خۆپێشاندان له‌ بیری ئایینیی ئیسلامی‌دا

خۆپێشاندان له بیری ئایینیی ئیسلامی‌دا
(حوكمی خۆپێشاندان له ئیسلامدا)
خۆپێشاندان له‌نێوان (حهرامبون) و (واجیب‌بون) دا

سه‌روه‌ر پێنجوێنی 
 
بیری ئایینی له كۆمه‌ڵگای نوێ‌دا، له هه‌مو لایه‌نێكه‌وه توشی نامۆبون ده‌بێت. ئه‌و چالاكیه مه‌ده‌نیانه‌ی له كۆمه‌ڵگای نوێ‌دا ده‌بنه دیمه‌نی ئاسایی و شێواز و ڕێگه‌چاره‌ی یاسایی و سروشتی بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی و داواكاریی مافه‌كان و ئازادیه‌كان؛ ڕێبه‌ره ئایینیه‌كان توشی شۆك و په‌شۆكان ده‌كه‌ن و نازانن چۆن مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌ن، چونكه هه‌ست ده‌كه‌ن كه پێشینه‌یه‌كی هاوشێوه‌یان له دابونه‌ریتی ئایینی ئه‌واندا نیه. سه‌رباره‌ی ئه‌وه‌ش هه‌ست ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ بیری ئایینیی ئه‌واندا ناگونجێن كه له‌سه‌ر گوێڕایه‌ڵیی هاوڵاتیان وه‌ستاوه بۆ یاسایه‌كی پیرۆز كه مشت‌ومڕ هه‌ڵ ناگرێت و ده‌سه‌ڵاتێكی پیرۆز كه خۆی به خاوه‌ن و جێبه‌جێكه‌ری ئه‌و یاسا پیرۆزه ده‌زانێت.
خۆپێشاندان چالاكییه‌كی مه‌ده‌نیه، نامۆیه به بیری ئایینی كه هه‌ڵقوڵاوی كۆمه‌ڵگا كۆن و تهقلیدیهكانه. بۆیه بیری ئایینی یان به‌توندی و ڕاشكاوی ڕه‌تی ده‌كاته‌وه ئه‌گه‌ر خۆپێشاندانێكی دیاریكراو له‌دژی به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌ڵگرانی ئه‌و بیره ئایینیه بێت، یان له‌خۆی ده‌گرێت و پشتگیریی ده‌كات ئه‌گه‌ر له به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌و گروپه ئایینیه‌دا بێت كه هه‌ڵگر و به‌رهه‌مهێنه‌ری ئه‌و بیره ئایینیه‌ن، به‌ڵام دوای شێواندنی و لێكدانه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌كی ئایینی و نزیككردنه‌وه‌ی له هه‌ندێك چه‌مكی ئایینی كه به‌ڕواڵه‌ت لێكچونیان هه‌یه، وه‌كو چه‌مكی (نه‌هی له مونكه‌ر) و (كلمة حق عند سلطان جائر) و (الثورة على الظالم) و (جیهاد) و (شۆڕش به‌سه‌ر عه‌لمانیه‌تدا)(!).
بۆیه پیاوانی ئایینیی ئیسلامی و ڕێبه‌ره موسوڵمانه‌كان، ده‌بنه دو به‌شه‌وه، كاتێك هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرن به‌رامبه‌ر خۆپێشاندان و ڕێپێوان و ناڕه‌زایی ده‌ربڕین. به‌شێكیان قه‌ده‌غه (حه‌رام) ی ده‌كه‌ن و پێیان وایه نامۆیه به ئیسلام و دابونه‌ریتی ئیسلامی.. به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر بزانن خۆپێشاندان له به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌دا نیه كه ئه‌وان له‌ژێر سایه‌یدا ده‌سه‌ڵاتی ئایینیی خۆیان پیاده ده‌كه‌ن. به‌شێكی تریشیان، ئه‌گه‌ر بزانن خۆپێشاندان له به‌رژه‌وه‌ندییاندایه و ده‌بێته ده‌روازه‌یه‌ك بۆ چالاكبونیان و زاڵبونیان، دێن خۆپێشاندانه‌كان له خۆ ده‌گرن دوای ناونانیان به ناوی ئایینی و بڕینی به‌رگێكی ئایینی به به‌ریاندا.
تاقمی یه‌كه‌م به‌ڕاشكاوی گوزارش له‌وه ده‌كه‌ن كه خۆپێشاندان نامۆیه به دابونه‌ریتی ئیسلامی. له‌وانه (ئیبن عوثهیمین) كه ده‌ڵێت: خۆپێشاندان شتێكی تازه‌بابه‌ته، له سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ر و خه‌لیفه ڕاشیده‌كان و صهحابیهكانی تردا نه‌بوه و نه‌ناسراوه (.. فإن المظاهرات أمر حادث، لم يكن معروفًا في عهد النبي صلى الله عليه وسلم ولا في عهد الخلفاء الراشدين، ولا عهد الصحابة رضي الله عنهم). جگه له‌وه‌ش، ئیبن عوثهیمین، وه‌كو هه‌مو ئه‌وانه‌ی خۆپێشاندان به نامۆ به ئیسلام داده‌نێن، هه‌ندێك بیانوی تریش ده‌هێننه‌وه، وه‌كو ئه‌وه‌ی ئاژاوه و وێرانكاری و شكاندنی ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌ی لێ ده‌كه‌وێته‌وه(!)، و هه‌رچه‌ند به شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه ده‌ست پێ ده‌كات به‌ڵام له كۆتاییدا سه‌رده‌كێشێت بۆ وێرانكاری. هه‌روه‌ها ئیبن عوثهیمین ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات و له‌سه‌ری ده‌وستێت كه تێكه‌ڵاوبونی ژن و پیاو و منداڵ و گه‌وره و خراپه و (مه‌فسه‌ده) و (مونكه‌ر) ی تری لێ ده‌كه‌وێته‌وه(!). ئیتر ئه‌مانه لای ئیبن عوثهیمین بیانون بۆ فه‌توادان به نادروستیی خۆپێشاندان! و ده‌گاته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه خۆپێشاندان كارێكی ناڕه‌وا (مونكه‌ر) ه! (لذلك نرى إن المظاهرات أمر منكر) [ئه‌مانه (فؤاد سراج عبد الغفار) له كتێبی "الجواب الأبهر" دا له "ابن عثيمين" ـه‌وه نه‌قڵیان ده‌كات. بڕوانه: فؤاد سراج عبد الغفار، الجواب الأبهر عمن سأل عن الأمر بالمعروف والنهي عن المنكر. دار ابن الأثير، الكويت. الطبعة الأولى، ١٤٢٠هـ. ص. ٧٥.].
سه‌رچاوه‌ی ئه‌م جۆره بیركردنه‌وه ئایینیه كه به‌و شێوه‌یه نامۆیی خۆی له (خۆپێشاندان) ڕاده‌گه‌یه‌نێت؛ ئه‌وه‌یه له ڕوانگه‌یه‌كی ئایینیه‌وه بۆی ده‌ڕوانێت، له ڕوانگه‌ی ده‌رچون (خروج) له فه‌رمانی فه‌رمانڕه‌وای ئیسلامی و شۆڕش به‌سه‌ر فه‌رمانڕه‌وادا، لێكی ده‌ده‌نه‌وه.
ده‌سه‌ڵات، له بیری ئیسلامی‌دا، شتێكی دنیایی نیه، به‌ڵكو بچوكترین ده‌سه‌ڵات وه‌كو سه‌رۆكایه‌تیی گروپێكی بچوك، وه‌كو پله‌یه‌كی ئایینی بۆی ده‌ڕوانرێت، گوێڕایهڵیكردنیشی ده‌بێته ئه‌ركێكی ئایینی، ده‌رچون له‌و گوێڕایهڵیهش و له فه‌رمانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتداره، ده‌بێته تاوانێكی ئایینی و سه‌رپێچی له فه‌رمانی خوا و پێغه‌مبه‌ر و پێی ده‌وترێت (ده‌رچون) (خروج) یانی (یاخیبون و سه‌رپێچی و گێره‌شێوێنی).
ئه‌وه‌ش چونكه له ده‌قه ئیسلامیه بنهڕهتیهكانیشدا ده‌سه‌ڵات سێ پله‌یه: ده‌سه‌ڵاتی خوا، ده‌سه‌ڵاتی پێغه‌مبه‌ر، ده‌سه‌ڵاتی ده‌سه‌ڵاتداران و لێپرسراوان (أولوا الأمر). قورئان ئه‌م سێ ده‌سه‌ڵاته به یه‌كه‌وه و به‌م ڕیزبه‌ندیه ده‌هێنێت. ئینجا هه‌رچه‌ند له كه‌له‌پوری ته‌فسیریی ئیسلامی‌دا هه‌وڵ دراوه (أولوا الأمر) به (زانایانی ئایینی) (العلما‌ء) لێك بدرێته‌وه، به‌ڵام ئه‌و لێكدانه‌وه‌یه‌ی تر سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست هێناوه و به قه‌ولی ته‌به‌ری بوه‌ته بیروڕای په‌سه‌ند و لێكدانه‌وه‌ی دروست، ئه‌وه كه ده‌ڵێت (أولوا الأمر) بریتین له ئه‌میره‌كان (الأمراء) و والیه‌كان (الوُلاة)، ئه‌مه‌ش یانی هه‌مو ده‌سه‌ڵاتدار و فه‌رمانڕه‌وا و لێپرسراوی موسوڵمان.
گوێڕایه‌ڵیی فه‌رمانڕه‌وا (ولي الأمر)، له بیری ئیسلامی‌دا، له خۆیدا فهزیلهتێك و ئه‌ركێكی ئایینیه. به شێوه‌یه‌ك گه‌لێك له شه‌رعزانه‌كان له ڕابردودا و تا ئێستاش، پێیان وا بوه كه به هیچ شێوه‌یه‌ك دروست نیه هیچ كه‌سێك له گوێڕایه‌ڵیی فه‌رمانڕه‌وای موسوڵمان ده‌ربچێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و فه‌رمانڕه‌وایه سته‌مكاریش بێت.. چونكه پێیان وایه مانه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته و ملكه‌چیی هاوڵاتیان بۆی یه‌كڕیزیی موسوڵمان ده‌پارێزێت و ئه‌مه‌ش گرنگتره له لابردنی سته‌مكاریی ئه‌و فه‌رمانڕه‌وایه كه به‌شێك له هاوڵاتیان لێی زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن.
هه‌ر بۆیه ئه‌م تاقمه پێیان وایه كه ده‌بێت هاوڵاتیی موسوڵمان ته‌نها به ئامۆژگاری (نهصیحه) و ناردنی نامه (موكاتهبه) و پێشكه‌شكردنی پێشنیار داواكاریه‌كانی خۆی بگه‌یه‌نێت به فه‌رمانڕه‌وای موسوڵمان، نه‌ك بێته سه‌ر شه‌قامه‌كان و به هوتافكێشان كارێك بكات كه وه‌كو ده‌رچون و یاخیبون وا بێت له گوێڕایه‌ڵیی فه‌رمانڕه‌وا.
