پارانۆیای ئیسلامیه‌كان
سه‌روه‌ر پێنجوێنی
جیهانی زه‌ینی ئیسلامیه‌كان
جیهانێكی ئایینیه، بیركردنه‌وه‌یان به‌ته‌واوی وابه‌سته‌ی "ئایین"
(=كولتوری كۆنی پیرۆزكراو) ه، ئه‌ویش ئایینێكی یه‌كتاپه‌رستیانه‌ی وه‌كو ئیسلام كه
له‌سه‌ر سڕینه‌وه‌ی كولتوره‌كانی تر و هه‌وڵی به‌جیهانیبونی خۆی وه‌ستاوه.
بۆیه ئیسلامیه‌كان، هه‌تا ئه‌و
كاته‌ش دێنه مه‌یدانی سیاسه‌ته‌وه، هه‌ر له‌و جیهانه ئایینیه‌دا ده‌ژین، عه‌قڵیه‌تی
(قه‌ده‌غه) ی ئایینی و پۆلێنی (كوفر ـ ئیمان) بڕیار و هه‌نگاوه‌كانیان ڕه‌نگڕێژ ده‌كات.
له كاتێكدا خه‌ڵك چاوه‌ڕێی پڕۆژه‌ی واقیعی و چاره‌ی كێشه‌كانیان لـێ ده‌كات؛ بایه‌خی
ئه‌وان هه‌ر به ئامانجه ئایینیه‌كه‌ی خۆیانه: هه‌وڵی سه‌پاندنی یاسا ئایینیه‌كه‌ی
خۆیان، هه‌وڵی به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی بون و ئازادیی ئایین و ئایدیۆلۆجیاكانی تر، و به‌تایبه‌تی
دروشم و ڕواڵه‌ته ئایینیه‌كان كه زۆر سورن له‌سه‌ر زه‌قكردنه‌وه‌یان و دژایه‌تیی
هه‌ر شتێك كه ئه‌گه‌ر به ڕواڵه‌تیش پێچه‌وانه‌ییه‌ك یان نه‌گونجاوییه‌كی له‌گه‌ڵ
ئایینه‌كه‌یان هه‌بێت. له‌م لێكدانه‌وه ڕواڵه‌تگه‌ریه‌دا هه‌مو بیانویه‌ك ده‌دۆزنه‌وه
و له بۆسه‌دان بۆ هه‌ر وشه و ده‌سته‌واژه‌یه‌ك كه به (به‌صیڕه‌تی ئیمانی)(!) ی
خۆیان هه‌ست بكه‌ن جۆره نه‌گونجاوییه‌كی له‌گه‌ڵ بیری ئایینیی یه‌كتاپه‌رستیی
خۆیان هه‌یه، كه ئه‌م جۆره بیره ئایینیه سه‌رچاوه‌ی ڕه‌سه‌ن و باوكی شه‌رعیی
توندوتیژیی ئایینیه. جاری وا هه‌یه ئه‌وه‌نده به‌بیانون له ڕواڵه‌تی وشه و ده‌سته‌واژه‌كان
و سه‌پاندنی واتا و مه‌به‌ستی (كوفری) و نه‌گونجاو له‌گه‌ڵ بیروباوه‌ڕی ئایینیی
خۆیان كه هه‌مو نه‌زانییه‌ك به خه‌رج ده‌ده‌ن و هه‌مو بێئاگایی و ئاسۆته‌سكییه‌ك
نمایش ده‌كه‌ن، كه ئیتر له سنوری لۆجیك و حاڵه‌تی سروشتی ده‌چێته ده‌ره‌وه، به
شێوه‌یه‌ك ده‌توانین به جۆرێكی سوكه‌ڵه‌ی (پارانۆیا) Paranoia پۆلێنی بكه‌ین، كه بریتیه له به‌دگومانییه‌كی
نه‌خۆشیئاسا و حاڵه‌تێكی ده‌رونیه كه توشبو گومان له هه‌مو ده‌وروبه‌ری ده‌كات
و وا ده‌زانێت هه‌موان له پیلاندان بۆی و هه‌ر شتێك ده‌كرێت له‌دژی ئه‌وه و هه‌مو
ئه‌وانی تر ده‌یانه‌وێت سته‌می لـێ بكه‌ن و هه‌مو هه‌نگاوێكیان له دژی ئه‌وه.
