داعش و ئیسلام، چ جۆرە پەیوەندییەک؟

داعش و ئیسلام
چ جۆرە پەیوەندییەک؟
پێداچونەوەی بۆچونە جیاوازەکان

سه‌روه‌ر پێنجوێنی

مشت‌ومڕێکی زۆر سەبارەت بە پەیوەندیی داعش بە ئیسلامەوە و پۆلێنکردنی ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستە و لێکدانەوەی ئامانج و فرمانی، لە ناوەندی ڕۆشنبیریی کوردیدا، دروست بوە، و خەریکە جۆرێک لە دابەش‌بون دەسازێنێت.

داعش و جێبەجێکردنی ئیسلام
بە بڕوای من؛ ئەم بابەتە دو ئاست و چینی هەیە، کە دەبێت جیا بکرێنەوە ئەگەرنا خراپ‌حاڵی‌بون دەخولقێنێت.

 یەکەمیان: ئەوەی دەزانین کە کار و کردەوەی داعش و ئەوەی داعش جێبەجێی دەکات؛ بەگشتی و ئەگەر ڕواڵەتەکەی وەربگرین و هەندێک کردەوەی لاوەکی ("هەڵە و پەڵە"کانیان، بە گوزارشی ئیسلامیەکان!) و باکگراوند و پاڵنەری سیاسی پشت‌گوێ بخەین؛ هەر بریتیە لە ئەحکامی شەریعەتی ئیسلامی (جیهاد: کوشتاری فرەپەرست هەتا موسوڵمان دەبێت، کوشتاری ئەهلی کیتاب هەتا موسوڵمان دەبێت یان سەرانە دەدات، کوشتنی موڕتەدد، ڕەجمی زیناکەری موحصەن..) کە ئەمانە جێی یەکدەنگیی موسوڵمانان بون و دەقی قورئان و حەدیثیان لەسەرە.. داعش لەو حوکمانەدا گەڕانەوەی تەواوی هەیە بۆ ئیسلام، و ئەگەر ئیسلام لەم سەردەمەدا دەقاودەق جێبەجێ بکرێت؛ هەر شتێکی وەکو ئەوەی داعشی لێ دەردەچێت، و ئەوەی ئێستە داعش ئەنجامی دەدات لە چەوساندنەوە و قەتڵ‌وعامی کەمایەتیە ئایینیەکان؛ مێژوی جیهادی ئیسلامی و "فتوحات" بیر دەخاتەوە و دەبێتە درێژەیەکی ئەو مێژوە. و هەمو کاتێک پرۆژەی ئیسلامی توانای خولقاندنی ئەو کارەساتانەی هەیە، و داعشیش یەکەم نمونە نیە. و ئەگەر ئیسلام ـ و دەقەکانی ئیسلام ـ ئەو بنەما توندوتیژانەی تێدا نەبونایە؛ گروپێکی وەکو داعشیش بیانوی ئایینیی نەدەبو بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی. و کاتێک لەم لایەنەوە داعش لەگەڵ ئەو لایەنە ئیسلامیانە بەراورد دەکەین کە بنەماکانی جیهاد و یاسا و سزا ئیسلامیەکان جێبەجێ ناکەن یان هەڵیان‌پەساردون بۆ قۆناغێکی تر یان ناتوانن جێبەجێیان بکەن و دەسەڵاتیان نیە یان هەر باوەڕیان بە جێبەجێ‌کردنی جیهاد بەو شێوەیەی گروپە جیهادیەکان نیە؛ ئەو کاتە گروپە جیهادیەکانی وەکو داعش نزیکتر دیارن لە ئیسلام (ئیسلامی تەقلیدی، ئیسلامی دەق و گێڕانەوەکان) و دەقە ئیسلامیەکان و مێژوی ئیسلامەوە، ئەگەرچی گروپی وەکو داعش لە چوارچێوەی ڕێبازێکی تایبەتی و لەگەڵ کۆمەڵێک هەڵ‌بژاردن و بیروڕای توندتردا ئەو بنەما ئیسلامیانە جێبەجێ دەکەن. ئەمە ڕاستییەکە نابێت خۆمانی لێ بێ‌ئاگا بکەین.

دوەمیان: ئەوەی ئەم جێبەجێ‌کردنەی ئیسلام بکەین بە پێناسە بۆ ماهییەت و ئامانج و باکگراوندی داعش؛ ئەمەیان بەلای منەوە هەڵەیە. ئەوە ئەو وێنەیەیە کە داعش دەیەوێت بۆ خۆیی دروست بکات، نابێت ئێمە بەو وێنەیە فریو بخۆین. ئەوە ئەو پێناسەیەیە کە داعش دەیەوێت بۆ خۆیی دروست بکات، نابێت ئێمە پێناسەی خۆیان بۆ ئەوان دوبارە بکەینەوە (وەکو چۆن هەندێک لە ناوەندەکانی میدیای کوردی پرۆپاگەنداکانیشیان بڵاو دەکەنەوە!). داعش لای هەموان ئاشکرایە کە هێزێکی مەزهەبی (سوننی) ـە و ئەجێندای مەزهەبیی خۆی لە ناوچەکەدا هەیە و دوژمنی یەکەمی شیعەیە ئینجا ئەوانی تر، و ئەجێندا عەرەبی-سوننیەکە دەیجوڵێنێت (سەرباری هەندێک ئەجێندای لاوەکی و ناوچەیی: وەکو یەکتربڕینی بەرژەوەندیەکانیان لەگەڵ بەرژەوەندیی عەرەب-سوننە و بەرژەوەندیی تورکیای ئەردۆغان، کە لە هەوڵی لەناوبردنی سەربەخۆیی کورد و زەوتکردنی ناوچەگەلێکی کوردستاندا بەرجەستە دەبێت)، و بارستە سوننیەکەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست (سعودیە، قەطەر، کوەیت، تورکیا..) ی لەپشتە کە دەمێکە نەخشە دەکێشن بۆ بەرگرتن لە پرۆژە ئێرانی-شیعیەکە لە ناوچەکەدا و داعش تاکە دەرکەوتەی ئەو ئەجێندایە نیە بەڵکو بەرهەمێکی کێشەی