لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك ده‌رباره‌ی ئه‌و (١١) شوێنه‌ی قورئان
كه ـ به‌پێی هه‌واڵێكی لای سیجیستانی له كتێبی (المصاحف) ـ
حه‌ججاج گۆڕیونی
حه‌ججاج گۆڕیونی
سه‌روه‌ر پێنجوێنی
ئیمام (ئیبن ئه‌بی داوودی سیجیستانی) (230 ـ 316 ك. ) له كتێبی (المصاحف) دا، له دو جێگه‌دا گێڕانه‌وه‌یه‌كی تۆمار كردوه كه باس له (11) ده‌سته‌واژه‌ی قورئان ده‌كات كه حه‌ججاج له نوسینه‌وه و ده‌ركردنی موصحه‌فدا كه به فه‌رمان و سه‌رپه‌رشتیی ئه‌و كراوه گۆڕیونی و چاكی كردون [هه‌رچه‌ند له ڕاستیدا ئه‌وه‌ی که به‌گشتی تازه بوه له‌و کاره‌دا که حه‌ججاج سه‌رپه‌رشتیی کردوه؛ زیادکردنی نوخته "إعجام" بوه (له‌م گێڕانه‌وه‌یه‌شدا که ئێسته باسی ده‌که‌ین؛ گۆڕانکاریه‌کان هه‌ندێکیان هه‌ر په‌یوه‌ندیی به نوخته‌وه هه‌یه: خاڵی ٣ و تا ڕاده‌یه‌کیش ٤)، ورده‌کاریی ئه‌و کاره‌شی به دو زانای نه‌حو و قیرائات سپاردوه: نه‌صری کوڕی عاصیم، له‌گه‌ڵ یه‌حیای کوڕی یه‌عمور (که هه‌ردوکیان قوتابیی "ئه‌بولئه‌سوه‌دی دوئه‌لی" بون)، ئه‌سڵی کاره‌که‌ش به داوای خه‌لیفه عه‌بدولمه‌لیک بوه.. به‌ڵام حه‌ججاج ئه‌نجامی داوه و سه‌رپه‌رشتیی کردوه.. ئه‌بێت ئه‌وه‌ش بزانرێت که حه‌ججاجیش یه‌کێک بوه له (حافیظ قورئان) ه مه‌شهوره‌کانی زه‌مانی خۆی و له بواری قیرائه‌تدا جێگه‌ی خۆی هه‌یه و ئه‌ویش له هه‌ندێک شوێندا قیرائه‌تی خۆی و "ئیختیارات" ی خۆیی هه‌یه.. بۆیه سه‌یر نیه که ئه‌و کاره به‌و سپێردرابێت و سه‌یر نیه پێشنیاره‌کانیشی کاریان پێ کرابێت.. دواییش ده‌بینین که له خاڵی ٤هه‌مدا (آتيكم بتأويله) به‌پێی خوێندنه‌وه‌ی خودی حه‌ججاج و یه‌حیای کوڕی یه‌عموریش هه‌ر وا خوێنراوه‌ته‌وه!! که‌واته حه‌ججاجیش له هه‌ندێک شوێندا قیرائه‌تی خۆی هه‌یه، هه‌رچه‌ند ئه‌مه شتێکی سه‌یره که به‌پێی گێڕانه‌وه‌که حه‌ججاج و یه‌حیای کوڕی یه‌عمور به شێوه‌یه‌ک ئه‌و شوێنه‌یان چاک کردوه که پێچه‌وانه‌ی ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه که دراوه‌ته پاڵیان..]..
له هه‌ردو جێگه‌كه‌دا هه‌واڵه‌كه قسه‌ی كه‌سێكه به ناوی (عه‌وفی كوڕی ئه‌بو جه‌میله) (عوف بن أبی جمیلة)، یان ڕه‌نگه دوای ئه‌میش "ڕاوی" ی تر هه‌بێت و باس نه‌کرابێت. جا له جێگه‌ی یه‌كه‌مدا كه بابێكه به ناونیشانی (باب ما كتب الحجاج بن یوسف فی المصحف)، (ئیبن ئه‌بی داوود) له (ئه‌بو حاتیمی سیجیستانی) ـه‌وه، ئه‌میش له (عه‌ببادی كوڕی صوهه‌یب) ـه‌وه، ئه‌میش له (عه‌وفی كوڕی ئه‌بو جه‌میله) ـه‌وه، ده‌یگێڕێته‌وه. له جێگه‌ی دوه‌میشدا كه په‌ره‌گرافێکه به ناوی (ما غیر الحجاج فی مصحف عثمان)، (ئیبن ئه‌بی داوود) هه‌واڵه‌كه له كتێبی (التنزیل) ی باوكیه‌وه ده‌گێڕێته‌وه، كه باوكی وتویه‌تی: (عه‌ببادی كوڕی صوهه‌یب) بۆی گێڕاوینه‌وه، له (عه‌وفی كوڕی ئه‌بو جه‌میله) وه. هه‌رچه‌ند ڕه‌نگه ئه‌و دو ناونیشانه ("باب ما كتب الحجاج بن یوسف فی المصحف" و "ما غیر الحجاج فی مصحف عثمان") له بنچینه‌ی ده‌ستنوسدا نه‌بوبێت، واته ڕه‌نگه ئه‌و دو ناونیشانه له دانانی ئیبن ئه‌بی داوود خۆی نه‌بێت، چونکه له هه‌ندێک چاپی کتێبه‌که‌دا نین..
له هه‌ردو گێڕانه‌وه‌كه‌دا، (عه‌وفی كوڕی ئه‌بو جه‌میله) ده‌ڵێت: حه‌ججاج (11) شوێنی له موصحه‌فه‌كه‌ی عوثماندا گۆڕیوه (أن الحجاج بن یوسف غیّر فی مصحف عثمان أحد عشر حرفا)، ئه‌مانه‌ش ئه‌و (11) شوێنه‌ن:
1. (لم يتسن وانظر) به‌بێ هاء، كردویه‌تی به {لم یتسنه} [البقرة: 259] به هائه‌وه.
