زنجیره‌ی به‌ڵگه‌كانی په‌ره‌سه‌ندن
سه‌روه‌ر پێنجوێنی
له‌م زنجیره‌یه‌دا به‌ڵگه‌کانی په‌ره‌سه‌ندنی زینده‌وه‌ران له یه‌ک بنچینه و پێشینه‌ی هاوبه‌شه‌وه ده‌خه‌ینه ڕو. به‌ڵگه‌کان زۆرن و چه‌ند جۆرێکن، بۆیه به‌سه‌ر چه‌ند به‌شێکدا دابه‌ش ده‌بن. ئه‌وانه‌ش:
(ا)
ئه‌ندام و پێكهاته‌ی شوێنه‌واری په‌ره‌سه‌ندن له جه‌سته‌ی زینده‌وه‌راندا
مه‌به‌ست له ئه‌ندامی شوێنه‌واری (عضو أثريّ) Vestigial Organ كۆمه‌ڵێك ئه‌ندام و شانه و پێكهاته‌یه له بونیادی جه‌سته‌ی زینده‌وه‌راندا، كه له پێشینانی ئه‌م زینده‌وه‌رانه‌دا فرمان و ئه‌ركی ته‌واوی خۆیان هه‌بوه، به‌ڵام له‌م زینده‌وه‌رانه‌دا كه بارودۆخێكی تریان هه‌یه و پێویستی به‌و ئه‌ندام و شانه و پێكهاتانه نه‌ماوه و فرمان و كاره‌كه‌یان له ده‌ست داوه؛ نه‌ماون یان پوكاونه‌ته‌وه و دیار نه‌ماون و ته‌نها پاشماوه‌یه‌كیان ماوه كه به‌زۆری سودێكی ئه‌وتۆیان نیه یان به‌لای كه‌مه‌وه ئه‌و فرمانه‌یان نه‌ماوه كه پێشتر له پێشینانی ئه‌م زینده‌وه‌رانه‌دا هه‌یانبوه، و به‌ره‌و ئه‌وه ده‌چن له داهاتودا به‌ته‌واوی نه‌مێنن.
بۆیه پێكهاته‌ی جه‌سته‌ی زینده‌وه‌رانی ئێسته، به‌تایبه‌تی گیانه‌وه بڕبڕه‌داره‌كان، وه‌كو مۆزه‌خانه‌یه‌كی شانه و پێكهاته‌ی شوێنه‌واری ده‌رده‌كه‌ون كه ئه‌م شانه و پێكهاتانه كاتی خۆیان زۆر پێویست و خاوه‌نفرمان بون بۆ زینده‌وه‌ره كۆنه‌كان كه پێشینه و باپیره‌ی ئه‌وانه‌ی ئێسته‌ن، به‌ڵام گۆڕانكاریه‌كانی ژینگه و شێوازی ژیان و پێكهاته‌ی جه‌سته وایان كردوه زینده‌وه‌ره نوێیه‌كان پێویستییان پێییان نه‌مێنێت، ئیتر فرمانێكی ئه‌و تۆیان نه‌ماوه و به‌ره‌و ئه‌وه ده‌چن به‌ته‌واوی نه‌مێنن، یان ڕه‌نگه فرمانێكی نوێ وه‌ربگرن.
شایه‌نی سه‌رنجه كه ئه‌م پێكهاته پاشماوه‌ییانه جاری وا هه‌یه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ بنچینه‌كه‌ی خۆیان و له زینده‌وه‌ره نوێیه‌كاندا به شێوه بنچینه‌ییه‌كه‌یانه‌وه ده‌رده‌كه‌ونه‌وه، كه ئه‌مه كردارێكه پێی ده‌وترێت په‌ره‌سه‌ندنی پاشگه‌زانه (التطور الارتدادي) Atavistic Evolution یاخود پاشگه‌زگه‌ری (الارتدادية) یان (التأسُّل) Atavism، بۆ نمونه: هه‌ندێك جار مار یان نه‌هه‌نگ قاچی بچوكی ده‌بێت، یان مرۆڤ هه‌ندێك جار به‌ده‌گمه‌نی كلكی ده‌بێت.
ده‌رکه‌وتنه‌وه‌ی کلک له مرۆڤدا
ئه‌م پێكهاته شوێنه‌واری و پاشماوه‌ییانه به‌ڵگه‌ی زه‌قی په‌ره‌سه‌ندنی زینده‌وه‌رانن، و شوێنه‌واری زیندوی مێژوی په‌ره‌سه‌ندنیانن.
