زنجیره‌ی
تێكه‌ڵكردنه‌كانی قورئان
مه‌ریه‌م له‌ژێر
دارخورمادا: منداڵی ده‌بێت یان ده‌حه‌وێته‌وه؟!
به‌شێکه له کتێبی "چیرۆکه قورئانیه‌کان"
سه‌روه‌ر پێنجوێنی
كاتێك
قورئان چیرۆكی له‌دایكبونی عیسا له مه‌ریه‌م ده‌گێڕێته‌وه، ئه‌م دیمه‌نه‌ش ده‌گێڕێته‌وه:
گوایه عیسا (كه به‌پێی قورئان له منداڵی‌دا قسه‌ی كردوه)، ڕاسته‌وخۆ دوای له‌دایكبونی،
به مه‌ریه‌می وتوه (یان - به‌پێی هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ی ئیسلامیی تر - جیبریل وای
پێ وتوه): له‌و جۆگه ئاوه بخۆره‌وه و له خورمای ئه‌م دارخورمایه‌ش بخۆ
(فناداها من تحتها أن: "لا تحزني قد جعل ربكِ تحتكِ سَرِيّا، وهُزّي إليكِ
بجذع النخلة؛ تساقط عليكِ رُطَبا جَنِيّا، فكُلِي واشْرَبي وقَرِّي عينا")
(مریم: ٢٤ - ٢٦). ئه‌م دیمه‌نه له ئینجیل (چوار ئینجیله ڕه‌سمیه‌كه) دا نیه.
سه‌رچاوه‌ی ئه‌م چیرۆكه قورئانیه چیرۆكێكی مه‌سیحیی میللی (شه‌عبی) ـه كه له
هه‌ندێك ئینجیلی ناڕه‌سمی و لاوه‌كیدا ده‌ركه‌وتوه كه سه‌ره‌تای ژیانی عیسا به
شێوه‌ی سه‌یروسه‌مه‌ره‌یی ده‌خه‌نه‌ڕو. ئه‌وه‌ش بۆ نمونه له (ئینجیلی مه‌تتای
ساخته) Gospel
of Pseudo-Matthew دا (واته ئه‌و ئینجیله‌ی كه به‌درۆ دراوه‌ته پاڵ مه‌تتای)،
كه تێیدا (ئیصحاحی ٢٠) باسی ئه‌م دیمه‌نه كراوه: كاتێك یوسیف مه‌ریه‌م و كوڕه‌كه‌ی
(واته یه‌شوع / عیسا) ده‌بات بۆ میسر، كه ئه‌و كاته یه‌شوع منداڵێكی ساوا ده‌بێت،
جا ده‌ڵێت له ڕۆژی سێیه‌می ئه‌و سه‌فه‌ره‌دا مه‌ریه‌م گه‌رمای ده‌بێت و ده‌چێته
به‌ر سێبه‌ری دارخورمایه‌ك، مه‌ریه‌م ده‌بینێت دارخورماكه خورمای پێوه‌یه به‌ڵام
ده‌ستی نایگاتێ، ئیتر یه‌شوعی ساوا به دارخورماكه ده‌ڵێت "لقه‌كانت شۆڕ بكه‌ره‌وه
تا دایكم له میوه‌كه‌ت بخوات"، یه‌كسه‌ر لوتكه‌ی دارخورماكه دێته به‌رده‌م
مه‌ریه‌م و لێی ده‌خوات، جگه له‌وه‌ش ده‌بینن ئاویان پێ نه‌ماوه بۆ خۆیان و ئاژه‌ڵه‌كانیان،
به‌ڵام كانییه‌كی كوێر و وشك له بنی دارخورماكه‌دا هه‌بو، كه له‌پڕ ده‌ستی كرده‌وه
به هه‌ڵقوڵین و ئاوێكی ساردی لـێ هاته ده‌ره‌وه، ئیتر خۆیان و ئاژه‌ڵ و وڵاخه‌كانیان
تێراو بون (ئینجیلی مه‌تتای ساخته: ٢٠)(١).
