ئایا 'الله' خواوەندی مانگ بوە و خواوەندی کەعبە بوە؟

ئایا "الله" خواوەندی مانگ بوە و خواوەندی کەعبە بوە؟
ئایا پەیکەری خواوەندێک بە ناوی "الله" بونی هەیە؟
بەدواداچونێكی بەرایی

سه‌روه‌ر پێنجوێنی


ئەو وێنەیەی دەیبینن لە سایتە مەسیحیەکان و هەندێک سایتی بەناو ئیلحادیدا دەستاودەستی پێ دەکرێت بەو پێیەی کە ـ گوایە ـ ئەمە پەیکەری خواوەندێكی مانگە بە ناوی "الله". هەندێکیان شوێنی دۆزینەوەیشی باس ناکەن بۆ ئەوەی خوێنەر وا تێ‌بگات کە ئەوە لە نمیچەدورگەی عەرەبی و حیجاز دۆزراوەتەوە. یان هەر بۆیان گرنگ نیە زانیاریی دۆزینەوەکەی بهێنن و هەر وا بەسادەیی وەری‌دەگرن هەر لەبەر ئەوەی "دژی ئیسلامە"! یان هەر ـ بەسادەیی ـ نازانن و زانیارییان نیە.
دوای بەدواداچونێکی خێرا؛ بەم شێوەیە ڕاستیی بابەتەکە دەخەمە ڕو:
* پێش هەمو شتێک؛ نە لە نیمچە دورگەی عەرەبی و حیجاز و مەککە و نە لە هیچ شوێنێكی تر، پەیکەری خواوەندێک بە ناوی "الله"، یان نەخش و نوسراوێکی عەرەبی باسی خواوەندێکی ئایینە عەرەبیە کۆنەکە بکات بە ناوی "الله"، نەدۆزراوەتەوە. لێکدانەوەی ئەمەش ئاسانە: ئەم کەسێتیە "الله" لە کولتوری عەرەبیدا نەبوە و خواوەندێکی ئایینە عەرەبیە کۆنەکە نەبوە و وشەکەش عەرەبی نیە، بەڵکو لە سوریانی و ئەدەبیاتی ئایینیی مەسیحیەوە هاتوەتە ناو عەرەبیی قورئان، وەکو دواتر قسەی لەسەر دەکەم.
* باسی ئەو پەیکەرە کە وتراوە پەیکەری خواوەندێکی مانگە، و ئەوەی "الله" خواوەندی مانگ بوبێت، و باسی ئەوەی ئەو پەیکەرە پەیکەری خواوەندێک بێت بە ناوی "الله"؛ سێ باسی جیاوازن. کاتێک ئەو وێنەیە بڵاو دەکرێتەوە بەو پێیەی کە وێنەی خواوەندێكی مانگە بە ناوی "الله"؛ ئەمە تێکەڵکردنی ئەو سێ باسەیە. لێرەوە دانەدانە لێیان دەدوێم.
* بە باسی سێیەم دەست پێ دەکەم: لە ڕاستیدا هیچ زانیارییەک نیە لەسەر ئەوەی ئەو پەیکەرە پەیکەری خواوەندێک بوبێت بە ناوی "الله". نە ناوی "الله" ی لەسەر نوسراوە و نە لەو دوروبەرەش شتی وا نوسراوە و نە دۆزەرەوەی پەیکەرەکە و نە هیچ توێژینەوەیەکی تریش وای وتوە، هەروەکو پەیکەرەکەش لە حیجاز و مەککە نەدۆزراوەتەوە هەتا بوترێت ئەمە خواوەندی کەعبەیە. لە نیمچەدورگەی عەرەبییشدا پێش ئیسلام خواوەندی مانگ زۆر بون، ئیتر پێویست ناکات بڵێین ئەمەی کە لە شوێنێكی تر دۆزراوەتەوە بنچینەی 'خواوەندی مانگ' ـێکە لە حیجاز.