هه‌ر بۆیه (مه‌لا به‌شیر) خۆپێشانده‌رانی به (خوارج) چواند. ئه‌مه‌ش یانی خۆپێشاندان لای ئه‌و به‌رامبه‌ره به چه‌مكی (خروج) له زاراوه‌ی ئیسلامی‌دا. چه‌مكه‌كه له ڕاستیدا ته‌نها ناوی گروپێكی ئیسلامیی كۆنی نیمچهقڕكردو نیه كه پێیان وتراوه (خاریجیه‌كان) (الخوارج) و ناسراون به‌وه‌ی له زۆرینه‌ی موسوڵمانان جیابونه‌ته‌وه و (عه‌لی) و زۆرێك له موسوڵمانانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌یان كوشتوه و غافڵكوژییان كردوه.. به‌ڵكو چه‌مكی (خروج) له ڕابردوی بیری ئیسلامی‌دا بوه‌ته ناونیشانی هه‌مو یاخیبونێك له ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی و ده‌رچونێك له فه‌رمان و بڕیاره‌كانی و هه‌مو ناڕه‌زایی ده‌ربڕینێك.. به‌تایبه‌تی به واتا نێگه‌تیڤه‌كه‌ی، واته یاخیبونی كه‌سێك یان گروپێك له‌و ده‌سه‌ڵاته ئیسلامیه‌ی كه به‌یعه‌تی له موسوڵمانان وه‌رگرتوه و جێی ڕه‌زامه‌ندیی ئایینیی ئه‌وانه.. هه‌رچه‌ند خۆی له بنه‌ڕه‌تدا گشتیه و هه‌مو شۆڕش و ناڕه‌زایییه‌ك ده‌گرێته‌وه (به گوزارشی "خَرَجَ على.."). بۆ نمونه هه‌ندێك جار بۆ شۆڕشی ئیمامه‌كانی (ئه‌هلی به‌یت) یش به‌كار هاتوه. به‌ڵام چه‌مكه‌كه به شێوه باوه‌كه‌ی له‌سه‌ر شێوه نێگه‌تیڤه‌كه‌ی جێگیر بوه، به‌و شێوه‌یه‌ی له ناوی گروپی (خاریجیه‌كان) واته (خه‌واریج) دا هه‌ستی پێ ده‌كرێت.
ئه‌وه‌مان له یاد ناچێته‌وه، كاتێك (عه‌بدولعه‌زیز ئیبن سه‌عود) دامه‌زرێنه‌ری شانشینیی سه‌عودی، ویستی سه‌رانی یاخیبوی سوپای (ئیخوان) و هێزه‌كانیان له‌ناو به‌رێت، موفتی و مه‌لاكانی ژێر سایه‌ی فه‌توایان بۆ دا كه ئه‌وانه (خه‌واریج) ـن و كوشتار (قتال) یان دروسته. ئیتر ئه‌وه بو (ئیبن سه‌عود) به سوپا بنه‌ڕه‌تیه‌كه‌ی ڕوبه‌ڕوی هێزه‌كانی ئه‌و سه‌ره یاخیبوانه‌ی (ئیخوان) بوه‌وه و له چه‌ند جه‌نگێكی نابه‌رابه‌ردا له‌ناوی بردن.
ئه‌مه‌یه خهتهرناكیی چه‌مكی (خروج) ی ئیسلامی و تۆمه‌تی (خهواریجبون)، كه ئه‌و ناڕهزابونه ده‌كاته (فیتنه) یه‌ك كه ده‌بێته پاساو بۆ سه‌ركوتكردنی و ڕوبه‌ڕونه‌وه‌ی چه‌كدارانه و خوێناوی له‌گه‌ڵیدا له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامیه‌وه. ئه‌و چه‌مكه (واته "خروج") به‌م واتا و سێبهرهواتایانه بارگاویه، به‌ڵكو سه‌ره‌نجام و ئاكامه (شه‌رعی) ه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه.
ئه‌مه‌ش یانی قسه‌كه‌ی (مه‌لا به‌شیر) ته‌نها پاساوێك نیه بۆ سه‌ركوتكردنی خۆپێشاندان كه ده‌یخاته به‌ر ده‌ستی ده‌سه‌ڵات، به‌ڵكو ئه‌وه گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كه بۆ بیری ئیسلامیی كۆن و ڕیشه و بنه‌ڕه‌تی ته‌واوی هه‌یه له بیری ئیسلامیی كۆندا.. ئه‌وه‌نده هه‌یه هه‌ڵبژاردنی ئه‌م چه‌مكه و به‌گه‌ڕخستن (توظيف) ی له‌لایه‌ن (مه‌لا به‌شیر) ه‌وه پاڵنه‌ری سیاسیی ئاشكرا و مهكشوفی خۆیی هه‌یه. ئه‌مه‌ش هه‌م ده‌بێته به‌گه‌ڕخستن و به‌كه‌ڵكهێنانی چه‌مكی ئایینی بۆ مه‌به‌ستی سیاسی و ڕه‌نگكردنی (سیاسه‌ت) به بۆیه‌ی (ئایین)، هه‌م ده‌بێته سه‌پاندنی ئامانج و مه‌به‌ستی ئایینی به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌تدا.
بۆ ئه‌وه‌ی بزانرێت ئه‌و قسه‌یه‌ی (مه‌لا به‌شیر) چ پێگه‌یه‌كی له بیری ئیسلامیی به‌تایبه‌تی وه‌ههابیدا هه‌یه و له بۆشاییه‌وه نه‌هاتوه و ته‌نها (زهللـهی قه‌ڵه‌م) و (سه‌بقی لیسان) نیه كه دوایی به پهردهپۆشكردنێك پینه بكرێت، قسه و فه‌توای هه‌ندێك له مهڕجیعه ئایینیه‌كانی سه‌عودیه بیر ده‌خه‌ینه‌وه كه له هه‌مان ئاواز ده‌خوێنن و هه‌مان شت ده‌ڵێن ده‌رباره‌ی خۆپێشاندان و خۆپێشانده‌ران. له‌مانه:
زانای ئایینیی كۆچكردو (مه‌لا صالیح بن عه‌لی بن غهصون) (الشيخ صالح بن علي بن غصون) (١٣٤١ ـ ١٤١٩ك.) كه ده‌رباره‌ی (خۆپێشاندان) و (ڕێپێوان) و (تیرۆركردن) پرسیاری لێ كراوه ئایا ئه‌مانه له ئامڕازه‌كانی بانگه‌واز (ده‌عوه) یان (جیهاد) ن؟ ئه‌ویش ده‌ڵێت: ئه‌و ڕێگه و شێوازه توند و ئاژاوه‌گێڕیانه كاری شه‌یتانین و هه‌مان بنچینه‌ی بانگه‌وازی (خه‌واریج) ن كه ویستویانه به به چه‌ك و توندوتیژی و (ته‌كفیر) ئه‌و شتانه بگۆڕن كه ناپه‌سه‌ندن یان ئه‌وان به ناپه‌سه‌ندیان داده‌نێن (وأما أن الإنسان يسلك مسلك العنف أو أن يسلك مسلك ـ والعياذ بالله ـ أذى الناس أو مسلك التشويش أو مسلك الخلافات والنزاعات وتفريق الكلمة؛ فهذه أمور شيطانية وهي أصل دعوة الخوارج.. الذين ينكرون المنكر بالسلاح وينكرون الأمور التي لايرونها وتخالف معتقداتهم بالقتال وبسفك الدماء وبتكفير الناس..). ئه‌مه‌ش له گۆڤاری (سفينة النجاة) (ژماره ٢، كانونی دوه‌م، ١٩٩٧).
هه‌روه‌ها (الشيخ صالح الأطرم)، ئه‌ندامی پێشوی ده‌سته‌ی گه‌وره زانایان (هيئة كبار العلما‌ء) و لیژنه‌ی فه‌توا، هه‌ر ده‌رباره‌ی خۆپێشاندان پرسیاری لێ كراوه كه ئایا ده‌كرێت به وه‌سیله‌یه‌ك له وه‌سیله‌كانی بانگه‌واز (ده‌عوه) دابنرێت، ئه‌ویش ده‌ڵێت: (به‌ڵكو وه‌سیله‌یه‌كه له وه‌سیله‌كانی شه‌یتان) (هي من وسائل الشيطان)!! هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: ئه‌و یاخیبونهش كه ڕوی دا و به‌رۆكی حه‌زره‌تی عوثمانی گرت هه‌ر خۆپێشاندان بو، ئه‌و "خوارج" انه‌ی لێی یاخی بون خۆپێشانده‌ر بون (الخوارج الذين خرجوا على عثمان كانت مظاهرات).
به هه‌مان شێوه مه‌رجیعه وه‌ههابیه‌كانی تریش، خۆپێشاندان به شێوازی ناشه‌رعی و نادروست ده‌زانن و به فه‌توا (حه‌رام) ی ده‌كه‌ن:
زانای ئایینیی گه‌وره (ئه‌لبانی)، له فه‌توایه‌كیدا ده‌ڵێت: دیارده‌ی خۆپێشاندان لاساییكردنه‌وه‌ی بێباوه‌ڕانی تێدایه له شێوازی ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی له‌و یاسایانه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران ده‌یسه‌پێنن یان بۆ ده‌ربڕینی ڕه‌زامه‌ندی له هه‌ندێك بڕیار و یاسا (إن التظاهر ظاهرة فيها تقليد للكفار في أساليب استنكارهم لبعض القوانين التى تفرض عليهم من حكامهم أو إظهار منهم لرضا بعض الأحكام أو القرارات)، و ده‌ڵێت: سه‌رباری ئه‌وه‌ش ئه‌و خۆپێشاندانه ئورۆپاییانه، كه موسوڵمانانیش لاساییان ده‌كه‌نه‌وه، وه‌سیله و هۆكارێكی شه‌رعی نیه بۆ چاككردنی كۆمه‌ڵگا، و لێره‌وه هه‌مو گروپ و حیزبه ئیسلامیه‌كان هه‌ڵه ده‌كه‌ن كاتێك ڕێگه‌ی پێغه‌مبه‌ر ناگرنه به‌ر له گۆڕینی كۆمه‌ڵگادا، چونكه گۆڕینی كۆمه‌ڵگا له یاسای ئیسلامی‌دا به هوتافكێشكان و هاواركردن و خۆپێشاندان نابێت، به‌ڵكو به‌بێده‌نگی و به بڵاوكردنه‌وه‌ی عیلمی شه‌رعی له‌نێوان موسوڵمانان و په‌روه‌رده‌كردنیان ده‌بێت هه‌تا ئه‌و په‌روه‌رده‌یه به‌رهه‌م ده‌دات ئه‌گه‌ر دوای ماوه‌یه‌كی زۆریش بێت (أضيف إلى ذلك شيئاً آخر، وهو: هذه التظاهرات الأوروبية ثم التقليدية من المسلمين، ليست وسيلة شرعية لإصلاح المجتمع، ومن هنا يخطئ كل الجماعات وكل الأحزاب الإسلامية الذين لا يسلكون مسلك النبي في تغيير المجتمع، لا يكون تغيير المجتمع في النظام الإسلامي بالهتافات والصيحات والتظاهرات، وإنما يكون ذلك على الصمت وعلى بث العلم بين المسلمين وتربيتهم على الإسلام حتى تؤتي هذه التربية أكلها ولو بعد زمن بعيد)، ئینجا ده‌ڵێت: به‌كورتی ده‌رباره‌ی ئه‌و خۆپێشاندانانه‌ی كه له هه‌ندێك له وڵاتانی ئیسلامی‌دا به‌رپا ده‌بن، ده‌ڵێم: ئه‌مه له بنه‌ڕه‌ته‌وه لادانه له ڕێوشوێنی موسوڵمانان و خۆچواندنه به بێباوه‌ڕان (أقول ـ باختصار ـ عن التظاهرات التي تقع في بعض البلاد الإسلامية: أصلا هذا خروج عن طريق المسلمين وتشبه بالكافرين). فه‌توای ژ. (٥٠)، له كاسێتی ژ. (٢١٠) ی زنجیره‌ی (سلسلة الهدى والنور).
