دەربارەی 'موتعە' و لەش‌فرۆشی لە قورئاندا

دەربارەی "موتعە" و لەش‌فرۆشی لە قورئاندا
دەقی "فَمَا اسْتَمْتَعْتُمْ بِهِ مِنْهُنَّ؛ فَآتُوهُنَّ أُجُورَهُنَّ فَرِيضَةً" باسی چی دەکات؟

سەروەر پێنجوێنی


ئەم دەقەی قورئان کە دەڵێت: "وَالْمُحْصَنَاتُ مِنَ النِّسَاءِ، إِلَّا مَا مَلَكَتْ أَيْمَانُكُمْ، كِتَابَ اللَّهِ عَلَيْكُمْ. وَأُحِلَّ لَكُمْ مَا وَرَاءَ ذَلِكُمْ أَنْ تَبْتَغُوا بِأَمْوَالِكُمْ مُحْصِنِينَ غَيْرَ مُسَافِحِينَ، فَمَا اسْتَمْتَعْتُمْ بِهِ مِنْهُنَّ؛ فَآتُوهُنَّ أُجُورَهُنَّ فَرِيضَةً، وَلَا جُنَاحَ عَلَيْكُمْ فِيمَا تَرَاضَيْتُمْ بِهِ مِنْ بَعْدِ الْفَرِيضَةِ. إِنَّ اللَّهَ كَانَ عَلِيمًا حَكِيمًا" (النساء: ٢٤)؛ یەکێکە لەو دەقە ئاڵۆزانەی کە بیروڕای زۆر دروست بون بۆ لێکدانەوەیان، بەتایبەتی بۆ دیاریکردنی مەبەست لە "المحصنات" لە سەرەتای ئەم دەقەدا و مەبەست لە "استمتاع". بەڵام ئەوەی کە نابێت فەرامۆش بکرێت لێرەدا؛ ئەوەیە کە دەقەکە تەواوکەری دەقی پێشوە کە ژنە قەدەغەکراوەکان "محرمات" باس دەکات: "حُرِّمَتْ عَلَيْكُمْ: أُمَّهَاتُكُمْ، وَبَنَاتُكُمْ، وَأَخَوَاتُكُمْ، وَعَمَّاتُكُمْ، وَخَالَاتُكُمْ، وَبَنَاتُ الْأَخِ، وَبَنَاتُ الْأُخْتِ، وَأُمَّهَاتُكُمُ اللَّاتِي أَرْضَعْنَكُمْ، وَأَخَوَاتُكُمْ مِنَ الرَّضَاعَةِ، وَأُمَّهَاتُ نِسَائِكُمْ، وَرَبَائِبُكُمُ اللَّاتِي فِي حُجُورِكُمْ مِنْ نِسَائِكُمُ اللَّاتِي دَخَلْتُمْ بِهِنَّ ـ فَإِنْ لَمْ تَكُونُوا دَخَلْتُمْ بِهِنَّ؛ فَلَا جُنَاحَ عَلَيْكُمْ ـ، وَحَلَائِلُ أَبْنَائِكُمُ الَّذِينَ مِنْ أَصْلَابِكُمْ، وَأَنْ تَجْمَعُوا بَيْنَ الْأُخْتَيْنِ إِلَّا مَا قَدْ سَلَفَ. إِنَّ اللَّهَ كَانَ غَفُورًا رَحِيمًا" (النساء: ٢٣)، ئینجا سەرەتای ئەم دەقەی ئێرەش کە دەڵێت "وَالْمُحْصَنَاتُ مِنَ النِّسَاءِ"؛ ئەمەش