زنجیره‌ی به‌ڵگه‌كانی په‌ره‌سه‌ندن
سه‌روه‌ر پێنجوێنی
له‌م
زنجیره‌یه‌دا به‌ڵگه‌کانی په‌ره‌سه‌ندنی زینده‌وه‌ران له یه‌ک بنچینه و
پێشینه‌ی هاوبه‌شه‌وه ده‌خه‌ینه ڕو. به‌ڵگه‌کان زۆرن و چه‌ند جۆرێکن،
بۆیه به‌سه‌ر چه‌ند به‌شێکدا دابه‌ش ده‌بن. ئه‌وانه‌ش:
(ا)
ئه‌ندام و پێكهاته‌ی شوێنه‌واری په‌ره‌سه‌ندن له جه‌سته‌ی زینده‌وه‌راندا
مه‌به‌ست له ئه‌ندامی شوێنه‌واری (عضو أثريّ) Vestigial Organ كۆمه‌ڵێك
ئه‌ندام و شانه و پێكهاته‌یه له بونیادی جه‌سته‌ی زینده‌وه‌راندا، كه
له پێشینانی ئه‌م زینده‌وه‌رانه‌دا فرمان و ئه‌ركی ته‌واوی خۆیان هه‌بوه،
به‌ڵام له‌م زینده‌وه‌رانه‌دا كه بارودۆخێكی تریان هه‌یه و پێویستی به‌و
ئه‌ندام و شانه و پێكهاتانه نه‌ماوه و فرمان و كاره‌كه‌یان له ده‌ست
داوه؛ نه‌ماون یان پوكاونه‌ته‌وه و دیار نه‌ماون و ته‌نها
پاشماوه‌یه‌كیان ماوه كه به‌زۆری سودێكی ئه‌وتۆیان نیه یان به‌لای
كه‌مه‌وه ئه‌و فرمانه‌یان نه‌ماوه كه پێشتر له پێشینانی ئه‌م
زینده‌وه‌رانه‌دا هه‌یانبوه، و به‌ره‌و ئه‌وه ده‌چن له داهاتودا
به‌ته‌واوی نه‌مێنن.
(١)
له جه‌سته‌ی مرۆڤدا
له
جه‌سته‌ی مرۆڤدا كۆمه‌ڵێك شانه و پێكهاته و تایبه‌تمه‌ندی و فرمان هه‌ن
كه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ پێشینه‌كانی مرۆڤ و پاشماوه‌ی په‌ره‌سه‌ندنی مرۆڤن
له‌و پێشینانه‌وه. له‌مانه:
ده‌ماری قوڕقوڕاگه‌یی گه‌ڕاوه
ڕه‌نگه
پۆلێنكردنی (ده‌ماری قوڕقوڕاگه‌یی گه‌ڕاوه) له ڕیزی (ئه‌ندامه شوێنه‌واریه‌كان)
دا ورد نه‌بێت، به‌ڵام ئێمه لێره‌دا مه‌به‌ستمان دیزاینی ده‌ماره‌كه‌یه، ده‌ماره‌كه
بۆ خۆی فرمانی ته‌واوی خۆی جێبه‌جێ ده‌كات و ئاڵۆزتریش بوه، به‌ڵام دیزاینه‌كه‌ی
له بابه‌تی شوێنه‌واری په‌ره‌سه‌ندنه.
یه‌كێك له نیشانه و به‌ڵگه زه‌قه‌كانی په‌ره‌سه‌ندن؛
(ده‌ماری قوڕقوڕاگه‌یی گه‌ڕاوه) Recurrent Laryngeal Nerve یه كه به‌رپرسه له كۆنتڕۆڵی (سندوقی ده‌نگ) و دروستكردنی ده‌نگ (و
له مرۆڤدا گۆكردن). ئه‌وه‌ش به‌تایبه‌تی له شیرده‌ره‌كاندا زه‌قه و له شیرده‌رێكی
مل فره درێژی وه‌كو زه‌رافه‌دا زه‌قتریش دیاره.
ئه‌م ده‌ماره، یه‌كێكه له (ده‌ماره كه‌للـه‌ییه‌كان)
Cranial nerves واته (١٢) ده‌ماره ئازاده‌كه،
واته یه‌كێكه له‌و ده‌مارانه‌ی له مێشك ده‌رده‌چن و ڕاسته‌وخۆ ده‌گه‌نه ئه‌ندامه‌كان
نه‌ك په‌یوه‌ست بن به دڕكه په‌تكه‌وه. ده‌مارێكی سه‌ربه‌خۆیش نیه واته خۆی یه‌كسه‌ر
له مێشكه‌وه ده‌رناچێت، به‌ڵكو وه‌كو لقێكه (لقی ٤ـه‌م) له ده‌مارێكی گه‌وره‌تر
كه پێی ده‌وترێت (ده‌ماری ئاواره) Vagus nerve یاخود (ده‌ماری سی‌گه‌ده‌یی) Pneumogastric nerve كه ده‌ماری ١٠ـه‌هه‌مه له (ده‌ماره كه‌للـه‌ییه‌كان) كه ئاماژه‌یان
بۆ كرا.
