دەربارەی کورد و دەوڵه‌تی کوردی و نه‌ورۆز
و
ئیسلام و ئیسلامیه‌کان
دیداری گۆڤاری (چرکه)
گۆڤاری (چرکه). ژمارە (٦٨). ٢٦ / ٣ / ٢٠١٢
ئامادەکردنی: شێرزاد عه‌بدوڵڵا
چرکه: میلله‌تی كورد تا چه‌ند توانیویه‌تی ئیسلام
بۆ قازانجی خۆی به‌كار بهێنێ بۆ گه‌یشتن به ده‌وڵه‌تی كوردی؟
سه‌روه‌ر پێنجوێنی: ئیسلام ده‌توانێت ده‌وڵه‌ت و
ده‌وڵه‌تان بۆ عه‌ره‌ب یان بۆ گه‌لێكی موسوڵمان كه له‌جێی عه‌ره‌ب خۆیان بكه‌نه به‌رگریكار
و ڕاپه‌ڕێنه‌ری ئیسلام، دروست بكات، هه‌ر بۆیه ناتوانێت قازانج به گه‌لێكی ناعه‌ره‌ب
بگه‌یه‌نێت بۆ گه‌یشتن به سه‌ربه‌خۆیی سیاسی و ده‌وڵه‌ت چونكه له بنه‌ڕه‌ته‌وه
ئیسلام بره‌و ده‌دات به كولتوری عه‌ره‌ب و زمانی عه‌ره‌ب و ده‌سه‌ڵاتی عه‌ره‌ب.. گه‌لێكی
موسوڵمانی ناعه‌ره‌بیش كاتێك ده‌توانێت قازانج له ئیسلام ببینێت بۆ سه‌ربه‌خۆیی سیاسی
و پێكه‌وه‌نانی ده‌وڵه‌ت كه ڕێبازێكی تایبه‌تی له ئیسلامدا بۆ خۆی جیا بكاته‌وه
یان له‌ژێر سایه‌ی لاوازیی سیاسیی عه‌ره‌بدا خۆی بكاته ده‌سه‌ڵاتداری ئیسلام و فه‌رمانڕه‌وا
به ناوی ئیسلامه‌وه.. كه كورد ئه‌مانه‌ی بۆ نه‌ڕه‌خساوه: نه توانیویه‌تی ڕێبازێك
له ئیسلامدا بۆ خۆی جیا بكاته‌وه كه ببێته ناسنامه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆی كه سه‌ربه‌خۆیی
بپارێزێت، و نه هه‌لێكی بۆ ڕه‌خساوه تا بتوانێت ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی بگرێته ده‌ست
و ببێته فه‌رمانڕه‌وا به ناوی ئیسلامه‌وه، چونكه ئه‌گه‌ر له قۆناغێكدا عه‌ره‌ب
له لایه‌نی سیاسیه‌وه لاواز بوبێت؛ فارس و تورك پێش كورد كه‌وتون بۆ وه‌رگرتنی سه‌رۆكایه‌تیی
ئایینی و ده‌سه‌ڵاتی پیرۆزكراو.
بۆیه نه‌ك هه‌ر ئیسلام سودی به كورد نه‌گه‌یاندوه
بۆ سه‌ربه‌خۆیی سیاسی و دروستكردنی ده‌وڵه‌ت، به‌ڵكو هه‌ر ئیسلام و ده‌سه‌ڵاته ئیسلامیه‌كان
بونه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی كه كورد هیچ كاتێك سه‌ربه‌خۆیی سیاسیی به‌رقه‌رار نه‌بێت و هه‌لی
پێكهێنانی ده‌وڵه‌تی بۆ نه‌ڕه‌خسێت، چونكه پاڵنه‌ره ئایینیه‌كه كارێكی كردوه زۆر
جار پاشكۆی ده‌سه‌ڵاته ئیسلامیه‌كان بێت، و هه‌ر به ناوی ئیسلام و به بیانوی ئیسلامه‌وه
گه‌لانی ده‌وروبه‌ریش مافی كوردیان خواردوه و قه‌واره و كیانیان بۆ نه‌هێشتوه‌ته‌وه،
ئه‌گه‌ر میرنشینییه‌كیشی بنیات نابێت؛ به بیانوی جیاواز له‌ناویان بردوه یان نابوتیان
كردوه.
