هێرشە خۆکوژیەکان، لەنێوان تەوژمی سەلەفی و تەوژمی جیهادیدا

هێرشە خۆکوژیەکان
لەنێوان تەوژمی سەلەفی و تەوژمی جیهادیدا

سەروەر پێنجوێنی



بڕیاری وەزارەتی ڕۆشنبیریی هەرێم بە قەدەغەکردنی کتێب و نوسراوی پێشەوا ئیسلامیە سەلەفیەکان ـ بەو پێودانگەی داعش و گروپە تێرۆریستەکانی تر پشتیان پێ دەبەستن ـ جێی سەرەنج و لێکدانەوەی زۆر بو و گرنگیی خۆی هەبو.
بەگشتی دەتوانین بڵێین: وەکو سەرەتایەک، هەنگاوێکی باشە، بەتایبەتی لەلایەنی هێمایی و میدیاییەوە. شتێكی باشە خەڵک بەگشتی بزانن کە لەو کتێبە ئایینیە تەقلیدیانەدا ڕێنمایی و فێرکاریی وا هەن کە سەرچاوەی مەترسین بۆسەر ئاسایشی خەڵک و نەتەوە و خاک و وڵات و بیرکردنەوەی گەنجەکان. هەتا هەنگاوی سوتاندنی هەندێک کتێبیش کە بزانرێت سەرچاوەی بیری تێرۆریزمی ئیسلامین لە گۆڕەپانێکدا، وەکو لایەنی هێمایی و بۆ جەماوەر؛ واتا و پەیام و "إيحاءات" ی باشی هەیە، وەکو چۆن جەماوەر ئاڵای وڵاتێک لە گۆڕەپانێکدا دەسوتێنن کە ئیدانەی دەستدرێژیەکانی دەکەن. جەماوەری خەڵکی کوردستانیش دەبو ـ بۆ نمونە ـ ئاڵای داعش و کتێب و بڵاوکراوەکانیان و بڕێک لە کتێب و نوسراوە جیهادیەکانیان لە گۆڕەپانێکدا و لە ڕوداوێکی دەنگدەرەوەدا بسوتاندایە.
لەگەڵ ئەوانەشدا؛ دەزانین قەدەغەکردنی کتێب دادمان نادات، ئەگەر لە ڕێگەی کەناڵی ئاسمانی و ئینتەرنێتەوە هەمو فیکر و ئایدیۆلۆجیایەکی توندڕەو و هاندەر بۆ توندوتیژی و خەونی یوتۆپیای ئایینی بڵاو بکرێتەوە. بەتایبەتی کە دەشزانین ئەم بڕیارە تا ئێستە میکانیزمی جێبەجێ‌کردنی تاووتوێ نەکراوە و ڕەنگە هەر ڕ‌ێ‌وشوێنێک بوبێت بۆ پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر. سەرباری ئەوانەش؛ ڕون دیارە کە بیرکردنەوە و لێکدانەوەیەکی ورد و قوڵ لەپشتی بڕیارەکەوە نیە و لەلایەن کەسانێکەوە دانەڕێژراوە کە لەنزیکەوە دیاردەکە بناسن.. چونکە:
ـ قەدەغەکردنی کتێبی کەلەپوری "تراثي" یشی تێدایە، وەکو نوسراوەکانی (ئیبن تەیمییە) و (صیددیق حەسەن خان)، کە ئەمانە کەلەپورن، و هەتا کەسانێک و تەوژمێک زیندویان نەکەنەوە و نەیانخەنە گەڕ؛ هیچ توانایەکیان نیە و ناتوانن ئەم سەردەمە بدوێنن. بۆیە ئەم کتێبە کەلەپوریانە ڕاستەوخۆ تاوانبار نین، بەڵکو ئەوانە تاوانبارن کە بە زمانی ئێستە نامیلکە و ڕێنمایی و فەتوایان لێ ساز دەکەن و گەنجی موسوڵمانی پێ هان دەدەن.
