ئایا له ئینجیل‌دا مژده به هاتنی (أحمد) هه‌یه؟
په‌ڕاكلێتۆس (παράκλητος) و "أحمد"
(به‌شێك له كتێبی: "كورته‌ی مێژوی مزگێنی")
سه‌روه‌ر پێنجوێنی
له بیری ئایینیی ئیسلامی‌دا ئه‌و بڕوایه هه‌یه كه له دو ئایینی یه‌كتاپه‌رستیی پێشودا كه ئایینی یه‌هودی و مه‌سیحین و له كتێبی ئایینیی سه‌ره‌كیی ئه‌و دو ئایینه‌دا كه ته‌وڕات و ئینجیلن، مژده به هاتنی ئیسلام و پێغه‌مبه‌ری ئیسلام (موحه‌ممه‌د) دراوه، و گوایه ئه‌و دو ئایینه ڕێخۆشكه‌ر بون بۆ هاتنی ئیسلام، و له‌و دو كتێبه ئایینیه‌ی پێشودا وه‌سفی كه‌سێتیی موحه‌ممه‌د و موسوڵمانه‌كان كراوه.
قورئان له چه‌ند ده‌قێكدا ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه له ده‌قه یه‌هودیه‌كاندا وه‌سفی موحه‌ممه‌د كراوه و مژده به هاتنی ئه‌و دراوه له دواڕۆژدا.
له‌ناو ئه‌و ده‌قه قورئانیانه‌دا؛ له هه‌مویان گرنگتر و سه‌رنجڕاكێشتر ئه‌وه‌یه كه له زمانی (عیسا) واته (یه‌شوعی ناصیری) ـه‌وه ده‌یگێڕێته‌وه كه گوایه مژده‌ی داوه به هاتنی پێغه‌مبه‌رێك له‌دوای خۆی به ناوی (ئه‌حمه‌د): (وإذ قال عيسى ابن مريم: «يا بني إسرائيل! إني رسول الله إليكم مصدقا لما بين يديّ من التوراة ومبشّرا برسول يأتي من بعدي اسمُه "أحمد"») (الصف: 6).
هه‌ر زو له بیری ئایینیی ئیسلامی‌دا ده‌ركی ئه‌وه كراوه كه ئه‌م (مژده) یه‌ی ئه‌م ده‌قه قورئانیه ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات؛ ئه‌و مژده‌یه‌یه كه ـ به‌پێی ئینجیلی یۆحه‌ننا ـ عیسا (یه‌شوع) داوێتی به هاتنی (په‌ڕاكلێتۆس) ێك دوای خۆی، ئه‌وه‌ش له بیری ئایینیی ئیسلامی‌دا بوه‌ته دیارترینی ئه‌و مزگێنیانه‌ی كه گوایه له ده‌قه مه‌سیحیه‌كاندا هه‌ن. ئه‌ویش ئه‌و ده‌قه‌ی (ئینجیل) ی (یۆحه‌ننا) یه كه ـ له‌سه‌ر زمانی مه‌سیحه‌وه ـ له (4) جێگه‌دا:
1. ده‌ڵێت: (داوا له باوك ده‌كه‌م "په‌ڕاكلێت" ێكی ترتان بداتێ تا بۆ هه‌تاهه‌تایه له‌گه‌ڵتان بمێنێته‌وه) (ئینجیلی یۆحه‌ننا: 14: 16) (له ده‌قه‌كه‌دا وشه‌كه به شێوه‌ی په‌ڕاكلێتۆن παράκλητον هاتوه).
2. هه‌روه‌ها له هه‌مان ئینجیل‌دا هاتوه كه گوایه یه‌سوع به قوتابیه‌كانی وتوه: (ئه‌مانه‌م پێ وتن كه من هێشتا لاتانم، به‌ڵام ئه‌و "په‌ڕاكلێت" ـه‌ی كه باوك ده‌ینێرێت به ناوی منه‌وه ئه‌وا هه‌مو شتێكتان فێر ده‌كات و هه‌مو وته‌كانی منتان یاد ده‌خاته‌وه) (ئینجیلی یۆحه‌ننا: 14: 25، 26) (له ده‌قه‌كه‌دا وشه‌كه به شێوه‌ی په‌ڕاكلێتۆس παράκλητος هاتوه).
لاپه‌ڕه‌ی 57ب له ده‌ستنوسی سینائی Codex Sinaiticus
له ستونی یه‌که‌مدا: ئینجیلی یۆحه‌ننا: 14: 16: په‌ڕاكلێتۆن παράκλητον
له ستونی دوه‌مدا: ئینجیلی یۆحه‌ننا: 14: 26: په‌ڕاكلێتۆس παράκλητος
له ستونی یه‌که‌مدا: ئینجیلی یۆحه‌ننا: 14: 16: په‌ڕاكلێتۆن παράκλητον
له ستونی دوه‌مدا: ئینجیلی یۆحه‌ننا: 14: 26: په‌ڕاكلێتۆس παράκλητος
3. هه‌روه‌ها گوایه وتویه‌تی: (و هه‌ر كاتێك ئه‌و "په‌ڕاكلێت" ـه دێت كه له‌لای باوكه‌وه بۆتانی ده‌نێرم، ئه‌و ڕۆحی ڕاسته‌قینه‌یه‌ی كه له باوكه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، ئه‌و كاته شایه‌تی بۆ من ده‌دات، و ئێوه‌ش شایه‌تیم بۆ ده‌ده‌ن چۆنكه ئێوه له سه‌ره‌تاوه له‌گه‌ڵمدا بون) (ئینجیلی یۆحه‌ننا: 15: 26، 27) (له ده‌قه‌كه‌دا وشه‌كه به شێوه‌ی په‌ڕاكلێتۆس παράκλητος هاتوه).
4. هه‌روه‌ها گوایه وتویه‌تی: (به‌ڵام من ڕاستیتان پێ ده‌ڵێم: باشتر وایه بۆ ئێوه من بڕۆم، چونكه ئه‌گه‌ر نه‌ڕۆم "په‌ڕاكلێت" نایه‌ت بۆلاتان، به‌ڵام كه من ڕۆشتم ده‌ینێرم بۆلاتان. و كاتێكیش دێت سه‌رزه‌نشتی جیهان ده‌كات له‌سه‌ر گوناه و سه‌باره‌ت به چاكه‌كاری و لێپرسینه‌وه.. . ) (ئینجیلی یۆحه‌ننا: 16: 7، 8) (له ده‌قه‌كه‌دا وشه‌كه به شێوه‌ی په‌ڕاكلێتۆس παράκλητος هاتوه).
لاپه‌ڕه‌ی 58ا له ده‌ستنوسی سینائی Codex Sinaiticus
له ستونی دوه‌مدا: ئینجیلی یۆحه‌ننا: 15: 26: په‌ڕاكلێتۆس παράκλητος
له ستونی سێیه‌مدا: ئینجیلی یۆحه‌ننا: 16: 7: په‌ڕاكلێتۆس παράκλητος
له ستونی دوه‌مدا: ئینجیلی یۆحه‌ننا: 15: 26: په‌ڕاكلێتۆس παράκλητος
له ستونی سێیه‌مدا: ئینجیلی یۆحه‌ننا: 16: 7: په‌ڕاكلێتۆس παράκλητος
لێره‌دا ده‌بێت ئه‌وه ڕون بكه‌ینه‌وه كه:
ـ په‌ڕاكلێتۆس παράκλητος شێوه‌ی حاڵه‌تی بكه‌ری (حالة الرفع) Nominative ی وشه‌كه‌یه.
ـ په‌ڕه‌كلێتۆی παρακλήτου یش شێوه‌ی حاڵه‌تی ته‌واوكه‌ری (حالة الإضافة) Genitive ی هه‌مان وشه‌یه واته كاتێك ده‌بێته (مضاف إلیه) له زاراوه‌ی عه‌ره‌بیدا.
ـ په‌ڕه‌كلێتۆ παρακλήτῳ یش شێوه‌ی حاڵه‌تی پاش ئامڕازی په‌یوه‌ندی (حالة الجرّ) Dative ی هه‌مان وشه‌یه.
ـ په‌ڕاكلێتۆن παράκλητον یش شێوه‌ی حاڵه‌تی به‌ركاری (حالة النصب) Accusative ی هه‌مان وشه‌یه واته كاتێك ده‌بێته به‌ركار (مفعول به).
