سه‌نگسار (ڕه‌جم)
پاشماوه‌ی یاسایه‌كی كه‌نعانی ـ یه‌هودی له فیقهی ئیسلامی‌دا
پاشماوه‌ی یاسایه‌كی كه‌نعانی ـ یه‌هودی له فیقهی ئیسلامی‌دا
سه‌روه‌ر پێنجوێنی
له ئیسلامی ته‌قلیدیدا، ئه‌و ئیسلامه‌ی كه جێگیر بوه و بوه‌ته داب‌ونه‌ریتی چه‌سپاو، به‌شێك له یاسای سزادان (عقوبات) ئه‌وه‌یه: ئه‌و كه‌سه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی خێزان سێكس ده‌كات، ئه‌گه‌ر هێشتا هاوسه‌ردار نه‌بوبێت و بۆ جارێکیش سێکسی له‌گه‌ڵ نه‌کردبێت؛ سه‌د شه‌للاقی لێ ده‌درێت و ساڵێكیش دور ده‌خرێته‌وه، ئه‌گه‌ر پێشتر هاوسه‌ری هه‌بوبێت و بۆ جارێکیش بوبێت سێکسی له‌گه‌ڵ کردبێت؛ ده‌خرێته چاڵێكه‌وه له گۆڕه‌پانێكدا و ئینجا له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتداری شه‌رعی و ئاماده‌بوانه‌وه به‌ردباران ده‌كرێت تا مردنی. ئه‌مه‌ش پێی ده‌وترێت (سه‌نگسار) یاخود (ڕه‌جم) Stoning واته (به‌ردباران).
لێره‌دا له‌م چه‌ند خاڵه‌دا تێبینیه ڕه‌خنه‌ییه‌كانی خۆمان ده‌رده‌بڕین:
١. به‌ڵگه‌ی (ڕه‌جم) له ئیسلامدا
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه پراكتیسی ئیسلامیی ڕه‌سه‌ن سوره له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ئه‌م یاسایه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه مایه‌ی شۆك و سه‌رسوڕمانه ئه‌وه‌یه كه یاساكه هیچ بنه‌ڕه‌تێكی له قورئاندا نیه و، ئه‌و سزایه‌ی له قورئاندا بۆ (زینا) دانراوه جیاوازه و سوكتره له‌م یاسایه، یاسا قورئانیه‌كه سزای لێدانی سه‌د شه‌للاق داده‌نێت كه ده‌ڵێت: (الزانية والزاني؛ فاجلدوا كل واحد منهما مئة جلدة) (النور: ٢). چۆن ده‌گونجێت یاسایه‌ك كه بتوانێت مافی ژیان له كه‌سێك بسه‌نێته‌وه له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كی سێكسی، له ده‌قێكی بنه‌ڕه‌تیی وه‌كو قورئاندا نه‌بێت؟! یاساكه له (حه‌ديث) ـه‌كاندا هاتوه، ئه‌م (حه‌ديث) ـانه‌ش له چوارچێوه‌ی گێڕانه‌وه‌ی چه‌ند كه‌سێكی دیاریكراودا ماونه‌ته‌وه و نابنه به‌ڵگه‌یه‌ك كه له ڕوی ئایینیه‌وه بواری نكولیكردنی نه‌بێت. به‌ڵام تێڕوانینه فیقهیه ته‌قلیدیه‌كه كه جێگیر بوه ئه‌وه‌یه: سه‌ره‌تا حوكمی (زینا) بۆ ئافره‌ت ئه‌وه بوه له ماڵدا حه‌پس بكرێت تا ده‌مرێت، به‌پێی ده‌قی: (واللاتي يأتين الفاحشة من نسائكم؛ فاستشهدوا عليهن أربعة منكم، فإن شهدوا؛ فأمسكوهن في البيوت حتى يتوفاهن الموت أو يجعل الله لهن سبيلا) (النساء: ١٥) [كه به‌ته‌واوی ڕون نیه ئه‌م ده‌قه مه‌به‌ستی چیه: مه‌به‌ستی په‌یوه‌ندیی سێكسیه له‌گه‌ڵ ڕه‌گه‌زی به‌رامبه‌ر یان له‌گه‌ڵ هه‌مان ڕه‌گه‌زدا؟ و ئه‌مه بۆ خۆی مشت‌ومڕێكی بێكۆتایی له‌سه‌ره]، ئینجا گوایه دواتر ئه‌م حوكمی (حه‌پس تا مردن) ـه نه‌سخ كراوه به ده‌قه ناوداره‌كه‌ی (الزانية والزاني؛ فاجلدوا كل واحد منهما مئة جلدة) (النور: ٢)، كه حوكمه‌كه‌ی گۆڕیوه بۆ لێدانی سه‌د شه‌للاق. ئه‌م ده‌قه‌ی دوه‌م ڕه‌هایه و هیچ تایبه‌تكردنێكی تێدا نیه، به‌م پێیه جیاوازی نیه له‌نێوان ئه‌وه‌ی هاوڵاتیه‌كه پێشتر هاوسه‌ری بوبێت یان نا. ئینجا ئه‌م ده‌قه قورئانیه به ده‌قه‌كانی (حه‌ديث) هه‌ندێك ده‌ستكاریی تر كراوه: به‌پێی كۆمه‌ڵێك (حه‌ديث) جگه له لێدانی سه‌د شه‌للاقه‌كه بۆ ماوه‌ی ساڵێكیش دور ده‌خرێته‌وه. له‌مه‌ش زیاتر گوایه ئه‌م ده‌قه قورئانیه به‌و فه‌رمودانه‌ی كه باسی (ڕه‌جم) ده‌كه‌ن نه‌سخی جوزئی بوه‌ته‌وه، واته (ته‌خصیص) كراوه و تایبه‌ت كراوه به (زیناكه‌ری ناموحصه‌ن)، واته ئه‌و كه‌سه‌ی هاوسه‌ری نه‌بوبێت و سێكسی كردبێت. ده‌كرێت لێره‌دا ئه‌و پرسیاره بكه‌ین: ئه‌م ده‌قه قورئانیه بۆچی ڕاسته‌وخۆ یاساكه‌ی نه‌بڕاندوه‌ته‌وه و به‌وردی دانه‌ڕێژراوه به شێوه‌یه‌ك كه گومان و بواری ناكۆكی نه‌هێڵێته‌وه؟ چۆن ده‌كرێت ده‌قێك له قورئاندا كه ده‌قی بنه‌ڕه‌تیه حوكمێك دابڕێژێت به‌ڵام به هه‌ندێك ده‌قی لاوه‌كی و ده‌قێكی قورئانیی ساخته به‌تاڵ بكرێته‌وه؟!
