حاڵه‌تی كاره‌ساتاویی لێكدانه‌وه‌ی قورئان لای ئیعجازچیه‌كان
لێكدانه‌وه‌یه‌كی تازه‌ی گۆڤاری (هه‌یڤ) ی ئیعجازچیه‌كانی كوردستان، به نمونه
سه‌روه‌ر پێنجوێنی
له ژماره‌ی نوێی گۆڤاری (هه‌یڤ) ی ئیعجازیه‌كانی كوردستاندا، ژماره (٢٦)، بابه‌تێك بڵاو كراوه‌ته‌وه له نوسینی (م. جه‌مال محه‌مه‌د ئه‌مین) كه یه‌كێكه له نوسه‌ره ئیعجازچیه‌كانی كوردستان و ستافی ئه‌و گۆڤاره و ناوه‌ندی (كوردستان) بۆ ئیعجازی زانستی، به ناوی (ڕه‌واندنه‌وه‌ی گومانه‌كان ـ به‌ڵێ ئاسن دابه‌زیوه‌ته سه‌ر زه‌وی!)، كه به‌حسابی خۆیان وه‌ڵامی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی منه به ناوی (ئایا قورئان ئاماژه‌ی كردوه بۆ سه‌رچاوه‌ی توخمی ئاسن؟)، كه یه‌كه‌م جار ده‌وروبه‌ری ساڵی (٢٠٠٠) له‌نێو لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌یی له‌سه‌ر ئیعجازی زانستی له گۆڤاری (هه‌ژان) ـ ی سه‌ر به یه‌كگرتو ـ دا بڵاو بوه‌ته‌وه، و ئێسته‌ش دوای كه‌مێك نوێكردنه‌وه له بلۆگه‌كه‌ی خۆمدا بڵاوم كردوه‌ته‌وه، لێره‌دا.
نوسه‌ری بابه‌ته‌كه‌ی گۆڤاری (هه‌یڤ)، به‌وه ده‌ست پێ ده‌كات كه گوایه ئێمه (ی ڕه‌خنه‌گر له ته‌فسیر و لێكدانه‌وه ده‌ستكرد و وشكه‌كه‌ڵه‌ك و سه‌قه‌ته‌كانی ئه‌وان بۆ ده‌قه‌كانی قورئان)، كه‌سانی ناحه‌ز به قورئانین! و ئینجا گوایه ئێمه زانیاریی ته‌واومان نیه له زانسته‌كانی سه‌رده‌م(!) [به مه‌رجێك خۆی ناوی پرۆفیسۆر ئارمسترۆنگ (تۆماس پ. ئارمسترۆنگ) Thomas P. Armstrong ی هێناوه؛ له‌گه‌ڵ (نیڵ ئارمسترۆنگ) Neil Armstrong تێكه‌ڵی كردوه! بۆیه ده‌ڵێت: "پرۆفیسۆر ئارمسترۆنگ كه یه‌كێكه له كه‌ڵه‌زاناكانی ناسا و یه‌كه‌م كه‌سه كه پێی ناوه‌ته سه‌ر مانگ"!!] و ئینجا گوایه ئێمه هه‌رچی ببینین له كتێب و سایته عه‌ره‌بی و بیانیه‌كاندا توتی ئاسا ده‌یڵێینه‌وه! [به مه‌رجێك بابه‌ته‌كانی خۆیان هه‌موی وه‌رگێڕانی كاڵ‌وكرچ و ئاماده‌كردنه له سایته عه‌ره‌بیه ئیسلامیه ئیعجازیه‌كانه‌وه، نه‌ك هه‌ر كه‌سه ساده‌كانیان به‌ڵكو زۆر جار كه‌سی دیاریان وه‌كو "م. فاروق ڕه‌سوڵ یه‌حیا"ش هه‌ر خه‌ریكی وه‌رگێڕان و ئاماده‌كردنی ئه‌و بابه‌ته ئیعجازیه ساخته‌كارانه‌یه، ئیتر بابه‌تی وا لاواز و ساخته نه‌قڵ ده‌كه‌ن بۆ خوێنه‌ری كورد كه به كه‌مترین به‌دواداچون ساخته‌یی و بێبنه‌ماییان ده‌رده‌كه‌وێت بۆ خه‌ڵكی هۆشیار، و له‌مه‌ودا ورده‌ورده ساخته‌یی ئه‌و بابه‌ته نه‌قڵكراوانه‌یان بۆ خه‌ڵك ده‌رده‌خه‌ین]، و ئینجا گوایه ئێمه هه‌رچی ده‌ڵێین؛ هه‌موی درۆ و تانه‌وته‌شه‌ره و ئێكسپایه‌ر بون! و ئه‌گه‌ر شتێكی ڕاستیش بزانین؛ خۆمانی لێ گێل ده‌كه‌ین!!
ئێ! به هه‌ر حاڵ لیستی تۆمه‌ته حازره‌كانی ته‌واو بو، و قسه‌ش هه‌مو كه‌سێك پێی ده‌وێرێت! له‌به‌ر ئه‌وه چاوی لێ ده‌پۆشین و ده‌چینه سه‌ر ئه‌وه‌ی بزانین ئه‌م جاره چ ته‌فسیر و لێكدانه‌وه‌یه‌كی ده‌ستكرد و هه‌ڵه و سه‌قه‌تیان بۆ قورئان كردوه و به ناوی ئیعجازه‌وه ده‌رخواردی خه‌ڵكی ده‌ده‌ن! با بزانین!
******
كێشه و مشت‌ومڕه‌كه له‌سه‌ر ده‌قێكی قورئانه كه باسی ئاسن ده‌كات و ده‌ڵێت: (وأنزلنا الحدید) (الحدید: ٢٥)، یانی (و ئاسنمان دابه‌زاندوه)، زۆربه‌ی ته‌فسیره‌كانیش به‌ڕونی باسیان كردوه كه مه‌به‌ست له‌م دابه‌زاندنه‌ی ئاسن فه‌راهه‌مهێنانی ئاسنه بۆ مرۆڤ له‌لایه‌ن خواوه، قورئانیش هه‌ندێك جار كاتێك باسی فه‌راهه‌مهێنانی شتێك ده‌كات له‌لایه‌ن خواوه بۆ مرۆڤ له‌سه‌ر زه‌وی؛ به (دابه‌زاندن) گوزارشی لێ ده‌كات، به‌و پێیه‌ی كه له‌لایه‌ن خوای به‌رزه‌وه‌یه بۆ مرۆڤ، به‌م پێیه بۆ فه‌راهه‌مهێنانی ئاسن ده‌ڵێت (دامان به‌زاندوه) (أنزلنا) (الحدید: ٢٥)، بۆ ئاژه‌ڵه ماڵیه‌كانی مرۆڤیش هه‌ر ده‌ڵێت (بۆی دابه‌زاندون) یان (بۆتانی دابه‌زاندون) (أنزل لكم) (الزمر: ٦)، و هه‌تا بۆ جل‌وبه‌رگیش هه‌ر ده‌ڵێت (دایبه‌زاندوه بۆسه‌رتان) (أنزل علیكم) (الأعراف: ٢٦)..
