جه‌ژنی نه‌ورۆز و بڕوبیانوی هه‌ندێك له ئیسلامیه‌كان
سه‌روه‌ر پێنجوێنی
پێش هه‌مو شتێك، ئیسلامیه‌كان وه‌كو هێزێكی ئایینگه‌را و
ئیسلامگه‌را كه به‌رنامه‌ی به‌ئایینیكردن و به‌ئیسلامیكردنی هه‌مو شتێك و هه‌مو
ژیان و كۆمه‌ڵگایان هه‌یه؛ پێیان ناخۆشه مرۆڤ سه‌رگه‌رمی بابه‌تێك بێت كه په‌یوه‌ندیی
به ئایین/ئیسلامه‌وه نه‌بێت یان سه‌ر به جیهانێكی تر یان جیهانبینییه‌كی تر
بێت، بۆ نمونه: پێیان ناخۆشه مرۆڤی كورد سه‌رگه‌رم و خۆشحاڵ بێت به بۆنه‌یه‌ك
یان ئاهه‌نگێك كه له ئیسلامه‌وه نه‌هاتبێت و بابه‌تێكی ئیسلامی نه‌بێت، بۆیه هه‌ر
داب‌ونه‌ریتێك له كۆمه‌ڵگای ئیسلامیی كۆندا نه‌بوبێت سڵی لێ ده‌كه‌نه‌وه. به‌ڵام
سه‌رباری ئه‌وه‌ش؛ ئیسلامیه‌كان هه‌ستیان
كردوه كه ئه‌م بایه‌خه زۆره‌ی كورد به جه‌ژنی نه‌ورۆز نیاز و مه‌به‌ستێكی
شاردراوه‌ی كورد پێشان ده‌دات كه چاوی له سه‌ربه‌خۆبون و خۆجیاكردنه‌وه‌یه‌كی
كولتوری و سیاسیه. دیاره ئیسلامیه‌كان به (به‌صیره‌تی ئیمانی)(!) ی خۆیان هه‌ست
ده‌كه‌ن كه بایه‌خدانی كورد به نه‌ورۆز ویستی كورد پێشان ده‌دات بۆ سه‌ربه‌خۆبونی
كولتوری و خۆناسین و خۆجیاكردنه‌وه له كۆمه‌ڵگای عه‌ره‌بی ـ ئیسلامی. ده‌ركی ئه‌وه‌یان
كردوه كه گه‌ڕانه‌وه‌ی كورد بۆ زیندوكردنه‌وه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆز؛ ڕابونێكه له
كورددا و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كه بۆ ناسنامه‌یه‌ك كه كورد ـ پێش داگیركردنی كوردستان له‌لایه‌ن
ده‌وڵه‌تی (خیلافه‌ت) ی ئیسلامیه‌وه ـ هه‌یبوه.. ده‌زانن كه كورد به زیندوكردنه‌وه‌ی
ئه‌م جه‌ژن و داب‌ونه‌ریته كۆنینه و ڕه‌سه‌نه بنچینه و ڕابردو و ناسنامه‌ی
كۆنینه‌ی خۆی بیر ده‌كه‌وێته‌وه، و ئه‌مه‌ش ڕه‌نگه سه‌ره‌تایه‌ك بێت بۆ سه‌ربه‌خۆبونی
كورد له ناسنامه عه‌ره‌بی ـ ئیسلامیه‌كه كه ئیسلامیه‌كان به هه‌مو شێوه‌یه‌ك
هه‌وڵ ده‌ده‌ن وه‌كو به‌رگێك بیكه‌نه به‌ری كورد، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی هه‌ندێكیان به‌ڕاشكاوی
ده‌ڵێن كه كورد وه‌كو گه‌لێك له‌و كاته‌وه هه‌یه و بونێكی دیار و سه‌ربه‌خۆی هه‌یه
كه موسوڵمان بوه(١)، بۆیه هه‌میشه سورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه گوایه ئیسلام ناسنامه‌ی به‌خشیوه
به مرۆڤی كورد، هه‌ر لێره‌وه كار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ناسنامه‌ی كورد
ناسنامه‌یه‌كی ئیسلامی بێت نه‌ك ناسنامه‌یه‌كی ئێرانی و پێش‌ئیسلامی. هه‌تا هه‌ندێكیان
هه‌وڵ ده‌ده‌ن كه‌سێتیه ئێرانیه‌كان به كه‌سێتیه ئیبراهیمیه‌كان پێناسه بكه‌ن
و ته‌نها له‌م ڕوانگه‌یه‌وه دان ده‌نێن به كه‌سێتیه ئێرانیه‌كانی وه‌كو (زه‌رده‌شت)
و (كاوه) دا، به پێناسه‌كردنی ئه‌مانه به كه‌سێتییه‌كی كولتوریی یه‌هودی ـ
ئیسلامیی وه‌كو (ئیبراهیم)..
ئه‌مه حاڵه‌ته‌كه‌یه وه‌كو خۆی. به‌ڵام ئیتر ئیسلامیه‌كان
خۆیان ناتوانن به‌م ڕونی و ڕاشكاویه به‌یانی حاڵه‌ته‌كه‌ی خۆیان بكه‌ن، چونكه ڕه‌نگه
مرۆڤ خۆی به‌ڕونی هه‌ست به حاڵه‌تی خۆی نه‌كات و چاودێرێك له ده‌ره‌وه‌ی خۆی
باشتر هه‌ستی پێ بكات. بۆیه ئیسلامیه‌كان به شێوازی تر گوزارش له حاڵه‌ته‌كه
ده‌كه‌ن، وه‌كو په‌نابردنیان بۆ ئامڕازی (فه‌توا) به حه‌رامكردنی جه‌ژنی نه‌ورۆز
وه‌كو نمونه‌یه‌كی (جه‌ژنه‌كانی كافران) (أعیاد الكفار) و تێڕوانین بۆ نه‌ورۆز وه‌كو
جه‌ژنێكی ئایینی له ئایینێكی فره‌په‌رستیدا، له كاتێكدا نه‌ورۆز ئێسته ـ لای زه‌رده‌شتیه‌كان
نه‌بێت ـ وه‌كو جه‌ژنێكی ئایینی نه‌ماوه‌ته‌وه و بوه‌ته جه‌ژنێكی دنیایی سروشتی
و كولتوری و نه‌ته‌وه‌یی و په‌یوه‌ندیی به هیچ بیروباوه‌ڕێكی ئایینیه‌وه نیه، هه‌ر
ئه‌مه‌یشه نهێنیی مانه‌وه‌ی، ئه‌گه‌رنا ئه‌گه‌ر سروتێكی ئایینی بوایه؛ هه‌ر زو ده‌پوكایه‌وه
و ته‌نها وه‌كو داب‌ونه‌ریتێك لای زه‌رده‌شتیه‌كان ده‌مایه‌وه. شێوازێكی تری
ئیسلامیه‌كان بۆ گوزارشكردن له هه‌ڵوێستی دژی خۆیان به‌رامبه‌ر نه‌ورۆز ئه‌وه‌یه
بیانوی به‌ڕواڵه‌ت زانستی و مێژویی ده‌هێننه‌وه، وه‌كو ئه‌وه‌ی ده‌ڵێن: چیرۆكی
زوحاك ئه‌فسانه‌یه، یان كاوه كورد نه‌بوه و فارس بوه و زوحاك كورد بوه! یان جه‌ژنه‌كه
جه‌ژنێكی فارسیه.
