سه‌له‌فیه‌كانی كوردستان
سه‌روه‌ر پێنجوێنی
ڕه‌وتی سه‌له‌فی، هه‌رچه‌ند هه‌تا ئێستاش ڕه‌وتێكی ئیسلامیی به‌بره‌و نیه له كوردستاندا له چاو ڕه‌وته‌كانی تر (ئیخوانی، سه‌له‌فیی جیهادی) و له‌چاو ئیسلامه صۆفی ـ ئه‌شعه‌ریه‌كه، به‌ڵام كاریگه‌ریی هه‌ندێك كه‌سێتییان و په‌یوه‌ندیی هه‌ندێك له هێما و كه‌سێتیه‌كانیان به حیزبه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كوردستانه‌وه و كێشمه‌كێشیان له‌گه‌ڵ ڕه‌وته ئیسلامیه‌كانی تردا؛ كارێكی كردوه كه بایه‌خی تایبه‌تییان هه‌بێت.
ئه‌و ڕه‌وته سه‌له‌فیه، له هه‌مان كاتدا بۆ جیاكردنه‌وه‌یان له ڕه‌وتی سه‌له‌فیی جیهادی، (سه‌له‌فیه‌تی مه‌دخه‌لی) یاخود (مه‌دخه‌لیه‌كان) یان پێ ده‌وترێت، به‌و پێیه كه سه‌ر به ئاڕاسته‌ی زانای ئایینیی سه‌عودی مه‌لا (ڕه‌بیع مه‌دخه‌لی) ـن، كه له سهعودیهش ئه‌م مه‌لایه و هه‌ندێكی تر (وه‌كو مه‌لا "موحه‌ممه‌د ئه‌مان جامی") ڕابه‌ری ڕه‌وتێكی سه‌له‌فین كه ناسراون به لایه‌نگری و دڵسۆزی بۆ ڕژێمی سه‌عودی، و دژایه‌تیی ئاڕاسته‌ی ڕابون (الصحوة) و (سه‌یید قوطب) ی باوكی ڕۆحیی ئه‌م ئاڕاسته‌یه ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها ئاڕاسته‌ی جیهادی ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه و به (خاریجی) و (ته‌كفیری) ناوی ده‌به‌ن، كه ئه‌م سێ ئاڕاسته‌یه (جامی یاخود مه‌دخه‌لی) و (ئاڕاسته‌ی ڕابون یاخود قوطبی) و (ئاڕاسته‌ی جیهادی) هه‌ر سێ شێوه و ئاڕاسته‌ی هه‌مان ڕێبازی (سه‌له‌فیه‌ت) ـن له سه‌عودیه، به‌ڵام جیاوازییان ئه‌وه‌یه كه ئاڕاسته‌ی مه‌دخه‌لی یاخود جامی به‌رهه‌ڵستیی ڕژێمی سه‌عودی ناكه‌ن و سه‌ر به‌و خه‌ته وه‌ههابیه‌ن كه هاوپه‌یمانن له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی سه‌عودی و پێداگری ده‌كه‌ن له‌سه‌ر گوێڕایه‌ڵیی ئه‌و (وه‌لی ئه‌مر) ه و، ئیتر نه‌كه‌وتونه‌ته به‌ر كاریگه‌ریی (ئیخوان) ی سه‌عودیه و فیكری (سه‌یید قوطب)، بۆیه باوه‌ڕیان به كاری حیزبی نیه و دژایه‌تیی تێز و بۆچونه‌كانی (سه‌یید قوطب) ده‌كه‌ن كه موسوڵمان هه‌ڵ ده‌نێت بۆ (به‌جاهیلیدانان) ی كۆمه‌ڵگای ئیسلامی و لابردنی فه‌رمانڕه‌واكانی، به‌ڵام (ئاڕاسته‌ی ڕابون) له‌ژێر كاریگه‌ریی بیری (ئیخوان) و به‌تایبه‌تی (سه‌یید قوطب) دان، و ئاڕاسته جیهادیه‌كه‌ش هه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م ئاڕاسته‌ی ڕابونه دروست بوه و سه‌ره‌نجامی سروشتیی گه‌شه‌كردنی ئه‌م ئاڕاسته‌یه‌یه. هه‌ر بۆیه هه‌میشه ئه‌م ئاڕاسته سه‌له‌فیه مه‌دخه‌لیه، جێی په‌سه‌ندكردن و پشتیوانیی مه‌رجیعه سه‌له‌فیه ته‌قلیدیه گه‌وره‌كان بوه، وه‌كو (ئه‌لبانی) و (عوثه‌یمین) و (ئیبن باز)، كه بۆ نمونه ستایشی مه‌لا ره‌بیعی مه‌دخه‌لییان كردوه.
