داكۆكیی (عه‌بدولڕه‌حمان به‌ده‌وی)
له ده‌سته‌واژه‌ی (خوشكی هاڕون) له قورئاندا
له ته‌رازوی لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستیی بێلایه‌نانه‌دا
له ده‌سته‌واژه‌ی (خوشكی هاڕون) له قورئاندا
له ته‌رازوی لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستیی بێلایه‌نانه‌دا
سه‌روه‌ر پێنجوێنی
عه‌بدولڕه‌حمان به‌ده‌وی
(عه‌بدولڕه‌حمان به‌ده‌وی) (١٩١٧ـ ٢٠٠٢) كتێبێكی داكۆكیكارانه‌ی له‌سه‌ر قورئان نوسیوه به ناوی
Défense du Coran contre ses critiques
واته (داكۆكی له قورئان دژی ڕه‌خنه‌گرانی) كه به فڕه‌نسی نوسیویه‌تی، به‌ڵام وه‌رگێڕدراوه بۆ عه‌ره‌بی و به ناوی (دفاع عن القرآ‌ن ضد منتقدیه) بڵاو بوه‌ته‌وه.ناوبراو له‌م كتێبه‌دا داكۆكی له قورئان ده‌كات له‌به‌رامبه‌ر لێكۆڵینه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌یی خۆرهه‌ڵاتناسه‌كاندا.. لێره‌دا ته‌نها ده‌مه‌وێت له‌سه‌ر ته‌وه‌ره‌یه‌كی داكۆكیه‌كه‌ی به‌ده‌وی له قورئان بدوێم، ئه‌ویش ده‌سته‌واژه‌ی (یا أخت هارون!) ـه‌یه كه قورئان وه‌كو وه‌سفی (مه‌ریه‌می دایكی عیسا) هێناویه‌تی.
مه‌ریه‌م (خوشكی هارون)!
یه‌كێك له كێشه‌كانی قورئان كه هه‌ر له سه‌رده‌می خۆیدا بوه‌ته تێبینییه‌ك له‌سه‌ری و هه‌میشه ڕه‌خنه‌ی لێ ده‌گیرێت به هۆیه‌وه، ئه‌و ده‌سته‌واژه قورئانیه‌یه كه (مه‌ریه‌م) ی دایكی یه‌شوع (عیسا) به (خوشكی هاڕون) وه‌سف ده‌كات: (یا أخت هارون! ما كان أبوكِ امرأ سوء وما كانت أمّكِ بَغیّا) (مریم: ٢٨). هه‌ر ئه‌مه‌ش نیه، به‌ڵكو سه‌رباری ئه‌وه‌ش هه‌مان مه‌ریه‌م به (كچی عیمران) ناو ده‌بات: (ومریم ابنة عمران التی أحصنت فرجها..) (التحریم: ١٢). ئه‌مه‌ش له ڕاستیدا یه‌كێكه له تێكه‌ڵكردنه‌كانی قورئان: قورئان له‌م باسه‌دا دو مه‌ریه‌می تێكه‌ڵ كردوه: مه‌ریه‌می یه‌كه‌م خوشكی مو‌سا و هاڕونه، كه قورئان باسی كردوه ("وقالت لأخته: قصیه.." القصص: ١١) به‌ڵام ناوی نه‌هێناوه، یانی قورئان نازانێت كه ئه‌ویش ناوی مه‌ریه‌مه. ئه‌م خوشكه‌ی مو‌سا و هاڕون (كه ناوی "میریام" ـه به عیبری)، له ده‌قی ته‌وڕاتدا به (خوشكی هاڕون) ناوبراوه و هه‌ر به‌وه‌ش ناودار بوه. مه‌ریه‌می دوه‌میش مه‌ریه‌می دایكی عیسایه كه قورئان له خۆیه‌وه به (خوشكی هاڕون) و (كچی عیمران) ناوی ده‌بات. ئینجا باوكی هه‌ر سێ (مو‌سا و هاڕون و میریام) به‌پێی ته‌وڕات (و به‌پێی كه‌له‌پوری ئیسلامی‌یش) ناوی (عه‌مرام) بوه كه له عه‌ره‌بیدا بوه‌ته (عیمران). به‌ڵام له هه‌مو قورئاندا ناوی ئه‌م (عیمران) ـه نه‌هاتوه كه باوكی (مو‌سا و هاڕون و میریام) ـه، هه‌مو قورئان بخوێنه‌ره‌وه ده‌بینیت ناچێت به‌لای باسی باوكی مو‌سا