سه‌لماندن و نه‌سه‌لماندنی
بون و نه‌بونی خوا
هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌ندێک
له به‌ڵگه و به‌ڵگه‌سازیه‌کان
ماوه‌یه‌که گه‌نجێکی ئیسلامی، له‌و گه‌نجه ئیسلامیانه‌ی
که‌وتونه‌ته داوی پرۆپاگه‌نداکانی بونی حکومه‌تێکی جیهانیی نهێنیی ڕێخۆشکه‌ر بۆ
هاتنی ده‌ججال(!)، به ناوی (هاوکار برادۆستی)، خه‌ریکی به‌رهه‌مهێنانی چه‌ند
ڤیدیۆیه‌که که پێی وایه وه‌ڵامن بۆ ئاتێیست (ملحد) ه‌کان و ڕه‌خنه‌گرانی ئایین.
بێ گومان هیچ کات به‌هیوا نه‌بوم شتێکی ئه‌وتۆی له‌سه‌ر
بنوسم، مه‌گه‌ر کۆمێنتێک لێره‌وله‌وێ، چونکه له‌لایه‌نی فیکری و مه‌عریفیه‌وه ئه‌وه‌نده
لاوازه که ڕه‌نگه هه‌ندێک له ئیسلامیه‌کانیش ئیحراج بکات.. به‌ڵام پرسیارکردنی
هه‌ندێک له هاوڕێیان له به‌های زانستی و مه‌عریفیی ئه‌و ڤیدیۆیانه وای لێ کردم
ئه‌م بابه‌ته‌ی له‌سه‌ر بنوسم [به‌ڵام تکام وایه که‌س ئه‌م بابه‌ته وه‌کو
تێڕوانینی ته‌واوی من ده‌رباره‌ی "خوا" وه‌رنه‌گرێت، به‌ڵکو ئه‌م بابه‌ته
مشت‌ومڕه له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک به‌ڵگه‌هێنانه‌وه‌دا. بۆیه شتی زۆر ماوه بیڵێم وه‌کو
تێڕوانینی خۆم ده‌رباره‌ی "خوا"، که هه‌ڵم‌گرتوه بۆ باسێکی تێروته‌سه‌ل
به ناوی "خوا چیه؟"].
تاکه شتێک که من ده‌بێت دانی پێدا بنێم له‌و کاره‌ی
کاک هاوکاردا لایه‌نه هونه‌ریه‌که‌یه‌تی، که له‌م لایه‌نه هونه‌ریه‌وه به‌رهه‌مه‌که‌ی
جوانه. به‌ڵام له ناوه‌ڕۆکدا جگه له به‌رگرییه‌کی لاواز له بیروباوه‌ڕی
ئایینی و بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌فسانه‌یی هیچی تر نیه.. و ڕه‌نگه کێشه‌ی جیددییش بۆ
بیروباوه‌ڕی ئایینی و گوتاری ئایینی ساز بکات.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا من له‌سه‌ری ده‌ڕۆم؛ ئه‌و ڤیدیۆیه‌یه‌تی
که به ناونیشانی (به‌هه‌ڵمبونی ئه‌تایسته‌کان و دوژمنانی خودا) یه و له (یوتیوب) دا دایناوه.
له‌م ڤیدیۆیه‌دا به‌حسابی خۆی به‌ڵگه‌یه‌کی له‌دژی
ئاتێیزم (إلحاد) هێناوه‌ته‌وه که هیچ توانایه‌ک و به‌رگرییه‌ک به ئاتێیسته‌کان
نه‌هێڵێت و بۆهه‌تاهه‌تایه بێده‌نگیان بکات و نه‌توانن جارێکی تر باسی نه‌بونی
خوا بکه‌نه‌وه!
ده‌بێت ئه‌مه چی بێت؟! بڵێیت ناچار بین (هیچنس) و
(دۆکینز) ی بۆ بانگ بکه‌ین؟!! نا! پێویست ناکات!
--------------------------------------
به‌ڵگه‌که‌ی دو به‌شه:
٭٭٭
به‌شی یه‌که‌م: ده‌ڵێت: به‌ڵگه‌هێنانه‌وه و سه‌لماندن،
بۆ بونی شتێک؛ ئاسانه، به‌ڵام سه‌لماندنی نه‌بونی قورسه. نمونه‌ش به‌وه ده‌هێنێته‌وه
که‌سێک بیه‌وێت بون و نه‌بونی پلاتین له کوردستان بسه‌لمێنێت! پێشاندانی نمونه‌یه‌کی
که‌میش له پلاتین ده‌توانێت بونی بسه‌لمێنێت، به‌ڵام بۆ سه‌لماندنی نه‌بونی ده‌بێت
ئه‌و که‌سه هه‌مو خاکی کوردستان بپشکنێت هه‌تا بیسه‌لمێنێت که پلاتینی تێدا نیه!
ئینجا ده‌یه‌وێت ئه‌م نمونه‌یه به‌سه‌ر (خوا) یشدا بسه‌پێنێت،
به‌مه‌ش خوا به‌راورد ده‌کات به شتێکی به‌رجه‌سته‌ی وه‌کو پلاتین که له خاک‌دا
ون ده‌بێت! به‌و پێیه‌ی که سه‌لماندنی بونی خوا ده‌کرێت به‌ڵام سه‌لماندنی نه‌بونی؛
زه‌حمه‌ته.
لێره‌دا کاک هاوکار چه‌ند هه‌ڵه‌یه‌کی کردوه:
١. ئه‌وه‌ی له بیر کردوه که به‌ڵگه‌هێنانه‌وه و سه‌لماندن
له‌سه‌ر شانی که‌سێکه که باسی (بون) ی شتێک بکات، نه‌ک که‌سێک که باسی بونی
ناکات. من که نه‌ڵێم فڵان شت هه‌یه؛ ناچاریش نیم به‌ڵگه بهێنمه‌وه بۆ سه‌لماندن
چونکه من هیچم نه‌وتوه، به‌ڵام که‌سێک باوه‌ڕی به بونی شتێک هه‌بێت و باسی
بکات؛ ده‌بێت بیسه‌لمێنێت..
له‌به‌ر ئه‌وه ئاتێیستێک ناچار نیه به‌ڵگه بۆ نه‌بونی
خوا بهێنێته‌وه، ئه‌وه باوه‌ڕداره که ناچاره به‌ڵگه بۆ بونی خوا بهێنێته‌وه
چونکه باوه‌ڕێکی پێشنیار کردوه که ده‌بێت به‌ڵگه‌ی بۆ بهێنێته‌وه.