٢. ئایه‌تی ساخته‌ی (ڕه‌جم):
هه‌وڵی چه‌سپاندن و پاساودان و ڕه‌سه‌نكردنی ئه‌م یاسایه له ئیسلامدا مه‌هزه‌له‌یه‌كی لێ په‌یدا بوه كه بریتیه له ئایه‌تێكی ساخته كه ده‌ڵێت: (الشیخ والشيخة إذا زنيا؛ فارجموهما ألبتة، نكالا من الله، والله عزيز حكيم). ئه‌م ده‌قه به‌ئاشكرا نیشانه‌ی ساخته‌یی و هه‌ڵبه‌سراویی پێوه دیاره، ده‌ربڕینه‌كه‌یشی سه‌ركه‌وتو نیه: له‌بریی ده‌سته‌واژه‌ی (محصن) وشه‌ی (شیخ) به‌كارده‌هێنێت، له كاتێكدا پیری مه‌رج نیه و باسه‌كه باسی پیری و گه‌نجی نیه. ئینجا هه‌ر خودی داڕشتنه‌كه‌ی كه ده‌ڵێت (الشیخ والشيخة إذا زنيا؛ فارجموهما ألبتة) له داڕشتنی قورئان ناچێت و زۆر لاوازه. جگه له‌وه‌ی له گێڕانه‌وه‌ی ده‌قه‌كه‌یدا ناكۆكی هه‌یه، چونكه به شێوه‌ی (الشیخ والشيخة إذا زنيا؛ فارجموهما ألبتة بما قضيا من اللذة) یش گێڕاویانه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها (نكالا من الله) به (جزاء من الله) یش گێڕدراوه‌ته‌وه. جگه له‌مانه‌ش سه‌نه‌د و ڕشته‌ی گێڕانه‌وه‌كه‌ی قسه و تێبینیی له‌سه‌ره، كه ئێره جێگه‌ی باسكردنی نیه. ئاشكرایشه كه هیچ ده‌قێكی قورئانی به گێڕانه‌وه‌ی چه‌ند كه‌سێكی دیاریكراو ناچه‌سپێت و نابێته قورئان.
ئینجا مه‌هزه‌له‌یه كه ده‌وترێت ئه‌م ئایه‌ته ده‌قه‌كه‌ی نه‌سخ كراوه‌ته‌وه به‌ڵام گوایه حوكمه‌كه‌ی ماوه! ئه‌گه‌ر حوكمه‌كه‌ی ماوه؛ ده‌قه‌كه‌ی بۆچی به‌تاڵ ده‌كرێته‌وه؟! ئه‌گه‌ر ده‌قه‌كه‌ی به‌تاڵ بوبێته‌وه؛ چۆن حوكمه‌كه‌ی ده‌مێنێت؟ ئه‌گه‌ر نه‌سخ كراوه؛ به چی نه‌سخ كراوه؟ نابێت به ده‌قێكی تر نه‌سخ بكرێته‌وه و برێتی و جێدارێكی هه‌بێت؟ [زانراوه كه به‌پێی ده‌قی قورئانیی (ما ننسخ من آية أو ننسها؛ نأت بخير منها أو مثلها) (البقرة: ١٠٦) هه‌مو نه‌سخكردنێك به ده‌قێكی به‌دیل ده‌كرێت]. ئه‌و برێتیه‌ی له‌به‌ر ده‌ستدایه له قورئاندا؛ بریتیه له ده‌قی (الزانية والزاني؛ فاجلدوا كل واحد منهما مئة جلدة)، ئه‌گه‌ر به‌م ده‌قه ئه‌و ئایه‌ته ساخته‌یه نه‌سخ كرابێت؛ ئه‌وا حوكمه‌كه‌یشی به‌تاڵ ده‌كاته‌وه نه‌ك ته‌نها ده‌قه‌كه‌ی.. ئیتر ته‌نها نه‌بونی ئه‌و ئایه‌ته ساخته‌یه له دوتوێی قورئانی ئێسته‌دا نابێته به‌ڵگه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ڕۆژێك له ڕۆژان به‌شێك بوه له قورئان، ئه‌و گێڕانه‌وانه‌ش نه‌گه‌شتونه‌ته ئاستێكی به‌ربڵاوی و (ته‌واتور) كه ده‌قێكی قورئانیی پێ بچه‌سپێت.
٣. سه‌رچاوه و بنچینه‌ی یه‌هودی و شێوازی گواستنه‌وه‌ی بۆ ناو ئیسلام:
(به‌ردباران) له كۆمه‌ڵگای فه‌له‌ستینی كۆندا هه‌بوه. به‌پێی وته‌ی مێژونوسان زۆریی به‌رد له خاكی فه‌له‌ستیندا كه خاكێكی به‌ردینه كارێكی كردوه ئه‌و شێوازی سزادانه زۆر باو بێت. ئه‌و كو‌لتور و ئایینه یه‌هودیه‌ش كه له دوتوێی په‌ڕاوه‌كانی (په‌یمانی كۆن) دا گه‌یشتوه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌م پێشینه سوریایی ـ فه‌له‌ستینیه كۆنه. به‌پێی ته‌وڕات (لاویه‌كان: ٢٤: ٢٣. سه‌رژمێری: ١٥: ٣٥، ٣٦. پاشایانی یه‌كه‌م: ٢١: ١٣) به‌ردباران له ده‌ره‌وه‌ی شاردا ئه‌نجام دراوه. بۆ سه‌لماندنی هه‌ر تاوانێكیش شه‌ریعه‌تی یه‌هودی بونی دو شایه‌ت (شاهد) ی به پێویست ده‌گرت (بڕوانه: دوباره‌خوێندنه‌وه‌ی شه‌ریعه‌ت: ١٧: ٦). بۆیه پێش به‌ردباراكردنه‌كه شاهیده‌كان ده‌ستیان له‌سه‌ر كه‌سی تاوانبار داده‌نا (بڕوانه: لاویه‌كان: ٢٤: ١٤. دوباره‌خوێندنه‌وه: ١٧: ٧)، ئه‌مه‌ش گوایه بۆ نه‌قڵبونی گوناهه‌كه له كۆمه‌ڵی ئیسڕائیله‌وه بۆ كه‌سی تاوانبار به‌ته‌نها، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و گوناهـ و تاوانه له گه‌ردنی كۆمه‌ڵدا نه‌مێنێت، ئینجا شاهیده‌كان یه‌كه‌م كه‌س ده‌ستیان ده‌كرد به به‌ردبارانكردنی و ئینجا هه‌مو خه‌ڵكه‌كه به‌دوایاندا (بڕوانه: دوباره‌خوێندنه‌وه: ١٧: ٧)، به‌شداریكردنی هه‌موو خه‌ڵكه‌كه‌ش بۆ ئه‌وه بوه كه گوایه به‌و شێوه‌یه ئه‌و خراپه‌یه له كۆڵ كۆمه‌ڵی خه‌ڵكه‌كه ده‌بێته‌وه (دوباره‌خوێندنه‌وه: ٢٢: ٢١).
ئه‌م سزای به‌ردبارانه به‌پێی شه‌ریعه‌تی ته‌وڕات بۆ (١٠) تاوان به‌كار هاتوه:
١. په‌رستنی خواوه‌نده‌كانی تر (دوباره‌خوێندنه‌وه: ١٣: ٦ ـ ١١).
٢. فریودان و هه‌ڵنانی كه‌سانی تر بۆ په‌رستنی خواوه‌نده‌كانی تر (دوباره‌خوێندنه‌وه: ١٣: ٦ ـ ١١).
٣. كوفركردن و قسه‌وتن به خوا (لاویه‌كان: ٢٤: ١٤ ـ ٢٣. پاشایانی یه‌كه‌م: ٢١: ١٠ ـ ١٥).