هه‌ڵبه‌ته ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێین كه ئه‌م قسانه‌ی ئێمه
هه‌مو ئیسلامیه‌كان ناگرێته‌وه. بۆ نمونه لایه‌نێكی ئیسلامیی وه‌كو (یه‌كگرتو) كه
نوێنه‌ریی ته‌وژمێكی ئیسلامیی میانه‌ڕه‌و ده‌كات؛ هه‌ڵوێستیان له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌كه
گونجاوه، چونكه له‌گه‌ڵ ئایینداریدا بڕێك له عه‌قڵانیه‌ت و هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی
لێك‌ده‌ده‌نه‌وه، و له لایه‌نی ئایینییشه‌وه بابه‌ته‌كه‌یان چاره كردوه به‌و
پێیه‌ی كه نه‌ورۆز جه‌ژنێكی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و دنیاییه نه‌ك جه‌ژنێكی
ئایینی (شه‌رعی)، كه ئه‌مه شتێكه دیاره شتێكی قورسه(!) و ئیسلامیه‌كانی تر
ناتوانن بیكه‌ن!
له‌م وتاره‌دا ئێمه له‌سه‌ر وته و بیانوی سێ كه‌سی ئیسلامی
هه‌ڵوێسته ده‌كه‌ین كه هه‌ر یه‌كه‌یان جۆره كه‌سێتییه‌كیان هه‌یه: كه‌سێكی
ئیسلامیی (سه‌له‌فی ـ جیهادی) ی سیاسه‌تكار. مه‌لایه‌كی سه‌له‌فی ـ جیهادی. ئه‌كادێمیستێكی
ئیسلامی. سه‌له‌فی ـ جیهادیه سیاسه‌تكاره‌كه (دڵشاد گه‌رمیانی) ـه. مه‌لا سه‌له‌فی
جیهادیه‌كه مه‌لا (عه‌بدوصصه‌مه‌د) ه له قوشته‌په. ئه‌كادێمیسته ئیسلامیه‌كه
(سه‌لام ناوخۆش) ـه. ئه‌م سیانه قسه‌ی دڵی كه‌رته‌یه‌ك له جه‌ماوه‌ره ئیسلامیه‌كه‌یان
كردوه، به‌تایبه‌تی سه‌له‌فی ـ جیهادیه‌كانی كوردستان به‌گشتی و به‌شێكی ئه‌ندامانی حیزبێكی ـ به‌بنه‌ڕه‌ت ـ سه‌له‌فی
ـ جیهادیی وه‌كو (كۆمه‌ڵ) یش به‌تایبه‌تی.
دڵشاد گه‌رمیانی
(دڵشاد گه‌رمیانی)،
كه ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسیی كۆمه‌ڵی ئیسلامیه، و ڕۆژگارێك به بۆنه‌ی گومانی
تێرۆریست‌بونیه‌وه ئاواره‌ی ئێران بوه، و له‌و كاته‌وه هاتوه‌ته بۆ كوردستان و
بۆناو كۆمه‌ڵی ئیسلامی؛ ده‌ستی كردوه به ده‌ربڕینی كۆمه‌ڵێك لێدوان و هه‌ڵوێستی
ئایینیی توندڕه‌وانه، هه‌ر له ڕه‌تكردنه‌وه‌ی دیمۆكراسیه‌وه هه‌تا ڕه‌تكردنه‌وه‌ی
ده‌ركه‌وتنی بێژه‌ری كچ له ته‌له‌ڤیزیۆندا، هه‌تا ده‌گات به ڕه‌تكردنه‌وه‌ی جه‌ژنی
نه‌ورۆز و له‌قه‌ڵه‌مدانی به ئاگرپه‌رستی و به بۆنه‌یه‌كی تایبه‌ت به فارس كه
گوایه كورد ته‌نها لاسایی فارس ده‌كاته‌وه!
دڵشاد گه‌رمیانی ته‌نها كه‌سێكه ده‌یه‌وێت بڵێت من توندڕه‌وم
و له عه‌لی باپیر زیاتر ئاوڕشێنی دڵی توندڕه‌وه‌كان ده‌که‌م و له لایه‌نی توندڕه‌وی
و (ته‌شه‌ددود) ه‌وه له عه‌لی باپیر تۆخترم.. و به ده‌ربڕینێکی تر: موزایه‌ده‌ی ئایینی به‌سه‌ر عه‌لی باپیردا ده‌کات. هه‌مو ئه‌و لێدوانه توندڕه‌وانه‌یشی
كه له ماوه‌ی ڕابردودا ده‌ری بڕیون؛ ده‌چنه چوارچێوه‌ی ئه‌و مه‌به‌سته‌وه.
