جه‌ژنی نه‌ورۆز و بڕوبیانوی هه‌ندێك له ئیسلامیه‌كان
سه‌روه‌ر پێنجوێنی
مه‌لا عه‌بدوصصه‌مه‌د
له‌م به‌شه‌دا، دێینه سه‌ر لێدوان و فه‌توای ئه‌م مه‌لا سه‌له‌فی ـ جیهادیه، بۆیه له‌سه‌ر ئه‌و به‌ڵگه ئایینیانه هه‌ڵوێسته ده‌كه‌ین كه هه‌وڵی داوه بیانكات به به‌ڵگه‌ی حه‌رامكردنی نه‌ورۆز و كوفراندنی به‌شداریكردنی ئه‌و جه‌ژنه. ئه‌مه‌ش ده‌بێته قسه‌كردن له‌سه‌ر باوه‌ڕ و هه‌ڵوێستی كه‌رته‌یه‌ك له ئیسلامیه‌كانی كوردستان كه بریتین له مه‌لاكرێكاریه‌كان و جه‌ماوه‌رێك له ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كه به‌ئه‌مه‌كن بۆ بیری سه‌له‌فی ـ جیهادی كه بنه‌ڕه‌ت و بنچینه‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامیه.
كورته‌ی وتار و فه‌تواكه‌ی مه‌لا (عه‌بدوصصه‌مه‌د) سه‌باره‌ت به نه‌ورۆز ئه‌وه‌یه: " ئاهه‌نگگێڕان به بۆنه‌ی نه‌ورۆز؛ دروست (جائز) نیه"، و "دروست نیه به نه‌ورۆز بوترێت جه‌ژن". هه‌رچه‌ند ئێمه وه‌كو كورد چاوه‌ڕێی هیچ فه‌توا و ڕێگه‌پێدانێك نین بۆ جه‌ژنی نه‌ورۆز و فه‌توای حه‌ڵاڵكردنیشی وه‌رناگرین چونكه هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه نه‌ورۆز به كه‌له‌پورێكی نه‌ته‌وه‌یی ده‌زانین كه ده‌كه‌وێته پێش ئیسلام و ئیسلامه‌تی و به جه‌ژنێكی نه‌ته‌وه‌یی و دنیایی ده‌زانین كه ده‌ستتێوه‌ردانی ئایین له بابه‌تێكی وه‌هادا قبوڵ ناكه‌ین و ڕه‌وایه‌تییشی له ئایینه‌وه وه‌رناگرین.. به‌ڵام بۆ مشت‌ومڕ لێره‌وه دێینه سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كردن له‌سه‌ر به‌ڵگه‌كانی ناوبراو بۆ ئه‌م فه‌توایه:
به‌ڵگه‌كانی:
١. (نه‌ورۆز بیدعه‌یه):
ئه‌م مه‌لایه باوه‌ڕی وایه هه‌رچی له ده‌قه ئیسلامیه‌كاندا باس نه‌كرابێت و داوا نه‌كرابێت و پێغه‌مبه‌ر و موسوڵمانانی سه‌ره‌تا جێبه‌جێیان نه‌كردبێت؛ ئیتر دروست نیه و نابێت هه‌بێت!
كێشه‌ی یه‌كه‌می ئه‌م جۆره بیركردنه‌وه‌یه ئه‌وه‌یه كه هه‌مو ژیان و كۆمه‌ڵگه و هه‌مو هه‌ڵس‌وكه‌وتێك به ئایین ده‌زانن، ڕوبه‌رێك ناهێڵنه‌وه بۆ دنیا و بۆ شتی دنیایی و ئاسایی. پێیان وایه هه‌رچی هه‌یه له دنیادا ده‌بێت به كۆنتڕۆڵ و فلته‌ری ئاییندا بڕوات و هه‌مو كار و هه‌ڵس‌وكه‌وت و دیارده‌یه‌ك ده‌بێت له ئاییندا ناوی هه‌بێت و حوكمی هه‌بێت. ئه‌مه‌یه كه ئێمه ڕوبه‌ڕوی ده‌وه‌ستینه‌وه: به‌ئایینیكردنی هه‌مو ژیان و كۆمه‌ڵگا، كه پرۆژه‌ی ئیسلامیه‌كانه، به‌تایبه‌تی سه‌له‌فیه‌كان به‌گشتی و به‌تایبه‌تتر سه‌له‌فی ـ جیهادیه‌كانی وه‌كو ئه‌م مه‌لایه كه ته‌نها قسه‌كردنی به كوردیه. ئه‌گه‌رنا ئاهه‌نگێكی دنیایی به بۆنه‌ی هاتنی وه‌رزی به‌هاره‌وه؛ بۆچی ده‌بێت به كۆنتڕۆڵی ئاییندا تێپه‌ڕ ببێت و حوكمی شه‌رعیی هه‌بێت و به ناڕه‌وا دابنرێت ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئیسلام داینه‌هێناوه؟ مه‌سه‌له‌كه له جه‌وهه‌ردا ئه‌وه‌یه ئه‌م ئیسلامیانه خۆیان هێشتا له سه‌رده‌می ئایین و ئه‌فسانه‌دا ده‌ژین، هێشتا خۆیان به جیهانبینییه‌كی ئایینیی گشتگیر ئابڵوقه دراون كه هیچی تر نابینێت له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و جیهانبینیه ئایینیه و ئه‌و جۆره تێڕوانینه بۆ بون و بونه‌وه‌ر، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی ئه‌وانه‌ش جیاوازن؛ هه‌ر له ڕوانگه‌ی ناسنامه و جیهانبینیی ئایینیه‌وه ده‌بینێت.. بۆ نمونه: ئه‌و مرۆڤه‌ی هیچ خوایه‌ك ناپه‌رستێت و هه‌ر باوه‌ڕی به بونی شتی ناماددی نیه؛ لای ئه‌وان ئه‌وه‌ش هه‌ر په‌رستشكاره: ده‌ڵێن ئه‌وه ئاره‌زوی خۆی ده‌په‌رستێت و حه‌ز و ئاره‌زوی كردوه به خوای خۆی! بۆیه هه‌میشه پێناسه و پۆلێنه‌كانیان ئایینین، و هه‌مو شتێك لای ئه‌وان مانای ئایینی وه‌رده‌گرێت، و ـ بۆ نمونه ـ ڕوداوگه‌لی وه‌كو هاتنی هێزه‌كانی ئه‌مێریكا و هاوپه‌یمانانی بۆ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و خستنی ڕژێمی به‌عس؛ له ڕوانگه‌ی ئه‌وانه‌وه ڕوداوگه‌لێكن كه به‌شێكن له ڕوداوه‌كانی كۆتایی ڕۆژگار له ڕوانگه‌ی بیری ئایینیه‌وه. ئیتر ده‌ركیان بۆ شته‌كان ده‌ركێكی ئایینیه. هه‌ر كاتێكیش بیانه‌وێت دژایه‌تیی دیارده‌یه‌ك یان داب‌ونه‌ریتێك بكه‌ن كه بۆ ئه‌وان نامۆ بێت؛ ده‌كه‌ونه دۆزینه‌وه‌ی بیانوی ئایینی و زیندوكردنه‌وه‌ی ڕابردوی ئایینیی ئه‌و دیارده و داب‌ونه‌ریتانه هه‌تا بتوانن شه‌ڕێكی ئایینی به‌و دیارده و داب‌ونه‌ریته بگێڕن.