ئاتێیست باسی خوا ناکات و ناڵێت هه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه
له‌سه‌ری پێویست نیه به‌ڵگه بهێنێته‌وه چونکه باوه‌ڕێکی ده‌رنه‌بڕیوه.. ئه‌وه
باوه‌ڕداره که باوه‌ڕێکی بێ‌به‌ڵگه‌ی پێشنیار کردوه و ده‌بێت به به‌ڵگه بیسه‌لمێنێت.
ئاتێیست ئه‌گه‌ر بیه‌وێت نه‌بونی خوا بسه‌لمێنێت؛ ته‌نها
ئه‌وه‌نده‌ی به‌سه که ڕه‌خنه له‌و به‌ڵگانه بگرێت که باوه‌ڕدار ده‌یانهێنێته‌وه
بۆ بونی خوا و بیسه‌لمێنێت که ئه‌و به‌ڵگانه بونی خوایان پێ ناسه‌لمێت، یان له‌به‌ر
ئه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ی عه‌قڵیی ڕوتن و پاڵپشتکراو نین به به‌ڵگه‌ی زانستی، یان له‌به‌ر
ئه‌وه‌ی نابنه به‌ڵگه‌ی بونی خوا وه‌کو زاتێک، یانی ڕه‌نگه به عه‌قڵ بتوانین
بیسه‌لمێنین که بونه‌وه‌ر هۆکارێکی هه‌یه بۆ بونی، به‌ڵام هه‌ر به‌و به‌ڵگه عه‌قڵیه
ناسه‌لمێت که ئه‌و هۆکاره زاتێکه و له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی مادده‌یه وه‌کو ئه‌و
خوایه‌ی ئایینه‌کان باسی ده‌که‌ن، به‌ڵکو ڕه‌نگه ئه‌و هۆکاره سروشتێک بێت له
خودی مادده‌دا، یان ڕه‌نگه هۆکاری گه‌ردون؛ گه‌ردونێکی تر بێت.. و به‌گشتییش به
به‌ڵگه‌ی عه‌قڵیی ڕوت بونی زات و که‌س و شتی به‌رجه‌سته ناسه‌لمێت.
به‌کورتی: ئاتێیست به‌ڵگه‌کانی باوه‌ڕدار بۆ سه‌لماندنی
بونی خوا ده‌پشکنێت و بۆی ڕون ده‌بێته‌وه که به‌ڵگه‌ی ساخته‌ن و پوچه‌ڵیان ده‌کاته‌وه.
ئیتر که به‌ڵگه‌کانی (بون) پوچه‌ڵ بونه‌وه؛ پێویست به سازکردنی به‌ڵگه‌ی (نه‌بون)
ناکات. بون شتێکه که ده‌بێت بسه‌لمێنرێت نه‌ک نه‌بون، نه‌بون یانی هه‌ر جێگه‌ی
باس و سه‌لماندن نیه.
نمونه‌یه‌ک بۆ تێگه‌شتن له‌م حاڵه‌ته: که‌سێک دێت و ده‌ڵێت
له‌و ده‌شته گیاندارێک هه‌یه مرۆڤیش نیه و قسه ده‌کات! ئه‌مه له‌سه‌ر خۆی
پێویسته به‌ڵگه‌ی بۆ بهێنێته‌وه و بیسه‌لمێنێت، نه‌ک له‌سه‌ر ئێمه پێویست بێت نه‌بونی
بسه‌لمێنین! ئه‌گه‌ریش ئه‌و که‌سه هه‌وڵی دا به‌ڵگه بهێنێته‌وه بۆ بونی شتێکی
له‌و جۆره؛ ئه‌و کاته به‌ڵگه‌که‌ی ده‌پشکنین و کاتێک ساخته‌یی به‌ڵگه‌که‌ی ده‌سه‌لمێنین؛
ئه‌مه ده‌بێته به‌ڵگه‌ی بێبنه‌مایی هه‌واڵه‌که‌ی و نه‌بونی شته‌که‌ش. ئیتر له‌سه‌رمان
پێویست نیه به‌ڵگه‌ی تایبه‌تی بۆ نه‌بونی بهێنینه‌وه، نه‌بونی به‌ڵگه له‌سه‌ر
بونی؛ له خۆیدا به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر نه‌بونی. به ده‌سته‌واژه‌یه‌کی تر: هه‌ر شتێک
به‌ڵگه نه‌بو بۆ بونی؛ له بازنه‌ی نه‌بوندایه هه‌تا به‌ڵگه په‌یدا ده‌بێت له‌سه‌ر
بونی. ئیتر ئه‌گه‌ر له‌لایه‌نی عه‌قڵیه‌وه ئه‌گه‌ری بونیشی هه‌بێت؛ ئه‌مه نابێته
به‌ڵگه‌ی بون.
٢. بونی خوا به هیچ شێوه‌یه‌ک به بونی بڕێک پلاتین له
شوێنێکدا به‌راورد ناکرێت! نه باوه‌ڕی ئایینی به‌مه ڕازی ده‌بێت و نه فه‌لسه‌فه‌ی
ئایینییش! بونی خوا ده‌بێت ڕاستییه‌ک بێت که له هه‌مو گه‌ردیله‌یه‌کی گه‌ردوندا
ڕه‌نگ بداته‌وه نه‌ک شتێک بێت ون ببێت و بۆی بگه‌ڕێیت وه‌کو چۆن بۆ پلاتین ده‌گه‌ڕێیت
له زه‌ویدا! ئه‌گه‌ر خوا هه‌بێت؛ هه‌مو گه‌ردون ئاماژه‌ی بۆ ده‌کات و نابێت هیچ
شوێنێکی گه‌ردون خاڵی بێت له شوێنه‌واری خوا، ده‌بێت هه‌مو گه‌ردون شوێنه‌واری
خوا بێت، به‌م پێیه هه‌ر خاڵێکی گه‌ردون ده‌بێت شوێنه‌واری خوای پێوه دیار بێت،
نه‌ک وه‌کو بڕێک کانزا بۆی بگه‌ڕێیت هه‌تا له کون و قوژبنێکدا که‌مێکی ده‌دۆزیته‌وه!
وه‌کو کاک هاوکار ده‌یه‌وێت به‌م شێوه‌یه به‌راوردی ده‌کات..
ئه‌گه‌ر وه‌کو کاک هاوکار نمونه بهێنینه‌وه به بون و
نه‌بونی شتێک له کوردستان بۆ وێناکردنی خوا وه‌کو ڕاستییه‌کی گه‌ردونی؛ ده‌بێت له
بریی شتێکی وه‌کو پلاتین؛ ئاماژه بکه‌ین بۆ بون و نه‌بونی ـ بۆ نمونه ـ (مادده)
له کوردستان! مادده هه‌یه له کوردستان؟ به‌ڵێ! کوردستان هه‌موی مادده‌یه! هه‌رجێیه‌ک
ده‌چیت له کوردستان؛ هه‌ر مادده دێته ڕێت! جێیه‌ک نیه له کوردستان
مادده‌ی لێ نه‌بێت!