بەپێی چوارچێوەی دەقەکە دیارە باس لە قەدەغەیەکی تر دەکات، کە ئەویش ژنی مێرددار "محصنة" ە، هەرچەند چەند بیروڕایەکی تر هەن بۆ دیاریکردنی مەبەست لە "المحصنات" لێرەدا (کە لێرەدا بوارم نیە هەمویان باس بکەم)، بەڵام لە هەمویان ڕونتر و بەهێزتر ئەوەیە [لە بنەڕەتدا لە ئیبن عەبباس و ئەبو قیلابە و ئیبن زەید و مەکحولەوە هاتوە] کە هەر بە واتای ژنی مێرددارە، ئینجا کە دەڵێت "إلا ما ملکت أیمانکم"؛ ئەمە بۆ جیاکردنەوەی ئەو ژنە مێرددارانەن کە دەبنە کۆیلە، ئەوەش کاتێک لە جەنگ دژی شوێنکەوتەی ئایینەکانی تر بە دەستکەوتی جەنگ دەبرێن و دەبنە کۆیلە. واتە دەقەکە دەیەوێت بڵێت: ئەو ژنانەی مێردیان هەیە؛ نابێت بیر لە مارەکردن و پەیوەندیی سێکسی لەگەڵیان بکرێتەوە، مەگەر ئەوانەی لە دەستکەوتی جەنگی ئیسلامیدا دەبنە کۆیلەی موسوڵمان، ئیتر ئەگەر مێردیشیان هەبێت؛ حەڵاڵ دەبن بۆ خاوەنە موسوڵمانەکەیان.
ئینجا دوای ئەوەی لە باسی ژنە قەدەغەکراوەکان دەبێتەوە؛ دێتە سەر باسی ژنی حەڵاڵ کە مارەکردنی دروستە، بۆیە دەڵێت: "وَأُحِلَّ لَكُمْ مَا وَرَاءَ ذَلِكُمْ أَنْ تَبْتَغُوا بِأَمْوَالِكُمْ"، یانی: دوای ئەو جۆرانەی ڕوون کرانەوە کە قەدەغەن؛ ئیتر جگە لەوانە بۆتان هەیە بە پارەی خۆتان ژن بکەن بە حەڵاڵی خۆتان. ئەم حەڵاڵ‌کردنە بە پارە؛ ڕاڤەکارەکانی قورئان باسیان کردوە کە بە دو جۆرە: جۆرێکیان بۆ نیکاحە کە مارەیی دەوێت (جا مارەکردنی ژنی ئازاد بێت یان کۆیلە، کە دەقەکە دواتر بۆ هەردوکیان دەڵێت "‌أجر" ی خۆیان بدەنێ)، جۆرێکیشیان بۆ کڕینی کۆیلەیە کە مارەییەکەی هەر کڕینەکەیەتی. من خۆم بڕوام وایە کە هەر مەبەستی مارەکردنە واتە نیکاح (مارەکردنی ژنی ئازاد، و کۆیلەش) و ئیتر کڕینی کۆیلە ناگرێتەوە، چونکە دوایی باسی ئەوە دەکات کە "أجر" ی خۆیان بدەنێ کە ئەمە هەبونی کۆیلە (بە کڕین و بە بەرکەوتن لە دەسکەوتی جەنگ) ناگرێتەوە.

