ئایا پێغه‌مبه‌ری ئیسلام خوێنده‌وار بوه؟
ئایا قورئان زاده‌ی خوێنده‌واریه؟
ئایا قورئان زاده‌ی خوێنده‌واریه؟
سه‌روه‌ر پێنجوێنی
یه‌كێك له‌و لایه‌نه ناڕۆشنانه‌ی ژیاننامه‌ی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام موحه‌ممه‌د كه مشت‌ومڕی زۆریان له‌سه‌ره و بیروڕای ناكۆكیان له‌سه‌ره، ئه‌وه‌یه ئایا ناوبراو خوێنده‌وار بوه و توانای خوێندنه‌وه و نوسینی هه‌بوه یان نا. ئه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ی هه‌ستیار و ئاڵۆز كردوه ئه‌وه‌یه ئه‌وانه‌ی (یان زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی) پێیان وایه موحه‌ممه‌د خوێنده‌وار بوه ئامانجیان ئه‌وه‌یه بڵێن قورئان زاده‌ی خوێنده‌واری و خوێندنه‌وه‌ی كتێبه ئایینیه‌كانی پێشتره، ئه‌وانه‌ش كه ده‌ڵێن موحه‌ممه‌د نه‌خوێنده‌وار بوه ئامانجیان ئه‌وه‌یه بڵێن قورئان زاده‌ی (وه‌حی) ی خواییه و هیچ به‌شداری و بیر و داهێنانێكی موحه‌ممه‌دی تێدا نیه. ئه‌مه‌ش بابه‌ته‌كه‌ی هه‌ستیار كردوه و كارێكی كردوه مشت‌ومڕه‌كه له باس‌وخواسێكی زانستیه‌وه ببێته شه‌ڕی بیروباوه‌ڕ و ئایدیۆلۆجیا. له كاتێكدا (خوێنده‌واری) و (نه‌خوێنده‌واری) ی موحه‌ممه‌د هیچیان له خۆیاندا ناتوانن تیشكی پێویست بخه‌نه سه‌ر (سه‌رچاوه) ی قورئان و ناتوانن ببنه بنه‌مایه‌كی ته‌واو بۆ پۆلێنكردنی قورئان، چونكه نه (خوێنده‌واربون) ی موحه‌ممه‌د ده‌توانێت هه‌مو دیارده‌یه‌ك له قورئاندا ڕاڤه بكات، نه (نه‌خوێنده‌واربون) ی ناوبراویش ده‌توانێت ببێته به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌و بیرۆكه و زانیاریانه‌ی له قورئاندا هه‌ن له خواوه هاتون نه‌ك به شاره‌زابون له كتێبه ئایینیه‌كانی پێش‌و، چونكه جگه له خوێندنه‌وه ڕێگه‌یه‌كی تر هه‌یه بۆ شاره‌زابون له كتێبه ئایینیه‌كانی پێش‌و كه ئه‌ویش بیستن و وه‌رگرتنی ده‌ماوده‌مه، شتێكی ئاشكرایه كه بیرۆكه و چیرۆكه ئایینیه‌كان هه‌مو كاتێك ده‌توانن ببنه باس‌وخواس و چیرۆكی میللی و ده‌ماوده‌م كه مرۆڤه نه‌خوێنده‌واره‌كانیش له توانایاندا هه‌یه بیانبیستن و وه‌ریانبگرن و بیانگێڕنه‌وه بۆ خه‌ڵكی تریش.. بۆ نمونه منداڵێكی موسوڵمان یان موسوڵمانێكی نه‌خوێنده‌وار، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ئاماده‌ی ئامۆژگاری و وتاری مامۆستا ئایینیه موسوڵمانه‌كان ببێت؛ ده‌بینیت ئاگایی له هه‌مو یان زۆربه‌ی چیرۆكه قورئانی و ئیسلامیه‌كان هه‌یه و ده‌توانێت بیانگێڕێته‌وه. كه‌واته مه‌رج نیه ئه‌گه‌ر كه‌سێك نه‌خوێنده‌وار بو ئیتر نه‌توانێت باس‌وخواس و چیرۆكه ئایینیه‌كان وه‌ربگرێت و ئاگاداریان ببێت. بۆیه موحه‌ممه‌د هه‌رچه‌ند نه‌خوێنده‌واریش بوبێت ئه‌وه نابێته به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی كه نه‌یتوانیبێت بیرۆكه و چیرۆكه یه‌هودی و مه‌سیحیه‌كان ببیستێت و وه‌ربگرێت و بیانگێڕێته‌وه. كه‌واته (نه‌خوێنده‌واربون) ی موحه‌ممه‌د له خۆیدا نابێته به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی كه بیرۆكه و زانیاریه‌كانی قورئان به ڕێگه‌ی ناسروشتی و (خوایی) وه‌رگیراون. هه‌روه‌كو له لایه‌نه‌كه‌ی تریشه‌وه (خوێنده‌واربون) ی موحه‌ممه‌دیش ناتوانێت به كارامه‌یی دیارده قورئانیه‌كه لێك بداته‌وه، یان ـ به گوزارشێكی تر ـ بۆ لێكدانه‌وه‌ی دیارده قورئانیه‌كه پێویست به گریمانكردنی (خوێنده‌واربون) ی موحه‌ممه‌د ناكات، به‌ڵكو ڕه‌نگه ئه‌و گریمانه‌یه له لێكدانه‌وه‌ی هه‌ندێك لایه‌نی دیارده قورئانیه‌كه‌دا كێشه‌ش دروست بكات.. كه دواتر ئه‌م لایه‌نه ڕون ده‌كه‌ینه‌وه. له‌لایه‌كی تریشه‌وه گریمانه‌ی (خوێنده‌واربون) ی موحه‌ممه‌د به‌ته‌نها به‌س نیه بۆ كه‌سێك پێی وا بێت موحه‌ممه‌د به خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه ئایینیه‌كانی پێشتر قورئانی به‌رهه‌م هێناوه، چونكه به‌ته‌نها (خوێنده‌واری)، واته زانینی خوێندنه‌وه و نوسینی عه‌ره‌بی، نابێته بنه‌مای ته‌واو بۆ ئه‌و بیروڕایه، به‌ڵكو له‌و حاڵه‌ته‌دا پێویسته ئه‌وه‌ش بسه‌لمێنرێت كه موحه‌ممه‌د زمانه‌كانی ئه‌و ده‌قه ئایینیانه‌ی پێشتری زانیوه، وه‌كو عیبری و ئاڕامی و سوریانی و گریكی.. كه سه‌لماندنی ئه‌مه‌ش ئه‌سته‌مه، هه‌روه‌ها ده‌بێت ئه‌وه‌ش بسه‌لمێنرێت كه موحه‌ممه‌د ئه‌و كتێبه ئایینیانه‌ی پێشتری ده‌ست كه‌وتبێت و به‌م پێیه‌ش ده‌بێت كتێبخانه‌یه‌كی ئایینیی ئاوه‌دانی هه‌بوبێت! كه سه‌لماندنی ئه‌مه‌ش هه‌ر ئه‌سته‌مه. كه‌واته گریمانه‌ی (خوێنده‌واربون) ی موحه‌ممه‌د وه‌كو به‌ڵگه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی گوایه موحه‌ممه‌د ڕاسته‌وخۆ له ته‌وڕات و ئینجیل و ده‌قه‌كانی تره‌وه بیرۆكه و چیرۆكی گواستوه‌ته‌وه، به‌ڵگه‌یه‌كی زۆر لاوازه چونكه ته‌نها خوێنده‌واریی عه‌ره‌بی به‌س نیه بۆ تاو‌وتوێكردنی ئه‌و ده‌قانه.. و له‌وه‌ش دڵنیاین كه ده‌قه‌كانی (په‌یمانی كۆن) و (په‌یمانی نوێ) و پاشكۆكانیان له نیمچه‌دورگه‌ی عه‌ره‌بیدا له‌به‌ر ده‌ستدا نه‌بون و گومان هه‌یه له‌وه‌ی نوسخه‌یه‌كی ته‌واوی ـ بۆ نمونه ـ ته‌وڕاتی عیبری له نیمچه‌دورگه‌كه‌دا له‌به‌ر ده‌ستدا بوبێت.. هه‌روه‌كو بونی وه‌رگێڕانی عه‌ره‌بی بۆ ئه‌و ده‌قانه‌ی (په‌یمانی كۆن) و (په‌یمانی نوێ) له‌و سه‌رده‌م و جێگایه‌دا هیچ به‌ڵگه و شوێنه‌وارێكی نیه [هه‌ڵبه‌ته ده‌نگ‌وباسی وه‌رگێڕانی هه‌ندێك ده‌قی لاوه‌كی هه‌یه، وه‌كو ("ئینجیلی منداڵیی مه‌سیح" ی عه‌ره‌بی) Arabic Gospel of the Infancy (إنجيل الطفولية) كه ئینجیلێكی ناڕه‌سمیه و بنه‌ڕه‌ته داب‌ونه‌ریتیه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ده‌ی (٢ ز.)، نوسینی ده‌قه سوریانیه فه‌وتاوه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه بۆ سه‌ده‌ی (٥ ز.)، یان ـ به وته‌ی هه‌ندێک سه‌رچاوه ـ دوروبه‌ری (٤٠٠ ز.)