ئینجا ئه‌و جیاوازی و كێشمه‌كێشه‌ی نێوان ئه‌و باڵه سه‌له‌فیه جیاوازانه، درێژ بوه‌ته‌وه بۆ كوردستانیش: له كورستانیش ئه‌و باڵه سه‌له‌فیه مه‌دخه‌لیه كه له چه‌ند كه‌سێتییه‌كدا به‌رجه‌سته ده‌بێت، له‌گه‌ڵ باڵی سه‌له‌فیی جیهادی كه له هه‌ندێك حیزبی ئیسلامیی وه‌كو (بزوتنه‌وه) و (كۆمه‌ڵ) و لایه‌نگرانی (مه‌لا كرێكار) دا به‌رجه‌سته ده‌بێت، له‌گه‌ڵ ئاڕاسته‌ی ڕابون كه بوه‌ته پاشخانی فیكریی هه‌مو ئه‌و لایه‌نه سه‌له‌فی ـ جیهادیانه و به‌ڵكو سه‌رجه‌می ڕه‌وتی ئیسلامی سیاسی.
ئه‌گه‌ر به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر ڕه‌وته سه‌له‌فیه‌كه بڕۆین:
وه‌كو وتم ئه‌م ڕه‌وته زیاتر له چه‌ند كه‌سێتییه‌كدا به‌رجه‌سته ده‌بێت، بۆیه هه‌میشه بڵاوبونه‌وه و بره‌وپه‌یداكردنی به‌ده‌وری ده‌ركه‌وتنی چه‌ند كه‌سێتییه‌كدا ده‌سوڕێته‌وه، كه له كوردستاندا ناوه دیاره‌كانی ئه‌م ڕه‌وته ئه‌مانه‌ن: مه‌لا (حه‌مدی سه‌له‌فی)، له‌گه‌ڵ مه‌لا (عومه‌ر سه‌له‌فی) له ڕابردودا، مه‌لا (موحسین دۆسكی)، هه‌روه‌ها (مه‌لا عبدولـله‌تیف)، له‌گه‌ڵ هه‌ندێكی تر وه‌كو مه‌لا (عبدولكه‌ریم) و مه‌لا (محه‌مه‌د پێنجوێنی) له سلێمانی و هه‌ندێكی تر.
بۆیه قسه‌كردن له ده‌ركه‌وتن و هاتنی ئه‌م ڕه‌وته بۆ كوردستان ده‌بێته قسه‌كردن له ده‌ركه‌وتنی ئه‌و كه‌سێتیانه:
حه‌مدی عه‌بدولمه‌جید سه‌له‌فی
به مه‌لا (حه‌مدی عه‌بدولمه‌جید سه‌له‌فی) ده‌ست پێ ده‌كه‌ین: ناوبراو له بنه‌ڕه‌تدا له كوردی باكوره به‌ڵام له گوندێكی كوردستانی سوریا له‌دایك بوه (1931)، و زانسته ئیسلامیه‌كانی خوێندوه لای كۆمه‌ڵێك زانای ئایینی له كوردستانی سوریا، له‌وانه مه‌لا (ئیسماعیل ئیلیاس) له گوندی (گۆمه سور) كه مامۆستای موجیزی بوه (ساڵی 1954 ئیجازه‌ی لێ وه‌رگرتوه)، ئه‌م مه‌لایه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر مه‌لا حه‌مدی به‌جێ هێشتوه و مه‌لایه‌كی مه‌شره‌ب سه‌له‌فی بوه و دژایه‌تیی ته‌صه‌ووف و ته‌ریقه‌ته‌كانی كردوه، هه‌ر بۆیه ناوبراویش به هۆی مامۆستاكه‌یه‌وه توشی كێشه ده‌بێت. ئینجا دوای ئه‌وه‌ی ده‌بێته پێشنوێژ و وتاربێژ، لای مامۆستایه‌ك ژماره‌یه‌كی گۆڤاری (التمدن الاسلامي) ده‌بینێت كه (ئه‌لبانی) تێیدا ده‌نوسی، و وتارێكی ئه‌وی تێدا خوێنده‌وه به ناوی (اختلاف أمتي رحمة) به ئیمزای (محمد ناصر ا‌لدین نوح نجاتي الأرنؤوطي). ئیتر ئه‌مه سه‌ره‌تای موعجه‌ببونی بو به ئه‌لبانی. ئینجا هه‌ر ساڵی (1954) مه‌لا حه‌مدی ده‌چێت بۆ حه‌له‌ب بۆ په‌یداكردنی هه‌ندێك كتێبی حه‌دیس، له‌وێوه ده‌ینێرن بۆ كتێبخانه‌یه‌ك له دیمه‌شق به