عه‌لمانیه‌ت و زڕه عه‌لمانیه‌ت!
سه‌روه‌ر پێنجوێنی
چه‌مکی "عه‌لمانیه‌ت" یه‌كێکه له چه‌مکه گرفتاویهکان، هه‌ر له پێناسه‌کردنه‌وه گرفت هه‌ڵده‌گرێت هه‌تا باسی ڕه‌وایه‌تیی پرۆسێسی بهعهلمانیکردن و باسوخواسی پێویستی و گونجاویی عه‌لمانیه‌ت له‌نێوان ئورۆپا و جیهانی ئیسلامی‌دا. پێشتر ئه‌م دو بابه‌ته‌م له‌سه‌ر هه‌مان چه‌مك و گرفته‌کانی نوسیوه: (عه‌لمانیه‌ت گرفتی زاراوه و پێناسه‌كردن)، (عه‌لمانیه‌ت له‌نێوان ئیسلام و مه‌سیحیه‌تدا). له‌م وتاره‌شدا هه‌وڵ ده‌ده‌م هه‌ندێك تێکه‌ڵکردن و چه‌مكی هه‌ڵه ده‌رباره‌ی (عه‌لمانیه‌ت) و ڕژێمی (عه‌لمانی) ڕاست بكه‌مه‌وه که ئێسته زۆر باویان سه‌ندوه.
عه‌لمانیه‌ت و ڕژێمی سیاسی
ڕۆشنبیر و نوسه‌ره ئیسلامیه‌كان، كاتێك باس له ڕژێمه نائیسلامیهكانی وڵاتانی موسوڵمان‌نشین و وڵاتانی تری دنیا ده‌كه‌ن، به شێوه‌یه‌ك باسیان لێ ده‌كه‌ن كه ئه‌وانه به‌رجه‌سته‌كه‌ری نمونه‌یی عه‌لمانیه‌تن.. لێره‌وه كاتێك ئه‌و ڕژێمانه گه‌نده‌ڵ و سته‌مكار و دیكتاتۆری ده‌بن؛ لای ئه‌و ڕۆشنبیره ئیسلامیانه ئه‌و گه‌نده‌ڵی و سته‌مكاری و دیكتاتۆریه له‌سه‌ر بنه‌مای (عه‌لمانیه‌ت) حسێب ده‌كرێت و ده‌ڵێن ئه‌و ڕژێمه عه‌لمانی بو بۆیه وا بو! هه‌ر له‌م بابه‌ته وتیان (تونس عه‌لمانی بو)! ئه‌مه‌ش یانی دیكتاتۆریی (بن عه‌لی) خه‌تای ئه‌وه بو كه عه‌لمانی بو! به‌ڵكو ده‌رباره‌ی میسریش كه‌سی وامان بینی بڵێت میسری عه‌لمانی وا ده‌ڕوخێت، ئه‌مه‌ش به‌و مه‌به‌سته ده‌وترێت كه دیكتاتۆریی (حوسنی موباره‌ك) ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ عه‌لمانیه‌ت.. به‌ڵكو گوێم له ڕۆشنبیری ئیسلامیی وا بوه كه وتویه‌تی (خۆ صهددامیش عه‌لمانی بو)!
ئه‌وه‌ش شتێكی ئاشكرا و مه‌ئلوفه كه ڕۆشنبیره ئیسلامیه‌كانی ئه‌م هه‌رێمه هه‌میشه (یه‌كێتی و پارتی) یان به به‌رجه‌سته‌كه‌ری عه‌لمانیه‌ت داناوه و هه‌ر گه‌نده‌ڵی و زۆرداری و كه‌موكوڕییه‌ك له ده‌سه‌ڵاتی كوردیدا هه‌یه له‌سه‌ر بنه‌مای (عه‌لمانیه‌ت) به خاڵ حسێب ده‌كه‌ن! ئه‌مه‌ش چه‌نده تێنه‌گه‌شتنه له چه‌مكی عه‌لمانیه‌ت، دو ئه‌وه‌نده لافوگهزافی ئه‌وه‌یه كه گوایه حیزب و قه‌واره و حكومه‌تی ئیسلامی گه‌نده‌ڵی و زۆرداری و كه‌موكوڕیی تێ ناكه‌وێت، كه ئه‌مه‌ش مێژوی ئیسلامیی كۆن و نوێ به‌درۆی ده‌خاته‌وه.
بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌م چه‌مكه هه‌ڵه‌یه، ده‌بێت ئه‌وه بیر بخه‌ینه‌وه كه چه‌مكی عه‌لمانیه‌ت له بنه‌ڕه‌تدا ته‌نها چه‌مكێكی نه‌رێنی (سلبي) ـه كه ته‌نها له نه‌رێکردن (سلب) یاخود (نفي) ی (ئایین) ه‌وه دێته كایه، واته بریتیه له (نائایینیبون).. جا نائایینیبونی گشتی بێت، كه له چه‌مكی (عه‌لمانیه‌ت) ی گشتیدا به‌رجه‌سته ده‌بێت، یان ته‌نها (نائایینیبونی ده‌وڵه‌ت) بێت كه ئه‌مه‌یان مه‌به‌سته له باسوخواسه سیاسیه‌كاندا. ئیتر هه‌ر ئه‌وه‌نده ئه‌و سیسته‌مه (ئایینی نه‌بێت)؛ ده‌بێته (عه‌لمانی). ئیتر ئه‌و سیسته‌مه دیمۆكرات بێت یان دیكتاتۆری، گه‌نده‌ڵ بێت یان شه‌ففاف بێت، ئه‌مه په‌یوه‌ندیی به چه‌مكی عه‌لمانیه‌ته‌وه نیه.. چونكه عه‌لمانیه‌ت ته‌نها ڕه‌خساندنی بواره بۆ مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ی له‌لایه‌نی ئایینه‌وه ئازاد بێت و ده‌سه‌ڵاتی ئایینێك و ئایینزایه‌كی به‌سه‌ره‌وه نه‌بێت كه كۆتوبه‌ند له‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌ی دابنێت.. ئیتر ئه‌گه‌ر دوایی سیسته‌مه‌كه دیكتاتۆری بێت یاخود گه‌نده‌ڵ بێت یان دیمۆكرات بێت یاخود شه‌ففاف بێت؛ ئه‌مه ته‌نها ته‌جه‌للی و ده‌ركه‌وتنی جیهانی فره‌ڕه‌نگی مرۆڤه.. كه له سیسته‌مێكی ئایینی (ناعهلمانی) یشدا هه‌مان جیهانی فره‌ڕه‌نگی مرۆڤ ڕه‌نگ ده‌داته‌وه، له ڕژێمه ئایینیه‌كانیشدا دیكتاتۆری و گه‌نده‌ڵی و سته‌مكاری هه‌یه، ڕژێمی ئایینییش هه‌یه ئازادی و یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ریی تێدا به‌رجه‌سته ده‌بێت (هیچ نه‌بێت بۆ كۆمه‌ڵگاكه‌ی خۆی). كه‌واته مه‌رج نیه ڕژێمی ئایینی (ناعهلمانی) و عه‌لمانی (نائایینی) هه‌میشه دیكتاتۆری و گه‌نده‌ڵ و سته‌مكار بێت یان هه‌میشه دیمۆكرات و شه‌ففاف و دادپه‌روه‌ر بێت.. به‌ڵكو ئه‌وه ده‌كه‌وێته‌وه سه‌ر پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگا و هه‌ڵسوكه‌وتی ده‌سه‌ڵاتدار و تا چ ڕاده‌یه‌ك دڵسۆزه بۆ بنه‌ماكان یان كار به به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی ده‌كات. ده‌توانین باسی ئه‌وه بكه‌ین ڕژێمی عه‌لمانی سته‌م له گروپه ئایینیه‌كان ناكات و ئازادی بۆ هه‌مو ئایینه‌كان دابین ده‌كات، له‌به‌رامبه‌ریشه‌وه ڕژێمی ئایینی له زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌كاندا سته‌م له هه‌ندێك گروپی ئایینی ده‌كات و ئازادی بۆ ئایینه جیاوازه‌كان دابین ناكات.. به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێین كه مه‌رج نیه هه‌ر ڕژێمێكی عه‌لمانی هه‌مو مافێك بۆ هاوڵاتیان دابین بكات و ئازادیه‌كانیان بپارێزێت، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ بنه‌مای عه‌لمانیه‌تدا بنه‌ماكانی تری وه‌كو (دیمۆكراسی) و (مافی مرۆڤ) و (دادپه‌روه‌ری) به‌رقه‌رار نه‌بن.