به‌ڵام ئیعجازیه‌كان به نه‌شاره‌زایی خۆیان له قورئان و زمانی عه‌ره‌بی و چوارچێوه و ئاوه‌ڵده‌قه قورئانیه‌كان و بۆ گونجاندنی ده‌قه‌كه له‌گه‌ڵ زانستی نوێ و لاف‌وگه‌زافی بونی بیرۆكه‌ی زانستیی نوێ له قورئاندا؛ له خۆیانه‌وه ده‌ڵێن قورئان مه‌به‌ستی له‌و دابه‌زاندنه‌ی ئاسن ئه‌وه‌یه كه زانستی نوێ باسی ده‌كات ـ و ئه‌وان به ئاره‌زوی خۆیان دایده‌ڕێژنه‌وه ـ كه ئاسن له ناوكی ئه‌ستێره زه‌به‌لاحه‌كاندا دروست ده‌بێت و پاشان له ته‌قینه‌وه‌ی ئه‌ستێره‌دا، كه ئه‌و كاته ئه‌ستێره‌كه پێی ده‌وترێت (سوپه‌ر نۆڤا)، ناوه‌ڕۆكی ئه‌ستێره‌كه به بۆشایی ئاسماندا بڵاو ده‌بێته‌وه، و به‌م شێوه‌یه له پێكهاته‌ی هه‌ساره‌كانیشدا به‌شداری ده‌كات چونكه ئه‌و ئاسنه‌ی له ناوه‌ڕۆكی ئه‌ستێره زه‌به‌لاحه‌كه‌وه بڵاو ده‌بێته‌وه له ڕێگه‌ی نه‌یزه‌كه‌كانه‌وه ده‌گاته زه‌وی و له سه‌ره‌تای پێكهاتنی هه‌ساره‌یه‌كی وه‌كو زه‌ویدا زه‌وییان نه‌یزه‌كباران كردوه، بۆیه ئێسته ڕێژه‌یه‌ك له پێكهاته‌ی زه‌وی ئاسنه، كه ئه‌م ئاسنه له زه‌وی و له كۆمه‌ڵه‌ی خۆریشدا دروست نه‌بوه به‌ڵكو له پاشماوه‌ی ئه‌ستێره‌یه‌ك و له قوڵایی ئاسمانه‌وه هاتوه، به‌م شێوه‌یه گوایه ئه‌مه ئه‌و دابه‌زاندنی ئاسنه‌یه كه قورئان مه‌به‌ستی بوه!!
هه‌رچه‌ند لێره‌دا ناچینه سه‌ر ورده‌كاریی لایه‌نه زانستیه‌كه و سه‌لماندنی ئه‌وه‌ی كه ڕاستیه زانستیه‌كان هیچ په‌یوه‌ندییان به بیرۆكه قورئانیه‌كه (دابه‌زاندنی ئاسن) ـه‌وه نیه؛ به‌ڵام وه‌كو به‌ركوڵێك ده‌ڵێین: ئه‌وه‌ی زانست باسی ده‌كات ته‌نها ئاسن ناگرێته‌وه و هه‌مو پێكهاته‌ی زه‌وی و هه‌ساره‌كان، هه‌تا ئه‌و توخمانه‌ش كه جه‌سته‌ی مرۆڤ پێك ده‌هێنن، هه‌ر له ناوكی ئه‌ستێره‌كاندا دروست بون و پاشان كه ده‌بنه سوپه‌ر نۆڤا و ده‌ته‌قنه‌وه و ناوه‌ڕۆكه‌كه‌یان به بۆشایی ئاسماندا بڵاو ده‌بێته‌وه؛ ئینجا دواتر ناوه‌ڕۆكی ئه‌و ئه‌ستێره ته‌قیوانه (په‌ڵه‌هه‌وری خۆری) Solar Nebula ـه‌كه‌یان پێك هێناوه واته ئه‌و په‌ڵه هه‌وریه گازیه‌ی كه زه‌وی و هه‌ساره‌كانی تر و هه‌مو كۆمه‌ڵه‌ی خۆری لێ دروست بوه (لێره‌دا مه‌به‌ست ته‌قینه‌وه‌ی ئه‌و سوپه‌رنۆڤایه‌ی گه‌له‌ستێره‌كه‌ی خۆمانه كه پێش ٤.٦ بیلیۆن ساڵ ڕوی داوه و بوه‌ته هۆی دروستبونی كۆمه‌ڵه‌ی خۆر)، ئه‌مه‌ش واته هه‌ر له سه‌ره‌تای دروستبونی هه‌ساره‌ی زه‌ویه‌وه ئاسن پێكهێنه‌رێكی بنه‌ڕه‌تیی بوه، چونكه زه‌وی به پێكه‌وه‌نوسانی ئه‌و هه‌سارۆكه planetesimal انه‌ی له هه‌مان په‌ڵه هه‌وریه گازیه‌كه دروست بون دروست بوه [بڕوانه ناڵێم ئه‌ستێرۆكه asteroid به‌ڵكو هه‌سارۆكه planetesimal].
له‌م باره‌یه‌وه؛ بۆ نمونه، بڕوانه:
Backman, Dana, Michael A. Seeds, The Solar System. Cengage Learning. 8th Edition, 2013. Chap. 19, the origin of solar system, p. 412-417.
Pilchin, Arkady N., Lev V. Eppelbaum, Iron and Its Unique Role in Earth Evolution. Universidad Nacional Autónoma de México, 2006. 2. Iron in the Universe, p. 6.
نه‌ك زه‌وی دروست بوبێت ئینجا له ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی خۆره‌وه نێزه‌كباران بوبێت و ئاسنه‌كه‌ی به‌م شێوه‌یه ـ وه‌كو ئیعجازچیه‌كان ده‌ڵێن ـ دوای دروستبونی داباریبێته سه‌ری! !
ئه‌مه شتێكی ئاشكرایه، به‌ڵام ساخته‌چیه‌كانی ئیعجاز (وه‌كو زه‌غلول نه‌ججار و زیندانی كه ئاوه‌كه ده‌ڕێژن و ئه‌وانه‌ی لای ئێمه‌ش پێی تێ ده‌خه‌ن!) هه‌ر به فێڵ و چاوبه‌ستی باس له‌وه ده‌كه‌ن كه گوایه دوای ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی خۆر و زه‌وی دروست بون ئینجا كۆمه‌ڵه‌ی خۆر و زه‌وی له ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی خۆره‌وه نێزه‌كی بۆ هاتوه و به‌م شێوه‌یه ئاسن هاتوه‌ته ناو كۆمه‌ڵه‌ی خۆر و پێكهاته‌ی زه‌ویه‌وه!! یانی گوایه پێشتر له كۆمه‌ڵه‌ی خۆردا هیچ ئاسن نه‌بوه! به‌ڵكو وا خه‌یاڵ ده‌كه‌ن كاتێك سوپه‌رنۆڤایه‌ك ده‌ته‌قێته‌وه؛ پارچه‌كانی(!!) به شێوه‌ی نێزه‌ك بڵاو ده‌بنه‌وه و ده‌گه‌نه هه‌ندێك كۆمه‌ڵه‌ی خۆری!!!