(ده‌ماری ئاواره) جوته ده‌مارێكه، واته
لای راستی هه‌یه و لای چه‌پیشی هه‌یه، ئینجا له هه‌ر لایه‌كیه‌وه دو ده‌ماری
قوڕقوڕاگه‌یی هه‌ن كه وه‌كو دو لق لێی پێك دێن: لقی یه‌كه‌میان كه زو له (ده‌ماری
ئاواره) جیا ده‌بێته‌وه و پێی ده‌وترێت (ده‌ماری قوڕقوڕاگه‌یی سه‌ره‌وه) Superior laryngeal nerve كه كورته و ڕاسته‌وخۆ له‌لای
سه‌ره‌وه ده‌گات به قوڕقوڕاگه و دو لقی هه‌یه: (ده‌ماری قوڕقوڕاگه‌یی له‌ده‌ر)
External laryngeal nerve [ده‌مارێكی
هه‌ستیه و به‌ری "قوڵكه‌ی هه‌رمێیی" Piriformis
fossa و ناوپۆشی "قوڕقوڕاگه" و هه‌تا ده‌گاته‌وه
جوته "په‌تكه ده‌نگیه‌كان" Vocal cords، په‌یوه‌ست ده‌كات] و (ده‌ماری
قوڕقوڕاگه‌یی له‌ناو) Internal laryngeal nerve [ده‌مارێكی جوڵه‌ییه و "ماسولكه‌ی قوڕگی ـ ده‌ره‌قی"
Cricothyroid muscle په‌یوه‌ست
ده‌كات]. ئینجا (ده‌ماری ئاواره) به هه‌ردو لای ڕاست و لای چه‌پیه‌وه به‌رده‌وام
ده‌بێت بۆ خواره‌وه تا نزیكی دڵ (له‌وێ چه‌ند لقێكی لـێ ده‌بێته‌وه بۆ نێو
گورزه‌ده‌ماری دڵ Cardiac plexus) و له‌وێوه
لقی تری لـێ به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ خوارتر (گه‌ده..) كه له‌وێ كۆتایی دێت و ون
ده‌بێت (هه‌ر بۆیه ده‌ماره‌كه پێی ده‌وترێت ده‌ماری "ئاواره")، به‌ڵام
پێش ئه‌وانه لقێكی بنه‌ڕه‌تییشی لـێ ده‌بێته‌وه كه پێچ ده‌كاته‌وه و ده‌گه‌ڕێته‌وه
بۆ سه‌ره‌وه هه‌تا ده‌گاته‌وه به قوڕقوڕاگه و په‌یوه‌ستی ده‌كات، ئه‌م لقه كه
ده‌گه‌ڕێته‌وه پێی ده‌وترێت (ده‌ماری قوڕقوڕاگه‌یی گه‌ڕاوه) Recurrent laryngeal nerve كه مه‌به‌سته‌كه‌ی ئێمه‌یه
و به هه‌مو ده‌ماره گه‌ڕاوه‌كه ده‌وترێت، هه‌روه‌ها كاتێكیش ده‌گاته‌وه به
قوڕقوڕاگه پێی ده‌وترێت (ده‌ماری قوڕقوڕاگه‌یی خواره‌وه) Inferior
laryngeal nerve چونكه له‌لای خواره‌وه قوڕقوڕاگه په‌یوه‌ست ده‌كات،
ئیتر هه‌مو ماسولكه‌كانی قوڕقوڕاگه (سندوقی ده‌نگ) په‌یوه‌ست و كۆنتڕۆڵ ده‌كات، به‌م
شێوه‌یه‌ش كۆنتڕۆڵی ده‌نگ و گۆكردن و هه‌روه‌ها قوتدان ده‌كات.
به‌م شێوه‌یه ئه‌م ده‌ماره له كۆتاییدا ده‌گات به قوڕقوڕاگه، كه خۆی ماوه‌ی نێوان مێشك و قوڕقوڕاگه چه‌ند سانتیمه‌ترێكی كه‌مه، به‌ڵام له‌بریی ئه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ له مێشكه‌وه به‌و چه‌ند سانتیمه‌تره بگات به قوڕقوڕاگه؛ له‌بریی ئه‌وه ڕێگایه‌كی دورودرێژ ده‌بڕێت كه ده‌چێته خواره‌وه بۆ سنگ و ئینجا: لقی لای چه‌پی ده‌ماره‌كه كه له (ده‌ماری ئاواره‌ی چه‌پ) جیا ده‌بێته‌وه؛ به ده‌وری كه‌وانه‌ی (شاخوێنبه‌ر) Aorta (Aortic arch) ی دڵدا پێچ ده‌كاته‌وه، لقی لای ڕاستی ده‌ماره‌كه‌ش كه له (ده‌ماری ئاواره‌ی ڕاست) جیا ده‌بێته‌وه؛ به ده‌وری (خوێنبه‌ری ژێرچه‌ڵه‌مه) Subclavian artery ی لای ڕاستدا ـ كه هه‌ر له كه‌وانه‌ی شاخوێنبه‌ر لق ده‌كاته‌وه ـ پێچ ده‌كاته‌وه، ئینجا ئه‌م دو لایه‌ی ده‌ماره‌كه ده‌چنه‌وه بۆ سه‌ره‌وه هه‌تا ده‌گه‌نه‌وه قوڕقوڕاگه و پێیه‌وه په‌یوه‌ست ده‌بن، به‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌ماره‌كه له‌و ڕێگه‌یه‌دا (به‌تایبه‌تی له ڕێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌دا) هیچ فرمانێكی تری ببێت و هیچ ئه‌ندامێكی تر په‌یوه‌ست بكات به كۆئه‌ندامی ده‌ماره‌وه.
به‌م شێوه‌یه ئه‌م ده‌ماره له كۆتاییدا ده‌گات به قوڕقوڕاگه، كه خۆی ماوه‌ی نێوان مێشك و قوڕقوڕاگه چه‌ند سانتیمه‌ترێكی كه‌مه، به‌ڵام له‌بریی ئه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ له مێشكه‌وه به‌و چه‌ند سانتیمه‌تره بگات به قوڕقوڕاگه؛ له‌بریی ئه‌وه ڕێگایه‌كی دورودرێژ ده‌بڕێت كه ده‌چێته خواره‌وه بۆ سنگ و ئینجا: لقی لای چه‌پی ده‌ماره‌كه كه له (ده‌ماری ئاواره‌ی چه‌پ) جیا ده‌بێته‌وه؛ به ده‌وری كه‌وانه‌ی (شاخوێنبه‌ر) Aorta (Aortic arch) ی دڵدا پێچ ده‌كاته‌وه، لقی لای ڕاستی ده‌ماره‌كه‌ش كه له (ده‌ماری ئاواره‌ی ڕاست) جیا ده‌بێته‌وه؛ به ده‌وری (خوێنبه‌ری ژێرچه‌ڵه‌مه) Subclavian artery ی لای ڕاستدا ـ كه هه‌ر له كه‌وانه‌ی شاخوێنبه‌ر لق ده‌كاته‌وه ـ پێچ ده‌كاته‌وه، ئینجا ئه‌م دو لایه‌ی ده‌ماره‌كه ده‌چنه‌وه بۆ سه‌ره‌وه هه‌تا ده‌گه‌نه‌وه قوڕقوڕاگه و پێیه‌وه په‌یوه‌ست ده‌بن، به‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌ماره‌كه له‌و ڕێگه‌یه‌دا (به‌تایبه‌تی له ڕێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌دا) هیچ فرمانێكی تری ببێت و هیچ ئه‌ندامێكی تر په‌یوه‌ست بكات به كۆئه‌ندامی ده‌ماره‌وه.
هه‌رچه‌ند تا ئێره باسه‌كه‌مان به‌تایبه‌تی له مرۆڤ بو،
به‌ڵام ئه‌م ده‌ماره له هه‌مو گیانداره چوارپه‌له‌كاندا و به‌تایبه‌تی شیرده‌ره‌كاندا
هه‌یه و هه‌مان ئه‌و ڕێگه درێژ و پێچ‌وقه‌مچه ده‌گرێته به‌ر هه‌تا له مێشكه‌وه
ده‌گات به قوڕقوڕاگه. به‌تایبه‌تی له زه‌ڕافه‌دا زه‌قتر ده‌رده‌كه‌وێت، كه ده‌بینین
ئه‌و ده‌ماره له‌بریی ئه‌وه‌ی ڕێگه ڕاسته‌وخۆكه كه چه‌ند سانتیمه‌ترێكه له
مێشكه‌وه بۆ قوڕقوڕاگه بگرێته به‌ر؛ له مێشكیه‌وه ده‌رده‌چێت و به ملیدا ده‌چێت
بۆ خواره‌وه، به‌م شێوه‌یه‌ش نزیكه‌ی ٢ مه‌تر ڕێگه ده‌بڕێت! ئینجا به‌ده‌وری (شاخوێنبه‌ری
پشتی) Dorsal Aorta ی
دڵی گیانداره‌كه‌دا ده‌سوڕێته‌وه و ئینجا به‌ره‌و سه‌ره‌وه ده‌ڕواته‌وه و نزیكی
دو مه‌تری تر ده‌بڕێت هه‌تا ده‌گات به قوڕقوڕاگه! كه ئه‌مه جگه له‌وه‌ی شتێكی
ناپێویست و نادانستیانه (ناحه‌كیمانه) یه؛ ئه‌ركی زۆر بۆ گیانداره‌كه دروست ده‌كات،
چونكه بڕێكی زیاتر و درێژتر له ده‌مار دروست ده‌كات، هه‌ر بۆیه‌ش ده‌ماره‌كه
زۆرتر ئه‌گه‌ری زیانلێكه‌وتنی هه‌یه، به شێوه‌یه‌ك ئه‌گه‌ری هه‌یه به لێدانێك
كه به‌ر سنگ ده‌كه‌وێت زیانی لـێ بكه‌وێت و ئه‌و كاته‌ش قسه‌كردن (یاخود ده‌نگده‌ركردن)
و قوتدان زه‌حمه‌ت ده‌بێت یان كۆنتڕۆڵ ناكرێت..
جگه له‌وه‌ش ناردنی ئاماژه و فه‌رمانه‌كان به ده‌ماره‌كه‌دا كات و وزه‌ی
زیاتر سه‌رف ده‌كات.
ئه‌مه دیارده‌یه‌كی زۆر سه‌یره و ده‌بێت لێكدانه‌وه‌مان
بۆی هه‌بێت. جا ئه‌گه‌ر باسی ئه‌وه بكه‌ین كه هێزێكی دانا و زانا هه‌یه كه ئه‌و
گیاندارانه‌ی دروست كردوه و پێكهاته‌ی جه‌سته‌یانی داڕشتوه؛ ئه‌وا ده‌بینین
پێكهاته‌ی ئه‌و ده‌ماره له شیرده‌ره‌كاندا كارێكی بێ‌پاساو و هه‌ڵه و نه‌داناییه،
چونكه ئه‌گه‌ر دروستكه‌رێك یان نه‌خشه‌سازێك هه‌بێت؛ بۆ شیرده‌ره‌كان نه‌خشه‌یه‌كی
نوێی داده‌نا و ئه‌و كاته هه‌ر ڕاسته‌وخۆ ده‌ماره‌كه‌ی له مێشكه‌وه ده‌گه‌یاند
به قوڕقوڕاگه. به‌ڵام ده‌بینین له شیرده‌رێكی وه‌كو زه‌ڕافه‌دا؛ ئه‌و ده‌ماره
سه‌رجه‌م نزیكه‌ی ٤ مه‌تر (١٥ پێ) ده‌بڕێت له مێشكه‌وه هه‌تا ده‌گاته‌وه به
قوڕقوڕاگه! له كاتێكدا به ڕێگه‌ی ڕاسته‌وخۆ ته‌نها چه‌ند ئینچێكی كه‌می پێویسته
تا بگاته قوڕقوڕاگه، واته (١٤پێ) ی زیاده‌یه و ده‌كرا به یه‌ك پێ بگاته
شوێنی خۆی!
ئه‌و پێچه‌ی ده‌ماری گه‌ڕاوه‌ی قوڕقوڕاگه له زه‌ڕافه‌دا دروستی ده‌کات
به هه‌مان شێوه له مرۆڤیش‌دا ئه‌و ده‌ماره له مێشكه‌وه
ده‌رده‌چێت و داده‌به‌زێته خواره‌وه بۆ سنگ و به‌ده‌وری كه‌وانه‌ی شاخوێنبه‌ر و
لقێكیدا له‌نزیكی دڵ (به‌و شێوه‌یه‌ی باس كرا) پێچ ده‌كاته‌وه و ئینجا سه‌رده‌كه‌وێته‌وه
و ده‌گاته‌وه به قوڕقوڕاگه، به‌م شێوه‌یه‌ش ماوه‌ی نزیكه‌ی (٥٠ سم) ده‌بڕێت كه
(٧) جار له ڕێگه ڕاسته‌وخۆكه زیاتره!
له داینۆسۆره‌كاندا، به‌تایبه‌تی جۆرێكی وه‌كو (سوپه‌رسۆروس)
Supersaurus، به‌پێی درێژیی ملی و ماوه‌ی
نێوان مێشكی و دڵی، كه خۆی (٣٠ ـ ٤٦ م.) بوه، ده‌بێت ده‌ماره‌كه له ٢٨ مه‌تر (٩٢
پێ) درێژتر بوبێت! ئه‌مه پسپۆڕی توێكاری (ماثیو ج. وێدێڵ) Mathew J. Wedel باسی كردوه.
به‌راوردی ده‌ماری گه‌ڕاوه‌ی قوڕقوڕاگه
له داینۆسۆری سوپه‌رسۆروس و زه‌ڕافه و مرۆڤدا
به‌ڵكو جۆرێكی تری داینۆسۆر كه گه‌وره‌تر بوه و پێی ده‌وترێت (ئامفیسیلیاس فراگیلیموس) Amphicoelias fragillimus، كه خۆی له لمۆزیه‌وه هه‌تا كلكی به (٤٩ ـ ٥٨ م) (١٦١ ـ ١٩٠ پێ) خه‌مڵێنراوه، به‌م پێیه ده‌بێت ده‌ماره‌كه له‌م جۆره داینۆسۆره‌دا (٣٨ م) (١٢٤ پێ) یان زیاتر بوبێت، چونكه ده‌ماره‌كه دو جار ڕێگه‌ی مله ١٩ مه‌تریه‌كه‌ی ده‌بڕێت!
داینۆسۆری ئامفیسیلیاس فراگیلیموس
هه‌رچه‌ند كه‌مێك گومان هه‌یه له‌وه‌ی ئه‌و ده‌ماره له
داینۆسۆره‌كاندا هه‌بوبێت، به‌ڵام به‌وه‌دا كه هه‌مو گیانداره چوارپه‌له‌كانی
ئێسته (وشكاوه‌كی، خشۆك، شیرده‌ر) دا هه‌یه؛ دیاره ئه‌و ده‌ماره به‌شێك بوه له
به‌ره‌نجامی په‌ره‌سه‌ندنی هاوبه‌شیان له پێشینه شێوه‌ماسیه‌كانه‌وه و له هه‌مویاندا
هه‌بوه.
ئه‌م دیارده‌یه دورترین شته له بونی دروستكه‌رێك یان نه‌خشه‌سازێك
كه به دانایی و به‌رچاوڕونی گیانداره‌كه دروست بكات. به‌ڵكو هه‌ڵه‌یه‌كه له نه‌خشه‌ی
جه‌سته‌ی گیانداردا، و به نمونه‌یه‌كی خراپی سروشت ناو براوه.
به‌ڵام كاتێك مێژوی په‌ره‌سه‌ندنی گیانداران ده‌هێنینه‌وه
پێش چاومان؛ لێكدانه‌وه‌یه‌كی ڕون و ئاشكرامان ده‌ست ده‌كه‌وێت:
ئه‌م ده‌ماره له ماسییشدا هه‌یه، له ماسییشدا ده‌ماره‌كه
له مێشكه‌وه ده‌رده‌چێت و ده‌گات به (ڕیشوه‌كان) Gills و به‌ناو (كه‌وانه ڕیشوداره‌كان) Gill archs دا ده‌چێت واته نزیكی دڵ ده‌بێته‌وه، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له
ماسیدا ملێكی ئه‌وتۆ نیه؛ ڕێگه‌ی ده‌ماره‌كه تا ڕاده‌یه‌ك ڕێگه‌یه‌كی كورت و
ڕاسته‌وخۆیه.
جا دیاره له ماسیه كۆنه‌كاندا كه پێشینه‌ی گیانداره
چوارپه‌له‌كانن، ده‌ماره‌كه شانبه‌شانی بۆرییه‌كی خوێن به‌كار هاتوه كه هه‌ردو
ده‌ماره‌كه و بۆریه خوێنه‌كه فرمانیان كارپێكردنی ڕیشوه‌كانی ئه‌و گیانداره
شێوه‌ماسیانه‌یه، بۆیه ده‌ماره‌كه په‌یوه‌ست بوه به كه‌وانه ڕیشوداره‌كانه‌وه.
به‌ڵام كاتێك ئه‌و ماسیانه‌ی چاخه كۆنه‌كان په‌ره‌یان سه‌ندوه و گیانداری ئاوی و
وشكانیی تریان لـێ دروست بوه؛ ئیتر چه‌ند گۆڕانكارییه‌كی پێكه‌وه‌به‌سراو هاتونه‌ته
كایه:
ـ (ڕیشوه‌كان) په‌ره‌یان سه‌ندوه و بونه‌ته (سیه‌كان).
ـ به‌شێك له كه‌وانه‌ی ڕیشوداری ٦ـه‌م كه پێشتر ده‌ماره‌كه
پێیدا تێپه‌ڕیوه بۆ ناو قڵشی كه‌وانه‌كه، كه بریتیه له (كه‌وانه‌ی خوێنبه‌ری) Arterial arch ی ٦ـه‌م كه ده‌ماره‌كه‌دا به‌لایدا تێپه‌ڕیوه، بوه‌ته (كه‌ناڵی
خوێنبه‌ری) Ductus arteriosus (بۆرییه‌كی
خوێنه كه نێوانی "خوێنبه‌ری سی" Pulmonary
artery و "شاخوێنبه‌ر" ده‌به‌ستێته‌وه)، ئه‌مه
جگه له‌وه‌ی پێكهاته‌ی كه‌وانه‌كان به‌گشتی هه‌ر بریتی بوه له (شاخوێنبه‌ری
پشتی) Dorsal aorta، كه
له شیرده‌ره‌كاندا هه‌تا ئێستاش ده‌ماره‌كه به‌ده‌وری ئه‌و خوێنبه‌ره‌دا ده‌ڕوات!
ـ كه‌وانه‌یه‌كی ڕیشوداری تر، كه پێشتر ده‌ماره‌كه
پێیدا تێپه‌ڕیوه، بوه‌ته قوڕقوڕاگه، كه ئێسته‌ش ده‌ماره‌كه له كۆتاییدا به‌ته‌واوی
په‌یوه‌سته پێوه‌ی.
ـ ورده ورده مل له‌و گیاندارانه‌دا ده‌ركه‌وتوه و درێژ
بوه‌ته‌وه.
ـ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه؛ دڵ و شاخوێنبه‌ره‌كه‌ی زیاتر كه‌وتوه‌ته
خواره‌وه، واته ئه‌و بۆریه خوێنه‌ی كه ده‌ماره‌كه له‌و ماسیه كۆنانه‌دا له‌گه‌ڵی
په‌یوه‌ست بوه؛ ئێسته له‌م گیانداره چوارپه‌لانه‌دا كه‌وتوه‌ته دواوه و دور كه‌وتوه‌ته‌وه،
ئیتر ده‌ماره‌كه‌ش ناچاره له‌گه‌ڵیدا بكه‌وێته دواوه دور بكه‌وێته‌وه.
ـ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه؛ قوڕقوڕاگه زیاتر كه‌وتوه‌ته لای
سه‌ره‌وه ـ له چاو خوێنبه‌ره‌كانی نزیكی دڵ ـ و به‌م شێوه‌یه ڕێگه‌ی ده‌ماره‌كه
دوقات بوه‌ته‌وه.
ئیتر ئه‌و ده‌ماره نه‌خشه و دیزاینێكی نوێی بۆ نه‌كراوه
تا ڕێگه‌كه‌ی به‌بێ سود درێژ نه‌بێته‌وه و به ڕێگایه‌كی كورت بگاته قوڕقوڕاگه،
به‌ڵكو ـ له‌گه‌ڵ درێژبونه‌وه‌ی مل و سنگ و ئه‌و بۆریه خوێنه‌ی كه ده‌گاته ئه‌وێ
ـ ده‌ماره‌كه‌ش درێژ بوه‌ته‌وه و ڕێگه‌كه‌ی دور كه‌وتوه‌ته‌وه، چونكه ده‌بێت بگاته
"شاخوێنبه‌ری پشتی" كه له‌جێی كه‌وانه‌یه‌كی ڕیشوداری پێشینه شێوه‌ماسیه
كۆنه‌كانه، و ئینجا ده‌بێت به ئاڕاسته‌ی پێچه‌وانه‌دا بیشگاته‌وه به "قوڕقوڕاگه"
كه له‌جێی كه‌وانه‌یه‌كی ڕیشوداری تره..
ئه‌مه‌ش له هه‌مو گیانداره چوارپه‌له‌كان (وشكاوه‌كی و
خشۆك و ـ زیاتریش ـ شیرده‌ره‌كان) دا ده‌بینرێته‌وه.
ده‌ماری ئاواره و لقه‌کانی، له‌نێوان ماسی و شیرده‌ردا
شایه‌نی ئاماژه‌یه كه له قۆناغی سه‌ره‌تایی كۆرپه‌له‌ی
مرۆڤیش‌دا، هه‌روه‌كو له ماسیدا، سه‌ره‌تا (پێشینه) ی ده‌ماری قوڕقوڕاگه‌یی گه‌ڕاوه
په‌یوه‌سته به كه‌وانه‌ی ڕیشوداری ٦ـه‌مه‌وه.. ئیتر له ماسیدا هه‌ر به‌م شێوه‌یه
ده‌مێنێته‌وه، به‌ڵام له قۆناغی دواتری كۆرپه‌له‌ی مرۆڤدا كه‌وانه ڕیشوداره‌كان
ده‌گۆڕدرێن به شانه‌گه‌لێك له ناوچه‌ی قوڕگ (حلق) Throat و گه‌رو (بلعوم) Pharynx.
هێڵکاریی کۆرپه‌له‌ی سێ‌هه‌فته‌یی مرۆڤ
سه‌رنجی که‌وانه‌کان بده
سه‌رنجی که‌وانه‌کان بده
هه‌روه‌ها شاخوێنبه‌ر Aorta یش له بنه‌ڕه‌تدا، له پێشینه شێوه ماسیه‌كاندا، به‌شێكه له كه‌وانه‌ی
ڕیشوداری ٦ـه‌م، كه دواتر له ئه‌نجامی په‌ره‌سه‌ندن گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ دواوه بۆ
ناوچه‌ی سنگ، ئیتر له‌گه‌ڵ خۆیشیدا ده‌ماری قوڕقوڕاگه‌یی گه‌ڕاوه‌ی ـ كه له بنه‌ڕه‌تدا
وه‌كو لقی چواره‌می ده‌ماری ئاواره به‌ناو كه‌وانه‌ی ڕیشوداری ٦ـه‌مدا چوه ـ
بردوه‌ته‌وه بۆ دواوه.
ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی په‌ره‌سه‌ندن پرۆسێسێكی سروشتیی
ڕوته و هیچ دیزاین و نه‌خشه‌سازییه‌كی به‌مه‌به‌ست و ئاگایانه له ئارادا نیه.
ئه‌م به‌ڵگه‌سازیه زیاتر ئاڕاسته‌ی بیرۆكه‌ی (دیزاینی هۆشمه‌ندانه) ده‌كرێت، كه وا گریمان ده‌كات هۆشمه‌ندی و عه‌قڵێك له‌پشتی نه‌خشه‌ی
پێكهاته‌ی زینده‌وه‌ران هه‌یه، كه ته‌نها شێوه‌یه‌كی په‌ره‌پێدراو و موتوربه‌كراوی
بیروباوه‌ڕی (خولقاندن) ـه به به‌رگ و ڕواڵه‌تێكی زانستیه‌وه، كه ئێسته كه‌س
ڕوی ئه‌وه‌ی نیه له‌به‌رامبه‌ر بایۆلۆجیای نوێ‌دا ـ كه له‌سه‌ر په‌ره‌سه‌ندن وه‌ستاوه
ـ بیروباوه‌ڕی خولقاندن وه‌كو خۆی بخاته ڕو، به‌ڵام جارێكی تر له به‌رگێكی نیمچه‌زانستیدا
به ناوی تیۆریی (دیزاینی هۆشمه‌ندانه) Intelligent Design له‌لایه‌ن خه‌لقگه‌راكانه‌وه ده‌خرێته‌وه ڕو.
به‌ڵام ئه‌م به‌ڵگه‌یه به‌ڕونی ئه‌وه پێشان ده‌دات كه
ئه‌گه‌ر دیزاینێكی هۆشمه‌ندانه و ئاگایانه له ئارادا بوایه؛ ئه‌و ده‌ماره له
گیانداره چوارپه‌له‌كاندا ئه‌و ڕێگه‌یه‌ی نه‌ده‌بڕی و ئه‌و پێچه گه‌وره‌یه‌ی
دروست نه‌ده‌كرد، چونكه ئه‌گه‌ر دیزاینه‌رێكی هۆشمه‌ند هه‌بێت؛ بۆ ئه‌و گیاندارانه
نه‌خشه و دیزاینه‌كه ده‌گۆڕێت و دیزاینێكی تر داده‌نێت بۆیان، ئه‌و كاته‌ش ڕاسته‌وخۆ
ئه‌و ده‌ماره‌ی له مێشكه‌وه ده‌گه‌یاند به قوڕقوڕاگه، نه‌ك ئه‌و ڕێگا درێژه
ببڕێت. واته له واقیعدا ئه‌و دیزاینه نوێیه‌ی كه ئێسته له گیانداره چوارپه‌له‌كاندا
هه‌یه؛ هه‌ر دوباره‌كردنه‌وه‌ی دیزاینی پێشینه كۆنه‌كانیانه كه ماسیه كۆنه‌كانن،
دوباره‌كردنه‌وه‌یه‌ك كه نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه پرۆسێسه‌كه پرۆسێسێكی سروشتیی ڕوته
و له‌گه‌ڵیشیدا هه‌ڵه و كه‌م‌وكوڕی دێته كایه.
گه‌وره‌زانای بایۆلۆجیای په‌ره‌سه‌ندنگه‌ری پرۆفێسۆر (ریچارد
دۆكینز) Richard Dawkins، هه‌وڵی
زۆری داوه بۆ ڕونكردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته، كه له كتێبی (گه‌وره‌ترین نمایش له‌سه‌ر
زه‌وی)The Greatest Show on Earth دا (٢٠٠٩) به‌تێروته‌سه‌لی له‌سه‌ری
دواوه، هه‌روه‌ها له ئه‌ڵقه‌یه‌كی به‌رنامه‌ی (ناوه‌وه‌ی زه‌به‌لاحه‌كانی سروشت)
Inside Nature's Giants دا،
كه به‌رنامه‌یه‌كه له كه‌ناڵی ٤ ی بریتانیا و (مارك ئێڤانس) Mark Evans پێشكه‌شی ده‌كات، كه ئه‌و
ئه‌ڵقه‌یه تایبه‌ت بو به (زه‌ڕافه) (٢٠ / ٧ / ٢٠٠٩)، به چاودێریی دۆكینز، و
پێشكه‌شكردنی (مارك ئێڤانس) ی ناوبراو، و ده‌ست‌وپه‌نجه‌ی توێكاریی خانمی پرۆفێسۆر
(جۆی ڕایدێنبێرگ) Joy Reidenberg، كه
له‌م ئه‌ڵقه‌یه‌دا جه‌سته‌ی زه‌ڕافه‌یه‌ك و به‌تایبه‌تی ده‌ماری قوڕقوڕاگه‌ی
توێكاری ده‌كرێت و قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێت.
فه‌رمو له‌گه‌ڵ بڕگه‌یه‌ک له‌و ئه‌ڵقه‌یه:
فه‌رمو له‌گه‌ڵ بڕگه‌یه‌ک له‌و ئه‌ڵقه‌یه:
ئه‌مه‌ش ده‌قه‌که‌یه‌تی
[دۆکینز]
له‌سه‌ر ئه‌و بیرۆكه‌یه ڕادێین كه په‌ره‌سه‌ندن زۆر به‌باشی
كۆمه‌ڵه گیاندارێكی جوان و ڕێك‌وپێك به‌رهه‌م ده‌هێنێت
كه وا ده‌رده‌كه‌ون دیزاین كرابن (نه‌خشه‌سازییان بۆ
كرابێت)
هه‌ندێك جار ئه‌وه‌مان بیر ده‌چێته‌وه كه ئه‌و
گیاندارانه ته‌واو و بێكه‌م‌وكوڕی نین و كۆمه‌ڵێك ناته‌واوی و كه‌م‌وكوڕییان
تێدایه
و ئه‌م ناته‌واوی و كه‌م‌وكوڕیانه‌ش زۆر ڕونن، چونكه له‌وانه‌ن
كه چاوه‌ڕوانیی ڕودانیان ده‌كه‌یت
له ڕوداوه‌كانی مێژوه‌وه
ئه‌گه‌ر دیزاینه‌ر (نه‌خشه‌ساز) ێك له گۆڕێ‌دا نه‌بێت
ده‌مارێك هه‌یه پێی ده‌وترێت (ده‌ماری قوڕقوڕاگه‌یی گه‌ڕاوه) Recurrent
laryngeal nerve
یه‌كێكه له‌و
ده‌مارانه‌ی له مێشك ده‌رده‌چن و ڕاسته‌وخۆ ده‌گه‌نه ئه‌ندامه‌كان
نه‌ك په‌یوه‌ست بن به دڕكه په‌تكه‌وه
نێوانی مێشك و قوڕقوڕاگه به یه‌ك ده‌گه‌یه‌نێت، ڕه‌نگه
بڕوات وا بێت كه به‌م شێوه‌یه ڕێگه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ بگرێته به‌ر
به‌ڵام له مرۆڤدا داده‌گه‌ڕێته خواره‌وه بۆ سنگ
به‌ده‌وری یه‌كێك له خوێنبه‌ره سه‌ره‌كیه‌كانی سنگدا*
پێچێك لـێ ده‌دات
* مه‌به‌ست:
شاخوێنبه‌ر Aorta
ئینجا ده‌چێته‌وه بۆ سه‌ره‌وه
شتێكی ئاشكرایه كه ئه‌وه پێچ‌وقه‌مچ‌لێدانێكی بێهوده
و پێكه‌نیناویه
هیچ ئه‌ندازیارێك هه‌رگیز هه‌ڵه‌ی وا ناكات
[پێشکه‌شکار: مارک ئێڤانس]
له جه‌سته‌ی ئێمه‌دا ده‌ماری قوڕقوڕاگه ڕێڕه‌وێكی چه‌ماوه
و پێچ ده‌گرێته به‌ر
به‌ڵام له گیاندارێكدا كه ملی به‌م شێوه‌یه درێژه چی
ڕو ده‌دات؟
ئه‌مه یه‌كێكه له مه‌ته‌ڵه‌كانی په‌ره‌سه‌ندن، كه
ریچارد دۆكینز به‌گه‌رمی خه‌ریكی ئاشكراكردنیه‌تی
ئه‌وه‌ی جێی بایه‌خه‌یه ئه‌وه‌یه ئه‌م ده‌ماره پێشتر
توێكاریی نه‌كراوه و ده‌رنه‌هێنراوه
یه‌ك جار
پێشتر ئه‌وه كراوه، كه به درێژیی ته‌واوی خۆیه‌وه توێكاریی كراوه
كه ئه‌وه ساڵی 1838 بو
[دۆکینز]
ـ نه‌یبڕیت، له‌م ساته هه‌ستیاره‌دا!
[ئه‌ناتۆمیست: جۆی ڕایدێنبێرگ]
من زۆر باشم له‌مه‌دا، ده‌بێت متمانه‌ت پێم هه‌بێت ئێستا
باشه! ئێسته ئه‌وه‌ی لێره‌دا به‌ده‌ستمه‌وه‌یه؛ سه‌ره‌تای
ده‌ماره‌كه‌یه
له ڕاستیدا كه ده‌ست پێ ده‌كات؛ ده‌مارێكی جودا و سه‌ربه‌خۆ
نیه
به‌ڵكو وه‌كو لقێك كه له ده‌مارێكی گه‌وره‌تره‌وه دێت
كه پێی ده‌وترێت ده‌ماری ئاواره Vagus nerve یاخود
ده‌ماری سی‌گه‌ده Pneumogastric nerve
ئه‌مه به‌درێژایی ئه‌و ڕێگایه بۆ خواره‌وه‌ی جه‌سته
داده‌گه‌ڕێت
بۆیه لێره‌دا جارێكی تر ده‌یبینیته‌وه
به‌درێژایی ڕێگه به‌ره‌و خواره‌وه‌ی مل، له هه‌ردولاوه
بۆیه جارێكی تر ئا لێره‌شدا ده‌یبینیته‌وه
و ئه‌مه به‌ده‌وری ئه‌و بۆریه خوێنه ڕه‌نگتۆخانه‌ی كه
له دڵه‌وه ده‌رده‌چن پێچێك لـێ ده‌دات
بۆیه لێره‌دا پێچ ده‌كاته‌وه به‌ده‌وری ئه‌وه‌دا
و ئالێره‌شدا درێژه به ڕێگه‌كه‌ی خۆی ده‌دات
ئیتر ئه‌مه لێره‌دا ده‌ماری ئاواره‌یه كه به‌ره‌و
خواره‌وه داده‌گه‌ڕێت
و لێره‌شدا هه‌ر ئه‌و ده‌ماره‌یه كه به‌رده‌وام ده‌بێت
ڕێك ئا لێره‌دا..
لقێك هه‌یه لێره
ئیتر لێره‌دا لێره‌دا پێچ لـێ ده‌دات و ده‌گه‌ڕێته‌وه
به ئاڕاسته‌ی پێچه‌وانه‌دا
ئه‌م هه‌مو ڕێگایه بۆ خواره‌وه تا ئێره
كه‌واته ئه‌م هه‌مو ماوه‌یه‌ی بڕیوه تا پێچێك بكاته‌وه
بۆ ئه‌وه‌ی به‌و هه‌مو ڕێگایه‌دا جارێكی تر بگه‌ڕێته‌وه
ئێسته ده‌توانین به‌دوای لقه‌كه‌وه بین كه ده‌گه‌ڕێته‌وه
بۆ سه‌ره‌وه
هه‌روه‌كو ئێسته ئێمه ده‌توانین به‌دوایه‌وه بچین كه
جارێكی تر ده‌گه‌ڕێته‌وه
ئیتر ئێمه به‌دوای ئه‌م لقه‌دا ده‌چین
و ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ته‌ماشا بكه‌ین جارێكی تر لێره‌دا
بیبینینه‌وه
ئه‌وه‌تا لێره‌دا. ئاوه‌ها
لێره‌شدا ده‌یبینیت ده‌ڕواته‌وه
ئه‌مه سندوقی ده‌نگه، قوڕقوڕاگه
لێره‌دا ده‌توانیت بیبینیت كه ده‌گاته پشته‌وه‌ی
قوڕقوڕاگه
هه‌روه‌كو ده‌بێته ده‌ماری په‌یوه‌ست به‌م ناوچه‌یه‌وه
و كۆنتڕۆڵی ماسولكه‌كان ده‌كات و ئیتر لێره‌شه‌وه
كۆنتڕۆڵی دروستكردنی ده‌نگه‌كان ده‌كات
به‌ڵكو هه‌ناسه‌دان
و قوتدانیش ڕێك ده‌خات، له‌م ناوچه‌یه‌دا
له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌م ده‌ماره زۆر گرنگه
ئه‌وه‌ی جێی بایه‌خه‌یه ئه‌وه‌یه كه له شوێنێكدا
كۆتایی دێت كه زۆر نزیكه له شوێنی ده‌ستپێكردنیه‌وه
لێره‌دا ده‌ستی پێ كردوه كه له مێشكه‌وه ده‌رده‌چێت
له ڕاستیدا ته‌نها پێویستیی به نزیكه‌ی دو ئینجه بگاته
شوێنی خۆی
به‌ڵام ئه‌م هه‌مو ماوه‌یه داگه‌ڕاوه بۆ خواره‌وه تا
ئه‌م هه‌مو ماوه‌یه هه‌ڵگه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ره‌وه
[دۆکینز]
ـ ئه‌مه نمونه‌یه‌كی جوانه
بۆ پاشماوه (میراتی) ـه كۆنه‌كه، له‌به‌رامبه‌ری
دیزاین (نه‌خشه‌كێشان) دا
[ئه‌ناتۆمیست: جۆی ڕایدێنبێرگ]
ـ ڕێك وایه. ئه‌مه دیزاینێكی هۆشمه‌ندانه نیه
ئه‌گه‌ر دیزانێكی هۆشمه‌ندانه بێت؛ ده‌بوایه ده‌ماره‌كه
لێره‌وه بێت بۆ ئێره
[پێشکه‌شکار: مارک ئێڤانس]
ـ ئه‌مه پرسیارێكی گه‌وره ده‌هێنێته كایه‌وه
هه‌تا ئه‌گه‌ر گیانداره‌كه پێش میلیۆنان ساڵ
ئه‌م سه‌ره‌ی هه‌بوبێت لێره‌دا
ئیتر بۆچی ئه‌م ڕێڕه‌وه ده‌گرێته به‌ر كه به‌ده‌وری
بۆری خوێنه‌كه‌دا پێچی خواردوه
مه‌گه‌ر هۆكارێك هه‌بێت، مه‌گه‌ر بۆ ئه‌وه له‌وێدا بێت
هه‌تا كۆنتڕۆڵی شتێكی تریش بكات
[دۆکینز]
ـ ئه‌مه له پێشینه (باپیره) كۆنه‌كانی ئێمه‌دا وا بوه، ڕێڕه‌وه‌كه
له ماسیه‌كاندا ڕاسته‌وخۆ بوه
[پێشکه‌شکار: مارک ئێڤانس]
ـ كه‌واته بۆماوه‌ییه؟
[دۆکینز]
ـ پاشماوه (میراتی) یه‌كی مێژوییه
[ئه‌ناتۆمیست: جۆی ڕایدێنبێرگ]
ـ ماسیه‌كان ئه‌و مله درێژه‌یان نیه
له‌به‌ر ئه‌وه له ماسیدا ده‌ماره‌كه به‌و شێوه‌یه
درێژ نابێته‌وه و ئه‌و كێشه‌یه‌ی نیه
هه‌ر ڕاسته‌وخۆ ده‌یگاتێ
به‌ڵام كاتێك ملی گیانداری شیرده‌ر به‌رهه‌م هاتوه، كه
ئه‌مه ملێكی درێژتری هێناوه‌ته كایه
ئێسته ئیتر دڵ كه‌وتوه‌ته لای خواره‌وه
[پێشکه‌شکار]
ڕون بوه‌ته‌وه كه ده‌ماری قوڕقوڕاگه سه‌ره‌تا له
گیانداره شێوه‌ماسیه‌كاندا په‌ره‌ی سه‌ندوه
وه‌كو گه‌یه‌نه‌رێكی ڕاسته‌وخۆ له مێشكه‌وه به‌ره‌و كه‌وانه‌ی
ڕیشودار له‌نزیكی دڵ
له ماوه‌ی میلیۆنان نه‌وه‌دا، به‌ره‌به‌ره ئه‌م ده‌ماره
درێژ بوه‌ته‌وه
هه‌مو هه‌نگاوێكی بچوك هه‌میشه ساده‌تر بوه له گه‌یاندنێكی
سه‌ره‌كیی ڕاسته‌وخۆ
[دۆکینز]
ئه‌وه‌ت له یاد بێت كه دیزاینه‌رێك، ئه‌ندازیارێك، ده‌توانێت
بگه‌ڕێته‌وه بۆ ته‌خته‌ی دیزاینه‌كه
و دیزاینه كۆنه‌كه فڕێ بدات و دیزاینێكی عه‌قڵانیتر
بكێشێت
دیزاینه‌ر به‌رچاوڕونیی ته‌واوی هه‌یه
په‌ره‌سه‌ندن ناتوانێت بگه‌ڕێته‌وه بۆ ته‌خته‌ی
دیزاینه‌كه، په‌ره‌سه‌ندن به‌رچاوڕونیی نیهسهرچاوه:
بۆ زانیاریی زیاتر؛ بڕوانه:
Dawkins, Richard, The Greatest
Show on Earth. New York: Free Press. 2009. PP. 360-362.
Coyne, Jerry A., Why evolution is true.
Oxford University
Press, 2009. PP. 87-90.
Ridley,
Mark, Evolution. Blackwell Publishing Company. 3d edition, 2004. PP.
281-284.
Prothero, Donal R., Evolution: What the
Fossils Say and Why It Matters. With
Original Illustrations by Carl Buell. New York: Columbia University Press, 2007. PP. 37-38.
Wedel, Mathew J., “A
monument of inefficiency: the presumed course of the recurrent laryngeal nerve
in sauropod dinosaurs”, Acta Palaeontologica Polonica, 57 (2), 2012. PP.
251-256.
Coyne, Jerry A., “The longest cell in the history of life”, Why
evolution is true.
“Recurrent laryngeal nerve”, Wikipedia, the
free encyclopedia.