Translator
پیاوانی ئایینی
له‌نێوان ده‌سه‌ڵاتی
سیاسی و ده‌سه‌ڵاتی ئایینی‌دا
سه‌روه‌ر پێنجوێنی
سه‌ره‌تا ده‌بێت ئاماژه
بكه‌م بۆ ئه‌وه‌ی كه ئه‌م باس‌وخواسه یه‌كێكه له‌و باس‌وخواسه هه‌ڵپه‌سێردراوانه‌ی
كه ده‌مێكه پێویسته به‌ڕونی و به‌یه‌كجاری قسه‌یان له‌سه‌ر بكرێت و
گۆڕانكارییان تێدا بكرێت، چونكه ناكرێت هه‌مو بوار و لایه‌نه‌كانی ژیان بگۆڕێن به‌ڵام
دامه‌زراوه‌ی ئایینی وپه‌یوه‌ندیی پیاوانی ئایینی به ژیانی فیكری و ئایینی و هه‌تاكو
سیاسیه‌وه وه‌كو خۆی (وه‌كو سه‌رده‌می سوڵتانه‌كان) بمێنێته‌وه.
پیاوانی ئایینی و ده‌سه‌ڵاتی
سیاسی
ئه‌و لایه‌نه‌ی كه له
هه‌موی گرنگتره بابه‌تی (ده‌سه‌ڵات) ی پیاوانی ئایینیه و مه‌سه‌له‌ی په‌یوه‌ندییانه
به ده‌سه‌ڵاتی سیاسیه‌وه.. له‌م بابه‌تانه‌دا ده‌بێت له‌پێشه‌وه جیاوازی له‌نێوان
ئه‌هلی سوننه وڕێبازه ئیمامیه‌كاندا بكه‌ین، مه‌به‌ستم له‌ڕێبازه ئیمامیه‌كان
ئه‌و ڕێبازه ئیسلامیانه‌ن كه بایه‌خێكی بنه‌ڕه‌تی ده‌ده‌ن به كه‌سێتیی (ئیمام)،
وه‌كو هه‌مو باڵه‌كانی شیعه وهه‌مو باڵه‌كانی خاریجیه‌كان (خوارج)، له‌م ڕێبازانه‌دا
پیاوی ئایینی به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی گه‌یشتبێته پله‌ی پێشه‌وایه‌تی (ئیمامه‌ت) كه‌سێتییه‌كی
پیرۆزی هه‌یه وكاری سیاسی وكاری ئایینی پێكه‌وه گرێ ده‌دات وهه‌ردو ده‌سه‌ڵاتی
سیاسی وده‌سه‌ڵاتی ئایینی له‌خۆیدا كۆ ده‌كاته‌وه.. له‌م ڕێبازانه‌دا پیاوی
ئایینی ده‌سه‌ڵاتی ئایینی ـ سیاسیی پیرۆزی هه‌یه وبه‌ته‌واوی هه‌ردو ده‌سه‌ڵاته‌كه
قۆرخ ده‌كات. به‌ڵام له ڕێبازه سوننیه‌كه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی پیاوی ئایینی ده‌سه‌ڵاتی
سیاسی به‌جێ ده‌هێڵێت بۆ فه‌رمانڕه‌وای موسوڵمان، به‌ڵام به‌شێوازی تر كاریگه‌ریی
خۆی پیاده ده‌كات، بۆ نمونه به‌كاركردن له‌په‌راوێزی ئه‌و فه‌رمانڕه‌وایه‌دا،
بۆیه ده‌بێته ئامڕازێك بۆ به‌خشینی ڕه‌وایه‌تی ومه‌شروعیه‌ت به ده‌سه‌ڵات. كه
ئه‌مه ده‌سه‌ڵاتی ئایینیی پیاوانی ئایینی جێگیر ده‌كات و به‌هۆیه‌وه كاریگه‌رییشیان
له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ده‌بێت. لێره‌وه ڕونه كه ده‌سه‌ڵاتی پیاوانی ئایینی
به‌شێكه له هاوكێشه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی. په‌یوه‌ستبونی پیاوانی ئایینی و دامه‌زراوه‌ی
ئایینی له ئیسلامدا به ده‌سه‌ڵاته‌وه نمونه و ده‌ركه‌وتنی زۆره: ئه‌و بانگخواز
و فیقهزانانه‌ی ده‌نێردران بۆ شار وئاوه‌دانیه داگیركراوه‌كان (فه‌تحكراوه‌كان)
هه‌مویان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵات (خه‌لیفه و والی) ـه‌وه نێردراون وپێشه‌نگ وپه‌یامبه‌ری
ده‌سه‌ڵات بون ودانان ولابردنیان په‌یوه‌ست بوه به خواست و ویستی ده‌سه‌ڵاته‌وه.
ئه‌مه بوه‌ته بنچینه‌ی ته‌قلیدێك بۆ پله‌ی پیاوانی ئایینی كه تا ئێستاش به‌رده‌وامه،
ئێسته‌ش دانان ولابردن وناردن ودابه‌شكردنی پیاوانی ئایینی و (ئیمام، خه‌تیب...)
گه‌مه‌یه‌كه به ده‌ستی ده‌سه‌ڵات و پارتیه سیاسیه‌كانه‌وه (پارتیی ئایینی یان عه‌لمانی).
جگه له‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی ئایینی و مزگه‌وت و وتاره ئایینیه‌كان له‌و سه‌رده‌مانه‌ی
ڕابردودا هه‌میشه وه‌كو میدیا و كه‌ناڵی ڕاگه‌یاندن بۆ ده‌سه‌ڵات و بانگه‌وازی سه‌ره‌وژێربونی
ده‌سه‌ڵاتی پێش‌و و ده‌ركه‌وتنی ده‌سه‌ڵاتی نوێ به‌كار هێنراون، كێشه سیاسیه‌كان
ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ته‌واویان له وتاره ئایینیه‌كاندا ده‌بو (بۆ نمونه: موعاویه فه‌رمانی
ده‌دا به له‌عنه‌ت له عه‌لی له وتاری ئایینی‌دا، عه‌لییش وتاره ئایینیه‌كانی به‌كار ده‌هێنا
بۆ داكۆكی له خۆی)، گۆڕانكاریی سیاسی و پێكهێنانی ده‌وڵه‌تی نوێ له ڕێگه‌ی دامه‌زراوه‌ی
ئایینی و وتاره ئایینیه‌كانه‌وه ده‌چه‌سپێنرا و پیرۆز ده‌كرا. كه ئه‌م ته‌قلیده
تا ئێسته‌ش به‌رده‌وامه.. بیرم دێت له ڕوداوه‌كانی جه‌نگی ناوخۆدا (مه‌لا ئه‌حمه‌د)
(ناسراو به "مه‌لا ئه‌حمه‌دی خانەقا") مینبه‌ری مزگه‌وتی گه‌وره‌ی
سلێمانیی بۆ ڕاگه‌یاندن و پیرۆزكردنی گۆڕانكاریی سیاسیی كت‌وپڕ به‌كار هێنا و له
وتاری هه‌ینیدا ـ كه خۆم ئاماده‌ی بوم ـ چه‌ند ده‌قێكی ئایینییشی كرد به به‌ڵگه
له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی جارێكی تر (یه‌كێتی) دروست نابێته‌وه!!
كه‌واته نهێنیی بنه‌ڕه‌تیی
ده‌سه‌ڵاتی مه‌لا خودی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی خۆیه‌تی. سه‌رباری ئه‌و ده‌سه‌ڵاته
ئایینیه‌ی كه له بنه‌ڕه‌تدا پیاوی ئایینی بۆ خۆیی بڕیار ده‌دات وه‌كو سه‌رپه‌رشتیار
و ئه‌مانه‌تدار و ویصایه‌تدار به‌سه‌ر ئایین و ژیانی ئایینیه‌وه.
