ده‌قه‌كانی لێكبوردن له ئیسلامدا
سه‌روه‌ر پێنجوێنی
گه‌لێك جار ئاماژه ده‌كرێت بۆ ئه‌و ده‌قه ئیسلامیانه‌ی كه هانده‌ر و پاڵپشتی لێكبوردن و ناتوندوتیژین.. هه‌ر كاتێك پرسی لێكبوردن (التسامح) و ئازادیی فیكر و ئایینداری دێته پێشه‌وه؛ هه‌ندێك ده‌ق، وه‌كو (لا إكراه فی ا‌لدین) و (فمن شا‌ء فليؤمن ومن شا‌ء فليكفر)، ده‌كرێن به به‌ڵگه و پاڵپشت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بنه‌مایه له ئیسلامدا هه‌یه و گوایه ئیسلام توندی و سه‌پاندنی ئایینی نه‌ناسیوه.
لێره‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌ین ئه‌و ده‌قانه بناسێنین و واتا و مه‌به‌ستی ڕاسته‌قینه‌یان ده‌ستنیشان بكه‌ین، و بشزانین بۆچی ئه‌و ده‌قانه هیچ ڕۆڵێكیان نیه له هێوركردنه‌وه‌ی گروپه توندڕه‌وه ئیسلامیه‌كاندا؟
ئه‌و ده‌قانه كۆمه‌ڵێك ده‌قی قورئانین، كه زۆربه‌یان ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ قۆناغی مه‌ككه و كه‌مێكیان ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ قۆناغی مه‌دینه. ئه‌و بیرمه‌نده ئیسلامیه نوێیانه‌ی كه بانگه‌شه ده‌كه‌ن بۆ (ناتوندوتیژی و میانه‌ڕه‌وی و لێبوردن) له ئیسلامدا، ئه‌م ده‌قانه ده‌كه‌نه پاڵپشت و به‌ڵگه‌ی خۆیان. به‌ڵام پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه بۆچی ئه‌وانه به‌م ده‌قه قورئانیانه‌وه ناتوانن عه‌قڵی ئیسلامی به‌گشتی بهێننه ژێر باری فیكری ناتوندوتیژی؟ بۆچی به‌و به‌ڵگه قورئانیانه‌وه ناتوانن كۆتایی به ڕه‌وتی توندوتیژی و تێرۆریزمی ئیسلامی بهێنن؟ دیاره بابه‌ته‌كه په‌یوه‌ندیی هه‌یه به خودی ده‌قه‌كانه‌وه، له‌گه‌ڵ په‌یوه‌ندیی ئه‌و ده‌قانه به ده‌قه قورئانیه‌كانی تره‌وه، له‌گه‌ڵ شێوازی مامه‌ڵه‌ی عه‌قڵی ئیسلامی له‌ته‌ك سه‌رجه‌م ئه‌م ده‌قانه‌دا به‌گشتی، سه‌رباری پراكتیس و واقیعی كاری ئیسلامی له ڕابردو و ئێستادا. سه‌ره‌تا ئه‌و ده‌قه قورئانیانه‌ی كه ده‌بنه پاڵپشتی فه‌لسه‌فه‌ی ناتوندوتیژی له ئیسلامدا ده‌خوێنینه‌وه و پۆلێنیان ده‌كه‌ین:
١. به‌شێكیان به‌ڕواڵه‌ت یاسایه‌ك داده‌نێن بۆ ئازادیی بیروباوه‌ڕ و به‌تایبه‌تییش بیروباوه‌ڕی ئایینی. له‌وانه: (لا إكراهَ في الدين) (البقرة: ٢٥٦) واته: (زۆرلێكردن له‌سه‌ر ئایین، نیه)، (أفأنتَ تُكْرِه الناسَ حتى يكونوا مؤمنين؟!) (یونس: ٩٩) واته: (ئه‌رێ تۆ زۆر له خه‌ڵك ده‌كه‌یت تا باوه‌ڕ بهێنن؟!)، (فمَنْ شا‌ء فلْيُؤمِن ومَن شا‌ء فلْيَكْفُر) (الكهف: ٢٩) واته: (جا هه‌ر كه‌س ویستی [باوه‌ڕ بهێنێت] با باوه‌ڕ بهێنێت و هه‌ر كه‌سیش ویستی [باوه‌ڕ نه‌هێنێت] با باوه‌ڕ نه‌هێنێت)، (لكم دينُكم ولي دينـ[ـي]) (الكافرون: ٦)، واته: (ئایینی خۆتان بۆ خۆتان و ئایینی خۆم بۆ خۆم).
٢. هه‌ندێكی تریان به‌ڕواڵه‌ت بنه‌مایه‌ك داده‌نێن بۆ مشت‌ومڕ و ئه‌ده‌بی گفت‌وگۆ، كه ئه‌گه‌رێك داده‌نێن بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌نگه لایه‌نێكمان ڕوناكبیر بێت و له‌سه‌ر هه‌ق بێت و لایه‌نێكی ترمان ڕێی ون كردبێت. ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌یه كه ده‌ڵێت: (وإنّا أو إيّاكم لَعلى هدى أو في ضلال مبين) (سبأ: ٢٤) واته: (ئێمه یان ئێوه، [لایه‌نێكمان] ڕێبین و ڕوناكبیره و ڕێی ڕاستی گرتوه یان به‌ته‌واوی ڕێی ون كردوه)، ئه‌م (ته‌نازول) ـه ڕواڵه‌تی و ساده‌یه دروشمێكی جوانه بۆ گفت‌وگۆ.
٣. هه‌ندێكی تریان به‌ڕواڵه‌ت هه‌مو ئایینێكی یه‌كتاپه‌رستی به‌ڕاست داده‌نێن و شوێنكه‌وته‌ی هه‌مویان به سه‌رفراز و چاك له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌یه كه ده‌ڵێت: (إن الذين آمنوا والذين هادوا والنصارى و الصابئين، مَن آمَنَ بالله واليومِ الآخِر وعَمِل صالحا؛ فلهم أجرهم عند ربّهم ولا خوفٌ عليهم ولا هم يَحزَنون) (البقرة: ٦٢) واته: (ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان هێناوه [به ئیسلام] و، ئه‌وانه‌ی جوله‌كه‌ن و، مه‌سیحیه‌كان و، صابیئیه‌كان، هه‌ر كه‌سیان باوه‌ڕی به خوا و ڕۆژی دوایی هێنابێت و كاری چاكه بكات؛ ئه‌وانه پاداشتیان لای خوای خۆیان هه‌یه و هیچ ترسیان له‌سه‌ر نیه و نیگه‌ران نابن).
٤. هه‌ندێكیان ئامۆژگاریی مرۆڤی موسوڵمان ده‌كه‌ن كه به شێوه‌یه‌كی جوان مشت‌ومڕ له‌گه‌ڵ شوێنكه‌وتوانی ئایینه یه‌كتاپه‌رسته‌كانی تردا بكات و ته‌ركیز بخرێته سه‌ر خاڵه هاوبه‌شه‌كانی بیروباوه‌ڕ له‌گه‌ڵیاندا. واته به‌ڕواڵه‌ت بنه‌مایه‌ك داده‌نێت بۆ گفت‌وگۆی بنیاتنه‌ری نێوان ئایینه‌كان، به‌تایبه‌تی ئایینه یه‌كتاپه‌رسته‌كان. ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌یه كه ده‌ڵێت: (ولا تُجادِلوا أهلَ الكتاب إلاّ بالتي هي أحسن، وقولوا: آمنـّا بالذي أُنْزِل إلينا وأُنْزِل إليكم، وإلاهُنا وإلاهُكم واحِد ونحن له مسلمون) (العنكبوت: ٤٦)، واته: (له‌گه‌ڵ شوێنكه‌وتوانی ته‌وڕات [كه یه‌هودی و مه‌سیحیه‌كان ده‌گرێته‌وه] ته‌نها به‌و شێوازه‌ی كه جوانترینه مشت‌ومڕ بكه‌ن و، بڵێن: باوه‌ڕمان هێناوه به‌وه‌ی بۆ ئێمه و بۆ ئێوه دابه‌زیوه و، خوای ئێمه و خوای ئێوه هه‌ر یه‌كێكه و ئێمه خۆمان داوه‌ته ده‌ستی ئه‌و). هه‌روه‌ها له ده‌قێكی تردا بانگخوازی ئیسلامی ڕێنمایی ده‌كات كه بانگه‌وازه‌كه‌ی به عاقڵانه و وته و ئامۆژگاریی جوان و گفت‌وگۆی ڕێك‌وپێك بگه‌یه‌نێت: (ادْعُ إلى سبيل ربّك بالحكمة والمَوْعِظة الحَسَنة وجادِلْهُم بالتي هي أحسن) (النحل: ١٢٥).
