بەتاڵانی‌بردن و بەکۆیلەکردنی ژن و منداڵی ناموسوڵمان لە ئیسلامدا

بەتاڵانی‌بردن و بەکۆیلەکردنی ژن و منداڵی ناموسوڵمان لە ئیسلامدا


تەنها بە بەڵگەی قورئان، بەبێ پەنابردن بۆ مێژو و گێڕانەوە ئیسلامیەکان
بۆ ئەوانەی گومانیان هەیە لەوەی لە ئیسلامدا فڕاندنی ژن و منداڵی ناموسوڵمان و کردنیان بە کۆیلە هەبێت
و بۆ ئەوانەی گومانیان هەیە لە چیرۆکی قەتڵ‌وعامی پیاوانی خێڵی جولەکەی "بەنو قوڕەیظە" و بەکۆیلەکردنی ژن و منداڵەکانیان

سەروەر پێنجوێنی

لەگەڵ کار و ڕەفتارە نامرۆڤانەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)، و کوشتاری ئێزدیەکان و فڕاندن و فرۆشتن و بەکۆیلەکردنی ژنانیان؛ پرسیار و مشت‌ومڕێکی زۆر هاتوەتە کایە: ئایا ئەم کارە بنچینەی لە ئیسلامدا هەیە؟ لە ئیسلامدا جێی دەبێتەوە؟
بۆ ساخکردنەوەی ئەم بابەتە؛ ئێمە لێرەدا باسی مێژوی ئیسلامی ناکەین، چونکە ڕەنگە هەندێک گومانیان لە مێژو هەبێت و بڵێن هێشتا ئەو مێژوە ساخ نەکراوەتەوە. باسی کەلەپوری "حەدیث" و گێڕانەوە ئیسلامیەکانیش ناکەین، چونکە ئێستە، لەناو موسوڵمانانیشدا، گومانێکی زۆر لەو کەلەپورە دروست بوە، و ئیسلامیەکانیش هەر گێڕانەوەیەک ـ ئەگەر بە گوێرەی سەنعاتی حەدیثی دروستیش بێت ـ لە کۆمەڵگای هاوچەرخدا ئیحراجیان بکات؛ هەوڵ دەدەن بڵێن گێڕانەوەکە لاوازە و لەگەڵ ئیسلام ناگونجێت، ئەگەر لە سەنەدیش کێشەی نەبێت؛ دەڵێن دەق "مەتن" ـەکەی نامۆیی "نەکاڕەت" ی تێدایە!
بۆیە لێرەدا تەنها باسی قورئان دەکەین. لە قورئاندا حوکمی "ئەهلی کیتاب" (شوێنکەوتەی ئایینە بەناو ئاسمانیەکانی تر) و "موشریک"ـەکان (شوێنکەوتەی ئایینە فرەپەرستیەکان) چیە؟ لە کاتی جیهاددا چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و چۆن لە کۆمەڵگای ئیسلامیدا جێیان دەبێتەوە؟ ئایا بەکۆیلەکردنی ژن و منداڵ و ژنی کۆیلەی جەنگ هەیە؟ فرۆشتن و بەکۆیلەکردنی ژن و منداڵی خێڵە جولەکەی (بەنو قوڕەیظە) لە قورئاندا باسی هەیە؟
کە لەم لایەنەوە قورئان دەپشکنین؛ دەبینین ئەوەی قورئان باسی کردوە و دەیڵێت و داوای دەکات؛ زۆر جیاواز نیە لەوەی مێژو دەیڵێت و هەمو گێڕانەوە ئیسلامیەکانیش باسیان کردوە.
حوکمی ئەهلی کیتاب لە قورئاندا
قورئان ئەو حوکمەی "ئەهلی کیتاب" ی تێدایە کە کاتێک موسوڵمان نابن؛ ئیتر یان سەرانە "جزیة" دەدەن یان شەڕیان لەگەڵ دەکرێت: "قَاتِلُوا الَّذِينَ لَا يُؤْمِنُونَ بِاللَّـٰهِ وَلَا بِالْيَوْمِ الْآخِرِ وَلَا يُحَرِّمُونَ مَا حَرَّمَ اللَّـٰهُ وَرَسُولُهُ وَلَا يَدِينُونَ دِينَ الْحَقِّ مِنَ الَّذِينَ أُوتُوا الْكِتَابَ حَتَّى يُعْطُوا الْجِزْيَةَ عَنْ يَدٍ وَهُمْ صَاغِرُونَ" (التوبة: ٢٩) واته: "بجەنگێن لەگەڵ ئەو کیتابیانەی باوەڕیان بە 'ئەڵڵا' و ڕۆژی دوایی نیە، و قەدەغەی خوا و پێغەمبەرەکەی قەدەغە ناکەن، و لەسەر ئایینی ڕاستەقینە ناڕۆن، هەتا ـ بە دەستی خۆیان و بەسەرشۆڕی ـ سەرانە دەدەن". ئینجا ئیتر زانراوە کۆتایی شەڕەکە چۆنە کاتێک تەواو دەبێت و پێش تەواوبونی ڕێکەوتن نەکرێت: ئەوەی کە شەڕکەرە، کوژراوە، و ئەوەشی شەڕکەر نیە (ژن و منداڵ..)، دەبنە کۆیلە، جگە لە تاڵان‌کردن و داگیرکردنی زەوی.
تێبینی:
١. کاتێک دەقەکە دەڵێت شەڕیان لەگەڵ بکەن هەتا سەرانە "جیزیە" دەدەن؛ کەواتە ئەگەر جیزیە نەدەن؛ ئیختیاری شەڕ و کوشتار ئامادەیە. خۆ ئەگەر موسوڵمانن ببن؛ ئەوە شەڕ و کوشتاریش و سەرانەیشیان لە کۆڵ دەبێتەوە! لێرەدا ئەوە ڕونە کە هەڕەشەی سەرانەسەندن و کوشتار زۆرلێ‌کردنە بۆ موسوڵمان‌بون.
٢. هەندێک موسوڵمان بەوە پاساو بۆ سەرانە "جیزیه" دەهێننەوە کە گوایە ئەمە بەرامبەری ئەو "زەکات" ـەیە کە لەسەر شانی مرۆڤی موسوڵمانە، کە ئەوان موسوڵمان نابن و زەکات نادەن؛ لەبریی زەکات جیزیەیان لێ دەسەنرێت. یان دەڵێن جیزیە بەرامبەری ئەوەیە پێی دەوترێت "بدل عسکري" کە پارەیەکە هاوڵاتی دەیدات لەبەرامبەری خزمەتی سەربازی، جا ئەهلی کیتابیش وەکو موسوڵمان جیهاد ناکەن، بۆیە لەبریی جیهادی موسوڵمان؛ ئەوان جیزیە دەدەن (هەر بۆیە تەنها لە پیاویان دەسەنرێت و لە ژن و منداڵیان ناسەنرێت). بەڵام ئەم دو پاساوە لەسەر بەراوردی ئیختیاری یەکەم و دوەم (موسوڵمان‌بون یان سەرانەدان) وەستاون، بۆیە ئەگەر تەنها ئەم دو ئیختیارە بونایە؛ ئاسایی دەوترا: ئەهلی کیتاب لەبەر ئەوەی موسوڵمان نابن (و زەکات نادەن و جیهاد ناکەن)؛ بۆیە سەرانەیان لەسەرە.. بەڵام ئیختیاری سێیەمیش هەیە کە (کوشتار) ە، بۆیە لە لایەکی تریشەوە جیزیە بەدیلی کوشتارە: ئەگەر سەرانە نەدەن؛ کوشتار دەکرێن، ئەگەر سەرانە بدەن؛ سەر و ماڵیان پارێزراو دەبێت! بۆیە سەرانەدان بەدیلێکە بۆ دو ئیختیاری تر کە هەر یەکەیان لەوی تر خراپترە: وازهێنان لە ئایین و قبوڵ‌کردنی ئایینێکی تر، کوشتار و تاڵان.
٣. بەپێی گێڕانەوە ئیسلامیەکان، زەردەشتیەکان لە بابەتی سەرانەدا لکێنراون بە "ئەهلی کیتاب" ـەوە بەو پێیە کە زەردەشتیەکان ("مەجوس" لە زاراوەی عەرەبی-ئیسلامیدا) ئەوانیش شێوە کتێبێکی ئاسمانی واتە "شبهة کتاب" ێکیان هەیە، بۆیە لەسەر زمانی پێغەمبەرەوە وتراوە: "سُنُّوا بِهِمْ سُنَّةَ أَهْلِ الْكِتَابِ" (مالیک لە "الموطأ"، شافیعی لە "المسند"، عەبدوڕڕەززاق لە "المصنف"، ئیبن ئەبی شەیبە لە "المصنف"، ئیبن زەنجووەیهـ لە "الأموال"، بەززار لە "المسند"، بەیهەقی لە "السنن الکبری" و "السنن الصغیر" و "معرفة السنن والآثار") [و "سُنُّوا بِالْمَجُوسِ سُنَّةَ أَهْلِ الْكِتَابِ" لای طەبەڕانی لە "المعجم الکبیر"]، واتە: "بەپێی ڕێ‌وشوێنی ئەهلی کیتابیان لەگەڵ بکەن"، هەروەها بە دەستەواژەی "سُنَّتُهُمْ سُنَّةُ أَهْلِ الْكِتَابِ" (ئەبو یەعلا لە "المسند"، شاشی لە "المسند")، واتە: "ڕێ‌وشوێنی ئەوان هەمان ڕێ‌وشوێنی ئەهلی کیتابه". ئەمانەش بەو واتایەی: وەکو ئەهلی کیتاب ـ ئەگەر موسوڵمان نەبون ـ بە دانی سەرانە دەستیان لێ هەڵ‌دەگیرێت و کوشتار ناکرێن مەگەر ئامادەی سەرانەدانیش نەبن. گێڕانەوە ئیسلامیەکان تیشک دەخەنە سەر جێبەجێ‌کردنی ئەم یاسایە لە مێژوی ئیسلامیی کۆندا، بۆ نمونە: هاتوە (بۆ نمونە؛ لای مالیک لە "الموطأ") کە پێغەمبەر سەرانەی لە مەجوسی بەحرەین سەندوە، و عومەر سەرانەی لە مەجوسی ئێران سەندوە.
ئەمەش یانی زەردەشتیەکان لە بابەتی سەرانەدا وەکو ئەهلی کیتابیان لەگەڵ دەکرێت ئەگەرنا خۆیان لە ئەهلی کیتاب هەژمار ناکرێن، کە ڕای زۆرینەی زانایانی ئایینیی ئیسلامی لەسەرە، و فیقهزان و ئوصولناسی حەنەفی (جەصصاص) ئەمەی بە بیروڕای بڕاوە داناوە و بەڵگەی قورئانیی بۆ دەهێنێتەوە، بەپێی دەقی "أَنْ تَقُولُوا: إِنَّمَا أُنْزِلَ الْكِتَابُ عَلَى طَائِفَتَيْنِ مِنْ قَبْلِنَا.." (الأنعام: ١٥٦)، دوای ئەوەی لە ئیبن عەبباس و حەسەن و موجاهید و قەتادە و سوددی و ئیبن جوڕەیجەوە دەگێڕێتەوە کە مەبەست لەو دو کۆمەڵە "طائفة" یە کە دەقەکە دەڵێت "کتاب" ـیان بۆ دابەزیوە؛ هەر یەهودیەکان و مەسیحیەکانیانن(١). لەگەڵ ئەوەشدا کەمینەیەک ـ لەوانە (ئیبن حەزم) ـ پێیان وا بوە کە زەردەشتیەکانیش "ئەهلی کیتاب" ـن(٢)، بەپێی وتەیەک کە لە (عەلی) ـەوە گێڕدراوەتەوە کە دەڵێت زەردەشتیەکانیش کتێبێکی ئاسمانییان هەبوە و دوایی هەڵ‌گیراوە: "أَنَا أَعْلَمُ النَّاسِ بِالْمَجُوسِ، كَانَ لَهُمْ عِلْمٌ يَعْلَمُونَهُ، وَكِتَابٌ يَدْرُسُونَهُ... وَقَدْ أُسْرِيَ عَلَى كِتَابِهِمْ فَرُفِعَ مِنْ بَيْنِ أَظْهُرِهِمْ، وَذَهَبَ الْعِلْمُ الَّذِي فِي صُدُورِهِمْ، وَهُمْ أَهْلُ كِتَابٍ، وَقَدْ أَخَذَ رَسُولُ اللَّـٰهِ صَلَّى اللَّـٰهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ وَأَبُو بَكْرٍ وَعُمَرُ مِنْهُمُ الْجِزْيَةَ" (شافیعی لە "المسند")، "إِنَّ الْمَجُوسَ كَانُوا أَهْلَ كِتَابٍ يَعْرِفُونَهُ وَعِلْمٍ يَدْرُسُونَهُ... ثُمَّ أُسْرِيَ عَلَى مَا فِي قُلُوبِهِمْ، وَعَلَى كُتُبِهِمْ فَلَمْ يَصِحَّ عِنْدَهُمْ شَيْءٌ" (عەبدوڕڕەززاق لە "المصنف")، "كَانَ الْمَجُوسُ أَهْلَ كِتَابٍ يَعْرِفُونَهُ، وَعَلْمٍ يَدْرِسُونَهُ... ثُمَّ أُسْرِيَ عَلَى مَا فِي قُلُوبِهِمْ وَعَلَى كُتُبِهِمْ فَلَمْ يَصِحَّ عِنْدَهُمْ شَيْءٌ" (عەبدوڕڕەززاق لە "المصنف")، "أَنَا أَعْلَمُ النَّاسِ بِالْمَجُوسِ، كَانَ لَهُمْ عِلْمٌ يَعْلَمُونَهُ، وَكِتَابٌ يَدْرُسُونَهُ... وَقَدْ أُسْرِيَ عَلَى كِتَابِهِمْ، فَرُفِعَ مِنْ بَيْنِ أَظْهُرِهِمْ، وَذَهَبَ الْعِلْمُ الَّذِي فِي صُدُورِهِمْ فَهُمْ أَهْلُ الْكِتَابِ، وَقَدْ أَخَذَ رَسُولُ اللَّـٰهِ صَلَّى اللَّـٰهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ وَأَبُو بَكْرٍ وَعُمَرُ مِنْهُمُ الْجِزْيَةَ" و "إِنَّ الْمَجُوسَ كَانُوا أَهْلَ كِتَابٍ، فَأَجْرُوا فِيهِمْ مَا تُجْرُونَ فِي أَهْلِ الْكِتَابِ" (ئیبن زەنجووەیهـ لە "الأموال")، "كَانَ الْمَجُوسُ لَهُمْ كِتَابٌ يَقْرَؤُونَهُ، وَعِلْمٌ يَدْرُسُونَهُ... فَرُفِعَ الْكِتَابُ. وَقَدْ أَخَذَ رَسُولُ اللَّـٰهِ صَلَّى اللَّـٰهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ مِنَ الْمَجُوسِ الْجِزْيَةَ وَأَبُو بَكْرٍ وَأَنَا" (ئەبو یەعلا لە "المسند")، "أَنَا أَعْلَمُ النَّاسِ بِالْمَجُوسِ، كَانَ لَهُمْ عِلْمٌ يَعْلَمُونَهُ، وَكِتَابٌ يَدْرُسُونَهُ... وَقَدْ أَسْرَى عَلَى كِتَابِهِمْ فَرُفِعَ مِنْ بَيْنِ أَظْهُرِهِمْ، وَذَهَبَ الْعِلْمُ الَّذِي فِي صُدُورِهِمْ، فَهُمْ أَهْلُ كِتَابٍ، وَقَدْ أَخَذَ رَسُولُ اللَّـٰهِ صَلَّى اللَّـٰهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ وَأَبُو بَكْرٍ وَعُمَرُ رَضِيَ اللَّـٰهُ عَنْهُمَا مِنْهُمُ الْجِزْيَةَ" (بەیهەقی لە "السنن الكبرى")، "أَنَا أَعْلَمُ النَّاسِ بِالْمَجُوسِ، كَانَ لَهُمْ عِلْمٌ يَعْلَمُونَهُ، وَكِتَابٌ يَدْرُسُونَهُ... وَقَدْ أَسْرَى عَلَى كِتَابِهِمْ فَرُفِعَ مِنْ بَيْنِ أَظْهُرِهِمْ، وَذَهَبَ الْعِلْمُ الَّذِي فِي صُدُورِهِمْ وَهُمْ أَهْلُ كِتَابٍ، وَقَدْ أَخَذَ رَسُولُ اللَّـٰهِ صَلَّى اللَّـٰهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ وَأَبُو بَكْرٍ وَعُمَرُ مِنْهُمُ الْجِزْيَةَ" و "قَدْ كَانُوا أَصْحَابَ كِتَابٍ" (بەیهەقی لە "معرفة السنن والآثار")، "إِنَّ الْمَجُوسَ كَانُوا أَهْلَ كِتَابٍ... وَقَدْ أَخَذَ رَسُولُ اللَّـٰهِ صَلَّى اللَّـٰهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ الْجِزْيَةَ مِنْ مَجُوسِ هَجَرَ" (طەحاوی لە "شرح مشكل الآثار").