بۆ ڕونكردنه‌وه‌ی زیاتر ده‌ڵێین: ڕاسته ئه‌و په‌ڵه هه‌وره گازیه‌ی كه كۆمه‌ڵه‌ی خۆری لێ دروست بوه بۆ خۆی ئاسنی دروست نه‌كردوه، به‌ڵام هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له‌و توخمانه پێك هاتوه كه بیلیۆنان ساڵ له‌وه‌و پێش له ناوكی ئه‌ستێره‌كاندا دروست بون و دواتر به ته‌قینه‌وه‌ی ئه‌وانه بڵاو بونه‌ته‌وه به بۆشایی ئاسماندا، ئیتر هه‌ر له پێكهاته‌ی په‌ڵه هه‌وره گازیه‌كه‌دا كه كۆمه‌ڵه‌ی خۆری لێ دروست بوه توخمی ئاسن هه‌بوه، و ئه‌مه‌ش له پێكهێنانی هه‌ساره‌ی وه‌كو زه‌وی و زوهه‌ره و مه‌ریخ و عوطاریددا (كه ئه‌مانه ناوكی ئاسنینیان هه‌یه) ڕۆڵی بینیوه، و هه‌ر له سه‌ره‌تاوه زه‌وی له‌و هه‌سارۆكه planetesimal انه‌ی كۆمه‌ڵه خۆریه سه‌ره‌تاییه‌كه دروست بوه كه له هه‌مان په‌ڵه هه‌وره گازیه‌كه دروست بون، بۆیه ئه‌و ئاسنه‌ی له ناوكی زه‌وی (و زوهه‌ره و مه‌ریخ و عوطارید) دا هه‌یه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ خودی په‌ڵه هه‌وره گازیه‌كه نه‌ك دوای دروستبونی زه‌وی ئینجا له ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی خۆره‌وه هاتبێت. له‌به‌ر ئه‌وه ناتوانرێت بوترێت ئاسنی زه‌وی له ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی خۆره‌وه داباریوه‌ته سه‌ری، چونكه خۆی هه‌ر له یه‌كه‌م دروستبونیه‌وه له هه‌مان ئه‌و په‌ڵه هه‌وره گازیه دروست بوه كه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه توخمی ئاسنی تێدا بوه.
و ئه‌وه‌ش ڕاسته كه ڕێژه‌یه‌ك له ئاسنی سه‌ر زه‌وی له‌و ئاسنه‌یه كه ڕۆژانه له ڕێگه‌ی پاشماوه‌ی نێزه‌ك meteoroid ـه‌كه‌كانه‌وه ده‌كه‌وێته سه‌ر زه‌وی [تێبینی: ده‌نوسم "نێزه‌ک" له‌بریی "نه‌یزه‌ک"، چونکه ئه‌م وشه عه‌ره‌بیه "نه‌یزه‌ک" له "نێزه‌ک" ی په‌هله‌ویه‌وە وه‌رگیراوە، بۆیه ئێمه په‌هله‌ویه‌که به‌کار ده‌هێنین له‌بریی شێوە عه‌ره‌بیه‌که]، به‌ڵام ئه‌مه ته‌نها زۆربه‌ی ئاسنی سه‌ر ڕوی زه‌وی پێك ده‌هێنێت و ڕێژه‌یه‌كی كه‌می ئاسنی هه‌ساره‌ی زه‌ویه، و ناشبێته بنچینه‌ی ئه‌و ئاسنه‌ی له ناوكی زه‌ویدا هه‌یه، هه‌رچه‌ند له كۆندا تیۆرییه‌كی نیمچه‌زانستی هه‌بوه به ئاسنی نێزه‌ك سه‌رچاوه‌ی هه‌مو ئاسنی زه‌ویی لێك داوه‌ته‌وه.
و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مرۆڤ سه‌ره‌تا له ئاسنی نێزه‌كه‌وه ئاسنی ناسیوه؛ بۆیه له زۆربه‌ی كولتوره‌كاندا ئاماژه بۆ ئه‌وه كراوه كه ئاسن له ئاسمانه‌وه دێت، و ئه‌و وشه‌یه‌ی كه بوه‌ته ناو بۆ ئاسن له گه‌لێكدا زماندا؛ له ڕیشه‌دا ئاماژه ده‌كات بۆ ئاسمان. له لێكۆڵینه‌وه‌كه‌مدا (ئایا قورئان ئاماژه‌ی كردوه بۆ سه‌رچاوه‌ی توخمی ئاسن؟) ئاماژه‌م بۆ چمكێك له‌م بابه‌ته كردوه.
ئینجا نوسه‌ری بابه‌ته‌كه‌ی گۆڤاری (هه‌یڤ) هه‌واڵێكی زانستییش (له سایتی كوردستانی نوێ!) نه‌قڵ ده‌كات كه ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات به‌شێك له كانزاكانی زه‌وی له ڕێژنه‌ی نێزه‌كه‌كانه‌وه كه پێش ٤ بیلیۆن ساڵ [ئه‌مه‌ش واته سه‌ره‌تاكانی دروستبون و شێوه‌گرتنی زه‌وی، كه ته‌مه‌نی زه‌وی خۆی ٤.٥٤ بیلیۆنه]، داباریونه‌ته سه‌ر زه‌وی.. لێره‌دا نوسه‌ره شاره‌زاكه‌مان(!) (و ئه‌و سه‌رچاوه كۆپیكار و "ده‌ستیدو" انه‌ی ئه‌م لێی نه‌قڵ كردون!) سێ هه‌ڵه‌ی كردوه:
یه‌كه‌م: هه‌واڵه‌كه ده‌ڵێت (ئاڵتون و پلاتین و كانزا گرانبه‌هاكانی تر) و زیاتر باسی (ئاڵتون و پلاتین و ته‌نگستن) ده‌كات، به‌ڵام ئه‌م ده‌ڵێت (ئاڵتون و زۆربه‌ی كانزاكانی تر) بۆ ئه‌وه‌ی بیكات به به‌ڵگه بۆ دابه‌زینی ئاسن. به‌م شێوه‌یه ده‌ستكاریی هه‌واڵه‌كه‌ی كردوه! به شێوه‌یه‌ك خوێنه‌ری بابه‌ته‌كه‌ی ئه‌م پرسیاره‌ی بۆ دروست ده‌بێت: ئه‌گه‌ر هه‌تا زیاتر له نیو بیلیۆن ساڵ زه‌وی خاڵی بوبێت له زۆربه‌ی كانزاكان؛ ئه‌ی له سه‌ره‌تاوه له چی دروست بوه؟!
دوه‌م: هه‌رچه‌ند ده‌سته‌واژه‌ی (كانزاكانی سه‌ر زه‌وی) نه‌قڵ ده‌كات؛ به‌ڵام وا تێگه‌یشتوه، یان وا خوێنه‌ر تێده‌گه‌یه‌نێت، كه هه‌مو ئاڵتونی زه‌وی (و به‌ڵكو زۆربه‌ی كانزاكانی تریش) له‌و ڕێژنه نێزه‌كیه‌وه هاتوه! له سه‌ره‌تایشدا به گشتاندنی ته‌واوه‌وه ده‌ڵێت: (به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی نوێ كانزاكان له ده‌ره‌وه‌ی زه‌ویه‌وه دابه‌زیون)! ده‌ڵێت (كانزاكان)! له كاتێكدا خودی هه‌واڵه‌كه باسی كردوه كه ئه‌و كانزایانه (ئاڵتون، پلاتین، ته‌نگستن، نیكڵ، ئاسن، ئیریدیوم) له زه‌ویدا هه‌بون به‌ڵام به‌ره‌و كرۆكی زه‌وی چون و چینه ده‌ره‌كیه‌كانی زه‌وی ئه‌م كانزایانه‌ی تێدا نه‌ماوه، ئیتر دواتر ئه‌و ڕێژنه نێزه‌كیانه (كه له ٤ بیلیۆن ساڵ له‌مه‌و پێش به‌دواوه، ٢٠٠ میلیۆن ساڵ به‌رده‌وام بون، یانی هه‌تا ٣.٨ بیلیۆن ساڵ له‌مه‌و پێش) ڕوی زه‌وی و چینی سه‌ره‌وه‌ی زه‌وییان ده‌وڵه‌مه‌ند كردوه به‌و كانزایانه.