چرکه: كورد و ئیسلام كامیان سودیان به یه‌كتر
گه‌یاندووه؟
سه‌روه‌ر پێنجوێنی: بێ گومان له سه‌ره‌تاوه كورد
گه‌لێكی یاخی بوه له ده‌سه‌ڵاته ئیسلامیه‌كان، به‌ئاسانی ئیسلام و ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامیی
قبوڵ نه‌كردوه. گه‌رمترین به‌رگری له‌به‌رامبه‌ری هه‌ڵمه‌تی داگیركاری (فتوحات) ی
ئیسلامی‌دا كورد كردویه‌تی یان له كوردستاندا كراوه، دواتریش گه‌لێك شۆڕش و ڕاپه‌ڕین
به ڕوی ده‌سه‌ڵاتی عه‌ره‌بی ـ ئیسلامی‌دا كورد كردویه‌تی یان له كوردستاندا كراوه.
به‌ڵام دواتر به بڵاوبونه‌وه‌ی وردورده‌ی ئیسلام له‌ناو كۆمه‌ڵگای كورددا ملكه‌چی
بۆ ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی له كورددا بوه‌ته ئه‌مری واقیع. ئیتر له‌دوای ئه‌مه‌وه كورد
كارلێكی زۆری له‌گه‌ڵ ئیسلام كردوه، به‌ڵام زیاتر له‌سه‌ر ئاستی تاكه‌كان، مه‌به‌ستم
ئه‌و كه‌سایه‌تیه ئیسلامیانه‌ی كه به ڕه‌چه‌ڵه‌ك كوردن، كه ئه‌مانه ڕۆڵی خۆیان
له مێژوی ئیسلامی‌دا بینیوه، جا ئیتر له‌لایه‌نی زانسته ئایینیه‌كانه‌وه بوبێت یان
له‌لایه‌نی سیاسی و سه‌ربازیه‌وه. و له سه‌رده‌مانی ئیسلامیی ڕابردویشدا كورد كۆمه‌ڵێك
میرنشینی و ده‌سه‌ڵاتی ناوچه‌یی پێكه‌وه ناوه كه هه‌رچه‌ند هه‌ندێك جار سودیان بینیوه
له كێشمه‌كێش و په‌یوه‌ندیه‌كان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته ئیسلامیه‌كان، به‌ڵام زۆر جاریش
زیانی گه‌وره‌یان له‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌وه به‌ركه‌وتوه تا ڕاده‌ی ڕوخان و له‌ناوچون.
به‌كورتی: ده‌توانم بڵێم نه ئیسلام به‌ته‌واوی و له هه‌مو قۆناغێكدا سودی له كورد
بینیوه، نه كورد سودێكی ئه‌وتۆی له ئیسلام بینیوه. ئه‌مه له ڕوی سیاسیه‌وه،
ئه‌گه‌رنا له ڕوی كولتوریه‌وه ئیسلام زیانی گه‌وره‌ی له كورد داوه به‌وه‌ی كولتوری
كۆنینه و ڕه‌سه‌نی سڕیوه‌ته‌وه و ڕابردوی خۆیی له‌بیر بردوه‌ته‌وه.
چرکه: دروست بوونی كۆمه‌ڵێك ئه‌حزابی ئیسلامی به‌گشتی
و سه‌له‌فیه‌كان به تایبه‌تی له هه‌رێمی كوردستان ئامانج چی بوو له دروستبونیان؟
سه‌روه‌ر پێنجوێنی: دروست بونی ئه‌و حیزب و ڕێكخستنه
ئیسلامیانه له كوردستاندا، به بڕوای من هه‌ر به‌شێكه له ڕابونی ئیسلامی و بڵاوبونه‌وه‌ی
ڕێكخستنه ئیسلامیه تازه‌بابه‌ته‌كان به جیهانی ئیسلامی‌دا. ئه‌وه‌ی كه پێی ده‌وترێت
ڕابونی ئیسلامی، تایپێكی نوێیه له ئایینداری و بیركردنه‌وه‌ی ئایینی له كۆمه‌ڵگای
ئیسلامدا كه سه‌رچاوه‌كانی بریتین له وه‌ههابیه‌ت وه‌كو ئاڕاسته‌یه‌كی ده‌قپه‌رست
و ڕواڵه‌تگه‌ر و پێشینگه‌ر و توند و مكوڕ له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌كتاپه‌رستی و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی
كولتوره‌كانی تر، ئینجا تیۆریسازیه نوێیه‌كانی مامۆستاكانی ڕابون كه هه‌ندێكی وه‌كو
(سه‌یید قوطب) و (مه‌ودودی) ـن كه هه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای وه‌ههابیه‌ته‌وه بناغه‌ی
بزاڤێكی ئیسلامیی تازه‌بابه‌تیان داناوه كه له ڕه‌فزكردنی كۆمه‌ڵگای نوێ و گه‌شه‌كردنی