، ئینجا له سوریانیه‌وه كراوه به عه‌ره‌بی، و ئه‌م وه‌رگێڕانه عه‌ره‌بیه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ده‌ی (٦ ز.) واته ساڵانی (٥٠٠ ز.) ـه‌كان، هه‌ندێک سه‌رچاوه‌ی تریش دانانی خودی ده‌قه سوریانیه‌که ده‌گێڕنه‌وه بۆ هه‌مان سه‌ده‌ی (٦ ز.).. ئه‌مه‌ش هه‌موی واته پێش ئیسلام، و وا ده‌رده‌كه‌وێت پێش ئیسلام له‌ناو عه‌ره‌بدا و له‌ناو مه‌سیحیه‌كانی نیمچه‌دورگه‌ی عه‌ره‌بیدا بڵاو بوبێت. شایه‌نی باسه ئه‌م ده‌قه هه‌ندێك بابه‌تی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ قورئاندا هه‌یه: ده‌ڵێت یه‌شوع به منداڵی قسه‌ی كردوه (بڕوانه: ئینجیلی منداڵی: ١) و له قوڕ شێوه‌ی باڵنده و شتی تری دروست كردوه و كردویه‌تی به باڵنده‌ی زیندو (بڕوانه: ئینجیلی منداڵی: ٣٦)، كه هه‌مان شت له قورئانیشدا ده‌رباره‌ی عیسا ده‌بینینه‌وه: قسه‌كردنه‌كه‌ی: آل عمران: ٤٦، المائدة: ١١٠، مريم: ٢٩، ٣٠. باڵنده دروستكردنه‌كه‌ی له قوڕ: آل عمران: ٤٩، المائدة: ١١٠. هه‌روه‌ها هه‌واڵی بونی ده‌قی عه‌ره‌بی و وه‌رگێڕانی هه‌ندێك ده‌قی یه‌هودیمه‌سیحیی ترمان پێ گه‌یشتوه، وه‌كو ده‌قی (كێشمه‌كێشی ئاده‌م و حه‌ووا له‌گه‌ڵ شه‌یتان) و ("وه‌سێته‌كانی ئیسحاق و یه‌عقوب" ی عه‌ره‌بی) كه لێره‌دا بواری درێژه‌ی باسه‌كه‌یان نیه.. به‌ڵام گومان هه‌یه له ژینگه حیجازیه‌كه‌ی قورئاندا ئه‌م سێ ده‌قه‌ی ناوم بردن ("ئینجیلی منداڵی" ی عه‌ره‌بی، "كێشمه‌كێشی ئاده‌م و حه‌ووا له‌گه‌ڵ شه‌یتان"، "وه‌سێته‌كانی ئیسحاق و یه‌عقوب" ی عه‌ره‌بی) نوسخه‌یان له‌به‌ر ده‌ستدا بوبێت، به‌ڵام دڵنیاین كه گه‌لێك له چیرۆكه‌كانی ئینجیلی منداڵیی مه‌سیح و زۆر ده‌قی تریش به شێوه‌ی چیرۆكی میللی و ده‌ماوده‌م له حیجازیشدا باو بون، یانی كۆمه‌ڵێك داب‌ونه‌ریتی ده‌ماوده‌م له‌و ده‌قانه‌وه بڵاو بونه‌ته‌وه له ناوچه‌كه‌دا، له ڕێگه‌ی وه‌رگێڕانی عه‌ره‌بیه‌وه بێت یان گێڕانه‌وه و گواستنه‌وه‌ی ده‌ماوده‌می چیرۆكه‌كان له ڕێگه‌ی مه‌سیحیه‌كانه‌وه]. هه‌روه‌ها له قورئاندا گه‌لێك چیرۆك و بیرۆكه هه‌ن كه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ته‌لمود و میدراش و ته‌رگوم و ده‌قه یه‌هودی و مه‌سیحیه‌كانی تر، كه شتێكی ئه‌سته‌مه ئه‌م ده‌قانه نوسخه‌یان له ژینگه‌ی قورئاندا هه‌بوبێت و ئاشكرایه كه وه‌رگێڕانی عه‌ره‌بییشیان نه‌بوه. كه‌واته گریمانه‌ی (خوێنده‌واری) ی موحه‌ممه‌د وه‌كو بنه‌مایه‌ك بۆ لێكدانه‌وه‌ی قورئان و دۆزینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌كانی ئه‌و ده‌قه، له خۆیدا كێشه و گرفتی زۆری هه‌ڵ گرتوه.. له كاتێكدا گریمانه‌ی (نه‌خوێنده‌واری) ی موحه‌ممه‌د هیچ كێشه‌یه‌كی نیه له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕاستیه‌دا كه گه‌لێك بڕگه‌ی كه‌له‌پوری یه‌هودی و مه‌سیحی له نیمچه‌دورگه‌كه‌دا به شێوه‌ی كه‌له‌پوری ده‌ماوده‌م باو بون و نه‌خوێنده‌وارێكیش توانیویه‌تی بیانبیستێت و وه‌ریانبگرێت، به‌تایبه‌تی بۆ كه‌سێكی عه‌وداڵ و هۆشیاری وه‌كو موحه‌ممه‌د، كه ـ به‌پێی گێڕانه‌وه ئیسلامیه‌كان ـ پێش ئیسلام و دوای ئیسلامیش گوێی گرتوه بۆ زۆر كه‌س له‌وانه‌ی شاره‌زاییه‌كیان له كه‌له‌پوری ئایینی هه‌بوه، به‌پێی ئه‌و گێڕانه‌وانه موحه‌ممه‌د دوای ئیسلامیش گوێی گرتوه بۆ كه‌سانی وه‌كو (ته‌میمی داری) و (سه‌لمانی فارسی) كه پێشتر ئه‌زمونی ئایینی‌یان هه‌بوه. هه‌روه‌ها هه‌ر ئه‌و گێڕانه‌وانه ئاماژه بۆ بونی كه‌سێك [یان چه‌ند كه‌سێك] ی مه‌سیحی ده‌كه‌ن له مه‌ككه‌دا كه ئاسنگه‌ر بوه و موحه‌ممه‌د زۆر جار لای دانیشتوه و گوێی بۆ گرتوه [كاتێكیش مه‌ككه‌ییه‌كان وتویانه ئه‌و كه‌سه مه‌سیحیه موحه‌ممه‌د فێر ده‌كات؛ قورئان وه‌ڵامی داوه‌ته‌وه به‌وه‌ی كه زمانی ئه‌و كه‌سه عه‌ره‌بی نیه و ئه‌م قورئانه‌ش به زمانێكی عه‌ره‌بیی ڕه‌وانه: (لِسانُ الذي يُلْحِدون إليه أعجميّ وهـذا لسان عربي مبين) (النحل: ١٠٣). كه ئه‌م وه‌ڵامه‌ش سه‌ركه‌وتو نیه، چونكه مه‌به‌سته‌كه ئه‌وه نیه كه ده‌ق و ده‌سته‌واژه‌كانی قورئان له‌و ئاسنگه‌ره مه‌سیحیه وه‌رگیرابن، به‌ڵكو مه‌به‌سته‌كه ته‌نها هه‌ندێك بیرۆكه و چیرۆكه كه ئه‌و كه‌سه بێ گومان ئه‌وه‌نده عه‌ره‌بی فێر بوه كه بتوانێت به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان بۆ موحه‌ممه‌دی بگێڕێته‌وه. ئه‌و كه‌سه كۆیله‌ی بنه‌ماڵه‌یه‌كی مه‌ككه بوه كه سه‌رچاوه‌كان یه‌كده‌نگ نین له ناوهێنانی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌دا، هه‌روه‌كو له ناوهێنانی كۆیله‌كه‌یشدا یه‌كده‌نگ نین: هه‌ندێكیان ده‌ڵێن ناوی (جه‌بر) بوه، هه‌ندێكی تریان ده‌ڵێن ناوی (یه‌عیش) بوه، هه‌ندێكی تریشیان ده‌ڵێن ناوی (به‌لعام) بوه، هه‌ندێكی تریشیان ده‌ڵێن دو كۆیله بون به ناوی (یه‌سار) و (جه‌بر). به‌ڵام زۆربه‌یان ده‌ڵێن ئه‌و كه‌سه له بنه‌ڕه‌تدا (ڕۆمی) بوه، هه‌ڵبه‌ته (ڕۆمی) مه‌به‌ست یۆنانی ـ بیزانتیه، هه‌ندێكیش له گێڕانه‌وه‌كان ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌و كه‌سه خوێنده‌وار بوه و كتێبی هه‌بوه: ده‌رباره‌ی یه‌عیش ناوه‌كه ده‌ڵێن كتێبی ده‌خوێنده‌وه، ده‌رباره‌ی جه‌بر ناوه‌كه ده‌ڵێن كتێبی هه‌بوه. گێڕانه‌وه‌یه‌كیش ده‌رباره‌ی هه‌ردو (یه‌سار) و (جه‌بر) ده‌ڵێت: كتێبێكیان به زمانی خۆیان ده‌خوێنده‌وه و پێغه‌مبه‌ریش لایان داده‌نیشت و گوێی لێ ده‌گرتن(١). هه‌روه‌ها ئیبن ئیسحاق ده‌ڵێت: پێم گه‌یشتوه كه پێغه‌مبه‌ر زۆر جار لای ته‌پۆڵكه‌ی مه‌ڕوه له‌لای كۆیله‌یه‌كی مه‌سیحی داده‌نیشت كه ناوی (جه‌بر) بو و كۆیله‌ی به‌نو حه‌ضڕه‌می (لای طه‌به‌ری: به‌نو به‌یاضه‌ی حه‌ضڕه‌می) بو(٢). هه‌رچه‌ند گێڕانه‌وه ئیسلامیه‌كان بۆ خۆیان ده‌ڵێن كه گوایه موحه‌ممه‌د بۆ ئه‌وه ده‌چوه لای ئه‌و كه‌سه قورئانی بۆ بخوێنێته‌وه و فێری بكات. ڕه‌نگه بتوانین بڵێین هه‌م موحه‌ممه‌د قورئانی بۆ ئه‌و خوێندوه‌ته‌وه، هه‌م ئه‌ویش هه‌ندێك چیرۆكی ئایینیی بۆ موحه‌ممه‌د گێڕاوه‌ته‌وه]. مه‌به‌ستم ئه‌وه بو كه گێڕانه‌وه ئیسلامیه‌كانیش به‌شی خۆیان تیشك ده‌خه‌نه سه‌ر گه‌یشتنی چیرۆك و بیرۆكه یه‌هودی و مه‌سیحیه‌كان به موحه‌ممه‌د به شێوازی ده‌ماوده‌م، هه‌رچه‌ند نابێت چاوه‌ڕوانیی ئه‌وه بكه‌ین گێڕانه‌وه ئیسلامیه‌كان هه‌مو شتێكمان پێ بڵێن و هه‌مو نهێنییه‌كمان بۆ ئاشكرا بكه‌ن.