ئه‌گه‌ر ئێمه له یه‌ک شوێن و نمونه‌ی گه‌ردوندا بینیمان
که ئه‌وه‌ی ڕو ده‌دات شتێکی سروشتیی ڕوته و شوێنه‌وارێکی زاتێکی ناسروشتی و
خواستێکی ناسروشتیی تێدا نیه؛ ئه‌مه یانی له هیچ شوێن و نمونه‌یه‌کی ترییشدا له
گه‌ردون شتی وا نیه، ناکرێت خوا له هه‌ندێک شوێن ئاماده بێت و له هه‌ندێک شوێن
ون بێت.
ئه‌وه پێی ده‌ڵێن (خوای بۆشاییه‌کان) God of the gaps که هه‌ندێک ڕۆشنبیری
ئایینی په‌نای بۆ ده‌به‌ن که هه‌ر کاتێک لێکدانه‌وه‌ی زانستیی سروشتی هه‌بو بۆ
دیارده‌یه‌ک؛ باسی خوا ناکات و لێکدانه‌وه سروشتیه‌که وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام کاتێک
لێکدانه‌وه‌ی زانستی و سروشتی نه‌بو (هێشتا دیارده‌که نه‌زانراو بو و زانست لێی
نه‌کۆڵیبوه‌وه یان نه‌گه‌یشتبوه ئه‌نجامی کۆتایی)؛ ئینجا بارودۆخه‌که ئیستیغلال
ده‌کات و په‌نا ده‌بات بۆ باسی خوا و لێکدانه‌وه به خوا، بۆ پڕکردنه‌وه‌ی ئه‌و
بۆشاییه.. ئه‌مه پێی ده‌وترێت (خوای بۆشاییه‌کان)، که نه بیری ئایینیی ڕه‌سه‌ن
پێی ڕازی ده‌بێت و نه له بیرکردنه‌وه‌ی زانستیدا قبوڵه:
ـ نه بیری ئایینی به‌وه ڕازی ده‌بێت خوا ته‌نها له هه‌ندێک
شت‌دا ڕۆڵی هه‌بێت و له شته‌کانی تردا هیچ ده‌ستوه‌ردانێکی نه‌بێت، به‌ڵکو له
بیری ئایینی‌دا ڕۆشتنی هه‌ورێکیش به ئاسماندا خوا ئه‌نجامی ده‌دات و خوا (یان فریشته‌کانی)
ئه‌و هه‌وره لێ ده‌خوڕن! چه‌ند جار له قورئانیشدا باسی ئه‌مه کراوه که خوا بۆ
خۆی هه‌ور دروست ده‌کات و لێی ده‌خوڕێت و ده‌یباته سه‌ر زه‌ویی ئاتاج به ئاو و
ده‌یبارێنێت: (أولم يروا أنا نسوق الما‌ء إلى الأرض الجرز فنخرج به زرعا تأكل منه
أنعامهم وأنفسهم) (السجدة: ٢٧)، (وهو الذي يرسل الرياح بشرا بين يدي رحمته حتى إذا
أقلت سحابا ثقالا سقناه لبلد ميت فأنزلنا به الما‌ء) (الأعراف: ٥٧)، (ألم تر أن
الله يزجي سحابا ثم يؤلف بينه ثم يجعله ركاما فترى الودق يخرج من خلاله وينزل من
السما‌ء من جبال فيها من برد فيصيب به من يشا‌ء ويصرفه عن من يشا‌ء) (النور: ٤٣)،
(الله الذي يرسل الرياح فتثير سحابا فيبسطه في السما‌ء كيف يشا‌ء ويجعله كسفا فترى
الودق يخرج من خلاله) (الروم: ٤٨)، (والله الذي أرسل الرياح فتثير سحابا فسقناه
إلى بلد ميت فأحيينا به الأرض بعد موتها) (فاطر: ٩).. ئه‌مه‌یه بیری ئایینیی ڕه‌سه‌ن
که هه‌مو دیارده‌یه‌کی سروشتییش به کاری خوا ده‌زانێت [هه‌ر بۆیه له بیری
ئایینیی ڕه‌سه‌ندا ته‌ماشایه‌کی ئاسمان و زه‌وی به‌سه بۆ ناسینی خوا و بینینه‌وه‌ی
شوێنه‌واری خوا، به‌ڵکو شتی زۆر سروشتیی وه‌کو ڕۆشتنی ئاوێک به ڕێی خۆیدا؛ شوێنه‌واری
ویستی خواوه‌نده. به‌کورتی: چۆن زانایه‌کی سروشتی ته‌ماشای هه‌ر گۆشه‌یه‌کی سروشت
بکات؛ شوێنه‌واری یاسا سروشتیه‌کان ده‌بینێته‌وه؛ به هه‌مان شێوه باوه‌ڕداری ڕه‌سه‌نیش
ته‌ماشای هه‌ر گۆشه‌یه‌کی سروشت بکات؛ شوێنه‌واری خوا و توانای خوا ده‌بینێته‌وه]..
نه‌ک دیارده‌کان هه‌ندێکیان سروشتی بن (که ئه‌وانه‌ن لێکدانه‌وه‌ی زانستی‌یان بۆ
کراوه)، و هه‌ندێکی تریان ناسروشتی و خوایی بن (که ئه‌وانه‌ن هێشتا لێکدانه‌وه‌ی
زانستی‌یان بۆ نه‌کراوه یان باوه‌ڕدار نایه‌وێت باوه‌ڕ به لێکدانه‌وه زانستیه‌که
بکات)، که ئه‌مه نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه باوه‌ڕبون به لێکدانه‌وه ناسروشتیه‌که وه‌کو
ڕاوکردن له ئاوی لێڵدا وایه، وه‌کو ئیستیغلالکردنی تاریکیی شه‌و وایه بۆیه که
لێکدانه‌وه‌ی زانستی هه‌بو باسی خوا ناکات به‌ڵام که لێکدانه‌وه‌ی زانستی هێشتا
نه‌بو؛ ئینجا باسی خوا ده‌هێنێته‌وه مه‌یدان! بۆ نمونه: که باسی هێزی کێشکردن
ده‌کرێت؛ باوه‌ڕدار وه‌ری‌ده‌گرێت و ئیتر باسی ئه‌وه ناکات که خواوه‌ند (یان
فریشته‌کانی) شته‌کان و ـ بۆ نمونه ـ ئاسمانی ڕاگرتوه [به مه‌رجێک ڕاگرتنی
ئاسمان له‌لایه‌ن خوا خۆیه‌وه له قورئاندا باس کراوه: (ويمسك السما‌ء أن تقع على
الأرض إلا بإذنه) (الحج: ٦٥)، (الله الذي رفع السماوات بغير عمد ترونها) (الرعد: ٢)،
(والسماء رفعها) (الرحمن: ٧)]، به‌ڵام کاتێک باسی شتانێکی ئاڵۆزی وه‌کو دروستبونی
گه‌ردون (ته‌قینه‌وه‌ی گه‌وره) و دروستبونی ژیان له‌سه‌ر زه‌وی و په‌ره‌سه‌ندنی
زینده‌وه‌ران ده‌کرێت؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هێشتا ئه‌مانه به شێوه‌یه‌کی وا ڕون نه‌کراونه‌ته‌وه
که بواری نکولیکردنیان نه‌بێت؛ لێکدانه‌وه به خوا ده‌هێنێته‌وه مه‌یدان و
ئینجا باسی خوا ده‌کات، ئه‌ی له باسی ڕاگرتنی ته‌نه‌کاندا بۆچی باسی خوا ناکات و
باسی (هێزی کێشکردن) ده‌کات و (تیۆریی کێشکردن) ـه‌که‌ی نیوتن وه‌رده‌گرێت؟!
