ئیسلام لە شێوازی ژیان و مامەڵە و هەڵسوكەوتدا
تەنها بەرهەمهێنانەوەیەكی كولتووری عەرەبیی پێش خۆیەتی
تەنها بەرهەمهێنانەوەیەكی كولتووری عەرەبیی پێش خۆیەتی
دیمانه‌ی (رووبه‌ری داهێنان)
ئاماده‌کردنی: شێرزاد عه‌بدوڵڵا
١٠ / ٣ / ٢٠١٠
له‌م دیمانه تایبه‌ته‌ی (ڕووبه‌ری داهێنان) دا سه‌روه‌ر پێنجوێنی وه‌ك نووسه‌ر و لێكۆڵه‌رێكی ئیسلامی تیشك ده‌خاته سه‌ر ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی ئایینی ئیسلام له ئایینه‌كانی تر جیاده‌كاته‌وه، هه‌روه‌ها ئاماژه به داب و نه‌ریته‌كانی عه‌ره‌ب له پێش هاتنی ئایینی ئیسلام ده‌كات و چه‌ند ته‌وه‌رێكی دیكه‌ش ده‌وروژێنێت.
رووبه‌ر ـ داهێنان: به پێی ئه‌وه‌ی توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌سه‌ر ئایینه‌كان ده‌كه‌یت، تۆ چۆن پێناسه‌ی ئایینی ئیسلام ده‌كه‌ی به‌رامبه‌ر به ئایینه‌كانی تر؟ یاخود بڵێین چ تایبه‌تمه‌ندییه‌ك ئایینی ئیسلام له ئایینه‌كانی تر جیاده‌كاته‌وه؟
سه‌روه‌ر پێنجوێنی: پێش هه‌مووو شتێك ئیسلام هه‌ر ئایینێكه له ئایینه‌كان. هه‌موو ئایینێكیش له كۆتاییدا هه‌ر ئایینێكه و نوێنه‌ر و به‌رجه‌سته‌كه‌ری كولتووری كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه و له هه‌مانكاتیشدا هه‌مووو ئایینێك تایبه‌تمه‌ندی و جیاكه‌ره‌وه‌ی خۆی هه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له بنه‌ڕه‌تدا هه‌موو كولتوورێكیش تایبه‌تمه‌ندی و جیاكه‌ره‌وه‌ی خۆی هه‌یه. ئه‌گه‌ر ئێمه باس له تایبه‌تمه‌ندی و جیاكه‌ره‌وه‌كانی ئیسلام بكه‌ین ئه‌وه له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌یه، جگه‌له‌وه‌ی هه‌ندێك بارودۆخ و حاڵه‌ت هه‌ڵكه‌وتوون بۆ ئیسلام كه مۆركێكی تا راده‌یه‌ك تایبه‌تییان به ئیسلام داوه، به هۆی نه‌بوونی فیكری فه‌لسه‌فی و تیۆری تیۆلۆجیایی ئاڵۆز له پشتی تیۆلۆجیا (خواوه‌ندناسی) ی قورئانییه‌وه، بیرۆكه‌ی خوا و (تیۆلۆجیای ئیسلامی) به‌گشتی شێوه‌یه‌كی روون و ساده و بێگرێ و شه‌قڵبه‌ستوی وه‌رگرتووه كه وایكردووه بیرۆكه‌ی خوا له ئیسلامدا له بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤی هاوچه‌رخ ده‌رباره‌ی خوا نزیك ببێته‌وه، ئه‌مه‌ش چونكه خاوه‌نی قورئان قوتابیی قوتابخانه‌یه‌كی فه‌لسه‌فیی كۆن یان تیۆسۆفیایی نه‌بووه تا له تیۆلۆجیاكه‌یدا ئه‌وه ره‌نگ بداته‌وه و ببێته هۆی ئاڵۆزی و نامۆیی. هه‌روه‌ها به‌هۆی ساده‌یی و كاڵبوونه‌وه‌ی ئه‌و بتپه‌رستییه‌وه كه ئیسلام رووبه‌ڕووی بووه‌ته‌وه و قورئان ره‌خنه‌ی لێ گرتووه و دواندویه‌تی و هه‌روه‌ها به‌هۆی ئه‌وه‌وه كه ئیسلام له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمه‌ڵگه بتپه‌رستییه‌دا كه‌وتووه‌ته كێشه و ململانێی تونده‌وه، (یه‌كتاپه‌رستیی ئیسلامی) رۆشنیی