میكانیزمه‌كانی چه‌سپاندنی
ده‌سه‌ڵاتی ئایینیی مه‌لاكان
پیاوانی ئایینی بۆ چه‌سپاندنی
ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ئایینیه‌ش، پشتیان به هه‌ندێك شێواز ومیكانیزم به‌ستوه، كه ده‌سه‌ڵاتێكی
ئایینی ـ كۆمه‌ڵایه‌تییان بۆ مسۆگه‌ر ده‌كه‌ن و لێره‌شه‌وه كاریگه‌رییان له‌سه‌ر
ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ژیانی سیاسی وفیكرییش ده‌بێت سه‌رباری ژیانی ئایینی و ڕۆحی. له‌و
میكانیزم وشێوازانه:
١. جل‌وبه‌رگ: جل‌وبه‌رگی مه‌لا ته‌قلیدیه و له جل‌وبه‌رگی
عه‌ره‌ب و قوڕه‌یشه، كه به پله‌ی یه‌كه‌م بۆ خۆپاراستن بوه له گه‌رمای له‌ڕاده‌به‌ده‌ری
ڕۆژی بیابان و سه‌رمای كوشنده‌ی شه‌وی بیابان، ئه‌و مێزه‌ر و قوماشه سپیه‌ی له‌سه‌ر
ومل و گه‌ردن ده‌ئاڵێنرێت له بنه‌ڕه‌تدا بۆ خۆپاراستنه له گڕه/كزه‌ی بیابان، جگه له‌وه‌ی
دواتر بوه‌ته هێمایه‌ك بۆ كه‌سێتی (ی ئایینی وسیاسی..) ی عه‌ره‌بی، وه‌كو وتراوه
(العمائم تیجان العرب). جل‌وبه‌رگی مه‌لا له كۆتاییدا ئه‌وه‌مان بیر ده‌خاته‌وه
كه ئه‌و كه‌سێتیه له بنه‌ڕه‌تدا هێنراو (مستورَد) ه و نیشانه و پاشماوه‌ی
داگیركردنێكی زه‌مینی و كولتوریه. به‌ڵام تا ئێسته‌ش سورن له‌سه‌ر ئه‌و شێوازی
ڕوخسار و جل‌وبه‌رگه، چونكه ده‌بێته هێما و بنه‌ڕه‌تی ده‌سه‌ڵاته ئایینیه‌كه‌یان.
ڕه‌نگه بوترێت: جل‌وبه‌رگی مه‌لا له كورده‌واریدا جامه‌دانی و كه‌وا و شه‌ڕواڵی
كوردیه، به‌ڵام ئه‌وه ڕه‌نگه جل‌وبه‌رگی تازه‌مه‌لا و مه‌لای ساده بێت و مه‌لای
ته‌واو به‌و جبه و مێزه‌ره جیا ده‌بێته‌وه، جگه له‌وه‌ی ئێسته خه‌ریكه له‌به‌ركردنی
دشداشه و چه‌فته‌یش له‌ناو مه‌لای كورددا بڵاو ده‌بێته‌وه..
٢. به‌شێك له نهێنیی ده‌سه‌ڵاتی كۆمه‌ڵایه‌تیی مه‌لا
ئه‌وه‌یه نهێنیه‌كانی ژیانی هه‌ر تاكێكی كۆمه‌ڵگای به‌ده‌سته: كه له دایك بو
مه‌لا ناوی ده‌نێت (واته به مرۆڤ ڕایده‌گه‌یه‌نێت) و بانگ ده‌دات به گوێیدا، كه
گه‌وره بو ڕه‌نگه یه‌كه‌م وشه و چه‌مك و فێركاری ده‌رباره‌ی واتای ژیان و فه‌لسه‌فه‌ی
بون له مه‌لاوه ببیستێت، كه خێزانی دروست كرد مه‌لا به كۆمه‌ڵێك وشه‌ی سیحری
هاوبه‌شی ژیانی بۆ حه‌ڵاڵ ده‌كات، دواتر ئه‌گه‌ر وشه‌ی سیحریی (ته‌ڵاق) ی به ده‌مدا
هات (كه هه‌ر مه‌لا ئه‌و توانا سیحریه‌ی داوه‌ته وشه‌ی ته‌ڵاق) ناچاری مه‌لا ده‌بێته‌وه
بۆ ئه‌وه‌ی به كۆمه‌ڵێك وشه‌ی سیحریی تر سیحری وشه‌ی ته‌ڵاقی بۆ هه‌ڵ‌بوه‌شێنێته‌وه،
ئه‌و سیحر و دژه‌سیحره‌ش هه‌ر لای مه‌لا ده‌ست ده‌كه‌وێت و سه‌نعاتی خۆیانه!
دواتر كه ئه‌و مرۆڤه ژیانی دێته ته‌واوبون؛ هه‌ر مه‌لا ماڵئاوایی ژیانی پێ ده‌كات
به یاسین و ته‌ڵقین و به‌ڕێكردنی ته‌عزێ. كه‌واته مه‌لاكان هه‌مو نهێنیه‌كانی
ژیانی ئێمه‌یان به‌ده‌سته!
٣. یه‌كێك له هۆكاره‌كان و هه‌روه‌ها بواره‌كانی ده‌سه‌ڵاتی
مه‌لا، (فه‌توا) یه، ئه‌مه‌ش ته‌نها هه‌ندێك داب‌ونه‌ریتی پاك‌وخاوێنی و په‌رستش
نیه، به‌ڵكو ده‌توانێت بڕیار بدات مافی ژیان له مرۆڤێك بسه‌نێته‌وه، ده‌توانێت
ڕه‌وایی بدات به توندوتیژی و ئاژاوه و تێكدانی ئاسایش. به‌تایبه‌تی به‌و شێوه‌یه‌ی
لای ئه‌هلی سوننه هه‌یه، كه لای ئه‌هلی سوننه مه‌رجیعیه‌تی ئایینی لاوازه، به‌ڵكو
ده‌توانین بڵێین مه‌رجیعیه‌تێكی شیرازه‌پچڕاو و پاشاگه‌ردانه، له‌به‌ر ئه‌وه له هه‌مو
لایه‌كه‌وه فه‌توای جۆراوجۆر و به‌پێی بارودۆخ و به‌رژه‌وه‌ندیی جیاواز ده‌رده‌چن،
كه له زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌كانیشدا ئه‌و فه‌توایه ئاوێنه‌ی خواست‌وویستی ده‌سه‌ڵاتێكه،
و هه‌میشه بۆ مه‌به‌ستی سیاسی به‌كار دێن، فه‌تواكانی (جیهاد) له ئه‌فغانستان (بۆ
ئه‌مێریكا) و له عێراق (دژی ئه‌مێریكا) ته‌نها نمونه‌یه‌كن. ئه‌و تێرۆره‌ی له
عێراقدا ته‌ڕ‌ووشك پێكه‌وه ده‌سوتێنێت، به‌شێكی دروێنه‌ی به‌رهه‌می هه‌ندێك فه‌توای
جیهاده كه له سه‌عودیه و که‌نداوەوه مه‌لاكانی پێترۆڵ ده‌یكه‌نه دیاریی ده‌ستیان
بۆ گه‌لانی عێراق.