سیسته‌مه عه‌لمانیه‌كانیدا به‌رجه‌سته ده‌بێت. ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه باكگراوند و
پاڵنه‌ری فیكریی هه‌مو حیزب و ڕێكخستنه ئیسلامیه‌كانی كوردستانه. ئیتر ئاساییه له
وڵاتێكی موسوڵماننشینی وه‌كو عێراق و كوردستانه‌كه‌یشی هه‌ر له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی
بیسته‌م به‌دواوه ورده‌ورده ڕێكخستن و ته‌وژمی ئیسلامیی سیاسی سه‌رهه‌ڵ بده‌ن و لق‌وپۆپی
كۆمه‌ڵه‌ی ئیخوان موسلیمین بگاته ئێره‌ش. ئینجا دواتریش كاتێك شۆڕشی ئیسلامی له ئێران
به‌رپا ده‌بێت، یان ڕاستتر بڵێین شۆڕش به‌سه‌ر شای ئێران‌دا ده‌كرێت و خومه‌ینی و مه‌لاكانی
تر شۆڕشه‌كه ده‌دزن وه‌كو ئه‌وه‌ی ئێسته له وڵاتانی عه‌ره‌بییش ڕوده‌دات؛ ئینجا
ئیتر ئێرانی ئیسلامی ده‌كه‌وێته هه‌نارده‌كردن (ته‌صدیر) ی شۆڕشه ئیسلامیه شومه‌كه‌ی
خۆی بۆ وڵاتانی ده‌وروبه‌ر، به‌تایبه‌تی بۆ عێراقی ڕژێمه خه‌نیمه‌كه‌ی، بۆیه دروستكردنی
ئۆپۆزیسیۆنی چه‌كداری ئیسلامیانه دژی ڕژێمی عێراق، له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه، له‌م چوارچێوه
و كۆنتێكسته‌دایه. هه‌میشه‌ش ئێران هه‌وڵ ده‌دات له‌م‌دیو كاسه و كه‌وچكی خۆی هه‌بێت،
له هه‌مو شتێك‌دا. بۆیه ده‌توانین دروستبونی حیزب و ڕێكخستنی ئیسلامی له كوردستاندا
بگێڕینه‌وه بۆ لق‌وپۆپه‌كانی ڕابونی ئیسلامی و ئیخوان موسلیمین، له‌گه‌ڵ هه‌وڵه‌كانی
ئێرانی ئیسلامی بۆ هه‌نارده‌كردنی شۆڕشه‌كه‌ی و پشتگیریی له ئۆپۆزیسیۆنێكی ئیسلامیی
چه‌كدار له باكوری عێراقدا كه ببێته بناغه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی وا به ناوچه‌كه‌وه
كه به دڵی خۆیان بێت.
چرکه: ئایا ئیسلامیه‌كانی كوردستان باوه‌ڕیان به
دیموكراسی هه‌یه، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات بگرنه ده‌ست كامه دیموكراسی په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن؟
سه‌روه‌ر پێنجوێنی: ئیسلامیه‌كانی كوردستان به‌شێكیان
پێیان وایه كه دیمۆكراسی گوته‌یه‌كی بێباوه‌ڕانه و ته‌واو نامۆیه به ئیسلام به‌و
پێیه كه گوته‌ی دیمۆكراسی له‌گه‌ڵ گوته‌ی (حاكمیه‌تی خوا و شه‌رع) له ئیسلامدا ناته‌بایه
چونكه بنه‌مای دیمۆكراسی بڕیار و فه‌رمان ده‌گێڕێته‌وه بۆ گه‌ل و جه‌ماوه‌ر.. كه
ئه‌مانه‌ش له واقیعدا به‌ئه‌مه‌كترن بۆ ناسنامه و بنچینه ئیسلامیه‌كه. به‌شێكی
تریشیان دیمۆكراسی له‌خۆ ده‌گرن دوای خاڵیكردنه‌وه‌ی له ماهییه‌ته‌كه‌ی چونكه دیمۆكراسی
ته‌نها به فره‌یی حزبی پێناسه ده‌كه‌ن، چونكه ته‌نها سود له‌مه ده‌بینن، بۆیه
مامه‌ڵه‌یه‌كی پراگماتی له‌گه‌ڵ بنه‌مای دیمۆكراسی و كۆمه‌ڵگای دیمۆكرات ده‌كه‌ن، سود
له‌و بواره ده‌بینن كه پێیان ده‌درێت له كۆمه‌ڵگایه‌كی فڕه‌حیزب و فره‌ڕه‌نگدا به‌ڵام
كاتێك دێته سه‌ر بونی هه‌ندێك ڕه‌نگ و لایه‌نی جیاواز كه له‌لایه‌نی ئایینی و فیكریه‌وه
بۆ ئه‌وان نامۆن؛ ئینجا ئیتر ده‌بینیت ئه‌وان به‌ڕاستی و له جه‌وهه‌ردا باوه‌ڕیان
به دیمۆكراسی نیه.