زیاتری په‌یدا كردووه و به‌هێزتر بووه، به‌شێوه‌یه‌ك یه‌كتاپه‌رستی له ئیسلامدا بووه‌ته پایه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی و دروشمێكی سه‌ره‌كی. هه‌روه‌ها به هۆی گه‌شه‌كردنی بیرۆكه‌ی (پێغه‌مبه‌رایه‌تی) له كولتووری ئایینی ناوچه‌كه‌دا و به هۆی ئه‌وه‌شه‌وه كه (موحه‌ممه‌د) پێغه‌مبه‌رێكی نموونه‌یی بووه له‌وانه‌ی پێكهاته‌یه‌كی ده‌ماری و ده‌روونیی وایان هه‌یه كه ده‌توانرێت به به‌هره‌یه‌كی پێغه‌مبه‌رانه دابنرێت، به هۆی ئه‌وانه‌وه (پێغه‌مبه‌رایه‌تی) له ئیسلامدا زیاتر گه‌شه‌یكردووه و په‌یوه‌ندی (په‌یامنێر) و (په‌یامبه‌ر) له كه‌سێتیی (موحه‌ممه‌د) زیاتر روون بووه‌ته‌وه، بۆیه له قورئاندا ده‌نگی (خواوه‌ند) بۆ خۆی وه‌كو ده‌نگی سه‌ره‌كی و قسه‌كه‌ر دیاره، ئه‌مه‌ش له مێژووی ده‌قه ئایینییه‌كاندا نوێ بووه و ده‌گمه‌نه، له ده‌قه ئایینییه‌كانی پێشوودا ده‌نگی (چیرۆكخوان) زاڵه و ده‌نگی پێغه‌مبه‌ر له گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكخواندا ده‌رده‌كه‌وێت و ده‌نگی (خواوه‌ند) له گێڕانه‌وه‌ی پێغه‌مبه‌ردا ده‌رده‌كه‌وێت. هه‌روه‌ها به هۆی ئه‌وه‌وه كه ده‌قی قورئان له رووی سه‌رچاوه‌وه زیاتر گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌یه بۆ هه‌ندێك ده‌قی (یه‌هودی ـ مه‌سیحی) ی لاوه‌كی و نانموونه‌یی، بۆیه قورئان له چیرۆكه‌كانیدا و له‌و بیره ئایینییه‌دا كه له‌سه‌ر ئه‌و چیرۆكانه هه‌ڵی ده‌چنێت تا راده‌یه‌ك نامۆ بووه به ئایینی (یه‌هودی) و (مه‌سیحی) ی نموونه‌یی و ئه‌مه‌ش دیمه‌نێكی به ئیسلام و چه‌مكه ئیسلامیه‌كان و (هیستۆریۆگرافیا) ی ئیسلامی داوه، كه نامۆیه به ئایینی (یه‌هودی) و (مه‌سیحی) ی هاوچه‌رخ كه راسته‌وخۆ ده‌چنه‌وه سه‌ر رێبازی سه‌ره‌كی و ستاندارد، به‌ڵكو ئیسلام بۆ خۆی میراتگری ئاڕاسته‌یه‌كی ئایینیی گونجێنه‌كی (توفیقي) ی نێوان ئایینی یه‌هودی و مه‌سیحی و كولتووری عه‌ره‌بی و ئایینی عه‌ره‌بیی پێش ئیسلامه، ئه‌مه‌ش پێكهاته و دیمه‌نێكی جیاوازی به‌خشیوه به ئیسلام. هه‌روه‌ها به هۆی ئه‌وه‌وه كه ئیسلام له‌چاو ئایینه گه‌وره‌كانی تر ئایینێكی تا راده‌یه‌ك نوێیه و له مێژوووی نوێوه نزیكه و دامه‌زراندنی ئایینه‌كه له‌گه‌ڵ نووسینه‌وه و چه‌سپاندنی ئه‌ده‌بیاتی ئایینه‌كه نێوانی زۆریان نییه، به‌شێوه‌یه‌ك په‌یوه‌ندی نێوانیان ببێته په‌یوه‌ندییه‌كی كولتووری رووت، بۆیه ئیسلام له‌چاو ئایینه گه‌وره‌كانی تردا له‌لایه‌نی مێژووویی و به‌ڵگه‌داری و متمانه‌داریی مێژووییه‌وه حاڵی باشتره و مێژووی سه‌ره‌تای ئیسلام له مێژووی سه‌ره‌تای ئایینه‌كانی تر روونتره، هه‌رچه‌ند له كه‌له‌پوری مێژوویی ئیسلامیشدا ره‌گه‌زی نامێژوویی و كولتووریی رووت هه‌بێت. ئه‌مانه‌ش كه باسمكردن هه‌موویان په‌یوه‌ستن