٥. بڕێكی زۆریان بانگخوازی ئیسلامی ڕاده‌سپێرن كه ئه‌و ته‌نها گه‌یاندن و تێگه‌یاندن و ڕاگه‌یاندنی له‌سه‌ره و ئیتر ئه‌وی تر به خوا بسپێرێت، و نابێت خۆی بكاته وه‌كیلی خوا به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌وه و زۆریان لـێ بكات. ئه‌وانه‌ش وه‌كو: (وإن تولَّوْا فإنما عليك البَلاغ) (آل عمران: ٢٠)، (فإنما عليك البلاغُ وعلينا الحِساب) (الرعد: ٤٠) واته: تۆ ته‌نها گه‌یاندنت له‌سه‌ره [هه‌مان چه‌مك له ده‌قه‌كانی (المائدة: ٩٢، ٩٩. النحل: ٣٥، ٨٢. النور: ٥٤. العنكبوت: ١٨. يس: ١٧. الشورى: ٤٨. التغابن: ١٢) دا دوپات كراوه‌ته‌وه]، هه‌روه‌ها (إنما أنت نَذير) (هود: ١٢)، (إن أنت إلاّ نَذير) (فاطر: ٢٣) واته تۆ ته‌نها ئاگاداركه‌ره‌وه‌یه‌كیت [هه‌مان چه‌مك له ده‌قه‌كانی (الأعراف: ١٨٨. هود: ١٢. الحج: ٤٩. الفرقان: ٥٦. الشعرا‌ء: ١١٥. العنكبوت: ٥٠. سبأ: ٢٨. فاطر: ٢٣. ص: ٧٠. الأحقاف: ٩. الملك: ٢٦) دا دوپات كراوه‌ته‌وه]، هه‌روه‌ها (وما جعلناكَ عليهم حفيظا وما أنت عليهم بوكيل) (الأنعام: ١٠٧)، (وما أرسلناكَ عليهم وكيلا) (الإسرا‌ء: ٥٤)، (إنما أنت مُذَكِّر، لستَ عليهم بمُسَيطِر) (الغاشية: ٢١، ٢٢) واته: تۆ وه‌كیل و لێپرسراو نیت به‌سه‌ریانه‌وه و بۆت نیه زۆریان لـێ بكه‌یت بۆ باوه‌ڕهێنان [هه‌مان چه‌مك له ده‌قه‌كانی (النساء: ٨٠. الأنعام: ٦٦، ١٠٤. يونس: ١٠٨. هود: ٨٦. الفرقان: ٤٣. الزمر: ٤١. الشورى: ٦، ٤٨) دا دوپات كراوه‌ته‌وه].
٦. كۆمه‌ڵێكی تریان بانگخوازی ئیسلامی (و مرۆڤی موسوڵمان به‌گشتی) ڕێنمایی ده‌كه‌ن كه لێبوردنی هه‌بێت: (فاعْفُوا واصْفَحُوا) (البقرة: ١٠٩)، (فاعْفُ عنهم واصْفَحْ) (المائدة: ١٣)، (فاصْفَح الصَّفْحَ الجميل) (الحجر: ٨٥)، (فاصْفَحْ عنهم وقُل: سَلامٌ) (الزخرف: ٧٩)، و ئارام بێت و خۆی بگرێت و هێور بێت: (واصْبِرْ على ما يقولون واهْجُرْهُم هَجْرا جميلا) (المزمل: ١٠)، (فاصْبِرْ صَبْرا جميلا) (المعارج: ٥)، (فاصْبِرْ على ما يقولون) (طه: ١٣٠. ق: ٣٩) [هه‌مان ڕێنمایی ئارامگرتن له ده‌قه‌كانی (الأعراف: ٨٧. يونس: ١٠٩. هود: ٤٩، ١١٥. النحل: ١٢٧. الروم: ٦٠. ص: ١٧. غافر: ٥٥، ٧٧. الأحقاف: ٣٥. الطور: ٤٨. القلم: ٤٨) دا دوپات كراوه‌ته‌وه]، و ڕو وه‌رگێڕێت له مامه‌ڵه‌ی نه‌گونجاوی خه‌ڵك و ئامۆژگاریی خۆی بگه‌یه‌نێت: (فأَعْرِضْ عنهم وعِظْهُمْ) (النساء: ٦٣)، (فأَعْرِضْ عنهم وتوكَّلْ على الله) (النساء: ٨١)، (فأَعْرِضْ عنهم وانتظِرْ، إنهم منتظِرون) (السجدة: ٣٠)، و ڕێگای لێبورده‌یی و نه‌رمی و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی دوژمنایه‌تی به چاكه بگرێته به‌ر: (ادْفَعْ بالتي هي أحسن السيِّئةَ) (المؤمنون: ٩٦)، (ادْفَعْ بالتي هي أحسن) (فصلت: ٣٤). هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: (عليكم أنفسَكم، لا يَضُرُّكم مَن ضَلَّ إذا اهتديتُم) (المائدة: ١٠٥) واته: (له خه‌می خۆتاندا بن، ئه‌گه‌ر خۆتان ڕێی ڕاستان گرتبێته به‌ر گومڕایی خه‌ڵكی تر زیانی نیه بۆتان).
٧. هه‌ندێكیشیان په‌یوه‌ندییان به حاڵه‌تی ڕاگه‌یاندنی جه‌نگه‌وه هه‌یه، كه ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر ئه‌وان ئاشتی و ڕێككه‌وتنیان ویست به‌ده‌میانه‌وه بچن: (وإنْ جَنَحُوا للسَّلْم فاجْنَحْ لها) (الأنفال: ٦١). هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی كه له‌سه‌ر ئایین جه‌نگیان له‌گه‌ڵ نه‌كردون و له وڵاتی خۆتان ده‌ریان نه‌كردون خوا ڕێتان لـێ ناگرێت چاكه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌ن و مامه‌ڵه‌ی باشیان له‌گه‌ڵ بكه‌ن و په‌یوه‌ندیتان پێیانه‌وه هه‌بێت: (لا ينهاكم اللهُ عن الّذين لم يُقاتِلوكم في الدين ولم يُخْرِجوكم من دياركم أَنْ تَبَرُّوهُم وتُقْسِطُوا إليهم..) (الممتحنة: ٨).
٨. به هه‌مان شێوه كۆمه‌ڵێك ده‌قی قورئانی، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی یه‌كه‌م جار ڕێگه‌یان دا به موسوڵمانه‌كان خۆیان چه‌كدار بكه‌ن و شه‌ڕ بكه‌ن، جه‌نگ و كوشتار تایبه‌ت ده‌كه‌ن به‌و مه‌رجه‌وه كه ئه‌وان ده‌ستپێشخه‌ر بن و ئه‌وان شه‌ڕ به موسوڵمانه‌كان بفرۆشن و ئه‌شكه‌نجه‌یان بده‌ن بۆ وازهێنان له ئیسلام. ئه‌وانه‌ش: (و قاتلوا في سبيل الله الذين يقاتلونكم) (البقرة: ١٩٠)، (و قاتِلوا المشركين كافّةً كما يُقاتِلونكم كافّةً) (التوبة: ٣٦)، (أُذِن للذين يُقاتَلون بأنهم ظُلِموا..) (الحج: ٣٩) (كه گوایه ئه‌مه‌یان یه‌كه‌م ئایه‌تی ڕێگه‌دانه به جه‌نگ)، ئه‌مانه جه‌نگ تایبه‌ت ده‌كه‌ن به وه‌ڵامی جه‌نگی ده‌ستپێشخه‌رانه‌ی لایه‌نی به‌رامبه‌ره‌وه. هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: (و قاتِلوهم حتى لا تكون فتنة..) (البقرة: ١٩٣، الأنفال: ٣٩)، واته: (كوشتاریان له‌گه‌ڵ بكه‌ن هه‌تا فیتنه نه‌بێت)، كه (فتنة) لێره‌دا هه‌رچه‌ند به واتای (فره‌په‌رستی) لێك دراوه‌ته‌وه، به‌ڵام (به‌پێی ده‌قه‌كانی تر) زیاتر وا ده‌رده‌كه‌وێت مه‌به‌ست ئه‌شكه‌نجه‌دان بێت بۆ وازهێنان له ئایین (ئیسلام)، به‌م پێیه (حتى لا تكون فتنة) واته: بۆ ئه‌وه‌ی نه‌توانن ئه‌شكه‌نجه‌ی موسوڵمان بده‌ن بۆ وازهێنان له ئیسلام. به‌م شێوه‌یه ئه‌م ده‌قانه جه‌نگ و كوشتار تایبه‌ت ده‌كه‌ن به ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی شه‌ڕێكی ده‌ستپێشخه‌رانه (البقرة: ١٩٠) (التوبة: ٣٦) یان سته‌م و مافخواردن (الحج: ٣٩) یان ئه‌شكه‌نجه‌دانی ئایینی (البقرة: ١٩٣، الأنفال: ٣٩). بۆیه بیرمه‌نده ئیسلامیه میانه‌ڕه‌وه‌كان ڕایده‌گه‌یه‌نن كه جه‌نگ له ئیسلامدا ته‌نها (دیفاعی) ـه و بۆ به‌رگریه.
