کارکردنی (داعش) بە فەتوایەکی نەوەی صەحابە لەسەر هاوڕەگەزبازی

کارکردنی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) بە فەتوایەکی نەوەی صەحابە لەسەر هاوڕەگەزبازی

سەروەر پێنجوێنی


زۆر کەس توشی شۆک بون لەو کارەی داعش کە فڕێ‌دانی دو پیاوی هاوڕەگەزباز بو لە شوێنێکی بەرزەوە (لە موسڵ). و هەندێک لە زانایانی ئایینییش (وەکو مەلا عەبدولباری زەمزەمی، لە مەغریب) هاواریان لێ بەرز بوەوە کە ئەوە شێواندنی ئیسلامە.
بەڵام ئاخۆ داعش ئەو جۆرە سزایەی لە کوێوە هێناوە؟
بێ گومان هەر لە فیقهی ئیسلامی و کەلەپوری ئیسلامیەوە وەری‌گرتوە. بەم جۆرە (بەکورتی):
سەرەتا؛ هەرچەند بەلای ئیمام (ئەبو حەنیفە) وە نێربازی سزایەکی شەرعیی دیاریکراو (ئەوەی لە زاراوەی فیقهیی ئیسلامیدا پێی دەوترێت "حد" |حەدد|) ی نیە لەو سزایانەی بە دەق دیاریکراون بۆ پەیوەندیی سێکسیی ناڕەوا، وەکو شەللاق‌لێ‌دان و بەردباران، بەڵکو سزاکە فەرمانڕەوا دیاریی دەکات و ناگاتە کوشتن. کە ئەم جۆرە سزایە پێی دەوترێت "تەعزیر" واتە "تەمێ‌کردن".
بەڵام زۆرینەی فیقهزانە ئیسلامیەکان ڕێبازیان وا بوە کە سزای نێربازی لە بابەتی سزای "زینا" یە کە بەم شێوەیەیە: ئەوەی خێزاندار بوبێت؛ بەردباران دەکرێت، و ئەوەی سەڵت بوبێت؛ سەد شەللاقی لێ دەدرێت (و ساڵێکیش دور دەخرێتەوە). ئیتر بەپێی ڕێبازی حەنەفی (لەسەر بنەمای فەتوای دو پێشەوای ڕێبازەکە: ئەبو یوسف و موحەممەدی کوڕی حەسەنی شەیبانی) و ڕێبازی پشت‌پێ‌بەسراوی ناو ڕێبازی شافیعی، و هەروەها ڕێبازی حەنبەلی؛ سزای نێربازییش بەو جۆرەیە: بەردباران بۆ خێزاندار و شەللاق بۆ سەڵت. لەگەڵ ئەوەشدا بابەتەکە لەو ڕێبازانەدا هەندێک بیروڕای جیاوازی لەسەرە، لەوانە:
ـ لە ڕێبازی حەنەفیدا؛ ئەوەی فەتوای پێ دەدرێت ئەوەیە کە بۆ سەڵتیش ئەوەی چەند جارێک دوبارەی کردەوە دەکوژرێت.ـ لە ڕێبازی شافیعیدا دو فەتوای تریش هەن: بکەر ـ خێزاندار بوبێت یان سەڵت ـ دەکوژرێت (یانی بە شمشێر). ئیمامی نەواوی ئەمەی بە ڕاستتر "أصح" داناوە، بەڵگەیشیان بۆ ئەمە قسەیەکە لە عەبدوڵڵای کوڕی عەبباسەوە هاتوە کە وتویەتی یان گێڕاوێتیەوە: "مَنْ وَجَدَتُّمُوهُ يَعْمَلُ عَمَلَ قَوْمِ لُوطٍ؛ فَاقْتُلُوا الْفَاعِلَ وَاَلْمَفْعُولَ بِهِ". والێ‌کراویش ئەگەر منداڵ و شێت نەبێت؛ شەللاقی لێ دەدرێت و ساڵێک دور دەخرێتەوە. فەتواکەی تریش دەڵێت: سزاکەی فەرمانڕەوا دیاریی دەکات و ناگاتە کوشتن، واتە "تەعزیر" دەکرێت بە سزایەکی گونجاو.
ـ
ڕێبازی مالیکییش لەسەر ئەوەیە کە بکەر و والێ‌کراو، خێزاندار بوبن یان نا؛ بەردباران "ڕەجم" دەکرێن(١). 