كێشه‌یه‌كی تریان، كه هه‌ر ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌كی كێشه‌ی یه‌كه‌مه؛ ئه‌وه‌یه، زۆر جار، وه‌كو حاڵه‌تی ئه‌م مه‌لایه، كاتێك له چوارچێوه‌ی پاراستنی ڕه‌سه‌نایه‌تیی ئایینی‌دا چه‌مك و پۆلێنی (بیدعه) به‌كار ده‌هێنن؛ به شێوه‌یه‌ك به‌كاری ده‌هێنن كه به‌پێی ئه‌و پێناسه و چه‌مكه ڕه‌سه‌نه نیه كه هه‌یه‌تی، چونكه ئه‌مانه به هه‌ر شتێك ده‌ڵێن بیدعه كه موسوڵمانانی یه‌كه‌م موماسه‌ره‌یان نه‌كردبێت و ده‌قه ئیسلامیه‌كان داوایان نه‌كردبێت، كه ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه، به‌ڵكو (بیدعه) په‌یوه‌سته به ئایین و باوه‌ڕی ئایینی و یاسا ئایینیه‌كان و داب‌ونه‌ریت و بۆنه ئایینیه‌كانه‌وه، بۆیه هه‌ر بابه‌تێكی ئایینی: هه‌ر باوه‌ڕێكی ئایینی یان یاسایه‌كی ئایینی و داب‌ونه‌ریت و بۆنه‌یه‌كی ئایینی؛ موسوڵمانانی یه‌كه‌م نه‌یانبوبێت و له ده‌قه ئیسلامیه‌كاندا باس نه‌كرابێت؛ نابێته به‌شێك له ئیسلام و به بیدعه داده‌نرێت و هه‌ر كه‌سێك شتێكی وا زیاد بكات بۆ ئیسلام؛ كه‌واته ئیسلامی شێواندوه و بیدعه‌چیه. هه‌تا ئێستا پێشه‌وا ئیسلامیه‌كان به‌م واتایه زاراوه‌ی (بیدعه) یان به‌كار هێناوه و بۆ وه‌سفی بیروباوه‌ڕ و ڕێباز و پراكتیسی ئه‌و گروپه ئیسلامیانه به‌كاریان هێناوه كه گۆڕانكارییان له باوه‌ڕ و یاسا ئیسلامیه‌كاندا كردوه و هه‌ندێك باوه‌ڕ و یاسایان له ئیسلامدا داهێناوه. ئیتر بۆ وه‌سفی ئه‌و داب‌ونه‌ریت و كردار و دیارده دنیاییانه به‌كار نه‌هاتوه كه به گۆڕانی كۆمه‌ڵگا و ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و تێپه‌ڕبونی كات و وه‌رچه‌رخانی مێژویی دادێن و په‌یدا ده‌بن. بۆ نمونه: ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی شوێنێك ئاهه‌نگێكی خۆیان هه‌بێت به بۆنه‌ی هاتنی وه‌رزێكی وه‌كو به‌هار (وه‌كو: نه‌ورۆز) یان پاییز (وه‌كو: میهره‌گان)؛ ئه‌مه شتێكی دنیاییه و له بابه‌تی (أمور الدنیا) یه، و به‌و نیاز و مه‌به‌سته نیه كه ببێته به‌شێك له ئایین (ئیسلام) و ببێته ئاهه‌نگێكی پیرۆز و شه‌رعی. به‌تایبه‌تی كه ئه‌و وه‌رزانه وه‌رزی كشت‌وكاڵین و واقیعێكی زیندون له كۆمه‌ڵگای كشت‌وكاڵیدا. تۆی موسوڵمانی عه‌ره‌ب له نیمچه‌دورگه بۆنه‌ی وات نیه و وه‌رچه‌رخانی به‌هار و پاییز بۆت گرنگ نیه و داب‌ونه‌ریتت نیه سه‌باره‌ت به هاتنی به‌هار و پاییز؛ نابێت ئه‌مه به ناڕه‌وا له ئیسلامدا دابنێیت، چونكه ئه‌مه له خۆیدا شتێك نیه بچێته بونیادی ئایینه‌وه هه‌تا به ناوی ڕه‌سه‌نایه‌تیی ئایینیه‌وه دژایه‌تیی بكه‌یت. كاتێكیش موسوڵمانان له ڕابردودا هه‌ڵوێستیان به‌رامبه‌ر نه‌ورۆز و میهره‌گان نه‌گونجاو بوه و خۆیان پاراستوه له به‌شداریكردنیان و ڕه‌وابینیان؛ له‌به‌ر ئه‌وه بوه كه ئێرانیه‌كان له سه‌ره‌تادا له‌سه‌ر ئایینی زه‌رده‌شتی ماونه‌ته‌وه و داب‌ونه‌ریتی ئایینیی زه‌رده‌شتی لایان هێشتا زیندو بوه و لای ئێرانیه‌كان ئه‌و كاته نه‌ورۆز و میهره‌گان دو جه‌ژنی ئایینی بون یانی به باوه‌ڕ و په‌رستشه‌وه زیندو كراوه‌نه‌ته‌وه و له په‌رستگادا ئاهه‌نگیان بۆ كراوه و پیاوانی ئایینی ئه‌و ئاهه‌نگ و سروتانه‌یان گێڕاوه. وه‌كو دواتریش ڕونی ده‌كه‌ینه‌وه كه له ڕێگه‌ی ده‌قه ئیسلامیه‌كانه‌وه هه‌ست به‌م لایه‌نه ده‌كه‌ین. به‌ڵام دوای كزبونی ئایینی زه‌رده‌شتی لای ئێرانیه‌كان و زاڵبونی ناسنامه‌ی ئیسلامی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه ئێرانیه‌كاندا؛ ئیتر دو جه‌ژنه وه‌كو دو جه‌ژنی ئایینی نه‌ماونه‌ته‌وه و بونه‌ته دو جه‌ژنی دنیایی و سروشتی و كولتوری و كه‌له‌پورێكی نه‌ته‌وه‌یی، و هه‌ر له بنه‌ڕه‌تیشه‌وه دو جه‌ژنی دنیایی و سروشتی بون و له‌ژێر سایه‌ی هه‌ژمونی ئایین (ی زه‌رده‌شتی) دا كراون به دو جه‌ژنی ئایینی.