ئێمه كه سه‌یری ئه‌م هه‌مو ده‌قه قورئانیانه ده‌كه‌ین و به‌تایبه‌تییش كه سه‌رنجی ئه‌وه ده‌ده‌ین به ژماره زۆرترن له ده‌قه‌كانی فه‌رماندان به كوشتار و توندوتیژی و به‌ڕواڵه‌ت زاڵترن به‌سه‌ر كه‌شی قورئان (ی ــ به‌تایبه‌تی ــ مه‌ككه‌یی) دا؛ سه‌رمان سوڕ ده‌مێنێت له‌و توندوتیژیه‌ی كه بوه‌ته مۆركی كاری ئیسلامی و ئه‌و دیمه‌نه خوێناویه‌ی كه مێژوی ئیسلامی هه‌یه‌تی و ئه‌و هه‌مو كوشت و كوشتار و خوێنڕشتنه‌ی كه له‌گه‌ڵ هه‌ڵمه‌تی فتوحات و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئیسلام و ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی‌دا ئه‌نجام دراوه و ئه‌و هه‌مو ڕق و كینه و ده‌مارگیری و ئاره‌زوی كوشتنه‌ی كه موسوڵمان هه‌یه‌تی به‌رامبه‌ر گه‌لانی ناموسوڵمان.. ئه‌و ده‌قانه بخوێنه‌ره‌وه و ته‌ماشای كاروكرده‌وه‌ی گروپه ئیسلامیه توندڕه‌وه‌كان بكه توشی شۆك ده‌بیت و گومان ده‌كه‌یت ئه‌و ده‌قانه له قورئانی لای ئه‌و گروپانه‌دا هه‌بن یان ئه‌وانه موسوڵمان بن و قورئان بناسن. گومانی تێدا نیه كه (خه‌له‌ل) ێك له مه‌سه‌له‌كه‌دا هه‌یه. به‌بڕوای من و دوای وردبونه‌وه‌ی زۆرم له‌و ده‌قانه و چوارچێوه و كۆنتێكسته‌كانیان و له كۆی بابه‌ته‌كه، پێم وایه خه‌له‌له‌كه له هه‌مو پێكهێنه‌ره‌كانی بابه‌ته‌كه‌دا هه‌یه: هه‌م له خودی ئه‌و ده‌قانه‌دا، هه‌م له چوارچێوه‌ی گشتیی ده‌قی قورئانی و له ده‌قه قورئانیه‌كانی تردا، هه‌م له عه‌قڵی ئیسلامی‌دا و مامه‌ڵه‌ی عه‌قڵی ئیسلامی له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌قانه‌دا، و هه‌م له پراكتیسی ئیسلامی و مێژوی كاری ئیسلامی‌دا. له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ئه‌م سه‌رنجانه ده‌خه‌مه‌ڕو:
١. له سه‌ره‌تاوه سه‌رنج ده‌ده‌ین زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری ئه‌و ده‌قانه‌ی كه ڕێنمایی لێبوردن و نه‌رمییان هه‌ڵ گرتوه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ قۆناغی مه‌ككه و ئه‌و كاته‌ی كه پێغه‌مبه‌ر و موسوڵمانه‌كان له بارێكی لاواز و دۆخێكی ناسكدا بون و هیچ هێزێكیان نه‌بوه و هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یان له‌توانادا بوه كه لێبورده بن و نه‌رم بن و له‌وه زیاتریان پێ نه‌كراوه، ئه‌گه‌ر توند بن و ئارام نه‌گرن ڕه‌نگه به‌ته‌واوی له‌ناو بچن. به‌ڕونی له گوزارش و ده‌ربڕینی ئه‌و ده‌قانه‌دا حاڵه‌تێكی ترس و بێهیوایی و بێده‌سه‌ڵاتی هه‌ست پێ ده‌كه‌ین. له‌مه‌وه حاڵی ده‌بین كه ئه‌و ڕێنماییانه كاتی و قۆناغه‌كین و تایبه‌تن به چوارچێوه و مه‌رجه واقیعیه‌كانیانه‌وه و هه‌ر له‌ڕێوه چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له قۆناغی جیاوازدا و له‌گه‌ڵ په‌یدابونی هێزدا بگۆڕێن به ڕێنمایی و فه‌رمانی جیاواز و نه‌بنه بنه‌مای هه‌میشه‌یی و مۆڕاڵی چه‌سپاو. هه‌ر بۆیه گه‌لێك له زانا ئایینیه‌كانی ئیسلام، به‌تایبه‌تی ئیبن ته‌یمییه، ئه‌و ده‌قانه‌یان به‌پێی چوارچێوه و كۆنتێكسته‌كانیان تایبه‌ت كردوه به حاڵه‌تێكه‌وه كه موسوڵمان له وڵاتێكدا بێت كه ئه‌م تێیدا لاواز و كه‌مینه بێت، له‌و كاته‌دا پێویسته هێور و ئارام بێت و كارێكی وانه‌كات كه (بێباوه‌ڕان) له‌خۆی بوروژێنێت و له‌ناو بچێت.. ئیبن ته‌یمییه ده‌ڵێت پێویسته له‌و حاڵه‌ته‌یشدا به‌دڵ و له ده‌رونی خۆیدا هه‌ر ڕقی لێیان بێت(!) به‌ڵام به ئاشكرا كارێك نه‌كات كه ببێته مایه‌ی له‌ناوچونی. ئێسته‌ش به‌گشتی له بیری ئیسلامیی نوێ‌دا (به‌تایبه‌تی بیری ئیخوان موسلیمین)، ئه‌و بڕوایه هه‌یه كه ئه‌و ڕێنماییانه‌ی لێبوردن و نه‌رمی تایبه‌تن به قۆناغی بانگه‌وازه‌وه وه‌كو قۆناغی مه‌ككه له ئه‌زمونی ئیسلامیی یه‌كه‌مدا.. ئه‌مه‌ش مانای وایه گروپی ئیسلامی كاتێك هێزی په‌یدا كرد و ده‌سه‌ڵاتی هه‌بو ئیتر لێبورده و نه‌رم نابێت و ده‌قه‌كانی توندوتیژی ده‌خاته‌گه‌ڕ! له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا هه‌ر مایه‌ی خۆشحاڵیه موسوڵمان له قۆناغی بانگه‌واز و ده‌ركه‌وتندا لێبورده بێت و وا بیر بكاته‌وه، به‌ڵام موسیبه‌ته‌كه ئه‌وه‌یه كه هه‌مو موسوڵمانێك و هه‌مو گروپێكی ئیسلامی به‌م شێوه‌یه‌ش بیر ناكاته‌وه! به‌ڵكو زۆربه‌یان وا بیر ده‌كه‌نه‌وه كه له دوای فه‌تحی مه‌ككه‌وه تا قیامه‌ت ته‌نها كار به بنه‌مای جیهاد ده‌كرێت!
