پیشەسازیی دەوڵەتی عەرەبی-سوننی ـ شانشینیی سعودی و داعش، به نمونه


پیشەسازیی دەوڵەتی عەرەبی-سوننی
شانشینیی عەرەبیی سعودی و دەوڵەتی خیلافەت (داعش)، بە نمونە


سەروەر پێنجوێنی

دەزانین کە لەم ماوەیەدا قسەوباسێکی زۆر دەربارەی قەوارەی ناوبراو بە "دەوڵەتی ئیسلامی" یاخود "دەوڵەتی خیلافەت" [="داعش"]، و پەیوەندیی بە ئیسلامەوە، دەکرێن. ئاڕاستەی قسەکان، بەتایبەتی لە بەرەی نائیسلامیەوە، زیاتر بەو ئاقارەدا دەڕۆن کە "داعش" جێبەجێ‌کردنێكی بێ‌پەردە و بێ‌مەکیاجی ئیسلامە و ئەو گروپە نوێنەرایەتیی ئیسلامی ڕاستەقینە دەکەن و ئەمانە ڕوی ڕاستەقینەی ئیسلامیان پێشانی خەڵک داوە لە کاتێکدا ئیسلامیەکانی تر گەلێک بنەمای ئیسلامیان شاردوەتەوە و پەردەپۆش کردوە یان هەڵ‌پەساردوە. بەم شێوەیە وا دەفامرێتەوە کە "داعش"ـیەکان لەبەر ئەوەی موسوڵمانی ڕاستەقینە و تەواون بۆیە بەو شێوەیە هەڵس‌وکەوت دەکەن لەگەڵ خەڵکانی تردا. و ئیتر ئەمە بوەتە پێناسە و ڕاڤەی فرمان و ڕۆڵ و ئامانجی داعش.
ئەم لێكدانەوە و پێناسەکردنە بۆ (داعش)، لە بۆشاییەوە نەهاتوە، بەڵکو پشت دەبەستێت بە مێژویەک کە ئیسلام بەجێی هێشتوە و موسوڵمانان لە یەکەم ڕۆژەوە هەتا سەردەمی نوێ دروستیان کردوە و نەخشیان کێشاوە و بەجێیان هێشتوە بۆ نەوەی نوێیان. خەڵک دەبینن ئەوەی داعش جێبەجێی دەکات؛ هەر ئەو بنەمایانەیە کە لە قورئان (دەقی دامەزرێنی ئیسلام) ـدا دەقیان لەسەرە و کراون بە ئەرک لەسەر شانی موسوڵمان: شەڕکردن و کوشتار لەگەڵ فرەپەرست هەتا موسوڵمان دەبێت، کوشتاری ئەهلی کیتاب (مەسیحی...) هەتا موسوڵمان دەبن یان سەردانە دەدەن بەسەرشۆڕی (قَاتِلُوا الَّذِينَ لَا يُؤْمِنُونَ بِاللَّهِ وَلَا بِالْيَوْمِ الْآخِرِ وَلَا يُحَرِّمُونَ مَا حَرَّمَ اللَّهُ وَرَسُولُهُ وَلَا يَدِينُونَ دِينَ الْحَقِّ، مِنَ الَّذِينَ أُوتُوا الْكِتَابَ، حَتَّى يُعْطُوا الْجِزْيَةَ عَنْ يَدٍ وَهُمْ صَاغِرُونَ) (التوبة: ٢٩). چەسپاندنی دەسەڵاتی ئیسلامی بەزۆر. زۆرهێنان (مجاهدة) بۆ خەڵک، ئەوانەی موسوڵمان نین یان پابەند نابن بە ئیسلامەوە: (يَا أَيُّهَا النَّبِيُّ! جَاهِدِ الْكُفَّارَ وَالْمُنَافِقِينَ وَاغْلُظْ عَلَيْهِمْ، وَمَأْوَاهُمْ جَهَنَّمُ وَبِئْسَ الْمَصِيرُ) (التوبة: ٧٣) (التحريم: ٩). کە دەوڵەتەکەی پێغەمبەر لە مەدینە هەمو ئەوانەی جێبەجێ کردوە: لەگەڵ فرەپەرستەکانی مەککە شەڕ و کوشتارێکی زۆری کرد، خێڵە جولەکە بەهێزەکانی مەدینەی هەندێک دەرکرد و هەندێک قەتڵ‌وعام و هەندێک زەوت کرد.. لە کۆتاییشدا هەمو نیمچەدورگەی عەرەبیی لە فرەپەرست "پاک" کردەوە: ئیتر عەرەبی فرەپەرست یان دەبوایە موسوڵمان ببوایە یان دوچاری کوشتار و کوشتن دەبوەوە. هەتا کوشتنی نوێژنەکەر [کە بیروڕای زۆرینەی ڕێبازە ئیسلامیەکانی لەسەرە] ڕەگ‌وڕیشەی لە قورئاندا هەیە: (...فَاقْتُلُوا الْمُشْرِكِينَ حَيْثُ وَجَدْتُمُوهُمْ وَخُذُوهُمْ وَاحْصُرُوهُمْ وَاقْعُدُوا لَهُمْ كُلَّ مَرْصَدٍ، فَإِنْ تَابُوا وَأَقَامُوا الصَّلَاةَ وَآتَوُا الزَّكَاةَ؛ فَخَلُّوا سَبِيلَهُمْ) (التوبة: ٥)، کە ئەمە هەرچەند دەربارەی فرەپەرستە؛ بەڵام بەوەی کە نوێژکردن و زەکات‌دانی بە نیشانەی وازهێنان لە فرپەرستی داناوە و کردونی بە مەرجی وازهێنان لە فرەپەرست (واتە مەرجی نەکوشتنی)؛ بۆیە زۆرینەی موسوڵمانان وەکو هەڵ‌گەڕاوە و فرەپەرست مامەڵەیان لەگەڵ هەر کەسێك کردوە کە ئامادە نەبێت نوێژ بکات یان زەکات بدات (لەم لایەنەوە سەرنج دەدەین ئەوانەی بە ناوی "هەڵ‌گەڕاوەکان" لە سەردەمی ئەبو بەکردا کوشتار کران؛ بەشێکی زۆریان ئەوانە بون کە ئامادە نەبون زەکات بدەن یان زەکات بنێرن بۆ مەرکەز = دەوڵەتی مەدینە). ئەمە لە دەقەکان.. لە مێژوی ئیسلامییش؛ جگە لە مێژوی ناشیرینی فتوحات و داگیرکردن و تاڵان‌کردنی وڵاتانی دەوروبەر (بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی کە خۆشگوزەرانی و خێروبێریان تێدایە و کۆیلەی سپی و جوانیان لێ بەدەست دێت، لە ئاسیا و ئەورۆپا و باکوری ئەفریقا، نەک وڵاتانی ناوەڕاست و باشوری ئەفریقا!)؛ سەرباری ئەو مێژوە؛ دەبینین موسوڵمانان لەناو خۆیشیاندا، هەر لە نەوەی یەکەمەوە، دەستیان سورە بە خوێنی یەکتر: ناڕازیەکان و شۆڕشگێڕەکانی سەردەمی عوثمان کە عوسمانیان کوشت.. بنەماڵەی تەیمی (=بنەماڵەی ئەبو بەکر: عائیشە و طەڵحە) لەگەڵ موعاویە و لایەنگرانی بەرامبەر بە عەلی و لایەنگرانی، کە جەنگ و خوێنڕشتنێکی زۆریان بەرپا کرد.. خاریجیەکان "الخوارج" [کە بەرهەمێكی لاوەکیی کێشمەکێشی نێوان عەلی و موعاویەن و قوربانیی دەستی بەکارهێنانی دینن بۆ سیاسەت، وەکو هەر تێرۆریستێکی ئەم سەردەمەش] بەرامبەر بە هەمو گروپە ئیسلامیەکانی تر.. دواتر ئومەویەکان، بەرامبەر بە هاشمیەکان و بەتایبەتی عەلەویەکان و ئەهلی بەیت، کە هەمیشە خوێنی پێشەوا و سەرکردەکانی ئەهلی بەیت و شوێنکەوتوەکانیان ڕشتوە.. دواتر عەبباسیەکان، کە بە قەتڵ‌وعامی ئومەویەکان هاتنە سەر کار، و پاشانیش کەوتنە لەناوبردنی ئەو پێشەوایانەی ئەهلی بەیت و ئەو شۆڕشگێڕە عەلەویانەی کە سەرەتا لەژێر باڵی ئەواندا بانگەشەیان بۆ (ئالی موحەممەد) دەکرد دژ بە ئومەویەکان هەتا خۆیان سەپاند.. بەم شێوەیە ئەم مێژوە هەمیشە مێژویەکی خوێناوی بوە، پاساوی ئایینییش هەمیشە ئامادە بوە بۆ شاردنەوەی ناشیرینیی ئەو خوێن‌ڕشتن و کوشتارە. بە کورتی: عەقڵی ئیسلامی (وەکو نمونەیەکی عەقڵی دینیی یەکتاپەرستی) هەمیشە توانای بەرهەمهێنانی ئەو مێژوە خوێناویەی هەبوە و هەیە.
ئەمە لە لایەک. لە لایەکی تریشەوە؛ (داعش) بە جێبەجێ‌کردنی ئەو بنەما ئیسلامیانە (کوشتاری فرەپەرست ئەگەر موسوڵمان نەبێت، کوشتار یان دەرکردنی شوێنکەوتوانی ئایینیە ئیبراهیمیەکانی تر ئەگەر موسوڵمان نەبن و سەرانەش نەدەن، و یاسا ئیسلامیەکانی تری وەکو کوشتنی هەڵگەڕاوە لە ئیسلام)؛ دەری‌خست پڕۆژەی ئیسلامی چیی لە هەگبەدایە و چ توانا و لێ‌وەشاوەییەکی هەیە و ئەو پڕۆژەیە چ ئاسۆیەکی لێڵی هەیە و دەتوانێت چ دۆزەخێک بسازێنێت. و دەرکەوت هێڵە ڕادیکاڵ و توندەکانی ئیسلامی سیاسی ئەگەر باوەڕ و بنەماکانیان وەربگێڕنە سەر واقیع؛ چییان لێ پەیدا دەبێت. و دەرکەوت ئەگەر موسوڵمان تەنها سود لە ئیسلام و بیری ئیسلامی ببینێت و لەگەڵ هیچ بیرێکی مرۆڤدۆستی و هیومانیست کارلێکی نەبێت و هیچ خوێندنەوەیەکی بۆ واقیعی نوێ نەبێت و لەگەڵ کولتوری نوێی ماف و ئازادیەکانی مرۆڤ هەماهەنگیی نەبێت؛ چ بونەوەرێکی نامۆی لێ دەردەچێت لە دنیای نوێدا، و چەند "ناشیرین" دەبێت، ناشیرینییەک کە هەمو جیهان دەیبینێت تەنها خۆیان نەبێت. 
پاشخانی مەزهەبیی گروپێکی سوننی توندڕەوی وەکو داعش
ئەوانەی ڕابوردن هەمویان ڕاستن. بەڵام هێشتا پێم وایە دیمەنەکە و دەرکمان بۆ دیاردەکە ناتەواوە. ئەوانەی ئەو پێناسەیە بۆ داعش دەکەن کە بریتیە لە ئامانجی جێبەجێ‌کردنی دەقاودەقی ئیسلام؛ هەندێک شتیان فەرامۆش کردوە کە ئەمەش کارێكی کردوە بەوردی دەرکی واقیعەکە نەکەن:
پێش هەمو شتێک؛ هەوڵی ئەوەیان نەداوە ئەو پرسیارە لە خۆیان بکەن و وەڵامی بدەنەوە کە بۆچی موسوڵمانی تر لە ئێستەدا ئامادە نین وەکو داعش و داعشیەکان بکەن؟ بۆچی تەوژم و لایەنی ئیسلامی ("ئیسلامی" بە واتا فراوانەکەی، و هەتا بە واتای ئیسلامی سیاسییش)، هەن کە ئیسلامەکەیان وەکو ئیسلامەکەی داعش نیە؟ ئایا داعش تەنها ئیسلام جێبەجێ دەکات یان ئیسلامە بە تێگەشتنێکی تایبەتی و ڕێبازێکی تایبەتی؟ ئایا داعش تەنها بنەما سەرەکیەکانی ئیسلام ـ کە هاوبەشی نێوان هەمو ڕێبازە ئیسلامیەکانن ـ جێبەجێ دەکات یان لەگەڵیدا کۆمەڵێک بنەما و باوەڕی تایبەت بە خۆیان جێبەجێ دەکەن کە مەرج نیە موسوڵمانانی تر هاوبڕوایان بن؟
ئایا ئیسلام لە واقیعەکەدا هەر یەک ئیسلامە؟ بێ گومان نەخێر. سادەکاریە ئەگەر وا بزانین یەک ئیسلام لە ئارادایە. ئیسلام چەند نوسخەیەکە، هەرچەند هەمویان لافی ئەوە لێ دەدەن کە ئیسلامی ڕاستەقینەن یاخود ئیسلامی بنچینەیی "أصلي" ـن، بەڵام لە ڕاستیدا هەر یەکەیان داڕشتنەوەیەکی ئیسلامە و ڕێبازێکە کە خۆی بە ڕاستەڕێگە دەزانێت. بەم شێوەیە (ئیسلامی بنچینەیی) لەژێر باری ئەو هەمو ڕێبازەدا ون بوە، و تەنها گریمانەیەکی ئەکادیماییە کە ڕەنگە هەرگیز ڕێ نەبرێتەوە سەری. ئاخر ئیسلام تەنها دەقەکانی قورئان نیە، بەڵکو یەک سیستەمی فرەچینە لە قسە و فەرمایشت کە دەدرێنە پاڵ پێغەمبەری ئیسلام و هاوەڵانی و لە کەلەپورێکی فیقهی کە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگای ئیسلامیی فراوانی ئەو کاتانە داخوازیی کردوە. بەم شێوەیە شێوەی یەکەمی ئیسلام، لە دوای گەشەکردن و پەرەسەندنی ئەو کەلەپورە قەرەباڵغەی فەرمودە و فیقهـ، لێڵ بوە. و ڕەنگە دوای لێکۆڵینەوەیەکی زۆریش بگەینە ئەو بڕوایەی کە "ئیسلامێکی بنچینەیی" لە گۆڕێدا نیە و ئەوەی هەیە؛ هەر چەند ڕێبازێک بوە کە هەر یەکەیان بە لایەنێک بەشدارییان لە پێکهێنانی جەستەی ئیسلامدا کردوە، و کاتێک هەوڵ دەدەین ئەو جەستەیە شیکار بکەیت و هەر لایەکی بگێڕیتەوە بۆ ڕێبازێک و بۆ سەرچاوەکەی؛ شتێکت بۆ نامێنێتەوە کە بە ئایینێكی تەواو دابنرێت. ئەمەش ئەنجامێکە لە لێکۆڵینەوەی هەمو ئایینەکاندا پێی دەگەین: کە دەگەینە سەر سەرچاوەی یەکەم و شێوەی بنچینەیی ئایینێک؛ تەنها دیمەنێکی لێڵ دەبینین و دەگەینە ئەو بڕوایەی کە ئەم ئایینەش وەکو ئایینەکانی تر لە بنچینەدا ئایینی تەواو نەبوە و بە پەرەسەندن و کەڵەکەبونی چەند ڕێبازێک ئینجا بوەتە ئەو ئایینەی کە هەیە. سادەکاریە ئەگەر وا بزانین ئیسلام هەر لەسەر دەستی پێغەمبەری ئیسلام تەواو کراوە، بەڵکو ئەم ئیسلامەی کە هەیە چێشتێكە بە درێژایی خیلافەتی ڕاشیدی و سەردەمی ئومەویەکان و هەتا عەبباسیەکانیش ئامادە کراوە و کوڵێنراوە. بەدرێژایی ئەم ماوەیە؛ کەلەپوری فەرمودە و فیقهـ لە گەشەکردن و پەرەسەندن و هەڵاوساندا بوە. گۆڕینی ئەو فێرکاری و حوکمە گشتی و ناڕۆشنانەی لە قورئان و داب‌ونەریتی کۆمەڵگای مەدینەدا بۆ دەستورێک و یاسایەک کە کاری پێ بکرێت و داخوازیەکانی بەڕێوەبردنی ئەو کۆمەڵگا ئیسلامیە فراوانەی هاتوەتە کایە؛ گەشەکردنی سیستەمێک لە فەرمودەی خواستوە کە هەر فەتوایەک و داب‌ونەریتێک لە ڕێگەی داڕشتنیەوە لە قاڵبی فەرمودەیەکدا و نیسبەتدانی بۆ پێغەمبەر (دامەزرێنەری یەکەم) و هاوەڵانی ڕەوایەتیی پێ بدرێت و بکرێتە بنەما، و بەم شێوەیە لەگەڵ گەشەکردنی کەلەپوری فیقهی و مێژویی؛ کەلەپوری فەرمودەش گەشەی کردوە [بۆیە دەبینین فەرمودەکان یان دەقی فیقهین یان چیرۆکی مێژویین، یان با بڵێین: دەقە فیقهیە کۆنەکان و داب‌ونەریتە مێژوییە کۆنەکانی ئیسلام لە قاڵبی فەرمودە "حدیث" ـدان]. گەشەکردنی ئەم کەلەپورە فەرمودەیی و فیقهیە؛ سێبەری خۆی داوە بەسەر دەقەکانی قورئانیشدا، و تێگەشتن و کارپێ‌کردن و دابەزاندنی دەقەکانی قورئانیش بۆ واقیع؛ بەپێی ئەم کەلەپورە فەرمودەیی و حەدیثیە داڕێژراوە. ئینجا هەر گروپ و ڕێبازێکی ئیسلامییش لە کۆن و نوێدا؛ کەلەپوری حەدیثی و فیقهیی تایبەت بە خۆی هەیە، بەم شێوەیە دەبینین ئیسلام لەلایەن چەند ڕێبازێکەوە داڕێژراوەتەوە، و ئەو ئیسلامە تەقلیدیەی لە واقیعەکەدا هەیە؛ لە چەند ڕێبازێک پێک‌دێت و ئیسلامێکی بنچینەیی بەبێ چوارچێوە و دیباجەی ڕێبازێک لە واقیعەکەدا بونی نیە.