ئاخر ناهه‌قم نیه ئه‌گه‌ر ئه‌م پۆلێنه بكه‌م بۆ ئه‌و خوه نه‌خۆشیئاسایه‌ی هه‌ندێك
له ئیسلامیه‌كان، كه بیانوی وا له گه‌لێك وشه و ده‌سته‌واژه ده‌گرن به خه‌یاڵی
كه‌سدا نه‌هاتبێت، ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی بڵێن هه‌مو ئه‌وانی تر دژایه‌تیی بیروباوه‌ڕ
و پیرۆزیه‌كانی ئه‌وان ده‌كه‌ن، و ئینجا بۆ ئه‌وه‌ی لیستی (قه‌ده‌غه) و (كوفریات)
ـیان درێژ بكه‌نه‌وه، و هه‌ر شتێك نامۆ بێت به‌وه‌ی پێی ڕاهاتون و ترس و سركیی
ئایینی‌یان لێی نه‌شكابێت؛ به‌و لیستی (قه‌ده‌غه) و (كوفریات) ـه ئابڵوقه‌ی بده‌ن،
و ڕه‌شه‌خه‌ڵك و خه‌ڵكی بێئاگایی هان بده‌ن له دژی. پێشتر بینیمان هه‌ندێك له
ئیسلامیه‌كان (خوێنه‌واره‌كانیان ده‌ڵێم، ها!) وتیان ئه‌و گه‌مه‌یه‌ی منداڵان كه
ده‌ڵێت (ئانا پانا لو پانا، وه‌ردی ئه‌حمه‌د شێخسانا، ئان پان توف)؛ گوایه ئه‌مه
به زمانی جوله‌كه‌یه (زمانی جوله‌كه!!) و به واتای ئه‌وه‌یه (من و ئێوه و
ئێمه، كتێبه‌كه‌ی ئه‌حمه‌د پیسه، من و تۆ تفی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین)، و ئیتر گوایه
ئه‌مه قسه‌ی جوله‌كه‌یه و قسه‌یان به (ئه‌حمه‌د) وتوه به‌و پێیه‌ی مه‌به‌ست
پێغه‌مبه‌ری ئیسلامه! ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه جگه له (پارانۆیا) چ پۆلێنێكی تری هه‌یه؟
هه‌روه‌ها بینیمان ناوی (پاپا نۆێڵ) ـیان ـ كه ئه‌وان به شێوه‌ی (بابا نوئێل) ده‌یڵێن
ـ به واتای (خوای باوك) لێك دایه‌وه و گوایه ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی
(خوای باوك) دیاری دابه‌ش ده‌كات له جه‌ژنی له‌دایكبونی كوڕه‌كه‌یدا، و ئیتر گوایه
ئه‌م بیروباوه‌ڕه‌ش له ئیسلامدا (كوفر) ه. هه‌روه‌ها بینیمان هه‌مان لێكدانه‌وه‌ی
(كوفری) ـیان بۆ كه‌سێتیی (ئه‌حۆل) كرد و
وتیان وشه‌ی (ئه‌حۆل) له ناوی (ئه‌حمه‌د) ه‌وه هاتوه كه ناوی پێغه‌مبه‌ری
ئیسلامه، و ئیتر گوایه ئه‌م كه‌سێتیه گاڵته‌كردنه به كه‌سێتیی پێغه‌مبه‌ری
ئیسلام، و به‌م شێوه به ده‌ستی خۆیان سوكایه‌تییان كرد به كه‌سێتیی پێغه‌مبه‌ری
ئیسلام و شه‌ڕێكی ئایینییشیان گێڕا به كه‌سێتیی (ئه‌حۆل)! كه ئه‌م مه‌هزه‌له‌یه
هیچ مه‌هزه‌له‌یه‌كی تری ناگاتێ، مه‌گه‌ر ته‌نها فه‌توا هه‌زه‌لیه‌كه‌ی مه‌لای وه‌ههابی
(محمد صالح المنجد) به حه‌رامكردن و كوفراندنی كه‌سێتیی كارتۆنیی (میكی ماوس)!
