باوەڕداران بۆیان نیە دایكانی خۆیان ببینن!!

باوەڕداران بۆیان نیە دایكانی خۆیان ببینن!!

سه‌روه‌ر پێنجوێنی


ناونیشانی ئەم باسە وەكو خوێنەر دەبینێت گەلێك سەیرە.. بەڵام لە ئیسلام و دەقە ئیسلامیەكاندا هیچ شتێك سەیر نیە و هەمو شتێك واریدە:
كاتێك بەپێی سەرچاوە ئیسلامیەكان ئاماژەمان دەكەین بۆ ژنەكانی پێغەمبەر و ڕادەی جوانییان و ڕونی دەكەینەوە كە ئەو قسەیە ڕاست نیە كە لە منداڵیەوە مەلاكان پێمانی دەڵێن كە گوایە "ژنەكانی پێغەمبەر ـ عائیشەی لـێ‌ دەرچێ‌!! ـ هەمویان بێوەژنی پەككەوتە و بێكەس بون و پێغەمبەر خێری پێ‌ كردون كە مارەی كردونەتەوە"! لە وەڵامی ئەمەدا مەلاكان پەنا بۆ شێوازێكی زۆر سەیر و پێكەنیناوی دەبەن كە پێمان دەڵێن: "ئەگەر ئێوە موسوڵمانن؛ دەبێت بزانن كە ئەوانە دایكی ئێوەن و هەر بێئەدەبییەك بەرامبەریان بكەن؛ ئەوە بێئەدەبیتان بەرامبەر دایكانی خۆتان كردوە"!! وەكو ئاماژەیەك بۆ ئەو دەقە قورئانیەی كە دەڵێت "ژنەكانی پێغەمبەر دایكی باوەڕدارانن" (الأحزاب: 6)..
سەرەتا بۆچی دەبێت موسوڵمان هەمو قسە‌وباس و ڕەخنەیەك بە (بێئەدەبی) پۆلێن بكات؟ چ بێئەدەبییەك لەوەدا هەیە هەر لە سەرچاوە ئیسلامیەكانەوە هەندێك زانیاریی بدەین بە خوێنەران لەسەر ژیانی پێغەمبەر و ژنەكانی؟! یان تۆمەتی (بێئەدەبی) بەشێكە لەو شین‌وواوەیلایەی كە موسوڵمان دیپلۆمی تێدا هێناوە؟!
ئینجا مەلاكان ناتوانن ئێمە بە مەسەلەی باوەڕ ببەستنەوە، ئێمە ئازادین و وەكو باڵدارێكی ئازادین كە لە شەقەی باڵا دەدات بۆ هەر لایەك، گەڕانی ئێمە بەنێو دەق و چەمكە ئایینیەكاندا تەنها وەكو گەشتێك وایە بۆ بینینی شتی سەیروسەمەرە و عەجائیباتی دنیا!
ئەوەش بەڕاشكاوی دەڵێم: من جگە لە دایكێكی كورد دایكی ترم نیە و ژنێكی عەرەب بە هیچ واتایەك بە دایكی خۆم نازانم!
ئەو دەقە قورئانیەش كە ژنەكانی پێغەمبەر بە (دایكی موسوڵمانان) ناودەبات؛ یەكێكە لە دژیەكی (تناقچ) ـە ترسناكەكانی قورئان، چونكە لە هەمان سورەتدا ئەو بنەمایە هەڵا دەوەشێنێتەوە:
هەرچەند لە ئایەتی (6) دا ئەو بنەمایە بڕیار دەدات و لە ئایەتی (53) یشدا دەڵێت: هەرگیز بۆتان نیە ژنەكانی پێغەمبەر دوای خۆی مارە بكەنەوە! (ولا أن تنكحوا أزواجه من بعده أبدا) (الأحزاب: 53)، بەڵام لە هەمان سورەتدا لەسەر ژنەكانی قەدەغە دەكات بچنە دەرەوە و پیاوی نامەحرەم بیانبینێت و لەسەریان واجب دەكات هەر لە ماڵەوە بمێننەوە (وقرن فی بیوتكن..) (الأحزاب: 33، 34)، بەڵكو هەر لە هەمان ئایەتی (53) دا بەرامبەر موسوڵمانان دەڵێت ئەگەر داوای شتێكتان لەو ژنانەی پێغەمبەر كرد لەپشتی پەردەوە داواكەیان پێ‌ بڵێن (الأحزاب: 53)، واتە: موسوڵمانێكی نامەحرەم بۆی نەبوە بە هیچ شێوەیەك بیانبینێت و ژنەكانیش بۆیان نەبوە دەربكەون و لە ماڵا دەربچن!
جا بڕوانە ئەو دژیەكی و پێچەوانەییە سەیرە كە هاوار دەكات! لەلایەكەوە دایكی موسوڵمانانن و موسوڵمان بۆی نیە دوای مردنی مێردەكەیان بیر لە مارەكردنیان بكاتەوە، بەڵام هەر ئەو موسوڵمانە بۆی نیە بیانبینێت، ئەگەر قسەیەكیشی بۆیان هەبێت دەبێت لە پشتی پەردەوە پێیان بڵێت!
دایك ئەو دایكەیە كە من بتوانم دەستی ماچ بكەم و سەر بخەمە سەر كۆشی، نەك ژنێك كە بۆم نەبێت دەم‌وچاوی ببینم و پەردەیەك لەنێوان من و ئەودا هەبێت!
بەئاشكرا دیارە كە ئەو دەقانە بەپێی ویستی پیاوێك داڕێژراون كە حەز ناكات كەس ژنەكانی ببینێت و كەسیش دوای خۆی مارەیان بكاتەوە! شتێكی ئاساییە كە نێر حەز دەكات مێیەكەی هەر بۆ خۆی بێت و كەس بە بینینیش مامەڵەی لەگەڵا نەكات، كاتێكیش بیر لەوە دەكاتەوە كە دوای خۆی بۆ كەسێكی تر دەبێت؛ ئەوە ئازاری دەدات و ئەگەر پێی بكرێت قەدەغەی دەكات.. پیاوێكی وەكو پێغەمبەری ئیسلام ئەوەی بۆ خۆی كردوە و دڵی خۆی ڕاحەت كردوە!