موحه‌ممه‌دی كوڕی عه‌بدولوه‌ههاب
و دامەزراندنی ڕێبازی وەههابی و بنەماڵەی ئایینیی (آل
الشیخ) ی هاوپەیمان لەگەڵ بنەماڵەی (ئال سەعود)
(بەشێک لە کتێبی:
"ڕیشە و بنچینەکانی توندوتیژیی ئایینی". چاپی یەکەم: ٢٠٠٧)
سەروەر پێنجوێنی
له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌مدا موحه‌ممه‌دی كوڕی عه‌بدولوه‌ههاب
(١٧٠٣ - ١٧٩٢) رێبازی حه‌نبه‌لی و بیروڕاكانی ئیبن ته‌یمییه‌ی بوژانده‌وه و له
كۆمه‌ڵێك ده‌سته‌واژه و شێوگی ساده‌تر و توندتردا كورتی كردنه‌وه و خه‌ڵكی ساده
و خێڵه‌كیی بیابانی نه‌جدی شوێن خۆی خست و ئیسلامێكی بیابانی و رواڵه‌تگه‌را و ده‌قگه‌را
و توندوتیژی بۆ سه‌رده‌می نوێ به‌رهه‌م هێنا دوای گه‌شه‌كردن و بڕینی چه‌ندین
قۆناغ له كولتوری ئیسلامیی سه‌رده‌مانی پێشتردا.
موحه‌ممه‌دی كوڕی عه‌بدولوه‌ههاب له شاره‌كه‌ی خۆی (عُيَيْنَة) و
پاشان له مه‌ككه و ئینجا مه‌دینه خوێندنی ئایینیی خوێندوه، پاشان چوار ساڵ له
به‌سڕه وانه‌ی ئایینیی وتوه‌ته‌وه، یان - به پێی هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ی تر - له
شارۆچكه‌ی (المجموعة) سه‌ر به (البصرة) لای (الشيخ محمد المجموعيّ) وانه‌ی
ئایینیی خوێندوه. دوای ئه‌وه پێنج ساڵیش له به‌غداد ماوه‌ته‌وه و له‌وێ ژنێكی
ده‌وڵه‌مه‌ندی ماره كردوه و میراته‌كه‌ی بۆ ده‌مێنێته‌وه كاتێك ژنه‌كه ده‌مرێت.
هه‌ندێك سه‌رچاوه ده‌ڵێن ساڵێكیش له كوردستان (ی باشور) ماوه‌ته‌وه، دو ساڵیش
له (هه‌مه‌دان) بوه، هه‌روه‌ها له (ئیسفه‌هان) و (قوم) و چه‌ند شارێكی ئێرانیی
تریش ماوه‌ته‌وه، كه له‌و شاره ئێرانیانه‌دا كه‌وتوه‌ته دژایه‌تیكردنی بیر و
شێوازی ئه‌هلی ته‌صه‌ووف. دوای ئه‌وانه‌ش - ده‌ڵێن - سه‌ردانی حه‌له‌ب و دیمه‌شق و
قودس و قاهیره‌ی كردوه. دوای ئه‌وه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شارۆچكه‌ی (حريملاء) یان (حريملة)
له نه‌جد و ناچاری ده‌كه‌ن به‌حێی بهێڵێت، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شاره‌كه‌ی خۆی، عویه‌ینه،
له‌م ماوه‌یه‌یشدا كتێبی یه‌كتاپه‌رستی (كتاب التوحيد) ی نوسی(١) كه سه‌رچاوه‌ی
سه‌ره‌كیی بیروباوه‌ڕی وه‌ههابیه، و ده‌ستی كرد به بڵاوكردنه‌وه‌ی بیروڕاكانی كه
به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌یه‌كی ساده‌ی بیروڕاكانی ئیبن ته‌یمییه بون، بۆیه پێداگریی