ڕەنگە ئەم قسەیەی من بە شتێكی تیۆری بزانرێت، و بوترێت: لە هەمو نوسخەکانی ئیسلام و هەمو ڕێبازە ئیسلامیەکاندا و لای داعش و هەمو گروپێکی ئیسلامیی کۆن و نوێیش؛ ئەوەندە بنەمای ئیسلامیی هاوبەش هەن کە لە کۆی هەمویان ئیسلامی بنچینەیی ئامادە دەبێتەوە، و لای داعشیش هەر ئەو بنەمایانە کاریان پێ دەکرێت کە لە هەمو ڕێبازەکانی تری ئیسلامدا و لە دەقەکانی قورئانیشدا هەن و لەلایەن پێغەمبەری ئیسلام خۆیەوە کاریان پێ کراوە، وەکو: کوشتاری فرەپەرست هەتا موسوڵمان دەبێت و کوشتاری ئەهلی کیتاب (مەسیحی...) هەتا موسوڵمان دەبێت یان سەرانە دەدات.
ئەمە ڕاستە، بەڵام بە بڕوای من؛ هیچ کاتێک جێبەجێکردنی ئەو بنەمایانە بەدور نیە لە چوارچێوەی ڕێبازێک. چونکە هەر حوکم و بنەمایەک پێویستیی بە پێناسە و ڕونکردنەوەی مەرج و شێوە و بواری جێبەجێکردن هەیە. بۆ نمونە: فرەپەرست "مشرک" کە ـ بەپێی قورئان ـ کوشتاری لەگەڵ دەکرێت هەتا موسوڵمان دەبێت؛ کامەیە؟ دەبینیت ڕێبازەکان ناکۆکییان هەیە لە پێناسەی "موشریک" ـدا، ئەگەرچی زۆرینە فرەپەرست بە "بت‌پەرست" پێناسە دەکەن، بەڵام دەبینیت وەههابیەکان هەر موسوڵمانێک کردەوەیەکی لێ دەرکەوێت کە بەڕواڵەت وەکو پەرستن بێت بۆ هەر شتێک جگە لە خوا؛ بە فرەپەرستی دادەنێن، بەم شێوەیە گەلێک لە موسوڵمانانیش دەبنە فرەپەرست و حوکمی کوشتار دەیانگرێتەوە، و هەر بەڕاستییش وەههابیەکان لە مێژوی خۆیاندا ئەو حوکمەیان بەسەر گەلێک لە موسوڵماناندا سەپاندوە، یان ئەو حوکمەیان دژی گەلێک لە موسوڵمانان بەکار هێناوە.
بەم شێوەیە دەبینین کارەکە بە تەنها بونی بنەمایەک و حوکمێک لە قورئاندا تەواو نابێت، بەڵکو هەر بنەمایەک و هەر حوکمێک بۆ پێناسەکردن و ڕونکردنەوەی مەرجەکانی جێبەجێ‌کردنی و ئەوەی بەسەر کێدا جێبەجێ دەکرێت؛ درێژەی زیاتری هەیە، و ڕێبازەکانیش لەم درێژە و ڕونکردنەوەیەدا ناکۆکی و جیاوازییان هەیە.
بۆیە دەشبینین لە جیهانی ئیسلامیدا، هیچ هێز و قەوارە و گروپێکی ئیسلامی، کە هەوڵی چەسپاندنی ئیسلام دەدات، نیە کە لە واقیعدا ڕێبازێکی تایبەت نەبێت و چوارچێوەیەکی تایبەت نەبێت. ئەوە چیرۆکی هەمو دینێکە: دەبێتە چەند ڕێبازێک، و هیچ کاتێک وەکو شێوەی یەکەمی [ئەگەر شێوەیەکی یەکەمی بوبێت!] نامێنێتەوە و هەر نایشکرێت، چونکە شوێنکەوتوانی ئەو ئایینەش مرۆڤن و تێگەشتن و ئاوەز و سروشتی جیاوازیان هەیە و هەڵبژاردنی جیاوازیان هەیە، و بەدەمەوەهاتنی واقیعیش و ئەو گەشەکردنەش کە شتێکی حەتمیە لە ژیان و ڕەوتی کۆمەڵگا و مێژودا هەمیشە جیاوازی دروست دەکات.
ئیتر سادەکاریە ئەگەر وا بزانین ـ بۆ نمونە ـ داعش تەنها گروپێکە کە ئیسلام وەکو خۆی جێبەجێ دەکات، بەڵکو داعش لە چوارچێوە و ڕێبازێکدا ئەو کارە دەکات، و هەر لێرەوە و لەم چوارچێوە مەزهەبیەدا دەبێتە "داعش"، نەک تەنها بەوەی موسوڵمانن یان تەنها بەوەی گوایە ئیسلام وەکو خۆی جێبەجێ دەکەن. ئەوانەی بەو شێوەیە داعش پێناسە دەکەن کە کۆمەڵێک موسوڵمانن و بەس؛ بێ‌ئاگایی خۆیان لە پاشخانی مەزهەبی [=وەههابی] ی داعش و هاوشێوەکانی تۆمار دەکەن. ئایا جیهادیەکان بەگشتی تەنها موسوڵمانن و بەس؟ نەخێر! لە ڕێبازی فیقهیدا زۆربەیان حەنبەلین [بەدەگمەن وا ڕێ‌دەکەوێت ـ بۆ نمونە ـ حەنەفی بن، وەکو حاڵەتی تاڵیبان]، و ئەگەر لافی نامەزهەبیبون "لامذهبیة" یش لێ بدەن؛ ئەمەش هەر جۆرێکە لە شوێنکەوتەیی مەزهەبی چونکە دەزانین خوێندنی فیقهی لای وەههابیەکان زۆر پشت دەبەستێت بەو جۆرە فیقهەی کە پێی دەوترێت "فیقهی حەدیث"، کە لە ڕێگەی خوێندنی فەرمودە فیقهیەکانەوە دەبێت کە بەپێی سەرباسە فیقهیەکان "أبواب الفقه" ڕێک‌دەخرێن و پۆلێن دەکرێن (دیارترینی ئەمانە "عمدة الأحكام" ی "عبد الغني المقدسي" ی حەنبەلیـە)، ئەمە جگە لەوەی وەههابیەت و ئەو بانگەوازە چاکسازیانەی هەماهەنگ بون لەگەڵی لە کاتی خۆیدا ڕاپەڕینێک بون بە ڕوی دەسەڵاتی ڕێبازە فیقهیە چەسپاوەکانی تردا [بەتایبەتی شافیعی کە لە خۆرئاوای نیمچەدورگەی عەرەبی ڕێبازی زۆرینەیە کە وەههابیەت بەناڕەحەتی توانیویەتی لەسەر ئاستی ڕەسمی جێی بگرێتەوە، و حەنەفی کە ڕێبازی ڕەسمیی عوسمانیەکان (دوژمنی مێژویی و تەقلیدیی وەههابیەکان) بوە، و مالیکی کە لە حیجازیش دەست‌ڕۆیشتو بوە هەرچەند زیاتر لە خۆرئاوای ئیسلامی بڵاوەی کردوە]، لە بەرامبەریشدا دەبینین وەههابیەکان تا ئێستەش مەتنە فیقهیەکانی ڕێبازی حەنبەلی دەخوێنن (بەتایبەتی کتێبێکی وەکو "زاد المستقنع"، بەتایبەتی بە شەرحەکەی ئەل‌عوثەیمینەوە بە ناوی "الشرح الممتع"!). ئەمە ڕێبازی فیقهی. ڕێبازی عەقیدەییشیان؛ ئاشکرایە کە هەمویان سەر بە ڕێبازی (حەنبەلی) "الحنابلة" ـن لە عەقیدەدا، ئەو حەنبەلیانەی لە سەردەمانی عەبباسیی دواییدا هەمیشە لە بەغداد ئاژاوەیان دەنایەوە و خوێنیان دەڕشت و لەگەڵ ئەشعەریەکان هەمیشە لە کێشمەکێش و شەڕدا بون، و دواتریش (ئیبن تەیمییە) دایڕشتەوە و بەهێزتری کرد و کۆمەڵێک باوەڕی تایبەتیی خۆیشی بۆ زیاد کرد کە توندی و ڕواڵەتگەریی زیاتری پێ داوە [وەکو: بنەمای "سد الذرائع" کە سەردەکێشێت بۆ فراوانکردنی بازنەی قەدەغە و "حەرام" ـەکان، و فەتوای جیهادکردن بەبێ گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتی ڕەسمی "إمام" کە ئەمە فەتوای ئیبن تەیمییە خۆیەتی و هەرچی تێرۆر لە جیهانی ئیسلامدا دەکرێت پشت دەبەستێت بەم فەتوایە کە ڕێگە دەدات کۆلکە مەلایەکیش کۆمەڵێک چەکدار ساز بکات و گێرەشێوێنی و ئاژاوەگێڕییان پێ بکات. هەروەها وەکو دابەشکردنی یەکتاپەرستی "توحید" بۆ یەکتاپەرستیی پەروەردگارێتی "توحید الربوبیة" و یەکتاپەرستیی پەرستراوێتی "توحید الألوهیة" کە بەپێی ئەم دابەشکردنە هەر ئەوە بەس نیە بۆ یەکتاپەرست کە یەک خوا بە دروستکەر و پەروەردگار بزانێت بەڵکو دەبێت هەمو کارێکیش کە بۆنی پەرستشی لێ بێت بۆ ئەو تاکە خوایە تەرخان بکات، ئیتر نابێت ـ بۆ نمونە ـ قوربانی بۆ جگە لە خوا بکات یان جگە لە خوا لە کەسی تر بپاڕێتەوە و پەنای بۆ ببات، یان کەس بکات بە "وسیلة" بۆلای خوا و بڵێت "خوایە! لەبەر خاتری فڵان ئەوەم بۆ بکە.."! کە ئەم شتانە بەبێ مەبەست و نیازی پەرستن لەناو موسوڵماناندا هەبون و هەن و وەههابیەکان ئەم دیمەنانە بە فرەپەرستی "شرک" دەزانن و بەمەش پاساوی هەرزانیان دەست کەوت بۆ بەفرەپەرست‌دانانی موسوڵمانانی جیاواز لە خۆیان و کوشتارکردنیان ئەگەر لە ڕوی سیاسی و ئابوریەوە کێبەرکێیان کرد! و هەروەها وەکو ماخۆلیای (دەرکردنی جنۆکە لە جەستەی مرۆڤ!) کە ئەمەش هەر لە ئیبن تەیمییەوە ماوەتەوە بۆ عەقڵی وەههابی، و لە عەقڵی وەههابییشەوە ماوەتەوە بۆ عەقڵی ئیسلامیی نوێ!]، و هەتا ئەو ڕێبازە حەنبەلیە لە چەند مێرگێکی بیابانی نەجد بوژایەوە و لە قاڵبی وەههابیەتدا توندتر لە جاران دەرکەوتەوە. ئەم ڕێبازە خۆی بە میراتگری ڕێبازی (سەلەف) [پێشینانی موسوڵمانان] لە بیروباوەڕدا دەزانێت وپێی وایە شێوازی تێگەشتنی (سەلەف) لە دەقەکانی وەسفی خوا لە قورئاندا پەیڕەو دەکات [کە لێکۆڵینەوەی زیاتر دەری خستوە کە ئەمەش بەتەواوی ڕاست نیە و وەههابیەکان لەژێر کاریگەریی هەندێک لە پێشەوا حەنبەلیە کۆنەکاندان، ئەوانەیان کە زیادەڕەوییان کردوە لە تێگەشتنی دەقاودەق و پیت‌بەپیت بۆ دەقەکانی "صفات" ی خوا، تا ئەو ڕادەیەی بون بە بانگەشەکاری بیروباوەڕی بەرجەستەکردن "تجسیم" و "تشبیه" ی خوا. ئەمانەش وەکو (بەربەهاری) ی حەنبەلی (٢٣٣ – ٣٢٩ ک.) ـ کە سەلەفیەکان زۆریان خۆش دەوێ و لە عەقیدەدا لە قسەی دەرناچن! ـ و (ئیبن تەیمییە) خۆی، و وەکو (ئەبو بەکری دەشتی) ی حەنبەلی (٦٣٤ ـ ٧١٣ ک.) خاوەنی کتێبی "إثبات الحد لله وبأنه قاعد وجالس على عرشه" کە کوردیش بوە].
بەم شێوەیە؛ سەلەفیەکان و سەلەفیە جیهادیەکان، تەنها توندڕەوی مامەڵە لەگەڵ خەڵکان نین، بەڵکو توندڕەوی و ڕواڵەتگەری و دەقپەرستیەکەیان لە (لاهوت) و خوداناسی و "تەصەوور" ی خواوە دەست پێ دەکات. و ئەمانە سەر بە ڕێبازێکن لە ئیسلام، و ئەگەرچی بەگشتی بنەماکانیان بگەڕێنەوە بۆناو دەقەکانی ئیسلام؛ هێشتا چوارچێوە و تێگەشتنە مەزهەبیەکەیان ڕۆڵی تەواوی هەیە لە داڕشتنەوە و لێکدانەوە و توندگرتن و جێبەجێ‌کردنی دەقاودەق و پیت‌بەپیتی بنەما و فێرکاریەکاندا.
لەبەر ئەوانە سادەکاری "تسطیح" و کورتەکاری "اختزال" ێکی زۆر لەو بۆچونەدا هەیە کە پێی وایە داعشیەکان کۆمەڵێک موسوڵمانن و تەنها جیاوازییان لە موسوڵمانی تر ئەوەیە کە داعشیەکان وەکو خۆی جێبەجێی دەکەن! 
