خۆپێشاندن لەنێوان خواستی جەماوەر و ئەجێندای ئیسلامیەكاندا

خۆپێشاندن لەنێوان خواستی جەماوەر و ئەجێندای ئیسلامیەكاندا

ڕوانگه و ڕەخنە، ژ. (٤٥)، (چاودێر)، ژ. ٣١٣: ٢٨ / ٢ / ٢٠١١
 
سه‌روه‌ر پێنجوێنی

ئیسلامیە‌كان، بە‌تایبە‌تی ئیخوانیە‌كان، پێشە‌نگی ڕاپە‌ڕین و خۆپێشاندانە‌كان نین، بەڵام لە ‌ڕێگە‌ی ئیستیعرازی جە‌ماوە‌ری و بە‌كە‌ڵكهێنانی جە‌ماوە‌ری ئایینیە‌وە‌ خۆیان ئە‌كە‌ن بە‌ بە‌شێكی بنە‌ڕە‌تی لە‌ دیمە‌نی ڕاپە‌ڕین و خۆپێشاندانە‌كان


خەریكە دیاردەیەك دەبێتە هاوكات و هاوەڵی خۆپێشاندانەكان و ڕاپەڕینەكان، ئەویش ئەوەیە ئیسلامیە‌كان ـ وە‌كو پیشە‌یان لە‌ زۆر شوێنی جیهانی عەرەبی و ئیسلامی ـ سواری ملی ڕاپە‌ڕینە‌ جە‌ماوە‌ریە‌كان دە‌بن و لە‌ ڕێگە‌ی هە‌ندێك وتار و هە‌ندێك تە‌صریح و خۆدە‌رخستنە‌وە‌ خۆیان دە‌كە‌ن بە‌ خاوە‌نی ڕاپە‌ڕین.. سروتە‌ ئایینیە‌كان تێكە‌ڵ بە‌و شێوازە‌ مە‌دە‌نیانە‌ی دە‌ربڕینی ناڕە‌زایی دە‌كە‌ن تا بتوانن لە‌وێوە‌ جێپێی خۆیان قایم بكە‌ن و بتوانن هیچ نە‌بێت بە‌شێك لە‌ دە‌سكە‌وتی ڕاپە‌ڕین بدزن..

ئەوەمان بەڕونی لە ڕاپەڕینی گەلی میسردا بینی، و تا ڕادەیەك زانراوە لای هەمو لایەك.. بەڵام هەمان دیاردە لەو خۆپێشاندانە جەماوەریەشدا بینرا كە زیاتر لە (١٠) ڕۆژە لە شاری سلێمانیدا بەڕێوە دەچێت. ئەمەش مە‌سە‌لە‌یە‌كی زۆر جیددیە‌ و هە‌ڵوێستە‌ی زۆری دە‌وێت.. چونكە پێچەوانەی ئەو ڕۆشنبیری و جیهانبینیەیە كە لەپشتی ڕێكخستنی ئەو خۆپێشاندانەوە هەیە، كە ڕۆشنبیرییەكە لەسەر وەلانانی كولتوری خۆزاڵكردن و سەپاندن وەستاوە، دابڕینكاری "قطیعة" یەكە لەگەڵ ئەو كولتورەی كە پێداچونەوە و ڕاستكردنەوە هەڵ‌ناگرێت.