ئینجا با بزانین ده‌قه ئیسلامیه‌كان و كه‌له‌پوری ئیسلامی چیمان ده‌خه‌نه به‌ر ده‌ست ده‌رباره‌ی بابه‌تی (خوێنده‌واری) و (نه‌خوێنده‌واری) ی موحه‌ممه‌د:
كۆمه‌ڵێك ده‌ق و گێڕانه‌وه‌ی ئیسلامی هه‌ن كه به‌كار ده‌هێنرێن بۆ سه‌لماندنی (نه‌خوێنده‌واریی موحه‌ممه‌د)، له هه‌مان كاتدا كۆمه‌ڵێك گێڕانه‌وه‌ی تریش هه‌ن به‌كار ده‌هێنرێن بۆ سه‌لماندنی (خوێنده‌واریی موحه‌ممه‌د). ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمه لێره‌دا ئه‌وه‌یه زۆر توێژه‌ر بۆ سه‌لماندنی ئامانجی خۆیان ملی ده‌قه‌كان با ده‌ده‌ن و ده‌قه‌كان به بارێكدا لێك ده‌ده‌نه‌وه كه له‌گه‌ڵ ئامانجه‌كه‌یاندا بگونجێنن. له‌م بابه‌ته هه‌ندێك ده‌قی ئیسلامی هه‌ن كه به‌زۆر كراونه‌ته به‌ڵگه‌ی (نه‌خوێنده‌واریی موحه‌ممه‌د)، هه‌ندێك ده‌قی تریش هه‌ن كه به‌ڕونی ئاماژه بۆ نه‌خوێنده‌واریی ناوبراو ده‌كه‌ن به‌ڵام زۆر توێژه‌ر لێكدانه‌وه‌یه‌كی جیاوازیان بۆ ده‌دۆزنه‌وه كه ئه‌و واتایه له ده‌قه‌كه دور بخاته‌وه، هه‌ندێك گێڕانه‌وه‌ی ئیسلامی‌یش به‌ڕاشكاوی ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه موحه‌مه‌د جارجاره‌یه‌ك شتی كه‌می نوسیوه، یان ویستویه‌تی بینوسێت، یان شتی كه‌می خوێندوه‌ته‌وه.. به‌ڵام ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕی نه‌گۆڕیان به (نه‌خوێنده‌واریی موحه‌ممه‌د) هه‌یه هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئه‌و گێڕانه‌وانه ڕه‌ت بكه‌نه‌وه یان به شێوه‌یه‌ك لێكیان ده‌ده‌نه‌وه كه نه‌بنه ئاماژه بۆ خوێنده‌واربونی ناوبراو. به‌م شێوه‌یه:
٭ (ما أقرأ ـ ما أنا بقارئ)
ئه‌وه‌ی كه زۆر جێی باس و سه‌رنجه، ئه‌و گێڕانه‌وه ئیسلامیه‌یه كه باسی سه‌ره‌تای وه‌حی ده‌كات و له‌سه‌ر زمانی موحه‌ممه‌ده‌وه ده‌ڵێت: جیبریل له ئه‌شكه‌وتی حیڕائدا پارچه ئاوریشمێكی بۆ هێنام كه نوسراوێكی له‌سه‌ر بو، وتی: بخوێنه (اقرأ)، منیش وتم: ناخوێنمه‌وه (ما أقرأ)، دو جار، ئینجا وتی: بخوێنه (اقرأ)، منیش وتم: چی بخوێنم؟ (ماذا أقرأ؟)، ئه‌مه‌ش دو جار. ئه‌مه به‌پێی گێڕانه‌وه‌ی ئیبن ئیسحاق(٣). به‌پێی گێڕانه‌وه‌ی (بوخاری) یش: جیبریل وتی: بخوێنه (اقرأ)، منیش وتم: ناخوێنمه‌وه (ما أنا بقارئ). ئه‌مه سێ جار(٤). سه‌باره‌ت به ده‌سته‌واژه‌ی (ما أقرأ) و (ماذا أقرأ؟) ی گێڕانه‌وه‌كه‌ی ئیبن ئیسحاق: ده‌سته‌واژه‌ی (ما أقرأ)، هه‌رچه‌ند هه‌ندێك به پرسیار لێكیان داوه‌ته‌وه به‌ڵام زیاتر وا دیاره نه‌فیكردنه به واتای (ناخوێنمه‌وه)، واته (خوێندنه‌وه‌م نیه) یاخود (توانای خوێندنه‌وه‌م نیه). ده‌سته‌واژه‌ی (ماذا أقرأ؟) یش دیاره كه پرسیارێكه و مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه موحه‌ممه‌د پرسیاری له جیبریل كردوه: چی بخوێنێته‌وه. سه‌باره‌ت به ده‌سته‌واژه‌ی (ما أنا بقارئ) ی گێڕانه‌وه‌كه‌ی بوخارییش، دیاره كه پرسیار نیه و نه‌فیكردنه، به واتای (ناخوێنمه‌وه) واته (خوێندنه‌وه‌م نیه) یاخود (نه‌خوێنده‌وارم) یان (توانای خوێندنه‌وه‌م نیه) (واته به هه‌مان واتای ڕسته‌ی "ما أقرأ" ه، جیاوازییان ئه‌وه‌یه "ما أقرأ" ڕسته‌یه‌كی فرمانیه، "ما أنا بقارئ" ڕسته‌یه‌كی ناویه). به‌ڵام توێژه‌رێكی وه‌كو (محمد عابد الجابري) كه مه‌به‌ستیه‌تی خوێنده‌واربونی موحه‌ممه‌د بسه‌لمێنێت، ده‌یه‌وێت ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه (واته "ما أنا بقارئ") به (چی بخوێنمه‌وه) ڕاڤه بكات(٥). به‌ڵام له ڕاستیدا كاتێك ئه‌و ڕسته‌یه ده‌بێته پرسیار ئه‌گه‌ر به شێوه‌ی (ما أنا قارِئٌ) یان (ما أنا قارِؤُهُ) بوایه، به‌ڵام بونی ئامڕازی (بـ) له به‌شی گوزاره‌ی ڕسته‌كه‌دا كه ده‌ڵێت (بقارئ)؛ نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه كه ئامڕازی (ما) بۆ نه‌فیكردنه (چونكه ئه‌م جۆره ئامڕازه ـ كه له ڕوی واتاوه وا داده‌نرێت که "زیاده" یه یان بۆ "دوپاتكردنه‌وه" یه ـ له ڕاستیدا ده‌چێته سه‌ر به‌شی گوزاره‌ی ئه‌و ڕسته‌یه‌ی كه به فرمانی "لیس" یان ئامڕازی "ما" ی هاوواتای "لیس" ده‌ست پێ بكات). جابیری بۆ ئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنێت كه ڕسته‌ی (ما أنا بقارئ) پرسیاره؛ به‌راوردی ده‌كات به (ما أنا فاعِلٌ بكم؟)! له كاتێكدا ئامڕازی (بـ) له‌م ڕسته‌یه‌ی دوه‌مدا زیاده نیه به‌ڵكو بۆ (تێپه‌ڕكردن) ی فرمانه بۆ به‌ركاری دوه‌م، چونكه ڕسته‌كه له واتادا ده‌بێته (ما أفعل بكم؟) [ئه‌م به‌راورده‌ی جابیری وا ده‌كات گومان له عه‌ره‌بی زانینه‌كه‌ی دروست ببێت! به‌گشتی جابیری له توێژینه‌وه ئیسلامیه‌كانیدا كه له‌م دواییه‌دا ده‌ستی پێ كردن توێژه‌رێكی ته‌واو سه‌ركه‌وتو نیه، یه‌كه‌م له‌به‌ر نه‌بونی شاره‌زایی تایبه‌تمه‌ندانه له كه‌له‌پوری ئایینیی ئیسلامی، دوه‌م له‌به‌ر ده‌ستگرتنی به باوه‌ڕی ئیسلامیه‌وه به شێوه‌یه‌كی گشتی، سێیه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌وڵ ده‌دات شێوه و وێنه‌یه‌كی لۆجیكی و مه‌عقول ببه‌خشێته باوه‌ڕی ئیسلامی و چه‌مكه ئیسلامیه‌كان وه‌كو به‌شێك له كولتوری عه‌ره‌بی، واته له هه‌وڵی خوێندنه‌وه‌یه‌كی به‌رهه‌مهێندایه بۆ كولتوری عه‌ره‌بی ـ ئیسلامی].