٤. قوربانیكردن به منداڵ بۆ خواوه‌ند (مۆلیك) ی كه‌نعانی (لاویه‌كان: ٢٠: ٢ ـ ٥).
٥. فاڵگرتنه‌وه (لاویه‌كان: ٢٠: ٢٧).
٦. شكاندنی پشوی ڕۆژی شه‌ممه (سه‌رژمێری: ١٥: ٣٢ ـ ٣٦).
٧. زینا (دوباره‌خوێندنه‌وه: ٢٢: ٢١ ـ ٢٩).
٨. سه‌رپێچی و یاخیبون له دایك‌وباوك (دوباره‌خوێندنه‌وه: ٢١: ١٨ ـ ٢١).
٩. دزیكردن له‌و شتانه‌ی ته‌رخان كراون بۆ په‌رستگا یان ده‌سكه‌وتی كۆمه‌ڵی ئیسڕائیلن له جه‌نگه پیرۆزه‌كانیاندا و موڵكی گشتیی كۆمه‌ڵی ئیسڕائیلن، واته دزیكردن له شتی پیرۆز و ته‌رخانكراو، وه‌كو ئه‌وه‌ی (عه‌خان) ناوێك له خێڵی (یه‌هودا) كردی كه چه‌ند كه‌ل‌وپه‌لێكی له ده‌سكه‌وته‌كان هه‌ڵ گرتبو بۆ خۆی، كه گوایه عه‌خان خۆی و ماڵ‌ومنداڵی و هه‌مو شته‌كانی به‌ردباران كران و سوتێنران (یوشه‌ع: ٧).
١٠. ئه‌گه‌ر گایه‌ك قۆچ بدات له مرۆڤێك و بیكوژێت، گایه‌كه به‌ردباران ده‌كرا و گۆشته‌كه‌ی نه‌ده‌خورا (كۆڕه‌و: ٢١: ٢٨ ـ ٣٢).
هه‌روه‌ها دو حاڵه‌تی تر هه‌یه بۆ (به‌ردباران) كه وه‌كو هه‌ڕه‌شه هاتون:
یه‌كه‌میان: له ته‌وڕاتدا ده‌ڵێت هه‌ر مرۆڤێك یان ئاژه‌ڵێك له چیای سیناء بكه‌وێت له‌و كاته‌دا كه خواوه‌ند یه‌هواهـ داده‌به‌زێته سه‌ری، به‌ردباران ده‌كرێت (كۆڕه‌و: ١٩: ١٣).
دوه‌میان: ناڕاسته‌وخۆ هه‌ڕه‌شه‌ی به‌ردباران له‌و پێغه‌مبه‌ره یان خه‌وندیده‌یه ده‌كرێت كه به‌درۆ قسه به‌ده‌م خواوه بكات (دوباره‌خوێندنه‌وه: ١٣: ١ ـ ٥).
له بنه‌ڕه‌تیشدا به‌ردباران ده‌ربڕینی ڕق و ڕه‌تكردنه‌وه و به‌كه‌مزانینه، بۆ نمونه (په‌یمانی كۆن) ده‌گێڕێته‌وه كه جارێك پیاوێك داوود و پیاوه‌كانی به‌ردباران كردوه (ساموێلی دوه‌م: ١٦: ٦).
به شێوه‌یه‌كی گشتییش به‌ردباران گوزارشێك بوه له توڕه‌یی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك كه به‌و شێوه‌یه ویستویانه ئه‌و كه‌سه بكوژن یان هه‌ڕه‌شه‌ی لێ بكه‌ن. به‌پێی ده‌قه‌كانی په‌یمانی كۆن و نوێ چه‌ند كه‌سێك هه‌ڕه‌شه‌ی به‌ردبارانیان لى كراوه: مو‌سا (كۆڕه‌و: ١٧: ٤)، هه‌روه‌ها كاله‌بی كوڕی یه‌فنه و یوشه‌ع (سه‌رژمێری: ١٤: ١٠)، هه‌روه‌ها داوود (ساموێلی یه‌كه‌م: ٣٠: ٦)، هه‌روه‌ها خودی یه‌شوعی ناصیری (عیسا) (ئینجیلی یۆحه‌ننا: ١٠: ٣١، ٣٢. ١١: ٨)، هه‌روه‌ها پۆڵس (كارنامه‌ی نێردراوان: ١٤: ٥، ١٩). هه‌ندێك جاریش هه‌ڕه‌شه‌كه كراوه به ڕاست و چه‌ند كه‌سێك به‌ردباران كراون، له‌وانه: (ئه‌دۆرام) ی نێردراوی ڕه‌حه‌بعام (پاشایانی یه‌كه‌م: ١٢: ١٨)، پێغه‌مبه‌رێك به ناوی زه‌كه‌ریای كوڕی یه‌هویاداع (ڕۆژانی دوه‌م: ٢٤: ٢١)، هه‌روه‌ها ستیفان یه‌كه‌م شه‌هیدی مه‌سیحی (كارنامه‌ی نێردراوان: ٧: ٥٨، ٥٩).
ئیتر له شه‌ریعه‌تی ته‌وڕاتیدا كه ئاوێنه‌ی كۆمه‌ڵگای فه‌له‌ستینیی كۆنه كراوه به سزایه‌كی یاسایی و پیرۆز بۆ كۆمه‌ڵێك تاوان و گوناهـ له ڕوانگه‌ی ئه‌و شه‌ریعه‌ته‌وه.
ئه‌وه‌ی كه به‌لای ئێمه‌وه لێره‌دا مه‌به‌سته حوكمی سزادانی (زینا) یه به به‌ردباران كه له ته‌وڕات (كتێبی دوباره‌خوێندنه‌وه) دا هاتوه: ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر پیاوێك له جێگه‌ی ژنێكی مێردداردا گیرا؛ هه‌ردوكیان بكوژن. سه‌باره‌ت به ئافره‌تێكیش كه ده‌ستگیرانی پیاوێكی تر بێت، ئه‌گه‌ر كاره‌كه له ئاوه‌دانیدا كرابێت؛ هه‌ردوكیان ده‌كوژرێن چونكه ئافره‌ته‌كه توانای هاواركردنی هه‌بوه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له چۆڵه‌وانیدا بێت؛ ته‌نها پیاوه‌كه ده‌كوژرێت چونكه ده‌گونجێت ئافره‌ته‌كه هاواری كردبێت و كه‌س نه‌یبیستبێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئافره‌ته‌كه كچێك بو و ماره‌كراوی كه‌س نه‌بو؛ له‌و حاڵه‌ته‌دا سزاكه‌ی ئه‌وه‌یه پیاوه‌كه ده‌بێت په‌نجا دراوی زیو بدات و ماره‌ی بكات و هه‌تا كۆتایی ژیانیشی بۆی نیه ده‌ستبه‌رداری ببێت (دوباره‌خوێندنه‌وه: ٢٢: ٢٢ ـ ٢٩). بۆ شێوازی كوشتنه‌كه‌ش ده‌ڵێت: هه‌ردوكیان ده‌هێنرێن بۆ گۆڕه‌پانی سه‌ره‌تای شار و به‌ردباران ده‌كرێن هه‌تا ده‌مرن (دوباره‌خوێندنه‌وه: ٢٢: ٢٤).. پێش ئه‌وه‌ش ده‌قه ته‌وڕاتیه‌كه باسی حوكمی تۆمه‌تباركردن به (زینا)، واته ئه‌وه‌ی به زاراوه‌ی ئیسلامی پێی ده‌وترێت (قه‌ذف)، ده‌قه‌كه ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر پیاوێك كچێكی ماره كرد و پاشان نه‌یویست و وتی كچه‌كه كچ ده‌رنه‌چوه؛ ئه‌و كاته ئه‌گه‌ر كچێتیی كچه‌كه سه‌لما؛ ئه‌و پیاوه ته‌مێ ده‌كرێت و سه‌د دراوی زیو ده‌دات به باوكی كچه‌كه و ده‌بێت كچه‌كه هه‌ڵگرێته‌وه و تا مردن ژنی بێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌لما كه كچه‌كه كچ نه‌بوه؛ ده‌هێنرێته‌وه بۆ به‌ر ده‌رگای ماڵی باوكی و خه‌ڵكی شار به‌ردبارانی ده‌كه‌ن تا مردنی (دوباره‌خوێندنه‌وه: ٢٢: ٣١ ـ ٢١).
