ئایا سەندنی سەرانە لە ئەهلی کیتاب لە ئیسلامدا بەسراوەتەوە بە مەرجی دەست‌‌پێش‌خەریەوە؟

ئایا سەندنی سەرانە لە ئەهلی کیتاب لە ئیسلامدا
بەسراوەتەوە بە مەرجی دەست‌‌پێش‌خەریەوە؟
مشت‌ومڕ لەگەڵ (د. عەدنان ئیبراهیم)

سەروەر پێنجوێنی

بانگخواز و بیرمەندی ئیسلامیی نوێخواز (د. عەدنان ئیبراهیم)، لەم وتارەدا(١) هەوڵ دەدات تێڕوانینێکی نوێ بۆ هەندێک بابەتی ئیسلامی، لەوانە سەندنی سەرانە "جزیة" لە "ئەهلی کیتاب"، بخاتە ڕو:

ئەم تازەگەری و تێگەیشتنە نوێیە بۆ ئیسلام کە ناوبراو لەبارەی بابەتی "جیزیە" وە دەیخاتە ڕو؛ جێی ستایش و دەست‌خۆشیە. زۆر شتێکی باش و پێویستە تێگەیشتنی نوێی لەم شێوەیە هەبێت بۆ ئیسلام، لە ناوەوەی ئیسلامەوە، لەسەر زمانی بیرمەندێک و زانایەکی ئایینیی ئیسلامیەوە، بخرێتە ڕو. چونکە چاکسازی بەم شێوەیە دەست پێ دەکات: دەبێت لە ناوەوەی ماڵی بیری ئیسلامەوە دەست پێ بکات، هەتا لەناو موسوڵماناندا پەرە بگرێت. و ئەم چاکسازیە هەر دەبێت بکرێت، چونکە بەبێ ئەمە نە ئیسلام دەتوانێت بیرۆکەیەکی واقیعی بێت، و نە واقیع و کۆمەڵگا دور دەبێت لە زیان و کاریگەریی خراپ و نێگەتیڤ کە هەوڵی جێبەجێ‌کردنی ئیسلامە تەقلیدیەکە دەیسازێنێت.
ئەمە لە لایەنی عەمەلیەوە.
بەڵام لە لایەنی تیۆریەوە؛ پێم وایە عەدنان ئیبڕاهیم هەندێک دەست‌کاری و لێکدانەوەی شەخسی و هەڵەی لەم تێڕوانین و لێکدانەوەیەدا هەیە. گرنگترینی ئەمانە؛ ئەوەیە ئەو مەرجی دەست‌درێژی "اعتداء" دادەنێت بۆ جوڵاندنی هێزی سەربازی بۆسەر (ئەهلی کیتاب) و ڕازی‌بون لێیان بە سەندنی جیزیە لێیان، و ئیتر ئەم دەست‌درێژی "اعتداء" ـە دەکاتە مەرجی یاسا ئیسلامیەکە [واتە: تەنها کاتێک هێرش دەکرێتە سەریان و سێ ئیختیاری (موسوڵمان‌بون ـ یان سەرانەدان ـ یان شەڕ) دەخرێتە بەر دەمیان، کە ئەوان دەست‌درێژییان کردبێتە سەر موسوڵمانان و دەست‌پێش‌خەریی شەڕیان کردبێت]، و ئەم مەرجەش بە مەرجێكی قورئانی دادەنێت.. بەڵام ئایەتەکە خۆی کە دەڵێت: "قَاتِلُوا الَّذِينَ لَا يُؤْمِنُونَ بِاللَّهِ وَلَا بِالْيَوْمِ الْآخِرِ وَلَا يُحَرِّمُونَ مَا حَرَّمَ اللَّهُ وَرَسُولُهُ وَلَا يَدِينُونَ دِينَ الْحَقِّ مِنَ الَّذِينَ أُوتُوا الْكِتَابَ حَتَّى يُعْطُوا الْجِزْيَةَ عَنْ يَدٍ وَهُمْ صَاغِرُونَ" (التوبة: ٢٩)؛ جگە لە ناموسوڵمانێتی و موسوڵمان‌نەبون هیچ مەرج و پاساوێکی تری باس نەکردوە. ئیتر ئەم دەقە باسی دەست‌درێژی "اعتداء" ی نەکردوە و ئەمەی نەکردوە بە مەرج بۆ هێرش‌کردنە سەر ئەهلی کیتاب و ناچارکردنیان بە (موسوڵمان‌بون یان سەرانەدان)، بەڵکو تەنها ئامادەنەبونی ئەهلی کیتاب بۆ موسوڵمان بون دەکاتە مەرج و پاساو بۆ هێرش‌کردنە سەریان، ئەوەتا دەڵێت "باوەڕیان بە ئەڵڵا و ڕۆژی دوایی نیە و قەدەغەکراوی ئەڵڵا و پێغەمبەرەکەی قەدەغە ناکەن و لەسەر ئایینی حەق ناڕۆن"، و ئەمە پاساوەکەیەتی بۆ هێرش‌کردنە سەریان.
عەدنان ئیبراهیم ئەم مەرجی دەست‌درێژی "اعتداء" ـ کە لێرەدا مەبەست دەست‌پێش‌خەریە لە شەڕدا ـ لە هەندێک دەقی قورئانیی ترەوە دەهێنێت و دەیلکێنێت بە باسی ئەم دەقەوە.
