چیرۆكی مو‌سا و خه‌ضير
له‌نێوان قورئان و ئه‌فسانه‌ی كۆن و كه‌له‌پوری یه‌هودیدا
له‌نێوان قورئان و ئه‌فسانه‌ی كۆن و كه‌له‌پوری یه‌هودیدا
سه‌روه‌ر پێنجوێنی
یه‌كێك له‌و چیرۆكه قورئانیانه‌ی كه له كه‌له‌پوری ئیسلامیی ـ به‌تایبه‌تی
ـ صۆفیدا قسه‌وباسێكی زۆری له‌سه‌ره و لێكدانه‌وه‌ی ده‌قاوده‌ق و هێمایی زۆری بۆ
كراوه؛ ئه‌و چیرۆكه‌یه كه ـ به‌پێی زاراوه‌ی قورئان ـ پێی ده‌وترێت چیرۆكی
(مو‌سا و به‌نده چاكه‌كه) (موسى والعبد الصالح) و ـ و به‌پێی زاراوه‌ی فه‌رموده
و گێڕانه‌وه‌كان ـ پێی ده‌وترێت چیرۆكی (مو‌سا و خه‌ضير). ئه‌وه‌ش چونكه چیرۆكه
قورئانیه‌كه سه‌رگوزه‌شته‌ی گه‌شتێكی مو‌سا ده‌گێڕێته‌وه له‌گه‌ڵ غولامه‌كه‌ی بۆ
گه‌یشتن به به‌نده‌یه‌كی چاك و تایبه‌تی خواوه‌ند كه خواوه‌ند زانستێكی تایبه‌تیی
پێ به‌خشیوه، دواتر گێڕانه‌وه‌كان و فه‌رموده‌كان زیاتر چیرۆكه‌كه فراوان ده‌كه‌ن
و ڕونی ده‌كه‌نه‌وه و كه‌سێتیه‌كان دیاری ده‌كه‌ن: (به‌نده چاكه‌كه) ناو ده‌نێن
(ئه‌لخه‌ضير) (الخَضِر)، و غولامه‌كه‌ی موساش ناو ده‌نێن (یوشه‌ع) واته (یوشه‌عی
كوڕی نون)..
چیرۆكه‌كه له قورئاندا به‌هاوه‌ڵیی چیرۆكی (ذولقه‌رنه‌ین) باس كراوه، و
به‌پێی گێڕانه‌وه‌كان یه‌كێك بوه له‌و چیرۆكانه‌ی كه پرسیاری جوله‌كه بون وه‌كو
تاقیكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ خاوه‌نی قورئان، واته هه‌ر سێ چیرۆكی (خه‌وتوه‌كانی ئه‌شكه‌وت)
و (ذولقه‌رنه‌ین) و ئینجا (مو‌سا و خه‌ضير).. وه‌كو دواتریش ده‌بینین، هاوه‌ڵیی هه‌ردو
چیرۆكی (ذولقه‌رنه‌ین) و چیرۆكی (مو‌سا و خه‌ضير) له ده‌قه قورئانیه‌كه‌دا ئاماژه‌یه‌كی
تێدایه بۆ ئه‌وه‌ی چیرۆكی (مو‌سا و خه‌ضير) یش وه‌كو چیرۆكی (ذولقه‌رنه‌ین) په‌یوه‌ندیی
به كه‌سێتیی (ئه‌لیكسانده‌ری مه‌كه‌دۆنیایی) (الإسكندر المقدوني) ـه‌وه هه‌یه،
چونكه ئێمه ده‌زانین كه چیرۆكی (ذولقه‌رنه‌ین) ی قورئان ڕاسته‌وخۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه
بۆ چیرۆكێكی سوریانی كه باسی گه‌شت و كاره‌كانی (ئیسكه‌نده‌ر) ده‌كات، ئه‌وه‌ش ده‌زانین
كه ئه‌لیكسانده‌ر خۆی به كوڕی خواوه‌ندی به‌ران (ئامۆن) داناوه و وه‌كو ئامۆن
دو شاخی بۆ خۆی كردوه و به‌م دو شاخه‌وه وێنه‌ی خۆی له‌سه‌ر دراوه لێدراو (سكة)
ه‌كانی هه‌ڵ‌كه‌ندوه.. بۆیه ناونراوه (دو شاخ) (ذو القرنين). دواتر ئه‌وه‌ش ڕون
ده‌كه‌ینه‌وه كه چیرۆكی (مو‌سا و خه‌ضير) یش هه‌ر په‌یوه‌ندیی به (ئیسكه‌نده‌ر)
ه‌وه هه‌یه.
سه‌ره‌تا چیرۆكه قورئانیه‌كه (22 ئایه‌ت له سوره‌تی كه‌هف) ده‌خه‌ینه
ڕو: مو‌سا نیازی وابو له‌گه‌ڵ غولامه‌كه‌یدا بگاته شوێنی به‌یه‌كگه‌یشتنی دو (به‌حر)
ه‌كه (بۆ ئه‌وه‌ی به‌نده چاكه‌كه ببینێته‌وه، چونكه ئه‌و له‌و شوێنه‌یه). جا
كاتێك گه‌یشتنه ئه‌وێ؛ ئه‌و ماسیه برژاوه‌ی پێشتر هه‌ڵیانگرتبو باش ئاگاداری نه‌بون
و كه‌وته ئاوه‌كه‌وه و زیندو بوه‌وه و ڕێگه‌ی خۆی گرت به‌ناو ئاوه‌كه‌دا و
ڕۆشت. كاتێك له شوێنه‌كه تێپه‌ڕین؛ مو‌سا داوای ماسیه‌كه‌ی كرد تا بیخۆن، ئینجا
غولامه‌كه‌ی بیری كه‌وته‌وه كه لای (به‌رده‌كه) چۆن ماسیه‌كه زیندو بوه‌وه و
خۆی فڕێ دایه ناو ئاوه‌كه.. ئه‌مه‌ش نیشانه‌یه‌كه بۆ شوێنی مه‌به‌ست، كه ئه‌وه‌ی
بۆ گێڕایه‌وه؛ مو‌سا وتی ئه‌وه مه‌به‌سته‌كه‌ی ئێمه‌یه، بۆیه ئیتر گه‌ڕانه‌وه
بۆ ئه‌و شوێنه. ئیتر له‌وێ به‌نده چاكه‌كه‌یان بینیه‌وه كه خوا زانستێكی تایبه‌تیی
پێ به‌خشیبو. مو‌سا داوای ئه‌وه‌ی لێ كرد هاوه‌ڵیی بكات بۆ ئه‌وه‌ی زانستێكی لێوه
فێر ببێت، به‌ڵام ئه‌و ئاگاداری كرده‌وه كه ئه‌و هه‌ندێك شت ده‌كات كه به‌لای
موساوه سه‌یر و قبوڵ‌نه‌كراون و ئه‌و كاته مو‌سا خۆی بۆ ناگیرێت و ڕه‌خنه ده‌گرێت،
به‌ڵام مو‌سا په‌یمانی پێ دا كه خۆی بگرێت و مشت‌ومڕ نه‌كات، و به‌م شێوه‌یه ڕێك‌كه‌وتن.
ئیتر ڕۆشتن هه‌تا سواری كه‌شتییه‌ك بون، به‌نده چاكه‌كه (خه‌ضير) كونێكی كرده
كه‌شتیه‌كه، مو‌سا خۆی بۆ نه‌گیرا و وتی: كونت كرده كه‌شتیه‌كه و سه‌رنشینه‌كانی
نقوم ده‌بن و كارێكی ناڕه‌وات كرد! ئه‌ویش په‌یمانه‌كه‌ی بیر خسته‌وه كه نابێت
مشت‌ومڕ بكات هه‌تا دوایی خۆی قسه‌ی بۆ ده‌كات، ئیتر مو‌سا ناچار داوای لێبوردنی
كرد و بێده‌نگ بو. ئینجا ڕۆشتن هه‌تا گه‌یشتن به كوڕێكی منداڵ، به‌نده چاكه‌كه
(خه‌ضير) كوڕه‌كه‌ی كوشت، مو‌سا ئه‌م جاره‌ش خۆی بۆ نه‌گیرا و وتی: چۆن كه‌سێكی پاك
و بێ‌تاوان ده‌كوژیت؟! كارێكی ناقۆڵات كرد! ئه‌م جاره‌ش په‌یمانه‌كه‌ی بیر خسته‌وه
كه نابێت مشت‌ومڕ بكات و ده‌بێت خۆی بگرێت، دیسان مو‌سا داوای لێبوردنی كرد و په‌یمانی
پێ دا كه ئه‌گه‌ر جارێكی تر قسه بكات ئیتر له‌وه زیاتر هاوه‌ڵیی نه‌كات.. ئینجا
ڕۆشتن هه‌تا گه‌یشتنه دێیه‌ك، داوای خواردنیان له خه‌ڵكی دێیه‌كه كرد به‌ڵام خه‌ڵكه‌كه
هیچیان نه‌دانێ و میواندارییان نه‌كردن، ئینجا بینییان دیوارێك خه‌ریكه ده‌ڕوخێت،
به‌نده چاكه‌كه فریای كه‌وت و نه‌یهێشت بڕوخێت و ڕاست و قایمی كرده‌وه، مو‌سا ئه‌م
جاره‌ش توڕه بو و وتی: ده‌تتوانی به كرێیه‌ك ئه‌وه بكه‌یت نه‌ك به خۆڕایی! به‌نده
چاكه‌كه وتی: لێره‌دا من و تۆ جیا ده‌بینه‌وه، و ئیتر مانای ئه‌و شتانه‌ت پێ ده‌ڵێم
كه بینیتن و بۆت قبوڵ نه‌كران: كه‌شتیه‌كه هی كۆمه‌ڵه كه‌سێكی نه‌دار بون كه
له ده‌ریادا ئیشیان ده‌كرد به‌و كه‌شتیه، پاشایه‌كیش هه‌یه هه‌مو كه‌شتییه‌كی
ساخی داگیر ده‌كات، ئیتر عه‌یبدارم كرد بۆ ئه‌وه‌ی كه‌شتیه‌كه‌یان بۆ بمێنێته‌وه.