كرده‌وه له‌سه‌ر دابه‌شكردنی یه‌كتاپه‌رستی بۆ یه‌كتاپه‌رستیی په‌روه‌درگارێتی و
یه‌كتاپه‌رستیی په‌رستراوێتی و، هه‌مو كرده‌وه‌یه‌كی وه‌كو تكاكاری به پێغه‌مبه‌ر
و پیاوچاكان و سه‌ردانی گۆڕیان و بونی مزگه‌وت له‌سه‌ر ئه‌و گۆڕانه و شتی هاوشێوه‌ی
به فره‌په‌رستی «الشِّرْك» له قه‌ڵه‌م دا، هه‌روه‌ها پێداگریی كرد له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی
كه ئه‌و ده‌سته‌واژه قورئانیانه كه هه‌ندێك شتی به‌رجه‌سته ده‌ده‌نه پاڵ خوا
ده‌بێت به ئاكار «صِفة» ی راسته‌قینه‌ی خوا دابنرێن و نابێت به لێكدانه‌وه «تأویل»
ی عه‌قڵی لێك بدرێنه‌وه و ئه‌مه‌شی كرده ته‌واوكه‌ری یه‌كتاپه‌رستی به ده‌سته‌واژه
و زاراوه‌یه‌كی سۆفیستی «سَفْسَطِيّ» به شێوه‌ی (توحيد الأسماء و الصفات)!(٢) [كه
ئه‌مه‌ش ده‌كاته هه‌وڵێك بۆ چه‌سپاندنی بیرێكی ئه‌نثرۆپۆمۆرفیست «تشبيهي» به
ناوی یه‌كتاپه‌رستیه‌وه].
له عویه‌ینه موحه‌ممه‌دی كوڕی عه‌بدولوه‌ههاب په‌یوه‌ندیی به‌ست له‌گه‌ڵ
ئه‌میری شارۆچكه‌كه كه ناوی (عوثمانی كوڕی حه‌مه‌دی كوڕی موعه‌ممه‌ر) بو، ئه‌میر
ئامۆزای خۆی به ناوی (الجوهرة) دا به موحه‌ممه‌دی كوڕی عه‌بدولوه‌ههاب و ئه‌ویش داوای لێ كرد
كه له بانگه‌وازه‌كه‌یدا پشتگیریی بكات و په‌یمانی پێدا كه به هۆی شوێنكه‌وتوانی
بانگه‌وازه‌كه‌یه‌وه ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر هه‌مو نه‌جددا په‌یدا ده‌كات و ناوچه‌ی نه‌جد
و عه‌ره‌به‌كانی ده‌بێته موڵكی: (إنّي آمُلُ أنْ يَهَبَكَ اللهُ نَجْداً و
عُرْبانَها)!(٣).. ئیتر موحه‌ممه‌دی كوڕی عه‌بدولوه‌ههاب له ژێر سایه‌ی عوثماندا كه‌وته جێبه‌جێكردنی
به‌رنامه‌كانی خۆی: سه‌ره‌تا ئه‌و دره‌خته‌ی بڕیه‌وه كه له لای خه‌ڵكی ئه‌و
شوێنه پیرۆز بو.. خوێندنه‌وه‌ی كتێبی (دلائل الخیرات) ی قه‌دغه كرد و نوسخه‌كانی
ئه‌و كتێبه‌ی سوتاند و (صه‌له‌واتدان) ی له‌سه‌ر پێغه‌مبه‌ر له وتاری (جمعة) دا
قه‌ده‌غه كرد.. ئینجا گۆڕی یه‌كێك له صه‌حابه به ناوی (زه‌یدی كوڕی خه‌تتاب) (برای
عومه‌ری كوڕی خه‌تتاب) كه له جه‌نگی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه «الرِّدَّة» دا له (اليَمامة)
له ناوچه‌ی نه‌جد كوژرابو و له‌وێ نێژرا بو و گۆڕه‌كه‌ی زیاره‌تگایه‌كی ناوچه‌كه
بو، ئیتر هه‌رچه‌ند خه‌ڵكی ناوچه‌كه ویستیان به‌رگری له گۆڕی وه‌لیه‌كه‌یان بكه‌ن