ئێسته‌ش، وا ئیسلامیه‌كان (خۆ
ته‌نها گه‌نج و مێردمنداڵه‌كانیان ناڵێم، به‌ڵكو به‌ناو هه‌ڵبژارده‌ی ڕۆشنبیری و
ئایینییشیان!)، به‌تایبه‌تی هه‌ندێك له‌وانه‌یان كه به پرۆپاگه‌ندای هه‌ڕه‌شه‌ی
دۆزه‌خ و وه‌عدی به‌هه‌شت ئه‌وه‌نده ده‌نگی ڕه‌شه‌خه‌ڵكیان به‌ده‌ست هێناوه تا
بچنه پارله‌مانی كوردستان.. دیسان كه‌وتنه بیانوگرتن له كۆمه‌ڵێك وشه و ده‌سته‌واژه،
له سرودی نه‌ته‌وه‌یی (ئه‌ی ڕه‌قیب) و له وشه‌ی (یه‌زدان) ی ناو ده‌قی سوێندی
یاسایی پارله‌مان. دیسان پارانۆیاكه‌یان لـێ ده‌ركه‌وته‌وه و كه‌وتنه لێكدانه‌وه‌ی
(كوفری) بۆ ڕواڵه‌تی كۆمه‌ڵێك وشه و ده‌سته‌واژه‌ی تر. ئاخر ئه‌وان كاری پارله‌مانی
به خولێكی تری كاره ئایینی و جیهادیه‌كانیان ده‌زانن، له ده‌ستبه‌تاڵی و بێپڕۆژه‌یی
فیكری و سیاسیی خۆیاندا ته‌نها بایه‌خه‌كانیان له كۆمه‌ڵێك ڕواڵه‌ت و وشه و ده‌سته‌واژه‌دا
كورت بوه‌ته‌وه. ئه‌و فراكسیۆنه ئیسلامیانه‌ی پارله‌مان كه تا ئێسته ساخ نه‌بونه‌ته‌وه
خۆیان به ئۆپۆزیسیۆن بزانن یان به‌ره‌ی ده‌سه‌ڵات، یان ـ وردتر بڵێین ـ ده‌یانه‌وێت
لای خه‌ڵك تامی ئۆپۆزیسۆن بده‌ن و لای ده‌سه‌ڵاتیش خاترجه‌م بن، له‌بریی هه‌ر پرۆژه‌یه‌ك
و نه‌خشه و پلاندانانێكی واقیعی؛ ئه‌وه‌ی ئامانجیانه و ئه‌جێندای كاریانه سه‌پاندنی
ئامانجه ئایینیه ته‌سكه‌كانی خۆیانه، چونكه ده‌زانن ده‌سه‌ڵاتیش به‌م ئه‌جێندایه
هیچ باكی نیه. هه‌ندێك هه‌ر له ڕێوه په‌یمانیان دا فره‌ژنی ـ كه وا دیاره فه‌زیله‌تێكی
ئیسلامیه! ـ له یاسادا بچه‌سپێنن، هه‌ندێكیشیان سفتاحی پارله‌مانیان به ڕێزنه‌گرتن
له مارشی (ئه‌ی ڕه‌قیب) و دۆزینه‌وه‌ی بیانوی ئایینی له هه‌ندێك وشه و ده‌سته‌واژه‌كانی
و كوفراندنیان كرده‌وه، له‌گه‌ڵ بیانوی ئایینی و كوفراندنی وشه‌ی كوردیی ڕه‌سه‌نی
(یه‌زدان) كه له ده‌قی سوێندخواردنه یاساییه‌كه‌دا هاتوه، به‌و بیانوه‌ی وشه‌ی
(یه‌زدان) پاشماوه‌ی زاراوه ئایینیه‌كانی (مه‌جوسیه‌ت) و ئاماژه ده‌كات بۆ خواوه‌ندێكی
(مه‌جوسیه‌كان)! هه‌مو فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی و و (مه‌ولود باوه‌مراد) ی
فراكسیۆنی یه‌كگرتو و دو ئیسلامیه‌كه‌ی فراكسیۆنی گۆڕان (یوسف محه‌مه‌د صادق و عه‌لی
حه‌مه‌صاڵح) و ئه‌ندامه بادینیه‌كانی فراكسیۆنی پارتی؛ ئه‌مانه به وشه‌ی (یه‌زدان)