ـ په‌ڕاكلێتێ παράκλητε یش شێوه‌ی حاڵه‌تی بانگردن (حالة النداء) Vocative ی هه‌مان وشه‌یه واته كاتێك ده‌بێته بانگكراو (منادی).
له‌م چه‌ند ده‌قه‌دا له (ئینجیلی یۆحه‌ننا) وشه‌ی (په‌ڕاكلێتۆس) παράκλητος به واتای كه‌سێك (به‌تایبه‌تی كه‌سێكی ڕۆحی) هاتوه كه به‌دوای مه‌سیحدا دێت و فرمانی ئه‌و ته‌واو ده‌كات. واتای ده‌قاوده‌قی وشه‌كه له زمانی گریكیدا بریتیه له (پارێزه‌ر) یاخود (پارمه‌تیده‌ر) یاخود (تكاكار). له ده‌قه‌كه‌یشدا وشه‌كه هه‌ر وه‌كو وشه‌یه‌كی گشتی و ساده به‌كار هاتوه به واتای كه‌سێك كه دوای مه‌سیح دێت و ده‌بێته یارمه‌تیده‌ری قوتابیه‌كانی ئه‌و و دڵیان ده‌داته‌وه و ده‌بێته پاڵپشتیان، چونكه وشه گریكیه‌كه له واتاكانی (یارمه‌تیدان) و (پارێزگاری) و (دڵدانه‌وه) و (تكاكاری) و (ئامۆژگاری) ـه‌وه هاتوه. به‌ڵام به‌پێی ئه‌ده‌بیاتی ئیسلامیی نوێ ئه‌م وشه‌یه یه‌كسانه به هه‌مان ئه‌و ناوی (أحمد) ه‌ی كه له قورئاندا له‌سه‌ر زمانی (عیسا) وه هاتوه وه‌كو نازناوی موحه‌ممه‌د، كاتێك ده‌ڵێت: (وإذ قال عيسى ابن مريم: «يا بني إسرائيل! إني رسول الله إليكم مصدقا لما بين يديّ من التوراة ومبشّرا برسول يأتي من بعدي اسمُه "أحمد"») (الصف: 6).
ئینجا بۆ ئه‌وه‌ی واتای وشه‌ی (أحمد) له‌گه‌ڵ ده‌سته‌واژه گریكیه‌كه‌دا بگونجێت، نوسه‌ره ئیسلامیه مزگێنیسازه‌كان ده‌ڵێن وشه‌ی (په‌ڕاكلێتۆس) παράκλητος له ده‌ستنوسه‌كانی ئینجیل‌دا به‌هه‌ڵه هاتوه و له‌ڕاستیدا (پێریكلیتۆس) περικλυτός ـه، به واتای (زۆر به‌ناوبانگ) یان (زۆر شکۆدار) و ئیتر ئه‌مه له چه‌مکی (ستایشكراو) و واتای ناوی (محمد) و (أحمد) نزیك ده‌بێته‌وه.
به‌م شێوه‌یه به‌پێی ئه‌ده‌بیاتی ئیسلامی ئه‌و كه‌سه‌ی كه مه‌سیح ـ به‌پێی ئینجیل ـ په‌یمانی به قوتابیه‌كانی داوه به هاتنی بۆلایان؛ هه‌ر هه‌مان (موحه‌ممه‌د) ی پێغه‌مبه‌ری ئیسلامه كه دوای مه‌سیح هاتوه. لێره‌وه نوسه‌ره ئیسلامیه‌كان مه‌سیحیه‌كان به‌وه‌ش تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن كه گوایه ده‌سته‌واژه‌كه‌ی ئینجیلیان ده‌ستكاری (تحریف) كردوه و له (پێریكلیتۆس) ـه‌وه كردویانه به (په‌ڕاكلێتۆس). كه دواتر ڕونی ده‌كه‌ینه‌وه تا چ ڕاده‌یه‌ك ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه و ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه بۆ وشه‌كه ڕاست ده‌رده‌چێت.
تێڕوانینی ڕه‌خنه‌یی و ساخكردنه‌وه
پێشتر ئه‌وه‌مان ڕون كرده‌وه كه ئه‌و وشه‌ی (په‌ڕاكلێتۆس) ـه‌ی كه له ئینجیل (ی یۆحه‌ننا) دا هاتوه و مه‌سیحیه‌كان خۆیان به (گیانی پیرۆز) لێكی ده‌ده‌نه‌وه، به‌پێی ئه‌ده‌بیاتی ئیسلامی و (مزگێنیناسی) (!) ی ئیسلامی گوایه به هه‌ڵه‌ی مه‌به‌ست هاتوه و مه‌سیحیه‌كان ده‌ستكارییان كردوه و ڕاسته‌كه‌ی (پێریكلیتۆس) ـه و به واتای (زۆر به‌ناوبانگ) یان (زۆر شکۆدار) و ـ لێره‌وه ـ (ستایشكراو) ه و گوایه به‌م پێیه‌ش به‌رامبه‌ری هه‌مان ئه‌و ناوی (أحمد) ه‌یه كه له قورئاندا له‌سه‌ر زمانی (عیسا) وه هاتوه كاتێك مزگێنیی داوه به پێغه‌مبه‌رێك به‌و ناوه كه دوای ئه‌و دێت: (وإذ قال عيسى ابن مريم: «يا بني إسرائيل! إني رسول الله إليكم مصدقا لما بين يديّ من التوراة ومبشّرا برسول يأتي من بعدي اسمُه "أحمد"») (الصف: 6).
سه‌ره‌تا ده‌بێت بڵێین ئه‌م ده‌قه قورئانیه كه ناوی (أحمد) ی تێدا هاتوه و باس له مژده‌یه‌ك ده‌كات له‌سه‌ر زمانی (عیسا) به هاتنی پێغه‌مبه‌رێك دوای خۆی، ئه‌وه‌ش نه‌ك به به‌كارهێنانی ناوی (محمد) به‌ڵكو (أحمد)؛ له ڕاستیدا ده‌قێكی ئاڵۆزه و تا ئێستا توێژینه‌وه‌یه‌كی یه‌كلایی له‌سه‌ر نه‌كراوه، بۆ نمونه:
به‌ته‌واوی ڕون نیه:
قورئان به‌م باسه ئاماژه بۆ چ ده‌قێك ده‌كات؟
ئه‌و ده‌قه‌ی ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات یان ئه‌م چیرۆك و چه‌مكه‌ی لێوه هاتوه به چ زمانێك بوه؟
سه‌رچاوه‌ی بیرۆكه‌كه ده‌قێكه یان داب‌ونه‌ریت و چیرۆكێكی ده‌ماوده‌مه؟
یان چ مه‌به‌ستێكی له هێنانی ناوی (أحمد) له‌بریی (محمد) هه‌یه؟
ناوی (أحمد) وه‌رگێڕانی ناوێكه به زمانی گریکی یان ئاڕامی ـ سوریانی؟ یان مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه عیسا هه‌مان وشه‌ی به‌كار هێناوه؟
ئه‌مانه كۆمه‌ڵێك پرسیارن كاتێك وه‌ڵامیان ده‌درێته‌وه كه ئه‌و ده‌قه یان ئه‌و داب‌ونه‌ریته بدۆزرێته‌وه و دیاری بكرێت كه قورئان ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ی لێ وه‌رگرتوه.