سوریایە ـ کە بوەتە تیشکۆی کێشمەکێشە شیعی-سوننیەکەی ناوچەکە ـ و دەشتوانێت گەلێک ڕوداوی گەورەی تری ناوچەکە لێک‌بداتەوە. ئەمە ئەجێندا و ئامانج و فرمان و ماهییەتە ڕاستەقینەکەی داعشە نەک جێبەجێ‌کردنی شەریعەتی ئیسلام.. دەبێت بەم شێوەیە پێناسەی داعش بکەین نەک بە "ئیسلامی ڕاستەقینە" پێناسەیان بۆ بکەین. ئیتر جێبەجێ‌کردنی شەریعەت و ئایدیۆلۆجیای (تەوحید) و میکانیزمی (جیهاد) و ئەو هەمو کردەوە دڕندە ئاسایەی لەو پێناوەدا داعش دەستیان بۆ دەبات؛ ئەمانە بەرگ و دیباجە و ناونیشان و پاساون بۆ ئامانجەکەیان کە ئامانجێکی مەزهەبی-سیاسیە، کە ئیتر بۆ دروست‌کردنی ئەو قەوارە مەزهەبیە؛ "یەکتاپەرستی" دەکرێتە ئایدیۆلۆجیا و "جیهاد" دەکرێتە میکانیزمی هێرش و بڵاوبونەوە و فراوان‌کردنی دەسەڵات، و جێبەجێ‌کردنی حوکمە شەرعیەکانیش دەبێتە بیانویەک و ئامڕازێک بۆ تۆقاندنی خەڵک و سەپاندنی دەسەڵات بەسەر کۆمەڵگەدا (ئەگەرنا جێبەجێ‌کردنی ئەو حوکمانە لەسەر جادە و هەر پێش بونی دام‌ودەزگایەی ڕاستەقینە؛ جگە لەو مانایە هیچ مانایەکی تری نیە).. بەڵکو ئەمانە (تەوحید و جیهاد و هەڵ‌کردنی ئاڵای یەکتاپەرستنی و ڕاگەیاندنی جیهاد لەناو کۆمەڵگای موسوڵماننشیندا) بەرجەستەکەری وەهمی خۆ‌بەئیسلام‌زانینن کە نەخۆشییەکی هەمیشەییە لە فیکری گروپە سوننی-وەههابیەکاندا، بە شێوەیەک لەناو خودی کۆمەڵگای ئیسلامیدا هەر خۆیان بە "یەکتاپەرست" دەزانن و دەرەوەی خۆیان بە فرەپەرست و ناموسوڵمان دەزانن و ئینجا بنەمای "جیهاد" دەخەنە کار بۆ قەڵاچۆکردنیان ئەگەر بونە دوژمن و دژی سیاسی.. ئیتر بە شێوەیەک خۆیان لێ دەبێت بە خودی "ئیسلام" (الإسلام) کە نەک هەر هەوڵ دەدەن بۆ جێبەجێ‌کردنی دەقاودەقی ئیسلام بەڵکو ڕێک دەکەونە لاسایی‌کردنەوەی مێژوی ئیسلام و دوبارەکردنەوەی ئەزمونە ئیسلامیەکە، هەر لە کۆچ "هیجرە" ەوە هەتاکو "غەزوە" کان و هەتا "فەتح" و هەتا "خیلافەت"! ئیتر هەر خۆیان پێ "ئیسلامی ڕاستەقینە" یە و هەر خۆیان پێ تاکە "کۆمەڵی موسوڵمانان" (جماعة المسلمین) ـە! و دەوڵەتە مەزهەبیەکەیان پێ "دەوڵەتی ئیسلام" ـه! جا ئایا دەکرێت ئێمەش لەگەڵ ئەم وەهمەیاندا لەگەڵیان بڕۆین و بڵێین: "ڕاست دەکەن، ئێوە نوێنەری ئیسلامی ڕاستەقینەن"!؟ دەکرێت کەسێک توشی وەهم و نەخۆشیی خۆبەپاڵەوان‌زانین بوە؛ لەو وەهمەیدا لەگەڵیدا بڕۆین و پێی بڵێین "تۆ ئەوەیت کە خۆت دەڵێیت"!؟

بۆ ڕونکردنەوەی زیاتر؛ دو خاڵی تر هەن دەبێت سەرنجیان بدەین:

دەوڵەت و خیلافەت هەر بە ناو نیە
* داعش کەوتونەتە ئەو وەهمەوە کە مادەم ئەوان "خیلافەت"ـیان دامەزراندوە و "ئیمام" (=خەلیفە) یان داناوە، و دەوڵەتەکەیان ناوی "دەوڵەتی ئیسلام" ـە و ئاڵاکەیان ئاڵای یەکتاپەرستیە و دروشمی ئیسلامی لەسەرە و دیزاینەکەی هەمان ئاڵای (العقاب) ئاڵا ڕەشەکەی پێغەمبەری ئیسلامە و وێنەی مۆرەکەی پێغەمبەر (الله‌~رسول~محمد) ی لەسەرە؛ ئیتر بۆیان هەیە هەمو ئەو شتانە بکەن کە خیلافەتێک و دەوڵەتێکی ئیسلامی لە ڕابردودا کردونی و هەمان ئەو ماف و لێوەشاوەیی و ئیمتیازانەیان هەبێت! ئیتر گوایە دەبێت هەمو موسوڵمانان بە گوێیان بکەن و پشتگیرییان بکەن و بچنە ژێر ئاڵاکەیانەوە! بەم شێوەیە بە ناونیشان و دروشم و شکڵ خەڵەتاون و دەیانەوێت بەوە خەڵکیش بخەڵەتێنن، لە کاتێکدا "خیلافەت" و "ئیمامەت" هەر بە ناونیشان و دروشم دانامەزرێت، و دەوڵەت هەر بە شکڵ و ناو و ناونیشان نیە. کاتێک دەوڵەتێکی ئیسلامی لە ڕابردودا داوای ملکەچیی لە موسوڵمانان کردوە کە دام‌ودەزگای ڕاستەقینەی دەوڵەتی هەبوە و هەڵ‌بژاردەی ئایینی و زۆرینەی خەڵکیش پشتگیرییان کردوە و ڕەوایەتییان پێ داوە. خۆ ناکرێت هەر کەس ناوی "خەلیفە" و "ئیمام" و "دەوڵەتی ئیسلام" ی لە خۆی نا و ئەم ناونیشانەی هەبو؛ ئیتر هەر بەم ناو و شکڵە گوێڕایەڵی‌کردنی ببێتە ئەرکێکی ئیسلامی، و کارەکانی ڕەوایەتیی ئیسلامییان هەبێت.