و هاڕوندا. لێره‌دا قورئان دو شتی ون كردوه: یه‌كه‌میان باسی خوشكه‌كه‌ی مو‌سا و هاڕون كه ناوی مه‌ریه‌مه و به‌ڕاستی خوشكی هاڕونه و هه‌ر به (خوشكی هاڕون) ناو براوه. دوه‌میان: باوكی مو‌سا و هاڕون و میریامی خوشكیان، كه به‌ڕاستی باوكی میریامی یه‌كه‌مه. له به‌رامبه‌ردا قورئان باسی مه‌ریه‌مێك ده‌كات كه كه‌سێتییه‌كی لێكدراوه و له یه‌ك كاتدا هه‌م دایكی عیسایه و هه‌میش خوشكی هاڕونه و كچی عیمرانه! واته قورئان دو كه‌سێتی و بنه‌ماڵه و ڕه‌چه‌ڵه‌كی تێكه‌ڵ كردوه. واته ڕه‌چه‌ڵه‌ك و سیفه‌تی مه‌ریه‌می یه‌كه‌می به‌خشیوه به مه‌ریه‌می دوه‌م. خاوه‌نی قورئان زانیویه‌تی كه مه‌ریه‌مێك هه‌یه به (خوشكی هاڕون) ناوبراوه و كچی عیمرانه، به‌ڵام وایزانیوه هه‌ر ئه‌م مه‌ریه‌مه‌ی دایكی عیسایه.
ئه‌مه له‌ڕاستیدا شتێكه داكۆكیی لێ ناكرێت و به‌ڕونی دیاره كه قورئان ئه‌و دو كه‌سێتیه‌ی تێكه‌ڵ كردوه. به‌ڵام (به‌ده‌وی) داكۆكی له‌م تێكه‌ڵكردنه‌ش ده‌كات و هه‌وڵ ده‌دات متمانه و بنچینه بگێڕێته‌وه بۆ زانیاریه قورئانیه‌كه. سه‌ره‌تا به‌ده‌وی گرنگترینی ئه‌و داكۆكی و پینه‌وپه‌ڕۆیانه ده‌گێڕێته‌وه كه كراون بۆ ده‌سته‌واژه قورئانیه‌كه (خوشكی هاڕون):
١. داكۆكییه‌ك ده‌ڵێت مه‌ریه‌می دایكی عیسا برایه‌كی هه‌بوه به ناوی (هاڕون)، كه له‌ناو جوله‌كه‌دا ناو هاڕون زۆر بون چونكه ناوی پێغه‌مبه‌ر و پیاوچاكێكیان بوه (ئه‌م داكۆكیه ـ به‌پێی گێڕانه‌وه ئیسلامیه‌كان ـ داكۆكیی موحه‌ممه‌د خۆیشی بوه كاتێك یه‌كێك له هاوه‌ڵانی ڕوبه‌ڕوی ئه‌و ڕه‌خنه‌یه بوه‌ته‌وه). له كاتێكدا هیچ به‌ڵگه و دۆكیومێنتێكی مه‌سیحی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌م برایه‌ی مه‌ریه‌م نه‌كردوه، ئه‌گه‌ر مه‌ریه‌م برایه‌كی به‌و ناوه‌وه هه‌بوایه؛ ده‌بوایه مه‌سیحیه‌كان خۆیان بیانزانیایه. بۆیه به‌ده‌وییش هاوڕایه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه ئه‌م داكۆكیه خه‌یاڵیه و زۆر لاوازه. چونكه ته‌نها گریمانكردنه. بۆچی مه‌سیحیه‌كان هیچ كاتێك باسی ئه‌م برایه‌ی مه‌ریه‌میان نه‌كردوه كه گوایه ناوی (هارون) بوه؟! ئایا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه نه‌ناسراو بوه؟ ئه‌گه‌ر وایه؛ بۆچی قورئان بۆ خۆیشی ده‌ڵێت كه خه‌ڵكی ئورشه‌لیم ئه‌و مه‌ریه‌مه‌یان به (خوشكی هارون) ناو بردوه؟ كه ئه‌مه‌ش یانی ناودار بوه به‌و نازناوه! و كه‌واته مه‌ریه‌م چه‌نده ناودار بوه ئه‌م هاڕونه گریمانكراوه‌ش ئه‌وه‌نده ناودار بوه چونكه زۆربه‌ی جار كه بانگی مه‌ریه‌م كراوه دراوه‌ته پاڵ ئه‌م برایه‌ی.. كه‌واته ئه‌م برایه‌شی ناودار بوه و ناسراو بوه.. ئه‌ی بۆچی كه‌س كه‌س باسی نه‌كردوه؟!