بەڵکو ئەوە فریوخواردنە بە وێنەیەک کە داعش دەیەوێت بۆ خۆیی دروست بکات، وەکو کۆمەڵێک موسوڵمان کە تاکە ئامانجیان و ئامانجی ڕاستەقینەیان جێبەجێ‌کردنی ئیسلامە وەکو خۆی و دامەزراندنی دەسەڵاتی ئیسلامە و ئیتر ئەمە پێناسەیانە و پێشاندەری فرمان و ئامانجیانە.. ڕاستە داعش زۆر هەوڵی داوە ئەو پێناسەیە بۆ خۆی دروست بکات، و زۆری خوێن ڕشتوە و کاری نامرۆڤانەی زۆری کردوە هەتا ئەو پێناسەیە بۆ خۆی لە زەینی خەڵکدا بچەسپێنێت. بەڵام نابێت ئێمە بەوە فریو بخۆین و پێناسەی خۆیان بۆ خۆیان دوبارە بکەینەوە و زیاتر بیچەسپێنین، کە ئەمە بوەتە بیروڕای باو لە ناوەندە ڕۆشنبیریە کوردیە نائیسلامیەکەدا، بەڵکو گەیشتوەتە ئەوەی هەر کەسێکیش بیروڕای جیاوازی هەبێت و گومان لەوە بکات کە گروپێکی وەکو داعش بۆ جێبەجێکردنی ڕاستەقینەی ئیسلام هاتوە؛ ئەوە وەکو جۆرێک لە سەرلێ‌شێوان و ـ هەتا ـ پاکانەکردن بۆ ئیسلامیش، لێک‌دەدرێتەوە! بە بڕوای من ئەم بیروڕا باوە سادەکارییەکی زۆری تێدایە، و بێ‌ئاگاییشە لە پاشخانی مەزهەبیی ئەو جۆرە گروپانە و ئەو کێشمەکێشە مەزهەبی و گەمە سیاسیانەی لەپشتی سەرهەڵدان و بەهێزبونیانەوە هەیە. بەو شێوەیەی دواتر ڕونی دەکەینەوە.
پاشخانی مێژویی کۆمەڵگای عەرەبی-سوننیی ناوچەکە
ئەوانەی ڕابوردن هەمویان لە لایەک.. لە لایەکی تر دەبێت ئەوە بڵێین کە ئەوانەی ئەو پێناسە و لێکدانەوەیە بۆ داعش دەکەن بەو پێیەی کە ئەمانە تەنها کۆمەڵێک موسوڵمانی ڕاستەقینەن کە ئیسلام وەکو خۆی جێبەجێ دەکەن؛ دیسان بێ‌ئاگایی خۆیان دەسەلمێنن لە سەرچاوە و بنچینە و پاشخانی مێژویی ئەم کۆمەڵگا عەرەبی-سوننیەی ئێستە لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا پێک‌هاتوە. ئایا هەمان ئیسلامی سەدەی (٧ و ٨ ز.) ئەم کۆمەڵگایەی دروست کردوە؟ ئایا ئەم کۆمەڵگایە و ئەم دەسەڵات و قەوارە خێڵەکی (=سعودی، خەلیجی...) ـانە؛ پاشماوەی دەسەڵاتی ئومەوی و عەبباسین یان مێژویەکی تری هەیە لە سەرەتاکانی مێژوی نوێی ناوچەکەدا؟ بێ گومان مێژویەکی نوێ ئەم کۆمەڵگایەی دروست کردوە، کە ئەویش مێژوی بنەماڵە و شانشینیی عەرەبیی سعودیی هاوپەیمانە لەگەڵ بنەماڵەی ئایینیی نەوەکانی دامەزرێنەری ڕێبازی وەههابی (موحەممەدی کوڕی عەبدولوەههاب)، لەگەڵ ئەو "ئیمارەت" و "مەشیەخەت" و دەسەڵاتە خێڵەکیانەی کەنداو و کوەیت کە هەماهەنگن لەگەڵ سعودی-وەههابیەکان و پێشتریش سعودی-وەههابیەکان داگیریان کردون و ئێستەش لە ڕوی ئایدیۆلۆجیاییەوە هەر داگیرکراوی ئەوانن.. هەمو سەلەفی-جیهادیەکانی جیهانی ئیسلامی کە بەرپرس و تیۆریسازی تێرۆریزمی ئیسلامین؛ بەرهەم و زادەی ئەو مێژوەن کە سعودی-وەههابیەکان دروستیان کردوە: مێژویەک لە دروستکردن "تصنیع" و پیشەسازی "صناعة" ی دەوڵەتێکی عەرەبی-سوننی، بە تامی خیلافەتێکی ئومەوی، و بە ئامانجی دژایەتی و قەڵاچۆکردنی شیعە، و لە ڕێگەی دروستکردنی قەوارەیەک کە بمێنێتەوە و لە فراوانبونیشدا بێت ["باقیة وتتمدد" بە گوزارشی هەندێک لە وتەبێژە داعشیەکان!] و بەهێزکردنی ئەو قەوارەیە بە پێتڕۆڵ و ـ ئەگەر پێویستیش بکات ـ بە دەست‌تێکەڵ‌کردن لەگەڵ زلهێزە خۆرئاواییەکان کە هەمو گەمەیەکی سیاسی لە ناوچەکەدا دەکەن بەپێی نەخشەکانی خۆیان.. جارێک بنەماڵەی سعودی بۆ دروستکردنی دەوڵەتێكی عەرەبی-سوننی، بە ناوی ئیماڕەت و پاشان مەملەکەت "شانشینی" ـەوە، ئیسلامی بەکار هێناوە لە پرۆسێسێکدا کە دەتوانین پێی بڵێین "لاساییکردنەوەی مێژوی سەرهەڵدانی ئیسلام" و بە هەردو ئامڕازی (تەوحید) و (جیهاد). و وا ئێستە جارێکی تریش ڕێکخستنی (دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام "داعش") هەمان گەمەی ترسناک دەکات کە دروستکردنی دەوڵەتێكی عەرەبی-سوننیە، ئەم جارەیان بە ناوی "خیلافەت" ـەوە، بە هەمان پرۆسێسی "لاساییکردنەوەی مێژوی سەرهەڵدانی ئیسلام"، کە لێرە بەدواوە تیشکی زیاتر دەخەینە سەری.
لاساییکردنەوەی ئەزمونی یەکەمی ئیسلام
ئەمڕۆ جیهان بە نیگەرانییەکی زۆرەوە لەو هەمو توندوتیژی و کارە نامرۆڤانە و دڕندەئاسایانە دەڕوانێت کە میلیشیاکانی قەوارەی ناوبراو بە "دەوڵەتی ئیسلامی" لە ناوچەکەدا، دەرهەق بە هەمو ئەوانەی دژی دەوەستنەوە یان ناچنە ژێر باری دەسەڵات و بیروباوەڕەکەی، ئەنجامیان دەدەن. بەتایبەتی دەرهەق بە مەسیحیەکانی موسڵ ـ کە لە شارەکە دەریان کردن ـ و ئێزدیەکانی شەنگال کە سەدانیان لێ کوشتون و بە دیل گرتون و هەزارانیشیان ئاوارەی چیا و سەختاییەکان کردوە و ڕوبەڕوی مەرگێکی هێواش و سستیان کردونەتەوە. ئەمە سەرباری ئەو توندوتیژی و هێرش و داگیرکردنەی عێراق و کوردستان ڕوبەڕوی دەبێتەوە. ئەم توندوتیژیانەی دەوڵەتی ئیسلامی؛ پێشینەی یەکەم و پاساویان لە مێژوی دەسەڵاتی ئیسلامیدا دەبینینەوە: دەوڵەتەکەی پێغەمبەری ئیسلام لە مەدینە، کە هەرچی خێڵی جولەکەی بەهێز و نیمچەسەربەخۆ لە مەدینە و دەوروبەری هەبو؛ بە بیانوگەلی جیاواز لەناو برد یان دەرکرد. لە هەمان کاتیشدا هەرچی شوێنکەوتەی ئایینە عەرەبیەکەی پێش ئیسلام هەبو؛ یان بەناچاری موسوڵمان بوە و ملکەچی دەسەڵاتی ئیسلام بوە، یان کوشتار کراوە، و هەمو شوێنەوارێکی ئەو ئایینەش، وەکو پەرستگاکانی و هێما و پەیکەر و زێوانیەکانی؛ لەناو براوە. دواتریش، دەوڵەتی خیلافەتی ڕاشیدی، هەڵمەتێکی بۆ وڵاتانی دەوروبەری نیمچەدورگەی عەرەبی، سوریا و عێراق و ئێران و کوردستان و..، دەست پێ کرد، هەتا ڕوبەرێکی زۆریان لەو وڵاتانە دوای شەڕ و کوشتارێکی زۆر داگیر کرد و هێنایە ژێر باری دەسەڵاتی ئیسلامی و باوەڕی ئیسلامی، کە ئیتر بەشێک لە دانیشتوانی ئەو شارستانێتی و کۆمەڵگایانە لەناو دەچون و بەشێکیان دەهاتنە ژێر باری ئایینی ئیسلام و بەشێکیان بە دانی سەرانە سەر و ماڵی خۆیان دەپاراست (ئیتر ئەمە تاکە شێوەیەکی ئاشتی و ئاگربڕ بو کە ئیسلام دەیناسی: سەرانە بدە؛ تاڵان و کوشتار ناکرێیت!). ئەم ڕوداوانە چەند دیمەنێکیان پێک‌هێناوە لە مێژوی ئیسلام، لە سەدەکانی (٧ ز.) و (٨ ز.) و (٩ ز.) ـدا. ئیسلام ئەو کات بزوتنەوەیەکی ئایینی-سیاسی-کۆمەڵایەتی-ئابوریی زیندو بوە، و هەناردەکردنی بۆ وڵاتانی دەوروبەر ئەزمونێکی ڕەسەن بوە بۆ بڵاوکردنەوەی ئایینێکی یەکتاپەرستی بە زەبری هێز، ئەو کات ئیسلام بە هەردو باڵی (یەکتاپەرستی) و (جیهاد) بڵاو بوەتەوە. کاتێک لە نیمچەدورگەی عەرەبیدا بە زەبری جیهاد یەکتاپەرستیی چەسپاندوە و فرەپەرستیی لەناو بردوە؛ لە دەرەوەی خۆی هەر ئەو کۆمەڵگا عەرەبیە فرەپەرستە هەبوە. ئیتر ئەمە مێژویەکی کۆنە ئیسلام دروستی کردوە بۆ خۆی. بەڵام لە سەردەمی نوێدا هەمان مێژو دوبارە بکرێتەوە؛ چۆن لێکی بدەینەوە؟ موفارەقەیەکی بێزارکەرە کاتێک دەبینین جارێکی تر هەمان چیرۆک دوبارە دەکرێتەوە: گروپێک جارێکی تر لە ڕێگەی هەردو بنەمای (یەکتاپەرستی) و (جیهاد) ەوە دەسەڵاتی خۆی دەسەپێنێت و قەوارەیەکی سیاسی دروست دەکات. موفارەقەکە لەوەدا دەردەکەوێت کە ئەم گروپە لەناو کۆمەڵگای ئیسلامیدا هەڵدەکەون و هەڵ‌دەسوڕێن بەڵام خۆیان لێ دەبێت بە ئیسلامی سەدەی (٧ ز.) و (٨ ز.) و دەسەڵات و توندوتیژیی خۆیان هەناردەی ناوچەکانی تر دەکەن کە یان موسوڵمان‌نشینن و لە موسوڵمانێتیدا ڕەنگە ڕەسەنتریش بن، یان خاک و ئاوەدانیی ئەو کەمایەتیە ئایینیانەن کە سەدان ساڵە لە کۆمەڵگای ئیسلامیدا قبوڵ کراون و بونەتە بەشێک لەو کۆمەڵگایە. ئەم گروپە کە بە لاسایی‌کردنەوەی مێژوی سەرهەڵدانی ئیسلام دەسەڵات و قەوارەی خۆی بنیات دەنێت؛ بە شێوەیەک خۆیان لێ دەبێت بە ئیسلامی ساتی سەرهەڵ‌دانی؛ کە بەتەواوی دەچنە پێستی ئەو ئیسلامە مێژوییەوە و خۆیان لێ دەبێت بە تاقانە "کۆمەڵی موسوڵمانان" (جماعة المسلمین) و هەمو موسوڵمانانی دەرەوەی خۆیان لێ دەبێتە ئەو فرەپەرست "مشرک" و هەڵ‌گەڕاوە "مرتد" و بێباوەڕ "کافر" انەی ئیسلامی مێژویی لە ساتی سەرهەڵ‌دانیدا ڕوبەڕویان بوەتەوە. ئیتر دەستەواژەی بە "موسوڵمانان" (مسلمون) و "یەکتاپەرستان" (موحدون) ئاماژە بۆ خۆیان دەکەن! ئیتر ناوچەی کارەساتباری ژێر دەستی ئەوان دەبێتە تاقانە "ماڵی ئیسلام" (دار الإسلام) و ناوچەکانی تر دەبنە ماڵی کوفر. ئیتر بە شێوەیەک لە وەهمی خۆبەئیسلام‌زانیندا نوقم دەبن؛ کە هەمان دەستەواژە و وەسفەکانی موسوڵمانانی یەکەم بۆ خۆیان بەکار دەهێنن: ئیتر هەندێکیان "کۆچبەران" (مهاجرون) ـن و هەندێکیان "پشتیوانان" (أنصار) ن! و دزەکردنیان بۆ ناوچەکانی تر بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی و تێرۆر بە کۆچ‌کردن "هجرة" لەپێناوی خوادا دەزانن! کاتێک شارێک داگیر دەکەن و دەیخەنە ژێر چەپۆکی خۆیان؛ بە "فەتح" و "فەتحی موبین" ئاماژە بۆ کردەوەکەیان دەکەن و بە "فەتحی مەککە" بەراوردی دەکەن! بەکورتی: جوڵانەوە و توندوتیژی و داگیرکاریەکەیان دەبێتە لاساییکردنەوەیەکی ناشیرینی ئەزمونی مێژویی ئیسلام لە سەدەی (٧ ز.) و (٨ ز.) دا، و لەم ڕێگەیەوە قەوارە سیاسیەکەی خۆیان دروست دەکەن. بۆ ئەم مەبەستەش لە جیهانبینی و خەیاڵی ئایینیی خۆیاندا هەمو لایەن و پێکهێنەرەکانی هاوکێشە ئیسلامیەکەی سەدەی (٧ ز.) و (٨ ز.) بنیات دەنێنەوە بۆ ئەوەی فەنتازیا و دیمەنەکەی خەیاڵدانی خۆیان تەواو ببێت: ئەگەر ئێستە فرەپەرست و بتپەرست نەماوە وەکو ئەزمونی یەکەمی ئیسلام کوشتاری بکەن یان ناچار بە ئیسلامی بکەن؛ موسوڵمانانی جیاواز لە خۆیان بە فرەپەرست لە قەڵەم دەدەن و وەکو فرەپەرست کوشتاریان دەکەن و شوێنەوار و پەرستگاکانیان دەڕوخێنن، بە خەیاڵی ڕووخاندنی بتەوە. ئەگەرچی هێشتا دەوڵەتێکیان نیە کە دام‌ودەزگا و سوپای یاسایی هەبێت و کۆمەڵگایەکیان پێکەوە نەناوە کە هەمو پێکهێنەرەکانی لەسەر پەیمانێکی کۆمەڵایەتی کۆ ببنەوە؛ بەڵام دەکەونە هەڕەشەی موسوڵمان‌کردن یان سەندنی سەرانە و سەرشۆڕانە لە کەمایەتیە ئایینیەکان.
