دۆزینه‌وه‌یه‌كی گرنگ له بواری مێژوی قورئاندا
له باره‌ی ده‌ستنوسه قورئانیه‌کانی صه‌نعائه‌وه
سه‌روه‌ر پێنجوێنى
ساڵی ١٩٦٥ بارانێكی زۆر له صه‌نعاء پایته‌ختی یه‌مه‌ن باری و كاری كرده سه‌ر مزگه‌وتى گه‌وره‌ى صه‌نعاء كه مێژوی دروستكردنی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ره‌تای مێژوی ئیسلامی، ئیتر بانه‌كه‌ی له لای باكوری خۆرئاوایه‌وه داڕما و پێویست بو نۆژه‌ن بكرێته‌وه، ئه‌وه‌ش له ساڵى ١٩٧٢ دا ئه‌نجام درا. له كاتى نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى مزگه‌وته‌كه‌دا كه كرێكاره‌كان له هه‌وره‌بان (العِلِّيَّة) Loft ـه‌كه‌دا ئیشیان ده‌كرد؛ جۆره گۆڕێكیان دۆزیه‌وه.. گۆڕه‌كه‌ش نه نیشانه‌ی گۆڕی له‌سه‌ر بو و نه پاشماوه‌ی مرۆڤی تێدا بو و نه خشڵ و شت‌ومه‌كی گۆڕی تێدا بو، به‌ڵكو ته‌نها كۆمه‌ڵێكى زۆر پێسته (رَقّ) Parchment ى نوسراو و په‌ڕه‌كاغه‌ز و په‌ڕاوى تێدا بو كه نوسینى عه‌ره‌بییان تێدا بو و به هۆى كارى چه‌ندین ساڵه‌ى ته‌ڕى و بارانه‌وه پێكدا لكابون و پۆنكیبون و به كارى مشك و مێرو داخورابون. بۆ ئه‌وه‌ى كاره‌كه‌ی خۆیان ته‌واو بكه‌ن كرێكاره‌كان ئه‌و هه‌مو پێسته و په‌ڕه‌كاغه‌زه‌یان له نزیكه‌ى (٢٠) كیسه‌دا كۆكرده‌وه و له پله‌كانه‌ى مناره‌كه‌دا به‌جێیان هێشت و ده‌رگایان به‌سه‌ردا داخست، به شێوه‌یه‌ك كه ڕه‌نگه جارێكى تریش له بیر بكرانایه، به‌ڵام لێپرسراوى شوێنه‌وارى یه‌مه‌نى (القاضي إسماعيل الأكْوَع) كه ده‌ركى گرنگى و به‌هاى ئه‌و دۆزینه‌وه‌یه‌ى كردبو نه‌یهێشت پشت گوێ بخرێن.
ئه‌كوه‌ع له یارمه‌تیه‌كى نێوده‌وڵه‌تى ده‌گه‌ڕا بۆ پاراستن و پشكنینى ئه‌و پارچه و نوسراوانه، تا له ساڵى ١٩٧٩ دا توانى سه‌رنجى زانایه‌كى ئاڵه‌مانیایی كه به مه‌به‌ستی لێكۆڵینه‌وه و دۆزینه‌وه سه‌ردانى یه‌مه‌نى كردبو رابكێشێت بۆ بایه‌خى دۆزینه‌وه‌كه، كه ئه‌ویش گێرد-رودیگه‌ر پۆین Gerd-Rüdiger Puin بو كه پسپۆرى خۆشنوسی Calligraphy ی عه‌ره‌بى و نوسینى كۆنینه Paleography ى قورئانیه له زانكۆى زارلانت Saarland له شاری زاربروكه‌ن |زاربغوکن| Saarbrücken له ئاڵه‌مانیا كه پایته‌ختی كه‌رته‌ی زارلانته. ئه‌میش هانى حكومه‌تى ئاڵه‌مانیاى دا بۆ رێكخستن و پاره‌داركردنى پڕۆژه‌ى نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى ده‌ستنوسه‌كان.
پۆین
پڕۆفیسۆر له زانكۆی زارلانت، ئاڵه‌مانیا
پۆین
خوێندكار له زانكۆی ریاض (١٩٦٥)
دواى ئه‌وه‌ى پڕۆژه‌كه ده‌ستى پێ كرد؛ به ڕ‌ونى ده‌ركه‌وت كه شوێنه‌واره دۆزراوه‌كه نمونه‌یه‌كى زۆر ناوازه‌ى ئه‌وه بو كه هه‌ندێك جار پێى ده‌وترێت (گۆڕخانه‌ى په‌ڕه‌كاغه‌ز) (مقبرة ورقية) Paper Grave. چونكه شوێنه‌كه ببوه گۆڕێك بۆ ده‌یه‌ها هه‌زار پارچه‌ى جۆراوجۆرى پێسته‌ى ته‌نك و په‌ڕه كه قورئانیان له‌سه‌ر نوسرابو له‌گه‌ڵ نوسراوى تردا، له‌نێو ئه‌مانه‌دا هه‌زار ده‌ستنوسی پێسته‌ی قورئان هه‌یه.. كۆبونه‌وه‌ی ئه‌م په‌ڕه و ده‌ستنوسه قورئانیه زۆره ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی موسڵمانان ده‌ستنوسی قورئانی دوای له‌كاركه‌وتنی له‌ناو نابه‌ن و له گه‌نجینه‌ی مزگه‌وتدا كۆی ده‌كه‌نه‌وه یان له گۆڕێكی تایبه‌تدا له ناو مزگه‌وته‌كه‌دا ده‌یشارنه‌وه. هه‌ندێك له په‌ڕه‌كان ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ سه‌ده‌ى حه‌وته‌م و هه‌شته‌مى زایینى (یه‌كه‌م و دوه‌مى كۆچى)، ئه‌وانه ره‌نگه پارچه‌ى كۆنترین نوسخه‌ى قورئان بن، چونكه نوسخه‌كه كۆنتره له نوسخه‌كه‌ی تاشكه‌نت (طَشْقَنْد) پایته‌ختی ئوزبه‌كستان (كه ناسراوه به ده‌ستنوسه‌كه‌ی سه‌مه‌رقه‌ند و به پێی داب‌ونه‌ریتی خه‌ڵك ئه‌و نوسخه قورئانیه‌یه كه عوثمانی كوڕی عه‌ففان له‌سه‌ری خوێندویه‌تی له كاتی كوشتنیدا و ده‌ڵێن دڵۆپێك خوێنی ئه‌وی پێوه‌یه به‌ڵام ره‌نگه ـ له راستیدا ـ دڵۆپێك مه‌ره‌كه‌بی سور بێت !).
نمونه‌یه‌ك له ده‌ستنوسی قورئانیی تاشكه‌نت
(... اللهِ مَن آمَنَ به و تَبْغُونَها عِوَجاً... فاصْبِرُوا حتّى يَحْكُمَ اللهُ بينَنا)
(الأعراف: ٨٦، ٨٧)
هه‌روه‌ها كۆنتره له نوسخه‌كه‌ی مۆزه‌خانه‌ی (طۆپ قه‌پو سه‌رای) یاخود (طۆپ قاپی) Topkapi له ئیستانبول. ئه‌م دو نوسخه قورئانیه (دو نوسخه‌ی تاشكه‌نت و ئیستانبول) هه‌رچه‌ند به رێنوسی عه‌ره‌بیی شێوازی كوفه‌یی نوسراون و ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ دوای (٢٠٠ ك.) به‌ڵام له ناو خه‌ڵكدا وا باوه كه له‌و نوسخه قورئانیانه‌ن كه به‌سه‌رپه‌رشتیی عوثمان نوسراون و نێرراون بۆ شاره سه‌ره‌كیه‌كانی جیهانیی ئیسلامیی ئه‌و كاته، له كاتێكدا ئه‌و شێوازه كوفه‌ییه گه‌شه‌کردوه‌ی ئه‌م موصحه‌فانه‌ی پێ نوسراون زۆر دواتر هاتوه‌ته كایه.
نمونه‌یه‌ك له ده‌ستنوسی قورئانیی مۆزه‌خانه‌ی (طۆپ قه‌پو سه‌رای)
(وَالرَّسُولَ وأُولِي الأمْرِ مِنْكُمْ... وَمَا أَرْسَلَنَا مِنْ...)
(النساء: ٥٩-٦٤)
به‌ڵكو نوسخه یه‌مه‌نیه‌كه كۆنتره له نوسخه‌كه‌ی مۆزه‌خانه‌ی بریتانیایی كه مێژوی نوسینه‌وه‌ی خه‌مڵێنراوه به ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی (٢ ك.) (هه‌رچه‌ند خه‌مڵاندنی تر هه‌یه كه مێژوه‌كه‌ی ده‌كه‌ن به كۆتایی سه‌ده‌ی ١ ك.، به‌ڵام مارتین لینگس Lings Martin كه ئه‌مینداری ده‌ستنوسه‌كانی مۆزه‌خانه‌ی بریتانیایی بوه و بۆ خۆیشی موسڵمان بوه، مێژوی ده‌ستنوسه‌كه‌ی به ٧٩٠ ز. خه‌مڵاندوه واته ده‌وروبه‌ری ١٧٥ ك. كه ئه‌م خه‌مڵاندنه‌یان له راستیه‌وه نزیكتره) و به پێی خوێندنه‌وه‌ی خوێنه‌ری شام (ابن عامر) و به رێنوسی حیجازیی لار (مائِل) نوسراوه و پێش دۆزینه‌وه‌ی نوسخه یه‌مه‌نیه‌كه ناسرابو به كۆنترین نوسخه‌ی قورئان.
لاپه‌ڕه‌یه‌ك له ده‌ستنوسی قورئانیی كتێبخانه‌ی مۆزه‌خانه‌ی بریتانیایی
(... رَبِّ قَدْ آتَيْتَنِي مِنَ الْمُلْكِ... اللّهُ الَّذِي رَفَعَ السَّمَاوَاتِ)
(يوسف: ١٠١ ـ الرعد: ٢)
باوه‌ڕیش وایه كه نوسخه یه‌مه‌نیه‌كه به رێنوسێك نوسراوه كه په‌یوه‌سته به داب‌ونه‌ریتی رێنوسی حیجازیه‌وه له كاتی سه‌رهه‌ڵدانی ئیسلامدا.. ئه‌وه‌ى كه زیاتر مایه‌ى سه‌رسامیه ئه‌وه‌یه ئه‌م نوسخه‌یه هه‌ندێك جیاوازیى بچوكى تێدا به‌دى ده‌كرێت له‌و قورئانه‌ى كه ئێسته له‌به‌ر ده‌ستدایه، كه ئه‌مه‌ش چاوه‌ڕوان ده‌كرێت گرنگیى خۆى ببێت بۆ مێژوى ده‌قى قورئانى. به شێوه‌یه‌كى گشتییش ئه‌م دۆزینه‌وه‌یه بایه‌خى گه‌وره‌ى ده‌بێت بۆ لێكدانه‌وه و رونكردنه‌وه‌ى چۆنێتیی سه‌رهه‌ڵدانى قورئان، هه‌رچه‌ند ره‌نگه باس‌وخواسه‌كه به گشتى هه‌ستى موسڵمانان بریندار بكات، هه‌روه‌كو چۆن له كاتى خۆیدا له ئه‌وروپادا باس‌وخواسه‌كانى لێكدانه‌وه‌ى سه‌رهه‌ڵدانى ئینجیل و ژیانى یه‌سوع هه‌ستى مه‌سیحیه‌كانى بریندار ده‌كرد. به‌ڵام له‌ناو موسڵمانانیش‌دا ئه‌وه‌ى توێژه‌ر بێت و بایه‌خ به بابه‌ته‌كه بدات هه‌ست ده‌كات كه ئه‌و هه‌وڵ و كۆششه بۆ دۆزینه‌وه‌ى مێژوى راسته‌قینه‌ى قورئان ده‌بێته هانده‌رێكى باش بۆ جۆرێك له رێنیسانس و بوژانه‌وه له جیهانى ئیسلامی‌دا و گۆڕانكاریی زۆر ده‌هێنێته كایه له ژیانى فیكرى و كۆمه‌ڵایه‌تیى موسڵماناندا.
وێنه‌یه‌کی گه‌نجینه قورئانیه یه‌مه‌نیه‌که
(وێنه‌كه له لایه‌ن Dreibholz Ursula ه‌وه گیراوه )
یه‌كه‌م كه‌س كه كۆششێكى ته‌واوى كرد بۆ پشكنینى ئه‌و پارچه ده‌ستنوسانه له ساڵى ١٩٨١ دا پۆین بو. پۆین له لایه‌نى حكومه‌تى ئاڵه‌مانیاوه نێررابو بۆ رێكخستن و سه‌رپه‌رشتیى پرۆسێسى نۆژه‌نكردنه‌وه‌كه، هه‌ر له سه‌ره‌تاشه‌وه ده‌ركى كۆنینه‌یى و به‌هاى ئاركیۆلۆجیایى هه‌ندێك له پارچه‌كانى كرد، ئه‌و پشكنینه به‌راییانه‌ش كه ئه‌نجامی دان له‌سه‌ر پارچه‌كان ده‌ریانخست كه له ده‌ستنوسه قورئانیه‌كاندا رێكخستنێكى نامۆ و نه‌ناسراو هه‌یه بۆ ئایه‌ته‌كان و هه‌روه‌ها هه‌ندێك جیاوازیى بچوكیش هه‌ستى پێ كرا له ده‌قه‌كاندا، جگه له شێوازێكى ده‌گمه‌نى رێنوس (الإملاء) و جوانكارى (الزَّخْرَفة) ى هونه‌رى.. هه‌روه‌ها شتێكى تر كه سه‌رنجى راده‌كێشا ئه‌وه بو چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كیان له قورئان تێدا بو كه به رێنوسى عه‌ره‌بیی حیجازیى ده‌گمه‌ن نوسرا بون و پارچه‌ى كۆنترین نوسخه‌ى قورئان بون وه‌كو ئاماژه‌ی بۆ كرا. هه‌روه‌ها هه‌ندێك نوسینى سڕاوه هه‌ستى پێ ده‌كرا كه سڕابونه‌وه و له جێیان شتى تر نوسرابو وه‌كو له ڕێگه‌ى پشكنینى تیشكى سه‌روبنه‌وشه‌یی Ultraviolet Light ه‌وه ده‌ركه‌وت، كه ئه‌م جۆره كاغه‌زه یان پێسته‌یه‌ی كه نوسینی نوێی له‌سه‌ر ده‌نوسرێت دوای سڕینه‌وه‌ی نوسینی یه‌كه‌م دیارده‌یه‌كی ناسراوه و پێی ده‌وترێت Palipmsest (له "پالیمپسێستۆس" παλίμψηστος ی گریکیه‌وه به واتای "کڕێنراوه").