بەم شێوەیە بینیمان لە گەلێک ڕێبازی ئیسلامیدا سزای نێربازی دەگاتە کوشتن (جا بە شمشێر یان بەردباران یان شێوەی تر)، و ئەم سزای کوشتنە بەگشتی لە سەردەمی "صەحابە" دا کۆدەنگی "إجماع" ێکی لەسەر بوە کە لە سەرجەمی فەتواکانیان دەفامرێتەوە. ئەم "ئیجماع" ـە ئیبن قەییمی ئەل‌جەوزییە لە "زاد المعاد" دا لە (ابن القصار) ی مالیکی و لە (ابن تیمیة) ـەوە دەیگێڕێتەوە.
جا با بزانین ئەو سزای کوشتنە بە چەند جۆر لێک‌دراوەتەوە: 
ـ هەندێکیان پێیان وا بوە، وەکو هەڵ‌گەڕاوە "مرتد" بە شمشێر دەکوژرێت. بەڵگەی ئەمە "حەدیث" ێکە کە بە "سەنەد" ی صەحیح دراوەتە پاڵ پێغەمبەری ئیسلام کە وتویەتی: "مَنْ وَجَدَتُّمُوهُ يَعْمَلُ عَمَلَ قَوْمِ لُوطٍ؛ فَاقْتُلُوا الْفَاعِلَ وَاَلْمَفْعُولَ بِهِ" یان "مَنْ وَجَدْتُمُوهُ يَعْمَلُ عَمَلَ قَوْمِ لُوطٍ؛ فَاقْتُلُوهُ"، واتە: بکەر و والێ‌کراو بکوژن. و هاتوە کە ئەبو بەکر فەرمانی بەوە داوە و ناردویەتی بۆلای خالید بۆ جێبەجێ‌کردنی. هەرچەند ئەم "کوشتن" ـە لێرەدا شێوازەکەی ڕون نەکراوەتەوە. لە (عوثمانی کوڕی عەففان) ـیشەوە هاتوە کە سزاکەی هەر بە کوشتن داناوە.
ـ هەندێکیان فەتوایان داوە: بەردباران "ڕەجم" دەکرێت. فەتوای مالیک و ئەحمەد و ئیسحاق (ی کوڕی ڕاهوەیهـ). و دەدرێتە پاڵ عەلیی کوڕی ئەبو طالیبیش. (پێشتریش داعش لە سوریا ئەم سزایەی جێبەجێ کردوە).
ـ هەندێکیان وتویانە: دەبێت دیوارێک [یان: ماڵێکی] ی بەسەردا بڕوخێنرێت! ئەمە لە (ئەبو بەکری صیددیق)ـەوە هاتوە. و ئەدرێتە پاڵ (عەلیی کوڕی ئەبو طالیب) یش.
ـ هەندێکیش وتویانە: لە شوێنێكی بەرزەوە و بەسەرەونخونی فڕێ دەدرێتەوە خوارەوە و بەردیشی بەسەردا فڕێ دەدرێتە خوارەوە. ئەمەش لە سزای گەلی (لوط) ـەوە وەرگیراوە، کە ـ بەپێی قورئان ـ شارەکەیان ژێرەوژور کراوە، واتە بە خۆیانەوە بەرز کراوەتەوە و ئینجا بەسەرەونخونی دراوەتەوە بە زەویدا و دوای ئەوەش بەردێكی تایبەتی بارێنراوە بەسەریاندا!! "فَجَعَلْنَا عَالِيَهَا سَافِلَهَا وَأَمْطَرْنَا عَلَيْهِمْ حِجَارَةً مِنْ سِجِّيلٍ". (الحجر: ٧٤).
ئەم فەتوایەش ـ کە ئەوەیە داعش کاری پێ کردوە ـ لە (عەلیی کوڕی ئەبو طالیب) ـەوە هاتوە، و دراوەتە پاڵ ئەبو بەکریش. و لە بەیاننامەکەی داعشیشدا هاتوە کە ئەوان لەو سزایەدا چاویان لە ئەبو بەکری صیددیق کردوە. بەیاننامەکە ئەڵێت: "أسوة بخليفة المسلمين أبو بكر الصديق رضي الله عنه، حكمت المحكمة الإسلامية في ولاية الفرات (جزء من العراق وجزء من سوريا) على رجل فعل فعلة قوم لوط بالرمي من أعلى مكان في المدينة، ثم يتبع بالحجارة حتى الموت".