ئه‌وه‌ی كه زیاتر گومان بۆی ده‌چێت و باس كراوه، ئه‌وه‌یه كه ئه‌م ده‌قه قورئانیه ئاماژه‌یه بۆ وه‌رگێڕانی سوریانیی ئه‌و ده‌قه‌ی (ئینجیلی یۆحه‌ننا) كه باسی (په‌ڕاكلێتۆس) ی تێدا هاتوه، واته په‌ره‌گرافێكه له (پێشیططا) وه‌رگێڕانی سوریانیی فه‌رمی بۆ ئینجیل. به‌ڵام بزانین له‌و ده‌قه‌دا ده‌سته‌واژه‌كه چۆنه: ئه‌مه نمونه‌یه‌كه له‌و ده‌قه سوریانیه كه باسی (په‌ڕاكلێتۆس) ی تێدایه: (ܘܶܐܢܳܐ ܐܶܒܼܥܶܐ ܡܶܢ ܐܳܒܼܝ ܘܰܐ̱ܚܪܺܢܳܐ ܦܰܪܰܩܠܺܛܳܐ ܢܶܬܶܠ ܠܟ̣ܶܘܢ ܕܢܶܗܘܶܐ ܥܰܡܟ̣ܺܘܢ ܠܥܳܠܰܡ)، واته: (داوا له باوك ده‌كه‌م "په‌ره‌قلیطا" ێكی ترتان بداتێ تا بۆ هه‌تاهه‌تایه له‌گه‌ڵتان بمێنێته‌وه) (ئینجیلی یۆحه‌ننا: 14: 16)، له‌م ده‌قه‌دا وشه‌ی (ܦܰܪܰܩܠܺܛܳܐ) هاتوه كه به (په‌ره‌قلیطا) ده‌خوێنرێته‌وه، كه ته‌نها گواستنه‌وه‌ی وشه گریکیه‌كه‌یه واته (په‌ڕاكلێتۆس) παράκλητος، وا دیاره قورسیی وه‌رگێڕانی وشه‌كه و هێشتنه‌وه‌ی ئه‌گه‌ری هه‌مو ماناكانی، هۆكاری وه‌رنه‌گێڕانی و گواستنه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆی بوه له ده‌قه سوریانیه‌كه‌دا، كه ئه‌وه‌ش بوه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی وشه‌ی (په‌ڕاكلێتۆس) و به سوریانی (په‌ره‌قلیطا) و به عه‌ره‌بی (فارقلیط) یاخود (فرقلیط) یان (فراقلیط) له هه‌مو ناوچه‌كه‌دا به‌كاربێت و وه‌رگێڕانی بۆ نه‌كرێت و وه‌كو ناوێكی شه‌خسیی لێ بێت بۆ (ئه‌و كه‌سه‌ی دوای یه‌شوع دێت) یان (دوایین پێغه‌مبه‌ر)، هه‌رچه‌ند وشه‌كه له خۆیدا وشه‌یه‌كی گشتیه و مه‌به‌ستی ده‌قه‌كه له به‌كارهێنانیدا ته‌نها ئه‌وه‌نده‌یه كه (گیانی پیرۆز) دوای یه‌شوع دڵی قوتابیه‌كانی ئه‌و ده‌داته‌وه و پشتگیری‌یان ده‌كات و ده‌رونیان به‌هێز ده‌كات و له ناخیاندا له‌گه‌ڵیان ده‌بێت.
وشه گریکیه‌كه παράκλητος (كه له گریكیی كلاسیك‌دا به "په‌ڕاكلێتۆس" گۆ ده‌كرێت واته ده‌خوێنرێته‌وه، له گریكیی كۆینێ ـ واته گریكیی گشتیی سه‌رده‌می هێلێنی ـ یشدا به "په‌ڕه‌كلێتۆس"، له گریكیی بیزانتییشدا به "په‌ڕه‌كلیتۆس")، له فرمانێكه‌وه هاتوه به شێوه‌ی (په‌ڕه‌كه‌لێۆ) παρακαλέωـ (109 جار له په‌یمانی نوێ‌دا هاتوه). ڕیشه‌ی ئه‌م فرمانه به‌م جۆره‌یه: له دو به‌ش پێك هاتوه: (په‌ڕه) παρα، واته (له ته‌نیشت، له نزیك.. )، له‌گه‌ڵ (كه‌لێۆ) καλέω، كه فرمانێكه واتای (بانگكردن) ده‌دات، واتاكه‌ش به‌سه‌ر یه‌كه‌وه ده‌بێته بانگردن بۆلای یان بۆ نزیكی ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌سێكی تر بانگ ده‌كات و داوای یارمه‌تیی لێ ده‌كات.
ئیتر فرمانی (په‌ڕه‌كه‌لێۆ) παρακαλέω له بنه‌ڕه‌تدا واته: داوا ده‌كات، داخوازی ده‌كات (به‌تایبه‌تی به زمان، واته وتنی شتێك كه جۆرێك بێت له داواكردن)، ئینجا له‌م واتا گشتیه‌وه كۆمه‌ڵێك واتای لێك نزیكی تر وه‌رده‌گرێت، وه‌كو: (یارمه‌تی ده‌دات، پشتیوانی ده‌كات، دڵ ده‌داته‌وه، ئامۆژگاری ده‌كات، به‌رگریی لێ ده‌كات)، ئه‌م واتایانه‌ش هه‌مویان ده‌چنه‌وه سه‌ر واتای (داخوازی به زمان)، چونكه هه‌ر یه‌كه له (پشتیوانیكردن، دڵدانه‌وه، ئامۆژگاریكردن، به‌رگریكردن، تكاكردن) به قسه ده‌كرێن و قسه‌كان دواندن و جۆره داخوازییه‌كیان تێدایه واته داوای هه‌ڵوێستێك یان حاڵه‌تێكیان تێدایه.
ئینجا له‌م فرمانه ناوێك دروست ده‌بێت به شێوه‌ی په‌ڕاكه‌لێسیس παράκαλησις به واتاكانی: (داواكاری، یارمه‌تی، پشتیوانی، دڵدانه‌وه، ئامۆژگاری، به‌رگریكردن، تكاكردن).
لێره‌وه ئاوه‌ڵناو (صفة) ی په‌ڕاكلێتۆس παράκλητος دروست ده‌بێت به واتاكانی: (داواكار، یارمه‌تیده‌ر، پشتیوان، دڵده‌ره‌وه، ئامۆژگار، به‌رگریكار، تكاكار)، بۆ نمونه: به كه‌سێك ده‌وترێت كه سه‌ره‌خۆشی بكات له كاتی ناخۆشیدا و دڵی كۆستكه‌وتو بداته‌وه، هه‌روه‌ها به (پارێزه‌ر) "مُحامي" ی دادگا ده‌وترێت چونكه به‌رگری ده‌كات (به قسه)(1). ئیتر به‌گشتی به كه‌سێك ده‌وترێت كه هه‌وڵ بدات به قسه حاڵه‌تی كه‌سێك باش بكات. هه‌ر بۆیه له وه‌رگێڕانه عه‌ره‌بیه‌كاندا چه‌ند وشه‌یه‌ك ده‌بینین بۆ وه‌رگێڕانی، وه‌كو (دڵده‌ره‌وه) (مُعزِّي) (وه‌كو له وه‌رگێڕانی "ڤانده‌یك"دا هاتوه) یان (پشتگیر) (مؤیِّد) (وه‌كو له وه‌رگێڕانی یه‌سوعیه‌كاندا هاتوه) یان (یارمه‌تیده‌ر) (مُعین) (وه‌كو له وه‌رگێڕانی "كتاب الحیاة" دا هاتوه)، یان هه‌ندێك جار (تكاكار) (شفیع) (له ئینگلیزییشدا زیاتر به comforter وه‌رده‌گێڕدرێت كه هه‌ر به واتای "دڵده‌ره‌وه" یه. هه‌روه‌ها به یارمه‌تیده‌ر helper و به‌رگریکار advocate و تکاکار intercessor و پشتگیر consoler یش وه‌رده‌گێڕدرێت).