حوکمی موشریکەکان لە قورئاندا
هەر لە قورئاندا (ئایەتی ناسراو بە ئایەتی شمشێر "آية السيف") ئەو حوکمەی موشریکەکان هەیە کە ئیسلام بەتەواوی لە نیمچەدورگەی عەرەبی جێبەجێی کردوە کە: یان موسوڵمان دەبن (و ئەمەش بە نوێژکردن و زەکات‌دان دەسەلمێنن) یان شەڕ و کوشتار: "فَإِذَا انْسَلَخَ الْأَشْهُرُ الْحُرُمُ فَاقْتُلُوا الْمُشْرِكِينَ حَيْثُ وَجَدْتُمُوهُمْ وَخُذُوهُمْ وَاحْصُرُوهُمْ وَاقْعُدُوا لَهُمْ كُلَّ مَرْصَدٍ فَإِنْ تَابُوا وَأَقَامُوا الصَّلَاةَ وَآتَوُا الزَّكَاةَ فَخَلُّوا سَبِيلَهُمْ" (التوبة: ٥) واتە: "کاتێک مانگە 'حەرامەکان' بڕانەوە؛ ئیتر موشریکەکان بکوژن ـ لە هەر شوێنێک بەردەستتان کەوتن [یانی هەتا لە زەویی "حەڕام" یش]، و بیانگرن [بە دیلیان بگرن] و ئابڵوقەیان بدەن [ئەگەر لە قەڵا و سەختاییدا خۆیان حەشار دا. یان: ڕێیان لێ بگرن و مەهێڵن بگەڕێن]، و لە هەمو ڕێگایەک بۆسەیان بۆ بنێنەوە. جا ئیتر ئەگەر گەڕانەوە [لە فرەپەرستی بۆ یەکتاپەرستی] و نوێژیان کرد و زەکاتیان دا؛ ئیتر وازیان لێ بهێنن بە ڕێی خۆیاندا بڕۆن".
ئەم دەقە لە سەرەتاکانی سورەتی (التوبة) دا هاتوە کە تەرخان کراوە بۆ باسێکی سەرەکی کە وەرچەرخانێک بوە لە مامەڵەی هێزە ئیسلامیەکەدا لە نیمچەدورگەی عەرەبی، کە ـ بەکورتی ـ ئەوەیە کە لەگەڵ موشریکەکان (دوای ئەوەی هەندێکیان پەیمانیان شکاند بەوەی هاوکاریی هەندێک دوژمنیان کرد) شەڕێکی هەمیشەیی هەیە. تەنها ئەوەی لێ جیا دەکاتەوە لەگەڵ کۆمەڵێکیاندا پەیمانێک هەبێت بۆ ماوەیەکی دیاری‌کراو و ئەم پەیمانەش بەتەواوی ببەنە سەر و پشتگیریی هیچ هێزێکی تر نەکەن دژی موسوڵمانان.
ئیتر ئەو شەڕە هەمیشەییە لەگەڵ موشریک کە لە کاتی خۆیدا تەنها مۆڵەتی چوار مانگی بۆ داناون(٣)؛ هەمو موشریکێکی تر دەگرێتەوە: ئەوانەی کە پەیمانیان شکاندوە، و ئەوانەی کە پەیمانێک نیە لەگەڵیاندا، لەگەڵ ئەوانەی پەیمانێک هەیە لەگەڵیان بەڵام بۆ کاتێکی دیاری‌نەکراو. ئیتر قورئان بەم سەرەتایەی سورەتی (التوبة) هەمو پەیمانێکی لەگەڵ عەرەبی موشریک هەڵ‌وەشاندەوە و بێبەری‌بون "براءة" ی لە موشریکەکان ڕاگەیاند. ئەو موشریکانەش کە بۆ کاتێکی دیاریکراو پەیمان هەیە لەگەڵیاندا و نەیان‌شکاندوە (دەڵێن ئەو کاتە کۆمەڵێک بون و دە مانگ لە پەیمانەکەیان مابو)؛ دوای ئەو کاتە دیاریکراوە پەیمان نامێنێت و ئیتر وەکو ئەوانی تر موسوڵمان دەبن یان کوشتار دەکرێن(٤). بەم شێوەیە ئیسلام موشریکی عەرەبی نەهێشت و هەموی ناچاری ئیسلام کرد.
ڕەنگە کەسێک بڵێت: دەقەکە تەنها باسی کوشتار و شەڕ لەگەڵ پیاوەکانیان دەکات و باسی "سَبْي" |سەب'ی| واتە بەتاڵان‌بردن و بەکۆیلەکردنی ژن و منداڵ ناکات.
بەڵام بۆیە باسی "سەبی" ناکات چونکە ئەو لەو کۆنتێکستەدا باسی پیاوەکانیان دەکات (کە ئیتر پیاو لەو سەردەمەدا هەمیشە چەکی هەڵ‌گرتوە) کە دەکرێت لێرەولەوێ سودفەیان بکرێت و ڕوبەڕوبونەوەیان لەگەڵ بکرێت.
تێبینی:
١. ئەم حوکمە کە لە دەقەکەدا هاتوە کە بۆ موشریک "یان موسوڵمان دەبێت یان کوشتار دەکرێت"؛ لەناو ڕێبازە ئیسلامیەکاندا ناکۆکی دروست بوە لەسەری: ئایا گشتیە و هەمو موشریکێک دەگرێتەوە؟ یان تایبەتە بە موشریکی عەرەبەوە (واتە موشریکی ناو نیمچەدورگەی عەرەب)؟ یان ئەو حوکمەی دەقەکە تایبەتیە و ئیتر هەمو موشریکێک وەکو ئەهلی کیتاب بە سەرانەدان لە کوشتار ڕزگاری دەبێت؟ هەر سێ ڕێبازەکە لە ئیسلامدا هەن، بەم شێوەیە(٥):
یەکەمیان: ڕێبازی زۆرینە: لەوانە: شافیعیەکان، حەنبەلیەکان (دیارترینی دو گێڕانەوە لە ئەحمەدەوە)، (ابن الماجِشُون) لە مالیکیەکان، و (ئیبن حەزم) لە ظاهیریەکان: دەڵێت: هیچ موشریکێک سەرانەی لێ وەرناگیرێت، عەرەب بن یان ناعەرەب، ئیتر یان موسوڵمان دەبن یان کوشتار دەکرێن. بەڵگەیشیان ئەو دەقەیە کە پێشتر باسمان کرد و دەربارەی موشریکەکان دەڵێت "ئەگەر وازیان لە فرەپەرستی هێنا و نوێژیان کرد و زەکاتیان دا؛ وازیان لێ بهێنن"، لەگەڵ ئەو دەقەی پێشتر باسمان کرد و باسی سەندنی سەرانە دەکات لە ئەهلی کیتاب وەکو بەدیلێک بۆ کوشتارکردنیان، ئەمەش دەکەن بە بەڵگە چونکە کە تایبەتی کردوە بە ئەهلی کیتابەوە؛ کەواتە جگە لە ئەهلی کیتاب ناگرێتەوە. ئینجا ئەو حەدیثەش دەکەن بە بەڵگە کە هاتوە پێغەمبەر وتویەتی: "أُمِرْتُ أَنْ أُقَاتِلَ النَّاسَ حَتَّى يَقُولُوا 'لاَ إِلَهَ إِلَّا اللَّـٰهُ'، فَمَنْ قَالَ 'لاَ إِلَهَ إِلَّا اللَّـٰهُ'؛ فَقَدْ عَصَمَ مِنِّي نَفْسَهُ وَمَالَهُ إِلَّا بِحَقِّهِ وَحِسَابُهُ عَلَى اللَّـٰهِ" (بوخاری و موسلیم و ئەوانی تر)، ئەم دەقەش ئەوە دەگەیەنێت کە سەرانە وەرناگیرێت و ئەوەی واز لە فرەپەرستی نەهێنێت و نەبێتە یەکتاپەرست؛ کوشتار دەکرێت و سەر و ماڵی حەڵاڵە، ئەم بنەما گشتیەش لە دەقەکانی تردا تەنها "ئەهلی کیتاب" و "زەردەشتیەکان" ی لێ جیا کراوەتەوە، بەپێی ئەمەش؛ کەواتە ناموسوڵمانانی تر (وەکو بتپەرستەکان) هەمویان دەگرێتەوە.
ڕێبازی دوەم: ئەبو حەنیفە (و حەنەفیەکان)، و مالیک (لە گێڕانەوەی ئیبن ئەل‌قاسیم)، ئیبنجا ئیبن ئەل‌قاسیم و ئەشهەب و سەحنون لە مالیکیەکان، و ئەحمەد (لە گێڕانەوەی "حەسەنی کوڕی ثەواب" ـدا): دەڵێت: ئەو حوکمە کە بۆ موشریک "یان موسوڵمان دەبێت یان کوشتار دەکرێت" و ئیتر سەرانەی لێ قبوڵ ناکرێت؛ تایبەتە بە موشریکی عەرەبەوە، ئەم تایبەت‌کردنەش لە چوارچێوەی دەقەکەوە (سەرەتای سورەتی "التوبة") وەردەگیرێت، کە باسی موشریکەکانی نیمچەدورگەی عەرەب دەکات کە هەندێکیان پەیمانیان شکاندوە و هەندێکیان پەیمانیان بردوەتە سەر و هەندێکیان پەیمان نەبوە لەگەڵیاندا، و باسی چوار مانگەکە دەکات لەناو عەرەبدا ڕەچاو کراون و کوشتاریان تێدا نەکراوە.. ئیتر بەپێی ئەم ڕێبازە لە ئیسلامدا موشریکی ناعەرەب (موشریکی دەرەوەی نیمچەدورگەی عەرەبی) هەمان حوکمی ئەهلی کیتابیان هەیە: یان موسوڵمان‌بون، یان سەرانەدان، یان کوشتار، بۆیە بە سەرانە لە کوشتار ڕزگاریان دەبێت. هەر بۆیە سوپای داگیرکاریەکان "فتوح" ی ئیسلام لە دەرەوەی نیمچەدورگەی عەرەبی هەمیشە بە سەرانەدان ڕازی بوە لەو گەل و گروپانەی عەرەب نەبون و لە دەرەوەی نیمچەدورگەی عەرەب بون، ئەمەش تەنها زەردەشتیەکانی نەگرتوەتەوە کە ـ وەکو پێشتر باسم کرد ـ لکێنراون بە "ئەهلی کیتاب" ـەوە، بەڵکو هەمو فرەپەرستەکانی دەرەوەی عەرەب و نیمچەدورگەی عەرەبی گرتوەتەوە. بەڵگەیەکی تری ئەم ڕێبازە؛ ئەوەیە لە گێڕانەوەکاندا هاتوە کە پێغەمبەر بە هیچ شێوەیەک سەرانەی لە موشریکی عەرەب وەرنەگرتوە و لە موشریکی ناعەرەبی وەرگرتوە: بۆ نمونە: عەبدوڕڕەززاق، لە ڕێگەی (زوهری) ـەوە دەگێڕێتەوە کە پێغەمبەر لەگەڵ بتپەرستەکان لەسەر سەرانە ڕێ‌کەوتوە جگە لە بتپەرستی عەرەب: "أَنَّ النَّبِيَّ صَلَّى اللَّـٰهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ صَالَحَ عَبَدَةَ الْأَوْثَانِ عَلَى الْجِزْيَةِ، إِلَّا مَنْ كَانَ مِنْهُمْ مِنَ الْعَرَبِ..." (عەبدوڕڕەززاق لە "المصنف"). ئەم تایبەت‌کردنەش بەوە پاساو دەدرێت کە عەرەب هەڵگری ئیسلام بون و پێویست بوە لەسەر ئیسلام ساخ بکرێنەوە، و نیمچەدورگەکە پایتەختی ئیسلام بوە و پێویست بوە لە فرەپەرستی پاک بکرێتەوە، و ئایینەکەش لەناو عەرەبدا سەری هەڵ‌داوە و قورئانیش بە زمانی ئەوان هاتوە؛ بۆیە بێ‌باوەڕبونی ئەوان بە ئیسلام نەشیاوتر و قورسترە؛ بۆیە بەو شێوەیە عەرەب ناچار کراون موسوڵمان‌بون هەڵ‌بژێرن.