وه‌كو له سه‌ره‌تایشه‌وه ئاماژه‌یه‌كی كورتم پێ دا؛ كێشه‌ی یه‌كه‌می ئه‌م ئیسلامیانه یان ئه‌م ڕه‌وته ئیسلامیه ئه‌وه‌یه ڕوبه‌رێك له ده‌ره‌وه‌ی ئایین ناهێڵنه‌وه و ده‌یانه‌وێت ئایین هه‌مو دنیا قوت بدات، بۆیه پێناسه‌ی بیدعه‌ش تێك ده‌ده‌ن تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی هه‌ر شتێك بگرێته‌وه كه موسوڵمانانی یه‌كه‌م نه‌یانناسیبێت و پراكتیسیان نه‌كردبێت هه‌تا ئه‌گه‌ر بابه‌تێكی دنیاییش بێت. ڕاسته هه‌مو كاتێك شه‌ریعه‌تی ئایینی هه‌ڵسه‌نگاندن و حوكمی خۆی هه‌یه بۆ بابه‌ته دنیاییه‌كان و له‌م لایه‌نه‌شه‌وه ئه‌سڵ وایه كه شته‌كان له بنه‌ڕه‌تدا حه‌ڵاڵ و ئاسایین، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه بابه‌ته دنیاییه‌كان پێناسه‌ی بیدعه نایانگرێته‌وه. بیدعه شتێكه زیاد بكرێت بۆ ئایین نه‌ك بۆ ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی.
٢. (جه‌ژن په‌رستشه):
ئیتر ناوبراو ده‌ڵێت: كه‌واته نه‌ورۆز جه‌ژن نیه و بۆنه (موناسه‌به) نیه و هیچ نیه!
لێره‌دا مه‌لای ناوبراو وشه‌ی (عید) له واتا شه‌رعیه‌كه‌دا قه‌تیس ده‌كات، كه بریتیه له جه‌ژنێك كه شه‌رعی ئیسلام دایناوه بۆ موسوڵمانان وه‌كو په‌رستشێك. هیچ كه‌س جه‌ژنی نه‌ورۆز له‌م ڕوانگه‌یه‌وه باس ناكات، و ئێمه نامانه‌وێت نه‌ورۆز جه‌ژنێكی ئایینی بێت، و هه‌وڵیش ناده‌ین له ئیسلامدا جێی بكه‌ینه‌وه و ئیسلامیانه پێناسه‌ی بكه‌ینه‌وه و له‌گه‌ڵ ئیسلام تێكه‌ڵی بكه‌ین، وه‌كو چۆن لای شیعه زۆر جار به ئاهه‌نگی له‌دایكبونی ئیمام عه‌لی پێناسه كراوه.
ئه‌مه له كاتێكدا ده‌كرێت هه‌مان وشه‌ی عه‌ره‌بیی (عید) به واتایه‌كی زمانییش به‌كار بێت كه بریتیه له هه‌ر بۆنه و ئاهه‌نگێكی ساڵانه كه خه‌ڵك به‌گشتی زیندوی بكه‌نه‌وه. به‌كارهێنانی وشه‌كه بۆ جه‌ژنێكی دنیایی مانای ئه‌وه نیه كه ئه‌وه هه‌وڵێكه بۆ كردنی به جه‌ژنێكی ئایینی، چونكه ئه‌مه به‌كارهێنانی جیاوازه و به‌كارهێنانه زمانی و عورفیه‌كه‌یه نه‌ك شه‌رعیه‌كه.
ئه‌مه سه‌باره‌ت به زاراوه‌ی (عید). سه‌باره‌ت به‌و حه‌دیسه‌ش كه ده‌یكاته به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی كه جه‌ژن له ئیسلامدا ته‌نها دو جه‌ژنی قوربان و ڕه‌مه‌زانه؛ ئه‌مه ڕاسته كه له ئیسلامدا جه‌ژنی قوربان و ڕه‌مه‌زان هه‌ن، چونكه ئیسلام ئایینه و له‌م ئایینه‌شدا ته‌نها ئه‌م دو جه‌ژنه هه‌ن كه دو جه‌ژنی ئایینین و به‌شێكن له په‌رستش و سروته ئیسلامیه‌كان. دیاره ئه‌و حه‌دیسه‌ش مه‌به‌ستی هه‌ر ئه‌مه‌یه، و ڕه‌نگه ئه‌و دو جه‌ژنه‌ی كه خه‌ڵكی مه‌دینه پێشتر هه‌یانبوه؛ دو جه‌ژنی به‌بنه‌ڕه‌ت ئایینی بون و، ئه‌گه‌ر ڕاست بێت پێغه‌مبه‌ر شتی وا وتبێت؛ دیاره ویستویه‌تی خه‌ڵكی مه‌دینه له‌و ڕابردوه ئایینیه داپچڕێنێت، به‌تایبه‌تی كه تازه هاتونه‌ته سه‌ر ئیسلام، و هه‌میشه‌ش پێغه‌مبه‌ر ویستویه‌تی پچڕانێك دروست بكات له‌نێوان كو‌لتور/ئایینه كۆنه‌كه و بانگه‌وازه‌كه‌ی، به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به یه‌كتاپه‌رستیه‌وه هه‌بێت.
به‌ڵام بۆ گه‌لێكی وه‌كو كورد كه زیاتر له هه‌زار ساڵه ئیسلامی وه‌رگرتوه؛ ئه‌گه‌ر جه‌ژنێكی دنیایی و سروشتی به بۆنه‌ی هاتنی به‌هاره‌وه بگێڕێت كه سه‌دان ساڵه ڕه‌گ‌وڕیشه و پێناسه ئایینیه‌كه‌ی كاڵ بوه‌ته‌وه و له بیر چوه‌ته‌وه؛ مه‌سه‌له‌كه جیاوازه و قیاس ناكرێته سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌و حه‌دیسه‌دا باسی هاتوه.