٢. هه‌ر بۆیه به‌عه‌مه‌لی دواتر ده‌قه قورئانیه‌كان و به‌دوایدا پراكتیسی ئیسلامی، دوابه‌دوای په‌یداكردنی هێز و ده‌سه‌ڵات، ئه‌و ڕێنماییانه‌یان گۆڕی به كۆمه‌ڵێك فه‌رمان و فێركاری بۆ كوشتار و كوشتنی (بێباوه‌ڕان)، به ڕاده‌یه‌ك كار بگاته ئه‌وه‌ی بڵێت له هه‌ر شوێنێك به‌ر ده‌ستتان كه‌وتن بیانكوژن (البقرة: ١٩١) (النساء: ٨٩، ٩١) (التوبة: ٥)، و به‌وردی ڕێنماییان بكات بۆ چۆنێتیی كوشتن‌یان: بده‌ن له گه‌ردنیان و زۆریان لـێ بكوژن و ئینجا ئه‌وانه‌ی تر دیل بكه‌ن (محمد: ٤)، هه‌روه‌ها: (فاضْرِبوا فوق الأعناق واضْرِبوا منهم كُلَّ بَنان) (الأنفال: ١٢) واته: (بده‌ن له ملیان [یان له سه‌ریان، یان له نێوانی ئێسكی مل و كاسه‌ی سه‌ریان] و بده‌ن له هه‌مو په‌ل‌وپۆ و ده‌ست‌وپلیان [بۆ ئه‌وه‌ی شمشێریان بۆ نه‌گیرێت و به‌رگرییان پێ نه‌كرێت]). و بگاته ئه‌و ڕاده‌یه‌ی كه بڵێت: نابێت ده‌ست بكه‌ن به دیل گرتن هه‌تا زۆریان لـێ نه‌كوژن! (الأنفال: ٦٧). هه‌روه‌ها ڕێنمایی ده‌دات كه توندوتیژ بن به‌رامبه‌ر بێباوه‌ڕان و زۆریان بۆ بهێنن: (التوبة: ٧٣، ١٢٣) (الفتح: ٢٩) (التحریم: ٩). هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: هێز ئاماده بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی دوژمنی خوا و دوژمنی خۆتانی پێ بترسێنن (الأنفال: ٦٠)، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت ئێوه كوشتاریان بكه‌ن و خوایش ترس و تۆقین ده‌خاته دڵیانه‌وه: (آل عمران: ١٥١) (الأنفال: ١٢) (الأحزاب: ٢٦) (الحشر: ٢). به‌م شێوه‌یه به‌عه‌مه‌لی هه‌مو ڕێنماییه‌كانی لێبوردن و نه‌رمی و ئارامگرتن گۆڕان به ڕێنمایی كوشتن و توندوتیژی و ده‌ست وه‌شاندن. ئیتر پێغه‌مبه‌ر ته‌نها ئاگاداركه‌ره‌وه (نذير) ێك نه‌بو، به‌ڵكو سه‌ركرده‌یه‌كی سه‌ربازی بو كه ــ به‌پێی قورئان ــ بۆی نه‌بو دیلی زۆر بگرێت و كه‌م بكوژێت! (الأنفال: ٦٧)، به‌ته‌واوی ببوه (وه‌كیل) و (حه‌فيظ) و (موسه‌يطير) به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌وه.
٣. هه‌ر بۆیه له عه‌قڵی ئیسلامی‌دا چه‌سپاوه كه ئه‌و ده‌قانه‌ی فه‌رمان ده‌كه‌ن به لێبورده‌یی و ئارامگرتن هه‌مویان به‌تاڵ كراونه‌ته‌وه (نه‌سخ كراون) به ئایه‌ته‌كانی كوشتار (قِتال) و به‌تایبه‌تی ئایه‌تی (التوبة: ٥) كه پێی ده‌وترێت (ئایه‌تی شمشێر) كه گوایه نزیكه‌ی (١٥٠) ئایه‌تی نه‌رمی و لێبوردنی به‌تاڵ كردوه‌ته‌وه! به‌م شێوه‌یه عه‌قڵی ئیسلامی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌قانه‌دا كردوه و ده‌یكات. هه‌رچه‌ند له سه‌رده‌می نوێ‌دا هه‌ندێك زانا و توێژه‌ری ئایینی ده‌ركه‌وتون كه مه‌سه‌له‌ی (نه‌سخ) یان تاووتوێ كردوه، وه‌كو (دیهله‌وی) و (د. مصطفى أبو زيد) و (د. مسته‌فا زه‌ڵمی) [و كه‌سانی تریش]، كه مه‌ودای (نه‌سخ) یان ته‌سك كردوه‌ته‌وه و گه‌یشتونه‌ته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه ئایه‌ته به‌تاڵكراوه‌كان له (٤ ــ ٦) ئایه‌ت زیاتر نین و هیچیشیان له‌و ئایه‌تانه نین كه ڕێنمایی لێبوردن و نه‌رمییان هه‌ڵ گرتوه و ئه‌مانه هیچیان به‌تاڵ نه‌كراونه‌ته‌وه ("د. مسته‌فا زه‌ڵمی " یش پێی وایه كه هیچ ده‌قێكی قورئان حوكمه‌كه‌ی به‌تاڵ نه‌كراوه‌ته‌وه). به‌ڵام هێشتا زۆربه‌ی موسوڵمانان سورن له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕ و شێوازی مامه‌ڵه‌یه‌ی له‌ڕابردودا هه‌بوه له‌گه‌ڵ ده‌قه‌كاندا و، به‌تیۆری و به‌عه‌مه‌لی ئه‌و ده‌قانه‌یان به‌تاڵ كردوه‌ته‌وه.
٤. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی ئه‌و ده‌قانه‌ی ڕێنمایی ده‌كه‌ن بۆ لێبوردن و ئارامگرتن، گوتارێكن ڕاسته‌وخۆ ئاڕاسته‌ی خودی پێغه‌مبه‌ر ده‌بن، مرۆڤی موسوڵمان لێره‌وه ئه‌و ده‌قانه زیاتر تایبه‌ت ده‌كات به ئه‌زمونی ئیسلامیی یه‌كه‌مه‌وه و به قۆناغی مه‌ككه‌وه له‌و ئه‌زمونه‌دا و ده‌یانبه‌ستێته‌وه به‌و شوێن و كاته تایبه‌تیه‌وه. له‌به‌رامبه‌ره‌وه زۆربه‌ی ده‌قه‌كانی فه‌رماندان به كوشتار و توندوتیژی به‌گشتی ئاڕاسته‌ی هه‌مو موسوڵمانان ده‌بن و كه‌مێكیان ڕاسته‌وخۆ خودی پێغه‌مبه‌ر ده‌دوێنن، چونكه ئه‌و فه‌رمانانه له بنه‌ڕه‌تدا ئاڕاسته‌ی كۆمه‌ڵێك (سه‌رباز) كراون كه‌له‌ژێر ئاڵای سه‌ركرده‌كه‌یاندا بجه‌نگن.
٥. ئه‌گه‌ر چه‌ند ده‌قێك مه‌رجی ئه‌وه بۆ كوشتار و توندوتیژی دابنێن كه بێباوه‌ڕان ده‌ستپێشخه‌ر بن له جه‌نگدا (البقرة: ١٩٠) (التوبة: ٣٦) یان سته‌م له موسوڵمانان بكه‌ن (الحج: ٣٩) یان ئه‌شكه‌نجه‌یان بده‌ن له‌سه‌ر موسوڵمانێتی (البقرة: ١٩٣، الأنفال: ٣٩).. له به‌رامبه‌ردا دواتر كۆمه‌ڵێك ده‌قی تر ئه‌و مه‌رجانه‌یان به‌تاڵ كردوه‌ته‌وه، و به‌ڕه‌هایی فه‌رمان ده‌ده‌ن به كوشتاری بێباوه‌ڕان (له‌پێناوی خوادا) وه‌كو بنه‌مایه‌كی هه‌میشه‌یی و ڕه‌ها: (البقرة: ٢٤٤) (النساء: ٧٤ ــ ٧٦، ٨٤) (التوبة: ١٢ ــ ١٥، ١١١، ١٢٣)، كۆمه‌ڵێك ده‌قی تریش به‌ڕه‌هایی فه‌رمان ده‌ده‌ن به كوشتنی فره‌په‌رستان له هه‌ر شوێنێك به‌ر ده‌ست كه‌وتن: (البقرة: ١٩١) (النساء: ٨٩، ٩١) (التوبة: ٥) (الأحزاب: ٦١). هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ی لایه‌نێك كه ته‌نها ئایینیان جیاوازه و هیچ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ هێزه ئیسلامیه‌كه‌دا نه‌بوه (كه یه‌هودی و مه‌سیحیه‌كانن) ده‌ڵێت كوشتاریان بكه‌ن تا به‌ده‌ستی خۆیان و به‌سه‌رشۆڕی سه‌رانه ده‌ده‌ن! (التوبة: ٢٩). هه‌روه‌ها به‌گشتی بنه‌مایه‌ك داده‌نێت بۆ توندبون و زبربون له‌گه‌ڵ مرۆڤی ناموسوڵمان: (التوبة: ٧٣، ١٢٣) (الفتح: ٢٩) (التحریم: ٩).