٢. داكۆكییه‌كی تر ده‌ڵێت مه‌ریه‌می خوشكی مو‌سا و هاڕون به موعجیزه‌یه‌ك ماوه‌ته‌وه هه‌تا عیسای بوه! واته هه‌ر یه‌ك مه‌ریه‌مه و هه‌ر به‌ڕاستی خوشكی هاڕون بوه! به‌ده‌وییش ئه‌م داكۆییه به پوچ داده‌نێت، كه له‌ڕاستیدا ئه‌م داكۆكیه له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌می ده‌قه مه‌سیحی و ئیسلامیه‌كاندا دژایه‌تیی هه‌یه، چونكه چیرۆكی له‌دایكبون و گه‌وره‌بونی مه‌ریه‌م له‌و ده‌قه مه‌سیحی و ئیسلامیانه‌دا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا ناگونجێت كه مه‌ریه‌م پیره‌ژنێكی هه‌زار ساڵه بێت!! مه‌گه‌ر داكۆكیكارێكی ئایینی له خۆیه‌وه خه‌یاڵی وا بكات كه خوا مه‌ریه‌می پیری گه‌نج كردوه‌ته‌وه! كه ئه‌مه‌ش ئیتر ده‌بێت به خه‌یاڵ و له مێژو ده‌رده‌چێت.. ئه‌م خه‌یاڵه‌ش دیسان له‌گه‌ڵ ده‌قه ئیسلامیه‌كاندا ناگونجێت چونكه ده‌قه ئیسلامیه‌كان باسی له‌دایكبونی مه‌ریه‌میش ده‌كه‌ن كه ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ری (گه‌نجبونه‌وه) وه‌كو خه‌یاڵێكیش ناهێڵێته‌وه!
٣. داكۆكییه‌كی تر ده‌رباره‌ی ده‌سته‌واژه‌ی (مه‌ریه‌می كچی عیمران)، ده‌ڵێت دو عیمران هه‌بون: (عیمرانی كوڕی قه‌هات)، كه ئه‌مه‌یان باوكی مو‌سا و هاڕون و میریامه. دوه‌میشیان (عیمرانی كوڕی ماتان) كه ئه‌مه‌یان باوكی مه‌ریه‌می دایكی عیسایه. ئه‌مه‌ش هه‌ر داكۆكییه‌كی بێبه‌ڵگه‌یه، بۆچی كه‌س باسی ئه‌م (عیمرانی كوڕی ماتان) ـه‌ی نه‌كردوه؟! هیچ یه‌كێك له چوار ئینجیله كانۆنیه‌كه باسی باوكی مه‌ریه‌می نه‌كردوه، ته‌نها ئینجیلێكی ناكانۆنی و ساخته هه‌یه كه (ئینجیلی یه‌كه‌می یه‌عقوب) ی پێ ده‌ڵێن و به (یواقیم) ناوی باوكی مه‌ریه‌م ده‌بات. كه‌واته هیچ یه‌كێك له مه‌سیحیه‌كان باوكی مه‌ریه‌می به (عیمران) ناو نه‌بردوه، نه عیمرانی كوڕی ماتان نه هیچ عیمرانێكی تر. بۆیه به‌ده‌وییش پێی وایه كه ئه‌م داكۆكیه‌ش خه‌یاڵی و بێبناخه‌یه.