2. (شریعة ومنهاجا)، كردویه‌تی به {شرعة ومنهاجا} [المائدة: 48].
3. (هو الذي ینشركم)، كردویه‌تی به {یسیركم} [یونس: 22].
4. (أنا آتیكم بتأویله)، كردویه‌تی به {أنا أنبئكم بتأویله} [یوسف: 45].
5. له سوره‌تی (المؤمنون) دا سێ جار (لله) هه‌بوه، دو جاری دوه‌میانی كردوه به (الله).
6-7. (من المخرجین) له چیرۆكی (نوح) دا، كردویه‌تی به {من المرجومین} [الشعرا‌ء: 116]، و (من المرجومین) له چیرۆكی (لوط) دا، كردویه‌تی به {من المخرجین} [الشعرا‌ء: 167].
8. (نحن قسمنا بینهم مَعَایِشَهُمْ)، كردویه‌تی به {مَعِیشَتَهُمْ} [الزخرف: 32].
9. (من ما‌ء غیر یاسن)، كردویه‌تی به {من ما‌ء غیر آسن} [محمد: 15].
10. (فالذین آمنوا منكم واتقوا له‌م أجر كبیر)، كردویه‌تی به {وأنفقوا} [البقرة: 195].
11. (وما هو علی الغیب بظنین)، كردویه‌تی به {بضنین} [التكویر: 24](1).
سه‌ره‌تا ده‌بێت بڵێین كه هه‌واڵه‌که هه‌واڵێكی ده‌گمه‌ن و سه‌یره و ته‌نهایه، و ده‌بوایه له سه‌رچاوه‌كانی تریشدا دوپات بكرایه‌ته‌وه ئه‌گه‌ر بنچینه‌یه‌كی زۆر چه‌سپاوی هه‌بێت. دوای ئه‌وه له‌سه‌ر سه‌نه‌ده‌كه‌یشی قسه هه‌یه: سه‌نه‌ده‌كه‌ی به زۆر لاواز داده‌نرێت، به تایبه‌تی له‌به‌ر (عه‌ببادی كوڕی صوهه‌یب) كه به (مه‌تروك) داده‌نرێت له گێڕانه‌وه‌ی حه‌دیثدا. هه‌ندێك كه‌س بۆ خۆڕزگاركردن له سه‌ره‌نجامی ئه‌م گێڕانه‌وه‌یه زاده‌ڕه‌وییش ده‌كات و ئیمام (ئیبن ئه‌بی داوود) یش به لاواز داده‌نێت، بۆ نمونه: ئه‌و قسانه ده‌هێنێته‌وه كه له باوكی (واته "ئه‌بو داوود") ـه‌وه هاتون ده‌رباره‌ی، كه گوایه باوكی وتویه‌تی (عه‌بدوڵڵای كوڕم درۆزنه)! (ابنی عبد الله كذاب)! له هه‌ندێك كه‌سی تریشه‌وه، وه‌كو (ئیبراهیمی ئه‌صفه‌هانی)، هه‌مان قسه ده‌گێڕنه‌وه. به‌ڵام قسه‌كه‌ی باوكی ئه‌گه‌ر ڕاستیش بێت قسه‌ی وای وتبێت؛ به‌و واتایه لێك ده‌درێته‌وه كه قسه‌ی ڕۆژانه‌ی شتی ناڕاست و پێچ‌وپه‌نای تێدایه نه‌ك گێڕانه‌وه‌ی حه‌دیث، جگه‌له‌وه‌ی هه‌رچی له‌و بابه‌ته دراوه پاڵ باوكی؛ كاتی گه‌نجیی ئیبن ئه‌بی داوود ده‌گرێته‌وه نه‌ك كاتی گه‌وره‌بونی. ئینجا كه‌سانێكیش، وه‌كو (ئیبن صاعید)، ئه‌و قسانه‌یان په‌ره پێ داوه كه ناسراون به دوژمنایه‌تیی (ئیبن ئه‌بی داوود)، بۆیه قسه‌كانیان ده‌رباره‌ی ئه‌و وه‌رناگیرێن. جگه له هه‌مو ئه‌وانه‌ش تۆمه‌تبار كراوه به (نصب) واته ڕق له عه‌لی و ئالی به‌یت، ئه‌مه‌ش هۆكارێكه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ندێك كه‌س به خراپی باسیان كردوه. ئه‌گه‌رنا (ئیبن ئه‌بی داوود) لای زاناكانی ئیسلام به (ئیمام) و (حافیظ) و (الثقة) داده‌نرێت، به‌ڵكو (ئه‌بو موحه‌ممه‌دی خه‌للال) وتویه‌تی: له باوكی (واته "ئه‌بو داوود") حیفظی زیاتره(2).
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا كه ده‌وترێن له‌سه‌ر سه‌نه‌دی گێڕانه‌وه‌كه؛ ئه‌گه‌ری هه‌یه هه‌واڵه‌كه بنچینه‌ی هه‌بێت، چونكه زۆربه‌ی ئه‌و شوێنانه‌ی باسی ده‌كات ناكۆكیی نێوان موصحه‌فه‌كانی تێدایه، و به زۆری شوێنه‌كه و ده‌ستكاریكردنه‌كه هه‌ردوكیان له خوێندنه‌وه‌كان و موصحه‌فه‌كاندا گه‌یشتون، و جاری وا هه‌یه بنچینه‌كه یان ده‌ستكاریكردنه‌كه په‌یوه‌ندیی به موصحه‌فی عێراقیه‌كان و خوێندنه‌وه‌ی به‌صڕه‌ییه‌كان یان به‌صڕه‌یی و كوفه‌ییه‌كانه‌وه هه‌یه، زۆربه‌ی جاران ئه‌وه‌ی كه ده‌ڵێت ئه‌نجامی ده‌ستكاریی حه‌ججاج بوه؛ ئه‌وه له موصحه‌فی ئێسته‌دا ده‌بینینه‌وه، به‌و پێیه‌ی ئه‌وه‌ی له موصحه‌فی سه‌ره‌کی (المصحف الإمام) دا هه‌بوه؛ شتێکی تر بوه. له‌به‌ر ئه‌وانه دیاره هه‌واڵه‌كه بنچینه‌ی هه‌یه، ناڵێم له ڕوی مێژوییه‌وه ده‌سه‌لمێت، به‌ڵام ئه‌و شتانه‌ی كه باسیان ده‌كات ڕه‌گ‌وڕیشه و بنچینه‌یان هه‌یه، و بێ گومان چاكسازیی له‌و جۆر كراوه، ڕه‌نگه ئه‌م هه‌واڵه‌ش شتێكمان پێ بڵێت ده‌رباره‌ی سروشت و شێوازی ئه‌و چاكسازیانه‌ی كه كراون كاتی ده‌ركردنی موصحه‌فی ستاندارد.