لێرەدا چیرۆکی دو گروپ دەگێڕینەوە کە بەو شێوەیە بە لاساییکردنەوەی ئەزمونی یەکەمی ئیسلام قەوارەی سیاسی بنیات دەنێن و توندوتیژی بەرپا دەکەن. لە ڕاستییشدا چیرۆکی ئەو دو گروپە وەکو دو دیمەنی یەک شانۆگەری وایە، چونکە گروپی یەکەم پێشینە و باوکی ڕۆحیی گروپی دوەمن.
نمونەی یەکەم
سعودی-وەههابیەکان
و دروستکردنی ئیمارەت ـ و پاشان ـ مەملەکەتی سعودی
ئێستە مرۆڤایەتی سەری سوڕ دەمێنێت لەو توندوتیژی و کردەوە دڕندەئاسایانەی میلیشیاکانی داعش ئەنجامیان دەدەن. بەڵام لە ڕاستیدا ئەو توندوتیژی و کردەوانە پێشینەی دزێوتر و ناشیرینتری هەیە، کە بریتیە لەو هەمو هەڵمەتی لەناوبردن و کوشتار و تاڵانکردنەی وەههابیەکان لەژێر سایەی دەسەڵاتی ئەمیرە سعودیەکاندا، بەدرێژایی سەدەکانی (١٨) و (١٩) و (٢٠)، دەرهەق بە خێڵەکان و ناوچەکانی تری نیمچەدورگەی عەرەبی و دەوروبەری، ئەنجامیان داون. مەلایەکی حەنبەلیی نەجدی بە ناوی (موحەممەدی کوڕی عەبدولوەههاب)، لە ڕێبازی حەنبەلی ڕێبازێکی توندتر ساز دەکات کە "وەههابیەت" ـە، و دەیکاتە ئایدیۆلۆجیای ئیمارەتی سعودی لە نەجد: "دیرعییە"، و پاشان "ریاض"، و بەم شێوەیە و لە ناوەڕاستی سەدەی هەژدەهەمدا لەگەڵ ئەمیری دیرعییە (موحەممەدی کوڕی سعود)، کە دامەزرێنەی بنەماڵەی سعودیە، ڕێک‌کەوت بۆ سەپاندنی قەڵەمڕەو و دەسەڵاتی سیاسیی ئیمارەتی سعودی و دەسەڵاتی مەزهەبیی ڕێبازی وەههابی. ئەمەش لەسەر بنەمای یەکتاپەرستییەکی توندڕەو کە هەمو موسوڵمانانیش، موسوڵمانانی جیاواز لە خۆیان، لەژێر سایەیدا بە فرەپەرست پێناسە دەکرێن، و لەسەر بنەمای جیهاد لەگەڵ فرەپەرست، کە هەر هەمان داگیرکاری و تاڵانکاریی دەشتەکیەکان و خێڵەکانی بیابانە بەڵام بە بیانویەک کە بریتیە لە یەکتاپەرستی. بەم شێوەیە بە درێژایی سەدەی (١٨ ز.) و (١٩ ز.) و هەتا (٢٠ ز.)، وەههابی-سعودیەکان، خەریکی داگیرکاری و تاڵانکاری بون، هەتا زۆربەی نیمچەدورگەی عەرەبییان هێنایە ژێر باری دەسەڵات و ڕێبازی خۆیان. وەههابیەكان لەم هێرشی داگیرکاری و تاڵانکاریانەدا خۆیان بە "موجاهید" دەژمارد و هێرش و تاڵانكردنەكانیان بە "غەزا" و "غَزَوات" دادەنا و داگیركردنەكانیان بە "فُتُوحات" دەزانی و ژێردەستەكانیان بە تازە موسڵمان لە قەڵەم دەدا و دەرچون لە دەسەڵاتیان بە هەڵگەڕانەوە "ردّة" ناو دەبرد.. وەكو بڵێیت سەرلەنوێ‌ ئیسلام هەناردە دەكەن! مێژونوسەكانیان، وەكو (ابن بشـر) خاوەنی (عُنْوان المَجْد فی تأریخ نَجْد) و (ابن غنام) خاوەنی (تاریخ نجد) و و نوسەرێكی سەلەفیی وەكو (حامد محمد الفقي)، هەمیشە سوپای ئەو دەشتەكیانە بە "موسڵمانان" (المسلمون) ناو دەبەن! زاراوەكانی (جُنـْد الإسلام) و (جُنـْد التوحید) و (جَیْش التوحید) سەرەتا بە سوپای ئەو بیاباننشینانە وتراوە، ئینجا بۆ هەندێك گروپی تری هاوشێوە خوازراوە! موحەممەدی کوڕی عەبدولوەههاب بۆ خۆی بە شوێنكەوتەكانی لە خەڵكی شاری "دیرعییە" (پایتەختی یەکەمی بنەماڵەی سعودی) دەوت پشتیوانان «الأنصار» و ئەو كەس و گروپ و خێڵانەش كە لە دەرەوەی شارەكەوە دەهاتن و شوێنی دەكەوتن پێی دەوتن كۆچكەران «المُهاجِرون» (چونكە خۆیشی لە شارۆچکەی عویەینەوە كۆچی كردبو بۆ دیرعییە). ئەمانە و زۆر شتی تریش نیشانەی ئەوەن كە مەبەست لە دامەزراندن و شوێنكەوتنی وەههابیەت ئەوەیە كە كۆپییەكی راستەوخۆی ئیسلام بێت لە ساتی سەرهەڵدانیدا: (موحەممەدی كوڕی عەبدولوەههاب) لە بریی (موحەممەدی كوڕی عەبدوڵڵا)، (عویەینە) لە بریی (مەككە)، (دیرعییە) لە بریی (مەدینە)، جگە لە لاساییكردنەوەی بانگەشەی چڕ‌وپڕی یەكتاپەرستی بە پێناسەکەی خۆیان و دوبارەكردنەوەی ئەزمونی جیهاد و (غَزَوات) دژی فرەپەرستی، و ناوبردنی خۆیان بە تایبەتی بە زاراوەی (موسڵمانان) و (یەكتاپەرستان)، و بەكارهێنانی زاراوەی كۆچكەران و پشتیوانان. بەکورتی: جارێکی تر ئیسلام بڵاو دەکرایەوە و بە زەبری جیهاد دەسەپێنرا، بەڵام ئەم جارەیان لەناو کۆمەڵگایەکی موسوڵماندا! و ئەو شەڕەی ئیسلام لە کاتی خۆیدا لەگەڵ عەرەبی فرەپەرست و ساسانیەکان و بیزەنتیەکاندا کردبوی؛ وەههابیەکان بەرامبەر خێڵە دەشتەکیەکانی تر و شیعە و شەممەریەکان و حیجازیەکانی هاوپەیمان لەگەڵ عوسمانیەکاندا، دەیانکرد.
ئەم بارودۆخە درێژەی هەبو، بەڵکو لە سەدەی بیستەمدا گەیشتە ترۆپک، کاتێک ئیبن سعود (عەبدولعەزیز ئال سعود)، دەسەڵاتی بنەماڵەی سعودیی لە ئیمارەتی (ریاض) ـەوە فراوان کرد هەتا شانشینیی عەرەبیی سعودیی لێ دروست کرد، ئەمەش بە سەرپەرشتی و پشتیوانیی بریتانیا، بەڵام کۆڵەکە و بنەمای یەکەمی پیشەسازی و دروستکردنی ئەم دەوڵەتە عەرەبی-سوننیە؛ بریتی بو لە پێگەیاندنی میلیشیایەکی ئایینیی توندڕەو، بە ناوی (ئیخوان)، کە لەسەر یەکتاپەرستیە وەههابیەکە پەروەردە بکرێن و هەمو موسوڵمانانی جیاواز لە خۆیان بە "موشریک" و "کافر" بزانن و ئامادە بن بۆ کوشتار و لەناوبردنیان. ئەوە بو ئیبن سعود کۆمەڵێک خێڵی دەشتەکیی لە شێوازی ژیانی خۆیان دابڕی و لە چەند کۆمەڵگایەکدا نیشتەجێ کرد کە بە هەر یەکێک لەو کۆمەڵگایانە دەوترا "هیجرە"، بۆ ئەوەی خەیاڵی ئەوەیان بۆ دروست بکات کە ئەمانە لە پێناوی ئیسلامدا کۆچ "هجرة" یان کردوە و خۆیان بە کۆمەڵی کۆچکەران "مهاجرون" بزانن.
 سێ سەرکردەی دیاری (ئیخوان):
فەیصەل ئەل-دەویش، نایف بن حیثلەین، سوڵتان بن بیجاد
ئەم خێڵانە هەم لەسەر یەکتاپەرستیی توندی وەههابی پەروەردە کران کە ئیتر هەمو خەڵکیان بە فرەپەرست دەزانی، و هەم لە ژیانی داگیرکاری و تاڵانکاری دور خرابونەوە، بۆیە تامەزرۆی هەڵمەت و هێرشی داگیرکاری و تاڵانکاری ببون، ئیبن سعودیش ئەم پاڵنەرەی ئەوانی دژی دوژمن و ڕکەبەرەکانی لە خێڵی شەممەر و لە (ئەشراف) ی فەرمانڕەوایانی حیجاز بەکار هێنا.
 ئاڵای ئیخوان
نمایشێکی چەکدارەکانی ئیخوان، نمونەی یەکەمی گروپە ئیسلامیە تێرۆریستەکانی دەستکردی سعودیە
 
سوپای ئیخوان، لە یەکێک لە هێرشەکانیاندا
ئیتر میلیشیاکانی ئیخوان قەسابخانەی گەورەیان لە حیجاز، بەتایبەتی لە طائیف و پاشان مەککە و مەدینە، بەرپا کرد، و ڕێگەیان بۆ ئیبن سعود تەخت کرد هەتا شانشینیەکەی ڕابگەیەنێت(١). بەم شێوەیە دەوڵەتێکی عەرەبی-سوننی، لەسەر شێوەی خیلافەتی ئومەوی، و لەسەر بنەمای دوژمنایەتی لەگەڵ شیعە و عوسمانیەکان و تەریقەتە صۆفیەکان، و لە قاڵبی شانشینییەکی ڕەهادا، دامەزرا، و بۆ ئەم ئامانجەش ئیسلام و یەکتاپەرستیی ئیسلام و بنەمای جیهاد بەکار هات، و لاسایی پەیدابون و بڵاوبونەوەی ئیسلام کرا، و چەمکە ئیسلامیەکانی پەیوەست بە سەرهەڵدانی ئیسلامیەوە، وەکو "هیجرەت" و "جیهاد" و "فەتح" بەکەڵک هێنران. سعودی-وەههابیەکان بەم ئەزمونە پێشینەیەکیان بەرپا کرد بۆ هەمو گروپێکی ئیسلامی کە لەژێر سایەی ڕێبازی وەههابیدا موسوڵمانانی جیاواز لە خۆیان بە فرەپەرست و بێباوەڕ بزانن، و ڕێبازی وەههابی بوە شێرپەنجەیەک بۆ گیانی جیهانی ئیسلام، و ئێستە هەمو گروپە ئیسلامیە سوننیە توندڕەوەکان لەو سەرچاوەیەوە ئاو دەخۆنەوە.
نمونەی دوەم
ڕێکخراوی داعش
و دروستکردنی دەوڵەتی ئیسلامی (خیلافەت)
بە هەمان شێوەی ئیمارەت و پاشان مەملەکەتی سعودی، گروپی تێرۆریستی (دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام)، لەژێر سایەی هەمان ڕێبازی وەهابی و یەکتاپەرستیە توندەکەی، و بنەمای جیهاد دژی فرەپەرستان، و بەتایبەتی بە هەمان ئامانجی دژایەتی و قەڵاچۆکردنی شیعە و دام‌ودەزگا کۆمەڵایەتی و ئایینیەکانی پەیوەست بە تەریقەتە صۆفیەکانەوە، و بە بەکارهێنانی هەمان ئەزمونی یەکەمی ئیسلام لە سەرهەڵدان و بڵاوبونەوەیدا؛ قەوارەیەکی دامەزراند، کە هەر لە سەرەتاوە ناوی "دەوڵەتی ئیسلامی" ی لێ‌نا و لە دواییدا کرایە "خیلافەت" و تاقانە "دەوڵەتی ئیسلامی".
ئەم جارەش گروپێکی ئیسلامیی سوننی، دەیەوێت ببێتە پوازێک لە جەستەی پرۆژەی شیعی-ئێرانی لە ناوچەکەدا، و سێبەری ئەو دەسەڵاتە ئێرانی-شیعیە لە عێراقدا بکشێنێتەوە، و دەستیشی لە پشتگیریی ڕژێمی عەلەویی سوریا و شیعەکانی لوبنان ببڕێت و بەرامبەر هەژمونی شیعە لە ناوچەکەدا بوەستێتەوە. بۆ ئەم ئامانجە گەورەیەش، چەند یاریکەرێکی بەهێزی بارستە سوننیەکەی ناوچەکە، کە قەتەر و سعودییە کوەیت و تورکیان، پشتگیریی داعش دەکەن و بەهێز و پارەداری دەکەن و قوڵایی ستراتیجی و پشتگیری لۆجیستیی بۆ دابین دەکەن.. ئەوەش بۆ ئەجێندایەک کە بریتیە لە جەنگێکی تائیفی لە ناوچەکەدا لەنێوان ئەهلی سوننە و شیعە، بۆ لەباربردنی پڕۆژە شیعیەکە لە ناوچەکەدا، و کورتکردنەوەی دەستی ئێرانی شیعی لە سوریا و عێراق و کۆتایی‌هێنان بە ڕژێمی شیعی-عەلەویی سوریا. واتە ئامانجەکە سنوردارکردنی هەژمونی شیعی-ئێرانیە و و بەڕێوەبردنی ململانێی بارستە سوننیەکەیە لەگەڵ بارستە شیعیەکە.. بە شێوەیەک دەوڵەتە ئیسلامیە دەستکردەکەی داعش ڕێک دەکەوێتە ناوەڕاستی پرۆژە شیعیەکە لە ناوچەکەدا، وەکو پوازێک لە ناوەڕاستی جەستەی دارێکدا.
سەرچاوە و پاشخانی پشتگیریی ماددی و ئایدیۆلۆجیایی داعش
بەپێی ڕۆژنامە و ئاژانسە هەواڵیە خۆرئاواییەکان؛ بە پارەی چەند پارەدارێکی کەنداو، بەتایبەتی لە قەطەر و سعودیە و کوەیت، داعش پشتگیری دەکرێت و کراوە، و کوەیت گرنگترین گوزەرگەی پارەیە بۆ داعش. چەکدارکردن و پارەپێدان و پشتگیریی لۆجیستی بۆ پەڕینەوە لە سنور؛ تورکیا جێبەجێی کردوە.
ستراتیجیی نهێنیی ئەمیر بەندەر بن سوڵتان لە سوریا
سەرەتا ئەوە بو شای سعودیە ساڵی ٢٠١٢ فایلی سوریای دایە دەست ئەمیر "بەندەر بن سوڵتان" لەگەڵ بەڕێوەبردنی دەزگای هەواڵگریی سعودی، ئیتر دوابەدوای ئەمە و بەدرێژایی ماوەی مانەوەی فایلی سوریا لە دەستی ئەمیر بەندەردا (ساڵی ٢٠١٣ هەتا شوباتی ٢٠١٤)؛ ڕۆڵ و جوڵە و چالاکیی بەرەی نوصڕە و داعش لە سوریا هەڵ‌کشا و هێزێکی وایان پەیدا کرد کە بونە دو پاڵەوانی سەرەکیی گۆڕەپانی بەرهەڵستیی ڕژێمی ئەسەد.
ئەمیر (بەندەر بن سوڵتان)
سەرۆکی پێشوی دەزگای هەواڵگریی سعودی
لە وتارێکی ڕۆژنامەی (ذە ئەتڵانتیک) The Atlantic، بە مێژوی ٢٣ / ٦ / ٢٠١٤، لە زاری بەرپرسێکی باڵای قەتەرەوە دەگوازێتەوە کە "داعش پرۆژەیەکی سعودی بو"، و لە درێژەی بەدواداچونەکەدا هاتوە کە ڕێکخراوی داعش "بەشێکی بنەڕەتی بوە لە ستراتیجیی نهێنیی ئەمیر بەندەر لە سوریا"(٢).