فریوخواردنی ناوەندی ڕۆشنبیریی کوردی
بە لاف‌وگەزافەکانی داعش
خەڵەتانی جەماوەرێکی ئیسلامیی سوننی (لەبەر هۆکارگەلێکی تر و بە ئامانجی تر کە زانراون) بە لاف‌وگەزافی داعش بە ڕاگەیاندنی دروستکردنی دەوڵەتی ئیسلام و جێبەجێ‌کردنی ئیسلام؛ شتێکە لێی دەگەین و "مەفهوم"ـە لامان، بەڵام نازانم بۆچی بەشی زۆری ناوەندە ڕۆشنبیریە کوردیە عەلمانیەکەش بەو لاف‌وگەزافە خەڵەتاوە!؟ ئایا مەسەلەکە ئەوەیە ئەو ناوەندە ڕۆشنبیریە کوردیەش لەگەڵ ئەو جەماوەرە ئیسلامی-سوننیە لە یەک ئاستدان!؟ یان پرۆپاگەندا داعشیەکە کاری خۆی کردوە و بەرگ و پێناسەکەی خۆی (هاوڕێ لەگەڵ ترس و تۆقاندنەکەی) خستوەتە مێشکی زۆرینەی خەڵکەوە!؟ یان خەڵک بەگشتی ـ بە ئیسلامی و عەلمانیەوە ـ لەبەر نەبونی شارەزایی ورد لە ئیسلام؛ سڵ لە بابەتە ئیسلامیەکە دەکەنەوە و کاتێک ڕیشدارێک دەبینن کە ڕیشەکەی درێژترە و توندیە ئایینیەکەی زیاترە؛ ئیتر وا دەزانن لە ئیسلامدا قسە قسەی ئەوە!؟ (من دەزانم تێگەشتنێک لەناو خەڵکدا بڵاوە و کاریگەریی خۆیی هەیە، ئەویش ئەمەیە کە وا دەزانرێت ئەو ئیسلامیەی توندڕەوتر بو و ڕیشەکەی درێژتر بو؛ ئیتر ئەوە لە ئیسلامی ڕاستەقینەوە نزیکترە! کە مەرج نیە وا بێت، ئیسلام کۆمەڵێک بنەمای دیاریکراوە و توندڕەویەکەیشی ئاستێکی دیاریکراوی هەیە، ئیتر مەرج نیە ئەوەی توندڕەوتر بو؛ موسوڵمانتر بێت، وەکو چۆن مەرج نیە ئەو موسوڵمانەی ڕیشەکەی درێژتر بو؛ موسوڵمانتر بێت!).. یان مەسەلەکە ئەوەیە ڕۆشنبیرە عەلمانیەکان بە هەلی دەزانن بارودۆخی هاتنی داعش بەکەڵک بهێنن بۆ ئیحراج‌کردنی ئیسلامیەکانی کوردستان (من زیاتر ئەمەی لێ دەخوێنمەوە)، ئەوەتا بە (داعشەکانی ناوخۆ) ئاماژەیان بۆ دەکەن، و بەڵکو خەریکە زاراوەیەک دروست دەبێت بەو واتایە، ئەویش "جاعش" ـە! کە لە "داعش" و "جاش" ـەوە داڕێژراوە! بەو پێیەی ئیسلامیەکانی کوردستانیش سەر بەوانن.. کە هەرچەند ئیسلامیەکانی کوردستان لەلایەنی ئایدیۆلۆجیاییەوە کەم تا زۆر نزیکییان لەگەڵ گروپێکی وەکو داعش هەبێت؛ هێشتا ئەمە ستەمی تێدایە و بەڵکو بێ‌ئاگاییشە، یان خۆبێئاگاکردنە، لە بارودۆخ و چوارچێوەی دروست‌بون و گەشەکردنی ئیسلامی سیاسی لە کوردستاندا، و بارودۆخ و باکگراوندی دروستبون و گەشەکردنی ڕێکخستنێکی وەکو داعش. و نەبینینی ئەو هەمو جیاوازیەیشە کە هەیە لەنێوان شێوازی کاری ئیسلامیەکان (مەبەستم حیزبە ئیسلامیەکان) ی کوردستان و شێوازی کاری ڕێکخستنێکی وەکو داعش. ڕاستە ئیسلامیەکانی کوردستانیش، بەتایبەتی سەلەفی-جیهادیەکانیان، وەکو کۆمەڵ و بزوتنەوە و مەلاکرێکاریەکان، سۆزێکیان بۆ گروپگەلی وەکو داعش هەیە و وەکو ئەوان ئاواتیانە کۆتایی بە دەست‌ڕۆیشتویی شیعە لە ناوچەکەدا بێت و باڵادەستیی سوننە بچەسپێت و شتێک هەبێت بە ناوی دەسەڵاتی ئیسلام و جێبەجێ‌کردنی شەریعەت بە شێواز و بەرگە سوننی-سەلەفیەکە، و ڕاستە ژمارەیەکی زۆری گەنجی ئیسلامییش لە کوردستان فریویان خواردوە و پەیوەندییان بە داعشەوە کردوە، و بیرکردنەوەی داعش نامۆ نیە بە بیرکردنەوەی جیهادیستە کوردەکان؛ بەڵام هەڵەیە کاتێک لایەنگەلێکی ئیسلامی سیاسی کە باوەڕیان بە کاری حیزبی و کێبەرکێی سیاسی هەیە لە چوارچێوەی سیستەمێکی دیمۆکراتدا، لەگەڵ ڕێکخراوێکی تێرۆریستی وەکو داعش بەراورد بکرێن [هەرچەند هێشتا "کۆمەڵی ئیسلامی" بەتەواوی لەم لایەنەوە ساخ نەبوەتەوە و سەرکردەی وای تێدایە کە ـ بە بیرکردنەوە ـ "جیهادیست" ـە نەک تەنها "ئیسلامیستی سیاسی". لەم لایەنەوە دەبێت کۆمەڵی ئیسلامی خۆی ساخ بکاتەوە]، کە ئەمە شتێکی جیاوازە لە جیهانی فیکریی جیهادیستەکان، کە ئەوان هەمو دام‌ودەزگاکانی سیستەمێکی دیمۆکرات بە بێ‌باوەڕی دەزانن و ڕوخاندنیان بە ئامانجی خۆیان دەزانن. مەبەستەکەم ئەوە بو باکگراوندێکی گرنگی ئەو پێناسەیەی ناوەندە ڕۆشنبیریە کوردیەکە بۆ داعش وەکو ئیسلامی ڕاستەقینە؛ ئەو کێشمەکێشەیە کە لە کوردستان هەیە لەگەڵ ئیسلامیەکان، پێش هاتنی داعشیش. لێرەوە ئیسلامیەکانی کوردستان بەوە ئیحراج دەکرێن کە ئەوانیش هەمان ئامانجی داعشیان هەیە، ئەگەرچی نەتوانن بە شێوازی کاری ئەوان کار بکەن یان نەتوانن بەو ئاشکراییە ڕای بگەیەنن کە چییان دەوێت و ئامانجیان چیە. بەڵام ئەم جیاوازیەش گرنگە: جیاوازیی شێوازی کاریش گرنگە، ئەوەش گرنگە لایەنێکی ئیسلامی ـ ئەگەرچی هەر بە ڕاگەیاندنیش بێت ـ ڕای بگەیەنێت کە باوەڕی بە توندوتیژی نیە بۆ سەپاندنی ئایین و دەسەڵاتی ئایینی، ئەمەش هەر نیشانەیەکی باشە. بۆیە پێویستە ئیسلامیەکان ڕونتر بدوێن و خۆیان ساخ بکەنەوە: ئەگەر هەمان ئامانجی داعشیان هەیە؛ خۆیان ساخ بکەنەوە و ئیتر بەشداری پرۆسە سیاسیەکە نەبن کە بێ گومان ئەو کاتە پێچەوانەیە لەگەڵ بیروباوەڕ و ئامانجی ئەواندا، ئەگەریش وەکو داعش بیر ناکەنەوە؛ ئیتر بەڕونی بیڵێن و سڵ لە داعش نەکەنەوە و سۆزی ئایینی بۆیان نەیانگرێت (و بەرگری لە نیشانە ئیسلامیەکانیشیان کە لە ژێر سایەیاندا خراپەکاری و تێرۆر دەکەن ـ وەکو ڕیش و ئاڵاکەیان ـ نەکەن) و داعش لە خۆیان بە موسوڵمانتر نەزانن و فریوی پرۆپاگەنداکانیان نەخۆن (و خۆیان دڵنیا بکەنەوە کە گروپی وەکو داعش هیچ داهاتویەکیان نیە) و ڕەوایەتیی ئیسلامییان لێ بستێننەوە و بیسەلمێنن کە بەڕاستی "کوردستانی"ـن نەک تەنها بۆ دەسکەوتی کاتی. ئەگەر ئەوە بکەن؛ هەمو ئیحراجییەک لەسەر خۆیان هەڵ‌دەگرن، ئەگەرنا وا دیارە ئەو بارودۆخە بەردەوام دەبێت و زیاتر ناشیرین دەبن و لە داهاتویشدا وەکو "تابوری پێنجەم" حسابیان بۆ دەکرێت.
بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا ئێستە شەپۆلێک لە ناوەندی ڕۆشنبیریی کوردیدا هەیە کە بە خۆبێبەری‌کردنی لایەنێکی ئیسلامی سیاسییش لە داعش بێزار دەبێت! پێی خۆشە موسوڵمان هەموی داعش و داعش‌ئاسا بێت، ئەوەی پێ هەزم ناکرێت کە ئێستە زۆرێک لە موسوڵمانان هەر باوەڕیان بە شتێک بە ناوی (جیهادی هێرش "هجومي") نیە وەکو هێرشکردنە سەر ناوچەیەک بۆ موسوڵمان‌کردنیان، و باوەڕیان بە جێ‌بەجێ‌کردنی حوکمی وەکو کوشتنی موڕتەدد و ڕەجم نیە.. ئەوەیان پێ هەزم ناکرێت تێگەشتنی جیاواز لە ئیسلام و نوسخەی جیاواز لە ئیسلام هەبێت، بۆیە چاوەڕێن هەڵوێستی هەمو موسوڵمانێک وەکو کردەوەکانی گروپی وەکو داعش بێت، بەبێ دەرکی ئەوەی کە ئیسلامیش چەند ڕێبازێکە و هەر یەکەیان تێگەشتن و داڕشتنەوەی خۆی بۆ ئیسلام هەیە، و بەبێ دەرکی ئەوەش کە داعش سیاسەتێک ئاڕاستەی دەکات کە موسوڵمانانێکی تر سیاسەتی پێچەوانەی ئەوەیان هەیە! [دیارە داعش سەرکەوتو بوە لە شاردنەوەی گەمە سیاسیەکانی پشتی لەژێر پەردەی کاری ئایینی و جێبەجێ‌کردنی شەریعەتدا، بە شێوەیەک خەڵکی نائیسلامییش وای لێ هاتوە خەریکە تەنها کارە ئایینیەکە ـ کە ماسک و بەرگێکی پۆشراوە ـ دەبینن و گەمە سیاسیەکە ـ کە پاڵنەری ڕاستەقینەیە ـ نابینن]. ئەم جۆرە بیرکردنەوە و لێدوانەش؛ ئامانجەکەی تەنها هەندێک دەسکەوتی ئایدیۆلۆجیایی کاتیە لە کێشمکێشدا لەگەڵ ئیسلامیەکان، لە کاتێکدا لەلایەنی کردەییەوە زیانی زیاترە، چونکە وەکو ئەوە وایە پاڵ بە هەمو موسوڵمانێکەوە بنرێت وەکو داعش بێت و وەکو داعش بیر بکاتەوە، لەژێر پەستانی ئەو پۆلێن‌کردنەدا کە "ئەگەر موسوڵمانی تەواوە؛ دەبێت وەکو داعش بێت، ئەگەرنا؛ درۆ دەکات و دوڕوە". ئیتر بەم شێوەیە بابەتەکە تەنها دەبێتە هەلێک بۆ درێژه‌دان بە کێشمەکێشە ئایدیۆلۆجیاییەکە لەگەڵ لایەنە ئیسلامیەکە نەک بابەتێک بۆ لێکۆڵینەوە و شیکردنەوە، هەر بۆیە دەبینین ئەو لێدوان و تێڕوانینە زیاتر لە لایەنە ئایدیۆلۆجیستەکانەوە دەردەچێت، ئەوانەی بە ئایدیۆلۆجیا دژی لایەنە ئیسلامیەکەن، ئەوانیش "ناسیۆنالیست"ـەکان و "سۆشیالیست"ـەکانن. بۆیە بە هەمو ئامادەبونێکی لایەنە ئیسلامیەکە قەڵسن، ئەگەر بە بەشدارییش بێت لە ڕەوتی ڕوناکبیری و سەرکۆنەکردنی تێرۆردا!
ئایا کار و کردەوەی داعش دەبێتە جێبەجێ‌کردنێکی نمونەیی ئیسلام؟
* لەگەڵ ئەوەی پێشتر وتمان ئەوەی داعش جێبەجێی دەکات؛ هەر ئەوەیە لە دەقە ئیسلامیەکاندا هەیە؛ بەڵام من وەکو شارەزایەک لە ئیسلام؛ پێم وا نیە داعش توانیبێتی بەدروستی پابەند ببێت بە ئیسلام و دەقە ئیسلامیەکانیشەوە، و پراکتیس و کردەوەکانی ناتوانن ببنە جێبەجێ‌کردنێکی نمونەیی ئیسلام، و نابێت لەم لایەنەوە بە پرۆپاگەنداکانی خۆیان فریو بخۆین، بەڵکو ئێمە دەبینین گەلێک لادان و کاری پێچەوانەی شەریعەتیشیان هەیە کە ئەوان دیارە بۆ خۆیانیان بە ڕەوا دەزانن:
ـ پێش هەمو شتێک کردەوەی خۆکوژییان بۆ خۆیان حەڵاڵ کردوە کە لە ئیسلامدا حەرامە و کردەوەی خۆکوژی "انتحاري" ـ نەک شەهادەتخوازی "استشهادي" ـ هیچ بنچینەیەکی لە ئیسلامدا نیە و تەنها لە سەدەی بیستدا و لە کێشمەکێشی فەلەستینی-ئیسڕائیلیدا سەری‌هەڵ‌داوە.