ئەم دەست‌درێژی "اعتداء" و دەست‌پێش‌خەریە لە شەڕدا، لە هەندێک دەقی تردا باس کراون،
لە هەندێک دەقدا دەست‌پێش‌خەریی نا-موسوڵمانەکان کراوە بە مەرج بۆ ئەوەی ئیتر موسوڵمانەکانیش شەڕیان لەگەڵ بکەن، دواتر لەگەڵ ڕونکردنەوە و پۆلێن‌کردندا ئاماژە بۆ هەمویان دەکەین. چەند لایەنێکی گرنگ هەن دەربارەی ئەم دەقانە کە دەبێت فەرامۆشیان نەکەین (کە بێ گومان عەدنان ئیبراهیم فەرامۆشیان دەکات)، بەپێی ئەم لایەنانە دەتوانین بەم شێوەیە پۆلێنیان بکەین (و ڕونیشی بکەینەوە کە چۆن کاریگەرییان نیە بۆ سنوردارکردن و مەرج‌دارکردنی یاسای "جیزیە"):
یەکەمیان: ئەم دەقانە کە مەرجی دەست‌درێژی و دەست‌پێش‌خەریی ناموسوڵمانەکان دەکەن بە مەرج بۆ ئەوەی موسوڵمانەکانیش شەڕیان لەگەڵ بکەن؛ تایبەتن بە بارودۆخێکەوە کە بریتی بوە لەوەی هێشتا مەککە نەگیراوەتەوە و موسوڵمان و ناموسوڵمان لە مەککە و لە وەرزی حەجدا و لە زەویی حەڕەمدا ڕێکەوتی یەکتر دەکەن و ئینجا ئەم دەقانە دەڵێن: کاتێک لەو حاڵەتەدا ڕێکەوتی ئەوانتان کرد؛ شەڕیان لەگەڵ مەکەن و ئێوە دەست‌پێشخەر مەبن، بەڵام ئەگەر ئەوان دەست‌پێشخەر بون و شەڕیان لەگەڵ کردن؛ ئێوەش دەستیان لێ بکەنەوە و شەڕیان لەگەڵ بکەن. ئەوانەش ئەم دەقانەن:
ـ "وَقَاتِلُوا فِي سَبِيلِ اللَّهِ الَّذِينَ يُقَاتِلُونَكُمْ وَلَا تَعْتَدُوا إِنَّ اللهَ لَا يُحِبُّ الْمُعْتَدِينَ" (البقرة: ١٩٠)، لە چوارچێوە و "سیاق" ی دەقەکەوە دیارە کە مەبەست ئەو بارودۆخەیە کە لە مەککە لە وەرزی حەج و لە زەویی "حەڕەم"ـدا تەنها لە کاتێکدا شەڕیان لەگەڵ دەکرێت کە ئەوانیش شەڕ بکەن و دەست‌پێش‌خەر بن، ئەوەتا ڕاستەوخۆ دوای ئەوە دەڵێت: "وَاقْتُلُوهُمْ حَيْثُ ثَقِفْتُمُوهُمْ، وَأَخْرِجُوهُمْ مِنْ حَيْثُ أَخْرَجُوكُمْ، وَالْفِتْنَةُ أَشَدُّ مِنَ الْقَتْلِ، وَلَا تُقَاتِلُوهُمْ عِنْدَ الْمَسْجِدِ الْحَرَامِ حَتَّى يُقَاتِلُوكُمْ فِيهِ، فَإِنْ قَاتَلُوكُمْ؛ فَاقْتُلُوهُمْ. كَذَلِكَ جَزَاءُ الْكَافِرِينَ" (البقرة: ١٩١)، ئەوەتا دەڵێت لای مزگەوتی حەڕام شەڕیان لەگەڵ مەکەن هەتا ئەوان دەست‌پێش‌خەری دەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا لە سەرەتای ئایەتەکەوە دەڵێت: لە هەر شوێنێک [یانی: لە دەرەوەی زەویی "حەڕەم"] بەردەستتان کەوتن؛ بیانکوژن. ئاماژە بۆ دو شتیش دەکات: ئەوان (=مەککەییەکان) پێشتر موسوڵمانەکانیان لە مەککە دەرکردوە، دوەمیش "فتنة" کە مەبەست لە ئایین‌وەرگەڕاندنە بە ئەشکەنجەدان. قورئان هەندێک جار ئاماژە بۆ ئەم دو پاڵنەر و پاساوە دەکات بۆ شەڕکردن لەگەڵ مەککەییەکان.
ـ دەقێکی تر دەڵێت: "الشَّهْرُ الْحَرَامُ بِالشَّهْرِ الْحَرَامِ، وَالْحُرُمَاتُ قِصَاصٌ، فَمَنِ اعْتَدَى عَلَيْكُمْ؛ فَاعْتَدُوا عَلَيْهِ بِمِثْلِ مَا اعْتَدَى عَلَيْكُمْ.." (البقرة: ١٩٤). لێرەشدا هەر لە سەرەتای دەقەکەوە دیارە کە مەبەست شەڕکردنە لە کاتی مانگە حەرامەکان کە وەرزی حەجن. دەڵێت: ئەگەر ئەوان دەست‌درێژییان کرد و دەست‌پێش‌خەر بون؛ ئێوەش وەڵامیان بدەنەوە و دەستیان لێ بکەنەوە.