باڵوێزی سوریا لە عەممان، جەنەڕاڵ (بەهجەت سولەیمان)، لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی (الميادين) پەنجەی بۆ ئەمیر بەندەر درێژ کرد و بەئاشکرایی ئەوەی دایە پاڵ کە لە سەربازگەیەکی تایبەتدا لەسەر سنوری ئوردون-سوریا دەمێنێتەوە بۆ پشتگیریی تێرۆر و هاندانی گروپە چەکدارە تێرۆریستەکان.. بەڵکو وتی: ئەمیر بەندەر بن سوڵتان سەرکردەی ڕاستەقینەی قاعیدە و لق‌وپۆپەکانیەتی وەکو داعش و ئەوانی تر، و ئیتر ئەیمەن ظەواهیری هەر دەم‌وچاوی بەردەم ڕاگەیاندنە و ئوسامە بن لادنیش تەنها هێمایەکی ڕۆحییەتی.
و چەند ڕاپۆرتێکیش ئاماژەیان بۆ چالاکییەکی ئاسایشی و لۆجیستی و سەربازی سعودی لە چەند ناوچەیەکی سنوریی هاوبەش لەگەڵ سوریا.
ئەمانەش هەمویان بە ئاگاداری و ڕەزامەندی و دەستخۆشانەی ئەمێریکا. دوای ئەوەی وڵاتانی کەنداو و سعودیە، بە سەرکردایەتیی سعودیە و لە ڕێگەی ئەمیر بەندەرەوە، پشتگیریی داعش و بەرەی نوصرە و هەندێک گروپی تر لە سوریا دەکەن و ئەو گروپانە بەهێز دەکەن بە شێوەیەک گۆڕانکاری لە کێشمەکێش لەگەڵ ڕژێمی سوریا دروست دەکەن؛ (جۆن مەککەین) John McCain سیناتۆری حیزبی کۆماریەکانی ئەمێریکا لە کانونی دوەمی ڕابردودا لەسەر کەناڵی CNN لێدوانی دا و وتی: "سوپاسی خوا دەکەین بۆ سعودیەکان و ئەمیر بەندەر، وا خەریکە گۆڕانکارییەک لەوێ [یانی لە سوریا] دەبینین"! دوای مانگێکیش لە (کۆنگرەی ئاسایش لە میونیخ) Munich Security Conference هەمان وتەی بە شتێکی زیاترەوە دوبارە کردەوە کە وتی: "سوپاسی خوا دەکەین بۆ سعودیەکان و ئەمیر بەندەر و دۆستە قەطەریەکانمان"!!(٣)
پاتریک کۆکبورن Patrick Cockburn پەیامنێری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ڕۆژنامەی (ذە ئێندیپێندت) ی بریتانی، لەو ڕۆژنامەیەدا وتارێکی نوسیوە بە ناوی "چۆن سعودیە هاوکاریی ڕێکخراوی داعشی کردوە بۆ زاڵبون بەسەر باکوری عێراقدا؟"، لەو وتارەدا هاتوە کە: پێش ڕوداوەکانی ١١ ی سێپتەمبەر، بەڕێوەبەری پێشوی دەزگای هەواڵگریی سعودی، ئەمیر بەندەر، و سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نهێنیی بریتانی MI6، ڕیچارد دێرلۆڤ Richard Dearlove، یەکتریان بینیوە، و لەو دانیشتنەدا ئەمیر بەندەر بە دێرلۆفی وتوە: "ریچارد! ئەو کاتە دور نیە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، کاتێک میلیارێک موسوڵمانی سوننی هەست دەکەن کە ئیتر بەسە ئەوەی چەشتویانە بە دەستی شیعە، ئەو کاتە مەگەر هەر خوا فریای شیعە بکەوێت".
ڕیچارد دێرلۆڤ
سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نهێنیی بریتانی
کۆکبورن دەڵێت ئێستە ئەو پێشبینیەی ئەمیر بەندەر دێتە دی، و دەرکەوت کە سعودیە ڕۆڵی سەرەکیی هەبوە لە هێنانەدیی ئەو پێشبینی و خەونەدا، ئەوەش لە ڕێگەی پشتگیری‌کردنی "جیهاد لە دژی شیعە" ەوە لە عێراق و سوریا. بۆیە کاتێکیش داعش دەستی گرت بەسەر موسڵ و ناوچەگەلێکی تردا لە باکوری عێراق؛ یەک‌سەر دەست کرا بە کوشتنی هاوڵاتیی عێراقیی شیعی، ئەوە بو لە چەند دێیەکی شیعی لە باشوری کەرکوک ژمارەیەک ژن و منداڵ کوژران، و ژمارەیەکی زۆر لە شیعە لە چەند گۆڕەبەکۆمەڵێکدا نزیکی تەکریت خرانە ژێر خاک، و لە موسڵ و لە نزیک تەلەعفەر مزگەوت و نزرگە شیعیەکان تەقێنرانەوە.
کۆکبورن پێی وایە پەراوێزخستنی کەمینەی عەرەب/سوننیی عێراق لەلایەن حکومەتی مالیکیەوە تاکە هۆکارێک نیە بۆ تێکچونی بارودۆخی عێراق لە ٢٠١١ ەوە هەتا ئێستا، بەڵکو هۆکاری ڕاستەقینە زاڵبونی ئەو جیهادیانەیە کە دەستیان گرت بەسەر شۆڕشی سوریادا و لەلایەن سعویە و قەطەر و کوەیت و ئیماراتەوە پارەدار و پشتگیری کراون(٤).
پاتریک کۆکبورن
 پەیامنێری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست له ڕۆژنامەی (ذە ئێندیپێندت)
ئەمیر بەندەر لە شوباتی ٢٠١٤ دەستی لە فایلی سوریا و پشتگیریی چەکدارە توندڕەوەکان لە سوریا بڕا (واتە لە پلەی سەرۆکایەتیی دەزگای هەواڵگریی سعودی دەستی هەڵ‌گرت. لێدوانە ڕەسمیەکان دەڵێن دەست‌لەکارکێشانەوەی لەسەر داوای خۆی بوە و لەبەر کێشەی تەندروستی بوە. ئێستەش سێکریتێریی گشتیی ئەنجومەنی ئاسایشی سعودیە)، بەڵام لە حەزیرانی ٢٠١٤ داعش خۆی وەکو دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ڕاگەیاند. و ئیتر پرۆژەکەی ئەمیر بەندەر زیاد لە پێویست بەرهەمی خۆی دا!
پارەدارکردن داعش و گروپەکانی تر لەلایەن وڵاتانی کەنداو و سعودیەوە
ئەمە سەبارەت بە ڕۆڵ و جوڵەکانی ئەمیر بەندەر، کە بەتەواوی بەرهەمیان خۆیان داوە، وەکو ئێستە دەیبینین. سەبارەت بە هەڵمەتی پارەدارکردنی داعش و گروپە سوننیە تێرۆریستەکانی تر لە سوریا؛ دیسان لێکۆڵینەوە و ڕاپۆرت و بەدواداچونە ستراتیجی و ڕۆژنامەییەکان تیشکی زۆریان خستوەتە سەر سەرچاوەی ئەو پارانە:
ـ خاتو (لۆری پلۆتکین بۆگارت) Lori Plotkin Boghardt لە (ئینستیتیوتی واشینتن بۆ سیاسەتی خۆرهەڵاتی نزیک) The Washington Institute for Near East Policy، دەڵێت: هەتا ئێستە بەڵگەیەکی جێی متمانە نیە کە بیسەلمێنێت حکومەتی سعودی ڕاستەوخۆ لەپشتی پارەدارکردنی داعشەوەیە، بەڵام هاوڵاتیانی پارەداری سعودیە سەرچاوەیەکی بەرچاوی پارەدارکردنی هێزە سوننیە جوڵاوەکانی سوریان، و لە کەنداو و سعودیەوە سەدان میلیۆن دۆلار چوە بۆ سوریا و لەوانەش بۆ داعش و هەندێک گروپی تر، کە بێ گومان ئەو پشتگیری و پارەدارکردنە لە سعودیەوە سەخاوەتمەندانەترە!(٥)
 لۆری پلۆتکین بۆگارت
 لە (ئینستیتیوتی واشینتن بۆ سیاسەتی خۆرهەڵاتی نزیک)
ـ ڕۆژنامەی (ذە نیویۆرک تایمز) The New York Times، لە تیشرینی دوەمی ٢٠١٣ دا بەدواداچونێکی کردوە بۆ سەرچاوەی پارەی داعش، دەڵێت: بڕە پارەی زەبەلاح لە چەند بانکێکەوە لە کوەیت حەواڵە دەکرێت بۆ پشتگیریی چەکدارە بەرهەڵستکارەکان لە سوریا. (غانم المطیري) یەکێک لەو کەسە کوەیەتیانەی کە پارەیان کۆ کردوەتەوە بۆ پارەدارکردنی بەرەی نوصرە و داعش، قسەی بۆ ڕۆژنامەکە کردوە و وتویەتی: "پێشتر هاوکاریی ئەمێریکامان کردوە لە عێراقدا، ئێستەش دەمانەوێت بەششار ئەسەد لە سوریان دەربکەین.. ئیت بۆچی هاوکاریی قاعیدە نەکەین؟!"(٦)
ـ ڕۆژنامەی (ذە وۆڵ ستریت جۆڕناڵ) The Wall Street Journal، لە سەرەتای ئەم مانگەدا (٩ / ٢٠١٤)، لە ڕاپۆرتێکی خۆیدا باسی کردوە و لە زاری (دەیڤید کۆهێن) David S. Cohen ـەوە ـ کە بەرپرسێکی دیاری یەکەی قەڵاچۆکردنی تێرۆرە لە وەزارەتی خەزێنەی ئەمێریکا ـ دەگێڕێتەوە کە وەزارەتی ناوبراو لە چەند هەفتەی ڕابردودا بەدواداچونی کردوە بۆ گەلێک پرۆسەی ناردنی پارە کە لە ڕێگەی چەند دامەزراوەیەکی خێرخوازی و چەند سایتێکی پەیوەندیی کۆمەڵایەتیەوە، لە قەطەر، جێبەجێ کراون، بۆ پشتگیری و پارەدارکردنی چەند لایەنێکی توندڕەو لە عێراق و سوریا(٧). کە ئەمەش لە پێشەوە بەرەی نوصرە (سەر بە قاعیدە) و داعش دەگرێتەوە.
دەیڤید کۆهێن
 بەرپرسێک لە وەزارەتی خەزێنەی ئەمێریکا
ـ ڕاپۆرتی سایتی "دەیلی بیست" The Daily Beast ی ئەمێریکایی، دەڵێت کە سعودیە و کوەیت و قەطەر داعشیان پارەدار کردوە، ئەمەش بە ڕەزامەندیی ئەمێریکا و بەئاگاداریی ئەو.
سایتی ناوبراو ڕاپۆرتێکی بڵاو کردوەتەوە لەسەر پەیوەندیی چەند دەوڵەتی کەنداو بە پارەدارکردنی داعشەوە، و هەڵوێستی نوێی ئەمێریکا سەبارەت بەوە. ڕاپۆرتەکە دەڵێت: داعش کە ئێستە بوەتە هەڕەشەیەک بۆسەر ناوچەکە؛ بۆ چەند ساڵێك لەلایەن پارەبەخشە دەوڵەمەندەکانی کوەیت و قەطەر و سعودیەوە پارەدار کراوە، کە ئەم سیانەش هاوپەیمانی ئەمێریکان، و لێرەوە دیارە ئەجێندایەکی جوتلایەنەیان لە مەسەلەی ڕوبەڕوبونەوەی تێرۆردا هەیە.
ڕاپۆرتەکە لەسەری دەڕوات و دەڵێت: هاوپەیمانانی ئەمێریکا لە کەنداو بەشدار و هاوکار بون لە گەشەکردن و بەهێزبونی ئەو گروپە تەندڕەوەدا لە ڕێگەی پارەدارکردنیەوە، ئەوەش بە ئامانجی دروستکردنی هەڕەشە بۆسەر ئێران و ڕژێمی ئەسەد، و خولقاندنی هەڕەشەی جەنگێکی تائیفی و مەزهەبی لەنێوان سوننە و شیعەدا، لەگەڵ ئەوەی بەڕواڵەت کۆکن لەگەڵ دیدگای ئەمێریکا کە بۆ جێگیربون و ئاساییبونەوەی دۆخی ناوچەکە تێ‌دەکۆشێت.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە پارەدارکەری سەرەکیی داعش دەوڵەمەندەکانی دەوڵەتانی کەنداون، لە کوەیت و قەطەر و سعودیە، ئەمەش بە ڕەزامەندیی ژێربەژێری دەسەڵات و ڕژێمی ئەو وڵاتانە، بەڵکو زۆر جاریش ئەم پارەدارکردنە بۆ سپی‌کردنەوەی پارەیش لەو دەوڵەتانەی کەنداودا بەکەڵک هێنراوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە؛ ئەمێریکا و ئەو دەوڵەتانەی کەنداو سەرەتا پشتگیریی ئەو ئەجێندایەیان کردوە، لەو سەرەتایەوە ئامانجی داعش (یاخود ئامانج لە پشتگیریی داعش) لەو کێشمەکێشە تائیفیە ئیقلیمیەدا بریتی بوە لە جەنگ دژی ئەو ڕژێمانەی هاوپەیمانی تائیفی و سیاسیی ئێرانن، کە ئەم ئامانجەش لەگەڵ ئامانجی ئەو دەوڵەتانەی کەنداودا یەک‌دەگرنەوە، بەڵام دواتر بارودۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەردەچێت و جڵەوی کارەکە لە دەستی دەوڵەتانی کەنداو دەردەچێت و بەتەواوی دەکەوێتە دەستی داعش. بۆیە ئێستە ئەمێریکا پەستانی خستوەتە سەر ئەو دەوڵەتانەی کەنداو کە دەست لە داعش بەردەن.
هەروەها ڕاپۆرتەکە لەسەر زاری (ئەندرو تابلەر) Andrew Tabler ـەوە، ئەندامی هەمان (پەیمانگای واشینتن بۆ سیاسەتی خۆرهەڵاتی نزیک) کە ئاماژەی بۆ کرا، دەڵێت: هەموان دەزانن کە پارەگەلێکی زۆر لە دەوڵەتانی کەنداوەوە لە ڕێگەی کوەیتەوە دەگاتە سوریا، سیستەمی بانکیی کوەیتی کێشەیەکی گەورەیە چونکە گوزەرگەیەکی زۆر گرنگی پارەیە بەرەو ئەو گروپە توندڕەوانە لە سوریا و پاشانیش عێراق.
ئەندرو تابلەر
لە پەیمانگای واشینتن بۆ سیاسەتی خۆرهەڵاتی نزیک
ئینجا ڕاپۆرتەکە دەڵێت: ئیسنتیتیوتی بڕوکینگز The Brookings Institution بۆ توێژینەوە لە واشینتن، لە لێکۆڵینەوەیەکیاندا لە کۆتایی ساڵی ڕابردودا (مانگی ١٢ ی ٢٠١٣)، درکاندویەتی کە سەدان میلیۆن دۆلار لە وڵاتانی کەنداوەوە گەیەنراون بە گروپە چەکدارە توندڕەوەکانی سوریا، ئەمەش لە ڕێگەی کوەیتەوە، کە کەلێن و لاوازیی ڕێسا بانکیەکانی بواریان داوە بە کۆکردنەوەی پارە بۆ ئەو گروپانە کە بەپێی ڕاپۆرتەکان پەیوەستن بە ڕێکخراوی قاعیدەوە. ڕاپۆرتەکەی ئینستیتیوتی بڕوکینگز ئەوەش دەڵێت کە چەند دەوڵەتێکی وەکو تورکیا و ئوردون دوایین وێستگە بون کە لەوێوە ئەو پارانەی کەنداو گەیشتونەتە ناو سوریا. جا هەرچەند حکومەتەکانی سعودیە و قەطەر و کوەیت هەندێک یاسایان بۆ سنوردارکردنی ئەو پارە گوماناویانە داناوە، بەڵام هێشتا چەندین کەس و لایەن ماون کە بەئاشکرا پارە دەنێرن بۆ گروپەکان. 