ـ ئەوەی کە سەرچاوەی ڕاستەوخۆی بیری تێرۆریزمی ئیسلامیە؛ کتێب و نوسراوی زانا ئایینیە سەلەفیەکان نیە کە زیاتر بەدەوری کەلەپوری فەرمودە "حدیث" ـدا دەسوڕێتەوە، بەڵکو کتێبی مامۆستاکانی بیری جیهادیە. ڕاستە ئەم تەوژمە جیهادیە لە بنەڕەتدا هەر لقێکە لە تەوژمە سەلەفیەکە، بەڵام لە واقیعدا کۆمەڵێک جیاوازیی زۆر گرنگ لەنێوان جیهادیەکان و سەلەفیەکاندا هەیە، گرنگترینیان ئەوەیە سەلەفیەکان بەتوندی پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە "جیهاد" بەبێ فەرمانی دەسەڵاتدار و سەرۆکی وڵات نابێت، بەڵام جیهادیەکان باوەڕیان بە هێرشی تێرۆر و تەقاندنەوە و خۆتەقاندنەوەی گروپێکی یاخی و نەناسراویش هەیە کە ـ لە زۆر حاڵەتدا ـ دەگەڕێنەوە بۆسەر تاکەکەسێک و یاخین لە دەسەڵاتی ئیسلامیی وڵاتەکەی خۆیشیان. جگە لەوەش سەلەفیەکان باوەڕیان بە تەقاندنەوە و خۆتەقاندنەوە نیە، بەڵام جیهادیەکان بە فەتوا و تیۆریسازیەکانیان کارێکیان کردوە "جیهاد" ی ئیسلامی بوەتە تەقاندنەوە و خۆتەقاندنەوە!
بۆیە دەبوایە لیستی کتێبە قەدەغەکراوەکان؛ کتێب و نوسراوەکانی مامۆستا و تیۆریساز "منظر" ە جیهادیەکان بونایە.. بۆ نمونە: وەکو (ئەبو بەصیر) و (ئەبو قەتادە) و (ئەبو موحەممەدی مەقدیسی) و هاوشێوەکانیان، وەکو (مەلا کرێکار) و هاوشێوەکانی. کە لە ڕاستیدا ئەمانە ڕاستەوخۆ لێپرسراون لەو فیکرە تێرۆریستە ئیسلامیە نوێیە.
بە پلەیەکی لەمانەش کەمتر؛ نوسراوی فەقیهە سیاسیەکان، ئەوانەی لەپشتی بیروبڕواکانی ئیسلامی سیاسیەوەن، بەتایبەتی تەوژمە "قوطبی"ـەکە، کە هەڵهێنەری تەوژمە جیهادیەکەیشە. ئەمانەش بیروڕا و فەتوای وایان هەیە کە ڕەواییدانە بە کردەوەی تێرۆریستی، و بەگشتی لێپرسراون لە سەروسەودای سیاسیی ئەو فیکرە ئایینیە تەقلیدیە و بەسیاسی‌کردنی بیری ئیسلامی. لەمانەش دەکرێت ناوی (قەڕەضاوی) و هەتا (زوحەیلی) و (شەعڕاوی) و (د. موحسین عەبدولحەمید) و هەتاکو (بوطی) و بەڵکو شەیخی پێشوی ئەزهەر (طەنطاوی) یش، یاد بخەینەوە. وەکو دواتر دەبینین.
لەم بڕیارەدا نوسراو و کتێبەکانی پێشەوا ئیسلامیە سەلەفیە هاوچەرخەکانی وەکو (ئەلبانی) و (ئەل‌عوثەیمین) و (ئیبن باز) یش خراونەتە لیستەکەوە. بەڵام ئایا بەڕاستی کەسانێكی تر لە فەقیهە جیهادی و فەقیهە سیاسیەکانی هەتاکو (ئیخوان موسلیمین) یش شایەنی ئەو قەدەغەکردنە نەبون زیاتر لە فەقیهە سەلەفیەکانی وەکو (ئەل‌عوثەیمین) و (ئیبن باز)؟!