ـ دەقێکی تر دەڵێت: "لەگەڵ هەمو موشریکەکان بجەنگێن؛ وەکو چۆن ئەوانیش لەگەڵ
هەموتان دەجەنگێن": "إِنَّ عِدَّةَ الشُّهُورِ عِنْدَ اللَّهِ اثْنَا عَشَرَ شَهْرًا فِي كِتَابِ اللَّهِ يَوْمَ خَلَقَ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضَ مِنْهَا أَرْبَعَةٌ حُرُمٌ ذَلِكَ الدِّينُ الْقَيِّمُ فَلَا تَظْلِمُوا فِيهِنَّ أَنْفُسَكُمْ وَقَاتِلُوا الْمُشْرِكِينَ كَافَّةً كَمَا يُقَاتِلُونَكُمْ كَافَّةً وَاعْلَمُوا أَنَّ اللهَ مَعَ الْمُتَّقِينَ" (التوبة: ٣٦). لێرەشدا شەڕکردن لەگەڵیان بەوە پاساو دراوە کە ئەوانیش لە شەڕدان لەگەڵ موسوڵمانەکان (یانی بەو پێیەی ئەوانیش هەمیشە ئامادەن بۆ شەڕ لەگەڵ موسوڵمانەکان و لە شەڕێکی هەمیشەییدان). بەڵام ئەم دەقەش هەر پەیوەندیی بە باسی وەرزی حەجەوە هەیە، ئەوەتا باسی چوار مانگە "حەڕام" ـەکە دەکات، بۆیە دەقەکە زیاتر بەوە لێک‌دراوەتەوە کە ئەمە حەڵاڵ‌کردنی شەڕکردنە لەگەڵ موشریکەکان لە وەرزەکانی حەج (مانگە حەڕامەکان) یشدا، چونکە دەڵێت "کافة" |کاففەتەن|، ئەمەش یانی: لەگەڵ هەمویان شەڕ بکەن، واتە: هەتا ئەگەر لەوانەش بن کە لە مانگی حەڕام و وەرزی حەج و زەویی حەڕەمدا ڕێکەوتیان دەکەن. بەپێی ئەم ئایەتە زۆربەی موفەسسیرەکان وتویانە: بەم دەقە قەدەغەبونی شەڕکردن لەگەڵ موشریک لە مانگە حەڕامەکان و زەویی "حەڕام" ـدا هەڵ‌وەشاوەتەوە (بۆ بەڵگەدارکردنی ئەمەش گێڕانەوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە پێغەمبەر لە مانگێکی حەڕامیشدا شەڕی لەگەڵ موشریکەکان کردوە، بۆ نمونه: ئابڵوقەدانی موشریکەکان لە طائیف). لەگەڵ ئەو لێکدانەوە زاڵ و باوەشدا لێکدانەوەیەکی تر هەیە دەڵێت: ئەم دەقە شەڕی مانگی "حەڕام" حەڵاڵ ناکات، بەڵکو ـ مادەم باسەکە باسی مانگە "حەڕام"ـەکان و وەرزی حەجە ـ هەر باسی ئەو حاڵەتەیە کە کاتێک موشریکەکان لە وەرزی حەج و لە مەککەدا دەست‌پێش‌خەری دەکەن لە شەڕدا؛ ئێوەش دەستیان لێ بکەنەوە و شەڕیان لەگەڵ بکەن، یانی: مادەم ئەوان لەگەڵ هەموتان (واتە ئەوانەشتان لە وەرزی حەجدا دەچنە کەعبەوە) شەڕ دەکەن؛ دەی ئێوەش لەگەڵ هەمویان (واتە ئەوانەیشیان کە لە حەجدان و لە وەرزی حەجدا ڕێکەوتیان دەکەن) شەڕ بکەن. بەڵام لێک‌دانەوەی یەکەم ڕاستترە چونکە زیاتر لەگەڵ چوارچێوە و بارودۆخی سورەتی (التوبة) دا دەگونجێت. 
دوەمیان: هەندێک دەقی تریان باسی حاڵەتی ڕێک‌کەوتن و هاوپەیمانی دەکەن، کە دوژمنایەتی نیە لە نێواندا، بەڵکو پەیمانی ئاشتی بەسراوە لەگەڵیاندا، بۆیە باسی ئەوانە دەکات کە پێیان خۆش نیە شەڕ لەگەڵ موسوڵمانەکان بکەن و داوا دەکەن ئاشتی هەبێت لە نێواندا، بۆیە دەڵێت ئێوەش شەڕیان لەگەڵ مەکەن و ئاشتییان لەگەڵ بکەن. ئەمەش ئەو دەقەیە کە دەڵێت: لە نا-موسوڵمانەکان خەڵکی وا هەن سەر بەوانەن [یان دەچنە پاڵ ئەوانەی] کە پەیمانتان هەیە لەگەڵیان، یان پێیان خۆش نیە لە ڕیزی خێڵەکەی خۆیان شەڕتان لەگەڵ بکەن یان لە ڕیزی ئێوەدا شەڕ لەگەڵ خێڵەکەی خۆیان بکەن، جا ئەمانە کە دەیانەوێت لە شەڕ بەدور بن و نایانەوێت ڕوبەڕوتان ببنەوە و دەست ناهێننە ڕێگەتان؛ ئیتر ئێوە بۆتان نیە هیچیان بەرامبەر بکەن: "إِلَّا الَّذِينَ يَصِلُونَ إِلَى قَوْمٍ بَيْنَكُمْ وَبَيْنَهُمْ مِيثَاقٌ أَوْ جَاؤُوكُمْ حَصِرَتْ صُدُورُهُمْ أَنْ يُقَاتِلُوكُمْ أَوْ يُقَاتِلُوا قَوْمَهُمْ وَلَوْ شَاءَ اللَّهُ لَسَلَّطَهُمْ عَلَيْكُمْ فَلَقَاتَلُوكُمْ فَإِنِ اعْتَزَلُوكُمْ فَلَمْ يُقَاتِلُوكُمْ وَأَلْقَوْا إِلَيْكُمُ السَّلَمَ فَمَا جَعَلَ اللَّهُ لَكُمْ عَلَيْهِمْ سَبِيلًا" (النساء: ٩٠). دەقی تریش هەیە کە باسی قبوڵ‌کردنی پێشنیاری ڕێکەوتن و ئاشتی دەکات، وەکو: "وَإِنْ جَنَحُوا لِلسَّلْمِ فَاجْنَحْ لَهَا" (الأنفال: ٦١). بەم شێوەیە ئەم جۆرەش ڕەها نیە و بەسراوەتەوە بە مەرجی بونی پەیمانی ئاشتیەوە [تێبینی: "سَلَم" لە دەقی پێشودا
(النساء: ٩٠) دەقاودەق بە واتای تەسلیم‌بونە، وەکو چۆن "سَلَام" یش لە بنەڕەتدا بە هەمان واتایە، بەڵام هەردوکیان "سَلَم" و "سَلَام" لە کۆتاییدا واتای ئاشتی و شەڕنەکردن دەگەیەنن. َلْم" یش لە دەقی دوەمدا (الأنفال: ٦١)، کە لەگەڵ "سِلْم" هاووواتایە، بە ڕێکەوتن "صلح" ڕاڤە دەکرێت، ئەمیش لە کۆتاییدا هەر چەمکی ئاشتی دەگرێتەوە].