ئیتر ئیسلامیه‌كان گه‌لێك جار وه‌كو حه‌یزه‌ران
مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پێشهات و ئاسته‌نگه‌كان ده‌كه‌ن: ده‌چه‌مێنه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌شكێن.
خۆیان ده‌گونجێنن، هه‌تا بتوانن درێژه به بونی خۆیان بده‌ن، هه‌تا كۆمه‌ڵگایه‌كیان
بۆ پێك دێت كه بتوانن هه‌مو داواكاریه‌كانی خۆیانی به‌سه‌ردا جێبه‌جێ بكه‌ن. ڕه‌نگه
گه‌لێكیان به بڕوای ته‌واویشه‌وه خۆیان بگونجێنن یان هه‌ر بشگونجێن، به‌ڵام دوای
نه‌مانی ئاسته‌نگه‌كان ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ (عاده‌تی قه‌دیم) ی خۆیان! ڕه‌نگه هه‌مویشیان
نه‌گه‌ڕێنه‌وه، به‌ڵام گرنگه ئه‌وه‌یه ڕه‌وته گشتیه‌كه ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌م ڕه‌وته
گشتیه‌ش هه‌مو كاتێك ده‌بێته ئه‌مری واقیع و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئه‌وانی تریش ده‌بێت
و پشتئه‌ستورتریشه به ده‌ق و بنه‌ما ئایینیه‌كان كه هه‌میشه موسوڵمان وه‌كو كۆڵێكی
قورس هه‌ڵی گرتوه بۆ هه‌ر كوێ بچێت و تا هه‌ر كات بچێت.
چرکه: هۆكاری حه‌رامكردنی چه‌ژنه‌كانی نه‌ته‌وه‌یی
به‌تایبه‌تی چه‌ژنی نه‌ورۆز له لایه‌ن ئه‌حزابه ئیسلامیه‌كان به‌گشتی و سه‌له‌فیه‌كان
به‌تایبه‌تی؟
سه‌روه‌ر پێنجوێنی: هه‌ندێك حیزب و ئاڕاسته‌ی ئیسلامی
تا ڕاده‌یه‌ك لێبورده و گونجاون له‌گه‌ڵ نه‌ورۆز، ئه‌وه‌ش چونكه به‌و ڕاده‌یه‌ی لایه‌نه
ئیسلامیه‌كانی تر توندڕه‌و و ڕه‌سه‌نخواز نین و تا ڕاده‌یه‌كی دیاریكراو نوێخوازی ده‌كه‌ن
و خۆیان له‌گه‌ڵ ئامانجه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ده‌گونجێنن.. به‌ڵام لایه‌ن و گروپه سه‌له‌فی
و سه‌له‌فی ـ جیهادیه‌كان به‌توندی دژی ئه‌م تاكه جه‌ژنه نه‌ته‌وه‌ییه‌ی كورد ده‌وه‌ستنه‌وه
و به ناشیرینكردن و قه‌ده‌غه‌كردن و كوفراندن ڕوبه‌ڕوی ده‌بنه‌وه. ئه‌مه‌ش چه‌ند
هۆكارێكی بنه‌ڕه‌تیی هه‌یه و چه‌ند بڕوبیانویه‌كیشی هه‌یه.. له هۆكاره بنه‌ڕه‌تیه‌كان:
ئه‌وه‌یه كه نه‌ورۆز، ئه‌گه‌رچی وه‌كو ڕه‌گ‌وڕیشه‌ی دو‌ریش بێت، گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌یه
بۆ بیروباوه‌ڕ و داب‌ونه‌ریته زه‌رده‌شتی و ئێرانیه كۆنه‌كان.. هه‌رچه‌ند له كورددا
بوه‌ته جه‌ژنێكی دنیایی و نه‌ته‌وه‌یی و زۆر له ڕه‌گ‌وڕیشه ئایینیه‌كه دور كه‌وتوه‌ته‌وه،
به‌ڵام هه‌تا ئێستاش وه‌كو بیروباوه‌ڕ په‌یوه‌ندیی به ئه‌فسانه‌ی (زوحاك و كاوه‌ی
ئاسنگه‌ر) ه‌وه ماوه، وه‌كو داب‌ونه‌ریتیش په‌یوه‌ندیی سه‌ره‌كیی به ئاگركردنه‌وه‌وه
ماوه كه له چاوی ئاڕاسته ئیسلامیه‌كه‌دا دیمه‌نێكی (ئاگرپه‌رستی) ـه كه پێناسه‌یه‌كی
هه‌ڵه و ناواقیعیی ئه‌وانه بۆ ئایینی زه‌رده‌شتی یان ئایینه ئێرانیه كۆنه‌كه به‌گشتی..
