ئایین چیه؟
سه‌روه‌ر پێنجوێنی
من بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م
پرسیاره ناچم ئه‌و پێناسه جیاوازانه بگێڕمه‌وه كه تا ئێستا له‌لایه‌ن ئه‌نثرۆپۆلۆجیسته‌كانه‌وه
كراون بۆ (ئایین)، كه ئه‌و گێڕانه‌وه و هه‌ڵڕشتنه كاری ئه‌كادێمیسته ته‌قلیدیه‌كانه،
به‌ڵكو ئه‌وه‌ی خۆم تێی گه‌یشتوم باسی ده‌كه‌م. خۆیشم ـ به كاری هه‌ندێك پاڵنه‌ری
تایبه‌ت به خۆمه‌وه ـ ماوه‌یه‌كه بیر له‌و بابه‌ته ده‌كه‌مه‌وه، بۆیه ئێسته توانا و تاقه‌تی
وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره گشتگیر و فه‌لسه‌فی‌سروشته‌م هه‌یه.
هه‌مو ئه‌و پێناسانه‌ی وا
باسی ئایین ده‌كه‌ن كه بریتیه له (باوه‌ڕ به هێزێكی بان‌سروشتی و كۆمه‌ڵێك
سروتی په‌رستش بۆ رازیكردنی ئه‌و هێزه باڵایه و نزیكبونه‌وه لێی)، به‌ڕای من
پێناسه‌ی ناته‌واون یاخود پێناسه‌ی (ئایین) ـن دوای ئه‌بستراكتكردن (تجرید) ی وه‌كو
چه‌مكێكی زیهنی یاخود پێناسه‌كردنی دیارده‌كه‌ن به (هه‌ندێك له) پێكهێنه‌ر و ڕه‌گه‌زه
سه‌ره‌كی و زه‌قه‌كانی. ڕاسته له ئاییندا باوه‌ڕ به (خوا) یان (خواوه‌ندێك) یان
چه‌ند خواوه‌ندێك و ڕۆح و بونه‌وه‌ری بان‌سروشتی، هه‌یه.. كۆمه‌ڵێك په‌رستش و
سروتی تێدایه بۆ ده‌ربڕینی ملكه‌چی بۆ خواوه‌ند و بۆ كۆنتڕۆڵكردنی سروشت به‌و
پێیه كه گوزارش له حه‌ز و ڕقی خواوه‌ند ده‌كات.. له زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌كاندا ده‌قێكی
پیرۆز یان زیاتری هه‌یه یان ده‌قێكی پیرۆزی بنه‌ڕه‌تی و چه‌ند ده‌قێكی لاوه‌كییشی
هه‌یه.. له هه‌ندێك حاڵه‌تیشدا (وه‌كو حاڵه‌تی ئایینه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست
یان ـ به‌گشتی ـ خۆرئاوای ئاسیا) مرۆڤێكی پیرۆز هه‌یه كه به په‌یامهێنی خواوه‌ند
داده‌نرێت و دامه‌زرێنه‌ری واقیعی یان كولتوریی ئایینه‌كه‌یه. به‌ڵام پێناسه‌كردنی
ئایین به‌م شتانه، هه‌رچه‌ند ده‌توانێت ئاماژه بكات بۆ ئایین و جیای بكاته‌وه
له شتی تر، به‌ڵام ته‌نها ده‌بێته باسكردنی پێكهێنه‌ر و دیمه‌نه‌كانی (جوێكه‌ره‌وه‌كانی)
و نابێته پێناسه‌یه‌كی جه‌وهه‌ری كه له سروشتی هه‌میشه‌یی و ڕیشه‌یی ئایین
حاڵیمان بكات و یارمه‌تیمان بدات بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئاییندا و زانینی پێگه
و جێگه‌كه‌ی له جیهانی مرۆڤدا. من ده‌توانم به یه‌ك وشه ئایین پێناسه بكه‌م،
ئه‌ویش بریتیه له وشه‌ی (كو‌لتور).. هه‌ڵبه‌ته مه‌به‌ستم له (كو‌لتور) كولتوری
ئه‌و گه‌له یان ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌یه كه ئایینه‌كه‌ی به‌رهه‌م هێناوه (ناڵێم
"ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ی ئایینه‌كه‌ی تێدا سه‌ر هه‌ڵ‌ده‌دات" یان "بڵاو
ده‌بێته‌وه"، چونكه جاری وا هه‌یه ئایینێك له كۆمه‌ڵگایه‌كدا ده‌رده‌كه‌وێت
به‌ڵام نامۆیه و له كۆمه‌ڵگایه‌كی شوێن و كات جیاوازه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتوه، ئه‌وه‌ش
ئه‌و ئایینانه ده‌گرێته‌وه كه تاكه‌كه‌س دایانده‌مه‌زرێنێت، ئه‌و كه‌سه‌ی كه
پێی ده‌وترێت نێردراو یاخود په‌یامبه‌ری خواوه‌ند، كه هه‌ندێك جار ده‌بێته
بانگخوازی بیرێكی ئایینیی نامۆ كه خۆی هه‌ڵی بژاردوه و پێی وایه له كولتوری
كۆمه‌ڵگاكه‌ی خۆی باشتره). مه‌به‌ستیشم ئه‌وه نیه هه‌مو نمونه و بابه‌ته‌كانی
پێكهێنه‌ره‌كانی (كو‌لتور) له (ئایین) دا بێ كه‌م‌وزیاد ئاماده‌ییان هه‌یه.