سه‌باره‌ت به مادده‌ی (قرأ):
مه‌رج نیه هه‌مو كاتێك مادده‌ی (قرأ) به خوێندنه‌وه‌ی نوسراوێك ڕاڤه بكرێت، بۆ نمونه له قورئاندا به كه‌می بۆ خوێندنه‌وه‌ی نوسراوێك به‌كار هاتوه: (فاسأل الذين يقرؤون الكتاب من قبلك) (يونس: ٩٤)، (اقرأ كتابك) (الإسرا‌ء: ١٤)، (فأولـئك يقرؤون كتابهم) (الإسرا‌ء: ٧١)، (.. حتى تُنزِّل علينا كتابا نَقْرَؤُهُ) (الإسرا‌ء: ٩٣)، (اقرؤوا كتابيه) (الحاقة: ١٩)، ئیتر له هه‌مو شوێنه‌كانی تردا به واتای خوێندن و وتنه‌وه‌ی ده‌قێكی وتراو هاتوه: (وإذا قرئ القرآ‌ن..) (الأعراف: ٢٠٤)، (فإذا قرأت القرآ‌ن..) (النحل: ٩٨)، (وإذا قرأت القرآ‌ن..) (الإسرا‌ء: ٤٥)، (وقرآنا فرقناه لتقرأه على الناس على مكث..) (الإسرا‌ء: ١٠٦)، (.. فقرأه عليهم..) (الشعرا‌ء: ١٩٩)، (فاقرؤوا ما تيسّر من القرآ‌ن) (المزمل: ٢٠)، (فإذا قرأناه؛ فاتََّبِع قرآنَه) (القيامة: ١٨)، (وإذا قرئ عليهم القرآ‌ن..) (الانشقاق: ٢١)، (سَنُقْرِؤُكَ..) (الأعلى: ٦)، (اقرأ باسم ربك.. اقرأ وربّك الأكرم) (العلق: ١، ٣). ده‌توانین بڵێین مادده‌ی (قرأ) له بنه‌ڕه‌تی زمانی عه‌ره‌بیدا به واتای خوێندن و وتنه‌وه‌یه (بۆ نمونه بۆ گه‌یاندن و وتنی سڵاویش به‌كار دێت، كاتێك ده‌وترێت "یقرأ السلام"). مه‌گه‌ر له ڕسته‌یه‌كدا كه ناوی نوسراوێكی تێدا برابێت ئه‌و كاته واتای (خوێندنه‌وه‌ی نوسراوێك) وه‌رده‌گرێت، كه بێ گومان له‌م حاڵه‌ته‌شدا هه‌ر به واتا گشتیه‌كه‌یه، واته: خوێندن و وتنه‌وه‌ی ئه‌و قسه‌یه‌ی كه له نوسراوه‌كه‌دا هه‌یه [به‌م پێیه له بنه‌ڕه‌تی عه‌ره‌بیدا مادده‌ی (قرأ) بۆ ئه‌و جۆره خوێندنه‌وه‌یه به‌كار نایه‌ت كه ئێمه پێی ده‌ڵێین (خوێندنه‌وه‌ی بێده‌نگ)، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر به واتای (خوێندنه‌وه‌ی نوسراوێك) ێكیش بێت؛ ته‌نها به واتای وتن و هه‌ڵخوێندنی ئه‌و قسه‌یه دێت كه له نوسراوه‌كه‌دا هه‌یه. بۆیه بۆ (خوێندنه‌وه‌ی بێده‌نگ) له شێوازی عه‌ره‌بیدا ده‌وترێت (نظر في الكتاب) نه‌ك (قرأ الكتاب)]. بۆیه ئه‌گه‌ر به ڕاشكاوی له ڕسته‌كه‌دا ناوی (نوسراوێك) نه‌برابو یان پێشتر ئاماژه‌ی بۆ نه‌كرابو ناتوانرێت بوترێت فرمانی (قرأ) له‌و ڕسته‌یه‌دا به واتای خوێندنه‌وه‌ی نوسراوێكه. لێره‌شدا ده‌بینین له گێڕانه‌وه‌ی (بوخاری) دا باسی نوسراوێك نه‌كراوه، به‌ڵام له گێڕانه‌وه‌كه‌ی (ئیبن ئیسحاق) دا ئاماژه بۆ ئه‌وه كراوه كه گوایه جیبریل نوسراوێكی پێ بوه. به‌پێی ئه‌مه ده‌توانین بڵێین مادده‌ی (قرأ) له گێڕانه‌وه‌كه‌ی (ئیبن ئیسحاق) دا (خوێندنه‌وه‌ی نوسراو) ده‌گرێته‌وه. ڕه‌نگه بتوانین ئه‌مه وه‌كو به‌ڵگه‌یه‌كیش به‌كار بهێنین بۆ ئه‌وه‌ی له گێڕانه‌وه‌ی (بوخاری) یشدا مه‌به‌ست هه‌ر (خوێندنه‌وه‌ی نوسراو) ه. (خوێندنه‌وه‌ی نوسراو) یش هه‌ر به واتای (وتنه‌وه‌ی ئه‌و قسه‌یه‌ی كه نوسراوه). ئینجا هه‌رچه‌ند ده‌سته‌واژه‌ی (ما أقرأ) و (ماذا أقرأ) و (ما أنا بقارئ) ئاماژه بن بۆ خوێندنه‌وه‌ی نوسراو، هێشتا ناكرێت بڵێین گێڕانه‌وه‌كه مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه ئاماژه بكات بۆ فه‌رماندانی جیبریل به خوێندنه‌وه‌ی نوسراو، ته‌نها ده‌توانین بڵێین گێڕانه‌وه‌كه مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه كه گوایه جیبریل داوای له موحه‌ممه‌د كردوه ئه‌و وشانه بڵێته‌وه كه جیبریل بۆی ده‌خوێنێته‌وه، هه‌رچه‌ند ـ گوایه ـ جیبریل بۆ خۆی له‌به‌ر نوسراوێك ده‌یخوێنێته‌وه. واته: سه‌ره‌تا موحه‌ممه‌د وا حاڵی بوه كه داوای خوێندنه‌وه‌ی نوسراوه‌كه‌ی لێ ده‌كات، به‌ڵام له ڕاستیدا جیبریل هه‌ر داوای ئه‌وه‌ی لێ كردوه له‌دوای خوێندنه‌وه‌كه‌ی ئه‌وه‌وه بیخوێنێت. ئه‌مه‌ش واته (بخوێنه) ی جیبریل له سه‌ره‌تا و له كۆتاییدا هه‌ر به واتای وتنه‌وه و هه‌ڵخوێندن و دوباره‌كردنه‌وه‌یه، هه‌رچه‌ند (ناخوێنمه‌وه) ی موحه‌ممه‌د به واتای خوێندنه‌وه‌ی نوسراو بێت چونكه وا تێگه‌یشتوه داوای خوێندنه‌وه‌ی نوسراوی لێ كراوه.
ئه‌گه‌ریشی هه‌یه هه‌ردو ده‌سته‌واژه‌ی (ما أقرأ) و (ما أنا بقارئ)؛ به واتای (ناخوێنم) بن نه‌ک (ناخوێنمه‌وه)، یانی مه‌به‌ست ئه‌وه بێت که ئاماده نیه فه‌رمانی "بخوێنه" (اقرأ) جێبه‌جێ بکات. به‌ڵام بونی باسی "نوسراوێک به ده‌ستی جیبریله‌وه" له گێڕانه‌وه‌که‌ی (ئیبن ئیسحاق) دا؛ ئه‌م ئه‌گه‌ره لاواز ده‌کات.
له ڕاستییشدا ئه‌گه‌ری زۆره ئه‌م گێڕانه‌وانه كه ئه‌م مشت‌ومڕه‌ی نێوان موحه‌ممه‌د و جیبریل(!) ده‌گێڕنه‌وه ته‌نها دوای موحه‌ممه‌د وه‌كو ڕاڤه و په‌راوێزێك بۆ ده‌سته‌واژه‌ی (اقرأ) ی ده‌قه قورئانیه‌كه‌ی (العلق: ١) و بۆ ڕاڤه‌ی ده‌سته‌واژه‌ی (النبي الأمي) كه دواتر باسی دێت، ساز كرابن.. واته ته‌نها بریتی بێت له به‌شانۆییکردن (مَسْرَحة) ی فه‌رمانی "بخوێنه" (اقرأ) ی ده‌قه قورئانیه‌که.. به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه ده‌سته‌واژه‌كانی گێڕانه‌وه‌كه به‌ڵگه‌یان تێدا نیه له‌سه‌ر خوێنده‌واریی موحه‌ممه‌د، وه‌كو هه‌ندێك توێژه‌ر (وه‌كو جابیری) ئێسته ده‌یانه‌وێت ئه‌وه‌ی لێ ده‌ربهێنن.
٭ (النبي الأمي ـ الأميين)
ده‌سته‌واژه‌یه‌كی قورئانی كه جێی مشت‌ومڕی زۆره، ئه‌وه‌یه موحه‌ممه‌د به (النبي الأمي) وه‌سف ده‌كات: (الأعراف: ١٥٧، ١٥٨). ئه‌م ده‌سته‌واژه‌ی (النبي الأمي) ـه به هه‌ڵه له كولتوری ئیسلامی‌دا به (پێغه‌مبه‌ری نه‌خوێنده‌وار) لێك دراوه‌ته‌وه، ئه‌گه‌رنا له ڕاستیدا به‌واتای (پێغه‌مبه‌ری ناجوله‌كه) یه، چونكه قورئان خۆیشی كه ده‌ڵێت (النبي الأمي) جارێكی تر بۆ خۆی ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه ڕاڤه ده‌كات كه ده‌ڵێت: (هو الذي بعث في الأُمِّيِّينَ رسولا منهم) (الجمعة: ٢)، هه‌روه‌ها له هه‌ندێك شوێندا ئاماژه بۆ عه‌ره‌ب ده‌كات به ده‌سته‌واژه‌ی (الأُمِّيِّين): (آل عمران: ٢٠، ٧٥)، كه (الأُمِّيِّين) ئاماژه‌یه بۆ گه‌لانی نایه‌هودی (واته وشه‌ی أُمِّيّ" وشه‌یه‌که که به پاڵدانه وشه‌ی "أُمَم" داڕێژراوه، وشه‌ی "أُمَم" یش له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ده‌بێته به‌رامبه‌ری زاراوه‌ی "گۆییم" גּוֹיִם ـ واته "گه‌لان" ـ ی یه‌هودی كه جوله‌كه به گه‌لانی نایه‌هودیی ده‌ڵێن. وشه‌که "گۆی" גּוֹי له زمانی عیبریی ته‌وڕاتیدا به واتای "گه‌ل" یاخود "نه‌ته‌وه" یه، به‌ڵام له عیبریی میشناهـ و دواتردا واتای "ناجوله‌که" و "نایه‌کتاپه‌رست" ی وه‌رگرتوه) و به‌تایبه‌تی عه‌ره‌ب له‌و كۆنتێكسته جیۆگرافیایی و كولتوریه‌دا. ئاشكرایشه ئه‌گه‌ر بتوانرێت كه‌سێك به نه‌خوێنده‌وار دابنرێت؛ ناتوانرێت گه‌لێك به‌سه‌رله‌به‌ری به نه‌خوێنده‌وار دابنرێت [عه‌ره‌ب به‌گشتی نه‌خوێنده‌وار نه‌بون، شوانه‌كانیش له نیمچه‌دورگه‌ی عه‌ره‌بیی كۆندا نوسینیان له‌سه‌ر به‌رده‌كان به‌جێ هێشتوه، چ جای خه‌ڵكی شاره‌كان، به‌ڵكو عه‌ره‌ب چه‌ند جۆرێكیش نوسینیان هه‌بوه نه‌ك ته‌نها جۆرێك، بۆ نمونه: له یه‌مه‌ن نوسینی موسنه‌دیان هه‌بوه كه نوسینی حه‌به‌شییش هه‌ر له‌مه‌وه وه‌رگیراوه، هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌كی زۆر له خێڵه كۆنه‌كانی نیمچه‌دورگه‌كه، وه‌كو ثه‌مودیه‌كان و لیحیانیه‌كان.. نوسینی تایبه‌ت به خۆیان هه‌بوه.. له باكوری نیمچه‌دورگه‌كه‌ش به چه‌ند شێوه‌یه‌كی نوسینی ئاڕامی نوسراوه، له‌وانه نوسینی نه‌به‌طى كه ورده‌ورده نوسینی عه‌ره‌بیی لێ پێك هاتوه، به شێوه‌یه‌ك ئه‌و ڕێنوسه عه‌ره‌بی ـ حیجازیه‌ی كه