ئه‌مه‌ی كه مه‌لای ناوبراو ده‌یڵێت كه ده‌ڵێت: "نه‌ورۆز جه‌ژن نیه و بۆنه (موناسه‌به) نیه و هیچ نیه"، له‌وه‌ش خراپتره كه له‌ناو ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵی ئیسلامی‌دا ده‌وترێت كه نه‌ورۆز بۆنه و ئاهه‌نگێكه و جه‌ژن نیه، واته كێشه‌یان ته‌نها له‌گه‌ڵ زاراوه‌ی (جه‌ژن) ـه كه ئه‌وان وه‌كو به‌رامبه‌ری وشه‌ی (عید) ی عه‌ره‌بی به به‌كارهێنانه شه‌رعیه‌كه ده‌یبینن، كه ئه‌مه‌ش وه‌كو ڕونم كرده‌وه شتێكی بێبنه‌مایه چونكه ده‌كرێت وشه‌ی (عید) به واتا زمانی و عورفیه‌كه‌ش به‌كار بێت. به‌ڵام مه‌لای ناوبراو له‌وه‌ش تێپه‌ڕی ده‌كات و پێی وایه نابێت هیچ ئاهه‌نگێك هه‌بێت جگه له جه‌ژنی قوربان و ڕه‌مه‌زان! ئه‌مه‌ش یه‌كسانكردنی هه‌مو ژیان و كۆمه‌ڵگایه به ئیسلام، و هه‌وڵێكه بۆ نه‌هێشتنی ڕوبه‌رێك له ده‌ره‌وه‌ی ئایین.
٣. نه‌ورۆز خۆچواندنه به بێباوه‌ڕان:
ده‌رباره‌ی ئه‌و بنه‌مایه، به‌تایبه‌تی به‌و شێوه‌یه‌ی كه بوترێت هه‌ر موسوڵمانێك خۆی بچوێنێت به ناموسوڵمان و وه‌كو ئه‌وان بكات (وه‌كو له‌و وته‌یه‌ی عه‌بدوڵڵای كوڕی عومه‌ردا هاتوه كه دواتر باسی دێت)؛ (ئیبن ته‌یمییه) له (اقتضا‌ء الصراط المستقيم لمخالفة أصحاب الجحيم) دا ڕونی ده‌كاته‌وه كه ئه‌وه به واتای (خۆچواندنی ڕه‌ها) (التشبه المطلق) ـه، ده‌ڵێت: ئه‌مه‌یه كه ده‌بێته بێباوه‌ڕی، و ده‌ڵێت لێكچونی هه‌نده‌كی ته‌نها قه‌ده‌غه‌ی ده‌كات و سه‌رناكێشێت بۆ بێباوه‌ڕی. دوای ئه‌مه‌ش (ئیبن ته‌یمییه) لێكدانه‌وه‌یه‌كی تر پێشنیار ده‌كات، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر لێكچونه‌كه له كارێكدا یان سیفه‌تێكدا بێت كه خۆی بێباوه‌ڕی بێت؛ ئه‌وا ئه‌و كاته ده‌بێته بێباوه‌ڕی، یانی بابه‌ته‌كه به‌سراوه‌ته‌وه به خاڵی لێكچونه‌كه‌وه.
ئه‌م بنه‌مای خۆپاراستنه‌ی موسوڵمان له لێكچون له‌گه‌ڵ ناموسوڵمان له باوه‌ڕی ئیسلامی‌دا، كه جۆره یه‌كتاپه‌رستییه‌كی زیادڕه‌و و توندڕه‌وه؛ زۆر زیاده‌ڕه‌ویی تێدا كراوه، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی سه‌روسیما و جل‌وبه‌رگیشی گرتوه‌ته‌وه، كه ئه‌مه شتێكی مه‌حاڵه، و ناكرێت كۆمه‌ڵێك مرۆڤ هه‌تاهه‌تایه وه‌كو خۆیان بمێننه‌وه و كاریگه‌ریی گه‌لانی تریان به‌سه‌ره‌وه نه‌بێت، هه‌ر خودی مێژوی گه‌لانی موسوڵمان ئه‌مه به‌كرده‌یی به‌درۆ ده‌خاته‌وه. ئه‌گه‌ر ئیسلامیه‌كان ئێسته سورن له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه؛ ده‌ی با هیچ شتێك له شارستانێتیی نوێ به‌كار نه‌هێنن و هیچ جل‌وبه‌رگ و ئامڕازێك و هیچ شێوازێكی ژیانی نوێ به‌كار نه‌هێنن!
٤. (نه‌ورۆز شانازیكردنه به ئێرانیه كۆنه‌كانه‌وه كه كافر بون):
ئه‌م فه‌رموده‌یه‌ی ده‌یهێنێته‌وه؛ گێڕانه‌وه‌یه‌كه ـ لای ئه‌حمه‌د و عه‌بد بن حومه‌ید و هه‌ندێكی تر ـ كه له‌سه‌ر زمانی پێغه‌مبه‌ره‌وه چیرۆكێك ده‌گێڕێته‌وه، به‌م شێوه‌یه: دو پیاو له سه‌رده‌می موسادا ڕه‌چه‌ڵه‌كی خۆیان هه‌ڵده‌خوێند، یه‌كێكیان وتی: (من فڵانی كوڕی فڵانم ـ نۆ پشتی ژمارد ـ ده‌ی تۆ كێیت ماڵ‌وێران؟!)، ئه‌وی تریش وتی: (من فڵانی كوڕی فڵانی كوڕی ئیسلامم)! ئیتر خوا وه‌حیی كرد بۆلای مو‌سا ده‌رباره‌ی ئه‌و دو كه‌سه: ئه‌وه‌تان كه ڕه‌چه‌ڵه‌كی خۆی ده‌باته‌وه سه‌ر نۆ پشت كه له كۆتاییدا ده‌گاته‌وه به‌وانه‌ی بێباوه‌ڕ بون و دۆزه‌خین؛ ده‌ی تۆ ده‌یه‌میانیت، ئه‌وه‌شتان كه ڕه‌چه‌ڵه‌كی خۆی ده‌باته‌وه ته‌نها بۆ دو پشت كه باوه‌ڕدار و به‌هه‌شتین؛ ده‌ی تۆ سێیه‌میانیت له به‌هه‌شتدا. بۆیه ناوبراو ده‌ڵێت: پێشینانی ئێمه‌ش با باوباپیری ئێمه بن؛ به‌ڵام چونكه بێباوه‌ڕ (كافر) بون؛ ئێمه به‌رین له‌وانه. ئه‌گه‌ر تۆ شانازی به كاوه بكه‌یت؛ كه‌واته شانازی به بێباوه‌ڕ (كافر) ێكه‌وه ده‌كه‌یت!