٦. ئه‌گه‌ر هه‌ندێك ده‌ق بڕینی په‌یوه‌ندی و دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ بێباوه‌ڕدا تایبه‌ت بكه‌ن به‌و مه‌رجه‌وه كه ئه‌و بێباوه‌ڕانه ئه‌شكه‌نجه‌ی موسوڵمانه‌كانیان دابێت و له شار و زێدی خۆیان ده‌ریان كردبن و به‌رامبه‌ریان جه‌نگابن (وه‌كو ده‌قه‌كه‌ی: الممتحنة: ٨، ٩)؛ ئه‌وا له زۆر ده‌قی تردا (آل عمران: ٢٨، النساء: ٨٩، ١٣٩، ١٤٤، المائدة: ٥١، ٥٧) بابه‌تی به‌ریبون له بێباوه‌ڕان و قه‌ده‌غه‌بونی دۆستایه‌تییان (باوه‌ڕی وه‌لاء و به‌ڕاء)، به ڕه‌هایی دوپات كراوه‌ته‌وه و كراوه‌ته بنه‌مایه‌ك بۆ ڕاگه‌یاندنی دوژمنایه‌تی و بڕینی هه‌مو په‌یوه‌ندییه‌ك له‌نێوان موسوڵمانان و ئه‌وانی تردا، هه‌تاكو له ده‌قێكیاندا ده‌ڵێت باوك و براكانتان ئه‌گه‌ر بێباوه‌ڕییان هه‌ڵ بژارد له‌بریی باوه‌ڕهێنان ئێوه به دۆست و لایه‌نگری خۆتانیان مه‌زانن، ئیتر ئه‌وانه‌تان كه دۆستایه‌تییان ده‌كه‌ن سته‌مكارن و كاری نابه‌جێ ده‌كه‌ن (التوبة: ٢٣)، هه‌روه‌كو له ده‌قێكی تریشدا ناڕاسته‌وخۆ ئه‌وانه ته‌كفیر ده‌كات كه دۆستایه‌تیی بێباوه‌ڕان (له جوله‌كه و مه‌سیحیه‌كان) ده‌كه‌ن و ده‌ڵێت ئه‌وانه‌تان كه دۆستایه‌تییان ده‌كه‌ن له‌وانن و ده‌چنه ڕیزی ئه‌وان! (المائدة: ٥١).
٧. ئه‌و ده‌قانه هه‌ندێكیان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه سیفه‌تی قۆناغه‌كییان به‌ڕونی پێوه دیاره، بۆ نمونه ده‌ڵێن هه‌تا خوا ده‌رویه‌ك ده‌كاته‌وه! بۆ نمونه ده‌ڵێت: لێبوردنتان هه‌بێت و چاوپۆشی بكه‌ن، هه‌تا ئه‌و كاته‌ی خوا شتێك ده‌كات! (فاعفُوا واصفحوا حتى یأتی الله بأمره) (البقرة: ١٠٩). هه‌رچه‌ند زۆربه‌ی موفه‌سسیره‌کان ئه‌م (ئه‌مر) ه‌یان به "فه‌رماندان به کوشتاری (ئه‌هلی کیتاب) و ناچارکردنیان به سه‌رانه‌دان" لێک داوه‌ته‌وه، چونکه ده‌قه‌که له باسی خێڵه جوله‌که‌کاندایه..
٨. ئه‌و ده‌قانه‌ی مه‌رجی ده‌ستپێشخه‌ریی بێباوه‌ڕان داده‌نێن، به ده‌ق و به‌عه‌مه‌لی به‌تاڵ كرانه‌وه، به‌و ده‌قانه‌ی كه به‌ڕه‌هایی ده‌ڵێت له هه‌ر شوێنێك به‌رده‌ست كه‌وتن بیانكوژن، به‌تایبه‌تی ئایه‌تی شمشێر (التوبة: ١٠٥).
جگه له‌مانه‌ش، ده‌قه قورئانیه‌كانی لێبوردن و نه‌رمییش، ئه‌گه‌ر جوان لێیان ورد ببینه‌وه، ده‌بینین به‌ڕاستی بنه‌مایه‌كی چه‌سپاو دانانێن بۆ لێكبوردنی ئایینی و ئازادیی بیروباوه‌ڕ به‌گشتی، به‌ڵكو ئه‌و ده‌قانه خۆیشیان هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك گرفت و ئاڵۆزین و هه‌ندێك نیشانه و سه‌ره‌داو ده‌ده‌ن به‌ده‌سته‌وه كه مژده‌به‌خش نین و مایه‌ی خۆشحاڵی نین. بۆ نمونه:
١. كاتێك له ئایینه‌كانی تر ده‌دوێت و له ده‌قی (البقرة: ٦٢) دا باس له‌وه ده‌كات كه شوێنكه‌وته‌ی ئایینه‌كانی تر سه‌رفرازن و لێیان قبوڵ ده‌كرێت، ده‌بینین ته‌نها باسی ئایینی (ئیسلامی) و (یه‌هودی) و (مه‌سیحی) و (صابیئی) ده‌كات، ئیتر ئاماژه ناكات بۆ ئایینه‌كانی تر، له‌مه‌وه دیاره ئه‌و ئایینانه‌ی كه دورن له ئایینه ئیبراهیمیه‌كانه‌وه، وه‌كو ئایینی زه‌رده‌شتی و ئێزدی و ئایینه‌كانی تر، ئه‌و لێبوردنه نایانگرێته‌وه.. به‌تایبه‌تی (ئایینه سروشتیه‌كان)، واته ئه‌وانه‌ی گوتاری یه‌كتاپه‌رستی به (فره‌په‌رستی) ناوزه‌دیان ده‌كات و زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری ئایینه‌كانی جیهان پێك ده‌هێنن، ئه‌وانه به هیچ شێوه‌یه‌ك قورئان سازشیان له‌گه‌ڵ ناكات و به هیچ شێوه‌یه‌ك قورئان بوارێكی بۆ نه‌هێشتونه‌ته‌وه. جا ئه‌گه‌ر مرۆڤێك هیچ ئایینێكی نه‌بێت؛ ئه‌وه هه‌ر له قاموسی قورئاندا نیه!