با لە بابەتێکی گرنگدا ئەم هەڵسەنگاندن و بەراوردە بکەین، بزانین ئەو فەقیهە سەلەفیانە زیاتر جێی مەترسین یان ئەو فەقیهە جیهادی و سیاسیانە!؟

کردەوەی خۆکوژی لە ئیسلامدا
لە ئیسلامدا، هەتا لە جیهادیشدا، كاری خۆكوژی دروست نیە. هیچ كاتێك لە ئیسلامدا ڕێگە بە خۆكوشتن نەدراوە، بەوەشەوە كە لە جیهاددا بێت. لە مێژوی ئیسلامدا كاری شەهادەتخوازی (استشهادي) هەبوە، واتە جێبەجێكردنی هێرشێك یان بەرگرییەك بە ئامادەیی تەواوەوە بۆ بەخشینی گیان و بە دڵنیایی تەواوەوە لەوەی مردن مسۆگەرە (وەكو ئەو صەحابیەی كە دەروازەی باخەكەی كردەوە لە یەمامە، بەڕائی كوڕی مالیك، كە سور دەیزانی دەكوژرێت)، بەڵام كاری خۆكوژی (انتحاري) بەوەی كەسەكە بۆ خۆی خۆی بكوژێت؛ لە ئیسلامدا جێی نابێتەوە. بەڵام لە سەردەمی نوێی جیهانی ئیسلامیدا و لەژێر پەستانی واقیعی داگیركاریی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیدا لەلایەن خۆرئاواییەكان و بەتایبەتی ئیسڕائیلەوە؛ فەتوای دروستیی كردەوەی خۆكوژی لەژێر ناوی كردەوەی شەهادەتخوازی (استشهادي) دا لەلایەن گەلێك لە فەقیهە ئیسلامیەكانەوە دەرچوە، لەمانە:
 ـ مەلا (عبد الله بن حمید)، قازیی پێشوی مەككە، كە لە فەتوایەكیدا كردەوەی خۆكوژی بە جۆرێكی شەرعیی جیهاد داناوە.
ـ (د. وەهبە زوحەیلی)، فەقیهی هاوچەرخ، كردەوەی خۆكوژی بە دروست دەزانێت و پێی وایە بۆ ئەمڕۆ بوەتە پێویستییەكی شەرعیی ناچاركەر.
ـ (د. یوسف قەڕەضاوی)، فەقیهی هاوچەرخ، فەتوای داوە كە ئەو كردەوانە گەورەترین جۆری جیهادن و لە بابەتی ئەو تۆقاندن (إرهاب) ـە شەرعیەن كە قورئان داوای كردوە كاتێك وتویەتی: (وأعدوا لهم ما استطعتم من قوة ومن رباط الخیل ترهبون به عدو الله وعدوكم) (سورەتی ئەنفال، ئایەتی ٦٠).
ـ مەلا (موحەممەد موتەوەللی شەعڕاوی)، كە وتویەتی: (كێ‌ وتویەتی ئەوانە تێرۆریستن؟ ئەوە قسەی ئەمێریكایە)!!
ـ هەروەها شەیخی پێشوی ئەزهەر (موحەممەد سەیید طه‌نطاوی)، ئەمیش پێی وا بوە ئەوانەی كردەوەی خۆكوژی دەكەن؛ بەرگرییەكی شەرعی لە خۆ دەكەن بەرامبەری ئەوانەی دەستدرێژی دەكەنە سەر ئوممەتەكەیان، واتە (دفاع عن النفس) ـە و شەرعیە.
ـ (د. موحەممەدسەعید ڕەمەضان بوطی) (حەمەسەعیدی مەلا ڕەمەزانی بۆتانی)، كە پێی وا بوە ئەو كردەوانە لەسەداسەد شەرعین ئەگەر مەبەست لێیان دەستوەشاندن بێت لە دوژمنان، و ئەوانەی جێبەجێیان دەكەن شەهیدن.
ـ (د. موحسین عەبدولحەمید)، حیزبی ئیسلامیی عێراقی (ئیخوان)، كە وتویەتی: ئەو گەنجانەی خۆیان دەتەقێننەوە؛ پلەیان لەو موجاهیدانە بەرزترە كە دەزانن بەبێوەیی دەگەڕێنەوە بۆ ناو ماڵ و منداڵیان!
ـ كەسانێكی تری ئیسلامیی زۆریش، هەمان مەبەست دوپات دەكەنەوە، و كردەوە خۆكویەكان بە شەرعی دەزانن و بەرگرییان لێ دەكەن. وەكو: (د. عجیل جاسم النشمي) ڕاگری كۆلێجی (شەریعە) ی زانكۆی كوەیت. (د. أحمد هیكل) ئەندامی ئەنجومەنی باڵای كاروباری ئیسلامی لە میسر. (د. سعد ظلام) ئەندامی كۆڕی توێژینەوە ئیسلامیەكان لە میسر. (د. علی محمد الصوّا) سەرۆكی بەشی فیقهـ لە زانكۆی ئوردون و ئەندامی دەستەی فەتوای بانكێكی ئیسلامی. (د. همام سعید) ئەندامی پارلەمانی ئوردونی. مەلا (حسن أیوب) لە مەلا ئیخوانیەكانی ئەزهەر.
