"دانه‌یی تۆپی زه‌مان"
ڕاڤه‌یه‌ک
له هۆنراوه نه‌مره‌که‌ی (دڵدار) دا که بوه‌ته سرودی نیشتمانیی کورد؛ هه‌ندێک ده‌سته‌واژه هه‌ن که هه‌ندێک ئاڵۆزییان لای گه‌لێک که‌س دروست کردوه.. له‌مانه ئه‌و دێڕه‌ی سه‌ره‌تای که ده‌ڵێ:
ئه‌ی ڕه‌قیب! هه‌ر ماوه قه‌ومی کوردزوبان
نایشکێنێ دانه‌یی تۆپی زه‌مان
هه‌ست ده‌کرێ ئه‌م دێڕه تێگه‌شتنی لای زۆر که‌س گرانه، هه‌ر بۆیه ئه‌وانه‌ی ئاییندارن؛ له‌وه ده‌ترسن واتایه‌کی نه‌گونجاوی له‌گه‌ڵ ئایین تێدا بێ.. هه‌ر به هۆی تێنه‌گه‌شتنیه‌وه نیوه دێڕی دوه‌میش ده‌ستکاری ده‌کرێ، که زۆر جار به شێوه‌ی "نایشکێنێ دانه‌ری تۆپی زه‌مان" ده‌وترێته‌وه!
سه‌باره‌ت به وتن و گێڕانه‌وه‌ی دێڕه شیعره‌که؛ خۆی له ڕاستیدا "دانه‌یی" ـه، نه‌ک "دانه‌ری".. وه‌کو باس کراوه له ده‌ستنوسیشدا هه‌ر "دانه‌یی" ـه.. به‌ڵام وا دیاره تێنه‌گه‌شتن له "دانه‌یی" وای کردوه له‌سه‌ر زمانی هه‌ندێک بکرێ به "دانه‌ری"، به‌و بیرکردنه‌وه‌یه‌ی که ئه‌مه ئاماژه بۆ خوا ده‌کا..
له ڕاستیدا مه‌به‌ستی "دانه‌یی تۆپی زه‌مان" ـه..
ئه‌مه‌ش ڕاڤه‌که‌ی:
"دانه‌یی" له بنه‌ڕه‌تدا هه‌ر "دانه‌ی" ـه، به‌ڵام له‌به‌ر ڕێکخستنی کێشی شیعره‌که کراوه‌ته "دانه‌یی".. ئه‌م شێوازه له شیعری کلاسیکی کوردی‌دا نمونه‌ی زۆره..
"دانه‌ی تۆپی زه‌مان" یش یانی: ئه‌و تاکه تۆپی زه‌مانه‌ی که هه‌یه..
"دانه "ئاماژه ده‌کا بۆ تاکی شتێک.. دانه‌یه‌ک له شتێک.. وه‌کو له فارسی‌دا ده‌وترێ "گوهردانه" |گۆهه‌ردانێ| [و له کوردی‌دا: "گه‌وهه‌ردانه"] یانی: گه‌وهه‌رێک: یه‌ک به‌ردی به‌نرخ [=جوهرة]..
به‌م شێوه‌یه "دانه‌ی تۆپی زه‌مان" یانی: ئه‌و یه‌که تۆپی زه‌مانه‌ی که هه‌یه..
به‌م شێوه‌یه وشه‌ی "دانه" ته‌نها بۆ تاککردن (إفراد) ی ('تۆپ'ی زه‌مان) ـه و جگه له‌مه واتایه‌کی نیه.
ئێسته ئه‌وه‌ی هه‌یه له‌به‌رده‌ستمان "تۆپی زه‌مان" ـه..
ئه‌مه‌یان چیه؟
ئه‌مه ئاماژه ده‌کا بۆ بیروباوه‌ڕێکی گه‌ردونناسیی کۆن که شوێنه‌واری له کولتور و زمانه‌کاندا هه‌یه.. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که کۆنه‌کان بڕوایان وا بوه "چه‌رخ" [به عه‌ره‌بی"فلک" |فه‌له‌ک|] ێک هه‌یه له ئاسمان، یان خودی ئاسمان [ئه‌و گومه‌زه‌ی به‌سه‌ر زه‌ویه‌وه دیاره] "چه‌رخ" [=فه‌له‌ک] ێکه، که بریتیه له ته‌نێکی بازنه‌یی یان چوارچێوه‌یه‌کی بازنه‌یی که ته‌نه ئاسمانیه‌کان له‌ناویدان و له‌ناویدا ده‌سوڕێنه‌وه.. ئه‌مه له قورئانیشدا باس کراوه: "وکل في فلک یسبحون"..