ئه‌وه‌ی مه‌به‌سته لێره‌دا ئه‌وه‌یه كه نه له ده‌قه سوریانیه‌كه‌دا كه كاریگه‌ریی هه‌بوه له نیمچه‌دورگه‌ی عه‌ره‌بیدا وشه‌كه له (أحمد) و (محمد) ـه‌وه نزیكه، نه هیچ واتایه‌كی وشه‌كه له واتای (ستایشكراو) (محمد) و (ستایشكراوتر) (أحمد) ه‌وه نزیكه. ته‌نها ئه‌وه‌نده هه‌یه (ئیبن ئیسحاق) له (ژیاننامه‌ی پێغه‌مبه‌ر) دا كاتێك ده‌قی (ئینجیلی یۆحه‌ننا: 15: 26، 27) به عه‌ره‌بی داده‌ڕێژێته‌وه وشه‌ی (مونحه‌مه‌ننا) له‌جێی (په‌ڕاكلێتۆس) داده‌نێت، به‌م شێوه‌یه: (فلو قد جا‌ء المُنْحَمَنَّا هذا الذي يرسله الله إليكم من عند الرب، روح القدس هذا الذي من عند الرب خرج، فهو شهيدٌ علي، وأنتم أيضا، لأنكم قديما كنتم معي في هذا)(2)، كه ئه‌مه وه‌رگێڕانی ئه‌و ده‌قه‌یه كه ده‌ڵێت: (و هه‌ر كاتێك ئه‌و "په‌ڕاكلێتۆس" ـه دێت كه له‌لای باوكه‌وه بۆتانی ده‌نێرم، ئه‌و ڕۆحی ڕاسته‌قینه‌یه‌ی كه له باوكه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، ئه‌و كاته شایه‌تی بۆ من ده‌دات، و ئێوه‌ش شایه‌تیم بۆ ده‌ده‌ن چونكه ئێوه له سه‌ره‌تاوه له‌گه‌ڵمدا بون) (ئینجیلی یۆحه‌ننا: 15: 26، 27). لێره‌دا ده‌قه‌كه‌ی ئیبن ئیسحاق وشه‌ی (المُنْحَمَنَّا) له‌بریی (په‌ڕاكلێتۆس) به‌كار ده‌هێنێت، ئه‌م وشه‌یه‌ش ـ وه‌كو فریدریش شڤالی Friedrich Schwallyـ (1863 ـ 1919) له (مێژوی قورئان) Geschichte des Qorans دا پێمان ده‌ڵێت ـ له وه‌رگێڕانێكی وشه‌ی (په‌ڕاكلێتۆس) ـه‌وه هاتوه له شێوه‌زاری فه‌له‌ستینیی ناوچه‌یی زمانی سوریانیی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا كه به شێوه‌ی (منه‌حمانا) یه(3)، واته وشه‌ی (منه‌حمانا) كه له‌سه‌ر زاری ڕه‌شه‌خه‌ڵكی فه‌له‌ستین و باشوری سوریای ئه‌و كاته كه به شێوه‌زارێكی زمانی ئاڕامی ـ سوریانی قسه‌یان كردوه، وتراوه، له‌جێی (په‌ڕاكلێتۆس) به‌كار هاتوه و (ئیبن ئیسحاق) له وه‌رگێڕانی ئه‌و بڕگه‌یه‌ی ئینجیلی یۆحه‌ننادا به‌كاری هێناوه و به شێوه‌ی (مونحه‌مه‌ننا) دایناوه‌ته‌وه، دیاره ئه‌و وشه‌یه‌ی له مه‌سیحیه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه پێ گه‌یشتوه، یان ڕه‌نگه ئه‌و بڕگه‌یه‌ی ئینجیلی به یارمه‌تیی مه‌سیحییه‌كی ناوچه‌كه وه‌رگێڕابێت. دیاره ئیبن ئیسحاق وشه‌كه‌ی وه‌كو خۆیشی دانه‌ناوه (له "منه‌حمانا" ه‌وه كردویه‌تی به "مونحه‌مه‌ننا"! ڕه‌نگه بۆ ئه‌وه‌ی له "موحه‌ممه‌د" بچێت! یان ته‌نها هه‌ڵه‌ی گێڕانه‌وه‌یه)، به‌ڵام دوای ئه‌وه ده‌ڵێت: "(المنحمنا) به سوریانی واته: (محمد)، و به ڕۆمی (مه‌به‌ستی گریکیه) بریتیه له (البَرَقْلیطُس)"(4). نازانین ئیبن ئیسحاق له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك وتویه‌تی "(مونحه‌مه‌ننا) واته موحه‌ممه‌د"، به‌ڵام پێ ده‌چێت ته‌نها له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و لێكچونه ڕواڵه‌تیه‌ی كه هه‌یه له نێوان هه‌ندێك له پیته‌كانی هه‌ردو وشه‌ی (منحمنا) و (محمد)، وای وتبێت، كه وا دیاره وشه‌كه‌یشی به شێوه‌یه‌ك داناوه له "موحه‌ممه‌د" بچێت. له ڕوی واتاییشه‌وه هیچ په‌یوه‌ندییه‌ك له‌نێوان هه‌ردو وشه‌كه‌دا نیه، چونكه وشه سوریانیه‌كه هه‌ر به‌رامبه‌ری (په‌ڕاكلێتۆس) ـه گریکیه‌كه‌یه و واتای (ستایشكراو) ی تێدا نیه.. ڕاستیه‌كه‌ی ده‌وقاوده‌قیش واتای پشتگیر و دڵده‌ره‌وه (په‌ڕاكلێتۆس) ناگه‌یه‌نێت، به‌ڵكو ئه‌م وشه ئاڕامی ـ فه‌له‌ستینیه (واته منه‌حمانا ܡܢܰܚܡܳܢܳܐ) ده‌قاوده‌ق به واتای (به‌سۆز) یاخود (به‌به‌زه‌یی) ـه، كه له ئاڕامیی نوێ‌دا چوه‌ته‌وه سه‌ر بنچینه‌كه‌ی و بوه‌ته (مره‌حمانا ܡܪܰܚܡܳܢܳܐ)، و به عه‌ره‌بیش ده‌بێته (رَحْمان)(5). دیاره (په‌ڕاكلێتۆس) كاتێك واتای (دڵده‌ره‌وه) و (پشتیوان) ده‌گه‌یه‌نێت، هه‌ر لێره‌وه واتاكه‌ی گه‌شه‌ی كردوه و بوه‌ته (به‌به‌زه‌یی). كه‌واته (منحه‌مانا) ـ ئه‌و ناوه‌ی كه ئیبن ئیسحاق گواستویه‌تیه‌وه ـ به واتای (به‌به‌زه‌یی) ـه و له مادده‌ی (رحم) ـه، له كاتێكدا (محمد) به واتای (ستایشكراو) ه و له مادده‌ی (حمد) ه، و دو وشه‌ی جیاوازن. كه‌واته (منه‌حمانا) په‌یوه‌ندیی به (أحمد) یشه‌وه نیه، هه‌روه‌كو بۆ (په‌ڕاكلێتۆس) یش وه‌رگێڕانێكی سه‌ركه‌وتو نیه و وا ده‌رده‌كه‌وێت ڕه‌شه‌خه‌ڵك له مه‌سیحیه‌كانی فه‌له‌ستین ئه‌و ناوه‌یان بۆ (په‌ڕاكلێتۆس) داناوه، چونكه له هیچ وه‌رگێڕانێكی سوریانیی ئینجیل‌دا نه‌هاتوه.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه ئیبن ئیسحاقیش وشه‌ی (منحمنا) ناكاته به‌رامبه‌ری وشه‌ی (أحمد) ی قورئان، به‌ڵكو ڕه‌نگه واتای قسه‌كه‌ی ئه‌وه بگرێته‌وه كه ئه‌و كه‌سه‌ی له ئینجیل‌دا ناوی (مونحه‌مه‌ننا) یه مه‌به‌ست (موحه‌ممه‌د) ه، نه‌ك مه‌به‌ستی ئه‌وه بێت ده‌قاوده‌ق به واتای (محمد) ه، بۆیه وشه‌ی (أحمد) ی وه‌كو به‌رامبه‌ر به‌كارنه‌هێناوه.
دوای ئه‌مه‌ش هێشتا نازانین ده‌قه قورئانیه‌كه و زاراوه‌ی (أحمد) ی قورئانی ئاماژه‌یه بۆ چ ده‌قێك و سه‌رچاوه‌كه‌ی چیه. به‌ڵام به‌گشتی ده‌توانین بڵێین سه‌رچاوه‌كه هه‌ر ئه‌و ده‌قه‌ی (ئینجیلی یۆحه‌ننا) یه، به‌ڵام وا ده‌رده‌كه‌وێت وشه‌ی (په‌ڕاكلێتۆس) به وه‌رگێڕانێكی سوریانی یاخود عه‌ره‌بیی وا گه‌یشتوه‌ته قورئان كه وشه‌كه‌ی له واتای (ستایشكراو) نزیك كردوه‌ته‌وه.
