سه‌له‌فیه‌ت وه‌كو زه‌مینه‌یه‌ك بۆ عه‌لمانیه‌ت و ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نی
خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌زمونی زانای ئایینیی سه‌له‌فی (ئوسامه ئه‌لقوصی)
سه‌روه‌ر پێنجوێنی
ئه‌زمونی پیاوانی ئایینی له كۆمه‌ڵگای ئیسلامی‌دا پێمان ده‌ڵێت كه گۆڕانكاریی
فیكری و كرانه‌وه و دامه‌زراندنی بیری ئایینیی ڕوناكبیرانه‌ی گونجاو له‌گه‌ڵ سه‌رده‌م
و كۆمه‌ڵگای هاوچه‌رخدا؛ ئه‌گه‌رێكی كرا‌و و كرده‌نیه. و هه‌روه‌ها پێمان ده‌ڵێت ته‌وژمه
سه‌له‌فیه‌كه وه‌كو خۆی و به‌بێ موتوربه‌كردنی به چه‌مكه‌كانی ئیسلامی سیاسی و ئیخوان
موسلیمین؛ ده‌كرێت ته‌وژمێكی لێ په‌یدا ببێت كه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و ده‌وڵه‌تی
مه‌ده‌نی و به‌ڕێوه‌بردنی عه‌لمانی بگونجێت، چونكه هه‌رچه‌ند ئه‌م ته‌وژمه سه‌له‌فیه
له بابه‌ته تیۆلۆجیایی (لاهوتی) ـه‌كاندا زۆر ده‌قپه‌رست و ڕواڵه‌تبینه، به‌ڵام
له بابه‌ته سیاسیه‌كاندا وه‌كو ئیسلامی سیاسی هه‌وڵ ناده‌ن تێكه‌ڵی دروست بكه‌ن
له‌نێوان (سیاسی) و (دینی) دا.
صه‌دوقیه‌كان و فه‌ریسیه‌کانی جیهانی ئیسلامی
ئه‌م حاڵه‌ته‌ش كه ئێسته له كۆمه‌ڵگای ئیسلامی‌دا
نمونه‌ی هه‌یه؛ حاڵه‌تی (صه‌دوقیه‌كان) ی پێش مێژوی زایینی بیر ده‌خاته‌وه كه ڕێبازێكی
یه‌هودی بون له فه‌له‌ستین. ئه‌م صه‌دوقیانه زیاتر وه‌كو سه‌له‌فیه‌كانی كۆمه‌ڵگای
ئیسلامی وا بون: وه‌كو چۆن سه‌له‌فیه‌كان باوه‌ڕیان به گه‌لێك ده‌ق و بیروباوه‌ڕی
لاوه‌كی و ناڕه‌سه‌ن و دره‌نگپه‌یدابوی ناو كۆمه‌ڵگای ئیسلامی نیه، به هه‌مان شێوه‌ش
صه‌دوقیه‌كان ته‌نها باوه‌ڕیان به ده‌قه‌كانی ته‌وڕات هه‌بو، باوه‌ڕیان به‌و كه‌له‌پوره
یه‌هودیه حاخامیه نه‌بو كه دوای ته‌وڕات دروست ببو، هه‌ر بۆیه باوه‌ڕیشیان به‌و
بیروباوه‌ڕانه نه‌بو كه له‌دوای ته‌وڕاته‌وه دروست بون (وه‌كو بیروباوه‌ڕی ژیانی
دوای مردن، كه ئه‌مه له ته‌وڕاتدا شوێنه‌واری نیه). له هه‌مان كاتیش‌دا ده‌توانرێت
بوترێت جۆرێك له (عه‌لمانیه‌ت) ـیان پیاده ده‌كرد كه ده‌سه‌ڵاتی ئایینی و ده‌سه‌ڵاتی
سیاسی‌یان جیا كردبوه‌وه: خۆیان له ئورشه‌لیم خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتی ئایینی بون، ده‌سه‌ڵاتی
سیاسییش به‌ده‌ستی سه‌لوكیه گریكه‌كانه‌وه بو، و به‌م شێوه‌یه هه‌ڵبژارده‌یه‌كی
ئایینی له صه‌دوقیه‌كان ده‌سه‌ڵاتی ئایینیان به‌ده‌سته‌وه بو، هه‌ڵبژارده‌یه‌كی
سیاسییش له سه‌لوكیه‌كان ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌یان به‌ده‌سته‌وه بو، و ئه‌م دو هه‌ڵبژارده
ئایینی و سیاسیه، هه‌م به‌جیا و به‌بێ سنوربه‌زاندن، و هه‌م به هه‌ماهه‌نگی و
هاوپه‌یمانی، وڵاتیان به‌ڕێوه ده‌برد. به‌پێچه‌وانه‌ی صه‌دوقیه‌كانه‌وه، (فه‌ریسیه‌كان)،
كه پێشینه‌ی یه‌هودیه‌تی ڕه‌ببانی (حاخامی) یه كه دواتر و تا ئێسته بوه‌ته یه‌هودیه‌تی
نمونه‌یی؛ ئه‌مانه هه‌م كۆمه‌ڵێك گه‌شه و گۆڕانیان هێنابوه ناو ئایینی یه‌هودیه‌وه
و كۆمه‌ڵێك ده‌قی تریان خستبوه ناو لیستی كتێبه پیرۆزه‌كانه‌وه و كۆمه‌ڵێك بیروباوه‌ڕیان