سێیەمیان: جاری وا هەیە دەقەکە باسی دۆستایەتی "ولاء" و دژایەتی "براء" دەکات، و دەڵێت ئاساییە دۆستایەتیی ئەوانە بکەن کە شەڕیان لەگەڵ نەکردون و دەریان نەکردون لە شار و وڵاتی خۆتان، بۆیە دەڵێت: ئاساییە چاک و نەرم‌ونیان بن لەگەڵیان. ئەوەش ئەم دەقەیە کە دەڵێت: "لَا يَنْهَاكُمُ اللَّهُ عَنِ الَّذِينَ لَمْ يُقَاتِلُوكُمْ فِي الدِّينِ وَلَمْ يُخْرِجُوكُمْ مِنْ دِيَارِكُمْ أَنْ تَبَرُّوهُمْ وَتُقْسِطُوا إِلَيْهِمْ إِنَّ اللَّهَ يُحِبُّ الْمُقْسِطِينَ" (الممتحنة: ٨). ئینجا پێچەوانەکەی دوپات دەکاتەوە ـ کە مەبەستی مەککەییەکانە ـ کە لەسەر ئایین شەڕیان لەگەڵ موسوڵمانەکان کردوە و لە مەککە دەریان کردون، بۆیە دەڵێت: لەگەڵ ئەمانە نابێت هیچ دۆستایەتییەک بکەن: "إِنَّمَا يَنْهَاكُمُ اللَّهُ عَنِ الَّذِينَ قَاتَلُوكُمْ فِي الدِّينِ وَأَخْرَجُوكُمْ مِنْ دِيَارِكُمْ وَظَاهَرُوا عَلَى إِخْرَاجِكُمْ أَنْ تَوَلَّوْهُمْ، وَمَنْ يَتَوَلَّهُمْ؛ فَأُولَئِكَ هُمُ الظَّالِمُونَ" (الممتحنة: ٩). لێرەدا باسەکە باسی چۆنێتیی مامەڵە و هەڵس‌وکەوتە، کە کێ بە دۆست دەزانرێت و مامەڵەی باشی لەگەڵ دەکرێت، و کێ بە دوژمن دەزانرێت و هەمو پەیوەندی و دۆستایەتییەکی لەگەڵ دەپچڕێنرێت، ئیتر باسەکە باسی خودی شەڕ و جەنگ نیە.
چوارەمیان: جاری وا هەیە باسی ئەوەی "مەککەییەکانیش شەڕ دەکەن بۆیە موسوڵمانەکانیش شەڕیان لەگەڵ دەکەن"؛ وەکو پاساو باس کراوە بۆ شەڕ. ئەوەش دەقێکە ئاماژە دەکات بۆ دەست‌پێش‌خەریی مەککەییەکان، و لە سەرەتای دەست‌پێ‌کردنی شەڕ و ڕوبەڕوبونەوەکاندا هاتوە کە ڕێگە دەدات بە موسوڵمانەکان لەگەڵ مەککەییەکان شەڕ و ڕوبەڕوبونەوە بکەن. جا دەڵێت: ڕێگە دراوە بەو موسوڵمانانەی مەککەییەکان شەڕیان لەگەڵ دەکەن [کە ئەمانیش شەڕیان لەگەڵ بکەن] چونکە پێشتر ستەمیان لێ کردون [بە دەرکردن لە مەککە و دەست‌گرتن بەسەر ماڵ و موڵکیاندا] و بەناڕەوا و لەسەر بنەمای جیاکاریی ئایینی و جیاوازیی باوەڕ لە شار و زێدی خۆیان دەریان کردون: "أُذِنَ لِلَّذِينَ يُقَاتَلُونَ بِأَنَّهُمْ ظُلِمُوا وَإِنَّ اللَّهَ عَلَى نَصْرِهِمْ لَقَدِيرٌ، الَّذِينَ أُخْرِجُوا مِنْ دِيَارِهِمْ بِغَيْرِ حَقٍّ إِلَّا أَنْ يَقُولُوا رَبُّنَا اللَّهُ.." (الحج: ٣٩، ٤٠). ئەم دەقەش وەکو گەلێک دەقی تر زیاتر لە پاساوهێنانەوەوە نزیکە، تاکو ئەوەی شەڕ و دەرکردن بکات بە مەرجی ڕوبەڕوبونەوە، واتە ڕێگە دەدات بە شەڕکردن لەگەڵ مەککەییەکان، و ئەم شەڕەش بەوە پاساو دەدات کە مەککەییەکانیش شەڕ دەکەن و پێشتریش ستەمیان لە موسوڵمانە مەککەییەکان کردوە و ناچاری بەجێ‌هێشتنی شارەکەیان کردون. ئیتر ئەم دەقەش لە سەرەتای ڕوبەڕوبونەوەکاندا هاتوە، و دەگەڕێتەوە بۆ پێش گرتنەوەی مەککە کە دوای گرتنەوەی مەککە و هەندێک گەشەوگۆڕانی تر ئەم بابەتانە هەمویان دەگۆڕێن. ئەمە هەموی بەپێی خوێندنەوە باوەکە [کە خوێندنەوەی (نافیع) و (ئیبن عامیر) و (ئەبو جەعفەر) و (عاصیم-حەفص) ـە، و لە قورئانە ڕەسمیەکەدا هەیە]، لە کاتێکدا بە پێچەوانەی خوێندنەوە باوەکەوە؛ خوێندنەوەیەکی تر هەیە بۆ دەقەکە [خوێندنەوەی: (ئەبو عەمڕ)، (ئیبن کەثیر)، (عاصیم-شوعبە)، (حەمزە)، (کیسائی)، (خەلەف)، (یەعقوب)] کە ئەمیش "موتەواتیر" ە و بە قورئان حسابە و دەقەکە بەم شێوەیە دەخوێنێتەوە: "أُذِنَ لِلَّذِينَ يُقَاتِلُونَ.."، ئەمەش واتاکەی دەبێتە: "ڕێگە درا بەو [موسوڵمان] ـانەی شەڕ دەکەن.."، ئەمەش یانی: ئەوانەی دەیانەوێت شەڕ بکەن؛ ڕێگەیان پێ درا شەڕ بکەن. خۆم ئەم خوێندنەوەیە بە ڕاست دەزانم و پێم وایە ئەم خوێندنەوەیە دەقە قورئانیە ئەسڵیەکەیە، ئەوەی تر هەرچەند بە "موتەواتیر" حسابە بەڵام پێم وایە خوێندنەوەیەکی لاوازە، چونکە بەپێی ئەم خوێندنەوەیە و بەم واتایە (="ئەوانەی شەڕیان لەگەڵ دەکرێت ڕێگەیان پێ درا..") ڕون نابێتەوە: ڕێگەیان پێ درا بە چی؟! بەڵام بەپێی خوێندنەوەکەی تر و واتاکەی (="ئەوانەی شەڕ دەکەن [ئامادەی شەڕکردنن]؛ ڕێگەیان پێ درا..")