لایه‌نێكی نێگه‌تیڤی تری
كه‌سێتی و ده‌سه‌ڵاتی كۆمه‌ڵایه‌تیی مه‌لا ئه‌وه‌یه كه: به هه‌مو شێوه‌یه‌ك به‌رگری
له‌ناوچه و سه‌نعاته‌كه‌ی خۆی ده‌كات و پێی وایه كاره‌كه‌ی ئه‌و له‌پێش هه‌مو به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی
كۆمه‌ڵگاوه‌یه و شێواز و به‌ڵگه‌ی ئایینییش به‌كار ده‌هێنێت بۆ به‌رگری. بۆ نمونه
كه بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی و ڕێكخستنی شار قسه‌وباس ده‌كرێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی
پێویسته ژماره‌ی مزگه‌وت یان ئه‌و مزگه‌وتانه‌ی جومعه‌یان تێدا ده‌كرێت كه‌م
بكرێته‌وه، ئیتر مه‌لا (له‌گه‌ڵیدا گه‌لی حاجی و پیاوماقوڵانی گه‌ڕه‌ك) دێنه قسه
و به‌رگری له (ده‌وڵه‌ت ـ گه‌ڕه‌ك) ـه ئیسلامیه‌كه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن. كێشه‌یه‌كی
تر كێشه‌ی بڵندگۆ (مكبرة) كانی ئه‌و مزگه‌وتانه‌یه كه له‌ناو ماڵه‌كاندان كه
خه‌ڵك هه‌راسان ده‌كه‌ن و ژینگه‌كه‌یان لێ ناله‌بار ده‌كه‌ن (به شێوه‌یه‌ك ئه‌و
ماڵانه‌ی دراوسێی مزگه‌وتن پاره‌ی كه‌متر ده‌كه‌ن!)، له كاتێكدا مه‌لایه‌كی ڕوناكبیری
وه‌كو (شێخ موحه‌ممه‌دی خاڵ) له كاتی خۆیدا فه‌توای داوه كه نابێت بانگ و
خوێندنه‌وه‌كانی تری ئه‌و مزگه‌وتانه‌ی له‌ناو ماڵاندان ده‌نگیان بدرێته بڵندگۆ،
چونكه ئه‌و سوننه‌ت و مه‌ڕاسیمه بۆ ناو مزگه‌وته‌كه و بۆ نوێژكه‌رانی مزگه‌وته
وپێویست ناكات ئه‌و ده‌نگه به‌رزه بدرێته ده‌ره‌وه. به‌ڵام ئێسته ئه‌گه‌ر باس‌وخواسێكی
وا بوروژێنرێت مسۆگه‌ره كه مه‌لاكان ئه‌وه به هێرشێك بۆسه‌ر پیرۆزیه‌كان وهه‌ڕه‌شه‌یه‌ك
بۆسه‌ر ئیسلام له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. له‌مه‌وه دیاره كه مه‌لا پێگه‌ی ئایینی
وكۆمه‌ڵایه‌تیی خۆی (كه ژیانی خۆیی له‌سه‌ر به‌نده) وه‌كو (ده‌سه‌ڵات) ێك به‌كار
ده‌هێنێت، و به شاره‌زایی و لێزانییشه‌وه ئایین به‌كار ده‌هێنێت بۆ به‌رگریكردن له‌و
ده‌سه‌ڵاته. جگه له‌وه‌ی هه‌ستێك لای مه‌لا هه‌یه به‌وه‌ی له خه‌ڵك زیاتره و
پێویسته خه‌ڵك له خزمه‌تیدا بن و له ماف و ئازادیه‌كانی خۆیان ببورن بۆ ئه‌و.
كێشه‌یه‌كی ترمان ئه‌وه‌یه
كه مه‌لاكان خۆیان له هه‌مو بوارێك هه‌ڵ‌ده‌قورتێنن: بواری سیاسی به پله‌ی یه‌ك،
هه‌مو كاروبارێكی كۆمه‌ڵایه‌تی، زۆر جار له بابه‌ته زانستیه‌كانیش خۆیان هه‌ڵ‌ده‌قورتێنن،
به‌ڵكو زۆر جار جێگه به پزیشك وپزیشكه ده‌رونی و ده‌ماریه‌كانیش ته‌نگ ده‌كه‌ن!..
ئه‌مه‌ش حه‌ز و ڕه‌غبه‌تێكه له داگیركردن و قۆرخكردنی بوار و مه‌یدان و مینبه‌ره‌كان،
كه ده‌رهاویشته‌ی ئه‌و پله‌وپایه ئایینی و پیرۆزه‌یه كه مه‌لا به خۆیی به‌خشیوه.
بنه‌ماكانی پله‌وپایه‌ی
پیاوانی ئایینی
لێره‌وه ده‌گه‌ڕێین به‌دوای
ڕه‌گ‌وڕیشه وبنه‌ماكانی ئه‌و پله‌وپایه ئایینی وپیرۆزه‌ی كه مه‌لاكان به خۆیانی
ڕه‌وا ده‌بینن:
ئه‌و ده‌ق وبنه‌مایانه‌ی
كه پیاوانی ئایینی له ئیسلامدا به بنچینه‌ی خۆیانیان ده‌زانن، هه‌ندێك ده‌قن كه
هه‌رگیز نابنه به‌ڵگه‌ی ئه‌و شێواز وجل‌وبه‌رگ وپله‌وپایه پیرۆزه‌ی كه سورن له‌سه‌ری،
له‌وانه: له قورئاندا: (.. فلولا نَفَرَ من كل فرقة منهم طائفةٌ ليتفقّهوا في
الدين وليُنْذِروا قومَهم...) (التوبة: ١٢٢)، ئه‌مه ته‌نها به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه
كه پێویسته له هه‌ر كۆمه‌ڵێك چه‌ند كه‌سێك شاره‌زا ببن له ئایین ودواتر كه گه‌ڕانه‌وه
بۆ شوێنی خۆیان خه‌ڵكه‌كه‌یان بانگه‌واز بكه‌ن.. ئه‌مه‌ش بۆ هه‌مو كه‌سێك وبه هه‌ر
شێواز وجل‌وبه‌رگێك ده‌گونجێت. هه‌ندێك (حه‌دیث) یش ده‌كه‌نه به‌ڵگه، وه‌كو:
١. (العلما‌ء هم وَرَثةُ الأنبياء) يان
(إنّ العلما‌ء وَرَثةُ الأنبياء) (ڕیوایه‌تی: ئه‌حمه‌د وتیرمیذی وئه‌بو داوود وئیبن ماجه وئیبن حیببان
وبه‌یهه‌قی وداریمی وهه‌ندێكی تر، كه به حه‌دیثێكی صه‌حیح یان حه‌سه‌ن داده‌نرێت).
یان هه‌ندێك (حه‌دیث) ی تر كه سه‌نه‌دیان لاوازه، وه‌كو:
٢. (علما‌ء أمتي كأنبياء بني اسرائيل)، كه ئه‌سڵی نیه(١).
٣. (العالم في قومه كالنبيّ في أمته) يان
(الشيخ في بيته كالنبي في قومه) (ڕیوایه‌تی ئیبن حیببان) یان (الشيخ في أهله كالنبي في أمته) (ڕیوایه‌تی
ده‌یله‌می) (ئه‌لبانی ده‌رباره‌ی ئه‌و دو گێڕانه‌وه‌ی دواییان ده‌ڵێت هه‌ڵبه‌سراوه).
٤. (أقرب الناس من درجة النبوة أهل العلم والجهاد)
(ئه‌بو نوعه‌یم به سه‌نه‌دێكی لاواز).
٥. (العلما‌ء أُمَناء الرسل) يان (العلما‌ء
أُمَناء الله على خلقه)
(ده‌یله‌می و قوضاعی و هه‌ندێكی تر، كه زیاتر به لاواز داده‌نرێت).