بەم شێوەیە ئەو ڕژێمانەی کەنداو بەشدار لە خۆشکردنی ئاگری جەنگێکی ئیقلیمی لەنێوان شیعە و سوننەدا، کە هیچ شتێک پێشی پێ ناگرێت و ڕۆژ بە ڕۆژ بارودۆخەکە بەرەو خراپتر دەچێت.
کۆتایی ڕاپۆرتەکەی (دەیلی بیست) بەوە دێت کە دەڵێت: بەردەوامبونی سەرانی کەنداو لە ڕێگەدان بە پشتگیریی گروپە توندڕەوەکان لە سوریا لەلایەن کەس و لایەنە سوننی-وەههابیەکانی وڵاتەکانیانەوە؛ پەرچەکردارێکە بۆ ڕێ‌وشوێنی حکومەتی ئۆباما کە نەیتوانیوە ئەو پەیمانە بباتە سەر کە پێشتر داوێتی بە دەوڵەتانی کەنداو بە لێدانی سەربازیی سوریا. ئەمیر بەندەر بن سوڵتان، سەرۆکی پێشوی دەزگای هەواڵگریی سعودیە، ساڵی ٢٠١٣ بە (جۆن کێری) John Kerry ی وەزیری دەرەوەی ئەمێریکای ڕاگەیاندوە کە ئەو پشتگیریەی کەنداو بە سەرکردایەتیی سعودیە هەیە بۆ گروپە چەکدارەکان وەڵامێکە بۆ پاشەکشەی ئەمێریکا لە جێبەجێکردنی لێدانی سەربازیی سوریا(٨).
ئەم هێزانە، سعودیە، قەطەر و وڵاتانی تری کەنداو، هەڵوێستێکی دولایەنەیان بەرامبەر تێرۆر هەیە: هەڵوێستێک بریتیە لە قەڵاچۆکردنی تێرۆر و هەوڵی لەناوبردنی و هاوکاریی هەر هێزێک بۆ ئەو ئامانجە یارمەتییان بدات؛ ئەمە سەبارەت بە تێرۆرێک کە ئاوقای وڵاتەکەی خۆیان دەبێت. هەڵوێستێکی تریش پشتگیریی ژێربەژێر بۆ هەر هێزێکی تێرۆریست کە کاری تێرۆریستی لە وڵاتی تر دەکات بە شێوەیەک خزمەت بە هەندێک ئەجێندا (ئایینی، مەزهەبی، سیاسی، ئابوری) ی ئەوان بکات. ئەم دوفاقەییە هەتاکو لە فەتوای مەلاکانیشیاندا ڕەنگ دەداتەوە: دەبینیت مەلا وەههابیەکانی سعودیە و کەنداو، بۆ تێرۆرێک کە ئاوقای وڵاتی خۆیان ببێت؛ بە شێوەیەک قەدەغە و حەرامی دەکەن بە شێوەیەک لەگەڵیدا هەمو خۆپێشاندان و ناڕەزاییەکیش لە دەسەڵات حەرام دەکەن، بەڵام کاتێک دێتە سەر ئەو تێرۆرەی کە ئاوقای وڵاتانی دەوروبەریان دەبێت، بەتایبەتی ئەگەر خزمەت بە ئەجێنداکانیان بکات، وەکو دژایەتی و قەڵاچۆکردنی شیعە و دەسەڵاتە شیعیەکان؛ دەبینیت هەمویان بەیەکدەنگی فەتوای بۆ دەدەن و موسوڵمانان هان دەدەن بۆ بەشداری‌کردن لەو "جیهاد" ە پیرۆزەدا!!
لەو ڕاپۆرتانەوە ڕۆڵی قەطەر لە پشتگیریی تێرۆری گروپە سوننیەکاندا ئاشکرایە. ڕاپۆرتگەلێکی ڕۆژنامەوانی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە بڕی تێچوی ماددیی ساڵانەی سیاسەتی دەرەوەی قەطەر نزیکەی چوار میلیار دۆلارە! کە ئەمەش نزیکە لە بودجەی ساڵانەی یەک وڵاتی تەواوی وەکو لوبنان! جا بزانە ئەو پارەدارکردن و پشتگیریە چەندە زۆر بوە و ئەو سیاسەتە چەندە قورس کەوتوە لەسەر بودجەی وڵاتەکە.
ڕۆڵی تورکیا لە دروست‌کردن و پشتگیریی داعشدا
سەبارەت بە ڕۆڵی تورکیا؛ تا ئێستە بەڵگەی زۆر لەسەر ڕۆڵی تورکیا لە پشتگیریی داعشدا ـ بەتایبەتی لە سەرەتاوە ـ، دەست کەوتون. هەر لە سەرەتاوە سەرنج دەدەین تورکیا ٥١٠ میل لە سنوری هاوبەشی خۆی لەگەڵ سوریا بە کراوەیی هێشتوەتەوە بۆ پشتگیری و ئاسانکردنی هات‌وچوی گروپە سوننیە تێرۆریستەکان بۆناو سوریا.
(دەیڤید فیلیپس) David L. Phillips، بەڕێوەبەری (بەرنامەی بنیاتنانی ئاشتی و مافەکان) Peace-building and Rights Program، لە (ئینستیتیوتی لێکۆڵینەوەی مافەکانی مرۆڤ ISHR) Institute for the Study of Human Rights، لە زانکۆی کۆڵومبیا، لە ١٣ ی ئابی ئەم‌ساڵ ڕاپۆرتێکی لەسەر ڕۆڵی تورکیا لە پشتگیریی داعشدا نوسیوە و تێیدا نهێنیەکانی ئەو پشتگیریە ئاشکرا دەکات.
دەیڤید فیلیپس
لە ئینستیتیوتی لێکۆڵینەوەی مافەکانی مرۆڤ
لە سەردانی یەکەمیدا بۆ تورکیا، چەند ئەندامێکی پارلەمانی تورکیا و چەند کەسێتییەکی تری بینیوە، باسیان لە پەیوەندیی نێوان تورکیا و چەکدارە سوننیەکان ـ بەتایبەتی داعش ـ کردوە بۆی، و بەتایبەتی ئاماژەیان کردوە بۆ ڕۆڵی دیاری ڕێکخراوی تورکیی خێرخوازیی ناودار بە IHH (دامەزراوەی مافەکان و ئازادیەکانی مرۆڤ و یارمەتیە مرۆییەکان İnsan Hak ve Hürriyetleri ve İnsani Yardım Vakfı)، کە ڕێکخراوێکی خێرخوازیی ئیسلامیە و دەستێکی باڵای هەیە لە پشتگیری‌کردنی گروپە ئیسلامیە توندڕەوەکاندا..
ئۆتۆمۆبیلێکی بارهەڵگری سەر بە ڕێکخراوی IHH
جا کوڕی ڕەجەب تەییب ئەردۆغان (بیلال ئەردۆغان) [نەجمەدین بیلال ئەردۆغان Necmettin Bilal Erdoğan] پەیوەندیی هەیە بە دەستەی بەڕێوەبردنی ئەو ڕیکخراوەوە، و سود لە پەیوەندیە سیاسیەکانی باوکی وەردەگرێت بۆ دابینکردنی پشتگیریی ماددی بۆ ڕێکخراوەکە. بەپێی هەندێک سەرچاوە بیلال لە دەستەی بەڕێوەبەری ڕێکخراوەکەدا کاری کردوە، هەرچەند ئێستە سایتی ڕێکخراوەکە ناوی لە لیستی ناوی ئەندامانی ئەنجومەنی بەڕێوەبردندا دانانێت.
 
بیلال ئەردۆغان، کوڕی ڕەجەب تەییب ئەردۆغان
و ناوێکی دیاری فایلی گەندەڵیەکانی حکومەتەکەی ئەردۆغان
شایەنی ئاماژەیە کە بیلال ئەردۆغان لە چەند فایلێکی گەندەڵیدا، بە هاوکاریی باوکی، تێوەگلاوە (لە کەیسێکیاندا ناچار ڕای کرد بۆ گورجستان! و پاشان گەڕایەوە)، و هەمو جارێکیش بە داکۆکی و پەستان و دەست‌تێ‌وەردانی باوکی ڕزگاری بوە. پەیوەندیە بازرگانیەکانیشی لەگەڵ ئیسڕائیل ئاشکرا بون.
ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، و (بیلال) ی کوڕی، و (سومەییە) ی کچی
ڕۆژنامەنوسی دیاری تورکیا، جەنگیز چاندار Cengiz Çandar، لەو دواییانەدا نوسیبوی کە ئاژانسی هەواڵگریی تورکی MIT ئەو مامانە بوە کە یارمەتیی لەدایکبونی جوڵانەوە سوننیە چەکدارەکەی لە سوریا داوە.
ڕۆژنامەنوسی دیاری تورکیا، جەنگیز چاندار
چاندار دەڵێت ساڵی ٢٠١٢ تورکیا چەک و پشتگیریی لۆجیستیی بۆ ئەو جیهادیانە دابین کردوە کە دژی ڕژێمی سوریا دەجەنگن و بە ئامانجی لەباربردنی کوردستانی سەربەخۆ لە سوریا.
کاتێک ڕژێمی سوریا کارەساتی دژی موسوڵمانانی سوننە لە سوریا دەقەوماند؛ ئەردۆغان لەمە توڕە بو، بو بە دیارترین ڕەخنەگری بەششار ئەسەد، و گروپە بەرهەڵستکارەکان و سوپای سوریایی ئازادی بانگهێشت کرد بۆ (غازی عێنتاب) [گازیانتەپ Gaziantep]. کاتێکیش هێزە خۆرئاواییەکان سەرکەوتو نەبون لە پشتگیری‌کردنی سوپای سوریایی ئازاددا؛ ئەمە زیاتر ئەردۆغانی توڕە کرد. ئیتر سعودیە و قەطەر و ئیمارات بە پارە پشتگیرییان نارد، و تورکیایش پێداویستیی سەفەر و پارەپێدان و چەکی بۆ داعش و بەرەی نوصرە و بەرەی ئیسلامی "الجبهة الإسلامية"، ڕێک‌خست.
بەپێی ڕاپۆرتی (پەیمانگای نێودەوڵەتیی قەڵاچۆکردنی تێرۆر) The International Institute for Counter-Terrorism، کە لە ئاداری ٢٠١٠ دا دەرچوە؛ بودجەی ساڵانەی ڕێکخراوی IHH دەگاتە ١٠٠ میلیۆن دۆلار، لەگەڵ پرۆسەگەلی مەیدانی لە ١٢٠ دەوڵەتدا.
ڕێکخراوی IHH لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەدا کار دەکات و هاوکارییان هەیە کە سەر بە ئیخوان موسیلیمینن، لە سەرتاسەری جیهاندا. ئەمەش واتە سەر بە ڕێکخستنی نێودەوڵەتیی ئیخوانە، و لە بەرگی یارمەتیی مرۆییدا کار دەکات، و ڕاپۆرتگەلێکی نەتەوە یەکگرتوەکانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەو ڕێکخراوە چالاکییەکی گوماناویی زۆری هەیە لە سپی‌کردنەوەی پارەدا.
یەکەم باری چەک، کە پێی زانرابێت، و نێرراوە بۆ ئیخوان، لە سوریا، لە ئەیلولی ٢٠١٢ دا بو. و سەرکردەکانی سوپای سوریایی ئازاد ئاگادار کراونەتەوە کە بەلەمێکی بارکراو بە چەک لە سوریا گیرساوەتەوە، و بە ناوی ئەندامانی ڕێکخراوی IHH ـەوە تۆمار کرابو.
هەمو ئەوانەی بەشداری سەرەکین لە حیزبەکەی ئەردۆغاندا، واتە حیزبی (دادپەروەری و پەرەپێدان) "العدالة والتنمية"، پەستانیان دەخرێتە سەر بۆ ئەوەی لە هاوکاریی ڕێکخراوی IHH ـدا بەشداری بکەن، ئەگەرنا لە لیستی پشت‌دارەکاندا دەسڕێنەوە و گرێبەستە حکومیەکان لە دەست دەدەن.
ڕێکخراوی IHH لە چەند پشتیوانێکی نێودەوڵەتییشەوە پارەی بۆ دێت.
هەروەها ڕێکخراوەکە لە لایەن (ياسين القاضي) ـیشەوە پارەدار دەکرێت کە سەرمایەگوزارێکی سعودیی دەوڵەمەندە و پەیوەندیی بە قاعیدەوە هەیە و پارەدارکەرێکی قاعیدەیە، و پەیوەندیی پتەوییشی لەگەڵ ئەردۆغان هەیە، بە شێوەیەک هەندێک جار پێی دەوترێت "پیاوەکەی ئەردۆغان"! و دواتر زیاتر لەسەر پەیوەندیی ئەم پیاوە بە بنەماڵەی ئەردۆغانەوە ڕون دەکەینەوە.
سەرمایەداری سعودی (یاسین ئەل-قاضی)
پشتگیری قاعیدە و هاوکاری ئیخوان و دۆستی ئەردۆغان
(سێ‌گۆشەی تێرۆریزمی ئیسلامی!)
هەروەها ڕێکخراوی IHH پەیوەستە بە ڕێکخراوی (ائتلاف الخير) ەوە کە بارەگاکەی لە سعودیەیە.
مەلا (یوسف قەڕەضاوی) کە یەکێکە لە موفتیەکان و بانگەوازکەرانی هێرشە خۆکوژیەکان، سەرۆکایەتیی لیژنەی ئەو ڕێکخراوە، واتە (ائتلاف الخير)، دەکات. ئەمیر (نایف بن عەبدلعەزیز) یش، وەزیری ناوخۆی سعودیە، پێشەنگی ئەو دەسەڵاتدارە سعودیانە بوە کە بە بڕە پارەی زۆر پشتگیریی ئەو ڕێکخراوەی کردوە.
ئەمیر نایف بن عەبدلعەزیز، لە پێشوازیی (یوسف قەڕەضاوی) ـدا
وەکو وەفدی ڕێکخراوی (ائتلاف الخير)
مەلا (عەبدولمەجید زیندانی)، کە ساڵی ٢٠٠٤ لەلایەن ئەمێریکاوە وەکو "تێرۆریستی جیهانی" ناسێنراوە، ئەویش لە ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی ڕێکخراوی (ائتلاف الخير) دا کار دەکات.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمێریکا، ڕێکخراوی (ائتلاف الخير) لە ڕیزی ڕێکخراوە تێرۆریستیە بیانیەکان FTO ـدا پۆلێن کرد.
ئیسڕائیلیش ساڵی ٢٠٠٨ ڕێکخراوی IHH ی قەدەغە کرد، بە هۆی ئەوەی ئەو ڕێکخراوە "سپی‌کردنەوەی پارە" ی بۆ پارەدارکردنی حەماس ئەنجام دابو.
ساڵی ٢٠١٠ یش لقی ئەڵمانیای ڕێکخراوی IHH قەدەغە کرا، بە هۆی پەیوەندیەکانی بە چالاکیی جیهادیەوە.
ئەردۆغان، و وەزیری دەرەوەی حکومەتەکەی (ئەحمەد داود ئۆغڵو)، هەوڵیان دا هاوپەیمانێتیی جۆراوجۆر لەگەڵ هێزەکانی تر لە خۆرهەڵات پێک‌بهێنن، بە پشت‌بەستن بە باڵ و کرێ‌گرتەکانی ئیخوان موسلیمین لە ناوچەکەدا، وەکو ڕێکخراوی IHH.