سێیه‌م: وا خوێنه‌ری تێگه‌یاندوه كه گوایه ئه‌م هه‌واڵه پشتگیریی ئه‌و قسه‌یه‌ی خۆیان ده‌كات كه ئاسن له ڕێژنه نێزه‌كێكدا له ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی خۆره‌وه هاتوه بۆ زه‌وی و كۆمه‌ڵه‌ی خۆر دوای دروستبونی ئه‌م زه‌وی و كۆمه‌ڵه‌ی خۆره! له كاتێكدا هه‌واڵه‌كه ناڵێت ئه‌و نێزه‌كانه له ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی خۆره‌وه هاتون، به‌ڵكو مه‌به‌ستی هه‌ر ئه‌و نێزه‌كانه‌یه كه له ئه‌ستێرۆكه‌كانی ناو كۆمه‌ڵه‌ی خۆره سه‌رچاوه ده‌گرن.
هه‌ڵه‌ی یه‌كه‌می له (سایتی كوردستانی نوێ) وه كۆپی كردوه، كه هه‌واڵی ئه‌م سایته‌ش هه‌واڵی ڕۆژنامه‌یی ساده‌ن و بۆ باس‌وخواسی زانستی و هه‌واڵی زانستی پشتی پێ نابه‌سرێت، (كوردستانی نوێ) هه‌ر ئه‌و ڕۆژنامه‌یه بو كه جارێكیان قولاپی كه‌ناڵی (جه‌زیره) ی قوت دا و هه‌مان هه‌واڵی هه‌ڵه و ئاوه‌ژوكراوی ئه‌و كه‌ناڵه به‌كرێگیراوه‌ی دوپات كرده‌وه كه گوایه زاناكان ڕایانگه‌یاندوه: دۆزینه‌وه‌ی پاشماوه‌ی ئێسكه‌په‌یكه‌ری (ئاردی) تیۆریی په‌ره‌سه‌ندنی به‌تاڵ كردوه‌ته‌وه!!
هه‌ڵه‌ی دوه‌م و سێیه‌میش خۆی سازی كردوه، چونكه ئیشی پێیه‌تی!
بۆ هه‌واڵه زانستیه‌كه، له سه‌رچاوه‌كه‌ی خۆیه‌وه، بڕوانه:
١. گۆڤاری Nature، كه یه‌كه‌م جار توێژینه‌وه‌كه‌ی Matthias Willbold و Tim Elliottو Stephen Moorbath ی بڵاو كرده‌وه:
Willbold, Matthias, Tim Elliott & Stephen Moorbath, “The tungsten isotopic composition of the Earth’s mantle before theterminal bombardment”, Nature, 477 (08 September 2011), pp. 195–198.
٢. سایتی (دیسكه‌ڤه‌ری نیوز):
Marshall, Jessica, “Meteorites Pummeled Earth, Delivering Gold - A slew of meteorites pelted Earth some 3.9 billion years ago -- delivering that gold you may be wearing on your finger”. Discovery News, Space News. Wed Sep 7, 2011.
٣. سایتی BBC:
Battison, Leila, "“Meteorites delivered gold to Earth”, BBC News, Science & Environment. 8 September 2011.
٤. گۆڤاری (دیسكه‌ڤه‌ر):
Svoboda, Elizabeth, “Did Earth’s Gold Come From Outer Space?
” Discover Magazine, January-February special issue; published online December 27, 2011.
نوسه‌ری بابه‌ته‌كه‌ی گۆڤاری (هه‌یڤ) دڵی خۆیشی به‌وه خۆش كردوه كه ئه‌ستێره‌ی (خۆر) ئاسنی تێدا نیه و ئاسنی تێدا دروست نابێت! به‌لای ئه‌وه‌وه ئه‌مه مانای وایه ئاسنی زه‌وی دوای دروستبونی كۆمه‌ڵه خۆریه‌كه له ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵه خۆریه‌كه‌وه‌هاتوه!! چونكه پێی وایه زه‌وی وه‌كو پارچه‌یه‌ك له خۆر جیا بوه‌ته‌وه!! ئینجا ماده‌م خۆر ئاسنی تێدا نیه و ئاسنی تێدا دروست نابێت؛ كه‌واته ئاسنی زه‌وی له ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی خۆره‌وه بۆی هاتوه دوای دروستبونی ئه‌م كۆمه‌ڵه خۆریه!! به‌ڕونی دیاره كه زۆر به‌هه‌ڵه و ته‌م‌ومژاوی له دروستبونی كۆمه‌ڵه‌ی خۆری حاڵی بوه! ئیتر نازانێت كه به‌شی هه‌ره‌گه‌وره‌ی توخمه سوكه‌كان (هایدرۆجێن و هیلیۆم) له په‌ڵه هه‌وره گازیه‌كه‌ی سه‌ره‌تای كۆمه‌ڵه‌ی خۆر؛ له چه‌قدا چڕ ده‌بێته‌وه و خۆری كۆمه‌ڵه‌كه پێك ده‌هێنێت، و توخمه قورسه‌كان (وه‌كو ئاسن و هه‌مو ئه‌و تۆزه به‌ردین [سلیكایی] و كانزاییه‌ی پێك هاتوه)؛ زیاتر له ناوچه‌ی هه‌ساره ناوه‌كیه‌كان Internal Planets (یاخود هه‌ساره زه‌وی‌شێوه‌كان Terrestrial Planets) ـ كه ناوچه‌یه‌كه پله‌ی گه‌رمیی به‌رزه ـ چڕ بوه‌ته‌وه و له كۆتاییدا و دوای چه‌ند به‌ریه‌ككه‌وتنێك ئه‌م چه‌ند هه‌ساره‌یه‌یان لێ پێك هاتوه كه پێیان ده‌وترێت هه‌ساره ناوه‌كیه‌كان یاخود زه‌وی‌شێوه‌كان یاخود به‌ردینه‌كان (زه‌وی، زوهه‌ره، مه‌ریخ، عوطارید) كه به‌رگێكی به‌ردین و ناوكێكی ئاسنینیان هه‌یه، و ئیتر ئاسن و مادده‌ی به‌ردین و كانزایی تر له هه‌ساره‌كانی تردا كه‌من. و مادده وگازه هه‌ڵچوه‌كانیش (وه‌كو گازه‌كان: ئه‌مۆنیا، ميثان.. و ئاو و مادده سوكه‌ڵه‌كانی تر، له‌گه‌ڵ ڕێژه‌ی زۆر‌و كه‌می هایدرۆجێن و هیلیۆم، ئه‌مانه‌ش هه‌مویان له شێوه‌گه‌لی فیزیایی جۆراوجۆردا) به‌زۆری ده‌رپه‌ڕیون به‌ره‌و ئه‌و دیوی ناوچه‌ی هه‌ساره زه‌وی‌شێوه‌كان، كه له‌وێ پله‌ی گه‌رمی نزمه، و ئیتر هه‌ساره گازیه‌كان Gas Planets یاخود موشته‌ری‌شێوه‌كان Jovian Planets یاخود (زه‌به‌لاحه گازیه‌كان) Gas Giants ـیان لێ دروست بوه، كه ئه‌مانه‌ن: موشته‌ری و زوحه‌ل و ئورانۆس و نیپتون (هه‌رچه‌ند ئه‌م دوانه‌ی دوایی جیاوازیشن و سه‌هۆڵ و به‌ردیش له پێكهاته‌یاندا هه‌یه و زیاتر بۆ ئه‌وه گونجاون پێیان بوترێت زه‌به‌لاحه سه‌هۆڵیه‌كان Ice Giants)، كه ئه‌مانه چڕییان نزمه و له مادده كه‌م‌چڕه‌كان پێك دێن و به‌رگی به‌ردین و ڕه‌قیان نیه..