ناوی (مكتبة العربي)، له‌وێ خاوه‌نه‌كه‌ی (حمدي عبید) ده‌ناسێت، له ڕێگه‌ی ئه‌میشه‌وه ئه‌لبانی ده‌ناسێت و ده‌بێته قوتابیی ئه‌و (1954). ئیتر بۆیه مه‌لا حه‌مدی هه‌میشه به (شیخنا) ئاماژه بۆ ئه‌لبانی ده‌كات. ئیتر ناوبراو بو به زانایه‌كی ئایینیی سه‌له‌فیی دیار و (موحه‌ققیق) ێكی بواری (حه‌دیس) و، مه‌رجیعه سه‌له‌فیه گه‌وره‌كان ستایش و (ته‌زكیه) ی ده‌كه‌ن.
ئینجا چۆن ئه‌م میراتگره كورده‌ی حه‌دیثناسیی ئه‌لبانی په‌یوه‌ست بو به كوردستانی خۆمان و مێژوی سیاسیمانه‌وه؟ ئه‌وه بو كه مه‌لا حه‌مدی ڕاوێژكاری ئایینیی مه‌لا (مسته‌فا بارزانی) بو و زۆر له‌گه‌ڵیدا بوه و بۆ خۆی باسی كردوه كه مه‌لا مسته‌فا زۆر جار سكاڵا و گله‌یی له (كه‌مدینی) و لاوازیی ئایین كردوه له ناوچه‌كه‌دا، هه‌ر بۆیه (یه‌كێتیی زانایان) ی دامه‌زراندوه و مه‌لا حه‌مدییش هانده‌ر و یارمه‌تیده‌ری بوه له‌و كاره‌دا. به‌م شێوه‌یه ئه‌و كه‌سێتیه سه‌له‌فیه پشتیوانییه‌كی له‌ناو سه‌ركردایه‌تی سیاسییشه‌وه هه‌بوه. ده‌توانین بڵێین له‌و كاته‌وه ئه‌م ڕه‌وته سه‌له‌فیه پشتیوانیی هه‌یه و خراوه‌ته ژێر باڵه‌وه. بۆیه هیچ سه‌یر نیه دواتریش كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تی و مه‌لای ئه‌و ڕه‌وته پشتیوانی بكرێن و به‌ڵكو هه‌ندێك جار به ده‌سه‌ڵاتی حیزب و هه‌ندێك به‌رپرسیشدا بنازن و بیكه‌ن به ڕۆژی خۆیان. سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كانیش، مه‌لا حه‌مدی وای دانابو كه گه‌نجی ئیسلامیی بادینان هه‌مویان سه‌ر به پارتی بن، به‌ڵام ده‌ركه‌وتنی ئیخوان و دامه‌زرانی حیزبی (یه‌كگرتوی ئیسلامی) له‌و ده‌ڤه‌ره ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ی په‌ك خست، دوای ئه‌وه له ڕێگه‌ی كۆنتڕۆڵكردنی ده‌زگای (یه‌كێتیی زانایان) ـه‌وه هه‌وڵی ده‌دا دژایه‌تیی ئاڕاسته ئیسلامیه‌كانی تر بكات كه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا ناگونجێن، جگه له‌وه‌ی نفوزی سه‌له‌فیی خۆی و نزیكیی له پاره‌به‌خشه‌كانی سه‌عودیه‌وه به‌كار ده‌هێنا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پاره و پشتیوانیه ئیسلامیه‌ی له‌وێوه ده‌هات كۆنتڕۆڵ بكات و نه‌بێته هۆی به‌هێزبونی لایه‌نه ئیسلامیه‌كانی تر. دواتریش هه‌ر به كۆششی مه‌لا حه‌مدی و هاوكاریی پارتی هه‌وڵ درا له بواری ڕاگه‌یاندندا ڕه‌وته سه‌له‌فیه‌كه زاڵ ببێت وه‌كو به‌دیلێك بۆ ڕه‌وته ئیسلامیه‌كانی تر كه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا نین، بۆیه چه‌ند كه‌سێتییه‌كی سه‌له‌فی ڕۆڵیان له ڕاگه‌یاندنی پارتی