بڕینی ده‌ستی دز
له په‌راوێزی باسوخواسی جێبه‌جێکردنی شه‌ریعه‌تدا
سه‌روه‌ر پێنجوێنی
دیمه‌نێک له جێبه‌جێکردنی یاسای بڕینی ده‌ستی دز له سه‌عودییه ـ جیدده
ده‌وروبه‌ری ١٩٥٠
ده‌وروبه‌ری ١٩٥٠
بنه‌ڕه‌تی حوكمی (بڕینی ده‌ستی دز) ده‌قێكی قورئانیه: (والسارق والسارقة ؛ فاقطعوا أیدیهما..) (المائدة: ٣٨)، كه ده‌ڵێت ئه‌وه‌ی دزیی كرد، پیاو بێت یان ژن، ده‌ستیان ببڕن. جگه له كۆمه‌ڵێك فه‌رموده و گێڕانه‌وه‌ش كه چۆنێتیی حوكمه‌كه رون ده‌كه‌نه‌وه. له‌م چه‌ند خاڵه‌دا تێڕوانینی ره‌خنه‌یی خۆمان ده‌خه‌ینه‌ڕو:
١. واقیعی وڵاتانی ئیسلامی سه‌لماندویه‌تی كه ئه‌م حوكمه بۆ جێبه‌جێكردن گونجاو نیه، و هه‌مو (یاخود زۆربه‌ی) وڵاتانی ئیسلامی گۆڕیویانه به یاسایه‌كی هاوچه‌رخ. هه‌تاكو هه‌ندێك له بیرمه‌نده ئیسلامیه نوێخوازهكانیش ئاماده نین جێبه‌جێی بكه‌ن، وه‌كو (حه‌سه‌ن تورابی) كه له لێدوانێكدا وتویه‌تی ئێمه سزای بڕینی ده‌ست و لاقی دز له سودان جێبه‌جێ ناكه‌ین. هه‌روه‌ها ئه‌زمونی جێبه‌جێكردنی له وڵاتێكی وه‌كو سهعودیهشدا مێژویه‌كی ناشیرینی پێك هێناوه، ئه‌و سزایه له‌و وڵاته‌دا ئێسته به پله‌ی یه‌ك به‌سه‌ر موسوڵمانی ناسهعودیدا جێبه‌جێ ده‌كرێت، ئینجا هاوڵاتیانی لاواز و بێده‌سه‌ڵاتی سه‌عودی له‌وانه‌ی به دزیی بچوكه‌وه ده‌گیرێن، به ده‌گمه‌ن به‌سه‌ر كه‌سی سه‌رمایه‌دار یاخود سه‌ر به بنه‌ماڵه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان یاخود كه‌سانی بێگانه و خۆرئاواییدا، جێبه‌جێ بكرێت، به‌ڵكو به‌سه‌ر ئه‌وانه‌دا هه‌ر جێبه‌جێ ناكرێت.
٢. ئه‌م سزایه له دیمه‌ن و شوێنهوارهكانیدا گونجاو و جوان نیه، و دیمه‌نی خوێنڕشتن له كۆمه‌ڵگادا زیاتر ده‌كات، و ده‌بێته هۆكاری ناشیرینكردنی كۆمه‌ڵگای ئیسلامی و خۆرهه‌ڵاتی له‌به‌ر چاوی گه‌لانی جیهاندا.