ئینجا "مُحْصِنِينَ غَيْرَ مُسَافِحِينَ" یانی: مەبەستتان ئەوە بێت هاوسەرتان هەبێت و پاک‌داوێن بن و لەگەڵ ژنی پاک‌داوێنیش هاوسەرگیری بکەن. واتە: لەبریی ئەوەی لەگەڵ ژنی داوێن‌پیس  داوێن‌پیسی بکەن؛ هاوسەرگیری بکەن لەگەڵ ژنی داوێن‌پاک.

"مُسَافَحَة" و "سِفَاح" یش یانی: داوێن‌پیسی لەگەڵ داوێن‌پیس. دەقەکە دەڵێت: مەبەستتان هاوسەرگیری و پاک‌داوێنی بێت و ئامانجتان ئەوە بێت لە سەرفکردنی پارەکە.

ئینجا کە دەڵێت: "فَمَا اسْتَمْتَعْتُمْ بِهِ مِنْهُنَّ؛ فَآتُوهُنَّ أُجُورَهُنَّ فَرِيضَةً"؛ لێرەدا ناکۆکی ڕوی داوە کە مەبەست لەم ڕابواردن "استمتاع" ـە چیە؟

دو بیروڕا هەن:

٭ یەکەمیان: بیروڕای زۆرینە [لە بنەڕەتدا بیروڕای: ئیبن عەبباس، حەسەنی بەصڕەیی، موجاهید، ئیبن زەید]، کە دەڵێت: ئەمە مەبەستی نیکاحی تەواوە، بەبێ دیاریکردنی کات وەکو نیکاحی موتعە. ئینجا بەپێی ئەمە؛ "استمتاع" مەبەست گواستنەوە و ئەنجامدانی پەیوەندیی سێکسیە، دوای مارەکردن، و مەبەست لە "أجور" کە کۆی "أجر" ە؛ مارەییە. بۆیە مەبەستی ئەوەیە: دوای مارەکردن؛ هەر کە گواسترایەوە و بە یەک جار پەیوەندیی سێکسی؛ ئیتر مارەییەکەی لە ملی پیاوەکەیە. بۆیە ئەم دەقە باسی پێویست‌بونی مارەیی دەکات و ئەوەش دەگەیەنێت کە مارەیی بە "استمتاع" ێک پێویست دەبێت، یانی ئەگەر مارە کرا و نەگەیشتە گواستنەوە و لەگەڵ‌خەوتن؛ مارەیی پێویست نابێت، ئەگەر پێش لەگەڵ‌خەوتن جیا بونەوە؛ ئیتر مارەیی لەسەر شانی پیاو نیە [ئەمە بەگشتی و ئەگەر قسە بکەین لە پێویست‌بوونی مارەیی تەواو و پڕاوپڕ، بەڵام هەر بەپێی قورئان ("وَإِنْ طَلَّقْتُمُوهُنَّ مِنْ قَبْلِ أَنْ تَمَسُّوهُنَّ ـ وَقَدْ فَرَضْتُمْ لَهُنَّ فَرِيضَةً ـ؛ فَنِصْفُ مَا فَرَضْتُمْ" البقرة: ٢٣٧) ئەگەر مارەییەکە پێشتر بە بڕ دیاری‌کرابوو و ئینجا پێش سەرجێیی و سێکس لێی جیا بووەوە؛ نیوەی مارەییەکەی لەسەرە. بەڵام ئەگەر هەر گواستنەوە و چوونە ژوورەوە بێت بەبێ ئەنجامدانی پرۆسەی سێکسیی تەواو؛ فیقهزانەکانی ئیسلام ناکۆکن: حەنەفیەکان و حەنبەلیەکان و مالیکیەکان پێیان وایە هەر بە چوونە ژوورەوە و بەتەنیا مانەوەی تەواو ('تەواو' بەو واتایەی کە بوار و کاتی سەرجێیییان هەبێت، یان بەلای کەمەوە دەرگا داخرابێت و پەردە دادرابێت)؛ مارەیی تەواو پێویست دەبێت (دیاری‌کرابێت یان نا)، بەڵام بەلای شافیعیەکانەوە (ڕێبازی نوێی شافیعی)؛ بەتەنیامانەوە مارەیی پێویست ناکات و پرۆسەی سێکس مەرجە].

جا وشەی "أجر" لێرەدا و لە هەمو قورئاندا کە لە باسی هاوسەرگیریدا دێتە پێشەوە؛ مەبەست مارەییە. لە قورئاندا دو وشە بەکار هاتون بۆ باسی مارەیی:

یەکەمیان ئەم وشەی "أجر" ە بە شێوەی کۆ "أجور": وەکو:

ئەم دەقەی ئێستە مشت‌ومڕی لەسەرە: "فَمَا اسْتَمْتَعْتُمْ بِهِ مِنْهُنَّ؛ فَآتُوهُنَّ أُجُورَهُنَّ فَرِيضَةً" (النساء: ٢٤).

هەروەها: "وَمَنْ لَمْ يَسْتَطِعْ مِنْكُمْ طَوْلًا أَنْ يَنْكِحَ الْمُحْصَنَاتِ الْمُؤْمِنَاتِ فَمِنْ مَا مَلَكَتْ أَيْمَانُكُمْ... وَآتُوهُنَّ أُجُورَهُنَّ بِالْمَعْرُوفِ" (النساء: ٢٥).

هەروەها: "الْيَوْمَ أُحِلَّ لَكُمُ.. وَالْمُحْصَنَاتُ مِنَ الْمُؤْمِنَاتِ وَالْمُحْصَنَاتُ مِنَ الَّذِينَ أُوتُوا الْكِتَابَ مِنْ قَبْلِكُمْ إِذَا آتَيْتُمُوهُنَّ أُجُورَهُنَّ مُحْصِنِينَ غَيْرَ مُسَافِحِينَ وَلَا مُتَّخِذِي أَخْدَانٍ" (المائدة: ٥).