كۆمه‌ڵگای ئیسلامی خراپی لێ به‌سه‌ر هاتوه: هه‌ر كه‌سێك
ڕیشێكی هێشته‌وه و توندڕه‌و بو؛ ئیتر ڕێگه به خۆی ده‌دات فه‌توای توندڕه‌وانه
بدات و خه‌ڵكێكیش هه‌ن لێی وه‌رده‌گرن. هه‌ندێك وا ده‌زانن كه ڕیشیان زل بو؛ ئیتر
بۆیان هه‌یه قسه‌ی زل بكه‌ن! وا ده‌زانن مافی قسه‌كردن له‌سه‌ر ئایین؛ به ڕیش و
توندڕه‌وی و هه‌ڵه‌شه‌ییه. دڵشاد گه‌رمیانی، نمونه‌یه‌كی ئه‌م حاڵه‌ته‌یه، ئه‌گه‌رنا
ئێمه له ڕوی ئیسلامییشه‌وه پێمان وا نیه پێگه‌یه‌كی ئه‌وتۆی هه‌بێت و و به
زانای ئایینییشی دانانێین! ئایا دڵشاد گه‌رمیانی خۆشی له ڕوی دێت خۆی به موفتی و
موجته‌هید دابنێت تا فه‌توا بدات و خه‌ڵك ته‌كفیر بكات؟
فه‌توا و قسه‌كردن له‌سه‌ر لایه‌نی "شه‌رعی" یش
به هه‌ر حاڵ.. به‌ڵام ئه‌م ئیسلامیه توندڕه‌وانه بۆ مه‌به‌سته ئایینیه‌كه‌ی
خۆیان ده‌م له بابه‌تی ـ بۆ نمونه ـ مێژویی و كولتورییش ده‌كوتن. ئه‌وه‌تا دڵشاد
گه‌رمیانی لێمان ده‌بێته مێژونوسی كو‌لتور و ده‌یه‌وێت ئه‌و بۆمان ساخ بكاته‌وه كه
نه‌ورۆز جه‌ژنی كورده یان نا و جه‌ژنی فارسه یان كورد!!
به‌م شێوه‌یه زۆر جار ئیسلامیه‌كان مه‌به‌ست و پاڵنه‌ره
ئایینیه‌كه‌یان ده‌شارنه‌وه و بیانوی لابه‌لا ده‌هێننه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی وا پێشان
بده‌ن كه پاڵنه‌ره‌كه‌یان پاڵنه‌رێكی زانستی و فیكریه.. هه‌ر له‌م بابه‌ته؛ له
زۆر ئیسلامیم بیستوه وتویانه كێشه‌ی ئێمه له‌گه‌ڵ داروینیزم یاخود تیۆریی په‌ره‌سه‌ندن
ئه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ زانست ناگونجێت!! نایه‌وێت دان به‌وه‌دا بنێت كه په‌ره‌سه‌ندن
له‌گه‌ڵ چیرۆكی ئه‌فسانه‌یی (خولقاندنی مرۆڤی یه‌كه‌م له تۆپه‌ڵێك قوڕ) و چیرۆكی
(ئاده‌م و حه‌ووا) ناگونجێت و هه‌ڵی‌ده‌وه‌شێنێته‌وه بۆیه ناتوانێت قبوڵی بكات..
ئه‌م پاڵنه‌ره ڕاسته‌قینه‌یه ده‌شارێته‌وه و بیانوی تری پێكه‌نیناوی و به‌ڕواڵه‌ت
زانستی ده‌هێننه‌وه! هه‌روه‌كو چۆن ئیسلامیه‌كان له‌گه‌ڵ سرودی (ئه‌ی ڕه‌قیب)
یشدا هه‌مان كێشه‌ی ئایینی‌یان هه‌یه (به‌تایبه‌تی به هۆی نیوه دێڕی
"دینمان ئایینمان هه‌ر نیشتمان" و نیوه دێڕی "نایشكێنێ دانه‌یی
تۆپی زه‌مان" كه به‌هه‌ڵه ده‌كرێته "نایشكێنێ دانه‌ری تۆپی زه‌مان")،
به‌ڵام بیانوی تر ده‌هێننه‌وه و لێمان ده‌بنه پسپۆڕی مێژو و بیانو ده‌گرن له ده‌سته‌واژه‌ی
وه‌كو "ئێمه ڕۆڵه‌ی میدیا و كه‌یخوسره‌و" و ده‌ڵێن كه‌ی كورد نه‌وه‌ی كه‌یخوسره‌وه؟!
خۆش ئه‌وه‌یه جاری وا هه‌یه كه‌سێتیه ئایینیه‌كانیان ئه‌م بیانوه به‌ناو
زانستیانه ده‌هێننه‌وه كه هیچ په‌یوه‌ندییشیان به لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی و
مێژوییه‌وه نیه (بۆ نمونه جارێك مه‌لا "سه‌یید ئه‌حمه‌د عه‌بدولوه‌هاب"
ئه‌م بیانوه مێژوییه‌ی له سرودی "ئه‌ی ڕه‌قیب" ده‌گرت! به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌ر بیشزانێت که‌یخوسره‌و کێیه!).
له باس‌وخواسی جه‌ژنی نه‌ورۆزیشدا به هه‌مان شێوه: كێشه‌كه‌یان
ئه‌وه‌یه ئه‌م جه‌ژنه بۆنی ئایینی زه‌رده‌شتی و ـ به قه‌ولی خۆیان ـ ئاگرپه‌رستیی
لێ دێت، چونكه جه‌ژنێكی ئێرانیی سه‌رده‌می ئایینی زه‌رده‌شتیه و ئاگركردنه‌وه‌شی
تێدایه كه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كولتوری ئێرانیی كۆن. كێشه‌ی ئه‌وان ئه‌مه‌یه.
به‌ڵام زۆر جار به‌ڕاشكاوی ئه‌مه ناڵێن و بیانوی تر ده‌گرن وه‌كو ئه‌وه‌ی ده‌ڵێن
چیرۆکی كاوه و زوحاک مێژویی نیه یان كاوه فارس بوه یان كاوه هه‌مان كوروشه كه
ئیمپراتۆرێتیی مادی ڕوخاندوه و به‌مه‌ش زیانی مێژویی به كورد گه‌یاندوه و به‌م
پێیه‌ش زوحاك پاشا مادیه‌كه‌یه! یان نه‌ورۆز جه‌ژنی فارسه و كورد له فارسی وه‌رگرتوه،
و ئه‌م بابه‌تانه. جا خۆش ئه‌وه‌یه جاری وا هه‌یه هه‌ندێكیشیان ئه‌م بیانوانه
ده‌هێننه‌وه كه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به لێكۆڵینه‌وه‌ی مێژویی و كولتوریه‌وه
نیه به‌ڵام ئیتر له هه‌ندێكی تره‌وه یه‌ك-دو بیانو فێر بون و دوباره‌ی ده‌كه‌نه‌وه..
وه‌كو دڵشاد گه‌رمیانی.