و هاوكاریكردنیدا بینی. ئینجا مه‌لا حه‌مدی، به پشتگیریی پارتی، گۆڤاری (ڤه‌ژین) ی دامه‌زراند، كه ئامانج لێی به‌هێزكردنی ڕه‌وته سه‌له‌فیه‌كه و لاوازكردنی ڕه‌وته ئیسلامیه‌كانی تر بو. جگه له‌مانه‌ش، هه‌ر له‌و قۆناغه‌دا هه‌ندێك له كه‌سێتیه سه‌له‌فیه‌كانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره هاوكارییان له‌گه‌ڵ ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدا هه‌بو، وه‌كو ئێسته‌ش هه‌ندێك مه‌لای سه‌له‌فی هه‌مان ڕۆڵ ده‌بینن و هه‌ست به بونی پشتیوان ده‌كه‌ن له‌و جۆره ده‌زگایانه‌دا، هه‌ر بۆیه خۆیان به (مه‌سموح) ده‌بینن و ده‌ڵێن (له كه‌س ناترسین)! هه‌روه‌ها قسه له‌وه ده‌كرێت كه ئه‌و ڕه‌وته سه‌له‌فیه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه كاتی خۆی له پشت كۆنتڕۆڵكردن و پاشان داخستنی (كۆلێژی شه‌ریعه) ی دهۆكه‌وه بوبێت كه سه‌عودییه دایمه‌زراندبو، كه له دواییدا كه‌سانێكی سه‌له‌فیی سه‌ر به حیزب و ده‌زگا ئه‌منیه‌كان بون به به‌ڕێوه‌به‌ری، به‌ڵام له كۆتاییدا به داخستنیش چو چونكه سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌هێزبونی ڕه‌وته ئیسلامیه‌كانی تریش بو. ئه‌و كۆلێژه مامۆستای سه‌له‌فیی وای تێدابو كه باوه‌ڕی به (وێنه‌گرتن) یش نه‌بو! ئه‌م توندیه بێمانایه‌ش له خۆیدا جێی گومانه!
به‌م شێوه‌یه ئه‌و ڕه‌وته سه‌له‌فیه له كوردستاندا لكاوه به ده‌سه‌ڵاته‌وه، و فرمانێكی بۆ ده‌سه‌ڵات بینیوه كه كۆنتڕۆڵكردنی خه‌ڵكی ئایینداره بۆ ئه‌وه‌ی له لایه‌نگریی حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار ده‌رنه‌چن و پاڵ نه‌ده‌ن به ڕه‌وتی ئیسلامیی تره‌وه كه ڕكابه‌ری سیاسین. ئیتر هه‌م كه‌سێتیه سه‌له‌فیه‌كان ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌یان به‌كار هێناوه بۆ به‌هێزبونی خۆیان وه‌كو گروپێكی ئایینی و ڕێبازێك و به‌رژه‌وه‌ندیی شه‌خسیی خۆیان، هه‌م ده‌سه‌ڵات سودی له‌و ڕه‌وته سه‌له‌فیه بینیوه وه‌كو ڕه‌وتێكی ئایینی كه دژ و به‌رامبه‌ری ئایینیی ئه‌و لایه‌نه ئیسلامیانه‌یه كه شێوازی كاری سیاسی یان چه‌كدارانه‌یان هه‌یه و مه‌ترسین بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی سیاسی یان ئاسایش. واته ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی لایه‌نه ئیسلامیه‌كان به ئامڕازێكی ئایینی.
ئیتر ئه‌م په‌یوه‌ندیه بو به شێوازێكی ته‌قلیدیی مامه‌ڵه و ڕوبه‌ڕوبونه‌وه له‌گه‌ڵ ڕه‌وته ئیسلامیه‌كانی تر كه ڕكابه‌ری سیاسییشن، كه دواتر له ناوچه‌ی یه‌كێتییش تا ڕاده‌یه‌ك لاسایی كراوه‌ته‌وه.
