ئیسلام و كۆیلایەتی

ئیسلام و كۆیلایەتی

سەروەر پێنجوێنی

مەلاكان و ئیسلامەكان دەڵێن: ئیسلام كۆیلایەتیی لەناو بردوە و چەندین حوكمی شەرعیی دەركردوە بۆ ئەوەی كۆیلە ئازاد بكرێت نەك خەڵكی ئازاد بكرێتە كۆیلە!
با بزانین حەقیقەت لەم بابەتەدا چیە:
ڕاستە ئیسلام هەندێك مەرج و یاسای داناوە بۆ ئازادكردنی كۆیلە و مرۆڤی هەڵ‌ناوە بۆ ئازادكردنی كۆیلە، لەلایەكی تریشەوە هەندێك یاسای داناوە دەربارەی كۆیلەكان یان یاسای تایبەتیی بۆ كۆیلەكان داناوە (وەكو ئەوەی سزای زینایان نیوەی سزای ئازادەكانە)، بەڵام لەلایەكەوە ئەوە خۆی لە خۆیدا گریمانكردنی ئەوەیە كە ڕژێمی كۆیلایەتی هەر دەمێنێت، دانانی ئەو جۆرە یاسایانە لە خۆیدا چاوەڕوانكردنی مانەوەی ئەو ڕژێمەیە. كە ئێستە لە قورئانیشدا ئەو جۆرە یاسایانە ماون. لە فیقهیشدا ئەو یاسایانە تا ئێستەش دەخوێنرێن، و لە ڕاستییشدا موسوڵمانی ئێستە لەلایەنی ئیسلامەوە هیچی لەسەر نیە ئەگەر كۆیلەی هەبێت، واتە تا ئێستەش بڕیارێكی ئیسلامیی پیرۆزكراو نیە بە هەڵوەشاندنەوەی كۆیلایەتی. بەشێوەیەكی گشتی دەتوانین بڵێین ئیسلام تەنها كۆیلایەتیی ڕێك خستوە و (تنظيم) ی كردوە نەك قەڵاچۆی كردبێت. كاتێكیش ئیسلام مرۆڤێكی موسوڵمان هەڵ‌دەنێت بۆ ئەوەی (كۆیلەیەك) ئازاد بكات، ئەمە یەكێكە لەو خێر و صەدەقانەی كە لەسەر موسوڵمانی پێویست دەكات. سەرنج بدە دەڵێت: (فَكُّ رَقَبَةٍ، أَوْ إِطْعَامٌ فِي يَوْمٍ ذِي مَسْغَبَةٍ يَتِيمًا ذَا مَقْرَبَةٍ أَوْ مِسْكِينًا ذَا مَتْرَبَةٍ) (البلد: ١٣-١٦)، بەم شێوەیە لەگەڵ خێر و نانداندا ڕیزی كردوە. لێرەشدا ناڵێت "فك الرقاب" بەڵكو هەر دەڵێت " رقبةٍ" واتە یەك كۆیلە! بەڵام هەندێك جاریش بەگشتی دەڵێت: پارەی صەدەقە (زەكات) بۆ ئازاكردنی كۆیلەكانیش سەرف بكرێن (وَفِي الرِّقَابِ) (البقرة: ١٧٧، التوبة: ٦٠)، بەڵام ئەمەش هەر سنوردارە، ئەگەر وا نەبێت ئەی بۆ بە پارەزی زەكات هەمو كۆیلەكان ئازاد نەكراون؟ بۆیە باسی كۆیلەكان لێرەدا هەر وەكو ڕێگە و بوارێكی خێركردن باس كراوە، ئەویش لە دەقی یەكەمدا دوای باسی خزم و هەتیو و هەژار و ڕێبوار و سواڵكەر باسی كۆیلە دەكات: (وَآتَى الْمَالَ عَلَى حُبِّهِ ذَوِي الْقُرْبَى وَالْيَتَامَى وَالْمَسَاكِينَ وَابْنَ السَّبِيلِ وَالسَّائِلِينَ وَفِي الرِّقَابِ) (البقرة: ١٧٧)، لە دەقی دوەمیشدا باسی نەدار و هەژار و ئەوانەی سەرپەشتیی كۆكردنەوەی زەكات دەكەن و ئەوانەی دەسەڵاتی ئیسلامی دەیەوێت دڵیان لەسەر ئیسلام دامەزراو بكات، دەخاتە پێش باسی كۆیلە: (إِنَّمَا الصَّدَقَاتُ لِلْفُقَرَاءِ وَالْمَسَاكِينِ وَالْعَامِلِينَ عَلَيْهَا وَالْمُؤَلَّفَةِ قُلُوبُهُمْ وَفِي الرِّقَابِ وَالْغَارِمِينَ وَفِي سَبِيلِ اللَّهِ وَابْنِ السَّبِيلِ) (التوبة: ٦٠).