ئه‌وه‌ی كه زیاتر ئه‌گه‌ری هه‌یه نهێنیی پشت ده‌سته‌واژه‌ی (أحمد) بێت و تیشك بخاته سه‌ر بابه‌ته‌كه، ئه‌و چاره‌سه‌ره‌یه كه وه‌رگێڕی لاتینیی قورئان (لودۆڤیكۆ مه‌راشی) Ludovico Maracciـ (1612 ـ 1700 ز.) كاتی خۆی بیری لێ كردوه‌ته‌وه (له په‌ڕاوێزه‌كانیدا له‌سه‌ر وه‌رگێڕانی لاتینیی خۆی بۆ قورئان)، كه وتویه‌تی: بیرۆكه‌ی هاتنی ناوی (أحمد) له ئینجیل‌دا كه له قورئاندا هاتوه، ڕه‌نگه بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی وشه‌ی (په‌ڕاكلێتۆس) παράκλητος له‌گه‌ڵ وشه‌ی (پێریكلیتۆس) περικλυτός دا تێكه‌ڵ كراوه، كه ئه‌مه‌ی دوه‌میان وشه‌یه‌كی جیاوازه (له لاتینییشدا به Periclytus ده‌نوسرێت)، و واتای (زۆر به‌ناوبانگ) یاخود (زۆر شكۆدار) ده‌گه‌یه‌نێت، چونكه له بنه‌ڕه‌تدا وشه‌ی (كلیتۆس) Κλυτος ی گریكی و Clytus ی لاتینی، به واتای (ناسراو) و (به‌ناوبانگ) و (شكۆدار) ه.
به‌م شێوه‌یه له‌سه‌ر بنه‌مای خوێندنه‌وه‌یه‌كی هه‌ڵه یان گواستنه‌وه‌یه‌كی هه‌ڵه، وشه‌كه به هه‌ڵه به (ستایشكراو) (محمد) یان (ستایشكراوتر) (أحمد) لێكدراوه‌ته‌وه، و ئه‌مه‌ش بنه‌ڕه‌تی بیرۆكه قورئانیه‌كه‌یه.
لێكچونی ده‌قه قورئانیه‌كه له‌گه‌ڵ ده‌قه‌كه‌ی (ئینجیلی یۆحه‌ننا) دا ئاشكرایه، ده‌قه‌كه‌ی ئینجیل ده‌ڵێت: یه‌شوع وتویه‌تی: دوای من (په‌ڕاكلێتۆس) ێك، واته پشتگیر و دڵده‌ره‌وه‌یه‌ك، دێت بۆلاتان، ده‌قه قورئانیه‌كه‌ش ده‌ڵێت: عیسا وتویه‌تی: دوای من پێغه‌مبه‌رێك دێت كه ناوی (ئه‌حمه‌د) ه. لێره‌دا هه‌ردو ده‌قه‌كه له شێوه‌ی گشتیدا (په‌یماندان به هاتنی كه‌سێك دوای مه‌سیح) یه‌ك ده‌گرنه‌وه، به‌ڵام ده‌قه ئینجیلیه‌كه مه‌به‌ستی هه‌ر ئه‌و (گیانی پیرۆز) (الروح القدس) ـه‌یه كه له سه‌رتاسه‌ری ئینجیل‌دا وه‌كو ئه‌و فریشته‌یه ناوی هاتوه كه دێته ده‌رونی باوه‌ڕدارانه‌وه و ده‌رونیان به‌هێز ده‌كات و ئیلهامیان پێ ده‌به‌خشێت، و به‌رامبه‌ری (فریشته‌ی سروش) (مَلَك الوحي) ـه له ئیسلامدا كه به زاراوه‌ی ئیسلامی‌یش (روح القدس) ی پێ ده‌وترێت، واته (جیبریل).
ئامانجی ده‌قه ئینجیلیه‌كه له باسی (گیانی پیرۆز) وه‌كو پشتگیرێك و یارمه‌تیده‌رێك بۆ باوه‌ڕداری مه‌سیحی كه وته‌كانی مه‌سیحی بیر ده‌خاته‌وه، ئه‌وه‌یه نوسه‌ری ئینجیل (ی یۆحه‌ننا) ویستویه‌تی بڵێت كه ئه‌م قسانه‌ی من له‌و یارمه‌تیده‌ره‌وه هاتوه كه مه‌سیح ناردویه‌تی و ئه‌و گیانه یارمه‌تیده‌ره قسه‌كانی ئه‌وم بیرده‌خاته‌وه. كه ئێمه دڵنیاین (ئینجیلی یۆحه‌ننا) هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به (یه‌شوع) ـه‌وه نیه، و دوای هه‌مو ئینجیله‌كانی تر و له‌ژێر ڕۆشنایی فێركاریه‌كانی (پۆڵس) دا نوسراوه. واته بیرۆكه‌ی (په‌ڕاكلێتۆس) له ئینجیلی یۆحه‌ننادا فێڵێكه بۆ سه‌پاندنی كۆمه‌ڵێك بیروباوه‌ڕ به‌سه‌ر كه‌سێتیی مه‌سیحدا و بیانویه‌كه بۆ سه‌لماندن و ڕه‌وابینینی بیرۆكه تایبه‌تیه‌كانی ده‌رباره‌ی كه‌سێتیی مه‌سیح (به‌تایبه‌تی كه ئینجیلی یۆحه‌ننا جیاوازه له سێ ئینجیله‌كه‌ی پێش‌و)، ئینجا دواتر له ئه‌ده‌بیاتی ئیسلامی‌دا دوای هه‌ندێك گۆڕانكاری و ده‌ستكاری و گونجاندن ده‌كرێته مزگێنی به هاتنی موحه‌ممه‌د!
به‌م شێوه‌یه چه‌مكه‌كه دو جار ساخته‌یه:
ـ جارێك كه (په‌ڕاكلێتۆس) بیانویه‌كی ساخته‌یه بۆ ساخكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك بیروباوه‌ڕی تایبه‌تیی نوسه‌ری ئینجیلی یۆحه‌ننا به‌سه‌ر كه‌سێتیی مه‌سیحدا و لاف‌وگه‌زافی په‌یوه‌ندییه‌كی ڕاسته‌وخۆیه به خودی یه‌شوعه‌وه (چونكه نوسه‌ری ئه‌و ئینجیله ده‌زانێت كه یه‌شوع زیاتر له 70 ساڵه نه‌ماوه ئیتر پێویستیی به داوه‌ده‌زوله‌یه‌ك هه‌یه بیگه‌یه‌نێته‌وه به‌و!).
ـ جارێكی تریش كه له داب‌ونه‌ریتی ئیسلامی‌دا وشه‌كه به هه‌ڵه وه‌رگیراوه و به هه‌ڵه ڕاڤه كراوه و كراوه به مزگێنی به هاتنی كه‌سێك كه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به بنه‌ڕه‌تی بابه‌ته‌كه و مه‌به‌ستی ده‌قه بنه‌ڕه‌تیه‌كه‌وه نیه!