(كو‌لتور) یش بریتیه له شێوازی ژیان به هه‌مو بواره‌كانیه‌وه و تێڕوانین بۆ
بونه‌وه‌ر و سروشت و كۆمه‌ڵگا و مرۆڤ و مێژو.. و سه‌ره‌تا و ئێستا و سه‌ره‌نجامی
ئه‌مانه. به كورتی بریتیه له‌وه‌ی (ناماددی) ـه له بونیادی كۆمه‌ڵگای مرۆڤدا،
هه‌رچه‌ند ئه‌م (ناماددی) ـه هه‌ر په‌یوه‌سته به (ماددی) ـه‌وه و بۆ تێگه‌شتنه
له (ماددی) و بۆ مامه‌ڵه‌كردنه له‌گه‌ڵ (ماددی) دا. ئه‌گه‌ریش دروست بێت زاراوه‌ی
كۆمپیوته‌ری بۆ ئه‌م بواره به‌كار بهێنین ده‌توانین بڵێین (كو‌لتور) بریتیه له
(سۆفت‌وێر) ی كۆمه‌ڵگای مرۆڤ له به‌رامبه‌ری (هاردوێر) ه‌كه‌یدا كه بریتیه له
ژینگه و نشینگه و شته ماددیه‌كان! هه‌رچه‌ند سۆفت‌وێریش هه‌ر بۆ سودبینینه له
هاردوێر و وه‌كو ڕۆحی هاردوێر وایه. ئینجا ئایین، كه لێره‌وه پێناسه‌كه‌ی خۆم
وردتر ڕون ده‌كه‌مه‌وه، بریتیه له ده‌سته‌بژێرێكی ته‌واو یان كورته‌یه‌كی
پڕاوپڕ یان نمونه‌یه‌كی گشتگیری بچوككراوه له كو‌لتور.. به هه‌مو به‌شه‌كان و
بواره‌كانی كولتوره‌وه. ئایین هه‌ر بریتیه له پێكهێنه‌ره‌كانی كو‌لتور كاتێك
سیفه‌تی به‌رده‌وامی و ـ لێره‌وه ـ پیرۆزیی وه‌رده‌گرن و ده‌ستیان بۆ نابرێت. هه‌ر
بۆیه ئایین ئاوێنه‌یه‌كی كولتوره و، هه‌مو بوار و پێكهێنه‌ره‌كانی كولتوری تێدا
جێ ده‌بێته‌وه.. ئایین ته‌نها بریتی نیه له باوه‌ڕ به خوا و په‌رستنی، به‌ڵكو
بریتیه له جیهانبینی و شێوازی تێڕوانین و تێگه‌یشتن له بونه‌وه‌ر و سروست و
كۆمه‌ڵگا و مرۆڤ، و له شێوازی ژیان (ی تاكه‌كه‌سی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و
ئابوری..). ئه‌گه‌ر له وشه‌ی (ئایین) یش ورد ببینه‌وه، ده‌بینین له بنه‌ڕه‌تدا
واتای (یاسای گشتی) و (ڕێ‌وشوێن) ده‌گه‌یه‌نێت. ئه‌مه‌ش ڕێكه‌وت نیه كه وشه‌یه‌كی
له‌م شێوه‌یه ببێته زاراوه‌ی كوردی به‌رامبه‌ری (دین Religion). باسی خوا له ئاییندا له جه‌وهه‌ردا شتێكی تایبه‌ت نیه به
ئایینه‌وه، هه‌ر ته‌نها سه‌ره‌نجامێكی ئه‌و حاڵه‌ته‌یه كه به‌شێكی بنه‌ڕه‌تی له
كو‌لتور بریتیه له جیهانبینی و گه‌ردونناسی
و مرۆڤناسی و بونی نه‌گۆڕێك و ئایدیالێك و بنه‌مایه‌كی باڵا له‌و جیهانبینی
و بیركردنه‌وه‌دا. ئیتر ئه‌گه‌ر ئه‌و نه‌گۆڕ و بنه‌ما باڵایه له شێوه‌ی خواوه‌ندێكی
ئه‌فسانه‌ییدایه نه‌ك بنه‌مایه‌كی فه‌لسه‌فی ئه‌وه ته‌نها ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌وه‌یه
بیركردنه‌وه‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه هێشتا له قۆناغێكی به‌راییدایه. په‌رستش و سروت
له ئاییندا هه‌ر ته‌نها ده‌ركه‌وتنێكی ئه‌و حاڵه‌ته‌یه كه كو‌لتور هه‌میشه داب‌ونه‌ریت
و یاسا و ڕێسای خۆی هه‌یه بۆ زیندوڕاگرتن و پاراستنی نه‌گۆڕ و بنه‌مای باڵای كۆمه‌ڵگا
و ده‌ربڕینی پابه‌ندبون پێیه‌وه.. ئینجا هه‌مو ئایینێك، كه‌م تا زۆر، هه‌مو بواره‌كانی
كو‌لتور و بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤ له‌خۆ ده‌گرێت: هه‌مو ئایینێك (گه‌ردونناسی) یه‌كی
تێدایه و كۆمه‌ڵێك چه‌مك و وێنه و زانیاریی تێدایه ده‌رباره‌ی یاسای گه‌ردونی
(كۆسمۆگرافیا) و سه‌ره‌تا و په‌یدابونی گه‌ردون (كۆسمۆگۆنیا) و كۆتایی و داڕوخانی
گه‌ردون (بۆ نمونه له هه‌ر ده‌قێكی ئایینیی نمونه‌ییدا سیسته‌مێكی ته‌واوی گه‌ردونناسی
هه‌یه، له قورئانیشدا هه‌ر وایه). هه‌مو ئایینێك (مرۆڤناسی) یه‌كی تێدایه كه
بریتیه له كۆمه‌ڵێك چه‌مك و وێنه ده‌رباره‌ی په‌یدابونی مرۆڤ (ئه‌نثرۆپۆگۆنیا)
و مێژوی مرۆڤ و فرمانی مرۆڤ و كۆمه‌ڵگای مرۆڤ و سه‌ره‌نجامی مرۆڤ. هه‌روه‌ها له
هه‌مو ئایینێكدا (جادو) هه‌یه.. ئه‌و مشت‌ومڕه ئه‌نثرۆپۆلۆجیاییه‌ی كه هه‌یه
له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی (ئایین) و (جادو) دو دامه‌زراوه‌ی جیاواز و دو قۆناغ یان دو سیسته‌می
جیاوازن و جادو شێوه‌یه‌كی به‌رایی زانسته و جیاوازه له ئایین یان جادو ته‌نها
ئایینێكی به‌راییه.. پێم وایه مشت‌ومڕێكی نه‌زۆكه، به‌ڕای من جادو به‌شێكی سه‌ره‌كیه
