی به‌شداریكردنی ئه‌و صه‌حابیانه‌دا له داگیركردنی كوردستاندا هه‌ڵه‌ی زۆری كردوه. ئه‌و ناوانه‌ی له‌م باره‌یه‌وه ده‌یانهێنێت؛ زۆربه‌یان هه‌ڵه‌ن ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین هه‌ر هه‌مویان. و زانیاریه‌كانی پێچه‌وانه‌ی سه‌رچاوه‌كانی ترن، و پێچه‌وانه‌ی ئه‌و زانیاریانه‌یش له واقیدی خۆیه‌وه گه‌یشتون. بۆ نمونه: هه‌مان هه‌ڵه‌ی كتێبی (فتوح الشام) دوباره ده‌كاته‌وه كه ڕۆڵێكی زۆر ده‌داته (ضيراری كوڕی ئه‌زوه‌ڕ) له داگیركردنی كوردستاندا، له كاتێكدا له سه‌رچاوه‌كانی تره‌وه و له واقیدی خۆیه‌وه گه‌یشتوه كه ناوبراو هه‌ر له جه‌نگی (یه‌مامه) دا كوژراوه و نه‌گه‌یشتوه‌ته ئه‌وه‌ی به‌شداریی (فتوحات) ی دواتر بكات، وه‌كو له به‌شی پێشودا ڕونمان كرده‌وه. و ناوهێنانی ئه‌و صه‌حابیانه‌ی تر له چوارچێوه‌ی باسی داگیركردنی كوردستاندا هه‌ڵه‌ی زۆری تێدایه كه لێره‌دا ده‌رفه‌تم كه‌مه بۆ خستنه‌ڕویان.
هه‌روه‌ها زانیاریه‌كانی ده‌رباره‌ی سه‌ركرده‌كانی داگیركردنی كوردستانی ناوه‌ند هه‌ڵه‌ن. لێره‌دا ته‌نها ئاماژه ده‌كه‌م بۆ باسی داگیركردنی شاره‌زور: له‌م كتێبه بێبنه‌مایه‌دا داگیركردنی شاره‌زور به‌م شێوه‌یه باس كراوه: ده‌ڵێت (له وه‌رگێڕانه‌كه‌ی "ڕۆژبه‌یانی" دا):
"خه‌ڵكی ئاوه‌دانی و گونده‌كانی شاره‌زور چونكه ئاژه‌ڵ و سامانی زۆریان هه‌بو؛ له‌به‌ر ده‌وڵه‌مه‌ندی شه‌ڕیان پێ نه‌ده‌كرا! به‌م هۆیه‌وه قه‌عقاع توانیی هه‌مو خاكه‌كه به ئاشتی و بێ شه‌ڕ داگیر بكات! به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌رێمه‌كه قه‌ره‌باڵغ و پڕ له جۆگه و ڕوبار و زه‌لكاو بو؛ سوپای ئیسلام نه‌یتوانیی له‌شكربه‌ز بكات".
به‌م شێوه ده‌بینین داگیركردنی شاره‌زور ده‌داته پاڵ (قه‌عقاعی كوڕی عه‌مری ته‌میمی) كه صه‌حابییه‌ك بوه و ناسراوه به به‌شداریكردنی له جه‌نگی (قادیسییه) دا. و گوایه ئه‌م داگیركردنه‌ی شاره‌زور به‌بێ بچوكترین شه‌ڕ و ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ش بوه! و گوایه سوپای ئیسلام نه‌یتوانیوه به شاره‌زوردا تێپه‌ڕ ببێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موی جۆگه و زه‌لكاو بوه!!!
به‌ڵام با بزانین سه‌رچاوه ئیسلامیه‌كانی تر ده‌رباره‌ی داگیركردنی شاره‌زور ده‌ڵێن چی؟
(ابن الأعثم) له كتێبی (الفتوح) دا، باسی یه‌كه‌م هه‌ڵمه‌ت ده‌كات بۆسه‌ر شاره‌زور، كه هێزێكی ١٠ هه‌زار سواری بوه، به سه‌رۆكایه‌تیی (عوڕوه‌ی كوڕی زه‌یدی طائی)، كه هێرشیان كردوه‌ته سه‌ر شاره‌زور و ده‌وروبه‌ری، و تاڵانییه‌كی بێشوماریان بردوه.
