لە پەراوێزی
باسوخواسی جێبەجێکردنی شەریعەتدا
جێبەجێکردنی
شەریعەت و جیهاد لە ئیسلامدا؛ بەسراوەتەوە بە دەسەڵاتی ڕەسمیەوە
سهروهر پێنجوێنی
جێبەجێکردنی
شەریعەت بوەتە مەراقێکی گەورە لای مرۆڤی موسوڵمان، کە مەراقێکی پەیوەستە بە
ناسنامە و شوناسەوە. کاتێک مرۆڤی موسوڵمان خۆی لەژێر سایەی دەسەڵاتێکی ئیسلامیدا
نابینێتەوە کە هێمای سەربەرزی و بونی واقیعیی ئایینیەکەیەتی؛ ئیتر گەڕانەوە بۆ
شەریعەت دەبێتە مەراقێک کە بە هۆیەوە ناسنامەی خۆی لە جێبەجێکردنی یاسا
ئیسلامیەکاندا دەبینێتەوە، بەتایبەتی کۆمەڵێک بەند و بڕگەی یاسای ئیسلامی کە
تایبەتمەندیی ئیسلامییان هەیە و هێمان بۆ ناسنامەی ئیسلامی، وەکو یاساکانی خۆراکی
ئیسلامی (بەتایبەتی قەدەغەکردنی کهولەمەنی و گۆشتی بەراز)، و یاساکانی پۆشاکی
ئیسلامی (بەتایبەتی باڵاپۆشیی ژن کە بە هەڵە پێی دەوترێت "حیجاب"، و
هەتاکو پەچەش)، و یاسا ئیسلامیەکانی سزاکان (العقوبات)، وەکو: بڕینی دەستی دز،
سەنگسار "ڕەجم" ی زیناکەری هاوسەردار (الزاني المحصن)، و کوشتنی هەڵگەڕاوە
"مرتد".. و هەندێک یاسای ئیسلامیی تر.
ئینجا بە
هۆکاری ئەوەی کە مەراقی جێبەجێکردنی یاساکانی شەریعەت جێگر و برێتییەکە بۆ
دەسەڵاتە ئایینی-سیاسیەکە؛ گۆڕانکارییەک بەسەر مامەڵەی موسوڵمانی عەوداڵی
گەڕانەوەی دەسەڵاتی ئیسلامدا هاتوە، لەگەڵ یاسا ئیسلامیەکان و چۆنێتیی جێبەجێکردنیان
و دابەزاندنیان بۆسەر واقیع.. کە ئەم گۆڕانکاریە ـ بە بڕوای من و زۆر کەسی تریش
سەرنجی داوە ـ وەکو لادانێک وایە لەو میتۆد و ڕێباز و چوارچێوەیەی جێبەجێکردن و
دابەزاندنی یاسا ئیسلامیەکان، کە لە نوسراو و "زانست" ـە ئایینیەکانی
زانایانی ئایینی ئیسلامی سەردەمانی دەسەڵاتە ئیسلامیەکانی مێژودا، پشتی پێ بەسراوە
و جێبەجێكردن و دابەزاندنی ئەو یاسایانەی ئاڕاستە کردوە. هەمو لادانێکیش لەو میتۆد
و ڕێبازە؛ دەبێتە خراپبەکارهێنانی ئەو یاسا ئیسلامیانە، و دەیانخاتە بەر
لێکدانەوەی توند و بەکارهێنانیان بۆ مەبەستی تر، و ترازاندنیان لە کۆنتێکست و
چوارچێوەی سروشتی و یاسایی خۆیان.
لایەنێکی
گرنگی ئەو میتۆد و ڕێبازەی جێبەجێکردنی یاساکانی شەریعەتی ئیسلامی، لە
"زانست" ـە ئایینیە تەقلیدیەکانی ئیسلامدا؛ بریتیە لە (مەرجبونی بون و
فەرماندانی "ئیمام" ـ واتە کاربەدەستی ئیسلامی ـ بۆ جێبەجێکردنی حوکمە
ئیسلامیەکان بەسەر خەڵکدا)، کە بە بڕوای من بابەتێکی زۆر گرنگە، و دەمێکیشە بە
هیوام لێکۆڵینەوەیەکی تەواوی لەسەر بنوسم، و لەم وتارەدا هەوڵ دەدەم سەرەتایەک لەو
بارەیەوە بخەمە ڕو.