به‌ڵام عوثمان (٦٠٠) جه‌نگاوه‌ری بۆ پاراستنی موحه‌ممه‌دی كوڕی عه‌بدولوه‌ههاب ئاماده كردبو،
ئیتر ئه‌ویش به ده‌ستی خۆی شوێنه‌وار و پێناسی گۆڕه‌كه‌ی روخاند.. دوای ئه‌وه‌ش
ژنێك كه هه‌ڵه‌یه‌كی كردبو موحه‌ممه‌دی كوڕی عه‌بدولوه‌ههاب فه‌رمانی دا به‌ردباران (سه‌نگه‌سار)
«رَجْم» بكرێت هه‌تا ده‌مرێت، ئیتر عوثمان و كۆمه‌ڵێكی تر فه‌رمانه‌كه‌یان جێبه‌جێ
كرد و دوای مردنیشی فه‌رمانی دا بشۆررێت و كفن بكرێت و نوێژی له‌سه‌ر بكرێت(٤). ئیتر
دوای ئه‌م كارانه كه ترس و دڵه‌ڕاوكێ و ناڕه‌زامه‌ندیی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌یان
وروژاند فه‌رمانڕه‌وای (الأحساء) و (القطيف) و خێڵه‌كانی ده‌وروبه‌ریان، كه (سليمان
بن محمد بن غرير الحميدي) بو له خێڵی (بن‌و خالد)، فشاری خسته سه‌ر عوثمان ئه‌میری
عویه‌ینه بۆ له‌ناوبردنی موحه‌ممه‌دی كوڕی عه‌بدولوه‌ههاب، ئیتر ئه‌ویش ناچار بو ده‌ری بكات
له شارۆچكه‌كه‌ی خۆی، به تایبه‌تی كه عوثمان به‌شێك له باج و ده‌ستهاته‌كانی
له فه‌رمانڕه‌وای ناوبراوه‌وه بۆ ده‌هات، چونكه عوثمان كۆمه‌ڵێك دارخورما و باخ
و شتی تری له (الأحساء) هه‌بو و به‌شێك له بازرگانیه‌كانی له رێی به‌نده‌ره‌كانی
(الأحساء) ه‌وه گوزه‌ری ده‌كرد.. ئیتر فه‌رمانڕه‌وای ناوبراو هه‌ڕه‌شه‌ی كرد له
عوثمان به بڕینی ئه‌و ده‌ستهات و قازانجانه و بڕینی ئازوقه‌ی خۆراك و جل‌وبه‌رگ(٥).
بۆیه موحه‌ممه‌دی كوڕی عه‌بدولوه‌ههاب ناچار روی كرده شاری دیرعییه «الدِّرْعِيّة» مه‌ڵبه‌ندی
یه‌كه‌می بنه‌ماڵه‌ی سه‌عودی، له‌وێ ئه‌میری دیرعییه موحه‌ممه‌دی كوڕی سه‌عود (١٧٦٥
مردوه) دامه‌زرێنه‌ری بنه‌ماڵه‌ی سه‌عودی، پێشوازیی لێ كرد و كردیه زاوای خۆی و
پشتگیریی ته‌واوی كرد بۆ بڵاوكردنه‌وه و چه‌سپاندنی رێبازه‌كه‌ی و موحه‌ممه‌دی
كوڕی عه‌بدولوه‌ههابیش په‌یمانی پێدا كه به هۆی بانگه‌وازه‌كه‌یه‌وه ده‌سكه‌وتێكی
زۆری دێته ده‌ست زیاتر له‌و باجانه‌ی كۆیان ده‌كاته‌وه(٦)، ئه‌مه‌ش له ساڵی (١٧٤٤)
دا بو، ئیتر بوه رێبه‌رێكی ئایینی بۆ ئیماڕه‌ته‌كه‌ی و به‌و شێوه‌یه‌ش له رێگه‌ی
ده‌سه‌ڵاتی ئایینی و ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه و خێڵه‌وه هه‌م رێبازی وه‌ههابی(٧) چه‌سپێنرا
له‌ناو بیاباننشینه‌كاندا كه نه‌خوێنده‌واری و ژیانی بیاباننشینیی دور له
شارستانی به‌سه‌ریاندا زاڵ بو، هه‌م خێڵ و هۆزه‌كانیان ملكه‌چ كرد و بونه ده‌سه‌ڵات