سه‌ره‌تا قورئانی پێ نوسراوه تایبه‌تمه‌ندیی نوسین و شێوه‌زاری نه‌به‌طيى پێوه دیاره]، له‌به‌ر ئه‌وه (الأميين) واتای (نه‌خوێنده‌واره‌كان) ناگه‌یه‌نێت، ئه‌گه‌ر وا بێت كه‌واته (الأمي) یش به واتای (نه‌خوێنده‌وار) نیه. جا هه‌رچه‌ند من باوه‌ڕی زانستیی ته‌واوم به نه‌خوێنده‌واریی موحه‌ممه‌د هه‌یه، به‌ڵام وشه‌ی (أمّيّ) كه له قورئاندا بۆ وه‌سفی ئه‌و هاتوه به واتای نه‌خوێنده‌وار نیه، به‌ڵكو به واتای (عه‌ره‌ب ـ نایه‌هودی) ـه، واته قورئان ده‌یه‌وێت بڵێت موحه‌ممه‌د قۆرخكردنی (پێغه‌مبه‌رایه‌تی و بڵاوكردنه‌وه‌ی یه‌كتاپه‌رستی) له لایه‌ن جوله‌كه‌وه ده‌شكێنێت و ئه‌م جاره‌یان پێغه‌مبه‌ر له گه‌لێكی نایه‌هودی ده‌بێت، ئه‌مه‌یه ئه‌و مه‌به‌سته گرنگه‌ی كه ده‌قێكی وه‌كو (هو الذي بعث في الأُمِّيِّينَ رسولا منهم) (الجمعة: ٢) ده‌یه‌وێت بیگه‌یه‌نێت.. سه‌رنج بده له ده‌سته‌واژه‌ی (رسولا منهم)، واته (پێغه‌مبه‌رێك له خۆیان)، ئه‌مه‌ش چونكه پێشتر هه‌ندێك له عه‌ره‌ب شوێنی ئایینی یه‌هودی و مه‌سیحی كه‌وتبون، به‌ڵام (مو‌سا) و (عیسا) عه‌ره‌ب نه‌بون، ده‌قه‌كانی ئه‌و دو ئایینه‌ش به عه‌ره‌بی نه‌بون، ئیتر قورئان ده‌یه‌وێت ڕوبه‌ڕوی عه‌ره‌ب بڵێت ئه‌م ئایینه یه‌كتاپه‌رستیه نوێیه پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی له خۆتانه [هه‌ر بۆیه قورئان له زۆر شوێندا منه‌تی ئه‌وه ده‌داته‌وه به چاوی عه‌ره‌بدا كه به زمانی عه‌ره‌بیه، بۆیه ده‌ڵێت: ئێمه قورئانمان به عه‌ره‌بی دابه‌زاندوه بۆ ئه‌وه‌ی ئێوه‌ی عه‌ره‌ب ده‌رك بكه‌ن و تێ بگه‌ن (إنا أنزلناه قرآنا عربيا، لعلّكم تعقِلون) (یوسف: ٢) و (الزخرف: ٣). له ڕاستییشدا ئه‌وه هه‌نگاوێكی گرنگ بوه و ڕوداوێكی گه‌وره‌یه له مێژوی ئایینه‌كانی ناوچه‌كه‌دا]. ئینجا دواتر وشه‌ی (أُمّيّ) واتای (نه‌خوێنده‌وار) ی وه‌رگرتوه، و وشه‌كه ئه‌م واتایه‌ی له سه‌رده‌می قورئاندا نه‌بوه.. ئیتر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جوله‌كه و مه‌سیحیه‌كان ناسراون به‌وه‌ی كتێبی ئاسمانییان هه‌یه، له‌مه‌وه گه‌لانی تر به‌وه ناسران كه كتێبی ئاسمانییان نیه، ئه‌مه‌ش واته خوێنده‌واریی ئایینی‌یان نیه و كتێبی ئایینی ناخوێننه‌وه و نانوسنه‌وه، پاشان واتاكه‌ی گه‌شه‌ی تری كرد بۆ نه‌بونی خوێنده‌واری به‌گشتی.. به‌م شێوه‌یه واتای وشه‌كه گۆڕاوه، دوای قورئان.
یه‌كێك له هۆكار و یارمه‌تیده‌ره‌كانی ئه‌م گۆڕانه‌ی به‌سه‌ر واتای وشه‌كه‌دا هاتوه، ڕه‌نگه ئه‌و ده‌قه قورئانیه بێت كه ده‌ڵێت: (ومنهم أُمِّيُّون لا يعلمون الكتابَ إلا أَمانيّ) (البقرة: ٧٨)، ئه‌م ده‌قه ئاماژه‌یه بۆ ئه‌و كه‌س و گروپه عه‌ره‌بانه‌ی كه بونه‌ته جوله‌كه، جا ده‌قه‌كه ده‌ڵێت ئه‌وانه هیچ له ته‌وڕات نازانن و پشت به خه‌مڵاندن و لێكدانه‌وه‌كانی خۆیان ده‌به‌ستن.. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ڵێت (هیچ له كتێبه‌كه نازانن) لێره‌وه ده‌سته‌واژه‌ی (أمي) واتای (نه‌خوێنده‌وار) ی وه‌رگرتوه. پێم وایه ئه‌مه سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌و گۆڕانه‌یه كه هاتوه به‌سه‌ر واتای وشه‌كه‌دا.
به‌م شێوه‌یه ده‌بینین ئه‌م ده‌سته‌واژه قورئانیه نابێته به‌ڵگه بۆ (نه‌خوێنده‌واربونی موحه‌ممه‌د).
٭ (وما كنت تتلو من قبله من كتاب..)
له قورئاندا ده‌قێكی ترمان هه‌یه كه بێ پێچ‌وپه‌نا باسی (نه‌خوێنده‌واری) ی موحه‌ممه‌د ده‌كات و ده‌ڵێت پێش ئه‌م قورئانه هیچ نوسراوێكت نه‌ده‌خوێنده‌وه و نه‌تده‌نوسی: (وما كنتَ تتلو من قبله من كتاب ولا تَخُطُّهُ بيمينك، إذًا لارتابَ المُبْطِلون) (العنكبوت: ٤٨)، ئه‌م ده‌قه ـ به‌لای كه‌مه‌وه ـ ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه موحه‌ممه‌د پێش قورئان (چونكه ده‌ڵێت: مِنْ قَبْلِهِ) توانای خوێندنه‌وه و نوسینی نه‌بوه. ئه‌م ده‌قه‌ش به‌ڵگه‌یه‌كه، نه‌ك ته‌نها به واتا ئایینیه‌كه‌ی، به‌ڵكو وه‌كو دۆكیومێنتێكیش، چونكه موحه‌ممه‌د ئه‌گه‌ر خوێنده‌وار بوایه نه‌یده‌توانی قسه‌یه‌كی ئاوا ڕابگه‌یه‌نێت (مه‌گه‌ر كه‌سێك وا گریمان بكات ئه‌م ده‌قه دوای موحه‌ممه‌د زیاد كرابێت بۆ قورئان، كه هه‌وڵی سه‌لماندنی ئه‌مه‌ش موجازه‌فه‌یه). به‌ڵام توێژه‌رێكی وه‌كو (الجابري) ده‌یه‌وێت ئه‌م ده‌قه به جۆرێك ڕاڤه بكات كه نه‌بێته به‌ڵگه بۆ نه‌خوێنده‌واریی موحه‌ممه‌د، ئه‌وه‌ش به‌و پێیه كه مه‌به‌ستی ده‌قه‌كه له ده‌سته‌واژه‌ی (كتاب) كتێبه ئایینیه‌كانی جوله‌كه و مه‌سیحیه‌كانه، ئه‌و كاته واتای ده‌قه‌كه ده‌بێته ئه‌وه‌ی كه: موحه‌ممه‌د وه‌كو قه‌شه و حاخامه‌كان پێش قورئان خه‌ریكی خوێندنه‌وه و نوسینه‌وه‌ی ته‌وڕات نه‌بوه(٦). به‌ڵام ئه‌م ڕاڤه‌یه به هه‌ڵه ده‌زانم، چونكه ده‌قه‌كه ده‌ڵێت "نوسراوێك" (كتابٍ)، و ناڵێت "كتێبه‌كه" (الكتاب)، بۆیه مه‌به‌ستی كتێبێكی دیاریكراوی وه‌كو ته‌وڕات نیه، ئینجا ده‌سته‌واژه‌ی (تخطّه بيمينك) بۆ نوسینی نوسراوێك ده‌بێت نه‌ك بۆ نوسینه‌وه و له‌به‌رگرتنه‌وه‌ی كتێبێكی ئاماده. بۆیه ئه‌و ڕاڤه‌یه‌ی (الجابري) سه‌ركه‌وتو نیه و ته‌نها بازدانه به‌سه‌ر ده‌قه‌كه‌دا.
هه‌ندێك گێڕانه‌وه‌ی ئیسلامی‌یش هه‌ن كه به‌ڕاشكاوی ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه موحه‌ممه‌د له كۆتاییدا فێری خوێندنه‌وه و نوسین بوه و هه‌ندێك جار كه‌مێكی نوسیوه، به‌ڵام زۆر به‌باشی نا و هه‌ر پشتی به‌ستوه به نوسه‌ره‌كانی به‌ر ده‌ستی.
٭ دیارترینی ئه‌م گێڕانه‌وانه ئه‌وه‌یه كه له ده‌نگ‌وباسی ڕێككه‌وتنی (حوده‌یبییه) دا هاتوه، كه ده‌ڵێت: عه‌لی له قه‌باڵه‌كه‌دا نوسیی (محمد رسول الله)، به‌ڵام لایه‌نه مه‌ككه‌ییه‌كه (سوهه‌یلی كوڕی عه‌مر و ئه‌وانی تر) به ده‌سته‌واژه‌ی (رسول الله) ڕازی نه‌بو، ئیتر پێغه‌مبه‌ر به عه‌لیی وت ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه بكوژێنێته‌وه و بنوسێت (بن عبد الله)، به‌ڵام عه‌لی ئاماده نه‌بو بیكوژێنێته‌وه، ئیتر پێغه‌مبه‌ر بۆ خۆی (رسول الله) كه‌ی كوژانده‌وه و له‌بریی نوسیی (بن عبد الله). ئه‌مه له گێڕانه‌وه‌كه‌ی موسلیمدا، له گێڕانه‌وه‌كه‌ی بوخارییشدا ده‌ڵێت: پێغه‌مبه‌ر هه‌رچه‌ند باش نوسینی نه‌ده‌زانی (وليس يُحْسِنُ يَكْتُبُ) به‌ڵام ئه‌وه‌ی نوسی(٧). هه‌ندێك هه‌وڵیان داوه ئه‌م گێڕانه‌وه‌یه وا لێك بده‌نه‌وه كه نه‌بێته به‌ڵگه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی موحه‌ممه‌د بۆ خۆی ئه‌و ڕسته‌یه‌ی نوسیبێت، بۆیه وتویانه فرمانی (كَتَبَ) به واتای ئه‌وه‌یه (فه‌رمانی دا به نوسین) نه‌ك (نوسیی). یان گوایه موحه‌ممه‌د ته‌نها (رسول الله) ـه‌كه‌ی كوژاندوه‌ته‌وه و ئیتر داویه‌تیه‌وه به عه‌لی و ئینجا عه‌لی نوسیویه‌تی (بن عبد الله). كه ئه‌مانه‌ش پینه‌وپه‌ڕۆن. له وه‌ڵامی ئه‌م پینه‌وپه‌ڕۆیه‌دا قوڕطوبی ده‌ڵێت: زانایانی ئیسلام وتویانه: ده‌سته‌واژه‌ی گێڕانه‌وه‌كه ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه پێغه‌مبه‌ر به‌ده‌ستی خۆی ئه‌وه‌ی نوسیوه(٨). هه‌روه‌ها (نه‌واوی) ده‌گێڕێته‌وه كه قازی (عياض) پێی وا بوه كه ئه‌و لێكدانه‌وه و پینه‌وپه‌ڕۆیه ته‌ئویلێكه كه هیچ پێویست نیه و ئه‌و گێڕانه‌وه‌یه‌ی بوخاری كه ده‌ڵێت "باش نه‌یده‌زانی بنوسێت، ئیتر نوسیی" (ولیس یحسن یكتب، فكتب..)؛ وه‌كو ده‌قێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه وایه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بۆ خۆی ئه‌وه‌ی نوسیوه(٩).