ئیتر ماددە و كەرەستەی ئەم خێرەش هەر بونی كۆیلەكەیە. واتە ـ بەكورتی ـ كۆیلە پارە بوە. بۆیە فەرماندان بە ئازادكردنی كۆیلەیەك واتە بەخشین و سەرفكردنی بڕێك پارە، نەك هەوڵێك بۆ نەهێشتنی كۆیلایەتی. وەكو ئەوەی ئەگەر بوترێت "خێر بە سواڵكەر بكەن" ئەمە واتە سواڵكەر هەر دەمێنێت، ئەگەر بشوترێت "كۆیلەیەك ئازاد بكەن" مانای وایە كۆیلە هەر دەمێنێت. ئینجا لە لایەكی تریشەوە ئەگەر دەوڵەمەندێكی موسوڵمان كۆیلەیەك ئازاد بكات و لە هەمان مامەڵەیشدا دە كۆیلەی تر بكڕێت خێرەكەی هەر دەگات و كەففارەتەكەی هەر قبوڵ دەبێت! كەواتە لێرەدا مەسەلەكە كۆیلە ئازادكردن نیە بەڵكو خێرێكە كە موسوڵمانی سەرمایەدار دەیكات و نە شتێكی ئەوتۆ لە سەرمایەكەی كەم دەكاتەوە و نە هیچ لە حەرەمسەرای كەنیزەكانی كەم دەكاتەوە: "قەیدی چیە، كەنیزێكی ڕەش ئازاد دەكەم، كەنیزێكی سپی دەكڕم. نۆكەرێكی تەمبەڵ ئازاد دەكەم، نۆكەرێكی ئازا و چاپوك دەكڕم!". جگە لەوەی كۆیلە ئازادكردن كە جار جارە كراوە سیفەتێكی شەخسیی هەبوە، واتە سەرمایەدار بۆ خۆی كردویەتی نەك دەوڵەت، جا ئەگەر ئازادكردنی كۆیلەیەكی ماڵەوە بێت یان كڕین و ئازادكردنی كۆیلەیەكی بازاڕ بێت لە هەردو بارەكەدا دەبێتە كڕینەوە و منەتباركردنێك، بۆیە كۆیلەی ئازادكراو هەمیشە جۆرە منەتباری و مافدارییەكی گەورەكەی بەسەرەوە ماوە و پێی وتراوە (مولی) كە هەمان وشە بە كۆیلەش دەوترێت، ئیتر لە ناوبردنیدا هەر دەدرێتە پاڵ گەورەكەی (واتە دەوترێت: مەولای فڵان یان ئازادكراو "معتق" ی فڵان). ئەگەر قورئان فەرمانی بدایە بە ئازادكردنی كۆیلەكان و نەهێشتنی كۆیلایەتی وەكو یاسایەكی دەوڵەت، ئەمە شتێكی گەورە و گران و دەستپێشخەرییەكی بەنرخ دەبو، بەڵام لە ڕاستیدا ئەگەر ئیسلام لەلایەكەوە دەرگایەكی بەڕوی كۆیلایەتیدا داخستبێت ئەوا دە دەرگای لەلای ترەوە لـێ‌ كردوەتەوە: ئەگەر موسوڵمانێك ئارەزوی خێركردنی هەستا یان ویستی كەففارەتی قەتڵێكی هەڵە یان كەوتنی سوێندێك یان (ظيهار) ێك بدات و كۆیلەیەكی ئازاد كرد (كە هەمو جارێك دەقە قورئانیەكان ئاماژە بۆ "كۆیلەیەك ـ رقبة" دەكەن)؛ ئەوا لە ئیسلامدا ڕێگە بۆ بەكۆیلەكردنی خەڵكی ئازاد و هێنانی كۆیلە و بازرگانیی كۆیلە ئاچوغ كراوە، هەمومان دەزانین كە لە یاسا جەنگیەكانی ئیسلامدا ئەو ژن و منداڵانەی دوژمن كە دوای جەنگ و ئابڵوقە دەگیرێن دەبنە كۆیلە و كەنیز.. ئەمە لە ڕاستیدا سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندی موسوڵمانان بوە بۆ پەیداكردنی كۆیلە و گەرمكردنی بازاڕی كۆیلە، بە فتوحاتی ئیسلامی كۆمەڵگای ئیسلام پڕ بو بە كۆیلە لە هەمو ڕەگەز و ڕەنگێك و بە هەزاران هەزار، ئەو كاتە موسوڵمان كۆیلەكانی هەر عەرەب و حەبەشی و ڕەش و بێتام نەبون بەڵكو كەوتە كەیف و خۆشی و لەزەت بردن لە كۆیلەی ئێرانی و ئەرمەنی و ڕۆمی و چەركەسی.. و سپی و ناسك و جۆراوجۆر.. جگە لەوەی چینایەتیی ئازاد و كۆیلە لە ئیسلامدا تۆخ كراوەتەوە و زیاتر چەسپێنراوە بەوەی كە جل‌وبەرگی