ئایین و ئه‌فسانه
سه‌روه‌ر پێنجوێنی
زۆر جار ده‌خوێنینه‌وه و ده‌بیستین باس له
جیاوازیی (ئایین) و (ئه‌فسانه) ده‌كرێت، یان به شێوه‌یه‌ك باس‌وخواسیان لێوه ده‌كرێت
كه جیاوازییه‌كی جه‌وهه‌ری له‌نێوانیاندا هه‌بێت.. ئیتر لای زۆر كه‌س (جیاكردنه‌وه)
ی (ئایین) و (ئه‌فسانه) وه‌كو حه‌قیقه‌تێكی چه‌سپاوی لێ هاتوه! و ئینجا خۆ ده‌كه‌ون
بۆ باسی مێژو و هۆكاره‌كانی ئه‌و جیاوازی و جیابونه‌وه‌یه! یانی لای ئه‌وان ساخ
بوه‌ته‌وه كه ئایین و ئه‌فسانه جیاوازییه‌كی ڕیشه‌ییان هه‌یه، و كێشه‌كه ته‌نها
ئه‌وه‌نده‌یه كه‌ی و چۆن ئه‌و جیاوازی و جیابونه‌وه‌یه ڕوی داوه! ئه‌مه جگه له‌وەی
ئه‌م جیاکردنه‌وەیه بۆ مه‌به‌ستێکی ئایینی و ئایدیۆلۆجیاییش به‌کار دێت و هه‌ر ئه‌مه‌یشه وای
کردوە زۆر باو بێت، ئه‌وەش کاتێک دەبێت که مرۆڤی ئاییندار ئایینه‌که‌ی خۆی به "ئایین"
و "ئایینی ڕاست" دادەنێت و ئایینه‌کانی تر و چیرۆکه‌کانیان به "ئه‌فسانه"
داده‌نێت..
بۆ ڕه‌واندنه‌وه‌ی ئه‌م ئاڵۆزیه ده‌بێت به‌وردی
پێناسه‌ی (ئه‌فسانه) بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی له بنه‌ڕه‌ته‌وه بزانین: ئایا جیاوازی
له نێوان ئایین و ئه‌فسانه‌دا هه‌یه؟ یان: په‌یوه‌ندی و په‌یوه‌ستیی ئایین و ئه‌فسانه
چیه؟ كه دواتر ده‌رده‌كه‌وێت ده‌بوایه بمانپرسیایه: ئه‌فسانه كوێی ئایینه؟
واته: كام به‌شه‌ی ئایین پێك ده‌هێنێت؟
(ئه‌فسانه)، واته ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێت (أسطورة
Myth)، بریتیه له (چیرۆكێكی ئایینیی
پیرۆز كه به زمانێكی هێمایی تایبه‌ت روداوێكی په‌یوه‌ست به رابردو و سه‌ره‌تای
شته‌كانه‌وه ده‌گێڕێته‌وه و، به‌شێك له بیروباوه‌ڕ و جیهانبینیی ئایینێك پێك ده‌هێنێت).