عومه‌ر سه‌له‌فی
ئینجا مه‌لا (عومه‌ر سه‌له‌فی) له سلێمانی، له سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كاندا، ڕابه‌رێكی سه‌له‌فیه‌كان بو و به قوتابیی مه‌لا (حه‌مدی) ده‌ژمێردرێت، كه له سه‌عودییه (زانكۆی ئیسلامی) خوێندبوی و پشتیوانیی ماددی و مه‌عنه‌ویی ڕه‌وتی سه‌له‌فیی ئه‌وێی هه‌بو. به‌ڵام دواتر پاڵی دا به ڕه‌وته سه‌له‌فیه جیهادیه‌كه‌وه و هێزۆكه‌یه‌كی جیهادیی پێك هێنا و ده‌ستی كرد به گوتاری دژایه‌تیی عه‌لمانیه‌تی كوردی، له ئه‌نجامدا مزگه‌وته‌كه‌ی له سلێمانی (مزگه‌وتی ئیمان) سوتێنرا كه كردبوی به باره‌گای خۆی و چه‌كی قورسیشی له‌سه‌ر دانابو! و ئیتر هێزه‌كه‌ی تێكشكێنرا و خۆیشی ڕای كرد بۆ هه‌ولێر و له‌وێ بو به پارتی، و دواتر چو بۆ سه‌عودییه و هه‌ندێك شوێنی تر. ئێسته‌ش خۆی به سه‌له‌فی نازانێت، به‌ڵام به هه‌مان شێوازی گه‌لێك له سه‌له‌فیه‌كان جارێكی تر ڕۆڵی خۆی ده‌بینێته‌وه.
موحسین دۆسكی
مه‌لا (موحسین دۆسكی)، ئه‌میش قوتابیی مه‌لا حه‌مدی بوه و له كۆلێژی شه‌ریعه له به‌غداد خوێندویه‌تی، و له به‌غداد له‌گه‌ڵ باڵوێزخانه‌ی سه‌عودی به‌ینی خۆش كردوه و خۆی له پاشكۆی ڕۆشنبیریی ئه‌و باڵوێزخانه‌یه نزیك كردوه‌ته‌وه، هه‌تا توانیویه‌تی له‌گه‌ڵ ده‌زگا خێرخوازی و پاره‌به‌خشه‌كانی سه‌عودییه په‌یوه‌ندی دروست بكات له‌ژێر ناونیشانی یارمه‌تی بۆ گه‌لی كوردی سته‌مدیده، و بێ گومان سودی له‌وه بینیوه. ئێسته‌ش سه‌رمایه‌دارێكی ناوچه‌ی دهۆكه.
عه‌بدولـله‌تیف کوردی
ئینجا مه‌لا عه‌بدولـله‌تیف له (چوارقوڕنه)، ناسراو به (الشیخ أبو عبد الحق الكردي) له ناوه‌نده ئیسلامیه‌كاندا، ئه‌میش به زانایه‌كی ئایینیی سه‌له‌فی و شاره‌زایه‌كی حه‌دیس داده‌نرێت و ئێسته ڕابه‌رێكی سه‌له‌فیه‌كانی كوردستانه و له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه ببێته ده‌مڕاستی یه‌كه‌می ئاڕاسته سه‌له‌فیه‌كه لێره. ناوبراو له سه‌عودییه و یه‌مه‌ن خوێندویه‌تی، لای كۆمه‌ڵێك زانای ئایینیی سه‌له‌فی، له‌وانه مه‌لا (موقبیل وادیعی) له یه‌مه‌ن كه له ئاستی (ئه‌لبانی) دا بۆی ده‌ڕوانرێت، هه‌روه‌ها لای مه‌لا (ڕه‌بیع مه‌دخه‌لی) یش که ئیجازه‌ی لێ وه‌رگرتوه و ستایش و ته‌زكیه‌ی كردوه و به (الشیخ العالم الفاضل) ناوی بردوه و به (سه‌له‌فیه‌ت و فیقهـ.. ) شایه‌تیی بۆ داوه، و