ـ لەوە خراپتریش هەیە: هاتوە کە ئەبو بەکر ڕاوێژی بە "صەحابە" کردوە بۆ سزادانی نێرباز، عەلیی کوڕی ئەبو طالیبیش فەتوای داوە: دەبێت بسوتێنرێت. و سەرچاوەکان دەڵێن: ئیتر ئەبو بەکر بە نوسراو فەرمانی ناردوە بۆ جێبەجێ‌کردنی ئەو سزایە(٢).
ڕەخنەیەکی فیقهی لە جێبەجێ‌کردنەکەی داعش (بۆ خۆشی!): کتێبە فیقهیەکان کاتێک ئەو فەتوایە دەگێڕنەوە کە ئێستە داعش کاری پێ کردوە؛ دەڵێن: پێویستە بەسەرەونخونی بەربدرێتە خوارەوە، وەکو قەومی لوط! بەڵام لە وێنەکەدا دیارە کەسەکە سەرەونخون فرێ نەدراوە! تۆ بڵێیت هەر لەبەر ئەم خەلەلە بچوکە بوبێت کە ڕاگەیاندنی داعش ئەو بابەتەی لە سایتەکەی خۆیان (المنبر الاعلامي الجهادي) دوای ماوەیەک سڕیەوە؟!! ڕەنگە!!

پەراوێز:
(١) بۆ ئەم ڕێبازانە؛ بڕوانه: 
الموسوعة الفقهية الكويتية. وزارة الأوقاف والشؤون الإسلامية ـ الكويت. مصر: دار الصفوة، الطبعة الأولى. ١٤٠٤ ـ ١٤٢٧ هـ. جـ. ٣٥، ص‌ص. ٣٤٠، ٣٤١. 
النووي، روضة الطالبين وعمدة المفتين. تحقيق: زهير الشاويش. دمشق-بیروت: المكتب الإسلامي. الطبعة الثالثة، ١٩٩١. جـ. ١٠، ص‌ص. ٩٠، ٩١.
(٢) بۆ ئەم فەتوایانەی نەوەی "صەحابە"؛ بۆ نمونه؛ بڕوانه:
النووي، روضة الطالبين وعمدة المفتين. جـ. ١٠، ص. ٩٠.  
الرافعي، العزيز شرح الوجيز (المعروف بالشرح الكبير). تحقیق: علي محمد عوض، عادل أحمد عبد الموجود. بيروت: دار الكتب العلمية. الطبعة الأولى، ١٩٩٧. جـ. ١١، ص‌ص. ١٣٩-١٤١. 
ابن قيم الجوزية، زاد المعاد في هدي خير العباد. بيروت: مؤسسة الرسالة. الكويت: مكتبة المنار الإسلامية. الطبعة السابعة والعشرون، ١٩٩٤. جـ. ٥، ص‌ص. ٣٦، ٣٧. 
ابن الحاج، المدخل. دار التراث. جـ. ٣، ص‌ص. ١١٥، ١١٦.  
الرازي، مفاتيح الغيب (التفسير الكبير). بيروت: دار إحياء التراث العربي. الطبعة الثالثة، ١٤٢٠ هـ. جـ. ٢٣، ص. ٣٠٣.
القاسمي، محاسن التأويل. تحقیق: محمد باسل عيون السود. بيروت: دار الكتب العلمية. الطبعة الأولى، ١٤١٨ هـ. جـ. ٥، ص. ١٤٥.
* بۆ هەواڵەکە و سەرچاوەی وێنەکە؛ بڕوانه:
ـ بالصور.. "داعش" يرمي شخصين من سطح مرتفع بتهمة "الشذوذ" ويرجم امرأة. RT Arabic. ١٧ / ١ / ٢٠١٥.
ـ لە سەرچاوەکانی خۆیانەوە:
ـ لە سایتە ڕەسمیەکەی خۆیان: "ولاية نينوى ـ تقرير مصور عن إقامة حدود الله عز وجل". (المنبر الاعلامي الجهادي). ٢٤ / ربيع الأول / ١٤٣٦ هـ.
ـ "تقرير – ولاية نينوى: إقامة حدود الله (عزوجل)". ( إصدارات الدولة الإسلامية).