ئه‌م حوكمی (به‌ردباران) ـه‌ی كه له ته‌وڕاتدا هاتوه سه‌رچاوه‌ی ڕاسته‌وخۆی ئه‌و یاسای (ڕه‌جم) ـه‌یه كه له ئیسلامی ته‌قلیدیدا چه‌سپیوه و توانیویه‌تی كۆمه‌ڵێك فه‌رموده (حه‌ديث) و ئایه‌تێكی ساخته له كه‌له‌پوری ئیسلامی‌دا دروست بكات، وه‌كو دواتر باسی دێت. به‌پێی هه‌ندێك گێڕانه‌وه‌یش وا ده‌رده‌كه‌وێت كه سه‌ره‌تا كاتێك جێبه‌جێ كراوه له مه‌دینه‌دا؛ به‌سه‌ر جوله‌كه خۆیاندا جێبه‌جێ كراوه، وه‌كو خستنه‌گه‌ڕی یاسای ئایینی خۆیان به‌سه‌ر خۆیاندا، ئیتر دواتر نه‌قڵ بوه بۆ پراكتیسی ئیسلامی.
به‌پێی بۆچونێك، ڕه‌جم پێش ئه‌م ده‌قه كاری پێ كراوه و ئه‌م ده‌قه حوكمی ڕه‌جم به‌تاڵ ده‌كاته‌وه (واته سه‌ره‌تا كار به یاسا یه‌هودیه‌كه كراوه پاشان ئیسلام سزایه‌كی تایبه‌تیی له‌بریی ئه‌وه داناوه)، وه‌كو (حه‌سه‌ن تورابی) پێی وایه. به‌پێی بۆچونێكی باویش حوكمی ڕه‌جم (ته‌خصیص) ی ئه‌م ده‌قه گشتیه‌یه و ئه‌م ده‌قه تایبه‌ت ده‌كات به (زیناكه‌ری ناموحصه‌ن) ـه‌وه، ئه‌مه كه زۆربه‌ی هه‌ره زۆری زانایانی ئایینیی ئیسلام داكۆكیی لێ ده‌كه‌ن. به‌پێی بۆچونی هه‌ندێك بیرمه‌ندی ئیسلامیی نوێخوازیش ده‌قه قورئانیه‌كه ڕێسایه‌كی گشتیه كه هه‌ندێك حه‌ديث و ئایه‌تێكی ساخته‌ی وه‌كو (الشيخ والشيخة إذا زنيا؛ فارجموهما ألبتة) ناتوانن به‌تاڵی بكه‌نه‌وه (كه "ته‌خصیص" یش هه‌ر به‌تاڵكردنه‌وه‌یه‌كی جوزئیه)، به‌م پێیه ده‌توانرێت ئه‌و بڕیاره بدرێت كه ئه‌و (حه‌ديث) ـانه و ئه‌و ئایه‌ته ساخته‌یه ناتوانن ئه‌و ده‌قه قورئانیه چه‌سپاوه به‌تاڵ (یان نیوه به‌تاڵ) بكه‌نه‌وه.
٤. ئایا حوكمی ڕه‌جم په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ده‌قی قورئانیی (الزانية والزاني؛ فاجلدوا كل واحد منهما مئة جلدة) دا چۆنه؟
به‌پێی بۆچونێك، ڕه‌جم پێش ئه‌م ده‌قه كاری پێ كراوه و ئه‌م ده‌قه حوكمی ڕه‌جم به‌تاڵ ده‌كاته‌وه (واته سه‌ره‌تا كار به یاسا یه‌هودیه‌كه كراوه پاشان ئیسلام سزایه‌كی تایبه‌تیی له‌بریی ئه‌وه داناوه)، وه‌كو (حه‌سه‌ن تورابی) پێی وایه. به‌پێی بۆچونێكی باویش حوكمی ڕه‌جم (ته‌خصیص) ی ئه‌م ده‌قه گشتیه‌یه و ئه‌م ده‌قه تایبه‌ت ده‌كات به (زیناكه‌ری ناموحصه‌ن) ـه‌وه، ئه‌مه كه زۆربه‌ی هه‌ره زۆری زانایانی ئایینیی ئیسلام داكۆكیی لێ ده‌كه‌ن. به‌پێی بۆچونی هه‌ندێك بیرمه‌ندی ئیسلامیی نوێخوازیش ده‌قه قورئانیه‌كه ڕێسایه‌كی گشتیه كه هه‌ندێك حه‌ديث و ئایه‌تێكی ساخته‌ی وه‌كو (الشيخ والشيخة إذا زنيا؛ فارجموهما ألبتة) ناتوانن به‌تاڵی بكه‌نه‌وه (كه "ته‌خصیص" یش هه‌ر به‌تاڵكردنه‌وه‌یه‌كی جوزئیه)، به‌م پێیه ده‌توانرێت ئه‌و بڕیاره بدرێت كه ئه‌و (حه‌ديث) ـانه و ئه‌و ئایه‌ته ساخته‌یه ناتوانن ئه‌و ده‌قه قورئانیه چه‌سپاوه به‌تاڵ (یان نیوه به‌تاڵ) بكه‌نه‌وه.