ده‌رباره‌ی ئه‌و قسه‌یه‌ی كه نوسه‌ره ئیسلامیه‌كان بابه‌ته‌كه‌ی پێ پینه ده‌كه‌ن، كه ده‌ڵێن وشه‌كه‌ی ئینجیل له بنه‌ڕه‌تدا بریتیه له (پێریكلیتۆس) περικλυτός و مه‌سیحیه‌كان گۆڕیویانه بۆ (په‌ڕاكلێتۆس) παράκλητος بۆ ئه‌وه‌ی له واتای (محمد) دور بكه‌وێته‌وه.. ؛ ده‌توانین بڵێین: قسه‌یه‌كی بێبه‌ڵگه و گۆتره‌كاریه، و له‌و كاته‌وه ئه‌و ده‌نگ‌وباسه هه‌یه كه زۆرزانێكی وه‌كو (مه‌راشی) وه‌كو چاره‌سه‌ری وه‌رگێڕانی (په‌ڕاكلێتۆس) به (أحمد) بیری لێ كردوه‌ته‌وه. كه مه‌به‌ستی مه‌راشی ئه‌وه‌یه ئه‌و كه‌سه‌ی كه ده‌قه‌كه‌ی ئینجیلی وه‌رگێڕاوه یان گواستویه‌تیه‌وه بۆ قورئان یان ژینگه‌ی ئایینیی قورئان، وشه‌كه به (پێریكلیتۆس) حاڵی بوه و له‌م ڕێگه‌یه‌وه به (ستایشكراو) وه‌ریگێڕاوه. واته بابه‌ته‌كه هه‌موی خراپ حاڵیبونێكه، یان گواستنه‌وه و خوێندنه‌وه‌یه‌كی هه‌ڵه‌یه، ئه‌گه‌رنا له هیچ ده‌ستنوسێكی گریکیی ئینجلیدا وشه‌كه به شێوه‌ی (پێریكلیتۆس) περικλυτός نه‌هاتوه، و دڵنیاین كه گره‌وه‌كه ده‌به‌ینه‌وه ئه‌گه‌ر گره‌و بكه‌ین له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ی ئه‌م شێوه‌یه‌ی وشه‌كه له ده‌ستنوسێكی مه‌سیحیدا [به‌ڵكو له هه‌مو ده‌قی گریکیی یه‌یمانی نوێ‌دا وشه‌ی پێریكلیتۆس περικλυτός له هیچ جێگه‌یه‌كی تریشدا نه‌هاتوه، هیچ داڕشته و شێوه‌یه‌كی تری وشه‌كه‌ش له هیچ جێگه‌یه‌كی تردا نه‌هاتوه(6)]. له وه‌رگێڕانه سوریانیه‌كه‌شدا بینیمان كه وشه‌كه به (په‌ره‌قلیطا) (ܦܰܪܰܩܠܺܛܳܐ) هاتوه، كه هه‌مان وشه گریکیه‌كه‌یه‌ی ده‌قی ئینجیلی یۆحه‌ننایه واته "په‌ڕاكلێت" (به‌بێ پاشگری ۆس ος ی گریکی و له‌گه‌ڵ پاشگری ܐ "ئه‌لیف" ی سوریانی).
ڕه‌نگه داكۆكیكارێكی ئیسلامی له‌ناچاریدا بڵێت: ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ی ئینجیل هه‌ر زو ده‌ستكاری كراوه و ده‌ستنوسی نه‌ماوه‌ته‌وه و هه‌رچی ماوه‌ته‌وه هه‌موی ده‌ستكاریكراوه‌كه‌یه! به‌ڵام كاتێك مشت‌ومڕ ده‌گاته ئه‌م حاڵه‌ته ئیتر هیچ سودێكی نامێنێت و له مشت‌ومڕی زانستی ده‌رده‌چێت، ئه‌و كاته ئه‌و داكۆكیه ده‌بێته دڵخۆشكردن به خه‌یاڵات و خه‌ون، كه ناتوانن بۆ هیچ كه‌سێكی بسه‌لمێنن.
ئینجا ئه‌گه‌ر نوسه‌ره ئیسلامیه‌كان پێیان وایه ده‌قه مه‌سیحیه‌كان هه‌مویان ده‌ستكاری كراون و ڕه‌سه‌نایه‌تییان نیه ئیتر بۆچی به‌ناو ئه‌و ده‌قانه‌دا ده‌گه‌ڕێن بۆ مزگێنییه‌ك و به‌ڵگه‌یه‌ك كه سودی بۆیان هه‌بێت؟ ئه‌گه‌ر پێیان وایه (په‌ڕاكلێتۆس) كه له هه‌مو ده‌ستنوسه‌كاندا هاتوه زاده‌ی ده‌ستكاری (تحریف) ـه ئیتر چۆن متمانه به (پێریكلیتۆس) ـه خه‌یاڵیه‌كه ده‌كه‌ن كه له هیچ ده‌ستنوسێكیشدا نه‌هاتوه؟ ئه‌گه‌ر (په‌ڕاكلێتۆس) ئه‌گه‌ری ده‌ستكاری و دروستكردنی هه‌بێت (پێریكلیتۆس) یش ئه‌گه‌ری ده‌ستكاریی هه‌یه و ئه‌گه‌ریشی زیاتره.
جگه له‌مانه‌ش نوسه‌ره ئیسلامیه‌كان هه‌ر به زۆره‌ملێ ده‌قه‌كه‌ی ئینجیل ده‌كه‌نه مزگێنی به هاتنی موحه‌ممه‌د، چونكه ده‌قه‌كه‌ی ئینجیل ڕاشكاوانه ئه‌و (په‌ڕاكلێتۆس) ـه به گیان (الروح) (واته: گیانی پیرۆز "الروح القدس")، ڕاڤه ده‌كات، كه ده‌ڵێت: (و هه‌ر كاتێك ئه‌و "په‌ڕاكلێتۆس" ـه دێت كه له‌لای باوكه‌وه بۆتانی ده‌نێرم، ئه‌و ڕۆحی ڕاسته‌قینه‌یه‌ی كه له باوكه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، ئه‌و كاته شایه‌تی بۆ من ده‌دات، و ئێوه‌ش شایه‌تیم بۆ ده‌ده‌ن چۆنكه ئێوه له سه‌ره‌تاوه له‌گه‌ڵمدا بون) (ئینجیلی یۆحه‌ننا: 15: 26، 27)، له‌م ده‌قه‌دا، هه‌رچه‌ند ڕسته‌ی (له باوكه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت) دواتر بۆی زیاد كراوه، به‌ڵام ده‌قه‌كه ڕاشكاوانه كه‌سێتیی (په‌ڕاكلێتۆس) به گیان (روح) ێك پێناسه ده‌كات (به‌و پێیه كه دوای مه‌سیح دێته ناو قوتابیه‌كانی ئه‌و و له ناخی ئه‌واندا ده‌بێت)، مه‌به‌ستی ده‌قه‌كه‌ش به‌گشتی ئه‌وه‌یه كه ئه‌و گیانه وته و فێركاریه‌كانی مه‌سیح ده‌خاته‌وه بیریان و ئه‌وان له‌و ڕێگه‌یه‌وه ده‌توان ئه‌و وته و فێركاریانه بۆ خه‌ڵك بگێڕنه‌وه (به‌كورتی: ئه‌م باسه بنچینه‌ی تیۆریی "وه‌حی" ی مه‌سیحیه: دوای مه‌سیح، گیانی پیرۆز دێته ده‌رونی قوتابی و نێردراوه‌كانیه‌وه و ئیلهامیان پێ ده‌به‌خشێت و به‌م جۆره ده‌توانن "ئینجیل" بنوسنه‌وه كه مژده‌یه به هاتنی مه‌سیح و وته‌كانی). واته له ده‌قه‌كه‌وه ئاشكرایه كه (په‌ڕاكلێتۆس) بونه‌وه‌رێكی ڕۆحیه، ڕۆحێكه، فریشته‌یه‌كه، نه‌ك مرۆڤێك، پێغه‌مبه‌رێك. ئیتر لێره‌وه بێشه‌رمیی نوسه‌ره ئیسلامیه‌كان دیاره له ده‌ستكاریكردنی ده‌قه‌كاندا و ملبادانی ده‌قه‌كان بۆ مه‌به‌ستی خۆیان، بۆ نمونه: لێره‌دا ده‌قه‌كه‌ی ئینجیل ڕاشكاوانه ده‌ڵێت كه یه‌شوع په‌یمانی ئه‌وه‌ی به قوتابیه‌كانی داوه كه هه‌ر كاتێك ئه‌و له‌ناویاندا نه‌ما ڕۆحی پشتگیر (په‌ڕاكلێتۆس) بێته ناویانه‌وه و له‌بریی ئه‌و پشتگیری‌یان بكات و فێریان بكات، به‌ڵام نوسه‌ره ئیسلامیه‌كان هه‌ر ئه‌م ده‌قه ده‌كه‌نه مزگێنی به هاتنی موحه‌ممه‌د كه زیاتر له (6) سه‌ده دوای مه‌سیح و قوتابیه‌كانی هاتوه! ده‌قه‌كه‌ی ئینجیل ده‌ڵێت: په‌ڕاكلێتۆس وته‌كانی مه‌سیح ده‌خاته‌وه بیری قوتابیه‌كانی كه (12) كه‌س بون، ئایا موحه‌ممه‌د دوای تێپه‌ڕبونی (6) سه‌ده ده‌توانێت ئه‌و قوتابیانه‌ی مه‌سیح ببینێت چ جای ئه‌وه‌ی شتێكیان بیر بخاته‌وه؟