هەروەها: "يَا أَيُّهَا النَّبِيُّ إِنَّا أَحْلَلْنَا لَكَ أَزْوَاجَكَ اللَّاتِي آتَيْتَ أُجُورَهُنَّ وَمَا مَلَكَتْ يَمِينُكَ مِمَّا أَفَاءَ اللَّهُ عَلَيْكَ..." (الأحزاب: ٥٠).

هەروەها: "وَلَا جُنَاحَ عَلَيْكُمْ أَنْ تَنْكِحُوهُنَّ إِذَا آتَيْتُمُوهُنَّ أُجُورَهُنَّ" (الممتحنة: ١٠).

دوەم وشە؛ وشەی "صدقة" یە کە لە قورئاندا بە شێوەی کۆ "صَدُقَات" |صەدوقات| هاتوە، کە دەڵێت: "وَآتُوا النِّسَاءَ صَدُقَاتِهِنَّ نِحْلَةً" (النساء: ٤). بۆیە لە عەرەبیدا "صداق" |صیداق=‌صەداق| و "صدقة" |صەدوقە=صودقە=صودوقە| یش بە واتای مارەیی دێن. هەڵبەتە وشەی "مهر" |مەهڕ| یش هەیە، بەڵام ئەمە وشە قورئانیەکە نیە (بەڵکو لە دەقەکانی حەدیثدا هاتوە). وشە قورئانیەکە "أجر" و "صدقة" یە بە واتای مارەیی.

واتای زمانیی وشەی "أجر"؛ "هەق" ـە، واتە ئەو شتەی کە هەقی کەسێکە، و لەبەرامبەری شتێکیشدایە (وەکو بڵێیت: مافێکە لەبەرامبەری ئەرکێکدا)، بەڵام نەک هەمو کاتێک بە واتای وەکو "کرێ" لێک‌بدرێتەوە!

٭ بیروڕای دوەم: لە بنەڕەتدا لە هەندێک گێڕانەوەدا لە ئیبن عەبباسەوە هاتوە، هەروەها سوددی، و لە موجاهیدیشەوە هاتوە، هەروەها هاتوە کە ئیبن عەبباس و ئوبەیی کوڕی کەعب و سەعیدی کوڕی جوبەیر بەم شێوەیە دەقەکەیان خوێندوەتەوە: "فما استمتعتم به منهن إلى أجل مسمى"، یانی "إلى أجل مسمى" ـیان بۆ زیاد کردوە، یانی: بۆ کاتێکی دیاریکراو. بەپێی ئەم بیروڕایەی دوەم: ئەمە باسی نیکاحی موتعە دەکات، کە بۆ کاتێکی دیاریکراوە. ئەگەر وا بێت؛ کەواتە مەبەست لە "أجورهن"؛ ئەو بڕە پارە یان شتەی ترە کە پێشەکی وەکو مارەیی لەسەری ڕێک‌دەکەون و "هەق" ی ژنەکەیە، کە زۆر جار هەر شتێکی هێماییە، هەرچەند ئەمەش هەر بە مارەیی "مهر" حسابە لە زاراوەی ئیسلامیدا، بەڵام دەگونجێت ئەوەندە سادە و کەم بێت کە لەچاو مارەیی نیکاحی بەردەوام شتێکی ئەوتۆ نیە. ئەمیش هەر وەکو مارەیی نیکاحی بەردەوام؛ بە "استمتاع" ێک، واتە بە یەک جار سەرجێیی؛ دەکەوێتە سەر شانی پیاو، ئەگەر پێش ئەوە جیا بونەوە؛ لەسەری نیە.

ڕاستە نیکاحی موتعە لە ڕواڵەتدا لە لەشفرۆشی نزیک دەبێتەوە، بەڵام دەشتوانین بڵێین ئەگەر نەکرێت بە پیشە و تەنها هاوسەرگیرییەکی کاتی بێت؛ دەکرێت بڵێین ئەوەش هەر هاوسەرگیریە، بەڵام کاتەکەی دیاریکراوە. ئیتر ئەگەر هەر خودی پارەدانەکە بە "لەش‌کڕین" حساب بێت؛ خۆ مارەیی نیکاحی بەردەوامیش هەر وەکو ئەوە وایە: پارەدانێکە کە ئەویش دوای یەک جار سەرجێی دەکەوێتە سەر شانی پیاوەکە!