هه‌موشمان ئه‌وه ده‌زانین كه هه‌میشه "بنه‌ما" (مبدأ) جیاوازه له‌گه‌ڵ "جێبه‌جێكردن" (تطبیق). كاتێك له جێبه‌جێكردندا ناپاكی ده‌كرێت یان مه‌به‌ستی تایبه‌تی ڕۆڵ ده‌بینێت ئه‌مه نابێت له‌سه‌ر بنه‌ما حسێب بكرێت.
ئیسلامیه‌كان بۆ خۆیان هه‌ر به‌م شێوه‌یه پاساو ده‌هێننه‌وه كاتێك باسی سته‌مكاری و دیكتاتۆری و گه‌نده‌ڵیی ڕژێمێكی ئیسلامی بدرێته‌وه به ڕویاندا، و ده‌ڵێن ئه‌وه كاری مرۆڤه نه‌ك ئیسلام، و ده‌ڵێن هه‌ڵه‌ی فه‌رمانڕه‌وایه نه‌ك بنه‌ما (مبدأ) ه‌كانی شه‌ریعه‌تی ئیسلام.. به‌ڵام كاتێك باسی ڕژێمێكی نائیسلامی یاخود نائایینی ده‌كه‌ن به هه‌لی ده‌زانن هه‌مو كه‌موكوڕی و عهیبوعارێكی ئه‌و ڕژێمه له‌سه‌ر بنه‌مای عه‌لمانیه‌ت حسێب بكه‌ن! زۆر سه‌یره!
عه‌لمانیه‌ت و به‌عه‌لمانیكردن
بۆ زیاتر ڕاستكردنه‌وه‌ی تێگه‌شتن له چه‌مكی عه‌لمانیه‌ت، ده‌بێت جیاوازیی نێوان (عه‌لمانیه‌ت) و (به‌عه‌لمانیكردن) ڕون بكه‌ینه‌وه.. (عه‌لمانیه‌ت) (العلمانیة) Secularism به‌گشتی بریتیه له حاڵه‌تی (دنیاییبون) یاخود (نائایینیبون)، ئینجا ئه‌وه حاڵه‌تی ده‌وڵه‌ت یاخود كۆمه‌ڵگا بێت، یان حاڵه‌تی حیزبێك یاخود گروپێك بێت، یان حاڵه‌تی تاكه‌كه‌سێك بێت.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه بریتیه له (به‌عه‌لمانیكردن) (العَـلْمَنة) Secularization وه‌كو كردار، نه‌ك ته‌نها (عهلمانیبون) یاخود (دنیاییبون). كه لێره‌دا مه‌به‌ست (به‌عه‌لمانیكردنی ده‌وڵه‌ت) یان (به‌عه‌لمانیكردنی كه‌شی گشتیی كۆمه‌ڵگا) یه.
لێره‌وه (یه‌كێتی) و (پارتی) دو حیزبی عه‌لمانین، به‌و مانایه‌ی حیزبی ئایینی نین، به‌ڵكو حیزبی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانین، و ئامانجیان ئایینی نیه و، سه‌ركرده‌كانیان پیاوی ئایینی نین.
به‌ڵام ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت كه ئایدیۆلۆجیای (عه‌لمانیه‌ت) لای ئه‌و دو حیزبه ستراتیج و ئامانجی گرنگ بێت، و مه‌رج نیه (به‌عه‌لمانیكردن) وه‌كو كردار جێبه‌جێ بكه‌ن و وه‌كو ئامانجێكی گرنگ و مه‌بده‌ئیانه كاری بۆ بكه‌ن.