كوڕه‌كه‌ش دایك و باوكی باوه‌ڕدار بون (و خۆیشی بێباوه‌ڕ ده‌رده‌چو) و ترسمان هه‌بو
دوایی دایك و باوكی هان بدات بۆ بێباوه‌ڕی و خراپه‌كاری، ئیتر ویستمان له‌بریی ئه‌و
كوڕه خوا كوڕێكی تریان بداتێ كه له‌و پاكتر بێت و كه‌سێكی باشتر بێت بۆیان.
دیواره‌كه‌ش هی دو كوڕی هه‌تیو بون و گه‌نجینه‌یه‌كی له‌ژێردا بو و باوكیشیان
پیاوێكی باش بو كاتی خۆی، ئیتر خوا ویستی ئه‌و دو كوڕه پێ بگه‌ن و ئه‌و كاته گه‌نجینه‌كه
ده‌ربهێنن بۆ خۆیان، ئیتر دیواره‌كه‌م چاك كرده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی گه‌نجینه‌كه ده‌رنه‌كه‌وێت
و بمێنێته‌وه بۆیان. و ئه‌مانه‌شم له خۆمه‌وه نه‌كردوه. ئیتر ئه‌وه‌ی تۆ بۆت
قبوڵ نه‌ده‌كرا بۆم ڕون كردیته‌وه (الكهف: 60 ـ 82): (وإذ قال موسى لفتاه: "لا أبرح حتى أبلغ
مجمع البحرين أو أمضي حقبا"... "... وما فعلته عن
أمري، ذلك تأويل ما لم تسطع عليه صبرا").
ئه‌م چیرۆكه سه‌رنجڕاكێش و سه‌یره بوه‌ته كه‌ره‌سته‌یه‌ك به‌ده‌ست ئه‌هلی
ته‌صه‌ووفه‌وه، بۆ به‌ڵگه‌هێنانه‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه دو زانست و ڕێنمایی هه‌ن:
زانستێكی ڕواڵه‌تی كه دراوه به پێغه‌مبه‌ره‌كان و زانایانی شه‌ریعه‌ت كه
میراتبه‌ری ئه‌وانن، و له‌سه‌ر ڕواڵه‌ت (ظاهر) شته‌كان كار ده‌كات، له‌گه‌ڵ
زانستێكی قوڵ و شاردراوه و (باطن) كه دراوه به هه‌ندێك له پیاوخوا تایبه‌تیه‌كان
كه مه‌رج نیه ئه‌وانه‌ی ته‌نها زانستی ڕواڵه‌ت (ظاهر) یان پێ دراوه تێی بگه‌ن و
نهێنیه‌كه‌ی بزانن. ئیتر لێره‌وه ئه‌هلی ته‌صه‌ووف ئه‌م چیرۆكه قورئانیه‌یان
كردوه‌ته به‌ڵگه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی حاڵ و مه‌قامی (وه‌لی) و (صۆفی) تایبه‌ته و
جیاوازه له زانایانی شه‌ریعه‌ت كه ڕواڵه‌تبینه و بۆ هه‌مو خه‌ڵكه. هه‌رچه‌ند
ئه‌م واتا هێماییه له چیرۆكه‌كه‌دا سه‌رنجڕاكێشه، به‌ڵام ئه‌م خاڵه به‌لای
ئێمه‌وه گرنگ نیه، و بایه‌خ به‌وه ناده‌ین تا چ ڕاده‌یه‌ك چیرۆكه قورئانیه‌كه
ده‌بێته به‌ڵگه‌ی ئه‌و باوه‌ڕه‌ی ئه‌هلی ته‌صه‌ووف، به‌ڵكو بایه‌خ ده‌ده‌ین به
ساخكردنه‌وه و لێكۆڵینه‌وه‌ی هێما و كه‌سێتیه‌كانی چیرۆكه‌كه و دۆزینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌كانی
و توێژینه‌وه‌ی مێژوه‌كه‌ی هه‌ر له تۆوی یه‌كه‌مه‌وه هه‌تا ئه‌و شێوه‌یه‌ی گه‌یشتوه
به قورئان، و بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڕونی بزانین: ئه‌و كه‌سێتیه ناڕۆشن و ته‌م‌ومژاویه
كێیه؟ (مجمع البحرین) كه شوێنی به‌یه‌كگه‌یشتنی دو (به‌حر) ه كوێیه و ئه‌و دو
(به‌حر) ه چی و چین؟ ئه‌و غولامه‌ی مو‌سا كێ بوه؟ ئامانجی ڕاسته‌قینه‌ی گه‌شته‌كه
چی بوه؟ و ڕه‌گ‌وڕیشه‌ی یه‌كه‌می چیرۆكه‌كه چیه؟ ئه‌مانه و چه‌ند پرسیارێكی تر
كاتێك وه‌ڵامیانمان ده‌ست ده‌كه‌وێت كه سه‌رچاوه‌كانی چیرۆكه قورئانیه‌كه
بدۆزینه‌وه و له ڕێگه‌ی ئه‌مه‌شه‌وه مێژوی گه‌شه‌كردنی چیرۆكه‌كه بنوسینه‌وه،
ئیتر ئه‌و كاته هه‌مو هێما و نهێنیه‌كانی چیرۆكه‌كه‌مان بۆ ئاشكرا ده‌بێت.
جگه له چیرۆكه قورئانیه‌كه، چیرۆكه‌كه به شێوه‌ی فه‌رموده‌یه‌ك له
پێغه‌مبه‌ره‌وه گێڕدراوه‌ته‌وه، كه (بوخاری) و (موسلیم) و (تیرمیذی) و (نه‌سائی)
و (به‌یهه‌قی) و (ئیبن جه‌ریر) و (ئیبن ئه‌لمونذیر) و (ئیبن مه‌رده‌وه‌یهـ) و كه‌سانر
تریش گێڕاویانه‌ته‌وه و تۆماریان كردوه، له (سه‌عیدی كوڕی جوبه‌یر) ه‌وه، ئه‌میش
له (ئیبن عه‌بباس) ه‌وه، ئه‌میش له (ئوبه‌یی كوڕی كه‌عب) ه‌وه. چیرۆكه‌كه به‌گشتی
هه‌مان چیرۆكه قورئانیه‌كه‌یه، به‌ڵام هه‌ندێك دیمه‌ن و بیرۆكه‌ی بۆ زیاد ده‌كات
كه یارمه‌تیمان ده‌ده‌ن بۆ شیكردنه‌وه‌ی هێماكانی چیرۆكه‌كه.. چیرۆكی فه‌رموده‌كه
(به‌نده چاكه‌كه) به (الخضر) ناو ده‌بات، غولامه‌كه‌ی موسایش به (یوشه‌عی كوڕی
نون) ناو ده‌بات. سه‌ره‌تای چیرۆكه‌كه‌ش ده‌گێڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه ڕۆژێك مو‌سا
وتاری داوه لێیان پرسیوه: كێ زاناترین كه‌سه؟ ئه‌ویش وتویه‌تی: من.. ئیتر خوا
گله‌یی لێ كرد له‌سه‌ر ئه‌وه و پێی وت: له‌و شوێنه‌ی كه دو (به‌حر) ه‌كه به‌یه‌ك
ده‌كه‌ن به‌نده‌یه‌كم هه‌یه كه له تۆ زاناتره.. ئینجا مو‌سا داوای لێ كرد ڕێگه‌ی
پێشان بدات هه‌تا ئه‌و كه‌سه ببینێت، خوایش ئه‌و نیشانه‌یه‌ی پێ دا كه ماسییه‌ك
له‌گه‌ڵ خۆیدا ببات و له هه‌ر شوێنێك ماسیه‌كه‌یان دیار نه‌ما ئه‌وا ئه‌و كه‌سه
له‌وێیه. ئیتر پاشماوه‌ی چیرۆكه‌كه ئاشكرایه.