و بڕیارده‌ری یه‌كه‌م و كۆتایی له ناوچه‌كه‌دا.. هه‌ردوكیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش رێك
كه‌وتن كه ده‌سه‌ڵات هاوبه‌ش بێت له نێوان هه‌ردو بنه‌ماڵه‌كه‌دا، واته ده‌سه‌ڵات
و رابه‌رایه‌تیی ئایینی له ده‌ستی نه‌وه‌كانی موحه‌ممه‌دی كوڕی عه‌بدولوه‌ههابدا بمێنێته‌وه
و ده‌سه‌ڵاتی سیاسییش له ده‌ستی بنه‌ماڵه‌ی سه‌عودیدا بمێنێته‌وه.. موحه‌ممه‌دی
كوڕی سه‌عود ئه‌وه‌ی كرد به مه‌رج له‌سه‌ر موحه‌ممه‌دی كوڕی عه‌بدولوه‌ههاب كه دوای راگه‌یاندنی
بانگه‌وازه‌كه‌ی نه‌چێت بۆ لای ئه‌میری شوێنێكی تر و خێر‌وبێر و ده‌سكه‌وته‌كان
ببێته به‌شی ئیماڕه‌تێكی تر(٨).
موحه‌ممه‌دی كوڕی عه‌بدولوه‌ههاب به شوێنكه‌وته‌كانی له خه‌ڵكی شاره‌كه
(دیرعییه) ده‌وت پشتیوانان «الأنصار» و ئه‌و كه‌س و گروپ و خێڵانه‌ش كه له ده‌ره‌وه‌ی
شاره‌كه ده‌هاتن و شوێنی ده‌كه‌وتن پێی ده‌وتن كۆچكه‌ران «المُهاجِرون»(٩) (چونكه
خۆیشی كۆچی كردبو بۆ دیرعییه) [ئه‌مه و زۆر شتی تریش نیشانه‌ی ئه‌وه‌ن كه مه‌به‌ست
له دامه‌زراندن و شوێنكه‌وتنی وه‌ههابیه‌ت ئه‌وه‌یه كه كۆپییه‌كی راسته‌وخۆی
ئیسلام بێت له ساتی سه‌رهه‌ڵدانیدا: موحه‌ممه‌دی كوڕی عه‌بدولوه‌ههاب له بریی
موحه‌ممه‌دی كوڕی عه‌بدوڵڵا، عویه‌ینه له بریی مه‌ككه، دیرعییه له بریی مه‌دینه،
جگه له لاساییكردنه‌وه‌ی بانگه‌شه‌ی چڕ‌وپڕی یه‌كتاپه‌رستی و دوباره‌كردنه‌وه‌ی
ئه‌زمونی جیهاد و (غَزَوات) دژی فره‌په‌رستی و ناوبردنی خۆیان به تایبه‌تی به
زاراوه‌ی (موسڵمانان) و (یه‌كتاپه‌رستان) و به‌كارهێنانی زاراوه‌ی كۆچكه‌ران و
پشتیوانان... به‌ڵام ئه‌م به‌راورده‌ش ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت كه وه‌ههابیه‌ت به ته‌واوی
به‌ئه‌مه‌ك بێت بۆ به‌هاكانی ئیسلام، به‌ڵكو ئیسلام تا راده‌یه‌كی باش هێزێكی
شارنشینی بوه و له قۆناغێكیشیدا زۆری نه‌مابو هێزه ده‌شته‌كی و بیاباننشینیه‌كه
له‌ناوی به‌رێت، به‌ڵام وه‌ههابیه‌ت هه‌ڵگری به‌هاكانی كۆمه‌ڵگای بیاباننشینه، بۆ
به‌راوردیش ده‌كرێت سه‌رنج له‌وه بده‌ین كه موحه‌ممه‌دی كوڕی عه‌بدوڵڵا له
گرتنه‌وه‌ی مه‌ككه‌دا شاره‌كه‌ی وێران نه‌كرد و (ئه‌بو سوفیان) ی نه‌كوشت، به‌ڵام
موحه‌ممه‌دی كوڕی عه‌بدولوه‌ههاب كاتێك شاری عویه‌ینه‌ی گرته‌وه شاره‌كه‌ی وێران
كرد و (عوثمان) ی كوشت].
