کورته‌ی مێژوی مزگێنی
"أحمد" یان "دڵخۆشی"؟!
ئایا له ئینجیلی لوکادا مژده به هاتنی (ئه‌حمه‌د) هه‌یه؟
"أحمد" یان "دڵخۆشی"؟!
ئایا له ئینجیلی لوکادا مژده به هاتنی (ئه‌حمه‌د) هه‌یه؟
سه‌روه‌ر پێنجوێنی
له‌دایكبونی یه‌شوع و دیمه‌نی هاتنه‌خواره‌وه‌ی فریشته‌كان و سروده‌که‌یان:
"شكۆمه‌ندی بۆ خوا له ئاسمانه‌كان، و ئاشتی به‌سه‌ر زه‌ویدا باڵ بكێشێت، و دڵخۆشی بۆ مرۆڤه‌كان"
"شكۆمه‌ندی بۆ خوا له ئاسمانه‌كان، و ئاشتی به‌سه‌ر زه‌ویدا باڵ بكێشێت، و دڵخۆشی بۆ مرۆڤه‌كان"
به‌پێی بیری ئیسلامی، گوایه له ده‌قه یه‌هودی و مه‌سیحیه‌کاندا، واته ده‌قه‌كانی (په‌یمانی كۆن) (العهد القدیم) و (په‌یمانی نوێ) (العهد الجدید)، ناوی (محمد) و (أحمد) به‌ڕونی هاتوه، به‌ڵام له‌لایه‌ن یه‌هودی و مه‌سیحیه‌كانه‌وه كوێر كراوه‌ته‌وه و به شێوازی جیاواز لێك دراوه‌ته‌وه، و گوایه وه‌رگێڕه‌كان به وردی ئه‌و ده‌قانه وه‌رناگێڕن و واتا ڕاسته‌قینه‌كه ده‌شارنه‌وه.. بۆ نمونه ده‌ڵێن: له (ئینجیلی لوکا) دا مژده دراوه به هاتنی موحه‌ممه‌د و ئاماژه‌ی بۆ کراوه به ناوی (أحمد) به‌ڵام گوایه مه‌سیحیه‌کان به‌هه‌ڵه یان بۆ شاردنه‌وه‌ی مزگێنیه‌که به شتێکی تر وه‌ریان‌گێڕاوه. كه لێره‌وه درێژه‌ی ئه‌مه و ڕاستیی بابه‌ته‌كه ڕون ده‌كه‌ینه‌وه:
ده‌قێكی ئینجیل كه له ئه‌ده‌بیاتی ئیسلامیی نوێ‌دا به‌زۆره‌ملێ ده‌كرێته مزگێنی به هاتنی موحه‌ممه‌د، ئه‌و ده‌قه‌ی (ئینجیلی لوكا) یه كه له باسی له‌دایكبونی (یه‌سوع) دا باسی دیمه‌نی هاتنه‌خواره‌وه‌ی فریشته‌كان بۆ زه‌وی به‌بۆنه‌ی ئه‌و له‌دایكبونه‌وه ده‌كات و ده‌ڵێت ئه‌و فریشتانه وتویانه: (شكۆمه‌ندی بۆ خوا له ئاسمانه‌كان، و ئاشتی به‌سه‌ر زه‌ویدا باڵ بكێشێت، و دڵخۆشی بۆ مرۆڤه‌كان) (ئینجیلی لوكا: ٢: ١٤). ڕونه ئه‌م ده‌قه باس له چی ده‌كات: سرودێكی فریشته‌كانه به‌بۆنه‌ی له‌دایكبونی مه‌سیحه‌وه، كه له كۆتاییه‌كه‌یدا ده‌ڵێت (و دڵخۆشی بۆ مرۆڤه‌كان)، كه به عه‌ره‌بی به (وبالناس المَسَرَّة) یاخود (وفي الناس بهجة) وه‌رگێڕدراوه. به‌ڵام نوسه‌ره ئیسلامیه‌كان ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ش به مزگێنی لێك ده‌ده‌نه‌وه و ده‌ڵێن واتا ڕاسته‌قینه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه بوترێت (وللناس أحمد)، واته ("ئه‌حمه‌د" یش بۆ خه‌ڵك)، واته گوایه ئه‌و (دڵخۆشی) ـه‌ی كه له وه‌رگێڕانه‌كاندا هاتوه هه‌ڵه‌یه و واتا ڕاسته‌قینه‌كه (أحمد) ه. كه ئه‌م بیروڕایه ڕه‌نگه یه‌كه‌م جار (عبد الأحد داوود) دایهێنابێت كه پێشتر مه‌سیحی بوه و دوتر موسوڵمان بوه. دواتریش ڕونی ده‌كه‌ینه‌وه كه ده‌سته‌واژه‌كه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به (أحمد) ه‌وه نیه.