هه‌ر بۆیه چیرۆكه‌كه، به شێوه قورئانیه‌كه‌ی و زیاتریش به شێوه‌ی فه‌رموده‌كه
و سه‌رجه‌می گێڕانه‌وه‌كان، زیاتر دوپاتی جیاوازیی زانسته‌كان ده‌كاته‌وه له
مرۆڤێكه‌وه بۆ مرۆڤێكی تر و له مرۆڤه‌وه بۆ خوا، و دوپاتی كه‌م‌وكوڕیی زانستی
مرۆڤ و كامڵیی زاستی خوا ده‌كاته‌وه: فه‌رموده‌كه ده‌ڵێت: كاتێك له كه‌شتیه‌كه‌دا
بون؛ چۆله‌كه‌یه‌ك له‌سه‌ر قه‌راغی كه‌شتیه‌كه نیشته‌وه و ده‌نوكێكی دا له ئاوی
ده‌ریا، ئیتر خه‌چیر به موسای وت: زانایی من و زانایی تۆ له‌چاو زانایی خوا به
ئه‌ندازه‌ی ئه‌و ئاوه‌یه چۆله‌كه‌كه به ده‌نوك بردی له‌چاو ئاوی ده‌ریا.
له‌گه‌ڵ ئه‌م ئامانجه ڕواڵه‌تیه‌ی چیرۆكه‌كه، گێڕانه‌وه‌كان ئاماژه بۆ
چه‌ند سه‌ره‌داوێك ده‌كه‌ن كه ده‌مانبه‌نه‌وه بۆ ڕیشه‌ی دور و كۆنی چیرۆكه‌كه:
ئه‌م گێڕانه‌وانه ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه خه‌ڵكانێك وتویانه ئه‌و شوێنه
(سه‌رچاوه‌ی ژیان) (عين الحياة) ی لێیه كه ئه‌گه‌ر ئاوه‌كه‌ی به‌ر مردویش بكه‌وێت
زیندو ده‌بێته‌وه، ئه‌و ماسیه‌ش هه‌رچه‌ند بر‌ژاو بوه به‌ڵام له‌و ئاوه‌ی به‌ركه‌وتوه
(به‌ڕێكه‌وت، یان گوایه غولامه‌كه شۆردویه‌تی چونكه سوێر بوه، یان گوایه ده‌ستنوێژی
گرتوه و پرژه‌ی ئاو به ماسیه‌كه كه‌وتوه)، ئیتر زیندو بوه‌ته‌وه و خۆی فڕێ
داوه‌ته ناو ئاوه‌كه.. ئه‌مه‌ش نیشانه‌یه‌كی گرنگه بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕیشه‌ی كۆنی
چیرۆكه‌كه، وه‌كو دواتر ده‌بینین.
هه‌ر له‌م بابه‌ته، فه‌رموده‌كه ئه‌و كه‌سێتیه به سه‌وز (الخضر) ناو ده‌بات،
ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به ژیان و سه‌وزاییه‌وه هه‌یه. هه‌تا
گێڕانه‌وه‌كان ده‌ڵێن: ئه‌و كه‌سه كاتێك له‌سه‌ر زه‌وی دانیشتوه ژێری هه‌موی ڕوه‌كی
لێ ڕواوه و سه‌وز بوه.. ئه‌مه‌ش دیسان تیشك ده‌خاته سه‌ر ڕیشه‌ی كه‌سێتیه‌كه و
سه‌رجه‌می چیرۆكه‌كه و مه‌به‌ستی بنه‌ڕه‌تیی گه‌شته‌كه.
سه‌باره‌ت به (مجمع البحرین) یش كه ده‌قه قورئانیه‌كه ئاماژه‌ی بۆ
كردوه، موفه‌سسیره‌كان زیاتر به شوێنی به‌یه‌كگه‌یشتنی (به‌حری فارس) و (به‌حری
ڕۆم) پێناسه‌ی ده‌كه‌ن (و له بنه‌ڕه‌تدا ده‌رێته پاڵ قه‌تاده و موجاهید، له
موفه‌سسیره هه‌ره‌كۆنه‌كان). كه دیاره مه‌به‌ست له (به‌حری ڕۆم) ده‌ریای سپیی
ناوه‌ڕاسته، و مه‌به‌ست له (به‌حری فارس) دیاره كه‌نداوی فارس (كه‌نداوی عه‌ره‌بی)
ـه، ئه‌مه‌ش یانی شوێنه‌كه ده‌كاته ئه‌و شوێنه‌ی ئێسته پێی دوترێت (بحر العرب)
یان (كه‌نداوی عه‌ده‌ن) كه ده‌گاته‌وه به ده‌ریای سور و ئه‌میش ده‌گاته‌وه به
ده‌ریای سپیی ناوه‌ڕاست.. به‌ڵام ئه‌م پێناسه‌یه پێچاوپێچه و وێناكردنی زه‌حمه‌ته..
ئه‌گه‌ر بیانوتایه (ده‌ریای سور) و (ده‌ریای ڕۆم)، كه شوێنی به‌یه‌كگه‌یشتنیان
ده‌كاته كه‌نداوی سوێس؛ تا ڕاده‌یه‌ك ڕێی تێ ده‌چێت، به‌م شێوه‌یه‌ش ئاسان له‌گه‌ڵ
باسی موسادا په‌یوه‌ست ده‌كرێته‌وه. به‌ڵام ئه‌م به‌ڵكو ئێمه ده‌توانین هه‌ر له
ده‌قه قورئانیه‌كانه‌وه پێناسه‌كه‌ی ده‌ربهێنین: قورئان هه‌ر له‌م چیرۆكه‌دا
(الكهف: 60) و له (النمل: 61) و
(الرحمن: 19) دا ده‌سته‌واژه‌ی (البحرین) به ڕه‌هایی و ناڕۆشنی به‌كار ده‌هێنێت،
ئیتر له ده‌قه‌كانی تردا ڕونی ده‌كاته‌وه: (وهو الذي مرج البحرين: هذا عذب فرات
وهذا ملح أُجاج، وجعل بينهما برزخا وحجرا محجورا) (الفرقان: 53)، (ومايستوي
البحران: هذا عذب فرات سائغ شرابه وهذا ملح أُجاج) (فاطر: 12)، كه‌واته مه‌به‌ستی
له (دو ده‌ریا): ڕوبار (سازگار) و ده‌ریا (سوێر) ه، ئیتر چونكه یه‌كێكیان ده‌ریایه
به هه‌ردوكیان وتراوه (دو ده‌ریا)، ئه‌م شێوازه‌ش له عه‌ره‌بیدا هه‌یه، وه‌كو
ئه‌وه‌ی به مانگ و خۆر وتراوه (قمران). كه‌واته (مجمع البحرین) ئاماژه‌یه بۆ
ئه‌و شوێنه‌ی كه ڕوبار ده‌گات به ده‌ریا و ئاوه‌كه‌ی ده‌ڕژێته ده‌ریا. دواتر به‌درێژی
ئه‌وه ڕون ده‌كه‌مه‌وه كه به‌م شێوه‌یه شوێنه‌كه په‌یوه‌ندیی به هه‌مان چه‌مكی
(نه‌مری) و (ژیان) و سه‌وزاییه‌وه هه‌یه كه ئاماژه‌یه‌كمان بۆ كرد و له‌گه‌ڵ
ناوی (الخضر) و بیرۆكه‌ی زیندوبونه‌وه‌ی ماسیه‌كه‌دا گرنگترین هێما و ڕه‌گه‌زی
چیرۆكه قورئانیه‌كه‌ن كه ده‌مانبه‌نه‌وه بۆ ڕیشه‌ی چیرۆكه‌كه‌یش. دواتر ئه‌مانه
هه‌مویان ڕون ده‌كه‌ینه‌وه.
دواتر باسی ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ین، كه پاڵه‌وانی چیرۆكه‌كه له بنه‌ڕه‌تدا
مو‌سا نیه، به‌ڵكو كه‌سێتیی تره، هه‌ر بۆیه له كه‌له‌پوری ئیسلامییشدا گومان له‌وه
كراوه كه ئه‌و موسایه‌ی چیرۆكه قورئانیه‌كه ناوی ده‌هێنێت هه‌مان موسای به‌نو
ئیسرائیل بێت.. له‌م بابه‌ته هه‌ر گێڕانه‌وه‌ی فه‌رموده‌كه‌دا ئاماژه بۆ ئه‌وه
كراوه كه كه‌سێكی موسوڵمان به ناوی (نَوْف البكاليّ) پێی وابوه كه موسای هاوه‌ڵی
خه‌ضير هه‌مان موسای به‌نو ئیسرائیل نیه، به‌ڵام گێڕانه‌وه‌كه ده‌ڵێت ئه‌وه‌یان
بۆ ئیبن عه‌بباس باس كردوه و ئه‌ویش به‌درۆی خستوه‌ته‌وه. به‌ڵام هه‌ر بونی
گومان له بابه‌ته‌كه له خۆیدا مانای تێدایه.. دواتریش نهێنیی بابه‌ته‌كه ڕون
ده‌كه‌ینه‌وه.