ناوبراو ده‌یه‌وێت هیچ گه‌لێكی موسوڵمان شانازی نه‌كات به باووباپیرانی خۆیه‌وه و مێژوی كۆنی خۆیه‌وه و كه‌سێتیه كولتوریه كۆنه‌كانی خۆیه‌وه له پێش ئیسلامدا.. له كاتێكدا عه‌ره‌ب تا ئێستاش شانازی ده‌كات به كه‌سێتیه پێش‌ئیسلامیه‌كانی خۆیه‌وه و هه‌مو شتێكی مێژو و كولتوری عه‌ره‌بی پێش ئیسلام تۆمار كراوه و خودی ئه‌ده‌بیاتی ئیسلامی پاراستویه‌تی و له بیرچونه‌وه ڕزگاری كردوه. به‌ڵكو له ئیسلامدا كولتوری عه‌ره‌بیی پێش ئیسلام زیندو كراوه‌ته‌وه به پێناسه‌یه‌كی نوێ، گه‌لێك بڕگه‌ی ئایینه عه‌ره‌بیه پێشئیسلامیه‌كه له ئیسلامدا دانراوه‌ته‌وه دوای پێناسه‌كردنه‌وه‌یان به ناسنامه‌ی یه‌كتاپه‌رستیی ئیبراهیمی. ئیتر بۆچی كورد بۆی نه‌بێت كه‌سێتیه كۆنه‌كانی خۆی زیندو ڕابگرێت دوای نه‌هێشتنی شێوه و دیمه‌نه ئایینیه‌كانیان و گۆڕینیان بۆ كۆمه‌ڵێك كه‌سێتیی میللی و كولتوریی ڕوت؟!
٥. صه‌حابه و سه‌له‌ف نه‌ورۆزیان په‌سه‌ند نه‌كردوه:
* عومه‌ر وتویه‌تی: (اجتنبوا أعداء الله في عيدهم):
بۆیه ئه‌و وته‌یه ئاهه‌نگ و جه‌ژنێك ناگرێته‌وه كه به شێوه‌یه‌كی میللی و دنیایی بگێڕدرێت و په‌یوه‌ندیی به سروته ئایینیه‌كان و په‌رستگاكانه‌وه نه‌بێت یان نه‌مابێت. بۆیه ڕه‌وا نیه موسوڵمان ئێسته ئه‌و ده‌قه كۆنانه كه له چوارچێوه‌یه‌كی جیاوازدا هاتون و به هۆكار و پاڵنه‌رێكی جیاواز به‌رهه‌م هاتون؛ به‌سه‌ر جه‌ژنێكی میللی و دنیایی وه‌كو نه‌ورۆزی كوردیدا بسه‌پێنێت.
* عه‌بدوڵڵای كوڕی عومه‌ر: (من بنى ببلاد الأعاجم وصنع نيروزهم ومهرجانهم وتشبه به‌م حتى يموت وهو كذلك؛ حشر معهم):
(به‌یهه‌قی) له (السنن الكبرى) دا ده‌گێڕێته‌وه كه عه‌بدوڵڵای كوڕی عومه‌ر وتویه‌تی: (من بنى ببلاد الأعاجم وصنع نيروزهم ومهرجانهم وتشبه به‌م حتى يموت وهو كذلك؛ حشر معهم يوم القيامة)، واته: (ئه‌وه‌ی له وڵاتی ئه‌عجه‌میه‌كان نیشته‌جێ ببێت و نه‌ورۆز و میهره‌گانی ئه‌وان بكات و وه‌كو ئه‌وان بكات هه‌تا ده‌مرێت و له‌سه‌ر ئه‌وه بمێنێته‌وه؛ له ڕۆژی زیندوبونه‌وه‌دا له‌گه‌ڵ ئه‌واندا حه‌شر ده‌كرێت). هه‌مان شت (دولابی) ده‌یگێڕێته‌وه له عه‌بدوڵڵای كوڕی عومه‌ره‌وه، به هه‌مان ده‌سته‌واژه‌ی (من بنى في بلاد الأعاجم فصنع نيروزهم ومهرجانهم وتشبه به‌م حتى يموت وهو كذلك؛ حشر معهم يوم القيامة). هه‌روه‌ها (ده‌یله‌می) هه‌مان شت ده‌گێڕێته‌وه به ده‌سته‌واژه‌ی (من بنى في أرض الأعاجم فعمل بنيروزهم ومهرجانهم فهو منهم)، هه‌مویان له عه‌بدوڵڵای كوڕی عومه‌ره‌وه به‌و پێیه قسه‌ی ئه‌وه كه ئه‌مه پێی ده‌وترێت حه‌دیسی (مه‌وقوف). به‌ڵام (ئه‌بو طاهیری سیله‌فی) له ڕێگه‌ی (الطيوري) ـه‌وه له (المشيخة البغدادية) دا هه‌مان شت ده‌گێڕێته‌وه به ده‌سته‌واژه‌ی (من تنافى أرض الأعاجم فصنع نيروزهم ومهرجانهم؛ حشر معهم) [دیاره (تنافى) ته‌صحیفه و له بنه‌ڕه‌تدا (بنا في) یاخود (بنى في) ـه، وه‌كو ده‌سته‌واژه‌ی گێڕانه‌وه‌كانی تر، یان ڕه‌نگه ئه‌م شێوه‌ی (تنافى) ته‌صحیفی (من تنأ في) بێت كه له (النهاية في غريب الحديث والأثر) ی (ابن الأثير) دا ده‌سته‌واژه‌ی وته‌كه به‌م شێوه‌یه هاتوه: (من تنأ فى أرض العجم فعمل نيروزهم ومهرجانهم؛ حشر معهم)، كه ئه‌م فرمانی (تَنَأَ) یه به نیشته‌جێبون و جێنه‌هێشتن لێك دراوه‌ته‌وه، (ابن الأثير) وا لێكی ده‌داته‌وه، به‌ڵام ڕه‌نگه ئه‌مه‌ش هه‌ر ته‌صحیفی (بنا) بێت واته (بنى)] و ده‌یداته پاڵ پێغه‌مبه‌ر به‌و پێیه‌ی عه‌بدوڵڵای كوڕی عومه‌ر له‌وی گێڕاوه‌ته‌وه، به‌ڵام سه‌نه‌ده‌كه‌ی (أحمد بن سعيد بن فرضخ) ناوێكی تێدایه كه ناسراوه به‌وه‌ی حه‌دیسی هه‌ڵبه‌ستوه، بۆیه ئه‌م گێڕانه‌وه‌یه لاوازه و بۆیه ـ به‌پێی پێوه‌ره‌كانی زانستیی ته‌قلیدیی فه‌رموده ـ وته‌كه وه‌كو وته‌ی پێغه‌مبه‌ر ناچه‌سپێت.