ڕێبازی سێیەم: ڕێبازی کەمینەیەکە، وەکو بیروڕای بەهێزی ناو ڕێبازی مالیکی (کە گێڕانەوەیەکە لە مالیک خۆیەوە)، و ئەوزاعی، کە دەڵێت: هەمو ناموسوڵمانان، بە موشریکەکانیشەوە، و بە موشریکی عەرەبیشەوە، بە سەرانەدان دەستیان لێ هەڵ‌دەگیرێت، ئیتر یان موسوڵمان دەبن یان سەرانە دەدەن یان ئیتر کوشتار دەکرێن. بەڵگەی ئەمانە هەندێک گێڕانەوەی ترە، وەکو هەندێک لەو گێڕانەوانەی ڕاسپاردەی پێغەمبەر بۆ سوپای "فتوحات" باس دەکەن، وەکو ئەوەی (موسلیم) و ئەوانی تر لە (بوڕەیدە) وە گێڕاویانەتەوە کە دەڵێت: کاتێک پێغەمبەر ئەمیرێکی بەسەر هێزێکەوە دابنایە؛ بەم شێوەیە ڕای‌دەسپارد: کاتێک دەگەیت بە دوژمن لە موشریکەکان؛ داوای سێ شتیان لێ بکە، هەرکامیانیان جێبەجێ کرد؛ لێیان وەرگرە: یان موسوڵمان‌بون، یان سەرانەدان، یان ئینجا کوشتار: "... إِذَا لَقِيتَ عَدُوَّكَ مِنَ الْمُشْرِكِينَ، فَادْعُهُمْ إِلَى ثَلَاثِ خِصَالٍ.. فَأَيَّتُهُنَّ مَا أَجَابُوكَ فَاقْبَلْ مِنْهُمْ، وَكُفَّ عَنْهُمْ، ثُمَّ ادْعُهُمْ إِلَى الْإِسْلَامِ، فَإِنْ أَجَابُوكَ، فَاقْبَلْ مِنْهُمْ، وَكُفَّ عَنْهُمْ... فَإِنْ هُمْ أَبَوْا فَسَلْهُمُ الْجِزْيَةَ، فَإِنْ هُمْ أَجَابُوكَ فَاقْبَلْ مِنْهُمْ، وَكُفَّ عَنْهُمْ، فَإِنْ هُمْ أَبَوْا فَاسْتَعِنْ بِاللَّـٰهِ وَقَاتِلْهُمْ..." (جگە لە موسلیم، بە دەستەواژەی نزیک لەمە؛ ئەمانەی تریش لە بوڕەیدەوە گێڕاویانەتەوە: ئەبو داوود لە "السنن"، ئەبو یوسف لە "الآثار"، شافیعی لە "المسند"، عەبدوڕڕەززاق لە "المصنف"، ئیبن ئەبی شەیبە لە "المصنف"، ئەحمەد لە "المسند"، ئیبن زەنجووەیهـ لە "الأموال"، داریمی لە "السنن"، تیرمیذی لە "السنن"، نەسائی لە "السنن الکبری"، بەززار لە "المسند"، ئەبو یەعلا لە "المسند"، ئین ئەل‌جاڕود لە "المنتقى"، ئەبو عوانە لە "المستخرج"، بەیهەقی لە "السنن الكبرى" و "السنن الصغير" و "معرفة السنن والآثار"، و طەحاوی لە "شرح معاني الآثار". هەروەها لە ئەن‌نوعمانی کوڕی ئەل‌موقەررینەوە: ئەبو یوسف لە "الآثار"). هەمان شت و بە دەستەواژەیەکی نزیک لەوە لە ئەبو بەکرەوە ـ لەبریی پێغەمبەر ـ گێڕراوەتەوە (بەیهەقی لە "السنن الكبرى"، ئیبن زەنجووەیهـ لە "الأموال"). لە کتێبی "الصحیح" ی (بوخاری) ـییشدا گێڕانەوەیەک باسی گرتنی ئێران دەکات و بە شەڕ لەگەڵ موشریکان "المشرکین" گوزارشی لێ دەکات، و دەڵێت: ئیتر هەرموزان موسوڵمان بو، دواتر باسی چەند موسوڵمانێک دەکات کە عومەر ناردونی بۆلای کیسرا قسە بکەن، قسەکەرەکە (موغیرە) دەبێت کە لە قسەکانیدا دەڵێت: پێغەمبەرمان فەرمانی پێ کردوین کە شەڕتان لەگەڵ بکەین هەتا خوا بەتەنها دەپەرستن یان سەرانە دەدەن: "... أَمَرَنَا نَبِيُّنَا رَسُولُ رَبِّنَا صَلَّى اللَّـٰهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ أَنْ نُقَاتِلَكُمْ حَتَّى تَعْبُدُوا اللَّـٰهَ وَحْدَهُ، أَوْ تُؤَدُّوا الجِزْيَةَ..". ئەمەش لە سەرەتاوە باسی "المشرکین" دەکات و باسی سەرانەش دەکات. گێڕانەوەیەکی تریش لای (ئیبن ئەبی شەیبە) هاتوە کە دەڵێت: سەلمان غەزای فارسە موشریکەکان "المشركين من أهل فارس" ی کرد، ئیتر پێشەکی وتی بەو شێوەیە بانگیان دەکەم کە گوێم لە پێغەمبەر بو بانگی دەکرد، ئیتر پێی وتن: بانگتان دەکەین بۆ ئیسلام، جا ئەگەر موسوڵمان بون؛ وەکو ئێمە ماف و ئەرکی خۆتان هەیە، ئەگەریش موسوڵمان نابن؛ دەبێت بە دەستی خۆتان و بەسەرشۆڕی سەرانە بدەن، ئەگەریش سەرانە نادەن؛ شەڕتان لەگەڵ دەکەین: ".. وإنا ندعوكم إلى الإسلام، فإن أسلمتم؛ فلكم مثل ما لنا وعليكم مثل الذي علينا، وإن أبيتم؛ فأعطوا الجزية عن يد وأنتم صاغرون، وإن أبيتم قاتلناكم.." (ئیبن ئەبی شەیبە لە "المصنف"). جا بەپێی ئەم ڕێبازە؛ کاتێک دەڵێت "موشریکەکان"؛ یان مەبەستی بتپەرستەکانە، یان گشتیە و بتپەرست و ئەو کیتابیانەش کە جۆرێک فرەپەرستییان هەیە دەگرێتەوە، هەر کامیان بێت؛ گرنگ ئەوەیە ئەوە دەگەیەنێت کە سەرانە لە موشریک وەردەگیرێت.
لە ڕاستیدا؛ کاتێک لە کۆی ئەم گێڕانەوانەی کە کراون بە بەڵگەی ڕێبازی سێیەم ورد دەبینەوە؛ دەبینین باسی گرتنی وڵاتانی دەرەوەی نیمچەدورگەی عەرەبە (و ناوبردنی زەردەشتیەکان "المجوس" بە "موشریک" لە گێڕانەوە و کەلەپوری ئیسلامیدا شتێکی باوە، و هەندێک جار پێیان وتراوە "موشریکەکانی عەجەم"!)، لەبەر ئەوە ئەمانە لە ڕاستیدا دەبنە بەڵگەی ڕێبازی دوەم کە دەڵێت سەرانە تەنها لە موشریکی ناعەرەب وەردەگیرێت نەک عەرەب.
جۆرێکی تری ئەم ڕێبازی سێیەمە ئەوەیە کە لە (مالیک) ـەوە هاتوە (و ئیبن ڕوشدی خاوەنی "المقدمات الممهدات" ['ئیبن ڕوشد'ی باپیرە] و ئیبن ئەل‌جەهمی مالیکی، ئەمەیان هەڵ‌بژاردوە) کە سەرانە لە هەمو ناموسوڵمانان (بە موشریکیشەوە) وەردەگیرێت جگە لە موشریکەکانی قوڕەیش.
دوای خستنەڕوی ئەم سێ ڕێبازە؛ دەڵێین: کاتێک داعش حوکمی "موشریک" (=موسوڵمان‌بون یان کوشتار) بەسەر ئێزدیەکاندا جێ‌بەجێ دەکات و سەرانەیان لێ وەرناگرێت و ناچاریان دەکات موسوڵمان ببن یان پیاویان دەکوژێت و ژن و منداڵیان دەکاتە کۆیلە؛ ئەمە جێ‌بەجێ‌کردنی ڕێبازی زۆرینەی فیقهزانەکانی ئیسلامە (لەپێشی هەمویانەوە؛ شافیعی) کە دەڵێت هیچ موشریکێک سەرانەی لێ وەرناگیرێت و موشریکی ناعەرەبیش دەبێت یان موسوڵمان ببێت یان کوشتار دەکرێت. بەڵام کاتێک داعش ئەم ڕێبازە جێ‌بەجێ دەکات و وەکو تاکە ئیختیاری ناو ئیسلام زەقی دەکاتەوە؛ ئەمە ئەو گەمەیەیە کە لەناو ئیسلامدا دەیکات. ئەگەرنا ـ ئەگەر خۆیان مەبەستیان نەبێت و خۆیان ئامانجیان کوشتن و بەکۆیلەکردن نەبێت ـ دەیانتوانی دو ڕێبازەکەی تر هەڵ‌بژێرن و بە سەرانە لێیان ڕازی ببن و وەکو مەسیحیەکان مامەڵەیان لەگەڵ بکەن.
بەتایبەتی کە نزیکترینی ئەو سێ ڕێبازە لە پراکتیس و مێژوی ئیسلامیەوە؛ ڕێبازی دوەمیانە کە دەڵێت حوکمی (موسوڵمان‌بون یان کوشتار) تایبەتە بە موشریکی عەرەب (ناو نیمچەدورگەی عەرەبی) ـەوە، چونکە ئەوە بە چوارچێوەی دەقەکە (سورەتای سورەتی "التوبة") ـەوە دیارە، و بەپێی مێژوی ئیسلامی هەمو کاتێک و لەگەڵ خەڵکی هەمو شوێنێک لە دەرەوەی نیمچەدورگەی عەرەب؛ لەسەر سەرانە ڕێ‌کەوتون. ئیسلامیش مەبەستی لەو حوکمە (موسوڵمان‌بون یان کوشتار) پاک‌کردنەوەی نیمچەدورگەی عەرەبی بوە لە ئایینە عەرەبیە کۆنەکە، بۆ ئەوەی بەتەواوی لە ماڵی خۆیدا کە نیمچەدورگەی عەرەبیە خۆی بچەسپێنێت. هەر بۆیە لە گێڕانەوەکاندا هاتوە کە پێغەمبەر وتویەتی: دو ئایین لە نیمچەدورگەی عەرەبیدا کۆ نابنەوە "لاَ يَجْتَمِعُ دِينَانِ فِي جَزِيرَةِ الْعَرَبِ" (مالیک، ئیبن ئەبی شەیبە، بەیهەقی، و هەندێکی تر و بە دەستەواژەی تریش).
سەرباری ئەوەی کە دەکرێت بە "موشریک" زانینی ئێزدیەکان مشت‌ومڕی لەسەر بکرێت، چونکە ئێزدیەکانیش باوەڕیان بە خوای تاک هەیە و ئیتر مەلەک‌ تاوس ـ کە لای ئێزدیەکان گەورەی فریشتەکانە ـ وەکو فریشتەیەکی گەورەیە کە لە ئیسلامیشدا ـ بەدوای ئایینی یەهودی و مەسیحیدا ـ چوار گەورەفریشتە هەن. ئەگەریش بە بیانوی تۆمەتی شەیتان‌پەرستی (کە عوسمانیەکان برەویان پێ داوە) بە "موشریک" دابنرێن؛ دیسان ئەمەش مشت‌ومڕ هەڵ‌دەگرێت، چونکە ئەگەر مەلەک تاوس بەرامبەری ئەو کەسێتیە بێت کە لە ئیسلامدا بە "شەیتان" یان "ئیبلیس" دەناسرێت؛ ئەوا لای ئێزدیەکان خۆیان شەیتان نیە و فریشتەیە، و پیرۆزکردنیشی پەرستن و بەخوازانین نیە بەڵکو وەکو ئەو پیرۆزکردنەیە کە لای موسوڵمانانیش هەیە بۆ کەسێتیەکانی ـ بۆ نمونه ـ "جەبڕائیل" و "میکائیل" و هاوشێوەکانیان کە بەپێی بیری ئایینیی ئیسلامی خواوەند گەلێک فرمانی لە جیهاندا پێ سپاردون، وەکو چۆن ئێزدیەکانیش باوەڕیان وایە خواوەند زۆربەی فرمانەکانی جیهانی بە مەلەک تاوس سپاردوە.
خۆی لە ڕاستیدا ئەگەر بە هۆی کەسێتیی شێخ عەدیەوە ـ کە شێخێکی صۆفیی موسوڵمان بوە و کاریگەریی لەسەر ئێزدیەکان بەجێ هێشتوە ـ ئایینی ئێزدی لە هەندێک لایەن و دروشمەوە تێکەڵ بە ئیسلام نەبوایە؛ هەر وەکو ئایینی زەردەشتی دەلکێنرا بە ئایینە "کیتابی"ـەکانەوە. بەڵام کە هەندێک کەسێتی و دروشمی لە ئیسلام خواستوە؛ ئیتر دیمەنی گروپێکی ئیسلامیی گومڕا و لادەری وەرگرتوە، ئەمەش وای کرد موسوڵمانان بە چاوی گومانەوە بۆیان بڕوانن و لەژێر ناوی "ئەهلی کیتاب" یان هەتا "مەجوس" یشدا قبوڵیان نەکەن. کاتێکیش تۆمەتی شەیتان‌پەرستییان شوێن‌کەوت [کە ئەمەش هەر شوێنەواری بەراوردکردنی کەسێتی و چەمکەکانیانە بە کەسێتی و چەمکەکانی باوەڕی ئیسلامی]؛ ئیتر موسوڵمانان وەکو جۆرێکی مەترسیداری "موشریک" بۆیان ڕوانیون. دەتوانین بڵێین: ئایینی ئێزدی بە هۆی ئیسلام و کەلەپوری شێخ عەدیەوە نەک هەر توشی قەڵاچۆکردن و چەوساندنەوە هاتوە، بەڵکو توشی شێوان و تێک‌چونیش هاتوە. هەرچەند درێژەی ئەم باسە لێرەدا جێی نابێتەوە.
