کورته‌ی مێژوی مزگێنی
ئایا له ته‌وڕات و ئینجیل‌دا مژده به هاتنی موحه‌ممه‌د دراوه؟
ئایا له ته‌وڕات و ئینجیل‌دا مژده به هاتنی موحه‌ممه‌د دراوه؟
ئاماژه بۆ چیای (فاران) ده‌بێته ئاماژه و مژده به هاتنی ئیسلام؟
سه‌روه‌ر پێنجوێنی
له كتێبی (دوباره‌خوێندنه‌وه‌ی شه‌ریعه‌ت) دا ده‌قێك هاتوه كه ده‌ڵێت: "خواوه‌ند له سینائه‌وه هات، و له سه‌عیره‌وه ڕوانی به سه‌ریاندا، و له چیای فاران دره‌وشایه‌وه" (دوباره‌خوێندنه‌وه: ٣٣: ٢). به‌پێی داب‌ونه‌ریتی ئیسلامی ئه‌م ده‌قه مژده ده‌دات به هاتنی ئیسلام، به‌و پێیه كه (سيناء) ئاماژه‌یه بۆ ئایینی یه‌هودی، (سه‌عیر) ئاماژه‌یه بۆ ئایینی مه‌سیحی، (فاران) ئاماژه‌یه بۆ ئیسلام، به‌و پێیه‌ی كه (فاران) ناوی شاخه‌كانی مه‌ككه‌یه! و گوایه ئه‌مه شوێنی سه‌رهه‌ڵدانی ئیسلام ڕون ده‌كاته‌وه. دواتر له تێڕوانینه ڕه‌خنه‌ییه‌كه‌دا ڕونی ده‌كه‌ینه‌وه ئه‌و لێكدانه‌وه‌یه چه‌نده دوره له ده‌قه‌كه‌وه و له ڕاستیه مێژویی و جیۆگرافیایی و زمانیه‌كانه‌وه.
تێروانینی ڕه‌خنه‌یی
ئه‌و ده‌قه‌ی ته‌وڕات كه ده‌ڵێت: (خواوه‌ند له سینائه‌وه هات، و له سه‌عیره‌وه ڕوانی به سه‌ریاندا، و له چیای فاران دره‌وشایه‌وه) (دوباره‌خوێندنه‌وه: ٣٣: ٢)، باس له سێ ده‌ركه‌وتنی خواوه‌ند یهواه ده‌كات كه گوایه له سێ شوێندا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئیسرائیلیه‌كان كردوه. ئه‌م سێ شوێنه‌ش سێ خاڵن له‌سه‌ر ئه‌و ڕێگه‌یه‌ی كه ـ به‌پێی ته‌وڕات ـ خێڵه‌كانی به‌نو ئیسرائیل گرتویانه‌ته به‌ر تا له باكوری خۆرئاوای سینائه‌وه گه‌یشتونه‌ته باكوری خۆرهه‌ڵاتی سیناء و خۆرئاوای فه‌له‌ستین، چونكه هه‌ر به‌پێی ته‌وڕات سه‌ره‌تا شۆڕ بونه‌ته‌وه تا گه‌یشتونه‌ته كێوی (حۆریب) له باشوری نیمچه‌دورگه‌ی سیناء، كه له‌وێ گوایه خواوه‌ند یهواه ده‌ركه‌وتوه بۆ مو‌سا و گه‌له‌كه، دوای ئه‌وه سه‌ركه‌وتن بۆ سه‌ره‌وه: باكوری خۆرهه‌ڵاتی سیناء، كه لێره‌دا ناوی دو جێگه ده‌بات: سه‌عیر، كه ده‌كرێت (چیای سه‌عیر) یشی پێ بوترێت، بریتیه له زنجیره چیای ناوچه‌ی ئه‌دۆم له خۆرهه‌ڵاتی دۆڵی عه‌ڕه‌به، و له باشوری دۆڵی (ئه‌ڕنۆن) ـه‌وه درێژ ده‌بێته‌وه هه‌تا نزیك عه‌قه‌به. ئه‌م ناوچه‌یه‌ش ده‌كه‌وێته لای باكوری خۆرهه‌ڵاتی سیناء و ده‌بێته خۆرئاوای فه‌له‌ستین، بۆیه بۆ عیبرانیه كۆنه‌كان گرنگ بوه، به‌ڵام هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به ئایینی مه‌سیحیه‌وه نیه، وه‌كو نوسه‌ره ئیسلامیه‌كان ده‌یانه‌وێت! ئینجا (فاران) یش، كه له كه‌له‌پوری ئیسلامی‌دا به (شاخه‌كانی مه‌ككه) پێناسه ده‌كرێت، له ڕاستیدا هه‌ر ده‌كه‌وێته باكوری خۆرهه‌ڵاتی سیناء و خۆرئاوای فه‌له‌ستین، كه ناوچه‌یه‌كی بیابانیه، ئیتر هه‌مو دنیا ده‌زانێت كه (فاران) ده‌كه‌وێته نیمچه‌دورگه‌ی سینائه‌وه، به‌ڵام له كه‌له‌پوری ئیسلامی‌دا هه‌ر به زۆره‌ملـێ و ساخته‌كاری كراوه به (شاخه‌كانی مه‌ككه)! ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌قه‌ی ته‌وڕات ببێته مزگێنی به هاتنی ئیسلام! له كاتێكدا ئه‌و ئاماژه‌یه بۆ فاران ته‌نها ئاماژه‌یه بۆ خاڵێكی ڕێگه‌ی ئیسرائیلیه‌كان له نیمچه‌دورگه‌ی سینائدا كه گوایه خواوه‌ند یهواه له‌و شوێنانه‌دا ده‌ركه‌وتوه بۆیان و یارمه‌تیی داون.. له‌ڕاستیدا دزینی (فاران) له سینائه‌وه بۆ مه‌ككه، ته‌نها دزینی فاران نیه، به‌ڵكو (ئیسماعیل) یشی پێوه دزراوه، چونكه به‌پێی مێژوی ته‌وڕاتی ئیسماعیل له فاران پێ گه‌یشتوه و گه‌وره بوه، ئینجا له كولتوری عه‌ره‌بیدا كه‌سێتیی ئیسماعیل خۆماڵی كراوه و له‌ڕێگه‌ی چیرۆكه‌كانه‌وه له مه‌ككه (حیجاز) دا شوێنپێی بۆ دیاری كراوه.. دیاره كولتوری عه‌ره‌بی-ئیسلامی (ئیسماعیل) ی به خاكی (فاران) ی ژێر پێیه‌وه هێناوه بۆ مه‌ككه!