له هه‌مو ئایینێكدا كه بریتیه له هه‌وڵی كۆنتڕۆڵكردنی سروشت و ده‌وروبه‌ر و به‌كه‌ڵكهێنانی
و خۆپاراستن له خراپه‌كانی، هه‌مو پیاوێكی ئایینی كه‌م تا زۆر ئه‌و فرمانه‌ی هه‌یه،
له ڕێگه‌ی نزا و هه‌ندێك سروتی ئایینیه‌وه كه تایبه‌تمه‌ندی و بنه‌مای جادویی
زۆریان تێدایه (سه‌رنجێكی ـ بۆ نمونه ـ "نوێژه‌بارانه" ی ئیسلام بده
بنه‌مای جادویی زۆر ده‌بینیته‌وه. به‌گشتییش له هه‌مو نزا و سروته ئایینیه‌كاندا
ـ بۆ نمونه ـ بنه‌مای هێزی "ناو" ئاماده‌یی هه‌یه واته ناوبردنی شتێك
بۆ ئاماده‌كردنی و كاراكردنی یان كارتێكردنی، كه ئه‌وه له هه‌مان كاتدا بنه‌مایه‌كی
جادوییشه). پیاوانی ئایینیی ئایینه كۆنه‌كان له هه‌مان كاتدا جادوگه‌ر و
پێشبینیكاریش بون و بۆ له‌ناوبردنی خراپه‌ی گیانه خراپه‌كان و به پشتیوانیی
خواوه‌ند و گیانه باشه‌كان هه‌مو كارێكی جادوییان كردوه. له كو‌لتور (ئایین) ـه
كۆنه‌كاندا گیانه خراپه‌خوازه‌كان (الشياطين) به سه‌رچاوه‌ی هه‌مو
نه‌خۆشیه‌كان زانراون و سروتی جادویی ئه‌نجام دراوه بۆ لابردنی خراپه و زیانه‌كانیان،
ئێسته‌ش پیاوی ئایینی له ئیسلامیشدا و له مه‌سیحیه‌تیشدا هه‌یه كه له ڕێگه‌ی
كۆمه‌ڵێك كردار و سروتی جادوییه‌وه (وه‌كو هاوارلێكردن، كه پراكتیسێكی جادویی ڕه‌سه‌نه)
خه‌ریكی ده‌ركردنی جنۆكه‌یه له جه‌سته‌ی ئه‌وانه‌ی نه‌خۆشیی ده‌مارییان هه‌یه،
به شێوه‌یه‌ك له ئورۆپا زۆربه‌ی كلێساكان قه‌شه‌ی تایبه‌تیی ده‌ركردنی جنۆكه‌ی
ناو له‌شیان هه‌یه! (ڕه‌گه‌زێكی سه‌ره‌كیی جادویش بریتیه له كۆنتڕۆلكردنی شه‌یتانه‌كان
و ئاماده‌كردنیان یان به‌ندكردنیان). ئێسته كه ـ به‌ڕواڵه‌ت ـ ئایین و جادو له‌یه‌ك
جیابونه‌ته‌وه، بابه‌ته‌كه هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یه جادو بوه‌ته دامه‌زراوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ
و تایبه‌تمه‌ند وه‌كو شاگردێك له وه‌ستای جیا بوبێته‌وه، ئینجا جادو (مه‌به‌ستم
جادوی ته‌قلیدیه نه‌ك ته‌ڕده‌ستی و فێڵی كیمیایی و خه‌ڵه‌تاندنی چاو) سه‌رچاوه و
پاشخان و مه‌رجیعیه‌تی ده‌چێته‌وه بۆ هه‌ندێك ئایین و په‌رستشی تایبه‌تی كه
كۆنترن له ئایینی نوێ و جیاوازن، بۆیه ئایینی نوێ به هه‌مو شێوه‌یه‌ك دژایه‌تیی
ده‌كات و لێره‌وه داب‌ونه‌ریتی قه‌ده‌غه‌كردنی جادو و ڕاوه‌دوانی جادوگه‌ره‌كان
له ئایینه نوێیه‌كاندا (به‌تایبه‌تی: مه‌سیحیه‌ت، ئیسلام..) دروست بوه. هه‌ر
بۆیه تۆمه‌تی (جادوگه‌ری) له‌و ئایینه نوێیانه‌دا تۆمه‌تێكی حازره بۆ ئه‌وانه‌ی
ئاییندارییان جیاوازه. به هه‌مان شێوه، (پزیشكی) یش، له هه‌مو ئایینه‌كاندا
جێگه‌ی خۆی هه‌یه، و له ئه‌ده‌بیاتی هه‌مو ئایینێكدا، كه‌م تا زۆر، كه‌له‌پورێكی
پزیشكی هه‌یه، كه له باس‌وخواسی كۆمه‌ڵێك چاره‌سه‌ری ڕوه‌كی و خۆپاراستندا به‌رجه‌سته
ده‌بێت. به شێوه‌یه‌ك له ـ بۆ نمونه ـ ئایینی عێراقیی كۆندا پیاوانی په‌رستگا
له هه‌مان كاتدا پزیشك بون. له ئیسلامیشدا هه‌ر له (فه‌رموده‌كان) كه‌له‌پورێكی
پزیشكیی ده‌وڵه‌مه‌ند دروست ده‌بێت (بڕوانه: "الطب النبوي" ی هه‌ر
یه‌كه له "ئه‌بو نوعه‌یم" و "ئیبن ئه‌لقه‌ییم"). به هه‌مان
شێوه (داب‌ونه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تی) و (سیاسه‌ت) و (یاسای ژیانی ڕۆژانه) هه‌مویان
په‌یوه‌ستن به ئایینه‌وه و به‌شێكن له هه‌ر ئایینێك، به شێوه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر بته‌وێت
چاكسازی و گۆڕانكارییان تێدا بكه‌یت یه‌كسه‌ر ڕوبه‌ڕوی ئایینی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه ده‌بیته‌وه..
ئه‌مه‌ش شتێكی ئاشكرایه و پێویست ناكات زیاتری له‌سه‌ر بڵێم. هه‌تاكو (ئه‌ده‌ب) و
(هونه‌ر) له بنه‌ڕه‌تدا ئایینی بون و له باوه‌شی ئاییندا گه‌شه‌یان كردوه، ڕێكه‌وت
نیه كه (شانۆ) له سه‌ره‌تادا بۆ نمایشی ئه‌فسانه‌ی ئایینه‌كان و كاره‌كانی
خواوه‌نده‌كان به‌كار هاتوه (وه‌كو له عێراقی كۆندا و تا ڕاده‌یه‌كی كه‌متر له
یۆنانی كۆندا). شاكاره ئه‌ده‌بیه كۆنه‌كانیش له هه‌مان كاتدا هه‌ر ده‌قه
ئایینه كۆنه‌كانن.