یه‌كێتی و پارتی، وه‌كو هه‌ر هێزێكی تر كه مامه‌ڵه‌ی سیاسی له‌گه‌ڵ ته‌وژمه‌كانی كۆمه‌ڵگا ده‌كات، به شێوه‌یه‌ك مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئایین و ئایینداری ده‌كه‌ن كه له لایه‌نی سیاسیه‌وه زیانی نه‌بێت و سودیشی هه‌بێت.. له‌م سۆنگه‌یه‌وه و بۆ ئه‌وه‌ی ئایینداری له لایه‌نی سیاسیه‌وه زیانی نه‌بێت؛ ئه‌و دو حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره به‌م شێوه‌یه هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ن:
ا. هه‌وڵیان داوه چالاكیی حیزبه ئیسلامیه‌كانی كوردستان سنوردار بكه‌ن (كه پاڵنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌مه‌ش پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی سیاسیه، و زۆر جاریش پاراستنی ئه‌زمونی عه‌لمانی وه‌كو دروشم به‌كار دێت.. به‌ڵگه‌ی ئه‌م حاڵه‌ته‌ش ئه‌وه‌یه نه‌ك ته‌نها حیزبه ئیسلامیه‌كان، به‌ڵكو هه‌وڵ دراوه چالاكی و بونی حیزبه بچوكه‌كانی تریش سنوردار بكرێت، جگه‌له‌مه‌ش له‌لایه‌كی تریشه‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌ن سود له جۆرێكی تری ئایینداری ببینن بۆ هه‌مان مه‌به‌ستی ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی حیزبه ئیسلامیه‌كان، كه ئه‌مه "ئامانجی عه‌لمانیه‌ت" ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه).
ب. یان هه‌وڵیان داوه ئه‌و حیزبه ئیسلامیانه له‌خۆ بگرن و ئیحتیوایان بكه‌ن (كه ئه‌م له‌خۆگرتن و ئیحتیواكردنهش سودی بۆ حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار هه‌یه به‌ڵام زۆر جار زیانی بۆ ڕه‌وتی به‌عه‌لمانیكردنی ده‌وڵه‌ت هه‌یه).
جـ. له‌لایه‌كی تریشه‌وه بره‌و ده‌ده‌ن به (ئیسلامی شه‌عبی) وه‌كو به‌دیلێك بۆ ئیسلامی سیاسی، و بۆ ده‌ستخستنی ڕه‌وایه‌تی و پشتگیریی جه‌ماوه‌ری ئاییندار، لێره‌وه پشتگیریی ته‌ریقه‌ت و شێخ و مه‌لا خاوه‌ن جه‌ماوه‌ره‌كان ده‌كه‌ن.. ئه‌مه‌ش هه‌موی زیان ده‌دات له ڕه‌وتی پرۆسه‌ی (به‌عه‌لمانیكردن)، و نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه ئه‌و دو حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره هه‌ڵگری ڕاسته‌قینه‌ی په‌یامی عه‌لمانیه‌ت نین و (به‌عه‌لمانیكردن) پڕۆژه‌یان نیه.
ئینجا ئه‌و دو حیزبه وه‌كو دو حیزبی نه‌ته‌وه‌یی، ئایین ئاماده‌یی هه‌یه له باكگراوندی كار و سیاسه‌تیاندا، بۆیه له‌گه‌ڵ (ئیسلامی شه‌عبی) دا هه‌ماهه‌نگن و گه‌ڕانه‌وه‌یان هه‌یه بۆ كولتوری باو، به دابونه‌ریتی ئایینییشه‌وه. ئه‌مه‌ش كارێك ده‌كات خودی (عهلمانیبون) ی خۆیشیان له لایه‌نی جه‌وهه‌ریه‌وه بكه‌وێته بازنه‌ی گومانه‌وه.