٥. قورئان حوکمی ڕه‌جم ناناسێت:
جگه له‌وه‌ی له قورئاندا له‌بریی (ڕه‌جم) سزای (لێدان) (سه‌د شه‌للاق) دانراوه بۆ (زینا)؛ هه‌ندێك نیشانه و سه‌ره‌داویش هه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه قورئان به‌ته‌واوی بێئاگایه له حوكمی (ڕه‌جم) و ڕه‌نگه له سه‌رده‌می قورئاندا ئه‌و حوكمه هه‌ر جێی باس نه‌بوبێت. جگه له ده‌قی (الزانية والزاني؛ فاجلدوا كل واحد منهما مئة جلدة) كه پێشتر ئاماژه‌ی بۆ كرا؛ نمونه‌یه‌كی تریش هه‌یه ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه قورئان ئاگایی له سزای (ڕه‌جم) نیه: كاتێك باسی سزای (زینا) ی که‌نیزه‌کان (و كۆیله‌كان به‌گشتی) ده‌كات؛ ده‌ڵێت: سزاكه‌یان نیوه‌ی سزای ئازاده‌كانه (فإذا أحصنّ؛ فإن أتين بفاحشة؛ فعليهن نصف ما على المحصنات من العذاب) (النساء: ٢٥)، كه به‌پێی وته‌ی ته‌فسیره‌كان ئه‌و نیوه‌یه ده‌كاته (٥٠) شه‌للاقی حه‌دد (به بڕوای طه‌به‌ری و كۆمه‌ڵێك له تابیعین)، یان (٥٠) شه‌للاقی حه‌دد و دورخستنه‌وه‌ی نیو ساڵ (به بڕوای ئیبن عه‌بباس و زۆرینه)(١). لێره‌دا ئه‌گه‌ر به‌لای قورئانه‌وه سزای (زینا) بۆ كه‌سی (موحصه‌ن) واته شوكرده یان ژنهاورده، بریتی بێت له (ڕه‌جم)؛ ئه‌وا ناكۆك ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌م ده‌قه‌ی ئێره‌دا، چونكه (ڕه‌جم) كوشتنه و كوشتنیش نیوه ناكرێت و ده‌قه‌كه ئه‌و كاته ناتوانێت بڵێت نیوه‌ی ئه‌و سزایه، ئه‌وه (سه‌د شه‌للاقه‌كه) یه كه نیوه‌كه‌ی ده‌كاته په‌نجا. لێره‌وه دیاره كه ده‌قه قورئانیه‌كه‌ی (الزانية والزاني؛ فاجلدوا كل واحد منهما مئة جلدة) ڕه‌هایه و مه‌به‌ستی هه‌مو حاڵه‌تێكه. ئه‌مه‌ش واته قورئان حوكمی (ڕه‌جم) ناناسێت.
كاتێك سه‌یری لێكدانه‌وه‌ی موفه‌سسیره‌كان ده‌كه‌ین بۆ چه‌مكی (ئیحصان) له‌م ده‌قه (فإذا أحصنّ؛ فإن أتين بفاحشة؛ فعليهن نصف ما على المحصنات من العذاب) و ده‌قه‌كانی تریشدا؛ ده‌بینین زۆر په‌شێون: بۆ لێكدانه‌وه‌ی (إحصان) له ده‌سته‌واژه‌ی (أحصنّ) دا له‌م ده‌قه‌دا؛ چه‌ند شتێك ده‌ڵێن: به‌شێكیان كه ڕه‌نگه له كۆنه‌كاندا زۆرینه بن (وه‌كو: عه‌بدوڵڵای كوڕی مه‌سعود، عه‌بدوڵڵای كوڕی عومه‌ر، ئه‌نه‌س، ئه‌لئه‌سوه‌دی كوڕی یه‌زید، زیرری كوڕی حوبه‌یش، عه‌طاء، ئیبراهیمی نه‌خه‌عی، شه‌عبی، سوددی، شافیعی..) ده‌ڵێن: (ئیحصان) لێره‌دا بریتیه له موسوڵمانبون (له كاتێكدا قسه‌كه هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه له‌سه‌ر كه‌نیزه باوه‌ڕداره‌كانه، چونكه ده‌ڵێت: "من فتياتكم المؤمنات")، به‌شێكی تریان (وه‌كو: عه‌بدوڵڵای كوڕی عه‌بباس، موجاهید، عیكریمه، طاووس، سه‌عیدی كوڕی جوبه‌یر، حه‌سه‌نی به‌صڕه‌یی، قه‌تاده..) ده‌ڵێن بریتیه له هاوسه‌رگیری، یانی ـ لێره‌دا ـ شوكردنی كه‌نیزه‌كان. به‌زۆری ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه‌ی دوه‌م په‌سه‌ند ده‌كرێت له ته‌فسیره‌كاندا. به‌ڵام كاتێك ده‌قه‌كه دواتر ده‌ڵێت (المحصنات)؛ ده‌ڵێن (ئیحصان) لێره‌دا به واتای ئازادیه، كه‌واته (المحصنات) لێره‌دا یانی ئافره‌ته ئازاده‌كان كه كۆیله نین. له ده‌قێكی تریشدا كه ده‌ڵێت: (والمحصنات من المؤمنات والمحصنات من الذين أوتوا الكتاب من قبلكم..) (المائدة: ٥) ده‌ڵێن (المحصنات) لێره‌شدا به واتای ئافره‌ته ئازاده‌كانه. له ده‌قێكی تریشدا كه ده‌ڵێت: (والذين يرمون المحصنات ثم لم يأتوا بأربعة شهداء..) (النور: ٤)، ده‌ڵێن (المحصنات) لێره‌دا یانی ئافره‌ته پاكداوێنه‌كان!(٢). له كاتێكدا ده‌بێت فرمانی (أحصن) و سیفه‌تی (محصن) و (محصنة) یه‌ك واتای هه‌بێت، كه بریتیه له هاوسه‌رگرتن، نه‌ك ئه‌و واتایانه‌ی كه به ئاره‌زوی خۆیان و بۆ جێكردنه‌وه‌ی بنه‌ما فیقهیه‌كانی خۆیان ده‌یانسه‌پێنن به‌سه‌ر ده‌قه‌كاندا. سه‌پاندنه‌كه له هه‌ندێك حاڵه‌تدا زۆر به‌زه‌قی ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌وه‌ش كاتێك له‌سه‌ر ده‌قی (فإذا أحصنّ؛ فإن أتين بفاحشة؛ فعليهن نصف ما على المحصنات من العذاب) ده‌ڵێن (أحصن) یانی (موسوڵمان بون) یان (شویان كرد)، و (المحصنات) یش یانی (ئازاده‌كان)، له كاتێكدا هه‌ردو ده‌سته‌واژه‌ی (أحصن) و (المحصنات) له یه‌ك دێڕدان! ده‌توانین بڵێین (المحصنات) لێره‌دا ـ كه به‌راورد هه‌یه له‌گه‌ڵ كه‌نیزه‌كاندا ـ ئافره‌ته ئازاده‌كان ده‌گرێته‌وه و مه‌به‌ستی (ئافره‌ته شودار) ه ئازاده‌كانه، به‌ڵام نه‌ك به‌و شێوه‌یه كه بوترێت مانای (إحصان) لێره‌دا بریتیه له (ئازادی)!
مه‌به‌سته بنه‌ڕه‌تیه‌كه لێره‌دا ئه‌وه بو ده‌قه‌كه باس له كه‌نیز ده‌كات كاتێك شو ده‌كات و ده‌ڵێت سزای (زینا) ی ئه‌وان نیوه‌ی سزای ئه‌و ئافره‌ته شوكردوانه‌یه كه كه‌نیز نین. ده‌بێت ده‌قه‌كه ئاوا لێك بدرێته‌وه، چونكه مانای (هاوسه‌رداری) له فرمانی (أحصن) و سیفه‌تی (محصن) جیا نابێته‌وه، بۆیه له ده‌قه‌كه‌دا فرمانی (أحصن) و سیفه‌تی (المحصنات) هه‌ردوكیان هه‌ر حاڵه‌تی هاوسه‌رداری ده‌به‌خشن، به‌ڵام له (أحصن) دا ئاماژه ده‌كات بۆ كه‌نیزه‌كان و له (المحصنات) دا ئاماژه ده‌كات بۆ ئافره‌ته ئازاده‌كان.