گرنگیی ئەم
بابەتە بۆ ئەم سەردەم و قۆناغە ئەوەیە؛ گوتەی "جێبەجێکردنی شەریعەت"
بنەمای "جیهاد" یش دەگرێتەوە، کە ئەو بنەمایەیە هەمو تێرۆریستە
ئیسلامیەکان لە ژێر سایە و ناونیشانیدا پاساو بۆ کار و کردەوەکانیان دەهێننەوە و
موسوڵمانان تەیار دەکەن بۆ ئەجێنداکانیان. ئینجا کرۆکی کێشەکە ئەوەیە ئەگەر جێبەجێکردنی
بنەمای جیهاد میتۆد و چوارچێوەیەکی ڕێکوپێک و وردی نەبێت کە لە بەکەڵکهێنانی
گروپە یاخی و تێرۆریستەکان بیپارێزێت و چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ دەستەبەر بکات، و
ئیتر بۆ ڕەواییدان بە هەر چالاکی و گێرەشێوێنی و کوشتن و تەقاندنەوەیەک بەکار
بێت؛ ئەو کاتە بنەمای جیهاد دەبێتە بۆمبێکی تایمدراو کە دەتوانێت هەمو کاتێک
کارەسات بقەومێنێت و لە هەمان کاتدا پاساوی ئایینییشی هەبێت و دیباجە و چوارچێوەی
ئایینیی هەبێت بە شێوەیەک گەنجی ئیسلامیی باوەڕدار و جۆشدراو کەمەندکێش بکات.
بەڵام ئەگەر لە خودی کەلەپوری یاسادانی ئیسلامیەوە چوارچێوەیەک هەبێت کە جێبەجێکردنی
جیهاد کۆنتڕۆڵ بکات؛ ئەمە تا ڕادەیەک دەبێتە ڕێگرێک لەوەی بە باری تردا بەکەڵک
بهێنرێت و هەمو گروپێکی تێرۆریست و یاخی بیکات بە ناونیشانی کردەوەکانی خۆی، هیچ
نەبێت ئەمە دەتوانێت ڕەوایەتیی ئایینییان لێ بستێنێتەوە، و ئەو بنەمایانەی فیقهـ و
یاسادانانی ئیسلامی دەکاتەوە بە گژیاندا کە ئەوان خۆیان بە پارێزەری دەزانن، و ئەو
گەمە و دەستکاری و چەپوگوپ و بەکەڵکهێنانەشیان ئاشکرا دەکات کە لەناو ئیسلام و
کەلەپوری ئیسلامیدا دەیکەن، و ئەو کاتە دەریش دەکەوێت کە ئەوان بەئەنقەست لە هەمو
بابەتەکاندا ڕێباز و سەرپشکیە هەرەتوندەکەی ناو کەلەپوری ئیسلامیان هەڵبژاردوە،
بەڵکو زۆر جار کارەکەیان لەبریی جێبەجێکردنی شەریعەت دەبێتە جۆرێک لە
"گێرەشێوێنی" و شێواندنی بنەماکانی ئەو شەریعەتە.
٭٭٭
یەکێک لەو
بنەمایانەی لای گروپە ئیسلامیە توندڕەوەکان فەرامۆش کراون و پێچەوانەی دەجوڵێنەوە؛
ئەوەیە کە دەتوانین بەگشتی بەم شێوەیە گوزارشی لێ بکەین و بڵێین: جێبەجێکردنی
یاساکانی ئیسلام، بەتایبەتی یاساکانی سزادان، و کۆکردنەوەی زەکات، و کاروباری
جیهادی هجومی (دەرچون بۆ جیهاد، و دابەشکردنی دەسکەوتەکان)، و دادوەری (قەزاوەت)،
و ـ هەتا ـ نوێژی (جمعة) یش؛ لە ئیسلامدا بەسراونەتەوە بە "ئیمام" ـەوە،
واتە پێشەوای ئیسلامی کە جێبەجێکردنی ئیسلامی بەدەستە..