[پەیوەندیی ئەم ڕێکخراوە ئیسلامیانە خێرخوازیانە بە تێرۆریزمی ئیسلامیەوە؛ چیرۆکی پەیوەندیی ڕێکخراوی (دەستەی فریاکەوتنی ئیسلامیی جیهانی) "هيئة الإغاثة الإسلامية العالمية" بە چالاکیەکانی قاعیدەوە بیر دەخاتەوە. ڕەنگە هەمو ڕێکخراوێکی خێرخوازیی ئیسلامی لەو جۆرە چالاکی و پەیوەندیانەوە بگلێت، چونکە ئەوانە ڕێکخراوی خێرخوازیی مرۆیی نین، بەڵکو بۆ ئامانجە ئیسلامیە جیهانیەکان دروست کراون و لە سعودیە و کەنداوەوە بۆ ئەجێنداکانی خۆیان پشتگیری دەکرێن].
لە مانگی ئایاری ٢٠١٣ دا، دو تەقینەوە لە شاری ڕەیحانلی Reyhanlı (الريحانية)، لە پارێزگای (خەتای) Hatay، نزیک سنوری سوریا، ڕویان‌دا، کە بە هۆیەوە ٥٢ کەس کوژران و ١٤٦ کەسیش بریندار بون. 
دیمەنێک لە شوێنەواری تەقینەوەکەی ١١ / ٥ / ٢٠١٣
شاری ڕەیحانلی ـ تورکیا
سەرەتا حکومەتی تورکیا سوریای تاوانبار کرد بەو هێرشە، بەڵام داعش لێپرسراوێتیی خۆی لەو کارە ڕاگەیاند [داعش لە بەیاننامەیەکدا تەقینەوەکانی (الريحانية) و (باب الهوى) ی خستە سەر خۆی، و هەڕەشەی هێرشی خۆکوژیی تریشی کرد ئەگەر تورکیا هەردو دەروازەی سنوریی (باب الهوى) و (باب السلامة) نەکاتەوە، دوای ئەوەی تورکیا ئەو دو دەروازەیەی ـ دوابەدوای کۆنتڕۆڵکردنی شارۆچکەی (ئەعزاز) لەلایەن داعشەوە ـ داخست، و بەیاننامەکە مۆڵەتی دو ڕۆژی بۆ تورکیا دانا بۆ کردنەوەی ئەو دو دەروازەیە]..
دوای ئەو ڕوداوە؛ تورکەکان زیاتر نیگەران بون لە تێک‌گیران لە شەڕی ناوخۆی سوریا، هەروەکو نیگەرانیش بون لە تێچونی ١.٥ بیلیۆن دۆلاری یارمەتیی ٨٠٠ هەزار پەنابەری سوریایی. دوابەدوای ئەمانە ئەنقەرە لە هەوڵ‌دا بو بۆ سنوردارکردنی پەیوەندی و هاوکاری لەگەڵ داعش، بەڵام ئەو کارە هەر بە دەم ئاسان بو!
ڕۆژی ١ ی مانگی کانونی دوەمی ساڵی ٢٠١٤ یش، لۆرییەکی سەر بە ڕێکخراوی IHH لەلایەن جەندرمەوە نزیکی ئەدەنە لە پارێزگای خەتای، وەستێنرا، کە بارکرابو لە چەک و ئازوخە، و بەرەو سوریا دەڕۆشت. داواکاری گشتیی خەتای ویستی فایلی لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە بکاتەوە، بەڵام ڕێگریی لێ کرا. کاتێکش سکاڵای تۆمار کرد لەسەر ئەوەی لەلایەن وەزیری ناوخۆی تورکیا و دەزگای هەواڵگریی تورکیاوە لەمپەر خراوەتە بەر کاری دادگا؛ لەسەر کار لادرا! و ئەو جەندرمانەش کە لۆریەکەیان وەستاندبو و پشکنیبو؛ لە کارەکەیان دەرکران! و پارێزگاری خەتاییش لەلای خۆیەوە وتی کە ئەو پرۆسەیە نهێنییەک بو لە نهێنیەکانی دەوڵەت!
هەروەها دو پاسی نەفەربەر کە بەرەو سوریا دەڕۆشتن و بە ئازوخە بارکرابون، پشکنران و ئازوخەیان تێدا دۆزرایەوە کە دیار بو بۆناو سوریا دەچو. چەند ئەفسەرێکی لقی قەڵاچۆکردنی تێرۆر لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئەدەنە وێنەی ئەو ئازوخەیەیان پێشانی ڕاگەیاندنەکان دا، بەڵام ئەوانیش لە کارەکەیان دەرکران!
دوابەدوای ئەمانە، و لە هەوڵێکدا بۆ پاکانەکردن و بێتاوان‌پێشاندانی تورکیا؛ سەرەتای مانگی کانونی دوەمی ٢٠١٤، حکومەتی تورکیا هەڵمەتێکی کردە سەر ڕێکخراوی IHH، و ٢٣ کەس گیران کە پەیوەندیدار بون لەگەڵ ئەو ڕێکخراوە، و لەناو ئەوانیشدا چەند گەورە ئەندامێکی قاعیدە هەبون، وەکو (ئیبراهیم شەن) İbrahim Şen جێگری سەرۆکی ڕێکخراوی قاعیدە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، کە پێشتر لە گوانتانامۆ بەند کرابو، هەروەها (خالیص بەیانجوک) Halis Bayancuk نوێنەری قاعیدە لە تورکیا.
ئیبراهیم شەن ـ خالیص بەیانجوک
دو تێرۆریستی پەیوەندیدار بە ڕێکخراوی IHH ـەوە
ئەم جوڵەیە دژی ڕێکخراوی IHH، چەند هەفتەیەک پێش کۆنگرەی دوەمی جنێف بو، کە کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتیی گەورەیە و ئامانجی وەستاندنی شەڕی ناوخۆی سوریایە، کە چاوەڕوان دەکرا تورکیا ڕۆڵێکی پێشەنگی تێدا ببینێت.
چەند ئەندامێک لە پارلەمانی تورکیا پێیان وایە حکومەت هێشتا هەر پشتگیریی جیهادیەکان دەکات، بە ئاسانکردنی هات‌وچو و سەفەکردنیان لە مەرزە سنوریەکانی نێوان تورکیا و سوریا، و ناردنی بارە لۆریی چەک بۆیان، و دابینکردنی فریاکەوتنی تەندروستی لە نەخۆشخانەکانی دەوڵەتدا بۆ جەنگاوەرە بریندارەکان.
ئەندام پارلەمانەکانی تورکیا بە نوسراو داوا لە ئەردۆغان و داود ئۆغڵو دەکەن ڕونکردنەوەی ڕەسمی بۆ ئەو پەیوەندیانەی حکومەت بە داعشەوە و ئاگادارییان لە چالاکیە گوماناویەکانی ڕێکخراوی IHH. ئەو نامانە لە ڕێگەی سەرۆکی پارلەمان (جەمیل چیچەک) Cemil Çiçek ـەوە گەیەنراونەتە حکومەت، بەڵام هیچ وەڵامێکیان نیە!
ڕاپۆرتەکان بەردەوامن لەسەر ئەو لۆریە بارانەی کە هیچ نیشانەیەکیان پێوە نیە، و لە شارەکانی ئەدەنە و کیلیس و غازی عێنتاب و قەیسەریە دەبینرێن کە نزیکن لە سنوری سوریا. و بڕوا وایە کە ئەو لۆریانە چەک دەگوازنەوە بۆناو سوریا. و خەڵکی کیلیس باسی کاری هاوبەشی ڕۆتینیی بەرپرسە تورکەکان و داعش لەسەر سنور دەکەن.
بەڵکو جەنگاوەرانی داعش هەمویان بیانی نین، ئەوەتا بەپێی لێدوانی توێژەرێکی تورک؛ نزیکەی ١٠٪ یان هاوڵاتیی تورکیان!
بەپێی لێدوانی پزیشکێکی تورک، ئۆتۆمۆبیلەکانی فریاکەوتن جەنگاوەرە بریندارەکان دەگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەکانی تورکیا لەسەر سنور. و بریندارەکانیش هیچ پێناسێکیان پێ نیە، و وەزارەتی تەندروستی تێچون و ئەرکیان دەکێشێت. سەرکردەیەکی بەدناوی داعش، بە ناوی (أبو محمد)، وێنەی بڵاو بوەوە کە لە خەستەخانەی دەوڵەت لە خەتای، نیسانی ٢٠١٤، چارەسەر دەکرێت(٩).
ئەبو محەمەد، سەرکردەیەکی داعش
لە خەستەخانەی دەوڵەت لە خەتای ـ تورکیا
بەم شێوەیە پاشخان و سەرچاوەی پەیدابون و بەهێزبونی گروپێکی وەکو داعش ڕون دەبێتەوە: یاریکەرە بەهێزەکانی بارستە سوننیەکەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست (سعودیە، قەطەر، کوەیت، تورکیا)، هەر لە سەرەتاوە و هەتا ئێستەش، پشتگیریی گروپە سوننیە توندڕەوەکانیان کردوە، لەدژی ئەو بارستە شیعیەی ناوچەکە، کە لە ئێرانەوە درێژ دەبێتەوە، و بە ئێرانی مالیکیدا تێپەڕ دەبێت، و دەگاتە ڕژێمی شیعی-عەلەویی سوریا، و شیعەکانی لوبنان. پاراستنی بەرژەوەندیەکان و ترس لە بەهێزبونی ئەم پڕۆژە شیعیە لە داهاتودا؛ ئەو هێزە سوننیانە پاڵ پێوە دەنێت بۆ دروست‌کردن و پارەدارکردن و چەکدارکردنی گروپی سوننیی توندڕەوی وەها کە لە کۆتاییدا لە کۆنتڕۆڵی خۆیشیان دەردەچن، و بەم شێوەیە وەحشێک ئاوقای ناوچەکە دەکەن.
دۆستایەتی و هاوکاریی بنەماڵەی ئەردۆغان
لەگەڵ سەرمایەداری سعودی یاسین ئەل‌قاضی
یاسین ئەل‌قاضی، کە وەکو ئاژەمان بۆ کرد، سەرمایەدارێکی بەبنەڕەت سعودیە، بۆ ماوەی دە ساڵ (نێوانی ساڵانی ١٩٨٤ و ١٩٩٤) لە ئەمێریکا سەرۆکایەتیی ئیخوان موسیلیمی کردوە.
بەپێی ڕاپۆرتی (ڤیکتۆر کۆمراس) Victor Comras، کە یەکێکە لە پێنج چاودێری پسپۆڕی قەڵاچۆکردنی تێرۆر لە ئەنجومەنی ئاسایش؛ پەیوەندیی بازرگانیی گەو
رە هەیە لەنێوان ئەل‌قاضی و ئەندامانی ئیخوان موسلیمین، بەتایبەتی لەگەڵ (سولەيمان ئەل‌بەحيری) و (يوسف نەدا) ـ دو سەرمایەگوزاری ئیخوانی ـ و (عەبدوڕڕەحمان ئەل‌عەمودی) کەسێتیی گرنگی ئیخوان موسیلین و ڕەوەندی ئیسلامی لە ئەمێریکا کە تێوەگلانی لە چەندین چالاکیی نایاسایی و پەیوەندی بە ڕێکخراوە ئیسلامیە تێرۆریستەکانەوە ـ کە ئێرە جێی باسیان نیە ـ سەلماوە.

ئەل‌قاضی چەند دامەزراوەیەکی دروست کردوە بۆ پشتگیریی حەماس و قاعیدە:
FBI ئاشکرای کردوە کە بانکی BMI (سەر بە بانکی "السلام" ی بەحرەین)، بۆ پارەدارکردنی قاعیدە و حەماس بەکار هاتوە، و بەڕێوەبەرە ڕاستەقینەکانی ئەلقاضی و (موسا ئەبو مەڕزوق) ـ سەرکردە لە حەماس، کە ئەم بزوتنەوەیش یەكێکە لە لقەکانی ئیخوان موسلیمین.
لە ئایاری ١٩٩٢ یشدا دامەزراوی خێرخوازیی ئیسلامیی (موفق) ی دامەزراندوە، کە بەڕواڵەت بۆ فریاکەوتن و بەرەوپێشبردنی باری پەروەردە و فێرکردنی موسوڵمانان بو، بەڵام دواتر دەرکەوت کە ئەم دامەزراوەیەش سەرچاوەیەکی پارەدارکردنی قاعیدە بوە.
ئینجا ناوبراو لە گەلێک لە هێرشە تێرۆریستیەکانی قاعیدەوە (وەکو تەقاندنەوەی باڵوێزخانەکانی ئەمێریکا لە نەیروبی و داروسسەلام، ساڵی ١٩٩٨)، بە نەخشەدانان و بە پاردەدارکردن، تێوە گلاوە، و بۆیە دەوڵەتان وەکو تاوانبارێکی نێودەوڵەتی بەدوایەوەن و ڕێک‌کەوتنێکی نێودەوڵەتی هەیە بۆ قەدەغەکردنی پەنادان و هات‌وچوکردنی (هەتا لە سعودیەش قەدەغەیە و ناتوانێت بگەڕێتەوە)، بەڵام دۆستایەتیی پتەوی لەگەڵ ئەردۆغان و بنەماڵەکەی هەیە، بۆیە ئەردۆغان پشتی گرتوە و دەیپارێزێت.. و لەگەڵ ئەوەی (١٠/ ١٠ / ٢٠١٣) داواکاری گشتیی تورکیا بڕیارێکی دەرکردوە بە قەدەغەکردنی هاتنی ٣٩٨ کەسی پەیوەندیدار بە قاعیدە و تاڵیبانەوە بۆناو خاکی تورکیا، و لە سەروی هەمویشیانەوە ئەل‌قاضی؛ بەڵام مانگی ١٢ ی ٢٠١٣ ئەل‌قاضی توانیویەتی بە فڕۆکەیەکی تایبەتی بچێتە تورکیاوە و بە فڕۆکەکەیەوە لە فڕۆکەخانەیەکی بچوک لە ئەستەنبول بنیشێتەوە، دوای ئەوەی پێش گەیشتنی بە چەند سەعاتێک هەرچی کامێرای چاودێری داگیراون لە فڕۆکەخانەکە.
بەپێی ڕۆژنامەی (تەرەف) Taraf ی تورکی؛ ئەل‌قاضی لە هۆڵی میوانە گەورەکانەوە و بە یاوەریی پاسەوانەکانی ئەردۆغان چوەتە ژورەوە، بەبێ ئەوەی بپشکنرێت. ئینجا دوای ئەوەش، مانگی ٢ ی ٢٠١٤ لەناو ئەستەنبوڵ و لەگەڵ (ئوسامە قوطب) [سەرمایەداری میسری، کوڕی (موحەممەد قوطب) ی برای (سەیید قوطب)، و هەڵگری ڕەگەزنامەی تورکی] و (ئیبراهیم یەڵدز) پاسەوانی یەکەمی ئەردۆغان، و لە یەکێک لە ئۆتۆمۆبیلە ڕەسمیەکانی ئەودا، توشی ڕوداوی هات‌وچو بون،  یەکەم کەسیش لە نەخۆشخانە سەردانی کردوە بیلال ئەردۆغان بوە! لێرەوە دیارە پەیوەندیی ئەو بنەماڵەیە بە ئەل‌قاضی چەندە پتەوە.