ئینجا دواتر لای شیعە؛ ئەم دەقە کراوەتە بەڵگەی نیکاحی موتعە  کە یەکێکە لە نیشانە جیاکەرەوەکانی ڕێبازەکەیان! بەڵام لە بنەڕەتدا بەڵگەهێنانەوە بەم دەقە بۆ نیکاحی موتعە تایبەت نیە بە شیعەوە و شیعە یەکەم کەس نین کە کردویانە بە بەڵگە، بەڵکو پێش ئەوان و هەر لە سەرچاوە سوننیەکاندا باس کراوە کە لە ـ بۆ نمونە ـ ئیبن عەبباس و موجاهید و سوددیەوە هاتوە کە مەبەست لەو دەقە نیکاحی موتعەیە.

ئینجا ئێستە ئەهلی سوننە باوەڕیان وایە کە هەر لە سەردەمی پێغەمبەر و بە دەقی قسەی ئەو نیکاحی موتعە قەدەغە کراوە و حەڵاڵیەکەی هەڵ‌وەشێنراوەتەوە.

ئینجا ئەگەر کەسێکی سوننی پێی وا بێت کە ئەم دەقە قورئانیە "فَمَا اسْتَمْتَعْتُمْ بِهِ مِنْهُنَّ؛ فَآتُوهُنَّ أُجُورَهُنَّ فَرِيضَةً" باسی نیکاحی موتعە دەکات؛ ناچار دەبێت بڵێت: حوکمی ئەم ئایەتە هەڵ‌وەشێنراوەتەوە بەو قسانەی پێغەمبەر کە موتعەیان قەدەغە کردوە. کە ئەمەش شتێکی نەگونجاوە حوکمێک لە قورئاندا هەبێت و دوایی پێغەمبەر بە قسەیەکی لاوەکی یان ڕاگەیاندنێک و  بانگەوازێک بەتاڵی بکاتەوە! [کە گومانیشی تێدایە، و ئەگەری هەیە عومەر نیکاحی موتعەی قەدەغە کردبێت، وەکو شیعە و کەسانی تریش باوەڕیان وایە].

بەڵام ئەگەر لەسەر ئەو لێکدانەوەیە بڕۆین کە مەبەست لە "فَمَا اسْتَمْتَعْتُمْ بِهِ مِنْهُنَّ؛ فَآتُوهُنَّ أُجُورَهُنَّ فَرِيضَةً" ئەوەیە کە مارەیی نیکاحی تەواو دوای گواستنەوە و سەرجێییەک دەبێتە مافێکی بڕاوە "فریضة" بۆ ژنەکە و ئەرکێک بەسەر شانی پیاوەوە؛ ئەو کاتە ناچار نابین بڵێین حوکمی ئایەتەکە بەتاڵ کراوەتەوە بە دەقێکی تر یان بە بانگەوازێکی پێغەمبەر هەڵ‌وەشێنراوەتەوە.

بڕوای خۆم وایە کە دەقەکە باسی نیکاحی موتعە ناکات، بەڵکو باسی مارەیی نیکاحی تەواو و بەردەوام دەکات.

بۆچی؟

چونکە ـ بۆ نمونە ـ مەعقول نیە دوای باسی مارەکردنە قەدەغەکان؛ کە هاتە سەر باسی مارەکردنە دروست و حەڵاڵەکان تەنها باسی نیکاحی موتعە بکات ـ کە شتێکی لاوەکی و تایبەتە ـ و ئیتر باسی نیکاحی بەردەوام پشت‌گوێ بخات کە ئەمەیان هاوسەرگیریە باو و سەرەکیەکەیە! چۆن دەگونجێت بۆ باسی هاوسەرگیریی دروست تەنها باسی نیکاحی موتعە بکات؟! شتی وا نابێت.

ئینجا ئێمە دەبینین لە قورئاندا لە شوێنەکانی تریشدا باسی پێدانی "أجر" و هەمان گوزارشی "مُحْصِنِينَ غَيْرَ مُسَافِحِينَ"؛ هەمیشە بۆ نیکاحی تەواو هاتوە: "الْيَوْمَ أُحِلَّ لَكُمُ.. وَالْمُحْصَنَاتُ مِنَ الْمُؤْمِنَاتِ وَالْمُحْصَنَاتُ مِنَ الَّذِينَ أُوتُوا الْكِتَابَ مِنْ قَبْلِكُمْ إِذَا آتَيْتُمُوهُنَّ أُجُورَهُنَّ مُحْصِنِينَ غَيْرَ مُسَافِحِينَ.." (المائدة: ٥)، "يَا أَيُّهَا النَّبِيُّ إِنَّا أَحْلَلْنَا لَكَ أَزْوَاجَكَ اللَّاتِي آتَيْتَ أُجُورَهُنَّ.." (الأحزاب: ٥٠)، "وَلَا جُنَاحَ عَلَيْكُمْ أَنْ تَنْكِحُوهُنَّ إِذَا آتَيْتُمُوهُنَّ أُجُورَهُنَّ" (الممتحنة: ١٠).