نمونه‌یه‌کی تر: له کۆندا هه‌مو نه‌خۆشییه‌ک به کاری
خواوه‌ند [ه خراپه‌خواز] ه‌کان داده‌نرا، به‌ڵام ئێسته باوه‌ڕداران هه‌ندێک نه‌خۆشیی
ده‌ماریی وا که لێکدانه‌وه زانستیه‌که‌ی نازانن ده‌ده‌نه پاڵ ئه‌و هێزه
نادیارانه!
ئه‌م حاڵه‌ته هه‌م نیشانه‌ی سه‌رگه‌ردانبونی مرۆڤی باوه‌ڕداری
هاوچه‌رخه له‌نێوان باوه‌ڕی ئایینی و زانست‌دا، و هه‌م له‌گه‌ڵ باوه‌ڕی ئایینیی ڕه‌سه‌نیشدا
ناگونجێت که هه‌مو شتێک و هه‌مو جوڵه‌یه‌ک به مه‌به‌ست و نیازی خواوه‌ند[ه‌کان]
لێک ده‌داته‌وه.
ـ هه‌روه‌ها له بیرکردنه‌وه‌ی زانستییشدا قبوڵ نیه
چونکه ئه‌وه له بیری زانستیدا جێی نابێته‌وه یاسا سروشتیه‌کان له هه‌ندێک
دیارده و جێگه و کاتدا ئیش بکه‌ن و له هه‌ندێکی تردا ڕۆڵیان نه‌بێت وه‌کو ئه‌وه‌ی
هه‌ر بونیان نه‌بێت!
به‌کورتی: بونی خوا ده‌بێت به شێوه‌یه‌ک ڕون و ئاشکرا بێت
که گه‌ڕانی نه‌وێت وه‌کو گه‌ڕان بۆ بڕێک پلاتین له خاک‌دا! بونی خوا ده‌بێت ڕاستییه‌کی
گشتگیری وه‌ها بێت که هه‌مو گه‌ردیله‌یه‌کیش ئه‌و ڕاستیه‌ی تێدا ده‌ربکه‌وێت.
کاتێک زانست باسی یاسا سروشتیه‌کان ده‌کات؛ ئه‌مه له هه‌مو شوێنێک و له هه‌مو
دیمه‌نێکدا وه‌کو ڕاستییه‌ک ده‌رده‌که‌وێت و هه‌مو گه‌ردیله‌یه‌کیش ئه‌و ڕاستیه‌ی
تێدا ده‌رده‌که‌وێت. ده‌بێت بونی خوایش ڕاستییه‌کی گه‌ردونی بێت، نه‌ک وه‌کو بونی
تارمایی و جنۆکه و خواوه‌نده‌کان ته‌نها له مێشکی هه‌ندێک مرۆڤدا هه‌بێت!
٣. سه‌باره‌ت به سه‌لماندنی بون و نه‌بونی خوا؛ به
کورتی ده‌ڵێم: ئێمه بونی خوا ناسه‌لمێنین یانی به‌ڵگه‌مان نیه بۆ سه‌لماندنی
بونی، نه‌بونیشی ناسه‌لمێنین یانی ناچار نین به‌ڵگه بهێنینه‌وه بۆ سه‌لماندنی نه‌بونی!
به‌ڵگه‌مان نیه بۆ بونی، شوێنه‌واری نابینین، ده‌توانین
شته‌کان لێک بده‌ینه‌وه به‌بێ باسی خوا.
به‌ڵگه‌مان بۆ نه‌بونیشی؛ هه‌ر ئه‌وه‌یه به‌ڵگه‌مان نیه
بۆ بونی.
قسه‌ی ئێمه ئه‌وه‌یه ده‌توانین لێکدانه‌وه‌ی زانستیی
سروشتی بۆ دروستبونی گه‌ردون و ژیان و مرۆڤ بکه‌ین به‌بێ ئه‌وه‌ی ناچار ببین
گریمانه‌ی خوا به‌کار بهێنین.. بۆ لێکدانه‌وه‌ی گه‌ردون وسروشت سیسته‌مێکی
زانستیمان هه‌یه که جێی گریمانه‌ی خوای تێدا نابێته‌وه.
به‌کورتی، ده‌ڵێین: بونی خوا ناسه‌لمێنین، هه‌ر بۆیه نه‌بونیشی
ناسه‌لمێنین، به‌و واتایه‌ی پێویستیمان به به‌ڵگه‌ی تایبه‌تی نیه له‌سه‌ر نه‌بونی،
چونکه شتێک به‌ڵگه نه‌بێت بۆ بونی؛ ئیتر حسابی نه‌بوی بۆ ده‌کرێت و جێی قسه‌وباس
نیه مه‌گه‌ر به‌ڵگه‌یه‌ک په‌یدا ببێت بۆ بونی.
٭٭٭
به‌شی دوه‌می به‌ڵگه‌که‌ی: ئه‌و قسه باوه‌یه که ده‌ڵێن:
ئاتێیسته‌کان دان به‌وه‌دا ده‌نێن که بونی سه‌عاتێک یان ئۆتۆمۆبیلێک یان (هه‌ڕه‌مه‌کانی
میسر)؛ دروستکه‌رێکی پێویسته، به‌ڵام دان به‌وه‌دا نانێن که گه‌ردون دروستکه‌رێکی
پێویسته.
ئیتر باوه‌ڕداران پێیان وایه به‌مه به‌ڵگه‌یه‌کی به‌هێزیان
دژی لۆجیکی ئاتێیسته‌کان هێناوه‌ته‌وه! نازانن که دو شتیان تێکه‌ڵ کردوه: شتێک
که شوێنه‌واری خواست و عه‌قڵێکه چونکه دیزاینێکی عاقڵانه و مه‌به‌ستداری هه‌یه،
شتێکیش که شوێنه‌واری خواست و عه‌قڵ نیه به‌ڵکو شتێکی سروشتیه.