با بزانین بیانوه‌كانی چیه؟
لێدوانه‌كه‌ی ناوبراو له‌م چه‌ند په‌ره‌گرافه‌دا به‌رجه‌سته
ده‌بێت(٢):
* گوایه نه‌ورۆز بۆنه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی فارسه و كورد ته‌نها به لاساییكردنه‌وه له فارس وه‌ری‌گرتوه:
ده‌ڵێت: نه‌ورۆز دور و نزیك په‌یوه‌ندیی به كورده‌وه نیه،
و "به‌ئاسانی ناتوانرێت بسه‌لمێنرێت نه‌ورۆز بۆنه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی كورده،
پێچه‌وانه‌ی عه‌قڵیشه ئه‌وان (ئێرانیه‌كان) خاوه‌نی ئیمپراتۆریه‌تێكی فارسیی گه‌وره
و گران بون و ئێمه‌ش میلله‌تێكی چه‌وساوه‌ی بن ده‌ستیان، ئه‌وان له ئێمه‌یان
دزیبێت و لاسایی ئێمه بكه‌نه‌وه".
ڕاستییه‌كی سه‌ره‌تایی
ده‌رباره‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆز ئه‌وه‌یه جه‌ژنێكی گه‌لانی ئێرانی‌زمانه.. كه كوردیش
یه‌كێكه له گه‌لانی ئێرانی‌زمان. به‌ڵام دڵشاد گه‌رمیانی (ئێرانیه‌كان) ته‌نها به
(فارس) ده‌زانێت، له كاتێكدا له بنه‌ڕه‌تدا (ئێرانی) و (ئاری) هه‌ر یه‌ك شتن: وشه‌ی "ئێران" که هه‌ر به‌م شێوه‌یه له په‌هله‌ویدا هه‌بوە و له په‌رثیدا به شێوه‌ی "ئه‌ریان" هه‌بوه به هه‌مان واتا؛ ده‌گه‌ڕێته‌وە بۆ وشه‌یه‌کی ئێرانیی سه‌ره‌تایی به شێوه‌ی خه‌مڵێنراوی "ئه‌ریانام" که شێوگی کۆی حاڵه‌تی ته‌واوکه‌ری (حالة المضاف إلیه) ـه و له "ئه‌ریه" ـه‌وە داڕێژراوە به واتای (ئاری) [وه‌کو له "ئه‌رییه" ی پارسیی کۆن و "ئه‌یرییه" ی ئه‌وێستاییدا که به واتای "ئاری" ـن]، بۆیه "ئه‌ریانام" [و شێوه‌ی نوێی که "ئه‌ریان" و "ئێران" و "ئیران" ـه له په‌رثی و په‌هله‌وی و کوردی و فارسی‌دا] به واتای "[زه‌وی] ی ئاریه‌کان" ـه(٣). بۆیه "ئێرانی" ده‌بێته ئاماژه بۆ ئاری به‌گشتی، که (هیندی ـ ئێرانیه‌کان) به‌گشتی و (ئێرانیه‌کان) به‌تایبه‌تی ده‌گرێته‌وه.
هه‌روه‌ها دیاره ناوبراو هیچ له كولتورێكی ئێرانیی هاوبه‌ش نازانێت، به‌ڵكو هه‌ر ناشزانێت كو‌لتور و داب‌ونه‌ریتی كولتوری چیه. وا ده‌زانێت كولتوری هه‌ر گه‌لێك هه‌ر له ئه‌زه‌له‌وه دیاری بوه و تایبه‌ت بوه و په‌یوه‌ندیی به كولتوری تره‌وه نیه، نازانێت كو‌لتور و ناسنامه‌ی كولتوری و نه‌ته‌وه‌یی و زمانیی گه‌لان چه‌ند بازنه‌یه‌كی پێكداچو (متداخل) ـه و هیچ گه‌لێك نیه له ناسنامه و كو‌لتور و زماندا هاوبه‌شی و هاوڕیشه‌یی له‌گه‌ڵ گه‌لانی تردا نه‌بێت. به‌ڵكو جه‌ژنی به‌هار (كه نه‌ورۆزیش نمونه‌یه‌كی جه‌ژنی به‌هاره) جه‌ژنێكی نیمچه‌جیهانیه و تایبه‌ت نیه به گه‌لێكه‌وه.
هه‌روه‌ها دیاره ناوبراو هیچ له كولتورێكی ئێرانیی هاوبه‌ش نازانێت، به‌ڵكو هه‌ر ناشزانێت كو‌لتور و داب‌ونه‌ریتی كولتوری چیه. وا ده‌زانێت كولتوری هه‌ر گه‌لێك هه‌ر له ئه‌زه‌له‌وه دیاری بوه و تایبه‌ت بوه و په‌یوه‌ندیی به كولتوری تره‌وه نیه، نازانێت كو‌لتور و ناسنامه‌ی كولتوری و نه‌ته‌وه‌یی و زمانیی گه‌لان چه‌ند بازنه‌یه‌كی پێكداچو (متداخل) ـه و هیچ گه‌لێك نیه له ناسنامه و كو‌لتور و زماندا هاوبه‌شی و هاوڕیشه‌یی له‌گه‌ڵ گه‌لانی تردا نه‌بێت. به‌ڵكو جه‌ژنی به‌هار (كه نه‌ورۆزیش نمونه‌یه‌كی جه‌ژنی به‌هاره) جه‌ژنێكی نیمچه‌جیهانیه و تایبه‌ت نیه به گه‌لێكه‌وه.
ئه‌م شێوازه تێڕوانینه‌ی ناوبراو بۆ ئه‌و بابه‌ته کولتوریه هاوبه‌شانه؛ وه‌کو ئه‌وە وایه هه‌ر وشه‌یه‌کی کوردیی هاوشێوه‌ی وشه‌یه‌کی فارسی ببینێته‌وه؛ وای لێک‌بداته‌وه که هه‌ر ده‌بێت کوردی له فارسیه‌وە وەری‌گرتبێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانێت ئه‌و وشه‌یه ڕیشه‌یه‌کی ئێرانیی هاوبه‌شه و له هه‌مو زمانه ئێرانیه‌کاندا ماوه‌ته‌وه.
* گوایه نه‌ورۆز جه‌ژنی مه‌جوسیه‌كان (زه‌رده‌شتیه‌كان) ـه كه به ئاگرپه‌رست و موشریك ناویان ده‌بات:
ده‌ڵێت: "زۆربه‌ی زۆری زانایانی پێشین، به مێژونوس
و توێژه‌ره‌وانی قورئان و شاره‌زایانی بواری فه‌رموده و فیقهی ئیسلامی، نه‌ورۆز به
جه‌ژنی عه‌جه‌م (فارس) ده‌زانن و بناغه‌یه‌كی په‌رستشی شیركی تێدایه و جه‌ژنی غه‌یره
موسڵمانه.. جه‌ژنێكی كۆنی ئاگرپه‌رستانه مه‌جوسیه‌كانی ئیمپراتۆریه‌تی فارسیی
كۆنی پێش ئیسلامه".