زیاد كردبو بۆ باوه‌ڕی یه‌هودی، و هه‌م بیرێكی ئایینی ـ سیاسی‌یان په‌ره پێدابو كه
له هه‌ستی نیشتمانی و به‌رهه‌ڵستیی داگیركه‌ره‌وه ئاوی ده‌خوارده‌وه، چونكه ئه‌مانه
قوتابیی ئه‌و پێغه‌مبه‌ره یه‌هودیانه‌ی دوای دیلیی بابیلی بون كه بیریان له
بارودۆخی سیاسیی گه‌له‌كه‌یان ده‌كرده‌وه. بۆیه ئه‌مانه ـ هه‌رچه‌ند وه‌كو ته‌وژمه
یه‌هودیه‌كانی تر [ی وه‌كو جوله‌كه ده‌مارگیره‌كان (قه‌ننائیم קנאים) یان زێلۆته‌كان Zealots كه یه‌كێك بون
له‌و گروپه یه‌هودیه توندوتیژانه‌ی كه ڕوبه‌ڕوی داگیركه‌ری ڕۆمانی ده‌بونه‌وه،
سه‌ده‌ی ١ ز.] توندڕه‌ویش نه‌بون ـ به‌ڵام ئه‌و جۆره عه‌لمانیه‌ته‌ی كه صه‌دوقیه‌كان
په‌یڕه‌وییان ده‌كرد به جۆرێك له بێباوه‌ڕی ده‌زانی و بنچینه‌یان دانا بۆ بیركردنه‌وه‌یه‌كی
ئایینی ـ سیاسی كه بابه‌ته سیاسی و نیشتمانیه‌كان ده‌كاته بابه‌تی ئایینی و به‌م
شێوه‌یه حاڵه‌تی جیاكردنه‌وه‌ی (سیاسی) و (ئایینی) له‌ناو ده‌بات و یه‌كسانیان ده‌كات
به یه‌كتر. هه‌ر بۆیه فه‌ریسیه‌كان تانه‌یان له ئایینداریی صه‌دوقیه‌كان ده‌دا،
و هه‌ر بۆیه بیروڕایه‌كیش دروست بوه ده‌رباره‌ی ڕیشه‌ی (زندیق) كه ده‌ڵێت له
(صدوقی) ـه‌وه هاتوه!(١)
ئێسته له كۆمه‌ڵگای ئیسلامی‌دا ئه‌م دو ته‌وژمه صه‌دوقی و فه‌ریسیه
ئاماده‌ییان هه‌یه و له كێشه‌دان:
ته‌وژمه صه‌دوقیه‌كه، ئه‌و سه‌له‌فیانه‌ن كه پێیان ده‌وترێت (سه‌له‌فیی
مه‌دخه‌لی) و به خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات و پاشكۆیه‌تیی ده‌سه‌ڵات تۆمه‌تبار
ده‌كرێن، له كاتێكدا له كرۆكدا ئه‌مانه باوه‌ڕیان به جۆرێك له جیاكردنه‌وه‌ی
ده‌سه‌ڵاتی ئایینی و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هه‌یه، هه‌ر بۆیه باوه‌ڕیان به‌وه نیه خۆیان
كاری سیاسی و حیزبی بكه‌ن، جگه له‌مه‌ش یاخیبون له ده‌سه‌ڵات به كارێكی هه‌ڵه
و ناپێویست ده‌زانن و پێیان وایه ئاژاوه‌ی لێ په‌یدا ده‌بێت كه له سته‌مكاریی ده‌سه‌ڵاته‌كه
خراپتره. له به‌رامبه‌ریاندا، ته‌وژمه فه‌ریسیه‌كه، ئه‌و هێز و لایه‌نانه‌ی ئیسلامی
سیاسیه كه هه‌رچه‌ند شانازی ده‌كه‌ن به ئۆپۆزیسیۆنبون و به‌رهه‌ڵستیی ده‌سه‌ڵات،
به‌ڵام له كرۆكدا ئه‌مانه كاری ئایینی و كاری سیاسی تێكه‌ڵ ده‌كه‌ن و باوه‌ڕیان
به جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئایینی و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی نیه، و كاری سیاسی و حیزبی
له‌گه‌ڵ كاری ئایینی تێكه‌ڵ ده‌كه‌ن و پێیان وایه ده‌بێت له ڕێگه‌ی كاری حیزبی و
سیاسیه‌وه كار بۆ ئیسلام بكه‌ن.
هه‌ر بۆیه ئه‌م دو ته‌وژمه له كێشمه‌كێشدان، و یه‌كتر تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن:
لایه‌نه سه‌له‌فیه‌كه لایه‌نی ئیسلامی سیاسی تۆمه‌تبار ده‌كات به‌وه‌ی ئایینداریی
كردوه به سیاسه‌ت و حیزبایه‌تی، و ئه‌مه‌ش تا ڕاده‌یه‌كی زۆر ڕاسته. لایه‌نی ئیسلامی
سیاسییش لایه‌نه سه‌له‌فیه‌كه تۆمه‌تبار ده‌كات به پاشكۆیه‌تیی ده‌سه‌ڵات و به‌رگرتن
له هه‌وڵ بۆ گۆڕینی ده‌سه‌ڵات.