٤. داكۆكییه‌كی تر هه‌یه كه به‌ده‌وی به هه‌ندێك ڕاڤه و زیادكردنی خۆیه‌وه په‌سه‌ندی ده‌كات و پشتی پێ ده‌به‌ستێت بۆ پشتڕاستكردنه‌وه‌ی زانیاریه قورئانیه‌كه. كورته‌ی ئه‌م داكۆكیه ئه‌وه‌یه كه مه‌ریه‌می دایكی عیسا له نه‌وه‌ی (هاڕون) بوه، واته له بنه‌ماڵه‌ی كاهینه‌كان بوه كه ده‌چنه‌وه سه‌ر هاڕون، واته له خێڵی لاویه‌كان و له به‌ره‌بابی هاڕون. ئینجا (هاڕون) یش كوڕی (عیمڕان) ـه. به‌م پێیه مه‌ریه‌م ناڕاسته‌وخۆ كچی عیمران بوه، واته له نه‌وه‌ی ئه‌و بوه، بۆیه قورئان ده‌ڵێت (مه‌ریه‌می كچی عیمران). ئینجا به‌پێی ئه‌م داكۆكیه و ڕاڤه و به‌ڵگه‌سازیی به‌ده‌وی، كاتێك قورئان به مه‌ریه‌م ده‌ڵێت (خوشكی هاڕون)؛ ئه‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه مه‌ریه‌م له (هاڕونیه‌كان) ـه. له عه‌ره‌بییشدا كاتێك باسی كه‌سێك ده‌كرێت كه له گروپێك بێت وه‌كو خێڵێك یان گه‌لێك، به (برا) ی ئه‌و گروپه داده‌نرێت، بۆ نمونه: قورئان پێغه‌مبه‌ر (هود) به (برای عاد) ناوده‌بات چونكه له‌و گه‌له بوه: (الأعراف: ٦٥). پێغه‌مبه‌ر (صالح) یش به (برای ثه‌مود) ناو ده‌بات چونكه ثه‌مودی بوه: (الأعراف: ٧٣). هه‌روه‌ها كاتێك عه‌ره‌بێك بانگ ده‌كرێت پێی ده‌وترێت (یا أخا العرب!). یان كاتێك عه‌ره‌بێكی ـ بۆ نمونه ـ خێڵی (ثقیف) بانگ كراوه، پێی وتراوه (یا أخا ثقیف!). بۆیه مه‌ریه‌میش پێی وتراوه (خوشكی هاڕون) چونكه له هاڕونیه‌كان بوه و له نه‌وه‌ی هاڕون بوه(١).
ئه‌مه كورته‌ی داكۆكیه په‌سه‌ندكراوه‌كه‌ی به‌ده‌ویه، كه هه‌رچه‌ند به‌هێزترین داكۆكیه كه تا ئێستا كرابێت له‌و كێشه‌یه به‌ڵام ته‌نها داكۆكییه‌كه و هیچ هۆشیارییه‌كی مێژویی تێدا نیه و ته‌نها پینه‌وپه‌ڕۆیه‌كه. بۆ ئه‌وه‌یش ڕون ببێته‌وه كه بۆچی ته‌نها پینه‌په‌ڕۆیه‌كه، ده‌بێت سه‌رنجی ئه‌م خاڵانه بدرێت:
ا. پێش هه‌مو شتێك گه‌ڕاندنه‌وه‌ی مه‌ریه‌م بۆ ڕه‌چه‌ڵه‌كی هاڕونی ته‌نها گریمانه‌یه و ته‌نها تێگه‌شتنێكی لاوازه بۆ ده‌قی ئینجیل. ئینجیلی (لوكا) باسی كاهینێك به ناوی (زه‌كه‌ریا) و (ئه‌لیصابات) ی ژنی ده‌كات كه هه‌ردوكیان له نه‌وه‌ی هاڕون بون (لوكا: ١: ٥)، ئینجا هه‌مان ئینجیل ده‌ڵێت ئه‌لیصاباتی ناوبراو خزم یان نزیكی مه‌ریه‌م بوه (لوكا: ١: ٣٦). لێره‌وه هه‌ندێك نوسه‌ری ئیسلامی وا حاڵی بون، یان ده‌یانه‌وێت وای لێ حاڵی ببن، كه مه‌ریه‌میش هاڕونی بوه، به‌و پێیه كه ماده‌م ئه‌لیصابات هاڕونی بێت و خزمی مه‌ریه‌میش بێت كه‌واته مه‌ریه‌میش هاڕونی بوه. به‌ڵام ئه‌م تێگه‌شتنه تێگه‌شتنی كه‌سێكه كه ئیشی پێیه‌تی و به ئاره‌زوی خۆی لێكی ده‌داته‌وه. ئه‌گه‌ر ده‌قه‌كه‌ی ئینجیل پێی وا بێت كه مه‌ریه‌میش هاڕونیه بۆچی به‌ڕاشكاوی ئه‌وه‌ی نه‌وتوه و ته‌نها به هێما و له‌ژێر لێوه‌وه ده‌یڵێت؟ بۆچی بۆ كه‌سه لاوه‌كیه‌كه (كه ئه‌لیصاباته) به‌ڕاشكاوی ده‌ڵێت هاڕونی بوه، به‌ڵام بۆ كه‌سه سه‌ره‌كیه‌كه (مه‌ریه‌م) به هێما و به‌لابه‌لایی باسی ڕه‌چه‌ڵه‌كی ده‌كات؟! دیاره كه ده‌قه‌كه‌ی ئینجیل مه‌به‌ستی ئه‌وه نه‌بوه كه بڵێت مه‌ریه‌میش هاڕونیه. ئینجا خزمایه‌تی (ی نێوان ئه‌لیصابات و مه‌ریه‌م) یش مه‌رج نیه مانای ئه‌وه بێت كه هه‌ردوكیان له هه‌مان خێڵ و به‌ره‌بابن. خزمایه‌تی شتێكی گشتیه و چه‌ند پله و ئاستێكی هه‌یه. دوای ده‌قه‌كه‌ی ئینجیلی لوكا، هه‌ندێك ده‌ق و گێڕانه‌وه‌ی مه‌سیحیی لاوه‌كی، وه‌كو گێڕانه‌وه‌یه‌كی قیددیس (هیپۆلیتوس) و هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ی تر، وا ئه‌و خزمایه‌تیه ڕاڤه ده‌كه‌ن كه مه‌ریه‌م و ئه‌لیصابات دایكیان خوشك بون، به‌م پێیه كچه‌پوری یه‌كتر بون. به‌ڵام هێشتا ئه‌مه‌ش ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت كه له‌لایه‌نی باوانه‌وه مه‌ریه‌م هاڕونی بوه، كه ئه‌مه مه‌رجه بۆ ڕه‌چه‌ڵه‌ك. ئینجا ئینجیل زۆر به‌لایه‌وه گرنگه بڵێت یه‌شوع له نه‌وه‌ی (یه‌هودا) یه، چونكه ئه‌گه‌ر له نه‌وه‌ی (یه‌هودا) بو؛ ئه‌وه یانی له‌و به‌ره‌بابه‌یه كه پاشا و پاشا فریادڕه‌س (مه‌سیح) ـه‌كانی تێدا هه‌ڵ ده‌كه‌ون، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له نه‌وه‌ی (لاوی) و (هاڕون) بێت ئه‌وه مانای وایه كه یه‌شوع ته‌نها له بابه‌تی پێغه‌مبه‌ر و كاهینه‌كانه نه‌ك فریادڕه‌س (مه‌سیح) ـه‌كان. بۆیه (ئینجیلی مه‌تتای) له سه‌ره‌تاوه ڕه‌چه‌ڵه‌كێكی یه‌هودایی بۆ یه‌شوع ده‌هۆنێته‌وه، له ڕێگه‌ی (یوسیف) ـه‌وه كه ده‌ستگیرانی مه‌ریه‌م بوه، بۆ ئه‌وه‌ی وا پێشان بدات كه ئه‌و خێزانه پیرۆزه (مه‌ریه‌م و عیسای كوڕی و یوسیفی ده‌زگیرانی) به خێزانێكی یه‌هودایی ده‌ژمێردرێت. ڕه‌نگه بتوانرێت بوترێت كه ئینجیلی مه‌تتای ویستویه‌تی بڵێت مه‌ریه‌میش یه‌هودایی بوه. لێره‌دا من باسی واقیعێك ناكه‌م له پشتی ئه‌م ڕه‌چه‌ڵه‌ك و چیرۆكانه‌وه، به‌ڵام ده‌توانم بڵێم ئینجیل مه‌به‌ستی ئه‌وه نه‌بوه