ئه‌م قسه‌یه كه دراوه‌ته پاڵ عه‌بدوڵڵای كوڕی عومه‌ر، هه‌ر له ده‌سته‌واژه‌كانیه‌وه ڕون ده‌بێته‌وه پاڵنه‌ر و هۆكاری هه‌ستیاربون به نه‌ورۆز و میهره‌گان چیه: ده‌ڵێت "ئه‌وه‌ی له وڵاتی عه‌جه‌م نیشته‌جێ ببێت و بمێنێته‌وه"، ئه‌م قسه‌یه ڕوی ده‌می له عه‌ره‌به و قسه له‌و كه‌س و بنه‌ماڵه عه‌ره‌بانه ده‌كات كه ده‌چن له ناوچه‌یه‌كی ـ بۆ نمونه ـ ئێران نیشته‌جێ ده‌بێت و ئیتر به‌جێی ناهێڵێت و به‌رده‌وام نابێت له (جیهاد) و (غه‌زو) و ناچێت بۆ جیهادی ناوچه‌كانی تر. كه‌واته باس له سه‌ره‌تای مێژوی ئیسلامی ده‌كات كه هێشتا زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری ئێرانیه‌كان له‌سه‌ر ئایین و داب‌ونه‌ریتی ئایینیی خۆیان ماونه‌ته‌وه، و هێشتا موسوڵمان له ئێران‌دا كه‌مینه بون و ترسی توانه‌وه‌یان له‌سه‌ر بوه، و هێشتا جه‌ژن و بۆنه ئێرانیه‌كان وه‌كو شێوه‌ی ئایینیی خۆیان زیندو بون، و ئێرانیه‌كان ئه‌و جه‌ژنانه‌یان وه‌كو سروتی ئایینی و له په‌رستگاكانیاندا گێڕاوه. هه‌ر بۆیه به‌یهه‌قی ئه‌و وته‌یه‌ی عه‌بدوڵڵای كوڕی عومه‌ر له "باب" ێکدا دەهێنێت بە ناونیشانی (كراهية الدخول على أهل الذمة في كنائسهم والتشبه به‌م يوم نيروزهم ومهرجانهم) واته (ناپه‌سه‌ندیی چونه ناو كۆڕی ئه‌هلی زیممه له په‌رستگاكانیاندا و خوچواندن پێیان له ڕۆژی نه‌ورۆز و میهره‌گانیاندا). لێره‌وه به‌ڕونی هۆكار (علة) و پاڵنه‌ری ئه‌و په‌سه‌ندنه‌كردنه ده‌بینینه‌وه، كه ئه‌ویش شێوه و سیفه‌تی ئایینیی ئه‌و جه‌ژنانه‌دایه. شتێكی زانراویشه به‌پێی زانستی ئایینیی (ئوصولی فیقه) كه حوكمه شه‌رعیه‌كان له‌گه‌ڵ هۆكار (علة) ـه‌كانیاندا ده‌گه‌ڕێن (الحكم يدور مع علته وجودا وعدما): ئه‌گه‌ر هۆكار (علة) ی حوكمه‌كه نه‌ما؛ حوكمه‌كه‌ش له‌گه‌ڵیدا هه‌ڵده‌گیرێت. به‌م پێیه‌ش ئه‌گه‌ر نه‌ورۆز جه‌ژنێكی میللی و دنیایی بێت و سیفه‌تی ئایینیی نه‌بێت و له په‌رستگادا و به سروتی ئایینی زیندو نه‌كرێته‌وه؛ كه‌واته هۆكار (علة) ی په‌سه‌ندنه‌كردنی نه‌ماوه.
بۆیه ده‌توانین بڵێین مه‌به‌ستی ئه‌و ده‌قه ئیسلامیانه شێوه‌ی ئایینیی ئه‌و جه‌ژنانه‌یه.
٦. كتێبه فیقهیه‌كان:
لێره‌دا مه‌لای ناوبراو ده‌قێكی فیقهیی كۆن ده‌هێنێته‌وه، كه ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ مه‌به‌سته‌كه‌ی خۆی نه‌گونجێت؛ ده‌قێكی فیقهیی به به‌ڵگه نه‌ده‌هێنایه‌وه، به‌تایبه‌تی له ده‌قه فیقهیه‌كانی ڕێبازی حه‌نه‌فی كه ئه‌م ده‌قه‌ش ده‌قێكی ئه‌و ڕێبازه‌یه، كه ناچاری نه‌بێت مه‌لا وه‌ههابیه‌كان ده‌قی فیقهیی ئه‌م ڕێبازه ناكه‌ن به به‌ڵگه، و ده‌قێك له‌م ڕێبازه هه‌ڵده‌بژێرن كه ئاوڕشێنی توندڕه‌ویه‌كه‌ی خۆیان بكات. و ڕه‌نگه هه‌ر نه‌شزانێت ئه‌و كتێبی (الفتاوى الصغرى) یه كامه‌یه و نوسه‌ره‌كه‌ی كێیه كه ئه‌و هه‌ر به (ساحێبه‌كه‌ی)(!) ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات (ئه‌مه‌ش چونكه ئه‌و فه‌توا وه‌ههابیه ئامادانه‌ی مه‌لای ناوبراو لێیان نه‌قڵ ده‌كات ناوی خاوه‌نی ئه‌و كتێبه‌یان نه‌بردوه!).
ئه‌و قسه‌یه كه له چه‌ند كتێبێكی ڕێبازی حه‌نه‌فیدا هاتوه، له‌مانه ئه‌و كتێبه‌یه كه به (الفتاوى الصغرى) ـ و هه‌ندێك جار به (الجامع الأصغر) یش ـ ئاماژه‌ی بۆ ده‌كرێت، كه بریتیه له كتێبی (فتاوى قاضيخان) كه ده‌قێكی گرنگی ڕێبازی حه‌نه‌فیه، و (قاضيخان) ( ـ ٥٩٢ ك.) یش یه‌كێكه له فه‌قیهه حه‌نه‌فیه ناوداره‌كان. (قاضيخان) له‌و كتێبه‌یدا ده‌ڵێت: (رجل اشترى يوم النيروز شيئا لم يشتره في غير ذلك اليوم؛ إن أراد به تعظيم ذلك اليوم؛ كما يعظمه الكفرة يكون كفرا، و إن فعل ذلك لأجل السرف والتنعم لا لتعظيم اليوم؛ لا يكون كفرا. وإن أهدى يوم النيروز إلى إنسان شيئا ولم يرد به تعظيم اليوم وإنما فعل ذلك على عادة الناس؛ لا يكون كفرا، وينبغي أن لا يفعل في هذا اليوم ما لا يفعله قبل ذلك اليوم ولا بعده وأن يحترز عن التشبه بالكفرة).