به قۆناغی گه‌شه‌كردنی ئایینه‌وه له ناوچه‌كه‌دا، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه هه‌موو ئایینێك، له‌وانه‌ش ئیسلام تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌مه هه‌ر گوزارشته له دیارده‌یه‌كی سروشتی و له حاڵه‌تێكی هه‌میشه‌یی كه هه‌موو ته‌وژمێكی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤ به هۆی ئه‌و بارودۆخه تایبه‌تییه‌وه كه بۆی هه‌ڵكه‌وتووه كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندی په‌یدا ده‌كات. ده‌توانین هه‌ندێك تایبه‌تمه‌ندیی تری ئیسلام بدۆزینه‌وه كه په‌یوه‌ندییان به ژینگه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی ئایینه‌كه و ئه‌و كولتووره عه‌ره‌بییه‌وه هه‌یه كه هه‌ڵگر و به‌رهه‌مهێنه‌ری ئیسلامه وه‌كو ته‌وژمێكی كۆمه‌ڵایه‌تی له مێژوودا، بۆ نموونه: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی (تاڵانكاری) (الغزو) پێكهێنه‌رێكی كولتووری عه‌ره‌بی بووه و مرۆڤی عه‌ره‌بی به سروشتی خۆی حه‌زی له تاڵانكاری بووه و تاڵانكاریی به رێگه‌یه‌كی ره‌وا و سه‌ربه‌رزانه زانیوه بۆ په‌یداكردنی رزق‌و‌رۆزی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش كه ئیسلام له ساتی سه‌رهه‌ڵدانییه‌وه كه‌وتووه‌ته كێشمه‌كێشه‌وه و دوژمنی هه‌بووه و پێویستی به به‌رگری و هێرش هه‌بووه و كه‌وتووه‌ته ناو هاوكێشه‌ی ململانێی خێڵه‌كیه‌وه و هه‌ر زوویش ئامانجی فراوانكردنی قه‌ڵه‌مڕه‌و و داگیركردنی ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ر بووه‌ته ئامانجێكی و له‌گه‌ڵ ئامانجی بانگه‌وازدا گرێی داوه. له‌به‌ر هه‌موو ئه‌وانه تایبه‌تمه‌ندییه‌كی ئیسلام بریتییه له بنه‌مای (جیهاد) و (غه‌زا) و بنه‌مای تێكۆشانی چه‌كدار له پێناوی ئیسلامدا كه له‌گه‌ڵ (یه‌كتاپه‌رستی) دا بووه‌ته دوو پایه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی ئیسلام، لێره‌وه ئیسلام به‌وه له كۆمه‌ڵگه‌ی نوێ‌دا جیاده‌بێته‌وه كه (توندوتیژی) شێوازێكی چه‌سپاوی مامه‌ڵه‌كردنییه‌تی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ی ده‌ره‌وه‌ی خۆی و باوه‌ڕی پێیه‌تی و به (فه‌زیله) یه‌كی ده‌زانێت.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر پرسیاره‌كه‌ت رووبه‌ڕووی موسڵمانێكی باوه‌ڕدار یان رۆشنبیرێكی ئیسلامی بكه‌یته‌وه، ده‌بینیت پێش سه‌رنجدانی هه‌ر شتێكی تر ئه‌وه‌ت بۆ دووپات ده‌كاته‌وه كه ته‌نها ئیسلام ئایینی ئاسمانیی راسته‌قینه‌یه و ئایینه‌كانی تر یان ده‌ستكردن و بتپه‌رستین یان ئاسمانین و ده‌ستكاری كراون. ئیتر هیچ هۆشیارییه‌كی مێژوویی به‌رامبه‌ر دیارده‌كه نییه، وه‌كو شوێنكه‌وته‌ی هه‌موو ئایینه‌كانی تر هه‌ر ته‌نها بیروباوه‌ڕه‌كه‌ی خۆی دووپات ده‌كاته‌وه.