به‌ڵام نه‌ورۆز نه‌به‌سراوه‌ته‌وه به ئایینی زه‌رده‌شتیه‌وه:
نه‌ورۆز له لایه‌نی سروشتی و كالێنده‌ریه‌وه جه‌ژنی به‌هار و جه‌ژنی سه‌ری ساڵی
سروشتیه، و به‌مه‌ش ده‌بێته ڕه‌گه‌زێكی كولتوره ئێرانیه كۆنینه‌كه و ڕه‌سه‌نتر
و كۆنتره له ناسنامه زه‌رده‌شتیه‌كه. له لایه‌نی باكگراوندی كولتورییشه‌وه (واته
ئه‌فسانه‌كه‌ی)؛ كه‌سێتیه‌كانی "ییما خشه‌یته" (جه‌مشید) و "ثره‌یته‌ۆنه" (فه‌ره‌یدون)
و "ئه‌ژی ده‌هاكه" (زوحاك) [که‌سێتیه‌کانی ئه‌و ئه‌فسانانه‌ی په‌یوه‌ست بون به نه‌ورۆزه‌وە] ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ پێش ئایینی زه‌رده‌شتی و بۆ
میتۆلۆجیایه‌كی ئێرانیی كۆنی هاوڕیشه له‌گه‌ڵ میتۆلۆجیای هیندیی كۆن.
دوای ئه‌وه ناوبردنی ئایینی زه‌رده‌شتی به شیرك و به
ئاگرپه‌رستی؛ شتێكه له‌گه‌ڵ كه‌له‌پوری ئیسلامییشدا ته‌با نیه. موسوڵمانان له
كۆندا زه‌رده‌شتیه‌كانیان لكاندوه به (ئه‌هلی كیتاب) ـه‌وه و وتویانه ئه‌وانیش
(شبهة كتاب) ێكیان هه‌یه یانی كتێبێكی پیرۆزیان هه‌یه كه پێ ده‌چێت كتێبێكی
ئاسمانی بێت یان بنه‌ڕه‌تێکی ئاسمانیی هه‌بوبێت. و ئه‌و (دوالیزم) ـه‌ی له ئایینی زه‌رده‌شتیدا هه‌یه؛ هه‌ر هه‌مان
ئه‌و دوالیزمه‌یه له ئایینه ئیبراهیمیه‌كان (یه‌هودیه‌ت ـ مه‌سیحیه‌ت ـ ئیسلام)
یشدا هه‌یه كه دوالیزمه‌ی (خوا ـ شه‌یتان) ـه، به‌ڵكو له‌م لایه‌نه‌وه ئایینی
زه‌رده‌شتی سه‌رچاوه‌یه‌كی ئایینه ئیبراهیمیه‌كانه.
ئه‌مه جگه له‌وه‌ی نه‌ورۆز ئێسته باكگراونده ئایینیه‌كه‌ی
ون كردوه و ته‌نها لای زه‌رده‌شتیه‌کان به شێوه‌یه‌كی ئایینی و وه‌كو سروتێكی
ئایینی له‌لایه‌ن پیاوانی ئایینییانه‌وه زیندو ده‌كرێته‌وه. ئیتر لای فارس و
كورد و گه‌لانی ئێرانی به‌گشتی جه‌ژنێكی سروشتی و كولتوری و نه‌ته‌وه‌ییه. ئه‌گه‌ر
له‌گه‌ڵ هه‌مو داب‌ونه‌ریتێكیشدا ڕه‌گ‌وڕیشه كۆنه‌كان لێك بده‌ینه‌وه؛ له داب‌ونه‌ریته
ئیسلامیه‌كانیشدا ڕه‌گ‌وڕیشه‌ی كۆن و نائیبراهیمی و فره‌په‌رستی ده‌بینینه‌وه.
ده‌ڵێت: "پێشتر هه‌مو ساڵێك له شوێنه به‌رز و دیاره‌كاندا
ئاگریان كردوه‌ته‌وه، له كۆشك و باڵه‌خانه و ماڵه‌كانیشیاندا جێگای ئاگركردنه‌وه
به مه‌به‌ستی پیرۆزی و په‌رستش هه‌بوه، ئاگركردنه‌وه‌كه‌شیان به‌ڵگه و هێمایه‌كه
بۆ هه‌ندێك له‌و سروت و دروشم و ئاگرپه‌رستیه‌ی كه بڕوایان پێی هه‌بوه".