كه‌واته (چیرۆك) ێكه، سیفه‌تی (ئایینی) و (پیرۆزی) یشی هه‌یه (واته ته‌نها ده‌قێكی
ئه‌ده‌بیی گشتی نیه، به‌ڵكو ده‌قێكی بنه‌ڕه‌تیه كه لای ئه‌و گروپه مرۆییه‌ی ئه‌ندامی
ئه‌و كولتوره‌ن به واقیعێك داده‌نرێت كه تێیدا ده‌ژین واته باوه‌ڕیان پێیه‌تی و
جیهانبینییان ئاڕاسته ده‌كات)، به زمانێكی هێمایی و به‌رجه‌سته‌كاری (تشخیصي) گوزارش
له ڕاستیه‌كانی خۆی ده‌كات. ماده‌م چیرۆكیشه كه‌واته ڕوداوێك ده‌گێڕێته‌وه، به‌ڵام
ڕوداوێكی گه‌وره و جیهانی، كه په‌یوه‌سته به ڕابردو و سه‌ره‌تای شته‌كانه‌وه
(سه‌ره‌تای گه‌ردون، سه‌ره‌تای مرۆڤ و خێزان، سه‌ره‌تای دامه‌زرانی كۆمه‌ڵگا، سه‌ره‌تای
دروستبونی گه‌لانی جیاوازی جیهان...)، واته ڕوداوه دامه‌زرێنی (تأسیسی) ـه‌كان
له مێژوی بونه‌وه‌ردا. ئینجا به هۆی ئه‌و زمانه هێمایی و به‌رجه‌سته‌كاره‌وه
كه هه‌یه‌تی و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باسی ڕوداوێكی بنه‌ڕه‌تی و سه‌ره‌تایی مێژوی بونه‌وه‌ر
ده‌كات؛ له‌به‌ر ئه‌وانه كه‌سێتیی بنه‌ڕه‌تی له (ئه‌فسانه) دا بریتیه له
(خوا) یاخود (خواوه‌ند) یان (خواوه‌نده‌كان)، به‌شێوه‌یه‌ك له كۆندا (ئه‌فسانه)
به (چیرۆكی خواوه‌نده‌كان) پێناسه كراوه و بۆ ئێسته‌ش ئه‌م پێناسه‌یه هه‌ر
ڕاسته ئه‌گه‌ر ساده‌یش بێت. ئه‌وه‌نده هه‌یه ئه‌فسانه توشی كاڵبونه‌وه و
داخوران و خاڵیبونه‌وه له ناوه‌ڕۆكی بنه‌ڕه‌تی ده‌بێت و له چیرۆكێكی ئایینیی
پیرۆزه‌وه ده‌بێته چیرۆكێكی میللی، واته ده‌بێته ئه‌فسانه‌ی میللی (خرافة Legend) یان خوارتریش له‌وه: چیرۆكی
میللی (حكایة شعبیة Folk-Tale). بۆ نمونه: چیرۆكی ئه‌ژدیهایه‌كی گه‌وره‌ی سێ‌سه‌ری شه‌ش‌چاوی هه‌زار‌هه‌سته‌وه‌ر،
به ناوی (ئه‌ژیده‌هاكه)، كه دارده‌ستی ئه‌نگره مه‌ینیو (ئه‌هریمه‌ن) ـه بۆ
خراپه‌كاری له جیهاندا، له ده‌قه ئایینی (پیرۆز) ه‌كانی (یه‌سنا) دا؛ ئه‌مه ئه‌فسانه‌یه،
به‌ڵام ئه‌و (زوحاك) ـه‌ی كه پاشایه‌كی زۆرداره و دو مار له‌سه‌ر شانی ڕواوه
(واته بوه‌ته كه‌سێتییه‌كی مرۆیی: سه‌ری ناوه‌ڕاستی ماره سێسه‌ره‌كه بوه‌ته
سه‌رێكی مرۆیی، دو سه‌ره‌كه‌ی تریش وه‌كو خۆیان وه‌كو سه‌ری مار ماونه‌ته‌وه،
واته سه‌ره مرۆییه‌كه نوێیه نه‌ك دو ماره‌كه! ئه‌مه‌ش ئه‌نجامی میللیبونی ئه‌فسانه‌كه‌یه
كاتێك وێنه ئه‌فسانه‌ییه ڕه‌سه‌نه‌که كاڵ ده‌بێته‌وه و كه‌سێتیه خواوه‌ندی و
ئه‌هریمه‌نی و ئه‌ژدیهاییه‌كان ده‌بنه كه‌سێتیی مرۆیی) له ده‌قه فۆلكلۆریه‌كاندا
(وه‌كو ئه‌وانه‌ی له شانامه‌دا سودیان لێ بینراوه و داڕێژراونه‌ته‌وه)؛ ئه‌مه‌یان
چیرۆكی میللیه: هێما ئه‌فسانه‌ییه‌كانی كاڵ بونه‌ته‌وه و سیفه‌تی ئایینیی نه‌ماوه.