تا ئێره چیرۆكه
قورئانیه‌كه‌مان خسته‌ڕو، كه به‌پێی سه‌رجه‌می ده‌قه ئیسلامیه‌كان گه‌شتی (مو‌سا)
و غولامه‌كه‌ی واته (یه‌شوعی كوڕی نون) ـه بۆ دۆزینه‌وه‌ی به‌نده‌یه‌كی تایبه‌تیی
خواوه‌ند به ناوی (ئه‌لخه‌ضير) (الخَضِر)، ئینجا گه‌شتی دوبه‌دوی مو‌سا و ئه‌لخه‌ضير. ئه‌وه‌شمان ڕون كرده‌وه كه هه‌مو هێما و كه‌سێتیه‌كانی چیرۆكه‌كه
ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌م چیرۆكه له بنه‌ڕه‌تدا یه‌كێكه / یان شێوه‌یه‌كه
/ له چیرۆكه‌كانی گه‌ڕان به‌دوای نه‌مری و (سه‌رچاوه‌ی ئاوی ژیان) دا: ناوی كه‌سێتیی
(ئه‌لخه‌ضير) له خۆیدا یانی (سه‌وز) كه ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه بۆ ژیان و نه‌مری،
گێڕانه‌وه ئیسلامیه‌كه ده‌ڵێت كاتێك ئه‌لخه‌ضير له‌سه‌ر زه‌وییه‌ك داده‌نیشت ئه‌و زه‌ویه سه‌وز ده‌بو! هه‌روه‌ها
هه‌ر له كه‌له‌پوری ئیسلامی‌دا ئه‌و بڕوایه هه‌بوه كه ئه‌لخه‌ضير نه‌مره و هه‌ر له ژیاندایه! بۆیه له كورده‌وارییشدا به (خدری
زینده) ناوداره. هه‌ر له چیرۆكه قورئانیه‌كه‌شدا ئاماژه‌یه‌كی ڕون هه‌یه بۆ
ئه‌وه‌ی ئه‌و ئاوه‌ی كه له‌و شوێنه‌دا بوه توانای به‌خشینی ژیانی هه‌بوه به‌و
پێیه كه ماسیه برژاوه‌كه‌ی زیندو كردوه‌ته‌وه كاتێك له‌و ئاوه‌ی به‌ركه‌وتوه..
بۆیه گه‌لێك له موفه‌سسیره‌كانیش ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه كردوه كه ئه‌و ئاوه
(سه‌رچاوه‌ی ژیان) (عين الحياة) بوه. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شم ڕون كرده‌وه كه شوێنی
ئه‌و ئاوه ژیانبه‌خشه كه ئه‌لخه‌ضيریشى لێیه و له ده‌قه قورئانیه‌كه‌دا به (مجمع البحرین) ناو براوه؛
له ڕاستیدا ئاماژه‌یه بۆ (شوێنی گه‌یشتنی ڕوبار به ده‌ریا) كه ئه‌مه‌ش هه‌ر یه‌كێكه
له شوێنه هێماییه‌كانی نه‌مری و ژیان.. هه‌ندێك له نوسه‌ره ئیسلامیه كۆنه‌كانیش
(وه‌كو "ئیبن ئیاس" له "بدائع الزهور" دا) ئه‌وه پشتڕاست ده‌كه‌نه‌وه
كه (مجمع البحرین) واته (شوێنی به‌یه‌كگه‌یشتنی ڕوبار و ده‌ریا).. دواتریش ده‌بینین
كه له ئه‌فسانه كۆنه‌كانیشدا (شوێنی گه‌یشتنی ڕوبار به ده‌ریا) شوێنی نه‌مری و
نه‌مره‌كانه.
بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌گ‌وڕیشه‌ی
چیرۆكه قورئانیه‌كه و هێما و كه‌سێتیه‌كانی بدۆزینه‌وه؛ لێره‌وه سه‌رچاوه‌كانی
چیرۆكه قورئانیه‌كه ڕون ده‌كه‌ینه‌وه:
كۆمه‌ڵێك توێژه‌ری گه‌وره‌ی
وه‌كو (نۆلدك) و (ڤێنسینك) Wensinck؛ سه‌رچاوه و پاشخانی چیرۆكه قورئانیه‌كه‌یان له سێ چیرۆكی ئه‌فسانه‌یی
و فۆلكلۆریی كۆندا بینیوه‌ته‌وه، ئه‌وانیش: داستانی گیلگامێش، ژیاننانه‌ی میللیی
ئیسكه‌نده‌ر، چیرۆكی گه‌شتی حاخامێكی یه‌هودی به ناوی (یه‌شوعی كوڕی لاوی) له‌گه‌ڵ
پێغه‌مبه‌ری یه‌هودی (ئیلیا). كه لێره‌وه ده‌بینین شێوه‌یه‌ش ڕه‌گ‌وڕیشه‌ی
چیرۆكه‌كه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ میتۆلۆجیای عێراقیی كۆن و شێوه میللیه‌كانی
ژیاننامه‌ی ئیسكه‌نده‌ر و كه‌له‌پوری یه‌هودی. به‌م شێوه‌یه:
داستانی گیلگامێش
شێوه بابیلیه‌كه‌ی (داستانی گیلگامێش) كه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ده‌ی (18
پ. ز.)، چیرۆكی پاڵه‌وانێتیه‌كانی (گیلگامێش) و (ئه‌نكیدو) ی هاوڕێی خۆشه‌ویستی ده‌گێڕێته‌وه.
ئینجا به‌پێی داستانه‌كه ئه‌نكیدو ده‌مرێت، گیلگامێشیش مردنی هاوڕێكه‌ی زۆر له‌سه‌ر
گران ده‌بێت، ئه‌مه‌ش وای لێ ده‌كات بیر له نه‌مری بكاته‌وه و بگه‌ڕێت به‌دوای
نه‌مریدا. گه‌ڕانی به‌دوای نه‌مریدا ده‌یگه‌یه‌نێت به یه‌كێك له باووباپیرانی كه
(ئوتنه‌پشتیم) ـه پاڵه‌وانی ئه‌فسانه‌ی (تۆفان) ی بابیلی كه له‌نێو داستانی
گیلگامێشدا گه‌یشتوه. ئوتنه‌پشتیم، كه ناوه‌كه‌ی ئاماژه بۆ ژیانی نوێ یان ژیانی
به‌رده‌وام چونكه ده‌سته‌واژه‌ی (ئوت ـ نه‌پش ـ تیم) واته (ئه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێ
ژیانی بینیه‌وه)، چونكه وشه‌ی (نه‌پش) به‌رامبه‌ری (نفس) ی عه‌ره‌بیه و چه‌ند
مانایه‌كی په‌یوه‌ندیداری وه‌كو (ژیان) و (گیان) و (هه‌ناسه) ده‌دات به‌ده‌سته‌وه،
هه‌ر ئه‌م وشه‌ی (نه‌پش) ـه‌یشه كه بوه‌ته (نۆح) ی عیبری و (نوح) ی عه‌ره‌بی و
بوه‌ته ناوی پاڵه‌وانی (تۆفان) ی ته‌وڕاتی ـ قورئانی. جا داستانه‌كه ده‌ڵێت دوای
ئه‌وه‌ی (ئوتنه‌پشتیم) له تۆفانه‌كه‌دا به كه‌شتییه‌ك تۆی ژیانی پاراست و نه‌یهێشت
هه‌رچی مرۆڤ و گیاندار هه‌یه له‌ناو بچێت، دوای تۆفانه‌كه‌ش قوربانیی بۆ خواوه‌نده‌كان
كرد. بۆیه داستانه‌كه ده‌ڵێت له پاداشتی ئه‌و كارانه‌یدا خواوه‌نده‌كان نه‌مرییان
پێ به‌خشی و له شوێنێك نیشته‌جێیان كرد كه شوێنی نه‌مره‌كان (خواوه‌نده‌كان) ـه
و بریتیه له (زار) ی ڕوباره‌كان كه ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه بۆ ئاوڕێژگه (مصبّ) ی
ڕوبار واته ئه‌و شوێنه‌ی كه ڕوبار ده‌گات به ده‌ریا. ئینجا ئه‌گه‌ریشی هه‌یه
ئه‌م شوێنه له كولتوری عێراقیی زۆر كۆندا به شوێنی (به‌هه‌شت) ـه له‌ده‌ستچوه‌كه
دانرابێت: ئیتر یان ئاماژه‌یه بۆ شوێنی گه‌یشتنی دیجله و فورات یان (شط العرب)
به ئاوی ده‌ریا (كه‌نداوی عه‌ره‌بی)، و ڕه‌نگه ئه‌مه شوێنی هه‌مان به‌هه‌شتی
(دیلمون) بێت له كولتوری شومه‌ریدا.. یان ئاماژه‌یه بۆ شوێنێك له‌سه‌ر كه‌نداوی
عه‌ره‌بی وه‌كو (به‌حره‌ین) ی ئێسته كه له‌وێش له كۆندا گه‌لێك كانی هه‌بون
ئاوه سازگاره‌كه‌یان ڕژاوه‌ته ئاوی كه‌نداو، و ئه‌گه‌ری زیاتریش ئه‌وه‌یه ئه‌م
شوێنه هه‌مان به‌هه‌شتی (دیلمون) بێت له كولتوری شومه‌ریدا.
