قه‌سابخانه‌ی (حوله) ی كوردی و هه‌ڵوێستی
ئیخوان موسلیمین
له په‌راوێزی باسی قه‌سابخانه‌که‌ی (ڕۆبۆسكی)
دا
و: سه‌روه‌ر پێنجوێنی
چه‌ند مانگێك له‌مه‌وپێش قه‌سابخانه‌یه‌ك ڕێك خرا كه نوسخه‌یه‌كی كوردیی ئه‌و قه‌سابخانه‌یه‌ی ناوچه‌ی (حوله) "الحولة" بو كه به ده‌ستی ڕژێمی سوریایی ئه‌نجام درا به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی مه‌ده‌نیی شاری كاره‌ساتباری (حیمص). ئه‌م قه‌سابخانه‌یه پێی ده‌وترێت قه‌سابخانه‌كه‌ی (ڕۆبۆسكی) Roboski. (ڕۆبۆسكی) ناوی گوندێكی كوردنشینی چه‌په‌كه كه سه‌ر به ناوچه‌ی (ئولوده‌ره) Uludere (به كوردی: قڵابان) ـه له ویلایه‌تی (شرنه‌خ) له كوردستانی باكور (توركیا). گونده‌كه ده‌كه‌وێته سه‌ر سنوری نێوان هه‌رێمی كوردستانی عێراق و خواری خواره‌وه‌ی خۆرهه‌ڵاتی توركیا. تاكه سه‌رچاوه‌ی داهاتی خه‌ڵكی گونده‌كه بازرگانیی سه‌رسنوره یاخود قاچاخكردن، به‌تایبه‌تی بردنی جگه‌ره و نه‌وت له هه‌رێمی كوردستانه‌وه بۆ كوردستانی توركیا، قازانجه‌كه‌شی به حاڵێك و دو به‌ڵا به‌شی ژیانی مه‌مره‌ومه‌ژی و كڕینی پێداویستی و جل‌وبه‌رگی قوتابخانه‌ی منداڵانی گونده‌كه و ئه‌و مێردمنداڵانه ده‌كات كه ده‌چنه شار بۆ ته‌واوكردنی خوێندنی ناوه‌ندی و ئاماده‌یی. ساڵانێكیشه ئه‌م بازرگانیه قاچاخیه به ڕۆژی ڕوناك و به ڕێكه‌وتن له‌گه‌ڵ پاسگه (مخفر) ه سه‌رسنوریه‌كانی سوپای توركیا ئه‌نجام ده‌درێت، جا ئیتر به چاوپۆشی یان به له‌به‌رامبه‌ری هه‌ندێك به‌رتیلدا.
ئه‌وه بو دوانیوه‌ڕۆی ڕۆژی (٢٨) ی كانونی یه‌كه‌می (٢٠١١)،
قافڵه‌یه‌ك، كه پێك هاتبو له ٣٧ كه‌سی ئه‌و گونده كه چه‌ند منداڵێكی (١٣ ـ ١٤)
ساڵانه له‌نێو ئه‌وانه‌دا بو، له‌گه‌ڵ هێستره‌كانیان و له‌ژێر باری باران و به‌فر
و سه‌رمای كوشنده‌ی ئه‌و ناوچه شاخاویه به‌رز و سه‌خته، به‌ره‌و هه‌رێمی
كوردستان به‌به‌رده‌می بازگه سه‌ر سنوریه‌كه‌دا وه‌كو جاران ڕێیان ده‌كرد. نزیكی
كاتژمێر (٩) ی شه‌و قافڵه‌كه له ڕێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌یدا له سنور نزیك ده‌بوه‌وه
و به دڵی ڕاحه‌ت و به هیوای قازانجی چه‌ند سه‌د لیره‌یه‌كه‌وه ده‌گه‌ڕانه‌وه.