٢. ئەم دەقە کە پێی وتراوە "ئایەتی شمشێر"؛ وا باوە کە دەوترێت هەمو دەقە قورئانیەکانی نەرم‌ونیانی و ئارام‌گرتنی هەڵ‌وەشاندوەتەوە. بەڵام لە ڕاستیدا ئەم قسەیە ـ کە یەکەم جار "ضەححاک" کردویەتی(٦) ـ مەبەست ئەوە بوە ئەم ئایەتە هەمو ئەو پەیمان "عهد" انەی هەڵ‌وەشاندوەتەوە کە لەنێوان خێڵە فرەپەرست "موشریک" ـەکانی نیمچەدورگەی عەرەبی و نێوان موسوڵماناندا هەبوە، کاتێک ئەوانیش دەستیان داوەتە شکاندنی ئەو پەیمانانە.
بەکۆیلەکردنی ژن و منداڵ لە قورئاندا
سەبارەت بە "سبي"، واتە بەکۆیلەکردنی ژن و منداڵ؛ ڕاستە زیاتر لە فەرمودە و هەواڵەکاندا بەڕونی هاتوە، کە ئەو هەمو هەواڵەش ناکرێت ڕەت بکرێتەوە، بەڵام ئێمە لەم لێکۆڵینەوەیەدا تەنها قورئان دەکەین بە بەڵگە. جا لە قورئانیشدا ئاماژە بۆ "سەبی" هەیە:
چیرۆکی بەنو قوڕەیظە لە قورئاندا
کاتێک باسی ئەوە دەکات کە بەسەر خێڵی بەنو قوڕەیظەدا هێنراوە، کە ئێستە هەندێک لە ئیسلامیە نوێخوازەکان گومانیان لێی هەیە و دەیانەوێت نکولیی لێ بکەن، بەڵام ـ دیارە ئەوان نازانن کە ـ قورئان باسی دەکات و ئینجا باسی کوشتنی هەندێکیان و دیل‌کردنی هەندێکیان دەکات: دەڵێت: "وَأَنْزَلَ الَّذِينَ ظَاهَرُوهُمْ مِنْ أَهْلِ الْكِتَابِ مِنْ صَيَاصِيهِمْ وَقَذَفَ فِي قُلُوبِهِمُ الرُّعْبَ: فَرِيقًا تَقْتُلُونَ وَتَأْسِرُونَ فَرِيقًا، وَأَوْرَثَكُمْ أَرْضَهُمْ وَدِيَارَهُمْ وَأَمْوَالَهُمْ وَأَرْضًا لَمْ تَطَؤُوهَا. وَكَانَ اللَّـٰهُ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرًا" (الأحزاب: ٢٦، ٢٧)، واتە: "و [خوا] ئەو کیتابی [=یەهودی]ـانەی هاوکاریی ئەوان [=ئەو هێزەی مەککەییەکان و هاوپەیمانەکانیان کە ئابڵوقەی مەدینەیان دا] ـیان کرد لە قەڵاکانیان هێنایە خوارەوە و ترس و تۆقینی خستە دڵیانەوە: کۆمەڵێک دەکوژن، و کۆمەڵێک دەگرن، و زەوی‌وزار و خانووبەرە و ماڵ‌وسامانی ئەوان و زەوییەک کە پێتان تێ نەناوە [یانی شەڕتان تێدا نەکردوە و بەبێ شەڕ گرتوتانە]، ئەمانەی کردوە بە میرات بۆ ئێوە. و خوایش توانای بەسەر هەمو شتێکدا هەیە". و هەمو موفەسسیرەکان دەڵێن: ئەو دەقە باسی بەنو قوڕەیظە دەکات (ئیبن عەطییە لە "المحرر الوجیز" دا دەڵێت: بە یەک‌دەنگی "إجماع" ی موفەسسیرەکان مەبەست بەنو قوڕەیظەیە) کە دەقەکە دەڵێت "مظاهرة" ی موشریکەکانیان کردوە، یانی هاوکاری و پشتگیریی ئەوانیان کردوە، ئینجا لە قەڵاکان "صیاصي" ـیان دابەزێنراون، ئینجا ترسێنراون: پیاوەکان جیا کراونەتەوە و کوژراون، و ژن‌ومنداڵیش بەجیا کراون بە کۆیلە و فرۆشراون، بۆیە دەڵێن: "فَرِيقًا تَقْتُلُونَ" یانی: پیاوەکان دەکوژن، و "تَأْسِرُونَ فَرِيقًا" یانی: ژن و منداڵەکان "سەبی" دەکەن و دەیانکەن بە کۆیلە(٧).
بۆیە ئاشکرایە کە دەقەکە باسی ئەو کارە دەکات کە بەسەر بەنو قوڕەیظەدا هێنراوە.. ئەگەر وا نەبێت؛ ئەی باسی کێ دەکات؟ کێن ئەو کیتابیانەی کە هاوکاریی مەککەییەکانیان کردوە و ئینجا قەڵاکانیان ئابڵوقە دراون و دواتر ناچار بون لە قەڵاکانیان دابەزن و ئینجا هەندێکیان کوژراون و هەندێکیان گیراون؟ کێن؟ هەر بەنو قوڕەیظەن!
سەرنجی ئەوەش دەدەین کە ئەم دەقە ڕاستەوخۆ دوای ئەو ئایەتە هاتوە کە ئاماژە دەکات بۆ سەرنەکەوتنی ئابڵوقەدانی مەککەییەکان و هاوپەیمانەکانیان کاتێک ئابڵوقەی مەدینەیان دا و لە کۆتاییدا کشانەوە، ئەوەتا پێش ئەوە دەڵێت: "وَرَدَّ اللَّـٰهُ الَّذِينَ كَفَرُوا بِغَيْظِهِمْ لَمْ يَنَالُوا خَيْرًا، وَكَفَى اللَّـٰهُ الْمُؤْمِنِينَ الْقِتَالَ. وَكَانَ اللَّـٰهُ قَوِيًّا عَزِيزًا" (الأحزاب: ٢٥) واتە: "و خوا وای کرد بێ‌باوەڕەکان بە داخی دڵی خۆیانەوە بگەڕێنەوه و هیچ دەستکەوتێكیان دەست نەکەوت، و خوایش شەڕی لە کۆڵی موسوڵمانەکان کردەوە. خوایش بەهێز و زاڵ بوە". ئاشکرایە کە باسی هێزەکانی قوڕەیش و هاوپەیمانانی دەکات کە ئابڵوقەی مەدینەیان دا، و لە کۆتاییدا وازیان هێنا و گەڕانەوە و ئیتر موسوڵمانەکان ناچار نەبون شەڕیان لەگەڵ بکەن و بە خەندەکەکە پارێزراو بون. بۆیە دیسان یەک‌دەنگیی موفەسسیرەکان هەیە لەسەر ئەوەی ئەم دەقە ئاماژەیە بۆ قوڕەیش و هاوپەیمانەکانی "الأحزاب" کە ئابڵوقەی مەدینەیان دا. ئینجا ئیتر ڕاستەوخۆ دوای ئەوە باسی ئەو کیتابیانە دەکات کە هاوکاریی ئەو ئابڵوقەدەرانەیان کردوە.. ئیتر ڕون دیارە دەقەکە باسی بەنو قوڕەیظە دەکات.
ئینجا خۆ دیارە باسی شەڕکەر و سوپا ناکات تا بوترێت ئەمە باسی شەڕە و هەندێکیان لە شەڕدا کوژراون و هەندێکیان بون بە دیل "أسیر" ی شەڕ! نەخێر! ئەوەتا باسی ئەوە دەکات کە لە قەڵاکانیان دابەزیون، ئینجا ئیتر هەندێکیان کوژراون و هەندێکیان گیراون.. موفەسسیرەکانیش لە خۆیانەوە ناڵێن ئەمە باسی بەنو قوڕەیظەیە، بەڵکو جگە لە بەنو قوڕەیظە ناکرێت مەبەستی کۆمەڵێکی تر بێت. بەڵێ! بۆ "وَأَرْضًا لَمْ تَطَؤُوهَا" موفەسسیرەکان دەڵێن ئەمە باسی خەیبەرە(٨) [هەرچەند ئەمە تاکە لێکدانەوەش نیە. ڕەنگە هەر مەبەست ئەوە بێت کە بەنو قوڕەیظە بەبێ شەڕ ناوچەکەیان داوە بە دەستەوە، یان زەوییەکی تریان هەبوە و بەبێ هیچ شەڕێک گیراوە. لێکدانەوەی تریش هەن]، بەڵام بۆ ئەوەی تری (کوشتنی هەندێک و گرتنی هەندێک و دەستگرتن بەسەر زەوی و ماڵ و سامانیاندا) ڕون دیارە باسی بەنو قوڕەیظەیە.
ئینجا مادەم وایە؛ کەواتە دەزانین مەبەست لە "کوشتنی هەندێک و گرتنی هەندێک" چیە: بریتیە لە کوشتنی پیاوەکان (نێرینەی باڵغ) و بەکۆیلەکردنی ژن و منداڵەکانیان. وەکو هەمو گێڕانەوەکان و هەواڵەکانی مێژوی ئیسلامی بەڕونی و دورودرێژی باسیان کردوە.
ژنی کۆیلەی جەنگ لە قورئاندا
لە قورئاندا ئاماژەی تریش هەیە بە "سەبی". ئەمانەش دو ئاماژەن:
ئاماژەی یەکەم:
ڕونترین دەقی قورئان لەسەر ژنی کۆیلە کە سەرچاوەکەی دەسکەوتی جەنگە؛ ئەمەیە کە دەڵێت:
"يَا أَيُّهَا النَّبِيُّ! إِنَّا أَحْلَلْنَا لَكَ أَزْوَاجَكَ اللَّاتِي آتَيْتَ أُجُورَهُنَّ، وَمَا مَلَكَتْ يَمِينُكَ مِمَّا أَفَاءَ اللَّـٰهُ عَلَيْكَ، وَبَنَاتِ عَمِّكَ، وَبَنَاتِ عَمَّاتِكَ، وَبَنَاتِ خَالِكَ، وَبَنَاتِ خَالَاتِكَ، اللَّاتِي هَاجَرْنَ مَعَكَ، وَامْرَأَةً مُؤْمِنَةً إِنْ وَهَبَتْ نَفْسَهَا لِلنَّبِيِّ إِنْ أَرَادَ النَّبِيُّ أَنْ يَسْتَنْكِحَهَا خَالِصَةً لَكَ مِنْ دُونِ الْمُؤْمِنِينَ. قَدْ عَلِمْنَا مَا فَرَضْنَا عَلَيْهِمْ فِي أَزْوَاجِهِمْ وَمَا مَلَكَتْ أَيْمَانُهُمْ. لِكَيْلَا يَكُونَ عَلَيْكَ حَرَجٌ. وَكَانَ اللَّـٰهُ غَفُورًا رَحِيمًا" (الأحزاب: ٥٠).
ئەم دەقە ڕونی دەکاتەوە چەند جۆر ژن بۆ پێغەمبەر دروستە بیانهێنێت و حەڵاڵن بۆی، ئەمانەش دو جۆری سەرەکین:
یەکەم: ئەوانەی بۆ پێغەمبەر و هەمو موسوڵمانانیشن وەکو یەک:
١. ژنەکانی: ئەو ژنانەی مارەیی "أجر" ی داون و مارەی کردون، و بەم شێوەیە بونەتە ژنی.
٢. کەنیزەکانی: ئەو ئافرەتانەی موڵکی ئەون، بە موڵکایەتی حەڵاڵن بۆی ـ جا بە کڕین ببێتە موڵکی یان لە دەسکەوتی جەنگ بەری بکەوێت ـ (دەڵێت "ما ملکت يمينُك" کە دەقاودەق یانی: "ئەوەی هاتوەتە موڵکایەتیی دەستی ڕاستت"، ئەمەش یانی: "ئەوەی بوەتە موڵکت"، بەڵام چونکە ڕێکەوتن لەسەر مامەڵە و کڕین و موڵکایەتی بە دەستی ڕاست ئەنجام دراوە؛ بۆیە وتراوە بە دەستی ڕاست هاتوەتە دەستت). ئینجا سەرچاوەی دەسکەوتی ئەو کەنیزانەی بۆ ڕون دەکاتەوە دەڵێت: "لەوانەی لە دەسکەوتی جەنگ خوا دەستی خستویت" ("مِمَّا أَفَاءَ اللَّـٰهُ عَلَيْكَ") [دەقاودەق: "لەوەی خوا گەڕاندویەتیەوە بۆلات"]، واتە لە بابەتی "فَيْء"، واتە دەسکەوتی جەنگ. تەفسیرەکان دەڵێن: وەکو (صەفییەی کچی حویەیی‌ی کوڕی ئەخطەب) و (جوەیریەی کچی ئەل‌حاریث) [هەرچەند ئازادی کردون ئینجا مارەی کردون] و ("ڕەیحانەی کچی زەید" ی قوڕەیظەیی) [کە هەندێک سەرچاوە دەڵێن: ئازادی کردوە و مارەی کردوە، و هەندێک سەرچاوە دەڵێن: هەر بە کۆیلەیی ماوەتەوە لەلای]، کە ئەمانەی لە دەسکەوتی جەنگ و جیهاد دەست‌کەوتوە، و وەکو "ماریە" [کە هەر بەکۆیلەیی مایەوە وەکو "أم ولد" کە کەنیزە بەڵام منداڵەکەی کۆیلە نیە، کە بە دیاری لە دەسەڵاتداری میسرەوە بۆی هاتبو].
یەک‌دەنگی "إجماع" ی هەمو تەفسیرەکان هەیە لەسەر ئەوەی کاتێک دەڵێت "مِمَّا أَفَاءَ اللَّـٰهُ عَلَيْكَ"؛ بەمە جۆری ئەو کەنیز (=کۆیلەی مێ) انە ڕون دەکاتەوە کە لە بابەتی دەسکەوتی جەنگ و بە "سبي" ـ واتە بەتاڵانی‌بردن و بەکۆیلەکردن ـ دەستی کەوتون.
٣. کچە مامەکانی.
٤. کچە پورەکانی = کچەکانی خوشکەکانی باوکی.
٥. کچە خاڵەکانی.
٦. کچە پورەکانی = کچەکانی خوشکەکانی دایکی.
[ئەمانە (٣-٦) بەو مەرجەی لەگەڵ پێغەمبەر کۆچیان کردبێت بۆ مەدینە نەک لە مەککە مابنەوە].

جۆری سەرەکیی دوەم: ئەوەی تایبەت بۆ پێغەمبەرە و بۆ موسوڵمانان ڕەوا نیە "خالصة لک من دون المٶمنین".
ئەوەش ئەوەیە: ئەگەر ژنێک بە پێغەمبەر بڵێت: "من خۆمت پێ دەبەخشم" = ئامادەم بەبێ مارەیی شوت پێ بکەم.. و پێغەمبەریش بیەوێت بیهێنێت بەبێ مارەیی. کە دەڵێن ژنێکی بەم شێوەیەشی هەبوە.