ئینجا داستانه‌كه به‌رده‌وام ده‌بێت و باس له‌وه ده‌كات كه گیلگامێش
كاتێك زانی ئوتنه‌پشتیم تاكه مرۆڤێكه نه‌مریی ده‌ست كه‌وتبێت؛ دوای ناڕه‌حه‌تییه‌كی
زۆر ده‌گاته لای (ئوتنه‌پشتیم) و ده‌رباره‌ی نه‌مری و نهێنیی نه‌مری پرسیاری لێ
ده‌كات، ئه‌ویش پێی ده‌ڵێت كه گیایه‌ك هه‌یه له بنی ده‌ریادا كه توانای گێڕانه‌وه‌ی
گه‌نجێتیی هه‌یه (هه‌میشه بابه‌ته‌كانی گه‌نجێتی و ژیان و نه‌مری پێكه‌وه په‌یوه‌ستن).
داستانه‌كه ده‌ڵێت گیلگامێش ئه‌و گیایه‌ی ده‌ست كه‌وت، به‌ڵام له گه‌ڕانه‌وه‌یدا
مارێك لێی ده‌دزێت و ماره‌كه ده‌یخوات [و ئیتر گوایه بۆیه مار هه‌میشه زیندوه(!)
چونكه هه‌ر ماوه‌یه‌ك جارێك كاژه‌كه‌ی فڕێ ده‌دات].
كرۆكی ئه‌م چیرۆكه ئه‌و باوه‌ڕی مرۆڤی عێراقیی كۆنه به‌وه‌ی خواوه‌نده‌كان
ناهێڵن مرۆڤ نه‌مریی ده‌ست بكه‌وێت، مه‌گه‌ر تاكه مرۆڤێك كه خۆیان بیانه‌وێت.
له‌م داستانه‌دا ڕه‌گ‌وڕیشه و پێشینه‌ی چه‌ند ڕه‌گه‌زێكی چیرۆكه‌كه ده‌بینینه‌وه:
گه‌ڕانی (مو‌سا و یه‌شوع) بۆ گه‌یشتن به شوێنێك كه له‌وێ ئاوێكی لێیه توانای به‌خشینی
ژیانی هه‌یه، ڕه‌گ‌وڕیشه‌ی هه‌ره‌كۆنی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بیرۆكه‌ی گه‌ڕانی
گیلگامێش به‌دوای نه‌مریدا كه ئه‌ویش له ناو ئاوێكدا ده‌ست ده‌كه‌وێت. هه‌روه‌ها
چیرۆكه قورئانیه‌كه ئه‌و شوێنه كه ئاوی ژیان و نه‌مریی لێیه و (ئه‌لخه‌ضير) ی هه‌میشه‌سه‌وزی لێیه؛ به شوێنی (گه‌یشتنی ڕوبار به ده‌ریا)
دیاریی ده‌كات، وه‌كو پێشتر ڕونمان كرده‌وه، به هه‌مان شێوه ده‌بینین
له كولتوری عێراقیی كۆندا خاڵی (گه‌یشتنی ڕوبار به ده‌ریا) شوێنی نه‌مری و نه‌مره‌كانه
و شوێنی نیشته‌جێبونی (ئوتنه‌پشتیم) ی نه‌مره.
به‌ڵام چیرۆكه قورئانیه‌كه ڕه‌گ‌وڕیشه‌ی ناگه‌ڕێته‌وه بۆ داستانی
گیلگامێش به‌ته‌نها، به‌ڵكو دو سه‌رچاوه‌ی گرنگی تریشی هه‌یه كه باسیا ده‌كه‌ین،
بۆیه ناتوانین بڵێین كه‌سێتییی (ئوتنه‌پشتیم) پێشینه‌ی ڕاسته‌وخۆی كه‌سێتیی (ئه‌لخه‌ضير) ه، و ناتوانین پێشینه‌ی هه‌مو ڕه‌گه‌زه‌كانی چیرۆكه قورئانیه‌كه
له داستانی گیلگامێشدا ببینینه‌وه.. ئه‌وه‌نده هه‌یه داستانی گیلگامێش بنه‌ڕه‌تی
یه‌كه‌می چیرۆكه‌كه‌یه و سه‌رچاوه‌ی یه‌كه‌می ناوكی چیرۆكه‌كه‌یه. ده‌بێت ئه‌وه‌ش
بڵێین كه داستانی گیلگامێش له كاتی خۆیدا كاریگه‌ریی زۆر بوه و وه‌رگێڕدراوه
بۆ زمانی تر (بۆ نمونه: زمانی حيثثتى) و په‌ڕیوه‌ته‌وه بۆ كولتوره كۆنه‌كانی
تر، بۆیه زۆر ئاساییه كاریگه‌ریی له ئه‌ده‌بیاتی ئایینیی كولتوره‌كانی دواتردا
هه‌بێت.
چیرۆكی ئیسكه‌نده‌ر
(ئه‌لیكسانده‌ری مه‌كه‌دۆنیایی)، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی خۆی مێژونوسی هه‌بوه و
تا ڕاده‌یه‌كی زۆر به‌وردی مێژو و ژیاننامه‌كه‌ی تۆمار كراوه، به‌ڵام كه‌سێتیه‌كه
دواتر بوه‌ته مادده‌ی گه‌لێك مێژوی ساخته و چیرۆكی ئه‌فسانه‌یی و فۆلكلۆری..
مێژونوسه‌كه‌ی ئه‌لیكسانده‌ر ناوی (كاليثيــنێس) بوه، ئینجا دواتر مێژویه‌كی
میللی و ساخته نوسراوه و دراوه‌ته پاڵ ئه‌م كه‌سه، بۆیه پێی ده‌وترێت
(ژیاننامه‌ی ئیسكه‌نده‌ر) ی (كاليثيــنێسی ساخته) (كاليثيناس المنحول). بنه‌ڕه‌تی
گریكیی ئه‌م ژیاننامه فۆلكلۆریه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ده‌ی (1 پ. ز.)، ئینجا
دواتر وه‌رگێڕانێكی سوریانیی بۆ كراوه كه به‌م وه‌رگێڕانه كاریگه‌ریی زۆری هه‌بوه
له ئه‌ده‌بیاتی كۆنی خۆرهه‌ڵاتدا.. بۆیه كه‌سێتیی (ذولقه‌ڕنه‌ین) و كار و ده‌سكه‌وته‌كانی
ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و كه‌سێتیی ئیسكه‌نده‌ره‌ی كه له‌و ده‌قه‌دا بینا كراوه،
هه‌روه‌ها چیرۆكی ئیسكه‌نده‌ر له‌و ده‌قه‌دا سه‌رچاوه‌ی به‌شێكه له ڕه‌گه‌زه‌كانی
چیرۆكه‌كه‌ی (مو‌سا) و (ئه‌لخه‌ضير) له قورئاندا.
چیرۆكه سوریانیه‌كه ده‌ڵێت: ئیسكه‌نده‌ر و چێشتلێنه‌ره‌كه‌ی به ناوی (ئه‌ندریاس)،
گه‌شتێكیان ده‌ست پێ كرد بۆ گه‌ڕان به‌دوای سه‌رچاوه‌ی ئاوی ژیاندا. تا جارێكیان
ئه‌ندریاس خه‌ریكی شۆردنی ماسییه‌كی خوێكراو بر‌ژاو و هه‌ڵ‌گیراو به خوێ) بو، كه
ماسیه‌كه له‌و ئاوه‌ی به‌ر كه‌وت زیندو بوه‌وه و كه‌وته ئاوه‌كه‌وه و مه‌له‌ی
كرد و ڕۆشت! و ئه‌ندریاسیش به‌دوایدا خۆی فڕێ دایه ئاوه‌كه‌وه بۆ گرتنه‌وه‌ی.
دوای ئه‌وه له‌و شوێنه ده‌ڕۆن، كاتێكیش ئیسكه‌نده‌ر به مه‌سه‌له‌كه ده‌زانێت
كه تازه ناتوانن ئه‌و سه‌رچاوه ئاوه بدۆزنه‌وه و جارێكی تر بچنه‌وه سه‌ری.