گوێش به‌وه ناده‌ن كه ئێسته به هیچ شێوه‌یه‌ك وه‌كو پیرۆزیی ئایینی بیر له ئاگر
ناكرێته‌وه و ئه‌و مه‌به‌ست و نیازه‌ی تێدا نیه، به‌ڵكو ئێسته ئاگر لای ئێمه به
هیچ شێوه‌یه‌ك و به ڕاده‌ی پیرۆزیی (به‌رده ڕه‌شه‌كه) لای موسوڵمان پیرۆز نیه..
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گه‌وره‌ترین كێشه‌ی ئه‌وان له‌گه‌ڵ نه‌ورۆز ئاگره‌كه‌یه‌تی..
من له هه‌ندێكیانم بیستوه كه وتویانه له‌و ڕۆژه‌دا، بۆ خۆپاراستن له شوبهه، هه‌ر
هیچ ئاگر ناكه‌نه‌وه و ده‌نكه شقارته‌یه‌كیش داناگیرسێنن!! ئینجا ئه‌م گروپه ئیسلامیه
سه‌له‌فی و سه‌له‌فی ـ جیهادیانه، بنه‌مای سه‌ره‌كییان بریتیه له یه‌كتاپه‌رستی،
ئیسلامیش به‌گشتی له‌سه‌ر یه‌كتاپه‌رستی وه‌ستاوه، بۆیه زۆر هه‌ستیارن به هه‌ر شتێك
ئه‌گه‌ر له ڕه‌گ‌وڕیشه‌شدا په‌یوه‌ندیی به ئایینێكی تر یان كولتورێكی كۆنینه‌ی تره‌وه
هه‌بێت. ئه‌مه هۆكاری بنه‌ڕه‌تیه.. هه‌ندێك بڕوبیانویشیان هه‌یه، له‌وانه: ده‌ڵێن
نه‌ورۆز جه‌ژن نیه به‌ڵكو ته‌نها بۆنه‌یه‌كه، به‌و بیانوه‌ی ئه‌وان نه‌ورۆز به جه‌ژنێك
نازانن، چونكه جه‌ژن (عید) لای ئه‌وان جه‌ژنی شه‌رعی ده‌گرێته‌وه، و ده‌ڵێن جه‌ژن
له ئیسلامدا ته‌نها جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان و جه‌ژنی قوربانه. ئه‌مه‌ش ته‌نها بیانوه،
ئه‌گه‌رنا ئێمه داوامان نه‌كردوه نه‌ورۆز به جه‌ژنێكی شه‌رعی ـ كه له ئیسلامدا
دانرابێت ـ دابنرێت، به‌ڵكو ته‌نها ده‌مانه‌وێت جه‌ژنێكی نه‌ته‌وه‌یی دنیایی و سروشتی
بێت. ئینجا هه‌ندێك بڕوبیانوی تری به‌ڕواڵه‌ت زانستی و تازه‌بابه‌تیش ده‌هێننه‌وه،
وه‌كو ئه‌وه‌ی ده‌ڵێن بنه‌ڕه‌تی جه‌ژنه‌كه و ئه‌فسانه‌ی (زوحاك و كاوه‌ی ئاسنگه‌ر)
ته‌نها ئه‌فسانه‌یه.. كه ئه‌مه‌ش ته‌نها بیانوه، چونكه هه‌مو جه‌ژنه كۆن و ڕه‌سه‌نه‌كان
له‌م جۆره ئه‌فسانانه‌یان هه‌یه، جه‌ژنه ئیسلامیه‌كانیش (بۆ نمونه: جه‌ژنی قوربان..)
هه‌میشه په‌یوه‌ندییان به باوه‌ڕێك یان چیرۆكێكی ئایینیه‌وه هه‌یه كه لای مرۆڤی
سه‌ربه‌خۆ ته‌نها به ئه‌فسانه‌یه‌ك پۆلێن ده‌كرێت. بیانویه‌كی تریشیان ئه‌وه‌یه كه
ده‌ڵێن ئه‌م جه‌ژنه جه‌ژنی كورد نیه به‌ته‌نها یان له بنه‌ڕه‌تدا جه‌ژنی فارسه..