به‌ڵام موفه‌سسیره‌كان به‌زۆركاری ده‌ڵێن (ئیحصان) له ده‌سته‌واژه‌ی (المحصنات) ی ئه‌م ده‌قه‌دا بریتیه له (ئازادی)، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن (المحصنات) به ئافره‌تی ئازاد به‌گشتی لێك بده‌نه‌وه، تا بڵێن ئه‌مه گشتیه و ئینجا به نیشانه و (قه‌رینه) ی باسی نیوه (نصف) ئه‌و ئافره‌ته ئازادانه به‌تایبه‌تی ده‌گرێته‌وه كه ده‌كرێت سزاكه‌یان نیوه بكرێت كه ده‌كاته كچ كه سزاكه‌ی سه‌د شه‌للاق و دورخستنه‌وه‌ی ساڵێكه. به‌م شێوه‌یه كارێكیان كردوه ناچاری ئه‌و ئه‌نجامه نه‌بن كه (المحصنات) له ده‌قه‌كه‌دا ئافره‌ته شوكردوه ئازاده‌كان ده‌گرێته‌وه، چونكه ئه‌مه سه‌ر ده‌كێشێت بۆ ئه‌وه‌ی كه به‌پێی قورئان سزای (زینا) ی ئافره‌تی شوكرده‌ش هه‌ر بریتیه له‌و سزایه‌ی كه نیوه ده‌كرێت كه لێدان و دورخستنه‌وه‌كه‌یه.
بۆیه دوپاتی ده‌كه‌ینه‌وه كه قورئان سزای (ڕه‌جم) ناناسێت.
سه‌رنجی ئه‌وه‌شمان دا كه موفه‌سسیره‌كان له‌ژێر ڕۆشنایی بنه‌ما فیقهیه بڕیاردراوه‌كانی خۆیاندا قورئان ده‌خوێننه‌وه له‌بریی ئه‌وه‌ی ده‌قه‌كان وه‌كو خۆیان ڕاڤه بكه‌ن.
له به‌راییه‌كانی كۆمه‌ڵگای مرۆڤدا به‌ردباران به‌كار هاتوه بۆ وه‌ده‌رنانی تاك له گروپ كاتێك گروپ به‌ته‌واوی ئه‌و تاكه ڕه‌ت ده‌كاته‌وه و نایه‌وێت وه‌كو ئه‌ندامی ئه‌و گروپه بمێنێته‌وه. هه‌روه‌كو له ڕوی شێوه و كه‌ره‌سته و ئامڕازه‌وه هه‌ر ئاشكرایه كه یاسایه‌كی به‌راییه، له‌م سزایه‌دا به‌رد به‌كار ده‌هێنرێت كه یه‌كێكه له ئامڕازه هه‌ره به‌راییه‌كانی مرۆڤ.
٦. ئه‌م یاسای (به‌ردباران) ـه یه‌كێكه له یاسا هه‌ره به‌راییه‌کانی كۆمه‌ڵگای مرۆڤ
له به‌راییه‌كانی كۆمه‌ڵگای مرۆڤدا به‌ردباران به‌كار هاتوه بۆ وه‌ده‌رنانی تاك له گروپ كاتێك گروپ به‌ته‌واوی ئه‌و تاكه ڕه‌ت ده‌كاته‌وه و نایه‌وێت وه‌كو ئه‌ندامی ئه‌و گروپه بمێنێته‌وه. هه‌روه‌كو له ڕوی شێوه و كه‌ره‌سته و ئامڕازه‌وه هه‌ر ئاشكرایه كه یاسایه‌كی به‌راییه، له‌م سزایه‌دا به‌رد به‌كار ده‌هێنرێت كه یه‌كێكه له ئامڕازه هه‌ره به‌راییه‌كانی مرۆڤ.
٧. به‌رده‌وامیی (نیکاح) مه‌رج نیه بۆ (ئیحصان):
شتێكی مه‌عقوله بوترێت ئه‌گه‌ر كه‌سێك هاوسه‌ری هه‌بێت؛ ئیتر نابێت ناپاكی له هاوسه‌ره‌كه‌ی بكات ماده‌م په‌یمانی ژیانی هاوبه‌شیان به یه‌كتر دابێت و بیانه‌وێت و بتوانن پێداویستیه‌كانی یه‌كتر دابین بكه‌ن. به‌ڵام له ڕاستیدا ئه‌و مه‌رجی (إحصان) ـه‌ی كه له فیقهی ئیسلامی‌دا دانراوه بۆ حوكمی ڕه‌جم به‌و شێوه‌یه نیه و زۆر به‌راییه، كه ده‌ڵێت ئه‌و (إحصان) ـه‌ی كه له‌گه‌ڵ (زینا) دا ڕه‌جمی پێ مسۆگه‌ر ده‌بێت؛ ئه‌وه‌یه ئه‌و كه‌سه جارێك سێكسی كردبێت له‌گه‌ڵ هاوسه‌ری خۆی (سه‌رباری مه‌رجه بنه‌ڕه‌تیه‌كان: باڵغی و عه‌قڵ، له‌گه‌ڵ مه‌رجه‌كانی تر: موسوڵمانی، و ئازادی.. و له‌گه‌ڵ هه‌ندێك ناكۆكیی فیقهی له‌م مه‌رجانه‌دا)(٣). ئه‌مه مانای وایه ئه‌گه‌ر ـ بۆ نمونه ـ كه‌سێك جارێك هاوسه‌ری بوبێت و یه‌ك جار سێكسی له‌گه‌ڵ كردبێت ئینجا له‌سه‌ر تاوانێك بخرێته زیندانه‌وه و ـ دوای بیست ساڵی تریش و دوای مه‌حرومبونی زۆریش له ژیان و ڕه‌گه‌زی به‌رامبه‌ر ـ سێكس بكات له ده‌ره‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی خێزان؛ حوكمه‌كه‌ی هه‌ر ڕه‌جمه!!(٤). واته مه‌رجه ئیسلامیه‌كه ئه‌وه‌ی تێدا نیه كه ئه‌و كه‌سه هاوسه‌ری ڕێك‌وپێكی هه‌بێت و ژیانێكی خێزانیی سه‌ركه‌وتوی هه‌بێت به‌ڵام هێشتا ئه‌و كه‌سه ناپاكی له هاوسه‌ره‌كه‌ی بكات.