ڕازی نه‌بون و گۆڕیویانه به وشه‌ی (خودا)! ئه‌م سڵكردنه‌وه‌یه بێمانایه له وشه‌ی
(یه‌زدان) له كاتێكدایه كه له زمان و زه‌ینی كوردیی هاوچه‌رخدا وشه‌كه (یه‌زدان)
زیاتر ئاماژه ده‌كات بۆ خوای تاك و جیهانی و وشه‌ی (خودا) هێشتا وه‌كو وشه‌یه‌كی
گشتییش به‌كار دێت و به خواوه‌نده‌كانی تریش ده‌وترێت، به‌ڵام وا دیاره هێشتا
ئیسلامیه‌كان و كوردی موسوڵمانی ته‌قلیدی سڵ ده‌كه‌نه‌وه له وشه‌ی (یه‌زدان)
چونكه ئه‌ده‌بیاتی ئیسلامیی كوردی هێشتا سركه به‌رامبه‌ری و هێشتا سڵی لـێ ده‌كات
و ده‌سته‌مۆی نه‌كردوه یان ده‌سته‌مۆی نه‌بوه. سه‌باره‌ت به مارشی (ئه‌ی ڕه‌قیب)
یش، جگه له‌وه‌ی دیسان دێڕی (نایشكێنێ دانه‌یی تۆپی زه‌مان) ـیان به (نایشكێنێ
دانه‌ری تۆپی زه‌مان) خوێنده‌وه و ئه‌م (دانه‌ری تۆپی زه‌مان) ـه‌یان به خوای
ئیسلام لێك دایه‌وه و دێڕه‌كه‌شیان به ته‌حه‌ددییه‌ك بۆ خوای ئیسلام زانی كه
گوایه یانی خوا ناتوانێت كورد بشكێنێت! كه ئه‌مه‌ش دیسان به‌دحاڵیبون و به‌ڵكو
لێكدانه‌وه‌یه‌كی پارانۆیایی تره. هه‌روه‌ها دیسان دێڕی (دینمان، ئایینمانه،
نیشتمان) یشیان به (كوفر) زانی، له كاتێكدا له ئه‌ده‌بیاتی ئیسلامیی خۆیشیاندا
ده‌قی "حُبُّ الْوَطَنِ مِنَ الْإِیمَانِ" هه‌یه. ئه‌مه سه‌رباری
ئه‌وه‌ی هۆنراوه‌که‌ی دڵداری نه‌مر له خۆیدا له‌و دێڕه‌یدا ده‌ڵێت: "دینمان،
ئایینمانه نیشتمان" به‌بێ "هه‌ر" که ئه‌و واتا نامه‌به‌سته ده‌گه‌یه‌نێت
که جگه له نیشتمان "دین و ئیمان" ی تری نیه! جگه له‌وه‌ش ده‌سته‌واژه‌ی
"دین و ئیمان" له زمانی کوردی‌دا بوه‌ته هێما بۆ شتی گرنگ و پیرۆز و بایه‌خدار،
و ئه‌و واتا ئیسلامی و "شه‌رعی" ـه‌ی نه‌ماوە که له زاراوه ئیسلامیه‌کاندا
هه‌یه‌تی، بۆیه کاتێک ده‌ڵێت "دین و ئیمانمان نیشتمانه"؛ ئه‌مه ته‌نها
گوزارشێکی زمانیه له‌و مه‌به‌سته‌ی که نیشتمانمان زۆر لا به‌بایه‌خ و به‌هادار و پیرۆزه.
ئینجا هه‌ر خودی ده‌سته‌واژه‌ی "دین و ئیمان" هه‌ڵقوڵاوی واقیعێکی
کولتوری کوردە‌واریه که (دین و ئیمان) بوه‌ته هێمای شتی به‌نرخ و به‌هادار و پیرۆز.
به‌ڵام ئیسلامیه‌کان خۆیان ئاسۆته‌سک و لاواز و پاڕانۆیایین ئه‌گه‌رنا ئه‌و
واتا نامه‌به‌ستانه‌یان له‌و هۆنراوه‌یه نه‌ده‌خوێنده‌وه، به‌ڵکو هه‌ر به‌بیانون
له هه‌ر شتێک به‌رهه‌می عه‌قڵی خۆیان نه‌بێت و له ئاسۆ ته‌سکه‌که‌ی خۆیانه‌وه نه‌هاتبێت.