٦. (العلما‌ء مصابيح الجنة وورثة الأنبياء) (ده‌یله‌می.
لای ئه‌لبانی به هه‌ڵبه‌سراو دانراوه).
و كۆمه‌ڵێكی تر.
ئه‌مانه هه‌مویان، جگه له‌وه‌ی
زۆربه‌یان ئه‌گه‌ری هه‌ڵبه‌سترانیان هه‌یه و ڕه‌نگه بۆ ستایشی چینی حه‌دیثبێژ و
فیقهزانان هه‌ڵ‌به‌سترابن دوای په‌یدابونیان، جگه له‌وه‌ش له بنه‌ڕه‌تدا بۆ
ستایشی (عیلم) و زانست وتراون، واته زانستی ئایینی و به‌تایبه‌تییش گێڕانه‌وه‌ی ده‌ق
و فه‌رموده‌كان (زاراوه‌ی "عیلم" له‌و سه‌رده‌مانه‌دا زیاتر به حه‌دیث
و ڕیوایه‌ت وتراوه)، ئیتر نابنه به‌ڵگه‌ی چینێكی تایبه‌تی له پیاوانی ئایینی كه
خۆیان له خه‌ڵك جیا بكه‌نه‌وه و كاریان ته‌نها به‌ڕێوه‌بردنی كار‌وباری په‌رستگا
بێت. به‌ڵكو چینی پیاوانی ئایینی له جیهانی ئیسلامدا به‌و شێوه‌یه‌ی ئێسته هه‌یه
ده‌توانین بڵێین ئومه‌وی و عه‌بباسیه‌كان (و پاشان فاطیمی و ئه‌ییوبی و مه‌ملوكی و
عوسمانی و صه‌فه‌ویه‌كان) له په‌راوێز و حاشیه‌ی داروده‌سته‌ی خۆیاندا و بۆ ده‌ستخستنی
ڕه‌وایه‌تی و شه‌رعیه‌ت و كۆنتڕۆڵی كۆمه‌ڵگا دروستیان كردوه، ڕژێمی (ئه‌وقاف) یش هه‌ر
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا دروست بوه.
ده‌وترێت كه له كلێسای
كاثۆلیكیدا چه‌مكی (عیصمه‌ت) Infallibility ی موتڵه‌قی پیاوی ئایینی هه‌یه: به‌پێی باوه‌ڕێكی كاثۆلیكی كه له كۆنگره‌ی
یه‌كه‌می ڤاتیكان (١٨٦٩–٧٠) دا چه‌سپێنرا، پاپا له گه‌یاندنی بیروباوه‌ڕی مه‌سیحیدا
مه‌عصومه واته ناتوانێت هه‌ڵه بكات. به‌ڵام له ئیسلامیشدا بیرۆكه‌یه‌كی له‌م
شێوه‌یه له ڕێبازه ئیمامیه‌كاندا ده‌بینینه‌وه: ئیمام له‌و ڕێبازه شیعی
و خاریجیانه‌دا مه‌عصومه. لای ئه‌هلی سوننه‌ش ته‌نها وه‌كو بیرۆكه‌یه‌كی ڕه‌ها
نایبینینه‌وه، ئه‌گه‌رنا هه‌مو پیاوێكی ئایینیی سوننی عیصمه‌تێكی نیسبی بۆخۆی
بڕیار ده‌دات (ئه‌و قسه‌یه‌ی مه‌لا كه ده‌ڵێت "من ته‌نها ئایه‌ت و حه‌دیثتان
بۆ ده‌خوێنمه‌وه" نیشانه‌یه‌كی ئه‌و حاڵه‌ته‌یه، جگه له‌و ئیجازه‌نامه‌یه‌ی
كه سه‌نه‌ده‌كه‌ی ده‌گاته‌وه به پێغه‌مبه‌ر/خوا، و ئه‌و وته‌یه‌ی كه دوباره‌ی
ده‌كه‌نه‌وه كه ئه‌وان "واریسی پێغه‌مبه‌رانن"!)، كه پێم وایه ئه‌مه
له باوه‌ڕه كاتۆلیكیه‌كه خراپتره: یه‌ك مه‌عصومی موتڵه‌ق هه‌بێت باشتره له‌وه‌ی
هه‌زاره‌ها مه‌عصومی نیسبی هه‌بن، چونكه له كۆتاییدا له‌و گشته عیصمه‌تی موتڵه‌ق
پێك دێت و جگه له‌وه‌ش پاشاگه‌ردانی و شێواوی و بێ‌كۆنتڕۆڵی دێته كایه.
جگه له‌وانه‌ش، پێمان
ده‌ڵێن چینی پیاوانی ئایینی له ئیسلامدا نیه! ئه‌ی ده‌بێت مه‌لا چی بێت؟ له وه‌ڵامدا
ده‌ڵێن مه‌لا زانای ئایینیه! ده‌ی ئه‌گه‌ر مه‌لا ته‌نها (زانا) یه‌ك بێت ئه‌م جل‌وبه‌رگه
پیرۆزه و ئه‌م ئیددیعای (ویراسه‌تی پێغه‌مبه‌ران) ـه و ئه‌م به‌سه‌ر مزگه‌وته‌وه
ژیانه‌ی بۆ چیه؟ ئه‌گه‌ر مه‌لا زانای ئایینی بێت ده‌بێت كاره‌كه‌ی له زانستگادا
بێت نه‌ك له په‌رستگادا! له كاتێكدا ته‌نها كه‌مینه‌یه‌كی زۆر كه‌م له مه‌لاكان
له زانستگادا كار ده‌كه‌ن. ئینجا كه‌من ئه‌و مه‌لایانه‌ی كه به‌ڕاستی زانای
ئایینین و زاناییان له ئاییندا هه‌یه، به‌شێكیشیان زیانیان بۆ ئایین هه‌یه له‌بریی
قازانج.
با پرسیار بكه‌ین: مه‌لا
چۆن ئه‌و نازناو و پله ئایینی و كار‌وباره ئایینیه په‌یدا ده‌كات؟ به‌پێی چ
بڕوانامه وئه‌زمونێك ده‌بێته پێشه‌وا (ی ئایینی وفیكری وكۆمه‌ڵایه‌تی وسیاسی..)
ی كۆمه‌ڵگا؟ مه‌لای وا هه‌یه جگه له بانگبێژێك هیچی تر نیه. مه‌لای وایش هه‌یه
جگه له هه‌ندێك كار‌وباری ئایینی وكۆمه‌ڵایه‌تی ـ ئایینی هیچی تر نازانێت. كامه‌ی
زۆر (مه‌لاچاك) ـه و مه‌لایه‌كی شاره‌زایه، جگه له كۆمه‌ڵێك (عیلم) ی ئایینیی
كه‌له‌پوری كه به خوێندنی چه‌ند كتێبێكی كه‌له‌پوریی دیاریكراو ته‌واو ده‌بێت،
ئیتر هیچی تر نازانێت و بێئاگایه له‌وه‌ی له جیهانی هاوچه‌رخدا ده‌گوزه‌رێت له
ڕه‌وتی فیكریی نوێ و شۆڕشی بواری كۆمه‌ڵناسی وده‌رونناسی وبارودۆخی كۆمه‌ڵایه‌تیی
نوێ وتوێژینه‌وه ودۆزینه‌وه‌ی نوێ ده‌رباره‌ی مێژوی ئایینه‌كان وده‌ق وچه‌مكه
ئایینیه‌كان. ئه‌گه‌ر باس له بڕوانامه‌ی (ئیجازه‌نامه‌ی مه‌لایه‌تی) بكه‌ین، جگه‌له‌وه‌ی
كه به‌ئاسانی ده‌ست ده‌كه‌وێت و هه‌ر فه‌قێیه‌ك ده‌توانێت له هه‌ر قۆناغێكی
خوێندندا به‌ده‌ستی بهێنێت به‌تایبه‌تی له حاڵه‌تی دۆستایه‌تی و خۆمانه‌ییدا كه
له كۆمه‌ڵگای مه‌لایاندا زۆر كاری پێ ده‌كرێت، كه ئێسته خۆمانه‌یی حیزبییشی
چوه‌ته سه‌ر، جگه‌له‌وه ده‌توانین بڵێین هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی جه‌وهه‌ریی به
ئاستی زانستی وفیكریی ئه‌و كه‌سه‌وه نیه، چونكه ئه‌و ئیجازه‌نامه‌یه هیچ نیه
جگه له زنجیره‌ناوێك له كۆمه‌ڵێك كه‌سێتیی ئیسلامی (ی فیقهی، كه‌لامی، ته‌صه‌ووفی..)