٨. سه‌نگسار، جێبه‌جێ ناکرێت:
ئاشكرایه سزای (سه‌نگسار) ئێسته وڵاتانی ئیسلامی جێه‌جێی ناكه‌ن و نامۆ بوه به كۆمه‌ڵگای ئیسلامی و خۆرهه‌ڵاتی. ته‌نها له ئێران و سه‌عودییه و ئه‌فغانستانی سه‌رده‌می تالیبان جێبه‌جێ ده‌كرا. ئێسته ئێران به‌ڕه‌سمی و له‌ژێر فشاری كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی ڕای گرتوه، هه‌رچه‌ند ڕه‌نگه ژێربه‌ژێر یان له شوێنه چه‌په‌ك و نه‌دیوه‌كاندا هه‌ر ئه‌نجام بدرێت، جگه له‌مه‌ش جارجار به ڕه‌سمی و به فشاری ته‌وژمی كۆنه‌پارێزه‌كانی ئێران دوباره ده‌كرێته‌وه، بۆ نمونه: به‌پێی (گاردیان) ی بریتانی له (٢١/٧/٢٠٠٨) دا دادگایه‌كی شه‌رعیی ئێرانی بڕیاری سه‌نگساری ٩ كه‌سی ئێرانیی ده‌ركردوه: ٨ ژن و ١ پیاو! له سه‌عودییه‌ش له سه‌ده‌ی بیستدا زۆر ئه‌نجام دراوه به‌ڵام ئێسته له‌وێش نه‌ماوه. تالیبانیش ئاشكرایه كه سه‌رده‌می تاریكیان به‌سه‌ر چو.
٩. یاسای ڕه‌جم دیاریی ده‌ستی ئوصولیه ئیسلامیه‌كانه بۆ كۆمه‌ڵگای خۆیان:
ئه‌م یاسایه هه‌رچه‌ند نمونه‌یه‌كی تاوانه‌كانی (كوشتن له‌سه‌ر شه‌ره‌ف) ـه و پاڵنه‌ره كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌ی هه‌ر جێیه‌جێكردنی مه‌سه‌له‌ی (شه‌ره‌ف) ـه، به‌ڵام له ڕاستیدا جیاوازه له‌و كوشتنه ته‌قلیدیانه‌ی كه له كۆمه‌ڵگای خێڵ و عه‌شائیردا بۆ (عه‌یبه‌شۆری) و له‌سه‌ر (شه‌ره‌ف) ئه‌نجام ده‌درێن، هه‌م له مه‌به‌ستدا جیاوازه، هه‌م له شێوه‌دا جیاوازه، هه‌م له ڕوی لایه‌نی جێبه‌جێكه‌ر و شێوازی جێبه‌جێكردنیشه‌وه جیاوازه. ئه‌م یاسایه مۆركێكی ئیسلامیی تایبه‌تیی هه‌یه و نامۆیه به داب‌ونه‌ریتی ئێستای خێڵ و عه‌شیره‌ته‌كانیش. له ڕاستیدا ئه‌م یاسایه دیاریی ده‌ستی ئوصولیه ئیسلامیه‌كانه بۆ كۆمه‌ڵگای خۆیان كاتێك ده‌گه‌نه ده‌سه‌ڵات، وه‌كو تالیبان و شۆڕشی ئیسلامیی ئێران و ڕژێمی سه‌عودی ـ وه‌ههابی.
١٠. کۆکردنه‌وه‌ی هه‌ردو یاسای لێدان و سه‌نگسار له پراکتیسی ئیسلامی‌دا:
له جێبه‌جێكردنی ئه‌م یاسایه‌دا هه‌ردو یاسا ئیسلامیه‌كه كۆ ده‌كرێته‌وه: هه‌م لێدان (سه‌د شه‌للاق)، هه‌م به‌ردباران، واته یه‌كه‌م جار سه‌د شه‌للاقه‌كه‌ی لێ ده‌درێت، ئینجا به‌ردبارانیش ده‌كرێت. وه‌كو ده‌گێڕنه‌وه كه عه‌لی به‌م شێوه‌یه هه‌ردو یاساكه‌ی كۆكردوه‌ته‌وه، که ئه‌مه‌ی به‌سه‌ر ژنێکدا جێبه‌جێ کردوه به ناوی شوڕاحه (شراحة) ی هه‌مدانی، ئیتر پێنج‌شه‌ممه شه‌للاقی حه‌ددی لێ دا و هه‌ینی ڕه‌جمی کرد، ئینجا وتویه‌تی: "به قورئان شه‌للاقی حه‌ددم لێ دا و به سوننه‌ت ڕه‌جمم كرد"! (جلدتها بكتاب الله، ورجمتها بسنة رسول الله صلى الله عليه وسلم).. هه‌روه‌ها (حه‌سه‌نی به‌صڕه‌یی) و هه‌ندێکی تر و دواتریش ئیمام (ئه‌حمه‌د) هه‌مان بیروڕای فیقهییان هه‌بوه(٥). جا بزانه مرۆڤ له ڕژێمێكی له‌م جۆره‌دا چه‌ند هه‌رزان و سوكه، مرۆڤ و ژیانی مرۆڤ به ئاسانی له‌م ڕژێمه‌دا ده‌بێته قوربانیی ده‌ستی تێگه‌شتنی هه‌ڵه و ناقۆڵای سه‌ركرده و ده‌سه‌ڵاتدارێكی ئایینی. ئێسته‌ش شێوازی جێبه‌جێكردنی ئه‌م یاسایه له ـ بۆ نمونه ـ (ئێران) به‌م شێوه‌یه‌یه ئه‌گه‌ر بایه‌خی ته‌واوی پێ بدرێت: سه‌ره‌تا ئه‌و كه‌سه سه‌د شه‌للاقه‌كه‌ی لێ ده‌درێت، ئیجا پوخت وه‌كو مردو غه‌سل ده‌كرێت و به ئاوه گه‌رمه‌كه ده‌یشۆن، ئینجا هه‌ر به ده‌ستوری مردو له كفنی ده‌گرن و ئاماده‌ی مردنی ده‌كه‌ن، ئینجا چاڵێكی بۆ هه‌ڵ ده‌كه‌نن تا نیوه‌ی باڵای و ده‌یخه‌نه ئه‌و چاڵه‌وه و گڵه‌كه‌ی به‌سه‌ردا ده‌ده‌نه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له چاڵه‌دا به‌ته‌واوی قه‌تیس بمێنێت و بواری جوڵه‌ی نه‌بێت. ئینجا به‌ردبارانی ده‌كه‌ن تا سه‌ری له هه‌مو لایه‌كه‌وه ده‌شكێت و خوێن فیچقه ده‌كات، تا ده‌مرێت. ئیتر گوایه به‌م شێوه‌یه پاك ده‌بێته‌وه!! بڕوانه مرۆڤ چۆن گیری خواردوه به ده‌ست یاسا بێماناكانی (پاك‌وپیسی) ی ئایینیه‌وه.
١١. ڕه‌جم یاسایه‌کی ناشرین و نامرۆڤانه‌یه:
ئاشكرایه كه ئه‌م یاسایه چه‌نده كۆمه‌ڵگای ئیسلامی و خۆرهه‌ڵاتی ناشیرین ده‌كات و چه‌ندیش به‌راییبون و كۆنینه‌یی و نه‌شیاوبونی ئیسلام و یاسادانانی ئیسلامی ده‌سه‌لمێنێت. ئه‌گه‌ر موسوڵمانان ده‌یانه‌وێت ته‌مه‌نی ئیسلام كورت نه‌بێت و وێنه‌ی مرۆڤی موسوڵمان ناشیرین نه‌بێت له مرۆڤایه‌تیدا و شه‌ریعه‌ت (یاسا بنه‌ڕه‌تیه‌كانی: دادپه‌روه‌ری، چاكه‌كاری..) بواری جێبه‌جێكردنی هه‌بێت؛ پێویسته به‌یه‌كجاری ده‌ستبه‌رداری ئه‌و بیرۆكه‌یه ببن و سه‌ری بنێنه‌وه و داوای لێبوردن له قوربانیه‌كان بكه‌ن (هه‌رچه‌ند تازه دره‌نگی كردوه بۆ ئه‌و داوای لێبوردنه، به‌ڵام داوای لێبوردن سه‌ره‌تایه‌كی باشه بۆ به‌خۆداچونه‌وه).