به ئه‌زمون بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و شێوازه‌ی لایه‌نه سه‌له‌فیه‌كه بۆ
كۆمه‌ڵگای هاوچه‌رخ و به‌رێوه‌بردنی عه‌لمانی گونجاوه نه‌ك لایه‌نی ئیسلامی سیاسی،
چونكه ئه‌و دابه‌شكردن و جیاكردنه‌وه‌یه‌ی لایه‌نه سه‌له‌فیه‌كه ده‌یكات له‌نێوان
دامه‌زراوه‌ی سیاسی و دامه‌زراوه‌ی ئایینی‌دا؛ ڕێگه خۆشكردنێكه بۆ دروستكردنی كۆمه‌ڵگایه‌كی
مه‌ده‌نی و ده‌وڵه‌تێكی مه‌ده‌نی (نائایینی). به‌ڵام ئیسلامی سیاسی ده‌بێته هۆی نه‌هێشتنی
سنور له‌نێوان (سیاسی) و (ئایینی) و گۆڕینی (سیاسی) بۆ (ئایینی) و به‌كارهێنانی سیاسه‌ت
بۆ ئایین و ئامانجی ئایینی، و گۆڕینی (ئایینی) بۆ (سیاسی) و به‌كارهێنانی ئایین بۆ
سیاسه‌ت و ئامانجی سیاسی.
بۆیه ده‌ڵێم ته‌وژمه سه‌له‌فیه‌كه بۆ كۆمه‌ڵگای هاوچه‌رخ گونجاوتره: بیری
ئایینی و تیۆلۆجیا (لاهوت) و پابه‌ندیی ئایینی له‌نێو خۆیاندا وه‌كو خۆی پارێزگاری
لێ ده‌كه‌ن (و به‌م شێوه‌یه‌ش ده‌ست وه‌رناده‌نه بواره فیكری و زانستیه نوێیه‌كانیشه‌وه)،
به‌ڵام ده‌ست وه‌رناده‌نه سیاسه‌ته‌وه و لێ ده‌گه‌ڕێن ده‌سه‌ڵات ده‌سه‌ڵاتێكی دنیایی
بێت و ده‌سه‌ڵاتی ڕۆژ بێت. به‌ڵام لایه‌نی ئیسلامی سیاسی، هه‌رچه‌ند كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاری
و به‌ره‌وپێشبردن له بیری ئایینی و تیۆلۆجیا (لاهوت) و حوكمه ئایینیه‌كاندا ده‌كات
(ئه‌مه‌ش هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی به‌رگێكی فیكری و زانستیی نوێیان پێ له‌به‌ر بكه‌ن)، به‌ڵام
به نیازی كاری ئایینی ده‌ست وه‌رده‌داته سیاسه‌ته‌وه و ناهێڵن سیاسه‌ت كایه‌یه‌كی
مه‌ده‌نی و دنیایی بێت و، كاری ئایینی و كاری سیاسی جیا بن و سنوریان پارێزراو بێت.
نمونه‌یه‌كی زۆر دیار و گه‌شه‌كردوی ئه‌و ته‌وژمه سه‌له‌فیه، كه‌سێتییه‌كی
ئیسلامیی دیاره كه له‌سه‌ر ته‌وژمه سه‌له‌فیه‌كه حساب ده‌كرێت و له‌و ته‌وژمه‌وه
سه‌رچاوه‌ی گرتوه، كه مه‌لا (ئوسامه ئه‌لقوصی) ـه، كه به دامه‌زرێنه‌ری ته‌وژمێكی
سه‌له‌فیی تایبه‌تی له میسر داده‌نرێت كه ده‌كرێت پێی بوترێت (سه‌له‌فیه‌تی قوصی)!
و به هاوشێوه‌ی (سه‌له‌فیه‌تی مه‌دخه‌لی) ی سه‌عودییه داده‌نرێت كه مه‌به‌ست شوێنكه‌وتوانی
مه‌لا (ڕه‌بیعی مه‌دخه‌لی) ـه له سه‌عودییه. ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مه‌لا
(ئوسامه ئه‌لقوصی) له هه‌ناوی هه‌مان ئه‌و ته‌وژمه سه‌له‌فیه‌وه هاتوه كه وه‌سفمان
كرد به جیاكردنه‌وه‌ی كاری ئایینی له كاری سیاسی، و ئینجا ئه‌مه‌ی كردوه به بنه‌مایه‌ك
بۆ دامه‌زراندنی تیۆریسازییه‌كی ئیسلامی بۆ چه‌مكی ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نی.
ئوسامه ئه‌لقوصی كێیه و چۆن گۆڕاوه و چۆن دروست بوه؟
(ئوسامه عه‌بدوللـه‌تیف ئه‌لقوصی) مه‌لایه‌كی سه‌له‌فیی میسریه، و له مزگه‌وتی
(الهدي المحمدي) له (عین شمس) ی میسر كاروباری ئایینی و وتاری ئایینی جێبه‌جێ ده‌كات.