وێنه‌یه‌ك له نوسخه‌یه‌كی قورئانی یه‌مه‌نی كه ره‌نگه كۆنترین نوسخه‌ی قورئان بێت له جیهاندا
تیشكه سه‌روبنه‌وشه‌ییه‌كه نوسینێكی سڕاوه له‌ژێر نوسینه نوێیه‌كه‌دا ده‌رده‌خات
(وێنه‌كه له لایه‌ن Puin G-R. ه‌وه گیراوه)
ئه‌و ده‌قه نوێیه‌ی له وێنه‌كه‌دا دیاره بریتیه له:
(... مَكانَهُ بالأمس يقولون... الرزقََ لِمَن يشا‌ء مِن عِبادِه... علينا لَخَسَفَ بنا وَيْكَأَنَّه... تِلْكَ الدارُ الآخِرةُ... عُلُوَّاً في الأرض و لا...)
(القَصَص: ٨٢، ٨٣)
لێره‌وه پۆین ئه‌و ئه‌نجامه‌ی گریمان كرد كه ئه‌م قورئانه یه‌مه‌نیه ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه قورئان ده‌قێكى گه‌شه‌كردو Evolving Text ـه.
له سه‌ره‌تاى هه‌شتاكانى سه‌ده‌ى رابردوه‌وه به ورده‌كاریه‌كى زۆره‌وه رێككردنه‌وه‌ى (١٥٠٠٠) په‌ڕه له‌م قورئانه یه‌مه‌نیانه جێبه‌جێ كرا، كه خاوێن كرانه‌وه و پۆلێن كران و رێك خران و كۆ كرانه‌وه، ئێسته‌ش له خانه‌ى ده‌ستنوسى یه‌مه‌نیدان و ـ وه‌كو پۆین ده‌ڵێت ـ بۆ هه‌زار ساڵى تر پارێزراون و چاوه‌ڕێى پشكنینێكى وردن، به‌ڵام وه‌كو ده‌رده‌كه‌وێت ده‌سه‌ڵاتدارانى یه‌مه‌ن نایانه‌وێت رێگه به‌و پشكنینه ورده بده‌ن.
پۆین ده‌ڵێت: (ده‌یانه‌وێت بابه‌ته‌كه به نهێنى بمێنێته‌وه، هه‌روه‌كو ئێمه‌ش به ئامانجى تر وامان ده‌وێت. ئه‌وان نایانه‌وێت خه‌ڵك به‌وه بزانن كه كه‌سانێكى ئاڵه‌مانیایی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك نوسخه‌ى قورئان ئیش ده‌كه‌ن، به‌ڵكو هه‌ر نایانه‌وێت جه‌ماوه‌ره‌كه بزانێت شتێكى له‌و شێوه‌یه روى دابێت، چونكه هه‌ڵوێستى موسڵمانان ئه‌وه‌یه كه ئه‌وه‌ى ده‌وترێت ده‌رباره‌ى مێژوى قورئان هه‌ر ئه‌وه‌یه كه پێش هه‌زار ساڵ وتراوه).
هه‌تا ئێستا ته‌نها دو كه‌س رێگه‌یان پێ دراوه پارچه ده‌ستنوسه یه‌مه‌نیه‌كانى قورئان بپشكنن، ئه‌وانیش پۆین و، هاوڕێكه‌ى: هه‌نس-كاسپه‌ر گراف فۆن بۆثمه‌ر Hans-Caspar Graf von Bothmer پسپۆڕی مێژوى هونه‌رى ئیسلامى له زانكۆى سارلاند، ئه‌وه‌ش به هاوكاریی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئاڵه‌مانیا، كه چه‌ند ساڵێك له یه‌مه‌ن مانه‌وه.
پڕۆفیسۆر گراف فۆن بۆثمه‌ر
پۆین و گراف فۆن بۆثمه‌ر چه‌ند وتارێكى كه‌م و سه‌رنجڕاكێشیان له هه‌ندێك گۆڤارى تایبه‌تمه‌نددا بڵاوكرده‌وه ده‌رباره‌ى دۆزینه‌وه‌كانیان له پارچه ده‌ستنوسه یه‌مه‌نیه‌كاندا. ئه‌وه‌بو ساڵی ١٩٨٧ گراف فۆن بۆثمه‌ر وتارێكی نوسی به ناوی (چه‌ند ئه‌نتیكه‌یه‌ك له هونه‌ری په‌ڕاوی ئیسلامی: رێنوسی قورئانی و جوانكاری له ئه‌و ده‌ستنوسانه‌دا كه دۆزرانه‌وه له مزگه‌وتی گه‌وره‌ی صه‌نعاء)
Masterworks of Islamic Book Art: Koranic Calligraphy and Illumination in the Manuscripts found in the Great Mosque in Sanaa.
كه تێیدا له ده‌ستنوسه‌كان دوا و ئاماژه‌ی كرد بۆ ئه‌وه‌ی كه یه‌كێكیان كه ده‌ستنوسی ژماره (٢٣ ـ ١٠٣٣) بو ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چاره‌كی دواهه‌می سه‌ده‌ی یه‌كه‌می كۆچی، واته ساڵانی (٧٥ ـ ١٠٠ ك.). هه‌روه‌كو پۆینیش وتارێكی نوسی به ناونیشانی (چه‌ند تێبینیه‌ك له‌سه‌ر ده‌ستنوسه قورئانیه دێرینه‌كانی صه‌نعاء).. ئه‌وان تا ڕاده‌یه‌كی به‌رچاو ئاماده نه‌بون بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ى ته‌واوی ئه‌نجام و دۆزینه‌وه‌كان، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه ئه‌وه‌ى ئه‌وان هه‌تا ماوه‌یه‌كى دره‌نگیش سه‌رقاڵى رێكخستن و پۆلێنكردنى پارچه‌كان بون زیاتر له پشكنینیان به میتۆدێكى زانستى، هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌وه‌ش كه هه‌ستیان كردبو به‌وه‌ى ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانى یه‌مه‌ن له كرۆك و جه‌وهه‌رى دۆزینه‌وه‌كه و ئه‌نجام و ئاكامه‌كانى تێ بگه‌ن له‌وانه‌یه چى تر رێگه نه‌ده‌ن به پشكنینى زیاترى پارچه‌كان.
ساڵى ١٩٩٧ گراف فۆن بۆثمه‌ر زیاتر له (٣٥٠٠٠) وێنه‌ى مایكرۆفیلمى ئه‌و پارچه ده‌ستنوسانه‌ى گرتبو، دواى ئه‌وه‌ش ئه‌و وێنانه‌ى برده‌وه بۆ ئاڵه‌مانیا.. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه گراف فۆن بۆثمه‌ر و پۆین و كه‌سانى تریش هه‌لى ته‌واویان هه‌یه بۆ ورده‌كارى و توێژینه‌وه‌ى ده‌قه‌كان و ده‌توانن به ئازادیه‌كى ته‌واوه‌وه ئه‌نجام و دۆزینه‌وه‌كانیان بڵاو بكه‌نه‌وه. ده‌رباره‌ى ئاكامى توێژینه‌وه‌كان پۆین ده‌ڵێت: (زۆربه‌ى موسڵمانان باوه‌ڕیان وایه كه ئه‌وه‌ى له دو توێی قورئاندایه قسه‌ى خوایه و هیچ گۆڕانێكى به‌سه‌ردا نه‌هاتوه، جاروباریش به‌ڵگه ده‌هێننه‌وه به ره‌خنه‌سازیی ده‌قێكى ئینجیلى بۆ ئه‌وه‌ى بیسه‌لمێنن كه ئینجیل مێژویه‌كى هه‌یه و له ئاسمانه‌وه نه‌هاتوه، هه‌تا ئێستاش قورئان به‌دور بو له‌م جۆره باس‌وخواسانه. تاكه هۆكارێكیش بۆ بڕینى ئه‌م دیواره پۆڵایینه ئه‌وه‌یه بیسه‌لمێنین كه قورئانیش مێژویه‌كى هه‌یه، پارچه ده‌ستنوسه‌كانى یه‌مه‌نیش یارمه‌تیی ئه‌وه ده‌ده‌ن).
نمونه‌یه‌ك له نوسخه‌یه‌كی قورئانی له گه‌نجینه یه‌مه‌نیه‌كه‌دا
كه ره‌نگه بگه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ده‌ی (٩ ز.) یان (١٠ ز.)
(وێنه‌كه له لایه‌ن G-R. Puin ه‌وه گیراوه)
ئه‌وه‌ی له وێنه‌كه‌دا دیاره بریتیه له كۆتایی سوره‌تی (الانشقاق) و سه‌ره‌تای سوره‌تی (البروج)
پۆین له‌م هیوا و خۆزگه‌یه‌دا ته‌نها نیه، ئه‌ندرو ریپین Andrew Rippin پڕۆفیسۆرى لێكۆڵینه‌وه‌ى ئایینى له زانكۆى كالگرى Calgary له كه‌نه‌دا، كه یه‌كێكه له پێشه‌نگ و رچه‌شكێنه‌كانى بوارى توێژینه‌وه قورئانیه‌كان، ئه‌ویش ده‌ڵێت: (كاریگه‌رى و رۆڵى ده‌ستنوسه یه‌مه‌نیه‌كان جارێ شێوه‌ى نه‌گرتوه و به ته‌واوى رون نه‌بوه‌ته‌وه.. جیاوازی له خوێندنه‌وه‌كان و رێكخستنى ئایه‌ته‌كاندا بایه‌خێكى زۆر گه‌وره‌یان هه‌یه، هه‌مو لایه‌كیش له‌سه‌ر ئه‌مه یه‌ك ده‌نگن. ئه‌م ده‌ستنوسانه ده‌ڵێن كه مێژوى به‌رایى و زوى ده‌قه‌كانی قورئان كۆمه‌ڵێك پرسیارى كراوه و ئاماده پێك ده‌هێنێت زیاتر له‌وه‌ى زۆرێك چاوه‌ڕوانیان ده‌كرد، ده‌قه‌كان جێگیرییان كه‌متر بوه، له‌به‌ر ئه‌وه ره‌سه‌نایه‌تى و متمانه‌یان كه‌متره).
بێ گومان هه‌واڵی ده‌ستنوسه قورئانیه یه‌مه‌نیه‌كان بایه‌خێكی گه‌وره‌ی پێ درا له‌ناو خۆرهه‌ڵاتناسه‌كاندا. تا له ١٩٩٨ دا كۆنگره‌كیان به‌ست له‌سه‌ر (توێژینه‌وه قورئانیه‌كان) له شاری (لایدن) Leiden ی دێرین و ره‌سه‌ن له خۆرهه‌ڵاتناسیدا له هۆڵه‌ندا، كه له‌م كۆنگره‌یه‌دا هه‌ر یه‌كه له پۆین و گراف فۆن بۆثمه‌ر وتارێكیان خوێنده‌وه له‌سه‌ر بابه‌تی ده‌ستنوسه یه‌مه‌نیه‌كان. هه‌تا ئێستاش ناوه‌ڕۆكی وتاری پۆین و فراڤ فۆن بۆثمه‌ر له‌م كۆنگره‌یه‌دا رانه‌گه‌یه‌نراوه، به‌ڵام ئه‌وه‌نده ده‌زانین كه پۆین له وتاره‌كه‌یدا ئاماژه‌ی كردوه بۆ ئاڕاسته‌ی خۆی و خۆرهه‌ڵاتناسه‌كان به گشتی له باره‌ی بابه‌ته‌كه‌وه. سه‌ره‌تا ئاماژه‌ی كردوه بۆ كاروبه‌رهه‌م و كۆششی خۆرهه‌ڵاتناسه‌كانی پێشوتر وه‌كو ئارثه‌ر جێفری Arthur Jeffery و ئۆتۆ پرێتزل Otto Pretzel و ئه‌نتۆن شپیتاله‌ر Anton Spitaler و ئۆگه‌ست فیشه‌ر August Fischer، له بواری كۆكردنه‌وه‌ی ده‌ستنوسه قورئانیه دێرینه‌كان و ئینجا ئاماده‌كردنی نوسخه‌یه‌كی بژاركراو و پوختی قورئان دوای به‌راوردكردنی ئه‌و جیاوازیانه‌ی كه له نوسخه جیاوازه‌كاندا هه‌ستی پێ ده‌كه‌ن. ئینجا پۆین ده‌ڵێت كۆششی ئه‌م خۆرهه‌ڵاتناسانه نه‌گه‌شته ئاكام چونكه ئه‌و ده‌ستنوسانه‌ی كه زانكۆی میونیخ Munich بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ده‌ستی خستبون كه كۆمه‌ڵێكی بێشوماری ده‌ستنوس بون له كاتی جه‌نگی جیهانیی دوه‌مدا بۆمبێك هه‌موی له‌ناو بردون (هه‌رچه‌ند له‌م دواییه‌دا ده‌رکه‌وت که ـ خۆش‌به‌ختانه ـ ئه‌و ده‌ستنوسانه نه‌فه‌تاون و ئێسته لێکۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر ده‌کرێت).. ئیتر پۆین هیوای خۆی ده‌رده‌بڕێت كه ده‌ستنوسه قورئانیه‌كانی صه‌نعاء هه‌لێك بڕه‌خسێنن بۆ كۆششێكی سه‌رله‌نوێ به هه‌مان ئاڕاسته‌دا. ئینجا پۆین ئاماژه ده‌كات بۆ ئه‌و دیارده و خاڵانه‌ی كه تێبینیی كردون له ده‌ستنوسه‌كاندا و ئه‌م چه‌ند خاڵه ده‌خاته رو:
ا. شێوازێكی نادروست (واته پێچه‌وانه‌ی رێسای رێنوس) له نوسینی ئه‌لیف (ا) له هه‌ندێك شوێندا.
ب. جیاوازی له ژماردنی ئایه‌ته‌كاندا له هه‌ندێك سوره‌تدا.
جـ. جیاوازی له ریزكردن و رێكخستنی سوره‌ته‌كاندا له دو یان سێ په‌ڕه‌دا.