كه ئه‌مانه‌ش بیانوی لاوازن: ئێمه‌ش ده‌ڵێن نه‌ورۆز جه‌ژنی هه‌مو گه‌لانی ئێرانیزمانه
نه‌ك ته‌نها كورد به‌ته‌نها یان فارس به‌ته‌نها، به‌ڵام كورد به‌تایبه‌تی كردویه‌تی
به جه‌ژنێكی نه‌ته‌وه‌یی و هێمایه‌كی نه‌ته‌وه‌یی بۆ خۆی، سه‌رباری ئه‌وه‌ی جه‌ژنێكی
سروشتی و كولتورییشه.
چرکه: گه‌شه‌كردنی ئیسلامیه‌كان چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت
له هه‌رێمی كوردستان؟
سه‌روه‌ر پێنجوێنی: گه‌شه‌كردنی ئیسلامیه‌كان له
كورستاندا به‌گشتی له چوارچێوه‌ی بارودۆخی تێكه‌ڵبونه‌وه‌دایه له‌گه‌ڵ وڵاتانی عه‌ره‌بی
و عێراقی ئیسلامی. یه‌كه‌م گه‌شه‌كردنی ئیسلامیه‌كان له كوردستان، له چاوی مندا،
ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و كاته‌ی گه‌لانی عێراق به‌یه‌كجاری ڕزگاریان بو له ڕژێمی دیكتاتۆری
به‌عس، ئیتر حیزبه ئیسلامیه عه‌ره‌بیه‌كانی عێراق هاتنه‌وه بۆ وڵات و ده‌ستیان كرد
به كاری ئاشكرا و نهێنیی خۆیان.. ئیتر له‌و كاته‌وه گوڕ و وزیه‌كی تازه هاتوه‌ته‌وه
ناو حیزب و ڕێكخستنه ئیسلامیه كورده‌كانیش.. چونكه به ڕۆڵ و به‌هێزبونی ـ بۆ نمونه
ـ حیزبی ئیسلامیی عێراقی، یه‌كگرتویش به‌هێز ده‌بێت، به به‌هێزبونی سه‌له‌فیه‌كانی
عێراقیش سه‌له‌فیه‌كانی كورستان به‌هێز ده‌بن، وه‌كو بڵێیت ئه‌وانه‌ی باكور له‌گه‌ڵ
ئه‌وانه‌ی باشور تێكه‌ڵ ده‌بنه‌وه و هێز له یه‌كتر وه‌رده‌گرن، چونکه له‌دوای که‌وتنی
ڕژێمی به‌عثه‌وە ئیسلامیه‌کانی ناوەڕاست و باشور هاتنه‌وە و هاتنه مه‌یدانی کاری ئاشکرا
و، به‌هێز بون و، به‌م شێوەیه‌ش مۆرکێکی ئیسلامی‌یان به‌خشی به عێراق، ئیسلامیه‌کانی
کوردستانیش سودیان له‌م بارودۆخه نوێیه وەرگرت.. ئینجا جارێكی تریش به شۆڕشه عه‌ره‌بیه‌كان
و زاڵبونی ئیسلامیه‌كانی ئه‌و وڵاته عه‌ره‌بیانه به‌سه‌ر شۆڕشه‌كاندا؛ ئیسلامیه‌كانی
كوردستان وزه و گوڕ و تینێكی تازه‌یان بۆ دێت.. بۆیه ده‌توانم بڵێم به‌هێزبونی ئیسلامیه‌كانی
كوردستان په‌یوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆی به به‌هێزبونی ئیسلامیه عه‌ره‌به‌كانی وڵاتانی عه‌ره‌بیه‌وه
هه‌یه.
چرکه: ده‌ڵێن میلله‌تی كورد %95 موسڵمانه كه‌چی
له هه‌ڵبژاردنه‌كان %5 ده‌نگ ناده‌ن به ئه‌حزابی ئیسلامی ئه‌مه بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه
نه‌بوونی متمانه به ئه‌حزابی ئیسلامی یان كێشه‌ی كورد له سه‌ره‌تاوه كێشه‌یه‌كی
ئاینی نه‌بووه؟
سه‌روه‌ر پێنجوێنی: ئه‌گه‌ر ده‌نگده‌ر به حیزبی
ئیسلامی له كورستاندا كه‌مه، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه هێشتا پاڵنه‌ری نه‌ته‌وه‌یی له كورددا
به‌هێزتره له پاڵنه‌ری ئایینی، و هێشتا حیزب و گروپه ئیسلامیه‌كان قۆناغه‌كانی كاری
خۆیان بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی بیری ئایینیی خۆیان له كۆمه‌ڵگادا به‌ته‌واوی نه‌بڕیوه.