كه به‌دوای یه‌كدا ڕیز كراون و گوایه ئه‌مانه هه‌مویان ئه‌و (عیلم) ـه‌یان به
یه‌كتر گه‌یاندوه، وگوایه ئه‌م جه‌نابه‌یش كه ئیجازه‌نامه وه‌رده‌گرێت عیلمی
هه‌مو ئه‌وانه‌ی وه‌رگرتوه! من نازانم كه‌سانی صۆفیی وه‌كو (السَّرِيّ السَّقَطي)
و (معروف الكرخيّ) و (داوود الطائي) و (حبیب العجمي) چ په‌یوه‌ندییه‌كیان به
زانسته ئیسلامیه‌كانه‌وه هه‌یه تا ناویان له‌و ئیجازه‌نامه‌یه‌دا هه‌بێت؟ ئه‌مه
ئیجازه‌ی فیقه وئیجتیهاده یان ته‌صه‌ووف؟! یان به‌پێی ئه‌و ئیجازه‌نامه‌یه گوایه
(فه‌خری ڕازی) عیلمه‌كه‌ی له (ئیمامی غه‌زالی) ـه‌وه وه‌رگرتوه له‌كاتێكدا له‌نێوان
مردنی غه‌زالی (١١١١ ز.) و له‌دایكبونی ڕازی (١١٥٠ ز.) دا (٣٩) ساڵ هه‌یه! [له
لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی تردا تیشكی ته‌واوم خستوه‌ته سه‌ر ئیجازه‌نامه‌ی مه‌لایان وبه‌های
مێژویی وشێوازی دروستبونی وپچڕانی سه‌نه‌ده‌كه‌ی]، ئه‌گه‌ر ئه‌و سه‌نه‌ده‌ی پێی ده‌وترێت
ئیجازه دروست وته‌واویش بێت ناكاته ئه‌وه‌ی ئه‌م تازه‌مه‌لایه ئاگای له (عولوم
ومه‌عاریف) ی هه‌مو ئه‌و كه‌سێتیه ئیسلامیانه بێت كه ناویان هاتوه له‌و سه‌نه‌ده‌دا!
ئیتر چۆن ئه‌و ئیجازه‌یه ده‌بێته مایه‌ی (ئه‌هلیه‌ت) ونیشانه‌ی (كه‌فائه‌ت) ی ئه‌و
كه‌سه كه وه‌ریده‌گرێت؟ له ڕابردودا كه (ئیجازه) هه‌بوه بریتی بوه له
ئیجازه‌ی ڕیوایه‌ت و وتنه‌وه‌ی كتێبێكی دیاریكراو، به‌م شێوه‌یه (دانه‌ر) ئیجازه‌ی
به چه‌ند كه‌سێك ده‌دا كه كتێبه‌كه‌ی بۆ بگه‌یه‌نن به‌خه‌ڵك، نه‌ك ئه‌م ئیجازه
هه‌مه‌ڕه‌نگ وكه‌شكۆڵیه‌ی ئێسته مه‌لاكان وه‌كو ته‌لیسمێك ده‌ستاوده‌ستی پێ ده‌كه‌ن.
نیشانه‌یه‌كی ترسناكیش كه له‌و ئیجازه‌نامه‌یه‌دا هه‌یه ئه‌وه‌یه كۆتایی زنجیره‌ی
سه‌نه‌ده‌كه ده‌گاته‌وه به پێغه‌مبه‌ر و له‌ویشه‌وه به (جیبریل) و له‌ویشه
به (ربّ العالمین)، كه ئه‌مه پیرۆزی به‌خشینه به هه‌رچی له كه‌له‌پوری مه‌لایاندا
هه‌یه ئه‌گه‌ر چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك دوای هاتنی ئیسلامیش سه‌ری هه‌ڵ‌دابێت. یان باسی
(دوازده عیلمه‌كه) ی مه‌لا ده‌كرێت، به‌ڵام من ته‌حه‌ددیی مه‌لاكان (دوازده
عیلمه‌كانیان!) ده‌كه‌م بتوانن ته‌نها ئه‌و دوازده عیلمه به ژماردن بژمێرن! ئه‌مه
سه‌باره‌ت به مه‌لا ته‌قلیدیه‌كان، سه‌باره‌ت به‌و مه‌لایانه‌ی سه‌ر به پارتیه
ئیسلامیه‌كان و (ئیسلامی سیاسی) ـن، ئه‌وانه په‌یوه‌ندییان به زانسته ئایینیه‌كانه‌وه
زیاتر پچڕاوه، چونكه ئه‌وانه كۆمه‌ڵێك سه‌له‌فی ومه‌شره‌ب وه‌ههابین و له بنه‌ڕه‌تدا
كۆمه‌ڵێك كادری حزبین وجگه له كۆمه‌ڵێك زانیاریی كه‌م‌وكورت و پچڕپچڕ ده‌رباره‌ی
فیقهـ و حه‌دیث و ته‌فسیر و عه‌قیده (عه‌قیده به شێوازه وه‌ههابیه‌كه‌ی كه سه‌رچاوه‌ی
هه‌مو توندڕه‌وییه‌كی كۆمه‌ڵگای ئیسلامیه) وژیاننامه‌ی پێغه‌مبه‌ر و كه‌مێك ده‌رباره‌ی
ئوصولی فیقهـ وتوێژاڵێك ده‌رباره‌ی زمانی عه‌ره‌بی، ئیتر ئه‌و زانسته ئایینی و كه‌له‌پوریانه‌ی
تر كه مه‌لاكان له‌ڕابردودا بایه‌خیان پێ داون ومایه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندیی بیری
ئایینیی ئه‌و سه‌رده‌مه بون ئه‌مان هیچ بایه‌خێكیان پێ ناده‌ن وڕه‌نگه به ناڕه‌وایشیان
بزانن، ئه‌وانه‌ش وه‌كو: عیلمی كه‌لام (مشت‌ومڕی فه‌لسه‌فی له‌سه‌ر بیروباوه‌ڕ)،
مه‌نطیق، حیكمه‌ت، ئادابی به‌حث و موناظه‌ڕه، جگه له هه‌ندێك زانستی كه‌له‌پوریی
سروشتی و زمانه‌وانی.
ئامانج و پاساوی بونی
چینی مه‌لا
گوایه ئامانجی پیاوانی
ئایینی ئه‌وه‌یه ده‌یانه‌وێت جڵه‌وی كۆمه‌ڵگا بگرنه ده‌ست وژیانی فیكری وكۆمه‌ڵایه‌تی
ئاڕاسته بكه‌ن.. له هه‌مو كۆمه‌ڵگایه‌كیشدا هه‌میشه بیرمه‌ند وفه‌یله‌سوف وزانا
وداهێنه‌ر وچاكساز وڕچه‌شكێن وڕه‌خنه‌گره‌كان پێشه‌وایه‌تی وپێشه‌نگیی كۆمه‌ڵگا ده‌كه‌ن.