(ئیبن باز)، كاتێك پرسیاری لێ ده‌كه‌ن: (خۆپێشاندانی پیاوان و ژنان له‌دژی فه‌رمانڕه‌وایان و كاربه‌ده‌ستان به هۆكارێكی بانگه‌واز (ده‌عوه) داده‌نرێت یان نا؟ ئه‌وه‌ی له‌و خۆپێشاندانه‌دا ده‌مرێت؛ شه‌هیده یان نا؟)؛ وتویه‌تی: خۆپێشاندان هۆكاری فیتنه و ئاژاوه‌گێڕی و خراپه‌كاریه، و سه‌ر ده‌كێشێت بۆ سته‌م و ده‌ستدرێژی (تهعهددی) له خه‌ڵك (أرى أنها من أسباب الفتن ومن أسباب الشرور ومن أسباب ظلم بعض الناس والتعدي على بعض الناس بغير حق).. و پێی وایه كه ڕێپێوانی سه‌ر شه‌قام و هوتافكێشان چاره‌سه‌ر نیه و ڕێگه‌ی دروستی چاكسازی نیه! به‌ڵكو ده‌ڵێت ڕێگا و ئامڕازی شه‌رعی بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ی كاربه‌ده‌ستان بریتیه له: نامه بۆ نوسین (المكاتبة)، و گفتوگۆ و ئامۆژگاری، و بانگه‌واز بۆ چاكه به ڕێگه و شێوازی (ئه‌هلی عیلم و هاوه‌ڵانی پێغه‌مبه‌ر و شوێنكه‌وتوانیان)، به‌بێ ناوزڕاندن (التشهیر) و باسكردنی كار و كرده‌وه‌ی ئه‌و كاربه‌ده‌سته له‌سه‌ر مینبهرهكان و شوێنه‌كانی تر (.. بالمكاتبة والمشافهة مع الأمير ومع السلطان والاتصال به ومناصحته والمكاتبة له دون التشهير في المنابر وغيرها بأنه فعل كذا وصار منه كذا). ئه‌مه كه له كاسێتێكدا هاتوه به ناوی (مقتطفات من أقوال العلما‌ء).
هه‌روه‌ها (ئیبن باز) وتویه‌تی: شێوازی خراپ و توند هۆكاری ڕه‌تكردنه‌وه‌ی حه‌ق و وهرنهگرتنیهتی، و به هه‌مان شێوه نانه‌وه‌ی پشێوی و سته‌م و ده‌ستدرێژی و مانگرتن، و هه‌روه‌ها ئه‌و خۆپێشاندانه‌ی خه‌ڵك ده‌یكه‌ن كه كێشه‌ی گه‌وره بۆ بانگخوازان دره‌ست ده‌كه‌ن، چونكه ڕێپێوان و هوتافكێشان به شه‌قامه‌كاندا ڕێگه‌ی چاكسازی و بانگه‌واز نیه (الأسلوب السيئ العنيف من أخطر الوسائل في رد الحق وعدم قبوله، أو إثارة القلاقل والظلم والعدوان والمضاربات، ويلحق بهذا الباب ما يفعله بعض الناس من المظاهرات التي تسبب شرّا عظيما على الدعاة، فالمسيرات في الشوارع والهتافات ليست هي الطريق للإصلاح والدعوة). ئیتر ده‌ڵێت: ڕێگه ڕاسته‌كه بریتیه له سه‌ردانی كاربه‌ده‌ست و ناردنی نامه بۆی و ئامۆژگاریكردنی، نه‌ك به توندوتیژی و خۆپێشاندان، ئه‌وه‌تا پێغه‌مبه‌ر ١٣ ساڵ له مه‌ككه مایه‌وه و له‌و ماوه‌یه‌دا خۆپێشاندان و ڕێپێوانی به‌كار نه‌هێنا و هه‌ڕه‌شه‌ی خراپكردنی ماڵوسامانی خه‌ڵك و غافڵكوژكردنیانی نه‌كردوه، و بێ گومان ئه‌م شێوازه زیانی بۆ بانگه‌واز و بانگخوازان هه‌یه و ده‌بێته ڕێگر له‌به‌رده‌م بڵاوبونه‌وه‌ی بانگه‌وازدا، و وا له سه‌رۆكه‌كان و كاربه‌ده‌ستان ده‌كات به هه‌مو شێوه‌یه‌ك كه پێیان بكرێت دژایه‌تی و به‌رهه‌ڵستیی بكه‌ن (الطريق الصحيح: بالزيارة، والمكاتبات بالتي هي أحسن فتنصح الرئيس، والأمير، وشيخ القبيلة بهذه الطريقة، لا بالعنف والمظاهرة، فالنبي ـ صلى الله عليه وسلم ـ مكث في مكة ثلاث عشرة سنة لم يستعمل المظاهرات ولا المسيرات، ولم يهدد الناس بتخريب أموالهم، واغتيالهم، ولا شك أن هذا الأسلوب يضر بالدعوة والدعاة، ويمنع انتشارها ويحمل الرؤساء والكبار على معاداتها و مضادتها بكل ممكن..). گۆڤاری (البحوث الإسلامية)، ژ. (٣٨)، لا. ٢١٠.
هه‌روه‌ها له چاوپێكه‌وتنێكدا ده‌ڵێت: به‌شداریكردنی خۆپێشاندان و ڕێپێوان كارێكی باش نیه، و له خو و نه‌ریتی هاوه‌ڵانی پێغه‌مبه‌ر و شوێنكه‌وتوانیان نیه، به‌ڵكو بریتیه له ئامۆژگاری و ڕێنمایی و فه‌رمان به چاكه و نه‌هی له خراپه و هاوكاری له چاكه‌كاری و له‌خواترساندا، ئه‌مه‌یه ڕێوشوێنی په‌یڕه‌وكراو.. (الخروج في المظاهرات والمسيرات ليس طيبا، وليس من عادة أصحاب الرسول، ومن تبعه بإحسان، إنما النصيحة والتوجيه والأمر بالمعروف والنهي عن المنكر والتعاون على البر والتقوى، وهذه هي الطريقة المتبعة).. ئینجا دوای خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند ئایه‌تێك كه باسی (فه‌رمان به چاكه و نه‌هی له خراپه) ده‌كه‌ن و ئه‌و حه‌دیسه‌ی كه ده‌ڵێت (ئه‌وه‌ی خراپه "مونكه‌ر" ێكی بینی؛ با به ده‌ستی بیگۆڕێت، ئه‌گه‌ر نه‌یتوانی؛ به زمانی، ئه‌گه‌ر نه‌یتوانی؛ به دڵی، ئه‌مه‌ش لاوازترین) (من رأى منكم منكرا؛ فيلغيّره بيده، فإن لم يستطع؛ فبلسانه، فإن لم يستطع؛ فبقلبه، وذلك أضعف الإيمان)، ده‌ڵێت: نه‌هێشتنی خراپه به ده‌ست؛ ئیشی خه‌لیفه (إمام) یان فه‌رمانڕه‌وا (أمیر) یان ئه‌و ده‌سته‌یه‌یه كه ڕێنمایی پێ دراوه، به‌ڵام بۆ تاكه‌تاكه‌ی خه‌ڵك؛ ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت به‌ده‌ست خراپه نه‌هێڵن؛ ئه‌وا ئاژاوه و دوبه‌ره‌كیی لێ ده‌كه‌وێته‌وه و بێ‌سود ده‌بێت (فالإنكار بالفعل يكون من الإمام أو الأمير أو من الهيئة التي لها تعليمات، وأما أفراد الناس إذا أنكروا باليد فتكون الفتنة والنزاع والفرقة وتضييع الفائدة)، ئینجا ده‌ڵێت: بۆیه له‌سه‌ر هه‌ر كه‌سێك پێویسته ئامۆژگاری بكات و ڕێنمایی بدات و باسی ئه‌وه بكات بۆ خه‌ڵك چی چاكه و چی خراپه، ئیتر خاوه‌نماڵ بۆ ماڵومنداڵی خۆی، و داموده‌زگا به‌پێی توانای خۆی، و هه‌روه‌ها فه‌رمانڕه‌وا؛ ئه‌مانه بۆیان ههىه به ده‌ست خراپه نه‌هێڵن، به‌ڵام دانه‌دانه‌ی خه‌ڵك؛ ده‌بێت هه‌ر به قسه ڕوبه‌ڕوی خراپه ببنه‌وه، چونكه ناكرێت به ده‌ست هه‌وڵی نه‌هێشتنی خراپه بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڵاكه گه‌وره نه‌بێت و خراپه‌ی زیاتری لێ نه‌بێته‌وه (فيجب على كل شخص أن ينصح بالقول والتوجيه والترغيب والترهيب، أما صاحب البيت على أولاده، والهيئة في نظامها حسب طاقتها، وكذلك الأمير؛ فله الإنكار بالفعل، أما أفراد الناس فعليهم الإنكار بالقول، لأنه لا يستطيع الإنكار بالفعل حتى لا تعظم المصيبة ويعظم الشر). گۆڤاری (الفرقان)، ژ. (٨٢)، لا. ١٢.