رووبه‌ر ـ داهێنان: له‌پێش هاتنی ئایینی ئیسلام چه‌ند داب‌و‌نه‌ریتێك هه‌بوون له كولتووری عه‌ره‌بیدا ناونراون "داب‌و‌نه‌ریتی جاهیلی" وه‌كو تاڵانی و فره‌ژنی و مانگه حه‌رامه‌كان و چه‌ندانی ترن بۆچی ئه‌مانه خزانه نێو ئایینی ئیسلام، ئایا هیچ جیاوازییه‌كی جه‌وهه‌ری به‌خۆوه بینیوه وه‌ك له‌پێش ئایینی ئیسلام موماره‌سه ده‌كران؟
سه‌روه‌ر پێنجوێنی: ئیسلام له‌لایه‌نێكیه‌وه له‌سه‌ر ئه‌م داب‌و‌نه‌ریته عه‌ره‌بییانه دامه‌زراوه. ئیسلام به ته‌واوی كاریگه‌ری ئایینه ئیبراهیمیه‌كانی (یه‌هودی) و (مه‌سیحی) ی وه‌رنه‌گرتووه و نه‌یتوانیوه له ره‌گ‌و‌ریشه‌ی ناوچه‌یی و خۆڕسكیی خۆی دابڕێت، به‌ڵكو له شێوازی ژیان و مامه‌ڵه و هه‌ڵسوكه‌وت و له زۆر یاسای ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا ته‌نها به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌یه‌كی كولتووری عه‌ره‌بیی پێش ئیسلامه. لێره‌وه ده‌بینین ئه‌و كولتووری (تاڵانكاری) یه‌ی پێش ئیسلام به‌شێك بووه له ژیانی مرۆڤی عه‌ره‌بی، كاتێكیش ئیسلام هات ته‌نها ئامانج و پاساوی تاڵانكاریی گۆڕی، به‌ڵكو هێزه ئیسلامییه‌كه هه‌ر له سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ریشدا تاڵانكاریی به‌رامبه‌ر هۆز و خێڵه‌كانی ده‌وروبه‌ر ده‌كرد، به‌ڵام پاساوی هه‌ڵمه‌ته‌كان گۆڕا، ئه‌گه‌رنا هه‌مان تاڵانكاری بوو، هه‌روه‌كو پێش ئیسلام موڵك و سامان و كه‌ل‌و‌په‌ل و هه‌روه‌ها مه‌ڕ‌و‌ماڵات و هه‌روه‌ها ژن و منداڵی خێڵ به‌تاڵانی ده‌بران، ئه‌وه‌یشی پیاو بووایه و به‌رگری بكرایه هه‌روه‌كو پێش ئیسلام ده‌كوژرا. هیچ خێڵێكی جوله‌كه‌ش له نیمچه‌دوورگه‌كه‌دا نه‌ما هێرشی نه‌كرێته سه‌ر و زه‌وی‌و‌زار و ماڵ‌و‌سامانی داگیر و تاڵان نه‌كرێت و ئیسلام و موسڵمان (عه‌ره‌ب) ی پێ قه‌ڵه و نه‌كرێت. نه‌ك هه‌ر سه‌باره‌ت به تاڵانكاری و فره‌ژنی و مانگه حه‌رامه‌كان (الأشهر الحُرُم) ، به‌ڵكو له په‌رستشه سه‌ره‌كییه‌كانیشدا ئیسلام به‌ته‌واوی سوودی بینیوه له داب‌و‌نه‌ریت و هێماكانی ئایینیی عه‌ره‌بیی پێش ئیسلام، هه‌رچه‌ند ئیسلام