شتگه‌لی وه‌کو سه‌عات و ئۆتۆمۆبیل و هه‌ڕه‌م؛ به‌رهه‌می
عه‌قڵێک و خواستێکن، ئه‌و شتانه له چه‌ندین پارچه دروست بون که له سروشتدا
نین یان به‌و شێوه ئه‌ندازه‌یی و فرمانداره نین، و ده‌بێت عه‌قڵێک و خواستێک به‌تایبه‌تی
دروستیان بکات و دیزاینیان بکات، هه‌روه‌ها پێکه‌وه‌به‌ستنی ئه‌و پارچانه به
شێوه‌یه‌ک که بتوانن به‌یه‌که‌وه فرمانی مه‌به‌ست به‌جێ بهێنن؛ دیسان پێویستیی
به عه‌قڵێک هه‌یه به‌و شێوه تایبه‌تیه و به دیزاینێکی مه‌به‌ستدار ئه‌نجامی
بدات.
به‌ڵام گه‌ردون و سروشت؛ شوێنه‌واری عه‌قڵ و خواستێکی
تێدا نیه، چونکه دیزاین و نه‌خشه‌سازییه‌کی وای تێدا نیه که هه‌ست بکرێت به
مه‌به‌ست و هۆشه‌وه کراوه، ئه‌وه‌ی هه‌یه سروشتیه و به‌رهه‌می کارکردنی یاسا
سروشتیه‌کانه که حه‌تمیانه و کوێرانه کارده‌که‌ن.. ئه‌و سیسته‌م و دیزاینه
ڕواڵه‌تیه‌ی دروست ده‌بێت؛ ته‌نها یه‌کێکن له ڕوداوه سروشتیه‌کان که ئه‌و حاڵه‌ته‌ن
جێگیرییه‌ک به خۆیانه‌وه ده‌بینن له‌نێو ئاپۆره‌ی ئه‌و هه‌مو حاڵه‌ت و ئه‌گه‌ره
بێشوماره‌ی که جێگیری به خۆیانه‌وه نابینن و ئه‌نجامێک ناده‌ن به ده‌سته‌وه..
بۆ نمونه: دروستبونی ژیان به‌رهه‌می ڕوداوێکی سروشتیه
که یه‌کگرتنی چه‌ند گه‌ردێکه و دروستبونی ترشه ئه‌مینیه‌کانی لێ ده‌که‌وێته‌وه،
ئینجا ئه‌م ترشانه دی‌ئێن‌ئه‌ی‌ی سه‌ره‌تایی بنیات دەنێن، که
میلیۆنان جاری تریش یه‌کگرتنی چه‌ند گه‌ردێک ڕوی داوه به‌ڵام جێگیر نه‌بوه و ئه‌و
ئه‌نجامه‌ی نه‌بوه. ئه‌مه‌ی که ڕوی داوه و ئه‌و ئه‌نجامه‌ی هه‌بوه؛ یه‌کێکه
له ئه‌گه‌ره‌کان.
یانی ئه‌گه‌ره‌کان زۆرن و حاڵه‌ته‌کان جۆراوجۆرن، یه‌کێک
له‌م ئه‌گه‌رانه ده‌توانێت شتێک پێک بهێنێت.. [ئه‌گه‌ر ئه‌م ڕوداوانه به کاری
خوایه‌ک بزانین؛ وه‌کو ئه‌وه وایه ئه‌و خوایه چه‌ندان جار موحاوه‌له‌ی کردبێت و
یه‌ک جار سه‌رکه‌وتو بوبێت!!].
نمونه‌یه‌کی تر: ئێمه ده‌بینین هه‌مو بارودۆخێک له هه‌ساره‌ی
زه‌ویدا گونجاوه بۆ دروستبونی ژیان [دوریی تایبه‌تی له خۆر، به‌رگه‌هه‌وای تایبه‌تی،
ئاو، به‌رگێکی به‌ردین به‌سه‌ر ناوپۆشێکی تواوه و په‌ستانداره‌وه که هه‌میشه
به‌رگه به‌ردینه‌که نوێ ده‌کاته‌وه و ده‌یجوڵێنێت...].. ڕه‌نگه وا بزانرێت ئه‌مه
به مه‌به‌ست بوه، به‌ڵام کاتێک ده‌زانین ئه‌مه ته‌نها حاڵه‌تێکه و چه‌ندین
حاڵه‌تی تر هه‌یه که بارودۆخی له‌بار بۆ ژیان پێک نه‌هاتوه؛ ئیتر تێ‌ده‌گه‌ین
که شته‌که به‌مه‌به‌ست نیه و نه‌خشه‌یه‌ک له ئارادا نیه [نمونه‌یه‌کی ساده
بۆ تێگه‌شتن له‌مه: کاتێک قوتابییه‌ک وه‌ڵامی پرسیارێک ده‌داته‌وه؛ ئه‌گه‌ر چه‌ند
ئه‌گه‌رێکی وت و هه‌مو وه‌ڵامێکی تاقی کرده‌وه؛ ئیتر ئه‌گه‌ر ڕێی له وه‌ڵامه
ڕاسته‌که‌ش بکه‌وێت؛ مانای ئه‌وه نیه به‌مه‌به‌ست ئه‌و وه‌ڵامه‌ی هه‌ڵ‌بژاردبێت].
ئه‌و بارۆدوخه‌ی ده‌ڕه‌خسێت ئه‌و ئه‌نجامه ده‌هێنێته کایه نه‌ک ئه‌نجامه‌که نه‌خشه‌یه‌کی
پێش‌وه‌خت بێت که بارودۆخه‌که‌ی سازاندبێت و گونجاندبێت! بارودۆخ له زه‌ویدا به‌پێی
نه‌خشه‌یه‌کی پێش‌وه‌خت نه‌گونجێنراوه له‌به‌ر خاتریی ئه‌وه‌ی ژیان له‌سه‌ری
دروست ببێت، به‌ڵکو بارودۆخێک له زه‌ویدا ڕه‌خساوه که له کۆتاییدا ڕێی خۆش
کردوه بۆ دروستبونی ژیان.