یە‌كگرتو لە خۆپێشاندانەكەدا هە‌ندێك مە‌لایان بۆ ئیستیعراز كردین كە‌ هیچ كات لە‌و چالاكیە‌ مە‌دە‌نیانەدا نە‌مانبینیون، كۆمە‌ڵێك گە‌نجی زۆریان لە‌ملاولاوە‌ هێنا تە‌نها بۆ ئە‌وە‌ی (اللە أكبر) بكە‌ن و دیمە‌نێكی ئایینی دروست بكە‌ن و ئاڕاستە‌ی خۆپێشاندانە‌كە‌ بە‌لای خۆیانا بە‌رن.. كاتێك ـ دوای ئە‌وە‌ی مە‌لایە‌ك لە‌ خۆیە‌وە‌ ئە‌و بڕیارە‌ی خوێندە‌وە‌ ـ كاك (فاروق ڕەفیق) وتی "پێویست ناكات لێرە‌ جومعە‌ بكرێت.. چونكە جومعە‌كردن مەغزایەكی سیاسیی هەیە"؛ ئە‌و گە‌نجانە‌ی كە‌ بە‌تایبە‌تی هێنرابون هێرشیان كردە‌ سە‌ری تا وای لێ هات بە‌پە‌لە‌ داوای لێبوردنی كرد! مە‌وعیدی خۆپێشاندان هە‌مو ڕۆژێك دوای سە‌عات 1 بو، بەڵام ئە‌وان هە‌ر پێش نیوە‌ڕۆ هاتن و خۆیان حازر كرد بۆ نوێژی هەینی.. زۆر هە‌وڵیان دا پێناسە‌ی ئایینی و ئیسلامی بە‌بە‌ری ڕاپە‌ڕینی شاری سلێمانیدا ببڕن.. لە‌ كاتێكا ئە‌زانین ئە‌و چە‌ند كە‌سە‌ی كە‌ یە‌كە‌م ڕۆژ ئە‌و خۆپێشاندانە‌یان سازكرد كە‌سانێكن تە‌واو دورن لە‌ ئینتیمای ئایینی و هە‌ندێكیان چە‌پیشن.. كۆمە‌ڵێك گە‌نجی ڕۆشنبیر و دڵسۆزی سلێمانین.. گە‌نجی ئاساییش نین لە‌و گە‌نجانە‌ی كە‌ تە‌نها "هوو - هاا" ئە‌زانن و ناهێڵن بە‌شداربوان قسە‌كانیشیان تە‌واو بكە‌ن.. بۆ رۆژانی دواتریش ئە‌وە‌ی سە‌رلە‌نوێ ڕۆحی كردە‌وە‌ بە‌بە‌ری خۆپێشاندانە‌كەدا كاك (فاروق ڕەفیق) بو كە‌ هە‌مومان دە‌زانین ئیسلامیە‌كان چۆن دژایە‌تییان كرد و دە‌زانین كە‌ دانویان لە‌گە‌ڵی ناكوڵێت.. بەڵام ئێستە‌ ئە‌و گە‌نجە‌ ڕۆشنبیرانە‌ی كە‌ یە‌كە‌م ڕۆژ ڕێكیان خست ئێستە‌ هە‌ر بواری دە‌ركە‌وتنیان نە‌ماوە‌ و ڕە‌نگە‌ ڕێگە‌یان پێ نە‌درێت بچنە‌وە‌ سە‌ر مە‌نە‌صە‌ وە‌كو ڕۆژی یە‌كە‌م.. كاك (فاروق ڕەفیق) یشیان خستە‌ لاوە‌ و بڕیاردانیان لـێ‌ سە‌ندوە‌تە‌وە‌.

ئیسلامیە‌كان، بە‌تایبە‌تی ئیخوانیە‌كان (كە هەمیشە لە كێشە و ئاستەنگە سیاسیەكاندا گەمەی خۆیان دەكەن و جەماوەری ئاییندار بۆ ئەجێندای سیاسی بەكار دەهێنن)، هە‌ر وان: پێشە‌نگی ڕاپە‌ڕین و خۆپێشاندانە‌كان نین، بەڵام لە ‌ڕێگە‌ی ئیستیعرازی جە‌ماوە‌ری و بە‌كە‌ڵكهێنانی جە‌ماوە‌ری ئایینیە‌وە‌ خۆیان ئە‌كە‌ن بە‌ بە‌شێكی بنە‌ڕە‌تی لە‌ دیمە‌نی ڕاپە‌ڕین و خۆپێشاندانە‌كان.. لە‌ میسر و لە‌ ساحە‌ی تە‌حریر وایان كرد.. لێرە‌ش لە‌ گۆڕە‌پانی ئازادیی سلێمانی هە‌ر وایان كرد.