ئه‌وه‌ی لێره‌دا بۆ مه‌به‌سته‌که‌ی ئێمه گرنگه و وه‌کو کلیلی تێگه‌شتنی ئه‌م جۆره ده‌سته‌واژانه‌یه.. ئه‌وه‌یه کۆنه‌کان بڕوایان وا بوه که سوڕانه‌وه‌ی ئه‌م "چه‌رخ" ـه‌ی ئاسمان (کات) دروست ده‌کا! [ئه‌مه‌ش ڕه‌نگه له‌وه‌وه هاتبێ که "کات" به سوڕانه‌وه‌ی ته‌نه ئاسمانیه‌کان (خۆر، مانگ) دێته کایه، سوڕانه‌وه‌ی ئه‌مانه‌ش به‌نده به سوڕانه‌وه‌ی چه‌رخه ئاسمانیه‌که‌وه]. ئیتر لێره‌وه بیرکردنه‌وه له کات و له داهاتو په‌یوه‌ست بوه به‌م چه‌رخ [فه‌له‌ک] ـه‌وه. ئه‌مه‌ش به‌شێکه له گه‌ردونناسیی کۆن که کاریگه‌ریی له‌سه‌ر کولتوری کۆن و زمانه‌کان هه‌بوه.. بۆیه تا ئێستاش وشه‌ی "چه‌رخ" ئاماژه ده‌کا بۆ "کات" و "سه‌رده‌م" [له کوردی‌دا واته بنچینه‌یی و ڕه‌سه‌نه‌که‌ی له بیر چوه‌ته‌وه].
ئینجا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی "کات" (زمان) داهاتوی هه‌یه، ئه‌م داهاتوه‌ش پڕه له شتی کت‌وپڕ و چاوه‌ڕواننه‌کراو، لێره‌وه ئه‌و بیرکردنه‌وه‌یه دروست بوه که (کات) شتی زۆر له هه‌گبه‌که‌یدا هه‌یه بۆ داهاتوی مرۆڤ.. کاتێکیش ئه‌و داهاتوه دێت و کاره‌ساتێکی چاوه‌ڕواننه‌کراو دێته پێش؛ ئه‌مه دراوه‌ته پاڵ کات، به‌و پێیه‌ی هاتنی کات ئه‌م کاره‌ساته‌ی هێناوه.. کاتیش ـ به‌پێی ئه‌و بیرکردنه‌وه کۆنه ـ له سوڕانه‌وه‌ی "چه‌رخ" ـه ئاسمانیه‌که دروست ده‌بێ، بۆیه لێره‌وه ئه‌وه بیرکردنه‌وه‌یه داهاتوه که سوڕانه‌وه‌ی ئه‌و "چه‌رخ" (فه‌له‌ک) ـه رووداوه‌کانی داهاتو ده‌هێنێ.. لێره‌وه داهاتو و ڕوداوه نه‌زانراو و چاوه‌ڕواننه‌کراوه‌کانی؛ دراوه‌ته پاڵ ئه‌م "چه‌رخ" (فه‌له‌ک) ـه، که له هه‌مان کاتدا به "چه‌رخی چه‌پگه‌رد"[!!] و "چه‌رخی ڕۆژگار" و "زه‌مانه" [= "زمان"] و له عه‌ره‌بییشدا "الدهر"؛ گوزارشی لێ ده‌کرێ، که هه‌مویان ئاماژه بۆ هه‌مان چه‌مک ده‌که‌ن.
ئه‌مه‌ش له کولتور و ئه‌ده‌بیاتی کۆندا زۆر ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه.. بۆ نمونه: مه‌وله‌وی ده‌ڵێ:
فه‌ڵه‌ک وه‌به‌ختم مه‌گه‌س مه‌کیانۆ
وه ڕاکه‌ی ڕه‌حمه‌ت هه‌م‌دیس مه‌ڕیانۆ!