نمونه‌یه‌کی تر: مرۆڤ له سه‌ره‌تاوه وا تێ‌ده‌گات که
دروستبونی گیانداران بۆ حیکمه‌ت و مه‌به‌ستێکی تایبه‌تی بوه و زۆر جاریش پێی خۆشه
بڵێت ئه‌م گیاندارانه و هه‌مو زینده‌وه‌ران له‌به‌ر خاتریی من دروست کراون و
ڕامهێنراو (موسه‌خخه‌ر) ن بۆ من! به‌ڵام کاتێک ده‌زانین زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری ئه‌و
زینده‌وه‌رانه‌ی له‌سه‌ر زه‌وی ژیاون؛ هه‌ر پێش دروستبونی مرۆڤ قڕیان کردوه به
شێوه‌یه‌ک ئه‌وه‌ی قڕی کردوه زۆر زۆرتره له‌وه‌ی ئێسته له‌گه‌ڵ مرۆڤدا ده‌ژی؛
ئینجا تێ‌ده‌گه‌ین که مه‌به‌ستێکی له‌و شێوه‌یه‌ی مرۆڤ خه‌یاڵی ده‌کات له
دروستبونی زینده‌وه‌راندا نیه. به‌ڵکو جه‌نگێکی ترسناکیش له‌نێوان مرۆڤ و ـ بۆ
نمونه ـ میکرۆب و ڤایروسه‌کاندا هه‌یه که هه‌ر لایه‌ک هه‌وڵ ده‌دات ئه‌وی تر قه‌ڵاچۆ
بکات و به‌سه‌رهه‌ساره‌که‌دا زاڵ ببێت، و زۆر جاریش میکرۆب و ڤایروسه‌کان
توانیویانه مرۆڤ له قڕکردن نزیک بکه‌نه‌وه و دو‌ریش نیه له داهاتویه‌کدا
بتوانن مرۆڤایه‌تی یان به‌شێکی قڕ پێ بکه‌ن یانی که‌می بکه‌نه‌وه.
ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت نمونه بهێنینه‌وه بۆ جیاوازیی شتی
سروشتی و شتی ده‌ستکرد؛ نمونه به دو خانه ده‌هێنینه‌وه: خانه‌یه‌کی سروشتی و
خانه‌یه‌کی ده‌ستکردی مرۆڤ:
ڕاسته له خانه سروشتیه‌که‌دا ناوکێک هه‌یه که ـ سه‌رباری
ڕێکخستنی کارلێکه کیمیاییه‌کان ـ سیفه‌ته بۆماوه‌ییه‌کان هه‌ڵ‌ده‌گرێت و نه‌خشه‌ی
زینده‌وه‌ره‌که‌ی تێدایه و چه‌ند ده‌زگایه‌کیش له خانه‌که‌دا هه‌ن بۆ به‌ڕێوه‌بردنی
زینده‌کرداره‌کانی خانه‌که و کۆمه‌ڵێک فرمانی پێکه‌وه‌به‌سراو جێبه‌جێ ده‌که‌ن..
به‌ڵام ده‌زانین ئه‌م خانه‌یه له سه‌ره‌تادا چۆن به شێوه‌یه‌کی سروشتی و له یه‌کگرتنی
کۆمه‌ڵێک گه‌رده‌وه دروست بوه و له سه‌ره‌تایه‌کی زۆر ساده‌وه که له کۆمه‌ڵه‌گه‌ردێکی ئاڕ‌ئێن‌ئه‌ی
(ترشی ناوکیی ڕایبۆسی) و پاشان دی‌ئێن‌ئه‌ی (ترشی ناوکیی ڕایبۆسیی که‌م‌ئۆکسیجێن)
ی سه‌ره‌تاییه‌وه گه‌شه‌ی کردوه هه‌تا بوه‌ته خانه‌یه‌کی ته‌واو: خانه‌ی ساده
و پاشان خانه‌ی ئاڵۆز، سه‌رباری ئه‌مه‌ش بارودۆخی دروستبونی ئه‌و خانه‌یه له
دیزاین و فرمانه‌کانیدا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه بۆیه هه‌ست ناکه‌ین عه‌قڵ و هۆشێک له‌پشتی
دیزاین و پێکهێنانیه‌وه هه‌بێت، بۆ نمونه: له‌و کاته‌وه خانه دروست بوه؛ هیچ
گۆڕانکارییه‌کی ڕیشه‌یی له دیزاینه‌که‌یدا نه‌کراوه، خانه‌ی هه‌ر ڕوه‌کێک و هه‌ر
گیاندارێک به‌گشتی هه‌مان دیزاینی گشتییان هه‌یه، و هه‌ر کێشه و ناته‌واوییه‌کیش
له‌و دیزاینه‌دا هه‌بێت؛ به‌درێژایی ٤ بیلیۆن ساڵی په‌ره‌سه‌ندنی ژیان؛ ڕاست نه‌کراوه‌ته‌وه
به‌ڵکو هه‌ر کۆپی کراوه‌ته‌وه..
به‌ڵام له خانه ده‌ستکرده‌که‌ی مرۆڤدا، که تیمه‌که‌ی
زانای بایۆلۆجیایی ئه‌مێریکایی (کره‌یگ ڤێنته‌ر) Craig
Venter له ئینستیتوته‌که‌ی خۆی (ئینستیتوتی ج.
کره‌یگ ڤێنته‌ر JCVI) له
کالیفۆڕنیا، دروستیان کرد (و ١٩ / ٥ / ٢٠١٠ ئه‌نجامه‌که‌ی ڕاگه‌یه‌نرا) به
بیناکردنه‌وه‌ی کیمیاییانه‌ی جینۆمی میکرۆبێک و دروستکردنه‌وه‌ی دی‌ئێن‌ئه‌ی‌ـه‌که‌ی
و چاندنی له خانه‌یه‌کی خاڵیکراوه له دی‌ئێن‌ئه‌ی که ئیتر خانه‌که ژیان و
زۆربونی ده‌ست پێ کرد؛ سه‌رباری ئه‌و پێکهاته و ده‌زگایانه‌ی به‌سروشتی له خانه‌دا
هه‌ن؛ هه‌ندێک شوێنه‌واری به‌مه‌به‌ستیان به‌جێ‌هێشتوه که هه‌مو که‌سێک ده‌زانێت
ئه‌مانه شوێنه‌واری عه‌قڵ و هۆشێکن، ئه‌م شوێنه‌وارانه‌ش بریتین له: ناوی هه‌مو
ئه‌و ٤٦ زانا و پسپۆڕه‌ی که له‌و ده‌ستکه‌وته زانستیه گه‌وره‌یه‌دا به‌شدار
بون، له‌گه‌ڵ سێ وته‌ی به‌نرخ، له‌گه‌ڵ ئه‌درێسێکی ئه‌لیکترۆنی به ناوی خانه ده‌ستکرده‌که‌وه،
هه‌مو ئه‌مانه وه‌کو به‌شێک له کۆدی بۆماوه‌یی خانه‌که، یانی له‌ناو دی‌ئێن‌ئه‌ی‌ـه‌که‌دا،
تۆمار کراون! کاتێک خانه‌یه‌کی له‌م جۆره ده‌بینین؛ ده‌زانین که ئه‌مه ده‌ستکردی
عه‌قڵێکه. به‌ڵام کاتێک خانه‌یه‌ک ده‌بینین که ته‌نها کۆپییه‌کی کوێرانه‌ی خانه‌کانی
پێش خۆیه‌تی؛ ده‌زانین سروشتیه.