لە میسریش سەرەتا (ئیخوان موسلمین) پشتگیریی ڕاپەڕینیان نەكرد و موجازەفەیان نەكرد بە بەرژەوەندیی خۆیانەوە، بەڵام دوایی لە ڕێگەی وتاری هەینی و تەصریحاتەوە پێشەنگی و دیمەنی گشتیی ڕاپەڕینەكەیان قۆرخ كرد و دیمەنێكی ئیسلامی و ئیخوانییان پێ‌ دا. لە كاتێكدا ئەوەی سەرەتا بانگەشەی ئەو خۆپێشاندان و ڕاپەڕینەی ڕاگەیاند و لە (فەیسبوك) دا ڕایگەیاند و ڕێكی خست و یەكەم ڕۆژ بەرپای كرد، ئەندازیار (مەحمود ئەبو هوڕەیڕە) بو كە خاوەنی كۆمپانیایەكی بیناسازیە و چالاكییشی هەیە لە بواری بانگەشەكردن بۆ چاكسازیی سیاسی و كەسێتییەكی ئایینی نیە و هیچ پەیوەندییەكی بە ئیسلامیەكانەوە نیە.. رۆژی یەكەمی خۆپێشاندانیش لێی درا و قاچی بریندار بو. بەڵام دوایی كەسانێكی تر خۆیان كردە دەمڕاست و دواتریش (قەڕەزاوی) خۆی كردە پاڵەوانی ئەو ڕاپەڕینە بە پێشنوێژییەك و هەندێك تەصریحات. 

هەمان شت لە خۆپێشاندانی پایتەختی ڕۆشنبیریی كوردستانیشدا گوزەرا، هەمان شانۆگەری ڕێك خرا. هەتا ئەو مەلایەی پێشنوێژیی نوێژی هەینیی كرد و وتاری هەینیی دا، لاسایی قەڕەزاویی لە جل‌وبەرگیشدا كردبوەوە!

بێ‌ گومان پێویستە نەهێڵرێت وای لێ بكرێت.. هەم بۆ ئە‌وە‌ی كە‌س بە‌ دو قسە‌ خۆی نە‌كات بە‌ خاوە‌نی دە‌سكە‌وتە‌كان.. و هەم بۆ ئە‌وە‌ش خۆپێشاندانە‌كە‌ نە‌بێتە‌ تە‌راتێنی لایە‌نە‌ سیاسە‌كان و بە‌م شێوە‌یە‌ش بە‌ بنبە‌ست بگات.. دور نیە‌ بە‌و شێوە‌یە‌ لە‌ كێشمە‌كێش وزیندوبونە‌وە‌ی كێشە‌ی كۆنی نێوان پارتی و یە‌كگرتودا كورت ببێتە‌وە‌، وە‌كو چۆن پێشتریش هە‌وڵ درا لە‌ كێشمە‌كێشی نێوان پارتی و گۆڕاندا كورت بكرێتە‌وە‌. ئە‌و كورتبونە‌وە‌یە‌ش خۆپێشاندانە‌كە‌ نە‌زۆك دە‌كات و بەلاڕێیشیدا دەبات. لە بنەڕەتیشدا خۆپێشاندانەكە گوزارشە لە خواستی جەماوەر و گەنجان. شەقامی كوردی هیوایەكی زۆر زیاتری بەو خۆپێشاندانە هەیە، زۆر زیاتر لە ململانێ‌ و ئینشیقاقی حزبی و ئایدیۆلۆجیایی.

بە‌ ڕای من پێویستە‌ گروپی بە‌رگری لە‌ ئازادیە‌كانی خە‌ڵك لە‌گەڵ كاك (فاروق ڕەفیق) و ڕۆشنبیرە‌ دیارە‌كانی تر جڵە‌وی خۆپێشاندانە‌كە‌ بگرنە‌وە‌ دە‌ست و ئاڕاستە‌ی بكە‌ن.. هە‌ر لایە‌ن و كە‌سێكی تریش بە‌شداری دە‌كات وە‌كو بە‌شێك لە‌ جە‌ماوە‌ر بە‌شداری بكات نە‌ك بە‌ هە‌لی بزانێت بۆ تە‌فعیلی ئە‌جێندای خۆی یان بۆ ساخكردنە‌وە‌ی كێشە‌ كۆنە‌كانی خۆی و ململانێ‌ تەقلیدیەكانی خۆی.. و بە‌ ئە‌ركی نیشتمانی و كوردانە‌ی خۆی بزانێت نە‌ك بیكات بە‌ فە‌زڵ و منە‌ت و لە‌ ڕێی ئە‌وە‌وە‌ خۆی زاڵ بكات بە‌سە‌ر ئاڕاستە‌ی خۆپێشاندانە‌كە‌دا. مە‌سە‌لە‌كە‌ لە‌وە‌ گرنگتر و هە‌ستیارترە‌ ئیستیغلال بكرێت بۆ ئامانجی تایبە‌تی و بە‌رژە‌وە‌ندیی تە‌سك.