٢. جگه له‌وه‌ش هه‌ر له‌و ده‌قه‌دا (البقرة: ٦٢)، مه‌رجی ئه‌وه داده‌نێت كه ئه‌و (یه‌هودی و مه‌سیحی و صابیئی) یانه ده‌بێت باوه‌ڕیان به خوا و ڕۆژی دوایی هه‌بێت و كاری چاكه بكه‌ن: (مَن آمَنَ بالله واليومِ الآخِر وعَمِل صالحا).. ئه‌م مه‌رجه بێ مه‌ڵامه‌ت نیه و ده‌بێته بنه‌مایه‌ك بۆ بیانوگرتن له شوێنكه‌وته‌ی ئه‌و ئایینانه به‌و بیانوه‌ی كه وازیان له ئایینه‌كه‌یان هێناوه (به‌تایبه‌تی كه ئه‌و پێناسه‌یه‌ی له ئیسلامدا هه‌یه بۆ ئایینی ـ بۆ نمونه ـ یه‌هودی و مه‌سیحی جیاوازه له‌وه‌ی لای خۆیان هه‌یه، به‌م شێوه‌یه موسوڵمان به‌ئاسانی ده‌توانێت یه‌هودی و مه‌سیحیه‌كان تاوانبار بكات به‌وه‌ی وازیان له ئایینی یه‌هودیی ڕاسته‌قینه و مه‌سیحیی ڕاسته‌قینه هێناوه). هه‌ر بۆیه له ده‌قێكی تردا كه ئه‌و ده‌قه‌ی پێشوی پێ هه‌ڵ ده‌وه‌شێنێته‌وه ده‌قاوده‌ق ئه‌م مه‌رجه به‌كارده‌هێنێته‌وه و ده‌ڵێت ئه‌و یه‌هودی و مه‌سیحیانه‌ی (باوه‌ڕیان به خوا و ڕۆژی دوایی نیه و كاری خراپ و قه‌ده‌غه ئه‌نجام ده‌ده‌ن) ئه‌وانه كوشتاریان له‌گه‌ڵ بكه‌ن هه‌تا به‌ده‌ستی خۆیان سه‌رانه ده‌ده‌ن به سه‌رشۆڕی (التوبة: ٢٩).
٣. ئه‌و ده‌قه قورئانیانه‌ی كه به‌ڕواڵه‌ت بنه‌مایه‌ك داده‌نێن بۆ ئازادیی بیروباوه‌ڕ، ئه‌گه‌ر به‌وردی لێیان بڕوانین؛ ده‌بینین له ڕاستیدا ئامانجیان بنه‌مای (ئازادیی بیروباوه‌ڕ) نیه به‌و شێوه‌یه‌ی ئێمه چاوه‌ڕوانیی ده‌كه‌ین.. بۆ نمونه، كاتێك ده‌ڵێت: (فمَنْ شا‌ء فلْيُؤمِن ومَن شا‌ء فلْيَكْفُر) (الكهف: ٢٩) واته: (جا هه‌ر كه‌س ویستی [باوه‌ڕ بهێنێت] با باوه‌ڕ بهێنێت و هه‌ر كه‌سیش ویستی [باوه‌ڕ نه‌هێنێت] با باوه‌ڕ نه‌هێنێت)، ئه‌گه‌ر جوان له‌م ده‌قه ورد ببینه‌وه ده‌بینین له ڕاستیدا ده‌یه‌وێت بڵێت ئه‌و پێویستیی به باوه‌ڕی خه‌ڵك نیه و منه‌تباری ئه‌وان نیه و، ده‌یه‌وێت بڵێت: خه‌ڵك كه‌یفی خۆیانه باوه‌ڕ ده‌هێنن یان نا، وه‌كو ئه‌وه وایه بڵێت (چاویان ده‌ر ده‌هات! خۆیان زه‌ره‌ر ده‌كه‌ن!).. ئه‌گه‌ر كه‌سێكیش باوه‌ڕی به‌م لێكدانه‌وه‌یه نیه با سه‌رجه‌می ده‌قه‌كه بخوێنێته‌وه كه ده‌ڵێت: (وقل: الحقُّ من ربكم، فمن شا‌ء؛ فليؤمن، ومن شا‌ء؛ فليكفر، إنا أعتدنا للظالمين نارا أحاط به‌م سرادقها، وإن يستغيثوا؛ يغاثوا بماء كالمهل يشوي الوجوه..) (الكهف: ٢٩)، واته: (وبڵـێ: ڕاستی له په‌روه‌ردگاری خۆتانه‌وه‌یه، جا هه‌ر كه‌س ویستی [باوه‌ڕ بهێنێت] با باوه‌ڕ بهێنێت و هه‌ر كه‌سیش ویستی [باوه‌ڕ نه‌هێنێت] با باوه‌ڕ نه‌هێنێت، ئێمه ئاگرێكمان بۆ سته‌مكاران [مه‌به‌ستی ئه‌وانه‌یه كه باوه‌ڕی پێ ناهێنن] ئاماده كردوه كه چوارده‌وره‌یان ده‌دات، ئه‌گه‌ر هاواریش بكه‌ن و داوای ئاو بكه‌ن ئاوێكیان ده‌درێتێ وه‌كو ڕۆنی قرچاو كه ده‌م‌وچاو ده‌برژێنێت..)! كه‌واته ده‌قی (فمَنْ شا‌ء فلْيُؤمِن ومَن شا‌ء فلْيَكْفُر) كه زۆر موسوڵمان خۆیی پێوه با ده‌دات و پێی وایه بنچینه‌یه‌كه بۆ بنه‌مای ئازادیی بیروباوه‌ڕ، له ڕاستیدا هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی سه‌خته له هه‌ر كه‌سێك باوه‌ڕ نه‌هێنێت! به‌ڵام فێڵه‌كه‌یان ئه‌وه‌یه ده‌چن ته‌نها ڕسته‌یه‌ك له ده‌قه‌كه ده‌هێننه ده‌ره‌وه و ته‌نها ئه‌و ڕسته‌یه‌مان پێشان ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی واتای ڕاسته‌قینه‌ی ده‌قه‌كه ده‌رنه‌كه‌وێت.
٤. ده‌قی (لا إكراه في الدين) (البقرة: ٢٥٦)، كه زۆر جار ده‌كرێته بنه‌مای ئازادیی باوه‌ڕ، ئه‌میش هیچ ئاسۆیه‌كی ڕونمان پێشان نادات: پێش هه‌مو شتێك به‌پێی كه‌له‌پوری ئیسلامی و بڕوای زۆرێك به‌تاڵ كراوه‌ته‌وه به ئایه‌ته‌كانی (التوبة: ٧٣، ١٢٣، التحریم: ٩، الفتح: ١٦) كه فه‌رمان ده‌كه‌ن به كوشتاری بێباوه‌ڕان و توندبون به‌رامبه‌ریان و به‌رامبه‌ر دوڕوان و زۆركردن لێیان. به‌پێی بڕوایه‌كی تریش، بۆ نمونه لای ئیبن جه‌ریری طه‌به‌ری، ده‌قی (لا إكراه في الدين) ته‌نها ئه‌هلی كیتاب واته یه‌هودی و مه‌سیحیه‌كان ده‌گرێته‌وه، ئیتر فره‌په‌رست و كه‌سی بێباوه‌ڕ و بێئایین هه‌مویان زۆریان لـێ ده‌كرێت تا موسوڵمان ده‌بن یان كوشتاریان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت! به‌م پێیه ئایه‌ته‌كه به‌تاڵ نه‌كراوه‌ته‌وه به‌ڵام ئیتر مایه‌ی دڵخۆشی نیه چونكه ته‌نها ده‌یه‌وێت بڵێت كاتێك یه‌هودی و مه‌سیحیه‌كان سه‌رانه‌یان دا و سه‌رشۆڕییان قبوڵ كرد ئیتر زۆریان لـێ مه‌كه‌ن بۆ موسوڵمانبون! لێكدانه‌وه‌یه‌كی تریش (بۆ نمونه لای ئیبن ئه‌نباری و زۆری تریش)، ده‌ڵێت: ده‌قه‌كه مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه كه باوه‌ڕ شتێكی ناخه‌كیه و له دڵدایه و به زۆر دروست نابێت، ئه‌م واتایه‌ش هیچ ڕێنوماییه‌كی لێبوردانه‌ی تێدا نیه، چونكه ده‌یه‌وێت بڵێت: ئه‌گه‌ر چی ئێوه‌ی موسوڵمان به‌زۆر خه‌ڵك ملكه‌چی ئیسلام بكه‌ن و ئیسلام بچه‌سپێنن، هێشتا ناتوانن باوه‌ڕ به‌زۆر بسه‌پێنن چونكه باوه‌ڕ له دڵدایه و كه‌سیش نازانێت و ناتوانێت زۆركاری له‌گه‌ڵ بڕوای ناو دڵدا بكات. ئه‌و لێكدانه‌وه‌یه‌ش كه خۆم په‌سه‌ندی ده‌كه‌م و له سه‌رجه‌می ده‌قه‌كه‌وه دیاره و له‌نێو زانا ئایینیه هاوچه‌رخه‌كانیشدا (محمد بن صالح العثيمين) په‌سه‌ندی ده‌كات، ئه‌وه‌یه كه ده‌قه‌كه ده‌یه‌وێت بڵێت ئیسلام ئایینێكی به‌هێز و بڕواپێكه‌ره‌وه و خه‌ڵك بۆ خۆیان كه‌مه‌ندكێشی ده‌بن و خۆیان و به ئاره‌زوی خۆیان ڕوی تێ ده‌كه‌ن، چونكه هه‌ق و ناهه‌قیان بۆ ڕون بوه‌ته‌وه و ئیتر خه‌ڵك به خواست و ویست و عه‌قڵ و ویژدانی خۆیان هه‌ق هه‌ڵ ده‌بژێرن، نه‌ك ئه‌وه‌ی كه زۆردارییه‌ك له ئارادا بێت.. ئه‌گه‌ر سه‌رجه‌می ده‌قه‌كه بخوێنینه‌وه به ڕونی ئه‌م واتایه‌ی تێدا ده‌بینینه‌وه: (لا إكراه في الدين: قد تبين الرشد من الغي، فمن يكفر بالطاغوت ويؤمن بالله؛ فقد استمسك بالعروة الوثقى..) (البقرة: ٢٥٦)، واته: (زۆرلێكردن له‌سه‌ر ئایین، له ئارادا نیه، هه‌ق و ناهه‌ق جیابونه‌ته‌وه، جا هه‌ر كه‌س باوه‌ڕی به بته‌كان نه‌ما و باوه‌ڕی به خوا هێنا؛ ئه‌وه ده‌ستی گرتوه به قوڵفه هه‌ره قاییمه‌كه‌وه..). ڕسته‌ی (هه‌ق و ناهه‌ق جیابونه‌ته‌وه) (قد تبين الرشد من الغي)، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕسته‌یه‌كی ده‌ستپێكه‌ره‌وه (استئنافي) ـه، بۆیه وه‌كو لێكدانه‌وه‌ی ڕسته‌ی پێش‌و (لا إكراه في الدين) وایه، بۆیه واتای ده‌قه‌كه ئه‌وه‌یه كه ئایینی ڕاست و ئایینی ناڕاست له‌به‌ر چاوی خه‌ڵكدا جیابونه‌ته‌وه و ئیتر خه‌ڵك بۆ خۆیان ئایینی ڕاست هه‌ڵ ده‌بژێرن نه‌ك زۆرلێكردنێك له ئارادا بێت. ئه‌مه‌یه مه‌به‌سته‌كه، نه‌ك ئه‌وه‌ی قورئان بیه‌وێت به موسوڵمانه‌كان بڵێت هیچ هێزێك به‌كار مه‌هێنن بۆ چه‌سپاندنی ئیسلام یان بڵێت به‌رامبه‌ر ناموسوڵمانه‌كان هیچ توندی و زۆركارییه‌ك مه‌نوێنن، به هیچ شێوه‌یه‌ك ناگونجێت قورئان قسه‌ی وا بكات، چونكه ده‌یان ده‌قی قورئانیی تر هه‌ن كه ده‌ڵێن هێز به‌كار بهێنن و توند بن به‌رامبه‌ر بێباوه‌ڕه‌كان. ئایینێك كه به زۆرینه‌ی ده‌نگی شوێنكه‌وتوانی بڕوای وا بێت كه كه‌سێك له ئایین هه‌ڵ گه‌ڕێته‌وه و باوه‌ڕی به ئیسلام نه‌مێنێت ده‌بێت بكوژرێت؛ ناگونجێت له هه‌مان كاتدا بڵێت نابێت زۆر له كه‌س بكرێت بۆ باوه‌ڕهێنان!
ده‌مه‌وێت ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش بكه‌م كه ده‌سته‌واژه‌ی (في الدين) له ڕسته‌ی (لا إكراه في الدين) دا، مه‌به‌ست لێی (له ئاییندا) نیه، واته (في) لێره‌دا به واتای (له) نیه، به‌ڵكو به واتای (له‌سه‌ر) یاخود (به‌بۆنه‌ی..ـه‌وه) یاخود (له‌پێناوی..دا) یان (له ڕێگای..دا) یه.. واته: (لا إكراه في الدين) واتاكه‌ی ئه‌وه نیه (زۆرلێكردن له ئاییندا نیه)، به‌ڵكو واتاكه‌ی ئه‌وه‌یه (زۆرلێكردن له‌سه‌ر ئایین، نیه) یاخود (زۆرلێكردن له ڕێگای ئاییندا، له ئارادا نیه). ئه‌مه بۆیه ده‌ڵێم چونكه زۆر كه‌س به‌و شێوه‌یه هه‌ڵه‌یه ڕسته‌كه ڕاڤه ده‌كات، كه ئه‌وه نه‌زانینی زمان و شێوازی عه‌ره‌بیه و لاوازیی چێژی ده‌قه. شایه‌نی ئاماژه‌یه كه زۆربه‌ی وه‌رگێڕه ئینگلیزیه‌كانی قورئان كه‌وتونه‌ته ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌وه:
ـ (یوسف علی) Yusuf Ali، نوسیویه‌تی:
Let there be no compulsion in religion
به هه‌مان شێوه رۆدوێڵ J. M. Rodwell یش، كه نوسیویه‌تی:
Let there be no compulsion in Religion.
ـ پیكتاڵ Pickthal، و موحه‌ممه‌د حه‌بیب شاكیر M. H. Shakir، نوسیویانه:
There is no compulsion in religion.
ـ جۆرج سال George Sale، نوسیویه‌تی:
Let there be no violence in religion.
ـ ته‌قی عوسمانی Taqi Usmani، نوسیویه‌تی:
There is no compulsion in Faith.
٥. هه‌مو ئه‌و ده‌قانه‌ی كه ده‌ڵێن (ڕویان لـێ وه‌رگێڕه) و (ئه‌وه‌نده خۆت ماندو مه‌كه پێیانه‌وه) و (تۆ چاو‌دێر و به‌رپرس نیت به‌سه‌ریانه‌وه)، ئه‌م ده‌قانه هیچیان مژده‌یه‌كی خۆشیان پێ نیه بۆ مامه‌ڵه‌ی نێوان موسوڵمان و ناموسوڵمان، چونكه ئه‌و ده‌قانه هه‌مویان ڕوبه‌ڕوی پێغه‌مبه‌ر وتراون، ئه‌و كاتانه‌ی بانگه‌وازی ده‌كرد و له پاڵپشت و لایه‌نگر ده‌گه‌ڕا و له‌دوی كه‌سانێك ده‌گه‌ڕا كه پێی بڵێن (ڕاست ده‌كه‌یت) و له‌و پێناوه‌دا توشی ناڕه‌حه‌تی ده‌هات و ماندو ده‌بو.. ئه‌م ده‌قانه‌ش ده‌ڵێن (گوێ مه‌ده‌ره شێوازی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌وان) و (ئه‌وه‌نده خۆت ماندو مه‌كه و كه‌یفی خۆیانه، خۆیان زه‌ره‌ر ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر باوه‌ڕت پێ نه‌هێنن) و (تۆ ته‌نها قسه‌كانیان پێ بگه‌یه‌نه و به‌رپرس نیت له‌وه‌ی ئه‌وان باوه‌ڕ ده‌كه‌ن یان نا).. واته ئه‌م ده‌قانه هه‌مویان دڵدانه‌وه‌ی پێغه‌مبه‌ر بون و بۆ سوككردنی په‌ستان بون له‌سه‌ر ده‌رون و وره‌ی پێغه‌مبه‌ر، و پێی ده‌ڵێن (ئه‌وه‌نده خۆت ماندو مه‌كه و ئه‌وه‌نده چاوه‌ڕێی باوه‌ڕهێنان و به‌ده‌مه‌وه‌هاتنی ئه‌وان مه‌كه و له‌پێناوی ئه‌واندا خۆت مه‌كوژه).. دیاره موحه‌ممه‌د به‌م شێوازه تیماری باری ناله‌باری ده‌رونی خۆی كردوه كاتێك بێهیوا بوه و په‌ستانێكی زۆر له‌سه‌ر باری ده‌رونی و وزه و توانای به‌رگه‌گرتنی دروست بوه.. بۆیه ده‌ڵێم ئه‌و ده‌قه قورئانیانه له‌ڕاستیدا بنه‌مایه‌كیان دانه‌ناوه بۆ ئازادیی بیروباوه‌ڕ و نایانه‌وێت به موسوڵمانه‌كان بڵێن كارتان به كه‌س نه‌بێت و واز له خه‌ڵك و باوه‌ڕی خۆیان بهێنن، به‌ڵكو (وه‌كو مۆنۆلۆگێك) ده‌یانه‌وێت به موحه‌ممه‌د بڵێن تۆ بیرۆكه‌ی خۆت بگه‌یه‌نه و له‌پێناوی ئه‌واندا خۆت له‌ناو مه‌به. ده‌بێت هه‌مو كاتێك ئاگاییمان له‌وه هه‌بێت كه ده‌قه قورئانیه‌كان زۆر په‌یوه‌ستن به باری ده‌رونیی پێغه‌مبه‌ره‌وه، قورئانیش بۆ خۆی ده‌ڵێت: (.. لنثبّت به فؤادك، ورتلناه ترتيلا) (الفرقان: ٣٢).