 (ئیبن عوثهیمین) یش، پرسیاری لـێ ده‌كه‌ن "ئایا خۆپێشاندان به وه‌سیله‌یه‌كی مه‌شروعی بانگه‌واز (ده‌عوه) داده‌نرێت؟"، ئه‌ویش له وه‌ڵامدا ده‌ڵێت: خۆپێشاندان له سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ر و هاوه‌ڵانیدا نه‌بوه، و ئه‌و ئاژاوه و گێرهشێوێنیهی به هۆیه‌وه ڕو ده‌دات وا ده‌كات ببێته كارێكی نامه‌شروع و ناپه‌سه‌ند (مونكه‌ر). وه‌كو پێشتر باسمان كرد. هه‌روه‌ها ـ وه‌كو له كتێبی "فتاوى العلما‌ء الأكابر" دا لێی ده‌گێڕێته‌وه ـ وتویه‌تی: پشتگیریی خۆپێشاندان و مانگرتن و ئه‌و شتانه ناكه‌ین، و به‌بێ ئه‌وانه چاكسازی ده‌كرێت، به‌ڵام دیاره ده‌ستی نادیار هه‌یه كه له ناوه‌وه یان له دره‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئه‌م شتانه بڵاو بكه‌نه‌وه (ولا نؤيد المظاهرات أو الاعتصامات أو ما أشبه ذلك، لا نؤيدها إطلاقاً ويمكن الإصلاح بدونها لكن لابد أن هناك أصابع خفية داخلية أو خارجية تحاول بث مثل هذه الأمور). بڕوانه كتێبی (فتاوى العلما‌ء الأكابر) ی (عبد الملك الرمضاني)، لا. ١٣٩.
هه‌روه‌ها هه‌مان پرسیار (ئایا خۆپێشاندان له هۆكار و ئامڕازه‌كانی بانگه‌وازه) له مه‌لا (صالح ئه‌لفه‌وزان) ده‌كه‌ن، ئه‌ویش ده‌ڵێت: ئه‌م ئایینه‌ی ئێمه ئایینی پاشاگه‌ردانی نیه، به‌ڵكو ئایینی یاسا و هێمنی و ئاسایشه، بۆیه خۆپێشاندان كاری موسوڵمانان نه‌بوه، و لای موسوڵمانان نه‌ناسراوه، و ئیسلام ئایینی هێمنی و پابه‌ندبونه به یاساوه نه‌ك ئاژاوه و فیتنه! ئه‌مه‌یه ئایینی ئیسلام، مافه‌كانیان به داواكاریی شه‌رعی و ڕێگه‌ی شه‌رعی ده‌ست ده‌خرێن، به‌ڵام خۆپێشاندان خوێنڕشتن و خراپكردنی ماڵوسامان به‌رپا ده‌كات و ئه‌مانه‌ش دروست نین (ديننا ليس دين فوضى، ديننا دين انضباط ودين نظام وهدوء وسكينة، والمظاهرات ليست من أعمال المسلمين، وما كان المسلمون يعرفونها، ودين الإسلام دين هدوء ودين رحمة ودين اضباط لا فوضى ولا تشويش ولا إثارة فتن، هذا هو دين الإسلام، والحقوق يتوصل إليها بالمطالبة الشرعية والطرق الشرعية، والمظاهرات تحدث سفك دماء وتحدث تخريب أموال، فلا تجوز هذه الأمور). به هه‌مان شێوه له فه‌توایه‌كی تردا (ڕۆژنامه‌ی "الجزيرة"، ژ. ١١٣٥٨) ده‌ڵێت: ئیسلام خۆپێشاندان په‌سه‌ند ناكات چونكه خۆپێشاندان سه‌ر ده‌كێشێت بۆ ئاژاوه و تێكچونی باری ئاسایش و تیاچونی گیان و ماڵی خه‌ڵك و سوكایه‌تیكردن به كاربهدهستیی ئیسلامی، ئایینه‌كه‌ی ئێمه‌ش ئایینی یاسا و پابه‌ندبون به یاسا و دورخستنه‌وه‌ی خراپه‌كاریه (وأما المظاهرات؛ فإن الإسلام لا يقرها لما فيها من الفوضى واختلال الأمن وإتلاف الأنفس والأموال والاستخفاف بالولاية الإسلامية، وديننا دين النظام والانضباط ودرء المفاسد).ئینجا ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ریش مزگه‌وته‌كان وه‌كو خاڵی ده‌ستپێكی ئه‌م خۆپێشاندانانه به‌كار بهێنرێن؛ ئه‌وا ئه‌مه خراپه‌یه‌كی زیاتره و بێڕێزیكردنه به‌رامبه‌ر مزگه‌وت و ترساندنی ئه‌وانه‌یه هاتوچوی ده‌كه‌ن و په‌رستشی تێدا ده‌كه‌ن، له كاتێكا ته‌نها بۆ یادی خوا و نوێژ و خواپه‌رستی و دڵنیایی بنیات نراوه (وإذا استخدمت المساجد منطلقا للمظاهرات والاعتصامات؛ فهذا زيادة شر وامتهان للمساجد وإسقاط لحرمتها وترويع لمرتاديها من المصلين والذاكرين الله فيها، فهي إنما بنيت لذكر الله والصلاة والعبادة والطمأنينة).
به هه‌مان شێوه مه‌لا (عبد العزيز الراجحي) له‌سه‌ر خۆپێشاندان ده‌ڵێت: (ئه‌م خۆپێشاندانانه له بابه‌تی كرده‌وه‌ی موسوڵمانان نین، شتێكی هێنراو و بێگانه‌ن، پێشتر لای موسوڵمانان نه‌بون، و ته‌نها له وڵاته خۆرئاواییه بێباوه‌ڕه‌كانه‌وه زانراوه..) (المظاهرات هذه ليست من أعمال المسلمين، هذه دخيلة، ما كانت معروفة إلا من الدول الغربية الدول الكافرة). هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر كه‌سێك پێی وا بێت كه خۆپێشاندان وه‌سیله‌یه‌كی شه‌رعیه؛ ده‌بێت پێگه‌ی ئه‌و بابه‌ته له (سوننه‌ت) دا دیاری بكات، بۆیه ده‌بێت به‌ڵگه بهێنێته‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پێغه‌مبه‌ر خۆپێشاندانی كردبێت یان خۆپێشاندانی كه‌سێكی په‌سه‌ند كردبێت یان خۆپێشاندانی له كه‌سێك بینیبێت و ڕێی لێ نه‌گرتبێت (فأين السنّة في هذا؟ السنّة هي: فعل النبي صلى الله عليه وسلم وقوله وتقريره، فعلى هذا المفتي أن يأتي بالدليل على أن النبي صلى الله عليه وسلم فعل المظاهرة أو أقر أحدا على فعل المظاهرة؟).
هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ی خۆپێشاندان پرسیار له موفتیی گشتیی شانشینیی عه‌ره‌بیی سه‌عودی و سه‌رۆكی گشتیی ده‌سته‌ی گه‌وره زانایانی ئایینی (مه‌لا عه‌بدولعه‌زیز ئال شه‌یخ) (الشيخ عبد العزيز آل الشيخ) ده‌كرێت (گۆڤاری "الدعوة"، ژ. ١٩١٦. لا. ١٦)، ئه‌ویش ده‌ڵێت: خۆپێشاندان ته‌نها ئاژاوه‌گێڕیه و كاری كه‌سانێكه كه بیركردنه‌وه‌یه‌كی خراپیان هه‌یه و به‌رژه‌وه‌ندی و زیان جیا ناكه‌نه‌وه (ما هي إلا فوضوية ومن أناس لديهم فساد تصور وقلة إدراك للمصالح من المفاسد)..
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: داواكردنی شت به شێوازی گونجاو ده‌بێت، ئیتر ئه‌و ئاژاوه‌گێڕی و خۆپێشاندانانه ڕه‌وشتی موسوڵمانان نیه، موسوڵمانان ئاژاوه‌گێر نین، موسوڵمانان ئه‌ده‌ب و ڕێز و گوێڕایه‌ڵییان هه‌یه بۆ فه‌رمانڕه‌واكانیان(!) (إن المطالبة بالأشياء تأتي بالطرق المناسبة أما الفوضويات وهذه المظاهرات فهي من أخلاق غير المسلمين،المسلم ليس فوضويا، المسلمون ليسوا فوضويين، المسلمون أهل أدب واحترام وسمع وطاعة لولاة الأمر).
و ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر كه‌سێك داواكارییه‌كی هه‌یه كه پێی وایه به‌رژه‌وه‌ندیی له‌وه‌دایه؛ ئه‌وا به‌رپرسان شوێن و نوسینگه‌كانیان كراوه‌ن و ئاماده‌ن پێشوازی له هه‌ر كه‌سێك بكه‌ن، به‌ڵام ئاژاوه‌گێڕی نامۆیه به كۆمه‌ڵگای چاكی ئێمه، كۆمه‌ڵگای ئێمه ئه‌م شتانه ناناسێت، جگه لای كۆمه‌ڵێك نه‌بێت كه هیچ نرخ و پێگه‌یه‌كیان نیه (إذا كان لأحدهم طلب شي‌ء يرى أن فيه مصلحته؛ فالحمد لله أن المسؤلين أماكنهم ومكاتبهم مفتوحة لا يستنكرون على أن يستقبلوا أي أحد. أما الفوضويات؛ فهي غريبة عن مجتمعنا الصالح ولله الحمد، ومجتمعنا لا يعرف هذه الأشياء، إنما هذه من فئة لا اعتبار لها).
ئینجا ده‌ڵێت: چاكسازی (الإصلاح) بریتیه له بانگه‌واز و هاندانی خه‌ڵك بۆ چاكه و به‌رده‌وامی له‌سه‌ر چاكه‌كردن و هه‌وڵدان له‌پێناوی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیاندا به ڕێگه و شێوازه شه‌رعیه‌كان. ئیتر ئه‌و چاكسازیه‌ی ئه‌وانه ده‌یانه‌وێت به ئاژاوه و پشێویی نامۆ به كۆمه‌ڵگا و وڵاتی ئێمه بگه‌ن پێی؛ ئه‌وه شتانێكی ناپه‌سه‌ندن لای ئێمه و ئیدانه‌ی ده‌كه‌ین، و ئامۆژگاریی برایانی موسوڵمانمان ده‌كه‌ین كه له‌وه حاڵی ببن كه ئه‌م بابه‌تانه هیچ ئامانجێك ناهێننه دی به‌ڵكو ته‌نها ئاژاوه به‌رپا ده‌كه‌ن (إن مفهوم الإصلاح الدعوة وحث الأمة على الخير والاستقامة على الخير والسعي في مصالحها وفي إصلاحها بالسبل والطرق الشرعية. أما الاصلاح الذي يرجو أولئك من خلال الفوضى والغوغاء الغريبة على واقع مجتمعنا والغريبة على بلدنا؛ فهي أشياء نستنكرها ونشجبها، وننصح إخواننا المسلمين أن يتفهموا أن هذه القضايا لا تحقق هدفا وإنما تنشر الفوضى).