پۆین ئه‌وه‌ش دوپات ده‌كاته‌وه كه ئه‌م جیاوازیانه زۆر كه‌م و ساده‌ن و ئه‌گه‌ر به هه‌مویه‌وه بۆی نه‌ڕوانرێت ره‌نگه هیچ كه‌لێنێك له لێكۆڵینه‌وه قورئانیه‌كانی پێشودا دروست نه‌كه‌ن یاخود بڵێین هیچ شۆڕشێك له‌و بواره‌دا به‌رپا نه‌كه‌ن.. به‌ڵام له‌سه‌ری ده‌ڕوات و ده‌ڵێت كه قورئان هه‌رچه‌ند خۆی به رون (مُبين) وه‌سف ده‌كات به‌ڵام زۆرێك له ده‌قه‌كانی رۆشن نین و پێویست به تێڕامانی زۆر ده‌كه‌ن، به شێوه‌یه‌ك له هه‌ر پێنج ئایه‌تێكدا ئایه‌تی پێنجه‌م رۆشن نیه و لێكدانه‌وه‌ی ئه‌سته‌مه (مه‌به‌ستی پۆین له‌م قسه‌یه ئه‌وه نیه كه لێكدانه‌وه‌ی قورئان ئه‌سته‌مه و هیچ هیوایه‌ك نیه له‌و باره‌یه‌وه به‌ڵكو مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه كه ئه‌و میتۆدی لێكدانه‌وه و راڤه‌یه‌ی كه له ترادیسیۆنی ئیسلامی‌دا به‌كار هاتوه ناتوانێت هه‌مو جارێك راڤه‌یه‌كی دروستی ده‌قه‌كه بدات به ده‌سته‌وه)، ئینجا ئه‌م جیاوازیانه‌ش ئاماژه ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كه ره‌نگه سوره‌ته قورئانیه‌كان به‌م شێوه كۆتاییه‌ی ئێسته‌یان له ژیانی موحه‌ممه‌د خۆیدا نه‌نوسرابنه‌وه و ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش هه‌یه كه قورئانێكی جیاواز له رێكخستنی سوره‌ته‌كاندا تا ماوه‌یه‌كی زۆر به‌كار هاتبێت.
هه‌روه‌ها پۆین له لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامه‌ی (گاردیان) Guardian ی بریتانیایی ئه‌وه‌شی راگه‌یاند كه پڕۆژه‌ی ئه‌وه‌ی به ده‌سته‌وه‌یه په‌ڕاوێكی تێروته‌سه‌ل له بیرۆكه‌كانی پێك بهێنێت و توێژینه‌وه‌یه‌كی كۆتایی له‌سه‌ر بابه‌ته‌كه بكات.
بێ گومان نوسینه‌كانی پۆین و گراف فۆن بۆثمه‌ر كۆمه‌ڵێك لێكدانه‌وه و خه‌مڵاندنی به‌رفراوانیان خسته‌وه له ناوه‌نده خۆرهه‌ڵاتناسیه‌كاندا. له‌وانه خۆرهه‌ڵاتناسێك به ناوی تۆبی لێسته‌ر Lester Toby ، په‌یوه‌ندیه‌كی ته‌له‌فۆنیی له‌گه‌ڵ پۆیندا ئه‌نجام دا و وتارێكی رۆژنامه‌یی به‌ئه‌رزشی نوسی كه گۆڤاری The Atlantic Monthly ی ئه‌مێریكایی له ژماره‌ی كانونی دوه‌می ١٩٩٩ (به‌رگی ٢٨٣. ژماره ١) دا بڵاوی كرده‌وه، به ناونیشانی (قورئان چیه ؟) (What is the Quran?).
وتاره‌كه سێ جۆر مادده‌ی له خۆ گرتبو:
ا. هه‌واڵی ده‌ستنوسه صه‌نعائیه‌كان و ئه‌و ئه‌نجامه به‌راییانه‌ی كه پۆین و گراف فۆن بۆثمه‌ر ده‌رباره‌یان پێیان گه‌یشتون (كه به‌شی سه‌ره‌تای ئه‌م بابه‌ته‌ی به‌ر چاوی خوێنه‌ریش له بنه‌ڕه‌تدا ئاماده‌كردنی ئه‌م به‌شه‌ی وتاره‌كه‌ی لێسته‌ره له‌گه‌ڵ رونكردنه‌وه و زانیاریی زیاتردا).
ب. چه‌ند سه‌ره‌باسێك له‌سه‌ر كاروبه‌رهه‌م و كۆششی خۆرهه‌ڵاتناسه نوێیه‌كانی تر، وه‌كو جۆن وانسبرۆو John Wansbrough و پاتریشیا كڕۆن Patricia Crone و مایكڵ كوك Michael Cook و ج. ا. بێلامی Bellamy A. J. ده‌رباره‌ی قورئان.
جـ. ئاماژه بۆ ئه‌و توێژینه‌وانه‌ی كه ئێسته یان له داهاتوی نزیكدا خۆرهه‌ڵاتناسه‌كان پێی هه‌ڵ ده‌ستن، وه‌كو ئینسایكلۆپیدیای قورئان Encyclopaedia of the Qur'an كه كۆمه‌ڵێكی زۆر له توێژه‌ران له خۆرئاوایی و له موسڵمان كاری تێدا ده‌كه‌ن و نوێترین ئه‌نجامی بواری خۆرهه‌ڵاتناسی و قورئانناسی له خۆ ده‌گرێت، (د. نه‌صر ئه‌بو زه‌ید) یش ئه‌ندامی لیژنه‌ی راوێژكارانیه‌تی.
ئه‌م وتاره‌ی لێسته‌ر، زیاتر له دو وتاره‌كه‌ی پۆین و گراف فۆن بۆثمه‌ر، شه‌پۆلێكی ناڕه‌زایی له رۆژنامه یه‌مه‌نیه‌كاندا دروست كرد دژی به‌رپرسانی شوێنه‌واری یه‌مه‌نی. ئیتر پۆین و گراف فۆن بۆثمه‌ر به زویی وتارێكیان ئاڕاسته‌ی ئیسماعیل ئه‌كوه‌ع كرد، ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ لێپرسراوه یه‌مه‌نیه‌كاندا تێك نه‌چێت. پۆین داكۆكیی له خۆی و له گۆڤاره ئه‌مێریكاییه‌كه (واته ئه‌تڵانتیك مه‌نثلى) كرد و وتی زۆر جێی داخه كه (خه‌ڵكێك ده‌ڵێن گۆڤارێكی ئه‌مێریكایی چه‌ند دۆزینه‌وه‌یه‌كی دو توێژه‌ری ئاڵه‌مانیایی بڵاو كردوه‌ته‌وه و گوایه له نێو ئه‌و ده‌ستنوسانه‌ی كه له پڕۆژه ئاڵه‌مانیه‌كه‌دا نۆژه‌ن كراونه‌ته‌وه قورئانێك هه‌یه كه جیاوازه له‌و قورئانه‌ی كه ئێسته له‌به‌ر ده‌ستی موسڵماناندایه... ئه‌م هێرشه رۆژنامه‌نوسیه هیچ بنچینه و پاساوێكی نیه، نه سه‌باره‌ت به بڵاوكراوه‌ی گۆڤاره ئه‌مێریكاییه‌كه و نه سه‌باره‌ت به ده‌ستنوسه صه‌نعائیه‌كان و نه ئه‌و توێژینه‌وه قورئانیانه‌یش كه من و هاوڕێی ئه‌كادێمیاییم دۆكتۆر گراف فۆن بۆثمه‌ر ئه‌نجامیان ده‌ده‌ین... زۆر به داخه‌وه‌م له ئه‌م هێرشه‌ی كه ئامانجه‌كه‌ی زیانگه‌یاندنه به هاوكاریی ته‌كنیكیی نێوان یه‌مه‌ن و ئاڵه‌مانیا...). بێ گومان رۆژنامه یه‌مه‌نیه‌كان هه‌واڵه‌كه‌یان گه‌وره كردبو تا ئه‌و راده‌یه‌ی كه گوایه له‌ناو ده‌ستنوسه‌كاندا قورئانێكی جیاواز هه‌یه، له كاتێكدا ئه‌وه‌ی پۆین و گراف فۆن بۆثمه‌ر رایان گه‌یاندبو ئه‌وه بو كه هه‌ندێك جیاوازیی (بچوك و كه‌م) هه‌یه به شێوه‌یه‌ك كه پۆین هیوای كه‌مه به‌وه‌ی كه ئه‌و جیاوازیه بچوك و كه‌مه واتایه‌كی تایبه‌تی ببه‌خشێت و به‌شداریه‌ك بكات له زانیاری و كه‌ره‌سته‌كانی توێژینه‌وه قورئانیه نوێیه‌كاندا، به‌ڵام پۆین له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیوای نه‌بڕیوه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر زانیاری و كه‌ره‌سته‌یه‌ك ده‌رباره‌ی مێژوی قورئان هه‌رچه‌ند بچوك و كه‌میش بێت گرنگیی خۆی هه‌یه چونكه ئه‌م زانیاری و كه‌ره‌ستانه له خۆیاندا كه‌م و ده‌گمه‌نن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پۆین ناتوانێت نكولی بكات كه له كاره‌كه‌یدا ته‌نها وه‌كو شاره‌زا (خبیر) ێكی پاراستن و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ده‌ستنوس كاری نه‌كردوه به‌ڵكو له هه‌مان كاتدا كارێكی خۆرهه‌ڵاتناسیانه‌ی كردوه و ئامانجه دوره‌كه‌ی خۆی له بیر نه‌كردوه، شارراوه‌ش نیه كه پۆین توێژینه‌وه و باس‌وخواسی تری له‌م جۆره‌ی هه‌یه. وا ده‌رده‌كه‌وێت پۆین له په‌یوه‌ندیه ته‌له‌فۆنیه‌كه‌دا له‌گه‌ڵ لێسته‌ر گه‌رم‌وگوڕی و هیوایه‌كی زیاتری ده‌ربڕیبێت، واته زیاتر له‌وه‌ی كه به نوسین رایگه‌یاندوه، كه ئه‌مه‌ش به وتاره‌كه‌ی لێسته‌ره‌وه دیاره. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا شارراوه نیه كه مرۆڤی موسڵمان زۆر به‌گومانه له هه‌مو كارێكی خۆرئاوایی و له هه‌مو هه‌وڵێكی خۆرئاوایی بۆ تێگه‌شتن و ده‌رككردنی خۆرهه‌ڵات و ئیسلام، به شێوه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر خۆرهه‌ڵاتناسێك هه‌ندێك گونجان و هه‌ماهه‌نگی و نه‌رمی له باس‌وخواسی ئیسلامدا پێشان بدات ده‌ڵێن ئه‌وه فێڵه و ده‌یه‌وێت موسڵمان چه‌واشه بكات و بێئاگای بكات له ئامانجه راسته‌قینه‌كانی خۆی و به حاڵه‌ته‌كه ده‌ڵێن (ژه‌هری ناو هه‌نگوین) و به‌و خۆرهه‌ڵاتناسانه‌ش ده‌ڵێن خۆرهه‌ڵاتناسی پیس (خبيث) و فێڵباز! ته‌نها له یه‌ك حاڵه‌تیشدا مرۆڤی موسڵمان خۆرهه‌ڵاتناسێك په‌سه‌ند ده‌كات ئه‌ویش كاتێك ئه‌و خۆرهه‌ڵاتناسه موسڵمان بوبێت یان له نوسینه‌كانیدا وه‌كو موسڵمان قسه بكات له ئیسلام و سروش (وَحْي) و پێغه‌مبه‌رایه‌تی! له به‌رامبه‌ریشه‌وه هه‌میشه توێژه‌ری خۆرئاوایی ده‌یه‌وێت ده‌قاوده‌ق چیرۆكی مێژوی ده‌قه یه‌هودی و مه‌سیحیه‌كان به‌سه‌ر قورئاندا جێبه‌جێ بكات، واته ـ بۆ نمونه ـ هه‌میشه چاوه‌ڕێ ده‌كات ده‌قی قورئانییش وه‌كو ده‌قه یه‌هودی و مه‌سیحیه‌كان به چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك ئینجا شێوه‌ی ئێستای وه‌رگرتبێت و جێگیر بوبێت، كه گومانی تێدا نیه ئه‌م میتۆد و به‌راورده زیاده‌ڕه‌وی و مه‌ترسیی هه‌ڵه‌ی تێدایه چونكه ـ به‌لای كه‌مه‌وه ـ ده‌قه یه‌هودی و مه‌سیحیه‌كان ده‌درێنه پاڵ كۆمه‌ڵێك كه‌سی زۆر به‌ڵام ده‌قی قورئانی ده‌درێته پاڵ یه‌ك كه‌س ئه‌مه‌ش فاكته‌ری سه‌ره‌كیه له درێژبونه‌وه‌ی مێژوی ده‌قه یه‌هودی و مه‌سیحیه‌كاندا و له كورتبونی مێژوی ده‌قی قورئانیدا، جگه له‌وه‌ی ئه‌و مێژوه دورودرێژه‌ی ده‌قه یه‌هودی و مه‌سیحیه‌كان له داب‌ونه‌ریت و ترادیسیۆنی یه‌هود و مه‌سیحیه‌كان خۆیاندا ئاماژه بۆ زۆربه‌ی جومگه و بڕگه‌كانی كراوه ]بۆ نمونه له ته‌لموددا هاتوه كه: (مو‌سا) ته‌وڕات (پێنج په‌ڕاوه‌كه‌ی سه‌ره‌تا) و په‌ڕاوی ئه‌ییوب و باسی (به‌لعام) ی نوسیوه، (یوشه‌ع) یش په‌ڕاوی یوشه‌ع و هه‌شت پارچه هۆنراوه‌ی كۆتایی ته‌وڕاتی نوسیوه، (صه‌موئیل) یش په‌ڕاوی صه‌موئیل و هه‌ردو په‌ڕاوی (دادوه‌ران) (القُضاة) و (راعوث) ی نوسیوه، (داوود) یش (مه‌زموره‌كان) ی نوسیوه و هه‌ندێك له نوسینه‌كانی ئاده‌م و ئیبڕاهیمیشی تێدا هێناوه ! (ئیرمیا) یش په‌ڕاوی ئیرمیا و هه‌ردو په‌ڕاوی (پاشایان) (المُلُوك) و (لاواندنه‌وه) (المَراثي) ی نوسیوه، (حێزقیال) یش په‌ڕاوه‌كانی (ئیشه‌عیا) و (په‌نده‌كان) (الأمثال) و (سرودی سروده‌كان) (نشيد الأنشاد) و (قۆهێلێت) (الجامِعة) ی نوسیوه، ئه‌ندامانی سه‌نهێدرێنی گه‌وره (المَجْمَع الكبیر) یش په‌ڕاوی حێزقیال و په‌ڕاوه‌كانی یازده پێغه‌مبه‌ره‌كه و په‌ڕاوی (دانیال) و (ئێستیر) یان نوسیوه واته پاكنوس (تحریر) كردوه، (عه‌زرا) یش په‌ڕاوی عه‌زرای نوسیوه.
ته‌لمودی بابلی، سیدری نیزیقین נזיקין، بابا باثرا בבא בתרא: ١٤ب ـ ١٥أ(١).