ئیتر ئیسكه‌نده‌ر نه‌مریی ده‌ست ناكه‌وێت، به‌ڵام ئه‌ندریاس كه له‌و ئاوه‌ی به‌ركه‌وتبو
نه‌مریی ده‌ست كه‌وت، ئیتر هه‌ر نامرێت و به زه‌ویدا ده‌گه‌ڕێت و سنوره‌كانی شوێن
و كات ده‌بڕێت و گه‌لێك جار به شێوه‌گه‌لی جیاواز خۆی پێشانی مرۆڤه‌كان ده‌دات.
وه‌كو ده‌بینین، ئه‌م چیرۆكه، كه ده‌كه‌وێته پێش ئیسلام و ده‌قه بنه‌ڕه‌تیه‌كه‌ی
ده‌كه‌وێته پێش زایینیش، پێشینه‌ی ڕاسته‌وخۆی گه‌لێك ڕه‌گه‌زی چیرۆكه قورئانیه‌كه‌یه:
ئه‌م جاره‌یان له‌بریی (گیلگامێش) ئیسكه‌نده‌ر به‌دوای نه‌مریدا ده‌گه‌ڕێت، به‌ڵام
له‌م چیرۆكه‌دا بۆ یه‌كه‌م جار پێشینه‌ی كه‌سێتیی خزمه‌تكاره‌كه‌ی مو‌سا ده‌بینینه‌وه
كه ئه‌ندریاسه. ئیتر ئه‌م چیرۆكه سه‌رچاوه‌ی ڕاسته‌وخۆی دیمه‌نی هه‌ڵ‌گرتنی
ماسیه‌كه و زیندوبونه‌وه‌یه‌تی به به‌ركه‌وتنی ئاوی سه‌رچاوه‌ی ژیان. وه‌كو ده‌بینین
هه‌ردو چیرۆكه‌كه له‌م دیمه‌نه‌دا یه‌ك شتن و ته‌نها ناوه‌كان جیاوازن. بێ گومان
سه‌رچاوه‌ی كۆنی بیرۆكه‌ی گه‌ڕانی ئیسكه‌نده‌ر به‌دوای نه‌مریدا هه‌مان بیرۆكه‌یه
له داستانی گیلگامێشدا واته گه‌ڕانی گیلگامێش به‌دوای نه‌مریدا.
چیرۆكه یه‌هودیه‌كه
سه‌رچاوه‌یه‌كی تری چیرۆكه قورئانیه‌كه كه بوه‌ته پێشینه و سه‌رچاوه‌ی
دیمه‌نه‌كانی تری چیرۆكه‌كه، چیرۆكێكی یه‌هودیه كه بنه‌ڕه‌ته‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه
بۆ ته‌لمود و دواتر له كه‌له‌پوری یه‌هودیدا زیاتر په‌ره‌ی پێ دراوه، یانی بوه‌ته
به‌شێك له (هه‌گگاداه) ی یه‌هودی واته ئه‌و چیرۆكه میللیانه‌ی كه له ده‌قی په‌یمانی
كۆندا نه‌هاتون و دواتر دروست بون، یان به شێوه‌ی چیرۆكه‌كانی په‌یمانی كۆن نین و
گۆڕاون. (گینزبێرگ) Ginzberg له كتێبی (ئه‌فسانه
میللیه‌كانی یه‌هود) The Legends of the
Jews دا چیرۆكه یه‌هودیه میللیه‌كه ده‌گێڕێته‌وه، كه چیرۆكی گه‌شتێكی
ڕه‌ببانی (حاخام) ێكی یه‌هودیه به ناوی (یه‌شوعی كوڕی لاوی) له‌گه‌ڵ پێغه‌مبه‌رێكی
یه‌هودی به ناوی (ئیلیا) كه به‌پێی باوه‌ڕی یه‌هودی نه‌مردوه به‌ڵكو له
گالیسكه‌یه‌كی ئاگریندا به‌رز كراوه‌ته‌وه بۆ ئاسمان، و بۆیه هه‌ر له ژیاندایه.
كه هه‌ردو كه‌سێتیه‌كه‌ش بونه‌ته ئه‌فسانه‌یی، (ئیلیا) ئه‌گه‌ر بوبێت له سه‌ده‌ی
(10 پ. ز.) دا ژیاوه، حاخام (یه‌شوعی كوڕی لاوی) یش له سه‌ده‌ی (3 ز.) دا، یانی
له یه‌ك سه‌رده‌مدا نه‌بون، به‌ڵام كێشه نیه چونكه جیاوازیی شوێن و كات بۆ كه‌سێتیی
ئه‌فسانه‌یی نابێته ڕێگر!
چیرۆكه‌كه ده‌ڵێت:
حاخام (یه‌شوعی كوڕی لاوی) داوای له (ئیلیا) كرد ڕێگه‌ی بدات هاوه‌ڵیی
بكات له گه‌شته‌كانیدا به جیهاندا، به‌ڵام ئیلیا ئه‌و مه‌رجه‌ی بۆ دانا كه هه‌ر
هه‌ڵس‌وكه‌وتێكی سه‌یری ئیلیای بینی پرسیاری لێ نه‌كات، ئه‌گه‌رنا لێی جیا ده‌بێته‌وه.
یه‌شوع به‌م مه‌رجه ڕازی بو، و ڕۆشتن.. هه‌تا گه‌یشتنه ماڵی پیاوێكی هه‌ژار كه
ته‌نها مانگایه‌كیان هه‌بو له ماڵی دنیا.. پیاوه‌كه و ژنه‌كه‌ی زۆر دڵیان باش بو
و به‌گه‌رمی پێشوازییان له یه‌شوع و ئیلیا كرد و ده‌عوه‌تیان كردن و باشترین
خواردن و خواردنه‌وه‌یان پێشكه‌ش كردن.. بۆ به‌یانی كاتێك ئیلیا و یه‌شوع خه‌ریك
بو ده‌ڕۆشتن له‌و ماڵه، ئیلیا له خوا پاڕایه‌وه كه مانگاكه‌یان مردار بكاته‌وه!
هه‌ر پێش ئه‌وه‌ی له ماڵه‌كه ده‌ربچن؛ مانگاكه مردار بوه‌وه! حاخام (یه‌شوع)
توشی شۆك بو به‌م ڕوداوه، و خه‌ریك بو شێت ببێت، و له دڵی خۆیدا وتی "ئاوا
پاداشتی ئه‌م پیاوه باشه ده‌درێته‌وه له‌سه‌ر میوانداریه‌كه‌ی؟!" و ئیتر
نه‌یوێرا پرسیار له ئیلیا بكات. ئیلیاش جارێكی تر مه‌رجه‌كه‌ی بیر خسته‌وه، ئیتر
درێژه‌یان دا به گه‌شته‌كه‌یان و حاخامی ناوبراو هه‌ر واقی وڕ مابو. ڕۆشتن هه‌تا
بۆ شه‌وه‌كه‌ی گه‌یشتنه ماڵی پیاوێكی ده‌وڵه‌مه‌ند، به‌ڵام ئه‌و میوانداریی نه‌كردن،
ئیتر هه‌رچه‌ند ئه‌و شه‌وه‌یان له‌ژێر سه‌ربانی ماڵه‌كه‌یدا ڕۆژ كرده‌وه به‌ڵام
هیچ خواردن و خواردنه‌وه‌یه‌كی نه‌دانێ.. ئینجا ئه‌و پیاوه به‌نیاز بو دیوارێك كه
له ڕوخاندا بو نۆژه‌ن بكاته‌وه، به‌ڵام ئیلیا پێش ئه‌وه‌ی ماڵه‌كه به‌جێ بهێڵێت
له خوا پاڕایه‌وه كه ئه‌و دیواره ڕاست بكاته‌وه! ئیتر له‌پڕ دیواره‌كه بۆ
خۆی ڕاست بوه‌وه! ئیتر ئیلیا به‌مه كارێكی كرد ئه‌و پیاوه ده‌وڵه‌نده ڕژده
پێویستیی به‌وه نه‌ما بۆ خۆی دیواره‌كه چاك بكاته‌وه.. یه‌شوع ئه‌مه‌یشی زۆر پێ
سه‌یر بو، به‌ڵام ناچار بو له‌به‌ر مه‌رجه‌كه ئه‌و پرسیاره‌ی له‌سه‌ر زمانی بو
بیگه‌ڕێنێته‌وه دواوه! ئینجا هه‌ر به‌رده‌وام بون له گه‌شته‌كه‌یاندا، هه‌تا گه‌یشتنه
كه‌نشته (كنیس) ێك (واته په‌رستگایه‌كی یه‌هودی) ی ڕازاوه كه زۆری تێدا خه‌رج
كرابو و كورسیه‌كانیشی له زێڕ و زیو دروست كرابون، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی په‌رستشیان
تێدا ده‌كرد وه‌كو په‌رستگاكه‌یان نه‌بون، واته دڵفراوان و به‌خشنده نه‌بون،
بۆیه كاتێك یه‌شوع و ئیلیا گه‌یشتنه په‌رستگاكه؛ یه‌كێك له‌وانه‌ی ئه‌وێ پێی
وتن: "نه دڵۆپێك ئاو و نه له‌تێك نان نیه، كه‌سی غه‌ریبه‌ش ئه‌گه‌ر ئاو و
نانی بۆ هێنرا ئینجا ده‌توانێت له‌م كه‌نشته‌یه‌دا بمێنێته‌وه".. ئیتر هیچ
خواردن و خواردنه‌وه‌یه‌كیان نه‌دانێ. به‌یانی زو كاتێك خه‌ریك بو ئه‌وێ به‌جێ
بهێڵن، ئیلیا هیوای خواست ئه‌و كه‌سانه‌ی له كه‌نشته‌كه‌دا بون و نان و ئاویان نه‌دا
به‌مان خوا پله‌یان به‌زر بكاته‌وه و هه‌مویان ببنه سه‌رۆكی خه‌ڵكه‌كه‌ی خۆیان.