ئه‌وانه‌ی پزیشكی و گه‌ردونناسی
و مرۆڤناسی و جادو و ـ خوانه‌خواسته ـ سیاسه‌ت، له ئایین جیا ده‌كه‌نه‌وه (واته:
پێیان وایه ئایین جیاوازه له‌وانه و هیچ شتێك له‌وانه له ئاییندا نیه)؛ ئه‌وه
جگه له‌وه‌ی كه نمونه‌یه‌كه بۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تانی مرۆڤ به چه‌مكه ته‌جریدیه‌كان
و شوێنه‌وارێكی خراپی ته‌جرید و ئه‌بستراكتكردنه كه زۆر جار بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤ
ده‌كاته شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ هه‌وا و نوسین له‌سه‌ر ئاو، جگه له‌وه چه‌ند
هۆكارێكی هه‌یه، له‌وانه: جیابونه‌وه و سه‌ربه‌خۆبونی ئه‌و بوارانه له ئایین
له سه‌رده‌می نوێ‌دا. هه‌ر یه‌كه له ـ بۆ نمونه ـ (پزیشكی) و (گه‌ردونناسی) و
(مرۆڤناسی) و (جادو) و (سیاسه‌ت) و شته‌كانی تر.. ئێسته بونه‌ته كێڵگه و بواری
سه‌ربه‌خۆ، نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له ئایینه‌كاندا بونیان نیه، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی
ئه‌و (پزیشكی و گه‌ردونناسی و مرۆڤناسی...) ه‌ی له ئایینه‌كاندا هه‌یه به‌رهه‌می
كولتوره كۆنه‌كانه و كولتوری نوێی مرۆڤ ئه‌و بوارانه‌ی زۆر په‌ره پێ داوه و
گه‌شه‌كردنی كۆمه‌ڵگا و ئاڵۆزبونی وای كردوه زیاتر فرمانه‌كان دابه‌ش بكرێن و
زیاتر تایبه‌تمه‌ندی بێته كایه‌وه. ئێسته خه‌ڵك به‌گشتی بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی
ناچن بۆ لای پیاوێكی ئایینی، به‌ڵكو ده‌زانن كه ئێسته پزیشكی و ده‌رمانسازی
تایبه‌تمه‌ندیه و بوارێكی سه‌ربه‌خۆیه و له ده‌ستی پیاوی ئایینی‌دا نیه یان نه‌ماوه.
به هه‌مان شێوه زانسته گه‌ردونی و مرۆییه‌كان به‌ته‌واوی گه‌شه‌یان كردوه و
بیری ئایینی له‌ئێسته‌دا به‌ته‌واوی كه‌وتوه‌ته نامۆبونه‌وه به‌رامبه‌ریان. به
هه‌مان شێوه هه‌ر بوارێكی تر.. سه‌ركیترین بیرۆكه‌ی ئایینی بیرۆكه‌ی (خه‌لق) ـه
(واته چۆن بونه‌وه‌ر دروست بوه) كه بنه‌ڕه‌تیترین ئه‌فسانه و چیرۆكی ئایینیی
پیرۆزه، ئێسته له ده‌ستی ئایینه‌كان ده‌رچوه و فیزیای گه‌ردونی ده‌یبڕێنێته‌وه،
ئێسته له ئورۆپا تونێلێكی زه‌به‌لاحیان لـێ داوه كه له‌و تونێله‌دا لاسایی
دروستبونی گه‌ردون ده‌كرێته‌وه و ئه‌و ڕوداوه گه‌ردیله‌یی و ژێرگه‌ردیله‌ییانه
دوباره ده‌كه‌نه‌وه كه له (ته‌قینه‌وه‌ی گه‌وره) و دواتردا ڕویان داوه.. به‌ڵكو
(ستیفن هۆكینگ) له هه‌وڵی په‌ره‌پێدانی مۆدێلێكی فیزیاییدایه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت
باس له‌و چركه‌یه بكات كه به خه‌یاڵ ده‌كه‌وێته پێش ته‌قینه‌وه‌كه (یان سه‌رچاوه‌ی
ئه‌و مادده به‌راییه‌ی گه‌ردون كه ته‌قیوه‌ته‌وه) كه زۆر جار به‌كه‌ڵك ده‌هێنرێت
بۆ هێنانه‌وه‌كایه‌ی بیرۆكه‌ی خه‌لقی خوایی، به‌ڵام هۆكینگ پێی وایه ده‌كرێت ئه‌و
چركه‌یه‌ش ڕاڤه بكرێت به‌بێ ئه‌وه‌ی پێویست بكات بیرۆكه‌ی خه‌لقی خوایی بهێنینه‌وه
مه‌یدان [من ئه‌م باسه‌م پێش دەرچونی کتێبی "دیزاینی مه‌زن" کردوە]..
بۆیه ئایینه‌كان له سه‌رده‌می
نوێ‌دا نامۆ بون و به‌ناچاری و به سروشتی كورت بونه‌ته‌وه له كۆمه‌ڵێك نزا و
سروت و په‌رستشدا سه‌رباری داب‌ونه‌ریتی جه‌ماوه‌ری و فۆلكلۆری، ئه‌مه‌ش كارێكی
كردوه وا بزانین ئایین په‌یوه‌ندیی به بواره‌كانی تره‌وه نیه و وا بزانین
ئایین ته‌نها په‌یوه‌ندییه‌كی ڕۆحیه له‌نێوان تاكی مرۆڤ و هێزێكی بانسروشتیدا،
زۆربه‌ی پێناسه فه‌لسه‌فی و هه‌تاكو ئه‌نثرۆپۆلۆجیاییه‌كانیش، هه‌ر له‌م بابه‌ته‌ن.