٣. سزای بڕینی ده‌ست كه له قورئاندا هاتوه، داهێنانێكی ئیسلامی نیه، به‌ڵكو پێشتر لای عه‌ره‌ب هه‌بوه كه ده‌ستی راستی دزیان بڕیوه، به‌تایبه‌تی كه به‌پێی مێژونوسه ئیسلامیه‌كان ئه‌و كه‌سه‌ی یه‌كه‌م جار بڕینی ده‌ستی كردوه به یاسا پێش ئیسلام (عهبدولموططهلیب) ی باپیری پێغه‌مبه‌ر بوه، به‌پێی هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ی تریش گوایه (وه‌لیدی كوڕی موغیره) (الولید بن المغیرة المخزومي) بوه كه ئه‌ویش یه‌كێك بوه له دادوه‌ر و حاكمه‌كان له قوڕه‌یشدا، ئه‌مه‌ش واته كه‌مێك پێش ئیسلام، كاتێكیش ئیسلام هاتوه ئه‌م یاسایه‌ی په‌سه‌ند كردوه، كه‌واته یاسای كۆمه‌ڵگایه‌كی كۆنه. هه‌روه‌كو لای جێرمانیهكانیش له كۆندا ده‌ست و لاقی دز بڕاوه، هه‌رچه‌ند كوشتنیش هه‌بوه.
٤. به ئاشكرا دیاره كه ئه‌م یاسایه یاسای كۆمه‌ڵگایه‌كی به‌راییه كه سیسته‌می سزادانی پێشكه‌وتوی نیه، به‌ڵكو هه‌میشه بیر له سزای خێرا و بێئهرك ده‌كاته‌وه، وه‌كو بڕین و كوشتن.
٥. هه‌ر له كۆنه‌وه هه‌ندێك یاسا هه‌بون كه گونجاوترن، وه‌كو غه‌رامه‌كردن، بۆ نمونه له ئایینی یه‌هودیدا ده‌بێت دز جگه له گه‌ڕاندنه‌وه‌ی دزراوه‌كه غه‌رامه‌یه‌ك بدات كه بریتیه له پێنج سه‌ر ئه‌گه‌ر مانگا بێت و چوار سه‌ر ئه‌گه‌ر مه‌ڕ بێت (كتێبی كۆڕه‌و (الخروج) «شمۆت»: ٢: ١)، ئه‌مه ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه ئه‌و ئاژه‌ڵه‌ی زایه كردبێت: فروشتبێتی یان كوشتبێتیهوه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئاژه‌ڵه‌كه لای خۆی مابو ته‌نها دو ئه‌وه‌نده‌ی لێ ده‌سه‌نرێت. ئه‌م یاسای (غه‌رامه) یه تا ئێستاش لای ده‌شته‌كیه‌كان كاری پێ ده‌كرێت، بۆ نمونه لای زۆربه‌ی خێڵه عێراقیه‌كان چوار ئه‌وه‌نده‌ی دزراوه‌كه له دز ده‌سه‌نرێت، به‌و چوار ئهوهندهیهش ده‌ڵێن (المربعة)(١). هه‌روه‌ها له یاسای رۆمانییشدا: دز ئه‌گه‌ر له دزیهكهدا گیرا چوار ئه‌ونده‌ی لێ ده‌سه‌نرێت، ئه‌گه‌ر دواتر گیرا دو ئه‌وه‌نده.
ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ین كه له ڕابردودا یاسای توندتریش له بڕینی ده‌ست هه‌بوه، وه‌كو كوشتن، بۆ نمونه سزای دزی له یاسای (حاموڕابی) دا كوشتنه. هه‌روه‌ها له ئایینی یه‌هودییشدا سزای دزینی مرۆڤ كوشتنه، هه‌روه‌ها هه‌ر له یاسای ته‌وڕاتیدا ئه‌گه‌ر دز توانای غهرامهدانی نه‌بێت ده‌فرۆشرێت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته. هه‌روه‌كو ئاماژه‌مان دا كه لای جێرمانیه كۆنه‌كانیش هه‌ندێك جار دز به كوشتن سزا دراوه. هه‌روه‌ها له ئینگیلتێررایش سزای دز خنكاندن بوه به په‌تی سێداره، كه ـ وه‌كو ده‌ڵێن ـ زیاتر ٥٠ هه‌زار دز له‌سه‌ر یه‌ك سێداره خنكێنراوه، هه‌تا ساڵی (١٧٨٣) ئه‌و سزایه له‌وێ لاده‌برێت.