ـ ئینجا هەمو موسوڵمانانی جیاواز لە خۆیان ـ بەتایبەتی ئەگەر ڕوبەڕویان بوەستنەوە ـ بە ناموسوڵمان و فرەپەرست و هەڵگەڕاوە دادەنێن، هەر لێرەوە خوێن و ماڵ‌وسامان و "ناموس" یان بە "حەڵاڵ" دەزانن، کە ئەم بەحەڵاڵ‌زانین "استحلال" ـەی خوێن و ماڵ‌وسامان و "ناموس" ی موسوڵمان؛ لە ئیسلامدا بەسە بۆ ئەوەی ئەو کەسەی وا دەکات بە دەرچو لە ئیسلام و بێبەری لە ئیسلام دابنرێت. بەگشتی داعش هەمو کێشمەکێشە سیاسیەکان، و هەتاکو کێبەرکێی گروپە جیهادیستەکانیش لەگەڵی؛ دەخاتە قاڵبێکی ئایینیەوە و خوێنی هەمو ڕەکەبەرەکانیشی حەڵاڵ دەکات، نەک هەر خوێنیان دەڕێژێت وەکو بەشێک لە کێشمەکێشێکی دنیایی، بەڵکو ئەو کارە بە ئەرکی ئایینیی خۆی دەزانێت، بەو پاساوەی کە ئەوانە دەبنە ڕێگر لەبەردەم خیلافەت و گوێڕایەڵیی خەلیفە کە گوایە ئەرکی جێبەجێ‌کردنی شەریعەتی لە ئەستۆیە، ئەمەش ئەو "بەحەڵاڵ‌زانین" (استحلال) ـەیە کە باسی لێ دەکەم (هەرچەند ئەمە یەکەم جار نیە لە مێژوی ئیسلامدا کاری وا دەکرێت، پێشتریش ئاڕاستە ئیسلامیە ناکۆکەکان بەو شێوەیە لە کێشمەکێشدا بون، و پاساوی ئایینییشیان بۆ ئەو کێشمەکێشە ـ کە لەسەر دەسەڵاتە ـ هێناوەتەوە.. ئەم پاساوە ئایینیەش لە کەلەپوری ئیسلامیدا ناوێکی هەیە کە "تأول" |تە'ئەو'وول| ـە، کە چەمکێکی مەترسیدارە، چونکە ئەو پاساوە دەداتە موسوڵمان ئەگەر لێکدانەوەیەکی هەڵەیشی بۆ بنەمایەکی ئیسلام کرد و کارەساتی قەوماند؛ لە لێپرسینەوەی یاسایی قوتاری ببێت، بەو بیانوەی "تأول" ی کردوە واتە تێگەشتنی تایبەتی خۆی هەبوە بۆ دەقێک و بە پێی ئەوە ئەو کارەی کردوە.. بەم شێوەیە سەرکردەیەکی ئیسلامی دەتوانێت خۆی لە ئەنجامی یاسایی تاوانی جەنگیش قوتار بکات.. هەر بەم شێوەیەش ـ بۆ نمونە ـ پاساو بۆ خالیدی کوڕی وەلید هێنراوەتەوە کاتێک هەندێک تاوانی جەنگی ئەنجام داوە، وەکو کوشتاری "بەنو جوذەیمە" دوای گرتنەوەی مەککە، و کوشتنی "مالیکی کوڕی نوەیڕە" لە چوارچێوەی کوشتاری هەڵ‌گەڕاوەکاندا.. بۆیە هاتوە کە ئەبو بەکر لەبەرامبەری عومەردا بەو شێوەیە داکۆکیی لە خالید کردوە دوای کوشتنی مالیکی کوڕی نوەیڕە، کە بە عومەری وتوە: "عومەر! وا دابنێ خالید 'تەئەوول' ی کردوە و هەڵەی کردوە" "هَبْهُ ـ يَا عُمَرُ! ـ تَأَوَّلَ فَأَخْطَأَ"! واتە: تێگەشتنێکی تایبەتیی بۆ بنەمای کوشتنی هەڵ‌گەڕاوە هەبوە بەڵام نەیپێکاوە! یانی وای‌زانیوە مالیکی کوڕی نوەیڕەش هەڵ‌گەڕاوەیە بەڵام ئەوە گومانێکی هەڵە بوە! ئیتر خوێنی مالیک هەدەرە!).
ـ ئەمە جگە لەوەی بەپێی ئیسلامی تەقلیدی (ئیسلامی دەق و گێڕانەوەکان) سەرکردە و فەرماندەکانی هەڵمەتەکانی جیهاد و "فتوحات" چەند ڕاسپاردە و وەسێتێکیان هەبوە بۆ سوپا و هێزە ئیسلامیەکان، وەکو ئەوەی لەسەر زمانی پێغەمبەری ئیسلام و سەرکردەی تری وەکو ئەبو بەکری صیددیق و عومەری کوڕی خەططابەوە هاتون، کە نابێت لە هەڵمەتی جیهاددا ژن و منداڵ و پیاوی پیر و پەککەوتە بکوژن (یانی بەگشتی: ئەوانەی ناجەنگێن. بۆیە ژن و کوڕی منداڵكار ناگرێتەوە ئەگەر چەک هەڵ‌بگرن و ئامادەی جەنگ بن)، هەروەها نابێت ناپاکی "غدر" بکەن (وەکو ئەوەی کەسێک یان خەڵکێک، دڵنیا بکرێنەوە و چەکیان پێ دابنرێت یان بێخەم بکرێن، پاشا غافڵ‌کوژ بکرێن)، و نابێت جەستەی کوژراو بشێوێنن.. بەم شێوەیە بە چەند دەستەواژەیەک و لە چەند سەرچاوەیەکی "حەدیث" ـەوە لەسەر زمانی پێغەمبەرەوە هاتوە:
"وَلَا تَغْدِرُوا.. وَلَا تَمْثُلُوا [=تُمَثِّلُوا]، وَلَا تَقْتُلُوا وَلِيدًا " (مالیک، موسلیم، ئیبن حیببان، حاکیم، ئەبو داوود، ئیبن ماجە، تیرمیذی، بەیهەقی، ئەحمەد...).
"وَلَا تَقْتُلُوا شَيْخًا فَانِيًا، وَلَا طِفْلًا وَلَا صَغِيرًا، وَلَا امْرَأَةً" (ئەبو داوود، بەیهەقی).
"وَلَا تَغْدِرُوا، وَلَا تُمَثِّلُوا، وَلَا تَقْتُلُوا وَلِيدًا، وَلَا شَيْخًا كَبِيرًا" (طەبەڕانی، ئەبو حەنیفە).
"أَلَا لَا تَقْتُلُوا ذُرِّيَّةً" (ئەحمەد و داريمی و حاكيم و بەيهەقی).
هەروەها دەڵێن وتویەتی: منداڵ و پیاوی کرێ‌گرتە و خزمەتکار مەکوژن: "لَا تَقْتُلُوا ذُرِّيَّةً، وَلَا عَسِيفًا" (ئەحمەد).