(البلاذري) یش له كتێبی (فتوح البلدان) دا، باسی هه‌ڵمه‌تی دوه‌م و سێیه‌م ده‌كات، كه ده‌ڵێت: سه‌ره‌تا (عه‌زڕه‌ی كوڕی قه‌یس) له (حولوان) ـه‌وه هه‌ڵمه‌تی برده سه‌ر شاره‌زور، به‌ڵام نه‌یتوانی داگیری بكات و گه‌ڕایه‌وه. هه‌ڵمه‌تی سێیه‌میش هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی (عوتبه‌ی كوڕی فه‌رقه‌د) ه كه له (الموصل) ـه‌وه هه‌ڵمه‌تی هێنا و شاره‌زور و چه‌ند هه‌رێمێكی هاوسنوری داگیر كرد هه‌تا گه‌یشته ئازه‌ربه‌یجان، و گێڕانه‌وه‌كانی (البلاذري) ده‌ڵێن: له‌م هه‌ڵمه‌ته‌دا بۆسه‌ر شاره‌زور شه‌رێكی گه‌وره ڕوی داوه و كوردێكی زۆر كوژراوه. هه‌رچه‌ند یه‌كێك له گێڕانه‌وه‌كانی باسی ئه‌وه‌ش ده‌كات كه دوای ئه‌و شه‌ڕه هه‌ردولا ڕێك كه‌وتون وه‌كو ڕێكه‌وتنه‌كه‌ی حولوان: كورده‌كان سه‌روماڵیان پارێزراو بێت و كه‌س په‌لاماریان نه‌دات، و ئه‌وانیش باج و سه‌رانه بده‌ن به ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی.
به‌م شێوه‌یه ده‌بینین ئه‌م كتێبه (فتوح سواد العراق) بۆ ساخكردنه‌وه‌ی مێژوی داگیركردنی كوردستان به‌هایه‌كی ئه‌وتۆی نیه، و سه‌رچاوه‌كانی تر ده‌توانن زانیارییه‌كی متمانه‌دارمان بده‌نێ كه له‌گه‌ڵ چیرۆكه‌كانی ئه‌م كتێبه‌دا ناگونجێن.
دیارده‌یه‌كی تر كه له‌م كتێبه‌دا سه‌رنج ڕاده‌كێشێت؛ ئه‌وه‌یه خۆی وه‌كو به‌رگی سێیه‌می ـ یان به‌شێك له به‌رگی سێیه‌می ـ كتێبی (فتوح الشام) ده‌ناسێنێت به خوێنه‌ر! كه (به‌رگی سێیه‌می "فتوح الشام") یه‌كێكه له شته نه‌بوه‌كان! به‌ڵام ئه‌مه له خۆیدا نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه كه ئه‌م كتێبه‌ش له‌سه‌ر هه‌مان ڕێچكه‌ی ساخته‌كاری ڕۆشتوه و بۆیه ده‌ڵێم نه‌وه‌ی سێیه‌می ساخته‌كردنی كه‌له‌پوری واقیدیه.
په‌راوێز:
(١) بۆ ئه‌م ده‌قانه‌ی (به‌لاذوری)، بڕوانه: البلاذري، فتوح البلدان. دار ومكتبة الهلال، بیروت. ١٩٨٨. ص. ٣٢٥: (فتح شهرزور والصامغان ودراباذ).
(٢) ده‌رباره‌ی ژیان و هه‌ڵسه‌نگاندنی واقیدی له سه‌رچاوه كۆنه‌كاندا؛ بڕوانه:
الذهبي، سير أعلام النبلا‌ء. دار الحديث، القاهرة. ٢٠٠٦. جـ. ٨، ص‌ص. ١٤٨ ـ ١٦٤.
أحمد عادل كمال، الطريق إلى دمشق (فتح بلاد الشام). دار النفائس. ص‌ص. ٧٤ ـ ٧٧.
(٣) بۆ ئه‌م زانیاریانه ده‌رباره‌ی ئه‌م كتێبانه‌ی به ناوی واقیدیه‌وه چاپ كراون و زانیاریی زیاتر؛ بڕوانه:
د. محمد عيسى صالحية، المعجم الشامل للتراث العربي المطبوع، معهد المخطوطات العربية، القاهرة. ١٩٩٤. جـ. ٤، ص‌ص. ٣٢٣ ـ ٣٢٤.
بروكلمان، تاريخ الأدب العربي. ترجمة: د. عبد الحليم النجار. دار المعارف، القاهرة. الطبعة الخامسة. جـ. ٣، ص‌ص. ١٧ ـ ١٩.