نمونه‌یه‌كی تر: ئه‌و پیره‌ژنه ناشیرین و قه‌مور و خراپه‌كار و جادوگه‌ره‌ی له
فۆلكلۆری ئورۆپاییدا ده‌یبینین و به سواری گسكێك ده‌فڕێت، ئه‌مه چیرۆكێكی میللیه
كه كاڵبوه‌وه‌ی ئه‌فسانه بنه‌ڕه‌تیه‌كه كه ئه‌فسانه‌ی خواوه‌ندی دایكه كه له
ئایینه به‌راییه‌كاندا كه‌سێتیی یه‌كه‌م بوه و به‌رجه‌سته‌كه‌ری جوانی و به‌پیتیی
سروشت بوه، به زاڵبونی ئایینه پیاوسالاری و یه‌كتاپه‌رستیه‌كان مه‌سخ بوه و ته‌نها
وێنه‌ی پیره‌ژنێكی جادوگه‌ری لێ ماوه‌ته‌وه.
جا ئه‌وه‌ی له پێناسه‌كه‌دا گرنگه بۆ ڕونكردنه‌وه‌ی
په‌یوه‌ندیی (ئه‌فسانه) به (ئایین) ـه‌وه، ئه‌وه‌یه كه ده‌ڵێم هه‌ر ئه‌فسانه‌یه‌ك
(به‌شێك له بیروباوه‌ڕ و جیهانبینیی ئایینێك پێك ده‌هێنێت). به‌كورتی: ئه‌فسانه
بریتیه له بیروباوه‌ڕی هه‌ر ئایینێك له قاڵبی چیرۆكدا. له هه‌مو ئایینێكدا
(بیروباوه‌ڕ) هه‌یه، كه سه‌باره‌ت به بونه‌وه‌ر و خواوه‌ند و مرۆڤه، ئه‌م
بیروباوه‌ڕه ـ له ئه‌نجامی به‌راییبونی بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤی چه‌رخی زێڕینی
ئایینه‌كان و له ئه‌نجامی ته‌ممه‌ڵیی مرۆڤی كۆمه‌ڵگا به‌راییه‌كان له بواری (ته‌جرید)
و به‌رهه‌مهێنانی چه‌مكی هزریدا ـ له ڕێگه‌ی كۆمه‌ڵێك چیرۆكی هێماییه‌وه گوزارشی
لێ ده‌كرێت. كه ده‌ڵێم (هێمایی) بۆ ئێمه‌ی توێژه‌ری به‌راوردكار ئه‌م ڕاستیه ده‌رده‌كه‌وێت
ئه‌گه‌رنا لای ئه‌و مرۆڤه‌ی باوه‌ڕی به ئه‌فسانه‌كه هه‌یه هێمایی نیه و
واقیعیه و پێی وایه له‌و واقیعه‌دا ده‌ژی كه ئه‌فسانه‌كه باسی لێ ده‌كات
(لێره‌وه له‌و هه‌وڵه‌ی به‌شێك له زانا ئایینیه ئیسلامیه‌كان ده‌گه‌ین كه هه‌وڵ
ده‌ده‌ن بڵێن له ده‌قه ئایینیه‌كانی ئیسلامدا، به‌تایبه‌تی قورئان، میتافۆر
"مجاز" نیه).
له‌به‌ر ئه‌وه (ئه‌فسانه) و (ئایین) دو شتی
جیاواز نین، وه‌كو ئه‌وه‌ی دو قۆناغی جیاواز یان دو سیسته‌می فیكریی جیاواز بن.
ڕاسته به‌رامبه‌ریه‌ك (متطابق) نین، به‌ڵام ده‌توانین بڵێین (ئه‌فسانه) به‌شێكه
له ئایین، كه به‌شێكی بنه‌ڕه‌تییشه، چونكه بیروباوه‌ڕه‌كانی ئه‌و ئایینه هه‌ڵ‌ده‌گرێت
كه بیرباوه‌ڕیش كۆڵه‌كه‌ی بنه‌ڕه‌تیی هه‌ر ئایینێكه.