هەروەها بڕوام وایە زاراوەی "متعة" |موتعە| لەم فرمانی "استمتع" و چاوگی "استمتاع" ـەوە نەهاتوە [ئەگەرچی هەندێک دەقی حەدیثیش هەن کە بە فرمانی "استمتع" و چاوگی "استمتاع" گوزارش لە نیکاحی موتعە دەکەن، کە ئەمە بڕوام وایە کاریگەری و شوێنەواری ئەو بیروڕایەیە کە دەقە قورئانیەکەی "فَمَا اسْتَمْتَعْتُمْ بِهِ مِنْهُنَّ..." بە نیکاحی موتعە لێک‌دەداتەوە]، بەڵکو "متعة" بە "ناوی مەصدەر" (اسم المصدر) ێک دادەنرێت، کە لە چاوگی "تمتع" |تەمەتتوع| ـەوە داڕێژراوە. لە قورئانیشدا "تمتع" بە واتایەکی گشتی هاتوە نەک بە تایبەتی بە واتایەکی سێکسی، بەڵام ئەوە لە دەقەکانی حەدیثدا هاتوە کە "تمتع" بە واتای ئەنجامدانی موتعە دێت. ئەمە ئەو جۆرە موتعەیەی کە پێی دەوترێت "متعة النساء"، بەڵام لە ئیسلامدا شتێکی تر هەیە پێی دەوترێت "متعة الحج"، ئەمەیان لە قورئانیشدا بە هەمان فرمانی "تمتع" ئاماژەی بۆ کراوە: "فَمَنْ تَمَتَّعَ بِالْعُمْرَةِ إِلَى الْحَجِّ؛ فَمَا اسْتَيْسَرَ مِنَ الْهَدْيِ..." (البقرة: ١٩٦)، کە ئەمەش دوایی لە دەقەکانی حەدیثدا "متعة" ی پێ وتراوە، کە بریتیە لەوەی کەسێک لە وەزری حەجدا عومڕە بکات و ئینجا هەر لەوێ دانیشێت هەتا حەجیش دەکات.
بۆیە من پێم وایە نیکاحی موتعە، بنچینەی لە قورئاندا نیە، و حەڵاڵ‌کردن و حەرام‌کردنیشی هەر لە دەقەکانی حەدیثدا بوە. ئەم دەقانەی حەدیثیش کە حەڵاڵی دەکەن و دواتر حەرامی دەکەن؛ زۆریش پەشێون، هەتا شافیعی ناچار بوە بڵێت حەڵاڵ کراوە و حەرام کراوە و حەڵاڵ کراوەتەوە و حەرام کراوەتەوە! واتە دو جار "نەسخ" کراوە!

ئینجا دەقە قورئانیەکە لە ئایەتی دوای ئەوەدا باسی مارەکردنی کەنیز (ئافرەتی کۆیلە) دەکات، کە دەڵێت: ئەوانەتان توانای مارەکردنی ژنی ئازادیان نیە؛ دەتوانن ژنی کۆیلە مارە بکەن (چونکە مارەییەکەی کەمە و ئاسانە)، واتە: کەنیزەکە موڵکی کەسێکی ترە، و ئەم هەژارەش کە پارەی هێنانی ژنی ئازادی نیە؛ دەیخوازێت لە خاوەنەکەی، و مارەییەکەیشی دەدات بە کەنیزەکە، و دەڵێت: ئیتر دەبێت پاک‌داوێن بن و دۆست "خدن" یشیان نەبێت! ئەوەتا دەڵێت: "وَمَنْ لَمْ يَسْتَطِعْ مِنْكُمْ طَوْلًا أَنْ يَنْكِحَ الْمُحْصَنَاتِ الْمُؤْمِنَاتِ فَمِنْ مَا مَلَكَتْ أَيْمَانُكُمْ مِنْ فَتَيَاتِكُمُ الْمُؤْمِنَاتِ وَاللَّهُ أَعْلَمُ بِإِيمَانِكُمْ بَعْضُكُمْ مِنْ بَعْضٍ فَانْكِحُوهُنَّ بِإِذْنِ أَهْلِهِنَّ وَآتُوهُنَّ أُجُورَهُنَّ بِالْمَعْرُوفِ مُحْصَنَاتٍ غَيْرَ مُسَافِحَاتٍ وَلَا مُتَّخِذَاتِ أَخْدَانٍ" (النساء: ٢٥).