به‌ڵام ئایا مه‌لا یان پیاوی ئایینی وپێشه‌وای ئایینی له ئیسلامدا، به‌تایبه‌تی
به‌و شێوه‌یه‌ی ئێسته هه‌یه، ده‌توانێت له‌و ئاسته‌دا بێت؟ ئه‌وه‌ی به‌ڕونی ده‌یبینین
ئه‌وه‌یه كه ئه‌مڕۆ پیاوانی ئایینی له جیهانی ئیسلامی‌دا جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆیان
له ڕوی پێشه‌نگیی مه‌عریفیه‌وه له‌گه‌ڵ چین وتوێژه عاممه‌كه‌ی كۆمه‌ڵگادا نیه.
ئایا مه‌لا خوێنده‌وارترین وڕۆشنبیرترین وڕوناكبیرترین چین وتوێژی كۆمه‌ڵگه‌ن تا
ببنه پێشه‌وا وپێشه‌نگی خه‌ڵك؟! بێ گومان نه‌خێر! ئه‌گه‌ر له‌ڕابردودا تا ڕاده‌یه‌ك
وا بوبێت ئێسته بارودۆخه‌كه گۆڕاوه، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ڕۆشنبیری ومه‌عریفه‌ی
مه‌لا به‌گشتی ئێسته هه‌ر ئه‌و ڕۆشنبیری ومه‌عریفه شه‌عبیه‌یه كه ئاستێكی
گشتیی خه‌ڵك وجه‌ماوه‌ره‌كه‌یه، نیشانه‌یه‌كی ئه‌مه‌ش ئه‌و هه‌ماهه‌نگی وپێكه‌وه‌گونجانه‌یه
كه هه‌یه له‌نێوان گوتاری مه‌لا و توانای تێگه‌شتن و ده‌ركی ڕه‌شه‌خه‌ڵكدا.
وه‌كو ئه‌نجامێكی قسه‌كانم
له به‌شه‌كانی ڕابردوه‌وه تا ئێره: ته‌حه‌ددیی هه‌مو مه‌لاكان ده‌كه‌م:
١. بیسه‌لمێنن بونی مه‌لا به‌و شێوازی ژیان و به‌و
جل‌وبه‌رگه تایبه‌تیه‌وه به‌پێی ئیسلام شتێكی پێویست و واجبه. بتوانن بیسه‌لمێنن
كه ئیسلام بێ مه‌لا نابێت ونایكرێت! (من ده‌ڵێم تاكه هۆكار و پاڵپشتێك بۆ مانه‌وه
وبه‌رده‌وامبونی چینی مه‌لایان ئه‌و ئیمتیاز و ده‌سكه‌وته كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری
وسیاسیانه‌یه كه به هۆی پله‌وپێگه‌ی مه‌لایه‌تیه‌وه ده‌ستیان ده‌كه‌وێت: هه‌مو
مزگه‌وتێك پاشكۆیه‌كی هه‌یه بۆ نیشته‌جێبونی ماڵی مه‌لا كه زۆر جار هه‌مو ته‌مه‌نی
تێیدا نیشته‌جێ ده‌بێت، موچه‌یه‌كی بێ‌ئه‌رك له‌سه‌ر كار‌وباری مزگه‌وت و په‌رستشه‌كان
وه‌رده‌گرێت، ڕێز ومتمانه وپێگه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیی تایبه‌تی كه سودی زۆری لێ
ده‌بینێت، هه‌ندێك پۆست كه به‌هۆی سیفه‌تی ئایینی و پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌وه
له حكومه‌ت و پارتیه سیاسیه‌كاندا وه‌ری ده‌گرن..).
٢. به‌پێی ئیسلام بیسه‌لمێنن كه ئه‌و پارانه‌ی له‌به‌رامبه‌ری
كار‌وباره ئایینیه‌كاندا (ئیمامه‌ت و خیتابه‌ت..) وه‌ری ده‌گرن شتێكی دروسته و له‌گه‌ڵ
(نیه‌ت و ئیخلاس) و كه‌سێتیی پێشه‌وای ئایینی و بانگخوازی ئیسلامی‌دا ده‌گونجێت.
٣. بتوانن به‌پێی ئیسلام وفیقهی ئیسلامی بیسه‌لمێنن
كه (ماره‌بڕین) مه‌لای پێویسته، واته بیسه‌لمێنن كه به‌ڕێوه‌بردنی مه‌جلیسی
ماره‌بڕین ته‌نها به مه‌لا ده‌كرێت. بتوانن یه‌ك ده‌قی فیقهی بدۆزنه‌وه كه بڵێت
واجبه مه‌لا مه‌جلیسی ماره‌بڕین به‌ڕێوه ببات! بێ گومان زۆربه‌ی مه‌لاكان
خۆیشیان ده‌زانن كه شتی وا نیه و ماره‌بڕین مه‌لای ناوێت و به‌پێی ڕێبازی شافیعی
(و حه‌نبه‌لی و مالیكی) ته‌نها "وه‌لی" و "دو شاهیدی عه‌دل" ی
ده‌وێت(٢)، به‌ڵام هه‌میشه وا خه‌ڵك لێ ده‌خوڕن كه ماره‌بڕین به‌بێ مه‌لا ناكرێت.
٤. به هه‌مان شێوه بتوانن بیسه‌لمێنن كه سه‌نعاته‌كانی
تری وه‌كو (مه‌لاڕه‌مه‌زانێ) و (یاسین) و (ته‌ڵقین) و (ته‌عزێ) و (منداڵ ناونان)
و (نوشته نوسین) له‌ئیسلامدا تایبه‌تن به مه‌لاوه، به‌ڵكو بیسه‌لمێنن كه ئه‌م
شتانه له بنه‌ڕه‌تی ئیسلامدا هه‌ن (جگه له منداڵ ناونان، ئه‌و سه‌نعاتانه‌ی تر
ده‌ستكردی مه‌لاكان خۆیانن، بۆ منداڵ ناونانیش ده‌كرێت باوكی منداڵه‌كه خۆی ئه‌نجامی
بدات وهیچ هونه‌ر وعیلمێكی تایبه‌تییشی تێدا نیه. جگه له‌وانه‌ش
"ئیسقات" «ئیسقات پول» هه‌بوه، كه له‌ڕابردودا هه‌ندێك مه‌لا وڕه‌شه‌خه‌ڵك
موماره‌سه‌یان كردوه و ئێسته‌ش ڕه‌نگه لێره‌وله‌وێ مابێت، كه بریتی بوه له
دابه‌شكردنی پاره به شێوه‌یه‌كی تایبه‌تی له‌بریی گوناهی مردو و بۆ قه‌ره‌بوی
نوێژ وڕۆژوی، تا ڕاده‌یه‌كیش نزیكه له "چه‌كی لێخۆشبون ـ صك الغفران"
ی پیاوانی ئایینیی مه‌سیحیی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاسته‌وه). ئێسته هه‌ندێك سه‌نعاتی
تریش په‌یدا بون كه هه‌ندێك مه‌لا و به‌ناومه‌لا كردویانه به پیشه‌ی خۆیان
وپاره‌ی مفتی پێ په‌یدا ده‌كه‌ن، له‌وانه: كتێب گرتنه‌وه بۆ دۆزینه‌وه‌ی شتی
ونبو وشتی دزراو وئه‌م بابه‌تانه، كه خه‌ریكه بره‌و په‌یدا ده‌كاته‌وه. هه‌روه‌ها:
شێوازی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست بۆ چاره‌كردنی نه‌خۆشیه ده‌ماری وده‌رونیه‌كان، به
لێدان وخوێندنه‌وه‌ی وشه‌ی سیحری (قورئان بێت یان شتی تر)، مه‌به‌ستم ئه‌و
ماخۆلیایه‌یه كه پێی ده‌وترێت "ده‌ركردنی جنۆكه له له‌ش"، كه هه‌ندێك
له مه‌لا سه‌له‌فیه‌كان، به‌چاولێكه‌ریی ئیبن ته‌یمییه‌ی پێشه‌وایان، كردویانه‌ته
پیشه‌ی خۆیان.