ئامۆژگاریی سه‌له‌فیه‌كانی عێراقی كردوه كه شوێنی بكه‌ون. به‌ڵام كۆمه‌ڵێك ڕكابه‌ری هه‌یه له‌ناو سه‌له‌فیه‌كانی عێراق و كوردستاندا، و له‌گه‌ڵ هه‌ندێكیان كێشه‌ی هه‌یه. هه‌ندێك له سه‌له‌فیه‌كانی عێراق ئه‌وه ده‌كه‌نه ڕه‌خنه به‌سه‌ریه‌وه كه كاتێك له‌گه‌ڵ مه‌لا (به‌همه‌ن كه‌لاری) كێشه‌ی هه‌بوه؛ بۆ به‌بیدعه‌چیدانان (تبدیع) ی ئه‌و مه‌لا به‌همه‌ن ناوه هه‌ڵمه‌تێكی ئیمزاكۆكردنه‌وه‌ی ده‌ست پێ كردوه [ڕه‌نگه بۆ ئه‌وه‌ی مه‌رجی یه‌كده‌نگی (إجماع) به‌ده‌ست بهێنێت كه مه‌رجێكه بۆ زه‌مكردنی خه‌ڵكی بیدعه‌چی له‌لای مه‌لایه‌كی سه‌له‌فیی به‌ناوبانگ به ناوی مه‌لا عه‌لیی حه‌ڵه‌بی (الشیخ علی بن حسن الحلبی)]، و نزیكه‌ی (70) ئیمزای له كۆمه‌ڵێك مه‌لا و وتاربێژ و كه‌سایه‌تیی تر كۆكردوه‌ته‌وه كه ئه‌مانه‌ش شایه‌تی ده‌ده‌ن مه‌لا به‌همه‌ن بیدعه‌چیه! كه به‌شێك له سه‌له‌فیه‌كانی عێراق ده‌ڵێن ئه‌م شێوازه بۆ خۆی بیدعه‌یه و له مێژوی ئیسلامدا نه‌بوه! هه‌رچه‌ند دواتر مه‌لا (عه‌بدولـله‌تیف) و مه‌لا (به‌همه‌ن) له عومره‌یه‌كدا سه‌ردانی ماڵی مه‌لا (ڕه‌بیعی مه‌دخه‌لی) ده‌که‌ن و له‌وێ ئاشت ده‌بنه‌وه وه‌كو دو باڵی سه‌له‌فی. مه‌لا (به‌همه‌ن) یش کاتی خۆی لای (موقبیل وادیعی) خوێندویه‌تی و به (الشيخ بهمن علي الكردي) ناوی ده‌برێت لای عه‌ره‌ب.
هه‌روه‌ها مه‌لا (عه‌بدولكه‌ریم) له سلێمانی، و كۆمه‌ڵێكی تر، هێما و ڕابه‌ری تری ڕه‌وته سه‌له‌فیه‌كه‌ن له‌م ناوچه‌یه‌دا.
ئه‌م ڕه‌وته به چه‌ند نیشانه‌یه‌ك جیا ده‌بێته‌وه، كه له‌م خاڵانه‌دا باسیان ده‌كه‌م:
1. باوه‌ڕیان به كاری حیزبی و ده‌ستتوه‌ردانه سیاسه‌ته‌وه نیه. سیاسه‌ت به‌جێ ده‌هێڵن بۆ ده‌سه‌ڵاتی وڵات. له‌م ڕوه‌وه جێی په‌سه‌ندكردنی لایه‌ن و ده‌سه‌ڵاته عه‌لمانیه‌كانن. هه‌رچه‌ند ئه‌گه‌ر زۆر ببن و هه‌ست به لاوازیی به‌ره عه‌لمانیه‌كه بكه‌ن؛ ئه‌و شێوازه ده‌گۆڕن و ده‌كه‌ونه ڕكه‌به‌ریی سیاسییش، وه‌كو له میسر بینیمان.
بۆیه ئه‌م ڕه‌وته له بنه‌ڕه‌تدا به شێوه‌ی حیزب كار ناكه‌ن، به‌ڵكو له ڕاستیدا كۆمه‌ڵێك لایه‌نگرن كه به‌ده‌وری كه‌سێتییه‌كدا كۆ ده‌بنه‌وه، بۆیه (كه‌سێتی) و ته‌زكیه‌ی كه‌سێتیه سه‌له‌فیه‌كانی سه‌عودییه‌ش بۆی، له‌ناو ئه‌م ڕه‌وته‌دا زۆر گرنگه. هه‌ر بۆیه ڕكه‌به‌رییه‌كی توندیش له‌م ڕه‌وته‌دا هه‌یه له‌سه‌ر (كه‌سێتیی یه‌كه‌م).