ئه‌وه ده‌قه‌كه‌یه كه له سه‌رچاوه‌كه خۆیه‌وه نه‌قڵی ده‌كه‌ین و له ده‌ستی دو و ده‌ستی سێوه(!) نه‌قڵی ناكه‌ین و وه‌كو مه‌لا عه‌بدوصصه‌مه‌د نایشێوێنین و كلك‌وگوێی ناكه‌ین.
له‌م ده‌قه‌وه دیاره كه په‌سه‌ندنه‌كردنه‌كه ڕو ده‌كاته ئه‌وه‌ی كه‌سێك، یانی موسوڵمانێك، به بۆنه‌ی نه‌ورۆزه‌وه دیارییه‌ك ببه‌خشێت به‌و نیازه‌وه كه ناموسوڵمانێك هه‌یه‌تی له‌و جه‌ژنه‌دا، و ئامانجی پیرۆزكردنی ئه‌و ڕۆژه بێت وه‌كو پیرۆزكردنی كه‌سێكی ناموسوڵمان و به‌و نیازه‌وه كه ناموسوڵمانێك هه‌یه‌تی، چونكه ده‌ڵێت (كما يعظمه الكفرة)، ئینجا ده‌ڵێت به‌وه بێباوه‌ڕ (كافر) ده‌بێت. و به‌ڕونی ده‌ڵێت كه ئه‌گه‌ر ئه‌و دیاری به‌خشینه‌ی نه‌ورۆز له بابه‌تی نه‌ریتی خه‌ڵك (عادة الناس) بێت واته وه‌كو داب‌ونه‌ریتی میللی (وه‌كو ئه‌وه‌ی ئێسته له كورددا هه‌یه)؛ ئه‌وه نابێته بێباوه‌ڕی. به‌ڵام ده‌ڵێت وا باشه (ينبغي) خۆی له‌وه بپارێزێت خۆی وه‌كو بێباوه‌ڕان لێ بكات به بایه‌خدان به‌و ڕۆژه.. ئه‌مه‌ش له بابه‌تی خۆپاراستن له گومانی گوناهباربون و بۆ كه‌سێك بیه‌وێت به‌ته‌واوی خۆی بپارێزێت.
بێ گومان له ده‌قه‌كانی تری ڕێبازی حه‌نه‌فی و هه‌ندێك ڕێبازی تریشدا له‌م جۆره قسانه ده‌بینینه‌وه، به‌ڵام لێره‌دا بواری خستنه‌ڕوی ده‌قه‌كانی ترمان نیه. و له سه‌رجه‌می ئه‌و ده‌قه فیقهیانه‌وه حاڵی ده‌بین كه دو مه‌به‌ست و پاڵنه‌ر له په‌سه‌ندنه‌كردنی به‌شداریی جه‌ژنی نه‌ورۆزدا هه‌یه: یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه جه‌ژنی نه‌ورۆز لای ئێرانیه‌كان تا ماوه‌یه‌ك به شێوه‌ی ئایینیی خۆی ماوه‌ته‌وه، و له دواییدا بوه‌ته نه‌ریتێكی میللی. دومیش ئه‌وه‌یه كه له هه‌ندێك ده‌قی فیقهیه‌وه هه‌ستی پێ ده‌كرێت كه مه‌به‌ستیان له نه‌ورۆز نه‌ورۆزی قیبتی (میسری) ـه كه بوه‌ته جه‌ژنێكی ئایینیی مه‌سیحی و له‌گه‌ڵ بیروباوه‌ڕی مه‌سیحیی كلێسای قیبتی تێكه‌ڵ بوه، ئه‌و كاته‌ش فه‌قیهه‌كه فه‌توا ده‌دات كه به‌شداریكردنی ئه‌و جه‌ژنه له ئیسلامدا په‌سه‌ند نیه و ئه‌گه‌ر به بڕواوه به‌شداریی تێدا بكرێت؛ ده‌بێته ده‌رچون له ئیسلام. به‌ڵام كێشه‌كه ئه‌وه‌یه ئیسلامیه‌كانی ئێسته ئه‌و فه‌توا كۆنانه كۆپی ده‌كه‌نه‌وه و بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه وه‌كو خۆیان دایانده‌نێنه‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی ڕه‌چاوی گۆڕانی كۆمه‌ڵگا و بارودۆخه‌كان و داب‌ونه‌ریته‌كان بكه‌ن.
٧. هه‌ندێك پاساوی لاوه‌كی:
پێش هه‌مو شتێك ئه‌م حاڵه‌تانه په‌یوه‌ست نین به نه‌ورۆزه‌وه: ده‌كرێت نه‌ورۆز بكرێت و ئه‌م كێشانه‌ش ڕو نه‌ده‌ن، به‌ڵكو ده‌توانین بڵێین ده‌گمه‌ن نه‌بێت ڕو ناده‌ن، و ده‌كرێت زۆر كه‌م بكرێنه‌وه تا ڕاده‌ی بنه‌بڕكردن.. بۆ نمونه: ئێسته ده‌گمه‌ن نه‌بێت تایه‌سوتاندن نه‌ماوه. ئه‌مانه‌ش به‌گشتی نابنه پاساوی قه‌ده‌غه‌كردنی ئایینی. جگه له هه‌مو ئه‌وانه‌ش؛ ئه‌و بیانوگرتنه هه‌موی به‌پێی بنه‌مای (سد الذرائع) ـه، واته بنه‌مای حه‌رامكردنی كارێك كه سه‌رده‌كێشێت بۆ شتی به‌بنه‌ڕه‌ت حه‌رام، كه ئه‌م به‌ڵگه‌یه له ڕوی ئایینییشه‌وه به‌هێز نیه و ته‌نها ڕێبازی ئیمام (مالیك) ـه و (ئیبن ته‌یمییه) ش په‌سه‌ندی كردوه و گواستویه‌تیه‌وه بۆ ڕێبازی حه‌نبه‌لی ـ وه‌ههابی و لێره‌شه‌وه بۆ عه‌قڵی ئیسلامیی هاوچه‌رخ! ئه‌گه‌رنا لای فه‌قیهه حه‌نه‌فی و شافیعیه‌كان كار به‌و بنه‌مایه ناكرێت.
٨. (ئاگركردنه‌وه‌ی نه‌ورۆز ئاگرپه‌رستیه)!