* بێینە سەر باسی پەیکەرەکە: ئەمە لە (حاصۆر) ی فەلەستین دۆزراوەتەوە، کە شارێکی کەنعانی بوە لە هەرێمی (الجلیل). ساڵانی (١٩٥٥-١٩٥٨) کە پشکنینی ئارکیۆلۆجیایی لەو شوێنە کراوە بە سەرپەرشتیی شوێنەوارناسی ئیسڕائیلی Yigael Yadin؛ ئەم پەیکەرەش دۆزراوەتەوە.
 پەیکەرەکەی حاصۆر، لە شوێنەکەی خۆیدا ئەو کاتەی دۆزراوەتەوە
دواتر نوسەرێکی مەسیحی بە ناوی Robert Morey ساڵی ١٩٩٢ لە نوسینێکدا باسی ئەوە دەکات کە ئەو پەیکەرە پەیکەری خواوەندێکی مانگە، بۆ ئەمەش دو بەڵگە دەهێنێتەوە: وێنەی مانگێکی یەک‌شەوە (هلال) لەسەر سنگی پەیکەرەکە هەیە (بڕوانە وێنەکە)، و نەخش و نوسراوەکانی شوێنەکە ئاماژەن بۆ ئەوەی ئەمە پەیکەری خواوەندی مانگە.

ئیتر Morey نەی‌وتوە ئەمە پەیکەری خواوەندێکە بە ناوی "الله". هیچ لێکۆڵینەوەیەکی ئەکادیمیایی تریش ئەنجامی وای بە دەست نەهێناوە. بەڵکو Morey بۆ خۆی لە نوسینێکی تردا ئەگەری ئەوەش دادەنێت ئەمە ڕەنگە پەیکەری پاشایەک بوبێت. هەروەها ئەگەری ئەوەش هەیە ئەمە پەیکەری پەرستشکارێکی خواوەندێکی مانگ بوبێت.
جگە لەوانەش شوێنەکە وەکو وتم لە (حاصور) ی فەلەستینە و لە مەککە و حیجاز نیە تا ببەسرێتەوە بە کەعبەوە.
* دوای Robert Morey؛ ئەو پرۆپاگەندایە پەیدا بوە کە ئەمە پەیکەری خواوەند "الله" ـە وەکو خواوەندێکی مانگ. ئەمەش تێکەڵکردنی دو باسە: یەکەمیان: ئەوەی ئەو پەیکەرەی (حاصور) پەیکەری خواوەندی مانگ بوبێت، دوەمیان: ئەوەی "الله" خواوەندی مانگ بوبێت. واتە: ئەو پرۆپاگەندایە ـ کە زیاتر سایتە مەسیحیەکان برەوی پێ دەدەن ـ بەم شێوەیە دروست بوە: سەرەتا و لە باکگراونددا باوەڕێک هەیە کە گوایە "الله" خواوەندی مانگ بوە لە بنەڕەتدا، ئینجا کاتێك ئەو باسەی Robert Morey بینراوە کە گوایە پەیکەرێکی خواوەندی مانگی دۆزیوەتەوە؛ ئیتر لەم دو شتە بیرۆکەیەکی ئاوێتە دروست بوە کە لێکدانەوەی ئەو پەیکەرەی (حاصور) ە بەوەی پەیکەری خواوەندێكە بە ناوی "الله"، لە کاتێکدا Robert Morey قسەی وای نەکردوە و ئەنجامی وای بە دەست نەهێناوە.
