ڕیشەی 'خزم' ی کوردی (کرمانجی)

ڕیشەناسی
ڕیشەی "خزم" ی کوردی (کرمانجی)

سەروەر پێنجوێنی

وشەی "خزم" ی کوردی، هیچ ڕیشەیەکی لە کوردیی ناوەڕاست و کۆندا نیە، یانی ڕیشەی ئێرانیی ناوەڕاست و کۆنی نیە (ئەو هەوڵانەی بەم ئاڕاستەیەدا دراون؛ سەرکەوتو نین، وەکو ئەوەی گوایە لەگەڵ "خویش" |خوێێش=خییش| ی فارسی هاوڕیشەیە، بەڵام ئەم وشەیە وەکو خۆی "خوێش" لە کوردیدا هەیە، و ئەمەیان ڕیشەی پەرثی-پەهلەوی و ئەوێستایی و پارسیی کۆنی هەیە کە لێرەدا پێویست بە باسیان ناکات. یان وەکو ئەوەی گوایە ئەم "خزم" ـە کوردیە دەگەڕێتەوە بۆ وشەیەکی ئەوێستایی وەکو "ڤیستە-" بە واتای "ناسراو" یان "زانراو" یان "بینراوە" [= "دۆزراوە"]، لە فرمانی "ڤید-" [یان "ڤیذ-"] ەوە کە واتای زانین و بینینەوە دەدات [کە ئێرانیە سەرەتاییەکەی ئەمە بە "وەید-" بینا دەکرێتەوە، و بەرامبەرەکەیشی لە هیندیی کۆندا "ڤێد" ە، و هیندی-ئەورۆپاییە سەرەتاییەکەی بە "وۆید" بینا دەکرێتەوە]، بەڵام لە ڕاستیدا وشەی ئێرانیی نوێ لەم ڕیشەیە ـ بۆ نمونە ـ "ویستا" |ڤیستا| ی فارسیە بە واتای زانین و زانیاری کە زاراوەیەکی زەردەشتیە و ماوەتەوە، لە کوردییشدا "بیستن" و کردارەکانی کە ـ بەپێی بیروڕایەک ـ لەم ڕیشەیەیە لەگەڵ "ویـ-" [= "بیـ"] ی سەرەتا. ئیتر "خزم" ناکرێت لەم ڕیشەیە بێت).
بۆیە "خزم" وشەیەکی ڕیشەدار و کۆنینە نیە (هەر بەوەشدا دەزانین کە وشەیەکی وەکو "خزم" بەم شێوەیە و بەو واتایە لە زمانە ئێرانیەکانی تردا نیە)، بەڵکو درەنگێک لە وشەیەکی تورکیی ـ بە بنەڕەت ـ عەرەبیەوە هاتوە. بەم شێوەیە:
سەرەتا لە عەرەبیدا وشەی "خصم" |خەصم| هەیە، بە واتای "نەیار" و "دژ" و ـ بەگشتی ـ لایەنی بەرامبەر و رکابەر، کە لە ماددەی "خ‌ص‌م" ی عەرەبیە کە واتای نەیاری و دەمەقاڵەی نەیارانە دەدات، ئەم ماددەیەش ڕەسەنە لە عەرەبیدا، هەرچەند بەرانبەری لە زمانە سامیەکانی تردا نەبینراوەتەوە.
جا ئەم وشە عەرەبیە "خصم" چوەتە تورکیەوە، و چونکە وشەکە بە لایەنی بەرامبەر و ڕکابەر دەوترێت؛ هەر زو لە تورکیدا بە خزم وتراوە چونکە خزم (مام و مامۆزا و..) لەنێوان خۆیاندا ڕکابەری یەکترن (لێرەدا دەبێت ئەوەمان لە بیر نەچێت کە "خزم" جیاوازە لە "کەس‌وکار"). و پەیوەندیی نێوان "خزمان" زۆر جار لەسەر ئەم ڕکابەریە بنیات نراوە.
هەر بۆیە وشەکە لە تورکیدا، بەلای کەمەوە لە سەرەتای سەدەی (١٤ ز.) ـەوە لە تورکیدا بەکار هاتوە، کە بە شێوەی "خصم" نوسراوە و بە |خصم| یان |خِصم| خوێنراوەتەوە، ئەوەش لە دەقی "غەریب‌نامە" ی صۆفیی تورک (عاشق پاشا) (١٢٧٢-١٣٣٣ ز.) دا، کە ڕەنگە بۆ یەکەم جار لەم دەقەدا هاتبێت (دەوروبەری ١٣٣٠ ز.)، بە هەمان واتای خزم. لە "قاموس ترکی" ی (شەمسەدین سامی) ـدا وشەکە بە شێوەی "خٖصٖم" هاتوە، بەڵام دەڵێت ڕیشەکەی نازانرێت.
ماددەی "خٖصٖم" لە "قاموس ترکی" ی شەمسەدین سامی، چاپی ١٨٩٩-١٩٠٠
ئێستەش لە تورکیدا وشەکە بە شێوەی hısım ماوەتەوە، و بە هەمان واتای خزمە [هەرچەند ئێستە لە تورکیدا زیاتر وشەیەکی عەرەبیی تر بەو واتایە بەکار دێت کە akraba یە (لە "أقرباء" |ئەقریباء=ئەقریبا| ی عەرەبیەوە کە کۆی "قریب" ـە بە هەمان واتای "خزم")، کە لە کوردییشدا "ئەقرەبا" بەکار دێت. شایەنی ئاماژەیە وشە عەرەبیەکە "خصم" |خەصم| وەکو خۆیشی و بە واتا بنچینەییەکەی خۆیشی "نەیار" لە تورکیدا ماوەتەوە کە ئێستەش hasım ـە].
ئەم "خسم" ـە تورکیە؛ بنچینەی ڕاستەوخۆی "خزم" ـە کوردی (کرمانجی) ـەکەیە، هەتا لە کرمانجیی باکوریدا ـ وەکو تورکیەکە ـ جاروبار بە شێوەی "خسم" یش دەوترێت، یان ئەمە ڕەنگە هەر "خسم" ـە زازاییەکە بێت کە ڕاستەوخۆ لە تورکیەوە هاتوە و نەگۆڕاوە.
هەر بۆیە "خزم" لە زازا-گۆرانییشدا نیە، واتە لە هەورامیدا "خزم" نیە و بەم واتایە زیاتر "قەوم" بەکار دێت، لە زازاییشدا ـ جگە لەوەی "خسم" ـە تورکیەکه هەیە ـ "ئەقرەبا" و "وێرەت" (و "وێرەتە") و "مەردم" بەو واتایە بەکار دێن.
لە فەرهەنگی "لغت‌نامه‌" ی (دهخدا) یشدا هاتوە، کە "خصم" |خیصم| لە فارسیدا، لە تورکیی عوثمانیەوە هاتوە (ئەو نوسیویەتی "ترکی دولت"!)، بە چەند واتایەک:
١. خاوەن.
٢. هاوڕێ.
٣. خزم.
سەرچاوەکەشی بۆ ئەم وشەیە بەم واتایانە؛ فەرهەنگی "ناظم‌الاطبا" یە.
وا دیارە ئەو وشە تورکیە عوثمانیە، جگە لەوەی بە شێوەی "خسم" و "خزم" هاتوەتە کوردیەوە؛ بە هەمان شێوە نوسراوە کۆنەکەی لە تورکیی عوثمانیدا "خصم" چوەتە فارسییشەوە.