٦. ئه‌م یاسا ئیسلامیه هه‌ر له زوه‌وه گرفتی بۆ ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی دروست كردوه، و فه‌رمانڕه‌وا ئیسلامیه‌كان زۆر جار له جێبه‌جێكردنیدا سه‌رگه‌ردان بون، بۆیه فهقیههكانیش زۆر ناكۆكن له چۆنێتیی جێبه‌جێكردنیدا، بۆ نمونه: كه ده‌ڵێت ده‌ست، تا كوێ ده‌بڕدرێت؟ به‌پێی رواڵه‌تی ده‌قه‌كه هه‌مو ده‌سته هه‌تا شان، به‌ڵام گه‌لێكیان ناچار بون تایبه‌تی بكه‌ن به باسكه‌وه واته هه‌تا ئانیشك، زۆربه‌یان وتویانه هه‌تا مه‌چه‌ك، به‌ڵكو ئیمامیه‌كان وتویانه ته‌نها په‌نجه‌كان ده‌بڕدرێن. بابه‌تێكی تر بڕ (نصاب) ی دزراوهكهیه: هه‌ندێك به‌پێی رواڵه‌تی ده‌قه‌كه وتویانه هه‌مو دزیه‌ك ده‌گرێته‌وه، به‌ڵام زۆربه‌یان تایبه‌تیان كردوه به بڕێكهوه: دینارێكی زێڕ، یاخود نیوه‌ی، یان چاره‌كی. ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی لایه‌نی ره‌وشتیی تاوانه‌كه‌یه، چونكه دزی هه‌ر دزیه. ههرهكو پێچه‌وانه‌ی رواڵه‌تی ده‌قه قورئانیه‌كه‌یه كه گشتیه.
٧. ئه‌م سزایه سزایه‌ك نیه كه دوباره‌كردنه‌وه هه‌ڵگرێت، چونكه سزاكه به فه‌وتاندنی ئه‌و ئه‌ندامه جێبه‌جێ ده‌كرێت كه به‌سه‌ریدا جێبه‌جێ ده‌كرێت. بۆیه ئه‌مه كێشه‌یه‌كی فیقهی ئیسلامیه: له جاری دوه‌م و سێیه‌م و چواره‌مدا چیی لێ ده‌كرێت؟ زۆربه‌یان وتویانه بۆ جاری یه‌كه‌م ده‌ستی راستی، دوه‌م قاچی چه‌پی، سێیه‌م ده‌ستی چه‌پی، چواره‌م قاچی راستی! كه ئه‌مه‌ش ده‌رچونه له ده‌قه قورئانیه‌كه.
٨. ئه‌م سزایه كه‌سێتیی مرۆڤ ده‌ڕوخێنێت، چونكه سزاكه شوێنه‌واری هه‌ر ده‌مێنێت و دیاریشه. لێره‌وه ئه‌و مرۆڤه ناتوانێت له كۆمه‌ڵگادا هه‌ڵبكات، ئیشی ده‌ست ناكه‌وێت و متمانه‌ی پێ ناكرێت، جگه له‌وه‌ی كهمئهندامبونی ده‌بێته رێگر له‌به‌رده‌م زۆربه‌ی ئیشه‌كاندا، به‌تایبه‌تی بۆ جاری دوه‌م (لاق بڕین). لێره‌دا نمونه‌ی زه‌مه‌خشه‌ری ده‌هێنینه‌وه یاد: ئیمامی زه‌مه‌خشه‌ری كه به‌پێی سه‌رچاوه‌كان كاتی خۆی له سه‌فه‌رێكدا لاقی له‌ده‌ست داوه (ده‌ڵێن لاقی له به‌فردا ره‌ش بوه‌ته‌وه و ئیتر بۆیان بڕیوه‌ته‌وه)، جا بۆ ئه‌وه‌ی كه‌س گومانی خراپی پێ نه‌بات و له هه‌مو شوێنێك و بۆ هه‌مو كه‌سێك به‌ڵگه‌ی قسهبڕی پێ بێت، یه‌ك لیستی درێژی ئاماده كردوه له‌ناوی ئه‌و شاهیدانه‌ی كه شایه‌تی ئه‌وه‌ن لاقی بۆ مه‌به‌ستی ته‌ندروستی بڕاوه‌ته‌وه نه‌ك له‌سه‌ر شوبهه و گومان و تاوانێك، ئیتر زه‌مه‌خشه‌ری له هه‌مو سه‌فه‌ر و گهڕانێكیدا ئه‌و لیسته درێژه‌ی هه‌ڵده‌گرت و هه‌ر كه‌سێك قسه‌یه‌كی ناجۆری بكردایه پێشانی ده‌دا. ئه‌مه مانای وایه له كۆمه‌ڵگای ئیسلامی‌دا كه ئه‌و یاسایه جێبه‌جێ ده‌كرێت هه‌ر كه‌سێك ئه‌گه‌ر ده‌ستی یان لاقی بۆ هه‌ر مه‌به‌ستێك و به‌هه‌ر هۆكارێك بڕابێت گومانی لێ ده‌كرێت و ئیحراج ده‌بێت.