* بێینە سەر باسی ئەوەی "الله" خواوەندی مانگ بوبێت: ئەم بڕوایەش دیسان ئاوێتەیە و دوای شیکردنەوەی دەردەکەوێت کە لە دو بڕوای تر دروست بوە: یەکەمیان: ئەوەی خواوەندی کۆنی کەعبە خواوەندی مانگ بوبێت، دوەمیان: ئەوەی "الله" خواوەندی کەعبە بوبێت. سەبارەت بە بڕوای یەکەمیان (خواوەندی کۆنی کەعبە خواوەندی مانگ بوبێت)؛ ئەمەیان ئەگەری هەیە، چونکە ئەوە ڕاستە کە پەرستشی مانگ بڵاوترین پەرستش بوە لە نیمچەدورگەی عەرەبیی پێش ئیسلام، گەلێک لە خواوەندەکان خواوەندی مانگ بون، وەکو خواوەند "ئەلمەققە" و "عەم" و "وەرخ" و "سین" و هی‌تر، و ئینجا ئەم مانگپەرستیەش لە ئیسلامدا شوێنەواری ماوە، وەکو ئەوەی تائێستا مانگ (مانگی یەک‌شەوە "هلال") هێمای ئیسلامە کە بەسەر منارەی مزگەوتەکانەوە هەیە، و هەندێک لە سروت و پەرستشەکانی ئیسلام بەسراونەتەوە بە [بینینی] مانگەوە. لێرەوە ئەگەری هەیە ئەو خواوەندە کۆنەی لە پەرستگای (کەعبە) ی مەککەدا خواوەندی سەرەکی بوە؛ خواوەندی مانگ بوبێت. هەرچەند ئەمە تاکە لێکدانەوە نیە و بەڵگەی کۆتایی‌پێ‌هێنەریشی بە دەستەوە نیە. من خۆم بڕوایەکم هەیە بەوەی ڕەنگە خواوەندی کۆنی کەعبە خواوەندێکی مێ (دایک) و خواوەندی زەویی دایک و خواوەندی بەپیتیی سروشت بوبێت و ئەگەری ئەوەش دادەنێم "بەردە ڕەشەکە" ش پاشماوەیەکی پەرستشی ئەو خواوەندە مێیە بوبێت (بۆ ئەمانە هەندێک بەڵگەم هەن کە لە شوێنی خۆیان باسم کردون). جا ئەگەر ئەو خواوەندە مێیە خواوەندی مانگیش بوبێت؛ ئەوە هەردو لێکدانەوەکە کۆ دەبنەوە. ئیتر ئەم باسە زۆری دەوێت و جارێ بەو ئاسانیە نابڕێتەوە.
بڕوای دوەمیان: "الله" خواوەندی سەرەکی و کۆنی کەعبە بوبێت. ئەمەیان ـ بە بڕوای من ـ بەتەواوی هەڵەیە. قورئان بۆ خۆی بەشداریی کردوە لە دروستکردنی ئەم بڕوا هەڵەیەدا کاتێک ـ لەسەر زمانی مەککەییەکانەوە ـ دەڵێت: "ما نعبدهم إلا ليقربونا إلى الله زلفى"، لەم دەقەوە ئەو بڕوایە دروست بوە کە گوایە خواوەندی گەورە و سەرەکیی عەرەبی حیجاز هەر "الله" بوە و خواوەندەکانی تریشیان هەر بۆ نزیک‌بونەوە لە "الله" پەرستوە. ئەمەش تەنها تێگەشتنێكە لە دەقێکەوە، و هیچ بەڵگەیەک نیە پشتگیریی بکات، هیچ نەخشێکی عەرەبی نەدۆزراوەتەوە وشەی "الله" ی تێدا بێت وەکو ناوی خواوەندی سەرەکیی ئایینە عەرەبیە کۆنەکە.