تابلۆیه‌کی ڕافائێل: خێزانه پیرۆزه‌که لای دارخورمایه‌ک
ئه‌مه چیرۆكێكی سه‌یروسه‌مه‌ره‌ییه كه دره‌نگێك وه‌كو چیرۆكی میللی ده‌رباره‌ی له‌دایكبون و منداڵیی یه‌شوع دروست بوه، ئه‌م ئینجیله‌ش یه‌كێكه له ئینجیله‌كانی بابه‌تی (منداڵیی مه‌سیح)، كه هه‌ر له‌م جۆره ئینجیله میللیانه‌دا باس له‌وه ده‌كرێت كه گوایه یه‌شوع به‌منداڵی قسه‌ی كردوه و ئه‌وه له ئینجیله ڕه‌سمیه‌كاندا نیه. ئه‌م ده‌قه دره‌نگانێك به لاتینی نوسراوه. هه‌رچه‌ند ئه‌و ده‌قه لاتینیه‌ی له‌به‌ر ده‌ستدا هه‌یه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ده‌وروبه‌ری سه‌ده‌ی (٨ ز.) یاخود (٩ ز.)(٢)، به‌ڵام زانای پسپۆڕی بواری ئینجیله‌كان، Jan Gijsel، گه‌یشتوه‌ته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه ده‌قه‌كه له بنه‌ڕه‌تدا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی (٧ ز.)، یاخود چاره‌كی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی (٧ ز.) [ساڵانی ٦٠٠ ـ ٦٢٥ ز.](٣)، ئه‌مه‌ش هاوكاته له‌گه‌ڵ سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی ئیسلام. و هه‌ر ئه‌م زانایه ساخی كردوه‌ته‌وه كه ئه‌م ئینجیله په‌رپێدانی ئینجیلێكی كۆنتره به ناوی ("ئینجیلی منداڵی" ی یه‌عقوب) Infancy Gospel of James که به ئینجیلی هه‌وه‌ڵیی یه‌عقوب Protoevangelium of James یش ئاماژه‌ی بۆ ده‌كرێت(٤)، كه ئه‌مه‌ش ئینجیلێكی ئه‌پۆكریفایی (ناكانۆنی) ی تره كه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نیوه‌ی دوه‌می سه‌ده‌ی (٢ ز.)(٥)، كه ئه‌م ئینجیله‌ش به هه‌مان شێوه سه‌رچاوه‌ی به‌شێكه له بیرۆكه و چیرۆكه‌كانی قورئان ده‌رباره‌ی مه‌ریه‌م و یه‌شوع، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له سوره‌تی (مریم) دا هاتون(٦).
ئیجا لێره‌دا
دو ئه‌گه‌ر هه‌یه: یان (ئینجیلی مه‌تتای ساخته) بۆ خۆی سه‌رچاوه‌ی چیرۆكه
قورئانیه‌كه‌یه ده‌رباره‌ی دیمه‌نی ژێر دار خورماكه (بێ گومان مه‌به‌ستیشمان ئه‌وه
نیه كه خودی ده‌قی لاتینیی ئه‌م ئینجیله له نیمچه‌دورگه‌ی عه‌ره‌بیدا له‌به‌ر
ده‌ستدا بوه، به‌ڵكو مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه كاتی نوسین و بڵاوبونه‌وه‌ی ده‌قه‌كه
چیرۆكه‌كانی به شێوه‌ی ده‌ماوده‌م گوازراونه‌ته‌وه بۆ ژینگه‌ی قورئان)، یان
قورئان و (ئینجیلی مه‌تتای ساخته) یش له‌و دیمه‌نه‌دا ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ سه‌رچاوه‌یه‌كی
هاوبه‌ش كه دیاره له ژینگه‌ی قورئاندا به شێوه‌ی داب‌ونه‌ریتێكی ده‌ماوده‌م
باو بوه.
جا
قورئان لێره‌دا كه‌وتوه‌ته شوێن بابه‌ت و چیرۆكێكی میللی كه بنه‌ڕه‌تێكی له
ئینجیلی ڕه‌سمیدا نیه و زۆر سه‌یروسه‌مه‌ره‌یی و ناواقیعییشه، بۆیه، ده‌رباره‌ی
بارودۆخی مه‌ریه‌م له كاتی له‌دایكبونی عیسادا، له‌گه‌ڵ ئینجیل (ی ڕه‌سمی) دا
ناگونجێت، چونكه به‌پێی ئینجیل كاتێك مه‌ریه‌م یه‌شوعی ده‌بێت له‌ژێر دارخورمادا
نه‌بوه، به‌ڵكو له ته‌ویله‌یه‌كدا بوه له (به‌یت له‌حم) ی نزیك له ئورشه‌لیم
(مه‌تتای: ٢: ١، ٥. لوكا: ٢: ٤ - ١٥) (به‌پێی بیروڕایه‌كی تر له "به‌یت له‌حم"
ی ناوچه‌ی "الجلیل"، بیروڕایه‌كی تازه‌ی تریش هه‌یه ده‌ڵێت له "به‌یت
له‌حم" ی لوبنان!). ئینجا قورئان كاتێك شوێن ئه‌و چیرۆكه میللیه كه‌وتوه كه
له (ئینجیلی مه‌تتای ساخته) دا هاتوه، سه‌رباری ئه‌وه‌ی شوێن چیرۆكێكی میللی و
سه‌یروسه‌مه‌ره‌یی كه‌وتوه؛ جگه له‌وه‌ش چیرۆكه‌كه‌ی تێكه‌ڵ كردوه له‌گه‌ڵ
چیرۆكی له‌دایكبونی عیسادا، چونكه چیرۆكه‌كه‌ی (ئینجیلی مه‌تتای ساخته) ده‌رباره‌ی
سه‌فه‌ره‌كه‌ی (یوسیف) و (مه‌ریه‌م) ـه بۆ میسر له‌گه‌ڵ كوڕه ساواكه‌یدا، به‌ڵام
قورئان كردویه‌تی به دیمه‌نێك له چیرۆكی له‌دایكبونی عیسا.