ئیتر له‌و كاته‌وه مه‌لا (عه‌لی باپیر) به‌م دو دێڕه کوێرانه مارشی (ئه‌ی ڕه‌قیب) ی كوفراندوه؛ هه‌ندێك له ئیسلامیه‌كان له شه‌ڕێكی
به‌رده‌وامدان له‌گه‌ڵ ئه‌م مارشه و داوا ده‌كه‌ن بگۆڕدرێت و ئینجا بۆ ئه‌م داوایه‌ش
پاساوی په‌رده‌پۆشكراو و لابه‌لایی ساز ده‌كه‌ن. به‌ڵام ئه‌م جاره‌یان مه‌هزه‌له‌ی تریشیان زیاد كرد بۆ ئه‌وانه‌ی
پێشویان، ئه‌م جاره هه‌ندێكیان وتیان وشه‌ی (ڕه‌قیب) كه له هۆنراوه‌ی مارشه‌كه‌دا
هاتوه؛ ناوی خوایه چونكه له ئیسلامدا (الرقیب) یه‌كێكه له ناوه‌كانی خوا! له
كاتێكدا هه‌مو لایه‌ك ده‌زانن كه وشه‌ی (ڕه‌قیب) له ئه‌ده‌بیاتی كوردیی كلاسیك‌دا
به واتای (نه‌یار) و (ناحه‌ز) ه. هه‌ندێكیشیان هه‌وڵیان دا ئامانجه ئایینیه‌كه‌یان
په‌رده‌پۆش بكه‌ن به بیانوی به‌ڕواڵه‌ت مێژویی، وه‌كو ئه‌و هه‌وڵه پێكه‌نیناویه‌ی
(فازڵ قه‌ره‌داغی) ـ له بابه‌تێکیدا به ناوی "ئه‌ی ڕه‌قیب دوو هه‌زار ساڵ له مێژووی كوردستان ده‌سڕێته‌وه" ـ بۆ ئه‌وه‌ی دێڕی (ئێمه ڕۆڵه‌ی میدیا و كه‌یخوسره‌وین) به (هه‌ڵه‌ی
مێژویی) و (سڕینه‌وه‌ی به‌شێك له مێژوی كوردستان)(!) له قه‌ڵه‌م بدات به‌و بیانوه‌ی
ئه‌و دێڕه سه‌ره‌تای مێژوی كورد به (ماد) ه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه له كاتێكدا
(لوللوییه‌كان و گوتیه‌كان و خورریه‌كان) به‌شێك بوون له پێكهاته‌ی ئه‌و گه‌له‌ی
ئێستا پێی ده‌وترێت كورد، ئیتر به‌م پێیه باسكردنی (میدیا) به‌ته‌نها (سڕینه‌وه‌ی
زیاتر له دو هه‌زار ساڵی مێژوی كوردستان) ـه!(١) بڕوانه چۆن بۆ پاساودانی هه‌ڵوێسته ئایینه توند و پارانۆیاییه‌كه‌یان
به ناوی مێژوه‌وه پاساوی نالۆجیكی ده‌سازێنێت. ئه‌و هه‌ر له داڕشتنی ده‌قه‌كه
نه‌گه‌یشتوه، چونكه ده‌قه‌كه ماد وه‌كو گه‌وره‌ترین و دیارترین شانازیی مێژویی
باس ده‌كات، هه‌ر بۆیه له‌ناو هه‌مو پاشاكانی مادیشدا (كه‌یخوسره‌و) ناو ده‌بات ـ که له‌م
چوارچێوه و کۆنتێکسته‌دا "كه‌یخوسره‌و"(٢)
ده‌بێته ئاماژه بۆ (كیه‌خسار) Cyaxares(٣) ی گه‌وره (="هڤه‌خشه‌ثره" له
مادیدا = "هڤه‌خشتره" له پارسیی کۆندا) (٦٢٥ ـ
٥٨٥ پ. ز.) كه گه‌وره‌ترین پاشای ماده و له سه‌رده‌می ئه‌ودا ده‌سه‌ڵاتی