2. به شێوه‌یه‌كی ئایینی دژایه‌تیی ئاڕاسته‌ی جیهادی و گروپه تێرۆریسته‌كانیش ده‌كه‌ن. گروپه تێرۆریسته‌كان به سه‌رچاوه‌ی ئاژاوه و فیكری ته‌كفیریی توندڕه‌و ده‌زانن و به (خه‌واریج) ی سه‌رده‌م ناویان ده‌به‌ن. ئاڕاسته جیهادیه‌كه‌ش به‌گشتی به تێكده‌ری كاری ئیسلامی ده‌زانن. ئه‌مه‌ش لایه‌نێكی باشه له‌م ڕه‌وته‌دا، هه‌رچه‌ند شێوازه‌كه‌یان له‌وه‌شدا هه‌ر ئایینی و مه‌زهه‌بیه.
3. به هۆی ئه‌وه‌ی باوه‌ڕیان به كاری حیزبی و ڕكه‌به‌ریی سیاسی نیه و له‌م لایه‌نه‌وه جیاوازن له ئیخوان، و له‌ژێر كاریگه‌ریی فیكری (سه‌یید قوطب) و ئاڕاسته‌ی (ڕابون) یش نین، و زۆر جاریش هه‌وڵ بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی شه‌خسی و به‌رژه‌وه‌ندیی ڕێبازه‌كه‌ی خۆیان ده‌ده‌ن.. به هۆی ئه‌مانه‌وه به‌زۆری له‌گه‌ڵ حیزب و لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتدار هاوكار ده‌بن، و وه‌كو به‌دیلی لایه‌نه ئیسلامیه‌كانی تر سودیان لێ ده‌بینرێت. ئه‌مه له سه‌عودییه و هه‌روه‌ها له كوردستان و هه‌تاكو له عێراقی سه‌رده‌می (حه‌مله‌ی ئیمانی!) دا ئاشكرا بو.
4. به هۆی جیاوازیی مه‌زهه‌بی و تێگه‌یشتنی ئایینی‌یان و هه‌روه‌ها ـ گه‌لێك جار ـ پاڵدانیان به لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه، دژایه‌تیی لایه‌نه ئیسلامیه‌كانی تر ده‌كه‌ن كه ڕكه‌به‌ری سیاسیی ده‌سه‌ڵاتن و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته سودیان لێ ده‌بینرێت. ئه‌مه له سه‌عودییه ئاشكرایه و له كوردستانیش بارودۆخێكی له‌م جۆر تا ڕاده‌یه‌ك هه‌یه، پێشتریش ئاماژه‌مان بۆ كرد.
5. له شێوازی ئایینداری و جێبه‌جێكردنی ئاییندا زۆر توند و وشكن، پێیان وایه ئایینداریی میسالی ئه‌وه‌یه كه وه‌كو سه‌رده‌مه ئیسلامیه كۆنه‌كان بێت و هیچ تازه‌گه‌رییه‌كی تێدا نه‌كرێت. زۆر جار به شێوه‌یه‌ك موحافیزكار ده‌بن كه جێی گومانه و گومانت بۆ ئه‌وه ده‌چێت پاڵنه‌ری ڕاسته‌قینه ئایینداری نه‌بێت به‌ڵكو خۆده‌رخستن بێت وه‌كو ئایینداری پله‌یه‌ك و بۆ كۆنتڕۆڵكردنی زه‌عامه‌تی ئایینی. ئه‌م توندیه‌ش له جێبه‌جێكردنی ئاییندا كاریگه‌ریی خراپی ده‌بێت له‌سه‌ر گه‌نج و هه‌مو كۆمه‌ڵگا و سه‌ر ده‌كێشێت بۆ توندڕه‌وی و یه‌كتر قبوڵ نه‌كردن.