سه‌عودی - وه‌ههابیه‌كان له سه‌رده‌می موحه‌ممه‌دی كوڕی عه‌بدولوه‌ههابدا
و به په‌سه‌ندكردن و سه‌رپه‌رشتیی ئه‌و(١٠) (له رێگه‌ی هه‌ڵنانیانه‌وه بۆ
پرینسیپی جیهاد - دژی فره‌په‌رست) هه‌ستاون به هێرش و هه‌ڵمه‌تی تاڵان و كوشتار
بۆ سه‌ر خێڵه‌كان له‌سه‌ر شێوازه خێڵه‌كی و بیابانیه كۆنه‌كه، ئه‌وه‌ش چونكه موحه‌ممه‌دی كوڕی عه‌بدولوه‌ههاب هه‌ستی كردوه كه به بێ هێرش و (غَزَوات) بزوتنه‌وه‌كه‌ی ده‌پوكێته‌وه
و ده‌بێت بچێت به ده‌م حه‌ز و مێمڵیی هێرش و تاڵانكردن له لای ده‌شته‌كیه‌كان. به‌ڵكو موحه‌ممه‌دی كوڕی عه‌بدولوه‌ههاب بۆ خۆی له سه‌رنجدانی ئه‌ستێره‌ی كشاو «شِهاب» ه‌وه خه‌ڵكی
دیرعییه‌ی فێری دروستكردن و به‌كارهێنانی چه‌كی گوللـه‌ته‌قێن (جۆرێك له تاپڕ!) ده‌كرد(١١).
تا له ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكدا سامانێكی زۆر و سوپایه‌كی گه‌وره پێكه‌وه ده‌نێن،
له‌م هێرشانه‌شدا هه‌ر ده‌سكه‌وتێك بوبێت وه‌كو شێوازی چه‌ته‌ی بیابان (به دابه‌شكردن
به‌سه‌ر هه‌مو به‌شداربوانی هێرشه‌كه‌دا) دابه‌ش كراوه، دوای لێده‌ركردنی پێنجیه‌ك
«خُمْس» ی ئه‌میر كه ئه‌مه‌ش شێوازی دابه‌شكردنی ماڵ‌وسامانی فره‌په‌رسته!(١٢) به‌شێكیش
له ده‌سكه‌وته‌كان ژن و منداڵ بون و ده‌بونه كۆیله و كه‌نیز، وەکو مێژونوسی
میسری (عبد الرحمن الجَبَرْتيّ) (١٧٥٤ - ١٨٢٢) له (عجائب الآثار) دا ده‌گێڕێته‌وه(١٣).
ئیتر له‌و كاتانه‌دا له نیمچه دورگه‌ی عه‌ره‌بیدا ژن و منداڵ بەتاڵانی ده‌بران و
له بازاڕه‌كانی نه‌جددا ده‌فرۆشران.
موحه‌ممه‌دی كوڕی عه‌بدولوه‌ههاب ساڵی (١٧٩٢) و له سه‌رده‌می (سه‌عودی
كوڕی عه‌بدولعه‌زیز) دا مرد، كه له ماوه‌ی ژیانیدا (٢٠) ژنی هێنابو و (١٨) منداڵی
ببو، له‌مانه پێنج كوڕی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی زۆر له نه‌وه‌كانی بونه زانای ئایینی(١٤)
و جێگه‌یان گرته‌وه له رابه‌رایه‌تیی ئایینی‌دا، كه ئه‌مه‌ش یه‌كه‌م جار بو (له
مێژوی ئیسلامدا) پله‌ی زانای ئایینی ببێته بۆماوه‌یی!