عه‌لمانیه‌ت و ده‌سه‌ڵات
له زۆر وڵات ده‌بینین، ڕژێمێكی نائایینی یان نائیسلامی، به هه‌مو شێوه‌یه‌ك گروپ و حیزبه ئیسلامیه‌كان ڕاو ده‌نێت و ڕێگه به بون و چالاكبونیان نادات و قه‌ده‌غه‌یان ده‌كات. من ناڵێم هه‌مو ڕژێمێك بێخه‌م بێت له كار و چالاكیی ڕێكخستنه ئیسلامیه‌كان و ڕێگه‌یان پێ بدات به هه‌مو لایه‌كدا بێن و بچن و ببنه گه‌مه‌ی هێزه‌كانی ده‌وروبه‌ر.. به‌ڵام كاتێك ده‌بینین ڕژێمێك به هه‌مو شێوه‌یه‌ك ڕێكخستنه ئیسلامیه‌كان سه‌ركوت ده‌كات و له بنه‌ڕه‌تیشدا ئازادیی سیاسی له وڵات‌دا بونی نیه و ڕژێمهكهش به هه‌مو شێوه‌یه‌ك پشتگیری له ئایینداریی میللی و ده‌سه‌ڵاتی پیاوانی ئایینی ده‌كات ئه‌گه‌ر سه‌ر به ڕژێم بن و، ڕێگه‌ش ده‌دات به گه‌شه‌كردنی بێسنوری هه‌ر گروپێكی ئیسلامی كه سه‌روسه‌ودای سیاسیی نه‌بێت، و به‌ڵكو ڕێگه‌ش ده‌دات به ته‌شه‌نه‌كردنی عه‌قڵی ئایینی به‌ناو داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌تدا به‌و مه‌رجه‌ی بیر له دژایه‌تیی ڕژێمه‌كه نه‌كرێته‌وه؛ ئیتر تێ ده‌گه‌ین كه ئامانجی له ڕاوه‌دونانی ڕێكخستنه ئیسلامیه‌كان ته‌نها پاراستنی كورسی و به‌رژه‌وه‌ندیی سیاسیه، و (پاراستنی ئه‌زمونی عه‌لمانی) ته‌نها دیكۆر و دروشمه و هیچی تر. نابێت ئه‌م زڕه عهلمانیهتانه به عه‌لمانیه‌تی نمونه‌یی حسێب بكه‌ین.
عه‌لمانیه‌ت و ناسیۆنالیزم
له هه‌ندێك وڵاتی تر، وه‌كو توركیا، عه‌لمانیه‌ت په‌یوه‌سته به ناسیۆنالیزم و بیری نه‌ته‌وه‌یی ده‌مارگیره‌وه، و ده‌بێته به‌شێك له ئایدیۆلۆجیای نه‌ته‌وه‌یی كه دژایه‌تیی ئایین به ئامانجێكی نه‌ته‌وه‌یی ده‌زانێت و له هه‌مان كاتیش‌دا ڕژێمه‌كه سته‌م له كه‌مایه‌تیه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیش ده‌كات.. بۆیه زاراوه‌یه‌ك هه‌یه بۆ ناونانی ئه‌م جۆره عه‌لمانیه‌ته، ئه‌ویش (عه‌لمانیه‌تی فاشیست) ـه. بۆیه ئاساییه كه ئه‌م جۆره عه‌لمانیه‌ته ته‌نها جیاكردنه‌وه‌ی ئایین و ده‌وڵه‌ت و (ئازادكردنی ئایینداری) نه‌بێت و سه‌ربكێشێت بۆ سه‌ركوتكردنی ئایین و ئایینداره‌كان. ئه‌مه‌ش ئیتر پێناسه‌ی ڕه‌سه‌نی عه‌لمانیه‌ت له‌ده‌ست ده‌دات. بۆیه ناكرێت بۆ سیسته‌مێكی له‌م جۆره بڕوانین ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت سیسته‌مێكی عه‌لمانیی نمونه‌یی ڕاسته‌قینه ببینینه‌وه.