ئه‌وانه‌ی وا پێناسه‌ی ئایین
ده‌كه‌ن كه "بریتیه له كۆمه‌ڵێك هه‌ست و باوه‌ڕ لای مرۆڤ سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندییه‌ك
له‌نێوان مرۆڤ و ئه‌و هێزه نادیاره‌دا كه به خوایی داده‌نرێت".. هه‌ست ده‌كه‌م
ئه‌مانه پێناسه‌ی په‌رستش ده‌كه‌ن نه‌ك ئایین، له باشترین حاڵه‌تیشدا پێناسه‌ی
ئایینداری وه‌كو كردارێك ده‌كه‌ن نه‌ك ئایین به هه‌مو پێكهێنه‌ر و ڕه‌گه‌زه‌كانیه‌وه
و به كه‌ره‌سته و خه‌زێنه مه‌فاهیمی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌یه‌وه. شتێكی مه‌ئلوفه
و هه‌ڵه‌یه‌كی باوه ئایین له په‌رستشدا كورت بكرێته‌وه، جاری وا هه‌یه به په‌رستش
(ی خواوه‌ندێك) گوزارش له ئایین (ی كۆمه‌ڵگایه‌ك) ده‌كرێت. له مرۆڤه ئایینداره‌كانیش
زۆر كه‌س هه‌ن ته‌نها په‌رستشێك ئه‌نجام ده‌ده‌ن و وا ده‌زانن به‌ته‌واوی شوێنكه‌وته‌ی
ئه‌و ئایینه‌ن به‌ڵام جیهانبینی و تێڕوانینیان بۆ بونه‌وه‌ر و مێژو و شێوازی
ژیانیان به‌ته‌واوی جیاوازه. زۆر جار ئایینێك (به كۆنبون و نامۆبون و كاڵبونه‌وه‌ی
كولتوره بنه‌ڕه‌تیه‌كه) له چه‌ند سروت و په‌رستش و بۆنه‌یه‌كدا كورت ده‌بێته‌وه
و وا ده‌زانرێت ئه‌و ئایینه به‌زیندویی ماوه‌ته‌وه، له كاتێكدا ته‌نها چه‌ند
سروت و بۆنه و په‌رستشێكی هێمایی لـێ ماوه‌ته‌وه.
ده‌بێت پرسیار بكه‌ین: بۆچی
ئایینه‌كان، بۆ نمونه ئیسلام، له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگای نوێ‌دا ناگونجێن؟ ئه‌گه‌ر ئایین
ته‌نها لایه‌نی ڕۆحیی مرۆڤ دابین بكات بۆچی ناكۆك ده‌بێت له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگای نوێ؟
بۆچی توندڕه‌و و ئوصولیه‌كان (ئه‌وانه‌ی به‌ته‌واوی به‌ئه‌مه‌كن بۆ بیری ئایینیی
خۆیان) كۆمه‌ڵگای نوێیان به‌دڵ نیه و ڕه‌تی ده‌كه‌نه‌وه و كۆمه‌ڵگای نوێیش ئه‌وان
ڕه‌ت ده‌كاته‌وه؟ بێ گومان به بابه‌ته‌كه و هۆكاره‌كه ئه‌وه نیه كه ئایین
شتێكی ڕۆحیه و ئێمه‌ش بوین به ماددیگه‌را یان مادده‌په‌رست (مرۆڤ هه‌میشه ڕه‌گه‌زێكی
ڕۆحیی تێدایه، هه‌تاهه‌تایه)، دڵنیا به بابه‌ته‌كه ئه‌وه نیه مرۆڤی هاوچه‌رخ
حه‌زی له‌وه نه‌بێت خوای هه‌بێت یان په‌یمانی نه‌مریی پێ بدرێت و وه‌ڵامی ئه‌كیدی
پرسیاره هه‌میشه‌ییه‌كانی ده‌رباره‌ی (سه‌ره‌تا) و (سه‌ره‌نجام) ی خۆی پێ بدرێت،
یان مرۆڤی هاوچه‌رخ حه‌زی له ڕێسا و ڕێكخستنی ژیان نه‌بێت و حه‌زی له بێشیرازه‌یی
و به‌ڕه‌ڵڵایی بێت.. نه‌خێر، هۆكاره‌كه ئه‌مانه نیه، به‌ڵكو بریتیه له‌وه‌ی هه‌رچی
ئایین هه‌یه له‌به‌ر ده‌مماندا هیچیان به‌رهه‌مهێنراو و ده‌رهاویشته و خوازراوی
كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ی مرۆڤی هاوچه‌رخ نین و په‌یوه‌ندییان به كولتوری ئێمه‌وه نیه و
هه‌ر یه‌كه‌یان ده‌رهاویشته‌ی كولتوری كۆمه‌ڵگایه‌كه كه جیاوازه له‌لایه‌نی
شوێن و كات و قۆناغی شارستانیه‌وه. هیچیان ئایینی زیندو نین.. هیچیان ئایینی ئێمه
نین.. به زمانی ئێمه قسه ناكه‌ن..
بۆچی، بۆ نمونه، (تاڵانكاری)
به‌شێكه له ئایینێكی وه‌كو ئیسلام و ده‌قێكی ئایینیی وه‌كو قورئان؟ بۆچی له
زۆربه‌ی ئایینه‌كاندا ڕژێمی كۆیلایه‌تی ئاماده‌یی هه‌یه؟ بۆچی له هه‌مو ئایینه
نوێیه‌كاندا ڕژێمی پیاوسالاری زاڵه و له ئایینه هه‌ره دێرینه‌كانیشدا ڕژێمی
ژنسالاری؟ بۆچی له سه‌ره‌تاكانی كۆمه‌ڵگای مرۆڤ و له ئایینه هه‌ره دێرینه‌كاندا
خواوه‌ند مێ (دایك) ـه و له ئایینه نوێیه‌كاندا خوا نێر (باوك) ـه و هه‌مو
مێیایه‌تییشه‌كیش له جیهانی خواییدا سه‌ركوت ده‌كات و به‌ڵكو هه‌وڵیش ده‌دات ڕۆڵی
مێ له ژیانی ئایینی‌دا كه‌م و به‌رته‌سك ببێته‌وه؟ بۆچی له كۆمه‌ڵگا دواكه‌وتوه‌كاندا
ئایینه‌كان بره‌ویان زیاتره و ژیانی مرۆڤه‌كان كۆنتڕۆڵ ده‌كه‌ن (و ژیانی فیكری و
كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری و سیاسی‌یان هه‌ر به‌شێكه له ژیانی ئایینیی تایبه‌تیی
خۆیان)، به‌ڵام له كۆمه‌ڵگا نوێیه‌كاندا كه گۆڕانكاریی زۆر هاتوه‌ته كایه شتی
تر جێی ئایینه‌كان ده‌گرێته‌وه؟ بۆچی ئێمه‌ی توێژه‌ری بواری ئایینه‌كان پێویست ده‌بێت
له‌سه‌رمان بۆ تێگه‌شتنی ئایینێك و شیكاركردنی ده‌قه‌كانی ئه‌و ئایینه، وردودرشتی
كولتوری ئه‌و گه‌له یان ئه‌و كۆمه‌ڵگایه شاره‌زا ببین كه ئه‌و ئایینه‌ی به‌رهه‌م
هێناوه؟ جاری وا هه‌یه ناچار ده‌بین ئه‌وه‌ش بزانین: مرۆڤی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه چۆن
چێشت و خۆراكی دروست كردوه؟ جل‌وبه‌رگی چۆنی له‌به‌ر كردوه؟ چۆن ئامڕازه‌كانی
دروست كردوه؟ بۆ نمونه: بۆ تێگه‌شتن و شیكردنه‌وه‌ی چه‌مكی (دروستكردنی مرۆڤ له
قوڕ له‌لایه‌ن خواوه‌نده‌وه) له ده‌قێكی ئایینیی وه‌كو قورئاندا، من ناچار بوم
هه‌رچی زاراوه‌ی بواری (گڵكاری) (خزفیات) هه‌یه شاره‌زا ببم و چه‌ند كتێبێكی ئه‌و
بواره بخوێنمه‌وه، ئینجا توانیم به‌وردی له‌و چه‌مكه و له زاراوه قورئانیه‌كانی
ئه‌و باس‌وخواسه بگه‌م و شیكاری بكه‌م. كاتێك خوێندمه‌وه كه له مێژوی ئه‌و سه‌نعاته‌دا
(واته دروستكردنی ده‌فری گڵكار، وه‌كو گۆزه و دیزه) هه‌ندێك جار ئه‌و قوڕه‌ی كه
مادده‌ی كاربۆنیی تێدایه و ڕه‌نگی ڕه‌ش بوه و بۆنی ڕوه‌كی ڕزیوی لـێ دێت، بۆ
دروستكردنی ده‌فری گڵكاری ساده به‌كار هاتوه؛ ئینجا زانیم بۆچی قورئان باس له‌وه
ده‌كات كه مرۆڤ له قوڕه‌ڕه‌شه‌یه‌كی بۆگه‌نكردو (حمأ مسنون) دروست كراوه!
(الحجر: 26، 28، 33). له ئه‌نجامیشدا بینیم هه‌مو زاراوه قورئانیه‌كانی باس‌وخواسی
دروستكردنی مرۆڤ له قوڕ (وه‌كو: طین، صلصال، طین لازب، حمأ مسنون..) له هه‌مان
كاتدا هه‌مان زاراوه سه‌ره‌كیه‌كانی هونه‌ری گڵكاری (خزفیات) ـن! كه ده‌ڵێت (طین
لازب) (الصافات: 11) له ڕاستیدا ئه‌وه مه‌رجی یه‌كه‌می ئه‌و قوڕه‌یه كه ئاماده
ده‌كرێت بۆ دروستكردنی ده‌فری گڵكار كه ده‌بێت قوڕی مچ بێت و پێكه‌وه بنوسێت
ئینجا ده‌توانرێت گۆزه و ده‌فری لـێ دروست بكرێت! كاتێك چیرۆكی دروستكردنی مرۆڤ
له قوڕ له‌لایه‌ن خواوه‌نده‌وه له ئایینی شومه‌ریی كۆندا ده‌خوێنمه‌وه، ده‌زانم
له عێراقی كۆندا چۆن له قاڵبی قوڕ خشت دروست كراوه!.. كاتێكیش چیرۆكی
دروستكردنی مرۆڤ له قوڕ له‌لایه‌ن خواوه‌ند (خنوم) ـه‌وه له ئایینی میسریی
كۆندا ده‌خوێنمه‌وه، ده‌زانم له میسری كۆندا چۆن له‌سه‌ر خه‌ڕه‌ك له قوڕ گۆزه
و ده‌فر دروست كراوه، چیرۆكه میسریه‌كه‌ش ده‌ڵێت خواوه‌ند خنوم پارچه قوڕێكی
خسته سه‌ر خه‌ڕه‌ك و شێوه‌ی مرۆڤی لـێ ساز كرد!
پرسیار ده‌كه‌ین: بۆچی دۆزه‌خ
له ئایینی زه‌رده‌شتیدا بریتیه له سه‌هۆڵبه‌ندان، به‌ڵام له ئیسلامدا بریتیه
له ئاگر و گه‌رمای له‌ڕاده‌به‌ده‌ر؟ ئاشكرایه كه ژینگه‌ی كولتوری ئێرانی ژینگه‌یه‌كی
سارد بوه و (سه‌هۆڵبه‌ندان) دیارترین دیارده‌ی سه‌ختی ئه‌و ژینگه‌یه بوه، به
شێوه‌یه‌ك به‌فر و سه‌هۆڵبه‌ندانی زۆر به كاری (ئه‌هریمه‌ن) دانراوه. ژینگه‌ی
كولتوری عه‌ره‌بییش ژینگه‌یه‌كی گه‌رمه و گه‌رمای له‌ڕاده‌به‌ده‌ری هه‌یه و ڕه‌شه‌بای
گه‌رمی كوشنده‌یشی هه‌یه، بۆیه قورئان وه‌كو ئه‌و ژینگه گه‌رمه باسی دۆزه‌خ ده‌كات
و به‌ڵكو باسی ڕه‌شه‌بای گه‌رمی دۆزه‌خیش ده‌كات! (عذاب السموم) (الطور: 27) (في
سموم..) (الواقعة: 42).
بۆچی له هه‌مو ئایینه‌كاندا
تاریكی و تاریكیی شه‌و و ڕه‌نگی ڕه‌ش به‌گشتی، هێمای خراپه و خراپه‌خوازه‌كان و شه‌یتانه،
به‌ڵام ڕوناكی و ڕوناكیی ڕۆژ و ڕه‌نگی سپی و ڕوناك به‌گشتی هێمای چاكه و چاكه‌خوازه‌كان
و خواوه‌نده؟ ئاشكرایه كه مرۆڤ هه‌ر له یه‌كه‌م ئه‌زمونه‌وه كه له سروشتدا
ژیاوه ڕوبه‌ڕوی تاریكی بوه‌ته‌وه، له تاریكی و تاریكیی شه‌ودا توشی مه‌ترسی
هاتوه و ترساوه، به‌ڵام له ڕوناكیی ڕۆژدا مه‌ترسیی نه‌ماوه و ده‌روی لـێ كراوه‌ته‌وه.
بۆیه له به‌ره‌به‌یانی مرۆڤایه‌تیه‌وه ڕوناكی و ڕه‌نگی سپی هێمای چاكه و خواوه‌ندی
چاكه‌خواز بوه و، تاریكی و ڕه‌نگی ڕه‌ش هێمای خراپه و گیانی خراپه‌خواز بوه. له
ئیسلامیشدا خوا وه‌كو ڕوناكییه‌كی بێ‌سنور وێنا كراوه. تاریكیی شه‌ویش له
قورئاندا وه‌كو (خراپه) یه‌كی نمونه‌یی به‌پاڵ خراپه‌ی (جادو) و (چاوونفوس) ه‌وه
په‌نا به خواوه‌ند براوه بۆ خۆپاراستن لێی (ومن شر غاسق إذا وقب) (الفلق: 3).
بۆچی تا ئێستاش ڕه‌نگی (سه‌وز)
هێمای ئایینه؟ ئاشكرایه كه ژیان و به‌پیتی و سه‌وزیی سروشت و كشت‌وكاڵ له چه‌ند
هه‌زار ساڵی ڕابردودا كاریگه‌ریی زۆری له‌سه‌ر بیركردنه‌وه و كولتوری مرۆڤ به‌جێ
هێشتوه، میللیترین و شه‌عبیترین په‌رستشیش په‌رستشی ئه‌و خواوه‌ندانه بون كه
فرمانیان به‌پیتی و سه‌وزیی سروشت بوه.
به كورتی و له ئه‌نجامدا، ده‌ڵێم:
ئایین ته‌نها بریتی نیه له په‌رستش یان هه‌ستی ئایینی (كه هه‌ستێكی گه‌ردونی و
مرۆیی گشتییشه) یان پێویستیی مرۆڤ به بونی خوایه‌ك كه كۆگای ئایدیال و نمونه
باڵاكانیه‌تی و به‌رجه‌سته‌كه‌ری هیوا و ئاوات و به‌زره‌فڕیه‌كانیه‌تی. به‌ڵكو
(ئایین) ێك گوزارشه له سه‌رجه‌می (كو‌لتور) ێك. بۆیه من ده‌توانم به (كولتوری عه‌ره‌بی
ـ ئیسلامی) ئاماژه بۆ (ئایینی ئیسلام) بكه‌م، به (كولتوری سوریایی ـ گریكی)
ئاماژه بۆ (ئایینی مه‌سیحی) ی یه‌كه‌م بكه‌م، به (كولتوری كه‌نعانی) ئاماژه بۆ
(ئایینی یه‌هودی) ی یه‌كه‌م بكه‌م، به (كولتوری ئێرانی) ئاماژه بۆ (ئایینی زه‌رده‌شتی)
ی یه‌كه‌م بكه‌م.. و به‌م شێوه‌یه. ئه‌گه‌رچی هه‌ر ئایینێك له‌و ئایینانه هه‌ندێك
(چاكسازی) و (متوربه‌كردن) ی له كولتوره‌كه‌دا كردبێت (ئه‌م "چاكسازی و متوربه‌كردن"
ش هه‌ر به‌شێكه له كارلێكی نێوان كولتوره جیاوازه‌كان). پێم وایه پێناسه‌كردن
و شیكاركردنی ئایین به‌م شێوه‌یه و له‌م ڕوانگه‌یه‌وه سود و به‌رهه‌می مه‌عریفیی
زۆری ده‌بێت، و ده‌بێت (ئایین) جیا بكه‌ینه‌وه له‌و هه‌ست و هه‌وڵی ده‌رككردنه‌ی
مرۆڤ هه‌میشه هه‌یه‌تی به‌رامبه‌ر هێزێك و بنه‌مایه‌كی نه‌گۆڕ كه له بونه‌وه‌ردا
ڕۆڵ ده‌بینێت، ئه‌م هه‌سته‌ی مرۆڤ هه‌میشه‌ییه و له مرۆڤ جیانابێته‌وه، به‌ڵام
ئایین شتێكی كاتیه چونكه گوزارشه له كولتوری شوێن و كات و قۆناغێكی تایبه‌تی و
هه‌وڵێكی قۆناغه‌كی و به‌راییشه بۆ ده‌رككردنی ئه‌و هێزه گه‌ردونیه و ئه‌و بنه‌ما
نه‌گۆڕه، كاتێك ئاییندار له كۆندا باسی له‌وه كردوه كه خواوه‌ند گه‌ردون به‌ڕێوه
ده‌بات و ـ بۆ نمونه ـ هه‌وره‌كان لـێ ده‌خوڕێت و بارانیان لـێ ده‌بارێنێت، ئه‌و
كاته مرۆڤ هیچی له یاسا سروشتیه‌كان نه‌زانیوه، ئێمه‌ش كه ئێسته باسی قۆناغه‌كانی
دروستبون و گه‌شه‌كردنی گه‌ردون و زه‌وی و ژیان و مرۆڤ ده‌كه‌ین و باسی یاسا
سروشتیه‌كان ده‌كه‌ین، به زاراوه‌ی بیری ئایینی ئێمه له‌و باس‌وخواسه‌دا باسی
(كاره‌كانی خواوه‌ند) ده‌كه‌ین. كه‌واته هه‌ردولامان باسی یه‌ك شت ده‌كه‌ین، به‌ڵام
ئایینداره‌كان (بیرمه‌نده‌كانی سه‌رده‌مانی كۆن) سه‌ریان له یاسا سروشتیه‌كان ده‌رنه‌چوه
و زاتێكی وه‌كو مرۆڤیان له‌پشتی شته‌كان و ڕوداوه‌كانه‌وه وێنا كردوه (ئه‌م
وێناكردنه‌ش ته‌نها بریتیه له پێوانه‌كردنی ده‌وروبه‌ر به خودی مرۆیی، واته ته‌نها
پرۆجێكشن "إسقاط" ێكه). كه‌واته ئایین هه‌وڵی كولتوره كۆنه‌كانه بۆ
ده‌رككرنی هێزه گه‌ردونیه‌كه و بۆ گوزارشكردن له‌و بنه‌ما نه‌گۆڕه‌ی له بیركردنه‌وه‌ی
مرۆڤ جیا نابێته‌وه و بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤ وه‌كو بنه‌مایه‌ك و جێپێیه‌كی چه‌سپاو
پێویستیی پێیه‌تی.. ئه‌وه‌ی به‌زیندویی ده‌مێنێته‌وه بریتیه له‌و هه‌وڵه به‌رده‌وامه‌ی
مرۆڤ بۆ ده‌رككردنی گه‌ردون و بیركردنه‌وه‌ی خۆی و له‌وه‌ی كه كو‌لتور هه‌میشه له
گه‌شه‌وگۆڕاندایه، ئه‌وه‌یشی كۆن و نامۆ ده‌بێت و به‌سه‌ر ده‌چێت ئایینه‌كانی ئه‌مڕۆیه
كه به‌رهه‌مهێنراوی كولتوره‌كانی كۆمه‌ڵگاكانی ڕابردون.