بڵێت مه‌ریه‌م هاڕونیه، چونكه ئه‌وه زیان ده‌گه‌یه‌نێت به (یه‌هوداییبون) ی یه‌شوع كه ئینجیل زۆر به‌لایه‌وه گرنگه.. چونكه ئه‌گه‌ر مه‌ریه‌م و یه‌شوع هاڕونی بن؛ مانای وایه یه‌شوع ته‌نها كاهینێك و پیاوێكی خزمه‌تكاری په‌رستگای یه‌هودیه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌شوع یه‌هودایی بێت؛ ئه‌وه مانای وایه له‌و به‌ره‌بابه‌یه كه (مه‌سیح) ی لێ هه‌ڵ ده‌كه‌وێت. ئه‌وه‌ش چونكه له‌ناو جوله‌كه‌دا كاهینه‌كانی په‌رستگا نه‌وه‌ی (هارون) ـن و (مه‌سیح) ـه‌كان واته پاشا فریادڕه‌سه‌كان نه‌وه‌ی (یه‌هودا) ن. ئینجیلیش ده‌یه‌وێت بڵێت یه‌شوع هه‌ر ئه‌و مه‌سیحه‌یه كه پێشتر له ده‌قه یه‌هودیه‌كاندا مژده به هاتنی دراوه، بۆیه ئه‌وه له ئینجیل چاوه‌ڕێ ناكرێت یه‌شوع به (هاڕونی) دابنێت..
ب. ئه‌گه‌ر گریمان مه‌ریه‌م هاڕونییش بوبێت و له نه‌وه‌ی هاڕون بێت؛ هێشتا ده‌بوایه بوترایه (كچی هاڕون) نه‌ك (خوشكی هاڕون). ده‌قه‌كه‌ی ئینجیلی لوكا كاتێك باسی هاڕونیبونی ئه‌لیصابات ده‌كات ده‌ڵێت "(له كچانی هاڕون) بو"، نه‌ك بڵێت خوشكی هاڕون بوه. ئاشكرایه كه نه‌وه به (كوڕ) و (كچ) گوزارشی لێ ده‌كرێت نه‌ك به (برا) و (خوشك). بۆچی بۆ عیمران به (كچ) گوزارشی كرددوه و ده‌ڵێت: (كچی عیمران) (مریم ابنة عمران) (التحريم: ١٢)، به‌ڵام بۆ هاڕون ـ كه هه‌ر كوڕی عیمرانه و گوایه ده‌بێته باپیره‌یه‌كی مه‌ریه‌م ـ به (خوشك) گوزارش ده‌كات؟ له‌لایه‌كی تریشه‌وه ئه‌گه‌ر ده‌سته‌واژه قورئانیه‌كه به واتای (ژنێك له هاڕونیه‌كان) بوایه ده‌بوایه به شێوه‌ی (یا أخت الهارونیین) یان (یا أخت آل هارون) بوایه، وه‌كو چۆن ده‌ڵێت (آل عمران)، نه (عیمران) و نه (هاڕون) هیچیان ناوی بنه‌ماڵه و خێڵ نین، بۆیه ئه‌گه‌ر باسی نه‌وه‌ی ئه‌وان بكرێت به (كوڕ) و (كچ) گوزارشی لێ ده‌كرێت نه‌ك به (برا) و (خوشك)، واته ده‌بوایه بوترایه (كچی هاڕون) نه‌ك (خوشكی هاڕون)، ئه‌گه‌ریش به خوشك گوزارش بكات ده‌بوایه بیوتایه (خوشكی هاڕونیه‌كان) یان (خوشكی به‌ره‌ی هاڕون) یان (خوشكی نه‌وه‌ی هاڕون) و له‌م بابه‌تانه. به‌تایبه‌تی كه له قورئاندا بنه‌ماڵه‌ی هاڕون ڕێك پێیان ده‌وترێت (آل هارون) (البقرة: ٢٤٨)..!! جا بڕوانه! ئه‌گه‌ر قورئان مه‌به‌ستی بو به مه‌ریه‌می دایكی عیسا بڵێت (له بنه‌ماڵه‌ی هاڕون)؛ بۆچی ئه‌م زاراوه‌یه‌ی خۆی (آل هارون) به‌كار نه‌هێنا و نه‌یوت (یا أخت آل هارون)؟!