ناوبراو سه‌ره‌تا صۆفی بوه، و دواتر كاتێك ـ له سه‌ره‌تای حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی
ڕابردودا ـ قوتابیی كۆلێژی پزیشكی بوه بوه‌ته ئه‌ندامی گروپێكی ته‌كفیری، و باوه‌ڕی
وا بوه كه ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه‌كانی و ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی سه‌ر به‌و ده‌وڵه‌ته‌ن؛
(كافر) ن، و له‌ژێر كاریگه‌ریی نوسینه‌كانی (سه‌یید قوطب) و (ئه‌بولئه‌علای مه‌ودودی)
(باوكه ڕۆحیه‌كانی "ئوصولیه‌تی ئیسلامی" ی سیاسی و جیهادی)، و خۆی و
هاوڕێكانی له‌و باوه‌ڕه‌دا بون كه سه‌رۆكی میسر فیرعه‌ونه و هێزه‌كانی ئاسایسیش
ئه‌و سه‌ربازانه‌ی فیرعون (جنود فرعون) ـن كه قورئان ئاماژه‌یان بۆ ده‌كات!
هه‌ر بۆ ته‌واوكردنی كاروانی جیهادی، ناوبراو ده‌ڕوات بۆ یه‌مه‌ن، له‌وێ وای
بۆ هه‌ڵ‌ده‌كه‌وێت خۆی له ئه‌ڵقه‌ی وانه‌ی مه‌لا (موقبیلی وادیعی) ده‌بینێته‌وه كه
یه‌كێكه له هێما گه‌وره‌كان و پێشه‌وا دیاره‌كانی سه‌له‌فیه‌ت له جیهانی ئیسلامی‌دا،
و ئیتر له وانه‌كانی ئه‌ودا بیركرنه‌وه‌ی ده‌گۆڕێت و واز له‌و عه‌قڵه ته‌كفیریه
ده‌هێنێت، و دوایی له‌گه‌ڵی ده‌چێت بۆ سه‌عودییه، به‌ڵام له‌و كاته‌دا (جوهه‌یمانی
عوته‌یبه‌یی) (جهيمان العتيبي) و گروپه‌كه‌ی ده‌وری (مه‌لا موقبیل) یان ده‌دا پێش ئه‌وه‌ی
ئاژاوه‌كه‌یان بقه‌ومێنن و كاره‌ساته‌كه‌ی مزگه‌وتی حه‌ڕام بسازێنن، بۆیه ده‌سه‌ڵاتداران
(مه‌لا موقبیل) و قوتابیه‌كه‌ی، واته (ئوسامه) ی ناوبراو، ده‌گرن و ماوه‌ی دو
مانگ به‌ندی ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش دو مانگ پێش ئه‌وه‌ی ئاژاوه‌كه ڕو بدات.
به‌م شێوه‌یه ئوسامه ئه‌لقوصی كه‌وته به‌ر كاریگه‌ریی میتۆدی سه‌له‌فیی
مه‌لا موقبیلی وادیعی و مه‌لا ڕه‌بیعی مه‌دخه‌لی، بۆیه كاتێك گه‌ڕایه‌وه بۆ میسر
به بیركردنه‌وه‌ی نوێوه؛ ئه‌م جاره‌یان له‌بریی ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی میسر به فیرعه‌ون
بزانێت؛ گه‌ڕایه‌وه و ئه‌و دروشمه میسریه ڕه‌سه‌نه‌ی هه‌ڵگرتبو كه ده‌ڵێت (ژیانی
خۆت بده به نانه‌وا [مه‌به‌ست: ده‌سه‌ڵاتدار] هه‌تا ئه‌گه‌ر نیوه‌یشی بخوات)، و
ئیتر ئه‌وه‌ی دوپات ده‌كرده‌وه كه ده‌سه‌ڵاتدارێكی سته‌مكار باشتره له ئاژاوه
(فتنة) یه‌كی بێ‌ئامان و بێكۆتایی، و بانگه‌شه‌ی ده‌كرد دژی خۆپێشاندان و ئاژاوه و
كوده‌تا و كێشه‌سازكردن. و هه‌روه‌ها بانگه‌شه‌ی ده‌كرد بۆ كۆبونه‌وه و یه‌كڕیزی
و جیانه‌بونه‌وه له كۆمه‌ڵ (الجماعة) و دروستنه‌كردنی گروپگه‌لی جیاواز، و ئه‌وه‌ی
دوپات ده‌كرده‌وه كه ده‌بێت موسوڵمانان یاخی نه‌بن له ده‌سه‌ڵاتداری وڵاته‌كه‌یان
ئه‌گه‌رچی لادانیشی هه‌بێت، به‌ڵام نابێت بێده‌نگ بن له گه‌نده‌ڵی و چاكسازیی بكه‌ن،
و له هه‌مان كاتیش‌دا یه‌كڕیزی بپارێزن و ئاژاوه و دوبه‌ره‌كی دروست نه‌كه‌ن و له
كۆمه‌ڵ (الجماعة) یاخی نه‌بن.
و له‌گه‌ڵ به‌ڵگه شه‌رعیه‌كانیشدا پشت به به‌ڵگه‌ی عه‌قڵییش ده‌به‌ستێت.
بۆ نمونه: ده‌ڵێت: چ سودێك ده‌بینین له هێرشكردنه سه‌ر فه‌رمانڕه‌وا و ده‌سه‌ڵاتدار؟
ده‌بێت له پێشه‌وه خۆمان و ماڵی خۆمان چاك بكه‌ین، نه‌ك داوای چاكسازیی جیهان بكه‌ین
و هێشتا نه‌توانین كێشه‌ی ناو ماڵه‌كه‌ی خۆمان چاك بكه‌ین.