نمونه‌یه‌کی تر: پێکهاته‌ی سه‌عاتێک به‌و هه‌مو پارچه
کانزایه‌وه که به شێوه و ئه‌ندازه‌ی تایبه‌تی داڕێژراون و له دیزاینێکی ورددا
پێکه‌وه به‌سراون؛ به‌راورد بکه به کۆمه‌ڵێک پارچه کانزا که له سروشتدا به
شێوه‌ی خاو و له ئاوێته‌ی جۆراوجۆردا ده‌ست ده‌که‌ون!
نمونه‌یه‌کی تر: به‌رده‌کانی هه‌ڕه‌مه‌کانی میسر به‌و
بڕین و قه‌باره و شێوه تایبه‌تیه‌وه که هه‌یانه و به‌و دیزاینی بیناسازیه‌وه
که هه‌ڕه‌مه‌کانیان لێ دروست کراوه؛ به‌راورد بکه به‌و هه‌مو به‌رده سروشتیه‌ی
له سروشتدا هه‌ن. یان به‌گشتی بینای هه‌ڕه‌مه‌که به‌و دیزاینه تایبه‌تیه و به‌و
هه‌مو ده‌روازه و کڵاوڕۆژنه و تونێل و ژور و گۆڕخانه تایبه‌تیه‌ی هه‌یه‌تی؛ به‌راورد
بکه به هه‌ر شاخێکی به‌ردینی سروشتی.
هه‌تا ده‌قه ئایینیه‌کانیش به‌ڕونی هه‌ست به جیاوازیی
شتی خوایی (=سروشتی) و شتی مرۆیی (ده‌ستکرد) ده‌که‌ن، بۆ نمونه: شته سروشتیه‌کان
به کاری خوا دانراون، به‌ڵام شارستانیه‌ت و ئاوه‌دانی به کاری مرۆڤ ده‌زانن که
مرۆڤ له‌م کارانه‌دا له‌جێی خوا کار ده‌کات و بوه‌ته جێنشینی ئه‌و: (إني جاعل في
الأرض خليفة) (البقرة: ٣٠)، (واستعمركم فيها ) (هود: ٦١).
بۆیه شتگه‌لی ده‌ستکردی وه‌کو سه‌عات و سه‌یاره و هه‌ڕه‌م؛
به‌راورد ناکرێن به مادده و سروشت به‌و شێوه سروشتیه‌ی که هه‌ن. کاتێک گه‌ردون
په‌یدا بوه به (دروستبون+ته‌قینه‌وه) ی وزه‌یه‌ک له ئه‌وپه‌ڕی گه‌رمی و چڕیدا؛
ته‌نها وزه‌یه‌کی ڕوت بوه و ئه‌و ته‌نۆلکه سه‌ره‌کیانه‌ش کە دواتر گه‌ردیله پێک ده‌هێنن نه‌بون.. ئه‌م شته ئێجگار سه‌ره‌تاییه چۆن به‌راورد ده‌کرێت به شتی
ده‌ستکردی دیزاینکراوی وه‌کو ئامێرێک له‌وانه‌ی مرۆڤ دروستیان ده‌کات؟ په‌ڵه هه‌ورێکی
گازی که میلیۆنان ساڵ به‌رده‌وام ده‌بێت هه‌تا ئه‌ستێره‌یه‌کی لێ دروست ده‌بێت یان
نابێت؛ چۆن به‌راورد ده‌کرێت به ئامێرێکی ئاڵۆزی مرۆڤ که له ماوه‌یه‌کی
سنورداردا به‌پێی نه‌خشه‌یه‌کی پێش‌وه‌خت دانراو بۆ فرمانێکی مه‌به‌ست دروست ده‌کرێت؟!
دوای ئه‌مه‌ش کاتێک زانست ده‌گات به‌و ئه‌نجامه‌ی که
مادده (وزه) ده‌توانێت له هیچ و له (عه‌ده‌م) ـه‌وه دروست ببێت؛ ئیتر کۆتایی
به هه‌مو مشت‌ومڕێکی ئایینی و فه‌لسه‌فی دێت.
ئه‌مه‌ش ڕاستییه‌که فیزیای کوانته‌م پێشبینیی کردوه و
له تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی نوێ و زۆر پێشکه‌وتودا (١٧ / ١١ / ٢٠١١ ئه‌نجامه‌که‌ی ڕاگه‌یه‌نرا)
له زانکۆی تێکنۆلۆجیایی چاڵمه‌رز Chalmers University of
Technology [به سویدی Chalmers tekniska
högskola |چالمه‌ش تێکنیسکا هوگسکولا|] له یۆتێبۆری
له سوید، له‌سه‌ر ده‌ستی توێژه‌رانی سویدی: کریستۆفه‌ر ڤیلسۆن Christopher Wilson و یۆران یوهانسۆن Göran Johansson و پێر دێڵسینگ Per Delsing، سه‌لمێنراوه، که
تاقیکردنه‌وه‌که ئه‌نجامی ٤٠ ساڵ توێژینه‌وه و تیۆریسازی و پێشبینیکردنه. ئه‌نجامی
توێژینه‌وه‌که له هه‌فته‌نامه‌ی زانستیی Nature دا بڵاو کرایه‌وه، و ـ به‌کورتی ـ ده‌ڵێت له تاقیکردنه‌وه‌که‌دا
توانراوه فۆتۆن (ته‌نۆلکه‌ی سه‌ره‌تایی ڕوناکی) ی وا به‌ده‌ست بهێنرێن که له
بۆشاییدا به‌به‌رده‌وامی ده‌رده‌که‌ون (په‌یدا ده‌بن) و ون ده‌بن (نامێنن). ئه‌مه‌ش
یانی ئه‌وه‌ی ئێمه به بۆشایی ده‌زانین بۆشایی ڕه‌ها نیه، و (عه‌ده‌م) ێکی ڕاسته‌قینه
به‌و واتایه‌ی ئایینداره‌کان و فه‌یله‌سوفه‌کان خه‌یاڵی ده‌که‌ن بونی نیه، به‌ڵکو
ئه‌وه‌ی ئێمه به عه‌ده‌می ده‌زانین به‌به‌رده‌وامی (و به‌خێراییه‌ک که ماوه‌ی
ئه‌وتۆ نادات به چاودێریکردنی) وزه‌ی لێ هه‌ڵ‌ده‌قوڵێت و ونیش ده‌بێت، که ئه‌م
ته‌نۆلکانه‌ی به‌م شێوه‌یه له هیچه‌وه په‌یدا ده‌بن پێشتریش پێشبینی کرابون و
پێیان ده‌وترێت ته‌نۆلکه گریمانه‌ییه‌کان Virtual Particles، به‌ڵام له‌م تاقیکردنه‌وه نوێیه‌دا توانرا ئه‌م ته‌نۆلکانه وه‌کو
فۆتۆنی ڕاسته‌قینه بهێنرێنه ده‌ست.