له‌م باره‌یه‌وه؛ بۆ نمونه، بڕوانه:
Backman, Dana, Michael A. Seeds, Universe: Solar System, Stars, and Galaxies. Cengage Learning, 2011. Chap. 8: the origin of solar system, p. 151-157.
به‌ڵام ئه‌و چونكه ئه‌م شتانه نازانێت و قسه‌ی ئیعجازچیه عه‌ره‌به‌كان دوباره ده‌كاته‌وه؛ وا ده‌زانێت ماده‌م له خۆر (چه‌قی كۆمه‌ڵه خۆریه‌كه) دا ئاسن نیه؛ ئیتر ده‌بێت ئاسنی زه‌وی له ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵه خۆریه‌كه‌وه هاتبێت!
**
لێره‌دا هه‌ر ئه‌وه‌نده له‌سه‌ر لایه‌نه زانستیه‌كه‌ی ده‌ڕۆین (و درێژه‌كه‌ی هه‌ڵده‌گرین بۆ ده‌رفه‌تێكی زیاتر)، و له ڕاستیدا ئه‌و نوسه‌ره ئیعجازچیه‌ی گۆڤاری (هه‌یڤ) ته‌نها نه‌قڵكه‌رێكی قسه‌كانی زیندانی و زه‌غلول نه‌ججاره، جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وانه به‌ڕاشكاوی نه‌یاننوسیوه كه ئه‌و پرۆفیسۆر ئارمسترۆنگه جیاوازه له‌و (نیڵ ئارمسترۆنگ) ی كه "یه‌كه‌م كه‌سه پێی ناوه‌ته سه‌ر مانگ"؛ بۆیه ئه‌و دوانه‌ی تێكه‌ڵ كردوه، له كاتێكدا پرۆفیسۆر (تۆماس ئارمسترۆنگ) جیاوازه له (نیڵ ئارمسترۆنگ).. ئه‌گه‌ر هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م تێكه‌ڵكردنه‌ش بێت؛ نوسینه‌كه‌ی شایه‌نی هه‌ڵوێسته‌له‌سه‌ركردن نیه.. تۆ كه ناوه‌كه‌ی نه‌زانیت؛ مانای وایه ناشزانیت له كوێ قسه‌كه‌ی باس كراوه و له چ سه‌رچاوه‌یه‌كدا هاتوه، ئه‌مه‌ش مانای وایه له سه‌رچاوه‌ی زانستیه‌وه نه‌قڵی ناكات و قسه‌ی هه‌وایی ئیعجازچیه عه‌ره‌به‌كان دوباره ده‌كاته‌وه، ئه‌ویش به كاڵ‌وكرچیی زیاتر و هه‌ڵه‌ی زیاتره‌وه.
بۆ نوكته‌ش حه‌ز ده‌كه‌م ئاماژه بۆ ئه‌وه بكه‌م نوسه‌ری بابه‌ته‌كه‌ی گۆڤاری (هه‌یڤ)، به شوێن ڕاپۆرته ساده‌كه‌ی (سایتی كوردستانی نوێ) دا، به ده‌سته‌واژه‌ی (ته‌قینه‌وه‌ی مه‌زن)، كه ئه‌مه‌ش یانی Big Bang، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌و نێزه‌كبارانه كردوه كه ئاماژه‌ی بۆ كرا!! ئه‌وه‌تا نوسیویه‌تی: (ئه‌و تیمه‌ی زانكۆی بریستۆل ئه‌وه‌شیان خستوه‌ته ڕو چه‌ند نمونه‌یه‌كی تاوێره به‌رده‌كانی گرینلاندیان تاقی كردوه‌ته‌وه كه هه‌ندێكیان مێژوه‌كه‌یان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می به‌ر له ته‌قینه‌وه‌ی مه‌زن)!!!
(گۆڤاری هه‌یڤ، ژ. ٢٦، لا. ١٦، ستونی ٢، دێڕی ٢١ ـ ٢٤).
كاتێك زانست كۆپی‌په‌یست بو؛ ئاوای لێ دێت: باسی تاوێره به‌ردی گرین‌لاند ده‌كات كه ته‌مه‌نیان له ته‌مه‌نی ته‌قینه‌وه‌ی مه‌زن زیاتر بێت!! یانی له گه‌ردون كۆنتر!! ئه‌مه نوكته‌یه به‌ڕاستی!
خۆی هه‌واڵه زانستیه‌كه ده‌ڵێت تیمه‌كه‌ی مه‌تیاس ویلبۆلد له زانكۆی بریستۆل (بریتانیا)، چه‌ند نمونه (سامپڵ) ێكیان له به‌رده كۆنه‌كانی باشوری خۆرئاوای (گرین‌لاند) وه‌رگرتوه كه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ پێش كاتی ئه‌و "بۆردومان" bombardment ـه‌ی نێزه‌كه‌كان كه تیۆریه‌كه‌ی ئه‌وان پێشنیاری ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی به‌راوردیان بكه‌ن له‌گه‌ڵ به‌ردی نوێتر له شوێنانی تره‌وه یانی له ناوپۆش mantle ـه نوێیه‌كه‌ی زه‌ویه‌وه (ناوپۆش mantle: چینی نێوانی توێکڵ و ناو‌کی زه‌وی).
به هه‌ر حاڵ؛ ده‌ست هه‌ڵده‌گرم له لایه‌نه زانستیه‌كه‌ی، به‌ڵام ئیتر حه‌ز ده‌كه‌م نمونه‌یه‌ك له لێكدانه‌وه‌كانی ئه‌و نوسه‌ره ئیعجازچیه بۆ قورئان لێره‌دا بخه‌مه ڕو، بۆ ئه‌وه‌ی بزانرێت ئیعجازچیه‌كان چه‌نده نه‌زانانه و ناشیانه له خۆیانه‌وه لێكدانه‌وه و ته‌فسیری ده‌ستكرد بۆ قورئان هه‌ڵده‌به‌ستن، و چۆن به شێوه‌یه‌كی ئاشكرا و پێكه‌نیناوی ته‌حریفی واتاكانی قورئان ده‌كه‌ن له‌پێناوی ڕاستده‌رچونی ئیعجازه ده‌ستكرده‌كه‌ی خۆیاندا:
له لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ی خۆمدا، وه‌كو لێره‌ش ئاماژه‌م بۆ كردوه، باسی ئه‌وه‌م كردوه كه قورئان بۆ فه‌راهه‌مهێنراوی خوایی تریش، جگه له ئاسن، به (دابه‌زاندن) گوزارشی له فه‌راهه‌مهێنانی كردوه، بۆ نمونه: ده‌ڵێت: (وأنزل لكم من الأنعام ثمانية أزواج) (الزمر: ٦)، واته هه‌شت نێر و مێی له بابه‌تی ئاژه‌ڵ بۆ فه‌راهه‌م هێناون، خۆی ده‌كاته چوار جۆر: ١. وشتر، ٢. مانگا، ٣. مه‌ڕ، ٤. بزن، ئینجا نێر و مێی ئه‌مانه هه‌مویان؛ ده‌كاته هه‌شت: (١. وشتره‌نێر، ٢. وشتره‌مێ)، (٣. گا، ٤. مانگا)، (٥. به‌ران، ٦. مێ)، (٧. نێری، ٨. بزنه‌مێ). پێویست ناكات ده‌قی موفه‌سسیره‌كانیش له‌م باره‌یه‌وه بهێنینه‌وه چونكه قورئان له جێگه‌یه‌کی تردا ئه‌م هه‌شت نێرومێیه‌ی ڕوون کردوەته‌وە که ده‌ڵێت: (ومن الأنعام... ثمانية أزواج: من الضأن اثنين، ومن المعز اثنين... ومن الإبل اثنين، ومن البقر اثنين) (الأنعام: ١٤٢ ـ ١٤٤)، ئینجا موفه‌سسیره‌کان هه‌مویان باسیان كردوه و شتێكی ئاشكرایشه، بۆ نمونه: (موجاهید) (١٠٤ ك.) و (موقاتیل) (١٥٠ ك.) وا ڕاڤه‌یان كردوه، هه‌روه‌ها (طه‌به‌ری) (٣١٠ ك.) وای ڕاڤه ده‌كات و به سه‌نه‌دی خۆی له (قه‌تاده) (١١٨ ك.) و (ضه‌ححاك) (١٠٥ ك.) ـه‌وه ده‌یگێڕێته‌وه. هه‌روه‌ها ئه‌وانی تریش هه‌ر وایان ڕاڤه كردوه.