پێشتر ئه‌وه‌مان ڕاڤه كرد كه نه‌ورۆز و له‌گه‌ڵیدا نه‌ریتی ئاگركردنه‌وه، واتا و مه‌به‌ست و شێوه ئایینیه‌كه‌ی نه‌ماوه، و هه‌موی بوه‌ته داب‌ونه‌ریتی میللی و نه‌ته‌وه‌یی. بۆیه ته‌نها گه‌ڕانه‌وه‌ی شێوه‌ی ڕواڵه‌تیی داب‌ونه‌ریته‌كه نابێته پاساو بۆ ئه‌وه‌ی زیندوكردنه‌وه‌ی په‌رستشه كۆنه‌كه‌یه. به‌ڵكو مه‌به‌ست و باوه‌ڕ گرنگه، و له ئیسلامیشدا هه‌ر كار به مه‌به‌ست و نیاز ده‌كرێت.
ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه بۆ ڕواڵه‌تی شته‌كان بڕوانین و حساب بۆ مه‌به‌ست و نیاز نه‌كه‌ین و به مه‌به‌ست و نیازه كۆن و له‌بیرچوه‌كان لێكدانه‌وه بكه‌نین؛ ئێمه‌ش ده‌توانین بڵێین: كاتی خۆی به‌رد په‌رستراوه، به‌ڵكو خودی به‌رده‌ڕه‌شه‌كه‌ی كه‌عبه‌ش په‌رستراوه، تۆی موسوڵمانیش به‌رده‌ڕه‌شه‌كه‌ت پێ پیرۆزه و ماچی ده‌كه‌یت! كاتی خۆی كه‌عبه ماڵی بت بوه، تۆش ئێسته ته‌وافی به‌ده‌وردا ده‌كه‌یت! كاتی خۆی شێوه‌ی چوكئاسا په‌رستراوه و پاشماوه‌ی ماوه‌ته‌وه، ئێسته‌ش تۆ مناره و مزگه‌وته‌كه‌ت له‌و شێوه‌یه‌یه! بۆیه ته‌نها شێوه و ڕواڵه‌ت به‌س نیه بۆ لێكدانه‌وه‌ی دیارده‌یه‌ك یان نه‌ریتێك، ڕاسته ڕه‌گ‌وڕیشه‌ی دور هه‌یه، به‌ڵام ئه‌و ڕه‌گ‌وڕیشه نابێته لێكدانه‌وه‌ی داب‌ونه‌ریتی نوێ.
٩. لایه‌نی مێژویی:
هه‌رچه‌ند ئه‌م لایه‌نه ئامانجی مه‌لایه‌كی وه‌ههابی نیه، به‌ڵكو پاساوێكه بۆ ئامانجه ئایینیه‌كه‌ی. جگه له‌وه‌ش ناكۆكیی لێكدانه‌وه‌كان بۆ كه‌سێتیی كاوه و زوحاك؛ نابێته پاساو بۆ نه‌نرخاندنی ئه‌و داب‌ونه‌ریته‌ی كه به‌و چیرۆكه‌وه په‌یوه‌ست بوه، و له‌سه‌ر هه‌مو ئه‌و كه‌سێتیه كۆنانه لێكدانه‌وه‌ی ناكۆك هه‌یه: بۆ نمونه ئیبراهیم كه كۆمه‌ڵێكی زۆر باوه‌ڕ و داب‌ونه‌ریتی پێوه په‌یوه‌سته (له‌وانه‌ش جه‌ژنی قوربانی ئیسلامی)؛ له‌ناو ئه‌وانه‌شدا كه به كه‌سێتییه‌كی مێژویی ده‌زانن ناكۆكی هه‌یه: ئایا ئارامیه یان عیبرانیه یان عه‌ره‌به یا كورده! و هه‌مو لێكدانه‌وه‌كان هه‌ن. و هه‌مو كه‌سێتیه كولتوریه‌كانیش به‌و شێوه‌یه بنچینه‌ی مێژوییان نیه. كه‌سێتیه یه‌هودی ـ مه‌سیحی ـ ئیسلامیه‌كانیش به هه‌مان شێوه بنچینه‌ی مێژوییان نیه و ئه‌فسانه‌یین: هه‌ر له ئاده‌مه‌وه هه‌تا ئیدریس و نوح و هود و صالیح و ئیبراهیم و ئیسحاق و یه‌عقوب و یوسف و یونس و ئه‌ییوب و مو‌سا و هاڕون و یوشه‌ع و سوله‌یمان و داوود و هه‌تا عیسا؛ ئه‌مانه هیچیان كه‌سێتیی مێژویی نین و هه‌ڵقوڵاوی چیرۆكه ئایینیه‌كان و به‌ڵگه‌ی مێژویی و شوێنه‌وارناسی نیه بونیان بسه‌لمێنێت.. ئه‌و كه‌سێتیه ئێرانیه كولتوریانه‌ش (وه‌كو: جه‌مشید و زوحاك و فه‌ره‌یدون و كاوه)؛ به هه‌مان شێوه‌ن.
ئینجا دواتر ـ لە بەشی داهاتوی ئەم زنجیرەیەدا ـ ڕونی ده‌كه‌ینه‌وه ئه‌و پرسیارانه (كاوه و زوحاك كامیان كورد بوه و كامیان فارس بوه؟ ـ كامیان سته‌مكار بوه و كامیان سته‌ملێكراو بوه؟) تا چ ڕاده‌یه‌ك نرخ و قورساییان هه‌یه.
په‌راوێز:
(١) بۆ نمونه، بڕوانه:
أبو داود، سنن أبي داود. تحقيق: محمد محيي الدين عبد الحميد. المكتبة العصرية، صيدا ـ بيروت. جـ. ١، ص. ٢٩٥. الحديث رقم (١١٣٤): (حدثنا موسى بن إسماعيل، حدثنا حماد، عن حميد، عن أنس، قال: قدم رسول الله صلى الله عليه وسلم المدينة ولهم يومان يلعبون فيهما، فقال: ما هذان اليومان؟ قالوا: كنا نلعب فيهما في الجاهلية، فقال رسول الله صلى الله عليه وسلم: «إن الله قد أبدلكم بهما خيرا منهما: يوم الأضحى، ويوم الفطر»).
الحاكم، المستدرك على الصحيحين. تحقيق: مصطفى عبد القادر عطا. دار الكتب العلمية، بيروت. الطبعة الأولى، ١٩٩٠. جـ. ١، ص. ٤٣٤. الحديث رقم (١٠٩١): (أخبرني أحمد بن محمد بن سلمة العنزي، ثنا عثمان بن سعيد الدارمي، ثنا موسى بن إسماعيل، ثنا حماد، عن حميد، عن أنس، قال: قدم رسول الله صلى الله عليه وسلم المدينة ولهم يومان يلعبون فيهما، فقال: ما هذان اليومان؟ قالوا: يومان كنا نلعب فيهما في الجاهلية، فقال رسول الله صلى الله عليه وسلم: «إن الله قد أبدلكم بهما خيرا، منهما يوم الأضحى، ويوم الفطر»).