به‌م شێوه‌یه دانه‌دانه قسه له‌سه‌ر ئه‌و شوێنانه ده‌كه‌م كه به‌پێی هه‌واڵه‌كه حه‌ججاج گۆڕیونی:
1. (لَمْ يَتَسَنَّ) ــ گوایه گۆڕیویه‌تی بۆ ئه‌مه‌ی له موصحه‌فی ئێسته‌دا هه‌یه: (لَمْ يَتَسَنَّهْ) (البقرة: 259)
پێش هه‌مو شتێك هائه‌كه ته‌نها بۆ له‌سه‌ر وه‌ستان و نه‌فه‌وتانی فه‌تحه‌ی نونه‌كه‌یه ئه‌گه‌رنا له بنه‌ڕه‌تی وشه‌که نیه. ئینجا حه‌مزه و كیسائی و یه‌عقوب و خه‌له‌ف (ئه‌مانه هه‌مو قیرائه‌تی موته‌واتیرن) و شوعبه و یه‌زیدی و ئه‌عمه‌ش له كاتی گه‌یاندندا هائه‌كه‌یان نه‌خوێندوه‌ته‌وه. ئینجا طه‌لحه‌ی كوڕی موصه‌رریف له هه‌ردو حاڵه‌تی گه‌یاندن و نه‌گه‌یاندندا به‌بێ هائه‌كه خوێندویه‌تیه‌وه. جا ڕه‌نگه حه‌ججاج موصحه‌فێكی له‌به‌ر ده‌ستدا بوبێت كه وشه‌ی (یتسنه) [یه‌ته‌سه‌ننه‌هـ] هائه‌كه‌ی بۆ نه‌نوسرابێت و حه‌ججاجیش بۆ ئه‌وه‌ی وشه‌كه به‌پێی خوێندنه‌وه‌ی زۆرینه بنوسرێت له نوسیندا كردویه‌تی به (یتسنه) یانی هائه‌كه‌ی بۆ نوسیبێت.
2. (شَرِیعَةً ومنهاجا) ــ گوایه گۆڕیویه‌تی بۆ ئه‌مه‌ی له موصحه‌فی ئێسته‌دا هه‌یه: (شِرْعَةً ومنهاجا) (المائدة: 48)
به‌پێی زانیارییه‌ك (شریعةً) لێره‌دا خوێندنه‌وه‌ی ئیبن مه‌سعود بوه. ئه‌گه‌ر هه‌واڵه‌كه ڕاست بێت ڕه‌نگه موصحه‌فی به‌رده‌ستی حه‌ججاج له‌و شوێنه‌دا به‌پێی ئه‌وخوێندنه‌وه‌یه نوسرابێت و حه‌ججاجیش چاكی كردبێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌پێی خوێندنه‌وه‌ی زۆرینه بێت.
3. (هو الذي یُنَشِّرُكُمْ) ـ گوایه گۆڕیویه‌تی بۆ ئه‌مه‌ی له موصحه‌فی ئێسته‌دا هه‌یه: (هو الذي یُسَیِّرُكُمْ) (یونس: 22).
هه‌رچه‌ند (ینشركم) و (یسیركم) له نوسینی بێنوخته‌ی موصحه‌فدا جیاوازییه‌كی زه‌قیان نیه، به‌ڵام له ڕاستیدا له موصحه‌فی بنه‌ڕه‌تی (موصحه‌فی ئیمام) ی عێراق و موصحه‌فه‌كانی تردا جگه له موصحه‌فی شام، وشه‌كه به (یسیركم) هاتوه هه‌ر وه‌كو موصحه‌فی ئێسته، كه ئه‌وه خوێندنه‌وه‌ی زۆرینه‌ی حه‌وته‌كه‌یه: ئه‌بو عه‌مر و نافیع و ئیبن كه‌ثیر و عاصیم و حه‌مزه و كیسائی. ئه‌مه‌ش خوێندنه‌وه‌یه‌كی په‌سه‌نده. به‌ڵام یه‌كێك له حه‌وته‌كه كه ئیبن عامیر، له‌گه‌ڵ ئه‌بو جه‌عفه‌ر و یه‌عقوب (كه ئه‌مانه‌ش به موته‌واتیر حسێبن)، له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌ی تر: زه‌یدی كوڕی ثابیت و حه‌سه‌نی به‌صره‌یی و ئه‌بولعالیه و زه‌یدی كوڕی عه‌لی و عه‌بدوڵڵای كوڕی جوبه‌یر و ئه‌بو عه‌بدیڕڕه‌حمان و شه‌یبه و ئیبن موحه‌یصین.. ئه‌مانه ئاوایان خوێندوه‌ته‌وه: (يَنْشُركم)، هه‌روه‌ها هه‌مان ئه‌بو جه‌عفه‌ر و حه‌سه‌نی به‌صره‌یی و زه‌یدی كوڕی ثابیت و هه‌روه‌ها ئیبن مه‌سعود، به (یُنشِركم) خوێندویانه‌ته‌وه.. هه‌روه‌ها هه‌ندێك له خه‌ڵكی شام به (یُنشِّركم) خوێندویانه‌ته‌وه.. جا ڕه‌نگه سه‌ره‌تا موصحه‌فی به‌رده‌ستی حه‌ججاج به (ینشركم) وشه‌كه‌ی نوسیبێت و ئه‌میش كردبێتی به (یسیّركم) بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی زۆرینه بگونجێت.