له‌به‌ر ئه‌وه هه‌ر به‌پێی قورئان بنه‌ماڵه‌ی هاڕون پێیان ده‌وترێت (آل هارون) نه‌ك (هارون) وه‌كو به‌ده‌وی ده‌یه‌وێت سازی بكات!! هه‌ر بۆیه داكۆكی و ڕاڤه‌كه‌ی به‌ده‌وی هیچ نرخێكی نیه.
جـ. ده‌سته‌واژه‌ی (خوشكی هاڕون) ده‌سته‌واژه‌یه‌كه پێشینه و باكگراوندی خۆی هه‌یه، له ته‌وڕاتدا میریامی خوشكی مو‌سا و هاڕون، به‌تایبه‌تی به خوشكی هاڕون (ئه‌حۆت ئاڕۆن) ناو براوه. توێژه‌ری سه‌ربه‌خۆ ناتوانێت ئه‌م پێشینه‌یه پشتگوێ بخات، به‌ڵام نوسه‌رێك كه داكۆكی بكات و ئامانجێكی هه‌بێت؛ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ داكۆكی و پینه‌وپه‌ڕۆكه‌یدا نه‌گونجێت لای لێ ناكاته‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه لێكۆڵه‌ری زانستی ناتوانێت ئه‌و نیشانه‌یه پشتگوێ بخات كه پێشتر مه‌ریه‌مێك هه‌بوه كه به‌تایبه‌تی به (خوشكی هاڕون) ناوبراوه و هه‌ر به‌ڕاستییش خوشكی هاڕونی مه‌شهور بوه.. چۆن ئه‌م نیشانه زه‌قه پشتگوێ ده‌خرێت؟
د. به‌پێی ڕاڤه و داكۆكیه‌كه‌ی به‌ده‌وی، ده‌سته‌واژه‌ی (ابنة عمران) له قورئاندا كه وه‌سفی مه‌ریه‌م ده‌كات، به واتای (نه‌وه‌ی عیمران) ـه. ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه‌ش گۆتره‌كاریه. دیاره كه ده‌قه‌كه مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه مه‌ریه‌م ڕاسته‌وخۆ كچی عیمرانه. وه‌كو چۆن كه ده‌ڵێت (عیسى ابن مریم) مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه عیسا ڕاسته‌وخۆ كوڕی مه‌ریه‌مه. ئینجا قورئان كه باسی عیمران ده‌كات وه‌كو سه‌رۆك بنه‌ماڵه و خێزانێك باسی ده‌كات نه‌ك باپیره‌ی خێڵێك، چونكه كه ده‌ڵێت (آل عمران) ئه‌مه ته‌نها له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه و خێزاندا ده‌گونجێت نه‌ك خێڵ و هۆز و به‌ره‌باب، چونكه وشه‌ی (آل) هه‌ر شێوه‌یه‌كی تری وشه‌ی (أهل) ـه [به‌ڵگه‌یه‌كی سه‌رباری ئه‌مه‌ش ده‌سته‌واژه‌یه‌كی هاوشێوه‌یه كه له قورئاندا هاتوه و بریتیه له "آل إبراهیم" (آل عمران: ٣٣. النساء: ٥٤) كه ئه‌مه ڕون و ئاشكرایه كه