٩. چه‌ند نمونه‌یه‌ك هه‌یه ده‌یسه‌لمێنن كه بڕینی ده‌ست زۆرجار تیاچونی مرۆڤه‌كه‌ی تێدایه، چونكه جگه له‌وه‌ی كاری ده‌ست ناكه‌وێت و كه‌سێتیی له‌كه‌دار ده‌بێت، جگه‌له‌وه‌ش برینه‌كه‌ی پیس ده‌بێت و مرۆڤه‌كه توشی نه‌خۆشیی خراپ ده‌بێت و ده‌یكوژێت. مێژونوسی میسری (جه‌به‌رتی) له‌م باره‌یه‌وه له (عجائب الآثار) دا روداوێك به‌به‌رواری (١/٦/١٢٢٧ ك.) ده‌گێڕێته‌وه: له مانگی (ربیع الثاني) ی ساڵی (١٢٢٧ ك.) چه‌ند دزێك ئاشكرا بون كه سه‌رۆكه‌كه‌یان ناوی (موحه‌ممه‌دی كوڕی ئه‌بولقاسمی دهرقاوی) بو كه له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێكدا قوتابیی خوێندنگه‌یه‌كی ئایینیی دراوسێی ئه‌زهه‌ر بون، له‌گه‌ڵ كه‌سێكی بۆیاخچی و كه‌سێكی تری چه‌رمچی كۆمه‌ڵێك دزییان له خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كی ئه‌زهه‌ر كردبو.. تا به گومان له یه‌كێكیان كرا و به دانپێدانانی ئه‌و هه‌مویان گیران، له كۆتایی لێكۆڵینه‌وه و دادگاییدا ئه‌و سێ كه‌سه (موحه‌ممه‌د ناوه‌كه و بۆیاخچیهكه و چهرمچیهكه) ده‌ستیان بڕا، ئینجا له‌گه‌ڵ باوكی موحه‌ممه‌د و دو براكه‌یدا هه‌مویان دور خستنه‌وه بۆ شاری ئیسكه‌نده‌رییه، ئه‌مه‌ش له ناوه‌ڕاستی مانگی (جمادی الأولی) ی هه‌مان ساڵدا. دواتر له ئیسكه‌نده‌رییه باوك و دو براكه دور خرانه‌وه بۆ (ئه‌بو قیر)، ئه‌و سێ كه‌سه‌ش كه ده‌ستیان بڕابو ئه‌وانه گه‌ڕانه‌وه بۆ قاهیره چونكه سزای شه‌رعیی خۆیان وه‌رگرتبو. ئیتر (موحه‌ممه‌د) ی ناوبراو گه‌ڕایه‌وه بۆ ماڵی خۆیان و چوه‌وه بۆلای دایكی و ویستی ژیانێكی ئاسایی ده‌ست پێ بكاته‌وه، بۆیه چو بۆ بازاڕ و سڵاوی له هاوڕێ و ناسراوه‌كانی ده‌كرد وه‌كو ئه‌وه‌ی هیچ ڕوی نه‌دابێت، به‌ڵام منداڵ و مه‌زن شوێن ده‌كه‌وتن و ده‌یانوت ئه‌وه دزه و ده‌ستی بڕاوه و ئه‌ویش ده‌یویست سه‌ر خۆی نه‌هێنێت، پاشان گه‌ڕایه‌وه بۆ ماڵه‌وه، له ماڵه‌وه ئازاری ده‌ستی زۆری بۆ هێنا، چونكه ـ جه‌به‌رتی ده‌ڵێت ـ ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌سته‌كه‌ی بۆ بڕیبو باشی نهبڕیبو، ئیتر وا دیاره توشی برینی خراپی كردوه و له ڕۆژی سێیه‌می هه‌مان مانگدا مرد(٢).