ئه‌م جاره‌ش یه‌شوع به‌ناڕه‌حه‌تی توانیی خۆی بگرێت و پرسیار نه‌كات. ئینجا ڕۆشتن
هه‌تا گه‌یشتنه ئاوه‌دانییه‌كی تر، له‌وێ زۆر به‌چاكی پێشوازییان لێ كرا و هه‌مو
خواردنێكیان پێشكه‌ش كرا كه ئاره‌زوی بكه‌ن.. دوایی ئیلیا هیوای ئه‌وه‌ی له خوا
بۆ خواستن كه ته‌نها یه‌ك سه‌رۆكیان هه‌بێت! ئیتر لێره‌دا یه‌شوع له‌وه زیاتر
خۆی بۆ نه‌گیرا و داوای له ئیلیا كرد ئه‌و هه‌ڵس‌وكه‌وته سه‌یرانه‌ی بۆ ڕون
بكاته‌وه. ئیلیاش پێش ئه‌وه‌ی لێك جیا ببنه‌وه به‌م شێوه‌یه بۆی ڕون كرده‌وه:
سه‌باره‌ت به مانگای پیاوه هه‌ژاره‌كه؛ ده‌مزانی كه بڕیاری خوایی وابو ژنه‌كه‌ی
له هه‌مان ئه‌و ڕۆژه‌دا بمرێت، بۆیه له خوا پاڕامه‌وه موڵكێكی ئه‌و پیاوه له‌ناو
ببات له‌بریی ژنه‌كه‌ی، ئیتر مانگاكه‌ی مردار بوه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی قه‌زای ژنه‌كه‌ی
ببات.. سه‌باره‌ت به پیاوه ده‌وڵه‌مه‌نده ڕژده‌كه‌ش؛ گه‌نجینه‌یه‌كی شاردراوه
له‌ژێر دیواره‌كه‌یدا هه‌بو، بۆیه ئه‌گه‌ر بۆ خۆی نۆژه‌نی بكردایه‌ته‌وه گه‌نجینه‌كه‌ی
ده‌دۆزیه‌وه، بۆیه نزام كرد دیواره‌كه ڕاست ببێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كابرا
ڕژده گه‌نجینه‌كه‌ی ده‌ست نه‌كه‌وێت. ئه‌و كۆمه‌ڵه پیاوه‌ی كه‌نشته‌كه‌ش كه
نانیان نه‌ده‌دا بۆیه نزام كرد ببنه چه‌ند سه‌رۆكێك؛ چونكه هه‌ر شوێنێك سه‌رۆك
و ده‌مڕاستی زۆر بێت به‌ره‌و وێرانبون ده‌چێت، چونكه هه‌ر یه‌كه‌یان جۆرێك
پێشنیار و فه‌رمان ده‌رده‌كات و ده‌بێته ئاژاوه و پاشاگه‌ردانی. ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌ش
كه نانبده بون؛ نزام كرد یه‌ك سه‌رۆكیان هه‌بێت چونكه هه‌ر ئاوه‌دانییه‌ك یه‌ك
سه‌رۆكیان هه‌بێت سه‌ركه‌وتو ده‌بن له هه‌مو كاره‌كانیاندا. هه‌روه‌ها ئیلیا ئه‌م
ئامۆژگاریه‌یشی خسته سه‌ر ڕونكردنه‌وه‌كانی كه وتی: له‌به‌ر ئه‌وه (یانی له‌به‌ر
ئه‌وه‌ی كه بینیت و زانیت) ئه‌گه‌ر كه‌سێكی تاوانكارت بینی ئیشی له باشیدا بو؛
ئه‌وا بزانه ئه‌وه هه‌مو كاتێك له به‌رژه‌وه‌ندیدا نیه، ئه‌گه‌ر كه‌سێكی چاكه‌كاریشت
بینی له ته‌نگانه و ده‌ستكورتیدا بو؛ ئه‌وا بزانه كه خوا هه‌ر دادپه‌روه‌ره
[ونهێنییه‌ك له مه‌سه‌له‌كه‌دا هه‌یه كه تۆ نایزانیت]. ئیتر لێك جیا بونه‌وه و
هه‌ر یه‌كه‌یان ڕێی خۆی گرته به‌ر.
وه‌كو له كۆتایی چیرۆكه‌كه‌یشه‌وه دیاره، ئامانجی سه‌ره‌كیی چیرۆكه یه‌هودیه‌كه
دوپاتكردنه‌وه‌ی باوه‌ڕی (دادپه‌روه‌ریی خوایی) Theodicy ـه.. سه‌ره‌تای چیرۆكه‌كه‌ش به‌م ڕێخۆشه‌كیه ده‌ست پێ ده‌كات:
"یه‌كێك له‌و فێركاری و وانه زۆر و جۆراوجۆرانه‌ی كه ئیلیا پێشكه‌شی هاوه‌ڵان
و قوتابیانی خۆیی كردوه، هیچیان به ئه‌ندازه‌ی ئه‌و فێركاریه گرنگ نیه كه
دادپه‌روه‌ریی خوا له بڕیاره‌كانیدا ڕون ده‌كاته‌وه، واته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه
ده‌ڵێت خوا له به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری جیهاندا دادپه‌روه‌رییه‌كی ڕه‌های هه‌یه.
ئیلیا هه‌مو كاتێكی به هه‌ل ده‌زانی كه ئه‌و باوه‌ڕه به ئامۆژگاری و نمونه
ڕون بكاته‌وه.. جارێكیشیان په‌یمانی به هاوڕێیه‌كی دا كه حاخام (یه‌شوعی كوڕی لاوی)
بو كه هه‌ر حه‌ز و ئاره‌زویه‌كی هه‌بێت بۆی جێبه‌جێ بكات، ئیتر حاخامی ناوبراو
داوای ئه‌وه‌ی لێ كرد هاوه‌ڵیی بكات له گه‌شته‌كانیدا به جیهاندا.."، ئیتر
پاشماوه‌ی چیرۆكه‌كه ڕابورد.
بیرۆكه‌ی چیرۆكه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه كه مه‌رج نیه ئه‌و (خۆشی) ـه‌ی كه له
ژیانی هه‌ندێك خراپه‌كاردا هه‌یه و ئه‌و (ناخۆشی) ـه‌ی له ژیانی هه‌ندێك چاكه‌كاردا
هه‌یه، وه‌كو ڕواڵه‌ته‌كه‌یان بن، به‌ڵكو نهێنییه‌كی شاردراوه هه‌یه كه
نازانرێت، بۆیه ئه‌و خۆشیه ڕه‌نگه له كرۆكدا ناخۆشییه‌كی شاردراوه بێت و ئه‌نجامێكی
خراپی هه‌بێت، ئه‌و ناخۆشیه‌ش ڕه‌نگه له كرۆكدا خۆشییه‌كی پۆشراو بێت و ئه‌نجامێكی
باشی هه‌بێت. چیرۆكه‌كه به‌م شێوه‌یه ده‌یه‌وێت بیرۆكه‌ی (دادپه‌روه‌ریی خوایی)
له بیری وه‌رگرانی نزیك بكاته‌وه.