دیمه‌نێک له جێبه‌جێکردنی یاسای ڕه‌جم، له سۆماڵ
١٢. كه‌رنه‌ڤاڵی (به‌رد و خوێن):
ئه‌م یاسا به‌راییه له گۆڕه‌پانێكی گشتیدا به ئه‌نجام ده‌گه‌یه‌نرێت و ڕه‌شه‌خه‌ڵك به‌شداریی تێدا ده‌كه‌ن و هه‌مو كه‌سێك بۆی هه‌یه له‌و به‌ردبارانه به‌شداری بكات و به‌شی خۆی به‌رد بهاوێت، واته له‌و كه‌رنه‌ڤاڵی (به‌رد و خوێن) ـه‌دا (هاتن بۆ هه‌موانه)! جا بڕوانه ئه‌م سزا به‌راییه چۆن جێبه‌جێكردنی یاسا و مافی ژیان و ڕێزی مرۆڤ ده‌كاته یاریی خه‌ڵكی سه‌ر جاده.
ڕه‌جمکردن له ئه‌فغانستان
١٣. بیرمه‌نده ئیسلامیه نوێخوازه‌كان ئه‌م یاسایه ڕه‌ت ده‌که‌نه‌وه:
هه‌رچه‌ند بیرمه‌ند و نوسه‌ره ئیسلامیه ریفۆرمیست و نوێخوازه‌كان (وه‌كو: حه‌سه‌ن تورابی، جه‌مال به‌ننا، ئه‌حمه‌د صوبحی مه‌نصور و گه‌لێكی تریش، وه‌كو زانای ئایینیی گه‌وره موحه‌ممه‌د ئه‌بو زه‌هره) له‌مێژه ئه‌م یاسایه‌یان ڕه‌ت كردوه‌ته‌وه و ئیسلام بێبه‌ری ده‌كه‌ن لێی، به‌ڵام جێی داخه كه زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری موسوڵمانان و ـ به‌ناو ـ زانا و بیرمه‌نده‌كانیان باوه‌ڕیان پێیه‌تی. هه‌تا ڕۆشنبیرێكی موسوڵمانی ئورۆپایی كه وا دائه‌نرێت زۆر كراوه و ڕوناكبیر و پێشكه‌وتوه، كه مه‌به‌ستم (طارق رمضان) ـه، ئه‌ویش كه باسی ئه‌م یاسایه ده‌كات هه‌مو جورئه‌ت و پێشه‌نگی و ڕچه‌شكێنیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه پێی وایه "وا باشتره جێبه‌جێكردنی ئه‌م یاسایه دوا بخرێت و جارێ كاری پێ نه‌كرێت"! به‌پێی وته‌ی (عماد حبیب) له فڕه‌نسا، كاتێك (ساركۆزی) پرسیاری ئه‌و بابه‌ته‌ی له (طارق رمضان) كردوه؛ هه‌ر به‌و شێوه‌یه وه‌ڵامی داوه‌ته‌وه!
په‌راوێز:
(١) بۆ نمونه، بڕوانه:
ابن عطية، المحرر الوجيز في تفسير الكتاب العزيز. تحقيق: عبد السلام عبد الشافي محمد. دار الكتب العلمية، لبنان. الطبعة الأولى، ١٩٩٣. جـ. ٥، ص. ٥١: (اختُلِف، فقال ابن عباس والجمهور: على الأمة نصف المئة لا غير ذلك، وقال الطبري وجماعة من التابعين: على الأمة نصف المئة ونصف المدة وهي نفي ستة أشهر).
ابن عطية، المحرر الوجيز في تفسير الكتاب العزيز. تحقيق: عبد السلام عبد الشافي محمد. دار الكتب العلمية، لبنان. الطبعة الأولى، ١٩٩٣. جـ. ٥، ص. ٥١: (اختُلِف، فقال ابن عباس والجمهور: على الأمة نصف المئة لا غير ذلك، وقال الطبري وجماعة من التابعين: على الأمة نصف المئة ونصف المدة وهي نفي ستة أشهر).
(٢) ده‌رباره‌ی ئه‌م بیروڕا جیاوازانه له لێكدانه‌وه‌ی چه‌مكی (إحصان)؛ ته‌نها بۆ نمونه، بڕوانه:
الطبري، جامع البيان في تأويل القرآ‌ن. تحقيق: أحمد محمد شاكر. مؤسسة الرسالة. الطبعة الأولى، ٢٠٠٠. جـ. ٨، ص‌ص. ١٦٦، ١٩٩ ـ ٢٠٢.
ابن العربي، أحكام القرآ‌ن. تحقيق: علي محمد البجاوي. دار إحياء الثراث العربي، بيروت. الطبعة الأولى. جـ. ١، ص. ٤٠١.
ابن كثير، تفسير القرآ‌ن العظيم. تحقيق: سامي بن محمد سلامة. دار طيبة للنشر والتوزيع. الطبعة الثانية، ١٩٩٩. جـ. ٢، ص‌ص. ٢٦١ ـ ٢٦٢.
(٣) ده‌رباره‌ی مه‌رجی (ئیحصان) و مه‌رجه‌كانی تر؛ بۆ نمونه، بڕوانه:
الموسوعة الفقهية الكويتية. وزارة الأوقاف والشؤون الإسلامية، الكويت. الطبعة الثانية، دار السلاسل، الكويت. جـ. ٢، ص‌ص. ٢٢٢ ـ ٢٢٦.
(٤) بۆ مه‌رجنه‌بونی به‌رده‌وامیی نیكاح بۆ ڕه‌جمی موحصه‌ن، بۆ نمونه، بڕوانه:
الموسوعة الفقهية الكويتية. جـ. ٢، ص. ٢٢٦: (ومما تجدر الإشارة إليه؛ أنه لا يجب بقاء النكاح لبقاء الإحصان، فلو نكح في عمره مرة ثم طلق وبقي مجردا وزنى؛ رُجِم).
(٥) بۆ نمونه، بڕوانه:
القرطبي، الجامع لأحكام القرآ‌ن. تحقيق: أحمد البردوني، إبراهيم أطفيش. دار الكتب المصرية، القاهرة. الطبعة الثانية، ١٩٦٤. جـ. ٥، ص. ٨٧.
ابن كثير، تفسير القرآ‌ن العظيم. جـ. ٦، ص. ٧.
(٥) بۆ نمونه، بڕوانه:
القرطبي، الجامع لأحكام القرآ‌ن. تحقيق: أحمد البردوني، إبراهيم أطفيش. دار الكتب المصرية، القاهرة. الطبعة الثانية، ١٩٦٤. جـ. ٥، ص. ٨٧.
ابن كثير، تفسير القرآ‌ن العظيم. جـ. ٦، ص. ٧.