تێبینی:
١. وشەی "خسم" ی تورکی لە زمانە تورکیەکانی تردا نیە، تەنها لە تورکیی گاگا'وزی (=گۆک-ئۆغوزی) دا (کە لە مۆلدۆڤا و ئوکرانیا و ڕوسیا و تورکیا ئاخاوتنی پێ دەکرێت) نەبێت کە hısım هەیە، و لێرەوە هەندێک ڕیشەناسی تورک پێیان وایە وشەکە تورکیی ڕەسەنە و گوایە تورکیە کۆنەکەی بە هەمان شێوەی "خ~س~م" بوە. بەڵام ئەمە پشت‌ڕاست ناکرێتەوە، و ڕون دیارە کە تورکیە گاگاوزیەکە لە تورکیە عوثمانیەکەی وەرگرتوە. و ڕیشەی لەم شێوەیە لە تورکیەکانی تردا نیە و لە تورکیی سەرەتایی و لە ئەلتاییەکەدا نەبوە.
٢. وشەی "خزم" لەو زمانە ئارامی-سوریانیەی کە ئاشوریەکان (=ئەوانەی سەر بە کلێسای ئاشوریی خۆرهەڵاتن) قسەی پێ دەکەن (کە شێوەزارێکی ئارامیی باکور-خۆرهەڵاتیی نوێیە) هەیە، بە شێوەی "خ‌ز‌م‌ء" |خیزما|. کە ئەمە وەکو فەرهەنگە سوریانی و ئارامیە نوێیەکان خۆیان دانی پێدا دەنێن؛ هەر لە "خزم" |خزم=خـ'ـزم| ـە کوردی (کرمانجی) ـەکە (کرمانجیی باکوری) وەرگیراوە. هەر هەمان وشە کوردیەکەیە لەگەڵ ئەلیف "ـا" ی کۆتایی کە بۆ ناساندنە. هەروەها وشەی "خ‌زم‌ی‌و‌ت‌ء" |خیزمایووتا| یان لێ ساز کردوە، بە واتای "خزمایەتی".
جگە لەوە؛ لە هەندێک لەو شێوەزارە ئارامیە نوێیە خۆرهه‌ڵاتیانەی جولەکەکانی کوردستان قسەیان پێ کردوە، وشە کوردیەکە وەرگیراوە، وەکو شێوەزاری ئارامیی نوێی جولەکەکانی ورمێ و چەلێ و بەروار، کە لای ئەوان وشەکە بوەتە "خەِزمە" و کۆیشی دەبێتە "خەِزمێ". بۆ ئەم وشە ئارامیە نوێیە یەهودیانەش سەرچاوەکان دەڵێن لە وشە کوردیەکەوە هاتوە.
و وشەکە هیچ ڕیشەیەکی لە ئارامیدا نیە [بەڵکو لە سوریانیی کلاسیکی (سوریانیی ئەدەبیی سەدەکانی ناوەڕاست) ـیشدا بونی نیە]، و سەرچاوەکەی تەنها وشە کوردیەکەیە.