مه‌به‌ستی بنه‌ماڵه‌ی ئیبراهیمه به كوڕ و كوڕه‌زاكانیه‌وه، چونكه ده‌ڵێت ئه‌وانه هه‌ڵبژارده‌ن و "كیتاب" و "حیكمه‌ت" یان پێ دراوه، ئه‌مه‌ش مه‌به‌ست پێغه‌مبه‌رایه‌تیه، بۆیه بۆ نه‌وه‌كانیان به‌گشتی نابێت و ته‌نها بنه‌ماڵه‌كه ده‌گرێته‌وه به‌و شێوه‌یه‌ی باسم كرد]. به‌م پێیه قورئان عیمران وه‌كو باپیره‌یه‌كی گه‌وره‌ی هاڕونیه‌كان و كاهینه‌كان ناناسێت، به‌ڵكو وه‌كو سه‌رۆكی خێزانێك ده‌یناسێت. نهێنیی بابه‌ته‌كه‌ش ئه‌وه‌یه قورئان سیفه‌ته‌كانی مریه‌می یه‌كه‌می هێناوه و داویه‌تی به مه‌ریه‌می دوه‌م.. ئینجا (عیمران) بۆ مه‌ریه‌می یه‌كه‌م باوك بوه، به‌ڵام بۆ مه‌ریه‌می دوه‌م ده‌بێت ببێته باپیره، به‌ڵام قورئان چونكه مه‌ریه‌می دوه‌می به سیفه‌ته‌كانی مه‌ریه‌می یه‌كه‌م وه‌سف كردوه؛ بۆیه (عیمران) ی كردوه به باوكی مه‌ریه‌می دوه‌م و هه‌ر بۆیشه كه عیمرانی كردوه‌ته سه‌رۆكی خێزانێك (به ده‌سته‌واژه‌ی "آل عمران") كه خێزانی مه‌ریه‌می دوه‌مه.. به پێچه‌وانه‌ی مه‌به‌سته‌كه‌ی به‌ده‌ویه‌وه كه ده‌یه‌وێت (عیمران) بكاته باپیره‌ی مه‌ریه‌می دوه‌م و سه‌رۆكی خێڵێك كه خێڵی مه‌ریه‌می دوه‌مه!
به‌ڵكو هه‌ر له قورئاندا به‌ڵگه هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی كه قورئان بۆ خۆی عیمران به باوكی ڕاسته‌وخۆی مه‌ریه‌م ده‌زانێت، كه ده‌ڵێت: (إذ قالت امرأة عمران: "ربّ! إني نذرت لك ما في بطني محررا..") (آل عمران: ٣٥)، لێره‌دا ده‌ڵێت (ژنه‌كه‌ی عیمران)، له كاتێكدا به‌پێی لێكدانه‌وه‌كه‌ی به‌ده‌وی عیمران باپیره‌ی گه‌وره‌ی مه‌ریه‌مه و ده‌بێته باپیره‌ی گه‌وره‌ی دایكی مه‌ریه‌میش!! به‌ڵام ئه‌وه‌تا قورئان به‌ڕاشكاوی عیمران به مێردی دایكی مه‌ریه‌م ده‌زانێت نه‌ك باپیره‌ی وه‌كو به‌ده‌وی ده‌یه‌وێت سازی بكات..
ئیتر دوای ئه‌مانه؛ پێم وایه داكۆكیه‌كه‌ی به‌ده‌وی ته‌نها پینه‌وپه‌ڕۆیه. ئه‌و بابه‌ته داكۆكیی لێ ناكرێت و ڕونه..
په‌راوێز:
(١) بڕوانه: بدوي، د. عبد الرحمن، دفاع عن القرآ‌ن ضد منتقدیه. ترجمة: كمال جاد الله. الدار العالمية للكتب والنشر. ص‌ص. ١٦٩-١٨٢.