* گوایه ئاگری نه‌ورۆز په‌رستشه و هه‌مان سروتی ئاگرپه‌رستیه:
دیاره ناوبراو ئایینی زه‌رده‌شتی به (ئاگرپه‌رستی) ده‌زانێت،
ئه‌مه‌ش ناووناتۆره‌ی كۆمه‌ڵگای عه‌ره‌بی ـ ئیسلامیه، و وه‌كو ئه‌وه وایه
ئیسلامیش ناووناتۆره‌ی (به‌ردپه‌رستی) یان (كه‌عبه‌په‌رستی) بخرێته شوێنی. به‌ڵكو
ئایینی زه‌رده‌شتی په‌رستنی (ئه‌هوره مه‌زده) یه كه نمونه‌ی یه‌كه‌م خواوه‌ندی
تاكه له جیهاندا.. کاتێک (گاثاکان) که ده‌قه هه‌ره کۆنه‌کانی ئه‌وێستان، ده‌وروبه‌ری (١٠٠٠ پ. ز.)، باسی (ئه‌هوره مه‌زده) یان کردوه وه‌کو خواوه‌ندێکی تاک؛ هێشتا هیچ یه‌کێک له ده‌قه یه‌هودیه‌کان که باسی خواوەند (یه‌هواهـ) ده‌که‌ن؛ ده‌رنه‌که‌وتبون، و هێشتا خواوه‌ند یه‌هواهـ خواوه‌ندێکی ناوچه‌یی ناو ئایینی که‌نعانیی کۆن بو. ئاگریش لای زه‌رده‌شتیه‌کان ته‌نها هێمایه‌ك بوه كه له په‌رستگاكاندا به‌كار
هاتوه وه‌كو هێمایه‌ك بۆ به‌رده‌وامیی ڕوناكیی خوا.. وه‌كو چۆن له قورئانیشدا
ڕوناكیی خوا ته‌شبیهـ كراوه به ڕوناكیی چرایه‌ك له تاقێكدا: (اللَّهُ نُورُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ. مَثَلُ نُورِهِ كَمِشْكَاةٍ فِيهَا مِصْبَاحٌ، الْمِصْبَاحُ فِي زُجَاجَةٍ..) (النور:
٣٥). ئه‌گه‌ریش له‌سه‌ر ڕواڵه‌ت بڕۆین و وا گریمان بکه‌ین ئایینی
زه‌رده‌شتی ئاگرپه‌رستیه؛ به‌م شێوه تێڕوانینه حاڵه‌ته‌که ئیسلامیش
ده‌گرێته‌وه، چونكه
ئیسلامیش له په‌رستگا بنه‌ڕه‌تیه‌كه‌یدا شتێكی ماددیی پیرۆزی هه‌یه كه
به‌رده‌ڕه‌شه‌كه‌ی
كه‌عبه‌یه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که هه‌ر که‌عبه له خۆیدا په‌رستگایه‌کی بتپه‌رستیی کۆنه و سروته‌کانی حه‌ج له بنه‌ڕه‌تدا کۆمه‌ڵێک سروتی ئایینه عه‌ره‌بیه پێش‌ئیسلامیه‌که‌ن هه‌رچه‌ند ئیسلام هه‌وڵی‌داوه وه‌کو پاشماوه‌ی ئایینه ئیبراهیمیه‌که پێناسه‌یان بکاته‌وه که ئه‌مه ته‌نها خۆماڵی‌کردنێکی ناوچه‌ییه و په‌یوه‌ندیی به که‌سێتیی یه‌که‌می ئیبراهیمه‌وە نیه و داڕشتنه‌وه‌یه‌کی چیرۆکه ته‌وڕاتیه‌که‌یه به شێوه‌یه‌کی خۆماڵی. جا ئه‌گه‌ر نیاز (نیة) و مه‌به‌ست و بیركردنه‌وه به هه‌ند نه‌گیرێت و
ته‌نها ته‌ماشای ڕواڵه‌ت بكرێت و ڕه‌گ‌وڕیشه‌ی دور لێك‌بدرێته‌وه؛ پیرۆزكردن و
ماچ‌كردنی به‌رده ڕه‌شه‌كه و سوڕانه‌وه به‌ده‌وری كه‌عبه‌دا؛ وه‌كو به‌ردپه‌رستییه‌ك
ده‌رده‌كه‌وێت. هه‌مان شت ده‌کرێت بوترێت ده‌رباره‌ی سروتی ته‌واف له‌نێوان هه‌ردو ته‌پۆڵکه‌ی (صه‌فا) و (مه‌ڕوه) دا ـ که به‌پێی هه‌ندێک زانیاری بتی دو خواوه‌ندێکی کۆنیان به ناوه‌کانی "ئیساف" و "نائیله" له‌سه‌ر بوە ـ و به‌ردبارانکردنی شێوه‌گۆڕێک به ناوی به‌ردبارانکردنی شه‌یتان که بێ گومان له بنه‌ڕه‌تدا مه‌به‌ستێکی تر له‌و کاره‌دا هه‌بوە و دیارە سروتێکی کۆن بوه به مه‌به‌ست و میتۆلۆجیایه‌کی جیاواز.. به‌ڵام ئیسلام واتای نوێی به‌خشیوە به‌م شوێن و سروتانه له ڕێگه‌ی پێناسه‌کردنه‌وه‌یانه‌وە به میراتی یه‌کتاپه‌رستیی ئیبراهیم. یان له بیناسازی په‌رستگای ئیسلامی‌دا شێوه‌ی منارە و گومه‌ز هه‌ن، ئه‌م شێوە و بیناسازیه ئێسته ده‌رکه‌وتوە که ڕە‌گ‌وڕیشه‌ی دوری ده‌گه‌ڕێته‌وە بۆ (چوک‌په‌رستی) Phallicism و ده‌رکه‌وته‌کانی له په‌رستشه کۆنه‌کانی وڵاتانی سه‌ر ده‌ریای ناوەڕاست و گه‌لێک ناوچه‌ی تری جیهان، به‌ڵام بێ گومان له ئیسلامدا ئه‌م مه‌به‌سته به‌ته‌واوی ون بوه و مه‌به‌ستی تر جێی گرتوه‌ته‌وه، بۆیه ڕەوا نیه هه‌مان لێکدانه‌وە بۆ بیناسازیی په‌رستگای ئیسلامی بکه‌ین.
دوای ئه‌وانه‌ش ئه‌گه‌ری هه‌یه ئاگری جه‌ژنی نه‌ورۆز له
ئاگركردنه‌وه‌ی جه‌ژنی (سه‌ده) وه هاتبێت كه به جه‌ژنی دۆزینه‌وه‌ی ئاگر داده‌نرێت
له داب‌ونه‌ریتی ئێرانی‌دا، ئه‌مه‌ش چونكه ئێرانیه‌كان دوای داگیركاریی ئیسلامی نه‌یانتوانیوه
داب‌ونه‌ریته‌كانی خۆیان وه‌كو خۆیان زیندو بكه‌نه‌وه، بۆیه كورت بونه‌ته‌وه و
له چه‌ند داب‌ونه‌ریتێكی ته‌نهادا چڕ بونه‌ته‌وه. هه‌رچه‌ند ئێره جێگه‌ی یه‌كاڵاكردنه‌وه‌ی
ئه‌م باسه نیه.