ئیسلامیش وه‌كو ئایینێك، له ده‌قه‌كانیدا، كۆمه‌ڵێك
ئه‌فسانه‌ی هه‌یه كه سه‌رچاوه و بنه‌ڕه‌تی هه‌مو بیروباوه‌ڕی ئیسلامین. له
قورئاندا چه‌ند ئه‌فسانه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی هه‌ن: (ئه‌فسانه‌ی خه‌لقی ئاسمان و زه‌وی
و هه‌وای نێوانیان له‌لایه‌ن خواوه)، (ئه‌فسانه‌ی خه‌لقی ئاده‌م و هاوسه‌ره‌كه‌ی)،
(ئه‌فسانه‌ی كێشمه‌كێشی نێوان دو كوڕه‌كه‌ی ئاده‌م)، (ئه‌فسانه‌ی تۆفانی نۆح)، و هه‌ندێكی
تر (له ڕاستیدا له قورئاندا ئه‌فسانه‌ی تریش هه‌یه، به‌ڵام ئه‌و ئه‌فسانانه له
قورئاندا ئه‌وه‌نده كاڵ بونه‌ته‌وه و خاڵی بونه‌ته‌وه له مه‌به‌سته بنه‌ڕه‌تیه‌كه‌یان
ناتوانین به ئه‌فسانه بیانژمێرین، به‌ڵكه ده‌بنه "ئه‌فسانه‌ی میللی"
و "چیرۆكی میللی"). ئه‌م چه‌ند چیرۆكه له قورئاندا، بنه‌ڕه‌تی هه‌مو
بیروباوه‌ڕ و جیهانبینیی ئیسلامین و هه‌مو موسوڵمانێكی ڕاسته‌قینه و نمونه‌یی
باوه‌ڕی پێیان هه‌یه و له‌ڕوانگه‌ی ئه‌و چیرۆكانه‌وه جیهانبینی و تێگه‌شتنی بۆ
بونه‌وه‌ر و فه‌لسه‌فه‌ی بون و ژیان لای خۆی گه‌ڵاڵه ده‌كات. له كاتێكدا ئه‌و
چیرۆكانه هه‌ر هه‌مان چیرۆكه ئه‌فسانه‌ییه نمونه‌ییه‌كانی كو‌لتور (ئایین) ـه
كۆنه‌كانن.
ده‌زانم جیاكردنه‌وه‌ی ئایین و ئه‌فسانه وه‌كو دو
قۆناغی جیاواز یان دو سیسته‌می فیكریی جیاواز، وه‌كو بیرۆكه‌یه‌ك لای زۆر ڕۆشنبیر
و بیرمه‌ند هه‌یه، به‌ڵام له ڕاستیدا هه‌ندێك هۆكار له پشتی ئه‌و بیرۆكه هه‌ڵه‌یه‌وه
هه‌یه: له‌وانه: گه‌لێك له ئه‌فسانه‌كان به شێوازی ئه‌ده‌بی داڕێژراوه‌نه‌ته‌وه
(وه‌كو داستانه‌كانی هۆمێروس..)، ئه‌مه‌ش وای كردوه خه‌یاڵی شیعریی به‌پیت تێكه‌ڵ
به ئه‌فسانه‌كه ببێت و له شێوه ئایینیه‌كه دور بكه‌وێته‌وه. ئه‌مه‌ش وا ده‌كات
لای هه‌ندێك ئه‌و بڕوایه دروست ببێت كه (ئه‌فسانه) ته‌نها جۆر (ژانر) ێكی ئه‌ده‌بیه
و جیاوازه له ئایین، كه ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه، ڕاسته ئه‌فسانه داده‌ڕێژرێته‌وه
و داستان و شاكاری لێ دروست ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌مه نابێت ئه‌وه‌ی لێ بفامرێته‌وه
كه له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌فسانه جیاوازه له ئایین. هۆكارێكی تر ئه‌وه‌یه ئه‌و