هەروەها دەڵێت: پێغەمبەر کوشتنی ژن و منداڵی پێ ناڕەوا بوە: "..فَأَنْكَرَ رَسُولُ اللَّهِ ـ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ـ قَتْلَ النِّسَاءِ وَالصِّبْيَانِ" (بوخاری و موسلیم). یان: کوشتنی ژن و منداڵی قەدەغە کردوە: "نَهَى عَنْ قَتْلِ النِّسَاءِ وَالصِّبْيَانِ" (ئەحمەد، ئەبو یەعلا، ئەبو عوانە، طەحاوی لە "شرح معاني الآثار"، طەبەڕانی لە "مسند الشاميين")، و "نَهَى عَنْ قَتْلِ النِّسَاءِ وَالصِّبْيَانِ وَالشُّيُوخِ" (سەعیدی کوڕی مەنصور)، یان: "نَهَى عَنْ قَتْلِ النِّسَاءِ وَالْوِلْدَانِ" (شافیعی لە "المسند").
هەروەها لە عومەری کوڕی خەططابەوە هاتوە کە وتویەتی و بە نوسراو وەکو فەرمان و ڕاسپاردە ناردویەتی: ".. و ناپاکی "غدر" مەکەن، و جەستەی کوژراو مەشێوێنن، منداڵ مەکوژن، و لە خوا بترسن و هیچ لەو کشتیار "فلاح" ـانە مەکەن کە شەڕ ناکەن لەگەڵتان" ".. وَلَا تَغْدِرُوا، وَلَا تُمَثِّلُوا، وَلَا تَقْتُلُوا وَلِيدًا، وَاتَّقُوا اللَّهَ فِي الْفَلَّاحِينَ الَّذِينَ لَا يَنْصُبُونَ لَكُمُ الْحَرْبَ" (سەعیدی کوڕی مەنصور)، یان ".. وَلَا تَغْدِرُوا، وَلَا تَقْتُلُوا وَلِيدًا، وَاتَّقُوا اللَّهَ فِي الْفَلَّاحِينَ" (ئیبن ئەبی شەیبە)، یان "اتَّقُوا اللهَ فِي الْفَلَّاحِينَ فَلَا تَقْتُلُوهُمْ إِلَّا أَنْ يَنْصِبُوا لَكُمُ الْحَرْبَ" (بەیهەقی لە "السنن الكبرى") یان "اتَّقُوا اللَّهَ فِي الْفَلَّاحِينَ، وَلَا تَقْتُلُوهُمْ إِلَّا أَنْ يَنْصُبُوا لَكُمُ الْحَرْبَ" (بەیهەقی لە "معرفة السنن والآثار")(١).
هەروەها لەسەر زمانی پێغەمبەرەوە هاتوە کە لە گرتنەوەی مەککەدا وتویەتی: کۆتایی بە ژیانی بریندار مەهێنن،  و شوێن هەڵ‌هاتو مەکەون، و دیل مەکوژن، و ئەوەی دەرگای لەسەر خۆی داخست؛ ئیتر هیچ ترسی نەبێت: "أَلا لا يُجْهَزَنَّ عَلَى جَرِيحٍ، وَلا يُتْبَعَنَّ مُدْبِرٌ، وَلا يُقْتَلَنَّ أَسِيرٌ، وَمَنْ أَغْلَقَ عَلَيْهِ بَابَهُ فَهُوَ آمِنٌ" (ئەبو عوبەید لە "الأموال")، لە سەرچاوەی تریشدا قسەکە دەدرێتە پاڵ عەلی کە لە جەنگی (الجمل) دا وای وتوە: "أَلا لَا يُجْهَزَنَّ عَلَى جَرِيحٍ، وَلا يُتْبَعُ مُدْبِرٌ" (ئیبن ئەبی شەیبە)، یان "لَا تَطْلُبُوا مُدْبِرًا، وَلَا تُجِيزُوا [=تُجْهِزُوا] عَلَى جَرِيحٍ" (بەیهەقی)، یان "لَا يُقْتَلُ مُدْبِرٌ، وَلَا يُذَفَّفُ عَلَى جَرِيحٍ" (ئیبن ئەبی شەیبە، بەیهەقی)، یان "لَا تُجْهِزُوا عَلَى جَرِيحٍ، وَلَا تَتَّبِعُوا مُدْبِرًا" (سەعیدی کوڕی مەنصور)، و وتویەتی: "کۆتایی بە ژیانی بریندار مەهێنن، و شوێن هەڵهاتو مەکەون، و ئەوەی چەکی دانا؛ ئیتر دەستی بۆ مەبەن" "أَلَا لَا يُذَافُّ عَلَى جَرِيحٍ، وَلَا يُقْتَلُ مُوَلٍّ، وَمَنْ أَلْقَى السِّلَاحَ فَهُوَ آمِنٌ" (حاکیم، بەیهەقی)، یان وتویەتی: "کۆتایی بە ژیانی بریندار مەهێنن، و شوێن هەڵهاتو مەکەون، و ئەوەی چەکی دانا و ئەوەی دەرگای ماڵی خۆی لەسەر خۆی داخست؛ ئیتر دەستی بۆ مەبەن" "لَا يُقْتَلُ مُدْبِرٌ، وَلَا يُذَفَّفُ عَلَى جَرِيحٍ، وَمَنْ أَغْلَقَ عَلَيْهِ بَابَ دَارِهِ؛ فَهُوَ آمِنٌ، وَمَنْ طَرَحَ السِّلَاحَ؛ آمِنٌ" (سەعیدی کوڕی مەنصور) یان "لَا تُتِمُّوا جَرِيحًا، وَلَا تَقْتُلُوا مُدْبِرًا، وَمَنْ أَغْلَقَ بَابَهُ وَأَلْقَى سِلَاحَهُ؛ فَهُوَ آمِنٌ" (ئیبن ئەبی شەیبە)، یان "لَا تَقْتُلُوا مُقْبِلًا، وَلَا مُدْبِرًا، وَلَا تُذَفِّفُوا عَلَى جَرِيحٍ، وَلَا تَدْخُلُوا دَارًا، مَنْ أَلْقَى السِّلَاحَ فَهُوَ آمِنٌ، وَمَنْ أَغْلَقَ بَابَهُ فَهُوَ آمِنٌ" (عەبدوڕڕەززاق) [ئەمانە هەموی لە عەلیەوە].
هەروەها لە هەندێک گێڕانەوەی تریشدا ئەوەی بۆ زیاد دەکرێت کە وتویەتی: سەرچاوی ئاو کوێر مەکەنەوە، و درەخت مەبڕن مەگەر درەختێک ڕێگر بێت لە کاتی جەنگدا: "وَلَا تَقْتُلُوا وَلِيدًا طِفْلًا، وَلَا امْرَأَةً، وَلَا شَيْخًا كَبِيرًا، وَلَا تُغَوِّرُنَّ عَيْنًا، وَلَا تَعْقِرُنَّ شَجَرَةً إِلَّا شَجَرًا يَمْنَعُكُمْ قِتَالًا أَوْ يَحْجِزُ بَيْنَكُمْ وَبَيْنَ الْمُشْرِكِينَ، وَلَا تُمَثِّلُوا بِآدَمِيٍّ وَلَا بَهِيمَةٍ، وَلَا تَغْدِرُوا.." (بەیهەقی).