تێڕوانینی ڕه‌خنه‌یی
ئه‌وه‌ی خستمه ڕو یه‌كێكه له‌و مزگێنیانه‌ی كه به زۆرملێ و به شێواندنی ده‌قه‌كانی ئینجیل ساز كراون، و لێكدانه‌وه‌یه‌که كه (عبد الأحد داوود) [كه قه‌شه‌یه‌كی نێستۆریی ناوچه‌ی ورمێ بو و دواتر موسوڵمان بو] بۆ هه‌ڵكڕاندنی مزگێنییه‌ك كردویه‌تی بۆ ده‌قێكی (ئینجیلی لوكا).
ده‌قه‌كه‌ی (ئینجیلی لوكا) له باسی له‌دایكبونی (یه‌سوع) دا هاتوه و له دیمه‌نی هاتنه‌خواره‌وه‌ی فریشته‌كان بۆ زه‌وی به‌بۆنه‌ی ئه‌و له‌دایكبونه‌وه ده‌دوێت و ده‌ڵێت ئه‌و فریشتانه وتویانه: (شكۆمه‌ندی بۆ خوا له ئاسمانه‌كان، و ئاشتی به‌سه‌ر زه‌ویدا باڵ بكێشێت، و دڵخۆشی بۆ مرۆڤه‌كان) (ئینجیلی لوكا: ٢: ١٤). به‌م پێیه‌ش ده‌قه‌كه ـ وه‌كو له كۆنتێكستیشه‌وه دیاره بۆ كه‌سێك ده‌قه‌كه هه‌موی بخوێنێته‌وه ـ سرودێكی فریشته‌كانه به‌بۆنه‌ی له‌دایكبونی مه‌سیحه‌وه، كه له كۆتاییه‌كه‌یدا ده‌ڵێت (و دڵخۆشی بۆ مرۆڤه‌كان) [ده‌قاوده‌ق: (و دڵخۆشی له‌ناو مرۆڤه‌كاندا)]، به عه‌ره‌بییش به (وبالناس المَسَرَّة) یاخود (وفي الناس بهجة) وه‌رده‌گێڕدرێت. به‌ڵام لێكدانه‌وه ئیسلامیه‌كه، كه له شێواندن و (ته‌حریف) ێك زیاتر نیه، ده‌ڵێت: له بریی ئه‌وه‌ی بوترێت (و دڵخۆشی له‌ناو مرۆڤه‌كاندا) ده‌بێت بوترێت (و "ئه‌حمه‌د" بۆ خه‌ڵك ـ یان بۆ مرۆڤه‌كان) (وللناس "أحمد")! به‌م پێیه‌ش گوایه وشه‌ی (دڵخۆشی) به‌هه‌ڵه وه‌رگێڕدراوه و له ڕاستیدا مه‌به‌ست (أحمد) ه كه ئاماژه‌یه بۆ پێغه‌مبه‌ری ئیسلام. لێره‌دا ڕونه كه كێشمه‌كێشه‌كه له‌سه‌ر ئه‌و وشه گریکیه‌یه كه واتای (دڵخۆشی) ده‌دات و لێكدانه‌وه ئیسلامیه‌كه ده‌ڵێت به واتای (أحمد) ه. ڕسته‌كه له ده‌قه گریکیه‌كه‌دا (كه ئینجیلی لوكا له بنه‌ڕه‌تیشدا هه‌ر به گریکی نوسراوه)، ده‌ڵێت:
(ئین ئه‌نثرۆپۆیس یودۆكیا)
ἐν ἀνθρώποις εὐδοκία
مه‌به‌ست له (ئه‌نثرۆپۆیس) ἀνθρώποις مرۆڤه به نێر و مێوه (ڕاڤه‌مه‌نده‌كان وا ده‌ڵێن، مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌یه وشه‌كه به‌گشتی به واتای مرۆڤه، و له‌و وشانه نیه كه بۆ واتای مرۆڤ به‌كاردێت و له بنه‌ڕه‌تدا به واتای "پیاو" ه)، ئه‌مه كێشه‌ی تێدا نیه، كێشه‌كه‌مان له‌سه‌ر وشه‌ی (یودۆكیا) εὐδοκία یه كه لێكدانه‌وه ئیسلامیه‌كه به (أحمد) وه‌ریگێڕاوه.. با بزانین ئه‌و وشه‌یه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به (أحمد) ه‌وه هه‌یه؟