لێره‌وه ڕوداوه داهاتوییه‌کان، به‌تایبه‌تی خراپه‌کان، دراوه‌ته پاڵ (فه‌له‌ک). و هه‌ر که‌سێک توشی ڕوداوێک بوبێت؛ له‌و "فه‌له‌ک" ـه‌ی بینیوه و خه‌تای ئه‌وی گرتوه و قسه‌ی پێ وتوه.. بۆ نمونه: له ئه‌ده‌بیاتی کوردیی (میللی و نامیللی) دا؛ بۆ هه‌مو ڕوداوێکی خراپ و نه‌خوازراوی داهاتو؛ خه‌تای "فه‌له‌ک" و "زه‌مانه" گیراوه.. ماملێ ده‌ڵێ: "زه‌مانه گوڵێکی دامێ لێی ستاندم.."!ئه‌م جۆره بیرکردنه‌وه‌یه‌ش؛ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی بیرکردنه‌وه‌یه‌که له ڕۆژگاری کۆندا باڵاده‌ست بوه، که ئه‌ویش بیروباوه‌ڕی "قه‌ده‌ر" [Fatalism] ـه، که وا بیر ده‌کرێته‌وه: ئه‌وه‌ی ڕو ده‌دا و بۆ مرۆڤ دێته پێش؛ هه‌موی بڕیاردراوه و ده‌بێ ڕو بدا.. جا ئیتر بیرکردنه‌وه‌یه‌کی میللی و ئه‌ستێره‌وانی ده‌یداته پاڵ فه‌له‌ک، بیرکردنه‌وه‌یه‌کی ئایینیی تازه‌بابه‌تیش ده‌یداته پاڵ خوا، هه‌ر بۆیه له ئیسلامدا فه‌رموده‌یه‌ک هه‌یه: که گوایه پێغه‌مبه‌ر وتویه‌تی: "قسه به زه‌مانه مه‌ڵێن، چونکه خوا هه‌ر خۆی زه‌مانه‌یه" (لا تسبوا الدهر، فإن الله هو الدهر) [موسلیم و طه‌به‌ڕانی و ئه‌حمه‌د و هه‌ندێکی تر].
بێینه‌وه سه‌ر "تۆپی زه‌مان" ی شیعره نه‌مره‌که‌ی (دڵدار).. تێگه‌یشتین که مه‌به‌ست له‌م گوزارشه؛ شتێکه له بابه‌تی (ڕۆژگار) یان (داهاتو). به‌و پێیه‌ی که داهاتو ڕوداوگه‌لێکی له هه‌گبه‌دا هه‌یه بۆ مرۆڤه‌کان..
لێره‌وه کاتێک ده‌ڵێ (نایشکێنێ دانه‌ی تۆپی زه‌مان)؛ یانی: کورد له داهاتوی ڕۆژگاردا توشی هیچ شکانێک نابێ.. ئه‌مه‌ش یان باوه‌ڕێکی گه‌وره‌یه به کورد که به هیچ ڕوداو و کاره‌ساتێک که به‌سه‌ری بێ؛ کۆڵ نادا و تێکناشکێ، یان متمانه‌یه‌کی زۆره به داهاتو و هیوایه‌کی گه‌وره‌یه به داهاتوی کورد..
ئه‌مه‌ش یانی گوزارشی "نایشکێنێ دانه‌ی تۆپی زه‌مان" ته‌نها گوزارشێکی زمانیی ڕوته و پشت ده‌به‌ستێ به ده‌سته‌واژه‌ی باو بۆ ئاماژه‌کردن بۆ ڕۆژگار و داهاتو، هه‌میشه‌ش کولتوری کۆن له زمان و ده‌ربڕین و ئیدیۆم و ڕسته‌کاندا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه، ئه‌گه‌رچی مه‌به‌سته کۆنه‌که بیریش چوبێته‌وه.. که‌سێکیش که ئێسته باسی "زه‌مانه" و "فه‌له‌ک "ده‌کا؛ بێ گومان مه‌به‌ستی ئه‌و بیرکردنه‌وه گه‌ردونناسیه کۆنه نیه ده‌رباره‌ی "چه‌رخ"ی ئاسمان و سوڕانه‌وه‌ه‌که‌ی که "کات" دروست ده‌کا.. به‌ڵکو ڕه‌نگه قسه‌که‌ری ئێسته هه‌ر نه‌زانێ ئه‌م گوزارشه له چیه‌وه هاتوه!