ـ سەرباری گەلێك دەزگا و ڕێكخراوی ئیسلامی، وەكو: ڕایەڵەی زانایانی ئایینیی عێراقی (رابطة العلما‌ء العراقیین) لقی موسڵ. كۆڕی فیقهی ئیسلامی (مجمع الفقه الإسلامي) لە سودان. كۆمەڵێك لە زانایانی ئایینیی ئوردون لە فەتوایەكی هاوبەشدا.
ئەمانە و گەلێكی تریش بە دروستیان زانیوە بۆ موسوڵمانی موجاهید كە خۆی بتەقێنێتەوە بە دوژمنی داگیركەردا (زیاتر تایبەتی دەكەنەوە بە حاڵەتی داگیركاریەوە، و ئەمەش باكگراوندی ئەم فەتوایە ڕون دەكاتەوە كە زادەی ئەو بارودۆخەی سەردەمی نوێی جیهانی عەرەبی و ئیسلامیە، بەتایبەتی کێشمەکێشی فەلەستین-ئیسڕائیل)، و بەو مەرجەی بە ئامانجی دەست‌وەشاندن بێت لە دوژمن و بە مسۆگەری ئەم ئامانجە بپێكێت نەك هەر ئەنجامدەرەكەی لەناو ببات. هەتاكو ئەگەر خەڵكی مەدەنییش پێوە ببێت (مەبەستیان خەڵكی مەدەنی لە دوژمنی داگیركەر)؛ دروستە چونكە ئەوانیش بەشێكن لە هێزی داگیركەر!
بەم شێوەیە دەبینین زۆربەی فەقیهە هاوچەرخەكان ئەو كردەوە خۆكوژیانە بە دروست و بەڵكو كارێكی گەورە دەزانن. بەڵام ئەمانە زۆربەیان، ئەگەر نەڵێین هەمویان، سەر بەو تەوژمە ئیسلامیە نوێیەن كە سەروسەودای سیاسیی هەیە و بە فەتواكانیان هەڵوێستی سیاسی دەردەبڕن، ئەگەرنا مەرج نیە گوزارش لە تێڕوانینێكی فیقهیی ڕەسەن بكات.
لە بەرامبەری ئەوانەوە؛ زۆربەی زانا ئایینیە سەلەفیەكان، كە سەر بە تەوژمە ئیسلامیە نوێیە سیاسیەكە نین، ئەو كردەوانە بە دروست نازانن و بە جۆرێك لە خۆكوشتن (انتحار) یان دەزانن، و پێیان وایە ڕێگەیەكی شەرعی نین بۆ زیانگەیاندن بە دوژمن(١).
دیارترینی ئەمانە:
ـ مەلا (عبد العزیز بن عبد الله آ‌ل الشیخ) موفتیی سعودیە و سەرۆكی دەستەی گەورەزانایانی ئیسلامی لە سعودیە.
ـ زانای ئایینیی بواری حەدیث (ناصر الدین الألبانی)، حەدیث‌ناس وفیقهزانێکی سەلەفیە هەرچەند سەر بە تەوژمە سەلەفیە نمونەیی و دامەزراوەییەکە نیە. ئەمیش هەرچەند پێی وا بوە ئەو كردەوە خۆکوژیانە ئەگەر سەركردەی موسوڵمان فەرمانیان پێ‌ بدات؛ بە جیهاد حسێبن و خۆكوشتن (انتحار) نین؛ بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێی ڕەوا نیە گەنجێکی موسوڵمان یان گروپێک بۆ خۆی و بە لێکدانەوە و بیروڕای خۆی پەنا بۆ کاری وا ببات. سەرباری ئەوەش پێی وایە کە ئەو سەرکردە سەربازیەی فەرمانێکی لەو شێوەیە بە سەربازێکی موسوڵمان بدات؛ دەبێت ئەو سەرکردەیە لەلایەنی "خەلیفە" ی موسوڵمانانەوە لەو پلەیەدا دانرابێت، ئیتر ئێستە که ڕژێمی خیلافەت نەماوە؛ پەنابردن بۆ کردەوەیەکی وەها دروست نیە.