له بنه‌ڕه‌تدا فرمانی (یودۆكیۆ) εὐδοκἐω كه (٢١) جار له ده‌قی گریکیی په‌یمانی نوێ‌دا هاتوه، واتای (پێی دڵخۆش ده‌بێت، پێی باش ده‌بێت، لێی ڕازی ده‌بێت) ده‌گه‌یه‌نێت كه كۆمه‌ڵێك واتای لێكنزیكن. لێره‌وه ناوی (یودۆكیا) εὐδοκία كه (٩) جار له ده‌قی په‌یمانی نوێ‌دا هاتوه (٢٦ جاریش له ده‌قی گریکیی سێپتوه‌جینت "السبعينية" دا هاتوه که وه‌رگێڕانی گریکیی "په‌یمانی کۆن" ـه)، واتای (دڵخۆشی، حه‌زپێكردن، پێباشبون، ئاواتبون) ده‌گه‌یه‌نێت كه كۆمه‌ڵێك واتای لێكنزیكن و واتای بنه‌ڕه‌تییش هه‌ر (دڵخۆشبون) یاخود (دڵپێخۆشبون) ـه و له‌مه‌وه واتاكانی تر گه‌شه‌یان كردوه، له‌م واتا گه‌شه‌كردوانه ئه‌وه‌یه كه وشه‌كه به واتای (خواست و ویست) و (حه‌ز) و (پلان) و (ویست و نه‌خشه‌ی خوایی) و (خواستی مرۆڤه‌كان) یش دێت، به‌ڵام وشه‌كه هه‌ر وه‌كو وشه‌یه‌كی گشتییش ده‌مێنێته‌وه به واتای (دڵخۆشی) و (دڵپێخۆشبون)، بۆیه به عه‌ره‌بییش به (مَسَرَّة) وه‌رده‌گێڕدرێت، به ئینگلیزییش زیاتر به pleasure و فرمانی pleased داده‌نرێته‌وه(١). واتای ده‌قاوده‌قی ڕسته گریکیه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه: (وله‌نێو [ده‌قاوده‌ق: له، له‌ناو] مرۆڤه‌كاندا دڵخۆشی [ببێت])، ئه‌مه‌ش واته به‌شێك له‌و سروده‌ی كه گوایه فریشته‌كان وتویانه ئاواتخواستنی دڵخۆشی بوه له‌ناو خه‌ڵكدا به‌بۆنه‌ی له‌دایكبونی مه‌سیحه‌وه. به‌ڵام ئه‌وه‌نده هه‌یه لێكدانه‌وه مه‌سیحیه لاهوتیه‌كه به‌م چه‌مكه ساده‌یه ڕازی نابێت و ده‌یه‌وێت بڵێت "مه‌به‌ستی ده‌قه‌كه له به‌كارهێنانی وشه‌ی (یودۆكیا) به واتای خواست ئاماژه‌كردنه به واتای ویستی خوایی و ده‌قه‌كه به‌گشتی له‌و خه‌ڵكانه ده‌دوێت كه خوا هه‌ڵی بژاردون و ویستونی بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ مه‌سیحدا بیانبات بۆ ڕزگاری و شانشینیی ئاسمان، به‌م پێیه‌ش سرودی فریشته‌كان ڕاگه‌یاندنی هاتنی مه‌سیح بوه". هه‌رچه‌ند ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه پشت ئه‌ستوره به به‌كارهێنانێكی وشه‌ی (یودۆكیا) له