، ئەمەش یانی "ڕێگەیان پێ درا ئەو شەڕە بکەن کە ئامادەن بۆی"؛ بەم شێوەیە ڕون دەبێتەوە ڕێگەیان پێ دراوە بە چی. خوێندنەوەی عەبدوڵڵای کوڕی مەسعود [و ئوبەیی و طەڵحە و ئەعمەش] یش هەیە کە پشتگیریی ئەم واتایە دەکات (بەم شێوەیە ئەم خوێندنەوە تایبەتی و "شاذ" انە زیاتر بۆ لێکدانەوە بەسودن نەک ئەوەی بە دەقی ستاندارد بزانرێن)، کە ئەو بەم شێوەیە خوێندویەتیەوە: "أُذِنَ لِلَّذِينَ قَاتَلُوا"، ئەمەش یانی: ڕێگە درا بەو موسوڵمانانەی شەڕیان کرد [=ئامادە بون بۆ شەڕ، هاتنە سەر شەڕکردن].
پێنجەمیان [و گرنگتر لەو خاڵانەی پێشو]: ئەوەیە کە هەمو ئەو دەقانەی پێشتر باس کران [جگە لە (التوبة: ٣٦) کە وتمان زۆرینە بەو واتایە لێکی‌دەدەنەوە کە شەڕکردن لەگەڵ هەمو موشریکێک ـ یانی لە وەرزی حەجیشدا ـ دروستە، چونکە ئەوانیش هەمیشە لە شەڕدان لەگەڵ موسوڵمانەکان]؛ باسی بارودۆخی پێش گرتنەوەی مەککەن و دەکەونە پێش ڕاگەیاندنی بێ‌بەری‌بون لە پەیمانەکان لەگەڵ موشریکەکان و ڕاگەیاندنی شەڕی سەرتاسەری و هەمیشەیی لەگەڵیان، کە ئەمە لە سەرەتای سورەتی (التوبة) دا [بەتایبەتی (التوبة: ٥) ی ناسراو بە "آیة السیف"] ڕاگەیەنرا، کە ئەم سورەتە لە سورەتە درەنگ‌وەختەکانە، و لە کۆتاییدا ئیسلام کاری بە ڕێنمایی و فەرمانەکانی ئەم سورەتە کردوە. هەر بۆیە دوای ئەوە ئیسلام هیچ موشریکێکی لە نیمچەدورگەی عەرەبدا نەهێشت و هەمویانی ناچار کرد یان موسوڵمان ببن یان کوشتار بکرێن، ئیتر بونیان لە وەرزی حەج (=مانگە حەڕامەکان) و زەویی "حەڕام" یش دادیان نادات، و پەیمان‌بەستنیش لەگەڵیان؛ کۆتایی پێ هات. هەر بۆیە تەفسیرەکان دەڵێن ئەو دەقە (التوبة: ٥) کە بە "آیة السیف" ناسراوە؛ هەمو ئەو ڕێنماییانەی تری هەڵ‌وەشاندوەتەوە، وەکو ئەوەی: "هەتا ئەوان شەڕ نەکەن و دەست‌پێش‌خەری نەکەن؛ شەڕیان لەگەڵ ناکرێت"، یان وەکو ئەوەی "ئەوانەی داوای ئاشتی و پەیمان دەکەن [بۆ ماوەی دیاری‌کراو یان دیاری‌نەکراو]؛ ئاشتییان لەگەڵ دەکرێت". ئەمانە ئیتر کاریان پێ نەکراوە، ئیتر دەست‌پێش‌خەریی ئەوان مەرج نیە و داوای ئاشتی و پەیمانیشیان لێ وەرناگیرێت.
لەم لایەنەوە ئەوە سودی نیە عەدنان ئیبراهیم بڵێت: من باوەڕم بە هەڵوەشاندنەوە و "نەسخ" لە قورئاندا نیە. چونکە بەڕاستی ئیسلام لە دوای هاتنی سەرەتای سورەتی (التوبة) وە ئیتر بەڕاستی و بە عەمەلی ئەو ڕێنماییانەی تری هەڵ‌وەشاندوەتەوە، و ئەمە شتێکی مێژوییە، نەک ئەوەی موفتییەک لە خۆیەوە بڵێت ئەمە "ناسیخ" و ئەمە "مەنسوخ" ـە. هەر بە واقیعی لە دوای هاتنی سەرەتای سورەتی (التوبة) وە ئیسلام هەمو ڕێکەوتن و ئاشتییەکی لەگەڵ موشریکەکانی نیمچەدورگەکە هەڵ‌وەشاندوەتەوە (و ئەمە مانای ڕاستەقینەی ئەوەی کە "ئایەتی شمشێر" ئەوانەی پێشوی هەڵ‌وەشاندوەتەوە، کە مەبەست ئەوەیە پەیمانەکانی ئاشتی و ڕێکەوتنی هەڵ‌وەشاندوەتەوە)، و هەر بەڕاستی ئیسلام لە دوای هاتنی سەرەتای سورەتی (التوبة) وە خۆی دەست‌پێش‌خەر بوە لە شەڕکردن لەگەڵ موشریکەکاندا، و ئیتر مەرجی دەست‌پێش‌خەریی موشریکەکان هەڵ‌گیراوە، بەڵکو بۆسەیان بۆ دانراوە و بە هەمو شێوەیەک ناچاری (موسوڵمان‌بون یان کوشتار) کراون. ئەمە شتێک نیە عەدنان ئیبراهیم بتوانێت نکولیی لێ بکات. و ئەمە لە ڕاستیدا لە زانستی ئایینیی تەقلیدیی "ناسیخ و مەنسوخ" ـەوە نەهاتوە، بەڵکو پەیوەندیی بە واقیعێکی مێژوییەوە هەیە و ڕوی داوە، نەک کۆمەڵێک ئیعتیباراتی فیقهی بێت لە مێشکی فیقهزانێکدا کە بۆ خۆی بڕیار دەدات کامە "ناسیخ" ـە و کاری پێ دەکرێت و کامە "مەنسوخ" ـە و کاری پێ ناکرێت(٢).