و شتێکی ئاشکرایه که سه‌دان ساڵه ڕ‌ێ‌وشوێنی ئاگرکردنه‌وە له جه‌ژنی نه‌ورۆز و ئاهه‌نگ و بۆنه هاوه‌ڵه‌کانیدا (وه‌کو "چوارشه‌ممه‌ی سوری") هیچ مه‌به‌ستێکی ئایینیی تێدا نه‌ماوە و ته‌نها به‌هایه‌کی کولتوریی هه‌یه و وەرگێڕدراوە بۆ بابه‌تێکی دنیایی و سروشتی و کولتورێکی نه‌ته‌وه‌یی. له‌به‌ر ئه‌وه ناکرێت هه‌ر ڕێ‌وشوێن و مه‌ڕاسیمێک ڕه‌گ‌وڕیشه‌ی ئایینیی کۆنی هه‌بو؛ ئیتر ئێسته‌ش حسابی سروتێکی ئایینیی کۆنی بۆ بکه‌ین، له کاتێکدا که‌س به‌و مه‌به‌ست و نیازە بیری لێ ناکاته‌وه. زۆربه‌ی ئاهه‌نگ و ڕێ‌وشوێن و مه‌ڕاسیمه‌کانی دنیای نوێ ڕه‌گ‌وڕیشه‌ی کولتوری/ئایینیی کۆنینه‌یان هه‌یه، چونکه خۆیان کۆنن و ده‌گه‌ڕێنه‌وە بۆ کولتوره کۆنه‌کان، کولتوری کۆنیش کولتورێکی ئایینی بوه. به‌ڵام ئێسته ئه‌و ئاهه‌نگ و ڕێ‌وشوێن و مه‌ڕاسیمانه وه‌رگێڕدراون بۆ بابه‌تی دنیایی و سروشتی و کولتوری و نه‌ته‌وه‌یی، و ڕه‌وا نیه هه‌مان پێناسه ئایینیه‌که بکه‌ین بۆ بایه‌خدانی مرۆڤی هاوچه‌رخ به‌و داب‌ونه‌ریته کولتوریانه.
* گوایه جه‌ژنی نه‌ورۆز لای زانایانی ئایینیی ئیسلام حه‌رامه:
ده‌ڵێت: "ئێمه په‌یڕه‌و له زانا‌و پێشه‌وا به‌رزو به‌ڕێزه‌كانی
پێشینی خۆمان ده‌كه‌ین و پێمان حه‌رامه و به جه‌ژن و بۆنه‌ی خۆمانی نازانین و
خۆمانی لێ به‌دورده‌گرین".
لێره‌دا ناوبراو فه‌توا ده‌دات كه ئاهه‌نگگێڕانی نه‌ورۆز
حه‌رامه. به‌ڵام خۆ ئه‌گه‌ر بشڵێت حه‌ڵاڵه ئێمه هه‌ر لێی وه‌رناگرین.. ئێمه
چاوه‌ڕێی فه‌توای هیچ مه‌لایه‌ك و ئیسلامییه‌ك نین بۆ زیندوكردنه‌وه‌ی نه‌ورۆز.. و
هه‌ر له بنه‌ڕه‌تیشه‌وه نه‌ورۆز بابه‌تێكی دنیاییه و بابه‌تێكی دینی نیه، یانی
به زاراوه‌ی ئیسلامی له بابه‌تی (أمور الدنیا) یه. به‌ڵام ئیسلامیه‌كان هه‌ر له
بنه‌ڕه‌ته‌وه به‌ئایینیكردنی هه‌مو ژیان پڕۆژه‌یانه بۆیه به‌م شێوه‌یه ئاهه‌نگێكی
دنیایی ئه‌كه‌ن به بابه‌تێكی ئایینی.
كورد بۆ زیندوكردنه‌وه‌ی ئه‌م جه‌ژنه چاوه‌ڕێی فه‌توا و
ڕێگه‌پێدانی ئایینی نیه، و پێم وایه ئه‌م بابه‌ته لای كورد بڕاوه‌ته‌وه و جێی
مشت‌ومڕ نیه. هه‌رگیز نه‌بینراوه كوردێك داوای فه‌توا له پیاوانی ئایینی بكات سه‌باره‌ت
به نه‌ورۆز، چونكه نه‌ورۆز بابه‌تێكی بڕاوه‌یه له‌لای و ئینجا بابه‌تێكی دنیاییه
و مرۆڤی كورد وا بیری لێ نه‌كردوه‌ته‌وه ببێته بابه‌تی فه‌توایه‌كی ئایینی و ئاهه‌نگێکی ئایینی که بنه‌ڕه‌تی له ئاییندا هه‌بێت.
لێره‌وه هه‌ر هێزێكی ئایینی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌م جه‌ژنه‌دا
ـ كه لای كورد بابه‌تێكی بڕاوه‌یه و جێی مشت‌ومڕ نیه ـ نه‌گونجێنێت؛ داهاتویه‌كی
له كورددا نیه.. هه‌ر بۆیه نكولیكردن و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌م جه‌ژنه كاری ئه‌و
هێزه ئایینیانه‌یه كه له حاڵه‌تی دوره‌په‌رێزی و گۆشه‌گیری و (عوزله‌ت) ـدان و
نایانه‌وێت و به خه‌می ئه‌وه‌وه نین بچنه ناو خه‌ڵك و ببنه ته‌وژمێكی كۆمه‌ڵایه‌تی
و سیاسیی ڕاسته‌قینه و واقیعی، به‌ڵكو هه‌ر وه‌كو پڕۆژه‌یه‌كی خه‌یاڵی ده‌مێننه‌وه
و چه‌ند تاكێك لێره‌وله‌وێ پێیه‌وه‌ی سه‌رگه‌رم ده‌بن.. هه‌ر لێره‌وه لایه‌نێكی
ئیسلامیی وه‌كو (یه‌كگرتو) كه هه‌میشه هه‌وڵی داوه توشی دوره‌په‌رێزیی لایه‌نه
ئیسلامیه‌كانی تر نه‌بێت و ببێته ته‌وژمێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی زیندو له‌ناو خه‌ڵكدا؛
هه‌ر زو خۆیان له‌گه‌ڵ ئه‌م جه‌ژنه‌دا گونجاندوه و به‌بێ دودڵی و ناكۆكی به جه‌ژنی
خۆیانیان زانیوه وه‌كو به‌شێك له كورد، هه‌رچه‌ند ڕه‌نگه هه‌ندێك له نوسه‌ره‌كانیان
هه‌وڵیان دابێت بۆ پێناسه‌كردنه‌وه‌ی جه‌ژنه‌كه له ڕوانگه‌یه‌كی ئیسلامیه‌وه (وه‌كو
هه‌وڵه‌كانی "حه‌سه‌ن مه‌حمود حه‌مه‌كه‌ریم" كه هه‌میشه ده‌یه‌وێت
بنچینه‌یه‌ك بۆ نه‌ورۆز بدۆزێته‌وه له ڕوانگه‌ی مێژوخوانی و كڕۆنۆلۆجیای ته‌وڕاتی
ـ قورئانیه‌وه، به‌ڵكو كه‌سێتییه ئێرانیه‌كانی وه‌كو كاوه و زوحاكیش به هه‌ندێك
كه‌سێتیی ته‌وڕاتی ـ ئیسلامی پێناسه ده‌كات، بۆیه کێشمه‌کێشه‌که‌ی زوحاک و کاوه به کێشمه‌کێشی نێوان نیمرود و ئیبراهیم پێناسه ده‌کاته‌وه!(٤)) و ئه‌مه‌ش هه‌ر ده‌ركه‌وته‌یه‌كی هه‌وڵی
به‌رده‌وامی ئیسلامیه‌كانه بۆ به‌ئیسلامیكردنی هه‌مو شتێك، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه
به‌گشتی ویستێك هه‌یه بۆ گونجان له‌گه‌ڵ جه‌ژنه‌كه و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ داب‌ونه‌ریته
كوردیه ڕه‌سه‌نه‌كه كه بوه‌ته به‌شێك له ناسنامه‌ی كوردی..