ماد له لوتکه‌دا بوه و توانیویه‌تی به هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ پاشای بابیل (نه‌بوپۆلاسه‌ر) ئاشور بڕوخێنێت و باکوری مێسۆپۆتامیا و ئه‌رمه‌نستان و ئاسیای بچوک هه‌تا ڕوباری
(هالیس) بهێنێته ژێر ده‌سه‌ڵاتی ماد.. ئیتر نه ئاماژه
بۆ (كیه‌خسار) سڕینه‌وه‌ی یادی پاشاكانی پێشتری ماده، و نه باسی ماد سڕینه‌وه‌ی
هیچ گروپێكی تره له‌و گروپه مرۆییه كۆنانه‌ی كوردیان لـێ پێك هاتوه. هه‌روه‌كو
چۆن كه ئیسلامیه‌كانیش حه‌ز ده‌كه‌ن كورد به (نه‌وه‌ی صه‌لاحوددین) ناو ببرێت؛ ئه‌مه
نابێته سڕینه‌وه‌ی مێژوی كورد پێش صه‌لاحوددین. بڕوانه به چ لۆجیكێكی گۆج و به
چ بیانویه‌كی بێپه‌رده پاساو ده‌هێننه‌وه بۆ هه‌ڵوێسته ئایینیه توند و
پارانۆیاییه‌كه‌ی خۆیان به‌رامبه‌ر هه‌ر شتێك نامۆ بێت به ناسنامه و چوارچێوه
(ئیسلامی-عه‌ره‌بی) ـه‌كه‌ی خۆیان.
په‌راوێز:
(١) بڕوانه: فازڵ قه‌ره‌داغی، "ئه‌ی ڕه‌قیب دوو هه‌زار ساڵ له مێژووی كوردستان ده‌سڕێته‌وه". (زاگرۆس)، ٦ / ١١ / ٢٠١٣.
(٢) له بنه‌ڕه‌تدا "که‌ی‌خوسره‌و" یه‌کێکه له که‌سێتیه‌کانی شاهنامه، وه‌کو پاشایه‌ک له زنجیره پاشای ئه‌فسانه‌یی (که‌یانی)، و که‌سێتییه‌که له کولتوری ئێرانیی کۆندا، چونکه له ئه‌وێستاشدا به شێوه‌ی "که‌ڤی هه‌ۆسره‌ڤه" ناوی هاتوه. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له مێژوخوانی و کرۆنۆلۆجیای ئێرانیی دواتردا که‌یانیه‌کان له‌گه‌ڵ پاشا مادی و هه‌خامه‌نیشیه‌کان به‌راورد کراون و به‌مان لێک‌دراونه‌ته‌وه؛ بۆیه هه‌ندێک له‌و که‌سێتیه کولتوریه کۆنانه به هه‌ندێک له پاشا مادی و هه‌خامه‌نیشیه‌کان لێک‌دراونه‌ته‌وه. ئیتر ـ بۆ نمونه ـ "که‌ڤی هه‌ۆسره‌ڤه" ی ئه‌وێستا ـ که له په‌هله‌ویدا بوه‌ته "که‌ی-خۆسرۆی" و دواتر له فارسی‌دا بوه‌ته "کیخسرو" |که‌یخۆسرۆو| و له کوردی‌دا بوه‌ته "که‌ی‌خوسره‌و" ـ له‌گه‌ڵ "کیه‌خسار" ی مادیدا به‌رامبه‌ر کراوه‌ته‌وه. لێره‌وه "که‌ی‌خوسره‌و" بوه‌ته هێمایه‌ک بۆ (کیه‌خسار)، به‌تایبه‌تی که ئه‌م شێوه گریکیه‌ی ناوی (کیه‌خسار) و ئه‌و شێوه په‌هله‌وی و فارسی و کوردیه‌ی ناوی (که‌ی‌خوسره‌و) وا ڕێ‌که‌وتوه لێکچونێکیشیان هه‌یه.
(٣) Cyaxares: ئه‌مه شێوه‌ی لاتینیی ناوه‌که‌یه، که له شێوه‌ی گریکیی ناوی ئه‌و
پاشایه‌ی ماده‌وه هاتوه که به شێوه‌ی Κυαξάρης ـه و ئه‌مه‌ش له گریکیی کۆینێدا به |کیه‌خساریس|
خوێنراوه‌ته‌وه.