٭ گێڕانه‌وه‌یه‌كی تر هه‌یه لای بوخاری و موسلیم، كه باسی سه‌ره‌مه‌رگی موحه‌ممه‌د ده‌كات و ده‌ڵێت: كاتێك نه‌خۆشیی مردنه‌كه‌ی زۆری بۆ هێنا، وتی: تێنوسێك بێنن تا شتێكتان بۆ بنوسم تا له‌دوای من گومڕا نه‌بن (ائتوني بكتاب أكتب لكم كتابا لا تضلّوا بعدي)(١٠)، یان: ده‌فه شانێكم بۆ بهێنن تا شتێكتان بۆ بنوسم كه له‌دوای ئه‌وه‌وه هه‌رگیز گومڕا نه‌بن (ائتوني بكَتِف أكتب لكم كتابا لا تضلّوا بعده أبدا)(١١)، یان: بێن شتێكتان بۆ بنوسم كه له‌دوای ئه‌وه‌وه هه‌رگیز گومڕا نه‌بن (ائتوني أكتب لكم كتابا لن تضلّوا بعده أبدا)(١٢)، یان (هَلُمُّوا أكتب لكم كتابا لا تضلّوا بعده أبدا)(١٣)، یان (هَلُمَّ أكتب لكم كتابا لا تضلّوا بعده أبدا)(١٤). به‌ڵام ئه‌م گێڕانه‌وه‌یه ڕاشكاو و رۆشن نیه: نازانرێت ئایا مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه بۆ خۆی بینوسێت یان كه‌سێكی تر قسه‌كانی بنوسێته‌وه، به‌ڵام به‌وه‌دا كه ده‌ڵێت (تیانوسێك یان ده‌فه‌شانێكم بۆ بهێنن تا بۆتان بنوسم)، واته داوای تیانوسێك ده‌كات نه‌ك نوسه‌رێكی به‌ر ده‌ستی، ده‌رده‌كه‌وێت مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه خۆی بینوسێت.
هه‌ندێك گێڕانه‌وه‌ی تریش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نن كه موحه‌ممه‌د توانای خوێندنه‌وه‌ی هه‌بوه، له‌م بابه‌ته:
٭ به‌یهه‌قی ده‌گێڕێته‌وه: عویه‌ینه‌ی كوڕی حیصن داوای شتێكی له پێغه‌مبه‌ر كرد، ئه‌ویش فه‌رمانی دا ئه‌وه‌ی پێ بدرێت، موعاویه‌ش (كه ئه‌و كاته نوسه‌ری پێغه‌مبه‌ر بو) نوسراوێكی بۆ عویه‌ینه نوسی وه‌كو قه‌باڵه‌ی به‌خشینی ئه‌و شته، دوایی عویه‌ینه به نوسراوه‌كه‌وه هاته‌وه بۆلای پێغه‌مبه‌ر و وتی: ده‌بینیت ئه‌م نوسراوه‌م هه‌ڵ گرتوه و ناشزانم چیی تێدایه، پێغه‌مبه‌ریش لێی وه‌رگرت و ته‌ماشای كرد و وتی: ئه‌وه‌ی تێدایه كه من فه‌رمانم دا بتده‌نێ (فأخذه النبي صلى الله عليه وسلم فنظر فيه فقال قد كتب لك بالذي أمرت لك به)(١٥). ئه‌م ڕوداوه‌ش دیاره ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نزیكی كۆتایی ژیانی موحه‌ممه‌د.
٭ هه‌روه‌ها ئیبن ماجه ده‌گێڕێته‌وه كه گوایه: پێغه‌مبه‌ر وتویه‌تی: "ئه‌و شه‌وه‌ی شه‌وڕه‌ویم پێ كرا له‌سه‌ر ده‌رگای به‌هه‌شت بینیم نوسرابو: خێر به ده ئه‌وه‌نده و قه‌رز به هه‌ژده ئه‌وه‌نده پاداشت ده‌درێته‌وه" (رأيت ليلةَ أُسْرِيَ بي على باب الجنة مكتوبا: "الصدقة بعشر أمثالها والقرض بثمانية عشر")(١٦). ئه‌مه‌شیان ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه توانای خوێندنه‌وه‌ی هه‌بوه، به‌ڵام چیرۆكه‌كه له بنه‌ڕه‌تدا خه‌یاڵیه و پشتی پێ نابه‌سرێت.
٭ هه‌روه‌ها له‌م بابه‌ته موسلیم (و كه‌سانی تر) ده‌گێڕێته‌وه كه گوایه: پێغه‌مبه‌ر وتویه‌تی: له‌نێوچاوانی ده‌ججالدا نوسراوه (كافر)، ئینجا پێغه‌مبه‌ر وشه‌كه‌ی به "كاف فا ڕا" (ك ف ر) حینجه كرد (مكتوب بين عينيه "كافر" ثم تهجّاها "ك ف ر")(١٧). ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه زانیویه‌تی پیته عه‌ره‌بیه‌كان چۆن حینجه ده‌كرێن.
هه‌ندێك گێڕانه‌وه‌ی تریش باسی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه موحه‌ممه‌د ڕێنمایی داوه‌ته نوسه‌ره‌كانی به‌ر ده‌ستی بۆ جوانكردنی نوسین.. له‌م بابه‌ته:
٭ (السمعاني) له (أدب الإملاء والاستملاء) دا ده‌گێڕێته‌وه كه گوایه: پێغه‌مبه‌ر به موعاویه‌ی وتوه له‌و كاته‌دا كه نوسه‌ری به‌رده‌ستی بو: (أَلْقِ الدَّواةَ وحَرِّف القلم وانصِب الباء وفَرِّق السين ولا تُعَوِّر الميم وحَسِّن الله ومُدَّ الرحمن وجَوِّد الرحيم)، كه ئه‌مانه‌ش چه‌ند ڕێنماییه‌كن بۆ چۆنێتیی به‌كارهێنانی موره‌كه‌ب و قه‌ڵه‌م و چۆنێتیی جوان نوسینی هه‌ندێك پیت و ده‌سته‌واژه‌ی عه‌ره‌بی.
٭ هه‌روه‌ها گوایه به (زه‌یدی كوڕی ثابیت) ی وتوه: كاتێك (بسم الله الرحمن الرحیم) ـت نوسی سینه‌كه‌ی به‌ڕونی و به‌جوانی (شاشی) بنوسه (إذا كتبتَ "بسم الله الرحمن الرحيم"؛ فبَيِّن السينَ فيه). هه‌ندێك گێڕانه‌وه‌ی تریش له‌م بابه‌ته هه‌ن.
٭ هه‌روه‌ها (ئیبن ئه‌بی شه‌یبه) له (عه‌ونی كوڕی عه‌بدوڵڵا) وه و ئه‌ویش له باوكیه‌وه ده‌گێڕێته‌وه كه وتویه‌تی: پێغه‌مبه‌ر پێش ئه‌وه‌ی كۆچی دوایی بكات فێری خوێندنه‌وه و نوسین بوه (ما مات رسول الله صلى الله عليه وسلم حتى كتب وقرأ)، هه‌روه‌ها (شه‌عبی) یش ئه‌م قسه‌یه‌ی په‌سه‌ند كردوه(١٨).
ئه‌م گێڕانه‌وانه ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نن كه موحه‌ممه‌د له كۆتاییدا تا ڕاده‌یه‌ك فێری خوێندنه‌وه و نوسین بوه، به‌ڵام هه‌ر به‌رده‌وامیش بوه له ڕاگرتنی نوسه‌ر بۆ نوسینی نامه و په‌یماننامه‌كانی و هه‌ر پشتی به نوسه‌ره‌كانی به‌ستوه. به‌ڵام هیچ یه‌كێك له‌م گێڕانه‌وانه‌ش ناڵێن بۆ خۆی قورئانی نوسیوه‌ته‌وه.
شایه‌نی باسه له‌ناو زانا ئایینه‌كانی ئیسلامیشدا هه‌ندێكیان باوه‌ڕیان وا بوه كه موحه‌ممه‌د له كۆتاییدا توانای نوسین و خوێندنه‌وه‌ی هه‌بوه، له‌وانه:
حه‌دیسبێژی مالیكی ئه‌بو ذه‌ڕڕی هه‌ڕاتی (أبو ذَرّ الهَرَويّ) (٣٥٥ ـ ٤٣٥ ك.)
و ئوصولناسی حه‌نه‌فی ئه‌بو جه‌عفه‌ری سیمنانی (أبو جعفر السِّمنانيّ) (٣٦١ ـ ٤٤٤ ك.)
و حه‌دیسبێژ و فیقهزانی مالیكی ئه‌بولوه‌لیدی باجه‌یی (أبو الوليد الباجيّ) (٤٠٣ ـ ٤٧٤ ك.)
و فیقهزانی شافیعی ئه‌بولفه‌تحی نه‌یشاپوری (أبو الفتح النيسابوري) (٤٨٩ ـ ٥٥٢ ك.).
ئه‌مانه وتویانه: دوای ئه‌وه‌ی ڕون بوه‌ته‌وه كه پێغه‌مبه‌ر نه‌خوێنده‌واره و دوای بڵاوبونه‌وه‌ی قورئان و ده‌ركه‌وتنی ڕاستی؛ ئیتر ئه‌گه‌ر پێغه‌مبه‌ر فێری خوێندنه‌وه و نوسین بوبێت هیچ كێشه‌یه‌كی تێدا نیه.. بۆیه ئه‌مانه به‌پێی گێڕانه‌وه‌كان وتویانه پێغه‌مبه‌ر له كۆتاییدا و دوای ده‌ركه‌وتن و بڵاوبونه‌وه‌ی قورئان فێری خوێندنه‌وه و نوسین بوه.