(١)
له جه‌سته‌ی مرۆڤدا
له جه‌سته‌ی مرۆڤدا كۆمه‌ڵێك شانه و پێكهاته و تایبه‌تمه‌ندی و فرمان هه‌ن كه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ پێشینه‌كانی مرۆڤ و پاشماوه‌ی په‌ره‌سه‌ندنی مرۆڤن له‌و پێشینانه‌وه. له‌مانه:
موچڕكه و هه‌ستانی موی پێست
مرۆڤی ئێسته ئه‌م موچڕكه‌یه دێت به له‌شیاندا و مویان هه‌ڵده‌ستێت، ئه‌مه‌ش كاتێك سه‌رمایان ده‌بێت یان ترسێك دایان ده‌گرێت یان توڕه ده‌بن.. بۆ نمونه كاتێك مرۆڤ ڕوبه‌ڕوی مه‌ترسییه‌ك ده‌بێته‌وه و ترسێكی كت‌وپڕ دایده‌گرێت؛ له كاردانه‌وه‌یه‌كی ده‌ماریی خۆنه‌ویستدا كۆئه‌ندامی ده‌ماریی سیمپه‌تێكی (خۆكار) Sympathetic Nervous System هان ده‌درێت و ئه‌میش ئه‌و ماسولكه وردانه‌ی (كه ـ به لاتینی ـ پێیان ده‌وترێت "موهه‌ستێنه‌ره‌كان" arrectores pilorum) له ده‌وری بنك (یاخود پیازۆڵكه) ی موه‌كان كرژ ده‌كات به‌مه‌ش موه‌كه ڕاده‌كێشرێت و قنج ده‌كرێت، ئیتر موه‌كان به‌رز ده‌بنه‌وه و بنك و ده‌وری موه‌كه‌ش ده‌بێته به‌رزاییه‌كی بچوك، كه به‌تایبه‌تی ئه‌مه له باسك و لاقه‌كانی مرۆڤدا ڕونتر ده‌بینرێت، هه‌روه‌ها له مل و ئه‌و ناوچانه‌ی تریش كه توكیان پێوه‌یه ڕو ده‌دات، به‌ڵكو مرۆڤی وا هه‌یه له پێستی ده‌م‌وچاوی یاخود سه‌ریشیدا ئه‌و حاڵه‌ته ڕو ده‌دات. كه ئه‌مه به ئینگلیزی پێی ده‌وترێت Goose Bumps یاخود Goosebumps كه ئه‌مه‌ش ده‌قاوده‌ق یانی: چوكڵه قازیه‌كان! چونكه دیمه‌نی پێسته‌كه له‌و حاڵه‌ته‌دا له دیمه‌نی پێستی قازێك (یان هه‌ر په‌له‌وه‌رێكی تر) ده‌چێت كه په‌ڕ و موه‌كه‌ی ده‌ركێشرابێت و پێسته‌كه هه‌موی چوكڵه و نوكه‌یه.
موچڕكه و هه‌ستانی موی پێست
زۆر گیانداری تریش، له شیرده‌ره‌كانی تری جگه له مرۆڤ، به هه‌مان ئه‌و هۆكارانه ئه‌و موچڕكه‌یه‌یان هه‌یه، وه‌كو: سه‌گ و پشیله. بۆ نمونه: سه‌رنجی پشیله‌یه‌ك بده كاتێك سه‌رمایه‌تی یان ڕوبه‌ڕوی مه‌ترسییه‌ك ده‌بێت چۆن توكه‌كه‌ی هه‌ڵده‌ستێت و فش ده‌بێت.
كاتێك گیاندارێكی شیرده‌ر، كه به سروشتی فه‌روه‌ی موی هه‌یه یان توكی هه‌یه، موچڕكه دێت به له‌شیدا و توكه‌كه‌ی به‌رز ده‌بێته‌وه؛ كه‌مێك هه‌وا له‌نێوان ئه‌و توكه هه‌ستاوه و پێسته‌كه‌دا گل ده‌مێنێته‌وه ئه‌مه‌ش یارمه‌تیی گه‌رمبونه‌وه ده‌دات چونكه به‌م شێوه‌یه گه‌رمایی جه‌سته گل ده‌درێته‌وه (ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیه له هه‌مو شیرده‌ره‌كاندا هه‌یه).
که‌متیاری قاوه‌یی: هه‌ستانی توک له حاڵه‌تی هێرشبردن و مه‌ترسیدا
هه‌روه‌ها له كاتی توڕه‌بون یان ترساندا و له كاردانه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كدا ئه‌و گیانداره‌ی كه توكێكی زۆری هه‌یه و توكه‌كه‌ی هه‌ڵده‌ستێت؛ ئه‌مه جه‌سته‌كه‌ی گه‌وره‌تر پێشان ده‌دات، بۆ ترساندنی دوژمنه‌كه‌ی كه سه‌رچاوه‌ی ترسه‌كه‌یه، بۆ نمونه كاتێك چیمپانزی ڕوبه‌ڕوی مه‌ترسییه‌ك ده‌بێته‌وه؛ به‌و شێوه‌یه هه‌وڵ ده‌دات سه‌رچاوه‌ی مه‌ترسیه‌كه بترسێنێت.