ئەم باس‌وخواسەیش هەر دەچێتەوە بۆ پێناسەی ئایین. بەپێی پێناسە تەقلیدیەكە پێكهێنەرە بنەڕەتیەكانی ئایین ئەم سیانەن: (بیروباوەڕ) (معتقد) Faith و (ئەفسانە) (أسطورة) Myth و (سروت) (طقس) Rite، دو پێكهێنەری لاوەكییشی هەیە كە پاشكۆ و تەواوكەری بنەڕەتیەكانن كە ئەم دوانەن: (یاسا) (شریعة) Law و (ڕەوشت) (أخلاق) Morals. دەستنیشانكردنی ئەم پێكهێنەرانە وەكو دەستنیشانكردنی پسپۆڕێكی توێكاری وایە كاتێك نەشتەر بەدەستەوە دەگرێت و پەل‌وپۆ و سەر‌وپێ و ورگی ئەو گیاندارە جیادەكاتەوە كە توێكاریی دەكات! مەبەستم ئەوەیە ئەو دەستنیشانكردنە تەنها سەرنج لە دیمەنی گشتیی ئایین و پەل‌وپۆكانی دەدات، لە باشترین باریشدا ئەو دەستنیشانكردنە بۆ ئەوەیە مەرجە بنەڕەتیەكانی (ئایینبون) دیاری بكات، واتە ئایین بەم پێكهێنەرانە بە ئایین دەژمێردرێت و دەبێتە ئایین (واتە ئایین شێوازێكی باوی وەرگرتوە كە ئەوە پێكهێنەرەكانیەتی). كێشەی من لەگەڵ ئەم جۆرە پێناسانەدا ئەوەیە بێئاگامان دەكەن لە سروشتی جەوهەری و هەمیشەیی ئەو دیاردەیەی دەمانەوێت پێناسەی بكەین، لەبریی ئەوەی بزانین ئەو دیاردەیە لە جەوهەردا چیە و خۆی لە فۆرمێكدا دەرخستوە، لەبریی ئەوە ئەو پێناسانە هەمو بایەخێكیان ڕو دەكاتە ئەوەی ئەو شتە لە چی و چی پێك دێت، یان لە دیمەنی گشتیدا چی لە شتەكانی تر جیای دەكاتەوە. بەڵام من بەدوای پێناسەیەكدا دەگەڕێم كە سروشتی جەوهەریی دیاردەكە ڕون بكاتەوە و قوڵتر لە دیمەن و پێكهاتەكان ببینێت. بۆیە، وەكو پێشتریش وتم، پێكهاتە بنەڕەتیەكانی (ئایین) هەر هەمان پێكهاتە بنەڕەتیەكانی (كو‌لتور) ن. بەم شێوەیە ڕزگارمان دەبێت لە ڕاكردن بەدوای پێناسەی ئاییندا كە هەر نایگەینێ! دور مەڕۆ! ئایین هەر بریتیە لە كو‌لتور یان كولتوری ڕەگ‌داكوتاو.
ئینجا لەلایەكی تریشەوە ئەو (٥) پێكهێنەرەی باسیان كردوە یەكتربڕن و بەتەواوی لێك جیانابنەوە: بیروباوەڕ و ئەفسانە هەر دەچنەوە بۆلای یەكتر، چونكە ئەفسانە ـ وەكو پێشتر وتمان ـ بریتیە لە بیروباوەڕی ئایینی لە قاڵبی چیرۆكدا. ئینجا (سروت) و (یاسای ئایینی) و (ڕەوشتی ئایینی) بەهەمان شێوە یەكتربڕن: ئەگەر چی (سروت) گوزارشە لە شێوازی پەرستش، بەڵام ئەگەر سەرنج بدەین دەبینیت یاسای ژیانی ڕۆژانە و شێوازی جێبەجێكردنی لە سروت نزیك دەبێتەوە و هەمان سروشتی پیرۆزی هەیە، هەروەها ڕەوشتی ئایینییش هەر بەشێكە لە یاسای ئایینی و ئەمیش بەسراوەتەوە بە جیهانی سروت و باوەڕی ئایینیەوە.
پێكهاتە بنەڕەتیەكانی ئایین
ئینجا لەلایەكی تریشەوە ئەو (٥) پێكهێنەرەی باسیان كردوە یەكتربڕن و بەتەواوی لێك جیانابنەوە: بیروباوەڕ و ئەفسانە هەر دەچنەوە بۆلای یەكتر، چونكە ئەفسانە ـ وەكو پێشتر وتمان ـ بریتیە لە بیروباوەڕی ئایینی لە قاڵبی چیرۆكدا. ئینجا (سروت) و (یاسای ئایینی) و (ڕەوشتی ئایینی) بەهەمان شێوە یەكتربڕن: ئەگەر چی (سروت) گوزارشە لە شێوازی پەرستش، بەڵام ئەگەر سەرنج بدەین دەبینیت یاسای ژیانی ڕۆژانە و شێوازی جێبەجێكردنی لە سروت نزیك دەبێتەوە و هەمان سروشتی پیرۆزی هەیە، هەروەها ڕەوشتی ئایینییش هەر بەشێكە لە یاسای ئایینی و ئەمیش بەسراوەتەوە بە جیهانی سروت و باوەڕی ئایینیەوە.