4. (أنا آتِیكُمْ بتأویله) ــ گوایه گۆڕیویه‌تی بۆ ئه‌مه‌ی له موصحه‌فی ئێسته‌دا هه‌یه: (أنا أُنَبِّئُكُمْ بتأویله) (یوسف: 45).
(أُنَبِّئُكُمْ) خوێندنه‌وه‌ی زۆرینه‌یه و په‌سه‌نده. ته‌نها حه‌سه‌نی به‌صره‌یی و ئوبه‌یی كوڕی كه‌عب و حه‌ججاج (!) و یه‌حیای كوڕی یه‌عمور به (آتِیكُمْ) خوێندویانه‌ته‌وه. ئیبن عه‌طییه وتویه‌تی به‌م شێوه‌یه له موصحه‌فی ئوبه‌یی كوڕی كه‌عبدا هاتوه. ئه‌بو حه‌ییانیش له (البحر المحیط) دا ده‌ڵێت: هه‌روه‌ها له موصحه‌فی سه‌ره‌کی (الإمام) دا وا هاتوه (ئه‌مه‌ش مانای وایه گێڕانه‌وه‌که‌ی ئیبن ئه‌بی داوود لێره‌دا پاڵپشتی تری هه‌یه). جا ئه‌گه‌ر هه‌واڵه‌كه ڕاست بێت ڕه‌نگه ئه‌و موصحه‌فه سه‌ره‌کیه‌ی كه له‌به‌ر ده‌ستی حه‌ججاج بوه به (آتِیكُمْ) نوسرابێت و ئه‌ویش چاكی كردبێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه په‌سه‌ند و مه‌شهوره‌كه‌دا بگونجێت.
5. (سیقولون: لله) (المؤمنون: 87، 89) ئه‌مه‌ی له موصحه‌فی ئێسته‌دا هه‌یه ــ گوایه گۆڕیویه‌تی بۆ: (سیقولون: اللهُ).
ئه‌م دو شوێنه به (اللهُ) نوسراون له موصحه‌فی به‌صره و كوفه‌دا، و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌مانه‌یه: ئه‌بو عه‌مر (له حه‌وته‌كه) و یه‌عقوب (ئه‌میش موته‌واتیره و به‌صره‌ییشه) و ئیبن مه‌سعود و حه‌سه‌نی به‌صره‌یی و جه‌حده‌ری و نه‌صری كوڕی عاصیم و یه‌حیای كوڕی وه‌ثثاب و ئه‌بولئه‌شهه‌ب و سه‌هل و یه‌زیدی و سه‌عیدی كوڕی جوبه‌یر و ئه‌بولموته‌وه‌ككیل و ئه‌بو جه‌وزاء (له‌گه‌ڵ گێڕانه‌وه‌یه‌ك له عاصیمه‌وه). دیاره حه‌ججاج ئه‌م شوێنه‌ی به‌پێی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌مانه (كه زۆریان به‌صره‌یین) و به‌پێی موصحه‌فی به‌صره و كوفه نوسیوه، له موصحه‌فی حه‌سه‌نی به‌صره‌ییشدا وا نوسراوه. یانی له ڕاستیدا حه‌ججاج هه‌ر به‌پێی موصحه‌فی عێراقیی بنه‌ڕه‌تی (إمام العراق) ڕۆشتوه. به‌ڵام له موصحه‌فه‌كانی حیجاز و شام و هه‌ندێك موصحه‌فی عێراقیشدا هه‌ردو شوێنه‌كه به (لله) نوسراوه كه خوێندنه‌وه‌ی زۆرینه‌ی حه‌وته‌كه و زۆرینه‌ی باقیی خوێنه‌ره‌كانی تره. هه‌ردو خوێندنه‌وه‌كه‌ش به‌ڵگه‌ی زمانه‌وانیی خۆی هه‌یه. به‌ڵام من خۆم له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م و كاره‌كه‌ی حه‌ججاجدام كه په‌سه‌ندكراوی فه‌ڕڕائیشه و به‌ڵگه‌ی زمانه‌وانیی زیاتره. ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه‌كی قورئانیه بۆ ئه‌و شێوازه كه له وه‌ڵامی ئه‌و جۆره پرسیارانه‌دا ده‌ڵێت (الله) نه‌ك (لله): {ولإن سألتهم: (من خلق السماوات والأرض وسخر الشمس والقمر؟)؛ لیقولن: (الله)، فأنی یؤفكون؟.. . ولإن سألتهم: (من نزل من السما‌ء ما‌ء فأحیی به الأرض من بعد موتها؟)؛ لیقولن: (الله)، قل: (الحمد لله بل أكثرهم لا یعقلون)} (العنكبوت: 61 ـ 63).
6. (من المُخْرَجِینَ) ــ گوایه گۆڕیویه‌تی بۆ ئه‌مه‌ی له موصحه‌فی ئێسته‌دا هه‌یه ده‌رباره‌ی نوح: (من المَرْجُومِینَ) (الشعرا‌ء: 116).
7. (من المَرْجُومِینَ) ــ گوایه گۆڕیویه‌تی بۆ ئه‌مه‌ی له موصحه‌فی ئێسته‌دا هه‌یه ده‌رباره‌ی لوط: (من المُخْرَجِینَ) (الشعرا‌ء: 167).