ده‌ستنوسه‌كانی ده‌ریای مردودا به واتای (ویست و هه‌ڵبژاردنی خوایی)(٢)؛ به‌ڵام پێم وایه ده‌رهێنانی ئه‌و واتایه له ده‌قه‌كه شتێكی ئه‌سته‌مه، چونكه ده‌قه‌كه لێره‌دا وشه‌ی (ئه‌نثرۆپۆیس) ἀνθρώποις به‌كار ده‌هێنێت كه زۆر گشتیه و كۆمه‌ڵێكی هه‌ڵبژێردراو ناگرێته‌وه، ئینجا ئامڕازی ἐν (له، له‌ناو، له‌نێو) ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه ئه‌و (یودۆكیا) یه هه‌مویان ده‌گرێته‌وه، له كاتێكدا ئه‌و ده‌قانه‌ی ده‌ریای مردو (ده‌ستنوسه‌كانی قومران) ده‌سته‌واژه‌ی وا له‌گه‌ڵ (یودۆكیا) دا به‌كارده‌هێنن كه تایبه‌تكردنی تێدایه، وه‌كو ئه‌وه‌ی ده‌قێكیان ده‌ڵێت: "ڕۆڵه‌كانی (یودۆكیا) یه‌ك [واته خواستێكی باش]"، واته "ئه‌وانه‌ی زاده‌ی خواست و په‌سه‌ندكردنێك (ی خوایی) ی باشن"، هه‌روه‌ها ده‌قێكی تریان ڕاشكاوانه ده‌ڵێت: "ئه‌وانه‌ی به (یودۆكیا) یه‌ك [واته: خواستێكی باش] هه‌ڵ بژێردراون"، لێره‌دا (هه‌ڵبژاردن) به سه‌ربه‌خۆیی له (یودۆكیا) هاتوه، مه‌به‌ستیشی ئه‌وه‌یه ئاماژه بكات بۆ ئه‌وانه‌ی به خواست و په‌سه‌ندكردنێك (ی خوایی) ی باش هه‌ڵ بژێردراون(٣). ئه‌مه سه‌باره‌ت به لێكدانه‌وه مه‌سیحیه ئایدیۆلۆجیاییه‌كه، سه‌باره‌ت به لێكدانه‌وه ئیسلامیه هاوتاكه‌یشی(!)، وا دێته به‌رچاوم (عبد الأحد داوود) كاتێك بینیویه‌تی هه‌ندێك جار وشه‌ی (یودۆكیا) له گه‌یاندنی واتای (په‌سه‌ندكردن) نزیك ده‌بێته‌وه؛ لێره‌وه ئه‌م واتای (په‌سه‌ندكردن) ـه‌ی له‌گه‌ڵ واتای (ستایشكردن) دا به‌راورد كردوه كه له ناوی (أحمد) و (محمد) دا هه‌یه، له كاتێكدا ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش بسه‌لمێنین وشه‌ی (یودۆكیا) به واتای (په‌سه‌ندكردن) هاتبێت له ده‌قه‌كه‌دا؛ هێشتا واتای (په‌سه‌ندكردن) جیاوازه له (ستایشكردن) و ناكرێت تێكه‌ڵ بكرێن و له‌جێی یه‌كتر دابنرێن، به‌ڵكو (په‌سه‌ندكردن) زیاتر له (هه‌ڵبژاردن) ـه‌وه نزیكه كه ده‌بێته به‌رامبه‌ری (اختيار) و (اصطفاء) و (اجتباء) ی عه‌ره‌بی، لێره‌وه ئه‌گه‌ر ناوبراو له‌بریی (أحمد) وشه‌ی (مصطفى) ی به‌كاربهێنایه كه به‌پێی داب‌ونه‌ریتی ئیسلامی نازناوێكی پێغه‌مبه‌ری ئیسلامه؛ هێشتا باشتر بو واته كه‌متر دور بو له ڕاستیه‌وه.. كه له