ئه‌م دوپاتكردنه‌وه‌یه‌ی ئه‌لقوصی له‌سه‌ر گرنگیی پابه‌ندبون به كۆمه‌ڵ (الجماعة)
و یه‌كده‌نگیه‌وه؛ له گه‌لێك بابه‌تی تردا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه: دوپاتی سه‌رۆكایه‌تی
و مه‌رجیعیه‌تی ئایینیی (ئه‌زهه‌ر) و موفتیی وڵات ده‌كاته‌وه، و ده‌ڵێت كاتێك ئه‌م
ده‌سه‌ڵاته ئایینیانه فه‌توایه‌ك یان بڕیارێك ده‌رده‌كه‌ن؛ نابێت كه‌سێكی تر خۆی
به موسوڵمانتر بزانێت و دژایه‌تیی بكات و به‌م شێوه‌یه هه‌وڵ بدات یه‌كڕیزی تێك
بدات و له ده‌سه‌ڵاتی ئایینی یاخی ببێت.
هه‌ر له‌م بابه‌ته ئه‌لقوصی ئه‌وه دوپات ده‌كاته‌وه كه ته‌وه‌ره‌ی كۆمه‌ڵی
موسوڵمان ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاته، و ئیتر نابێت هیچ كارێكی به‌كۆمه‌ڵ بكرێت دژی ئه‌و
ئه‌و ده‌وڵه‌ت و سیسته‌مه، بۆیه به‌رهه‌ڵستیی گروپه‌كانی ئیسلامی سیاسی ده‌كات، چونكه
بڕوای ته‌واوی به‌وه هه‌یه كه ئه‌وانه زیان به چه‌مك و بونی (كۆمه‌ڵ) ده‌گه‌یه‌نن
و هه‌وڵ ده‌ده‌ن بۆ یاخیبون له كۆمه‌ڵ و ده‌وڵه‌ت و ئاژاوه‌ی ئایینی و سیاسی
دروست ده‌كه‌ن، كه ئه‌م به پێویستی ده‌زانێت یه‌كڕیزی بپارێزرێت و پشتگیری و له
هه‌مان كاتدا چاكسازیی ده‌سه‌ڵات بكرێت.
هه‌ر بۆیه ناوبراو پێی وایه مه‌ترسیدارترین گروپ بۆسه‌ر ئیسلام؛ كۆمه‌ڵه‌ی
(ئیخوان موسلیمین) ـن، به شێوه‌یه‌ك له وانه‌یه‌كیدا ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌ی وه‌سف
كردوه به (بیرۆكه‌یه‌كی شه‌یتانی)! چونكه له‌ژێر پاڵتۆكه‌ی ئیخوانه‌وه هه‌مو گروپه‌كانی
(جیهاد) و (ته‌كفیر و هیجره‌ت) و (حیزبی ته‌حریر) و (جه‌ماعه‌تی ئیسلامی) هاتونه‌ته
ده‌ره‌وه.
هه‌ر بۆیه به‌ئاشكرا ئه‌لقوصی بانگه‌شه ده‌كات بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی كاری كۆمه‌ڵه‌ی
(ئیخوان)، و قه‌ده‌غه‌كردنی كتێبه‌كانی (سه‌یید قوتب) و (ئه‌بولئه‌علای مه‌ودودی)،
چونكه ئه‌مانه ئیرهابی فیكری بڵاو ده‌كه‌نه‌وه. به‌ڵام له هه‌مان كاتیش‌دا هه‌ست
ده‌كات كه هه‌ڵكێشانی بیری ئیخوان و (سه‌یید قوتب) و (ئه‌بولئه‌علای مه‌ودودی)
ئاسان نیه، چونكه ـ ده‌ڵێت ـ ئیخوان وه‌كو شێرپه‌نجه‌یه‌ك به جومگه‌كانی ده‌وڵه‌تدا
بڵاو بونه‌ته‌وه.
هه‌ر بۆیه ناوبراو به‌رگری له‌و حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتانه ده‌كات كه دژایه‌تیی
تاكه ئایینداره‌كان ناكه‌ن به‌ڵكو دژایه‌تیی گروپه‌كان ده‌كه‌ن كه یه‌كڕیزی له‌ناو
ده‌به‌ن و ئیرهاب دروست ده‌كه‌ن. و بانگه‌شه ده‌كات بۆ پشتگیریی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته.
هه‌روه‌ها ئه‌لقوصی به‌وه ناسراوه كه به‌رده‌وام ڕه‌خنه ده‌گرێت له
بانگخوازه‌كان و هێما سه‌له‌فیه‌كانی میسر، و هه‌روه‌ها دژی كه‌ناڵه ئیسلامیه‌كانه
و ده‌ڵێت: له سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ریشدا نه‌بوه ٢٤ سه‌عات باس هه‌ر باسی ئیسلام بێت!
و ده‌ڵێت ئامانجی ئه‌و كه‌ناڵانه و ئه‌و بانگخوازانه كه به‌به‌رده‌وامی ئه‌و كه‌ناڵانه‌یان
داگیر كردوه؛ پاره و قازانجی ماددیه و پاڵنه‌ری ئایینی خه‌ڵك ئیستیغلال ده‌كه‌ن
بۆ قازانجی خۆیان.
ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نی له فیكری (ئه‌لقوصی) دا
فیكری ئه‌لقوصی لایه‌ن و درێژه‌ی زۆره، و لێره‌دا ته‌نها تیشك ده‌خه‌ینه
سه‌ر ئه‌و (ته‌ئصیل) ـه شه‌رعی و عه‌قڵیه‌ی ده‌یكات بۆ ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نی، كه له
وتارێكیدا تیشكی خستوه‌ته سه‌ری، و لێره‌وه ناوه‌ڕۆكی وتاره‌كه‌ی له‌سه‌ر زاری خۆیه‌وه
ده‌خه‌ینه ڕو:
ئه‌گه‌ر كه‌سێكی ناموسوڵمان له‌سه‌ر
كورسیی فه‌رمانڕه‌وایی له ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه دابنیشێت؛ ئاساییه و پێویست
ناكات به‌رهه‌ڵستیی بكرێت، هه‌ر وه‌كو حه‌زره‌تی یوسف له‌گه‌ڵ پاشای میصر، و ئه‌مه
هیچ كێشه‌ی تێدا نیه. بۆ نمونه: ئه‌گه‌ر سه‌رۆك وه‌زیران پیاوێكی ئه‌وپه‌ڕی پاك
و ده‌ستپاك و زیره‌ك و شاره‌زا بێت، و ببێته سه‌رۆك وه‌زیران و مه‌سیحییش بێت و ئێمه‌ش
په‌سه‌ندی بكه‌ین؛ هیچ كێشه نیه، وه‌كو چۆن هیچ كێشه نه‌بو كه یوسف بوه وه‌زیری
پاشای میسر.
و مه‌رج نیه (ته‌مكین) و گرتنه
ده‌ستی ده‌سه‌ڵات گشتگیر بێت، و ده‌گونجێت هه‌نده‌كی (جزئی) بێت، و ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی
یوسف له‌م بابه‌ته بو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا قورئان ده‌ڵێت یوسف (ته‌مكین) ی له‌لایه‌ن
خواوه بۆ كراوه و ده‌سه‌ڵات (ملك) ی پێ دراوه: (وكذلك مكّنّا ليوسف في الأرض) (یوسف:
٢١)، (ربّ قد آتيتني من الملك) (یوسف: ١٠١)، ئه‌مه‌ش له كاتێكدا یوسف له شانشینییه‌كدا
كاربه‌ده‌ست بو كه پاشاكه‌ی موسوڵمانیش نه‌بو.
ئینجا ده‌ڵێت: ئێمه شه‌ریك و
هاوبه‌شین له یه‌ك نیشتماندا. مه‌رج بۆ ده‌سه‌ڵات ته‌نها ئه‌وه‌یه چاك بێت و چاكساز
بێت. خوا پشتگیریی ده‌وڵه‌تی دادپه‌روه‌ر ده‌كات ئه‌گه‌ر بێباوه‌ڕیش بێت. و پشتی ده‌وڵه‌تی
سته‌مكاریش به‌ر ده‌دات ئه‌گه‌ر ئیسلامی‌یش بێت.
ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه گرنگه به‌رژه‌وه‌ندیی
ئه‌م ماڵه هاوبه‌شه‌یه.
بۆ نمونه: تۆ له باڵه‌خانه‌یه‌كدایت
چل شوققه‌ی تێدایه، دو شوققه مه‌سیحین، ئه‌وانه‌ی تر موسوڵمانن، مه‌سیحییه‌ك له‌ناویاندا
زۆر به‌عه‌قڵ و به‌ته‌گبیر و وریایه، ده‌یكه‌ین به به‌ڕێوه‌به‌ری باڵه‌خانه‌كه.
و هیچ كێشه‌ی تێدایه، و لێی ناپرسین دینی تۆ چیه. خۆ ئه‌مه نامانبات بۆ حه‌ج، به‌ڵكو
بیناكه به‌ڕێوه ده‌بات، هیچ په‌یوه‌ندیی به دینه‌وه نیه، ته‌نها ئه‌وه‌مان لێی
ده‌وێت بیناكه به‌چاكی به‌ڕێوه ببات و به‌رده‌وامی و ڕێك‌وپێكی و پاك‌وخاوێنیی بیناكه
بپارێزێت. ده‌وڵه‌ت شتێكی مه‌ده‌نیه، هه‌مو هاوڵاتییه‌ك تێیدا مافی خۆی هه‌یه.
ئه‌مه ئامانجه‌كه‌یه. به‌ڵام
هه‌ندێك به جۆرێكی تر بیر ده‌كه‌نه‌وه و ده‌ڵێن: ئێمه ده‌وڵه‌تێكی دینیمان ده‌وێت.
به‌ڵام له ئیسلامدا ده‌وڵه‌تی
دینی نیه. ده‌وڵه‌ته‌كه ئیسلامیه به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی مه‌ده‌نی به‌ڕێوه ده‌برێت.
هه‌تا بۆ ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی پێغه‌مبه‌ریش
له مه‌دینه؛ بۆ نمونه ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ر یه‌هودیه‌كی هاوڵاتیه‌كی ئه‌و ده‌وڵه‌ته
به ده‌ستدرێژی بۆسه‌ر پێغه‌مبه‌ر حساب بو، پێغه‌مبه‌ر بۆ خۆی ده‌ڵێت: (من آذى
ذميا؛ فقد آذاني).