هەروەها لەسەر زمانی پێغەمبەرەوە هاتوە کاتێک هێزی ناردوە ڕایسپاردون کە: خواپەرستی گۆشەگیری پەرستگاکان مەکوژن: "لَا تَقْتُلُوا أَصْحَابَ الصَّوَامِعِ" (ئیبن ئەبی شەیبە، ئەبو یەعلا، طەحاوی لە "شرح معاني الآثار").
هەروەها لەسەر زمانی (ئەبو بەکری صیددیق) ـەوە هاتوە کە ئەویش سەرکردەی سەربازیی ڕاسپاردوە کە: منداڵ و ژن و پیاوی پیر، و هەروەها نەخۆش و ڕەبەن (خواپەرستی گۆشەگیر)، مەکوژن، و درەختی بەردار مەبڕن، و ماڵ و ئاوەدانی مەڕوخێنن، و ئاژەڵ سەرمەبڕن مەگەر بۆ خواردن، و دارخورما لەناو مەبەن بە نوقم‌کردن و سوتاندن: "لَا تَقْتُلُوا صَبِيًّا، وَلَا امْرَأَةً، وَلَا شَيْخًا كَبِيرًا، وَلَا مَرِيضًا، وَلَا رَاهِبًا، وَلَا تَقْطَعُوا مُثْمِرًا، وَلَا تُخْرِبُوا عَامِرًا، وَلَا تَذْبَحُوا بَعِيرًا وَلَا بَقَرَةً إِلَّا لِمَأْكَلٍ، وَلَا تُغْرِقُوا نَخْلًا وَلَا تُحْرِقُوهُ" (بەیهەقی)، و " وَلَا تُغْرِقُوا نَخْلًا، وَلَا تَحْرِقُوا زَرْعًا، وَلَا تَحْبِسُوا بَهِيمَةً، وَلَا تَقْطَعُوا شَجَرَةً مُثْمِرَةً، وَلَا تَقْتُلُوا شَيْخًا كَبِيرًا، وَلَا صَبِيًّا صَغِيرًا، وَسَتَجِدُونَ أَقْوَامًا حَبَسُوا أَنْفُسَهُمْ لِلَّذِي حَبَسُوهَا فَذَرُوهُمْ وَمَا حَبَسُوا أَنْفُسَهُمْ لَهُ" (مەڕوەزی، لە "مسند أبي بكر الصديق").
هەروەها ڕاسپاردەیەکی تر ئەوەیە جێگە و بانی خەڵک تەنگ نەکەنەوە و ڕێگەی خەڵک نەگرن: لەسەر زمانی پێغەمبەرەوە: "مَنْ ضَيَّقَ مَنْزِلًا أَوْ قَطَعَ طَرِيقًا؛ فَلَا جِهَادَ لَهُ" (ئەبو داوود، ئەحمەد، سەعیدی کوڕی مەنصور، ئەبو یەعلا، طەبەڕانی، بەیهەقی).
بەڵام دەبینین داعش هەمو ئەم ڕاسپاردانەی پێشێل کردوە و هەمو ئەو کارە نامرۆڤانانەی ئەنجام داوە، هەر لە ناپاکی‌کردن و غافڵکوژی و دەست‌وەشاندنی هەل‌پەرستانەوە (کە دەکاتە ئەو "غەدر" ەی لە دەقەکاندا هاتوە وەکو قەدەغەکراوێکی جەنگ، و دەتوانین بڵێین تەقاندنەوە لەناو خەڵکی بێئاگا و مەدەنی کە دڵنیان و دورن لە گۆڕەپانی جەنگ؛ هەموی دەچێتە چوارچێوەی "غدر" ەوە)، هەتا دەگات بە کوشتنی منداڵ و ژن و پیر و پەککەوتە، و هەتا ئەو هەمو وێرانکاری و سوتاندن و تەقاندنەوەیەی هەر بۆ چاوترسێن‌کردنی خەڵک کردونی. تەنها لە بابەتی کوشتنی پیاوی پیر و پەککەوتە و خواپەرستی گۆشەگیری ئایینەکانی تر و ڕوخاندنی پەرستگای ئایینیەکانی تر؛ دەکرێت ئەوە یادی خوێنەران بخەینەوە کە لە گوندی "جەددالە" ی باشوری خۆرئاوای شەنگار، ١٥ پیاوی ئێزیدیی پیر، لە گوندەکەی خۆیان مابونەوە و وەکو ئەوانی تر ڕایان‌نەکردبو بۆ بەرزاییەکان، ئەوەش لەبەر پیری و پەککەوتەیی و نەخۆشینیان، و ئینجا بەو بڕوایەشەوە کە ئەو چەکدارانە دەست لە پیر ناکەنەوە (لە عێراقدا وا باوە، سەردەمی بەعسیش، کە پیاوی پیر "ختیار" لە پاسگە و زاڵگەکانیش پرسیاری لێ ناکرێت و داوای ناسنامەی لێ ناکرێت).. بەڵام تومەز ئەوان داعشیان نەناسیبو! تێرۆریستەکانی داعش (سەرەتای مانگی ٨) ئەو ١٥ پیرەپیاوە ئێزدیەیان کۆ کردبوەوە و لەناو نزرگە "مەزار" ی (شێخ مەند) ی سەر چیای شەنگاردا هەمویان بەستبونەوە و ئینجا مەزارگەکەیان بەوانەوە تەقاندەوە!! جا ئەمە لە چ ئیسلام و ئایین و ڕەوشت و مرۆڤایەتییەکدا جێی دەبێتەوە؟! یان بینیمان چۆن یارییان بە کەللـەسەری کوژراوەکان دەکرد، کە ئەمەش شێواندنی جەستەی کوژراوە و سوکایەتیە بە مرۆڤ. بۆیە دەتوانین بڵێین: جێبەجێ‌کردنی شەریعەتیش لاف‌وگەزافێکی تری ڕێکخراوی داعشە، و لە ڕاستیدا ڕێکخراوێکی تێرۆریستی نمونەییە، و توندوتیژیەکەی لە سنوری ئیسلام چوەتە دەرەوە، و نەیانتوانیوە بەتەواوی پابەند بن بە ئیسلامیشەوە. ئەگەریش بۆ کار و کردەوەکانیان لە کۆن و نوێدا فەتوا و ڕێبازی وا هەبوبێت کە بۆیان "حەڵاڵ" بکات و ڕەوایەتییان پێ بدات (وەکو فەتوای تازەبابەتی هێرشی خۆکوژی، یان وەکو ڕێبازی شافیعی کە کوشتنی پیر و پەککەوتەی شوێنکەوتەی ئایینی تری بە دروست داناوە ئەگەر ئامادەی موسوڵمان‌بون و سەرانەدان نەبن)؛ هێشتا هەڵ‌بژاردنی ڕێبازی توند و ئەو فەتوایانەی کە لەگەڵ تاوانەکانی خۆیاندا هەماهەنگن؛ مەیلی توندڕەویی خۆیان دەسەلمێنێت نەک دڵسۆزی بۆ جێبەجێ‌کردنی ئیسلام، چونکە ئیسلام لە تاکە ڕێباز و فەتوایەکدا کورت نابێتەوە.