به‌ڵكو پێشنیار ده‌كه‌م
ڕژێمی ئه‌وقاف (كه پاشماوه‌ی سه‌رده‌می سوڵتانه‌كانه) هه‌ڵ‌بوه‌شێنرێته‌وه و به‌ڕێوه‌بردنی
مزگه‌وت و كار‌وباری ئایینی بدرێته‌وه ده‌ست ئه‌و كه‌سانه‌ی ئاماده‌ن (له ڕێگای
خوادا) ئه‌و كارانه ڕاپه‌ڕێنن (ئه‌گه‌ر هه‌بن!)، نه‌ك وه‌كو ئه‌وه‌ی ئێسته كه
زیاتر له ده كه‌س له‌سه‌ر مزگه‌وتێك (و له‌سه‌ر ئه‌ركی حكومه‌تی خه‌ڵك) جێ
كراونه‌ته‌وه، مزگه‌وتی وا هه‌یه چه‌ند ئیمام و خه‌تیبێكی هه‌یه كه كاره‌كه‌یان
له‌نێوان خۆیاندا به جۆرێك ڕێككه‌وتن دابه‌ش كردوه و هه‌ندێكیان هه‌ر ناچن به‌و
ناوه‌دا و مه‌عاشیشی له‌سه‌ر وه‌رده‌گرن!
خۆ ئه‌گه‌ر ئێمه باس له
ده‌وڵه‌تی عه‌لمانی بكه‌ین، پێویسته ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێت (ئه‌وقاف و كار‌وباری
ئایینی) به‌شێك نه‌بێت له جه‌سته‌ی حكومه‌ت و سه‌ربه‌خۆ بێت و دام‌وده‌زگا و پێشه‌وایه‌تیی
ئایینیی سه‌ربه‌خۆ به‌ڕێوه‌ی ببات و پشت به خۆی و دام‌وده‌زگا و موڵكه‌كانی خۆی و
خۆبه‌خشیی باوه‌ڕداران ببه‌ستێت، نه‌ك خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت داچۆڕێنێت وه‌كو ئه‌وه‌ی
ئێسته له حكومه‌تی هه‌رێمدا هه‌یه.
ئینجا مه‌لایش با وه‌كو
باقیی خه‌ڵك ڕزق‌وڕۆزیی خۆی په‌یدا بكات نه‌ك له‌سه‌ر (ئیمامه‌ت) و (خیتابه‌ت) و
(مه‌لاڕه‌مه‌زانێ) و (یاسین) و (ته‌ڵقین) و (ته‌عزێ) و (نیكاح) و (ته‌ڵاق) و (ته‌حلیل!)
و (منداڵ ناونان) و (نوشته نوسین) خۆی بژیێنێت. جگه‌له‌وه‌ی ئه‌م (چاوله‌به‌ری)
ـه‌ی مه‌لا وای كردوه هه‌ر ئه‌و شتانه بڵێت كه ڕه‌شه‌خه‌ڵك پێیان خۆشن وچاوه‌ڕوانییان
ده‌كه‌ن، بۆیه نا‌بینیت مه‌لاكان به‌شدارییه‌كیان له گۆڕانكاری و وه‌رچه‌رخانه
فیكریه‌كاندا هه‌بێت، به‌ڵكو به‌گشتی ده‌بنه نوێنه‌ری ڕه‌شه‌خه‌ڵك و دژایه‌تیی گۆڕانكاری و چاكسازی و
وه‌رچه‌رخانه‌كان ده‌كه‌ن.
به‌تایبه‌تی زۆر پێویسته
كار‌وباری ماره‌بڕین وكێشه‌كانی خێزان له‌ده‌ست (مه‌لا) و (لاكۆڵان) بسه‌نرێته‌وه
و به‌یه‌كجاری بدرێته‌وه ده‌ست دادگا، ئه‌و هه‌مو سته‌مه‌ی له ژن كراوه به (ژن
به ژن) و (گه‌وره‌به‌بچوك) و (به‌زۆر به‌شودان) و (ماره‌كردنی سه‌ربێشكه) و (كچ
دان له‌بریی خوێندا) و (شیربایی وه‌رگرتن) كه له كۆمه‌ڵگای كورده‌واریدا كراون،
هه‌مویان ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كار‌وباری ماره‌بڕین وكێشه خێزانیه‌كان به‌ده‌ستی
خه‌ڵك و مه‌لاكانیانه‌وه بون: كاتێك مه‌لا چاوله‌به‌ری پیاوماقوڵانی گوند وگه‌ڕه‌كه؛
ناتوانێت خواستی ئه‌و (پیاو)ماقوڵانه ڕه‌ت بكاته‌وه وشه‌رعیه‌تی پێ نه‌دات. به‌ڵام
ئه‌گه‌ر ئه‌و كار‌وباره به‌ته‌واوی بدرێته ده‌ست دادگا و یاسا؛ ئه‌و نه‌خۆشیه
كۆمه‌ڵایه‌تیانه به‌ته‌واوی بنه‌بڕ ده‌بن. ئینجا مه‌لاكان بۆ خۆشیان ده‌زانن كه
ئه‌و (ماره‌بڕین) ـه‌ی ئه‌وان ده‌یكه‌ن سیفه‌تی ڕه‌سمی ویاسایی نیه وده‌بێت
جارێكی تر له دادگا تۆمار بكرێت، جگه‌له‌وه‌ی مه‌لاكان كێشه‌ی (شاهید) یان هه‌یه
له ماره‌بڕیندا چونكه به‌پێی مه‌زهه‌به شافیعیه‌كه‌یان شاهید ده‌بێت (عه‌دل) بێت،
ئینجا لای ئه‌بو حه‌نیفه وشوێنكه‌وتوانی ئه‌و مه‌رجه نیه، له‌به‌رئه‌وه ناچار
مه‌لاكان به‌شێوه‌یه‌كی كاتی خۆیان وكچ وكوڕ ده‌كه‌نه موقه‌للیدی مه‌زهه‌بی حه‌نه‌فی!
ئینجا ئه‌م پێچ‌وقه‌مچه‌ی بۆ چیه؟! له دادگا تۆمار وبه‌ڵگه‌نامه‌ی پارێزراو هه‌یه
كه باشترین به‌ڵگه ودۆكیومێنتێكن بۆ چاره‌ی هه‌مو كێشه‌یه‌ك، دادگا ده‌توانێت
باشترین و (عه‌دل)ترین شاهید دابین بكات، به‌تایبه‌تی كه ئێسته دۆكیومێنت و
تۆمار و به‌ڵگه‌نامه یاساییه‌كان باشترین و (عه‌دل)ترین شاهیدن بۆ هه‌مو بابه‌تێك.