ڕاستیدا ئه‌وه‌ش هه‌ر ڕێی تێناچێت، چونكه وشه گریکیه‌كه هیچ كاتێك بۆ خۆی به واتای (هه‌ڵبژاردن) به‌كار نه‌هاتوه، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ وشه‌یه‌كی تردا به واتای (هه‌ڵبژاردن) هه‌ندێك جار به‌كاردێت (واته: حه‌زپێكردن ته‌نها هۆكاری هه‌ڵبژاردنه‌كه‌یه بۆیه له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردندا باس ده‌كرێت)، به‌ڵكو له واتاكانی (دڵخۆشی، دڵپێخۆشبون، حه‌زپێكردن) ده‌رناچێت، كاتێكیش ده‌وترێت به واتای (په‌سه‌ندكردن) و (خواستن) دێت ئه‌وه هه‌ر نمونه‌یه‌كی واتای (حه‌زپێكردن) ـه نه‌ك (هه‌ڵبژاردن). ئینجا ئه‌گه‌ر گریمان وشه‌كه به واتای (هه‌ڵبژێردراو) یش بێت هێشتا مه‌به‌سته‌كه ڕون نیه و مه‌سیحیه‌كانیش ده‌توانن بڵێن "مه‌به‌ستی (مه‌سیحی هه‌ڵبژێرداو) ی ئێمه‌یه". ئینجا به‌پێی ئه‌و ڕاڤه‌یه‌ی كه نوسه‌ری ناوبراو ده‌یكات بۆ وشه‌كه، ده‌رده‌كه‌وێت كه ناوبراو فرمانی (یودۆكیۆ) εὐδοκἐω ی به‌راورد یان هاوواتا كردوه له‌گه‌ڵ وشه‌یه‌كی تردا كه لێكچونیان هه‌یه و هه‌ردوكیان پشت به ڕیشه‌ی δοκἐω ده‌به‌ستن، كه ئه‌ویش وشه‌ی دۆكسا δόξα یه كه له بنه‌ڕه‌تدا به واتای (شكۆمه‌ندی) و (ڕێز) دێت، به‌ڵام فراوانتریش به‌كاردێت وه‌كو واتای ستایشكردن یان په‌رستن (له‌سه‌ر ئه‌و شكۆمه‌ندیه)، واته به واتای شكۆمه‌ندی و ستایشكردنی شكۆمه‌ندییش دێت. لێره‌وه ناوبراو دێت (یودۆكیا) εὐδοκία له ڕێگه‌ی (دۆكسا) δόξα وه ڕاڤه ده‌كات (بۆ ئه‌وه‌ی بیبه‌ستێته‌وه به "محمد" و "أحمد" ه‌وه)، كه ئه‌وه‌ش تێكه‌ڵكردنی واتای وشه‌كانه به‌بێ پاساو، چونكه ئه‌وه‌ی كه هه‌ردو وشه‌كه پشت به ڕیشه‌ی (دۆكیۆ) δοκἐω ده‌به‌ستن نابێته پاساوی ئه‌وه‌ی به واتای یه‌كتر لێك بدرێنه‌وه: ڕیشه‌ی (دۆكیۆ) δοκἐω به‌گشتی واتای (ده‌ركه‌وتن) یاخود (به‌شێوه‌یه‌ك ده‌ركه‌وتن) ی تێدایه، كاتێك ناوێكی وه‌كو (دۆكسا) δόξα لێ داده‌ڕێژرێت واتای ده‌ركه‌وتنێكی تایبه‌تی وه‌رده‌گرێت، بۆیه لێره‌وه (دۆكسا) واتای شكۆمه‌ندیی وه‌رگرتوه، چونكه شكۆمه‌ندی بریتیه له ده‌ركه‌وتنێكی گه‌وره و تایبه‌تی یان ده‌ركه‌وتنێكی ڕون و ئاشكرا (ده‌ركه‌وتنێك كه نكولیی لێ ناكرێت. وه‌كو چۆن به كه‌سێكی به‌ڕێز و شكۆدار ده‌وترێت: هه‌یه، یان ده‌وترێت: كه‌سێكی دیاره)، به‌ڵام له حاڵه‌تی فرمانی (یودۆكیۆ) εὐδοκἐω و ناوی (یودۆكیا) εὐδοκία دا، پێشگری (ی‌و) εὐ ڕۆڵ ده‌بینێت كه واتای (باش) ده‌دات، ئه‌و كاته فرمانی (یودۆكیۆ) εὐδοκἐω كه ده‌كاته (باش + ده‌رده‌كه‌وێت) واتای (پێی باش ده‌بێت، لێی ڕازی ده‌بێت) و ئینجا (پێی دڵخۆش ده‌بێت) ده‌دات به ده‌سته‌وه. به‌ڵام نوسه‌ری ناوبراو كاتێك له كتێبی (الإنجیل والصلیب) دا ڕاڤه‌ی تایبه‌تیی خۆی بۆ ده‌قه‌كه ده‌خاته‌ڕو به شێوه‌یه‌ك واتاكان تێكه‌ڵ ده‌كات كه جیا ناكرێنه‌وه، له‌وه‌شدا پشت به‌وه ده‌به‌ستێت كه دڵنیایه خوێنه‌ره‌كانی هیچ له گریکی نازانن، ئینجا خۆیشی له واتای بنه‌ڕه‌تیی ڕیشه‌ی (دۆكیۆ) δοκἐω بێ‌ئاگا ده‌كات و ده‌ڵێت ئه‌و وشه‌یه‌م نه‌بینیوه له ده‌قێكدا به‌كار هاتبێت(!)، له كاتێكدا ئه‌گه‌ر له واتای ئه‌و ڕیشه‌یه به‌ئاگا بێت یان خۆی بێ‌ئاگا نه‌كات ده‌زانێت كه ته‌نها واتای (ده‌ركه‌وتن) هاوبه‌شه له‌نێوان هه‌ردو وشه‌كه‌دا نه‌ك (ستایش) كه یه‌كێكه له واتا لاوه‌كی و گه‌شه‌كردوه‌كانی وشه‌ی دوه‌م (دۆكسا).
ئه‌نجام
ناوی (یودۆكیا) به واتای (دڵپێخۆشبون) ـه و ناكرێت له‌گه‌ڵ (دۆكسا) دا تێكه‌ڵ بكرێت كه (ستایش) یه‌كێكه له واتاكانی. ئینجا له‌لایه‌كی تره‌وه وشه‌كه ناوه نه‌ك سیفه‌ت، واته به واتای (حه‌زپێكردن) و (په‌سه‌ندكردن) دێت نه‌ك (حه‌زپێكراو) و (په‌سه‌ندكراو)، بۆیه هیچ ڕێی تێناچێت وشه‌كه به (أحمد) و (محمد) و (مصطفى) لێك بدرێته‌وه، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر گریمان وشه‌كه واتای (ستایش) یشی تێدا بێت هه‌ر به واتای (ستایشكردن) ده‌بێت نه‌ك (ستایشكراو)، یان ئه‌گه‌ر گریمان واتای (هه‌ڵبژاردن) ی تێدا بێت به هه‌مان واتای (هه‌ڵبژاردن) ده‌بێت نه‌ك (هه‌ڵبژێردراو). ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه (عبد الأحد داوود) هیچ پاساوێكی نیه بۆ دانانی (أحمد) له‌بریی (محمد)، وشه گریکیه‌كه‌ش ناوی كرداره (دڵخۆشكردن) و ئاوه‌ڵناو (صفة) ی كه‌سێك نیه چ جای ئاوه‌ڵناوی به‌راورد (أحمد). سه‌رباری ئه‌وه‌ی فێڵی سه‌ره‌كیی ناوبراو له‌وه‌دایه كه ئامڕازی (ئین) ἐν ی به (بۆ) یان (له‌به‌ر خاتری) وه‌رگێڕاوه، له كاتێكدا ئه‌و