د. عبد العزيز بن إبراهيم العمري، "كتب الفتوح مصادر للدراسات الحضارية". مجلة (التاريخ العربي)، العدد (١٤)، ٢٠٠٠.
(٤) بڕوانه: ابن الندیم، الفهرست. تحقیق: إبراهيم رمضان. دار المعرفة، بيروت. الطبعة الثانية، ١٩٩٧. ص. ١٢٨.
(٥) بڕوانه: بروكلمان، تاريخ الأدب العربي. ترجمة: د. عبد الحليم النجار. دار المعارف، القاهرة. الطبعة الخامسة. جـ. ٣، ص. ١٧.
(٦) بۆ ئه‌م هه‌ڵسه‌نگاندن و تێبینیه ڕه‌خنه‌ییانه له‌سه‌ر كتێبی (فتوح الشام)؛ بڕوانه: أحمد عادل كمال، الطريق إلى دمشق (فتح بلاد الشام). دار النفائس. ص‌ص. ٧٧ ـ ٨٠.
(٧) ابن سعد، الطبقات الكبرى. تحقيق: إحسان عباس. دار صادر، بيروت. الطبعة الأولى، ١٩٦٨. جـ. ٦، ص. ٣٩: (وقاتل ضرار بن الأزور يوم اليمامة أشد القتال حتى قطعت ساقاه جميعا، فجعل يحبو على ركبتيه ويقاتل وتطؤه الخيل حتى غلبه الموت. قال: قال محمد بن عمر: قال عبد الله بن جعفر: مكث ضرار بن الأزور باليمامة مجروحا قبل أن يرحل خالد بن الوليد بيوم فمات... قال محمد بن عمر: وهذا أثبت عندنا من غيره).
(٨) البلاذري، فتوح البلدان. دار ومكتبة الهلال، بيروت. ١٩٨٨. ص. ٢٤٣: (وقال الواقدي: المجتمع عليه عند أصحابنا أن ضرارا قتل باليمامة).
(٩) ابن عبد البرّ، الاستيعاب في معرفة الأصحاب. تحقيق: علي محمد البجاوي. دار الجيل، بيروت. الطبعة الأولى، ١٩٩٢. جـ. ٢، ص. ٧٤٨: (وذكر الواقدي قال: قاتل ضرار بن الأزور يوم اليمامة قتالا شديدا حتى قطعت ساقاه جميعا، فجعل يحبو على ركبتيه ويقاتل، وتطؤه الخيل حتى غلبه الموت. وقد قيل: مكث ضرار باليمامة مجروحا، ثم مات قبل أن يرتحل خالد بيوم. قال: وهذا أثبت عندي من غيره).
(١٠) ابن الأثير، أسد الغابة في معرفة الصحابة. تحقيق: علي محمد معوض، عادل أحمد عبد الموجود. دار الكتب العلمية، بيروت. الطبعة الأولى، ١٩٩٤. جـ. ٣، ص. ٤٢: (وشهد قتال مسيلمة باليمامة، وأبلى فيه بلاء عظيما، حتى قطعت ساقاه جميعا، فجعل يحبو على ركبتيه، ويقاتل، وتطؤه الخيل، حتى غلبه الموت، قاله الواقدي، وقيل: بل بقي باليمامة مجروحا، حتى مات).
(١١) العسقلاني، الإصابة في تمييز الصحابة. تحقيق: عادل أحمد عبد الموجود، على محمد معوض. دار الكتب العلمية، بيروت. الطبعة الأولى، ١٤١٤ هـ. جـ. ٣، ص. ٣٩١: (واختلف في وفاته، فقال الواقدي: استشهد باليمامة).
(١٢) بۆ ده‌ق و زانیاریی ئه‌م كتێبه؛ بڕوانه:
واقیدی (گوایه نوسیویه)، وڵاتگیریی ڕه‌شه‌خاكی عێراق. وه‌رگێڕانی: ڕۆژبه‌یانی. چاپی دوه‌م، هه‌ولێر: ئاراس. ٢٠١١.
ڕه‌ئوف سه‌لیم حه‌وێزی، كوردستان و ئایینی ئیسلام ـ هاتنی سوپای عومه‌ری كوڕی خه‌تاب و گرتنی كوردستان. به‌غداد: چاپخانه‌ی (الجامعة). ١٩٧٠.
محسن مؤمنى، "نخستين تاريخ فتوحات اسلامى در كردستان". (كتاب ماه تاريخ و جغرافيا)، شماره ٨٤، مهر ماه ١٣٨٣. ص‌ص. ٤٤-٤٧.