ئه‌م باسه‌ی ته‌لمود له خۆیدا هه‌رچه‌ند نوسراوێكی ئایینیه به‌ڵام به ڕاشكاوی ده‌ڵێت كه مێژوی ده‌قه‌كانی (په‌یمانی کۆن) (واته تاناخ) چه‌ندین قه‌ڵه‌م و پاكنوسی و قۆناغیان به خۆوه بینیوه، چونكه ـ بۆ نمونه ـ ده‌ڵێت كه هه‌ندێك له ته‌وڕات یوشه‌ع نوسیویه‌تی، په‌ڕاوی (ئیشه‌عیا) كه ده‌درێته پاڵ پێغه‌مبه‌ر (ئیشه‌عیا) له راستیدا حێزقیال نوسیویه‌تی، هه‌روه‌ها په‌ڕاوه‌كانی (په‌نده‌كان) و (سرودی سروده‌كان) و (قۆهێلێت) كه ده‌درێنه پاڵ (سوله‌یمان) له راستیدا هه‌ر حێزقیال نوسیونی، هه‌روه‌ها په‌ڕاوی (حێزقیال) كه ده‌درێته پاڵ حێزقیال و په‌ڕاوی (دانیال) كه ده‌درێته پاڵ دانیال و پاشماوه‌ی دوازده په‌ڕاوی (پێغه‌مبه‌ران)، ئه‌مانه له راستیدا ئه‌ندامانی سه‌نهێدرێنی گه‌وره نوسیویانه یان له شێوگی كۆتاییدا نوسیویانه‌ته‌وه. ئه‌م قسانه‌ش ـ تا راده‌یه‌ك ـ پێچه‌وانه‌ی باوه‌ڕی ئۆرثۆدۆكسیی یه‌هودی و مه‌سیحین و له توێژینه‌وه‌ی زانستیی ئه‌مڕۆ نزیك ده‌بنه‌وه[، له كاتێكدا له داب‌ونه‌ریت و ترادیسیۆنی ئیسلامی‌دا هیچ ئاماژه‌یه‌ك نیه، ئه‌گه‌ر ناڕۆشن یان به شێوه‌ی به‌درۆخراوه‌ش بێت، بۆ ئه‌وه‌ی مێژوی ده‌قی قورئانی (وه‌كو خودی پێكهاته‌ی ده‌قه‌كه نه‌ك رێكخستنی) درێژ بوه‌ته‌وه بۆ دوای ژیانی پێغه‌مبه‌ر. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه مێژوی ده‌قی قورئانی نوێتره و له سه‌رده‌می نوێوه نزیكتره و ماوه‌یه‌كی زۆریش نیه له نێوان سه‌رهه‌ڵدانی خودی قورئان و سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و داب‌ونه‌ریت و باس‌وخواسانه‌ی كه له كه‌له‌پوری ئیسلامی‌دا ده‌یبینین ده‌رباره‌ی قورئان (كه ـ به كورتی ـ ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نن كه قورئان له سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ردا ته‌واو بوه و له‌سه‌رده‌می ئه‌بوبه‌كردا كۆ كراوه‌ته‌وه و له سه‌رده‌می عوثماندا نوسخه‌ی ستانداردی ده‌ركراوه). له‌به‌ر هه‌مو ئه‌مانه گریمانه‌ی ئه‌وه‌ی كه مێژوی ده‌قی قورئانی و مێژوی ده‌قه یه‌هودی و مه‌سیحیه‌كان یه‌ك چیرۆك و شێوازی گه‌شه‌كردنیان هه‌یه زیاده‌ڕه‌ویی تێدایه و گومانی تێدا نیه كه هه‌ر ده‌قێك تایبه‌تمه‌ندی و مێژوی جیاوازی خۆی هه‌یه. به‌ڵام ئه‌مه‌ش ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت كه ئه‌و داب‌ونه‌ریتانه‌ی له كه‌له‌پوری ئیسلامی‌دا هاتون ده‌رباره‌ی قورئان و مێژوه‌كه‌ی هه‌مویان خۆیان بگرن له‌به‌رده‌م هۆشیاریی زانستی و توێژینه‌وه‌ی زانستیی نوێ‌دا و هه‌ر له خودی كه‌له‌پوری ئیسلامیه‌وه دیاره كه ده‌قی قورئانی له سه‌ره‌تادا یه‌ك خوێندنه‌وه و رێكخستن و راڤه‌ی نه‌بوه. به‌ڵام قسه‌كه له‌سه‌ر ئه‌وه بو كه زانایه‌كی پسپۆڕی توێژینه‌وه ره‌خنه‌ییه ته‌وڕاتیه‌كان بێت و به هه‌مان ئه‌و شێواز و میكانیزمه‌ی كه له ساخكردنه‌وه‌ی ده‌قه ته‌وڕاتیه‌كاندا فێری بوه و پێی راهاتوه ده‌قی قورئانییش بتوێژێته‌وه ئه‌مه چه‌نده توانای دۆزینه‌وه‌ی نهێنیی تێدایه ئه‌وه‌نده‌ش ئه‌گه‌ری هه‌ڵه و گریمانی ناواقیعی هه‌ڵ ده‌گرێت.
سه‌باره‌ت به ده‌نگدانه‌وه‌ی بابه‌ته‌كه و بیروڕاكانی پۆین له ناوه‌نده ئه‌كادێمیاییه‌كانی تردا، چه‌ند هه‌ڵوێستێك هه‌ن. له‌وانه توێژه‌ری فه‌له‌ستینی له زانكۆی كه‌یمبریج (طريف الخالدي) بۆ رۆژنامه‌ی (گاردیان) ی بریتانیایی له‌سه‌ر بابه‌ته‌كه دوا. (الخالدي) وریایی دا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ئه‌گه‌ر پۆین په‌ڕاوێك بنوسێت ده‌رباره‌ی دۆزینه‌وه و بیروڕاكانی ره‌نگه كێشه‌یه‌ك دروست بكات له جۆری كێشه‌ی (آيات شيطانية)، ئه‌و رۆمانه‌ی كه رۆماننوسی بریتانیایی ـ به بنه‌ڕه‌ت ـ هیندی (سه‌لمان روشدی) Salman Rushdie (١٩٤٧ ـ ...) نوسی.. به تایبه‌تی ئه‌گه‌ر راگه‌یاندن به شێوازی خۆی بابه‌ته‌كه بته‌قێنێته‌وه و گه‌وره‌ی بكات ئه‌و كاته كێشه‌كه ئاڵۆزتر ده‌بێت. (الخالدي) ده‌ڵێت موسڵمانان هه‌رگیز بابه‌تیبون (موضوعية) ی توێژه‌ره ئاڵه‌مانیه‌كه (واته پۆین) به هه‌ند ناگرن و بابه‌ته‌كه وه‌كو هێرشێك بۆ سه‌ر ده‌قی قورئانی ته‌ماشا ده‌كه‌ن. وه ده‌ڵێت ئه‌و گێڕانه‌وه و چیرۆكه ترادیسیۆنیه‌ی كه له كه‌له‌پوری ئیسلامی‌دا هه‌یه ده‌رباره‌ی مێژوی قورئان به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان راسته و پێویست ناكات به ته‌واوی گومانی لێ بكرێت. (الخالدي) ئاماژه ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ش كه ره‌نگه بیروڕاكانی پۆین ده‌رباره‌ی ده‌ستنوسه قورئانیه‌كه‌ی یه‌مه‌ن ده‌رهاویشته‌ی ئه‌وه بێت كه ده‌ستنوسه‌كه له خۆیدا رێك‌وپێك (مضبوط) و چاك نه‌بێت و به كه‌ڵكی ئه‌وه نه‌یه‌ت كه بكرێته نمونه‌ی توێژینه‌وه. ئینجا (الخالدي) ره‌خنه ده‌گرێت له شێوازی خۆرئاواییه‌كان له مامه‌ڵه‌یاندا له‌گه‌ڵ ده‌قی قورئانی و ده‌ڵێت هه‌میشه ده‌یانه‌وێت به هه‌مان شێوازی گه‌شه‌كردنی په‌ڕاوی پیرۆز Bible (ته‌وڕات و ئینجیل) لێی بكۆڵنه‌وه. هه‌روه‌ها (الخالدي) ئاماژه بۆ هه‌ندێك بیروڕای تری پۆین ده‌كات ده‌رباره‌ی ده‌سته‌واژه و بابه‌ته قورئانیه‌كان، وه‌كو ئه‌وه‌ی كه پێی وایه كه قورئان كاریگه‌ریی هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ی ناعه‌ره‌بیی له‌سه‌ر بوه، ئه‌وه‌ش وه‌كو چیرۆكی (هاوه‌ڵانی كۆنه‌بیره‌كه) (أصحاب الرَّسّ) (الفرقان: ٣٨) (ق: ١٢) و (هاوه‌ڵانی دره‌خته چڕه‌كه) (أصحاب الأَيْكة) (الحجر: ٧٨) (الشعرا‌ء: ١٧٦) (ص: ١٣) (ق: ١٤)، پۆین ده‌ڵێت ئه‌م دو كۆمه‌ڵه دو خێڵی عه‌ره‌بی نه‌بون، وه‌كو له ته‌فسیره‌كاندا هاتوه و له رواڵه‌تی قورئانیشه‌وه دیاره ]چونكه له‌گه‌ڵ (ثَمُود = أصحاب الحِجْر) دا باسیان ده‌كات[، به‌ڵكو ده‌رباره‌ی یه‌كه‌میان، واته (أصحاب الرَّسّ) ده‌ڵێت له لوبنانی ئێسته ژیاون پێش ئیسلام، ده‌رباره‌ی دوه‌میشیان، واته (أصحاب الأَيْكة) ده‌ڵێت له ناوچه‌ی (أسْوان) بون له میسر. هه‌روه‌ها پۆین پێی وایه كه وشه‌ی (قُرْآن) یش له خۆیدا عه‌ره‌بی نیه و وشه‌یه‌كی ئاڕامیه به واتای (خوێندنه‌وه) یان (خوێندن).
ئێمه‌ش (جگه له‌وه‌ی له ده‌رفه‌تی تردا تیشكی زیاتر ده‌خه‌ینه سه‌ر توێژینه‌وه قورئانیه‌كانی پۆین) له‌سه‌ر هه‌ندێك لایه‌نی لێدوانه‌كه‌ی (الخالدي) تێبینیمان هه‌یه. چونكه ئه‌و به‌راورده‌ی ده‌یكات له نێوان په‌ڕاوێكی ئه‌كادێمیایی كه پۆین بینوسێت و نێوان رۆمانی (ئایه‌ته شه‌یتانیه‌كان) ی سه‌لمان روشدی، به‌راوردێكی ورد نیه، چونكه نوسینی پۆین نوسینێكی زانستی و ئه‌كادێمیاییه و پابه‌نده به رێسا ورد و تونده‌كانی توێژینه‌وه‌ی زانستیه‌وه (به شێوه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر نوسینه رۆژنامه‌ییه‌كه‌ی تۆبی لێسته‌ر بابه‌ته‌كه‌ی نه‌وروژاندایه ره‌نگه ئه‌وه‌نده سه‌رنجی خه‌ڵكی ناپسپۆڕی رانه‌كێشایه)، به‌ڵام نوسینه‌كه‌ی سه‌لمان روشدی رۆمانێكه كه گاڵته‌وگه‌پی سێكسیانه‌یه به كۆمه‌ڵێك هێمای ئایینی و سیاسی... له چه‌ند لایه‌كی جیهاندا ]هه‌تاكو جوێنی سێكسیی تێدایه به (خانمه ئاسنینه‌كه) Iron Lady واته مارگرێت تاچه‌ر Margaret Thatcher (١٩٢٥ ـ ...) سه‌ره‌ك وه‌زیران (ی ساڵانی ١٩٧٩ ـ ١٩٩٠) ی بریتانیا، چونكه جگه له‌وه‌ی به ماگی Maggie ناوی ده‌بات و پێی ده‌ڵێت Bitch؛ به وشه چوار پیتیه‌كه ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات واته fuck! به‌ڵكو رۆمانه‌كه نزیكه‌ی (٦٠) جار وشه‌ی fuck و fucking motherfucking و ی تێدا هاتوه![، له‌به‌ر ئه‌وه نرخی ئه‌وه‌ی نیه به هیچ توێژینه‌وه‌یه‌كی خۆرهه‌ڵاتناسی به‌راورد بكرێت. ئینجا كێشه‌ی رۆمانه‌كه‌ش له جیهانی ئیسلامی‌دا ته‌نها فه‌تواكه‌ی (خومه‌ینی) (١٩٠٠ ـ ١٩٨٩) دروستی كرد كه ئه‌م فه‌توایه‌ش مه‌به‌ستی سیاسی و كێشمه‌كێشی مه‌زهه‌بی و بارودۆخێكی تایبه‌تیی له پشته‌وه بو (ئه‌گه‌رنا هێرشكردنه سه‌ر روشدی سه‌ره‌تا له بریتانیادا بو)، بۆیه كێشه‌ی له‌و جۆره هه‌مو جارێك دوباره نابێته‌وه. ئینجا ده‌رباره‌ی ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ی كه (الخالدي) دایده‌نێت كه ره‌نگه ده‌ستنوسه‌كه‌ی به‌ر ده‌ستی پۆین نمونه‌یه‌كی چاك و رێك‌وپێك نه‌بێت، ئه‌مه ئه‌گه‌رێكی واقیعه چونكه ده‌ستنوسه‌كان نه‌پارێزراون و پارچه‌پارچه‌ن و تێكه‌ڵن و له گۆڕێكدا دۆزراونه‌ته‌وه به‌ڵكو ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش هه‌یه كه ده‌ستنوسه‌كه له بنه‌ڕه‌تدا به شێوه‌یه‌كی ورد و رێك‌وپێك نه‌نوسرابێته‌وه، به‌ڵام گرنگیی ده‌ستنوسه‌كه له‌وه‌وه دێت كه كۆنترین ده‌ستنوسی قورئانه كه له‌به‌ر ده‌ستدا بێت و هه‌مو دیارده‌یه‌ك تێیدا جێی سه‌رنج و بایه‌خه و نیشانده‌ری قۆناغێكی دێرینه. ئینجا ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ش كه پۆین به دوای ده‌سته‌واژه و وشه‌ی ناعه‌ره‌بیدا ده‌گه‌ڕێت ئه‌مه له خۆیدا كارێكی زانستیه و جێی خۆیه‌تی چونكه ژینگه‌ی قورئان ژینگه‌یه‌ك بوه كه كۆمه‌ڵێكی زۆر و جۆراوجۆر ئایین و ئایینزا و ته‌وژم و زمانی تێدا بوه، عه‌ره‌بیش له كو‌لتور و ئه‌ده‌بیات و زاراوه‌ی ئایینی‌دا زۆریان له كو‌لتور و زمانی ئاڕامی و عیبری و حه‌به‌شی... وه‌رگرتوه، جگه له‌وه‌ی له قورئاندا كۆمه‌ڵێك ده‌سته‌واژه و زاراوه و ناو هه‌ن كه ناتوانرێت به پێی زمانی عه‌ره‌بی و كولتوری عه‌ره‌بی لێك بدرێنه‌وه. هه‌تاكو زانایانی ئایینیی ئیسلامی‌یش له رابردودا ده‌ركی ئه‌مه‌یان كردوه و به دوای ده‌سته‌واژه‌ی ناعه‌ره‌بیدا گه‌ڕاون له قورئاندا هه‌رچه‌ند زانیاری و بیروڕاكانیان ناته‌واویی زۆریان تێدایه چونكه شاره‌زایی ته‌واویان له زمانه سامیه‌كاندا نه‌بوه.