ئەمانەی باسمان کردن لە کار و کردەوەی داعش؛ تەنها هەندێک "هەڵە و پەڵە و بێشەرعی و كەم‌وكوڕی" نین بە گوزارشی (دڵشاد گەرمیانی) کە وا دیارە ئەگەر ئەو هەندە "هەڵە و پەڵە"یەیان نەبوایە؛ بەتەواوی پشتگیریی دەکردن.. بەڵکو ئەو کار و کردەوانە جێی لێ‌بوردن نین، و نابێت ئیسلامیەکانیش لەو کار و کردەوانە بێ‌دەنگ بن، دەتوانن (ئەگەر بەڕاستی هەواداری ئەجێندا و ئامانجەکانیان نین) هەر بەو دەقە ئیسلامیانە ئیدانەیان بکەن.. بەڵام لێدوانی ئیسلامیەکان لەو بارەیەوە بەئاستەم دەبیسرێت! بەڵکو بە ڕەخنە‌لێ‌گرتنیان، ئەگەر بگاتە ڕادەی ڕەخنە لە سیما و نیشانە ئیسلامیەکانیان، قەڵس دەبن و ئینجا دەنگیان بەرز دەبێتەوە!

پەراوێز:
(١) هەرچەند لەگەڵ ئەم قەدەغەکردنانەشدا دواتر ڕێبازە ئیسلامیەکان ناکۆکییان تێ کەوتوە: مالیک و ئەوزاعی وتویانە کوشتنی ژن و منداڵ لە جەنگدا بە هیچ شێوەیەک دروست نیە هەتا ئەگەر دوژمن بیانکات بە قەڵغانیش، مەگەر ئەوانیش چەکیان هەڵگرتبێت. بەڵام شافیعیەکان و حەنەفیەکان وتویانە: ئەگەر ژن و منداڵ تێکەڵی جەنگاوەرەکان ببن و بەبێ کوشتنی ئەوان دەست لە جەنگاوەرەکانیش نەکرێتەوە؛ ئەو کاتە کوشتنیان دروستە. هەر لەم بابەتە: زۆرینەی ڕێبازەکان: مالیک و شوێنکەوتوانی و ئەبو حەنیفە و هاوەڵانی و شوێنکەوتوانیان و حەنبەلیەکان و هەندێک لە شافیعیەکان، وتویانە: ڕەبەن ـ واتە خواپەرستی گۆشەگیر ـ  و پیر و پەککەوتە ـ واتە پەککەوتەی نەخۆشی یان پیری ـ و کوێر و کشتیار "فلاح" (و کەسی کرێ‌گرتە و خزمەتکار) ناکوژرێن مەگەر بە شێوازی تر هاوکاریی دوژمن بکەن، بەڵام شافیعی بۆ خۆی (ئیتر ئەمە بیروڕای زاڵی ناو ڕێبازی شافیعیە) وتویەتی: ئەوانەش دەکوژرێن، مەگەر موسوڵمان ببن یان سەرانە بدەن! ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە بەلای شافیعی و شوێنکەوتوانیەوە هۆکار "علة" ی کوشتنیان بێباوەڕی "کفر" ە، بەڵام بە لای زۆرینەوە هۆکارەکە جەنگان یان هاوکاری‌کردنی جەنگاوەرە، بۆیە ئەوانەی ناجەنگێن و هاوکاریی دوژمنیش ناکەن ـ وەکو ڕەبەن و پیر و پەککەوتە و کوێر و کشتیار و کرێ‌گرتە ـ بەلای زۆرینەوە ناکوژرێن. ئەم زۆرینەیەش بەڵگەیان زۆرە لە دەقەکانی ئیسلامەوە لەسەر ئەوەی هۆکار و پاساوی کوشتن لە جەنگدا جەنگان یان هاوکاریی جەنگاوەرە نەک تەنها بێباوەڕی، بۆ نمونه: هاتوە کە پێغەمبەر دەربارەی ژنێک لە شەڕێکی خالیدی کوڕی وەلیددا کوژرابو وتویەتی: "[بۆچی کوژراوە؟ خۆ] ئەمە شەڕی نەدەکرد" "مَا كَانَتْ هَذِهِ تُقَاتِلُ" (حاکیم، ئیبن حیببان، نەسائی، ئەحمەد، ئیبن ئەبی شەیبە، ئەبو یەعلا، بەیهەقی، طەبەڕانی) یان "ئەمە بە نیازی شەڕ نەبو" "مَا كَانَتْ هَذِهِ لِتُقَاتِلَ" (ئیبن حیببان، ئەبو داوود، عەبدوڕڕەززاق، ئەحمەد، بەیهەقی، طەبەڕانی) یان "مَا كَانَتْ هَذِهِ تُقَاتِلُ فِيمَنْ يُقَاتِلُ" (ئیبن ماجە). هەروەها وەکو پێشتر ئاماژەی بۆ کرا؛ هاتوە کە عومەری کوڕی خەططاب وتویەتی: ئەو کشتیارانە مەکوژن کە شەڕتان لەگەڵ ناکەن. ئەمە جگە لەوەی هەر پێشەکی لە قورئاندا هاتوە کە دەڵێت: "لەگەڵ ئەوانە بجەنگێن کە لەگەڵتان دەجەنگێن و ئیتر دەست‌درێژی مەکەن": "وَقَاتِلُوا فِي سَبِيلِ اللَّهِ الَّذِينَ يُقَاتِلُونَكُمْ وَلَا تَعْتَدُوا.." (البقرة: ١٩٠)، ئینجا لە ئیبن عەبباسەوە هاتوە کە بۆ ڕاڤەی "و دەست‌درێژی مەکەن" "وَلَا تَعْتَدُوا"، وتویەتی: "یانی ژن و منداڵ و پیر مەکوژن". و بەگشتییش ئەو قەدەغەکردنەی کوشتنی پیر و پەککەوتە و ڕەبەن و ئەوانە لەسەر زمانی پێغەمبەر و ئەبو بەکرەوە هاتوە؛ بەڵگەی ئەوەیە کە هۆکارەکە ئەوەیە ئەوانە ناجەنگێن، بۆیە بێباوەڕی لە خۆیدا و بەتەنها هۆکار و پاساوی کوشتن نیە.
‌‌