كەنیز لە ئیسلامدا جیاوازە لە جل‌وبەرگی خانم واتە ئافرەتی ئازاد، ئەو باڵاپۆشیەی كە ئیسلام پێویستی دەكات لەسەر ئافرەتی ئازاد بۆ كەنیز پێویست نەكراوە و لێیشی قەدەغە كراوە، ئەگەر كەنیزێك بەشێوەی ئافرەتی ئازاد خۆی داپۆشیبێت عومەر بە قامچیەكەی لێی داوە! ئیتر بەدرێژایی مێژوی ئیسلامی كۆیلە و ڕژێمی كۆیلایەتی هەر ماوە و زیاتریش پەرەی سەندوە، بەشێوەیەك تا ساڵانی شەستەكانی سەدەی ڕابردویش (دەوروبەری ١٩٦٠) (شێخ عەبدوڵڵا فیلبی) كە ئینگلیزێك بو موسوڵمان ببو و خزمەتی بنەماڵەی سەعودیی دەكرد، توانیویەتی لە شاری (طائیف) كچێكی شازدە ساڵان بكڕێت! (كە فیلبی كۆتایی تەمەنی لە ماڵێكدا بەسەر برد لە تائیف، لەگەڵ ئەو كچە شازدە ساڵە و مەیمونێكدا!). ئەمەش واتە موسوڵمانان زۆر دوای (لینكۆڵن) و لەناوبردنی ڕژێمی كۆیلایەتی بازاڕی كۆیلەفرۆشییان گەرم بوە! ئیتر ئەو كەسەی كە دەڵێت ئیسلام كۆیلایەتیی قەڵاچۆ كردوە خیانەت لە مێژو و ڕاستیەكانی مێژو دەكات. ئێستەش هەندێك زانیاری هەیە لەسەر ئەوەی هەندێك گروپی ئیسلامی (بەتایبەتی لە سودان) كۆیلە وەكو دەسكەوتی جەنگ دەبەن، هەتا لە سەعودیەش ئەو كرێكار و خزمەتكارانەی لە وڵاتانی دنیاوە بۆی دەچن و كاری تێدا دەكەن زۆر جار هەر بە دەستوری كۆیلە مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت و جاری وا هەیە لێیان دەدرێت و مافیان دەخورێت، واتە عەقڵیەتی كۆیلەكردن هەر ماوە، بەتایبەتی كە هەموی چەند دەیەیەكە كۆیلایەتی لەو وڵاتەدا نەماوە.. لەوەش گەڕێ‌ كە پیاوی موسوڵمان زۆر جار هەروەكو مامەڵەی كۆیلە مامەڵە لەگەڵ ژن و كچەكانی دەكات.. هەتا هەندێك هەواڵ و ڕاپۆرت باس لەوە دەكەن هەندێك ئەمیری سەعودی كچ دەهێنن بە ناوی عومرەوە و بۆ لەشفرۆشی بەكاریان دەهێنن.
بە كورتی: هەڵوێستی ئیسلام بەرامبەر كۆیلە بەگشتی ئەوەیە: ئەگەر نەبو ئەوە لە دەسكەوتی جەنگ لەگەڵ كافران دەست دەكەوێت. ئەگەر هەبو ئەوە كۆمەڵێك ئەحكامی خۆیان هەیە: نابێت كەنیزەكان وەكو خانمەكان خۆیان داپۆشن، سزای زینایان نیوەی سزای ئازادەكانە، ڕاكردنیان (ئەوانەیان بە پارە كڕاون) لە دەست گەورەكانیان سزای قورسی هەیە (ئەم سزا قورسەیش بەجێ‌ هێڵراوە بۆ گەورەكانیان، كە ئەگەر بگاتە ڕادەی كوشتنیش شەرع لاریی لێی نیە! بەپێی حەدیسێكیش "كۆیلەی هەڵهاتو لە گەورەكەی، كافر دەبێت".. كە شاریحەكانی حەدیس پینەی دەكەن و دەڵێن: "مەبەستی لە (كافر) (نمەك نەناس) ـە"! یان "ئەگەر هەڵهاتنەكەی بە حەڵاڵ زانی بەڕاستی كافر دەبێت"!).. جار جارێكیش بۆ كەففارەتی هەندێك گوناهی گەورەكانیان قلەقلە لێیان ئازاد دەكرێت. ئەم ئازادكردنەیش تەنها كۆیلەی موسوڵمان دەگرێتەوە، ئەگەر موسوڵمان نەبو ئەوە هیچ! جگە لەوەی لە حاڵەتی كەففارەتی كەوتنی سوێنددا مەسەلەكە ئیختیاریە و دو ئیختیاری تریش هەیە: یان (خۆراكپێدانی دە هەژار یان پۆشتەكردنیان)، یان (ڕۆژوی سێ‌ ڕۆژ). كە بۆ موسوڵمان (ڕۆژوی سێ‌ ڕۆژ) زۆر ئاسانە و بەئاسانی ئەم ئیختیارەیان هەڵ‌دەبژێرێت.