بۆ نمونه؛ بڕوانه:
مجاهد، تفسير مجاهد. تحقيق: د. محمد عبد السلام أبو النيل. دار الفكر الإسلامي الحديثة، مصر. الطبعة الأولى، ١٩٨٩. ص. ٥٧٧.
مقاتل بن سليمان، تفسير مقاتل بن سليمان. تحقيق: عبد الله محمود شحاته. دار إحياء التراث، بيروت. الطبعة الأولى، ١٤٢٣ هـ. جـ. ٣ ، ص. ٦٧٠.
الطبري، جامع البيان في تأويل القرآ‌ن. تحقيق: أحمد محمد شاكر. مؤسسة الرسالة. الطبعة الأولى، ٢٠٠٠. جـ. ٢١ ، ص. ٢٥٦: (وجعل لكم من الأنعام ثمانية أزواج: من الإبل زوجين، ومن البقر زوجين، ومن الضأن اثنين، ومن المعز اثنين).
(خۆی به‌كارهێنانی وشه‌ی "زوج" ی عه‌ره‌بی كه‌مێك جیاوازه له وشه‌ی "جوت" ی كوردی: له عه‌ره‌بیدا به هه‌ر یه‌كێك له‌و دوانه‌ی جوتێك پێك ده‌هێنن ده‌وترێت "زوج"، به‌ڵام له كوردیدا جوت به هه‌ردوكیان ده‌وترێت به‌سه‌ر یه‌كه‌وه و به دانه‌یه‌كیان ناوترێت، بۆیه له عه‌ره‌بیدا ده‌وترێت دو زه‌وجه‌كه "الزوجین"، له كاتێكدا له كوردیدا هه‌ر یه‌ك جوته! به هه‌مان شێوه ئه‌و گیاندارانه‌ی له ده‌قه‌كه‌دا ئاماژه‌یان بۆ كراوه له عه‌ره‌بیدا هه‌شت زه‌وج "ثمانية أزواج" ـن یانی هه‌شت دانه‌ن كه دودو نێرومێی یه‌كترن، به‌ڵام به كوردی هه‌ر ده‌كاته چوار جوت!).
جا ده‌قه‌كه مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه بڵێت خوا هه‌شت نێر و مێی له‌و ئاژه‌ڵانه بۆ فه‌راهه‌م هێناون، به‌ڵام ئه‌م فه‌راهه‌مهێنانه له ده‌قه‌كه‌دا به (دابه‌زاندن) گوزارشی لێ كراوه، ئه‌مه‌ش به‌و پێیه‌ی شتێك له‌لایه‌ن خواوه ـ كه به‌رزه ـ فه‌راهه‌م هێنرابێت؛ ده‌بێته دابه‌زێنراو. و ئه‌مه‌ش نیشانه و به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه كه (دابه‌زاندنی ئاسن) یش له ده‌قه‌كه‌ی تردا هه‌ر له‌م بابه‌ته‌یه نه‌ك مه‌به‌ست ئه‌وه بێت كه ئاسنی زه‌وی ده‌قاوده‌ق له ئاسمان (ده‌ره‌وه‌ی زه‌وی) ـه‌وه دابه‌زێنراوه، چونكه ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی ئه‌و واتا ده‌قاوده‌قه بێت؛ ده‌بوایه له‌م ده‌قه‌شدا كه به‌ڕواڵه‌ت باسی دابه‌زاندنی ئاژه‌ڵ ده‌كات؛ مه‌به‌ستی دابه‌زاندنی ئه‌و ئاژه‌ڵانه بوایه له ئاسمانه‌وه!!!
جا نوسه‌ره ئیعجازچیه‌كه‌ی گۆڤاری (هه‌یڤ)؛ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م به‌ڵگه‌یه‌ی من كه له ڕاستیدا به‌ڵگه‌یه‌كی به‌هێزه چونكه لێكدانه‌وه‌ی قورئانه به قورئان، هاتوه نكولی له‌و واتایه ده‌كات كه من باسم كردوه بۆ ده‌قه‌كه! له كاتێكدا ئه‌وه‌ی من باسم كردوه هه‌ر ئه‌و لێكدانه‌وه‌یه‌یه كه هه‌مو موفه‌سسیره‌كانی قورئان و هه‌ر له یه‌كه‌م ڕۆژه‌وه هه‌تا ئێستا باسیان كردوه، به‌ڵام چونكه من باسم كردوه؛ وا بیر ده‌كاته‌وه كه ده‌بێت نكولی لێ بكات! ئینجا له خۆیه‌وه لێكدانه‌وه‌یه‌كی ده‌ستكرد و هه‌تا بڵێیت هه‌ڵه و به‌ڵكو بێ‌نرخ و پێكه‌نیناویی بۆ ده‌كات كه زۆر به‌ڕونی حاڵه‌تی كاره‌ساتاویی ته‌فسیر و لێكدانه‌وه‌ی قورئان لای ئه‌م ئیعجازچیانه پێشان ده‌دات.. ئه‌مانه‌ی كه لاورگه‌ن به‌سه‌ر بواری لێكدانه‌وه‌ی قورئانه‌وه و به‌بێ ئه‌وه‌ی ڕێگه‌یان پێ درابێت خۆیان تێ خزاندوه.
موفه‌سسیره عه‌زیمه‌كه‌مان ده‌ڵێت: ده‌سته‌واژه‌ی (من الأنعام) یانی "له‌و ئاژه‌ڵانه خۆیانه‌وه نه‌ك له ئاسمانه‌وه یان له شوێنێكی تره‌وه ناوی نه‌هێنرابێت"، بۆیه ده‌ڵێت مه‌به‌ستی ئایه‌ته‌كه (وأنزل لكم من الأنعام ثمانية أزواج) "ئه‌وه‌یه كه ئه‌و ئاژه‌ڵانه به‌چكه‌یان ده‌بێت و به‌چكه‌كانیان لێ ده‌كه‌وێته خواره‌وه واته له سكی ئاژه‌ڵه‌كانه‌وه به‌رده‌بنه‌وه سه‌ر زه‌وی، نه‌ك له شوێنێكی تره‌وه دابه‌زیبن!"!! (گۆڤاری هه‌یڤ، ژ. ٢٦، لا. ١٦، ستونی ١، دێڕی ٤٠ ـ ٤٦).