هه‌روه‌ها توێژه‌ری بواری قورئان و فه‌رموده له كۆلێجی ئیسلامی له له‌نده‌ن (د. عبد العلي حامد)، ئه‌ویش ده‌رباره‌ی بیروڕاكانی پۆین دوا بۆ گۆڤاری (القُدْس العربي) و وتی سه‌رله‌به‌ری بیروڕاكان تازه نین و ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ قوتابخانه‌ی خۆرهه‌ڵاتناسیی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م كه هه‌وڵی ده‌دا ده‌قی ئایینی وه‌كو ده‌قێكی ئه‌ده‌بی یان زانستی كه ره‌خنه هه‌ڵ گرێت بتوێژێته‌وه. ئینجا ناوبراو ئه‌و ره‌خنه‌یه‌ی گرت له زۆربه‌ی توێژه‌رانی خۆرئاوایی بواری توێژینه‌وه قورئانیه‌كان كه شاره‌زاییان كه‌مه له‌سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی و گه‌شه‌كردنی زمانه‌كه و شێوازی رێنوس و سهروبۆر... به شێوه‌یه‌ك هه‌ندێكیان هه‌ر گۆڕانكاریه‌ك له شێوه‌ی نوسینی قورئاندا ببینن راسته‌خۆ ده‌یكه‌نه به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی كه قورئان ده‌قێكی پیرۆز و بێهه‌ڵه نیه.
ئه‌م تێبینیانه‌ی (د. عبد العلي حامد) سه‌باره‌ت به پۆین و توێژینه‌وه‌كانی زیاده‌ڕه‌وییان تێدایه، چونكه له لایه‌كه‌وه ئاشكرایه كه خۆرهه‌ڵاتناسی له ئێستادا هه‌نگاوی زۆری ناوه و به‌راورد ناكرێت به قۆناغی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م (له راستیدا سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م چالاكیه‌كی خۆرهه‌ڵاتناسیانه‌ی زۆری به خۆوه بینیوه بۆیه له‌به‌ر چاودا بوه‌ته خاوه‌نی مۆركێكی تایبه‌تی، ئه‌گه‌رنا خۆرهه‌ڵاتناسی سروشتێكی چه‌سپاوی هه‌یه)، له لایه‌كی تریشه‌وه ده‌بینین ئه‌م كه‌سه ده‌یه‌وێت له هه‌ر خۆرهه‌ڵاتناسێك هه‌ر له رێوه رایبگه‌یه‌نێت كه قورئان ده‌قێكی پیرۆز و بێله‌كه‌یه و هیچ ره‌خنه و پشكنین و توێژینه‌وه‌یه‌كی زانستی هه‌ڵ ناگرێت، كه ئه‌م حاڵه‌ته‌ش ده‌كاته داخستنی ده‌رگای توێژینه‌وه و دوباره‌كردنه‌وه‌ی (تقلید) ه‌كان. ئینجا پۆینیش له‌و كه‌سانه نیه شاره‌زایی ته‌واوی نه‌بێت ده‌رباره‌ی زمانی عه‌ره‌بی و شێوازی نوسینی عه‌ره‌بی له كاتێكدا خۆی پسپۆڕی بواره‌كه‌یه و هه‌ر له‌به‌ر پسپۆڕیه‌كه‌یشی حكومه‌تی یه‌مه‌نی بانگهێشتی ده‌كات بۆ بایه‌خدان به ده‌ستنوسه‌كان، ئاشكرایشه كه پڕۆسێسی ساخكردنه‌وه و كۆكردنه‌وه‌ی ده‌ستنوس شاره‌زایی و وریاییه‌كی زۆری ده‌وێت له بواری نوسینه دێرینه‌كاندا.. به‌ڵكو پۆین توێژینه‌وه‌ی زۆر گه‌وره‌ی هه‌یه له‌سه‌ر قورئان به‌ڵام به ناوی خوازراوه‌وه، كه ئه‌مه‌ش له بابه‌تێكی تردا تیشكی ده‌خه‌ینه سه‌ر.
ئینجا سه‌باره‌ت به ئه‌و دیاردانه‌ی كه پۆین له ده‌ستنوسه یه‌مه‌نیه‌كه‌دا سه‌رنجی داون پێویسته چه‌ند تێبینیه‌ك تۆمار بكه‌ین. سه‌ره‌تا ده‌رباره‌ی ئه‌و هه‌نده كه‌مه جیاوازیه‌ی كه هه‌ستی پێ ده‌كرێت له ده‌ستنوسه‌كه‌دا به به‌راورد به قورئانی به‌رده‌ستی ئێسته، ئه‌گه‌ری هه‌یه ئه‌م جیاوازیانه ته‌نها هه‌ندێك هه‌ڵه‌ی رێنوس (إملاء) بن، هه‌تا ئێستاش نوسینه‌وه‌ی قورئان هه‌ڵه‌ی رێنوسی تێده‌كه‌وێت بۆیه دوای نوسینه‌وه لیژنه‌یه‌ك پێك ده‌هێنرێت بۆ پێداچونه‌وه‌ی لایه‌نی رێنوس ئینجا رێگه‌ی پێ ده‌درێت. هه‌تاكو ئه‌و ده‌ستنوسه قورئانیانه‌ی زانكۆی میونیخ كه پۆین ئاماژه‌یان بۆ ده‌كات كه هه‌تا ئه‌م دواییه‌ش وا بڵاو بو که له جه‌نگی جیهانیی دوه‌مدا له ناو چون، به‌رپرسانی ئه‌و ده‌ستنوسانه له زانكۆكه‌دا ماوه‌یه‌كی كه‌م پێش جه‌نگ راپۆرتێكی به‌راییان له‌سه‌ر ده‌ستنوسه‌كان بڵاو كردوه‌ته‌وه كه ده‌ڵێت به‌راوردی زۆربه‌ی نوسخه‌كان (نه‌ك هه‌مویان) ته‌واو بوه و جیاوازیه‌ك به‌دی نه‌كراوه هه‌ندێك هه‌ڵه‌ی بچوكی رێنوس (إملاء) یان نوسینه‌وه (نَسْخ) نه‌بێت كه كارێك ناكه‌نه سه‌ر یه‌كگرتویی ده‌قه‌كه. هه‌رچه‌ند ئێمه زانیاریمان نیه له‌سه‌ر راده‌ی كۆنینه‌یی ئه‌و ده‌ستنوسانه‌ی زانكۆی میونیخ.
سه‌باره‌ت به‌و دیارده‌یه‌ش كه پۆین سه‌رنجی داوه كه له هه‌ندێك لاپه‌ڕه‌دا نوسینێك سڕاوه‌ته‌وه و نوسینێكی نوێی له‌سه‌ر نوسراوه، ئه‌مه‌ش مه‌رج نیه نیشانه‌ی گه‌شه‌كردن و گۆڕانێك بێت له ده‌قه‌كه‌دا، واته مه‌رج نیه ئه‌وه بگه‌یه‌نێت كه نوسه‌ره‌وه‌كه یه‌كه‌م جار ده‌قه‌كه‌ی به‌شێوه‌یه‌ك نوسیبێت پاشان (هه‌مان كه‌س یان كه‌سێكی تر) ئه‌وه‌ی سڕیبێت و هه‌مان ده‌قی به شێوه‌یه‌كی گۆڕاو یان گه‌شه‌كردو نوسیبێته‌وه، چونكه ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش هه‌یه كه نوسه‌ره‌وه‌كه یه‌كه‌م جار هه‌ڵه‌ی كردبێت له وشه‌یه‌كدا یان دێڕێك و چه‌ند دێڕێكدا پاشان ئه‌وه‌ی سڕیبێت و راسته‌كه‌ی نوسیبێت یان وشه‌ی په‌ڕاندبێت و پاشان ئه‌وه‌ی سڕیبێت و سه‌رله‌نوێ نوسیبێتیه‌وه، یان وشه‌كه یاخود نوسراوه‌كه كاڵ بوبێته‌وه یان تێك چوبێت و به پێویست زانرابێت تۆخ بكرێته‌وه یان ئه‌وه بسڕیێت و بنوسرێته‌وه. ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش هه‌یه كه په‌ڕه‌كه یه‌كه‌م جار بۆ نوسینێكی تر به‌كار هاتبێت و پاشان ئه‌وه سڕابێته‌وه و بۆ نوسینی ده‌قه نوێیه‌كه به‌كار هاتبێت به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ په‌یوه‌ندیه‌كیان به یه‌كه‌وه هه‌بێت. ته‌نها له كاتێكدا ئه‌م دیارده‌یه واتا و مه‌به‌ستی ده‌بێت كه پۆین بتوانێت نوسراوه سڕاوه‌كه بخوێنێته‌وه و به‌راوردی بكات له‌گه‌ڵ نوسراوه نوێیه‌كه‌دا و بۆی ده‌ر بكه‌وێت كه نوسراوه نوێیه‌كه شێوه‌یه‌كی گه‌شه‌كردو و گۆڕاوی هه‌مان نوسراوه سڕاوه‌كه‌یه، كه ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌رێكی زۆر بچوكی هه‌یه. جگه له‌وه‌ی كاتێك توێژه‌ر ده‌توانێت هه‌وڵی خوێندنه‌وه‌ی نوسراوه سڕاوه‌كان بدات كه ده‌ستنوسه بنه‌ڕه‌تیه‌كه‌ی له‌به‌ر ده‌ستدا بێت و بتوانێت له رێگه‌ی تیشكی سه‌روبنه‌وشه‌ییه‌وه به‌رده‌وام تاووتوێی بكات، كه ئه‌مه‌ش سه‌باره‌ت به ده‌ستنوسه یه‌مه‌نیه‌كان ره‌نگه بۆ پۆین و گراف فۆن بۆثمه‌ر جارێكی تر ده‌ست نه‌داته‌وه و رێگه‌یان پێ نه‌درێت، مه‌گه‌ر وێنه‌ی پشكنینی تیشكی سه‌روبنه‌وشه‌یی ئه‌و په‌ڕانه‌یان گرتبێت و بردبێتیانه‌وه بۆ ئاڵه‌مانیا، كه له‌م وتاره‌دا یه‌ك وێنه‌ی له‌م جۆره‌مان خستوه‌ته به‌ر چاو.
سه‌باره‌ت به بونی سوره‌تێك یان به‌شێكی (كۆتاییه‌كه‌ی) له‌گه‌ڵ سوره‌تێكی تر یان به‌شێكی (سه‌ره‌تاكه‌ی) له یه‌ك په‌ڕه‌دا به رێكخستنێك كه جیاواز بێت له‌و رێكخستنه‌ی كه ده‌یبینین له قورئانی به‌رده‌ستدا، ئه‌مه له خۆیدا نابێته به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی كه ئه‌و ده‌ستنوسه قورئانێكه به رێكخستنێكی جیاواز، چونكه هه‌ر له كۆنه‌وه نه‌ریتێك هه‌بوه له ناو موسڵماناندا كه چه‌ند سوره‌تێكی هه‌ڵبژارده‌یان ]به تایبه‌تی سوره‌تی وه‌كو (الفاتحة) و (يس).. [له په‌ڕاوێكی بچوكدا كۆده‌كرده‌وه به بێ رێكخستنیان به‌و رێكخستنه باوه‌ی كه هه‌یه، ئه‌وه‌ش بۆ مه‌به‌ستی له‌به‌ركردن یان فێركردن.. له‌به‌ر ئه‌وه شتێكی نامۆ و تایبه‌تی نیه ئه‌گه‌ر ده‌ستنوسێكی قورئانی ببینینه‌وه كۆمه‌ڵێك سوره‌تی تێدا بێت به رێكخستنێكی جیاواز، به تایبه‌تی له مزگه‌وته‌كاندا كه شوێنی فێركردنی قورئان بوه. ئه‌وه‌ش كه پۆین تێبینیی كردوه ته‌نها ئه‌وه‌نده‌یه كه له (دو یان سێ) په‌ڕه‌دا چه‌ند سوره‌تێك هه‌ن به‌بێ رێكخستنی باو، كه ئه‌مه ـ وه‌كو رونمان كرده‌وه ـ مه‌رج نیه ببێته به‌ڵگه‌ی بونی نوسخه‌یه‌كی قورئانی به رێكخستنێكی جیاواز، به‌ڵكو ئه‌گه‌ری گه‌وره ئه‌وه‌یه كه ئه‌و چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه ته‌نها كۆكردنه‌وه‌ی چه‌ند سوره‌تێكی دیاریكراو بێت له لایه‌ن تاكه كه‌سێكه‌وه بۆ مه‌به‌ستێكی تایبه‌تی. هه‌رچه‌ند زانیاریی راسته‌وخۆمان نیه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ئه‌و داب‌ونه‌ریته (واته كۆكردنه‌وه‌ی چه‌ند سوره‌تێكی هه‌ڵبژارده) له چ مێژویه‌كدا هاتوه‌ته كایه.