١٠. ئه‌و پێناسه فیقهیه‌ی كه هه‌یه و كاری پێ كراوه بۆ (دزی) ته‌نها به‌سه‌ر ئه‌و دزیه بچوك و ته‌قلیدیانه‌دا ده‌سه‌پێت كه به زۆری خه‌ڵكی ساده و له‌به‌ر نه‌داری و هه‌ژاری په‌نای بۆ ده‌به‌ن (شتێك خاوه‌نێكی دیاریكراوی هه‌یه و له شوێنێكدا قایم كراوه و كه‌سێكیش بچێت به دزیه‌وه بیبات)، بۆیه سزاكه‌ش هه‌ر به‌سه‌ر ئه‌مانه‌دا ده‌سه‌پێت. له وڵاتێكی وه‌كو سه‌عودیه‌دا، هاوڵاتیان ده‌ستیان ده‌بڕدرێت، به‌ڵام ئه‌و چوار هه‌زار ئه‌میره سه‌عودیه‌ی كه به شێوه‌یه‌كی سیسته‌ماتیك له داهاتی پێترۆل ده‌دزن هیچ سزایه‌ك نایانگرێته‌وه، ئه‌م حاڵه‌ته‌ش به‌شێكی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دیكتاتۆریی ڕژێمه‌كه و به‌شێكیشی بۆ بهراییبون و لێنه‌هاتویی ئه‌و پێناسه‌یه‌ی كراوه بۆ دزی له فیقهی ئیسلامی‌دا.
١١. ده‌ڵێن غه‌رامه و به‌ندكردن سزایه‌ك نیه كه تاوانی دزی بنه‌بڕ بكات، چونكه كه به‌ڕه‌ڵڵا ده‌كرێت ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كاری جارانی و له بهندیخانهیشدا له‌گه‌ڵ دز و جه‌رده‌كانی تردا پلان داده‌نێن بۆ دزیی تر، بۆیه ده‌ڵێن ته‌نها بڕینی ده‌ست به‌ته‌واوی ئه‌و تاوانه بنه‌بڕ ده‌كات. به‌ڵام ئێمه ده‌ڵێین پاڵنه‌ری یه‌كه‌می دزی خراپیی باری ئابوریه، هه‌ر لێره‌شه‌وه چاره‌سه‌ری سه‌ركه‌وتوی ئه‌و تاوانه باشكردنی باری ئابوریی خه‌ڵكه. ئینجا له وڵاتێكی وه‌كو سه‌عودیه، به‌پێی ئه‌وه‌ی كه ئه‌و سزایه رۆژگارێكه جێبه‌جێ ده‌كرێت؛ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت دزی به هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌بێت، له‌كاتێكدا به‌پێی سه‌رچاوه‌یه‌ك له سه‌ده‌ی بیستدا له سه‌عودیه نزیکه‌ی ٧٥٠٠٠ که‌س له سه‌عودیه ده‌ست و قاچیان بڕاوه له‌سه‌ر دزیکردن!!(٣). هه‌روه‌ها به‌پێی زانیاریه‌کانی بیرمه‌ندی تونسی (العفيف الأخضر) له ماوه‌ی ته‌نها ١٨ مانگی جێبه‌جێکردنی شه‌ریعه‌ت له سودان له سه‌رده‌می نومه‌یری و تورابیدا ٧٠٠٠ ده‌ست و قاچ بڕاوه!! ئه‌گه‌ر به‌پێی قسه‌ی ئه‌وانه بێت كه بانگه‌شه بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و سزایه ده‌كه‌ن ده‌بوایه هه‌ر به چه‌ند جارێك جێبه‌جێكردنی ئه‌و سزایه تاوانی دزی له‌و وڵاته‌دا تۆوی نه‌مایه، به‌ڵام كار گه‌یشتوه‌ته ئه‌وه‌ی هه‌زاران كه‌س تا ئێسته ده‌ستیان