پەراوێز:
(١) ده‌رباره‌ی ژیانی موحه‌ممه‌دی كوڕی عه‌بدولوه‌ههاب، بڕوانه:
Encycl. Britannica. Arts. Wahhāb, Muhammad ibn Abd al-, Saudi Arabia, by
Harry St. John Bridger Philby & William L. Ochsenwald.
Beck, Ottoman and Persian Empires 1730-1875, Wahhabis and Saudi Arabia. Literary
Works of Sanderson Beck Website, Ethics of Civilization. Vol. 1: Middle East &
Africa to 1875 - Ottoman and Persian Empires 1730-1875. 2004.
النيرب، د. محمد، أصول العلاقات السعودية الأمريكية. مكتبة
مدبولي، القاهرة، الطبعة الأولى، ١٩٩٤. ص. ١٤.
دي كورانسي، لويس، الوهابيون - تاريخ ما أهمله التاريخ. ترجمة:
مجموعة من الباحثين. رياض الريّس للكتب و النشر، بيروت، الطبعة الأولى، ٢٠٠٣. ص‌ص.
١٧ - ١٩، ٥٨ - ٦١.
ده‌قه فڕانسیه‌كه‌ی:
Louis Alexandre Olivier de Corancez, Histoire des Wahabis.
Paris, 1810.
بۆ وه‌رگێرانه ئینگلیزیه‌كه‌ی، بڕوانه:
L. A. O. de Corancez, The History of the Wahabis. Translated
by Eric Tabet, Reading, UK, Garnet Publishing, 1995.
فاسيلييف، تاريخ العربية السعودية. الفصل ٢: محمد بن عبد
الوهاب و مذهبه، ص‌ص. ٤٦ - ٤٨. الفصل ٣: قيام الدولة السعودية الأولى، ص‌ص. ٦٥، ٦٦.
المختار، صلاح الدين، تأريخ المملكة العربية، في ماضيها و
حاضرها. دار مكتبة الحياة، بيروت، الطبعة الأولى، ١٩٥٧. ج. ١، ص‌ص. ٣٦ - ٣٩.
الياسيني، أيمن، الدين و الدولة في المملكة العربية
السعودية. دار الساقي، لندن، الطبعة الأولى، ١٩٨٧. ص‌ص. ٦، ٧.
(٢) بۆ نمونه، بڕوانه (كتاب التوحید) ی موحه‌ممه‌دی كوڕی عه‌بدولوه‌ههاب
به راڤه‌ی نه‌وه‌ی خۆی: ابن عبد الوهاب، سليمان بن عبد الله بن محمد، تيسير
العزيز الحميد في شرح كتاب التوحيد. مكتبة الرياض الحديثة، الرياض. ص. ١٩.
(٣) بڕوانه: فاسيلييف، تاريخ العربية السعودية. ج. ١،
الفصل ٢، ص. ٦٠.
المختار، تأريخ المملكة العربية. ج. ١، ص. ٣٧.
ابن بشر، عثمان النجدي الحنبلي، عُنْوان المجد في تاريخ
نجد. تحقيق وتعليق: عبد الرحمن بن عبد اللطيف بن عبد الله آل الشيخ. مطبوعات دارة
الملك عبد العزيز، مطابع الناشر العربي، الرياض. الطبعة الرابعة، ١٩٨٢. ج. ١، ص. ٣٨.
فيلبي، سنت جون، تاريخ نجد، ودعوة الشيخ محمد بن عبد
الوهاب (السلفية). تعريب: عمر الديراوي. مكتبة مدبولي، القاهرة. الطبعة الأولى، 1994.
ص. ٥٧.
(٤) بڕوانه: فاسيلييف، تاريخ العربية السعودية. ج. ١،
الفصل ٢، ص. ٦٠.
المختار، تأريخ المملكة العربية. ج. ١، ص‌ص. ٣٧، ٣٨.