(ئیبن ئەبی
شەیبە)، لە کتێبی (المصنف) ـدا لەو بارەیەوە ئەم قسانە لە فیقهزانە هەرەکۆنەکانی
ئیسلامەوە دەگێڕێتەوە:
لە (حەسەنی
بەصڕەیی) ـەوە، کە وتویەتی: چوار شت دەگەڕێنەوە بۆ کاربەدەست: زەکات، نوێژ [دیارە
مەبەست پێشنوێژیە، بەتایبەتی جومعە، یان ڕەنگە مەبەستی سزادانی وازهێنان لە نوێژە]،
سزاکان، قەزاوەت: (عن الحسن، قال: "أربعة إلى السلطان: الزكاة والصلاة
والحدود والقضاء").
ئەم قسەیەی
(حەسەنی بەصڕەیی) لە کتێبی (مسائل الإمام أحمد) [بە گێڕانەوەی (حرب الکرماني)،
بۆیە پێی دەوترێت "مسائل حرب" و دانراوی خۆیەتی، بەڵام لەبەر ئەوەی
زۆربەی لە ئەحمەد دەگێڕێتەوە؛ بۆیە دراوەتە پاڵ ئەحمەد] ـدا بەم شێوەیە هاتوە:
"أربع من أمر الإسلام إلى السلطان : الحكم والفيء والجهاد والجمعة"،
واتە: چوار شت لە ئیسلامدا دەگەڕێنەوە بۆ کاربەدەست: حوکم (دیارە مەبەست
دادوەریە)، و دەسکەوتی جەنگ، و جیهاد، و نوێژی جومعە.
هەروەها
(ئیبن ئەبی شەیبە) هەمان قسە لە (ئیبن موحەيريز) ەوە کە یەکێکە لە فیقهزانە
کۆنەکانی مەککە، دەگێڕێتەوە: عن ابن محيريز قال : "الجمعة والحدود والزكاة
والفيء إلى السلطان"، واتە: نوێژی جومعە و سزاکان و زەکات و دەسکەوتی جەنگ
دەگەڕێنەوە بۆ کاربەدەست.
هەروەها لە (عەطاء)
ـەوە ـ یەکێک لە تابیعیەکان ـ دەگێڕێتەوە: عن عطاء الخراساني قال: "إلى
السلطان الزكاة والجمعة والحدود". واتە: زەکات و نوێژی جومعە و سزاکان
دەگەڕێنەوە بۆ کاربەدەست(١).
دەربارەی
"الحدود" کە لەو دەقانەدا ئاماژەی بۆ کراوە؛ دەبێت ئەوە باس بکەین کە
سزاکان لە یاسای ئیسلامیدا دو بەشن:
١. ئەوەی پێی
ئەوترێ "حد" |حەدد|، کە سزایەکە بە دەق دیاری کراوە. ئەمە لە ئیسلامدا
گومانی تێدا نیە کە کاربەدەست جێبەجێی دەکات، و هاوڵاتی ـ یان هاوڵاتیان ـ ناتوانێ
بۆ خۆی جێبەجێی بکات. بەڵکو ئەبێ قازی (=حاکم) ىریاری لەسەر بدات و کاربەدەست
جێبەجێی بکات.
٢. ئەوەی پێی
دەوترێت "تعزير" |تەعزیر|؛ ئەمە سزایەکە کە چۆنێتی و جۆر و بڕەکەی دیاری
نەکراوە.. ئەمەش هەر کاربەدەست بڕیار دەدات چۆنە و هەر خۆیشی جێبەجێی دەکات..
مەگەر بۆ هەندێک شتی سادە و لاوەکی.