ئه‌مه‌ی كه وتمان له‌سه‌ر رێكخستنی قورئان مه‌به‌ست سه‌رده‌مانی كۆتایی سه‌ده‌ی یه‌كه‌می كۆچی و دواتر بو (ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ده‌ستنوسه یه‌مه‌نیه‌كه‌ی بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه)، واته دوای بڵاوبونه‌وه و جێگیربونی نوسخه‌ی قورئانیی ستانداردی ئاماده‌كراو به سه‌رپه‌رشتیی عوثمانی كوڕی عه‌ففان، ئه‌گه‌رنا له سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ر و صه‌حابه‌دا له گێڕانه‌وه و ترادیسیۆنی ئیسلامی‌دا هه‌واڵ هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه رێكخستنی سوره‌ته‌كان له قورئاندا (دوای ئه‌وه‌ی كه ماوه‌یه‌ك رێكخستنێكی ئه‌وتۆ له ئارادا نه‌بوه) به چه‌ند قۆناغێكدا تێپه‌ڕیوه یان سه‌ره‌تا چه‌ند شێوه‌یه‌كی رێكخستن هه‌بوه پاشان ئه‌م شێوه‌یه‌ی ئێسته جێگیر بوه.. ئه‌مه‌ش درێژه‌ی باسه‌كه‌یه:
له كه‌له‌پوری ئیسلامی خۆیدا ناكۆكی (اختلاف) ێك هه‌یه له‌سه‌ر رێكخستنی سوره‌ته‌كان كه ئایا ئه‌و رێكخستنه كارێكی خوایی ـ واته (توقيفيّ) به زاراوه‌ی خۆیان ـ بوه یان به بیروڕا و كۆشش (اجتهاد) ی صه‌حابه ئه‌نجام دراوه. له‌سه‌ر ئه‌مه‌ش دو بیروڕا هه‌یه:
یه‌كه‌میان: بیروڕای زۆرینه (الجُمْهُور)، به تایبه‌تی له یه‌كه‌مینه‌كاندا، له‌وانه پێشه‌وا (مالك بن أنس)، هه‌روه‌ها (أبو بكر الباقِلّاني) (به پێی گفت "قَوْل" ێكی) و (ابن فارِس). ئه‌مانه وتویانه كه رێكخستنی سوره‌ته‌كان به‌گشتی كارێكی ئاسایی بوه كه صه‌حابه پێی هه‌ستاون. هه‌رچه‌ند گێڕانه‌وه‌ی (السُّيُوْطيّ) له (الإتقان) دا بۆ بیروڕای ئیبن فاریس ئه‌وه‌یه كه رێكخستنی چه‌ند سوره‌تێك له كۆمه‌ڵه‌یه‌كدا وه‌كو هه‌ر سێ كۆمه‌ڵه‌ی درێژه‌كان (الطِّوال) و سه‌ده‌كان (المِئِين) و جیاجیا (المُفَصَّل) ئه‌مه به ئاڕاسته‌كردنی خوایی بوه به‌ڵام رێكخستنی هه‌ر كۆمه‌ڵه‌یه‌ك به‌دوای ئه‌وی تردا ئه‌مه كاری صه‌حابه بوه.
به‌ڵگه‌ی ئه‌م بیروڕایه چه‌ند شتێكه، له‌وانه: ئه‌و نوسخه قورئانیانه‌ی كه صه‌حابه له ژیانی پێغه‌مبه‌ردا بۆ خۆیان نوسیویاننه‌وه كه رێكخستنیان جیاواز بوه، له‌وانه جۆرێكی له (مُصْحَف) ی عه‌لیدا به‌رجه‌سته ده‌بێت كه به رێكخستنی مێژویی رێكی خستوه واته سه‌ره‌تا سوره‌تی (اقرأ) ئینجا سوره‌ته مه‌ككه‌ییه‌كانی تر و ئینجا مه‌دینه‌ییه‌كان. جۆرێكی تریش وه‌كو (مُصْحَف) ی عه‌بدوڵڵای كوڕی مه‌سعود و ئه‌وه‌ی ئوبه‌یی كوڕی كه‌عب و كه‌سانی تر، كه ئه‌مه له رێكخستنیدا نزیك بوه له‌و رێكخستنه‌ی كه جێگیر بوه به‌ڵام جیاوازیی زۆریشی تێدایه، بۆ نمونه نوسخه‌كه‌ی ئیبن مه‌سعود به سوره‌تی (البقرة) ده‌ستی پێ ده‌كرد ئینجا (النساء) ئینجا (آل عمران)، له كاتێكدا رێكخستنه جێگیره‌كه بریتیه له (الفاتحة) ـ (البقرة) ـ ( آل عمران) ـ ( النساء). به‌ڵگه‌یه‌كی تریش كه ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت رێكخستنه‌كه به ئاڕاسته‌كردنی عوثمان بوه له گێڕانه‌وه‌یه‌كدا به‌رجه‌سته ده‌بێت له په‌ڕاوی (المصاحِف) ی (ابن أشْته) دا كه ده‌ڵێت عوثمان فه‌رمانی داوه به لیژنه‌ی ساخكردنه‌وه‌ی نوسخه‌ی ستانداردی قورئان كه سوره‌ته درێژه‌كان پێش بخه‌ن.
دوه‌میان: بیروڕای هه‌ندێك له یه‌كه‌مینه‌كان و زۆرێك له زانایانی ئایینیی سه‌رده‌مانی دره‌نگ، له‌وانه (الباقِلّاني) (به پێی گفت (قَوْل) ێكی تری) و (ابن الأنْباري) و (الطيبي) و (البَيْهَقي) و (النَّحَّاس) و (ابن عَطِيَّة) و (أبو جعفر ابن الزبير) و (ابن الحَصَّار) و (الكَرْماني) و (ابن حَجَر) و كه‌سانی تر. بیروڕای ئه‌مانه ئه‌وه‌یه كه هه‌مو سوره‌ته‌كان یان زۆربه‌یان هه‌ر له ژیانی پێغه‌مبه‌ردا و به ئاڕاسته‌كردنی خوایی رێك خراون(٢). به‌ڵگه‌ی ئه‌مانه‌ش كۆمه‌ڵێك گێڕانه‌وه‌یه به‌ڵام زیاتر پشتیان به‌ستوه (یان هان دراون) به بیروباوه‌ڕێكی ته‌قلیدی له‌ناو موسڵماناندا كه باس له‌وه ده‌كات كه قورئان به یه‌كپارچه‌یی و رێكخراوی له روته‌ختی پاسكراو (اللوح المحفوظ) دا بوه و پاشان هه‌ر به‌و شێوه‌یه دابه‌زیوه‌ته ئاسمانی هه‌ره‌نزیك (السما‌ء الدنيا) و ئینجا پارچه‌پارچه دابه‌زیوه. له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌م بیروڕایه سروشتی بیروڕای زانستی و واقیعبینانه‌ی نیه. جگه‌ی له‌وه‌ی كه ئه‌مانه زۆربه‌یان له زانایانی ئایینیی سه‌رده‌مه‌كانی دوایین، ئاشكرایشه كه مه‌عریفه‌ی ئایینی هه‌تا رۆژگاری زیاتری به‌سه‌ردا تێ بپه‌ڕێت زیاتر له شێوه واقیعیه‌كه‌ی دور ده‌كه‌وێته‌وه و زیاتر شێوه‌ی میتافیزیایی و ميثۆلۆجیایی وه‌رده‌گرێت و زیاتریش كورت ده‌كرێته‌وه له كۆمه‌ڵێك بنه‌مای دیاریكراودا و ره‌گ‌وریشه‌كان و بارودۆخه واقیعیه‌كه‌ی له بیر ده‌كرێن یان له گۆڕ ده‌نرێن!
له‌م سه‌رده‌مه‌شدا چه‌ند هه‌وڵێك دراوه بۆ بڵاوكردنه‌وه (ی وه‌رگێڕاو) ی قورئان به رێكخستنی مێژویی. له‌وانه كاری ج. م. رۆدوێل Rodwell J. M. كه بریتی بو له وه‌رگێڕانی قورئان بۆ ئینگلیزی به رێكخستنی مێژویی (مه‌ككه‌یی ئینجا مه‌دینه‌یی) ی سوره‌ته‌كان، ئه‌م كاره‌ش له ١٨٦١ دا ده‌ركه‌وت به ناوی
The Coran: Translation with Suras Arranged Chronologically
دوای ئه‌وه‌ش ساڵی ١٩٠٠ (میرزا أبو الفضل) له شاری (الله آباد) ی هیندستان وه‌رگێڕانێكی ئینگلیزیی تری بڵاوكرده‌وه به هه‌مان رێكخستنی مێژویی. ساڵی ١٩١١ یش كه‌سێكی موسڵمان له بێنگال Bengal (ی خۆرئاوا) وه‌رگێڕانێكی نوێی ئه‌نجام دا بۆ قورئان هه‌ر به رێكخستنی مێژویی، هه‌روه‌ها ساڵانی (١٩٣٧ ـ ١٩٣٩) یش د. ریچارد بێل Richard Bell وه‌رگێڕانێكی ئه‌نجام دا به هه‌مان شێواز و به شیته‌ڵكردنه‌وه‌یه‌كی زیاتره‌وه. ئه‌مانه‌ش هه‌مویان به زمانی ئینگلیزی.
هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌و تێبینیه‌ی پۆین كه شێوازێكی نادروست (واته پێچه‌وانه‌ی رێسای رێنوس) ی له نوسینی ئه‌لیف (ا) له هه‌ندێك شوێندا تێبینی كردوه.. هه‌رچه‌ند ئێمه نازانین ئه‌و شوێنانه كامانه‌ن تا راسته‌وخۆ قسه له بابه‌ته‌كه بكه‌ین و له‌وه‌ش دڵنیا نین كه ئه‌و شێوازه نادروسته‌ی نوسینی ئه‌لیف ته‌نها هه‌ڵه‌یه‌كی رێنوسه یان باكگراوندێكی هه‌یه له خوێندنه‌وه و فۆنه‌تیكدا یاخود ئایا له كه‌له‌پوری ئیسلامی‌دا ]له زانستی (رَسْم المُصْحَف) دا[ ئاماژه‌یه‌ك هه‌یه له‌و باره‌یه‌وه یان نا.. به‌ڵام ده‌كرێت ئاماژه بۆ ئه‌وه بكه‌ین كه شێوازی نادروست (واته جیاواز له‌و رێسایه‌ی كه له هه‌مو شوێنه‌كانی تری قورئاندا په‌یڕه‌و كراوه) له نوسینی ئه‌لیفدا (یان هه‌ر پیت و وشه‌یه‌كی تر) له نوسخه‌ی قورئانیی ئێسته‌شدا هه‌یه، وه‌كو ده‌سته‌واژه‌ی
(البقرة: ٧٢)، ده‌بینین لێره‌دا هه‌مزه (ء) یه‌كی نه‌بزواو (ساكن) هه‌یه و له پێشیشیدا پیتێكی بزواو به سه‌ر (فتحة) هه‌یه، له‌م حاڵه‌ته‌شدا رێسا وایه كه ده‌بێت ئه‌و هه‌مزه‌یه له‌سه‌ر ئه‌لیف به شێوه‌ی (أ) بنوسرێت واته (فَادَّارَأْتُمْ) (فَـ ـ ادَّارَأْ ـ تُمْ)، به‌ڵام ده‌بینین به شێوه‌ی (ء) نوسراوه، بۆ راستكردنه‌وه‌ی رێنوسه‌كه‌ش له نوسخه‌ی قورئانیی ئێسته‌دا ئه‌لیفێكی بچوك له ژێر هه‌مزه‌كه‌دا نوسراوه، ئاشكرایشه كه ده‌سته‌واژه‌كه له بنه‌ڕه‌تدا به شێوه‌یه‌ک نوسراوه که له‌نێوان پیتی (ر) و پیتی (ت) دا هیچ نیه، واته نه ئه‌لیف نوسراوه نه هه‌مزه. لێره‌دا ده‌بێت ئه‌وه رون بكه‌ینه‌وه كه له ئه‌ده‌بیاتی ئیسلامی‌دا (جگه له هه‌ندێك گێڕانه‌وه‌ی لاوه‌كی و بیروباوه‌ڕی فۆلكلۆری) ئه‌وه نه‌وتراوه كه رێنوسی قورئان له خواوه هاتوه و به‌شێكه له قورئان، چونكه ئاشكرایه له گێڕانه‌وه ئیسلامیه‌كاندا كه پێغه‌مبه‌ر بۆ خۆی هیچ رێنوماییه‌كی نوسینه‌وه‌ی قورئانی نه‌كردوه به‌ڵكو پڕۆسێسه‌كه هه‌موی نوسه‌ره‌وه‌كانی قورئان له صه‌حابه ئه‌نجامیان داوه، له‌به‌ر ئه‌وه ـ به پێی بیری ئایینیی ئیسلامی ـ ئه‌وه‌ی پیرۆز و خواییه له قورئان ته‌نها ده‌نگه‌كه‌ی یان بڵێین وتراوه‌كه‌یه‌تی، ئیتر نوسینه‌كه‌ی كارێكی ئاسایی بوه كه نوسه‌ره‌وه‌كان پێی هه‌ستاون به پێی ئه‌و هه‌نده شاره‌زاییه‌ی كه بویانه له رێنوسی عه‌ره‌بی ـ حیجازی كه لقێكه له رێنوسی ئاڕامی ـ نه‌به‌طى، هه‌ندێك جاریش ئه‌و كه‌سانه له رێسای رێنوسه‌كه لایان داوه یان له رێنوسدا له ژێر كاریگه‌ریی فۆنه‌تیكدا بون (بۆ نمونه هه‌ندێك جار پیتێك كه له خوێندنه‌وه‌دا ده‌ر ناكه‌وێت له نوسینیشدا نه‌یاننوسیوه!). ئه‌وانه‌یش كه دواتر هاتون زانیویانه كه نوسینه‌وه‌كه لادانی تێدایه له رێسای رێنوس به‌ڵام ـ وه‌كو بڵێیت ـ دڵیان نه‌هاتوه ده‌ستكاریی نوسینه‌وه‌ی صه‌حابه بكه‌ن و ئه‌و شێوازه‌یان وه‌كو خۆی هێشتوه‌ته‌وه. ئه‌م راستیه‌ش ره‌نگه هه‌ندێك موسڵمانی ئه‌م سه‌رده‌مه لێی بێ‌ئاگا بن و نكولیی لێ بكه‌ن به‌ڵام له لای زانایانی ئایینیی رابردو زۆر ئاشكرا بوه، بۆ نمونه ئیبن خه‌لدون له (المقدمة) دا ده‌ڵێت: (رێنوسی عه‌ره‌بی له سه‌ره‌تای مێژوی ئیسلامدا نه‌گه‌شتبوه لوتكه له تۆكمه‌یی و رێك‌وپێكیدا به‌ڵكو نه‌گه‌شتبوه ئاستێكی مامناوه‌ندیش، چونكه عه‌ره‌ب ده‌شته‌كی و دور له شارستانی و پیشه‌سازی بون.. سه‌رنج بده به هۆی ئه‌مه‌وه چی روی داوه له نوسینه‌وه‌یاندا بۆ قورئان، ئه‌وه‌ش چونكه صه‌حابه به خه‌تی خۆیان نوسیویانه‌ته‌وه و ئه‌و نوسینه‌وه‌یه‌ی خۆیشیان ئه‌وه‌نده تۆكمه و رێك‌وپێك نه‌بو ئیتر زۆرێك له شێوازه‌كانیان ناكۆك بو له‌گه‌ڵ رێساكانی رێنوسدا، پاشان پێشینانی موسڵمانان شوێنپێی ئه‌وانیان هه‌ڵ گرت وه‌كو پیت‌وفه‌ڕوه‌رگرتنێك له‌و شێوازی نوسینه‌ی هاوه‌ڵانی پێغه‌مبه‌ری خوا درود و سڵاوی خوای له‌سه‌ر بێت..)(٣).