هه‌ر لێره‌وه هه‌وڵه‌كانی ئه‌میری لایه‌نێكی تری ئیسلامی
كه (عه‌لی باپیر) ه هاتون، كه هه‌وڵ ده‌دات وه‌كو یه‌كگرتو ئه‌م بابه‌ته
ئاسایی بكاته‌وه و وه‌كو بۆنه و ئاهه‌نگێكی دنیایی و نه‌ته‌وه‌یی له بیری
ئیسلامی‌دا جێی بكاته‌وه و بیخاته بازنه‌ی شته دنیایی و ئاسایی و حه‌ڵاڵه‌كانه‌وه..
چونكه عه‌لی باپیر ده‌یه‌وێت حیزبه‌كه‌ی له دوره‌په‌رێزی و عوزله‌ت ڕزگاری ببێت
و ببێته ته‌وژمێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی ڕاسته‌قینه.. به‌ڵام كێشه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه
هه‌ندێك له سه‌ركرده و ئه‌ندامه‌كانی ناو حیزبه‌كه‌ی له‌م ئامانجه تێ‌ناگه‌ن و
به ناوی (مه‌بده‌ئی‌بون) و دڵسۆزیه‌وه بۆ پابه‌ندیی ئایینی دژایه‌تیی ئه‌و هه‌وڵه‌ی
ئه‌میره‌كه‌یان ده‌كه‌ن.. ئه‌مه‌ش كێشه‌یه‌كی ناوخۆیی كۆمه‌ڵی ئیسلامیه و په‌یوه‌ندیی
به ئێمه‌وه نیه، و له بنه‌ڕه‌تیشدا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی كێشه‌یه‌كی بنچینه‌یی كۆمه‌ڵی ئیسلامیه
ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ئه‌م حیزبه له‌سه‌ر بنه‌مای كۆكردنه‌وه‌ی چه‌ند ته‌وژمێكی
جیاوازی سه‌له‌فی ـ جیهادیه‌كانی ڕابردوی كوردستان دروست بوه كه له ڕوی بیركردنه‌وه
و مامه‌ڵه‌وه به‌ته‌واوی هه‌ماهه‌نگ نین. ئاخر ده‌بێت بزانین كه ئه‌وانه‌ش به‌ته‌واوی
هه‌ماهه‌نگ نین و هه‌ندێكیان له سه‌ره‌تاوه وا بیریان ده‌كرده‌وه كه نابێت دو
گروپی چه‌كداری ئیسلامی له ئارادا هه‌بێت و حسابی (فئة باغیة) یان بۆ گروپه‌كه‌ی
تر ده‌كرد كه ده‌بێت به هێز له‌ناو ببرێن یان ناچاری یه‌كگرتن بكرێن!
لایه‌نه‌کانی تری ئه‌م باسه هه‌ڵ‌ده‌گرین بۆ قسه‌کردن له‌سه‌ر به‌ڵگه ئایینیه‌کانی مه‌لا (عه‌بدوصصه‌مه‌د)، و به‌ڵگه به‌ڕواڵه‌ت زانستی و مێژوییه‌کانی وتارێکی به‌ناو ئه‌کادێمیایی (سه‌لام ناوخۆش).
په‌راوێز:
(١) ئه‌م باوه‌ڕه جگه له ڕه‌گ‌وڕیشه ئایدیۆلۆجیایی و
جیهانبینیه‌كه‌ی و لایه‌نه ده‌رونی ـ ئایینیه‌كه‌ی؛ ڕه‌گ‌وڕیشه‌ی تریشی هه‌یه، وه‌كو
ته‌م‌ومژاویی مێژوی كۆنی كورد پێش ئیسلام، و ئه‌وه‌ی كه وشه‌ی
"كوردستان" ـ ئه‌وه‌ی بینراوه‌ته‌وه ـ یه‌كه‌م جار دوای ئیسلام و له سه‌رده‌می سوڵتان سه‌نجه‌ر (١٠٨٦ ـ ١١٥٧ ز.)
ی سه‌لجوقیدا (سه‌ده‌ی ١٢ ز. = ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی ٦ ك.) ده‌ركه‌وتوه، كاتێك به‌شی
خۆرئاوای هه‌رێمی چیاكان (إقلیم الجبال) ی ـ كه ده‌كاته خۆرهه‌ڵاتی كوردستانی
ئێسته ـ جیا كرده‌وه و ناوی نا "كوردستان". هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی كه
ناوچه كوردیه‌كان دوای ئیسلام هه‌ندێك میرنشینیی نیمچه‌سه‌ربه‌خۆیان به خۆیانه‌وه
بینیوه.
(٢) بۆ لێدوانه‌كه‌ی
دڵشاد گه‌رمیانی، بڕوانه: دڵشاد گه‌رمیانی: نه‌ورۆز په‌یوه‌ندیی به كورده‌وه نیه و حه‌رامه. (لڤین‌پرێس)، ٢٠ / ٣ / ٢٠١٣.
(٣) بۆ نمونه، بڕوانه:
(٣) بۆ نمونه، بڕوانه:
Curtis, Vesta Sarkhosh, Sarah Stewart (eds.), Birth of the Persian Empire: The Idea of Iran, vol. I. I. B. Tauris: London and New York, 2005. PP. 103-6.
(٤) بڕوانه: حه‌سه‌ن مه‌حمود حه‌مه‌که‌ریم، نه‌ورۆز له مێژودا ـ خوێندنه‌وه‌یه‌کی ئایینیانه. هه‌فته‌نامه‌ی (یه‌کگرتوو). ژ. ٩٣٢، دوشه‌ممه، ١٨ / ٣ / ٢٠١٣. لا. ١٥.