جا مەبەستەکە ئەمە بو کە بڵێم: دەقی "قَاتِلُوا الَّذِينَ لَا يُؤْمِنُونَ بِاللَّهِ وَلَا بِالْيَوْمِ الْآخِرِ وَلَا يُحَرِّمُونَ مَا حَرَّمَ اللَّهُ وَرَسُولُهُ وَلَا يَدِينُونَ دِينَ الْحَقِّ مِنَ الَّذِينَ أُوتُوا الْكِتَابَ حَتَّى يُعْطُوا الْجِزْيَةَ عَنْ يَدٍ وَهُمْ صَاغِرُونَ" (التوبة: ٢٩)، کە موسوڵمان‌نەبون دەکاتە مەرجی هێرشی سەربازی بۆسەر "ئەهلی کیتاب" و ئینجا سەرانە "جیزیە" دەکاتە برێتی بۆ وازهێنان لێیان و ڕازی‌بون لێیان؛ ئەمە یەکێکە لە ڕێنماییە درەنگ‌وەختەکانی قورئان، و زۆر دوای ئەو دەقەی ـ بۆ نمونه ـ "لَا يَنْهَاكُمُ اللَّهُ عَنِ الَّذِينَ لَمْ يُقَاتِلُوكُمْ فِي الدِّينِ وَلَمْ يُخْرِجُوكُمْ مِنْ دِيَارِكُمْ أَنْ تَبَرُّوهُمْ وَتُقْسِطُوا إِلَيْهِمْ إِنَّ اللَّهَ يُحِبُّ الْمُقْسِطِينَ" (الممتحنة: ٨) کە دەڵێت ئاساییە لەگەڵ ئەوانە دۆستایەتی و مامەڵەی باشتان هەبێت کە وەکو مەککەییەکان شەڕیان لەگەڵ نەکردون و دەریا نەکردون. حوکمی سەرانە "جزیة" لە سورەتی (التوبة) دا هاتوە کە زۆر دوای سورەتی (الممتحنة) هاتوە. و ڕەنگە بیشتوانین بڵێین دژی یەکتر نین و دەتوانن کۆ ببنەوە: ئەوەی یەکەم جار هاتوە (الممتحنة: ٨)؛ باسی ئەوانە دەکات کە دوژمن نین و دەڵێت: ئاساییە چاک بن لەگەڵیان و دۆستایەتییان بکەن، ئەوەی دوەمیش (التوبة: ٢٩)؛ باسی ئەوە دەکات بە چ شێوەیەک دۆستایەتیەکە بەردەوام دەبێت، کە ئەوەش بەوە دەبێت سەرانە بدەن و کاتێک سەرانەیان دا؛ ئیتر بە دوژمن حساب نین و ئاساییە دۆستایەتییان بکرێت. گرنگ ئەوەیە لە دوای هاتنی (التوبة: ٢٩) ـەوە ئیتر لە ئیسلامدا ئەهلی کیتاب بەو مەرجە دۆستایەتییان کراوە و ڕێکەوتنیان لەگەڵ کراوە کە سەرانە بدەن. بەم شێوەیە دەقی دوەم (درەنگ‌وەخت) دەتوانێت دەقی یەکەم (پێش‌‌وەخت) سنوردار بکات، نەک بەپێچەوانەوە (وەکو عەدنان ئیبراهیم دەیەوێت) بە دەقی یەکەم دەقی دوەم سنوردار بکرێت یان هەڵ‌بوەشێنرێتەوە یان تایبەت بکرێت بە مەرجێکەوە (کە دەست‌پێش‌خەری یان دەست‌درێژیە)، ئیتر لە ئیسلامدا نەوتراوە  ـ بۆ نمونە ـ مادەم گروپێک لە ئەهلی کیتاب وەکو مەککەییەکان شەڕی ئایینییان لەگەڵ موسوڵمانەکان نەکردوە و موسوڵمانەکانیان دەرنەکردوە؛ ئیتر سەرانەیان لێ داوا ناکرێت! ئەمە ئەو تێگەیشتنەیە کە عەدنان ئیبراهیم دەیەوێت سازی بکات بۆ کۆی دەقەکان. ئەمەش واتە عەدنان ئیبراهیمیش باوەڕی بە جۆرێک لە هەڵ‌وەشاندنەوە و "نەسخ" هەیە، بەڵام ئەو بە دەقی یەکەم (پێشو) ("سابق") دەقی دوەم (داهاتو) ("لاحق") هەڵ‌دەوەشێنێتەوە یان سنوردار و مەرج‌داری دەکات! کە ئەمە هەم پێچەوانەی واقیعی کار و پراکتیسی مێژوە ئیسلامیەکەیە، و هەم پێچەوانەی ئەو بڕیار و ڕێسایانە کە زانستە ئیسلامیە تەقلیدیەکان کاریان پێ کردوە وەکو ـ بۆ نمونە ـ ئەوەی دەقی دوەم (داهاتو) ("لاحق") دەتوانێت دەقی یەکەم (پێشو) ("سابق") هەڵ‌بوەشێنێتەوە یان سنوردار و مەرجداری بکات. لە یاساکانیشدا هەر وایە: یاسای داهاتو و نوێ زاڵە بەسەر یاسای پێشودا و دەتوانێت سنورداری بکات.