ئه‌م دو شوێنه له هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كی تردا به‌م شێوه‌یه باسیان لێ نه‌كراوه. به‌پێی ئه‌م گۆڕینه كه دراوه‌ته پاڵ حه‌ججاج باسی (ڕه‌جم) بۆ لوط ده‌گونجێت، باسی ده‌ركردن (إخراج) بۆ نوح ده‌گونجێت. به‌ڵام به‌پێی خوێندنه‌وه مه‌شهوره‌كه كه كه‌س پێچه‌وانه‌ی نه‌بوه باسی (ڕه‌جم) بۆ نوح هاتوه، باسی ده‌ركردن (إخراج) بۆ لوط هاتوه. ئه‌ی ئایا خۆی ده‌بێت چۆن بێت؟ ڕه‌جم بۆ کامیان ده‌بێت و ده‌رکردن بۆ کامیان ده‌بێت؟ بۆچی خوێندنه‌وه مه‌شهوره‌که ڕه‌جمی بۆ (نوح) داناوه و ده‌رکردن بۆ (لوط)؟ هه‌رچه‌ند ئه‌م باسانه سودێکی ئه‌وتۆیان نیه چونکه قسه‌کردنن له چیرۆکێکی کولتوری نه‌ک مێژویی، به‌ڵام ده‌توانین بڵێین له کولتوره کۆنه‌کاندا به‌ردبارانکردن و ده‌رکردن هه‌ر یه‌ک کردار بوه، واته که که‌سێک له گروپێک ده‌ر کراوه ؛ زۆر جار به به‌ردبارانکردن ده‌ر کراوه.. بۆیه گوزارش له یه‌کتر ده‌که‌ن..
8. (نحن قسمنا بینهم مَعَایِشَهُمْ) ــ گوایه گۆڕیویه‌تی بۆ ئه‌مه‌ی له موصحه‌فی ئێسته‌دا هه‌یه: (نحن قسمنا بینهم مَعِیشَتَهُمْ) (الزخرف: 32).
(مَعِیشَتَهُمْ) خوێندنه‌وه‌ی زۆربه‌ی خوێنه‌ره‌كانه، (مَعَایِشَهُمْ) یش خوێندنه‌وه‌ی ئیبن مه‌سعود و ئه‌عمه‌ش و ئیبن عه‌بباس و سوفیان و موجاهید و ئیبن موحه‌یصینه. له نوسینی موصحه‌فیشدا زۆر جیاوازییان نیه. ئه‌گه‌ر هه‌واڵه‌كه ڕاست بێت ڕه‌نگه موصحه‌فی به‌رده‌ستی حه‌ججاج به (مَعَایِشَهُمْ) نوسرابێت و چاكی كردبێت.
9. (من ما‌ء غیر يَاسِنٍ) یان (يَسِنٍ) ــ گوایه گۆڕیویه‌تی بۆ ئه‌مه‌ی له موصحه‌فی ئێسته‌دا هه‌یه: (من ما‌ء غیر آسِنٍ) (محمد: 15).
(آسِنٍ) خوێندنه‌وه‌ی هه‌مو خوێنه‌ر و موصحه‌فه‌كانه (جگه له "ئیبن كه‌ثیر" كه ده‌خوێنێته‌وه: أَسِنٍ)، به‌ڵام ئه‌بو حه‌ییان باسی كردوه كه وشه‌كه به (يَاسِنٍ) یش خوێنراوه‌ته‌وه كه (یا) ته‌خفیفی (آ) ـه، یانی (غَیْرِ آسِنٍ) خوێنراوه‌ته‌وه به (غه‌یریاسینین) [ئه‌م گێڕانه‌وه‌یه‌ی ئه‌بو حه‌ییان له "البحر المحیط" دا ورده، نه‌ك ئه‌وانه‌ی به شێوه‌ی "يَسِنٍ" ده‌یهێنن، كه ئه‌مه‌ی دوه‌میان ڕه‌چاوی ئه‌وه‌ی تێدا نه‌كراوه كه وشه‌كه ئه‌لیفێكی تێدایه به‌ڵام نه‌نوسراوه.. له ده‌قی کتێبه‌که‌ی ئیبن ئه‌بی داوودیشدا؛ له جێگه‌ی یه‌که‌مدا وشه‌که به (يَاسِنٍ) هاتوه و له جێگه‌ی دوه‌مدا به (يَسِنٍ) هاتوه، که من پێم وایه مه‌به‌ست له (يَسِنٍ) هه‌ر (يَاسِنٍ) ـه، هه‌رچه‌ند ده‌ڵێن گوایه وشه‌ی (يَسِنٍ) یش له زمانی عه‌ره‌بیدا هه‌یه]. ئه‌گه‌ر هه‌واڵه‌كه ڕاست بێت ڕه‌نگه موصحه‌فی به‌رده‌ستی حه‌ججاج به (یسن) نوسرابێت و چاكی كردبێت.
10. (فالذین آمنوا منكم واتَّقَوْا؛ له‌م أجر كبیر) ــ گوایه گۆڕیویه‌تی بۆ ئه‌مه‌ی له موصحه‌فی ئێسته‌دا هه‌یه: (فالذین آمنوا منكم وأنفقُوا؛ له‌م أجر كبیر) (الحدید: 7).
خوێندنه‌وه‌ی (واتَّقَوْا) له‌بریی (وأنفقُوا) له هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كی تردا باس نه‌كراوه. ئه‌گه‌ر هه‌واڵه‌كه ڕاست بێت ڕه‌نگه موصحه‌فی به‌رده‌ستی حه‌ججاج به (وأنفقُوا) نوسرابێت و ئه‌میش چاكی كردبێت كه نازانرێت ئایا پێشتر خوێندنه‌وه‌ی وا هه‌بوه یان نا، به‌ڵگه نیه بۆ بونی.
11. (وما هو علی الغیب بِظَنِینٍ) ــ گوایه گۆڕیویه‌تی بۆ ئه‌مه‌ی له موصحه‌فی ئێسته‌دا هه‌یه: (وما هو علی الغیب بِضنِینٍ) (التكویر: 24).