 لە کۆتاییدا دەڵێم: دەبێت لێکۆڵەر مەبەستێکی دیاریکراوی نەبێت، نابێت ئامانجی ناشیرین‌کردنی ئەو شتە بێت کە لێی دەکۆڵێتەوە. من پێشتریش مشت‌ومڕم کردوە لەگەڵ کەسانێک کە باوەڕیان وا بوە گوایە ئەم دەقە "فَمَا اسْتَمْتَعْتُمْ بِهِ مِنْهُنَّ؛ فَآتُوهُنَّ أُجُورَهُنَّ فَرِيضَةً" باسی لەش‌کڕین و لەش‌فرۆشی دەکات! بەڵام لەگەڵ مشت‌ومڕی زۆریشدا هەر وازیان لەو لێکدانەوەیە نەهێناوە. دیارە سوربونێک هەیە لەسەر ئەم بابەتە، ئەم سوربونەش هۆکاری زانراوی خۆی هەیە، ئەویش ئەوەیە هەندێک ئایدیۆلۆجیا کارێکیان کردوە لێکۆڵینەوەی ئیسلام هەر بۆ ناشیرین‌کردنی بێت نەک بۆ لێکۆڵینەوەی بێلایەنانە و زانستیانە. هۆکارێکی تری ئەم سوربونە ئەوەیە وا دیارە هەندێک کەس بە هۆی ئەم لێکدانەوەیەوە گومانی لە ئیسلام بۆ دروست بوە و وازی لێ هێناوە، ئینجا ئێستە ـ کە تازە بوەتە ئاتێیست و ڕەخنەگر ـ لەسەری قورسە واز لەو لێکدانەوەیە بهێنێت کە دەروازەیەک بوە بۆ بیرکردنەوە تازەکەی! ئەمەش کێشەیە. کێشەیە یەک لێکدانەوەی یەک‌‌لایەنە بکرێت بۆ دەقێک و ئیتر هەمو تێگەشتنێکی تر بە پینە بزانرێت! ڕاستە پینە هەیە و زۆریشە، بەڵام سوربون لەسەر لێکدانەوەیەکی هەڵە؛ لێکدانەوەی ڕاست ناکات بە پینە.
دەقە قورئانیەکان جاری وا هەیە ناڕۆشنن و بۆ ئێمە و ئێستە تێگەشتنیان وردەکاریی دەوێت، و کۆنەکانیش زۆر جار بە چەند شێوەیەک لێکیان داوەتەوە.
شتێکی تر هەیە دەبێت ئاگاییمان لێی بێت: نابێت بۆ تێگەشتنی دەقە قورئانیەکان پشت بە زمانی عەرەبیی نوێ و هەندێک زاراوە و بەکارهێنانی نوێ ببەستین.. بۆ نمونە: "استمتاع" و "أجر" لەو کۆمەڵگا کۆنەدا بۆ باس‌کردن لە هاوسەرگیری و مارەیی بەکار هاتون؛ نابێت ئێمە چاو لەمە بقونجێنین و "استمتاع" بە ڕابواردنێکی لابەلایی و "أجر" بە کرێ لێک‌بدەینەوە! دەبێت ئاگاییمان لە واتا عورفیەکانی وشەکان بێت لەو ڕۆژگارە و لەو کۆمەڵگایەدا.
لە هەموی گرنگتر؛ نابێت سوێند لەسەر لێکدانەوەیەک و ئەنجامێک بخۆین و سور بین لەسەری. ئەگەر وا بکەین؛ دەردەکەوێت کە "ئامانج" ێکی دیاریکراومان هەیە.

بونی ئامانجی دیاریکراو بۆ باوەڕدار ئاساییە و چاوەڕوان‌کراوە، بەڵام بۆ ئێمەی بیرئازاد هەر نابێت!