به‌ڵام هه‌ست ده‌كه‌ین دواتر به هۆی كه‌سێتیی جیاوازیی هه‌ردو (ئیلیا) و
(یه‌شوعی كوڕی لاوی) ـه‌وه؛ مه‌غزا و مه‌به‌ستی چیرۆكه‌كه گۆڕاوه: به‌پێی
چیرۆكه‌كه ئیلیا كه‌سێك بوه كه له لایه‌ن خواوه له دیوی نادیاری شته‌كان و
ڕوداوه‌كان ئاگادار كراوه‌ته‌وه، یه‌شوعی كوڕی لاوییش شه‌رعزانێكی یه‌هودی بوه
كه ڕواڵه‌تی شته‌كانی بینیوه، (شه‌رع) یش پشت ده‌به‌ستێت به ڕواڵه‌تی شته‌كان،
بۆیه ئه‌وه‌ی له دیدی یه‌شوعی فه‌قیهه‌وه ناڕه‌وا و سه‌یر بوه؛ لای ئیلیای
پاڵپشتكراو به زانستی خوایی ته‌نها ڕواڵه‌تێك بوه كه له پشتیه‌وه ڕاستییه‌كی
جیاواز هه‌یه.. بۆیه چیرۆكه‌كه دواتر مه‌غزایه‌كی تری وه‌رگرتوه كه بریتیه
له دوپاتكردنه‌وه‌ی جیاوازیی زانستی خوایی و زانستی مرۆڤه‌كان، و ـ لێره‌وه ـ
جیاوازیی زانستی به‌نده تایبه‌تیه‌كانی خوا و زانستی ئایینداره ساده‌كان. بۆیه
چیرۆكه‌كه كاتێك له ئه‌ده‌بیاتی ئیسلامی‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه ئه‌م مه‌غزا
نوێیانه وه‌رده‌گرێت.
ئینجا ده‌بینین ئه‌م چیرۆكه بنچینه‌ی گه‌لێك ڕه‌گه‌ز و دیمه‌نی تری چیرۆكه
قورئانیه‌كه‌یه: ده‌نگ‌وباسی پیاوه ڕژده‌كه كه دیواره‌كه‌ی بۆ ڕاست ده‌كرێته‌وه؛
بوه‌ته باسی خه‌ڵكی ڕژدی ئه‌و دێیه‌ی كه دیوارێكی خه‌ریكه ده‌كه‌وێت و (ئه‌لخه‌ضير) ڕاستی ده‌كاته‌وه، هه‌رچه‌ند گۆڕاویشه.. ئینجا ده‌نگ‌وباسی ئه‌و
پیاوه هه‌ژاره‌ی مانگاكه‌ی مردار ده‌بێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی قه‌زای ژنه‌كه‌ی بكه‌وێت؛
له چیرۆكه قورئانیه‌كه‌دا دو باسی تر هه‌ن كه كه‌مێك هاوشێوه‌ن: باسی ئه‌و هه‌ژارانه‌ی
كه كه‌شتیه‌كه‌یان عه‌یبدار ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی پاشاكه داگیری نه‌كات، له‌گه‌ڵ
باسی ئه‌و منداڵه‌ی كه ده‌كوژرێت بۆ ئه‌وه‌ی دواتر به هۆی ئه‌وه‌وه دایك و
باوكی گومڕا نه‌بن.. وه‌كو ده‌بینین نزیكییه‌ك هه‌یه به‌ڵام زۆریش گۆڕاون.. دو
دیمه‌نی تری چیرۆكه یه‌هودیه‌كه له چیرۆكه قورئانیه‌كه‌دا شوێنه‌واریان نیه..
به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه هه‌ردو چیرۆكه‌كه له شێوه‌ی گشتییاندا هاوشێوه‌ن، ئه‌مه‌ش
ئاشكرایه.
ئینجا به‌ڕونی ده‌بینین كه‌سێتیی (ئیلیا) بنچینه‌ی ڕاسته‌وخۆی كه‌سێتیی (ئه‌لخه‌ضير) ه، چونكه هه‌ردو كه‌سێتیه‌كه هه‌مان ڕۆڵیان هه‌یه. ئینجا
(ئیلیا) ش له بیری یه‌هودیدا نه‌مره و له جیهانی نادیاردا ده‌ژی هه‌روه‌كو (ئه‌لخه‌ضير) یان (خدری زینده) له كولتوری ئیسلامی‌دا. بۆیه هه‌ر له كه‌له‌پوری
ئیسلامی‌دا (ئه‌لخه‌ضير) به (خيضرئیلیاس) یشی ناو ده‌برێت! واته هه‌ردو ناوه‌كه‌ی كۆ ده‌كرێته‌وه..
هه‌ر له كه‌له‌پوری ئیسلامی‌دا (ئیلیاس) به وه‌زیری ئیسكه‌نده‌ر داده‌نرێت و باسی
ئه‌وه‌ش ده‌كرێت كه له گه‌شته‌كه‌دا ئیلیاس له ئاوه‌كه‌دا خۆی ده‌شوات و نه‌مریی
ده‌ست ده‌كه‌وێت به‌ڵام ئیسكه‌نده‌ر ده‌ستی ناكه‌وێت! ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریی چیرۆكه
سوریانیه‌كه‌ی ئیسكه‌نده‌ر دوپات ده‌كاته‌وه.
هه‌رچه‌ند كه‌سێتیی (ئه‌لخه‌ضير) ی ئیسلامی له‌گه‌ڵ كه‌سێتییه‌كی مه‌سیحیی هاوشێوه‌شدا به‌رامبه‌ر
ده‌كرێت كه بریتیه له (مار جیرجیس) كه یه‌كێك بوه له قیددیسه‌كانی كلێسای
سوریایی و دواتریش كه‌سێتیه‌كه په‌ڕیوه‌ته‌وه بۆ ئورۆپایش و له‌وێ پێی ده‌وترێت
(قیددس جۆرج) Saint George، هه‌روه‌ها له ئورۆپا (به‌تایبه‌تی
بریتانیا) پێیشی ده‌وترێت (جۆرجی سه‌وز) كه ئه‌مه له‌ناوی (ئه‌لخه‌ضير) ده‌چێت واته سه‌وز. بێ گومان هه‌ردو كه‌سێتیه‌كه په‌یوه‌ندییان
به به‌پیتی و ژیان و نه‌مریه‌وه هه‌یه.
پێغه‌مبه‌ر (ئیلیا) ی یه‌هودی هه‌مان ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌یشه كه قورئان
ناوی به شێوه گریكیه‌كه‌ی هێناوه، واته (ئیلیاس). به‌ڵام ئه‌مه جیاوازه له‌و
پێغه‌مبه‌ره‌ی تر كه ناوی له قورئاندا به (الیسع) هاتوه، ئه‌مه‌یان مه‌به‌ست
پێغه‌مبه‌رێكی یه‌هودیی تره به ناوی (ئێلیشه‌ع). هه‌رچه‌ند له كه‌له‌پوری ئیسلامی‌دا
هه‌ندێك جار كه‌سێتیی (الخضر) به (الیسع) لێك دراوه‌ته‌وه (وه‌كو
"موقاتیل" له ته‌فسیره‌كه‌یدا وتویه‌تی)، ئه‌مه‌ش ئاشكرایه كه هه‌ڵه‌یه.
هه‌روه‌ها سه‌رنج ده‌ده‌ین له چیرۆكه قورئانیه‌كه‌دا كه‌سێتیی حاخام (یه‌شوعی
كوڕی لاوی) گۆڕدراوه به كه‌سێتیی (مو‌سا)، له قورئانیشدا به‌گشتی مه‌یلێكی زۆر
هه‌یه بۆ به‌ستنه‌وه‌ی گه‌لێك چیرۆكی جۆراوجۆر به موساوه به‌بێ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییشیان
هه‌بێت.
به‌ڵام وا دیاره له كه‌له‌پوری ئیسلامی‌دا ناوی (یه‌شوعی كوڕی لاوی) به‌ته‌واوییش
ون نه‌كراوه، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ ناوی (یوشه‌عی كوڕی نون) دا تێكه‌ڵ كراوه و ئیتر
لێره‌وه هاوه‌ڵ و خزمه‌تكاره‌كه‌ی مو‌سا به (یوشه‌عی كوڕی نون) ناو براوه، ئه‌وه‌ش
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی نێوان مو‌سا و یوشه‌عی كوڕی نون زانراو بوه.
به‌م شێوه‌یه ده‌بینین ناوكی یه‌كه‌می چیرۆكه‌كه له داستانی گیلگامێشه‌وه
هاتوه، ئینجا به‌شی یه‌كه‌می چیرۆكه قورئانیه‌كه (باسی ئاوه‌كه و ماسیه‌كه و
خزمه‌تكاره‌كه) له چیرۆكه‌كه‌ی ئیسكه‌نده‌ره‌وه هاتوه، به‌شی دوه‌می چیرۆكه‌كه
(باسی هه‌ڵس‌وكه‌وته سه‌یره‌كانی ئه‌لخه‌ضير) له چیرۆكه یه‌هودیه‌كه‌وه هاتوه. ڕه‌نگه پێش قورئان ده‌قێك
(كه نه‌ماوه‌ته‌وه) یان داب‌ونه‌ریتێك (ی ده‌ماوده‌م) هه‌بوبێت كه به‌و شێوه‌یه
له‌و چه‌ند چیرۆكه چیرۆكێكی یه‌كگرتوی ساز كردبێت.