فڕۆكه‌یه‌كی چاودێریی توركی له جۆری فڕۆكه‌ی (هێرۆن) Heron ی بێفڕۆكه‌وانی ده‌ستكردی ئیسڕائیل، قافڵه‌كه‌ی
بینی. ئه‌و وێنانه‌ی فڕۆكه‌كه ده‌یانگرێت ڕاسته‌وخۆ ده‌نێردرێن بۆ (ژوری ئۆپه‌راسیۆنه‌كان)
(غرفة العملیات) ی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌ركانی سوپای توركی، بۆ گرتنه‌به‌ری بڕیاری
پێویست. هه‌روه‌ها هه‌مو ئه‌و وێنانه‌ی ئه‌م فڕۆكانه ده‌یانگرن ده‌چن بۆ (ئیسرائیل)
یش وه‌كو مه‌رجێك كه ئیسرائیل دایناوه بۆ دابینكردنی ئه‌م جۆره فڕۆكانه بۆ
توركیا، كه فڕۆكه‌ی سیخوڕیی زۆر پێشكه‌وتون.
له‌م كاتانه‌دا فڕۆكه‌یه‌كی سیخوڕیی بێفڕۆكه‌وانی ئه‌مێریكایی
له جۆری (پرێداتۆر) Predator هه‌ستی
به قافڵه‌كه كردبو، و ئه‌مێریكاییه‌كان داوایان له سوپای توركیا كرد ڕێیان بده‌ن
له قافڵه‌كه نزیك ببنه‌وه تا بزانن سه‌ر به چه‌كداره‌كانی پارتی كرێكارانی
كورستان (پ.ك.ك.) ـن یان نا. سه‌رۆكی ئه‌ركانی سوپای توركیا داواكه‌یانی ڕه‌ت
كردبوه‌وه (یانی لایه‌نه توركیه‌كه ئاماده بوه بۆ له‌ناوبردنی قافڵه‌كه له‌گه‌ڵ
بونی ئه‌گه‌ری به‌هێزی ئه‌وه‌ی مه‌ده‌نی بن)، ئه‌مه‌ش به‌پێی ئه‌و به‌یاننامه ڕه‌سمیه‌ی
لایه‌نه ئه‌مێریكاییه‌كه دوای نزیكه‌ی سێ مانگ له‌دوای ڕوداوه‌كه‌وه ڕای گه‌یاند.
بێ گومان هاوكاری و ڕێكخستنێكی هه‌واڵگری له‌نێوان ئه‌مێریكا
و سوپای توركیا هه‌یه دژی جه‌نگاوه‌رانی كورد. ئیتر ئه‌وه بو، ده‌وروبه‌ری
كاتژمێر (٩:٣٠) ی ئه‌و شه‌وه فڕۆكه جه‌نگیه‌كانی توركیا، له جۆری (ف١٦) F16 به بۆمب هێرشیان كرده سه‌ر ئه‌و مه‌ده‌نیه
بێچه‌ك و بێتاوانانه و به شێوه‌یه‌كی دڕنده‌ئاسا ڕه‌شه‌كوژیان كردن و به چه‌ند
چركه‌یه‌ك پارچه‌پارچه‌یان كردن. ته‌نها سێ كه‌سیان ڕزگاریان بو كه دور بون له
قافڵه‌كه‌وه.

قه‌سابخانه‌كه‌ی ڕۆبۆسكی
ئه‌وه چوار مانگ به‌سه‌ر ڕوداوه‌كه‌دا تێپه‌ڕیوه و ڕای گشتیی توركیا هه‌تا ئێستاش خرۆشاوه و داواكاری ئه‌وه‌یه ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و تاوانه گه‌وره‌یه بناسرێن و بدرێنه ده‌ستی دادگا.