(بِظَنِینٍ) هه‌رچه‌ند خوێندنه‌وه‌ی زۆرینه‌ی حه‌وته‌كه نیه، به‌ڵام هه‌ڵبژێردراوی ئه‌بو عوبه‌ید و ئه‌بو عوبه‌یده و خوێندنه‌وه‌ی سیانه له حه‌وته‌كه: ئیبن كه‌ثیر و ئه‌بو عه‌مر و كیسائی، هه‌روه‌ها خوێندنه‌وه‌ی (یه‌عقوب) ه كه ئه‌میش موته‌واتیره، له‌گه‌ڵ گه‌لێكی تر له صه‌حابه و تابیعین له‌مانه ئیبن مه‌سعود، بۆیه له موصحه‌فی ئیبن مه‌سعوددا به (بظنین) نوسراوه. ئه‌وانی تریش به (بِضنِینٍ) خوێندویانه‌ته‌وه: چوار له حه‌وته‌كه: نافیع و حه‌مزه و عاصیم و ئیبن عامیر، له‌گه‌ڵ (ئه‌بو جه‌عفه‌ر) كه ئه‌میش موته‌واتیره، له‌گه‌ڵ گه‌لێكی تر له صه‌حابه و تابیعین له‌مانه ئوبه‌یی كوڕی كه‌عب، بۆیه له موصحه‌فی ئوبه‌یی كوڕی كه‌عبدا وا نوسراوه، و هه‌ڵبژێردراوی طه‌به‌رییشه. من خۆم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی یه‌كه‌مم. جا دیاره ئه‌و موصحه‌فه‌ی سه‌ره‌تا له‌به‌ر ده‌ستی حه‌ججاجدا بوه به (بِظَنِینٍ) نوسراوه كه خوێندنه‌وه‌ی هه‌ندێكه له عێراقیه‌كان، بۆیه كردویه‌تی به (بِضنِینٍ) كه خوێندنه‌وه‌ی هه‌ندێکی تره له عێراقیه‌كان.
به‌كورتی:
ئه‌م هه‌واڵه ڕه‌گ‌وڕیشه‌ی خۆی هه‌یه، زۆربه‌ی ئه‌و خوێندنه‌وانه، هه‌ردو جۆره‌كه‌ی (ئه‌وه‌ی ئێسته‌ش هه‌ر وایه و ئه‌وه‌ی گوایه پێشتر هه‌بوه و حه‌ججاج گۆڕیویه‌تی) هه‌ردوكیان گه‌یشتون و بنچینه‌یان هه‌یه. به‌ڵکو زۆربه‌ی ئه‌وانه (١٠ شوێن: ١ ـ ٤، ٦ ـ ١١، له کۆی ١١ شوێن)؛ هه‌ر ئه‌وه‌یه له موصحه‌فی ئێسته‌شدا هه‌ن، واته ئه‌وه‌ی له گێڕانه‌وه‌که‌دا به به‌ره‌نجامی ده‌ستکاریه‌که‌ی حه‌ججاج دائه‌نرێت؛ هه‌ر ئه‌وه‌یه که له موصحه‌فی ئێسته‌شدا هه‌یه (ته‌نها خاڵی ٥ ده‌مێنێته‌وه که ناکۆکه له‌گه‌ڵ موصحه‌فی ئێسته، به‌ڵام ئه‌مه‌ش هه‌ر قیرائه‌تێکی موته‌واتیره و له هه‌ندێک موصحه‌فی ڕه‌سمییشدا هاتوه، وه‌کو موصحه‌فی هه‌ردو "ڕاوی" ـه‌که‌ی ئه‌بو عه‌مر). ئینجا ٦ له‌و شوێنانه که گوایه گۆڕدراون ؛ شوێنه‌واریان له موصحه‌فه‌کانی جیهانی ئیسلامی‌دا نیه و جێی ناکۆکی نه‌بون له موصحه‌فه ده‌ستنوسه‌کان و قیرائه‌ته مه‌شهوره‌کاندا (خاڵه‌کانی ١، ٢، ٦، ٧، ٩، ١٠).. و ٥ شوێنه‌که‌ی تر جێی ناکۆکیی موصحه‌فه ده‌ستنوسه‌کان و قیرائه‌ته‌کانن (خاڵه‌کانی ٣، ٤، ٥، ٨، ١١).. به‌ڵام تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌م گێڕانه‌وه له‌وه‌دایه که ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت که ئه‌و (١١) شوێنه له موصحه‌فی سه‌ره‌کی (المصحف الإمام) دا که به (موصحه‌فه‌که‌ی عوثمان) ده‌ناسرێت؛ به‌و شێوه‌یه بون و پاشان له‌و موصحه‌فه نوخته‌داره‌دا که به سه‌رپه‌رشتیی حه‌ججاج ده‌ر کراوه چاک کراون.. که ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت موصحه‌فی عوثمان به (١٠) شوێن جیاوازیی هه‌بوه له‌و (ڕه‌سمی موصحه‌ف) ـه‌ی ئێسته هه‌یه.. ده‌شتوانین به پشتبه‌ستن به زانیاریی پێشه‌واکانی بواری (قیرائات) و (ڕه‌سمی موصحه‌ف) له‌سه‌ر (موصحه‌فی ئیمام) له ڕاده‌ی ڕاستی و دروستیی ئه‌و حاڵه‌ته دڵنیا ببین.. وه‌کو له‌سه‌ره‌وه بینیمان؛ (ئه‌بو حه‌ییان) یش پێمان ده‌ڵێت که له (موصحه‌فی ئیمام) دا ده‌سته‌واژه‌ی (أنبئکم) له ده‌قی (أنا أُنَبِّئُكُمْ بتأویله) (یوسف: 45) به شێوه‌ی (آتیکم) نوسراوه.. به‌م شێوه‌یه ڕه‌نگه به پشکنینی وه‌سفه‌کانی زانایانی (قیرائات) و (ڕه‌سمی موصحه‌ف) بۆ (موصحه‌فی ئیمام) له شوێنه‌کانی تریش دڵنیا ببین.. له‌م لایه‌نه‌وه؛ داتا و زانیاریه‌کانی (ئه‌بو عوبه‌ید) و (ئه‌بو عه‌مری دانی) زۆر به‌سودن..