ئینجا دەڵێت: لای ئێمە زانراوە و بڕیار دراوە چیمان لەسەر موسوڵمانان پێویست کردوە دەربارەی مارەکردنی ژنەکانیان [وەکو ئەوەی زیاتر لە چوار نەبن و مارەیی هەبێت و شاهید و سەرپەرشتیار "ولي" ئامادە بن] و دەربارەی کەنیزەکانیان [وەکو ئەوەی لە ئەهلی کیتاب بن یان موسوڵمان بن، و بت‌پەرست نەبن، و لە بێ‌نوێژییەک پاک ببنەوە].
لە کۆتاییشدا دەڵێت: "لکیلا یکون علیک حرج"، واتە: ئەم ڕونکردنەوەیە بۆ ئەوەیە توشی ناڕەحەتی نەبیت (و ئیختیاری زۆرت لەبەر دەست بێت بۆ ژن‌هێنان).
جا ئەم دەقە قورئانیە؛ وەڵامە بۆ سێ جۆر کەس کە ئێستە قسە لەسەر کەنیز دەکەن لە ئیسلامدا، بەم شێوەیە:
* ئەم دەقە قورئانیە وەڵامە بۆ ئەوانەی پینە و پەردەپۆشی دەکەن و دەڵێن: کەنیز (کۆیلەی مێ) لە ئیسلامدا، وەکو خزمەت‌گوزاری ئێستە وایە، و تەنها کارەکەر و خزمەت‌کەر بون، و بۆ سێکس نەبون. بەڵام ئەوەتا ئەم دەقەی قورئان دەڵێت: کەنیز بۆ پێغەمبەر و بۆ هەمو موسوڵمانان حەڵاڵە وەکو ژن لەگەڵیان بخەون.
[دەقێكی تر کە ئەم واتایەی تێدایە؛ ئەوەیە کە دەڵێت: "وَالَّذِينَ هُمْ لِفُرُوجِهِمْ حَافِظُونَ، إِلَّا عَلَى أَزْوَاجِهِمْ أَوْ مَا مَلَكَتْ أَيْمَانُهُمْ، فَإِنَّهُمْ غَيْرُ مَلُومِينَ" (المؤمنون: ٥، ٦)، کە لێرەشدا دەڵێت: موسوڵمانی باوەڕداری تەواو ئەوەیە تەنها لەگەڵ ژنی خۆی یان لەگەڵ ئافرەتی کۆیلەی خۆی سێکس‌ دەکات].

* ئەم دەقە قورئانیە وەڵامە بۆ ئەوانەی دەڵێن: کۆیلە تەنها چینێک بون و هەمان مافەکانی ئەوانی تریان هەبوە، ئیتر بە مارەکردن حەڵاڵ بون و وەکو ژن مارە کراون! بەڵام ئەوەتا ئەم دەقەی قورئان "ژن" ("زوج") و "کەنیز" ("ملک الیمین") جیا دەکاتەوە: دەڵێت ژن بە مارەیی "أجر" حەڵاڵ دەبێت، و کەنیز بە موڵکایەتی "مِلْك الیمین" حەڵاڵ دەبن! ئیتر مارەیی و مارەکردن بۆ کەنیز نیە!
* ئەم دەقە قورئانیە وەڵامە بۆ ئەوانەی دەڵێن: سەرچاوەی کەنیز و کۆیلە بەگشتی کڕین بوە لە بازاڕی کۆیلەفرۆشی، و ئیتر ئیسلام لە ژن و کچی نا-موسوڵمانانی نەکردوە بە کۆیلە! بەڵام ئەوەتا قورئان لێرەدا زۆر بەڕونی و ڕاشکاوی سەرچاوەی کەنیز بە "فيء" ـ واتە دەسکەوتی جەنگ دژی نا-موسوڵمانان ـ دیاری دەکات!
ئاماژەی دوەم:
ئەوەیە کە دەڵێت: "وَالْمُحْصَنَاتُ مِنَ النِّسَاءِ، إِلَّا مَا مَلَكَتْ أَيْمَانُكُمْ" (النساء: ٢٤)، ئەمەش هەر ئاماژەیە بۆ ئەو ژنانەی دوای جەنگ دەگیرێن و دەبنە کۆیلە، بۆیە دەقەکە دەڵێت: ژنی مێرددار "محصنة" قەدەغەیە مارەی بکەن و بیکەن بە ژنی خۆتان تەنها ئەوانە نەبێت کە بونەتە کۆیلە. جا بۆیە موفەسسیرەکان بەپێی کۆمەڵێک لە گێڕانەوەکان دەڵێن ئەمە سەبارەت بە ژنە سەبیکراوەکانی "أوطاس" هاتوە(٩).
بۆ ڕونکردنەوەی زیاتر دەڵێین: ڕونە کە دەقی "...إِلَّا مَا مَلَكَتْ أَيْمَانُكُمْ" (النساء: ٢٤)؛ باسی کەنیزەکە.. ئینجا سەرچاوەی کەنیزەک چیە؟ سەرچاوەی یەکەمی تاڵانیی جەنگە، سەرچاوەی دوەمی کڕینە. لە بنەڕەتدا هەردوکیان دەگرێتەوە. بەڵکو لێرەدا تەنها ئەوانە دەگرێتەوە کە لە دەسکەوتی جەنگ دەبنە کۆیلە. بۆچی؟ چونکە باسی "المحصنات من النساء" دەکات، و دەڵێت ئەمانەش قەدەغەن و لە "محرمات" ـن، واتە ـ بەپێی لێکدانەوە مەشهورەکە کە مەبەست لە "محصنة" ژنی مێرددارە ـ ژنی مێرددار کەس بۆی نیە مارەی بکات، ئینجا کەنیزی لێ جیا دەکاتەوە و دەڵێت "...إِلَّا مَا مَلَكَتْ أَيْمَانُكُمْ" [بەو پێیەی هەڵ‌بواردن "استثناء" ێکی پەیوەست "متصل" ـە، و "إلا" بە واتای "مەگەر" یان "تەنها...نەبێت" ە، نەک هەڵ‌بواردن "استثناء" ێکی پچڕاو "منقطع" بێت و "إلا" بە واتای "بەڵام" بێت]، یانی ئەمانە بۆتان هەیە سێکسیان لەگەڵ بکەن چونکە هەر کە بو بە کۆیلەی پیاوێکی موسوڵمان؛ ئیتر سێکسی بۆی حەڵاڵە، با پێش بونیشی بە کۆیلە مێردی بوبێت و تا ئێستەش مێردەکەی مابێت. طەبەری ئەم لێکدانەوەیە وەکو یەکەم لێکدانەوە دەهێنێت و لە ئیبن عەبباس و ئەبو قیلابە و ئیبن زەید و مەکحولەوە دەیگێڕێتەوە(١٠). ئینجا دیارە لێرەدا باسی کۆیلەی کڕدراو ناکات چونکە کۆیلەی کڕدراو مێردی نیە (مێردیشی هەبێت و کەنیزەکە بفرۆشرێت؛ تەنها خزمەتەکەی حەڵاڵە بۆ خاوەنە نوێیەکەی، وەکو دواتر باسی دەکەین)، بۆیە سەرچاوەی ژنێکی مێرددار (کە لێرەوە پێی دەوترێت "محصنة") کە دەبێتە کۆیلە ـ و ئەم دەقە باسی دەکات ـ؛ بریتیە لە دەسکەوتی جەنگ، لە جیهاددا دژی موشریک و ئەهلی کیتاب ژنی وا دەست دەکەوێت کە مێردی هەیە و بەڵام دەگیرێت و دەبێتە کۆیلە. هەر بۆیە ـ وەکو وتم ـ موفەسسیرەکان بەپێی گێڕانەوەکان دەڵێن ئەمە ئاماژە بە "سەبی" ی "ئەوطاس" دەکات.
هەرچەند لێکدانەوەی تریش هەن کە "المحصنات من النساء" بە هەمو ژنێکی مێرددار لێک‌دەداتەوە، خانم (ئازاد) بێت یان کەنیز (کۆیلە)، ئینجا "ما ملکت أیمانکم" بە کەنیزی کڕدراو لێک دەداتەوە کە بە فرۆشتنی لە پیاوەکەی ـ کە هەر خاوەنەکەیەتی ـ جیا دەبێتەوە، ئیتر فرۆشتنی دەبێتە "طەلاق" بۆی. طەبەری ئەم لێکدانەوەیە لە ئیبن مەسعود و ئیبن ئەل‌موسەییبەوە دەگێڕێتەوە، هەروەها لە کۆمەڵێکیشەوە (ئوبەیی کوڕی کەعب، جابیری کوڕی عەبدوڵڵا، ئەنەسی کوڕی مالیک، ئیبن مەسعود، ئیبن عەبباس، حەسەنی بەصڕەیی [خۆی یان لە ئوبەییەوە]، ئیبراهیمی نەخەعی [خۆی یان لە ئیبن مەسعودەوە]) دەگێڕێتەوە کە "طەلاق" ی کەنیز هەر فرۆشتنیەتی: "بَيْعُ الأَمَةِ طَلَاقُهَا"(١١). ڕاستە ئەمە شتێکی زانراوی کولتوری ئیسلامیە: کاتێک کەنیز دەفرۆشرێت؛ ئیتر لە حەڵاڵیی بۆ خاوەنەکەی دەکەوێت و دەبێتە حەڵاڵ بۆ گەورە نوێیەکەی. بەڵام ئەوەی ئەم لێکدانەوەیە لاواز دەکات؛ ئەوەیە کەنیز بەم حەڵاڵیە بۆ خاوەنەکەی؛ نابێتە "محصنة" لە زاراوەی ئیسلامیدا چونکە ئەوە بە شوکردن ناژمێررێت چونکە بە نیکاح حەڵاڵ نەبوە بۆی بەڵکو بە کڕین حەڵاڵ بوە بۆی (هەتا ئەگەر خاوەنەکەی بیکات بە دایکی منداڵ "أم الولد"، واتە "سُرِّيَّة"، کە ئەم کارە پێی دەوترێت "تَسَرِّي"، ئەویش ئەوەیە کە کەنیزی خۆیەتی و منداڵی لێی دەبێت و منداڵەکانی ئازادن و نابنە کۆیلە. لەم حاڵەتەشدا ناکۆکی نیە لەسەر ئەوەی کەنیزەکە هەر پێی ناوترێت "محصنة"). کاتێک کەنیز دەبێتە "محصنة" کە بدرێت بە شو و ببێتە ژنی پیاوێکی تر کە خاوەنەکەی نیە [ئەمەش بە هەمو واتاکانی "إحصان" نا، بەڵکو "إحصان" لەم حاڵەتەدا بە واتای "هاوسەرداری" ـە، چونکە باسی کەنیزی بەشودراو دەکەین. و هێشتا "محصنة" نیە بەو واتایەی "إحصان" کە لەگەڵ کرداری "زینا" دا سزای "ڕەجم" ی پێ مسۆگەر دەبێت، چونکە بە واتایە "إحصان" بریتیە لە هاوسەرداری لەگەڵ ئازادی]. جا ئەگەر باسی ئەو کەنیزە بکەین کە مێردی هەیە [واتە: ئەو کەنیزەی کەسێکی تر ـ کە خۆی خاوەنی کەنیزەکە نیە ـ مارەی کردوە، بەپێی دەقی: "وَمَنْ لَمْ يَسْتَطِعْ مِنْكُمْ طَوْلًا أَنْ يَنْكِحَ الْمُحْصَنَاتِ الْمُؤْمِنَاتِ؛ فَمِنْ مَا مَلَكَتْ أَيْمَانُكُمْ مِنْ فَتَيَاتِكُمُ الْمُؤْمِنَاتِ" (النساء: ٢٥)]؛ ئەوا لەم حاڵەتەدا؛ سەرباری ئەوەی لە خاوەنەکەی قەدەغە دەبێت بۆ سێکس و تەنها خزمەت و بەردەستیەکەیی بۆ دەمێنێتەوە [هەرچەند ئەنەسی کوڕی مالیک و ئیبن عەبباس پێیان وا بوە؛ مادەم خاوەنیانە؛ دەتوانێت کەنیزی شوکردو بە کۆیلەی خۆی لە کۆیلەکەی بستێنێتەوە، و هاتوە کە ئەو دوانە ئەمەیان کردوە بە لێکدانەوە بۆ "وَالْمُحْصَنَاتُ مِنَ النِّسَاءِ، إِلَّا مَا مَلَكَتْ أَيْمَانُكُمْ" (النساء: ٢٤)(١٢)]؛ بەڵام زیاتر لەوە؛ ئەگەر خاوەنەکەی بیشیفرۆشێت بە کەسێکی تر؛ دەبێت مێردەکەی "طەلاق" ی بدات ئینجا حەڵاڵ دەبێت بۆ کەسێکی تر، ئاشکرایشە کە مێردەکەی ـ کە خاوەنی نیە ـ ناتوانێت بیفرۆشێت، بەڵکو تەنها دەتوانێت "طەلاق" ی بدات، بۆیە فرۆشتنی لەلایەن گەورەکەیەوە نابێتە "طەلاق" ی لە مێردەکەی (ئەمە لە ئیسلامدا ڕێبازی زۆرینەیە، لەوانە: عومەر و عەبدوڵڵای کوڕی و عوثمان و عەلی و عەبدوڕڕەحمانی کوڕی عەوف و سەعدی کوڕی ئەبو وەققاص، و دوای ئەوان ئەبو حەنیفە و مالیک و شافیعی و ئەحمەد و ئەبو سولەیمانی خەططابی و شوێنکەوتوانیان، و فەخروددینی ڕازی دەڵێت: لەم‌ڕۆدا یەک‌دەنگیی فیقهزانەکانی لەسەرە. بەڵام قسەکەی ئوبەیی و جابیر و ئەنەس و ئیبن مەسعود و ئیبن عەبباس "بَيْعُ الأَمَةِ طَلَاقُهَا" ئەوە دەگەیەنێت کە بە فرۆشتنی "طەلاق" یشی دراوە(١٣)، کە ئەمە پێچەوانەی ڕێبازی زۆرینەیە (و دەڵێن ئیبن عەبباس کاتێک بەڵگەی بیروڕاکەی تری پێ گەیشتوە کە چیرۆکی "بەریڕە" یە؛ لە بیروڕاکەی خۆی پەشیمان بوەتەوە).
لێکدانەوەی تریش هەن بۆ دەقەکە و مەبەست لە "المحصنات من النساء" کە شایەنی ئاوڕلێ‌دانەوە نین.