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: بیستومانه كه خه‌ڵكانێك ده‌یانه‌وێت خۆپێشاندان و ناڕه‌زایی ده‌ربڕین بكه‌ن له‌م وڵاته‌دا، ئه‌وه كارێكی (حه‌رام) ـه و به‌شداریكردنی و بره‌وپێدانی (حه‌رام) ـه، چونكه دوبه‌ره‌كی و فیتنه و ناگوێڕایه‌ڵی له ڕیزی موسوڵماناندا دروست ده‌كات و یه‌كڕیزییان له‌ناو ده‌بات(!) (فإن ماسمعنا عنه من اعتزام البعض تنظيم مظاهرات واحتجاجات على ولاة الأمر في هذه البلاد حرسها الله؛ أمر محرم والمشاركة فيه محرمة وكذا الترويج له، لأن هذا من شق عصا الطاعة وفيه تفريق لجماعة المسلمين وافتيات على إمامهم).
به هه‌مان شێوه مه‌لا (صالیح ئهللوحهیدان) (الشیخ صالح اللحیدان) (١٣٥٠ ك. ـ )، وه‌كو ڕۆژنامه‌ی (الرياض) له‌سه‌ر زمانیه‌وه بڵاوی كردوه‌ته‌وه، وتویه‌تی: (خۆپێشاندان و ڕێپێوان له شێواز و ڕێگه‌چاره مهشروعهكان نین.. و ده‌بێت ده‌سه‌ڵات ڕێیان لێ بگرێت..) (المظاهرات والمسيرات ليست من الطرق المشروعة، وأن على السلطة أن تمنع مثل هذه الأمور). ڕۆژنامه‌ی (الرياض)، ژ. (١٢٩١٨).
هه‌روه‌ها مه‌لا (ئه‌حمه‌د نه‌جمی) (الشيخ أحمد النجمي) (١٣٤٦ ك. ـ ) له كتێبی (المورد العذب الزلال) دا، له‌نێو تێبینی و ڕه‌خنه‌كانی له‌سه‌ر شێوازی كاری (ئیخوان موسلیمین)، ده‌ڵێت: (تێبینیی ٢٣هه‌م [له‌سه‌ر ئیخوان]: ڕێكخستنی ڕێپێوان و خۆپێشاندان، ئیسلامیش دان به‌م كاره‌دا نانێت و شتێكی داهێنراوه و له ئیسلامدا نه‌بوه، و كاری بێباوهڕانه و له‌وانه‌وه هاتوه بۆلای ئێمه..) (الملاحظة الثالثة والعشرون: تنظيم المسيرات والتظاهرات، والإسلام لايعترف بهذا الصنيع ولا يقره بل هو مُحدَث من عمل الكفار وقد انتقل من عندهم إلينا).
ئینجا ده‌ڵێت: به‌ڕاستی ئیسلام به ڕێپێوان و خۆپێشاندان سه‌ر ناكه‌وێت، به‌ڵكو به‌و جیهاده سه‌ر ده‌كه‌وێت كه له‌سه‌ر عه‌قیده‌ی دروست و ڕێوشوێنی پێغه‌مبه‌ر بنیات نرابێت (إن الإسلام لا ينتصر بالمسيرات والتظاهرات، ولكن ينتصر بالجهاد الذي يكون مبنيا على العقيدة الصحيحة والطريقة التي سنها محمد بن عبد الله صلى الله عليه وسلم).
و ده‌ڵێت: پێغه‌مبه‌ران و شوێنكه‌وتوانیان توشی جۆره‌ها به‌ڵا و تاقیكردنه‌وه بون و جگه له ئارامگرتن به هیچ شتێكی تر فه‌رمانیان پێ نه‌كراوه (ولقد ابتلي الرسل وأتباعهم بأنواع من الابتلاءات فلم يؤمروا إلا بالصبر).
و ده‌ڵێت: پێغه‌مبه‌ر فه‌رمانی هیچ خۆپێشاندان و غافڵكوژكردنێكی به هاوه‌ڵان نه‌كردوه (... فهو لم يأمر أصحابه بمظاهرات ولا اغتيالات). بڕوانه: (المورد العذب الزلال)، لا. ٢٢٨.
هه‌روه‌ها زانای ئایینیی وه‌هابیی گه‌وره‌ی یه‌مه‌ن مه‌لا (موقبیل وادیعی) (الشيخ مقبل الوادعي)، ئه‌ویش، له كتێبی (الإلحاد الخميني في أرض الحرمين) دا، وتویه‌تی: (و من هه‌میشه له وتاری نوێژی هه‌ینی و نوێژه‌كانی جه‌ژندا وریاییم داوه كه دور بكه‌ونه‌وه له‌و خۆپێشاندانانه) (وقد كنت بحمد الله أحذر من تلكم التظاهرات في خطب العيد وفي خطب الجمعة).
به هه‌مان شێوه (مه‌لا عه‌لی حوذهیفی) (الشیخ علي الحذيفي) ی قورئانخوێنی به‌ناوبانگ و پێشنوێژی مزگه‌وتی پێغه‌مبه‌ر له مه‌دینه، ده‌ڵێت: سه‌یرم دێت له ڕه‌شه‌خه‌ڵك چۆن عه‌قڵی خۆیان فڕێ ده‌ده‌ن و خێرا به‌شداری له ڕێپێوانی خۆپێشاندانی سه‌ر جاده ده‌كه‌ن خۆپێشاندان له بابه‌تی خراپه‌كاری و فه‌ساده، چاكسازییش به قورئان و سوننه‌ت له‌سه‌ر ده‌ستی كاربه‌ده‌ستان (ولاة الأمر) و زانایانه‌وه ده‌كرێت، ئیتر ئه‌م خۆپێشاندانانه به هیچ شێوه‌یه‌ك دروست نین، و بۆ ئێمه‌ی موسوڵمان كه خاوه‌نی شهریعهتین ناشێن.. ئه‌م خۆپێشاندان و وێرانكاریه پێویسته هه‌مومان به هاوڵاتیان و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه ڕوبه‌ڕوی ببینه‌وه هه‌تا تۆوی نامێنێت، به هێزی به‌ڵگه و هێزی ده‌سه‌ڵات! (والعجب من الغوغاء كيف يتخلون عن عقولهم ويسارعون إلى الاشتراك في مسيرة مظاهرات في الشارع لأجل توجيه ظل الشر بواسطة فاكس أو إنترنت بحجة الإصلاح، إن هذه المظاهرات من الفساد، أما الاصلاح بالكتاب والسنة؛ فمن خلال ولاة الأمر والعلما‌ء، وأما المظاهرات؛ لا تجوز بحال، وليست لنا، لأننا أهل شريعة، وهذا التخريب والمظاهرة التى بدأت تظهر توجب علينا جميعا حكاما ومحكومين أن نقف لها بالمرصاد، لتختفي تماما، بقوة الحجة، وبقوة السلطان).
هه‌روه‌ها مه‌لا (صالیح ئالی شه‌یخ) (الشيخ صالح آل الشيخ) وه‌زیری كاروباری ئیسلامی له سه‌عودییه، ده‌ڵێت: مه‌رج نیه هه‌ر هۆكار و ئامڕازێك كه مرۆڤ لای وا بێت سه‌ركه‌وتوه؛ دروست و ڕێگه‌پێدراو بێت، نمونه‌ی ئه‌مه‌ش: خۆپێشاندان. بۆ نمونه: ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی زۆر هاتن و وتیان ئه‌گه‌ر ئێمه خۆپێشاندانێك بكه‌ین؛ ئه‌وا ئه‌مه په‌ستانێك له‌سه‌ر كاربه‌ده‌ستان دروست ده‌كات و ئیتر چاك ده‌بێت، و پێویستیشه چاك ببێت، و هۆكاریش ده‌بێته پاساو بۆ ئامانج، ده‌ڵێین: ئه‌مه ناڕاسته چونكه هۆكار و ئامڕازهكه له خۆیدا قه‌ده‌غه‌كراوه، وه‌كو چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی به شتی قه‌ده‌غه‌كراو بۆ چاكبونه‌وه (ليست كل وسيلة يظنها العبد ناجحة بالفعل يجوز فعلها، مثال ذلك المظاهرات، مثلا: إذا أتى طائفة كبيرة وقالوا إذا عملنا مظاهرة؛ فإن هذا يسبب الضغط على الوالي، بالتالي يصلح، وإصلاحه مطلوب، والوسيلة تبرر الغاية، نقول: هذا باطل لأن الوسيلة في أصلها محرمة كالتداوي بالمحرم ليوصل إلى الشفاء).
مه‌لا (موحه‌ممه‌د جه‌میل زینو) (الشیخ محمد جمیل زینو) كه زانایه‌كی ئایینیی سه‌له‌فیی ناسراوه، ئه‌ویش ده‌ڵێت: به‌كارهێنانی توندوتیژی و خۆپێشاندان بۆ داواكردنی جێبه‌جێكردنی حوكمی شه‌ریعه‌ت؛ دروست نیه، چونكه ئه‌و شێوازانه ئیسلامی نین، و ئامانج ناهێننه دی، به‌ڵكو جاری وا هه‌یه به هۆیانه‌وه زیانی گه‌وره به‌ر تاكه‌كان و كۆمه‌ڵگا و كۆمه‌ڵه ئیسلامیه‌كان ده‌كه‌وێت، كه ئه‌مه له هه‌ندێك له وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی‌دا ڕوی داوه (لا يجوز استعمال العنف والمظاهرات للمطالبة بحكم الشريعة الإسلامية، لأنها ليست إسلامية، ولا تحقق المطلوب، بل قد يحصل معها أضرار جسيمة على الفرد والمجتمع والجماعات الإسلامية، وهذا ما حصل في بعض البلاد العربية والإسلامية)، ئینجا ده‌ڵێت: زۆر سه‌یره و به‌ڵكو زۆر جێی داخیشه، كه جاری وا هه‌یه خۆپێشاندانێكی ژنان له وڵاتێكی عه‌ره‌بیی موسوڵماننشیندا سه‌ر ڕێ ده‌كه‌وێت، گوایه داوای جێبه‌جێكردنی قورئان و حیجابی شه‌رعی ده‌كه‌ن، نازانن خۆیان پێچه‌وانه‌ی قورئان جوڵاونه‌ته‌وه! (ومن الغريب جدا، بل من المؤسف، أن تخرج مظاهرة نسائية في بلد عربي مسلم يطالبن بتطبيق القرآ‌ن والحجاب الشرعي، وما درين أنهن خالفن القرآ‌ن). دیاره مه‌به‌ستی له‌م قسه‌یه‌ى دوایی ئه‌وه كه له قورئاندا هاتوه: (وقَرْنَ في بيوتكن) (الأحزاب: ٣٣)، واته به ژنه‌كان ده‌ڵێت: له ماڵه‌كاندا ئۆقره بگرن و مه‌چنه ده‌ره‌وه.. كه ئه‌وان پێیان وایه هه‌مو ژنێكی موسوڵمان ده‌گرێته‌وه، هه‌رچه‌ند له خۆیدا ئه‌و قسه‌یه به ژنه‌كانی پێغه‌مبه‌ر وتراوه.