ئه‌و رێنوسه تایبه‌تیه‌ی كه له قورئاندا هه‌یه و زۆر جار پێچه‌وانه‌ی رێنوسی عه‌ره‌بیی نوێیه و هه‌ندێك جار پێچه‌وانه‌ی ئه‌و رێسایانه‌یه كه له سه‌رله‌به‌ری قورئانیشدا ره‌چاو كراون؛ هه‌ندێك له زانایانی ئایینیی ئیسلامی له رابردودا پێیان وا بوه كه دروست (جائز) ه فه‌رامۆش بكرێت و قورئان به رێنوسی عه‌ره‌بیی نوێ بنوسرێته‌وه، به‌ڵكو زانایه‌كی ئایینیی به‌ناوبانگ و پله‌به‌رزی وه‌كو (عِزُّ الدين ابنُ عبدِ السّلام) ناسراو به (سلطان العلما‌ء) بیروڕای وا بوه كه پێویست (واجب) ـه قورئان به رێنوسی عه‌ره‌بیی نوێ بنوسرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌ی قورئان ئاسان ببێت و هه‌ڵه‌ی تێدا نه‌كرێت. ئه‌مانه‌ش هه‌مو ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نن كه رێنوسی قورئانی له خۆیدا به‌شێك نیه له قورئان وه‌كو به‌ها ئایینیه‌كه‌ی. له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌و هه‌ڵه یاخود جیاوازیانه‌ی كه پۆین سه‌رنجی داون یان له نوسخه‌ی قورئانیی ستانداردی ئێسته‌دا هه‌ن زیاتر سودیان هه‌یه وه‌كو كه‌ره‌سته‌یه‌ك بۆ مێژوی رێنوسی عه‌ره‌بی ـ قورئانی یاخود زانستی (رَسْم المُصْحَف) یان (علم الرَّسْم)، یان ـ به ده‌ربڕینێكی تر ـ زیاتر په‌یوه‌ندییان به مێژوی (المُصْحَف) ه‌وه هه‌یه تاكو ناوه‌ڕۆكی قورئان.. به‌ڵام ئه‌وه‌ش ده‌رك ده‌كه‌ین كه رێنوسی تایبه‌تیی قورئانیش له لایه‌كی تره‌وه كاری كردوه‌ته سه‌ر ناوه‌ڕۆكی قورئان له رێگه‌ی خوێندنه‌وه جیاوازه‌كانه‌وه، چونكه ئه‌و خوێندنه‌وه جیاوازانه له‌سه‌ر بنچینه‌ی ئه‌و رێنوسه تایبه‌تیه بنیات نراون كه خاڵ و سه‌روبۆری بۆ نه‌كراوه و خوێندنه‌وه‌ی جیاواز هه‌ڵ ده‌گرێت، به‌ڵام له كه‌له‌پوری ئیسلامی‌دا ئه‌و خوێندنه‌وه جیاوازانه به شێوه‌ی گێڕانه‌وه (رِواية) پێشان دراون، كه ئه‌مه‌ش رێی تێ ناچێت چونكه ئه‌و خوێندنه‌وانه زۆرن و جیاوازن و ناگونجێت پێغه‌مبه‌ر سه‌رقاڵی گه‌یاندنی ئه‌م هه‌مو خوێندنه‌وه جیاوازانه بوبێت، هه‌روه‌ها هه‌ندێك فه‌رموده‌ی وه‌كو (أُنْزِلَ القرآنُ على سبعة أحْرُف) ساز كراون بۆ دۆزینه‌وه‌ی بنچینه و پاساوی ئایینی بۆ خوێندنه‌وه جیاوازه‌كان.. له كاتێكدا به رونی دیاره كه خوێندنه‌وه‌ی وا هه‌یه كه جگه له‌وه‌ی رێنوسه روته‌كه هه‌ڵگری خوێندنه‌وه‌ی جیاوازه هیچ پاساوێكی تری نیه، بۆ نمونه: (و جَعَلُوا الملائكةَ الذين هم عِبادُ الرحمنِ إناثا) (الزُّخْرُف: ١٩)، له خوێندنه‌وه‌ی كوفه‌یی و به‌سڕه‌یی (أبو عمرو) دا، ده‌بێته (عِنْدَ الرحمن) له خوێندنه‌وه‌ی حیجازیه‌كان و (یعقوب) دا (له نوسخه‌ی قورئانیی خۆرئاوای جیهانی ئیسلامییشدا وا نوسراوه)، ئه‌مه‌ش دو واتای جیاوازن و ناكرێت له گێڕانه‌وه‌ی تاكه ده‌قێكدا ئه‌و جیاوازیه رو بدات، به‌ڵكو نهێنیی بابه‌ته‌كه ته‌نها ئه‌وه‌یه كه وشه‌كه له رێنوسه بنه‌ڕه‌تیه‌كه‌دا به شێوه‌ی
نوسراوه ئه‌وه‌ش خوێندنه‌وه‌ی جیاواز هه‌ڵ ده‌گرێت. له به‌رامبه‌ریشه‌وه دواتر خوێندنه‌وه جیاوازه‌كان كاریان كردوه‌ته سه‌ر رێنوسی قورئانی و نوسینه‌وه‌ی (المُصْحَف) چونكه دواتر هه‌ر نوسخه‌یه‌ك به پێی خوێندنه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تی نوسراون، بۆیه ئێسته له جیهانی ئیسلامی‌دا دو نوسخه‌ی قورئانیی جیاواز هه‌ن: له خۆرهه‌ڵات: نوسخه‌یه‌ك به پێ خوێندنه‌وه‌ی (عاصِم) ی كوفه‌یی به گێڕانه‌وه‌ی (حَفْص) كه ئه‌مه بوه‌ته نوسخه‌یه‌كی جیهانی، له خۆرئاوا (المغرب): نوسخه‌یه‌ك به پێی خوێندنه‌وه‌ی (نافِع) ی مه‌دینه‌یی به گێڕانه‌وه‌ی (وَرْش) كه ئه‌مه له سه‌عودیه‌ش چاپ كراوه. له‌به‌ر ئه‌مانه پێویستیه‌كی زانستیه كه ـ ئه‌گه‌ر بتوانرێت ـ ده‌قێكی قورئانیی پوخت و بژاركراو گه‌ڵاڵه بكرێت كه نزیكتر بێت له شێوه‌ی بنه‌ڕه‌تی ده‌قه‌كه‌وه و ره‌سه‌نتر بێت له خوێندنه‌وه جیاوازه‌كان.. هه‌وڵی پۆین و هه‌مو خۆرهه‌ڵاتناسه‌كانی تریش هه‌ر بۆ ئه‌م ئامانجه‌یه. بۆ ئه‌مه‌ش پێویستی به كه‌ره‌سته‌ی زۆر ده‌بێت: ده‌ستنوسی قورئانیی كۆن و كۆنتر، به‌راوردی ده‌قه‌كان به ده‌ق و رێنوسی ئاڕامی، دۆزینه‌وه‌ی شێوه و واتای بنه‌ڕه‌تیی ده‌قه‌كه له رێگه‌ی میتۆدێكی فیلۆلۆجیایی نوێوه، پشكنینی كه‌له‌پوری ئیسلامی له بواری راڤه‌ی قورئاندا به شێوازێكی زانستی، دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كانی كه‌له‌پوری ئیسلامی (كه چه‌نده زۆریشن) له راڤه‌ی ده‌قه‌كاندا. جگه له‌مانه‌ش كاتێك ده‌زانین كه موسڵمانه یه‌كه‌مینه‌كان به ئازادیه‌كی ته‌واوه قورئانیان خوێندوه‌ته‌وه و خوێندنه‌وه‌ی جیاواز هه‌بوه و هه‌ر یه‌كه به پێی شێوه‌زاری خۆی و بۆچونی خۆی له راڤه و لایه‌نی زمانه‌وانیی ده‌قه‌كه‌دا ده‌قه‌كه‌ی خوێندوه‌ته‌وه و ـ به‌ڵكو ـ له لای صه‌حابه و تابیعیه‌كان خوێندنه‌وه‌ی وا هه‌بو كه وشه و دو وشه و سێ وشه‌ی زیاد كردوه بۆ ده‌قه‌كه؛ ئیتر تێ ده‌گه‌ین كه ئه‌و هۆشیاریه ئیسلامیه ساكار و ته‌نكاوه‌ی ئه‌مڕۆ كه هه‌مو وشه و پیت و خاڵ و سهروبۆر... ێك له نوسخه‌ی قورئانیی ئێسته‌دا وه‌كو دیارده‌یه‌كی خوایی و جیهانی و هه‌تاهه‌تایی ده‌بینێت، ئه‌م هۆشیاریه بۆ خۆی به‌ئه‌مه‌ك نیه بۆ كه‌له‌پوری ئیسلامیی بنه‌ڕه‌تی به‌ڵكو ته‌نها كورتكردنه‌وه (اختزال) و ساده‌كردنه‌وه و زیاتر غه‌یبانیكردنی بیری ئایینیی ئیسلامیه. هه‌ر زو ئه‌وه‌ش ده‌رك كراوه كه نوسخه‌ی قورئانیی به‌رده‌ستی ئێسته ته‌نها (خوێندنه‌وه) یه‌كی قورئانه یان ـ رونتر بڵێین ـ ته‌نها پاكنوسێك یان چاپێكی قورئانه، به پێچه‌وانه‌ی بیركردنه‌وه‌ی هه‌ر رۆشنبیرێكی ئیسلامیه‌وه كه له كه‌له‌پوری ئیسلامی‌یش دابڕاوه نه‌ك ته‌نها له كولتوری نوێی مرۆڤایه‌تی.. هه‌ر بۆیه زانستی (القراءات) له ئه‌ده‌بیاتی ئیسلامیی نوێ‌دا هه‌ر ناوی نیه و ته‌نها خۆرهه‌ڵاتناسه‌كان بایه‌خی پێ ده‌ده‌ن.
ئه‌و رێنوسه تایبه‌تیه‌ی كه له قورئاندا هه‌یه و زۆر جار پێچه‌وانه‌ی رێنوسی عه‌ره‌بیی نوێیه و هه‌ندێك جار پێچه‌وانه‌ی ئه‌و رێسایانه‌یه كه له سه‌رله‌به‌ری قورئانیشدا ره‌چاو كراون؛ هه‌ندێك له زانایانی ئایینیی ئیسلامی له رابردودا پێیان وا بوه كه دروست (جائز) ه فه‌رامۆش بكرێت و قورئان به رێنوسی عه‌ره‌بیی نوێ بنوسرێته‌وه، به‌ڵكو زانایه‌كی ئایینیی به‌ناوبانگ و پله‌به‌رزی وه‌كو (عِزُّ الدين ابنُ عبدِ السّلام) ناسراو به (سلطان العلما‌ء) بیروڕای وا بوه كه پێویست (واجب) ـه قورئان به رێنوسی عه‌ره‌بیی نوێ بنوسرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌ی قورئان ئاسان ببێت و هه‌ڵه‌ی تێدا نه‌كرێت. ئه‌مانه‌ش هه‌مو ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نن كه رێنوسی قورئانی له خۆیدا به‌شێك نیه له قورئان وه‌كو به‌ها ئایینیه‌كه‌ی. له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌و هه‌ڵه یاخود جیاوازیانه‌ی كه پۆین سه‌رنجی داون یان له نوسخه‌ی قورئانیی ستانداردی ئێسته‌دا هه‌ن زیاتر سودیان هه‌یه وه‌كو كه‌ره‌سته‌یه‌ك بۆ مێژوی رێنوسی عه‌ره‌بی ـ قورئانی یاخود زانستی (رَسْم المُصْحَف) یان (علم الرَّسْم)، یان ـ به ده‌ربڕینێكی تر ـ زیاتر په‌یوه‌ندییان به مێژوی (المُصْحَف) ه‌وه هه‌یه تاكو ناوه‌ڕۆكی قورئان.. به‌ڵام ئه‌وه‌ش ده‌رك ده‌كه‌ین كه رێنوسی تایبه‌تیی قورئانیش له لایه‌كی تره‌وه كاری كردوه‌ته سه‌ر ناوه‌ڕۆكی قورئان له رێگه‌ی خوێندنه‌وه جیاوازه‌كانه‌وه، چونكه ئه‌و خوێندنه‌وه جیاوازانه له‌سه‌ر بنچینه‌ی ئه‌و رێنوسه تایبه‌تیه بنیات نراون كه خاڵ و سه‌روبۆری بۆ نه‌كراوه و خوێندنه‌وه‌ی جیاواز هه‌ڵ ده‌گرێت، به‌ڵام له كه‌له‌پوری ئیسلامی‌دا ئه‌و خوێندنه‌وه جیاوازانه به شێوه‌ی گێڕانه‌وه (رِواية) پێشان دراون، كه ئه‌مه‌ش رێی تێ ناچێت چونكه ئه‌و خوێندنه‌وانه زۆرن و جیاوازن و ناگونجێت پێغه‌مبه‌ر سه‌رقاڵی گه‌یاندنی ئه‌م هه‌مو خوێندنه‌وه جیاوازانه بوبێت، هه‌روه‌ها هه‌ندێك فه‌رموده‌ی وه‌كو (أُنْزِلَ القرآنُ على سبعة أحْرُف) ساز كراون بۆ دۆزینه‌وه‌ی بنچینه و پاساوی ئایینی بۆ خوێندنه‌وه جیاوازه‌كان.. له كاتێكدا به رونی دیاره كه خوێندنه‌وه‌ی وا هه‌یه كه جگه له‌وه‌ی رێنوسه روته‌كه هه‌ڵگری خوێندنه‌وه‌ی جیاوازه هیچ پاساوێكی تری نیه، بۆ نمونه: (و جَعَلُوا الملائكةَ الذين هم عِبادُ الرحمنِ إناثا) (الزُّخْرُف: ١٩)، له خوێندنه‌وه‌ی كوفه‌یی و به‌سڕه‌یی (أبو عمرو) دا، ده‌بێته (عِنْدَ الرحمن) له خوێندنه‌وه‌ی حیجازیه‌كان و (یعقوب) دا (له نوسخه‌ی قورئانیی خۆرئاوای جیهانی ئیسلامییشدا وا نوسراوه)، ئه‌مه‌ش دو واتای جیاوازن و ناكرێت له گێڕانه‌وه‌ی تاكه ده‌قێكدا ئه‌و جیاوازیه رو بدات، به‌ڵكو نهێنیی بابه‌ته‌كه ته‌نها ئه‌وه‌یه كه وشه‌كه له رێنوسه بنه‌ڕه‌تیه‌كه‌دا به شێوه‌ی
ئینجا سه‌باره‌ت به جیاوازی له ژماردنی ئایه‌ته‌كاندا كه پۆین له هه‌ندێك سوره‌تدا تێبینیی كردوه.. سه‌ره‌تا ده‌بێت ئاماژه بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی كه دانانی ژماره‌ی ئایه‌ته‌كان یاخود دیاریكردنی سه‌ری ئایه‌ته‌كان كارێك بوه كه دوای ته‌واوبون و كۆكردنه‌وه و ساخكردنه‌وه‌ی نوسخه‌ی ستانداردی قورئان ئه‌نجام دراوه و ـ له بنه‌ڕه‌تدا ـ به‌شێك نیه له قورئان، له ترادیسیۆنی ئیسلامییشدا بابه‌ته‌كه زانستێكی ئایینیه به ناوی زانستی سه‌ری ئایه‌ته‌كان (علم رُؤُوس الآي) یان (فَواصِل الآي)، هه‌رچه‌ند په‌یوه‌ندیی توندوتۆڵی به بابه‌تی وه‌ستان و ده‌ستپێكردنه‌وه (الوَقْف و الابْتِداء) یاخود (القَطْع و الائْتِناف) ه‌وه هه‌یه كه ئه‌مه‌ش زانستێكی ئایینیی تره. ئینجا له ئیسلامدا چه‌ند شێوازێك هه‌بوه بۆ ژماردنی ئایه‌ته‌كان به پێی خوێندنه‌وه جیاوازه‌كان، ئیتر جاری وا هه‌یه خوێنه‌ره كوفه‌ییه‌كان (عاصِم و حَمْزة و الكِسائيّ) به شێوه‌یه‌ك ئایه‌ته‌كانی سوره‌تێكیان ژماردوه و ئه‌وانی تر به شێوه‌یه‌كی تر، هه‌ندێك جاریش هه‌ر یه‌كه له خوێنه‌رانی كوفه‌یی و به‌سڕه‌یی (أبو عَمْرٍو ابنُ العلاء و يعقوب) و شامی (ابن عامِر) و حیجازی: مه‌ككه‌یی (ابن كَثِير) و مه‌دینه‌یی (نافِع) ـ به شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت ئایه‌ته‌كانی سوره‌تێكیان ژماردوه، بۆ نمونه سوره‌تی (البقرة) لای به‌سڕه‌ییه‌كان (٢٨٧) ئایه‌ته، لای كوفه‌ییه‌كان (٢٨٦)، لای حیجازیه‌كان (٢٨٥)، لای شامیه‌كان (٢٨٤)(٤).