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین: کاتێک دەقەکە دەڵێت "المحصنات من النساء"؛ ئەمە ناکرێت کەنیز بگرێتەوە کە حەڵاڵە بۆ خاوەنەکەی و بە شو نەدراوە، ئەمە نابێتە "محصنة" هەرچەند حەڵاڵە بۆ خاوەنەکەی. بۆیە ناکرێت بەم واتایە "ما ملکت أیمانکم" ی لێ جیا بکرێتەوە بە واتای کۆیلەی کڕراو.. یانی ئەگەر "ما ملکت أیمانکم" بە کۆیلەی کڕدراوی بەشونەدراو لێک‌بدەینەوە؛ ئەمە ناچێتە چوارچێوەی "المحصنات من النساء" تا "ما ملکت أیمانکم" جیا بکاتەوە لە "المحصنات من النساء" [مەگەر لەسەر گریمانەی ئەوەی هەڵ‌بواردنەکە پچڕاو "منقطع" بێت]. ئەگەریش کەنیزێک بە شو درابێت و مێردی هەبێت؛ بەم شوکردنە پێی دەوترێت "محصنة" ـ بە واتای شودار ـ بەڵام دیسان بە کڕین حەڵاڵ نابێت بۆ کەسێکی تر، ئەگەر بیشفرۆشرێت؛ تەنها خزمەت و بەردەستیەکەی دروستە بۆ خاوەنە نوێیەکەی و ئیتر سێکسی حەڵاڵ نیە بۆی(١٤). کەواتە کەنیزی بەشودراویش ناگرێتەوە. بۆیە هەر دەمێنێتەوە ئەو ژنە مێرددارە ئازادە ناموسوڵمانەی کە لە جەنگدا دەگیرێت و دەبێتە کۆیلە و ئیتر حەڵاڵ دەبێت بۆ ئەو جەنگاوەرە موسوڵمانەی وەکو دەسکەوت بەری دەکەوێت یان بۆ ئەو موسوڵمانەی تر کە دەیکڕێتەوە، و هێشتا مێردەکەیشی دەگونجێت لە ژیاندا مابێت. ئەمەیە مەبەستی دەقەکە، ئیتر لێکدانەوەکەی تر هەڵەیە و مەبەستی دەقەکە نیە.
کۆدەنگی "ئیجماع" لەسەر بەکۆیلەکردنی ژن و منداڵ لە دەسکەوتی جەنگ
"سبي" ی ژن و منداڵ، لە شتە هەرەزانراوەکانی کولتوری ئیسلامیە، و هەمو دەقەکان ئاماژەی بۆ دەکەن و یەک‌دەنگییشی لەسەرە: نەک هەر ئەسڵی بابەتەکە (بەتاڵان‌بردنی ژن و منداڵی ناموسوڵمان، کە دەکرێنە کۆیلەی سێکس و خزمەت)، بەڵکو چەند بابەتێکی لاوەکییش بۆ مامەڵە لەگەڵ کۆیلەی دەسکەوتی جەنگ یەک‌دەنگی "ئیجماع" ـیان لەسەر دامەزراوە، لەمانە: یەک‌دەنگی هەبوە لەسەر ئەوەی ژنی بەتاڵانی‌براو کە مێردیشی هەبوە؛ هەر بە بردنی بەتاڵانی، واتە هەر بە کردەوەی "سبي"؛ ئیتر نیکاحەکەی هەڵ‌دەوەشێتەوە و بەپێی یاسای ئیسلامی چی‌تر ژنی ئەو مێردە ناموسوڵمانەی نیە و ئیتر حەڵاڵە بۆ خاوەنەکەی (ئەو جەنگاوەرە موسوڵمانەی وەکو دەس‌کەوت بەری دەکەوێت یان ئەو موسوڵمانەی تر کە لێی دەکڕێتەوە) سێکسی لەگەڵ بکات. تەنها بۆ نمونه: (ئیبن ئەل‌قەططان) لە "الإقناع في مسائل الإجماع" ـدا، لە بابەتی "ذكر استبراء المسبية من أهل الحرب"، دەڵێت: "زانایان [ی ئیسلام] لەسەر ئەوە یەک‌دەنگن کە ژنی بەتاڵانی‌براو "مَسْبِيَّة" کە مێردەکەی لە ماڵی جەنگ "دار الحرب" [وڵاتی ناموسوڵمانان کە دەسەڵاتی ئیسلامیی لێ نیە و ئیسلام لە شەڕێکی هەمیشەییدایە لەگەڵیان] ـدا نیشتەجێیە [یانی نەکوژراوە و دیلیش نەکراوە]؛ بەو بەتاڵانی‌بردن "سِباء" ـە نیکاحەکەی هەڵ‌وەشاوەتەوە، و ئیتر خاوەنەکەی بۆی هەیە بەسەریدا بکەوێت "يطأها" دوای ئەوەی چاوەڕێی دەکات تا بە تێپەڕبونی بێ‌نوێژی "حيض" ێک پاک دەبێتەوە" ("وأجمع العلماء أن المسبية التي زوجها مقيم بدار الحرب أن السباء قد فسخ نكاحها، وأن لمالكها أن يطأها بعد أن يستبرئها بحيضة")(١٥)، ئینجا بۆ بەڵگەدارکردنی ئەم یەک‌دەنگیە بە دەق؛ دەڵێت: گێڕراوەتەوە کە پێغەمبەر لە بارەی ژنە بەتاڵانی‌براوەکانی دۆڵی (ئەوطاس) ـەوە وتویەتی: "بەسەر ژنی سک‌پڕدا مەکەون هەتا سکەکەی دادەنێت، و ژنی بێ‌نوێژیش هەتا لە بێ‌نوێژیەکەی پاک دەبێتەوە" ("لا تُوطَأُ حامل حتى تَضَعَ ولا حائض حتى تَطْهُرَ")(١٥). ئەم "حەدیث" ـە بە هەمان واتا و هەر دەربارەی ژنە بەتاڵانی‌براوەکانی (ئەوطاس) و بە چەند دەستەواژەیەکی نزیک لەوە (وەکو: "لَا تُوطَأُ حَامِلٌ حَتَّى تَضَعَ، وَلَا غَيْرُ حَامِلٍ حَتَّى تَحِيضَ حَيْضَةً") و بە چەند ڕێگە و "سەنەد" ێکی صەحیح لە سەرچاوەکانی "حەدیث" ـدا هاتوە (لەوانە: لای: ئیبن ئەبی شەیبە لە "المصنف"، ئەحمەد لە "المسند"، داریمی لە "السنن"، ئەبو داوود لە "السنن"، طەحاوی لە "شرح مشكل الآثار"، طەبەڕانی لە "المعجم الأوسط"، حاکیم لە "المستدرك على الصحيحين"، بەیهەقی لە "السنن الصغير" و "معرفة السنن والآثار").
ئیبن ئەل‌قەططان جارێکی تر هەمان کۆدەنگیی زانایانی ئایینیی ئیسلام دەگێڕێتەوە، کە لە بابەتی "باسی حوکمەکانی بەتاڵانی‌بردنی ژن و منداڵ" (ذكر أحكام السبي) ـدا دەڵێت: "هەمو زانایانی ئیسلام لە شارە سەرەکیەکانی ئیسلامدا، کە قسە و فەتوایان چەسپاوە و هەڵ‌گیراوە، ڕێگەیان بەوە نەداوە پیاوی موسوڵمان بەسەر ئەو کەنیزەدا بکەوێت کە بەری کەوتوە و بوەتە موڵکی، ئەگەر کەنیزەکە سک‌پڕ بێت، هەتا سکەکەی دادەنێت" ("وكل من يحفظ عنه من علماء الأمصار منع من وطء الرجل الجارية من السبي يملكها وهي حامل حتى تضع حملها")(١٦). هەر دوای ئەوەش دەڵێت: "یەک‌دەنگی هەیە لەسەر ئەوەی کاتێک ژنێک [لە تاڵانیی جەنگ] دەکەوێتە دەستی پیاوێک [ی موسوڵمان] لە کاتێکدا هێشتا مێردێکی هەیە کە لە ماڵی شەڕ [=وڵاتی ناموسوڵمان] ـە؛ نیکاحی مێردەکەی هەڵ‌وەشاوەتەوە و ئیتر خاوەنەکەی بۆی حەڵاڵە ـ دوای ئەوەی لە بێنوێژییەک پاک دەبێتەوە ـ بەسەریدا بکەوێت" ("وأجمعوا أن المرأة إذا وقعت في يد رجل لها زوج مقيم في دار حرب أن نكاح زوجها قد انفسخ وحل لمالكها بعد الاستبراء وطؤها")(١٧).
[تێبینی: پەیوەندیی سێکسی، کە ئێستە مرۆڤی هاوچەرخ پێی دەڵێت "خۆشەویستی"؛ لە کەلەپوری ئیسلامیی "حەدیث" و "فیقهـ" ـدا پێی دەوترێت "وَطْء"، کە وشەکە لە بنەڕەتدا بە واتای پێ‌لێ‌نان و بەسەرداڕۆشتنە، و بە "بەسەرداکەوتن" گوزارشم لێ کرد کە تا ڕادەیەک لە کوردیدا بەکار دێت. وشەیەکی تر کە لەو کەلەپورە ئیسلامیەدا بەکار دێت بەو واتایە؛ وشەی "غِشْيَان" ـە (کردارەکەی "غَشِيَ") کە دەقاودەق دەبێتە "سواربون" ـە کوردیەکە].
جا کۆدەنگی "إجماع" ی زانایانی ئایینیی ئیسلام؛ دوای دو سەرچاوە سەرەکیەکە: قورئان و سوننەی پێغەمبەر؛ سەرچاوەیەکی تری یاسادانانە لە فیقهی ئیسلامیدا، بەڵکو بەڵگەیەکی ترە بۆ هەمو بابەتە ئیسلامیەکان. کە گەیشتوەتە ئەو ڕادەیەی ئەوەی پێچەوانەی "ئیجماع" بجوڵێتەوە و لێی دەربچێت؛ لە ئیسلام دەردەچێت. بەتایبەتی "ئیجماع" ـێک کە بە شێوەیەکی بڕاوە "قطعي" سەلمابێت و لە هەمان کاتیشدا بابەتەکە دەقی لەسەر بێت. ئەم بابەتەی ئێرەش (بەکۆیلەکردنی ژن و منداڵی ناموسوڵمان دوای شەڕ و کوشتاری پیاوەکانیان) دەقی قورئان و حەدیثی لەسەرە و ئینجا "ئیجماع" یشی لەسەر دامەزراوە، بۆیە نکولی‌لێ‌کردنی دەبێتە دەرچون لە ئیسلام و نکولی‌کردن لە بنەمایەکی چەسپاو و زانراوی ئیسلام کە دەبێت هەمو موسوڵمانێک وەکو بەشێک لە دینەکەی بیزانێت.