بڕوانن! ئه‌مه دێت ده‌قێكی قورئان ته‌فسیر ده‌كات، كه ته‌فسیر لێپرسراوێتییه‌كی زانستی و ئایینییشه، و به‌حساب وا خۆیشی ده‌رده‌خات كه كتێبه‌كانی ته‌فسیری خوێندوه‌ته‌وه! و ئینجا داواش ده‌كات ئه‌م ته‌فسیره سه‌قه‌ته‌ی خۆی به ئیعجازیش دابنرێت، و كاتێكیش ئێمه هه‌ڵه‌كه‌ی بۆ ڕاست ده‌كه‌ینه‌وه؛ به‌لای ئه‌وه‌وه ئێمه ناحه‌ز به قورئانین!
ئه‌م كابرایه جگه له‌وه‌ی له مه‌به‌ستی ده‌قه‌كه نه‌گه‌شتوه و هیچ حسابێكی بۆ ڕاڤه و لێكدانه‌وه‌ی موفه‌سسیره‌كان نه‌كردوه (له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من قسه‌كانی ئه‌وانم باس كردوه بۆیه به پێویستی ده‌زانێت ڕه‌تی بكاته‌وه!)؛ سه‌رباری ئه‌وانه نه‌یزانیوه ئامڕازی (مِنْ) له ده‌سته‌واژه‌ی (من الأنعام) به چ واتایه‌ك هاتوه. ئه‌و وه‌كو كه‌سێكی مه‌كته‌بیی ساده شاره‌زاییه‌كی زۆر ڕوكه‌شی له زمانی عه‌ره‌بی هه‌یه، بۆیه وا دیاره ته‌نها واتای (له..ـه‌وه) ده‌زانێت له واتاكانی ئامڕازی (مِنْ)، یانی ته‌نها ئه‌و واتایه‌ی كه به زاراوه‌ی زمانه‌وانیی عه‌ره‌بی پێی ده‌وترێت (ابتداء الغاية)، وه‌كو چۆن له قورئاندا زۆر جار ده‌ڵێت (أنزل من السما‌ء)، واته: (له ئاسمانه‌وه دایبه‌زاندوه)، كه لێره‌دا ئامڕازی (مِنْ) به واتای (له...ـه‌وه) یه له كوریدا، و له ڕێزمانی عه‌ره‌بیدا ده‌وترێت ئه‌م ئامڕازه بۆ دیاریكردنی سه‌ره‌تای ماوه‌یه‌ك (ی شوێنی یان كاتی) ـه. جا موفه‌سسیره داهێنه‌ر(!) ه‌كه‌ی گۆڤاری (هه‌یڤ)، كه ته‌نها چه‌ند زانیارییه‌كی گشتی و ڕوكه‌ش له زمانی عه‌ره‌بی ده‌زانێت، وای زانیوه هه‌رچی ئامڕازی (مِنْ) هه‌یه له عه‌ره‌بیدا له‌م بابه‌ته‌یه و به واتای (له...ـه‌وه) یه، بۆیه ته‌فسیرێكی تازه(!) ی بۆ ده‌قه قورئانیه‌كه داهێناوه(!) كه وایزانیوه (من الأنعام) یانی (له ئاژه‌ڵه‌كانه‌وه)!! له كاتێكدا ئه‌م ئامڕازی (مِنْ) ـه لێره‌دا به واتای (له جۆری) یان (له بابه‌تی) ـه، و پێی ده‌وترێت (ڕونكه‌ره‌وه) (بَيانيّة) چونكه بۆ ڕونكردنه‌وه‌ی جۆر (بیان الجنس) ی ئه‌و شته‌یه پێشتر باس كراوه یان جۆره ئاماژه‌یه‌كی بۆ كراوه، لێره‌دا كاتێك ده‌قه‌كه ده‌ڵێت (وأنزل لكم... ثمانية أزواج)؛ ئه‌مه یانی (هه‌شت نێر و مێی بۆ دابه‌زاندون)، ئینجا ده‌سته‌واژه‌ی (من الأنعام) له‌نێوان فرمانی (أنزل..) و به‌ركاری (ثمانية) ئیشی ئه‌وه‌یه جۆری ئه‌و هه‌شته ڕون بكاته‌وه، یانی: هه‌شت نێر و مێ له ئاژه‌ڵ، واته: له بابه‌تی ئاژه‌ڵ، یان: له جۆری ئاژه‌ڵ.
ئینجا له‌ژێر سایه‌ی ئه‌و نه‌زانیه‌یدا له ساده‌ترین به‌كارهێنانی ئامڕاز له زمانی عه‌ره‌بیدا؛ موفه‌سسیره‌كه‌ی گۆڤاری (هه‌یڤ) ته‌فسیرێكی عه‌نتیكه بۆ ئایه‌ته‌كه ساز ده‌كات، كه گوایه مه‌به‌ستی ئایه‌ته‌كه له دابه‌زاندنی ئه‌و ئاژه‌ڵانه ئه‌وه‌یه: كاتێك ده‌بن؛ له سكی دایكه‌كانیانه‌وه ده‌كه‌ونه خواره‌وه و به‌رده‌بنه‌وه بۆ سه‌ر زه‌وی!!!
په‌ح! گریانم دێت بۆ حاڵی بواری ته‌فسیری قورئان چیی لێ به‌سه‌ر هاتوه و توشی كاره‌ساتی چۆن بوه و توشی كێ بوه!
بڵێ تۆ كه عه‌ره‌بی نازانیت و نا‌توانیت به‌دروستی له ده‌قێكی عه‌ره‌بی بگه‌یت؛ بۆچی ده‌م له ته‌فسیر ده‌كوتیت؟
كێ ده‌ڕوات و كێ ده‌مێنێت! ته‌به‌ری و زه‌مه‌خشه‌ری و قوڕتوبی ده‌ڕۆن، و ئه‌م ئیعجازچیه ساخته‌كارانه ده‌مێننه‌وه بۆ ته‌فسیركردنی قورئان!
یانی هه‌مو مه‌به‌ستێكی ئه‌و ده‌قه ئه‌وه بو باسی ئه‌وه بكات چۆن به‌چكه‌ی ئاژه‌ڵ له زێی دایكیه‌وه ده‌كه‌وێته خواره‌وه؟!
یانی ئه‌م ده‌قه ده‌یه‌وێت بڵێت: خوا ده‌فه‌رموێت: "هه‌شت نێر و مێی له ئاژه‌ڵه‌كان خستوه‌ته خواره‌وه بۆتان"؟!
ئاخر بواری ته‌فسیری قورئان ئه‌وه‌نده‌ش ڕسوا ببێت؛ قبوڵ نیه. من خۆم قبوڵم نیه زانسته ئیسلامیه ته‌قلیدیه‌كان ئاوا ڕسوا بكرێن.
ئه‌مه نه زانیویه‌تی (إنزال) یانی چی [ئاخر (إنزال) جیاوازه له واتای (خستنه‌خواره‌وه) و (به‌ردانه‌وه)، (إنزال) ئه‌وه‌یه شتێك له شوێنێكدا به شێوه‌یه‌كی تایبه‌تی و مه‌به‌ست نیشته‌جێ بكرێت، كه ئه‌و شوێنه نزمتره له شوێنی یه‌كه‌می شته‌كه یان له شوێنی دابه‌زێنه‌ره‌كه (نزمیی مادیی، یان هه‌ندێك جار نزمیی مه‌عنه‌وی). بۆیه له عه‌ره‌بیدا بۆ واتای (خستنه‌خواره‌وه) و (به‌ردانه‌وه) وشه‌ی وه‌كو (إسقاط) و (حَطّ) به‌كار دێن نه‌ك (إنزال) كه به واتای (دابه‌زاندن) ێكی به‌مه‌به‌ست و تایبه‌تیه].