ئەم بڕوایە هیچ بەڵگەیەکی مێژویی و ئارکیۆلۆجیایی پشتگیریی ناکات. بەڵکو لە بنەڕەتدا "الله" ناوی کەسی (اسم العلم) ی هیچ خواوەندێک نیە و بەم شێوەیە نەدۆزراوەتەوە. بەڵکو ـ وەکو ئەلفۆنس مینگانا باسی کردوە ـ ئەم ناوە دەگەڕێتەوە بۆ وشەیەکی ئارامی-سوریانی کە ـ ئەو دەڵێت ـ لای نێستۆریەکان بە ܐܰܠܳܗܳܐ |ئەللاها| خوێنراوەتەوە و ئەمە گۆکردنە نێستۆریە کۆنەکەیەتی (تێبینی: مینگانا بەڵگەیەکی جیهانیە سەبارەت بە زمان و ئەدەبیاتی سوریانی). ئەم وشە ئارامیە بە دو شێوە هاتوە: یەکەمیان: אלה "ءل‌هـ" |ئەلاهـ|، دوەمیان: هەمان وشە لەگەڵ ئەلیفی کۆتایی بۆ ناساندن: אלהא "ء‌ل‌هـء" |ئەلاها|. وشەکە لە ئارامی (ئارامیی گشتی) ـدا بۆ دو واتا بەکار هاتوە: ١. هەر خوایەک، هەر پەرستراوێک. ٢. (خوا)، وەکو کەسێتییەکی تەنها و تایبەت. ئەم وشە ئارامیە بەرامبەری وشەی "إله" |ئیلاهـ| ی عەرەبیە، جیاوازیەکەیان هەر ئەوەیە هەمزەی سەرەتای وشەکە لە عەرەبیەکەدا ژێر (کەسرە) ی هەیە و بە |ئیـ| دەخوێنرێتەوە و بەسەریەکەوە دەبێتە |ئیلاهـ|، بەڵام لە ئارامیەکەدا جگە لەوەی بە |ئێـ| دەخوێنرێتەوە و بەسەریەکەوە دەبێتە |ئێلاهـ| کە ئەمە لە شێوە عەرەبیەکەوە ["إله" |ئیلاهـ|] نزیکە؛ بە شێوەی |ئە| یش خوێنراوەتەوە و بەسەریەکەوە دەبێتە |ئەلاهـ| کە ئەمە بنچینەی "الله" |ئەللاهـ| ـە. ئیتر وشەکەش وشەیەکی هاوبەشی سامیە و لە هەمو زمانە سامیەکاندا هەیە: "ئیل(و)" ی ئەککەدی (بابیلی-ئاشوری)، "ءل(م)" ی پۆینی (فینیقي) و عەممۆنی، "ءل" ی ئوگاریتی، "ءل" ی عەرەبیی باشوری (یەمەنیی کۆن)، "ءل" אֵל |ئێل| ی عیبری، هەروەها لەگەڵ هائێکی کۆتاییشدا لە عیبریدا هەیە: "ءل‌وهـ" אֱלוֹהַּ |ئێلۆهـ|، ئەم شێوەیە کە هائێک لە کۆتاییەکەیدا هەیە لە ئارامییشدا هەیە وەکو پێشتر باس کرا، کە لەگەڵ ئەلیفی کۆتاییدا دێت و بە پیتی عیبری بە אלהא دەنوسرێت و بە سوریانی بە ܐܠܗܐ دەنوسرێت، و بە |ئەلاها| دەخوێنرێتەوە (مینگانا دەڵێت لای نێستۆریەکان بە |ئەللاها| خوێنراوەتەوە).
جا ئەم وشە ئارامیە "ئەلاهـ"، ڕەنگە لە کەناڵە سوریانیەکەوە و لە ڕێگەی ئەدەبیاتی مەسیحیی خۆرهەڵاتیەوە، هاتوەتە عەرەبیەوە و بوە بە "ئەللاهـ" کە بە شێوەی "اللـه" نوسراوە. بەم پێیەش وشەکە بەرامبەری وشەی "الإله" |ئەل‌ئیلاهـ| ی عەرەبیە، واتە "إله" |ئیلاهـ| لەگەڵ ئامڕازی "ال" ی سەرەتا بۆ ناساندن (هەر بۆیە زانایانی کۆنی زمانی عەرەبی وتویانە ئەم وشەیە، واتە "الله"، هەر لە "الإله" ەوە هاتوە بەو پێیەی هەمزەکەی سواوە و بوەتە "ئەلیلاهـ" و ئینجا بوەتە "ئەل'لاهـ" و ئیتر لە کۆتاییدا بوەتە "ئەڵڵاهـ". ئەمەش بەو گومانەی کە وشەکە عەرەبیی ڕەسەن بێت، بەڵام هەندێکیشیان زانیویانە وشەکە عەرەبیی ڕەسەن نیە و لە سوریانیەوە خوازراوە). و لەبەر ئەوەش کە وشەکە نامۆ بوە بە زمان و کولتوری عەرەبی؛ وەکو ناوی کەسی (اسم العلم) مامەڵەی لەگەڵ کراوە و بوە بە ناوێکی کەسی بۆ ئەو خواوەندە جیهانیەی هەموان ئاماژەی بۆ دەکەن و ئیتر کە قورئانیش بەکاری هێناوە؛ زیاتر لکاوە بە ئیسلامەوە.