مه‌به‌ستی من له‌م نمونه‌یه له كتێبی (المصاحف) ئه‌وه بو كه بزانرێت ده‌قی قورئان و موصحه‌فه‌كان شتێكی جێگیر نه‌بوه و ناكۆكی و جیاوازیی زۆر ڕوی داوه و چاكسازی و گۆڕانكاریی زۆری تێدا كراوه. خوێنه‌واری ئیسلامیی ئێسته، به‌تایبه‌تی ڕۆشنبیری ئیسلامیی ساده، ئاگاییان له‌م شتانه نیه.. ته‌نها وه‌كو عه‌قیده وه‌ریگرتوه كه (قورئان به هیچ جۆرێك ده‌ستكاری نه‌كراوه و ناكرێت). ئیتر نازانێت كه موصحه‌فه‌كانی به‌صره و كوفه و مه‌ككه و مه‌دینه و شام جیاوازی و ناكۆكیی زۆریان هه‌بوه، جاری وا هه‌یه ناكۆكیه‌كه ده‌گاته جیاوازیی پیت و وشه، جیاوازیی خوێندنه‌وه و نوخته و سه‌روبۆر ده‌گاته هه‌زاران. ئیمام (ئیبن ئه‌بی داوود) له‌و كتێبه به‌نرخه‌دا (المصاحف) به‌وردی باسی ناكۆكیی موصحه‌فه جیاوازه‌كان ده‌كات: موصحه‌فی وڵاتانی ئیسلامی (موصحه‌فی خه‌ڵكی عێراق: به‌صڕه و كوفه، موصحه‌فی خه‌ڵكی شام، موصحه‌فی خه‌ڵكی حیجاز: مه‌ككه و مه‌دینه)، موصحه‌فه حیاوازه‌كانی صه‌حابه، موصحه‌فه جیاوازه‌كانی تابیعین)، و كۆمه‌ڵێك ناكۆكیی نێوان ئه‌و موصحه‌فانه تۆمار ده‌كات كه ده‌گه‌نه ڕادی ناكۆكی به زیادوكه‌میی پیت و وشه نه‌ك ته‌نها ناكۆكیی سه‌روبۆر و نوخته و نوسین و نه‌نوسینی ئه‌لیف و واو و یاء و هه‌مزه. به‌ڵام خوێنه‌واری ئیسلامیی تازه ئاگایی له‌م شته نیه. هه‌ر وا ئه‌زانێت ئه‌م چاپه‌ی سه‌عودیه چۆنه له سه‌ره‌تایشه‌وه هه‌ر وا بوه!
جا ئه‌و هه‌مو ناكۆكی و جیاوازیه به چی حسێبه؟ كاتێك موصحه‌فێك به شێوه‌یه‌كه و موصحه‌فێكی تر به شێوه‌یه‌كی تره؛ كامه‌یان ڕاستتره؟ كامه‌یان بنه‌ڕه‌ته؟ كامه‌یان ئه‌سڵه و كامه‌یان ده‌ستكاریه؟ كاتێك موصحه‌فێك پێچه‌وانه‌ی موصحه‌فێكی تره له وشه‌یه‌كدا ئه‌مه ده‌بێته ده‌ستكارییه‌ك. له هه‌مو كۆكردنه‌وه و ده‌ركردنێكی موصحه‌فی قورئاندا كۆمه‌ڵێك ده‌ستكاری و چاكسازی و گۆڕانكاریی باش كراوه.
ئینجا هه‌مو ئه‌و موصحه‌ف و خوێندنه‌وه جیاوازانه لافی ئه‌وه لێ ده‌ده‌ن كه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ پێغه‌مبه‌ر و سه‌نه‌دیان هه‌یه.. به‌ڵام هه‌ر به عه‌قڵیشدا ناچێت ئه‌و هه‌مو ناكۆكیه بگه‌ڕێنه‌وه بۆ پێغه‌مبه‌ر. بۆچی پێغه‌مبه‌ر ئه‌و هه‌مو ناكۆكی و فه‌وزایه له ده‌قی قورئاندا دروست ده‌كات؟! هه‌ر وه‌كو وه‌خت و كاتیش فریا ناكه‌وێت ئه‌و هه‌مو شێوه جیاوازه‌ی خوێندنه‌وه‌ی قورئان بگه‌یه‌نێت. ئینجا ئه‌وه‌ش ڕاست نیه كه ئه‌و خوێندنه‌وه جیاوازانه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ روخسه‌تدان به خوێندنه‌وه‌ی قورئان به پێی شێوه‌زار (لهجة) ی خوێنه‌ر خۆی.. چونكه: ئه‌و هه‌مو ناكۆكیه كه له خوێندنه‌وه‌ی قورئاندا ڕوی داوه؛ زۆر له‌وه زیاتره ته‌نها جیاوازیی شێوه‌زاره‌كان پێشان بدات، ته‌نها جیاوازیی نێوان شێوه‌زاره‌كان به‌رجه‌سته ناكه‌ن، به‌ڵكو له‌وه زیاترن. به‌ڵكو به‌ڕونی دیاره كه ئه‌و هه‌مو ناكۆكیه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی نوسینی موصحه‌ف (كه نوسینێكه سه‌روبۆر و نوخته و هه‌مزه و گه‌لێك له ئه‌لیفه‌كان و واوه‌كان و یائه‌كانی بۆ نه‌كراوه) چه‌ند خوێندنه‌وه‌یه‌كی جیاواز هه‌ڵ ده‌گرێت و ئیتر ناكۆكی له‌نێوان خوێنه‌ره‌كانی قورئاندا ڕوی داوه و چه‌ند خوێندنه‌وه‌یه‌كی جیاواز بۆ هه‌ر ده‌سته‌واژه‌یه‌ك هاتوه‌ته كایه، ئیتر له هه‌ر شارێكی سه‌ره‌كیی كۆمه‌ڵگای ئیسلامیی سه‌ره‌تا خوێندنه‌وه‌یه‌ك جێگیر بوه و موصحه‌فی ئه‌و شاره به‌پێی ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه ضه‌بط كراوه. بۆیه من بڕوایشم وایه پچڕانێك له‌نێوان شێوه‌ی بنه‌ڕه‌تیی قورئان و خوێندنه‌وه‌ی خودی پێغه‌مبه‌ر و نێوان خوێندنه‌وه جیاوازه‌كانی دواتردا ڕوی داوه، و پێ ناچێت خوێندنه‌وه جیاوازه‌كانی دواتر په‌یوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆیان به خوێندنه‌وه‌ی خودی پێغه‌مبه‌ره‌وه بوبێت، به‌ڵكو دیاره كه موصحه‌فه نوسراوه‌كانی شاره سه‌ره‌كیه‌كانی كۆمه‌ڵگای ئیسلامیی دواتر بنچینه‌ی ئه‌و خوێندنه‌وه جیاوازانه بون. یانی پچڕانێك له گێڕانه‌وه‌ی قورئاندا ڕوی داوه. ئه‌گه‌ر پچڕانێكی وا نه‌بوبێت؛ یه‌ك خوێندنه‌وه له ئارادا ده‌بو نه‌ك ئه‌و هه‌مو خوێندنه‌وه جیاوازه.