و نه زانیویه‌تی ده‌سته‌واژه‌ی (من الأنعام) و ئامڕازی (مِنْ) واتای چیه. وه‌كو ڕونم كرده‌وه.
و نه سه‌رنجی ئه‌وه‌ی داوه كه ده‌ڵێت (بۆتان) (لكم) یانی (بۆ ئێوه)، واته: بۆ ئێوه‌ی دابه‌زاندوه. جا ئه‌گه‌ر به‌پێی ته‌فسیره‌كه‌ی ئه‌و بێت؛ ده‌بێته: [به‌چكه‌ی ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ی] بۆ ئێوه [له سكی دایكیانه‌وه] خستوه‌ته خواره‌وه، یان: به‌رداوه‌ته‌وه! جا ئه‌مه قسه‌یه؟ هه‌ر به‌جیددی بۆ ئێمه‌ی خستوه‌ته خواره‌وه؟!! ئه‌مه‌ش بو به قسه؟!
و نه سه‌رنجی ئه‌وه‌ی داوه كه ده‌قه‌كه باسی شوێنی یه‌كه‌می شتی باسكراوی نه‌كردوه، یانی ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له (إنزال) خستنه‌خواره‌وه یان به‌ردانه‌وه بێت؛ هێشتا ده‌مێنێته‌وه كه ده‌قه‌كه ناڵێت له كوێوه ده‌خرێنه خواره‌وه یان به‌ر ده‌درێنه‌وه، ئیتر چۆن له خۆته‌وه بۆی ساز ده‌كه‌یت و ده‌ڵێت (له "سك" ی دایكه‌كانیانه‌وه)؟! چۆن له‌ت‌وپارچه‌ی خۆت تێكه‌ڵی ده‌قه‌كه ده‌كه‌یت؟ به چ مافێك؟
و نه هه‌وڵی داوه بزانێت فرمانی (أنزل) له جێگه‌كانی تری قورئاندا به چ واتایه‌ك هاتوه.
به‌ڵكو له هه‌موی موسیبه‌تتر ئه‌وه‌یه به‌پێی ته‌فسیره سه‌قه‌ته‌كه‌ی ئه‌و واتای ده‌قه‌كه ئاوای لێ دێت: (هه‌شت جوتی له [سكی] ئاژه‌ڵه‌كانه‌وه خستوه‌ته خواره‌وه)!! كه ئه‌م ده‌سته‌واژه‌ی (سكی) یه‌ش له‌ت‌وپارچه‌ی خۆیه‌تی و تێكه‌ڵ به ده‌قه‌كه‌ی ده‌كات، به‌ڵام موسیبه‌ته‌كه ئه‌وه‌یه ده‌قه‌كه به‌و ته‌فسیره‌ی ئه‌و ناتوانێت ڕونی بكاته‌وه هه‌شت جوت له چی؟ چ هه‌شت جوتێك له سكی ئاژه‌ڵه‌كانه‌وه ده‌كه‌ونه خواره‌وه؟ ئاخر خۆ هه‌ر به‌چكه‌یان لێ ناكه‌وێته خواره‌وه و شتی تریشیان لێ ده‌كه‌وێته خواره‌وه!!
خۆی ده‌قه‌كه به ده‌سته‌واژه‌ی (من الأنعام) جۆری دابه‌زێنراوه‌كه ڕون ده‌كاته‌وه كه له بابه‌تی ئاژه‌ڵه، به‌ڵام ئه‌م موفه‌سسیره بلیمه‌ته‌ی ئیعجازچیه‌كان ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ی كردوه به باسی خاڵی سه‌ره‌تای دابه‌زاندنه‌كه، بۆیه جۆری دابه‌زێنراوه‌كه به ته‌م‌ومژاوی و هه‌ڵواسراوی ده‌مێنێته‌وه و ئه‌مه‌ش ده‌قه‌كه له لایه‌نی واتاییه‌وه له‌نگ ده‌كات.
به‌ڵكو ئه‌و هه‌ر نه‌چوه به‌لای ده‌سته‌واژه‌ی (ثمانية أزواج) و لای لێ نه‌كردوه‌ته‌وه!
و نه‌یشیزانیوه كه ده‌قه‌كه له بنه‌ڕه‌تی ڕێزمانی‌دا به‌م شێوه‌یه‌یه: (وأنزل لكم ثمانية أزواج من الأنعام).
و هێشتا به ئێمه‌ش ده‌ڵێت (ناحه‌ز به قورئان)! خۆی هه‌رچه‌ند واتای قورئان بشێوێنێت و زانستی (ته‌فسیر) ڕسوا بكات؛ كارێكی پیرۆزه و پێویسته خه‌ڵك وه‌كو ئیعجاز و ته‌فسیر و وه‌كو دین لێی وه‌ربگرن، به‌ڵام ئێمه هه‌ڵه‌كانی ئه‌وان ڕاست بكه‌ینه‌وه و هه‌وڵ بده‌ین لێكدانه‌وه‌ی قورئان به‌پێی مه‌رجه زانستیه‌كان بێت؛ ئه‌وا ئێمه ناحه‌زین به قورئان!
من هه‌ر به‌جیددی داوا له لایه‌نه‌كانی وه‌كو (ئه‌وقاف) ده‌كه‌م بێده‌نگ نه‌بن له ئاستی خۆهه‌ڵقورتاندنی ئه‌م ئیعجازچیانه له بواری ته‌فسیر و له‌سه‌ر هه‌ڵه و لێكدانه‌وه سه‌قه‌ته‌كانیان لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌ن.. بۆچی پاشاگه‌ردانیه هه‌ر كه‌سێك هه‌ستا له خۆیه‌وه قورئان ته‌فسیر بكات و لافی ئه‌وه‌ش لێ بدات كه مه‌به‌ستی خوای له ده‌قه‌كه ئاشكرا كردوه و بیشیكات به ئیعجاز و بیروباوه‌ڕ به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌وه و بڵێ خوا وای فه‌رموه؟!
ئه‌م ئیعجازچیانه نه‌ك هه‌ر ته‌حریفی واتاكانی قورئان ده‌كه‌ن و به ئاره‌زوی خۆیان ده‌یانگۆڕن و ملكه‌چی زانستیان ده‌كه‌ن، به‌ڵكو كارێك ده‌كه‌ن و به شێوه‌یه‌ك ده‌قه‌كانی قورئان لێك ده‌ده‌نه‌وه و ڕاڤه‌یان ده‌كه‌ن كه ده‌قه‌كانی قورئان ده‌كه‌نه ده‌قی لاواز و ڕه‌كیك و بێ‌توانا و پێكه‌نیناوی له داڕشتندا، كه خۆیان ـ له‌به‌ر لاوازیی هه‌ست و چێژی زمانه‌وانییان و نه‌شاره‌زاییان و له‌به‌ر ئامانجه‌كانی خۆیان ـ هه‌ست به‌و حاڵه‌ته ناكه‌ن. ئاخر ئه‌گه‌ر بوترێت (هه‌شت نێر و مێی له ئاژه‌ڵه‌كانه‌وه بۆتان خستوه‌ته خواره‌وه)؛ ئه‌مه كه‌ی بۆ قسه‌ی كه‌سێكی ته‌واو ده‌بێت، چ جای ڕه‌وانبێژیی قورئان؟! ئه‌مه لوتكه‌ی لاوازی و ڕه‌كاكه‌ت و بێتواناییه له ده‌ربڕیندا كه ئیعجازچیه‌كان ده‌یلكێنن به قورئانه‌وه.
ئاخ! چیتان لێ بكه‌م؟! چۆن ده‌رمانتان بكه‌م؟!