ببڕدرێت! هه‌تا هه‌ندێك جار گه‌نج و مێردمنداڵی مه‌ككه‌یی گیرفانی حاجیه‌كان ده‌بڕن، هه‌روه‌كو ئه‌وه‌شمان له‌یاده چۆن شۆفێرێكی تاكسی له مه‌دینه حاجییه‌كی كوردی روت كرده‌وه. به‌تایبه‌تی كه ماوه‌یه‌كه باری ئابوریی ئه‌و وڵاته (به‌تایبه‌تی ده‌رامه‌تی تاكه‌كه‌س) روی له دابه‌زین كردوه و داهاتی نه‌وت كه‌می كردوه، بۆیه ئێسته شه‌پۆلێكی دزی و تاوانكاری ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ی گرتوه‌ته‌وه، كه سزادانی چه‌ند كه‌سێكی داماو چاره‌سه‌ری ناكات.
له ڕابردوی مێژوی ئیسلامییشدا، هه‌رچه‌ند سزای بڕینی ده‌ست جێبه‌جێ كراوه به‌ڵام هه‌رگیز ئه‌و سزایه نه‌یتوانیوه دزی بنه‌بڕ بكات. نمونه‌یه‌ك كه ئه‌م ڕاستیه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنێت ئه‌و دهنگوباسهیه كه طه‌به‌ری لهمێژوهكهیدا ده‌یگێڕێته‌وه: ده‌ڵێت جارێك عومه‌ری كوڕی خه‌ططاب شه‌وێكی دره‌نگ هات بۆ ماڵی عه‌بدوڕڕه‌حمانی كوڕی عه‌وف، عه‌بدوڕڕه‌حمان لێی پرسی كه به‌م شه‌وه دره‌نگه بۆچی هاتوه، عومه‌ریش وتی: "كۆمه‌ڵێك هاتون له بازاڕ باریان خستوه و ترسم هه‌بو دزه‌كانی شاری مه‌دینه دزییان لێ بكه‌ن، با بچین پاسه‌وانییان بكه‌ین"(٤). بڕوانه عومه‌ر وتویه‌تی (دزه‌كانی مه‌دینه) (سراق المدینة)، مانای وایه له‌گه‌ڵ بڕینی ده‌ستیشدا به‌رده‌وام له پایته‌ختی ئیسلامیشدا دز هه‌بون و هه‌مو كاروانییهكیش مه‌ترسیی دزیی له‌سه‌ر بوه.
جگه له‌وه‌ی پێم وایه سزای به‌ندكردن باشتر ده‌توانێت كۆمه‌ڵگا له مه‌ترسیی دز و جه‌رده دوربخاته‌وه، هیچ نه‌بێت چه‌ند مانگێك یان چه‌ند ساڵێك ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌كرێن.
١٢. ده‌ڵێن توندیی ئه‌م سزایه وا له هاوڵاتیان ده‌كات بیر له دزی نه‌كه‌نه‌وه. به‌ڵام هه‌مومان ده‌زانین كه ئه‌و كه‌سه‌ی تاوانی دزی و هه‌ر تاوانێكی تر ئه‌نجام ده‌دات به هیوای ئه‌وه نیه ده‌ستگیر بكرێت، به‌تایبه‌تی دزی كه تاوانێكی نهێنیه، زۆربه‌ی دزیهكانیش ئاشكرا نابن. پێشتریش نمونه‌مان هێنایه‌وه له‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی له سه‌رده‌مانی ئیسلامیی ڕابردویشدا (وه‌كو سه‌رده‌می عومه‌ر) و له‌سه‌رده‌می نوێیشدا (وه‌كو له سه‌عودیه) سزای بڕینی ده‌ستی دز جێبه‌جێ كراوه و نه‌یشیتوانیوه دزی بنه‌بڕ بكات و هه‌ر دزی كراوه و دز هه‌ر زۆر بوه.
