جەنگەكانی پێغەمبەر، زنجیره‌یه‌ک له داگیركاری و تاڵانكاریی ڕۆژگاری خۆی

جەنگەكانی پێغەمبەر 
زنجیره‌یه‌ک له داگیركاری و تاڵانكاریی ڕۆژگاری خۆی

سه‌روه‌ر پێنجوێنی

جەنگەكانی پێغەمبەر بە تاڵانكردنی كاروانە بازرگانیەكانی مەككە دەستیان پێ‌‌ كرد
و بە دەركردن و قەتڵ‌وعام و تاڵانكردنی خێڵە جولەكەكان بەهێز بون
و بە هەوڵی ملكەچ‌كردنی خێڵەكانی نیمچە دورگەی عەرەبی پەرەیان سەند
جەنگەكانی پێغەمبەر دژی مەككەییەكان و خێڵەكانی تر لە جەوهەردا هیچ جیاوازییەكیان لەگەڵ هەڵمەتی تاڵانكاری و چەپاوخۆریی نێوان خێڵە عەرەبیەكان نەبو. ئەو جەنگانەی پێغەمبەر بە هەوڵی تاڵانكردنی كاروانە بازرگانیەكانی مەككەییەكان دەستیان پێ‌ كرد و بە دەركردن و قەتڵ‌وعام و تاڵانكردنی خێڵە جولەكەكان بەهێز بون و بە هەوڵی ملكەچ كردنی خێڵەكانی نیمچە دورگەی عەرەبی پەرەیان سەند. بۆیە زاراوەی ئیسلامی بۆ خەبات و جەنگ و ڕوبەڕوبونەوە بریتیە لە (غەزو) (بە كوردی: غەزا) كە واتاكەی هەمان هێرش و تاڵانكردن و بەكۆیلەكردنی خێڵەكانی عەرەبی پێش ئیسلامە!
یەكەم غەزوەیەكی پێغەمبەر ناسراوە بە غەزوەی ئەبوا‌و (غزوە الأبوا‌ء) (٢ ك.) كە مەبەستی ڕێگرتن بوە لە كاروانێكی بازرگانیی قوڕەیش كە لەوێوە تێدەپەڕی.
دوای ئەوەش غەزوەی (بواط) (٢ ك.) كە ئەمیش هەر بۆ ڕێگەگرتن بو لە كاروانێكی بازرگانیی مەككەییەكان.
بەدوای ئەمانەدا (كورزی كوڕی جابیری فیهری) یش لە مەككەییەكان، وەكو وەڵامدانەوەیەك، هەڵمەتێكی كردە سەر لەوەڕگاكانی مەدینە و هەندێك مەڕ‌وماڵاتی تاڵان كرد، كە پێغەمبەریش لەگەڵ (٧٠) كەسدا چون بۆ ڕوبەڕوبونەوەی، كە بەیەك نەگەیشتن، و ئەمەش پێی دەوترێت غەزوەی (سفوان) یان غەزوەی بەدری یەكەم.
دواتر غەزوەی (ذو العشیرة) (٢ ك.) كە بە سوپایەكی (١٥٠-٢٠٠) كەسیەوە دەرچو بۆ ڕێگەگرتن لە كاروانێكی بازرگانیی مەككە كە دەچو بۆ شام، بەڵام كاروانەكە چەند ڕۆژێك پێشتر دەرچوبو و هیچیان دەست نەكەوت.
ئینجا پێغەمبەر لە مانگی (ڕەجەب) ی هەمان ساڵی (٢ ك.) دا ئەو پۆل (سریة) یەی نارد كە ناسراوە بە (سریة نخلة)، كە كۆمەڵێكی نارد بۆ ڕێگەگرتن لە قافڵەیەكی مەككەیی، كە لە ئەنجامدا كەسێكیان كوشت و یەكێكی تریان دیل كرد و كاروانەكەیان هێنایەوە بۆ مەدینە، ئەمەش واتە لە مانگێكی قەدەغەكراودا شەڕیان كرد، كە ئەمە ئیحراجیی زۆری بۆ پێغەمبەر دروست كرد (بەڵام دواتر قورئان پاساوی بۆ ئەو شەڕە هێنایەوە و وتی: شەڕ لە مانگی قەدەغەكراودا كارێكی ناڕەوایە بەڵام ئەو بێباوەڕی و ڕێگرتنەی ئەوان لە مزگەوتی حەڕام و دەركردن خەڵكەكەی؛ ناڕەواترە..) (البقرة: ٢١٧).