بێشه‌رمیی ئه‌و نوسه‌ره ئیسلامیانه زیاتر له‌وه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، كه ده‌ڵێن: ئه‌و (گیانی ڕاسته‌قینه) (روح الحق) و (گیانی پیرۆز) (الروح القدس) ـه‌ی له ئینجیل‌دا باسی هاتوه هه‌ر مه‌به‌ست پێغه‌مبه‌ری ئیسلامه! بۆ نمونه وه‌كو له (ابن دحیة الكلبي) ـه‌وه ئه‌م قسه‌یه ده‌گێڕنه‌وه ("النبهاني" له "سعادة الدارین فی الصلاة علی سید الكونین" لێی ده‌گێڕێته‌وه)، كه ڕه‌نگه (ئیبن دیحیه) ئه‌وه‌ی له كتێبه‌كه‌ی خۆیدا (المنیر فی مولد البشیر النذیر) دا باس كردبێت.. له كاتێكدا له هه‌مو ئینجیله‌كاندا ڕونه كه ئه‌و كه‌سێتیه ئه‌و (فریشته‌ی وه‌حی) ـه ده‌گرێته‌وه كه له بیروباوه‌ڕی ئیسلامییشدا هه‌یه، هه‌تا له قورئانیشدا بیرۆكه‌یه‌كی نزیك له هه‌مان ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ی ئینجیله‌وه هاتوه كه ده‌ڵێت به گیانی پیرۆز پشتیوانیی قوتابیه‌كانی كراوه، ئه‌وه‌ش كاتێك قورئان ده‌ڵێت: (وآتينا عيسى ابنَ مريم البيّناتِ وأيّدناه بروح القُدُس) (النحل: 87، 253)، (إذ قال الله: «يا عيسى ابن مريم! اذكر نعمتي عليك وعلى والدتك، إذ أيّدتُك بروح القُدُس») (النحل: 110). كه ئه‌م ده‌قانه ده‌ڵێن: به گیانی پیرۆز پشتیوانیی مه‌سیح كراوه، واته گیانی پیرۆز نێردراوه بۆ یارمه‌تیدانی له كاره‌كه‌یدا (به‌ڵكو سه‌رنج ده‌ده‌ین چه‌مكی "پشتیوانی" له ده‌قه قورئانیه‌كه‌دا هه‌مان واتای ده‌قاوده‌قی "په‌ڕاكلێتۆس" ی ئینجیله، به‌شێوه‌یه‌ك ده‌توانین وشه‌ی "په‌ڕاكلێتۆس" به "پشتیوان ـ مُؤیِّد" ڕاڤه بكه‌ین و ئه‌م ڕاڤه‌یه‌ش به ڕاڤه‌یه‌كی قورئانی دابنێین).
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا نوسه‌ره ئیسلامیه‌كان سورن له‌سه‌ر ساخته‌كاریه‌كانی خۆیان.
له لایه‌كی تریشه‌وه ده‌توانین بڵێین: قورئان به بێ ئه‌وه‌ی به خۆی بزانێت دو چه‌مكی جیاوازی ده‌رباره‌ی (گیانی پیرۆز) به‌رهه‌م هێناوه:
ـ له‌لایه‌كه‌وه وه‌سفێكی (گیانی پیرۆز) كه (په‌ڕاكلێتۆس) ـه به (أحمد) وه‌رده‌گێڕێت كه مه‌به‌ست پێغه‌مبه‌ری ئیسلامه.
ـ له‌لایه‌كی تریشه‌وه هه‌مان ئه‌و چه‌مكه‌ی ئینجیل دوپات ده‌كاته‌وه كه فرمانی (گیانی پیرۆز) پشتگیریكردنی مه‌سیحه واته هاوكاریكردنیه‌تی له كاره‌كه‌یدا.
ئه‌مه‌ش واته قورئان دان ده‌نێت به كه‌سێتی و ڕۆڵی (په‌ڕاكلێتۆس) دا واته (گیانی پیرۆز)، له هه‌مان كاتیش‌دا واتایه‌كی هه‌ڵه‌ی له هه‌مان ئه‌و وشه‌یه‌وه وه‌رگرتوه و به وشه‌ی (أحمد) گوزارشی لێ كردوه.
كه‌واته دو جار و به دو شێوازی جیاواز ڕاڤه‌ی وشه‌ی (په‌ڕاكلێتۆس) ی كردوه!
***
دوای هه‌مو ئه‌مانه‌ش، هێشتا ناڕۆشنییه‌ك له ناوی (أحمد) دا هه‌یه: ده‌قه قورئانیه‌كه بۆچی په‌نای بۆ ئه‌م ناوه بردوه؟ بۆچی له‌بریی ناوی (محمد) ئه‌م ناوه‌ی به‌كارهێناوه؟
ئه‌وه‌ی لێره‌دا سه‌ره‌تایه‌كی ڕونه ئه‌وه‌یه كه (أحمد) هه‌ر شێوه‌یه‌كی تری ناوی (محمد) ه، واته سازكردنی ناوی (أحمد) له (محمد) كارێكی ئاسانه. (محمد) واته (ستایشكراو)، داڕشته‌ی ناوی به‌ركار (اسم المفعول) ـه، و ناوی (أحمد) واته (ستایشكارتر، یان ستایشكراوتر)، داڕشته‌ی ئاوه‌ڵناوی به‌راورد (أفعل التفضیل) ـه، واته (أحمد) ته‌نها زۆركردن و پله‌یه‌كی سه‌رتری هه‌مان واتای (محمد) ده‌گه‌یه‌نێت. خۆی به‌پێی یاسای ڕێزمانی عه‌ره‌بی شێوگی ئاوه‌ڵناوی به‌راورد (أفعل التفضیل) له ناوی بكه‌ر (اسم الفاعل) ـه‌وه دێت، به‌پێی ئه‌مه ده‌بێت (أحمد) به واتای (ستایشكارتر) بێت چونكه شێوه‌ی به‌راوردكاری "ستایشكار" (حامد) ـه، به‌ڵام زاناكانی ڕێزمانی عه‌ره‌بی ده‌ڵێن به‌ده‌گمه‌ن و جاروبار له ناوی به‌ركار (اسم المفعول) یشه‌وه دێت، بۆ ئه‌مه‌ش چه‌ند نمونه‌یه‌ك ده‌هێننه‌وه، وه‌كو: (أشغل) له ده‌سته‌واژه‌ی (أشغل من ذات النِّحْيَیْن)، و (أشهر) و ( أعرف) و (أنكر) و (أزهی) [له (زُهِيَ) ـه‌وه به واتای: فیزی کرد] و (أعذر) و (ألوم)، (زه‌مه‌خشه‌ری) له (المفصل) دا (أحمد) یشی بۆ زیاد ده‌كات(7).
كه‌واته ده‌توانین بڵێین (أحمد) ده‌كرێت به واتای (ستایشكراوتر) بێت، و ئه‌وه‌ی له قورئاندا هاتوه و مه‌به‌سته ئه‌م واتایه‌یه.
به‌م شێوه‌یه ڕه‌نگه ده‌قه قورئانیه‌كه له‌لایه‌ن خۆیه‌وه ئه‌م ناوه‌ی دانابێت له‌به‌رامبه‌ری ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ی ئینجیل‌دا كه له ژینگه‌ی ئایینیی قورئاندا به (ستایشكراو) لێك دراوه‌ته‌وه، و دور نیه ده‌سته‌واژه‌كه‌ی ئینجیل به (ستایشكراوتر) ڕاڤه كرابێت و قورئان به (أحمد) گوزارشی لێ كردبێت.