پێش چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك، سه‌رۆك وه‌زیران (ڕه‌جه‌ب ته‌ییب
ئه‌ردۆغان) دانی به‌وه‌دا نا كه ئه‌وه‌ی ڕوی داوه هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره بوه، ئه‌مه‌ش
دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مێریكاییه‌كان نهێنیه‌كانی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌یان ئاشكرا كرد و بێبه‌ریبونی
خۆیان ڕاگه‌یاند له‌وه‌ی ڕۆڵێكیان له‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌دا هه‌بوبێت. ڕای گشتی هه‌تا
ئێستاش سوره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی حكومه‌ت پۆزش بهێنێته‌وه و داوای لێبوردن بكات، و
داواكاری ئه‌وه‌یه بكه‌ره‌كانی ئه‌و تاوانه سزا بدرێن و بناسێنرێن. ئه‌ردۆغان له
لێپرسینه‌وه خۆی ده‌دزێته‌وه، و دوایین تاكتیكیشی بۆ شاردنه‌وه و په‌رده‌پۆشكردنی
تاوانه‌كه بریتی بو له وروژاندنی كێشه‌ی منداڵبون و له‌باربردن، بۆ ئه‌وه‌ی ڕای
گشتیی پێوه سه‌رقاڵ بكات، و تا ڕاده‌یه‌كیش سه‌ركه‌وتو بوه له‌مه‌دا. به‌ڵام له
ڕاستیدا مه‌سه‌له‌ی (ڕۆبۆسكی) وه‌كو بارسته به‌فرێك هه‌ر گل ده‌بێته‌وه و گه‌وره‌تر
ده‌بێت.
چه‌ند مانگێك پێش قه‌سابخانه‌كه‌ی (ڕۆبۆسكی) جه‌نگاوه‌ره
كورده‌كان هێرشیان كرده سه‌ر چه‌ند مه‌فره‌زه‌یه‌كی سوپای توركیا و قوربانیه‌كانیش
له (٢٠) سه‌رباز زیاتر بون. هه‌ردو (د. بورهان غه‌لیون) سه‌رۆكی (ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی
سوریایی كاتی)، و (عه‌لی صه‌دره‌دین به‌یانونی) ڕابه‌ری پێشوی ئیخوان موسلیمینی
سوریا و ئه‌ندامی (ئه‌نجومی نیشتمانی) ی ناوبراو، به به‌یاننامه ڕایانگه‌یاند كه
ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ی پێشمه‌رگه‌كانی پارتی كارێكارانی كوردستان (پ.ك.ك.) ئه‌نجامیان
داب‌و سه‌ركۆنه و ئیدانه ده‌كه‌ن.
عه‌لی صه‌دره‌دین به‌یانونی
[شایه‌نی ئاماژه‌یه كه ئه‌و ئه‌نجومه نیشتمانیه‌ی ناوی برا به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له (ئیخوان موسلیمین) و (ڕاگه‌یه‌نراوی دیمه‌شق بۆ گۆڕانكاریی نه‌ته‌وه‌یی دیمۆكراتی) و (كۆنگره‌ی سوریا بۆ گۆڕانكاری) پێك هاتوه. (به‌یانونی) یش له ساڵی ١٩٥٢ ه‌وه چوه‌ته ڕیزی ئیخوان موسلیمینی سوریاوه، و له ساڵی ١٩٧٢ ه‌وه ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی شورا و نوسینگه‌ی ته‌نفیزی بوه، و ساڵی ١٩٧٧ یش كراوه به جێگری ڕابه‌ری گشتی، تا ساڵی ١٩٩٦ به ڕابه‌ری گشتی هه‌ڵ بژێردرا، و ساڵی ٢٠٠٢ یش بۆ خوڵێكی تری چوار ساڵه به ڕابه‌ری گشتی هه‌ڵبژێردرایه‌وه].
ئێسته پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه: ئه‌م دو كه‌سه، كه نوێنه‌رایه‌تیی
ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی و ئیخوان موسلیمین ده‌كه‌ن، بۆچی له‌به‌رامبه‌ر ڕوداوه‌كه‌ی (ڕۆبۆسكی)
یاخود حوله‌ی كوردی، بێده‌نگن و هیچ سه‌ركۆنه و ئیدانه‌یه‌كی ناكه‌ن؟
ئه‌م بێده‌نگیه‌ی ئه‌وان و ئه‌نجومه‌نه‌كه‌یان مانای ئه‌وه‌یه
ئیدانه‌كردنی پێشویان (بۆ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی پێشمه‌رگه‌كانی پارتی كارێكارانی
كوردستان) به ئامانجێكی شه‌ریفانه نه‌بوه، یانی به ئامانجی دژایه‌تیی
توندوتیژی و لایه‌نگریی هه‌ق نه‌وه، به‌ڵكو مانای ئه‌وه‌یه ئه‌وان ته‌نها
ئامڕازێكن به ده‌ستی (وه‌لیی نیعمه‌ت) ـه‌كه‌یانه‌وه كه حكومه‌تی توركیایه و به
ئاره‌زوی خۆی ده‌یانجوڵێنێت.