ـ زانای ئایینیی سەلەفیی ناسراو مەلا (محمد بن صالح العثیمین)، لە چەند نوسین و فەتوا و چاوپێکەوتنێکدا، لەوانە: ڕاڤەی حەدیثی "أصحاب الأخدود" لە کتێبەکەی "شرح رياض الصالحين" ـدا کە لە بنەڕەتدا وتاری تۆمارکراوە [وتەکانی لەو بارەیەوە لە کتێبی "(فتاوی الأئمة فی النوازل المدلهمة) ی (محمد بن حسين القطحاني) ـدا نەقڵ کراون]، هەروەها لە ئەڵقەیەکی دیمانەی مانگانە "اللقاء الشهري" ی خۆیدا (کاسێتی ٢٢)، هەروەها دیمانەی گۆڤاری (الفرقان) ی کوەیتی (ژمارە ٧٩)، و گۆڤاری (الدعوة) (ژمارە ١٥٩٨)، و هەندێک بۆنە و شوێنی تریش. بۆ نمونە: لە (شرح رياض الصالحين) ـدا دەڵێت: ئەوەی هەندێک خەڵک دەیکەن کە ماددەی تەقاوە لە خۆیان دەبەستن و لەناو کافراندا خۆیان دەتەقێننەوە؛ ئەوە خۆکوشتنە، و هەر کەسێکیش خۆی بکوژێت؛ بەهەتاهەتایی لە دۆزەخدا دەمێنێتەوە، وەکو لە فەرمودەی پێغەمبەردا هاتوە"، و دەڵێت: "سەیرم دێت لەو کەسانەی ئەو کارە دەکەن لە کاتێکدا ئەوان ئەو ئایەتەیان خوێندوەتەوە کە دەڵێت: "ولا تقتلوا أنفسكم، إن الله كان بكم رحيما". ئینجا دەڵێت: "ئەو کارە بەرژەوەندیی ئیسلامی تێدا نیە، چونکە کە خۆی و کەسانێکی تر دەکوژێت؛ ئەمە نەبوەتە هۆی ڕزگاردنی خەڵک بەڵکو ڕەنگە زیاتر دوژمن هان بدات و داخ بکاتە دڵیەوە و ئیتر گورزی توندتر لە موسوڵمانان بدات"، و دەڵێت: "ئەمە لە فەلەستین ڕو دەدات: کاتێک فەلەستینییەک بەم تەقەمەنیانەوە خۆی دەتەقێنێتەوە و شەش-حەوت کەس دەکوژێت؛ ئیسڕائیلیەکان شەست کەس و زیاتر لە فەلەستینیەکان دەگرن و بەم شێوەیە کارەکە سودێکی ـ نە بۆ موسوڵمانان و نە بۆ ئەوانەش تەقینەوەکە لەناویاندا دەکرێت ـ تێدا نیە". لە کۆتاییشدا دەڵێت: "لەبەر ئەوە پێمان وایە ئەو کارە خۆکوشتنە، و پێی دەچێتە دۆزخەوە و ئەوەی ئەو کارە دەکات بە شەهیدیش دانانرێت"، بەڵام دەڵێت: "ئەگەر کەسەکە پێی وا بێت کە ئەو کارە دروستە؛ هیوامان وایە گوناهبار نەبێت، بەڵام بێ گومان بەشەهیدی بۆی نانوسرێت، چونکە ئەوە ڕێگەی شەهادەتی نەگرتوە..".