مه‌لا (موحه‌ممه‌د صالیح ئه‌لمونجید) (الشيخ محمد صالح المنجد)، ئه‌میش ده‌باره‌ی خۆپێشاندان ده‌ڵێت: كۆمه‌ڵێك لایه‌نی خراپ له خۆپێشانداندا هه‌ن كه به‌پێی شه‌رع ده‌بێت موسوڵمان خۆی بپارێزێت (وأما التظاهرات؛ فإن فيها عددا من المحذورات الشرعية يجب الحذر منها). وه‌ڵامی پرسیاری ژ. (١١٤٦٩).
مه‌لا (ئه‌حمه‌د غامیدی) (الشيخ أحمد الغامدي)، لێپرسراوی ده‌سته‌ی (فه‌رمان به چاكه و نه‌هێشتنی خراپه) ی ناوچه‌ی مه‌ككه، ئه‌ویش وتویه‌تی: نابێت هیچ موسوڵمانێك له‌گه‌ڵ ته‌وژمی هۆكارگه‌لێكی پێچه‌وانه له‌گه‌ڵ شه‌رع بڕوات، جا هۆكاری ئاشتیانه بن یان نا، و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك شتی خراپ به‌دوای خۆیاندا ده‌هێنن وه‌كو له وڵاتانی تر ڕوی داوه، ئیتر جۆرێكه له مله‌جیڕێ و یاخیبون (ولا ينبغي لأحد من المسلمين أن ينجرف في وسائل منافية للشرع تقود الناس إلى الإثارة وإلى الوقوع في أمور مخالفة للشرع كالمظاهرات لما تحويه من أمور مخالفة سوا‌ء كانت سلمية أو غير ذلك، ولما يترتب عليها من مفاسد معلومة كما هو بين البلدان الأخرى، فهي نوع من شق عصا الطاعة). ڕۆژنامه‌ی (المدينة)، ژ. (١١٥٢١).
مه‌لا (صالیح سهدلان) (الشيخ صالح السدلان)، ئه‌ندامی (ده‌سته‌ی گه‌وره زانایان) (هيئة كبار العلما‌ء)، له كۆڕێكدا له كۆمه‌ڵه‌ی (زیندوكردنه‌وه‌ی كه‌له‌پوری ئیسلامی) (إحياء التراث الإسلامي) له كوه‌یت، كاتێك ده‌رباره‌ی خۆپێشاندان پرسیاری لێ كراوه، وتویه‌تی: پێویسته له‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی خوا ته‌وفیقی داون و خستونیه سه‌ر ڕێگه‌ی ڕاست؛ ڕونی بكه‌نه‌وه بۆ خه‌ڵك كه ئه‌م كارانه له ئیسلامدا دروست نین و لای ناموسوڵمانان باون، و ئێمه‌ش ـ به داخه‌وه ـ له‌وانمان وه‌رگرتون وه‌كو گه‌لێك شتی تر، بۆیه پێویسته به ڕاسته‌ڕێی قورئان و سوننه‌ته‌وه پابه‌ند بین (الواجب على من وفقهم الله إلى النهج السبيل وإلى الطريق المستقيم؛ أن يذكروا الناس ويعلموهم... وعليهم أن يبينوا أن هذه الأمور لا تجوز في الإسلام بل هي عند غير المسلمين، ونحن للأسف أخذناها منهم مثلما أخذنا غيرها من الأمور، لذلك علينا أن نتمسك بنهج الكتاب والسنة).
مه‌لا (موحه‌ممه‌د ئه‌حمه‌د فیفی) (الشيخ محمد أحمد الفيفي)، ئه‌ندامی ناوه‌ندی بانگه‌واز و ئیرشاد (مركز الدعوة والإرشاد)، ده‌ڵێت: خۆپێشاندان شتێكی نامۆ و تازه‌یه بۆ ئوممه‌تی ئیسلامی و له ناموسوڵمانه‌وه وه‌رگیراوه، و ڕه‌نگه خراپترین لایه‌نی خۆپێشاندان ئه‌وه بێت كه پێچه‌وانه‌یه له‌گه‌ڵ شه‌رع... به‌ڕاستی لایه‌نه خراپه‌كانی خۆپێشاندان زۆر گه‌وره‌تر و زیاترن له‌و لایه‌نه چالاكانه‌ی ده‌ڵێن هه‌یه‌تی (المظاهرات أمر دخيل على الأمة الإسلامية مأخوذ عن غير المسلمين، ولعل أهم المفاسد المترتبة على المظاهرات هي مخالفتها للشرع... إن المفاسد المترتبة على المظاهرات هي أعظم وأكبر من هذه المصالح المزعومة). ڕۆژنامه‌ی (المدينة)، ژ. (١٥٢١١).
ئه‌مه‌ش ده‌قی فه‌توایه‌كه (ده‌سته‌ی گه‌وره زانایانی ئایینی) (هيئة كبار العلما‌ء) ـه له شانشینی عه‌ره‌بیی سه‌عودی كه به‌رزترین ده‌سته‌یه‌كی ئایینیه له سه‌عودییه و له (١٨) ئه‌ندام پێك هاتوه كه هه‌مویان زانای ئایینی (شیوخ) ی به‌ناوبانگی سهعودییهن، به ژماره (١٩٩٣٦)، كه ده‌ڵێت: (ئامۆژگاری هه‌مو موسوڵمانێك ده‌كه‌ین كه له‌م خۆپێشاندانه گێره‌شێوێنیانه دور بكه‌ونه‌وه.. هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به ئیسلامه‌وه نیه، بۆیه پێویسته موسوڵمان لێی دور بكه‌وێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی دین و دنیای سه‌لامه‌ت بێت و گیان و ئابڕو و سامانی پارێزراو بێت) (كما ننصحك وكل مسلم ومسلمة بالابتعاد عن هذه المظاهرات الغوغائية التي لا تحترم ما‌لا ولا نفسا ولا عرضا، ولا تمت إلى الإسلام بصلة، ليسلم للمسلم دينه ودنياه، ويأمن على نفسه وعرضه وماله).
هه‌مان (ده‌سته‌ی گه‌وره زانایانی ئایینی) ساڵی ٢٠١١ یش به‌یاننامه‌یه‌كی تریان ده‌ركرد كه خۆپێشاندان و یاخیبون له فه‌رمانڕه‌وا حه‌رام ده‌كات و ئه‌وه دوپات ده‌كاته‌وه كه چاكسازی به خۆپێشاندان ناكرێت به‌ڵكو ئاژاوه و گێره‌شێوێنی له خۆپێشاندانه‌وه دروست ده‌بێت. به‌یاننامه‌كه پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات كه ئه‌و (نهصیحه) و (موناصهحه) یه‌ی كه له ئیسلامدا به ئه‌ركی سه‌ر شان زانراوه؛ به خۆپێشاندان و ئه‌و هۆكار و شێوازانه‌ی ئاژاوه و دوبه‌ره‌كی دروست ده‌كه‌ن نایه‌ته‌جێ.. و ده‌ڵێت: ئه‌م ده‌سته‌یه له زانایانی ئایینی له كاتێكدا حه‌رامیی خۆپێشاندان له‌م وڵاته‌دا [واته سه‌عودییه] دوپات ده‌كاته‌وه؛ له هه‌مان كاتدا پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات كه ئه‌و شێوازه شه‌رعیه‌ی كه به‌رژه‌وه‌ندی (مهصلهحه) فه‌راهه‌م ده‌كات؛ ئه‌وه‌یه كه زیان و خراپه (مه‌فسه‌ده) ی له‌گه‌ڵ نه‌بێت، كه ئه‌وه‌ش ئه‌و ئامۆژگاریی یه‌كتر كردن (موناصهحه) یه‌یه كه پێغه‌مبه‌ر دایناوه. و ده‌ڵێت: ده‌سته‌ی گه‌وره زانایان كه هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ن یه‌كڕیزی و كۆبونه‌وه له‌سه‌ر ڕێگای قورئان و سوننه‌ت له‌ژێر سایه‌ی سه‌ركردایه‌تییه‌كی دانا و حهكیمانهدا چه‌نده نیعمه‌تێكی گه‌وره‌یه؛ هه‌موان بانگ ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی هه‌مو ئه‌و ڕێگایانه بگیرێنه به‌ر كه ده‌بنه هۆی پاراستنی یه‌كڕیزی و ته‌بایی و یه‌كگرتویی.. له كۆتاییشدا ده‌ڵێت: چاكسازی و ئامۆژگاری شێوازی شه‌رعیی خۆی هه‌یه كه به‌رژه‌وه‌ندی له‌گه‌ڵ خۆی ده‌هێنێته و زیان و خراپه دور ده‌خاته‌وه، نه‌ك به ده‌ركردنی به‌یاننامه‌ی وا كه زلكردنی كێشه‌كان و دروستكردنی ئاژاوه‌ی تێدایه و به كۆكردنه‌وه‌ی ئیمزا بۆی.. (ڕۆژنامه‌ی "الوسط" ی به‌حره‌ینی، ژ. ٣١٠٣، ٦/٣/٢٠١١).
جگه له‌مانه‌ش كه باسمان كردن و قسه و فهتواكانیانمان نه‌قڵ كرد؛ كۆمه‌ڵێكی زۆر له زانایانی ئایینیی وه‌ههابیی سه‌عودییه فه‌توایان داوه كه خۆپێشاندان حرامه و وه‌كو یاخیبون له فه‌رمانڕه‌وای ئیسلامی (وه‌لی ئه‌مر) وایه، له‌مانه
مه‌لا (عه‌بدولموحسین ئه‌لعوبه‌یكان) (الشيخ عبد المحسن العبيكان).
مه‌لا (موحه‌ممه‌د بن حه‌سه‌ن ئالی شه‌یخ) (الشيخ محمد بن حسن آل الشيخ).
مه‌لا (عه‌بدوڕڕه‌حمان ئه‌لسوده‌یس) (الشيخ عبد الرحمن السديس).
مه‌لا (عه‌بدولموحسین ئهلعهبباد) (الشيخ عبد المحسن العباد).
مه‌لا (عه‌بدوڵڵا ئهلمهنیع) (الشيخ عبد الله المنيع).
مه‌لا (ئه‌حمه‌د سیر موباره‌كی) (الشيخ أحمد سير مباركي).