ئه‌و داب‌و‌نه‌ریت و هێمایانه‌ی به پاشماوه‌ی ئایینی ئیبراهیمی و (حه‌نیفییه‌ت) ی ئیبراهیم لێكداوه‌ته‌وه و پێناسه كردووه، به‌ڵام ئێمه ئێسته ده‌زانین كه مه‌ككه و حیجاز هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به (ئیبراهیم) و ئایینی ئیبراهیمیه‌وه نییه و هه‌موو ئه‌و هێما ناوچه‌یی و خۆڕسكیانه‌ی ئیسلام له سروتی وه‌كو (حه‌ج) دا سوودی لێ بینیون هه‌موویان پاشماوه‌ی ئه‌و ئایینه عه‌ره‌بییه‌ی پێش ئیسلامن كه ئیسلام سوور بووه له‌سه‌ر كوێركردنه‌وه‌ی و سه‌رله‌نوێ پێناسه‌كردنه‌وه‌ی و جگه‌له‌وه‌ش به دروستكردنی دابڕان (قطیعة) ێك له‌و كولتووره پێشینه‌یه له رێگه‌ی ناوزه‌دكردنییه‌وه به نه‌فامی (الجاهلیة) .
به‌ڵام ئێمه هه‌ر ئه‌وه له ته‌وژمێكی كۆمه‌ڵایه‌تیی مێژوویی چاوه‌ڕوانده‌كه‌ین ئه‌گه‌رچی ئه‌و ته‌وژمه بۆ جێگه و چه‌رخی خۆی تازه‌گه‌ریشی كردبێت. ئه‌گه‌ر ئیسلام داپچڕاو بووایه له جێگه و پێگه‌ی سروشتیی خۆی و شوێنه‌واری ژینگه‌ی خۆی پێوه دیار نه‌بووایه ئه‌و كاته شتێكی سه‌یر و ناسروشتی ده‌بوو.
رووبه‌ر ـ داهێنان: زۆرێك له ئیسلامییه سیاسییه‌كان بانگه‌شه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ئایینی ئیسلام به زیاده‌وه مافی ئافره‌تی داوه، رای جه‌نابتان له‌سه‌ر ئه‌مه چۆنه؟
سه‌روه‌ر پێنجوێنی: ئیسلام وه‌كو ته‌وژمێكی كۆمه‌ڵایه‌تی له مێژوودا، له دوو چوارچێوه و پۆلێندا ژنی بینیوه‌ته‌وه: ژنی خانم كه له (حه‌ریم) دا ده‌مێنێته‌وه و كه‌س نایبینێت و به‌شێكه له كه‌سێتی و (شه‌ره‌ف) ی پیاو كه سه‌ردار و خاوه‌نی ماڵ و خێزانه. له‌گه‌ڵ كه‌نیزه‌ك كه به‌شێكه له ماڵ و موڵكی پیاو. ئیتر ئیسلام له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م دوو پۆلێن و چوارچێوه‌یه بیری له ژن نه‌كردووه‌ته‌وه. ژنی سه‌ربه‌خۆ، له قاموسی ئیسلامدا نییه. ئه‌و به‌ره‌وپێشچوونه رێژه‌ییه‌ش كه هه‌ست ده‌كرێت له قورئاندا مافی ژن به‌ده‌ستی ده‌هێنێت، ته‌نها به‌ره‌وپێشچوونێكی واقیعییه، واته به‌سراوه‌ته‌وه به مه‌رجه واقیعییه‌كه‌یه‌وه، نه‌ك بیركردنه‌وه‌یه‌كی تیۆریی