سه‌باره‌ت به ئیخوان موسلیمین، ده‌توانین بڵێین هه‌ڵوێستیان
به‌رامبه‌ر كورد هیچ شتێكی تازه‌ی تێدا نیه كه جێی دڵخۆشی بێت. كورد له نیگای ئه‌وانه‌وه
موسوڵمان نین، و هه‌ر له ڕه‌شه‌كوژیه‌كانی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال و.. هتد..ـه‌وه
هه‌ڵوێستیان ئاشكرایه كه چونه به‌ره‌ی لایه‌نگریی ئه‌و دیكتاتۆر و تاوانبارانه‌ی
تاوانی گه‌وره‌یان دژی كورده مه‌ده‌نیه بێتاوانه‌كان ئه‌نجام داوه. بزوتنه‌وه‌ی
ئیسلامی سیاسی یه‌كێكه له‌و بزوتنه‌وانه‌ی كه زۆرترین ناوبانگیان به هه‌لپه‌رستی
هه‌یه. ڕاسته ئه‌وان ئازادن له‌سه‌ر چ سیاسه‌تێك ده‌ڕۆن، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی
ئایینی ئیسلام له قوڕ و لیته‌ی سیاسه‌ت وه‌رنه‌ده‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئامانجه
سیاسیه‌كانیان و به‌رژه‌وه‌ندیه ماددیه‌كانیان.
نوسه‌ر و ڕۆژنامه‌نوسی گه‌وره‌ی تورك (جه‌نگیز چاندار) Cengiz Çandar، له دوایین ستونه
وتاریدا له ڕۆژنامه‌ی (رادیكاڵ) Radikal دا نوسیویه‌تی و ده‌ڵێت: "كێ باوه‌ڕ به‌و هه‌ڵوێست و فرمێسك ڕشتنه‌ی
توركیا ده‌كات له‌به‌رامبه‌ری قه‌سابخانه‌که‌ی (الحولة) كه به ده‌ستی ڕژێمی سوریا
ئه‌نجام درا، له كاتێكدا هه‌ر خۆمان قه‌سابخانه‌یه‌كمان له (ڕۆبۆسكی) ئه‌نجام دا
كه له دڕنده‌ییدا هیچی كه‌متر نیه له قه‌سابخانه‌كه‌ی (الحولة)؟ به‌تایبه‌تی
ئه‌گه‌ر بزانین كه سوریا له حاڵه‌تی جه‌نگی ناوخۆدایه و ڕژێمێك له كاردایه كه
شه‌رعیه‌تی له ده‌ست داوه، له كاتێكدا كه حكومه‌تی توركیا به هه‌ڵبژاردن هاتوه‌ته
سه‌ر كار و شه‌رعیه‌تی هه‌یه".
ئێمه‌ش به هه‌مان شێوه پرسیار له ئیخوان موسلیمین ده‌كه‌ین:
چ كوردێك باوه‌ڕتان پێ ده‌كات دوای ئه‌و هه‌ڵوێسته دوفاقه‌ییانه‌تان به‌رامبه‌ری
نه‌ته‌وه‌یه‌كی موسوڵمان كه سه‌ده‌هایه‌كه خزمه‌تی ئایینی ئیسلامی كردوه؟
٭ د. به‌نگی حاجۆ: پزیشكێكی كوردی سوریایه،
و جێگری سه‌رۆكی (كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستانی) ـه له كوردستانی سوریا.
سه‌رچاوە:
سه‌رچاوە:
بنكي حاجو، عن مجزرة "الحولة" الكردية وموقف الإخوان المسلمين.
(إيلاف)، السبت ٩ / ٦ / ٢٠١٢.