(٥) بڕوانه:
Encycl. Britannica. Art. Saudi Arabia.
Beck, Wahhabis and Saudi Arabia.
فاسيلييف، تاريخ العربية السعودية. ج. ١، الفصل ٢، ص‌ص. ٦٠،
٦١.
المختار، تأريخ المملكة العربية. ج. ١، ص. ٣٨.
الياسيني، الدين و الدولة. ص‌ص. ٤٤، ٤٥.
(٦) بڕوانه: فاسيلييف، تاريخ العربية السعودية. ج. ١،
الفصل ٢، ص. ٦١.
دي كورانسي، الوهابيون. ص. ١٨. الياسيني، الدين و الدولة.
ص. ٤٥.
بريزار، جان شارل و داسكيه، غيوم، ابن لادن - الحقيقة
المحظورة. الطبعة الأولى ٢٠٠٢. ص. ٣٣.
ناونیشانی ده‌قه فڕانسیه‌كه‌ی:
Brisard, Jean-Charles & Dasquié, Guillaume, Ben Laden,
La Vérité Interdite. 1999.
فيلبي، تاريخ نجد. ص. ٦١.
(٧) مه‌به‌ست له (رێبازی وه‌ههابی) رێباز «مذهب» ی فیقهی
نیه، به‌لَكو مه‌به‌ست ئاڕاسته و شێوازێكی تێگه‌شتن و لێكدانه‌وه و دابه‌زاندنی
ئایینه به گشتی. بیروباوه‌ڕی وه‌ههابیه‌كان هه‌ر ئه‌و رێبازه عه‌قیده‌ییه‌یه
كه له ڕابردودا پێی ده‌وترا رێبازی حه‌نبه‌لیه‌كان، رێبازی فیقهییشیان هه‌ر هه‌مان
رێبازی فیقهیی حه‌نبه‌لیه‌كانه له‌گه‌ڵ بایه‌خدانێكی زۆر به فه‌رموده و گێڕانه‌وه
و پشتگوێخستنی كه‌له‌پوری فیقهی به شێوه‌یه‌ك له نامه‌زهه‌بی «لامذهبية» نزیك ده‌بێته‌وه.
(٨) بڕوانه:
Encycl. Britannica. Art. Saudi Arabia.
فاسيلييف، تاريخ العربية السعودية. ج. ٢، الفصل ١٣، ص. ٢١٩.
دي كورانسي، الوهابيون. ص. ١٩.
(٩) بڕوانه: الجاوي، محمد فقيه بن عبد الجبار، النصوص
الإسلامية في الردّ على مذهب الوهابية. مصر، ١٩٢٢. ص‌ص. ٧، ٨.
(١٠) بڕوانه: فاسيلييف، تاريخ العربية السعودية. ج. ١،
الفصل ٣، ص‌ص. ٦٢، ٦٦. الفصل ٤، ص‌ص. ٩٢، ٩٣.
المختار، تأريخ المملكة العربية. ج. ١، ص. ٣٩.
ابن بشر، عنوان المجد. ج.١، ص. ٤٠و.
(١١) بڕوانه: فاسيلييف، تاريخ العربية السعودية. ج. ١،
الفصل ٣، ص. ٦٦.
Beck, Wahhabis and Saudi Arabia.
(١٢) بڕوانه: فاسيلييف، تاريخ العربية السعودية. ج. ١،
الفصل ٣، ص. ٦٢. الفصل ٤، ص. ٩٨.
دي كورانسي، الوهابيون. ص. ٢٠.
ابن بشر، عنوان المجد. ج.١، ص. ٤٦.
(١٣) بۆ نمونه؛ بڕوانه: الجبرتي، تاريخ عجائب الآثار في
التراجم والأخبار. دار الجيل، بيروت. جـ. ٢، ص. ٥٥٤.
(١٤) بڕوانه: فاسيلييف، تاريخ العربية السعودية. ج. ١، الفصل ٣، ص. ٦٦.
الفصل ٤، ص. ٩٣.
Beck, Wahhabis and Saudi Arabia.