بۆیە یاسای ئیسلامی وایە کە ژن و منداڵی نا-موسوڵمان "کافر" لە جیهادی ئیسلامیدا ناکوژرێن [مەگەر ئەوانیش شەڕیان کردبێت و چەکیان هەڵ‌گرتبێت]، بەڵکو دەکرێنە کۆیلە. جا ئەم کردنە کۆیلەیە ژن و منداڵی موشریک و ئەهلی کیتابیش دەگرێتەوە، ئەمەش واتە نا-موسوڵمانی ئەسڵی "الکافر الأصلي".. بەڵام ژن و منداڵی هەڵ‌گەڕاوە "موڕتەدد" ـ کە پێشتر موسوڵمان بوە ـ؛ ناکۆکیی تێدایە لە ئیسلامدا: ئیبن تەیمییە دەڵێت: زۆربەی زانایانی ئایینیی ئیسلام وتویانە منداڵەکانیان بەتاڵانی دەبرێن و دەبنە کۆیلە، بۆ ئەمەش بەڵگە بە شێوازی مامەڵەی خەلیفەی یەکەم (ئەبو بەکری صیددیق) دەهێننەوە لەگەڵ هەڵگەڕاوەکانی سەردەمی خۆیدا. بەڵام بۆ بەکۆیلەکردنی ژنەکانیان ناکۆکی زیاترە: زۆرینە (شافیعی، مالیک، ئەحمەد) دەڵێن: ژنی هەڵ‌گەڕاوە [واتە ژنی پیاوێکی هەڵ‌گەڕاوە کە هەردوکیان هەڵ‌گەڕاوەن، و شوێنەکەش شەڕی تێدایە یان بە شەڕ دەگیرێت و "دار الإسلام" نیە]؛ ناکرێت بە کۆیلە بەڵکو یان موسوڵمان دەبێتەوە یان دەکوژرێت [پاڵنەرێکی ڕاستەقینەی شارراوەی ئەم یاسایە ئەوەیە عەرەب ئەم یاسایەیان لە بنەڕەتدا بۆ خۆیان داناوە کە بەکۆیلەکردنی ژنەکانیان زۆر لەلا قورس بوە و پێیان باشتر بوە ژن و منداڵەکانیان بکوژرێن نەک بکەونە دەستی کەسانی تر]. بەڵام ئەبو حەنیفە (و شوێنکەوتوانی) وتویەتی: ژنی هەڵ‌گەڕاوەیش یان موسوڵمان دەبێتەوە یان دەکرێتە کۆیلە (هەر لەم بابەتە؛ بەلای ئەبو حەنیفەوە؛ ژنێک کە خۆی هەڵ‌گەڕاوەتەوە لە "دار الإسلام" ـدا؛ ناکوژرێت، بەڵکو بەند دەکرێت و زۆری لێ دەکرێت موسوڵمان ببێتەوە). حەنەفیەکان بۆ سەلماندنی ئەم ڕێبازەیان بەڵگە بەو کارەی (ئەبو بەکری صیددیق) دەهێننەوە کە دوای ئەوەی شەڕی لەگەڵ هەڵگەڕاوەکانی خێڵی (بەنو حەنیفە) [شوێنکەوتوەکانی (مەسلەمەی حەنیفەیی) ی ناسراو بە مەسلەمۆکەی درۆزن "مسیلمة الکذاب"] کرد؛ ژنەکانیانی کرد بە کۆیلە. ئیبن تەیمییە دەڵێت: ڕێبازەکەی ئەبو حەنیفە؛ ئەوەیە کە لای صەحابیەکان زانراوە و کاریان پێ کردوە (مەبەستی سەردەمی ئەبو بەکرە)، و دەڵێت: ئەو ژنەی پێی دەوترێت ژنە "حەنیفەییەکە" ("الحَنَفِيَّة") و دایکی کوڕی سێیەمی عەلیە (کە ناسراوە بە موحەممەدی کوڕی ژنە حەنیفەییەکه "محمد ابن الحنفیة")؛ لەو ژنە بەکۆیلەکراوانەی خێڵی بەنو حەنیفەیە کاتێک هەڵ‌گەڕانەوە و ئەبو بەکر خالیدی کوڕی وەلیدی ناردە سەریان.. شایەنی ئەماژەیە ئیبن تەیمییە ئەم باسە بۆ فەتوایەکی دەهێنێتەوە کە لەو فەتوایەدا (نوصەیریەکان) ـ واتە عەلەویەکان (شیعەی عەلەوی) ـ بە خراپترین جۆری هەڵگەڕاوە "مُرتَدّ" دادەنێت و دەڵێت دەبێت پیاوەکانیان بکوژرێن و ماڵ و سامانیان بەتاڵانی ببرێت و ئینجا بۆ بەکۆیلەکردنی منداڵەکانیان بەڵگە بە فەتوای زۆرینەی زانایانی ئیسلام دەهێنێتەوە لەسەر بەکۆیلەکردنی منداڵی هەڵگەڕاوەکان و بۆ بەکۆیلەکردنی ژنەکانیشیان بەڵگە بە ڕێبازی ئەبو حەنیفە دەهێنێتەوە کە وتویەتی ژنی هەڵگەڕاوەکان دەکرێنە کۆیله(١٨). جا فەتواکەی ئیبن تەیمییە لە بنەڕەتدا سەبارەت بە دەڕەزیەکان "الدرزیة" و نوصەیریەکان "النصیریة" ـە، و دەڵێت: ئەوانە بە یەک‌دەنگیی موسوڵمانان موسوڵمان نین و هەڵ‌گەڕاونەتەوە و لە ئەهلی کیتابیش نین، و سەرانەیشیان لێ قبوڵ ناکرێت(١٩). شایەنی ئاماژەیە ئێستەش مەلایەکی سەلەفی لە ئوردون کە بە (مەلا یاسین عەجلونی) ناودارە (کە کۆمەڵێک لێکدانەوەی سەیروسەمەرەیشی بۆ ئەفسانە میللیە ئیسلامیەکانی کۆتایی ڕۆژگار هەیە)، ئەم فەتوایەی بۆ "موجاهیدەکانی شام" دا کە ژنانی عەلەویەکان (و هەروەها دەڕەزیەکان و صابیئیەکان و کوردەکان) ببەن بۆ خۆیان و دەبنە موڵکیان و بۆیان هەیە بەبێ مارەکردن و مارەیی سواریان ببن. تیۆریست "منظر" ێکی دیاری جیهادیەکانیش کە (ئەبو موحەممەدی مەقدیسی) ـە، پێی وایە جێبەجێ‌کردنی یاسای بەکۆیلەکردنی ژن و منداڵی هەڵ‌گەڕاوەکان لەم کات و چوارچێوەیەدا گونجاو نیە چونکە ـ دەڵێت ـ ژنان نەزانن و لاوازن(!) و دەسەڵاتیان نیە و بەدەست خۆیان نیە کە سەر بە کێن، و هێشتاش موجاهیدەکان ئەوەندە بەهێز نین کە گوێ نەدەن بە یاسا نێودەوڵەتیەکانی قەدەغەکردنی کۆیلایەتی. دانەیەکی تریان (ئەبو یوسف مەقدیسی) ناوێکە کە وتارێکی لەسەر ئەو بابەتە هەیە کە دامەزراوی (الرایة) ی نزیک لە بەرەی نوصڕە بڵاوی کردوەتەوە، ئەویش وەڵامی چەند "موجاهید" ێکی "شام" دەداتەوە کە پرسیاریان کردوە و داوای فەتوایان کردوە: ئایا بۆیان هەیە ژنانی عەلەویەکان بەتاڵانی ببەن و بیانکەن بە کۆیلە؛ پێی وایە بەکۆیلەکردن لە شەریعەتی ئیسلامدا یاسایەکی چەسپاوە و هیچ دەقێک نیە "نەسخ" ی بکاتەوە، بەڵام لە بنەڕەتدا لە بابەتی ڕێگەپێدان "رخصة" ـە نەک یاسای پێویست "عزیمة"، و دەشڵێت: ئەو کارە پێویستیی بە پێشەوا و سەرکردەی ئیسلامی "إمام" و دەسەڵاتی تەواو هەیە بۆ ئەوەی دروست بێت، و دابەش‌کردنەکەش لە "دار الإسلام" ـدا دەکرێت و لە "دار الحرب" خۆیدا ناکرێت (مەبەستی ئەوەیە هێشتا وڵاتێكیان نیە کە بەتەواوی پاکیان کردبێتەوە بۆ خۆیان)، بۆیە دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە کارەکە لە خۆیدا دروستە بەڵام هێشتا بارودۆخەکە گونجاو نیە بۆ جێبەجێ‌کردنی!!(٢٠) جا بیری لێ بکەرەوە: ئەگەر ئەمانە لە سوریا باڵا دەست ببن و هەمو هەگبەی فەتواکانیان بەکار بهێنن؛ ئیتر عەلەویەکان و دەڕەزیەکان و صابیئیەکان و کورد ڕوبەڕوی چ دۆزەخێک دەبنەوە؟!
دیارە داعش "ئیمام" ـیان بۆ خۆیان داناوە و "دار الإسلام" ـێکیان بۆ خۆیان پێکەوە ناوە و دەسەڵاتی پێویستیش لە خۆیاندا شک دەبەن و ئیتر هەمو مەرجە شەرعیەکان ئامادەن؛ بۆیە لە ناوچەی شەڕەکانی خۆیان یاسای بەکۆیلەکردنی ژنان جێبەجێ دەکەن!

پەراوێز:
(١) بڕوانه: الجصاص، أحكام القرآن. تحقیق: محمد صادق القمحاوي. بیروت: دار إحياء التراث العربي. ١٤٠٥ هـ. جـ. ٤، ص. ١٩٨.
(٢) بۆ نمونه؛ بڕوانه: ابن حزم، المحلى بالآثار. بيروت: دار الفكر. جـ. ٥، ص. ٤١٣: "أَهْلَ الْكِتَابِ.. وَهُمْ الْيَهُودُ، وَالنَّصَارَى، وَالْمَجُوسُ فَقَطْ". جـ. ٦، ص. ١٤٦: "وَأَمَّا الْمَجُوسُ؛ فَقَدْ ذَكَرْنَا فِي كِتَابِ الْجِهَادِ أَنَّهُمْ أَهْلُ كِتَابٍ، فَحُكْمُهُمْ كَحُكْمِ أَهْلِ الْكِتَابِ فِي كُلِّ ذَلِكَ". جـ. ٩، ص. ١٧: "وَأَمَّا الْمَجُوسِيَّةُ؛ فَقَدْ ذَكَرْنَا فِي كِتَابِ الْجِهَادِ وَكِتَابِ التَّذْكِيَةِ مِنْ كِتَابِنَا هَذَا أَنَّ الْمَجُوسَ أَهْلُ كِتَابٍ".
(٣) ئەم مانگە "حەڕام" ـانەی دەقەکە باسیان دەکات کامانەن؟ دو بیروڕای سەرەکی هەن:
یەکەمیان دەڵێت: هەرچەند لە بنەڕەتدا مانگە "حەڕام" ـەکان کە پێشتریش لەناو عەرەبدا قەدەغە بوە شەڕیان تێدا بکرێت ئەم چوارەن: مانگێکی تەنها: ڕەجەب (مانگی عومڕە و سەردانی "بەیت")، و سێ مانگی دوابەدوای‌یەک: ذول‌قیعدە (مانگی وازهێنان لە شەڕ و خۆئامادەکردن بۆ حەج) و ذول‌حیججە (مانگی حەج) و موحەڕڕەم (مانگی گەڕانەوە لە حەج بۆ ماڵەوە)، بەڵام ـ وەکو طەبەری ڕونی کردوەتەوە ـ لێرەدا ڕەجەب ناگرێتەوە چونکە ڕەجەب کاتەکەی جیاوازە: لەنێوان جومادای دوەم و شەعباندایە، بۆیە تەنها سێ مانگەکەی تر (ذول‌قیعدە و ذول‌حیججە و موحەڕڕەم) دەگرێتەوە کە بەدوای یەکدا دێن. ئینجا لە واقیعدا ئەم ماوەیە چەند ڕۆژ دەکات؟ ئەگەر لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی "بەڕائەت" ـەوە لە پەیمانەکان کە کاتی حەج بوە [١٠ ی ذولحیججە] هەتا کۆتایی دوایین مانگی "حەڕام" کە موحەڕڕەمە حسابی بکەین؛ دەکاتە پەنجا ڕۆژ. ئەگەریش لە سەرەتای یەکەم مانگی سێ مانگە حەرامەکەوە دەست پێ بکەین، واتە لە سەرەتای ذولقیعدەوە؛ ئاشکرایە کە دەکاتە سێ مانگ.
ئینجا بەپێی ئەم بیروڕایە؛ ئەم مانگە "حەڕام" ـانە کە لێرەدا (ئایەتی ٥) باسی کردون؛ هەمان ئەو چوار مانگە نین لە سەرەتاوە (ئایەتی ٢) باسی کردون، بەڵکو ئەم مانگە "حەڕام" ـانە سێ مانگن ـ وەکو باس کرا ـ کە لەگەڵ مانگی پێش ئەوان "شەووال" دەکاتە چوار مانگە مۆڵەتەکەی کە لە سەرەتاوە باس کراون، چونکە (وەکو زوهری وتویەتی) ئەگەر لە سەرەتای شەووالەوە حسابی بکەین کە ئەم دەقەش لەو کاتەدا هاتوە؛ دەکاتە چوار مانگی ڕێک: شەووال و سێ مانگە "حەڕام" ـەکە: ذول‌قیعدە و ذول‌حیججە و موحەڕڕەم، ئەمەش ئەو چوار مانگەیە کە لە سەرەتاوە وەکو مۆڵەت باسی کردوە. تەواوبونی مانگە "حەڕام" ـەکانیش لێرەدا کردویەتیە تەوابونی چوار مانگ مۆڵەتەکە. بۆیە تەواوبونی چوار مانگی مۆڵەتەکە؛ لە هەمان کاتدا تەوابونی مانگە "حەڕام" ـەکانیشە (بیروڕای ئیبن عەبباس ـ گێڕانەوەی ئیبن ئەبی طەلحە ـ و ضەححاک و باقیر، و هەڵ‌بژێرراوی طەبەری)، چونکە لە سەرەتای شەووالەوە هەتا چوار مانگی تر؛ دەکاتە تا کۆتایی موحەڕڕەم کە کۆتایی مانگە حەڕامەکانیشە. ئەمە بۆ ئەوانەی پەیمان هەبوە لەگەڵیاندا.. بۆ ئەوانەش کە هیچ پەیمانێک لەگەڵیان نەبوە؛ ئەوا لە ڕاگەیاندنی "بەڕائەت" ی ڕۆژی حەجدا مۆڵەتی تا تەواوبونی مانگە حەڕامەکان ئەوانیش دەگرێتەوە، بۆیە لەو کاتەوە بۆ ئەمان حساب دەکرێت کە دەکاتە پەنجا ڕۆژ: لە ١٠ ی ذولحیججەوە هەتا کۆتایی موحەڕڕەم (٢٠ ڕۆژ لە ذولحیججە و هەمو موحەڕڕەم)، ئەمەش چونکە ئەمانە هیچ پەیمانێکیان نیە و تەنها مانگی حەڕام ڕێگر بوە لەوەی شەڕیان لەگەڵ بکرێت، بۆیە مۆڵەتی ئەوان تەواوبونی مانگی حەڕامەکان بوە. بەم شێوەیە؛ بە هەمو بارێکدا (بۆ ئەوانەی پەیمانیان نەبوە و ئەوانەش کە هەیان‌بوە)؛ دوا مۆڵەت هەر کۆتایی مانگە حەڕامەکان بوە کە دەکاتە کۆتایی موحەڕڕەم.
(تێبینی: شەڕ لە چوار مانگە "حەڕام" ـەکەدا: ڕەجەب، ذولقیعدە-موحەڕڕەم؛ لە ئیسلامدا ـ بەپێی بیروڕای زۆرینە ـ بوە بە کارێکی دروست. چوار مانگەکەی سەرەتای سورەتی "التوبة" یش هەر مۆڵەتێکی یەک‌جارە و کۆتایی بوە. بۆیە ئیتر بە کۆتایی‌هاتنی ئەو چوار مانگی مۆڵەتە، یان بە کۆتایی مانگە "حەڕام" ـەکانی ئەو ساڵە؛ موسوڵمانان دەستیان کراوە بوە لە هەمو شوێنێک ـ لە زەمینی "حەڕام" یش ـ و لە هەمو کاتێکیش ـ لە کاتی مانگە "حەڕام" ـەکانیشدا ـ شەڕ لەگەڵ موشریکەکان بکەن).
بیروڕای دوەم دەڵێت: مەبەستی لە مانگە "حەڕام" ـەکان لێرەدا هەر ئەو چوار مانگەیە کە لە سەرەتاوە وەکو مۆڵەت بۆی داناون، و پێیان وتراوە "حەڕام" بەو پێیەی ڕشتنی خوێنی موشریک لەو ماوەیەدا قەدەغە بوە. بەڵام ئەم لێکدانەوەیە لاوازە، چونکە مانگە "حەڕام" ـەکان لە قورئانیشدا لە شوێنی تردا باسیان هاتوە و تایبەتن بە وەرزی حەج و تەواوکاریەکانیەوە، لەبەر ئەوە لێکدانەوەی مانگی "حەڕام" بە چوار مانگی مۆڵەتەکە پێچەوانەی زاراوە قورئانیەکەی "چوار مانگی حەڕام" ـە (ئەوەی ئەم تێگەشتنە هەڵەیەی دروست کردوە؛ ئەوەیە دەقەکە سەرەتا باسی چوار مانگ دەکات، دواییش باسی مانگە حەرامەکان "الأشهر الحرم" دەکات، مانگە حەرامەکانیش لە بنەڕەتدا چوارن، ئیتر ئەمە وای کردوە چوار مانگی مۆڵەتەکە بە چوار مانگی حەڕام بەراورد بکرێن و ئەو تێگەشتنە دروست ببێت کە مەبەست لە مانگە حەرامەکان لێرەدا ئەو چوار مانگەی مۆڵەتەکەن).