ئه‌گه‌رنا ئه‌گه‌ر ئه‌و قۆناغانه ته‌واو بكه‌ن؛ هه‌م ده‌توانن پاڵنه‌ری ئایینی بخه‌نه
جێی پاڵنه‌ری نه‌ته‌وه‌یی له شه‌قامی كوردیدا، هه‌م ئه‌و كاته مه‌سه‌له‌ی متمانه
به حیزبی ئیسلامی ده‌بێته قسه‌یه‌كی زیاده (چونكه ده‌نگدان به حیزبی ئیسلامی له
كۆمه‌ڵگایه‌كی ته‌قلیدیدا مه‌سه‌له‌ی متمانه نیه به‌ڵكو مه‌سه‌له‌ی به‌هه‌شت و دۆزه‌خه!)،
و هه‌م كێشه‌ی تاكی كورد ده‌بێته كێشه‌ی ئایین و سنور و حوكمه‌كانی ئایین. له‌به‌ر
ئه‌وه هۆكاری بنه‌ڕه‌تیی ئه‌و حاڵه‌ته له جه‌وهه‌ردا ئه‌وه‌یه كه ئیسلامیه‌كان
هێشتا نه‌یانتوانیوه هه‌مو جه‌ماوه‌ر بهێننه سه‌ر بڕوا و پابه‌ندبونه ئایینیه‌كانی
خۆیان.
چرکه: ئه‌و ڕووداوانه‌ی له وڵاتانی عه‌ربی روویان
دا كه به به‌هاری عه‌ربی ناوده‌برێ له به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی هه‌ژاره یان ئیسلامیه‌كان؟
سه‌روه‌ر پێنجوێنی: له ڕاستیدا و له بنه‌ڕه‌تدا
ئه‌و شۆڕشه عه‌ره‌بیانه شۆڕشی گه‌وره و وه‌رچه‌رخانی گه‌وره‌ن و هۆشیاربونه‌وه‌ی
كۆمه‌ڵگای عه‌ره‌بین و به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌مو هاوڵاتیانیان تێدایه، به‌ڵام وه‌كو ڕه‌وشت
و پیشه‌ی هه‌میشه‌ییان ئیسلامیه‌كان هه‌مو هه‌لێك به‌كه‌ڵك ده‌هێنن بۆ هێنانه‌وه‌كایه‌ی
به‌ندوباوه‌كانی خۆیان، بۆیه خۆیان زاڵ ده‌كه‌ن به‌سه‌ر شۆڕشه‌كاندا و سوار ملی خۆپێشاندانه‌كان
ده‌بن و خاڵییان ده‌كه‌نه‌وه له مانا و مه‌غزا و ئامانجی ڕاسته‌قینه‌یان و له خۆپێشاندانێكی
جه‌ماوه‌ری و ئامانجی ئازادیه‌وه ده‌یانگۆڕن بۆ ئینقیلابی ئیسلامی و ئامانجه ئایینیه
ته‌سكه‌كانی خۆیان. هه‌ر بۆیه به‌داخه‌وه ئه‌وه‌ی به پله‌ی یه‌كه‌م به‌ری ئه‌و شۆڕشانه
ده‌چنێته‌وه ئیسلامیه‌كانن، ئه‌وه‌ی شۆڕش ده‌بات بۆ خۆی و ده‌یكاته ڕۆژی خۆی و هه‌لی
جوڵه و چالاكیه ناڕێك و سنوربه‌زێنه‌كانی خۆی؛ به‌ره‌ی ئیسلامیه‌كانه كه هه‌مو
ئامڕاز و هۆكار و بوار و هه‌لێك بۆ ئامانجه تایبه‌تیه‌كانی خۆیان به‌كه‌ڵك ده‌هێنن.
تاك و گروپی باوه‌ڕدار هه‌ر وان: هه‌مو شتێك له ڕوانگه‌ی باوه‌ڕ و ئامانجه‌كانی خۆیانه‌وه
ده‌بینن و ته‌نها ئه‌وه‌نده نرخی ئه‌و شتانه ده‌زانن كه چه‌نده خزمه‌ت به‌و ئامانجه
باوه‌ڕگه‌ره‌ی ئه‌وان ده‌كه‌ن. بۆیه ده‌توانین بڵێین ئه‌نجامه‌كانی ئه‌و شۆڕشانه
به‌پێچه‌وانه‌ی ئامانجی یه‌كه‌می ئه‌و شۆڕشانه ده‌كه‌ونه‌وه: ئامانجی یه‌كه‌م ئازادی
بو، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كه‌ی زه‌وتكردنی ئازادی ده‌بێت به شێوه‌یه‌ك ڕه‌نگه پێشینه
و هاوشێوه‌ی نه‌بوبێت، ئامانجی یه‌كه‌م له‌ناوبردنی گه‌نده‌ڵی بو؛ به‌ڵام ئه‌نجامه‌كه‌ی
گه‌نده‌ڵیی زیاتر و جۆراوجۆرتر ده‌بێت به شێوه‌یه‌ك كه ڕه‌نگه شتی وا نه‌بینرابێت.