جا ئەگەر لە نیمچەدورگەی عەرەبیدا ئەم ناوە پێش ئیسلام نوسرابێت؛ بێ گومان باکگراوندی مەسیحیی هەیە. و ئەگەر کەسێکی عەرەب پێش ئیسلام ناوی "عبد الله" بوبێت؛ ئەگەری گەورە ئەوەیە مەسیحی بوبێت (وەکو ئەوەی لە دەقی "کتێبی حیمیەریەکان" ـدا هاتوە کە باسی شەهیدە مەسیحیەکان دەکات). بەڵام ڕەنگە وشەکە گوازرابێتەوە بۆ زمانی عەرەبی و بوبێتە وشەیەکی گشتی بۆ خواوەند وەکو واتایەکی گشتی کە هەموان تێیدا بەشدارن، لێرەوە ئەگەری هەیە لە حیجازیشدا کەسانێك هەبوبن بە ناوی "عبد الله"، کە ئەمە لە بنەڕەتدا کاریگەریی ئەدەبیاتی مەسیحیی خۆرهەڵاتی (سوریانی) ـە.
بۆیە ناتوانرێت بوترێت "الله" خواوەندی سەرەکی بوە لە ئایینە عەرەبیە کۆنەکەدا. بەڵکو ئەم ناوە بنچینەیەکی مەسیحیی هەیە. ئەم کەسێتیە لە کولتورە عەرەبیە کۆنەکەوە نەهاتوە، بەڵکو بەشێکە لەو چەمک و ناوانەی ئیسلام لە ئایینێکی ئیبراهیمیی وەکو ئایینی مەسیحیی خۆرهەڵاتیەوە وەری‌گرتون.
جا لەبەر ئەوە ناتوانرێت بوترێت کە "الله" خواوەندی سەرەکی و کۆنی کەعبە بوە. کە ئەمەمان زانی؛ کەواتە ناشکرێت بوترێت "الله" خواوەندی مانگ بوە، با ـ گریمان ـ خواوەندی کۆنی کەعبە خواوەندی مانگیش بوبێت. چونکە وتمان ناوی "الله" ڕەسەن نیە لە کولتورە عەرەبیەکە کۆنەکەدا و کاریگەریی مەسیحیەتە. بەڵکو هەر لە بنەڕەتیشەوە ئەم ناوە ناوی کەسی و کەسێتییەکی دیاریکراو نەبوە و هەر بە واتای (خوا) بوە بەگشتی.
* لەبەر ئەوانە؛ تکایە با متمانە نەکەین بەو شتانەی لە سایتە مەسیحیەکاندا لەسەر ئیسلام دەوترێن. ئەوەی لەو سایتانەدا دەوترێن؛ بەزۆری شتی زانستی نین و بەشێکن لەو جەنگەی هەیە لەنێوان ئایینەکاندا، و هەر وەکو ئەو ڕەخنانەی سایتە ئیسلامیەکان وان لە ئایینەکانی تر کە بەزۆری نازانستین.
ئەم بابەتانە بەو شێوە سادەیە چارە ناکرێن کە هەر شتێک بینرا؛ وەکو خۆی خێرا نەقڵ بکرێت بەبێ ساخکردنەوە و بەدواداچونی وردەکاریەکان.
و بەگشتی نابێت متمانەی ڕەها بکەین بەو شتانەی لە ئینتەرنێتدا هەن. و پێش ئەوەی برەو بە هەر شتێک بدەين؛ دەبێت گەڕان و بەدواداچونی بۆ بکەین، بۆ ئەوەی لێی دڵنیا بین.
ئەوەی لە هەمو شتێک گرنگترە؛ (زانستی‌بون‌) ـە و کارکردنە بە بەڵگەی زانستی. ئایینداریت یان بێ‌ئایینیت؛ گرنگ نیە، گرنگ ئەوەیە بە چ بەڵگەیەک ئەو بڕوایەت هەیە و ئایا بەڵگەکەت زانستیە یان نا. ئەمە گرنگە.