زمانه هێماییه‌ی ئه‌فسانه كه باسی خواوه‌نده‌كان و ئه‌هریمه‌نه‌كان و ئه‌ژدیهاكان
و بونه‌وه‌ره خه‌یاڵیه‌كان ده‌كات زیاتر تایبه‌ته به ئایینه كۆنه‌كانه‌وه و
له ئایینه نوێیه‌كاندا كاڵ ده‌بێته‌وه. له‌م ڕوه‌وه ئایینه نوێیه‌كان به‌ڕواڵه‌ت
وه‌كو شتێكی جیاواز ده‌رده‌كه‌ون و لێره‌وه ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه هاتوه‌ته كایه
كه زۆر كه‌س پێی وایه به هاتنی ئایینه نوێیه‌كان ئه‌فسانه (میتۆلۆجیا) كۆتایی
پێ هاتوه و گوایه دو قۆناغ هه‌یه: قۆناغی ئه‌فسانه واته ئایینه كۆنه‌كان،
قۆناغی ئایینی ڕاسته‌قینه كه بریتیه له ئایینه نوێیه‌كان (له‌م باره‌یه‌وه هه‌ندێك
ده‌قه عیبریه‌كان به سه‌ره‌تا و ده‌ستپێكی ئه‌م قۆناغی ئایینی ڕاسته‌قینه‌یه ده‌زانن،
به‌ڵام من ده‌ڵێم: ئایینه نوێیه‌كان ـ له‌لایه‌نی سه‌رمایه‌ی هێمایی و خه‌زێنه‌ی
مه‌فاهیمی و هزریه‌وه ـ ته‌نها دزینێكی ئه‌ده‌بین له ئایینه كۆنه‌كان، ئایینه
كۆنه‌كان ئه‌و خه‌زێنه ده‌وڵه‌مه‌نده‌ن كه هه‌میشه ئایینه نوێیه‌كان سودی لێ
ده‌بینن). ئه‌مه‌ش ته‌نها بیركردنه‌وه‌یه‌كی ئایدیۆلۆجیایی و ده‌مارگیرانه‌یه،
چونكه له ڕاستیدا له ئایینه نوێیه‌كانیشدا ئه‌و وێنه و چه‌مكه ئه‌فسانه‌ییانه
و ئه‌و بونه‌وه‌ره بانسروشتیانه ئاماده‌ییان هه‌یه، ئه‌گه‌رچی به‌و ده‌وڵه‌مه‌ندی
و هه‌مه‌جۆریه‌ی ئایینه كۆنه‌كان نه‌بێت، به‌ڵام ئایینداری هه‌ر ئایینێك ته‌نها
به هێما و وێنه‌كانی ئایینی خۆی ڕاهاتوه و كاتێك ڕوبه‌ڕوی هێما و وێنه‌كانی
ئایینێكی جیاواز یان كۆنتر ده‌بێته‌وه ئینجا هه‌ست ده‌كات كه ئه‌و هێما و وێنه
ئه‌فسانه‌ییانه نامۆن و هه‌ر لێره‌وه به (ئه‌فسانه‌یی) پۆلێنیان ده‌كات. كه‌واته
جیاكردنه‌وه‌ی (ئه‌فسانه‌یی) و (ئایینی) له زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌كاندا بیروباوه‌ڕێكی
ئایینیی تایبه‌تیی له‌پشته‌وه هه‌یه، جگه له‌وه‌ی نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه له‌و حاڵه‌ته‌دا
(ئه‌فسانه) و (ئایین) به شێوه‌یه‌كی مێژویی نه‌ناسراون و له‌بریی ئه‌و ناسینه
مێژوییه پشت به هه‌ندێك دیمه‌نی ناته‌واو و هه‌ندێك حاڵه‌تی تایبه‌تی (وه‌كو سه‌ربه‌خۆبونی
ئه‌فسانه له قۆناغێكدا وه‌كو داستان و جۆرێكی ئه‌ده‌بی) به‌سراوە.