ئیتر ئه‌و ژماردنه جیاوازه‌ی ئایه‌ته‌كان كه پۆین تێبینیی كردوه شتێكه له‌م بابه‌ته، مه‌گه‌ر كاتێك جیاواز بێت له هه‌مو ئه‌و ژماردنانه‌ی كه له سه‌رچاوه ئیسلامیه‌كاندا هاتون ئه‌و كاته شتێكی سه‌رنجڕاكێش و تایبه‌تی ده‌بێت، به‌ڵام هێشتا په‌یوه‌ندیه‌كی توندوتۆڵی نابێت به قورئانه‌وه وه‌كو ناوه‌ڕۆك و به‌ها ئایینیه‌كه‌ی به‌و شێوه‌یه‌ی كه له كه‌له‌پوری ئیسلامی‌دا خراوه‌ته رو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌مو (جیاوازی) ه‌ك له نوسخه‌ی قورئانیی چاپكراوی ئێسته نامۆیه به هۆشیاریی ئیسلامیی نوێ ]هه‌رچه‌ند وشه‌ی (نوێ) لێره‌دا مه‌جازه و حه‌قیقه‌ت نیه ! .[
ئه‌م تێبینیانه‌ی كه خستماننه رو له‌سه‌ر سه‌رنجه‌كانی پۆین ته‌نها هه‌ندێك تێبینیی سه‌ره‌تایی بون، ئه‌گه‌رنا ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت قسه‌ی كۆتایی له باره‌ی ده‌ستنوسه قورئانیه یه‌مه‌نیه‌كه‌وه بكه‌ین ده‌بێت راسته‌وخۆ دیارده‌كان ده‌ستنیشان بكه‌ین.. بۆ نمونه ده‌بێت بزانین ئه‌و هه‌نده جیاوازیانه‌ی كه پۆین تێبینیی كردون (وه‌كو له نوسینی ئه‌لیف و هه‌ندێك شتی تردا) كامانه‌ن و به دڵنیاییه‌وه بزانین ئایا هه‌ڵه‌ی رێنوسن یان شتی مه‌به‌ستدارن و خوێندنه‌وه‌ی جیاوازن یاخود ئایا جیاوازیه‌كه خاڵ و سهروبۆر ده‌گرێته‌وه یان تێ ده‌په‌ڕێت بۆ جیاوازی له رێنوس (رَسْم) ی بنه‌ڕه‌تیدا ]كه پێی ده‌وترێت (رَسْم المُصْحَف) كه ته‌نها شێوه‌ی پیته‌كان ده‌گرێته‌وه به بێ خاڵ و سهروبۆر و هه‌روه‌ها به بێ (هه‌مزه) واته (ء)، بۆ نمونه (الْقُرْءَان) له بنه‌ڕه‌تدا نوسراوه (الڡران)، پێشه‌وا (الشافعي) یش پێی وابوه ناوی قورئان له راستیدا بریتیه له (القُرَان)، هه‌روه‌ها به بێ هه‌ندێك پیتیش كه له خوێندنه‌وه‌ی ره‌سمیدا هه‌ن و له نوسخه‌ی ئێسته‌دا به بچوكی نوسراون، بۆ نمونه:
(الأنبياء: ٨٨) واته (نُنْجِي) له بنه‌ڕه‌تدا نوسراوه (نجي)[، چونكه ته‌نها حاڵه‌تی دوه‌میان گرنگیی گه‌وره‌ی هه‌یه، چونكه جیاوازیی خاڵ و سهروبۆر و هه‌ر پیتێك كه به بچوكی بنوسرێت و وشه‌كه له (رَسْم) ی بنه‌ڕه‌تی نه‌باته ده‌ره‌وه ئه‌وه ئێسته‌ش هه‌یه، بۆ نمونه نوسخه‌ی قورئانیی موسوڵمانانی خۆرئاوای جیهانی ئیسلامی، چونكه خوێندنه‌وه‌ی په‌سه‌ندكراو لای ئه‌وان بریتیه له خوێندنه‌وه‌ی (نافِع) ی مه‌دینه‌یی به گێڕانه‌وه‌ی (وَرْش)، له‌به‌ر ئه‌وه نوسخه قورئانیه‌كان له‌وێ به پێی ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه خاڵ و سه‌روبۆریان بۆ ده‌كرێت، به‌ڵام له خۆرهه‌ڵاتی جیهانی ئیسلامی‌دا نوسخه‌ی قورئان به پێی خوێندنه‌وه‌ی (عاصِم) ی كوفه‌ییه به گێڕانه‌وه‌ی (حَفْص)، وه‌كو پێشتریش ئاماژه‌ی بۆ كرا. له راستیدا ئه‌م دو نوسخه قورئانیه له نزیكه‌ی (١٧) شوێندا جیاوازییان له رێنوسی بنه‌ڕه‌تییشدا هه‌یه، واته جیاوازی به پیت و وشه نه‌ك ته‌نها جیاوازی به خاڵ و سهروبۆر ]بۆ نمونه: (... و مَن يَتَوَلَّ فإنَّ اللهَ هُوَ الغَنيُّ الحَميدُ) (الحدید: ٢٤)، ئه‌مه به پێی خوێندنه‌وه‌ی كوفه‌یی و به‌سڕه‌یی و مه‌كه‌ییه‌كان و له نوسخه‌ی خۆرهه‌ڵاتدا، به‌ڵام به پێی خوێندنه‌وه‌ی (نافع) ی مه‌دینه‌یی و (ابن عامر) ی شامی و له نوسخه‌ی مه‌غریبیدا ده‌بێته: (فإنَّ اللهَ الغَنيُّ الحَميدُ)، واته به وشه‌ی (هُوَ) جیاوازن كه ئه‌مه كار ده‌كاته سه‌ر بنچینه‌ی رێنوسه‌كه‌ش[. هه‌روه‌ها ئه‌و چه‌ند سوره‌ته‌ی كه له دو یان سێ په‌ڕه‌دا به رێكخستنی جیاواز هاتون ده‌بێت بزانین كام سوره‌تانه‌ن و رێكخستنه‌كه چۆنه و پشتی به چ بیرۆكه‌یه‌ك به‌ستوه و بزانین كه ئایا له كه‌له‌پوری ئیسلامی‌دا گێڕانه‌وه‌یه‌ك هه‌یه پشتگیریی ئه‌و رێكخستنه بكات یان نا. هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به نوسینه سڕاوه‌كان ده‌بێت به وردی بپشكنرێن و ـ ئه‌گه‌ر له توانادا بێت ـ بخوێنرێنه‌وه و بزانرێت په‌یوه‌ندییان به نوسینه نوێیه‌كه‌وه چیه. له‌به‌ر ئه‌وه هیوادارین توێژینه‌وه‌یه‌كى سه‌رله‌به‌ر و ته‌واوى ده‌ستنوسه‌كان و به شێوه‌یه‌كى ته‌واو زانستى و بێلایه‌ن فه‌راهه‌م بێت و ئه‌وه‌ش ده‌ستپێكى قۆناغێكى نوێى لێكۆڵینه‌وه‌ى مێژوى قورئان بێت. ئێمه‌ش له لایه‌ن خۆمانه‌وه به دواى هه‌ر ئه‌نجامێكدا ده‌چین كه رابگه‌یه‌نرێت له‌و باره‌یه‌وه و خوێنه‌رانى به‌ڕێزى لێ ئاگادار ده‌كه‌ین.
په‌راوێز:
(١) هه‌روه‌ها بڕوانه: المسيري، عبد الوهاب، موسوعة اليهود و اليهودية و الصهيونية (CD-R). بيت العرب للتوثيق العصري و النظم. مجـ. ٥، ج. ٢، باب ٤، مُدْخَل: نَقْد العهد القديم.
(٢) ده‌رباره‌ی رێكخستنی قورئان، بڕوانه:
السيوطي، الإتقان في علوم القرآ‌ن. مطبعة حجازي، القاهرة، ١٣٦٨ ه. ج. ١، ص‌ص. ٦٣ ـ ٦٥.
السيوطي، أسرار ترتيب القرآ‌ن (تناسُق الدُّرَر في تناسُب السُّوَر). دراسة و تحقيق: عبد القادر أحمد عطا. الطبعة الثانية، دار بوسلامة للطباعة و النشر و التوزيع، تونس، ١٩٨٥. ص‌ص. ٦٨ ـ ٧١.
(٣) ابن خلدون، المقدمة. مطبعة مصطفى محمد، مصر. الباب ٥، الفصل ٣٠: في أن الخط و الكتابة من عداد الصناعات الإنسانية. ص ٤١٩. ]ئێمه لێره‌دا كارمان به‌وه نیه كه ئیبن خه‌لدون ـ هه‌رچه‌ند ده‌چێته‌وه سه‌ر خێڵی (الأَزْد) ی یه‌مه‌نی ـ به‌ڕبه‌ڕی بوه و عه‌ره‌بی خۆش نه‌ویستوه، یان ئه‌و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بی ده‌شته‌كیی بیابانی ئه‌فریقا كردوه، بۆیه به‌و شێوه‌یه له هه‌مو (المقدمة) دا به شێوه‌یه‌كی نێگه‌تیڤ بۆ عه‌ره‌ب ده‌ڕوانێت.. به‌ڵكو مه‌به‌سته‌كه ئه‌وه بو كه له لای ئیبن خه‌لدون ئاشكرایه كه رێنوس له قورئاندا كاری صه‌حابه‌یه و به‌شێك نیه له قورئان وه‌كو به‌ها ئایینیه‌كه‌ی، ئیبن خه‌لدونیش ته‌نها نمونه‌یه‌ك بو[.
(٤) الطَّبَرْسيّ، مَجْمَع البيان في تفسير القرآ‌ن. تصحيح و تعليق: السيد هاشم الرسولي المحلاتي. المكتبة العلمية الإسلامية، طهران. مج. ١، ج. ١، ص. ٣٢. ]له ده‌رفه‌تێكی تردا به خشته‌یه‌ك ئه‌م جیاوازیانه ده‌رباره‌ی هه‌مو سوره‌ته‌كان ده‌خه‌ینه رو[.
سه‌رچاوه‌كان
1. Lester, Toby, What is the Koran? The Atlantic Monthly, January 1999. Vol. 283. No.1. PP. 43-56. Aailable at: The Atlantic online.
2. What is the Koran? Iran News, Russian Information Agency. September 2005.
3. Meeran, V. Muhammed, (Understanding Quran) Translations of the Quran in European Langauages. Islamic Voice (Monthly). Vol 15-02, No:170, February 2001.
4. Shaiban, Layth Al-, Which Quran? (PDF). @ www.free-minds.org.
٥. ابن خلدون، المقدمة. مطبعة مصطفى محمد، مصر.
٦. السيوطي، الإتقان في علوم القرآ‌ن. مطبعة حجازي، القاهرة، ١٣٦٨ هـ.
٧. السيوطي، أسرار ترتيب القرآ‌ن (تناسُق الدُّرَر في تناسُب السُّوَر). دراسة و تحقيق: عبد القادر أحمد عطا. الطبعة الثانية، دار بوسلامة للطباعة و النشر و التوزيع، تونس، ١٩٨٥.
٨. الطَّبَرْسيّ، مَجْمَع البيان في تفسير القرآ‌ن. تصحيح و تعليق: السيد هاشم الرسولي المحلاتي. المكتبة العلمية الإسلامية، طهران.
٩. المسيري، عبد الوهاب، موسوعة اليهود و اليهودية و الصهيونية (CD-R). بيت العرب للتوثيق العصري و النظم.
١٠. علما‌ء إسلاميون يحذرون من خطورة أفكار غربية تزعم حدوث تغير في النص القرآني. القدس العربي. ١٠ / ٨ /٢٠٠٠.
٩. المسيري، عبد الوهاب، موسوعة اليهود و اليهودية و الصهيونية (CD-R). بيت العرب للتوثيق العصري و النظم.
١٠. علما‌ء إسلاميون يحذرون من خطورة أفكار غربية تزعم حدوث تغير في النص القرآني. القدس العربي. ١٠ / ٨ /٢٠٠٠.