جگە لەوانەش، وەکو ڕۆژنامەی (جومهورییەت) Cumhuriyet ی تورکی بڵاوی کردەوە؛ لێکۆڵینەوەکان لە فایلی گەندەڵیەکانی بنەماڵەی ئەردۆغان ئاشکرایان کردوە، ئەل‌قاضی (١٧ / ٤ / ٢٠١٣) لەگەڵ بیلال ئەردۆغان لە هۆتێلی (سویس) Swissôtel چاویان بە یەک کەوتوە، و ڕاگەیاندنی ئۆپۆزیسیۆنی تورکی وێنەیان لەو چاوپێ‌کەوتنە بڵاو کردوە، و لە هەمان ڕۆژیشدا چاوی بە خاوەنی کۆمپانیای چێشتخانەکانی BİM (موستەفا لەتیف تۆپباش) Mustafa Latif Topbaş کەوتوە، ئیتر دوایی بە یاوەرەیی پاسەوانەکانی ئەردۆغان گەڕاوەتەوە بۆ فڕۆکەخانە، کە ئیتر ـ وەکو ڕۆژنامەکە ئاشکرای کرد ـ ئەل‌قاضی بوەتە پشک‌دار لە هەردو کۆمپانیای (بۆسفۆر ٣٦٠)  Bosphorus 360 (کە بیلال ئەردۆغان پشکی هەیە تێیدا) و BİM.
 
 وێنەیەک لە چاوپێک‌کەوتنی بیلال ئەردۆغان و یاسین ئەل‌قاضی
بەشێک لەو دۆستایەتی و هاوکاریەی هەیەتی لەگەڵ بنەماڵەی ئەردۆغان؛ ئەوەیە سەرۆکایەتیی کردەوە تێرۆریستیەکانی کردوە دەرهەق بە سوپای میسری لە سیناء:
یاسین ئەل‌قاضی بەنهێنی سەردانی تورکیای کردوە بۆ ئامادەکاری بۆ تۆڵەسەندنەوە لە سوپای میسر، دوابەدوای کەوتنی دەسەڵاتی ئیخوان لە میسر، کە تورکیا ویستی نەخشەیەک بۆ لەناوبردنی جەنەڕاڵەکانی سوپای میسری و لەمپەردروست‌کردن بۆ گەیشتنی وەزیری بەرگری (عەبدولفەتتاح ئەل-سیسی) بە سەرۆکایەتیی کۆمار، کە تەنها (سیسی) بۆ خۆی خەونی زاڵ‌بون بەسەر خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی لە ئەرۆغان تێک‌دا، کە ئەردۆغان بە پشتیوانی و دەست‌تێکەڵ‌کردن لەگەڵ ئیخوان و قاعیدە و حەماس و لە دەروازەی ڕێکخراوی IHH ـەوە دەیویست ئەو خەونە بهێنێتە دی. هەر بۆیە ئەردۆغان توندترین ڕەخنەگری شۆڕشی (٣٠ ی یونیۆ) بو کە بەسەر دەسەڵاتی ئیخواندا لە میسر کرا، و ئەمێریکایشی هان دەدا کە ژی دەسەڵاتی میسریی دوای ئیخوان بجوڵێت و هەوڵ بدرێت موڕسی بگێڕرێتەوە بۆ دەسەڵات!
لەو دواییانەشدا ئاژانسەکان (بەتایبەتی سایتی وۆڕڵد تریبیون WorldTribune) بڵاویان کردەوە کە چەند بارێکی چەکی تورکی گەیشتوەتە بەندەرەکانی سەر دەریای ناوەڕاست (بەتایبەتی کەناراوەکانی میسر لەسەر دەریای ناوەڕاست)، و یاسین ئەل‌قاضییش لەپشتی ئەم بارە چەکانەوەیە بە پشتگیریی ئەردۆغان.
چەند ڕاپۆرتێکی هەواڵگریی فڕەنسی کە کەوتونەتە بەر دەستی ڕۆژنامەی (لومۆند) Le Monde ی فڕەنسی، ئاشکرایان کردوە کە ئەردۆغان ڕێگەی داوە بە بونی چەند سەربازگەیەکی سەر بە قاعیدە لەسەر زەویی تورکیا. و هەر کاتێک میلیشیاکانی قاعیدە و داعش لە بەرامبەری سوپای سوریا و هێزە کوردیەکاندا توشی تێک‌شکان دەبون؛ ئەردۆغان توشی مەراق و نیگەرانییەکی زۆر دەبو، و لە ڕاستییشدا میلیۆنان دۆلاری زیان دەکرد کە لە ڕێگەی ڕێکخراوی IHH ـەوە دەهاتە دەستی.
جا بەپێی ئەو زانیاریە هەواڵگریە دزە‌پێ‌کراوانە؛ ئەردۆغان چالاکیەکانی قاعیدەی لە باکوری سوریاوە گواستوەتەوە بۆ نیمچەدورگەی سینا، بە ئامانجی لێدانی میسر و زیان‌گەیاندن بە ئابوری و ئاسایشی میسری دوای شۆڕشی ٣٠ ی یۆنیۆ، ئەوەش لە ڕێگەی گروپی (أنصار بيت المقدس) ی پەیوەست بە قاعیدەوە.
ڕۆژنامەنوسی تورک (محەمەد بارانسو) Mehmet Baransu لە ڕۆژنامەی (تەرەف) ی تورکیدا ئاشکرای کرد کە ئەردۆغان دەزگای هەواڵگریی تورکیی وەکو ئامڕازێك بەکار هێناوە بۆ چاودێریکردنی نەیارەکانی، و بۆ ئاودیوکردنی بارەچەک لە ڕێگەی دەریای ئیجەوە بۆ چەکدارانی قاعیدە، و پارەدارکەری سەرەکیی ئەم بارەچەکانەش هەر (یاسین ئەل‌قاضی) ـە.
ئەم دۆستایەتیەی
ئەل‌قاضی لەگەڵ بنەماڵەی ئەردۆغان، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانێكی زۆر لەمەو پێش، هەر دوای ١١ ی سێپتەمبەر کە ئەل‌قاضی سەرمایەگوزاریەکانی خۆی گواستەوە بۆ تورکیا و سویسێرا.
و لە ڕێگەی ئەم پەیوەندیەیشەوە بە ئەردۆغان، توانیویەتی خۆی قوتار بکات لەو سزایانەی بۆی دەرکراون، چونکە ئەردۆغان بە هەمو شێوەیەک و بەڕەسمی پاکانەی بۆ کردوە و ڕەتی کردوەتەوە پەیوەندیی بە هیچ ڕێکخراوی تێرۆریستیەوە هەبێت! 
هەندێک ئەجێندای ناوچەیی
دوای ئامانجی فرمان و ئامانجی گروپێکی عەرەب-سوننیی تێرۆریستی وەکو داعش، کە بریتیە لە ئەجێندا سوننیەکە؛ ئینجا هەندێک ئەجێندا و نەخشەی تریش دێنە ناو هاوکێشەکەوە کە هەندێک ئامانجی ناوچەیین:
ـ عەرەب-سوننیەکانی عێراق، بەتایبەتی پاشماوەکانی بەعس و خێڵە عەرەبەکانی دەوروبەری هەرێمی کوردستان؛ لەگەڵ داعش خۆیان ڕێک‌خستوە، بۆ بەدەست‌هێنانەوەی باڵادەستیی خۆیان لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی ناوچە سوننی‌نشینەکان و زیاتریش ئەو ناوچانەی بە ڕابردوی بەعسی‌بون ناودارن و ئەو ناوچە کوردنشینانەی حکومەتی بەعس لە هەوڵی تەعریب‌کردنیاندا بوە.. بۆیە لەگەڵ چەکدارەکانی داعش خۆیان ڕێک‌دەخەن دژی کورد و دژی حکومەتی عێراقی. ئێستەش ـ بۆ نمونە ـ عەرەبەکانی ناوچەی جەلولا بارودۆخەکەیان قۆستوەتەوە و هاوکاریی داعش دەکەن دژی کورد.
ـ تورکیا: حکومەتی حیزبی AKP (کە سەرەتا خۆی وەکو حیزبێکی عەلمانیی باکگراوند ئیسلامیی میانەڕەو خستەڕو و لە کۆتاییدا فایلەکانی گەندەڵی و پشتگیریی تێرۆریزمی ئیسلامی و کلک‌گرێدانی لەگەڵ قاعیدە و ئیخوان موسلیمین، لێ ئاشکرا بون)، سەرۆک کۆمار ڕەجەب تەییب ئەرۆغان، سەرۆک وەزیران (گول ـ ئەردۆغان ـ داودئۆغلو)، و بەکورتی: عوسمانلیە نوێیەکان.. سەرباری ئەجێندا سوننیەکە و ئامانجی خستنی ڕژێمی ئەسەد؛ ئەجێندا نەتەوەییە تورکچیەکە و خەونە عوسمانلیەکە و ئامانجی فراوان‌کردنی قەڵەمڕەویی تورکیان، لە یاد نەکردوە، لە دروست‌کردن داعش و ئاڕاستەکردنیدا بەرەو هەرێمی کوردستان و سوریا و بەتایبەتی کوردستانەکەی و کانتۆنە کوردیەکان لەوێ.. ئەوەتا ئێستە دوای هێرش‌کردنە سەر هەرێم و دەست‌درێژکردن بۆسەر شەنگار و شێخان؛ سەگە داعشی-تورکیەکە گەڕاوەتەوە بۆ هێرش‌کردنە سەر (کۆبانێ) ("عين العرب").. ئەم جارەیان گرنگ نیە ناوی "کۆبانێ" یە یان "عین العرب"، کوردنشینە یان عەرەب‌نشین، شیعیە یان سوننی، گرنگ ئەوەیە لە کوردستان و لە سوریا داببڕێت و بکەوێتە چنگی دێوە داعشی-تورکیەکە. داعش هەر لە ڕێوە سەلماندی کە سەگی تورکیای ئەردۆغانە: هەر لە سەرەتاوە زەمینی تورکیا و هەتاکو شاری (ئەسکەندەرون) [سەر بە سەنجەق "لواء" ی ئەسکەندەرون، کە تورکیا لە ١٩٣٩ ەوە لە سوریای داگیر کردوە] ی لە هەڵمەت و هێرشەکانی هەڵ‌بواردوە(١٠)
داعش و وەهمی دوبارەکردنەوەی ئەزمونی ئیسلام
تا ئێرە ڕاڤەی سەرچاوەی پشتگیریی ماددی و ئایدیۆلۆجیایی داعش بو. ئەو ڕاڤەیە زیاتر تیشک دەخاتە سەر دروست‌بون و قۆناغی یەکەمی داعش، لە قۆناغی دوەمدا کە قۆناغی دروست‌کردنی (دەوڵەتی ئیسلامی) ـه، واتە دەوڵەتی خیلافەت؛ پێویستیمان بە تێڕامانی زیاترە بۆ تێگەشتن لە دیاردەکە:
داعش، وەکو باوکی ڕۆحیی خۆی کە دەسەڵاتی سعودی-وەههابیە لە عەرەبستان، دەکەوێتە هەمان گەمەی لاساییکردنەوەی سەرهەڵدان و بڵاوبونەوەی ئیسلام. ئیتر میلیشیا و لایەنگرانی دەخاتە خەیاڵ و فانتازیای خۆبەئیسلام‌زانین و بە شێوەیەک دەچنە پێستی ئیسلامی سەدەی (٧ ز.) و (٨ ز.) کە هەوڵ دەدەن ئەگەر بە خەیاڵیش بێت؛ هەمو ڕەگەز و پێکهێنەرەکانی هاوکێشە ئیسلامیەکەی سەدەی (٧ ز.) و (٨ ز.) دروست بکەنەوە: بۆ شەڕ لەگەڵ فرەپەرست؛ دەبێت هەرچی شوێنەواری ئایینیی ناوچەکە، لەوانەی سەر بە شیعە و تەصەووفن بە شوێنەواری فرەپەرستی دابنرێن و بە خەیاڵی ڕوخاندنی بتەکانەوە بڕوخێنرێن، دواتریش ئێزدیەکانی شەنگالیان قەتڵ‌وعام و ئاوارە کرد، بەو پێیەی ئەوانیش فرەپەرستن و فرەپەرستیش لە ئیسلامدا ئەگەر ئامادە نەبێت موسوڵمان ببێت؛ یاسا وایە ئیتر ڕوبەڕوی کوشتار دەبێتەوە. بۆ کوشتاری ئەهلی کیتاب و زیندوکردنەوەی یادی دەرکردنی جولەکەکان لە مەدینە؛ مەسیحیەکانی موسڵیان دەرکرد. لەگەڵ ئەوانەشدا کێشمەکێشی شیعە و ئەهلی سوننەیان لە عێراقدا بە درێژەی کێشمەکێشی صەفەویەکان لەگەڵ سوننیەکانی عێراق وێنە کرد، کە ئەمەش زیندوکردنەوەی یادەوەریی پڕ لە ڕق و قینی سەردەمی مێژوی ڕابردوی کێشمەکێشی صەفەوی-عوثمانیە.
ئیتر لە فانتازیای ئایینیی دەوڵەتی خیلافەتی داعشدا؛ هەر خۆیان تاقانە کۆمەڵی موسوڵمانان (جماعة المسلمین) ـن و دەرچون لە دەسەڵات و فەرمانیان دەرچونە لە دەسەڵاتی ئیسلام.. بە شێوەیەک لە وەهمی دوبارەکردنەوە و لاساییکردنەوەی ئیسلامدا بون؛ کە بە نیازبون داگیرکردنی بەغداد لە (١٧) ی مانگی ڕەمەزاندا بێت، بۆ ئەوەی لەو فانتازیا ئایینیەدا وەکو جەنگی (بەدر) بێت لەگەڵ فرەپەرستەکانی مەککەدا.
بەم شێوەیە وەهمی دوبارەکردنەوەی ئیسلامی مێژویی سەدەی (٧ ز.) و (٨ ز.)، لە سەدەی (٢٠ ز.) و (٢١ ز.) ـدا، بوەتە نەخۆشییەک لە بیری ئایینی ئەو گروپە ئیسلامیە سوننیانەدا، کە بەڕواڵەت وەکو موسوڵمانی ڕاستەقینەی عەوداڵی جێبەجێکردنی دەقاودەقی ئیسلام پێشانیان دەدات، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوانیش وەکو سعودی-وەههابیەکانی سەدەکانی (١٨ ـ ٢٠ ز.) تەنها خەریکی دروستکردنی دەوڵەتی عەرەبی-مەزهەبی (سوننی) ی خۆیانن، بەڵام لاسایی ئیسلام دەکەنەوە بۆ ئەو ئامانجە و بنەمای یەکتاپەرستی و جیهاد وەکو ئایدیۆلۆجیا و میکانیزم بەکار دەهێنن. ئەمەش نەخۆشی و وەهمێکە و ئەزمونێکی ناسروشتیە، کە زۆر لە ئەزمونی یەکەمی ئیسلام نەگونجاوترە لەگەڵ ڕەوتی مێژودا.

پەراوێز و سەرچاوە:
(١) بۆ درێژەی زیاتر، دەربارەی مێژوی وەههابیەت و ئیمارەت و شانشینیی سعودی؛ بڕوانە:
پێنجوێنی، سەروەر، ڕیشە و بنچینەکانی توندوتیژیی ئایینی. سلێمانی. چاپی یەکەم، ٢٠٠٧. چاپی دوەم، ٢٠٠٨.
(٢) بڕوانە:
(٣) هەمان سەرچاوە.
(٤) بڕوانە:
(٥) بڕوانە:
Boghardt, Lori Plotkin, Saudi Funding of ISIS. The Washington Institute for Near East Policy, June 23, 2014.
(٦) بڕوانە:
(٧) بڕوانە:
(٨) بڕوانە:
(٩) بڕوانە:
هەرچەند ئەو وتارە ئێستە لە سایتەکەدا نەماوە، بەڵام هێشتا دەکرێت لە گەلێک سایتی ترەوە پەیدا بکرێتەوە، وەکو ئێرە.
ئەمەش وەرگێڕانی عەرەبییەتی:
ديفيد فيلبس، لماذا تدعم تركيا مسلحي داعش؟ ترجمة: نبیل فیاض. موقع (نبیل فیاض). ١٧ / ٨ / ٢٠١٤.
(١٠) لەم بارەیەوە؛ بڕوانە:
فياض، نبيل، كوباني: "عين" العرب التي تكسر المخرز! موقع (نبيل فياض). ٢٢ / ٩ / ٢٠١٤.