درێژه‌ی ئه‌م بابه‌ته و چۆنێتیی تاقیکردنه‌وه‌که و
پێشینه‌که‌ی (کاریگه‌ریی کازیمیر Casimir effect) و بنچینه فیزیاییه تیۆریه‌که‌ی (بنه‌مای نادڵنیایی Uncertainty principle ی هایزنبێرگ) و چۆنێتیی
گونجانی له‌گه‌ڵ یاسای "پاراستنی وزه" یاخود "مانه‌وه‌ی وزه"، هه‌ڵ‌ده‌گرین بۆ بابه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ.. لێره‌دا مه‌به‌ستم له‌م ئاماژه
کورته ئه‌وه بو که بزانرێت له‌نێوانی عه‌ده‌م و جیهانی مادده‌ی هه‌ست‌پێکراودا
سنورێکی وا نیه که گریمانه‌ی هێزێکی زه‌به‌لاح بکه‌ین بۆ تێکشکاندنی و
"دروستکردن" ی مادده له عه‌ده‌مه‌وه.. و ئیتر هه‌وڵی سه‌لماندنی بونی
دروستکه‌رێک بۆ مادده به بیانوی یاسای هۆکارێتی (السببیة)؛ عه‌قڵکارییه‌کی ڕوته
و له‌گه‌ڵ زانستی فیزیای نوێ‌دا نامۆیه.
ده‌کرێت له‌سه‌ر ئه‌م جۆره به‌ڵگه‌سازیه به یاسای
هۆکارێتی (السببیة)؛ له بابی مشت‌ومڕی عه‌قڵی ئه‌وه‌ش یاد بخه‌ینه‌وه که ماده‌م
باوه‌ڕداران به‌پشتبه‌ستن به‌م یاسایه ده‌یانه‌وێت ناچارمان بکه‌ن به بڕواکردن
به بونی دروستکه‌رێک، و ماده‌م سورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌مو شتێک هۆکارێک هه‌یه
بۆ بونی؛ ئه‌ی هۆکاری بونی "خوا" چیه؟ خۆ خوایش شتێکه له‌و شتانه‌ی که
ده‌بێت یاسای هۆکارێتی بیانگرێته‌وه ئه‌گه‌ر بڕیار بێت ئه‌م یاسایه یاسایه‌کی
گشتگیر بێت و به‌سه‌ر هه‌مو شته‌کاندا بچه‌سپێت.. ئه‌گه‌ر باوه‌ڕداران بڵێن: خوا
هۆکارێک نیه بۆ بونی و بونه‌که‌ی خۆیی (زاتي) ـه و خۆی ده‌توانێت بۆ خۆی ببێت؛
ئه‌وا ئه‌مه ده‌بێته تێکشکاندنی هه‌مان یاسای هۆکارێتی یان وه‌ستاندنی
کارپێکردنی له ئاستێک‌دا.. ماده‌م باوه‌ڕداران به پشتبه‌ستن به یاسای هۆکارێتی
"دروستبونی مادده له عه‌ده‌م و له خۆیه‌وه" ڕه‌ت بکه‌نه‌وه؛ ئه‌وا
ئێمه‌ش ده‌توانین هه‌ر به پشتبه‌ستن به هه‌مان یاسای هۆکارێتی بونی "دروستکه‌رێک له
خۆیه‌وه" ڕه‌ت بکه‌ینه‌وه.. ئه‌گه‌ر باوه‌ڕداران به ڕاوه‌ستاندنی یاسای
هۆکارێتی له ئاستێک‌دا که ئاستی (هۆکاری یه‌که‌م) ـه هه‌وڵ بده‌ن بونی دروستکه‌رێک
له خۆیه‌وه پاساو بده‌ن؛ ئه‌وا ئێمه‌ش ده‌توانین یاسای هۆکارێتی له ئاستێک‌دا له
کار بخه‌ین و بڵێین مادده له عه‌ده‌مه‌وه بۆ خۆی دروست ده‌بێت.
له لایه‌کی تریشه‌وه هێشتا ئه‌م گریمانه‌یه‌ی دوه‌م
(دروستبونی مادده له خۆیه‌وه) له گریمانه‌ی یه‌که‌م (بونی زاتێکی دروستکه‌ر له
خۆیه‌وه) له عه‌قڵه‌وه نزیکتره: چونکه گریمانکردنی دروستبونی مادده‌یه‌کی سه‌ره‌تایی
ساده له خۆیه‌وه که له وزه‌یه‌ک تێپه‌ڕ نابێت و له سه‌ره‌کیترین ته‌نۆلکه
سه‌ره‌تاییه‌کان زیاتر نیه؛ زۆر ئاسانتر و وه‌رگیراوتره له بونی دروستکه‌رێک له
خۆیه‌وه که زاتێکی ئاڵۆز و ناڕۆشن و نادیاره و وا داده‌نرێت که خاوه‌نی هۆش و
عه‌قڵ و زانایی و تواناییه‌کی بێسنوره، گریمانه‌ی بونی زاتێکی ئاڵۆزی له‌م شێوه‌یه
له خۆیه‌وه؛ زۆر زۆر قورستره له دروستبونی مادده (وزه) یه‌کی سه‌ره‌تایی که
له‌گه‌ڵ خودی عه‌ده‌م سنورێکی ئه‌وتۆ جیایان ناکاته‌وه.. به شێوه‌یه‌ک بواری به‌راوردیان
نیه.. به‌تایبه‌تی که ئێمه ئێسته له تاقیگه‌دا خه‌ریکی به‌ده‌ستهێنان و
چاودێریکردنی ئه‌و ته‌نۆلکه سه‌ره‌تاییانه‌ی مادده‌ین و بونیان ده‌سه‌لمێنین و
چاودێرییان ده‌که‌ین و تایبه‌تمه‌ندیه‌کانیان ده‌دۆزینه‌وه، به‌ڵام کێ خه‌یاڵی وا
ده‌کات زاتێکی دروستکه‌ر بخاته تاقیگه‌وه یان هه‌وڵ بدات له "کونهـ"
و حه‌قیقه‌تی شتێک بزانێت؟! که‌س! که‌س ناتوانێت له (کونهـ) ی "خوا"
شتێک بزانێت!