له كاتێكدا (ئه‌بو به‌صیر) (عتبة
بن أسيد الثقفي) ـ كه پیاوێكی موسوڵمانی مه‌ككه‌یی بو ـ دێت؛ ته‌سلیمی بێباوه‌ڕه
مه‌ككه‌ییه‌كانی ده‌كاته‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هاوڵاتیی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی نین. ئه‌مه‌ش
له كتێبه‌كانی سیره و حه‌دیسدا باس كراوه. یانی صه‌حابییه‌ك دێت بۆ مه‌دینه، به‌ڵام
په‌یماننامه و ڕێككه‌وتن هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كاتێك كه‌سێك دێت بۆ مه‌دینه و
هاوڵاتیی ئه‌وێ نیه؛ ده‌بێت بینێرێته‌وه و ته‌سلیمی ئه‌وانی بكاته‌وه، و لێپرسراو
نیه لێی. بۆیه پێغه‌مبه‌ر ته‌سلیمی مه‌ككه‌ییه‌كانی كرده‌وه. مرۆڤێكی موسوڵمانه
به‌ڵام نه‌هاتوه‌ته ناو چوارچێوه‌ی ویلایه‌ت و هاوڵاتیبونه‌وه، نه‌بوه‌ته هاوڵاتیی
ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی.
له قورئانیشدا ئاماژه بۆ ئه‌مه
كراوه: (إن الذين آمنوا وهاجروا وجاهدوا بأموالهم وأنفسهم في سبيل الله والذين
آووا ونصروا؛ أولئك بعضهم أولياء بعض، والذين آمنوا ولم يهاجروا؛ ما لكم من
ولايتهم من شي‌ء حتى يهاجروا، وإن استنصروكم في الدين؛ فعليكم النصر إلا على قوم
بينكم وبينهم ميثاق. والله بما تعملون بصير) (الأنفال: ٧٢)، ده‌ڵێت: ئه‌و موسوڵمانانه‌ی
كۆچیان كردوه بۆ مه‌دینه و ئه‌وانه‌ی خه‌ڵكی شاره‌كه‌ن و یارمه‌تیی ئه‌وانیان
داوه و هه‌مویان هاوڵاتیی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی مه‌دینه‌ن؛ ئه‌مانه هه‌مو مافێكیان هه‌یه
و به‌رگرییان لێ ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی موسوڵمانن و كۆچیان نه‌كردوه بۆ مه‌دینه
و نه‌بونه‌ته هاوڵاتیی ئه‌و ده‌وڵه‌ته؛ مافی پاراستن و به‌رگریلێكردنیان نیه، و
ئه‌گه‌ر ئه‌وانه له‌سه‌ر ئایین ئازار دران و داوای یارمه‌تییان كرد؛ ده‌بێت یارمه‌تییان
بده‌ن مه‌گه‌ر ئه‌وه دژی كۆمه‌ڵێك بێت كه له‌نێوان ئه‌وان و ئه‌و ده‌وڵه‌ته ئیسلامیه‌دا
په‌یمان (ميثاق) هه‌بێت؛ ئه‌و كاته نابێت بۆ یارمه‌تیی ئه‌و موسوڵمانانه شه‌ڕ له‌گه‌ڵ
ئه‌و كۆمه‌ڵه‌دا بێت بكرێت.
بۆیه به‌پێی ئه‌مه: موسوڵمان
هه‌یه له هاوڵاتیه‌كانی ده‌وڵه‌ته ئیسلامیه‌كه نیه، بۆیه ئه‌رك و مافه‌كانی ئه‌وانه‌ی
نیه كه هاوڵاتیی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ن. هه‌ر بۆیه ئه‌وه‌ی له هاوڵاتیه‌كانی ده‌وڵه‌ته
ئیسلامیه‌كه نیه؛ ئه‌گه‌ریش له‌لایه‌نی دینیه‌وه توشی كێشه بو و ئازار درا؛ ده‌بێت
پشتگیریی بكرێت، به‌وه‌ی به شێوه‌یه‌كی دیپلۆماسی په‌ستان بخرێته سه‌ر ئه‌و وڵاته
و داوای لێ بكرێت مافیان بداتێ و سته‌میان لێ نه‌كات. به‌ڵام نابێت كێشه و شه‌ڕ له‌گه‌ڵ
ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌دا بكرێت ئه‌گه‌ر هاوپه‌یمان بو له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته ئیسلامیه‌كه‌دا.
ئینجا ده‌ڵێت: به‌ڵام زۆر
موسوڵمان هه‌ن ئێسته به شێوه‌یه‌كی سۆزدارانه (عاتیفی) بیر ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام
كار به سۆز و عاتیفه ناكرێت، دین خۆی چی ده‌ڵێت كار به‌وه ده‌كرێت.