له‌دایکبونی یه‌شوع له ته‌ویله‌یه‌کدا له به‌یت له‌حم
بۆچی ده‌ڵێین
تێكه‌ڵكردن؟
به‌ڵگه‌ی
من له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ئه‌مه تێكه‌ڵكردنه و پاساوی نیه؛ ئه‌وه‌یه كه ئه‌و ده‌نگ‌وباسه‌ی
تر (ون) ـه له ده‌قه ئیسلامیه‌كاندا، واته ئه‌وه‌ی له قورئاندا له جێگه‌ی
خۆیدا (ون) ـه له جێگه‌یه‌كی تردا ده‌ركه‌وتوه، یان ئه‌و كه‌س (ذات) انه‌ی كه
له قورئاندا ونن و باس نه‌كراون و ناویان نه‌براوه، ئاكار (صفة) ه‌كانیان
خواستراون بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی تر كه باس كراون و ناویان براوه. بۆ نمونه لێره‌دا
ده‌قه ئیسلامیه‌كان به‌ته‌واوی چیرۆكی "كۆچی خێزانه پیرۆزه‌كه (مه‌ریه‌م و
یه‌شوع و یوسیف) بۆ میسر" ون ده‌كه‌ن و به‌ته‌واوی كوێریان كردوه‌ته‌وه، به‌ڵام
دیمه‌نێك له‌و چیرۆكه كه دیمه‌نی حه‌وانه‌وه‌ی مه‌ریه‌مه له‌ژێر دارخورمایه‌كدا
تێهه‌ڵكێش كراوه له‌گه‌ڵ چیرۆكێكی تری مه‌ریه‌م كه چیرۆكی له‌دایكبونی یه‌شوعه.
ئه‌مه جگه
له‌وه‌ی قورئان به‌م تێكه‌ڵكردنه چیرۆكێك ده‌رباره‌ی چۆنێتیی له‌دایكبونی یه‌شوع
ساز ده‌كات كه مه‌سیحیه‌كان بۆ خۆیان هه‌رگیز شتی وایان نه‌زانیوه و شتی وایان
باس نه‌كردوه، هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كی مه‌سیحی باسی له‌دایكبونی یه‌شوعی له چۆڵه‌وانییه‌كدا
و له‌ژێر دارخورمایه‌كدا نه‌كردوه. و ئه‌مه پێچه‌وانه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌و زانیاری
یان چیرۆكه‌ی مه‌سیحیه‌كان خۆیان باسیان كردوه كه ده‌ڵێت یه‌شوع له ته‌ویله‌یه‌كدا له‌دایك بوه له (به‌یت له‌حم)
ی نزیك له ئورشه‌لیم، وه‌كو هه‌ردو (ئینجیلی مه‌تتای) و (ئینجیلی لوكا) باسیان
كردوه. ئه‌مه‌ش واته مه‌ریه‌م له ئاوه‌دانییه‌كدا و له‌ناو ماڵێكدا یان
چواردیوارێكدا منداڵه‌كه‌ی بوه، نه‌ك له چۆڵه‌وانی و له‌ژێر دارخورمایه‌كدا.