مه‌لا (عه‌بدوڵڵا بن موحه‌ممه‌د بن خونهین) (الشيخ عبد الله بن محمد بن خنين).
مه‌لا (عه‌بدوڵڵا ئهلغودیان) (الشيخ عبد الله الغديان).
مه‌لا ( سه‌عد ئهلشهثةری) (الشيخ سعد الشثري).
مه‌لا (سوله‌یمان ئهبالخهیل) (الشيخ سليمان أبا الخيل).
مه‌لا (موحه‌ممه‌د ئه‌لسه‌بیل) (الشيخ محمد السبيل).
مه‌لا (عه‌بدوڵڵا ئهلڕوكبان) (الشيخ عبدالله الركبان).
مه‌لا ( صالیح ئهلعهببود) (الشيخ صالح العبود).
مه‌لا (سامی خهییاط) (الشيخ سامي خياط).
مه‌لا (عومه‌ر بن عه‌بدوڕڕه‌حمان ئه‌لعومه‌ر) (الشیخ عمر بن عبد الرحمن العمر).
مه‌لا (حه‌مد ئهلعهتیق) (الشیخ حمد العتیق).
مه‌لا (سه‌عد ئهلحوصهین) (الشیخ سعد الحصین).
(د. موحه‌ممه‌د بن عه‌بدوڕڕه‌حمان ئه‌لخه‌میس) له كتێبێكیدا به ناوی (المظاهرات والاعتصامات والإضرابات ـ رؤية شرعية).
 (د. موحه‌ممه‌د بن عه‌بدولعه‌زیز ئهلموسنید) (د. محمد بن عبد العزیز المسند).
(د. ئه‌حمه‌د ئهلدورهیویش) (د. أحمد الدریویش).
له مه‌لا سه‌له‌فیه میسریه‌كانیش؛
مه‌لا (ئه‌بو ئیسحاقی حوه‌ینی) (الشيخ أبو اسحاق الحويني)، له فه‌توایه‌كیدا له‌سه‌ر حوكمی خۆپێشاندان، ده‌ڵێت: شه‌رعی نیه و هه‌مو زانایانمان له‌سه‌ر ئه‌مه‌ن، و به ئه‌زمونیش زانیومانه ئه‌م خۆپێشاندانانه سودیان نیه و هیچ هه‌ق و مافێكی داگیركراویان نه‌گه‌ڕاندوه‌ته‌وه، و سوتاندنی ئاڵای ئیسڕائیل و ئه‌مێریكا و وێنه‌ی سه‌رۆكه‌كان هیچ بڕیارێكی سیاسیی نه‌گۆڕیوه، به‌ڵكو ته‌نها گرتن و برینداربون و كاره‌سات به‌رهه‌می ئه‌و خۆپێشاندانانه‌یه (هي غير مشروعة وعلى هذا سائر علمائنا، وقد علمنا بالتجربة أن هذه المظاهرات لا قيمة لها ولا أرجعت حقا مغصوبا، وإحراق العلم الاسرائيلي والأمريكي و صور الرؤساء لم يغير أي قرار سياسي، بل ان الاعتقالات و الإصابات و الحوادث هي نتاج تلك المظاهرات فقط).
هه‌روه‌ها مه‌لا (موحه‌ممه‌د سه‌عید ریسلان) (الشیخ محمد سعید رسلان) ی میسری، ئه‌ویش له وتارێكیدا (هه‌ینی، ٤ ی ڕه‌جه‌ب، ١٤٢٥ ك.) له مزگه‌وتی (الشرقي) له گوندی (سه‌بك ئه‌لئه‌حه‌د) ی سه‌ر به ناوه‌ندی (ئهشمون) له پارێزگای (مه‌نوفییه) له میسر، فه‌توای دا كه خۆپێشاندان حه‌رامه و دروست نیه و قسه‌ی زانایانی ئایینیی هێنایه‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه.
فه‌تواكه‌ی مه‌لا (عه‌بدوللـه‌تیف) (الشيخ أبو عبد الحق عبد اللطيف الكردي) یش، كه مه‌لایه‌كی سه‌له‌فیه و له باڵی سه‌له‌فیه (مه‌دخه‌لیه‌كان) ی سه‌عودیه‌وه نزیكه، وه‌كو (كۆپی ـ په‌یست) ێكی فه‌تواكانی مه‌لا وه‌ههابیه ڕه‌سمیه‌كانی سه‌ر به ڕژێمی سه‌عودی وا بو. یانی وه‌كو چۆن مه‌لا (ئیبن باز) و (ئیبن عوثهیمین) و مه‌لا وه‌ههابیه ڕه‌سمیه‌كانی تر فه‌توایان هه‌یه كه خۆپێشاندان به حه‌رام و ناپه‌سه‌ند داده‌نێن، به هه‌مان شێوه مه‌لا (عه‌بدوللـه‌تیف) یش هه‌مان فه‌توای دا كه گوایه خۆپێشاندان ناڕه‌وایه له شه‌رعدا. ئه‌گه‌ر فه‌توای مه‌لایه‌كی موفتیی ڕه‌سمیی وه‌كو (ئیبن عوثهیمین) یان (ئیبن باز) زیاتر پاڵنه‌ری سیاسیی لێ بخوێنرێته‌وه و فه‌توایه‌ك بێت كه له به‌رژه‌وه‌ندیی ده‌سه‌ڵاتی ڕژێمی سه‌عودیدا درابێت، ئه‌وا فه‌تواكه‌ی مه‌لا (عه‌بدوللـه‌تیف) زیاتر پاشكۆیه‌تیی مه‌زهه‌بیی بۆ ئه‌و ئاڕاسته سه‌له‌فیه ته‌قلیدیه لێ ده‌خوێنرێته‌وه. هه‌ردوكیشیان، هه‌ریه‌كه له مه‌لا (ئیبن باز) و مه‌لا (عه‌بدوللـه‌تیف)، ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ بیری سیاسیی ئیسلامیی كۆن، بۆ چه‌مكه‌كانی ("وه‌لی ئه‌مر" و "ئیماره‌ت") و ("نهصیحه" و "موكاتهبه") و ("خروج" و "فیتنه") و هتد.. وه‌كو دواتر تیشكی ده‌خه‌ینه سه‌ر.
ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ قسه‌كه‌ی (مه‌لا به‌شیر) و زیاتر لێی ڕا بمێنین، ده‌بینین كه سه‌رباری ئه‌وه‌ی (خۆپێشانده‌ران) به ده‌رچون (خروج) له یاسا و كۆده‌نگیی موسوڵمانان داده‌نێت، هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ی تر ده‌كات كاتێك چالاكییه‌كی مه‌ده‌نیی وه‌كو (خۆپێشاندان) به‌راورد ده‌كات به (خروج) ه‌كانی مێژوی ئیسلامی كه هه‌مویان یاخیبونی چه‌كدار بون و ئامانجیان كوده‌تای سه‌ربازی بوه. ئه‌مه‌ش (قیاس) ێكه له‌گه‌ڵ (فاریق) ی گه‌وره‌دا، به‌ڵكو سته‌مێكی گه‌وره‌یه، به‌ڵكو بیركردنه‌وه‌یه له زه‌مه‌نی ئێستادا به خه‌یاڵی زه‌مانی كۆن. ئه‌مه ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خات كه كه‌ره‌سته‌ی بیر و لێكدانه‌وه‌ی مه‌لا هه‌ر كه‌ره‌سته‌ی كهلهپورین، ئیتر له هه‌ر ئاستێكی لێپرسراویدا بێت و هه‌ر نازناوێكی زانستیی هه‌بێت.
تاقمی دوه‌میش، كۆمه‌ڵێكن له‌و زانایا ئایینیانه‌ی كه ڕابه‌ری ئاڕاسته ئیسلامیه سیاسی و جیهادیهكانن.
له‌مانه:
ـ مه‌لا (عه‌بدوڕڕه‌حمان عه‌بدولخالیق) (الشیخ عبد الرحمن عبد الخالق) ی میصری-كوه‌یتی، كه هه‌رچه‌ند له‌سه‌ر ته‌وژمه سه‌له‌فیه‌كه حسابه و خاوه‌نی سایتی (الشبكة السلفية) یه، به‌ڵام هه‌وڵ ده‌دات له‌و بابه‌تانه‌شدا كه په‌یوه‌ندییان به جیهاد و سیاسه‌ته‌وه هه‌یه ڕێنمایی زیندوی هه‌بێت. له كتێبێكیدا به ناوی (فصول من السياسة الشرعية في الدعوة إلى الله) پێی وایه كه خۆپێشاندان یه‌كێكه له‌و شێواز و هۆكارانه‌ی كه پێغه‌مبه‌ر به‌كاری هێناون. ئه‌و پێی وایه خۆئاشكراكردن و ده‌رچونی موسوڵمانانی مه‌ككه له ژیانی پێغه‌مبه‌ردا دوای موسوڵمانبونی عومه‌ر، كه له دو ڕیزدا ده‌رچون هه‌تا گه‌یشتنه كه‌عبه؛ پێشینه‌یه‌كی خۆپێشاندانه له ئیسلامدا و ده‌ریده‌خات كه خۆپێشاندان یه‌كێكه له‌و هۆكار و ئامڕازانه‌ی پێغه‌مبه‌ر به‌كاری هێناون، كاتێك به‌و خۆپێشاندانه سه‌ربه‌رزییه‌ك بۆ ئیسلام و موسوڵمانان هاتبێته دی. و ده‌ڵێت: ئیسلام گه‌لێك ڕێسا و یاسای داناوه به‌مه‌به‌ستی ده‌رخستنی سه‌ربه‌رزیی ئیسلام و به‌رزكردنه‌وه و مه‌زنكردنی له‌به‌ر چاوی خه‌ڵكدا، وه‌كو نوێژی به‌كۆمه‌ڵ و نوێژی به‌كۆمه‌ڵی هه‌ینی و نوێژی جه‌ژنان، و هه‌تا پێغه‌مبه‌ر ڕێنمایی داوه له ژیانی خۆیدا به كچان و ژنان ـ ئه‌گه‌ر له سوڕی مانگانه‌ی خۆیشیاندا بن ـ له گۆڕه‌پانی نوێژی جه‌ژندا ئاماده بن، بۆ ئه‌وه‌ی ـ به وته‌ی خودی پێغه‌مبه‌ر ـ "ئاماده‌ی ئه‌و چاكه‌یه و نزا و پاڕانهی موسوڵمانان بن" (لِيَشْهَدْنَ الْخَيْرَ وَدَعْوَةَ الْمُسْلِمِينَ). ناوبراو پێی وایه ئه‌م چاكه "الخیر" هی ئاماژه‌ی بۆ كراوه به‌شێكی  ئه‌وه‌یه ئه‌هلی ئیسلام زۆر ده‌نوێنن و سروت/دروشمه‌كانی ئیسلام له‌ناو خه‌ڵكدا ڕاده‌گه‌یه‌نن (لقد ذكرت المظاهرات في معرض الوسائل التي اتخذها رسول الله صلى الله عليه وسلم لإظهار الإسلام والدعوة إليه، لما روي أن المسلمين خرجوا بعد إسلام عمر رضي الله عنه بأمر رسول الله صلى الله عليه وسلم في صفين ـ إظهارا للقوة ـ على أحدهما حمزة رضي الله عنه، وعلى الآخر عمر بن الخطاب رضي الله عنه.. ولم أر لذلك من هدف إلا إظهار القوة.. وأرى أن التشريع الإسلامي قد جا‌ء بكثير من الشعائر لإظهار عزة الإسلام والدعوة إليه، كصلاة الجماعة والجمعة والعيدين، ورأيت أن النبي صلى الله عليه وسلم كان يأمر النساء الحيّض وذوات الخدور أن يخرجن إلى المصلى يوم العيد معللا ذلك بقوله صلى الله عليه وسلم: "ليشهدن الخير، ودعوة المسلمين"، ومن الخير الذي يشهدنه هو كثرة أهل الإسلام وإظهارهم لشعائره) (فصول من السياسة الشرعية في الدعوة إلى الله. ص‌ص. ٣١-٣٣).