بيروڕای ئێمه: موحه‌ممه‌د نه‌خوێنده‌وار بوه
(نه‌خوێنده‌واری) ی موحه‌ممه‌د ـ به‌لای منه‌وه ـ ڕاستییه‌كی زانستییشه و من هه‌ر به قورئاندا بۆم ده‌رده‌كه‌وێت كه موحه‌ممه‌د نه‌خوێنده‌وار بوه. بۆ نمونه: به‌ڕونی به قورئانه‌وه دیاره كه سه‌ره‌تا پارچه‌پارچه وتراوه و ئینجا نوسراوه‌ته‌وه، و له ده‌قێك ناچێت كه نوسه‌رێك نوسیبێتی، واته شاكاری نوسه‌رێك نیه، به‌ڵكو له ڕاستیدا شتێكی ئه‌سته‌مه قورئان به كتێبێك (نوسراوێك) دابنرێت، به‌ڵكو كۆكراوه‌ی چه‌ند ڕسته و دێڕ و په‌ره‌گراف و پارچه‌یه‌كه كه به جۆره ڕێكخستنێك ڕێك خراون (كه ڕێكخستنێكی سه‌ركه‌وتویش نیه).. به‌م شێوه‌یه‌ش زیاتر له دیوانی كۆكراوه‌ی شاعیرێكی میللی ده‌چێت تاكو كتێبێك كه نوسه‌ره‌كه‌ی بۆ خۆی و به قه‌ڵه‌می خۆی نوسیبێتی..
ئینجا له قورئاندا كۆمه‌ڵێك دیارده‌ی فۆنه‌تیكی و دیالێكتی (لهجوي) هه‌ن كه ته‌نها له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا ده‌گونجێن ده‌قی قورئان وترابێت نه‌ك نوسرابێت. هه‌ندێك دیارده‌ی وه‌كو سوكه‌ڵه‌كردن (وه‌كو سوكه‌ڵه‌كردنی هه‌مزه) و ئاسانكردنی ناوی بانگكراو به كورتكردنه‌وه‌ی (ترخیم اسم المنادى) و نه‌خوێندنه‌وه‌ی پیتی (ي) له كۆتایی گه‌لێك له وشه‌كاندا.. و گه‌لێك دیارده‌ی تر هه‌ن له ده‌قه قورئانیه‌كه‌دا، كه هه‌مویان سیفه‌ت و ئاكاری ئه‌و ده‌قه شیعری و هونه‌ریانه‌ن كه وه‌كو ئه‌ده‌بی میللی به ده‌می به‌رهه‌م ده‌هێنرێن نه‌ك به قه‌ڵه‌م. ئه‌گه‌ر كه‌سێك به قه‌ڵه‌م بنوسێت؛ ناچاری ئه‌و سوكه‌ڵه‌كردن و كورتكردنه‌وه و دیارده فۆنه‌تیكیانه نابێت، یان نابنه دیارده له نوسینه‌که‌یدا.
ئینجا قورئان وه‌كو شێوه و ڕێكخستن و هونه‌ری كتێبسازی، له كتێب و دانراو ناچێت. ئه‌و دوباره‌كردنه‌وه و بێشیرازه‌ییه‌ی كه له ده‌قه قورئانیه‌كه‌دا هه‌یه و جاروبار ده‌بێته هۆی ڕودانی پێچه‌وانه‌یی و دژیه‌كی له‌نێوان زانیاریه‌كانیدا؛ نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه قورئان به نوسین و دانان و ڕێكخستنی نوسه‌رێك به‌رهه‌م نه‌هێنراوه. چونكه ده‌بینین له قورئاندا نه ڕێكخستن (ترتیب) هه‌یه به‌پێی مێژو، نه ڕێكخستن هه‌یه به‌پێی بابه‌ت.. به‌ڵكو ده‌قه‌كه له كۆمه‌ڵێك بڕگه و پارچه‌ی جۆراوجۆر پێك دێت كه به میتۆدێكی نه‌گونجاو پێكه‌وه لكێنراون و كتێبێكیان لێ پێك هێنراوه.. هه‌ر بڕگه و پارچه‌یه‌ك له كات و قۆناغێكی جیاواز و بۆ مه‌به‌ستێكی جیاواز وتراوه، بۆیه دوباره‌بونه‌وه و جیاوازیی زۆر له شێواز و ڕیتم و داڕشتنیدا و ـ زۆر جار ـ پێچه‌وانه‌یی و نامۆیی له‌نێوان به‌شه‌كانیدا، ڕوی داوه.. ئه‌مانه‌ش هه‌مویان ئاماژه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كه قورئان به‌رهه‌م و شاكاری نوسه‌ر و قه‌ڵه‌مبه‌ده‌ستێك نیه. هیرۆدۆت (سه‌ده‌ی ٥ پ. ز.) زیاتر له هه‌زار ساڵ پێش موحه‌ممه‌د ده‌ركه‌وتوه و (مێژو) ه‌كه‌ی نوسیوه، له‌م مێژوه نوسراوه‌ی ئه‌ودا هونه‌ری نوسین و كتێبسازی هه‌ست پێ ده‌كه‌ین و له ده‌قه‌كه‌دا ڕێكخستنی بابه‌تی و شوێنكاتی و هونه‌ری هه‌یه و هه‌ر كتێبێك و هه‌ر چاپته‌رێك ته‌رخان كراوه بۆ بابه‌تێك، ئیتر به‌ڕونی شاكار و هونه‌ری نوسه‌رێك له كاره‌كه‌یدا ده‌بینین.. به‌ڵام شتێكی له‌و جۆره له قورئاندا هه‌ست پێ ناكه‌ین.
له ڕوی ناوه‌ڕۆك و مه‌عریفه‌ی ئایینییشه‌وه قورئان له به‌رهه‌می كه‌سێكی نه‌خوێنده‌وار ده‌چێت و هیچ پێوه‌ی دیار نیه خاوه‌نه‌كه‌ی خوێنده‌وار بوبێت و ڕاسته‌وخۆ ده‌قه ئایینیه‌كانی پێشتری خوێندبێته‌وه. ئه‌و زانیاری و بیر و بۆچون و چیرۆك و ده‌نگ‌وباسانه‌ی له قورئاندا هه‌ن هه‌ر ئه‌و ئه‌ندازه و ئاسته‌یان هه‌یه كه بۆ نه‌خوێنده‌وارێك ده‌ڕه‌خسێت، ئه‌وه‌ی له قورئاندا هه‌یه هه‌ر ئه‌وه‌یه كه نه‌خوێنده‌وارێك ده‌توانێت وه‌ریبگرێت. بۆیه ده‌بینیت چیرۆكه قورئانیه‌كان ناڕۆشنی و ناته‌واوییان تێدایه، به ئاشكرا به ده‌قه قورئانیه‌كانه‌وه نادڵنیایی و نه‌بونی زانیاریی ته‌واو دیاره، به شێوه‌یه‌ك له گه‌لێك شوێندا بۆ خۆی له ڕێگه‌ی دوباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌ندێك قسه و دیالۆگی دوباره‌وه بۆشاییه‌كان پڕ ده‌كاته‌وه (به‌تایبه‌تی له باسی پێغه‌مبه‌رانی وه‌كو هود و صالیح و شوعه‌یب و گه‌لێكی تردا)، یان له‌ناچاریدا ده‌ڵێت ئه‌و بابه‌ته گرنگ نیه بزانرێت و خوا باشتر ده‌زانێت! له هه‌ندێك شوێنیش‌دا ناتوانێت زانیاریی ته‌واو بدات به ده‌سته‌وه و ده‌ڵێت له زاناكانی ئایینی یه‌هودی و مه‌سیحی بپرسن! له زۆر شوێندا ده‌یه‌وێت بڵێت له ته‌وڕات و ئینجیل‌دا مزگێنی به هاتنی موحه‌ممه‌د دراوه، به‌ڵام ناتوانێت یه‌ك ده‌ق له‌و مزگێنیانه بگێڕێته‌وه و هه‌ر ده‌ڵێت زاناكانی ئایینی یه‌هودی و مه‌سیحی خۆیان ده‌یانزانن! ئه‌گه‌ر جارێك خۆی له‌و بابه‌ته دابێت (وه‌كو مزگێنیی پێغه‌مبه‌رێك دوای عیسا به ناوی "ئه‌حمه‌د": الصف: ٦)؛ سه‌لماندویه‌تی كه له نزیكه‌وه ئاگای له ده‌قه یه‌هودی یان مه‌سیحیه‌كه نیه و به گێڕانه‌وه و داڕشتنه‌وه و به‌ته‌م‌ومژاوی و شێواوی پێی گه‌یشتوه.
سه‌رچاوه‌كانیشی سه‌رچاوه‌ی میللی و ده‌ماوده‌م و جۆراوجۆرن، بۆیه تێكه‌ڵی و په‌شێویی زۆر له چیرۆك و باس‌وخواسه‌كانیدا هه‌یه، كه ئێره جێی یه‌كاڵاكردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته نیه، به‌ڵام له زنجیره‌یه‌کدا به ناوی (تێهه‌ڵكێشكردن له چیرۆكه قورئانیه‌كاندا) یاخود (تێکه‌ڵکردنه‌کانی قورئان) که به‌شێکه له کتێبی (چیرۆکه قورئانیه‌کان)، تیشکی ته‌واوم خستوه‌ته سه‌ری.
بۆیه من بڕوای زانستیی ته‌واوم به نه‌خوێنده‌واریی موحه‌ممه‌د هه‌یه، ئه‌مه‌ش له ڕێگه‌ی قورئانه‌وه ده‌سه‌لمێنم، به‌و پێیه كه ئێمه ڕاسته‌وخۆ و له ڕێگه‌ی شوێنه‌وار و دۆزینه‌وه‌ی مێژویی بێلایه‌نه‌وه موحه‌ممه‌د ناناسین (یاخود هێشتا وا نه‌مانناسیوه)، به‌ڵكو له ڕێگه‌ی قورئانه‌وه ده‌یناسین. موحه‌ممه‌د ـ بۆ توێژه‌رێكی بێلایه‌ن و ڕه‌خنه‌ساز ـ واته قورئان. هه‌روه‌كو چۆن زه‌رده‌شت (زه‌ره‌ثوشتره) بریتیه له‌و كه‌سه‌ی له ده‌قه‌كانی (گاثا) دا ناوی دێت، ئیتر ئێمه زه‌رده‌شت له گاثاكاندا ده‌بینینه‌وه.