ئامڕازه (كه به‌رامبه‌ری in ی ئینگلیزیه) به واتای (له، له‌ناو، له‌نێو) ه (هه‌رچه‌ند ئێمه پێشتر ده‌قه‌كه‌مان به "دڵخۆشی بۆ مرۆڤه‌كان" وه‌رگێڕا، كه ئه‌وه وه‌رگێڕانێكی ئه‌ده‌بیه و ده‌قاوده‌ق نیه، ئه‌مه‌ش چونكه "دڵخۆشی له مرۆڤه‌كاندا" هه‌رچه‌ند ده‌قاوده‌قه به‌ڵام ڕون نیه، هه‌رچه‌ند وه‌رگێڕانه عه‌ره‌بیه‌كان هه‌ر ئه‌م شێوازه ده‌قاوده‌قه‌یان هه‌ڵ بژاردوه: "وبالناس المَسَرَّة"، "وفي الناس بهجة")، به‌م پێیه‌ش واتای (ئین ئه‌نثرۆپۆیس) ἐν ἀνθρώποις بریتی نیه له (بۆ مرۆڤه‌كان) وه‌كو ناوبراو ده‌یه‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی واتای ڕسته‌كه بكاته (ئه‌حمه‌د بۆ مرۆڤه‌كان) واته (موحه‌ممه‌د وه‌كو پێغه‌مبه‌رێك بۆ مرۆڤایه‌تی)، به‌ڵكو بریتیه له (له مرۆڤه‌كاندا) یان (له‌ناو مرۆڤه‌كاندا) یان (له‌نێو خه‌ڵكدا) كه واتاكه‌ی ڕونه: دڵخۆشی له‌ناو مرۆڤه‌كاندا (وه‌كو چۆن ده‌وترێت: خێروخۆشی له‌ناو خه‌ڵكدا بڵاوبوه‌ته‌وه). ئه‌و كاته (ئه‌حمه‌د له‌ناو مرۆڤه‌كاندا) هیچ واتایه‌كی نیه، به‌لای كه‌مه‌وه ئه‌و واتایه‌ی نیه كه داكۆكیكاره ئیسلامیه‌كان ده‌یانه‌وێت، به‌ڵكو ئه‌و كاته ده‌قه‌كه چه‌مكی (ئه‌حمه‌د) به‌ناو هه‌مو (مرۆڤه‌كان) دا بڵاو ده‌كاته‌وه! واته ده‌یكاته حاڵه‌تێكی گشتی، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه ده‌سته‌واژه‌ی (ئه‌حمه‌د له‌ناو مرۆڤه‌كاندا) واتایه‌كی ئه‌وتۆی نیه و ڕونی ناكاته‌وه ئه‌حمه‌د له‌ناو مرۆڤه‌كاندا چیه، بۆیه ناوبراو خۆی له‌م كێشه‌یه په‌ڕاندوه‌ته‌وه به‌وه‌ی (له‌ناو) ی گۆڕیوه به (بۆ)، ئه‌و كاته (ئه‌حمه‌د بۆ مرۆڤه‌كان) تا ڕاده‌یه‌ك واتای هه‌یه، هه‌رچه‌ند له‌چاو واتا بنه‌ڕه‌تیه‌كه‌دا له (ته‌حریف) ێك زیاتر نیه. ئه‌مه‌ش وام لێ ده‌كات زیاتر سور بم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ده‌ڵێم: نوسه‌ره ئیسلامیه‌كان خۆیان ده‌قه یه‌هودی و مه‌سیحیه‌كان ته‌حریف ده‌كه‌ن!
په‌راوێز:
(١) ده‌رباره‌ی ئه‌م وشه‌یه له ده‌قه گریکیه‌كه‌دا، بڕوانه: فيربروج، فرلين د.، القاموس الموسوعي للعهد الجديد. دار الكلمة، القاهرة، الطبعة الأولی، ٢٠٠٧. ص. ٢٥١.
(٢) هه‌مان سه‌رچاوه و شوێن.
(٣) بڕوانه: هه‌مان سه‌رچاوه و شوێن.