بڕوانه هه‌ستانی توکی چیمپانزیه‌که کاتێک توڕه‌یه و ڕوبه‌ڕوی مه‌ترسییه‌ک ده‌بێته‌وه
به هه‌مان شێوه له مشك و جرجی تاساو و پشیله‌ی ترساودا، هه‌مان دیارده هه‌یه. كاتێك پشیله‌یه‌ك ڕوبه‌ڕوی سه‌گێك ده‌بێته‌وه؛ پشیله‌كه خۆی گیڤ ده‌كاته‌وه و به‌مه‌ش جه‌سته‌ی گه‌وره‌تر ده‌نوێنێت و سه‌گه‌كه په‌شیمان ده‌كاته‌وه! له مرۆڤیش‌دا له‌م حاڵه‌تانه‌دا هه‌مان دیارده ڕوده‌دات: كه سه‌رمای ده‌بێت یان ده‌ترسێت و ڕوبه‌ڕوی مه‌ترسییه‌ك ده‌بێته‌وه (و ئیتر ئه‌درێنالین ده‌ر ده‌درێت).. به‌ڵكو جاری وا هه‌یه له مرۆڤدا له كاتی بیستنی جیڕه‌ی هێنانی نینۆك به ته‌خته‌یه‌كدا، یان بیستنی مۆسیقایه‌كی سه‌رسامكه‌ردا، یان هه‌تا كاتێك هه‌ستێكی زۆر هه‌ژێنه‌ر و دڵخۆشكه‌ر یان تاسێنه‌ری بۆ دروست ده‌بێت، یان له بیركه‌وتنه‌وه‌ی هه‌ستێكی له‌و شێوه‌یه‌دا، ئه‌و دیارده‌یه ڕو ده‌دات.
به‌ڵام مرۆڤی ئێسته هه‌رچه‌ند ـ به كاری هه‌ڵبژاردنی سروشتی ـ توكێكی ئه‌وتۆ به جه‌سته‌یه‌وه نه‌ماوه به‌ڵام تا ئێستاش شوێنه‌وار و پاشماوه‌ی میكانیزمی كۆنتڕۆڵكردن و ئه‌نجامدانی موچڕكه له مرۆڤدا ماوه، ئه‌مه‌ش له كاتی سه‌رما یان ترس‌دا یان هه‌ر هه‌ستێكی زۆر وروژێنه‌ردا.. به‌بێ ئه‌وه‌ی مرۆڤ سودێكی ئه‌وتۆی لێ ببینێت، چونكه توكه‌كه‌ی به‌ته‌واوی كه‌م بوه‌ته‌وه، ئیتر نه له حاڵه‌تی ترس‌دا بۆ گه‌وره‌پێشاندانی جه‌سته سودی هه‌یه چونكه توكه‌كه كه‌مه و هیچ له دیمه‌نی مرۆڤ ناگۆڕێت، و نه له حاڵه‌تی سه‌رمادا سودێكی ئه‌وتۆی هه‌یه و گه‌رمبونه‌وه‌یه‌كی ئه‌وتۆ ده‌سازێنێت كه شایه‌نی باس بێت (ڕه‌نگه ڕاوه‌شان و جوڵه‌ی ماسولكه ورده‌كان له‌بنه‌وه كه‌مێك گه‌رمایی بدات، به‌ڵام ئه‌مه‌ش سودێكی ئه‌وتۆی بۆ مرۆڤ نیه). به‌ڵكو مرۆڤ بۆ خۆی ته‌نها هه‌ست به موچڕكه‌كه ده‌كات وه‌كو كردارێكی خۆنه‌ویست و ئیتر موهه‌ستانه‌كه‌ی دیارده‌یه‌ك نیه سه‌رنجی بدرێت یان هه‌ر موی ئه‌وتۆی پێوه نیه و ته‌نها چوكڵه و به‌رزایی بچوك-بچوك دیاره! به‌كورتی: كاردانه‌وه‌كه له مرۆڤدا ماوه‌ته‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی بتوانێت ئه‌و فرمانه به‌جێ بگه‌یه‌نێت كه له بنه‌ڕه‌تدا هه‌یبوه.
ئه‌م كاردانه‌وه‌یه له مرۆڤدا شوێنه‌وارێكی په‌ره‌سه‌ندنه. مانه‌وه‌ی ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیه له مرۆڤدا ته‌نها پاشماوه و شوێنه‌واری په‌ره‌سه‌ندنیه‌تی، و ڕابردوی په‌ره‌سه‌ندی مرۆڤ له پێشینه‌كانیه‌وه پێشان ده‌دات.
سه‌رچاوه:
Coyne, Jerry A., Why Evolution is True. Oxford University Press, 2009. PP. 67, 68.
Coyne, Jerry A., “Vestigial organ—goosebumps”, Why Evolution is True.
Coyne, Jerry A., “Avestigial trait in humans: the arrector pili”, Why Evolution is True.
“Goose bumps”, Wikipedia, the free encyclopedia.
Why do we get goose bumps? Smithsonian Institution.
Whydo humans get "goosebumps" when they are cold, or under othercircumstances? Scientific American.