ئه‌گه‌ریشی هه‌یه موحه‌ممه‌د له كۆتایی ژیانیدا پیته‌كانی نوسینی عه‌ره‌بیی ناسیبێت و كه‌مێك له نوسینی عه‌ره‌بی شاره‌زا بوبێت، وه‌كو گێڕانه‌وه ئیسلامیه‌كان پێمان ده‌ڵێن كه موحه‌ممه‌د له كۆتاییدا فێری نوسین و خوێندنه‌وه بوه. ئه‌مه‌ش ڕه‌نگه له ئه‌نجامی ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌مو ده‌قه‌یان له‌به‌ر ده‌ستیدا بۆ نوسیوه‌ته‌وه. هه‌تاكو ده‌قه قورئانیه‌كه‌ش ده‌ڵێت (پێش قورئان تۆ خوێندنه‌وه و نوسینت نه‌كردوه)، ئه‌مه‌ش ڕه‌نگه ئه‌وه‌ی لێ بفامرێته‌وه كه دوای قورئان تا ڕاده‌یه‌ك به نوسینی عه‌ره‌بی ئاشنا بوه [به‌ڵام من ئه‌م تێگه‌شتنه به لاواز ده‌زانم، به‌ڵكو وا دیاره مه‌به‌ستی له (پێش قورئان ـ مِنْ قَبْلِهِ) هه‌ر ئه‌وه‌یه كه ئه‌و پێش قورئان خوێنده‌وار نه‌بوه، ئه‌مه‌ش به‌سه بۆ سه‌لماندنی ئه‌وه‌ی كه ئه‌و تۆمه‌ته ڕاست نیه كه مه‌ككه‌ییه‌كان وتویانه (له‌به‌ر نوسراوی تر و له ده‌می كه‌سی تره‌وه ده‌ینوسێته‌وه) (اكتتبها) (الفرقان: ٥)، چونكه كاتێك ده‌ركه‌وت كه‌سێك پێش بڵاوبونه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كه‌ی خوێنده‌واریی نه‌بوه ئیتر ده‌سه‌لمێت كه به‌رهه‌مه‌كه‌ی زاده‌ی خوێندنه‌وه و نوسین نیه، ئیتر هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌سه ده‌ركه‌وێت كه "پێش" بڵاوبونه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كه خوێنده‌واریی نه‌بوبێت، بۆیه ده‌قه‌كه ده‌ڵێت "پێش قورئان". بۆیه ده‌ڵێم ناكرێت و پێویست ناكات ئه‌و بیرۆكه‌یه له‌م ده‌قه‌وه بفامرێته‌وه كه موحه‌ممه‌د دوای قورئان خوێندنه‌وه و نوسینی هه‌بوه].
به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه له خۆیدا و له بنه‌ڕه‌تدا خوێنده‌واریی نه‌بوه و قورئان به‌رهه‌می خوێنده‌واری و خوێندنه‌وه‌ی كتێبی ئایینی نیه، واته قورئان به خوێندنه‌وه به‌رهه‌م نه‌هێنراوه و به قه‌ڵه‌م نه‌نوسراوه و وه‌كو كتێب دانه‌نراوه. به‌ڵكو بڕگه‌بڕگه به‌ده‌می وتراوه و ئینجا نوسراوه‌ته‌وه و دواتر كراوه به كتێب.
ڕه‌نگه بوترێت: تۆش وه‌كو ئه‌وانی تر بابه‌تی (خوێنده‌واری) و (نه‌خوێنده‌واری) ی موحه‌ممه‌د ده‌به‌ستیته‌وه به بابه‌تی (سه‌رچاوه‌كان) ی قورئان و پۆلێنكردنی ده‌قه قوئانیه‌كه‌وه.. ئه‌مه ڕاسته، منیش بۆیه وا ده‌كه‌م چونكه تا ئێستاش قورئان ئه‌و ده‌قه‌یه كه متمانه‌دارترین و گرنگترین ده‌قێكه موحه‌ممه‌دمان پێ بناسێنێت، به شێوه‌یه‌ك ده‌توانین موحه‌ممه‌د له قورئاندا ببینینه‌وه، وه‌كو ئاماژه‌م دا. له‌به‌ر ئه‌وه زۆر دروسته له قورئاندا بۆ لایه‌نێكی كه‌سێتیی موحه‌ممه‌د بگه‌ڕێین یان به قورئان ده‌سكه‌وتی ڕۆشنبیریی موحه‌ممه‌د هه‌ڵ بسه‌نگێنین. به‌ڵام جیاوازیی بیرۆكه‌كه‌ی من له‌وانی تر ئه‌وه‌یه كه ئه‌وان سه‌ره‌تا هه‌وڵ ده‌ده‌ن (خوێنده‌واربون) ی موحه‌ممه‌د بسه‌لمێنن، تا بتوانن له هه‌نگاوی دوه‌مدا بڵێن قورئان به خوێندنه‌وه‌ی ته‌وڕات و ئینجیل به‌رهه‌م هێنراوه نه‌ك به وه‌حیی خوایی، یان (نه‌خوێنده‌واربون) ی ئه‌و بسه‌لمێنن، تا بتوانن له هه‌نگاوی دوه‌مدا بڵێن قورئان به وه‌حیی خوایی هاتوه‌ته كایه نه‌ك به خوێندنه‌وه‌ی ته‌وڕات و ئینجیل. به‌ڵام من هه‌ر له هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا له ناوه‌ڕۆك و له تایبه‌تمه‌ندی و ئاكار و شێوازه‌كانی ده‌قه قورئانیه‌كه ورد ده‌بمه‌وه و ڕاده‌مێنم، ئینجا له هه‌نگاوی دوه‌مدا ده‌گه‌مه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه موحه‌ممه‌د نه‌خوێنده‌وار بوه یان ـ به لای كه‌مه‌وه ـ سه‌رچاوه‌كانی بیری ئایینیی ئه‌و سه‌رچاوه‌ی ده‌ماوده‌م بون و ده‌قه‌كه‌ش به وتن به‌رهه‌م هێنراوه نه‌ك به نوسین.
:په‌راوێز
(١) بۆ نمونه بڕوانه: الطبري، جامع البيان في تأويل القرآ‌ن. تحقيق: أحمد محمد شاكر. مؤسسة الرسالة. الطبعة الأولى، ٢٠٠٠. جـ. ١٧، ص‌ص. ٢٩٨ ـ ٣٠٠.
(٢) بڕوانه: ابن هشام، السيرة النبوية. تحقيق: طه عبد الرؤوف سعد. دار الجيل، بيروت، ١٤١١ هـ. جـ. ٢، ص. ٢٣٨. الطبري، جامع البيان. جـ. ١٧، ص. ٢٩٩.
(٣) بڕوانه: ابن هشام، السيرة النبوية. جـ. ٢، ص‌ص. ٧١، ٧٢.
(٤) بڕوانه: البخاري، الجامع المسند الصحيح المختصر من أمور رسول الله صلى الله عليه وسلم وسننه وأيامه. تحقيق: محمد زهير بن ناصر الناصر. دار طوق النجاة، الطبعة الأولى، ١٤٢٢ هـ. جـ. ١، ص. ٧.
(٤) بڕوانه: البخاري، الجامع المسند الصحيح المختصر من أمور رسول الله صلى الله عليه وسلم وسننه وأيامه. تحقيق: محمد زهير بن ناصر الناصر. دار طوق النجاة، الطبعة الأولى، ١٤٢٢ هـ. جـ. ١، ص. ٧.
(٥) بڕوانه: الجابري، مدخل إلى القرآ‌ن الكريم. مركز دراسات الوحدة العربية، بيروت. الطبعة الأولى، ٢٠٠٦. جـ. ١، ص. ٧٩.
(٦) بڕوانه: الجابري، مدخل إلى القرآ‌ن الكريم. جـ. ١، ص. ٩١.
(٧) بڕوانه: البخاري، الجامع الصحيح المختصر. جـ. ، ص. ١٤١، الحديث رقم ٤٢٥١. مسلم، صحيح مسلم. تحقيق: محمد فؤاد عبد الباقي. دار إحياء التراث العربي، بيروت. جـ ٣، ص. ١٤١٠. الحديث رقم ١٧٨٣.
(٨) القرطبي، الجامع لأحكام القرآ‌ن. تحقيق: هشام سمير البخاري. دار عالم الكتب، الرياض. ٢٠٠٣. جـ. ١٣، ص. ٣٥٢.
(٩) النووي، صحيح مسلم بشرح النووي. دار إحياء التراث العربي، بيروت. ١٣٩٢ هـ. جـ. ١٢، ص. ١٣٨.
(١٠) البخاري، الجامع الصحيح المختصر. جـ. ١، ص. ٣٤، الحديث رقم ١١٤. جـ. ٤، ص‌ص. ٦٨، ٦٩، الحديث رقم ٣٠٥٣.
(١١) البخاري، الجامع الصحيح المختصر. جـ. ٤، ص. ٩٩، الحديث رقم ٣١٦٨.
(١٢) البخاري، الجامع الصحيح المختصر. جـ. ٦، ص. ٩، الحديث رقم ٤٤٣١.
(١٣) البخاري، الجامع الصحيح المختصر. جـ. ٦، ص. ٩، الحديث رقم ٤٤٣٢.
(١٤) البخاري، الجامع الصحيح المختصر. جـ. ٧، ص. ١٢٠، الحديث رقم ٥٦٦٩. جـ. ٩، ص. ١١١، الحديث رقم ٧٣٦٦.
(١٥) البيهقي، السنن الكبرى. تحقيق: محمد عبد القادر عطا. مكتبة دار الباز، مكة. ١٩٩٤. جـ. ٧، ص. ٢٤.
(١٦) ابن ماجه، السنن. تحقيق: محمد فؤاد عبد الباقي. دار الفكر، بيروت. جـ. ٢، ص. ٨١٢، الحديث رقم ٢٤٣١.
(١٧) مسلم، الصحيح. جـ. ٤، ص. ٢٢٤٨. الحديث رقم ٢٩٣٣.
(١٨) بۆ نمونه بڕوانه: العسقلاني، تلخيص الحبير في أحاديث الرافعي الكبير. تحقيق: السيد عبدالله هاشم اليماني المدني. المدينة المنورة، ١٩٦٤. جـ. ٣، ص. ١٢٦.