ئیتر ئه‌م دێڕه شیعره نه بیروباوه‌ڕێکی کۆن زیندو ده‌کاته‌وه، و نه بیروباوه‌ڕێکی ئایینیی تازه‌بابه‌تیش له خۆی ده‌گرێ وه‌کو ئه‌وه‌ی که به "نایشکێنێ دانه‌ری تۆپی زه‌مان" ده‌وترێته‌وه به‌و پێیه‌ی مه‌به‌ست له "دانه‌ری تۆپی زه‌مان" خوایه.
به‌ڵکو ته‌نها گوزارشکردنه له ڕۆژگار و داهاتو به ده‌ربڕینێکی باوی ئه‌و سه‌رده‌مه..
و ئه‌گه‌ر ـ گریمان ـ ئه‌م ده‌قه به شێوه‌ی "نایشکێنێ دانه‌ری تۆپی زه‌مان" یش بوایه و مه‌به‌ستی ئه‌وه بوایه که "خوا کورد ناشکێنێ"؛ دیسان ئه‌مه‌ش هیچ بیروباوه‌ڕێکی نه‌گونجاو له‌گه‌ڵ ئایینی تێدا نیه، به‌ڵکو ئه‌و کاته وه‌کو "نزا" (دعاء) ێکی لێ دێ.. شتێکی زانراوه که "نزا" هه‌مو کاتێک به قسه‌ی "ئینشائی" و (داخوازی) ناکرێ، به‌ڵکو زۆر جار به ڕسته‌یه‌کیش ده‌کرێ که له خۆیدا گوزاره‌یی (خه‌به‌ری) ـه، به‌ڵام له واتادا "ئینشائی" و (داخوازی) ـه.. به‌شێکی زۆر له "نزا" ئیسلامیه‌کانیش له‌م بابه‌ته‌ن.. بۆ نمونه: موسوڵمان به مردو ده‌ڵێ "رحمه الله" [ده‌قاوده‌ق: خوا ڕه‌حمی پێ کرد]، یان ده‌ڵێ "یرحمه الله" [ده‌قاوده‌ق: خوا ڕه‌حمی پێ ده‌کا]، له کاتێکدا له واتادا مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه بڵێ "خوا ڕه‌حمی پێ بکا" (لیرحمه الله)، یان وه‌کو ئه‌وه وایه بڵێ "خوایه! ڕه‌حمی پێ بکه" (یا رب! ارحمه).
به هه‌مان شێوه ئه‌گه‌ر ئه‌و دێڕه شیعره‌ی دڵدار به شێوه‌ی "نایشکێنێ دانه‌ری تۆپی زه‌مان" بوایه؛ ده‌بوه جۆره نزایه‌ک..
به‌ڵام ـ بێ گومان ـ ئه‌و نیوه دێڕه به شێوه‌ی "نایشکێنێ دانه‌ری تۆپی زه‌مان" نیه، چونکه خۆی له بنه‌ڕه‌تدا وا نیه، ئینجا ئه‌و دو بیرکردنه‌وه و گوزارشه جیاوان: ئه‌وه‌ی بڵێ "خوا نایشکێنێ"؛ ئاماژه ده‌کا بۆ بیروباوه‌ڕێکی ئایینیی تازه‌بابه‌ت، ئه‌وه‌شی بڵێ "تۆپی زه‌مان نایشکێنێ"؛ به‌م گوزارشه ئاماژه ده‌کا بۆ بیروباوه‌ڕێکی میللی و ئه‌ستێره‌وانیی کۆن ده‌رباره‌ی زه‌مانه و فه‌له‌ک.. به‌ڵام که‌سێک بڵێ "خوای دانه‌ری تۆپی زه‌مان نایشکێنێ"؛ ئه‌مه تێکه‌ڵکردنی دو سیسته‌می مه‌عریفیی جیاوازه: نه ئایین باسی "فه‌له‌ک" ده‌کا، و نه ئه‌وه‌ی باسی فه‌له‌ک ده‌کا باسی "خوا" ده‌کا! بۆیه تێکه‌ڵکردنیان تێکه‌ڵکردنی دو بیرکردنه‌وه و دو زمانی جیاوازه.. که بێ گومان "دڵدار" هه‌ڵه‌ی وای نه‌کردوه!