ئیتر ئایا
مەبەست لە مەرجی بونی "ئیمام"؛ بونی "ئیمامەتی گەورە"
(الإمامة العظمی) یە [وەسفی "گەورە" لەوەوە هاتوە کە
"ئیمامەت" ی بچوک هەیە کە پێشنوێژیە، کە خۆی لە بنەڕەتدا هەر ئیمام
گەورە لە پایتەختی ئیسلامدا پێشنوێژییشی کردوە]، واتە بونی دەسەڵاتداری ئیسلامیی
یەکەم کە خەلیفەیە یان ئەوەی لە کەلەپوری ئیسلامیدا بە "أمیر المسلمین"،
واتە فەرماندەی موسوڵمانان، ناو براوە.. ئایا هەمو دادەوەری و سەرپەرشتیی جێبەجێکردنی
یاسا ئیسلامیەکان (بەتایبەتی سزا ئیسلامیەکان و کاروباری زەکات و جیهاد)
بەسراوەتەوە بە "ئیمام" خۆیەوە کە خەلیفەیە و سەرۆکی تاکە دەوڵەتە
ئیسلامیەکەیە، بە خۆی و ئەو جێگر و کاربەدەست و "والی" ـانەی لە شوێن و
ئاوەدانیەکانی تر دایاندەنێت، یان کاربەدەستێکی موسوڵمان بۆ خۆی دەتوانێت
کاروبارە شەرعیەکان ڕاپەڕێنێت، بەبێ گەڕانەوە بۆ "ئیمام" ی گەورە یاخود
هەر بەبێ بونی ئەو "ئیمام" ـە؛ بەڕواڵەت و بەپێی پراکتیسی موسوڵمانی
یەکەم؛ بونی "ئیمام" ی گەورە پێویستییەکی ڕەهایە بۆ ڕاپەڕاندنی
جێبەکردنی کاروبارە ئیسلامیەکان و کاربەدەستەکانی تریش هەر ئەو دایاندەنێت (لەسەر
ئەمە کۆدەنگییەکی گشتی هەیە).. و هەر بەپێی ئەمە جێبەجێکردنی کاروبارە
سەرەکیەکانی ئیسلام (جێبەکردنی یاسا ئیسلامیەکان و بەتایبەتی سزاکان و جیهاد)، لە
حاڵەتی نەبونی "ئیمام" ی گەورە و جێگر و والیەکانیدا، دەوەستێن.. بە
شێوەیەک هەندێک لە موسوڵمانان ـ وەکو شیعە ـ لە سەردامی ڕابردودا نوێژی هەینییشیان
هەڵپەساردوە و دواخستوە بۆ ئەو کاتە نادیارەی کە "ئیمام" دەردەکەوێت (جا
لێرەوە دیارە نەبونی "ئیمامەت" ی گەورە، واتە ڕژێمی خیلافەت، چ
بۆشاییەکی لە هەناو و ویژدانی ئیسلامیدا دروست کردوە). هەرچەند لەبەر ئەوەی لە
سەردەمانی ئیسلامیی کۆندا نەبونی خەلیفە نەبوەتە واقیعێکی درێژخایەن کە خۆی
بسەپێنێت و بارودۆخێکی نوێ بهێنێتە کایەوە کە ڕێوشوێنی نوێ بخوازێت، دەقێکی وا
نابینین باس لە حاڵەتێک بکات کە خەلیفە نەبێت و ئەو کاتە جێبەجێکردنی یاسا
ئیسلامیەکان چیی لێ بەسەر دێت. ئەو چەند نمونە کەمەی کە لەبەر دەستدان؛ ئەوەیە
کاربەدەستی ئیسلامی لەو کاتەدا خۆی دەخاتە جێی "ئیمام" و ڕێگە بە خۆی
دەدات یاساکان جێبەجێ بکات. لەم بابەتە دەکرێت ئاماژە بۆ ئەوە بکەین کاتی خۆی
(موحەممەدی کوڕی عەبدولوەههاب) لەژێر سایەی دەسەڵاتی ئەمیری شارۆچکەی دیرعییە و
دامەزرێنەری ئیمارەت و بنەماڵەی سعودی (موحەممەدی کوڕی سعود)، کەوتە جێبەجێکردنی
یاسا ئیسلامیەکان و ـ بۆ نمونە ـ ژنێکی ڕەجم کرد کە گوایە گوناهی "زینا"
ی بەسەردا سەپابو.. کە ئەمە لەو چوارچێوە خێڵەکیەدا شتێکی نوێ و نیشانەیەکی ترسناک
بو، بۆیە سەرباری پەستانی سیاسی لەسەر ئەمیرە سعودیەکە؛ پەستانێکی ئایینی لەسەر
موحەممەدی کوڕی عەبدولوەههاب دروست بو و ڕەخنەی ئەوەی لێ گیرا کە بەبێ گەڕانەوە بۆ
"ئیمام" ئەو کارانەی کردوە و شەریعەتی جێبەجێ کردوە.. جا ناوبراو بەو
شێوەیە پاساوی هێناوەتەوە کە بونی "ئیمامەتی گەورە"، واتە خیلافەت، مەرج
نیە بۆ جێبەجێکردنی ئەو یاسا ئیسلامیانە، و دەڵێت: ئەگەر وا بوایە؛ هیچ دادوەری و
هەتاکو پێشنوێژییەکیش دروست نەدەبو: "لا يُعرَف أن أحدا من العلماء ذكر أن
شيئا من الأحكام لا يصح إلا بالإمام الأعظم. ولكن أعداء الله يجعلون هذه الشبهة
حجة في ردّ ما لا يقدرون على جحده، كما أني لما أمرتُ برجم الزانية قالوا لا بد من
إذن الإمام، فإن صح كلامهم؛ لم تصح ولايتهم القضاء ولا الإمامة ولا
غيرها"(٢).