ئه‌گه‌ر به‌وردییش له
چینی مه‌لایان و پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییان و فرمانی (فه‌توا) و پێشه‌وایه‌تیی
ئایینی‌یان ورد ببینه‌وه، بۆمان ڕون ده‌بێته‌وه كه ڕه‌گ‌وڕیشه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی
دروستبون و به‌رده‌وامبونی چینی مه‌لایان ئه‌وه‌یه كه ئه‌و چینه زاده‌ی (خواست)
ی كۆمه‌ڵگا و ده‌وڵه‌تن: كارگه‌ی پاساودان و ڕه‌وابینین و چه‌سپاندنی خواسته‌كانی
خه‌ڵك (ده‌سه‌ڵاتی كۆمه‌ڵایه‌تی) و حیزب و دام‌وده‌زگا سیاسیه‌كانن. ئه‌و كاره‌ی
كه ده‌مانه‌وێت ئه‌نجامی بده‌ین و پێویستیمان به پاساودانی هه‌یه (له‌به‌ر ئه‌وه‌ی
هه‌تا ئێستا ئه‌نجام نه‌دراوه و نامۆیه، یان گونجاو نیه و له‌گه‌ڵ هه‌ندێك پێوه‌ری
باودا ناگونجێت، یان دژ و ناحه‌ز و به‌رهه‌ڵستكار وله‌مپه‌ر هه‌یه له‌به‌رده‌میدا)
په‌نا بۆ مه‌لا ده‌به‌ین بۆ ئه‌وه‌ی، به‌و كه‌سێتی و پێگه ئایینی ـ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی
هه‌یه‌تی و به‌و ئامڕازی فه‌توا و حه‌ڵاڵكردن و حه‌رامكردنه‌ی پێیه‌تی، بۆمان
پاساو بدات و ڕێگه‌مان بۆ ته‌خت بكات. نمونه‌یه‌كی نزیك ئه‌وه‌یه: ئه‌و كاته‌ی كه
ڕژێمی به‌عس ڕوخا و خه‌ڵك به‌ره‌و باشور ده‌چون بۆ تاڵانی، زۆر كه‌س په‌نایان بۆ
مه‌لاكان ده‌برد فه‌توایان بۆ بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به ویژدانی موڕتاح و سه‌ری به‌رزه‌وه
بچن بۆ تاڵانی. به‌م شێوه‌یه و به درێژایی مێژو خه‌ڵك و سیاسیه‌كان پێویستییان
به پیاوانی ئایینی هه‌بوه و هه‌یه بۆ پاساودان و ڕه‌وایه‌تیپێدانی ئه‌وه‌ی
خوازراوه و ویستراوه و بۆ قه‌ده‌غه‌كردن و یاساغكردنی ئه‌وه‌ی نه‌خوازراوه و
پێچه‌وانه‌ی خواست‌وویسته. له ڕابردوا پاشا و سوڵتانه‌كان وه‌كو چۆن پێویستییان
به پزیشك هه‌بوه له كۆشكدا بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی و ئازار، به هه‌مان شێوه
پێویستییان به پیاوی ئایینی و موفتی و واعیزی ده‌ربار هه‌بوه بۆ چاره‌سه‌ری هه‌ر
كێشه‌یه‌ك كه په‌یوه‌ست بێت به بابه‌تی ڕه‌وایه‌تی و مه‌شروعیه‌ت و بێده‌نگكردنی
خه‌ڵكه‌وه.
ئیتر ئه‌مه ڕێككه‌وتنه‌كه‌یه:
خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بایه‌خ ده‌ده‌ن به پیاوانی ئایینی و بژێوییان دابین ده‌كه‌ن،
له‌به‌رامبه‌ریشدا پیاوانی ئایینی كێشه‌كانی (ڕه‌وایه‌تی و مه‌شروعیه‌ت، و ویژدانی
موڕتاح و، بڕینی زمانی خه‌ڵكی ناحه‌ز) یان بۆ چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن! تا ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌ش
له‌ئارادا بێت نابێت هیوایه‌كمان به ئایینداریی ئازاد و ویژدانی ئایینیی ئازاد و
كرانه‌وه و گه‌شه‌كردنی بیری ئایینی و بوژانه‌وه و نوێكردنه‌وه‌ی گشتییش هه‌بێت.
له كۆتاییدا، ئاسانه بڵێم
له‌گه‌ڵ ڕێزمدا بۆ هه‌مو مه‌لایه‌كی ڕوناكبیر یان نیشتمانپه‌روه‌ر و كوردپه‌روه‌ر
یان شاعیر و ئه‌دیب به‌زمانی كوردی (كه به‌داخه‌وه زۆر كه‌میشن)، به‌ڵام ئه‌م
(ئیستیدراك) ـه هیچ له ئه‌سڵی مه‌سه‌له‌كه ناگۆڕێت و تێبینیه‌كانمان له‌سه‌ر
چینی پیاوانی ئایینی به‌ڕه‌هایی هه‌مو ئه‌و چینه ده‌گرێته‌وه، و به‌گشتی ده‌ڵێم
بونی چینێك كه سیفه‌تی پیرۆزی بۆ خۆیان ڕه‌وا ببینن و مافی ڕاڤه‌كردن و ئه‌مانه‌تداریی
ئایین بۆ خۆیان قۆرخ بكه‌ن، ڕه‌نگه له‌گه‌ڵ سروشتی بنه‌ڕه‌تیی ئایینیشدا نه‌گونجێت،
به‌تایبه‌تی ئایینێك كه بایه‌خ بدات به ئه‌زمونی ڕۆحیی سه‌ربه‌ستانه‌ی تاكی كۆمه‌ڵگا
نه‌ك پڕۆژه‌ی سیاسی و خواستی كۆمه‌ڵ.
په‌راوێز:
(١) الألباني، سلسلة
الأحاديث الضعيفة والموضوعة وأثرها السيء في الأمة. دار المعارف، الرياض، الطبعة
الأولى، ١٩٩٢. جـ. ١، ص. ٦٧٩.
(٢) له هه‌ندێك ڕێبازی تردا، مه‌به‌ستم
ڕێبازی حه‌نه‌فی و گێڕانه‌وه‌یه‌ك له (ئه‌حمه‌دی كوڕی حه‌نبه‌ل) ـه‌وه، دو
شاهیده‌كه مه‌رج نیه عه‌دلیش بن چونكه حه‌دیثه‌كه به‌بێ باسكردنی مه‌رجی
"عه‌داله‌ت" ی دو شاهیده‌كه‌ش ڕیوایه‌ت كراوه، وه‌كو گێڕانه‌وه‌كانی ده‌سته‌واژه‌كانی
(لا نِكاحَ إلا بوَليّ وشاهِدَین) و (لا نِكاحَ إلا بوليّ وشهود)، به‌ڵكو زۆربه‌ی
گێڕانه‌وه‌كانی حه‌دیثه‌كه له خودی پێغه‌مبه‌ره‌وه به‌بێ باسكردنی دو شاهید
ڕیوایه‌ت كراوه! كه ده‌ڵێت: (لا نِكاحَ إلا بوَليّ)، به‌م شێوه‌یه كه ته‌نها
ئاماده‌یی و ڕێگه‌پێدانی وه‌لی (به‌خێوكه‌ر و سه‌رپه‌رشتیار) به مه‌رج ده‌گرێت،
كه زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری گێڕانه‌وه‌كانی حه‌دیثه‌كه به‌م گوزارشه‌یه، ئیتر شێوه‌ی
(لا نِكاحَ إلا بوَليّ وشاهِدَي عَدْل) كه‌متر له پێغه‌مبه‌ره‌وه هاتوه، ئه‌و هه‌نده
گێڕانه‌وه‌یه‌ی كه به‌م شێوه‌یه ده‌یگێڕێته‌وه؛ به‌زۆری ده‌یده‌نه پاڵ عومه‌ر
و عه‌لی و ئیبن عه‌بباس و هه‌ندێكی تر.