ئینجا ئه‌گه‌ر گریمان زانیاریه‌كه‌ی قورئان ڕاست بێت؛ ده‌بێت ڕون بكرێته‌وه: بۆچی
مه‌سیحیه‌كان باسی ئه‌مه‌یان نه‌كردوه كه له‌دایكبونه‌كه له‌ژێر دارخورمایه‌كدا
بوه، یاخود بۆچی له باسی ژێر دارخورماوه گۆڕیویانه بۆ ناو ته‌ویله‌یه‌ك له
ئاوه‌دانیی (به‌یت له‌حم)؟! بێ گومان هیچ ڕونكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌مه نیه. به‌ڵام
گۆڕینه‌كه‌ی قورئان (له باسی ته‌ویله‌كه‌ی ئاوه‌دانیی به‌یت له‌حمه‌وه، بۆ ژێر
دارخورمایه‌ك له چۆڵه‌وانییه‌كدا)؛ ڕونكردنه‌وه‌ی هه‌یه: ده‌قه ئیسلامیه‌كان
باسی كۆچه‌كه‌ی مه‌ریه‌م و یه‌شوعیان بۆ میسر ون كردوه، ئه‌مه‌ش یانی قورئان
ئاگایی له چیرۆكی ئه‌م كۆچه وك‌و خۆی نه‌بوه، و خاوه‌نی قورئان ته‌نها دیمه‌نێكی
له‌م چیرۆكی كۆچه پێ گه‌یشتوه كه دیمه‌نی ژێر دارخورماكه‌یه، ئینجا ئه‌م دیمه‌نه‌شی
بۆ ته‌واوكردنی چیرۆكی له‌دایكبونی عیسا به‌كار هێناوه چونكه وا دیاره له‌سه‌ر
له‌دایكبونی عیساش له به‌یت له‌حم زانیاریی نه‌بوه. ئێمه‌ش پشت به ئه‌گه‌رێك ده‌به‌ستین
كه ڕونكردنه‌وه‌ی هه‌بێت نه‌ك ئه‌گه‌رێك كه ڕونكردنه‌وه‌ی نه‌بێت و ته‌نها
ناڕۆشنی دروست بكات و وه‌ڵامی نه‌بێت. ئینجا كاریگه‌ریی ئینجیلێكی ساخته‌ی دره‌نگوه‌ختی
وه‌كو (ئینجیلی مه‌تتای ساخته) و به‌گشتی داب‌ونه‌ریته‌كانی له‌دایكبون و منداڵیی
سه‌یروسه‌مه‌ره‌یی مه‌سیح، به‌سه‌ر قورئانه‌وه؛ ئه‌و ڕاستیه دوپاتی ده‌كاته‌وه
بۆمان كه له ئینجیله ڕه‌سمی و كانۆنیه‌كاندا باسی ئه‌م منداڵیه سه‌یروسه‌مه‌ره‌ییه‌ی
یه‌شوع نه‌كراوه و باسی قسه‌كردنی یه‌شوع به‌ساوایی نه‌كراوه، به‌ڵكو ئه‌م دیمه‌نه
سه‌یروسه‌مه‌ره‌ییانه له‌و ئینجیله ناڕه‌سمیانه‌وه هاتون كه بۆ باسی له‌دایكبون
و منداڵیی سه‌یروسه‌مه‌ره‌یی مه‌سیح دره‌نگانێك نوسراون، وه‌كو ("ئینجیلی
منداڵی" ی یه‌كه‌م) و ("ئینجیلی منداڵی" ی عه‌ره‌بی) و (ئینجیلی
منداڵی" ی تۆماس) و (ئینجیلی منداڵی" ی یه‌عقوب) و (ئینجیلی مه‌تتای ساخته) و
(ئینجیلی له‌دایكبونی مه‌ریه‌م) و (ئینجیلی گواستنه‌وه‌ی مه‌ریه‌م بۆ ئاسمان) و
هتد.. ئه‌و سه‌یروسه‌مه‌ره‌ییه‌ی له چیرۆكی عیسادا هه‌یه له قورئاندا (وه‌كو قسه‌كردنی
به‌ساوایی، و دروستكردنی باڵنده له قوڕ)؛ ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ئه‌و داب‌ونه‌ریته
ئایینی ـ میللیه‌ی له‌م ده‌قه لاوه‌كیانه‌دا ده‌ركه‌وتوه، و له نیمچه‌دورگه‌ی عه‌ره‌بییشدا
زیاتر باو و جه‌ماوه‌ری بون.
په‌راوێز:
(١) بۆ ده‌قه‌كه‌ی به وه‌رگێڕانی ئینگلیزی، بڕوانه:
Walker,
Alexander (tr.), Apocryphal Gospels, Acts and Revelations. Edinburge: T. &
T. Clark, 1870. P. 37.
(٢) بڕوانه:
Elliott, J.
K., The Apocryphal New Testament: A Collection of Apocryphal Christian
Literature in an English Translation. Oxford: Clarendon Press,
1993. P. 86.
(٣) و (٤) بڕوانه:
Ibn Warraq,
The Judeo-Christian Origins of Islam (Part 5). Jihad Watch.
ئه‌میش
ئاماژه ده‌كات بۆ:
Gijsel,
Jan, & Rita Beyers, Libri de
nativitate Mariae, Psevdo-Matthaei evangelium: textus et commentarius.
Turnhout: Brepols, 1997. PP. 59-67.
(5) Schneemelcher,
Wilhelm (edit.), & R. McL. Wilson (tr., edit.), New Testament Apocrypha.
Revised Edition. Vol. 1: Gospels and Related Writings. Westminster John Knox Press, 2003.
P. 423.
(٦) بڕوانه:
Schneemelcher, New Testament Apocrypha. Vol. 1, p. 74.