١٣. ده‌ڵێن سزا ئیسلامیه‌كه وا له‌و كه‌سه ده‌كات هه‌میشه بیری تاوانه‌كه‌ی هه‌بێت، به‌ڵام ئێمه ده‌ڵێین ئه‌م سزایه وا له‌و مرۆڤه ده‌كات هه‌میشه و تا مردن له ئازاردا بژی، ئه‌م سزایه سزایه‌كی یاسایی نیه، به‌ڵكو كهمئهندامكردنه و شوێنه‌واره‌كه‌ی هه‌تا مردن ده‌مێنێته‌وه، جارێكی تر ئه‌و مرۆڤه ناتوانێت له كۆمه‌ڵگادا رۆڵی مرۆڤی خێرخواز و متمانه‌پێكراو ببینێت.
١٤. ده‌ڵێن به‌ندكردن و ڕاگرتنی تاوانبار له به‌ندیخانه‌دا تێچون و ئه‌ركێكی زۆر ده‌خاته ئه‌ستۆی ده‌وڵه‌ت، بۆیه وا باشتره سزای خێرا و یه‌كجاره‌كی بدرێن و ڕانه‌گیرێن! من پێم وایه ده‌زگای به‌ندكردن و سزادان كه‌مترین ئه‌رك و تێچونی هه‌یه به به‌راورد به بواره‌كانی تر (ئه‌مه‌ش چونكه به‌ندیخانه له خۆیدا واته شوێنێكی بێ خزمه‌تگوزاری، و ئه‌وه فهلسهفهكهیهتی!)، له‌گه‌ڵ ئه‌و پێویستی و رۆڵه گرنگهیشدا كه هه‌یه‌تی له پاراساتنی ئاسایش و سه‌روماڵی هاوڵاتیاندا.
١٥. به‌ندیخانه كه‌شێكی له‌بار بۆ مرۆڤ دروست ده‌كات بۆ بیركردنه‌وه و په‌شیمانبونه‌وه و به‌خۆداچونه‌وه، كاتێكیش ئازاد كرا ده‌توانێت ببێته‌وه به مرۆڤێكی ئاسایی. به‌ڵام سزای بڕینی ده‌ست دور نیه ببێته هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سه رقێكی توند له كۆمه‌ڵگا هه‌ڵ بگرێت و ببێته تاوانكارێكی ترسناك. هه‌ندێك جار تاوانكاره ترسناكه‌كان مرۆڤی جهستهشێواو و ده‌رون ئاڵۆز و گرێدارن.
په‌راوێز:
(١) بڕوانه: جواد علي، المفصل فی تاریخ العرب قبل الإسلام. دار الساقي، الطبعة الرابعة، ٢٠٠١. جـ. ١٠، الفصل: ٥٨: الملك والاعتداء علیه، السرقة، ص. ٢٧٦.
(2) بڕوانه: الجبرتي، عبد الرحمن، عجائب الآثار فی التراجم والأخبار. دار الجیل، بیروت،. جـ. ٣، ص‌ص. ٣٤٦ ـ ٣٥٠.
(٣) بڕوانه: صخر، محمد، آل سعود، من أین؟ إلی أین؟ دار القصیم للطباعة و النشر، الطبعة الأولی، ١٩٨١. مكتبة الحرمین علی الإنترنت. ص. ٢١.
(٤) بڕوانه: الطبري، تاریخ الأمم والملوك. دار الكتب العلمیة، بیروت، الطبعة الأولی، ١٤٠٧ هـ. جـ. ٢، ص. ٥٦٧.