به‌ڵام با ئه‌مه ته‌نها ئه‌نجامێكی سه‌ره‌تایی بێت و زیاتر بۆی بچین:
ئه‌وه‌ی باوه ئه‌وه‌یه كه ناوی (أحمد) یه‌كه‌م جار هه‌ر به موحه‌ممه‌د وتراوه و بۆ یه‌كه‌م جار ده‌قه قورئانیه‌كه ئه‌م ناوه‌ی وه‌كو ناوێكی ئه‌و باس كردوه و، گوایه دوه‌م كه‌س كه ئه‌و ناوه‌ی هه‌بوه باوكی (خه‌لیلی فه‌راهیدی) ـه كه پێی ده‌وترێت (الخلیل بن أحمد الفراهیدي). به‌ڵام ئه‌م گریمانه‌یه‌ش ڕاست ده‌رناچێت، له ڕاستیدا وا ده‌رده‌كه‌وێت كه زۆر كه‌س له نیمچه‌دورگه‌ی عه‌ره‌بیدا پێش ئیسلام ناوی (أحمد) بوبێت. له‌م باره‌یه‌وه سه‌رچاوه ئیسلامیه‌كان هیچمان پێ ناڵێن (له‌م لایه‌نه‌شه‌وه مه‌رج نیه قسه‌ی سه‌رچاوه عه‌ره‌بی ـ ئیسلامیه‌كان و قسه‌ی نه‌خش و نوسراوه كۆنه‌كان یه‌ك بگرنه‌وه، زۆر جار هه‌ر یه‌كه‌یان وه‌كو جیهانێكی جیاواز ده‌رده‌كه‌وێت!)، به‌ڵام مێژونوس و لێكۆڵیار (د. إحسان عباس)، له (تاریخ دولة الأنباط) دا، له باسی نه‌خش و نوسراوه نه‌به‌طيه‌كاندا، ئه‌وه‌مان بۆ باس ده‌كات كه له‌و نه‌خشه نه‌به‌طیانه‌دا كه له میسر دۆزراونه‌ته‌وه ئه‌م ناوانه هاتون: (حنظلة) و (ذؤیب) و (شبرمة) و (أحمد)(8). به‌م پێیه نهبهطيهكان، كه به‌شێك له دانیشتوانی باكوری نیمچه‌دورگه‌ی عه‌ره‌بی پێك ده‌هێنن، ناوی (أحمد) یان تێدا بوه. ئه‌م به‌ڵگه‌یه به‌ته‌نها به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی كه بڵێین وشه‌ی (أحمد) تایبه‌ت نیه به ده‌قه قورئانیه‌كه‌وه، و ناوه‌كه پێش قورئانیش هه‌بوه، و دور نیه ده‌سته‌واژه‌كه‌ی ئینجیل هه‌ر به‌م وشه‌یه گواسترابێته‌وه بۆ ژینگه‌ی ئایینیی قورئان، به‌تایبه‌تی كه ناوی (أحمد) وا ده‌رده‌كه‌وێت له باكوری نیمچه دورگه‌ی عه‌ره‌بیدا هه‌بوه، بۆیه زۆر نزیكه هه‌ر له باكوری نیمچه‌دورگه‌ی عه‌ره‌بی كه لایه‌نێكی زۆر گرنگی ژینگه ئایینیه‌كه‌ی قورئان پێك ده‌هێنێت (چونكه باكوری نیمچه دورگه‌كه خاڵی كارلێكی نێوان كولتوری عه‌ره‌بی و ئایین و كولتوره‌كانی تر بوه به‌تایبه‌تی كولتوری ئاڕامی ـ مه‌سیحی) وشه‌ی (په‌ڕاكلێتۆس) به (پێریكلیتۆس) تێكه‌ڵ كرابێت و به واتای (ستایشكراو) لێك درابێته‌وه و به ناوی (أحمد) كه له‌و ژینگه‌یه‌دا هه‌بوه وه‌رگێڕدرابێت، ڕه‌نگه ئه‌م (تێكه‌ڵكردن و لێكدانه‌وه و وه‌رگێڕان) ـه‌یش هه‌ر له كاتی پێكهاتنی ده‌قه قورئانیه‌كه‌دا و به ڕه‌چاوكردنی ناوی بنه‌ڕه‌تی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام (موحه‌ممه‌د) ئه‌نجام درابێتن، واته وشه‌ی (په‌ڕاكلێتۆس) παράκλητος له ده‌قه ئینجیلیه‌كه‌دا هه‌یه و به كه‌مێك ده‌ستكاری یان لێتێكچون ده‌بێته (پێریكلیتۆس) περικλυτός كه به واتای (زۆر شكۆدار) ه و ئیتر له واتای (زۆر ستایشكراو) نزیك ده‌بێته‌وه، ئینجا به ناوێكی حازر كه (أحمد) و واتای (ستایشكراوتر) ده‌گه‌یه‌نێت وه‌رگێڕدراوه. لێره‌شه‌وه بۆمان ڕون ده‌بێته‌وه كه بۆچی قورئان وشه‌ی (أحمد) ی داناوه له‌بریی (محمد)، ئه‌وه‌ش چونكه ئه‌و زیاده‌ڕه‌ویه‌ی كه له وشه‌ی (پێریكلیتۆس) περικλυτός دا هه‌یه به واتای (زۆر شكۆدار)؛ به (أحمد) گوزارشی لێ ده‌كرێت كه نزیكه له واتای (زۆر ستایشكراو) ه‌وه. ئینجا ئه‌م وشه‌ی (أحمد) ه زۆر نزیكه له واتای (محمد) ـه‌وه و له هه‌مان كاتدا كه‌مێكیش جیاوازه (ئه‌م جیاوازیه‌ش پێویسته، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وترێت ئه‌مه هه‌ر قسه‌ی ئیسلام خۆیه‌تی) و زۆرتریش په‌یوه‌ندیی به ژینگه‌ی مه‌سیحیی باكوری نیمچه دورگه‌كه‌وه هه‌یه، چونكه ـ وه‌كو وتم ـ ناوی (أحمد) له باكوری نیمچه دورگه‌كه‌دا هه‌بوه، ئه‌و ناوچه‌یه زیاتر له‌ژێر كاریگه‌ریی هزری ئاڕامی و مه‌سیحیدا بوه. به كورتی: ده‌قه قورئانیه‌كه هه‌وڵی داوه ناوی (أحمد) بكاته به‌رامبه‌رێكی نیمچه عه‌ره‌بی و نیمچه مه‌سیحی بۆ شێوه‌یه‌كی ده‌سته‌واژه‌كه‌ی ئینجیل كه پێی گه‌یشتوه (به شێوه‌یه‌ك تامێكی عه‌ره‌بی ده‌دات و بۆن‌وبه‌رامه مه‌سیحی و ئاڕامیه‌كه‌یشی ون نه‌كردوه!)، هه‌وڵه‌كه‌یشی له‌م لایه‌نه‌وه سه‌ركه‌وتو بوه، هه‌رچه‌ند په‌یوه‌ندیی به واتای بنه‌ڕه‌تی و ڕاسته‌قینه‌ی ده‌سته‌واژه‌كه‌ی ئینجیله‌وه نیه.
په‌راوێز:
(1) بڕوانه: فيربروج، فرلين د.، القاموس الموسوعي للعهد الجديد. دار الكلمة، القاهرة، الطبعة الأولی، 2007. ص‌ص. 514 ـ 516.
(2) ابن هشام، السيرة النبوية. تحقيق: مصطفى السقا، إبراهيم الأبياري، عبد الحفيظ شلبي. دار المعرفة، بيروت. ج. 1، ص. 233.
(3) بڕوانه: نولدكه، تيودور، تاريخ القرآ‌ن. تعديل: فريدريش شفالي. ترجمة: جورج تامر. منشورات الجمل، الطبعة الثانیة، 2008. ص. 10 (هامش).
(4) بڕوانه:
ابن هشام، السیرة النبویة. ج. 1، ص. 233.
(5) بڕوانه:
Joseph, John, The Modern Assyrians of the Middle East. Brill, 2000. P. 47.
(6) بڕوانه: فيربروج، القاموس الموسوعي للعهد الجديد. ص. 535.
هه‌روه‌ها بڕوانه:
Strong, James, Greek Dictionary of the New Testament. The Ages Digital Library. Version 1. 0, 1997. P. 373.
[مه‌به‌ستم له‌م دو سه‌رچاوه‌یه ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر وشه‌که له ده‌قی گریکیی په‌یمانی نوێ‌دا بهاتایه؛ له‌و جێگه‌یه‌دا وشه‌که ده‌هات، که نه‌هاتوه]
(7) بڕوانه:
(7) بڕوانه:
الزمخشري، المفصل في صنعة الإعراب. تحقيق: د . علي بو ملحم. مكتبة الهلال، بيروت. الطبعة الأولى، 1993. ص‌ص. 297، 298.
(8) إحسان عباس، د.، تاریخ دولة الأنباط. دار الشروق، عمان، الطبعة الأولی، 1987. ص. 26.