جا بەپێی ئەم لێکدانەوەیەی دوەم کە ئەم مانگە "حەڕام" ـانەی ئێرە یەکسان دەکات بەو چوار مانگەی سەرەتا باسی کردوە و نەبەسراوەتەوە بە مانگە حەڕامەکانی (ذولقیعدە-موحەڕڕەم) ـەوە؛ ئەو چوار مانگە لە ڕۆژی حەج [="الحج الأکبر" کە دەقەکە پێشتر باسی کردوە] ـەوە ـ ١٠ ی مانگی ذولحیججە ـ دەستی پێ کردوە هەتا دە ڕۆژی مانگی ڕەبیعی دوەم (بیروڕای ئیبن عەبباس ـ گێڕانەوەی عەوفی ـ و موجاهید و قەتادە و ئیبن زەید و عەمری کوڕی شوعەیب و سوددی و ئیبن ئیسحاق و کەعبی قوڕەیظەیی، و هەڵ‌بژێرراوی ئیبن کەثیر. کە ئەمانە وتویانە "الأشهر الحرم" لە دەقەکەدا ـ ئایەتی ٥ ـ هەر مەبەست چوار مانگە مۆڵەتەکەی ئایەتی ٢ ـە)، بەو پێیەی ماوەکە لە ڕاگەیاندنی "بەرائەت" ـەکەوە دەست پێ دەکات کە لە کاتی حەجدا بوە (ڕۆژی قوربانی‌کردن، یان ڕۆژی عەڕەفە). بەپێی بیروڕایەکی تریش؛ ئەم چوار مانگە لەو ساڵەدا لە ١٠ ی مانگی ذول‌قیعدەوە دەستی پێ کردوە هەتا ١٠ ی مانگی ڕەبیعی یەکەم، چونکە ئەو ساڵە بە هۆی "نسيء" ـەوە حەج کەوتوە ذول‌قیعدەوە.
بیروڕایەکی سێیەمیش هەیە بۆ لێکدانەوەی وەسفی "حەڕام" بۆ چوار مانگەکە، کە کەمێک جیاوازە، دەڵێت: مانگە "حەڕام" ـەکان کە لەم دەقەدا (ئایەتی ٥) باسیان هاتوە؛ هەر هەمان چوار مانگی مۆڵەتەکەی (ئایەتی ٢) ـن، و پێیان وتراوە "مانگە حەڕامەکان" چونکە بەزۆری لە مانگە حەڕامەکان پێک دێن، واتە هەر بریتین لە (ذولقیعدە و ذولحیججە و موحەڕڕەم) لەگەڵ شەووال لەجێی مانگێکی حەڕامی تر کە "ڕەجەب"، ئیتر کە زۆربەی ماوەکە مانگی "حەڕام" ـە؛ پێیان وتراوە "مانگە حەڕامەکان".
بابەتەکه ئاڵۆزە و ناکۆکیی زۆری تێدایە، هەر بەوەندە دەست هەڵ‌دەگرم.
(٤) بۆ لێکدانەوەی دەقەکە بەم شێوەیە؛ بڕوانە: الطبري، جامع البيان في تأويل القرآن. تحقيق: أحمد محمد شاكر. مؤسسة الرسالة. الطبعة الأولى، ٢٠٠٠. جـ. ١٤، ص. ١٣٤.
(٥) دەربارەی ئەم سێ ڕێبازە؛ بڕوانە: الموسوعة الفقهية الكويتية. الكويت: وزارة الأوقاف والشؤون الإسلامية. الطبعة الثانية، دار السلاسل. جـ.١٥، صص. ١٧٠-١٧٢.
(٦) بڕوانه: ابن كثير، تفسير القرآن العظيم. تحقیق: سامي بن محمد سلامة. الرياض: دار طيبة للنشر والتوزيع. الطبعة الثانية، ١٩٩٩. جـ. ٤، ص. ١١٢: "وهذه الآية الكريمة هي آية السيف التي قال فيها الضحاك بن مزاحم: إنها نسخت كل عهد بين النبي صلى الله عليه وسلم وبين أحد من المشركين، وكل عهد، وكل مدة".
(٧) تەنها بۆ نمونە؛ بڕوانه:
مقاتل بن سليمان، تفسير مقاتل بن سليمان. تحقیق: عبد الله محمود شحاته. بيروت: دار إحياء التراث. الطبعة الأولى، ١٤٢٣ هـ. جـ. ٣، ص. ٤٨٥: "(وأنزل الذين ظاهروهم) يعني اليهود أعانوا أبا سفيان (من أهل الكتاب) يعنى قريظة... (فريقا) يعنى طائفة (تقتلون) فقتل منهم أربعمائة وخمسين رجلا (وتأسرون فريقا) يعنى وتسبون طائفة سبعمائة وخمسين".
الطبري، جامع البيان. جـ. ٢٠، ص. ٢٤٣: "يقول تعالى ذكره: وأنزل الله الذين أعانوا الأحزاب من قريش وغطفان على رسول الله صلى الله عليه وسلم وأصحابه، وذلك هو مظاهرتهم إياه، وعنى بذلك بني قريظة، وهم الذين ظاهروا الأحزاب على رسول الله صلى الله عليه وسلم". و ئینجا لە موجاهید و قەتادەی دەگێڕێتەوە. هەروەها دەڵێت: "(فريقا تقتلون) يقول: تقتلون منهم جماعة، وهم الذين قتل رسول الله صلى الله عليه وسلم منهم حين ظهر عليهم، (وتأسرون فريقا) يقول: وتأسرون منهم جماعة، وهم نساؤهم وذراريهم الذين سبوا" الطبري، جامع البيان. جـ. ٢٠، ص. ٢٥٠.
البغوي، معالم التنزيل في تفسير القرآن. تحقیق: عبد الرزاق المهدي. بيروت: دار إحياء التراث العربي. الطبعة الأولى، ١٤٢٠ هـ. جـ. ٣، ص. ٦٢٧: "(وأنزل الذين ظاهروهم من أهل الكتاب) أي: عاونوا الأحزاب من قريش وغطفان على رسول الله صلى الله عليه وسلم والمسلمين وهم بنو قريظة". جـ. ٣، ص. ٦٣٢: "(فريقا تقتلون) وهم الرجال يقال كانوا ستمائة، (وتأسرون فريقا) وهم النساء والذراري، يقال: كانوا سبعمائة وخمسين، ويقال: سبعمائة".
ابن عطية، المحرر الوجيز في تفسير الكتاب العزيز. تحقيق: عبد السلام عبد الشافي محمد. بيروت: دار الكتب العلمية. الطبعة الأولى، ١٤٢٢ هـ. جـ. ٤، ص. ٣٧٩: "(وأنزل الذين ظاهروهم) يريد بني قريظة بإجماع من المفسرين، قال الرماني: وقال الحسن: الذين أنزلوا من صياصيهم بنو النضير، وقال الناس: هم بنو قريظة، وذلك أنهم لما غدروا برسول الله صلى الله عليه وسلم وظاهروا الأحزاب عليه أراد الله تعالى النقمة منهم".
القرطبي، الجامع لأحكام القرآن. تحقيق: أحمد البردوني، إبراهيم أطفيش. القاهرة: دار الكتب المصرية. الطبعة الثانية، ١٩٦٤. جـ. ١٤، ص. ١٦١: "يعني الذين عاونوا الأحزاب: قريشا وغطفان وهم بنو قريظة... (فريقا تقتلون) وهم الرجال. (وتأسرون فريقا) وهم النساء والذرية".
ابن كثير، تفسير القرآن العظيم. جـ. ٦، ص. ٣٩٨: "(وأنزل الذين ظاهروهم) أي: عاونوا الأحزاب وساعدوهم على حرب رسول الله صلى الله عليه وسلم، (من أهل الكتاب) يعني: بني قريظة من اليهود". جـ. ٦، ص. ٣٩٩: "(فريقا تقتلون وتأسرون فريقا) فالذين قتلوا هم المقاتلة، والأسراء هم الأصاغر والنساء".
الشوكاني، فتح القدير. بيروت: دار ابن كثير، دمشق: دار الكلم الطيب. الطبعة الأولى، ١٤١٤ هـ. جـ. ٤، ص. ٣١٥: "(وأنزل الذين ظاهروهم) عاضدوهم وعاونوهم على رسول الله صلى الله عليه وسلم وهم بنو قريظة، فإنهم عاونوا الأحزاب ونقضوا العهد الذي كان بينهم وبين رسول الله صلى الله عليه وسلم وصاروا يدا واحدة مع الأحزاب". جـ. ٤، ص. ٣١٦: "(فريقا تقتلون وتأسرون فريقا) فالفريق الأول هم الرجال، والفريق الثاني هم النساء والذرية".
بە دو شێوەی تریش لێک دراوەتەوە:
ـ مەبەست بەنو قوڕەیظە و بەنو نەضیرە پێکەوە. بڕوانه:
يحيى بن سلام، تفسير يحيى بن سلام. تحقيق: د. هند شلبي. بيروت: دار الكتب العلمية. الطبعة الأولى، ٢٠٠٤. جـ. ٢، ص. ٧١١: "(من أهل الكتاب): قريظة والنضير".
ـ مەبەست بەتایبەتی بەنو نەضیرە (لەم حاڵەتەدا مەبەست لە "صیاصیهم" قەڵاکانی خەیبەرە). ئەمە ڕوممانی لە حەسەنەوە گێڕاوێتیەوە. بڕوانه:
ابن عطية، المحرر الوجيز. جـ. ٤، ص. ٣٧٩: "قال الرماني: وقال الحسن: الذين أنزلوا من صياصيهم بنو النضير".
(٨) بۆ نمونە؛ بڕوانه:
مقاتل بن سليمان، تفسير مقاتل بن سليمان. جـ. ٣، ص. ٤٨٥: "(وأرضا لم تطؤوها) يعني خيبر".
يحيى بن سلام، تفسير يحيى بن سلام. جـ. ٢، ص. ٧١٢: "(وأرضا لم تطؤوها) أي: وأورثكم أيضا أرضا لم تطؤوها، وهي خيبر".
هەروەها طەبەری لە (یەزیدی کوڕی ڕومان) و (ئیبن زەید) ی دەگێڕێتەوە. بڕوانە: الطبري، جامع البيان. جـ. ٢٠، ص. ٢٥٠.
(٩) تەنها بۆ نمونه؛ بڕوانه:
عبد الرزاق الصنعاني، تفسير عبد الرزاق. دراسة وتحقيق: د. محمود محمد عبده. بيروت: دار الكتب العلمية. الطبعة الأولى، ١٤١٩هـ. جـ. ١، ص. ٤٤٦: "عَنْ أَبِي سَعِيدٍ الْخُدْرِيِّ، قَالَ: أَصَبْنَا سَبَايَا مِنْ سَبْيِ يَوْمِ أَوْطَاسٍ لَهُنَّ أَزْوَاجٌ، فَكَرِهْنَا أَنْ نَقَعَ عَلَيْهِنَّ وَلَهُنَّ أَزْوَاجٌ , فَسَأَلْنَا النَّبِيَّ عَلَيْهِ السَّلَامُ، فَنَزَلَتْ: (وَالْمُحْصَنَاتُ مِنَ النِّسَاءِ، إِلَّا مَا مَلَكَتْ أَيْمَانُكُمْ)، فَاسْتَحْلَلْنَاهُنَّ بِمِلْكِ الْيَمِينِ".
طەبەری هەمان چیرۆک لە چەند ڕێگەیەکەوە لە (ئەبو سەعیدی خودری) ـەوە دەگێڕێتەوە. بڕوانه: الطبري، جامع البيان. جـ. ٨، ص‌ص. ١٥٢، ١٥٣.
(١٠) بڕوانه: الطبري، جامع البيان. جـ. ٨، ص‌ص. ١٥١، ١٥٢.
(١١) بڕوانه: الطبري، جامع البيان. جـ. ٨، ص‌ص. ١٥٥-١٥٨.
(١٢) بڕوانه: ابن حزم، المحلى. جـ. ٩، ص‌ص. ٣١١-٣١٢.
(١٣) بڕوانه:
الرازي، مفاتيح الغيب (التفسير الكبير). بيروت: دار إحياء التراث العربي. الطبعة الثالثة، ١٤٢٠ هـ. جـ. ١٠، ص. ٣٥.
ابن حزم، المحلى. جـ. ٩، ص‌ص. ٣١٠-٣١٢.
(١٤) بۆ نمونه؛ بڕوانه: الطبري، جامع البيان. جـ.٨، ص. ١٦٧: "وأما الأمة التي لها زوج؛ فإنها لا تحل لمالكها إلا بعد طلاق زوجها إياها، أو وفاته وانقضاء عدتها منه. فأما بيع سيدها إياها؛ فغير موجب بينها وبين زوجها فراقا ولا تحليلا لمشتريها، لصحة الخبر عن رسول الله ـ صلى الله عليه وسلم ـ أنه خير بريرة إذ أعتقتها عائشة، بين المقام مع زوجها الذي كان سادتها زوجوها منه في حال رقها، وبين فراقه، ولم يجعل صلى الله عليه وسلم عتق عائشة إياها لها طلاقا. ولو كان عتقها وزوال ملك عائشة إياها لها طلاقا؛ لم يكن لتخيير النبي ـ صلى الله عليه وسلم ـ إياها بين المقام مع زوجها والفراق معنى، ولوجب بالعتق الفراق، وبزوال ملك عائشة عنها الطلاق. فلما خيرها النبي صلى الله عليه وسلم بين الذي ذكرنا وبين المقام مع زوجها والفراق؛ كان معلوما أنه لم يخير بين ذلك إلا والنكاح عقده ثابت كما كان قبل زوال ملك عائشة عنها".
(١٥) بڕوانه: ابن القطان، الإقناع في مسائل الإجماع. تحقیق: حسن فوزي الصعيدي. القاهرة: الفاروق الحديثة للطباعة والنشر. الطبعة الأولى، ٢٠٠٤. جـ. ٢، ص. ٥٣. المسألة رقم (٢٤٤٣).
تێبینی: کتێبی "الإقناع في مسائل الإجماع" دانراوی ئیمام (ئیبن ئەل‌قەططان)، زانای ئایینیی گەورەی بواری فیقهـ و ئوصولی فیقهـ و حەدیث؛ گشتگیرترینی ئەو کتێبانەیە کە ئەو بابەتانە کۆدەکەنەوە کە موسوڵمانان ـ بەتایبەتی زانایانی ئایینیی ئیسلام ـ کۆدەنگییان هەبوە لەسەریان. ئەم کتێبە هەمو ئەو بابەتانە کۆ دەکاتەوە: چی کۆدەنگی لەسەر هەبوە، و چی ناکۆکیی تێدایە.
(١٦) بڕوانه: ابن القطان، الإقناع في مسائل الإجماع. جـ. ١، ص. ٣٤٨. المسألة رقم (١٩٧١).
(١٧) بڕوانه: ابن القطان، الإقناع في مسائل الإجماع. جـ. ١، ص. ٣٤٩. المسألة رقم (١٩٧٢).
(١٨) بڕوانه:
ابن تيمية، الفتاوى الكبرى. بیروت: دار الكتب العلمية. الطبعة الأولى، ١٩٨٧. جـ. ٣، ص‌ص. ٥١٣، ٥١٤.
هەروەها بڕوانه: الموسوعة الفقهية الكويتية. جـ. ٣، ص. ٣٠٠.
(١٩) بڕوانه: ابن تيمية، الفتاوى الكبرى. جـ. ٣، ص. ٥١٣.
(٢٠) بڕوانە: