ڕیشەی 'شه‌مام، شه‌مامه'

ڕیشەناسی
ڕیشەی
"شه‌مام"، "شه‌مامه"

سەروەر پێنجوێنی

وشەکە لە بنەڕەتدا عەرەبیە. بەم شێوەیە:
"شمام" |شەممام|، ئاوەڵناوێکە، بە واتای شتێک کە زۆر بۆن دەکرێت لەبەر ئەوەی بۆنی زۆرە و بۆن‌خۆشە [وەکو چۆن لە عەرەبیدا شیرینییەک بمژرێت پێی دەوترێت "مصاص" |مەصصاص|]. ئەمە هەر لە عەرەبیدا بە چەند شتێکی بۆن‌خۆش وتراوە، وەکو چەپکە گوڵ، هەروەها هاڕاوەی بۆن، هەروەها بە جۆرە کاڵەکێکی بۆن‌خۆش وتراوە، واتە لە ئاوەڵناوەوە بوەتە ناو. ئینجا بەم شێوەیە لە واتادا کۆیە، بۆ تاک دەبێتە "شمامة" |شەممامه|.
ئیتر بە شێوەی "شمام" |شەممام=شەمام| و "شمامه" |شەممامە=شەمامێ| چوەتە فارسیەوە. هەروەها بە شێوەی "شەمام" و "شەمامە" هاتوەتە کوردیەوە، واتە "شەمامە" ی کوردی دەگەڕێتەوە بۆ "شمامة" |شەممامه| ی عەرەبی کە شێوەی تاکی وشەکەیە. شێوەی "شەمام" یش دەگەڕێتەوە بۆ "شمام" |شەممام| ی عەرەبی کە شێوەی کۆی وشەکەیە. ئینجا لە کوردیدا "شەمام" بە شێوەی "شمام" یش وتراوە، هەروەها لە "شەمام" شێوەی "شەمامۆک" و "شمامۆک" و هەروەها "شەمامۆکە" یش دروست بون، کە دیارە ئەم داڕشتانە بچوککردنەوەیشیان تێدایە.
 *دەربارەی کۆنیی وشەکە؛ وشەکە لە عەرەبیدا کۆنە، و بەدڵنیایی دەزانین کە پێش ئەوەی لە شیعری (ناری) دا بێت؛ لە دەقە عەدەبیە عەرەبیەکان و فەرهەنگە عەرەبیەکاندا هەبوە. تەنها بۆ نمونه:
لە (المحاسن والأضداد) ی (الجاحظ) ـدا کە (٢٥٥ کۆچی) مردوە، دەستەواژەی "شمامات مسك وعنبر" هاتوە. بڕوانە: الجاحظ، المحاسن والأضداد. دار ومكتبة الهلال، بيروت. ١٤٣٢ هـ. ص. ٣٢٨.
لە (الموشى) یاخود (الظرف والظرفاء) ی (الوشاء) دا کە (٣٢٥ کۆچی) مردوە، هاتوە دەڵێت: "الأُتْرُجة الواحدة، والتفاحة الواحدة، والدَّسْتَبويَة اللطيفة، والشَّمَّامة اللطيفة، والغُصن من الريحان، والطاقة من النرجِس". بڕوانه: الوشاء، الموشى (الظرف والظرفاء). تحقیق: كمال مصطفى. مكتبة الخانجي، شارع مصر، مطبعة الاعتماد. الطبعة الثانية، ١٩٥٣. ص. ١٩٧.
دواتر لە فەرهەنگی (لسان العرب) ی (ابن منظور) دا کە (٧١١ کۆچی) مردوە، هاتوە: "والشَّمَّاماتُ: مَا يُتَشَمَّمُ مِنَ الأَرْواح الطَّيّبةِ". بڕوانه: ابن منظور، لسان العرب. مادة (ش‌م‌م.(

هێشتا لەم سەرچاوانەدا "شمام" و "شمامة" بەگشتی بە واتای هەر شتێکی بۆن‌خۆش یان هەر بۆنێکن کە لە دەستدا هەڵ‌بگیریت و بۆن بکرێت. ڕەنگە لەدوای ئەمەوە وشەکە بەتایبەتی بەو جۆرە کاڵەکە بۆن‌خۆشە وترابێت، بۆیە لە فەرهەنگی (القاموس المحیط) ی (الفيروزآبادي) ـدا کە (٨١٧ کۆچی) مردوە؛ هاتوە: "الشَّمَّامُ": (بِطِّيخ كَحَنْظَلَة صَغِيَرةٍ مُخَطَّطٌ بَحُمْرَةٍ وخُضْرَةٍ وصُفْرَة، فارِسيَّتُه الدَّسْتَنْبُويَه). واتە: (کاڵەکێکە وەکو گوژاڵکێکی بچوک، خەت‌خەتە بە خەتی سور و سەوز و زەرد، فارسیەکەی "الدَّسْتَنْبُويَه" ـە)، بڕوانه: الفيروزآبادي، القاموس المحیط، مادة (ش‌م‌م). کە لە ڕاستیدا ئەمە شێوەی عەرەبیێنراوی وشەکە فارسیەکەیە، وشە فارسیەکە بە شێوەی "دست‌بوی" و "دست‌بویه" و لە هەندێک سەرچاوەشدا بە شێوەی "دستنبو" بو، هاتوە، کە ئەمە دیارە بە شێوەی "دستنبویه" یش هەبوە و شێوە عەرەبیێنراوەکە لەمەوە هاتوە. شێوە بنەڕەتیەکە "دست‌بوی" لەوەوە هاتوە کە ئەو بۆنە لە دەستدا هەڵ‌دەگیرێت [یان شەمامەکە، ئەو کاتەی بچوکە و پڕی لەپی دەستە؛ لە دەستدا هەڵدەگیرێت] بۆ ئەوەی خێراخێرا بۆن بکرێت و بۆنی دەستیش خۆش بکات، ئەم "بوی" |بۆۆی=بووی| ـە شێوەیەکی کۆنتری هەمان وشەی "بو" |بۆۆ=بوو| ی فارسیە کە لە کوردییشدا بە شێوەی "بۆ" |بۆۆ| یە، شێوەی "بویه" |بۆۆیەهـ=بوویەهـ| یش هەر هەمان وشەی "بوی" ـە لەگەڵ هیێیەکی کۆتایی. شێوەکەی تری وشەکە: "دستنبوی" کە کورت بوەتەوە بۆ "دستنبو" و هەروەها لەگەڵ هێی کۆتاییشدا بوەتە "دستنبویه"؛ ئەمانەش هەر هەمان وشەی پێشون، جیاوازیەکەیان تەنها ئەوەیە؛ ئەمە لە بنەڕەتدا "دست انبوی" بوە، کە "انبوی" |ئەنبۆۆی=ئەنبووی=ئەمبووی| وشەیەکی ترە بە واتای"بۆن‌دار" و لە "انبوییده" وە هاتوە و لەجێی ئەو بەکار دێت [بۆیە "انبوییدن" واتە: بۆن‌کردن]. ئیتر دەنگی هەمزەکە سواوە و "دست انبوی" بەسەر یەکەوە بوەتە "دستنبوی"، کە ئەمە شێوەی "دستنبویه" و دواتر "دستنبو" ی وەرگرتوە. ئەم "دستنبو" |دەستەنبۆۆ=دەستەمبوو| ـە؛ گۆکردنەکەی بوەتە "دەستەمبوو"، بۆیە ئێستە لە فارسیدا جاروبار بە شێوەی "دستمبو" یش دەنوسرێت.
هەمان وشە لە کوردییشدا هەیە، کە بە شێوەی "دەستبۆ" ماوەتەوە، و دەبێتە "دەسبۆ" یش.
بۆمان دەرکەوت کە وشە فارسیە ڕەسەنەکە، لەبریی "شمام" و "شمامه" کە لە عەرەبیەوە هاتون، بریتیە لە "دستبو" و "دستنبو" و شێوەکانی تریان. هەروەها وشە کوردیە ڕەسەنەکەش، لەبریی "شەمام" و "شەمامه" ی بەبنەڕەت عەرەبی، بریتیە لە "دەستبۆ" و "دەسبۆ". 
 *لێرەوە ڕون دەبێتەوە کە فارسی و کوردی "شەمام" و "شەمامە" یان لە عەرەبیەوە وەرگرتوە، بەڵام عەرەبییش وشەیەکی هاوواتای فارسییشی بۆ هەمان واتا وەرگرتوە کە "دست انبوی ~ دستنبویه" ی فارسی چوەتە عەرەبیەوە، وەکو لە (القاموس المحیط) ـدا بە شێوەی "الدَّسْتَنْبُويَه" هاتوە، کە کاتی خۆی بوەتە ناوی کچانیش.
شایەنی ئاماژەیە لە عەرەبیدا وشەیەکی تریش هەیە بە هەمان واتا، ئەویش "لفاح" |لوففاح| ـە، کە لە بنەڕەتدا بە ڕوەکێکی تر وتراوە بەڵام لە میسر و شام بە کاڵەکی جۆری "شەمامە" یش وتراوە. لە فارسییشدا وشەیەکی تر هەیە بە واتای "شەمامە"، کە ئەویش "درداب" |دەرداب| ـە.