ئینجا باسی ئه‌فسه‌رێكی گه‌نجی
میسری ده‌كات كه به پێشنیارێكی ئه‌و سوپای میسر كاتی خۆی توانیویه‌تی كه‌ناڵی سوێس
تێبپه‌ڕێنێت، ئه‌وه‌ش ئۆكتۆبه‌ری ساڵی ١٩٧٣، كه ئه‌فسه‌رێكی گه‌نجی مه‌سیحی بو، به
ناوی (باقي ذكي يوسف)، كه له‌ناو ئه‌و هه‌مو ئه‌فسه‌ر و پله‌داره‌دا كه له پله
و ته‌مه‌ن و ئه‌زمون و شاره‌زاییدا له هه‌مویان بچوكتر بو، بیرۆكه‌یه‌كی بۆ هات و
پێشنیاری كرد كه با ئاو به‌كار بهێنرێت بۆ لابردنی ئه‌و به‌ربه‌سته گڵه‌ی كه هه‌بوه،
كه ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ش بۆ یه‌كه‌م جار بو له مێژودا بیری لێ بكرێته‌وه و سودی لێ
ببینرێت.
جا ده‌ڵێت: پیاوێكی میسریی دڵسۆزی
ئاوا، ئه‌گه‌ر ببێته سه‌رۆك یان سه‌رۆكێك له میسردا؛ با مه‌سیحییش بێت؛ بۆچی به‌لامانه‌وه
خراپ بێت؟!
له كۆتاییدا ده‌ڵێت: ئیسلامێكی
واقیعی و واقیعبینمان ده‌وێت، نه‌ك دروشم و (شیعارات).
په‌راوێز:
(١) مه‌به‌ستم ته‌نها بیركردنه‌وه‌ی
پشتی ئه‌م بیروڕایه‌یه، ئه‌گه‌رنا له ڕاستیدا وشه‌ی "زِنْدِيق" ی عه‌ره‌بی، وه‌كو "زه‌ندیك"
ی په‌هله‌وی، كه ئه‌مانه واتای بیدعه‌چی یاخود هێرێتیك "هرطقي" ده‌ده‌ن و سه‌ره‌تا به
مانیه‌كان و ـ ڕه‌نگه ـ مه‌زده‌كیه‌كانیش وتراوه،
له صه‌ددیق צדיק ی ئاڕامیی فه‌له‌ستینی (یاخود: صه‌ددیق ܨܕܝܩ ی سوریانیی فه‌له‌ستینی) ـه‌وه هاتوه، وشه‌كه‌ش به سوریانی به واتای
پیاوچاك یاخود چاكه‌كار (بارّ) یان ـ وردتر ـ ڕاستاڵ (صالح) ـه، و یه‌كه‌م جار
به پله‌یه‌كی مانیه‌كان وتراوه كه به‌رزترین پله‌ی شوێنكه‌وته‌ی ئه‌و ئایینه‌یه،
له سوریانیی كلاسیكییشدا وشه‌كه بوه‌ته (زه‌دیقا) ܙܰܕܝܩܳܐ، ئیتر ئه‌م شێوه سوریانیه وه‌رگیراوه و وشه‌ی
"زِنْدِيق" ی لێ دروست كراوه. هه‌ندێكیش ده‌ڵێن وشه‌ی "زِنْدِيق"
له "زه‌ندیك" ی په‌هله‌ویه‌وه هاتوه، به‌ڵام ڕه‌نگه ئه‌مه نێوه‌ند
و گوێزه‌ره‌وه‌یه‌ك بێت له‌نێوان وشه سوریانیه‌كه و وشه عه‌ره‌بیه‌كه (واته به
واتای هێرێتیك "هرطقي" له كه‌ناڵه په‌هله‌ویه‌كه‌وه هاتوه‌ته عه‌ره‌بی،
ڕاسته‌وخۆش له سوریانیه‌وه هاتوه‌ته عه‌ره‌بی و بوه‌ته "صِدّيق" |صیددیق|
به واتای پیاوچاك، وه‌كو "یوسف الصدیق" و "أبو بكر الصدیق")،
ئینجا ئه‌گه‌ر "زه‌ندیك" ی په‌هله‌وی نیسبه‌تدان بێت بۆ (زه‌ند) كه لێكدانه‌وه‌ی
په‌هله‌ویانه‌ی ئه‌وێستایه؛ بۆچی هه‌ر له په‌هله‌وی و ئه‌ده‌بیاتی زه‌رده‌شتیدا
به واتای هێرێتیك "هرطقي" به‌كار هاتوه؟ و بۆچی سه‌ره‌تا بۆ مانیه‌كان
به‌كار هاتوه له‌بریی ئه‌وه‌ی بۆ خودی زه‌رده‌شتیه‌كان به‌كار بێت؟ بۆیه هه‌ر ئه‌وه
ڕاسته كه زه‌رده‌شتیه‌كان ئه‌م وشه ئارامیه‌یان له خودی مانیه‌كان وه‌رگرتوه
كه به پله‌یه‌كی به‌رزی ئه‌وان وتراوه، و له ڕوانگه‌ی زه‌رده‌شتیه‌كانه‌وه وشه‌كه
واتای هێرێتیك "هرطقي" و (بێ‌دین) ی گه‌یاندوه، و به‌م واتایه گواستراوه‌ته‌وه
بۆ عه‌ره‌بییش.
سه‌رچاوه:
١. ده‌رباره‌ی كه‌سێتیی (أسامة القوصي)، بۆ نمونه؛ بڕوانه:
محمد حامد، من هو أسامة القوصي؟ (التغيير)، ٢٨ مارس، ٢٠١١.
٢. بۆ وتاره‌كه‌ی (أسامة
القوصي) ده‌رباره‌ی ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نی و ئیسلام، بڕوانه: الشيخ أسامة القوصي الفاضل يتكلم على الدولة المدنية (یوتیوب).