6. نیشانه‌یه‌كی تری ئه‌م ڕه‌وته ئه‌وه‌یه ڕكه‌به‌ری و مونافه‌سه‌یه‌كی توند هه‌یه له‌نێوان كه‌سێتیه‌كانی بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی سه‌رۆكایه‌تیی ئایینی و زه‌عامه‌تی ڕه‌وته‌كه. وه‌كو ئه‌و ڕكه‌به‌ری و كێشمه‌كێشه‌ی كاتی خۆی له‌نێوان مه‌لا حه‌مدی و سه‌له‌فیه‌كانی تر و هه‌تا هه‌ندێك له قوتابیه سه‌له‌فیه‌كانیشیدا جاروبار ڕوی ده‌دا. یان ئه‌و كێشمه‌كێشه‌ی كاتی خۆی له‌نێوان (عومه‌ر سه‌له‌فی) و (موحسین دۆسكی) دا ڕوی دا. ئێسته‌ش كێشمه‌كێشی مه‌لا (عه‌بدولـله‌تیف) له‌گه‌ڵ هه‌ندێك كه‌سێتیی سه‌له‌فیی تری ناو عێراق و كوردستان گه‌رمه.
ئه‌م كێشمه‌كێشه‌ش، جگه له ده‌ستكه‌وتنی پله‌ی زه‌عامه‌تی ئایینی، هه‌ندێك پاڵنه‌ری تریشی هه‌یه، له‌وانه ده‌ستكه‌وتنی پشتگیریی ماددی له دایه‌نگه‌ی یه‌كه‌می ڕه‌وته‌كه‌وه كه سه‌عودییه و وڵاتانی كه‌نداوه، هه‌روه‌ها پێكه‌وه‌نانی پله‌وپایه و ڕێز لای ده‌سه‌ڵاتیش.
ئیتر هۆكاره‌كانی گه‌شه‌كردنی ئه‌م ڕه‌وته‌ش ئاشكران: به هۆی ئه‌وه‌ی كه سه‌له‌فیه‌ت له سه‌عودییه و وڵاتانی ده‌وروبه‌ری به‌هێزه و پشتگیریی ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه و به‌سه‌ر پایته‌ختی ئیسلامدا زاڵن؛ سه‌له‌فیه‌ت و باڵه مه‌دخه‌لیه‌كه‌یشی له وڵاتانی ئیسلامیی تردا گه‌شه‌ی كردوه، به شێوه‌یه‌ك خه‌ریكه له میسریش ڕكه‌به‌ریی ئیخوان ده‌كه‌ن. ئینجا به هۆی جیاوازییان له لایه‌نه ئیسلامیه‌كانی تر و بێوه‌ییان له‌لایه‌نی سیاسیه‌وه و باوه‌ڕنه‌بونیان به شێوازی كاری حیزبی و چه‌كدار، له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته‌كاندا ته‌بان و پشتگیری ده‌كرێن یان به‌لای كه‌مه‌وه ده‌ست ناهێنرێته ڕێگه‌یان. هه‌روه‌ها ڕه‌نگه پارچه‌پارچه‌بونی لایه‌نه ئیسلامیه‌كانی تر و هه‌وڵدانیان بۆ لاوازكردنی یه‌كتر و به‌تاڵكردنه‌وه‌ی كاری یه‌كتر؛ هۆكارێكی تری به‌هێزبونی ئه‌م ڕه‌وته سه‌له‌فیه بێت.
ئه‌نجامی خراپی به‌هێزبونی ئه‌م ڕه‌وته سه‌له‌فیه چه‌ند شتێكه، له‌وانه: بڵاوكردنه‌وه‌ی تایپێكی وشك و توندی ئایینداری كه كۆمه‌ڵگا به‌ره‌و داخرانی زیاتر ده‌بات، هه‌روه‌ها ده‌ستكراوه‌یی كه‌سێتیه‌كان و مه‌لاكانی ئه‌م ڕه‌وته له بڵاوكردنه‌وه‌ی بیری ئایینیی ته‌سكی خۆیان و سه‌پاندنی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگادا، ئه‌مه‌ش له‌ژێر سایه‌ی ئه‌وه‌ی له‌ژێر باڵی هه‌ندێك حیزب و لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتداردان و پشتگیری و پشتیوانی‌یان هه‌یه. ئه‌وه‌ی له ماوه‌ی پێشودا له كوردستان ڕوی داوه؛ ئه‌نجامێكی ئه‌م حاڵه‌یه، و خراپتریش ده‌بێت ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ر نه‌كرێت.