بێ‌سنوور له پشتییه‌وه هه‌بێت كه هه‌میشه ئاماده‌ی نوێبوونه‌وه و فراوانبوون بێت. بۆیه وا ده‌ڵێم، چونكه هه‌رچه‌ند ئیسلام له‌چاو داب‌و‌نه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تیی عه‌ره‌بیی پێش ئیسلام له هه‌ندێك لایه‌نه‌وه له مافی ژن‌دا چاكسازی كردووه، بۆ نموونه: به‌پێی ئه‌ده‌بیاتی ئیسلامی (كه به ته‌واوی لێیشی دڵنیا نین) ، له‌پێش ئیسلامدا كچ بێبه‌ش كراوه له میرات، به‌ڵام قورئان نیوه‌ی به‌شی كوڕی دا به كچ له میرات، جا ئه‌مه هه‌رچه‌ند چاكسازییه‌كه، به‌ڵام به‌سراوه‌ته‌وه به چوارچێوه سروشتییه‌كه‌ی خۆیه‌وه، هه‌مان ئه‌و به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییه كۆنه‌ی هه‌ڵگرتووه و نه‌یتوانیوه له‌وه رزگاری ببێت و كچ و كوڕ یه‌كسان بكات له میراتدا. بێگومان ئێمه هه‌ر ئه‌وه‌نده له ته‌وژمێكی كۆمه‌ڵایه‌تیی مێژوویی چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ین.
له لایه‌كی تره‌وه، خه‌یاڵی ئیسلامی له‌سه‌ر ئه‌وه وه‌ستاوه كه ژن هی پیاوه، واته پیاو بنه‌ڕه‌ته، ژن ته‌نها له‌وه‌وه پێگه‌ی خۆی وه‌رده‌گرێت كه دروستكراوه بۆ پیاو. ئیتر ژن كه‌سێتیی سه‌ربه‌خۆی خۆی نییه. ئه‌مه ره‌نگدانه‌وه‌ی له خه‌یاڵی ئیسلامی‌دا زۆره و له (ئێسكاتۆلۆجیا) (أخرویات) ی ئیسلامیشدا ره‌نگی داوه‌ته‌وه، له قورئاندا ده‌بینین كه له به‌هه‌شتیشدا ژن بۆ پیاو دروستكراوه، نه‌ك ژن وه‌كو كه‌سێتیی سه‌ربه‌خۆ پاداشت بدرێته‌وه. لێره‌وه ئه‌و پرسیاره دێته كایه‌وه كه هه‌ندێك دێت به خه‌یاڵیاندا كه (ئه‌گه‌ر پیاو له به‌هه‌شتدا حۆری هه‌یه، ئه‌ی ژن؟) ، ئه‌م پرسیاره هه‌رچه‌ند منداڵانه دێته پێش چاو، به‌ڵام له راستیدا گرفت و ئاڵۆزییه‌كی زۆریش بۆ بیری ئایینیی ئیسلامی دروست ده‌كات و هه‌ڵده‌گرێت لێكدانه‌وه‌ی بۆ بكرێت، به‌ڵكو له‌لایه‌نی واقیعییه‌وه ئێسته‌ش دوای ئه‌وه‌ی ئیسلام موتوربه كراوه به بیری نوێ و چاكسازی زۆر كراوه و گه‌لێك له موسڵمانان جیهانبینییان گۆڕاوه و سوودیان له بیری نوێ بینیوه، هێشتا مافی ژن له كۆمه‌ڵگه‌ی ئیسلامی‌دا خراپترین بارودۆخی هه‌یه.