ئینجا ئیتر قورئان دەستی كرد بە فەتوادان بۆ كوشتار و كوشتنی مەككەییەكان و ئایەتەكانی كوشتار بەدوای یەكدا هاتن.
ئینجا كاتێك ئەو كاروانە بازرگانیەی كە پێشتر بەرەو شام چوبو گەڕایەوە، ئیتر پێغەمبەر بۆ خۆی بە سوپایەكی (٣٠٠) كەسی و زیاترەوە چو بۆ ڕێگرتن لەو كاروانە بازرگانیە گەورەیە، بەڵام ئەبو سوفیان بەوەی زانی و كاروانەكەی لە مەترسی دور خستەوە و ناردی بۆ مەككە بۆ ناردنی هێز، كە لە كۆتاییدا غەزوەی (بەدر) ی گەورەی لێ‌ پەیدا بو.
ئیتر مەككەییەكان و خێڵەكانی تر هەستیان كرد كە مەترسییەكی گەورە لەسەر گیان و ماڵ‌وسامانیان دروست بوە، بۆیە ئەوانیش چەند هەڵمەتێكیان ڕێكخست بۆ ڕوبەڕوبونەوەی موسوڵمانەكان، لەوانە غەزوەی (بەنو سولەیم) و (سەویق) و (ذو ئەمر) و دواتریش جەنگی (ئوحود).
ئینجا پێغەمبەر دەستی كرد بە ئابڵوقەدان و دەركردن و تاڵانكردنی خێڵە جولەكەكان، هەر ساڵی (٢ ك.) جولەكەی (بەنو قەینوقاع) ی دەركرد و دەستی گرت بەسەر كەل‌وپەل و ماڵ‌وسامانەكانیاندا، پێغەمبەر خۆی بەهیوابو خۆیشیان قەتڵ‌وعام بكات و ژن‌ومنداڵیان بكات بە كۆیلە، بەڵام بە تكای زۆری (عەبدوڵڵای كوڕی ئوبەیی كوڕی سەلول) ڕێگەی دان دەرچن و بچن بۆ شام.
لە ساڵی (٣ ك.) دا پێغەمبەر هەڵمەتێكی تری بە سەرۆكایەتیی (زەیدی كوڕی حاریثه) نارد بۆ ڕێگرتن لە كاروانێكی بازرگانیی مەككەییەكان، كە ئەم جارە كاروانەكەیان بەتەواوی گرت و دەستیان گرت بەسەر ئەو كەل‌وپەل و زیوەدا كە كاروانەكە هەڵی گرتبو كە بە (سەد هەزار) خەمڵێنراوە.
ئیتر مەككەییەكان جەنگی (ئوحود) یان ڕێكخست بۆ تۆڵەكردنەوە لە موسوڵمانەكان، كە غەزوەی (حمرا‌ء الأسد) یشی ڕاستەوخۆ بەدوادا هات.
ئیتر گەلێك لە خێڵەكان كەوتنە خۆ بۆ ڕوبەڕوبونەوەی موسوڵمانەكان و چەند غەزوەیەك ڕویاندا كە بە جەنگی (ئەحزاب) یاخود (خەندەق) گەیشتنە ترۆپك.
لەدوای جەنگی ئوحودیش، پێغەمبەر گوشاری لە جولەكەی (بەنو نەضیر) یش نا بۆ دەركردنیان، تا لە كۆتاییدا خۆیان بەدەستەوە دا و چون بۆ (خەیبەر) و هەندێكیشان بۆ شام، ئیتر هەمو ماڵ‌وسامان و چەك‌وچۆڵ و زەوی‌وزارەكانیان بۆ پێغەمبەر خۆی بو و هیچی دابەش نەكرد، بەڵام بەشی چەند كەسێكی دا.
ئینجا هەندێك غەزوەی تری ڕێك خست بۆ چاوترسێنكردنی خێڵە دەشتیەكیەكان.
دوای ئەوانە جەنگی (ئەحزاب) ڕوی دا، كە خێڵەكان ویستیان كۆتاییەك بۆ مەترسیی موسوڵمانەكان دابنێن، بەڵام موسوڵمانەكان بە هەڵكەندنی خەندەكێك بەدەوری شاری مەدینەدا شارەكەیان پاراست.
دوای (ئەحزاب) یش پێغەمبەر ئابڵوقەی جولەكەی (بەنو قوڕەیزە) ی دا و قەتڵ‌وعامی كردن بەو شێوەیەی ڕونمان كردەوە.
دوای ئەمەش پێغەمبەر هەندێك هێرش و هەڵمەتی تری ڕێكخست بۆ چاوترسێنكردنی خێڵە دەشتەكیەكان و ئەو هەڵمەتانەش گەلێك جار دەسكەوتیان دەبو.
تا ساڵی (٤ ك.) یان (٥ ك.) غەزوەی (بەنو موصطه‌لیق) یاخود (موڕەیسیع) یش ڕوی دا، دوای ئەوەی كە پێغەمبەر هەواڵی زانی كە سەرۆكی (بەنو موصطه‌لیق) نیازی شەڕی هەیە، لە كۆتاییشدا خێڵەكە شكان و پێغەمبەر ژن و منداڵ و وشتر و مەڕێكی زۆری بە دەسكەوت برد، كە لەمانە لە كۆتاییدا (جوەیریە) بو بە نسیبی پێغەمبەر خۆی: پارەی ئازادبونی لە كۆیلەیی بۆ دا و لەخۆیی مارە كرد.
پاش ئەمەش چەند هەڵمەت و پۆلێكی تری نارد، لەوانە: پۆل (سریة) ی (ئەبو بەكر) یان (زەیدی كوڕی حاریثه) بۆسەر هۆزێكی (فەزارە) (٦ ك.)، گوایە ویستویانە پێغەمبەر غافڵكوژ بكەن، ئیتر كۆمەڵێكیان كوژران و ئەوانی تریش دیل كران، ژنێكی پایەداریشیان بە ناوی (ئوم قیرفە) بە شێوەیەكی ترسناك كوژرا.
ئینجا پێغەمبەر غەزوەی (خەیبەر) ی ڕێك خست (٧ ك.)، كە دوای حودەیبییە و تەمێكردنی بەرەبابێكی خێڵی (فەزارە) خۆی ئامادە كرد بۆ گرتنی خەیبەر كە تاڵانی و دەسكەوتێكی زۆری لـێ‌ چاوەڕوان دەكرا، ئیتر ئابڵوقەی قەڵاكانی خەیبەری دا، ئەوانیش خۆیان قایم كرد و هەندێك بەرگرییشیان كرد، تا قەڵاكانیان هەمویان گیران، لە كۆتاییشدا ڕێك كەوتن لەسەر ئەوەی دەربچن لە خەیبەر و ماڵ‌وسامان و زەوی‌وزارەكانیان بەجێ‌ بهێڵن بۆ پێغەمبەر. دواتر لەسەر ئەوەش ڕێك كەوتن كە لە وڵات دەرنەچن و بمێننەوە و خەریكی بەرهەمهێنانی زەوی‌وزار و باخەكان بن بە بەربەنیوەیی. بەڵام دو كوڕی (ئەبولحوقەیق) لە جولەكەی خەیبەر گەنجینەیەكی پارەیان شاردەوە و بەدەستیانەوە نەدا، ئیتر دوای ئاشكرابونی ئەوە پێغەمبەر فەرمانی دا ئەو دو كەسەیان كوشت، جگە لەمەش (صەفییە) ی لە جولەكەی خەیبەر بۆ خۆی هەڵ‌بژارد كە تازە بوك بو و مێردەكەی یەكێك بو لەو دو كەسەی كوژران! ئیتر دەسكەوتی خەیبەر ئەوەندە زۆر بو كە (عەبدوڵڵای كوڕی عومەر) وتویەتی: (تێر نەبوین هەتا خەیبەرمان فەتح كرد) (بوخاری).. لەو كۆمەڵگایەشدا هەمیشە ڕێگای سەربەرزانەی پەیداكردنی ڕۆزی هەر داگیركاری و تاڵانكردن بوە.
ئینجا دواتر جولەكەی (فەدەك) یش خۆیان بەدەستەوە دا و ڕێك كەوتن لەسەر ئەوەی بمێننەوە بە بەربەنیوەیی لەگەڵ پێغەمبەر ئەو زەویە بەرهەم بهێنن، ئیتر فەدەك بەتەنها بۆ پێغەمبەر خۆی بو! واتە دابەشی نەكرد.
ئینجا هێرش برایە سەر جولەكەی (وادی القری) و دوای ڕوبەڕوبونەوەیەكی زۆر و كوژرانی زۆریان ناچار خۆیان بەدەستەوە دا، ئەمەش دەسكەوتێكی باشی هەبو كە دابەشی كرد، بەڵام زەوی و باخە خورماكانی دایەوە بە خۆیان بە بەربەنیوەیی.
دوای ئەوانە پێغەمبەر هەندێك هێرشی چاوترسێنی و تەمێكردنی كردە سەر خێڵە دەشتیەكان، وەكو غەزوەی (ذات الرقاع) و هەندێك پۆل (سریة) ی تر كە نێردران بۆ گەلێك مەبەستی وەكو چاوترسێنكردن و تۆڵەكردنەوە و تاڵانكردن و روبەڕوبونەوەی هەندێك هێرش، كە هەندێكیان تەنها هەڵمەتی داگیركاری و تاڵانكردن بون و دەسكەوتیشیان هەبوە، وەكو پۆل (سریة) ی (بەشیری كوڕی سەعدی ئەنصاری) بۆسەر هۆزی (بەنو موڕڕە) نزیك فەدەك (٧ ك.)، كە بە سی پیاوەوە هێرشی كردە سەریان و مەڕ و وشتریانی پێش خۆی دا، بەڵام دواتر ئەوان بەرگریییان كرد و هەمو سی پیاوەكەیان كوشت و تەنها بەشیر ڕزگاری بو.
هەروەها پۆل (سریة) ی (غالیبی كوڕی عەبدوڵڵای لەیثی) بۆسەر (بەنو عوال) و (بەنو عەبدی كوڕی ثه‌علەبە)، یاخود هۆزی (حوڕەقات) لە خێڵی جوهەینە، بە (١٣٠) پیاوەوە، ئیتر هێرشیان بردە سەریان و گەلێكیان كوشتن و وشتر و مەڕێكی زۆریان پێش خۆیان دا، كە (ئوسامە) لەم هەڵمەتەدا پیاوێكی لەو خێڵە كوشت دوای ئەوەش كە شایەتمانی هێنا.
ئەم هەڵمەت و هێرشانەش هیچ جیاوازییەكیان لەگەڵ تاڵانكاری و داگیركاریی خێڵە عەرەبەكانی پێش ئیسلامدا نەبو.
دوای عومرەیەك، هەندێك پۆل (سریة) ی تر نێردران، ئینجا جەنگی (موئتە) ڕوی دا (٨ ك.)، ئەوەش دوای ئەوەی پێغەمبەر (حاریپی كوڕی عومەیری ئەزدی) ی بە نامەیەكدا نارد بۆ لای فەرمانڕەوای (بوصڕا)، بەڵام فەرمانڕەوای (بەلقا) گرتی و كوشتی. ئیتر بۆ تۆڵەی ئەمە پێغەمبەر سوپایەكی سێ هەزار كەسیی خستە سەر ڕێ‌، بە سەرۆكایەتیی (زەیدی كوڕی حاریثه)، ڕۆمانیەكان بە سوپایەكی گەورە كە پشتیوانیی خێڵە عەرەبیەكانی ئەو ناوچەیەی هەبو ڕوبەڕویان بونەوە، كە دوای كوژرانی چەند سەركردەیەك خالید توانیی سوپا ئیسلامیەكە دەرباز بكات و كۆتایی بە جەنگەكە بهێنێت و بگەڕێنەوە بۆ مەدینە، بەبێ‌ ئەوەی بتوانن ئەو تۆڵەیەی كە ئامانجیان بو بهێننەدی.
ئینجا غەزوەی (ذات السلاسل) یش دوای ئەوە ڕێك خرا، بۆ بڵاوەپێكردنی ئەو خێڵانەی دراوسێی ڕۆمانیەكان یان بۆ دەستەمۆكردنیان، كە لە كۆتاییدا بو بە جەنگ و خێڵەكان شكان.
ئینجا دوای فەتحی مەككەیش پێغەمبەر هەندێك پۆل و هەڵمەتی تری ڕێك خست، كە لەمانە هەڵمەتی خالید دەكەین بۆسەر (بەنو جوذەیمە)، کە ئەمە باسێکی سەربەخۆی دەوێت.
دوای فەتحی مەككەیش گەلێك لە خێڵەكان (هەوازین و ثه‌قیف و گەلێكی تر) ویستیان ڕوبەڕوی هێزە ئیسلامیەكە ببنەوە، كە ئەمەش جەنگی (حونەین) ی لـێ‌ پەیدا بو (٨ ك.)، كە جەنگێكی قورس بو لەسەر موسوڵمانەكان، چونكە كەمینی تیرهاوێژیان بۆ دانرابو، ئیتر شكان بەڵام دواتر خۆیان كۆكردەوە و توانییان سەر بكەون و ڕاویان بنێن. جەنگەكە دەسكەوتی باشیشی هەبو: ٦ هەزار كەس كران بە كۆیلە، ٢٤ هەزار وشتر، زیاتر لە ٤٠ هەزار مەڕ، ٤ هەزار هۆقە زیو.
ئینجا ئابڵوقەی سوپای خێڵە شكاوەكانی دا كە لە (تائیف) خۆیان قایم كردبو، و ئابڵوقە درێژەی كێشا، پێغەمبەر مەنجەنیقیشی بۆ بەزاندنی قەڵاكە بەكارهێنا، و ڕەزە مێوی زۆریشی بڕی و سوتاند. لە كۆتاییشدا پێغەمبەر ئابڵوقەكەی هەڵ‌گرت، و چو بۆ دابەشكردنی دەسكەوتەكان.
دوای ئەمانەش هەندێك هەڵمەتی تر بۆ سەر هەندێك خێڵ و ناوچەی تر ڕێك خران، لەوانە: هەڵمەتی پۆل (سریە) ی (قوطبه‌ی كوڕی عامیر) لەگەڵ (٢٠) پیاو بۆسەر خێڵی (خثعم) (٩ ك.)، ئیتر هێرشیان كردە سەریان، و كوشتارێكی زۆر كرا، و لە كۆتاییشدا موسوڵمانەكان ژنەكان و وشتر و مەڕەكانیان بەدەسكەوت بردەوە بۆ مەدینە.
ئینجا ڕۆمانیەكان بەپشتیوانیی خێڵە عەرەبە مەسیحیەكان خۆیان ئامادە كرد بۆ جەنگ دژی موسوڵمانەكان، ئیتر پێغەمبەر (٣٠) هەزار جەنگاوەری خستە سەر ڕێ‌، كە ئەمەش جەنگی (تەببوك) ی لـێ‌ پێك هات (٩ ك.)، كە ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ ڕۆمانیەكاندا نەكرا، بەڵام قەڵادارەكان و خێڵەكانی ئەو ناوچەیە ملكەچیی خۆیان دەربڕی و لەسەر سەرانە و باج و خەراج ڕێك كەوتن، ئیتر سوپاكە گەڕایەوە بۆ مەدینە.
***
ئیتر بەم شێوەیە حەنگەكانی پێغەمبەر جیاوازییەكی ئەوتۆیان لەگەڵ (داگیركاری و تاڵانكاری و هەوڵی فروانكردنی قەڵەمڕەو) ی ئەو ڕۆژگارەدا نەبوە، ئەگەر تەنها یەكێك لەو هەڵمەت و داگیركاریانە لەم سەردەمەدا بوایە هەمو جیهانی هاوچەرخی دەهەژاند.