من دەرکی ئەوە دەکەم عەدنان ئیبراهیم ئامانجی چیە، و دەزانم دڵسۆزە و کار بۆ ئەوە دەکات ئیسلام لەگەڵ سەردەم و واقیعی ئێستە بگونجێنێت. ئەو ئیسلامەی ئەو پێشنیاری دەکات؛ دەکرێت پێی بڵێین "ئیسلامی واقیعی"، ئیسلامێک کە بتوانێت لەگەڵ واقیعە نوێیەکە بگونجێت و بکرێت کاری پێ بکرێت و بگونجێت بۆ کارپێ‌کردن، نەک ببێتە شتێکی ئەستەم و "موستەحیل". هەر بۆیە ناچارە گەلێک شتی ئیسلامە تەقلیدیەکە تێپەڕێنێت. هەر لێرەوە تێ‌دەگەین بۆچی پارێزەر و پاسەوانەکانی ئیسلامە تەقلیدیەکە دژایەتیی دەکەن و گومان لە باوەڕ و ئینتیمای مەزهەبیی دروست دەکەن.
لەگەڵ ئەوەشدا کێشەی سەرەکیی عەدنان ئیبراهیم ئەوەیە دەیەوێت لە یەک کاتدا شوێن دەقیش بکەوێت و شتێکیش بڵێت لەگەڵ سەردەم و واقیع بگونجێت. ئەم هاوسەنگی‌ڕاگرتنە لە نێوان دەق و واقیع کارێکی زۆر ئەستەمە. زۆربەی کات ئەمە بە لێکدانەوەی نوێ ـ کە زیاتر لە شێواندنەوە نزیکە ـ بۆ دەقەکان و هەڵ‌بژاردنی بەئەنقەستی هەندێکیان و پشت‌گوێ‌خستنی هەندێکی تریان دەبێت. ئەو دەقەی کە لەگەڵ عەقڵ و سەردەم ناگونجێت؛ گومانی لێ دروست دەکرێت، ئیتر ئەگەر گومان لە گەیشتن و چەسپان "ثبوت" ی نەکرێت؛ گومان لە واتاکەی دەکرێت و واتایەکی تری بۆ دەدۆزرێتەوە و لێکدانەوەیەکی گونجاوی بۆ دەکرێت.
ئەمەش کێشەی باوەڕدارە. باوەڕدار سەربەخۆ نیە و ناتوانێت سەربەخۆ بێت. باوەڕدار ناتوانێت دان بە بونی یاسایەک یان باوەڕێک و چەمکێک لە ئایینەکەیدا بنێت و لە هەمان کاتیشدا باوەڕی پێی نەبێت. بۆیە ئەگەر شتێک باوەڕی پێی نەبێت؛ ناتوانێت بە بەشێک لە ئایینەکەی بزانێت. شتێکیش نەتوانێت لە ئایینەکەی بکاتە دەرەوە؛ ناتوانێت ڕەخنە و تێبینیی لەسەری هەبێت. بەڵام ئێمەمانان ئازادین، سەربەخۆین، بۆ ئێمە گرنگ نیە باوەڕ و یاسای ئیسلامی چۆنە و چیە، تەنها ئەوەندە گرنگە بزانین باوەڕ و یاسای ئیسلامی لە کاتی خۆیدا چۆن بوە و چی بوە، و بە بەڵگە بتوانین بیسەلمێنین ئیسلام لە مێژوی یەکەمیدا چ باوەڕ و یاسایەکی دامەزراندوە. ئیتر لەگەڵ ئەم سەردەمە دەگونجێت یان نا؛ ئێمە کێشەی ئێمە توێژەری سەربەخۆ نیە، وەکو چۆن بۆمان گرنگ نیە کولتوری ـ بۆ نمونە ـ سومەری لەگەڵ ئەم سەردەمە دەگونجێت یان نا!
بۆیە ئێمەمانان دەتوانین بەتەواوی بێلایەنی لە لێکۆڵینەوەی ئیسلامدا بپارێزین. بەڵام باوەڕدار ناتوانێت، ئەو ناچارە ئیسلامێک گەڵاڵە بکات کە بڕوای پێی هەبێت و بتوانێت لەم سەردەمەدا بیخاتە ڕو و داکۆکیی لێ بکات، بۆیە ناچارە لە زۆر بابەتدا ئیسلام دابڕێژێتەوە و لێکدانەوە و پێناسەی نوێ بۆ دەق و چەمکە ئیسلامیەکە بکات، ئینجا لافی ئەوەش لێ دەدات کە ئیسلام هەر لە سەرەتایشەوە و لای موسوڵمانانی یەکەمیش بەم شێوەیە بوە.
عەدنان ئیبراهیم هێشتا لەم ئاڵۆزیەدا گیری خواردوە. ئەمەیە جیاوازیی میتۆدی ئێمە لەگەڵ میتۆدی کەسانی وەکو عەدنان ئیبراهیم.
لەگەڵ ئەوەشدا عەدنان ئیبراهیم لەو لایەنەوە قۆناغی باشیشی بڕیوە. ئەوەتا لەم وتارەدا هەوڵ دەدات بڵێت سەندنی جیزیە لە ئەهلی کیتاب لە مێژوی ڕابردوی وڵاتانی ئیسلامیدا قۆناغێک بوە و ئەزمونێکی کۆنی ئیسلامە، و ئێستەش قۆناغێکی ترە (کە قۆناغی دوای داگیرکاریی ئیمپێریالیزمە) کە موسوڵمان و ـ بۆ نمونه ـ مەسیحیەکان وەکو یەک تێیدا بەشدارن و وەکو یەک هاوڵاتین، ئیتر مەسیحیەکان "ئەهلی ذیممە" ی موسوڵمانەکان نین، و ئیتر سەندنی جیزیە لێیان وارید نیە، چونکە مەسیحیەکانیش وەکو موسوڵمانەکان بەشدار بون لە بزوتنەوەی بەرهەڵستیی ئیمپێریالیزم و ڕزگارکردنی نیشتماندا، بۆیە ئەوانیش وەکو موسوڵمان هاوڵاتیی پلەیەکن نەک ئەوەی موسوڵمان وەکو هاوڵاتیی پلەدو قبوڵیان بکات و لەبەرامبەری ئەوەدا جیزیەیان لێ بسەنێت.