شایەنی ئاماژەیە ئەم وتانەی ئەل‌عوثەیمین لە چوارچێوەی ڕاڤەی ئەو چیرۆکەدایە کە لە کتێبەکانی فەرمودەدا هاتوە دەربارەی (أصحاب الأخدود)، واتە شەهیدە مەسیحیەکانی نەجڕانی پێش ئیسلام. لەو چیرۆکەدا هاتوە کە پاشای ئەو ناوچەیە ویستویەتی کوڕێکی باوەڕدار بکوژێت، و بە چەند شێوەیەک هەوڵی داوە بۆ کوشتنی بەڵام هەمو جارێک ڕزگاری بوە، ئیتر کوڕەکە ڕێگەیەکی بۆ دەدۆزێتەوە کە چۆن دەتوانێت بیکوژێت، ڕێگەکەش ئەوەیە لەناو جەماوەرێکی زۆردا بە تیرێک بیکوژێت بەڵام بڵێت "بە ناوی خوای ئەو کوڕەوە"، ئیتر پاشا بەو شێوەیە دەیکوژێت و جەماوەرەکە باوەڕ دەهێنن بە خوای کوڕەکە (و ئامانجی کوڕەکەش هەر ئەمە بوە). جا ئەم چیرۆکە لەلایەن جیهادیەکانەوە کراوەتە بەڵگەی ئەوەی خۆکوژی بۆ زیان‌گەیاندن بە دوژمنی بێباوەڕ دروستە، بەڵام ئەل‌عوثەیمین ئەو بەڵگەسازیە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت: کاری ئەو کوڕە نەبوەتە هۆی تێداچونی خەڵک و بەرژەوەندیی باوەڕیشی تێدا بوە [ئەمە جگە لەوەی کە کوڕەکە دەیزانی کە هەر دەکوژرێت، و کوژرانەکەش بە دەستی خۆی و چەکی خۆی نەبوە بەڵکو پاشا دەیکوژێت، کەواتە نابێتە خۆکوشتن](٢).
ـ موفتی و زانای ئایینیی سەلەفیی ناسراو مەلا (عبد العزيز بن عبد الله بن باز) ناسراو بە (ئیبن باز)، ئەویش لە کاسێتێکدا بە ناوی "أقوال العلماء في الجهاد"، لێی دەپرسن: حوکمی ئەو کەسە چیە کە ماددەی تەقاوە لە خۆی دەبەستێت بۆ ئەوەی کۆمەڵێک جولەکەی پێ بکوژێت؟ ئەویش لە وەڵامدا وەکو فەتوایەک دەڵێت: دروست نیە، چونکە ئەوە خۆکوشتنە، خوایش دەفەرمێت: "ولا تقتلوا أنفسكم"، پێغەمبەریش دەفەرمێت: "من قتل نفسه بشيء عذب به يوم القيامة". بەرگری لە خۆی دەکات و ئەگەر جیهاد ڕاگەیەنرا؛ لەگەڵ موسوڵمانانی تردا جیهاد دەکات.. بەڵام خۆی بتەقێنێتەوە؛ ئەمە هەڵەیە و نادروستە، وەکو ئەوەی کە فەلەستینیەکان دەیکەن، کە هەڵەیە(٣).
ئیتر ئەمانە پێیان وایە ڕێگەی خۆتەقاندنەوە ڕێگەیەكی شەرعی و ڕەوای جیهاد نیە چونكە جیهاد لەسەر ڕوبەڕوبونەوە و جەنگانی سەربەرزانە وەستاوە بەڵام خۆتەقاندنەوە كارێكی ترسەنۆكانە و نزمە و جۆرێكە لە هەلپەرستی و فێڵ كە ئاستێكی نزمی هەیە. ئینجا ئەوەش دەكەن بە بەڵگە كە لە قورئاندا هاتوە دەڵێت (یقاتلون فی سبیل الله فیقتلون ویقتلون) (التوبة: ١١١)، واتە: "لە ڕێی خوادا دەجەنگێن، ئیتر دەكوژن و دەكوژرێن". بەم شێوەیەش جیهاد تایبەت كراوە بە هێرشكردن و كاری سەربازانەوە كە لە دوژمن دەكوژێت و دەشكوژرێت. و ئیتر ئەوە ناگرێتەوە كە خۆی بكوژێت. هەروەها خۆتەقاندنەوە جۆرێكە لە ناپاكی (غدر) كە لە حەدیسدا قەدەغە كراوە لە جیهاددا بكرێت، كە گێڕانەوەكان دەڵێن پێغەمبەر وتویەتی: (اغزوا ولا تغلوا ولا تغدروا ولا تمثلوا ولا تقتلوا ولیدا)، بەم پێیەش خۆتەقاندنەوە و تەقاندنەوەی لەناكاو جۆرێكە لە ناپاكی و كەسانی مەدەنی و ژن و منداڵیش پێوە دەبن. هەروەها بەڵگە بەوەش دەهێننەوە كە پێغەمبەر موسوڵمانی هان داوە بۆ ئەوەی ڕوبەڕوبونەوەی دوژمن بە خۆزگە نەخوازێت كە تویەتی: (لا تتمنوا لقا‌ء العدو وسلوا الله العافیة، فإذا لقیتموهم؛ فاصبروا..)، ئەمەش واتە هەوڵ نەدات بە ئەنقەست ڕوبەڕوبونەوە ڕو بدات، بەڵام ئەوەی خۆی دەتەقێنێتەوە؛ بەئەنقەست و خۆبەخۆ مردن بۆ خۆی دەهێنێت. ئینجا بەڵگەی بنەڕەتی ئەو هەمو هەڕەشەیەیە كە لە ئیسلامدا هەیە لە خۆكوشتن كە پێویست بە باسكردنیان ناكات و شتێكی زانراوە لە ئیسلامدا، ئەم كردەوە خۆكوژیانەش لەسەر ئەوە وەستاون كە هێرشبەر بە دەستی خۆی و چەكی خۆی لە هێرشەكەدا خۆی دەكوژێت.