به‌ڵام ئیتر ئه‌ركی تاك و گروپ و هێزه لیبڕاڵ و نوێخوازه‌كانه ڕۆڵی خۆیان ببینن بۆ
ئه‌وه‌ی قسه و هه‌ڵوێستی جیاوازیان هه‌بێت و ئامانجه‌كانی شۆڕش بپارێزن و ئه‌و كێشمه‌كێشه‌ی
كه هه‌ر ده‌بێت ڕو بدات به بارێكدا ئاڕاسته بكه‌ن كه له به‌رژه‌وه‌ندیی داهاتوی
مرۆڤ و مافه‌كانی و ئازادیه‌كانی و تواناكانی بێت نه‌ك كۆمه‌ڵێك بیروباوه‌ڕ و داب‌ونه‌ریتی
ته‌قلیدی و دیاریكراو كه هێزه ئایینیه‌كان پاسه‌وانییان ده‌كه‌ن.
چرکه: به‌م دواییانه کۆمه‌ڵێک هه‌ڕه‌شه له به‌ڕێزتان
کرا، ده‌کرێت بپرسین هۆکاری ئه‌م هه‌ڕه‌شانه چی بو؟ و به کوێ گه‌یشت؟
سه‌روه‌ر پێنجوێنی: ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی له من كراون؛
وه‌كو خۆیان به‌رده‌وامن، چونكه له ڕاستیدا هیچ هه‌نگاوێكی كرده‌یی نه‌نراوه بۆ
ڕێگرتن له‌و هه‌ڕه‌شانه یان لێپێچینه‌وه له‌و كه‌سانه، بۆیه ئه‌و مه‌ترسیه‌ی له‌سه‌ر
ژیان و ئاسایشی نوسه‌ری وه‌كو ئێمه هه‌یه؛ هه‌مو كاتێك واقیعێكه به‌ده‌ورماندا ده‌سوڕێته‌وه..
به‌ڵام له ڕاستیدا من گوێم به‌و هه‌ڕه‌شانه نه‌داوه و له‌سه‌ر كاری خۆم و هێڵی زانستیی
خۆم به‌رده‌وامم.. نه هه‌ڕه‌شه و نه سوكایه‌تی و نه هیچ جۆره په‌ستانێك، ناتوانێت
من سارد بكاته‌وه یان هه‌تا وام لـێ بكات ئه‌و ئاڕاسته زانستی و هێواشه‌ی كه هه‌مه
بگۆڕم و بكه‌ومه هه‌ڵوێستێك كه بۆنی كاردانه‌وه و ئیستیفزاز و سوكایه‌تیی لـێ بێت.
ده‌رباره‌ی هۆكاری ئه‌و هه‌ڕه‌شانه، ده‌كرێت بڵێم به‌گشتی باجی ده‌ستبردنه بۆ (پیرۆز)،
ده‌ستبردن بۆ (پیرۆز) و بیروباوه‌ڕ، ئه‌گه‌ر به به‌رزترین ئاستی ڕه‌خنه و لێكۆڵینه‌وه‌ش
بێت؛ له كۆمه‌ڵگای دواكه‌وتودا باجی خۆی هه‌یه. هه‌مو وه‌رچه‌رخان و گۆڕانكارییه‌كیش
له بیروباوه‌ڕی چه‌سپاوی خه‌ڵكدا، باجی خۆی هه‌یه. ئیتر كۆمه‌ڵێك هێزیش هه‌ن خۆیان
به پاسه‌وانی ئه‌و باوه‌ڕه پیرۆزانه ده‌زانن، چونكه سودیشیان لـێ ده‌بینن. له‌گه‌ڵ
ئه‌وانه‌شدا ده‌بێت بڵێم خه‌ڵكانێك هه‌ن كه نه‌ك هه‌ر ڕه‌خنه به‌ڵكو سوكایه‌تی به
هێما ئایینیه‌كان ده‌كه‌ن، منیش به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان باجی ئه‌وه‌ش ده‌ده‌م،
چونكه ئه‌وانه بیانویان داوه به ده‌سته‌وه بۆ ناشیرینكردن و به‌هانه‌گرتن به
لێكۆڵینه‌وه ڕه‌خنه‌ییه‌كانی ئێمه‌مانانیش.