بێ گومان هیچ
پێشەوایەکی ئیسلامی ناتوانێت بڵێت مادەم ڕژێمی خیلافەت نەماوە، یان مادەم خەلیفە
کاربەدەستی بۆ ئەم شوێنە دانەناوە؛ ئیتر ئەو یاسا ئیسلامیانەی کە کۆمەڵگە ڕێكدەخەن
و سزای تاوانباران دەدەن پەکیان دەکەوێت، یان کاروباری نوێژ و زەکات پەکیان
دەکەوێت، یان موسوڵمان جیهاد ناکات بۆ بەرگری لە خاکی خۆی.. بەڵکو هاتوە کە لە
حاڵەتی نەبونی دەسەڵاتدا؛ پیاوماقوڵان و ئەوانەی بە "أهل الحل والعقد"
ناو دەبرێن؛ ناچار دادوەر "قاضي" دادەنێن و ئەو حوکمی شەرعی دەردەکات و
لەلایەن ئەو دەسەڵاتە ناوخۆییەوە جێبەجێ دەکرێت.
لە هەمان
کاتدا مەرج نیە کەسێتیی "ئیمام" تەنها لە "خەلیفە" دا
بەرجەستە ببێت، بەڵکو دەکرێت مەبەست هەر کاربەدەست "ولي الأمر" ێکی
ئیسلامی بێت.
بەڵام لەگەڵ
ئەوانەشدا و هەتاکو لە نمونەکەی موحەممەدی کوڕی عەبدولوەههابیشدا؛ ناوبراو
نەیتوانیوە بۆ خۆی وەکو مەلایەک کۆمەڵێک چەکدار و جێبەجێکەر ساز بکات و بکەوێتە
جێبەجێکردنی یاسای ئیسلامی، بەڵکو ئەوەی کردویەتی؛ لەژێر سایەی کاربەدەستێکدا
کردویەتی کە ئەمیر "بن سعود" ی ناوبراوە.
کەواتە لە
ئیسلامدا جێبەجێکردنی یاساکان، بەتایبەتی سزا ئیسلامیەکان "الحدود"، و
کاروباری زەکات، و هەتاکو پێشنوێژیی نوێژی هەینیی سەرەکی، و بەتایبەتی کاروباری
جیهاد؛ بەبێ سەرپەرشتیی "ئیمام" و دەسەڵاتدار و کاربەدەستی ئیسلامی
ناکرێت.. بۆیە ناکرێت کۆمەڵێک موسوڵمان، یان سەرۆکی گروپێک، یان مەلایەک و
پێشەوایەکی ئایینی، خۆی لە جێی دەسەڵات دابنێت و بکەوێتە جێبەجێکردنی یاسای
ئیسلامی و سزادانی تاوانبار و کوشتنی ئەوانەی بە شایەنی کوشتنیان دەزانێت.. وەکو
ئێستە چۆن گروپێکی ئیسلامی، کە مەلایەک یان کەسێکی موسوڵمان کە خۆی کردوەتە پێشەوا
لە کۆمەڵێک ئاڕاستەیان دەکات و فەتوایان بۆ دەدات، و بەنهێنی و بە یاخیبون لە
دەسەڵات، لە خۆیانەوە و بە تێگەشتنی خۆیان دەکەونە جێبەجێکردنی یاسای ئیسلامی و
خەڵک دەکوژن و تێرۆر دەکەن.. زانایانیی ئایینیی ئیسلامیی کۆن بۆ بەرگرتن لە
ئاژاوەیەکی لەم جۆرە وتویانە ئەو کاروبارە ئیسلامیانە بەسراونەتەوە بە
"ئیمام" و دەسەڵات و فەرمانی ئەوەوە و بۆ خۆی سەرپەرشتیی جێبەجێکردنیان
دەکات.. ئیتر یاسا بەجێ ناهێڵرێت بۆ کەسانێک و گروپگەلێک بۆ خۆیان و بەبێ گەڕانەوە
بۆ دەسەڵاتی ڕەسمی و لەسەر جادە و لە لاکۆڵانەکان بە ئارەزو و تێگەشتنی خۆیان بە
بیانوی جێبەجێکردنی شەریعەت خەڵک بکوژن یان تەمێ بکەن.
٭٭٭
ئەم مەرجە
سەرەکیەی جێبەجێکردنی شەریعەت لە ئیسلامدا؛ زیاتر لە جێبەجێکردنی بنەمای
"جیهاد" ـدا دەردەکەوێت چەندە چوارچێوە و میتۆدێکی پێویستە..
بەتایبەتی
کاتێک سەرنجی دەقە قورئانیەکان دەدەین کە ڕوی دەمیان لە "موسوڵمانان" ـە
و وەکو فەرمان پێیان دەڵێن "لەگەڵ بێباوەڕان بجەنگێن" و "لێیان
بدەن" و "بیانکوژن".. ئەم "تەوجیهـ" و فەرمانەش بەڕواڵەت
بۆ هەمو موسوڵمانانە و داوایەکی ڕاستەوخۆیە کە هەمو موسوڵمانێک دەگرێتەوە، بەڵام
لەگەڵ ئەو چوارچێوە فیقهیەدا ڕون دەبێتەوە کە ئەو فەرمان و داواکاریە بەو شێوە
ڕەهایە نیە کە هەر موسوڵمانێک لە جێی خۆیەوە و بەبێ گەڕانەوە بۆ دەسەڵات و
پێشەوایەتیی ئیسلامیی ڕەسمی هێرش بکاتە سەر لایەنێکی ناموسوڵمان..
بۆ نمونە؛
کاتێک قورئان دەڵێت: "فَإِذَا لَقِيتُمُ الَّذِينَ كَفَرُوا؛ فَضَرْبَ الرِّقَابِ،
حَتَّى إِذَا أَثْخَنْتُمُوهُمْ؛ فَشُدُّوا الْوَثَاقَ، فَإِمَّا مَنًّا بَعْدُ
وَإِمَّا فِدَاءً، حَتَّى تَضَعَ الْحَرْبُ أَوْزَارَهَا..." (محمد: ٤)؛ ئەمە
لە چوارچێوەیەکدا هاتوە کە باسی ڕوبەڕوبونەوە دەکات لەگەڵ
"بێباوەڕ"ەکانی مەککە و دەوروبەری، و لە سەردەمی پێغەمبەر خۆیدا و بە
سەرپەرشتیی خۆی، کەواتە باسەکە باسی ڕوبەڕوبونەوە و جەنگێکە بە سەرپەرشتیی پێشەوا
"إمام" ی گەورە.. ئیتر هەرچەند دەقەکە ڕوی دەمی لە
"موسوڵمانان" ـە، بەڵام چوارچێوەی ئەو دەقانە هەمیشە دواندنی کۆمەڵێک
موسوڵمانە لەژێر فەرمانی سەرکردەیەکدا، بۆیە تایبەتن بەم چوارچێوەیەوە..
بۆیە لە
ئیسلامدا وایە کە "ئیمام" بۆ خۆی خەڵک بانگ دەکات بۆ جیهاد، کە ئەمە پێی
دەوترێت "استنفار".
بۆیە بەگشتی
دەتوانین بڵێین: لە ئیسلامدا هیچ چەکهەڵگرتنێک بۆ جیهاد، بەبێ بون و فەرمانی
"إمام" نابێت.. تەنها ئەو جۆرە جیهادە نەبێت کە بەرگریکردنە لە وڵات
بەرامبەر داگیرکەر، ئەو کاتە هەمو کەسێک بەپێی توانای خۆی بەرگری دەکات..
جا ئەو
"جیهاد" ەی باوە و باسی لێ دەکرێت لە ئەدەبیاتی ئیسلامیی ڕەسەندا؛
ئەوەیە کە پێی دەوترێت جیهادی "طەلەب" ـە، واتە جیهادی هێرش
"هجومي"، ئەمە بەپێی زۆربەی ڕێبازە ئیسلامیەکان بەبێ "ئیمام"
ناکرێت، ئەوەش ڕێبازی حەنەفی و مالیکی و بیروڕای پشتپێبەسراوی ڕێبازی حەنبەلیە،
کە جیهاد بەبێ "ئیمام"؛ قەدەغەیە و نابێت. ئەمە بیروڕای سەلەفیەکانیشە
(سەلەفیە جیهادیەکانی ئێستە ناڵێم).
هەتا (ئیبن
تەیمییە)، کە حەنبەلیە و پێشەوای یەکەمی سەلەفیەکانی ئێستەیە، ئەویش هەر لەگەڵ
ئەوەیە کە جیهاد کارێکە کاربەدەست "ولي الأمر" (ی ئیسلامی)
ڕایدەپەڕێنێت.. ئەوەتا لە کتێبی (منهاج السنة) دا دەڵێت: "الجهاد لا يقوم به
إلا ولاة الأمور"(٣). ئیتر دیارە ئەوەی لێی دەگێڕنەوە دەربارەی جیهاد بەبێ ئیمام؛
تایبەتە بە جیهادی بەرگری "دیفاعی" ـەوە..
بەڵام لە
ڕێبازی شافیعیدا جیهاد بەبێ ئیمام؛ "مەکڕوهـ" ـە، یانی خراپە بەڵام
ناگاتە ڕادەی "حەرام". لەگەڵ ئەوەشدا ڕێبازی وا هەبوە کە وتویەتی جیهاد
بەبێ "ئیمام" دروست "جائز" ە، ئەوەش ڕێبازی
"ظاهیری" ـەکانە.
بەگشتی دەقە
ئیسلامیەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە جیهاد بە سەرپەرشتی و سەرکردایەتیی
"ئیمام" و "ئەمیر" دەکرێت.. بێ گومان ئەو "ئەمیر" ش
ئەوەیە کە "ئیمام" دایدەنێت..
بەپێی ئەمە
کۆمەڵێک موسوڵمان لە خۆیانەوە ناتوانن گروپێک دروست بکەن و بە ناوی جیهادەوە خەڵك
بکوژن، بەڵکو دەبێ بگەڕێنەوە بۆ "دەسەڵات" (ی ئایینی-سیاسی) و لەژێر
فەرمانی ئەودا بن..
ئەم چەمکە
گرنگە دوپات بکرێتەوە و لەبەرامبەری جیهادیستەکانی ئێستەدا بەکار بێت، چونکە
ئەوانە ئێستە لە خۆیانەوە گروپ دروست دەکەن و لە دەسەڵاتیش (دەسەڵاتی ئیسلامیی
وڵاتەکەی خۆیشیان) یاخی دەبن.
هەرچەند
تیۆریست "منظر" ەکانیان فەتوا دەدەن کە جیهاد بەبێ "ئیمام" یش
هەر دەکرێت و بەڵگە لە هەندێک سەرچاوەی کۆنیش دەهێننەوە.. بەڵام کاتێک زۆربەی
ڕێبازە ئیسلامیەکان بڵێن جیهاد بەبێ فەرمان و بانکگردن "نفیر" و
سەرکردایەتیی "ئیمام" نابێت؛ ئیتر بۆچی ئەو جیهادیست (=تێرۆریست) ـانە
قسەکەی تر هەڵدەبژێرن و ئەمەش وەکو تاکە هەڵوێست و بنەمای ئیسلام دەخەنەڕو؟!
بابەتێکی
پەیوەندیدار بەم باسەوە؛ بنەمای ئیسلامیی "فەرمان بە چاکە و نەهێشتنی
خراپە" (الأمر بالمعروف والنهي عن المنكر) ە.. ڕواڵەتی دەقێکی وەکو حەدیثی
"من رأى منكم منكرا؛ فليغيره بيده، فإن لم يستطع؛ فبلسانه، فإن لم يستطع؛
فبقلبه، وذلك أضعف الإيمان" ئەوە دەگەیەنێت کە موسوڵمان بۆ خۆی لە جێی خۆیەوە
بەبێ گەڕانەوە بۆ دەسەڵات دەتوانێت بە دەستیش (کە ئەمە ئەگەری بەکارهێنانی
توندوتیژی دەهێنێتە ئاراوە) بەرامبەر "خراپە" (المنكر) هەڵوێستی هەبێت..
بەڵام ئەوەی
ئەم دەقە باسی لێ دەکات؛ دەربارەی ڕێگرتنە لە ڕودان (یان بەردەوامبون) ی تاوانێک،
چونکە باسی گۆڕینی دەکات، واتە تاوانێک لە ڕوداندایە، ئەمیش نەهێڵێت ڕو بدات یان
بەردەوام بێت، جا ئیتر یان بە دەست، یان بە قسە هەوڵ بدات وازی لێ بهێنرێت، یان بە
دڵ پێی ناخۆش بێت..
لەبەر ئەوە
باسی سزای تاوانێک نیە دوای ڕودانی..
بەڵکو ئەمە
دەچێتە بابی (الأمر بالمعروف والنهي عن المنكر)، کە ئەمەش شتێکی جیاوازە لە سزاکان
"عقوبات".
و وتراوە: کە
بۆ ڕێگرتن لە ڕودانی تاوان "النهي عن المنكر"؛ تەنها لە حاڵەتی دز و
چەتەدا چەک هەڵدەگیرێت.
***
ئەمە
کورتەیەک بو.. بە هیوای ئەوەی بتوانم لە دەرفەتێکی تردا کارێكی تێروتەسەلی لەسەر
بکەم.
بە بڕوای من؛
ئەم باسانە گرنگن بایەخیان پێ بدرێت..
ڕاستە لە
یاسای ئیسلامیدا و لە خودی دەقە ئیسلامیەکاندا توندوتیژی هەیە.. بەڵام کاتێک
هەندێک لە موسوڵمانانی ئێستە ئەو دەقانە خراپ بەکار دەهێنن و توندتر جێبەجێیان
دەکەن و هەر بەئەنقەست کام فەتوا و ڕێبازە توندترە ئەوە هەڵدەبژێرن و هەندێکیان
خۆیان لە جێی قازی و دەسەڵات دادەنێن و دەیانەوێ بۆ خۆیان حوکمەکان جێبەجێ بکەن و
بەمەش ئاژاوە و گێرەشێوێنی دروست دەکەن؛ پێویستە ئەم چەپوگوپ و دەستکاری و
ئیستیغلالکردنانەش کەشف بکەین..
و بەگشتی؛
ئیسلام واقیعێکە و ئەبێ لە واقیعەکەدا بە کەرەستەی خۆی مامەڵەی لەگەڵ بکەین.. و
نابێت بەجێی بهێڵین بۆ ئیسلامیە توندڕەوەکان.. توندڕەویی ئایینی سنوری نیە، ئێمە
ئەبێ سنوری بۆ دابنێین، ئەگەر بە کەرەستەی ئایینییش بێت..
پەراوێز:
(١) بۆ ئەم
دەقانە؛ بڕوانە:
ابن أبي
شيبة، الكتاب المصنف في الأحاديث والآثار. تحقیق: كمال يوسف الحوت. الرياض: مكتبة
الرشد. الطبعة الأولى، ١٤٠٩ هـ. جـ. ٥، ص. ٥٠٦.
هەروەها
بڕوانە: حرب بن إسماعيل بن خلف الكرماني، مسائل حرب. إعداد: فايز بن أحمد بن حامد
حابس. إشراف: الدكتور حسين بن خلف الجبوري. جامعة أم القرى. ١٤٢٢ هـ. جـ. ٣، ص.
١٠٦٢.
(٢) بڕوانە:
مجموعة مؤلفات الشيخ محمد بن عبد الوهاب جـ. ٣، ص. ٦٧.
(٣) بڕوانە:
ابن تيمية، منهاج السنة النبوية في نقض كلام الشيعة القدرية. تحقيق: محمد رشاد
سالم. جامعة الإمام محمد بن سعود الإسلامية. الطبعة الأولى، ١٩٨٦. جـ. ٦، ص. ١١٨.