بەکورتی: لەم وتارەدا پێی وایە کە مەرج نیە هەرچی لە قورئاندا باس کرابو؛ ئیتر لەم سەردەمەشدا ئەرک بێت لەسەر شانی موسوڵمان دوبارەی بکاتەوە و ئەگەر ئەو شتە لە واقعیدا نەشمابێت؛ ناچار بێت زیندوی بکاتەوە.
ئەمەش ئەو بیرۆکە سەنتەری و گرنگەیە کە بۆ هەر نوێگەری و چاکسازییەکی ئایینی پێویستە، کە دەق و چەمکە ئایینیەکان زادەی ئەزمونێکی یەکەمی ئایینەکەن کە لە چوارچێوەی کولتور و ڕۆژگارێکدا هەیبوە، لەم سەردەمەدا و لە چوارچێوەی کولتوری نوێدا ئایینەکە دەتوانێت ئەزمونێکی نوێی هەبێت و ئیتر مەرج نیە ڕەگەز و پێکهێنەکانی ئەزمونەکەی یەکەمی دوبارە بکاتەوە.
ئەمە بیرۆکەیەکی زۆر سەرەکیە، بەبێ ئەم بیرکردنەوەیە هەمو نوێکردنەوەیەکی بیری ئیسلامی ئەستەمە، بیرکردنەوەیەک کە لەناو ماڵی بیری ئیسلامی خۆیەوە دەست پێ بکات، نەک لە دەرەوەی خۆیەوە بەسەریدا بسەپێنرێت(٣).
ئەم بیرکردنەوەیە لە بیروڕاکانی عەدنان ئیبراهیمدا هەستی پێ دەکرێت، هەر بۆیە هەوڵەکانی هەوڵی نوێگەریی جیددین، و هەر بۆیە موسوڵمانە تەقلیدیەکان بە دڵیان نیە.
کێشەی ناوبراو، یان کێشەی ئێمە ـ وەکو توێژەری سەربەخۆ ـ لەگەڵ ناوبراو، کاتێک دەست پێ دەکات کە هەوڵ دەدات ئەو نوێگەری و بیرکردنەوە نوێ و واقیعیانە لەگەڵ دەقەکان بگونجێنێت و ئەو چەمکە بخاتە سەر زمانی دەقەکان. بێ گومان لەم لایەنەوە تەواو سەرکەوتو نابێت، ئەو نابێت گرەو لەسەر دەقەکانیش و لەسەر نوێگەرییش بکات، ناتوانێت لە یەک ئاستدا "ڕەسەنایەتی" و "هاوچەرخایەتی" یش بێنێتە دی.

پەراوێز:
(١) ئەم وتارەی (د. عدنان إبراهیم)، لە بنەڕەتدا ڕۆژی ١ / ٣ / ٢٠١٣، لە کەناڵی خۆی لە یوتیوب، بڵاو بوەتەوە، بە ناوی (عالم منسوخ).
(٢) بە بڕوای ئێمە؛ قورئان وەکو تۆمار "سجل" ێک وایە کە لەگەڵ گەشەکردنی بارودۆخی موسوڵمانەکاندا گەشەی کردوە، و هەمو ڕێنماییە قۆناغەکی و جیاوازەکانی تێدا تۆمار کراوە. ئیتر دواتر فیقهزانی موسوڵمان ـ کە دەیەوێت ئەم دەقانە بگۆڕێت بۆ "مودەووەنە" یەکی یاسایی ـ چۆن کار بەم دەقانە دەکات؛ ئەوە کێشەی فیقهزانی موسوڵمان خۆیەتی کە دەیەوێت یاساگەلێک بۆ کارپێ‌کردن بەو دەقانە لە دەقەکان خۆیانەوە گەڵاڵە بکات (هەر بۆیە پێک‌هاتنی زانستی ئایینیی تەقلیدیی "ناسیخ و مەنسوخ" لەم چوارچێوەیەدا بوە، و پێویستییەکی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا ئیسلامیەکە بوە، بۆیە فیقهزان و فەتوادەرەکان ناچار بون بڕیار بدەن کار بە کام دەقە دەکرێت، و لێرەوە بڕیاریان داوە کە لەنێوان دو دەقی پێچەوانەدا؛ ئەوەی دوەمیان کاری پێ دەکرێت و یەکەم هەڵ‌وەشاوەتەوە). بەڵام بەلای ئێمەوە قورئان تەنها تۆمارێکی ڕێنماییەکان و ڕاگەیاندنە ئیسلامیەکانە لە قۆناغە جیاوازەکاندا، و گەشەکردنی بارودۆخی گروپە ئیسلامیەکەی لێ دەخوێنینەوە، و بەم واتایە لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکەین، و بۆمان گرنگ نیە لەم سەردەمەدا چۆن کار بە دەقە ئیسلامیەکان دەکرێت، خۆ ئێمە "موجتەهید" و "موفتی" نین!
(٣) پێشتر قسەم لەسەر ئەم بیرۆکە سەنتەریە بۆ نوێگەری و چاکسازیی ئایینی لە ئیسلامدا کردوە. بڕوانه:
"ئایا ده‌كرێت ئیسلام ریفۆرم بكرێت؟ ـ ده‌رباره‌ی ئه‌گه‌ره‌كانی چاكسازیی ئایینی له‌ جیهانی ئیسلامدا".