مه‌لا (سه‌لمان ئه‌لعه‌وده) (سلمان بن فهد العودة)، ڕابهرێكی هه‌ره‌دیاری ته‌وژمی ڕابون (الصحوة) له سعودیه، كه باڵێكی هه‌مان قوتابخانه سهلهفیهكهیه، به‌ڵام به كاریگه‌ریی ئه‌ده‌بیاتی ئیخوان موسلیمین و به‌تایبه‌تی سه‌یید قوگب و مه‌ودودی سه‌روسه‌ودای سیاسیی په‌یدا كردوه، و بوه‌ته قوتابخانه‌ی ئیسلامی سیاسی و هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌ی یه‌كه‌می ته‌وژمی سه‌له‌فیی جیهادی. جا ئه‌میش له فه‌توایه‌كیدا ده‌ڵێت: دروسته موسوڵمانان كۆ ببنه‌وه و ناڕه‌زایی ده‌رببڕن له كێشه و ئازاركێشانی برا موسوڵمانه‌كانیان له فه‌له‌ستین، كه ئه‌مه پشتیوانییه‌كه بۆ ئه‌و برایانه و كاریگه‌ریی زۆری له‌سه‌ر یه‌هود و هاوكار و پشتیوانه‌كانیان هه‌یه و ده‌توانێت په‌یامه ئیسلامیه‌كه بگه‌یه‌نێته خۆرئاوا كه یه‌هود له‌وێ تێڕوان و ڕای گشتییان زۆر چه‌واشه كردوه. و ده‌شڵێت: ئه‌م جۆره بابهتاته هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه له بازنه‌ی كاری دروست و  ئاساییدان و پێویستییان به به‌ڵگه‌یه‌كی تایبه‌تی نیه بۆ دروستبونیان، ته‌نها ئه‌وه‌نده به‌سه كه به‌ڵگه‌یه‌ك نیه كارێكی وا قه‌ده‌غه بكات، ماده‌م سه‌رنه‌كێشێت بۆ زیان گه‌یاندن و خراپه‌كارییه‌ك. هه‌ر بۆیه ده‌ڵێت ده‌بێت خۆپێشاندانێكی ئاشتیخوازانه و به‌دور بێت له بێزاركردنی هاوڵاتیان و په‌كخستنی كارهكیان.
هه‌روه‌ها (عصام طاهر البرقاوي) ی ئوردونی، ناسراو به مه‌لا (ئه‌بو موحه‌ممه‌دی مه‌قدیسی) (الشيخ أبو محمد المقدسي) (١٩٥٩ ـ )، یه‌كێك له هێما دیار و تیۆریساز (منظّر) ه‌كانی سه‌له‌فیه‌تی جیهادی و به مامۆستا و ڕێنیشانده‌ری (ئه‌بو موصعه‌بی زه‌رقاوی) ده‌ژمێردرێت. ئه‌میش به هه‌مان شێوه پرسیاری لێ ده‌كه‌ن ده‌رباره‌ی ئه‌و خۆپێشاندان و ڕێپێوانانه‌ی ڕێك ده‌خرێن بۆ ده‌ربڕینی پشتیوانی بۆ "براكانمان" له فه‌له‌ستین. ئه‌ویش له فه‌تواكه‌یدا ده‌ڵێت: هیچی تێدا نیه خه‌ڵكانێكی موسوڵمانی ئاسایی ناڕه‌زایی ده‌رببڕن و ڕابپه‌ڕن و هه‌تا شه‌ڕیش بكه‌ن له‌پێناوی پیرۆزیه‌كانی ئیسلام یان خاك و ئاویان، به‌تایبه‌تی كه ئه‌وانه پاڵنه‌ریان ئه‌و حه‌ماسه‌یه كه هه‌یانه بۆ جیهاد و ئه‌و هه‌ست و سۆز و "غیره‌ت" ـه‌یه كه هه‌یانه بۆ ئیسلام "ماذا يضير المسلمين أن يعارض أو يثور أو يقاتل أو يقتل في سبيل مقدساتهم أو أرضهم من لاخلاق له‌م م‌من يحسبون على عوام المسلمين، أو هم فعلا من عوام المسلمين، خصوصا وأن كثيرا من مشاركين في ذلك يقودهم الحماس للجهاد والعاطفة والغيرة الإسلامية". له‌به‌ر ئه‌وه هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ك نیه له دژایه‌تیكردنی ئه‌و جۆره خۆپێشاندانانه‌دا، به‌تایبه‌تی كاتێك ناڕه‌زایی و خرۆشان و توڕه‌بونه بۆ پیرۆزیه‌كانی موسوڵمانان "أي مصلحة في الوقوف في وجه هذه المسيرات أو المظاهرات خصوصا إذا كانت محسوبة على أنها غضبة لمقدسات المسلمين كما هو حال المظاهرات في هذه الأيام"، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه به‌رژه‌وه‌ندیی زۆریشان تێدایه، له‌وانه ئه‌مه‌یه كه دوژمنانی خوا ـ له جوله‌كه و لایه‌نگه‌لی تریش ـ بزانن كه ده‌ستبردن بۆ پیرۆزیه‌كانی موسوڵمانان به ده‌ستی پیشیان؛ قورس ده‌كه‌وێت له‌سه‌ریان و هه‌ر وا به‌سانایی تێپه‌ڕ نابێت، و بزانن كه ئوممه‌ت به ئاشتی "سلام" ـیهك ڕازی نابێت كه هه‌ر خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان "استسلام" بێت "بل على العكس فإن فيها من المصالح البينة الواضحة ؛ من ذلك أن يعلم أعداء الله من اليهود وغيرهم أن ثمن تلويث مقدسات المسلمين باهظ، ولن يمر بهدوء، وأن الأمة لن ترضى بسلام الاستسلام". ئینجا هه‌ر له سه‌ره‌تایشه‌وه ده‌ڵێت: سه‌باره‌ت به ڕێپێوان و خۆپێشاندانه‌كان، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی كه به‌پێی یاسا ڕێگه‌یان پێ دراوه و ڕێكخراون، وه‌كو ئه‌وانه‌ی ئیخوان و خه‌ڵكانی تر وه‌كو نیشتمانیه‌كان؛ ئێمه براكانمان (مه‌به‌ستی لایه‌نگرانی ته‌وژمه‌كه‌ی خۆیه‌تی) ئاڕاسته ناكه‌ین و هانیان ناده‌ین بۆ به‌شداریكردن تێیاندا، به‌ڵام له هه‌مان كاتیش‌دا له‌وانه نین كه ڕێگری ده‌كه‌ن لێیان و خه‌ڵك خاو ده‌كه‌نه‌وه لێیان، چونكه ئه‌مه له "سیاسه‌تی شه‌رعی" دا جێیی نابێته‌وه "بالنسبة للمسيرات والمظاهرات خصوصا المرتبة قانونيا كمسيرات الإخوان وغيرهم من الوطنيين فنحن لا نزج بإخواننا فيها ولاننصح بالمشاركة بها، لكن في الوقت نفسه لا نقف في الصف السلبي المثبط عنها إذ ليس هذا من السياسة الشرعية في شي‌ء".
جا ئه‌مانه؛ كاتێك ده‌بینن ده‌توانن خۆپێشاندان كه‌ڵكێكی بۆیان هه‌بێت و له‌لایه‌نی سیاسی و ئایینیه‌وه سودیان پێ بگه‌یه‌نێت، ده‌كه‌ونه له‌خۆگرتنی له ڕێگه‌ی لێكدانه‌وه و بۆیه‌كردنی به بۆیه‌یه‌كی ئایینی و ناونانی به كۆمه‌ڵێك زاراوه‌ی ئایینیی وه‌كو (جیهاد) و (نه‌هی له مونكه‌ر) و (الثورة على السلطان الجائر).. و ده‌یكه‌ن به هه‌لێكیش بۆ ئه‌وه‌ی ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ر بگۆڕن به بارێكدا كه وه‌رچه‌رخانێك بێت ڕێگه خۆش بكات بۆ ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی و به‌م شێوه‌یه‌ش ببێته شۆڕشێك به‌سه‌ر عه‌لمانیه‌تدا(!). له‌م دروشمانه‌مان زۆر بینی له خۆپێشاندانه‌كانی ئه‌م ماوه‌یه‌دا.
له ڕێگه‌ی ئه‌م بۆیه‌كردن و لێكدانه‌وه ئایینیانهیشهوه مه‌به‌ستی خۆپێشاندان ده‌گۆڕن و به ئاقارێكی تری‌دا ده‌به‌ن، كه هه‌ندێك جار به‌و هۆیه‌وه توندوتیژییشی لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
بۆیه ئێمه به مه‌لاكان و ڕۆشنبیره ئایینیه‌كان ده‌ڵێن: باسی ئه‌م چالاكیه مه‌ده‌نیانه به‌جێ بهێڵن بۆ خه‌ڵكی خۆی و چالاكوانانی خۆی. نه‌ك له جیهانی فیكریی خۆتانی نزیك بكه‌نه‌وه و بیشێوێنن و له‌گه‌ڵ دابونهریتهكانی كۆمه‌ڵگاكانی ڕابردو هه‌ماهه‌نگی بكه‌ن ـ كاتێك له به‌رژه‌وه‌ندیتان بو، یان كاتێك له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانتان ناگونجێت و نه‌تانتوانی له جیهانی فیكریی خۆتانی نزیك بكه‌نه‌وه؛ ئیتر به چه‌مك و بیانو و به‌ڵگه ئایینیه‌كانی خۆتان قه‌ده‌غه‌ی بكه‌ن.