٦. ئه‌و ده‌قه قورئانیانه‌ی كه ڕێنومایی ده‌ده‌ن به (ئارامگرتن) و به‌رگه‌گرتنی ناڕه‌حه‌تی و شێوازی ناله‌باری مامه‌ڵه و به‌ده‌مه‌وه‌هاتنی خه‌ڵك، جگه له‌وه‌ی كه هه‌مویان ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ قۆناغی بانگه‌واز له مه‌ككه، جگه‌له‌وه‌ش كه لێیان ورد ده‌بینه‌وه ده‌بینین هه‌مویان ته‌نها ڕێنوماییه‌كن بۆ پێغه‌مبه‌ر (و موسوڵمان) كه چه‌سپاو بێت له‌سه‌ر بنه‌مای خۆی و، دان به‌خۆیدا بگرێت و ناڕه‌حه‌تیه‌كان وای لـێ نه‌كات له ئاڕاسته‌كه‌ی خۆی لا بدات یان سازش بكات.. بۆ نمونه: سه‌رنجی ئه‌م ده‌قه بده: (فاصبر لحكم ربك، ولا تطع منهم آثما أو كفورا) (الإنسان: ٢٤). گه‌لێكیشیان مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌یه ئێوه ئارام بگرن تا خوا به‌ڵێنی خۆی ده‌باته سه‌ر و تۆڵه‌یان لـێ ده‌كاته‌وه و ده‌رو له ئێوه ده‌كاته‌وه، بۆ نمونه: (وإن كان طائفة منكم آمنوا بالذي أرسلت به وطائفة لم يؤمنوا فاصبروا حتى يحكم الله بيننا وهو خير الحاكمين) (الأعراف: ٨٧)، (واتبع ما يوحى إليك واصبر حتى يحكم الله وهو خير الحاكمين) (يونس: ١٠٩)، (تلك من أنباء الغيب نوحيها إليك ما كنت تعلمها أنت ولا قومك من قبل هـذا فاصبر إن العاقبة للمتقين) (هود: ٤٩)، (فاصبر إن وعد الله حق ولا يستخفنك الذين لا يوقنون) (الروم: ٦٠)، (فاصبر إن وعد الله حق واستغفر لذنبك وسبح بحمد ربك بالعشي والإبكار) (غافر: ٥٥)، (فاصبر إن وعد الله حق فإما نرينك بعض الذي نعدهم أو نتوفينك فإلينا يرجعون) (غافر: ٧٧)، (فاصبر كما صبر أولوا العزم من الرسل، ولا تستعجل له‌م. كأنهم يوم يرون ما يوعدون لم يلبثوا إلا ساعة من نهار. بلا‌غ، فهل يهلك إلا القوم الفاسقون؟) (الأحقاف: ٣٥). لێره‌وه تێ ده‌گه‌ین ئه‌و ده‌قانه‌ش كه ڕێنومایی ئارامگرتن ده‌ده‌ن به موسوڵمان ته‌نها دوپاتكردنه‌وی دامه‌زراوی و چه‌سپاوین له‌سه‌ر بیروباوه‌ڕ و رێنومایین بۆ چاوه‌ڕوانیكردنی به‌ڵێنی خوا به له‌ناوبردنی بێباوه‌ڕان و سه‌رخستنی باوه‌ڕداران، ئیتر نابنه بنه‌مایه‌ك بۆ پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كترقبوڵكردن و قبوڵكردنی جیاوازی و فره‌یی..
به‌م شێوه‌یه و له كۆتاییدا ده‌گه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه ده‌قه ئیسلامیه‌كانی لێكبوردن و نه‌رم‌ونیانی، له ڕاستیدا هیچ دژایه‌تی و پێچه‌وانه‌ییه‌كیان له‌گه‌ڵ ده‌قه‌كانی فه‌رمان به كوشتار و توندوتیژیدا نیه: دو قۆناغ له كاری ئیسلامیی پێغه‌مبه‌ر و موسوڵمانه یه‌كه‌مینه‌كان دو جۆر ڕێنومایی قۆناغه‌كییان هێناوه‌ته كایه، كه قۆناغی یه‌كه‌م ته‌نها قۆناغێكی سه‌ره‌تاییه و ڕاسته‌وخۆ ده‌گوازێته‌وه بۆ قۆناغی دوه‌م كه قۆناغی هێز و به‌كارهێنانی هێز و توندوتیژیه. قۆناغی یه‌كه‌م پێویسته بۆ دامه‌زران و خۆجێكردنه‌وه و قایمكردنی جێپێ، له قۆناغی دوه‌میشدا به هێز پارێزگاری ده‌كرێت له‌و جێپێیه‌ی قایم كراوه و له‌و ده‌ستكه‌وته‌ی به‌ده‌ست هێنراوه.. هه‌ر له قۆناغی یه‌كه‌مدا هه‌ندێك ده‌قی قورئانی هاتونه‌ته كایه كه ئاوڕشێنی دڵی موحه‌ممه‌د (وموسوڵمان) ده‌كه‌ن (واته به هه‌ر دو شێوازی مۆنۆلۆگ و دیالۆگ) و هه‌وڵ ده‌ده‌ن په‌ستانی قورسی سه‌ر باری ده‌رونیی بانگخواز كه‌م بكه‌نه‌وه و كارێك بكه‌ن بانگخواز نه‌كه‌وێت و ملكه‌چی ئاسته‌نگ و ته‌حه‌ددیه‌كان نه‌بێت و هیوایه‌كی گه‌وره‌ی به دواڕۆژ هه‌بێت، و له هه‌مان كاتیش‌دا بێمنه‌ت بێت له خه‌ڵك و پێیان بڵێت (كه‌یفی خۆتانه باوه‌ڕم پێ ده‌هێنن یان نا، خۆتان زه‌ره‌ر ده‌كه‌ن، ئاگر چاوه‌ڕێتانه!)، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی وره‌به‌رز بێت و له ئاسته‌نگ و كورتهێنانه‌كاندا وره‌ی نه‌ڕوخێت. له كۆتاییشدا كه كار ده‌گاته چه‌سپانی بانگه‌واز و بونی به واقیعێك له نیمچه‌دورگه‌كه‌دا، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی شه‌ڕوشۆرێكی زۆر كرا و خێڵه‌كان چاوترسێن كران و (هێز) ه ئیسلامیه‌كه بو به (ئه‌مری واقیع)، ئیتر خێڵه‌كان ته‌سلیمی (هێزی نوێ) و (كوێخای نوێ) ده‌بن..؛ ئه‌و كاته ده‌ڵێت (هه‌ق و ناهه‌ق جیابونه‌ته‌وه و خه‌ڵك بۆ خۆیان هه‌ق هه‌ڵ ده‌بژێرن). هه‌مو هێزێكیش هه‌ر وا ده‌ست پێ ده‌كات و له كۆتاییشدا هه‌ر وا ده‌ڵێت.. ئه‌مێریكایش، دوای تاقیكردنه‌وه‌ی هێزی ئه‌تۆمی له‌سه‌ر مرۆڤ و دوای به‌كارهێنان و بردنه‌ده‌ره‌وه‌ی سوپا زیاد له (٧٠) جار له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا؛ بانگه‌شه ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك بۆ خۆیان دیمۆكراسیی ئه‌مێریكاییان ده‌وێت!