رووبه‌ر ـ داهێنان: له هه‌رێمی كوردستان حزبی ئیسلامی سیاسی میانڕه‌و، توندڕه‌و هه‌یه. ئه‌گه‌ر میانڕه‌وه‌كان ده‌سه‌ڵات بگرنه ده‌ست هه‌ر به میانڕه‌وی ده‌مێننه‌وه یان ده‌گۆڕێن بۆ توندڕه‌وی؟
سه‌روه‌ر پێنجوێنی: راسته میانڕه‌و و توندڕه‌و هه‌یه. به‌ڵام پێموایه میانڕه‌و له‌ژێر باری ئیسلامدا ده‌ناڵێنێت و ره‌سه‌نایه‌تیی ئیسلامیی كه‌مده‌بێته‌وه و ده‌كه‌وێته به‌ر هێرشی ئه‌و لایه‌نه ئیسلامییانه‌ی كه توندڕه‌ون و ره‌سه‌نایه‌تیی ئیسلامی‌یان پاراستووه. زۆر جاریش میانڕه‌وی گوزارشته له حه‌زی خۆگونجاندن و خۆجێكردنه‌وه و مانه‌وه. ئه‌وه میكانیزمێكی بیركردنه‌وه‌ی سروشتیی مرۆڤه كاتێك ده‌یه‌وێت خۆی بگونجێنێت و جێی خۆی بكاته‌وه. شتێكی تر هه‌یه پێی ده‌ڵێن (دابه‌شكردنی رۆڵه‌كان) (توزیع الأدوار) ، ئه‌مه‌یه وامان لێ ده‌كات كه دڵمان به هیچ لایه‌ن و كه‌سێتییه‌كی ئیسلامیی میانه‌ڕه‌ویش خۆش نه‌بێت، چونكه ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی مه‌به‌ستیش نه‌بێت، به‌شێوه‌یه‌كی نامه‌به‌ست و ناهه‌ستیانه ئیسلامییه‌كان رۆڵی توندڕه‌و و میانڕه‌ویان له‌نێوان خۆیاندا دابه‌شكردووه، له راستیدا هه‌ردوو هه‌ڵوێسته‌كه‌یان پێویسته، هه‌ر یه‌كه‌یان بۆ جێگه‌ی خۆی. ئه‌وان پێویستییان به‌وه هه‌یه له باسی دیموكراسی و ئازادی‌دا رووی مه‌جلیسیان هه‌بێت و هه‌ندێك له عه‌لمانییه‌كانیش جاروبار قه‌رزبار بكه‌ن! له هه‌مانكاتیشدا پێویستییان به‌وه هه‌یه هێز و ده‌سه‌ڵات بنوێنن و ترس بخه‌نه دڵی خه‌ڵكێكه‌وه و ئه‌گه‌ر پێویستی كرد توندی یان توندوتیژی به‌رامبه‌ر هه‌ندێك كه‌س و لایه‌نیش بنوێنن.
ئینجا هه‌موو لایه‌كیان خۆیان به خاوه‌نی مه‌سه‌له‌كه ده‌زانن، چونكه په‌یام و ئه‌مانجه‌كه‌یان ئایینییه و هه‌موویان تێیدا به‌شدارن، بۆیه ئه‌گه‌ر لایه‌نێكی ئیسلامی بگاته ده‌سه‌ڵات ئه‌مه مانای وایه رۆژی هه‌موو لایه‌نه‌كانی تریانه.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی (ئه‌گه‌ر لایه‌نێكی ئیسلامیی میانڕه‌و ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌ست هه‌ر به میانڕه‌وی ده‌مێنێته‌وه یان ده‌گۆڕێت بۆ توندڕه‌وی) ، ئه‌مه شتێكه به‌گشتی پێشبینی ناكرێت. ده‌كه‌وێته‌وه سه‌ر ئه‌و كۆمه‌ڵه خه‌ڵكه‌ی ئه‌و لایه‌نه‌یان پێكهێناوه و تا چ راده‌یه‌ك به‌رژه‌وه‌ندییان له هه‌نگاوێكی وه‌هادا هه‌یه و تا چ راده‌یه‌ك ئه‌و بواره‌یان بۆ ده‌ڕه‌خسێت و تا چ راده‌یه‌ك سیسته‌مه سیاسییه‌كه و ده‌وڵه‌ت بواری ئه‌وه‌یان ده‌داتێ، به‌ڵام به‌گشتی ده‌توانم بڵێم هه‌ر لایه‌نێكی ئیسلامی دوپاتی شوناسی ئیسلامیی كرده‌وه ترستان لێی هه‌بێت و داهاتووی پێ مه‌سپێرن، چونكه ئه‌و شوناسه ئیسلامییه قه‌رزێكه به‌سه‌ریه‌وه و هه‌ر ده‌بێت بیداته‌وه.