ئیتر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه ڕۆشنبیری ئیسلامیی ساده‌ی ئێسته هه‌یه‌تی كه گوایه (قورئان به هیچ جۆرێك و به یه‌ك پیتیش ده‌ستكاری نه‌كراوه و ناكرێت) ته‌نها باوه‌ڕه و بێئاگاییشه له واقیعی مێژویی مێژوی موصحه‌ف.
خۆزگه ڕۆشنبیره ئیسلامیه تازه‌بابه‌ته‌كان به‌جیددی دیراسه‌ی قورئان و قیرائات و موصحه‌فیان بكردایه و ئینجا قسه‌یان ده‌رباره‌ی قورئان بكردایه.
له‌مه‌ودوا كۆمه‌ڵێك له جیاوازیی و ناكۆكیی نێوان موصحه‌فه‌كان ده‌خه‌ینه ڕو.
په‌راوێز:
(1) بڕوانه:
ابن أبي داود، المصاحف. تحقيق: محمد بن عبده. الفاروق الحديثة، القاهرة. الطبعة الأولى، 2002. باب (ما كتب الحجاج بن يوسف في المصحف)، ص‌ص. 157 ـ 158: "حدثنا عبد الله حدثنا أبو حاتم السجستاني، حدثنا عباد بن صهيب، عن عوف بن أبي جميلة، أن الحجاج بن يوسف غير في مصحف عثمان أحد عشر حرفا قال: كانت في البقرة (لم يتسن وانظر) بغير هاء فغيرها (لم يتسنه) بالهاء، وكانت في المائدة (شريعة ومنهاجا) فغيرها (شرعة ومنهاجا)، وكانت في يونس (هو الذي ينشركم) فغيره (يسيركم)، وكانت في يوسف (أنا آتيكم بتأويله) فغيرها (أنا أنبئكم بتأويله)، وكانت في المؤمنين (سيقولون لله لله لله) ثلاثتهن، فجعل الأخريين (الله الله)، وكانت في الشعرا‌ء في قصة نوح (من المخرجين)، وفي قصة لوط (من المرجومين) فغير قصة نوح (من المرجومين) وقصة لوط (من المخرجين)، وكانت الزخرف (نحن قسمنا بينهم معايشهم) فغيرها (معيشتهم)، وكانت في الذين كفروا (من ما‌ء غير ياسن) فغيرها (من ما‌ء غير آسن)، وكانت في الحديد (فالذين آمنوا منكم واتقوا له‌م أجر كبير)، فغيرها (وأنفقوا)، وكانت في إذا الشمس كورت (وما هو على الغيب بظنين) فغيرها (بضنين)".
ابن أبي داود، المصاحف. فقرة (ما غير الحجاج في مصحف عثمان)، ص‌ص. 272، 273: "قال أبو بكر كان في كتاب أبي: حدثنا رجل، فسألت أبي: من هو؟ فقال: حدثنا عباد بن صهيب، عن عوف بن أبي جميلة، أن الحجاج بن يوسف، غير في مصحف عثمان أحد عشر حرفا قال: كانت في البقرة (لم يتسن وانظر) فغيرها (لم يتسنه) بالهاء، وكانت في المائدة (شريعة ومنهاجا) فغيره (شرعة ومنهاجا)، وكانت في يونس (هو الذي ينشركم) فغيره (يسيركم)، وكانت في يوسف أنا آتيكم بتأويله فغيرها (أنا أنبئكم بتأويله)، وكانت في المؤمنين (سيقولون لله لله لله) ثلاثتهن، فجعل الآخرين (الله الله)، وكان في الشعرا‌ء في قصة نوح (من المخرجين)، وفي قصة لوط (من المرجومين)، فغير قصة نوح (من المرجومين)، وقصة لوط (من المخرجين)، وكانت في الزخرف (نحن قسمنا بينهم معائشهم) فغيرها (معيشتهم)، وكانت في الذين كفروا (من ما‌ء غير يسن) فغيرها (من ما‌ء غير آسن)، وكانت في الحديد (فالذين آمنوا منكم واتقوا له‌م أجر كبير) فغيرها (منكم وأنفقوا)، وكانت في إذا الشمس كورت (وما هو على الغيب بظنين) فغيرها (بضنين)".
(2) ده‌رباره‌ی (ئیبن ئه‌بی داوود)، بڕوانه:
الذهبي، سير أعلام النبلا‌ء. تحقيق: مجموعة من المحققين بإشراف الشيخ شعيب الأرناؤوط. مؤسسة الرسالة. الطبعة الثالثة ، 1985. جـ. 13، ص‌ص. 227 ـ 230.