ئەو بەڵگانەش كە ئەوانی تر دەیهێننەوە بۆ دروستیی فیقهیی كردەوەی خۆكوژی (وەكو باسی صەحابییەك بە ناوی بەڕائی كوڕی مالیك، كە لە جەنگی یەمامەدا دژی هەڵگەڕاوەكان داوای كرد لە جەنگاوەرە موسوڵمانەكان فڕێی بدەنە ناو ئەو باخەوە كە هەڵگەڕاوەكان پەنایان بۆ بردبو بۆ دەروازەكەی بكاتەوە، كە دڵنیا بو دەكوژرێت، و ـ سەرچاوە ئیسلامیەكان دەڵێن ـ هەشتا و چەند لێدانی بەركەوت. هەرچەند سەرەنجام لە مردن ڕزگاری بو)؛ تەنها دەبنە بەڵگە بۆ هێرشێك كە جەنگاوەر دڵنیا بێت لەلایەن دوژمنەوە دەكوژرێت نەك بە دەستی خۆی خۆی بكوژێت، بەم شێوەیەش دەبێتە هەڵمەتی شەهادەتخوازی (استشهادي) نەك خۆكوژی (انتحاري) (هەرچەند جیهادیەكان كردەوەی خۆكوژی بە "استشهادي" ناو دەبەن و ئەمەش چەواشەکارییەک و تێكەڵكردنێكی بەئەنقەستە).
بەتایبەتی دەبێت سەرنجی ئەوەش بدەین كە گروپە تێرۆریستەكانی وەكو (قاعیدە) و (داعش) خۆتەقاندنەوە بەرامبەر هەمو نەیارەكانیان بەكار دەهێنن، نەك تەنها هێزە داگیركەرەكان، و لە هەمو تەقینەوەیەكیشدا ـ كە لە ئاوەدانیەكاندا ئەنجام دەدرێن ـ كۆمەڵێك موسوڵمان و خەڵكی ناوخۆ دەبنە قوربانی.

پەراوێز:
(١) بۆ فەتوا و بیروڕای (ابن باز) و (
العثيمين) و (الألباني) و (الفوزان)؛ گوێ لەم تۆمارە دەنگیە بگرە:
حكم العمليات الاستشهادية الفدائية الانتحارية - ابن باز - ابن عثيمين - الالباني ـ الفوزان.
(٢) بڕوانە:
محمد بن صالح بن محمد العثيمين، شرح رياض الصالحين. دار الوطن للنشر، الرياض. ١٤٢٦ هـ. جـ. ١، ص‌ص. ٢٢١ ـ ٢٢٣.
هەروەها بڕوانە:
محمد بن حسين القحطاني، فتاوى الأئمة في النوازل المدلهمة، وتبرئة دعوة وأتباع محمد بن عبدالوهاب من تهمة التطرف والإرهاب. دار الأوفياء للطبع والنشر، الرياض. فتاوى الأئمة في العمليات الانتحارية، ص‌ص. ١٨٠، ١٨١.
(٣) بڕوانە: القحطاني، فتاوى الأئمة في النوازل المدلهمة. ص. ١٧٩.